زوهد لە كەلەپووری ئیسلامدا تێڕوانینێكی ڕەخنەگرانە
د. ئەیوب زەڵمی
لەمڕۆدا بابەتی زوهد یەكێكە لەو چەمكانەی لە نێو موسڵمانان قسە و مشتومڕی زۆری لەبارەوە دەكرێت، جۆرێك لە تێكەڵی لە تێگەیشتن بۆ ئەو چەمكە دروستبووە، بەجۆرێك هەندێك بە تەواوی زوهد لە دووركەوتنەوە لە دنیا و تەنانەت دەوڵەمەندی و نیعمەتەكانی خوا ئەژمار دەكەن و بەشێكی زۆری موسڵمانان بە هەڵە لە چەمكی زوهد تێگەیشتوون، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا بە پێویستمان زانی كڕۆك و واتای ڕاستەقینەی (زوهد) لە چەند خاڵێكدا بخەینە ڕوو، لەوانە:
1. واتای زمانەوانی زوهد
2. واتای زاراوەیی زوهد
3. زوهد لە قورئاندا
4. زوهد لە سوننەتدا
5. مێژووی سەرهەڵدانی زوهدی نادروست
یەكەم: واتای زمانەوانی زوهد:
(جەوهەری) لە فەرهەنگی (الصحاح)دا دەڵێت: (الزُّهْدُ: خلاف الرَّغبة. تقول: زَهِدَ في الشیء وعن الشیء، يزْهَدُ زهداً و زَهَادَەً) واتە: زوهد پێچەوانەی ئارەزووچوونە بۆ شتێك، زوهد هەم لە شتێكدا دەبێت هەم دەربارە بەو شتە..
هەروەها دەڵێت: فڵانەكەس زوهد دەكات، واتە عیبادەت دەكات و ڕووی دڵی دەكاتە قیامەت، زوهدكردن لە شتێكدا واتە كەم بایەخدان بەو شتە و ئارەزوو نەبوون لێی. بە كەسێكی كەمخۆر دەوترێت (زهید الأكل)، هەروەها (وادٍ زهید) واتە: شیوێك كە ئاوی كەم لە خۆدەگرێت. لەناو عەرەبدا ئەگەر بوترێ: (خذ زهد ما یكفیك) واتە: ئەو ئەندازەیەی كە پێویستتە هەڵیبگرە. یان فڵانەكەس بەخششەكەی فیسارەكەس بە كەم دەزانێت(1). زوهد واتە پێچەوانەی هەڵپەكردنی زیادە بە شوێن دنیادا، پێچەوانەی ئارەزوو لێبوونە. لە قورئاندا هاتووە: براكانی یوسفیان فرۆشت بە نرخێكی كەم بە چەند درهەمێك (وكانوا فیه من الزاهدین)، واتە: حەزیان لەو چەند دیرهەمەش نەبوو، واتە گیرفانیان بۆ ئەوەش هەڵنەدورابوو، ئەوان دەیانویست بە هەر نرخێك بووە چاویان لە چاوی یوسف ببڕێت و لێیان دوور بكەوێتەوە، بۆیە ئەگەر لە بەرامبەر بردنەكەیدا هیچیشیان دەست نەكەوتایە هەر دەیاندا، چونكە ئەوان (فیە) واتە: لە نرخ (ثمن)ەكەیدا، (من الزاهدین).(2) هەروەها زوهد واتە پێچەوانەی ئارەزوو(3). هەروەها بە لای بەرتەسكی و تەنگەبەری زەوییەك دەوترێ (زهید الأرض).
لەمەی ڕابورد ڕوون بووەوە كە لە ڕووی زمانەوانییەوە وشەی (زهد) چوار واتای هەیە: پێچەوانەی حەزلێبوون، پێچەوانەی هەڵپەكردن، عیبادەت، بڕێكی دیاریكراو، كە بنەمای هەموویان دەگەڕێتەوە سەر یەك شت، ئەویش بریتییە لەو شتەی بەرامبەر بە ئارەزوویەكی زۆرە بۆ شتێك، پێچەوانەی ئارەزووی زۆر، كە دەكاتە ئارەزووی زۆر بۆ پشت تێكردن و وازلێهێنان(4).
دووەم: واتای زاراوەیی زوهد:
زانایانی پێشین بە چەندین شێوە پێناسەی زوهدیان كردووە، دەكرێت لێرەدا ئاماژە بە چەند شێوە پێناسەیەك لە دروستترینیان بكەین لەوانە:
-بۆچوونی شەیخولئیسلام ئیبن تەیمیە:
ئیبن تەیمیە لە پێناسەی زوهددا دەڵێت: زوهدی شەرعی و دروست بریتییە لە وازهێنان لە ئارەزووكردنی ئەوەی سوودی نییە بۆ ماڵی دواڕۆژ(5). هەروەها دەڵێت: ئەو شتانەی كە مرۆڤی موسڵمان بە هۆیانەوە هێزی زیاتری دەستدەكەوێت بۆ كاری چاكە و خواپەرستی، واتە: كردن، یان خواردن، یان وتنی ئەو شتانە ببنە یارمەتیدەر بۆ خواپەرستی، وازلێهێنانی ئەو جۆرە شتانە ناچێتە خانەی زوهدی دروستەوە(6)، هەروەها دەڵێت: بە دڵنیاییەوە بوونی ماڵ و دارایی و پلەوپایە و دەسەڵاتێك كە خوای تێدا مەبەست بێت و مافی بدرێت و فەرمانی خوای پێ بە ئەنجام بگەیەنرێت و ببێتە هۆی فەرمانبەرداری فەرمانەكانی خوا، ئەوە لە هەرە بەخششە مەزنەكانی خوایە(7).
پاشان واتای (زوهد) زیاتر ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت: كردەوەیەك ناوترێت ئەمە باشە، یاخود خراپە، تەنها لەبەر ئەوەی چێژئامێزە، بەڵكو ئەو شتە بە چاك لە قەڵەم دەدرێت كە فەرمانبەرداری خوا و سوودی بەندەكانی خوای تێدایە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چێژئامێزە، یاخود سەخت و سەنگین، چونكە جاری وا هەیە شتێك زۆر چێژبەخشە، كەچی ئەنجامدانیشی خێر و چاكە و پڕسوودە، پێچەوانەكەشی هەر وایە.(8)
هەروەها دەڵێت: هەر شتێك سوودی قیامەتی تێدا بێت، خۆگرتنەوە لەو شتە و وازلێهێنانی لە ئیسلامدا جێگەی نابێتەوە و كارێكی شەرعی نییە، بەڵكو خاوەنەكەی دەچێتە خانەی ئەو كەسانەوە كە ئەم ئایەتە پیرۆزە دەیانگرێتەوە، كە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تُحَرِّمُواْ طَيِّبَاتِ مَا أَحَلَّ اللّهُ لَكُمْ وَلاَ تَعْتَدُواْ إِنَّ اللّهَ لاَ يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ) (المائدة: 87)، (بڕواداران ئەو شتانە لەسەر خۆتان یاساغ و حەرام مەكەن، كە خوا بۆی حەڵاڵ كردوون و سنوور مەبەزێنن، چونكە خوا سنوورشكێنانی خۆشناوێن). لەم تێڕوانینەی شەیخولئیسلام ئیبن تەیمییەدا تێدەگەین كە:
1. زوهدی دروست و شەرعی هەیە، وەك چۆن زوهدی ناشەرعیش هەیە.
2. هەر شتێك یارمەتیدەری مرۆڤی موسڵمان بێت بۆ باشتركردنی خواپەرستی، وازلێهێنانی كارێكی نادروستە و پێی ناوترێت زوهد بە واتا شەرعیەكەی.
3. ماڵ و دارایی و سەروەت و سامان، یان پلەوپایە و دەسەڵات لە خودی خۆیاندا شتانێكی خراپ نین، بەڵكو بۆ مرۆڤی موسڵمان لە بەخششە هەرە مەزنەكانی خوای گەورەن و پێویستە موسڵمان بە ناوی زوهدكردنەوە پشتیان تێ نەكات، بەڵكو بۆ ڕەزامەندی خوا و خزمەتی خۆی و بەندەكانی خوا بە كاریان بهێنێت.
4. لە ئایینی ئیسلامدا چێژوەرگرتن لە بەخششەكانی خوا كارێكی ڕێپێدراوە و جێگەی ڕەزامەندی خوایە و هیچ كارێكیش لە خودی خۆیدا بە هۆی بوونی چێژ، یان سەختی تیایدا، بە چاك یان خراپ لە قەڵەم نادرێت، بەڵكو پێوەر لە كارەكاندا شەرعی و ناشەرعی بوون، یان سوود و زیانە تێیاندا، نەوەك هیچ شتێكی تر.
– بۆچوونی عیزی كوڕی عەبدولسەلام:
ئەم زانا پایەبەرزە سەبارەت بە زوهد دەڵێت: زوهدكردن بەرامبەر بە هەر شتێك واتە: خاڵیبوونەوەی دڵ لە وابەستەبوون بەو شتەوە و ئارەزوو نەبوون بۆی و دەست لێ شۆردنی( 9).
دواتر دەڵێت: واتە: مەرج نییە هەر دەبێت دەستت لەو شتە بووبێتەوە و خاوەندارێتیت بە سەریەوە نەمابێت(10)، چونكە ئەوەتا پێغەمبەری ئازیز (ﷺ): كاتێك لە دنیا دەرچوو چەندین باخ و بێستان و موڵكی لە پاش بەجێما، هەروەها گەورەمان سولەیمان و داود (علیهما السلام) پادشای هەموو سەر زەوی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا پێشەنگ و سەرقافڵەی كاروانی زاهیدەكانن.(11)
ماڵ و دارایی و سەروەت و سامان، یان پلەوپایە و دەسەڵات لە خودی خۆیاندا شتانێكی خراپ نین، بەڵكو بۆ مرۆڤی موسڵمان لە بەخششە هەرە مەزنەكانی خوای گەورەن و پێویستە بە ناوی زوهدكردنەوە پشتیان تێ نەكات
هەر سەبارەت بە (زوهد) دەڵێت: زوهد ئەوەیە دڵت وابەستەی ماڵ و دارایی نەبێت، نەوەك دەستت تێیدا نەبێت، كەواتە دەوڵەمەندیی پێچەوانە نییە لەگەڵ زاهید بووندا (12)، بە گوێرەی ئەم تێگەیشتنە: دەگونجێت كەسێك پادشا و دەسەڵاتدار بێت وەك پێغەمبەران (داود و سولەیمان) سڵاوی خوایان لێبێت و زاهیدیش بێت، هەروەها دەكرێت كەسێك سەرمایەدارێكی گەورە و دەوڵەمەندێكی ناوداریش بێت و خۆشخۆر و جوانپۆشیش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا كەسێكی زاهیدیش بێت.
لە تێگەیشتنی دروستی ئەم زانا پایەبەرزەوە بۆ زوهد تێگەیشتین كە:
1. زوهد بریتییە لە وابەستە نەبوونی دڵ بەو شتەوە كە مرۆڤی موسڵمانی زاهید دەیەوێت زوهدی بەرامبەر بكات.
2. بۆ ئەوەی بە كەسێك بوترێت زاهید، بەمەرج نەگیراوە كە هەر دەبێت بە شێوەی كردەیی واز لە دنیا بهێنێت و پشتی تێبكات، بەڵكو تەنها ئەوەندە بەسە كە دڵی بە دنیاوە نەبەستێت و پێشی نەخات بە سەر قیامەتدا.
3. نموونەی تێگەیشتنی دروست بۆ زوهد بریتییە لە زوهدی پێغەمبەران (سولەیمان و داود) كە پادشا و دەسەڵاتدار بوون و لەگەڵ ئەوەشدا زاهیدترینی سەردەمی خۆشیان بوون.
4. بۆ كەسێك كە دڵی وابەستەی موڵك و ماڵەكەی نەبێت و هەوڵی دەستخستنی ڕەزامەندی خوای پێ بدات، دەوڵەمەندییەكەی هیچ كات پێچەوانە نییە لەگەڵ زاهید بووندا.
– بۆچوونی ئیبن قەیم:
ئەم زانا لێكۆڵەرە پایەدارەش لە پێناسەی زوهددا دەڵێت: زوهد بریتییە لە سەفەری دڵ لە نیشتمانی دنیاوە بەرەو مەنزڵگاكانی دواڕۆژ(13). كاتێک سەرنجی ئەم پێناسەیە دەدەین، دەبینین كە ئیبن قەیم بابەتەكەی پەیوەست كردووەتەوە بە دڵەوە، نەوەك وازهێنان لە ژیان و پشتكردنە دنیا، بۆیە دەبینین زیاتر جەخت لەم تێگەیشتنە دروستە دەكاتەوە و دەڵێت: مەبەست بە سەفەركردنی دڵ بەرەو قیامەت، وازهێنان و ڕەتكردنەوەی دەسەڵات و پلەو پایە نییە، چونكە ئەوەتا هەردوو پێغەمبەر (داود و سولەیمان) – سەلامی خوایان لەسەر – پادشا بوون و خاوەنی ئەو هەموو دەسەڵات و ماڵ و دارایی و ژن و كوڕوكاڵە بوون و لەگەڵ ئەوەشدا زاهیدترین كەسی سەردەمی خۆیان بوون، یاخود پێغەمبەری ئێمە (محەممەد) (ﷺ) زاهیدترین مرۆڤ بوو لەسەر زەویدا و خاوەنی (9) خێزان بووە!! یان هاوەڵان (عەلی و عەبدوڕەحمان و زوبەیر و عوسمان) – خوایان لێ ڕازی بێت- لە ڕیزی هەرە زاهیدەكاندان و ئەو هەموو ماڵ و داراییەشیان هەبووەو خەڵكانی تریش(14).
لە تێگەیشتنی ئەم زانا لێكۆڵەرەوە تێگەیشتین كە:
1. زوهد بریتییە لە سەفەركردنی دڵ بۆ قیامەت، نەوەك وازهێنان و پشكردنە دنیا.
2. مەبەست بە زوهدكردن وازهێنان نییە لە دنیا و پلەوپایە و دەوڵەمەندیی.
3. پێغەمبەران (داود و سولەیمان و محەممەد) سەلامی خوایان لەسەر بێت- هەروەها هاوەڵان (عەلی و عەبدوڕەحمان و زوبەیر و عوسمان) لە هەرە زاهیدترین بوون و خاوەنی دەسەڵات و ژن و ماڵ و دارایی و …. بوون.
– بۆچوونی پێشەوا ئەحمەد:
پرسیار لە پێشەوا ئەحمەدی كوڕی حەنبەل دەكەن سەبارەت بە پیاوێك خاوەنی هەزار دینارە، ئایا دەبێتە زاهید، واتە ئایا بە كەسێكی زاهید دێتە هەژمار؟! لە وەڵامدا دەفەرموێت: بەڵێ بەو كەسە دەوترێت زاهید، بە مەرجێك بە زیاتربوونی پارەكەی دڵخۆش نەبێت و بەكەمبونەوەی دڵتەنگ و خەمبار نەبێت(15).
سەبارەت بە پێناسەی زوهد دەفەرموێت زوهد بریتییە لەوەی كەسێك دڵخۆش نەبێت بەوەی دەرگاكانی ژیانی دنیای بەڕوودا دەكرێتەوە و خەمباریش نەبێت بەوەی دنیا پشتی تێبكات و دەرگاكانی بەڕوودا دابخرێت(16).
كاتێك سەرنجی تێگەیشتنی ئەم پێشەوا پایەبەرزە دەدەین دەبینین كە:
1. بە بوونی هەزار دینار – كە هەزار مسقاڵ زێڕی ئێستا دەكات -بۆ كەسێك، ئەو كەسە لەوە ناكەوێت كە پێی بوترێت كەسێكی زاهید.
2. تەنها مەرجی زاهید بوون ئەوەیە كە مرۆڤ دڵی نەبەستێت بە دنیاوە و بە زۆربوونی دڵخۆش و بە كەمبوونەوەی دڵتەنگ نەبێت.
3. كەواتە با مرۆڤ خاوەنی هەزاران مسقاڵ زێڕ و سەرمایەیەكی گەورەش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەگونجێت كەسێكی زاهید بێت.
سێیەم: زوهد لە قورئاندا:
وشەی زوهد لە قورئانی پیرۆزدا تەنها یەك جار هاتووە، ئەویش بە واتا زمانەوانییەكەی.
خوای گەورە لە چیرۆكی فرۆشتنی گەورەمان (یوسف)دا (علیە السلام) لە لایەن براكانییەوە دەفەرموێت: [وَشَرَوْهُ بِثَمَنٍ بَخْسٍ دَرَاهِمَ مَعْدُودَةٍ وَكَانُوا فِيهِ مِنَ الزَّاهِدِينَ] یوسف/20، واتە: یوسفیان فرۆشت بە نرخێكی هەرزان و چەند درهەمێكی كەم، ئەوان زاهیدانە مامەڵەیان لەگەڵ نرخەكەیدا كرد و بە تەمای ئەوەندەش نەبوون. وەك ئیبن كەسیر دەفەرموێت: ئەگەر كڕیارەكان بێ بەرامبەر و بە خۆڕاییش بیانویستایە ئەوان هەر ڕازی دەبوون و پێیان دەدان (17).
لە ئایینی ئیسلامدا چێژوەرگرتن لە بەخششەكانی خوا كارێكی ڕێپێدراوە و جێگەی ڕەزامەندی خوایە
لە هیچ شوێنێكی قورئانی پیرۆزدا بە ئاماژەش نەوەك بە ڕاشكاوانە ئەوەی تێدا نییە كە بفەرموێت: پشت بكەنە ژیانی دنیا و ڕوو بكەنە قیامەت. یان بفەرموێت: ژیانی دنیا بێ نرخە و نابێت موسڵمان هەوڵی بۆ بدات و خۆی پێوەخەریك بكات، یاخود بفەرموێت: وا باشە مرۆڤی خواپەرست هەژار و نەدار و ڕووت و ڕەجاڵ بێت و پێویستە خۆی یەكلا بكاتەوە بۆ نوێژ وعیبادەت و خواپەرستی. یان خواپەرستترین مرۆڤ ئەو كەسەیە كە جلوبەرگی كۆن و شڕ و ماڵ و حاڵی خاكی و نزم و بێ ڕەونەق بێت.
یاخود بفەرموێت: دنیا ئەوە ناهێنێت مرۆڤ دڵی پێ خۆش بكات و پێویستە زۆربەی كاتی مرۆڤی خواناس لە گۆشەگیری و خەڵوەتدا بێت و هەتا لە دنیا دوور بیت لە خواوە نزیكتریت. یان بفەرموێت: دنیا كەلاكی تۆپیوە، ئەوە تەنها سەگەكانن هەڵپەی بۆ دەكەن و پەلاماری دەدەن.یان .. یان .. یان..
بەڵكو بەپێچەوانەوە قورئان فێرمان دەكات كە:
1. لە خوا بپاڕێینەوە كە ژیانێكی خۆشی پڕ لەناز و نیعمەت و ماڵ و دارایی و لەشساغی و خۆشگوزەرانیمان پێ ببەخشێت (ربنا آتنا في الدنیا حسنة)، هەروەها بپاڕێینەوە كە خوا منداڵی باش و چاك و ساڵحمان پێ ببەخشێت [رَبَّنَا هَبْ لَنَا مِنْ أَزْوَاجِنَا وَذُرِّيَّاتِنَا قُرَّةَ أَعْيُنٍ ] (الفرقان: 74)، هەروەها لە پێغەمبەرانەوە فێر ببین كە داوای لێبوردن لە خوا بكەین و بگەڕێینەوە بۆ لای، تا ئەویش لێمان خۆش ببێت و بارانمان بۆ ببارێنێت و ماڵ و منداڵ و داراییمان زیاد بكات [اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا * يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا * وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ] (نوح: 10).
2. قورئان بانگمان دەكات بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی نوێژی هەینی، بەڵام دەشفەرموێت: كە لە نوێژ تەواوبوون بچنەوە سەر كار و كەسابەتی خۆتان و دەست بكەنەوە بە كاروباری دنیایی خۆتان: [فَإِذَا قُضِيَتِ ٱلصَّلَوةُ فانتَشِرُواْ فِي ٱلْأَرْضِ وَٱبْتَغُواْ مِن فَضْلِ ٱللَّهِ ] (الجمعە: 10).
3. قورئان پێمان دەفەرموێت: نەكەن ژیانی خۆتان لە بیر بكەن: [وَلَا تَنسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا] (القصص: 77). بەڵكو پێویستە سەرزەوی ئاوەدان بكەنەوە، بیكەن بە ڕێگەوبان و باڵەخانە و كۆڵان و شەقام و بازاڕ و باخ و باخات و بێستان و هتد.. [ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا] (هود: 61).
ئاگاداریشمان دەكاتەوە كە خوای بە بەزەیی خۆی شەو و ڕۆژی بۆ بەدیهێناون ئەویش بۆ ئەوەی بە ڕۆژدا هەوڵ بدەن و كردە و كەسابەت بكەن، بە شەویش پشوو بدەن و بحەوێنەوە: [ وَمِن رَّحْمَتِهِ جَعَلَ لَكُمُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ لِتَسْكُنُوا فِيهِ وَلِتَبْتَغُوا مِن فَضْلِهِ ] (القصص: 73).
دەشفەرموێت: خوا زەوی بۆ ملكەچ و ڕام كردوون و سائێوەش بگەڕێن بە هەموو گۆشە و كەنارەكانیدا و لە ڕۆزی خوا بخۆن و لێی سوودمەند ببن [هُوَ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الْأَرْضَ ذَلُولًا فَامْشُوا فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُوا مِن رِّزْقِهِ] (الملك: 15).
هەروەها دەفەرمووێت: هەرچی لە زەویدا هەیە بۆ هەمووتانم بە دیهێناوە (نەوەك هەندێكتان دەستی بە سەردابگرن و ئەوانی ترتان بێبەش بكەن) [هُوَ الَّذِي خَلَقَ لَكُم مَّا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا ] (البقرە: 29).
یاخود دەفەرموێت: خەڵكینە لە خواردنی پاك و جوان و بەتام و چێژی زەوی بخۆن و سوودی لێ وەربگرن [يَا أَيُّهَا النَّاسُ كُلُوا مِمَّا فِي الْأَرْضِ حَلَالًا طَيِّبًا ] (البقرە: 168).
4. خوای گەورە بۆ خۆی خۆشەویستی شتەكانی ژیانی دنیای خستووەتە دڵی مرۆڤەكانەوە، واتە خۆشویستنیان شتێكی فیتری و خۆسەپێنە، نەوەك ویستەكی و سەرپشكبوون، ئایینی ئیسلامیش ئایینی فیترەتە و پشتگیری لەشتە فیترییەكان دەكات و دژیان ناوەستێتەوە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرمووێت: [ زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاءِ وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالْأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَاللَّهُ عِندَهُ حُسْنُ الْمَآبِ] (آل عمران: 14). واتە: لە لایەن خواوە بۆ خەڵكی (هەردوو ڕەگەز) جوانكراوە و ڕازێنراوەتەوە خۆشی و ئارەزووەكانی نەفس لە ئافرەتان (پیاوان) و منداڵ و ماڵ و دارایی زۆری كەڵەكەكراو لە زێڕ و زیو و ئەسپ و ماینی جوان و نیشانەدار وئاژەڵ و كشتوكاڵ، ئەمانە بەهرە و كەلوپەل و خۆشی ژیانی دنیان، خوای گەورە جێگە و نیشتگەی جوان و باشتریشی لەلایە.
ئەگەر كەسێك وابزانێت زوهدكردن بریتییە لە پشتكردنە ژیانی دنیا و وازهێنان لە خۆشییەكانی، بەدڵنیاییەوە ئەوە دژە بە فیترەتی لەسەر بەدیهێنراوی مرۆڤ، ئایینی ئیسلامیش ئایینی فیترەتە، كەواتە ئەو جۆرە تێگەیشتنە لە زوهد دەكەوێتە دەرەوەی ئایینی ئیسلام و لەودا جێگەی نابێتەوە. خوای گەورەش دەفەرموێت: [ فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ذلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ ] (الروم: 30)، واتە: ئەو بە دیهێنانەی خوا خەڵكی لەسەر بەدیهێناوە، هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ڕوو نادات و هەروا دەمێنێتەوە، هەر ئەوەش ئایین و بەرنامە ڕاست و تەندروست و چاكەكەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆری خەڵك ئەمە نازانن.
5. قورئان داستانی پێغەمبەران (علیهم السلام) باس دەكات و فەرمان بە پێغەمبەری ئازیزیشمان (ﷺ) دەكات كە شوێنپێی ئەوان هەڵگرێت و شوێنی هیدایەت و ڕێنمونی ئەوان بكەوێت [أُولئِكَ الَّذِينَ هَدَى اللَّهُ فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ] (الانعام: 90).
لە ناو ئەو پێغەمبەرانەشدا دوانیان پادشا و دەسەڵاتدارن (داود و سولەیمان) (علیهما السلام)، هەردوكیشیان (نعم العبد)ن واتە: بەندەی باش و چاكن، گەورەمان سولەیمان خۆی دەفەرموێت (أنی احببت حب الخیر) (ص: 32)، واتە: بەڕاستی من ماڵ و داراییم زۆر خۆشدەوێت، ئەمەشم لە زیكر و یادی خواوە وەرگرتووە، كە ماڵ و دارایی و ئەسپ و …تاد خۆش بوێن.(18)
خوا سەبارەت بە پێغەمبەرانی نەوەی ئیبراهیم دەفەرموێت: (وَآتَيْنَاهُم مُّلْكًا عَظِيمًا) (النساء: 54)، واتە: موڵك و دەسەڵاتێكی گەورە و مەزنم پێبەخشیون. كە یوسفی تێدایەـ سەلامی خوای لێبێت ـ خاوەنی پلەوپایە و دەسەڵات بووە و خۆی داوای كردووە و هەوڵی بۆ داوە تا پێی گەیشتووە، هەروەها سولەیمانی تێدایە ـ سەلامی خوای لێبێت ـ كە داوای لە خوا كردووە: خوایە دەسەڵاتێكم بدەرێ كە لە دوای من بۆ هیچ كەسی تر دەست نەدات، گەورەمان ئیبراهیم ـ سەلامی خوای لێبێت ـ خۆی ئەوەندە ماڵ و سامان و ئاژەڵی هەبوو كە نانی بەبێ میوان نەدەخوارد و گوێرەكەی بۆ میوان سەر دەبڕی و بە برژاوی دەیهێنایە بەردەمیان و فەرمووی لێ دەكردن، (فجاؤ بعجل حنیذ).
پێویستە ئەوەش بە ڕوونی بخەینە ڕوو كە: ئەو شتەی سەركۆنەی لە سەرە و قورئان لە ڕووكردنە دنیادا پێی پەسەند نییە و قبوڵی ناكات، بریتییە لە دوو شت:
یەكەم: لە پێناوی دنیادا واز لەقیامەت بهێنرێت.
دووەم: لە هەوڵبۆداندا دنیات پێ لەپێشتر بێت لە قیامەت.
بەدەر لەم دوو حاڵەتە: هیچ جۆرە بە كەمزانینێكی ژیانی دنیا و بێ نرخ سەیركردنی لە قورئاندا بوونی نییە.
بۆ نموونە كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت: [أَنَّمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا لَعِبٌ وَلَهْوٌ] (الحدید: 20)، [وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلَّا مَتَاعُ الْغُرُورِ ] (آل عمران: 185)، یان دەفەرموێت: [ قُلْ مَتَاعُ الدُّنْيَا قَلِيلٌ] (النساء: 77)، یان دەفەرموێت: [فَمَا مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا فِي الْآخِرَةِ إِلَّا قَلِيلٌ ] (التوبة: 38)، [ وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا فِي الْآخِرَةِ إِلَّا مَتَاعٌ ] (الرعد: 26)، مەبەستی ئەوەیە: ژیانی دنیا بەراورد بە ژیانی قیامەت گاڵتەوگەپ، كەموكورتە و كاریگەرە، ئەگەر مرۆڤ وریا نەبێت دوور نییە لە خشتەی ببات و قیامەتی لە بیر بباتەوە.
ئەگینا وەك وتمان لە خودی خۆیدا ژیانی دنیا پڕ بایەخە و پێویستە مرۆڤی موسڵمان بۆ كردەوەی چاكە و دەستخستنی ڕەزامەندی و بەهەشت، بە هەلی زێڕینی بزانێت.
قورئان سەركۆنەمان دەكات و دەفەرموێت: ئێوە گرفتی گەورەتان ئەوەیە كە ڕێزی دنیا دەدەن بەسەر قیامەتدا [بَلْ تُؤْثِرُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا ] (الاعلی: 16)، [ وَآثَرَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا ] (النازعات: 38)، چونكە ئەوەی لە مرۆڤی موسڵمان دەخوازرێت ئەوەیە كە: هاوسەنگی لە هەوڵدان بۆ باشتركردنی ژیانی هەردوو جیهان ڕابگرێت و هەر ئەوەش خولیا و ئامانج و نزای بێت: (ربنا آتنا في الدنیا حسنة وفي الآخرة حسنة وقنا عذاب النار) كە ئەمەش كارێكی قورس و گران نییە.
لەمەی ڕابورد گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی كە:
1. زوهد لە قورئاندا نەهاتووە، بێجگە لەو تەنها جارەی كە بە واتای زمانەوانی (زوهد) لە داستانی گەورەمان یوسفدا هەیە.
2. لە قورئاندا چێژبردن لە خۆشییەكانی ژیانی دنیا بە مافی مرۆڤی ساغ دەناسرێت و بەشێكە لەو كردە فیترییانەی مرۆڤی لەسەر بە دیهێنراوە.
3. بوونی ماڵ و دارایی و دەسەڵات پێچەوانە نییە بە زاهید بوون، چونكە بەشێك لە پێغەمبەران (سەلامی خوایان لەسەر بێت) هەبوو پادشا و وەزیر و دەسەڵاتدار بوون و لە هەمان كاتدا زاهیدترین كەسی سەردەمی خۆشیان بوون.
4. ئەوەی لە مرۆڤی موسڵمان دەخوازرێت وازهێنان نییە لە ژیانی دنیا، بەڵكو هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان ژیانی دنیا و قیامەتدا و هەوڵدانە بۆ هەردووكیان.
دەكرێت كەسێك سەرمایەدارێكی گەورە و دەوڵەمەندێكی ناوداریش بێت و خۆشخۆر و جوانپۆشیش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا كەسێكی زاهیدیش بێت
چوارەم: زوهد لە سوننەدا:
سوننەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بریتییە لە گوفتار و ڕەفتار و پەسەند كراوی پێغەمبەر (ﷺ) لە گوفتار و ڕەفتاری هاوەڵاندا كە بێدەنگی لە بەرامبەریان هەڵبژاردبێت. بە دڵنیاییەوە گوفتار و ڕەفتاری پێغەمبەری ئازیزیش (ﷺ) بریتییە لەو شتانەی لە خولگەی بەرینی قورئانی پیرۆزدا دەسوڕێنەوە.
دایكی بڕواداران خاتوو عائیشە سەبارەت بە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: (كانَ خُلُقُهُ القُرْآنَ، يَرْضى لِرِضاهُ، ويَسْخَطُ لِسَخَطِهِ)، (19)واتە: ڕەوشتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بریتی بوو لە قورئان، بەوە ڕازی دەبوو كە جێگەی ڕەزامەندی قورئان بوایە، بەوەش نیگەران دەبوو كە قورئان پێی نیگەرانە.
لەمەوە تێدەگەین كە (زوهد لە سوننەتدا) هەمان ئەو زوهدەیە لە بابەتی (زوهد لە قورئان)دا باسمان كرد، بە هەمان ئاڕاستە و هەمان بایەخدان بە ژیانی دنیا و هاوسەنگیی لەگەڵ قیامەتدا، چونكە سوننەت مەحكومە بە قورئان، نەك بە پێچەوانەوە، ئەوەتا خوای گەورە داوا لە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) دەكات، كە پابەند بێت بە قورئانەوە و لێی لانەدات، وەك دەفەرموێت: (وَاتَّبعْ ما يُوحَى إلَيْكَ مِنْ رَبِّكَ) (الاحزاب: 2)، واتە: شوێن ئەو ڕێنموییانە بكەون كە لەلایەن پەوەردگارتەوە بە سرووش بۆت ڕەوانە دەكرێن، هەروەها دەفەرموێت: (قُلْ إِنَّمَا أَتَّبِعُ مَا يُوحَى إِلَيَّ مِن رَّبِّي) (الاعراف: 203). واتە: ئەی محەممەد بڵێ من تەنها شوێنكەوتەی ئەو شتەم كە لە لایەن پەروەردگارمەوە بۆم دادەبەزێت، كە قورئانە.
كەواتە ئەگەر لە سوننەدا شتێك هەبوو پێچەوانەی قورئانی پیرۆز بوو، یاخود لەگەڵ سروشت و بڕیار و بنەما سەرەكییەكانی قورئاندا نەدەگونجا، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو شتە لە سوننەت نییە و بە زۆر ئاخنراوەتە ناو سوننەت و بەرگی ئەوی بەبەردا كراوە، یان تێگەیشتنمان بۆی تێگەیشتنێكی دروست نییە و پێویستە سەرلەنوێ خوێندنەوەی بۆ بكەین، بە دڵنیاییەوە ئەگەر لە جۆری یەكەم بوو، ئەوە پێویستە وازی لێ بهێنرێت و كاری پێ نەكرێت و كار بە ڕێنمونییەكانی قورئانی پیرۆز بكرێت، خۆ ئەگەر لە جۆری دووهەمیش بوو، ئەوا پێویستە خوێندنەوەی نوێ بۆ ئەو شتە بكرێت كە لە سوننەدایە و لە ڕواڵەتدا واتاكەی دژە بە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز، جا با ئێستا بەم تێگەیشتنە دروستەوە بگوێزینەوە بۆ بابەتی زوهد لە سوننەدا.
كاتێك سەرنجی فەرموودەكانی پەیوەست بە زوهد لە سوننەتدا دەدەین، ئەوا دەبینین كە:
1- تەنها یەك فەرموودەی پێغەمبەریشمان (ﷺ) دەست ناكەوێت (صحیح) بێت و خەڵكی بۆ زوهد بە (واتای وازهێنانی كردەیی) بانگ بكات و بەو جۆرە زوهدەدا هەڵبداتێ و مەدحی بكات.
2- خۆ ئەگەر فەرموودەیەكی لەو جۆرەشمان بینی خەڵكی هاندەدا بۆ وازهێنان لە ژیانی دنیا و بە چاوی ڕێزەوە سەیری (زوهدی كردەیی، نەوەك دەروونی) دەكرد، ئەوا دەبێت چاومان بخەینە سەر ڕشتەی گێڕانەوە (سند)ەكەی، تا بۆمان دەركەوێت كە بەدڵنیاییەوە زنجیرەی گێڕانەوەكەی لاوازی تێدایە و لای فەرموودەناسان وەرگیراو نییە، وەگەرنا تێگەیشتنمان بۆ ئەو فەرموودەیە پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەیە و پێویستە تەئویل بكرێت. بۆ نموونە دەوترێ پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە وەڵامی كەسێكدا كە وتویەتی: شتێكم پێ بڵێ كە بە هۆیەوە لای خوا و لە لای خەڵكیش ببمە كەسێكی خۆشەویست، فەرموویەتی: (ازهد فی الدنیا یحبك الله، وازهد فیما عند الناس یحبك الناس)،(20) واتە: واز لە دنیا بهێنە خوا خۆشی دەوێیت و واز لە ماڵی خەڵكیش بهێنە و چاوت لە دوای نەبێ دەبیتە خۆشەویستی خەڵكی.
كاتێك لەم فەرموودەیە ڕادەمێنین دەبینین كە بەشێكی زۆر لە زانایان قسەیان لەسەر سەنەدەكەی هەیە و لە لایان وەرگیراو نییە، بۆ نموونە (ذهبي) دەڵێت: لە زنجیرەی گێڕانەوەكانی ئەم فەرموودەیەدا (خالد بن عمرو القرشی) تێدایە كە پیاوێكی درۆزنە و تۆمەتبارە بە هەڵبەستنی فەرموودە (الوضع) بەدەم پێغەمبەری خواوە (ﷺ)(21)، (البزار) دەڵێت: (خالد بن عمرو منكر الحدیث)(22)، هەروەها پێیدەڵێن: (مجمع علی تركه، كذبه ابن معین)(23)، (ابن عدی) دەڵێت: (أحادیث خالد كلها باطلة، وضاع)(24)، (الهیثمي) پێی دەڵێت: (كذبه یحی بن معین وأحمد بن حنبل، ونسبه الی الوضع)(25)، هەروەها لە بارەیەوە دەڵێن: (وهو ضعیف متفق علی ضعفه)(26)، (متروك الحدیث)(27). واتە هەر فەرموودەیەك لە زنجیرەی گێڕانەوەكەیدا ئەم پیاوەی تێدا بێت، قبوڵ ناكرێت و ڕەتدەكرێتەوە، چونكە ئەم پیاوە لە لای فەرموودەناسانی وەك پێشەوا ئەحمەد و ئیمامی زەهەبی و … هتد جێگەی گومانە و بەدرۆزن و هەڵبەستنی فەرموودە تۆمەتبارە.
لە هیچ شوێنێكی قورئانی پیرۆزدا بە ئاماژەش نەوەك ڕاشكاوانە ئەوەی تێدا نییە كە بفەرموێت: پشت بكەنە ژیانی دنیا و ڕوو بكەنە قیامەت
ئەمە سەبارەت بە سەنەدی فەرموودەكە، خۆ ئەگەر كەسانێكی شلگیریش لە زانایانی فەرموودەناس چاوپۆشی لە بوونی ئەم پیاوە گوماناوییە لە زنجیرەكانی گێڕانەوەكانیدا بكەن و وەك (متروك الحدیث) مامەڵەی لەگەڵ نەكەن، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەقی فەرموودەكەش دژایەتی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئایەتە پیرۆزەكانی قورئاندا هەیە، چونكە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا قورئانی پیرۆز داوای ئاوەدانكردنەوەی سەر زەوی لە مرۆڤەكان دەكات و بە بڕوادران دەفەرموێت، كە بانگ درا وەرن بۆ نوێژی هەینی و كە نوێژ تەواو بوو بچنەوە سەر ئیش و كردە و كەسابەتی خۆتان، كەچی ئەم فەرموودەیە داوای وازهێنان لە دنیا دەكات و دەیكاتە مەرجی دەستخستنی خۆشەویستی لەلای خوا: (ازهد فی الدنیا یحبك الله)، مەگەر تەنها كاتێك واتای ئەم فەرموودەیە لە دژایەتی قورئانی پیرۆز ڕزگار بكرێت، كە بچینەوە سەر واتای ڕاستەقینەی (زوهد) كە بریتییە لە (وازهێنانی دەروونی) نەوەك (كردەیی و فیزیكی).
هەروەها ئەم فەرموودەیە دژایەتیشی لەگەڵ ئەو فەرمودانەدا هەیە كە ژیانی دنیا بە هەلێكی زێڕین لە قەڵەم دەدەن و هانی مرۆڤی موسڵمان دەدەن بۆ هەوڵدانی زیاتر و كۆڵنەدان وەك فەرموودەی:
1- (نعمت الدار الدنیا لمن تزود فیها لأخرته)،(28) واتە ئای دنیا چەند ماڵێكی باشە بۆ كەسێك كە توێشووی تیا دەخات بۆ قیامەتی.
2- (ما من مسلم یغرس غرسا أو یزرع زرعا فیأكل منه گیر أو انسان أو بهیمە الا كان له به صدقە)، (29) واتە: هیچ موسڵمانێك نییە كە نەمامێك بنێژێت یان كشتوكاڵێك داچینێت و باڵندە، یان مرۆڤ، یان ئاژەڵێك لێی بخوات، مەگەر ئەوەی كە بۆ ئەو كەسە دەبێتە خێر و چاكە.
3- (ان قامت علی أحدكم القیامە وفی یده فسیلە فلیغرسها)، (30) واتە: ئەگەر قیامەت هەستا، لەو كاتەدا یەكێك لە ئێوە نەمامێكی بەدەستەوە بوو با هەر بینێژێت، واتە بە هاتنی قیامەتیش ڕاینەگرێت و لە ئاوەدانكردنەوەی سەرزەوی و كاركردن نەكەوێت.
مێژووی سەرهەڵدانی زوهدی نادروست:
زوهد بە واتای پشتهەڵكردن لە ژیانی دنیا ـ وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا ـ لەئایینی ئیسلامدا بوونی نییە، بەڵكو ئەم جۆرە (وشكە زوهد)ە لە دوای فراوانبوونی قەڵەمڕەوی موسڵمانان لە دوای سەدەی سێیەمی كۆچییەوە بەشێك لە موسڵمانان بە كاریگەربوون بە هەندێك لە ڕاهیبە مەسیحییەكانەوە بۆیان ماوەتەوە.
شێخولئیسلام ئیبن تەیمیە ـ ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ لەم بارەیەوە دەڵێت: (فی المشركین زهاد، وفی أهل الكتاب زهاد، وفی أهل البدع زهاد)، واتە: لەناو هاوەڵدانەر و ئەهلی كیتاب و ئەهلی بیدعەش دا لەوجۆرە زاهیدانە بوونیان هەیە(31). هەروەها دەڵێت: بەشێكی زۆر لە زاهیدەكان پشتیان لەجوانی و باشی دنیا هەڵكردووە و ئەوەی خوا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) پێیانخۆشە ئەوان وەریناگرن و لە لایان پەسەند نییە، كە هەرگیز نە خوا و نە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) فەرمانیان بە ئاوەها زوهدێك نەكردووە(32). دەشڵێت ئەو جۆرە زوهدەی كە خوا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) فەرمانیان پێكردووە و لایان پەسەندە، تەنها بریتییە لەوەی كە مرۆڤی موسڵمان واز لەو شتە بهێنێت كە خوا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) خۆشیان ناوێت و لەلایان پەسەند نییە(33).
ئەگەر كەسێك وابزانێت زوهدكردن بریتییە لە پشتكردنە ژیانی دنیا و وازهێنان لە خۆشییەكانی، بەدڵنیاییەوە ئەوە دژە بە فیترەتی لەسەر بەدیهێنراوی مرۆڤ
سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی خەڵوەتكردن و بوونیادنانی (پەرستگا) لە چۆڵەوانی و پشتكردنە ژیانی دنیاش دەڵێت: یەكەم جار لە شاری بەسڕە لە لایەن بەشێك لە هاوەڵانی (عەبدولواحید بن زەید)ەوە كە هاوەڵی نزیكی شێخ حەسەنی بەسری بوو، سەری هەڵداوە(34)، شوێنكەوتە (تابعی)ی (محەممەد بن سیرین) دەفەرموێت: خەڵكێك هەیە پشتیان كردووەتە ژیانی دنیا و لە جیاتی جلوبەرگ، خوری لەبەر دەكەن و دەڵێن: (انهم متشبهون مسیح بن مریم)(35)، خۆیان بە گەورەمان عیسای كوڕی مریەمەوەـ علیە السلام ـ دەچوێنن و وەك ئەو دەكەن، واتە لەژێر كاریگەری ڕاهیبە مەسیحییەكانی ئەو ناوچەیەدا ئەو كارە دەكەن، بەڵام ئەم شوێنكەوتە دیار و زانا مەزنە ئەم كارەی پێ باش و پەسەند نییە، بۆیە دەبینین كە دەفەرموێت: (وهدی نبینا أحب إلینا)(36) واتە: ڕێنمایی و ئاڕاستەكانی پێغەمبەرەكەی خۆمانمان (ﷺ) لەلا خۆشەویستتر و لەپێشترە. بەڵێ وایە، ئەوەتا قورئانی پیرۆز بە بڕواداران دەفەرموێت: (لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ) (الأحزاب: 21)، (قُلْ إِن كُنتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ) (آل عمران: 31)، هەروەها پێغەمبەری ئیسلام (ﷺ) ڕێگری لەم جۆرە گۆشەگیری و دابڕانە لە كۆمەڵگە دەكات، ئەوەتا ڕێگە بە هاوەڵی بەڕێز (عوسمان كوڕی مەزعون) نادات كە لە گۆشەی ماڵەكەیدا پەرستگەیەك دروست بكات و لە گۆڕەپانی ژیان دوور بكەوێتەوە و پەراوێز بكەوێت، پێی دەفەرموێت: لە سەرتە لە پێناوی خوا جیهاد بكەیت، ئەوەیە خۆیەكلاكردنەوە بۆ خواپەرستی، ئەوەیە ڕەهبانیەتی ئیسلام(37).
خاوەنی (فیض القدیر) لە ڕاڤەی ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت: ئەگەر لەلای مەسیحییەكان خۆ یەكلاكردنەوە بۆ خواپەرستی بریتی بووبێت لە (گۆشەگیری)، ئەوە لەلای ئێمەی موسڵمان باشترین شت بریتییە لە (تێكۆشان لە پێناوی خوا)(38) (بە هێنانەدی ئامانجەكانی جیهاد كە بریتین لە بەرزكردنەوەی وشەی خوا و ڕزگاركردنی چەوساوان).
هەروەها دەڵێت: ڕەهبانیەت بریتییە لە وازهێنان لە خۆشییەكانی ژیانی دنیا و زوهدكردن و دوورەپەرێزی و گۆشەگیری لە خەڵكی و هەڵگرتنی سەختی و خۆئازاردان بە چەندین جۆر لە سزا و ئازار(39).
لە قورئاندا چێژبردن لە خۆشییەكانی ژیانی دنیا بە مافی مرۆڤی ساغ دەناسرێت و بەشێكە لەو كردە فیترییانەی مرۆڤی لەسەر بە دیهێنراوە
هەر ئەمەشە وای كردووە لە كەسێكی وەكو خاوەنی كتێبی (أموال النبی) كە بڵێت: ئەو جۆرە زوهدەی كە وەك خواپەرستی ڕاهیبەكان وایە و پشتهەڵكردنە لە ژیانی دنیا، ئەمە لە بنەڕەتدا داهێنراوێكە لەلایەن ئاگرپەرست و هیندۆس و لادەرە سۆفییەكانەوە هێنراوەتە ناو ئیسلامەوە و نە لە قورئان و نە لە سوننەتدا هیچ ڕیشەیەكی نییە.
قورئانی پیرۆزیش ئەم جۆرە خواپەرستییە داهێنراوە، بە بەشێك لەلادانی مەسیحییەكان لە قەڵەم دەدات، وەك دەفەرموێت: (وَرَهْبَانِيَّةً ابْتَدَعُوهَا) (الحدید: 27) زانای پایەبەرز (واحدی نیسابوری ـ ت468هـ ـ) لە تەفسیری ئەم ئایەتە پیرۆزەدا دەفەرموێت: ئەم بڕگەیە عەتف نەكراوەتەوە سەر پێش خۆی، بەڵكو مەنسوبە بەفیعلێكی لابراو كە فیعلەكەی لە دوای خۆی تەفسیری دەكاتەوە و واتاكەی دەبێتە (ابتعدوا الرهبانیة ابتعدوها، أی: جاؤوا بها من قبل أنفسهم)، واتە: مەسیحییەكان خۆیان ئەم گۆشەگیری و زیادەڕەویەیان لە خواپەرستیدا داهێناوە و بەشێك نەبووە لەئایینەكەیان.
دواتر ئەم زانا پایەبەرزە شافیعی مەزهەبە، لەسەر ئەم (رهبانیة) داهێنراوە ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت: واتە: ئەو ڕەهبانیەتە داهێنراوە كە بەدوور لە فەرمانی خوا هێنایانە ناو ئایینی مەسیحییەوە، بریتییە لە: زیادەڕەویكردن لە خواپەرستیدا و شت قورسكردن لەسەر خۆیان، وەك خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و هاوسەرگیری و خواپەرستی لە چیاكاندا.
(ابن الجوزی ـ ت597هـ ـ) و (طبری ـ ت671هـ ـ) و (سمعانی ـ ت489هـ ـ) لە تەفسیری ئەم ئایەتە پیرۆزەدا دەفەرموون: ئەو ڕەهبانیەتە ڕێ پێ نەدراوە كە ئەوان لە خۆیانەوە دایانهێنا، بریتی بوو لە ڕووكردنە كێوەكان و خەڵوەكێشان لەو شوێنانەی بونیادیان نا بۆ خواپەرستی!!
ئەنجام
ئەوەی لەم بابەتەدا باسمان كرد، دەكرێت كورتی بكەینەوە لەم چەند خاڵەی لای خوارەوەدا:
1. وەك چۆن زوهدی دروست هەیە، زوهدی نادروستیش بوونی هەیە، وەك زوهدی بێ باوەڕ و جوولەكە و ئەهلی بیدعە.
2. زوهدكردن بە واتای پشتكردنە دنیا و وازهێنانی كردەیی لە خۆشییەكان لە ئیسلامدا بوونی نییە.
3. ئەم جۆرە زوهدە نادروستە بە كەوتنە ژێر كاریگەری مەسیحییەكان پەڕیوەتە ناو ئایینی ئیسلامەوە.
4. لە ئایینی مەسیحیدا لە ئینجیل ئەم جۆرە زوهدە بوونی نەبووە، بەڵكو پاش (400) چوارسەد ساڵ لە لەدایكبوونی پێغەمبەر عیسادا (سەلامی خوای لەسەر بێت) داهێنراوە.
5. زوهد بە واتای وازهێنانی كردەیی لە ژیان و بێ بەشبوون لە چێژبردن لەخۆشییەكانی دنیا، بۆ یەكەمجار لە لایەن بەشێك لە هاوەڵانی (عەبدولواحید بن زەید)ی هاوەڵی شێخ حەسەنی بەسریەوە لە شاری بەسڕە سەری هەڵدا.
6. لە بابەتی پەیوەست بەجۆرەكانیەوە زوهد دوو واتای هەیە:
یەكەم: وازهێنانی دەروونی لەژیانی دنیا و پەیوەست نەبوونی دڵ پێوەی.
دووەم: وازهێنانی كردەیی لەژیانی دنیا و خۆشییەكانی.
زوهد بە واتای دووەم لە ئیسلامدا هیچ ڕیشەیەكی نییە و بیدعەیەكی داهێنراوی ناشەرعییە، كە لەلایەن ڕاهیبە مەسیحییەكانەوە گوێزراوەتەوە بۆ ناو موسڵمانان.
7. ژیاندۆستی و چێژوەرگرتن لە دنیا و دەوڵەمەندی لەگەڵ دەقە ئایینییەكان كۆك و تەبایە و پشتلێكردنیان زوهدێكی نادروستە.
__________________
1- الصحاح تاج اللغة وصحاح العربية، أبو نصر إسماعيل بن حماد الجوهري الفارابي (ت393هـ)، تحقيق: أحمد عبد الغفور عطار، دار العلم للملايين – بيروت، ط(4)، 1407 هـ -1987م، (2/281).
2- المفردات في غريب القرآن، الراغب الأصفهانى (ت502هـ)، المحقق: صفوان عدنان الداودي، دار القلم، دمشق، ط(1)، 1412هـ ، (ص384).
3- الصحاح تاج اللغة وصحاح العربية، (2 /481).
4-التحقيق فى كلمات القرآن، حسن المصطفوى، (4 /375)
5- مجموع الفتاوى، شيخ الاسلام، المحقق: عبد الرحمن بن محمد بن قاسم، مجمع الملك فهد لطباعة المصحف الشريف، المدينة المنورة، 1995م، (10/21).
6- مجموع الفتاوى، (11/28). مجموع الفتاوى، (11/28).
7- مجموع الفتاوى، (20/143).
8-الاستقامة، ابن تيمية(ت728هـ)، المحقق: د.محمد رشاد سالم، جامعة الإمام محمد بن سعود- المدينة المنورة، ط(1)، 1403هـ، (1/340).
9-قواعد الأحكام في مصالح الأنام، أبو محمد عز الدين عبد العزيز بن عبد السلام (ت660هـ)، مكتبة الكليات الأزهرية – القاهرة، 1991م، (1/223).
10- هەمان سەرچاوە.
11- هەمان سەرچاوە.
12- هەمان سەرچاوە، (2/223)
13- مدارج السالكين، ابن القيم الجوزية،، ت: محمد معتصم بالله، دار الكتاب العربي، بيروت، ط (3) ، 1996م، (2/15).
14- هەمان سەرچاوە.
15- الآداب الشرعية والمنح المرعية، ابن مفلح بن محمد بن مفرج (ت763هـ)، عالم الكتب، (2/241).
16- هەمان سەرچاوە.
17- تفسير القرآن العظيم، ابن كثير، المحقق: سامي بن محمد سلامة، دار طيبة، ط(2)، 1999م، (4/377).
18- تفسيرى الرازى، الفخر الرزاى (ت 606هـ)، دار إحياء التراث العربي – بيروت، ط(3)، 1420هـ، (26/390)
19- أخرجه البيهقي في شعب الإيمان، فصل في خلق رسول الله، برقم (1360).ينظر: شعب الإيمان، أحمد بن الحسين أبو بكر البيهقي (ت 458هـ)
، تحقيق: د.عبد العلي عبد الحميد حامد، مكتبة الرشد، الرياض، ط(1)، 2003م، (3/22).
20- أموال النبي كسبا وإنفاقا و توريثا، د. عبدالفتاح محمد السمان، دار الفكر، سورية، دمشق، ط(3)، 2018م، (ص496).
21- أخرجه ابن ماجه في سننه، كتاب: الزهد، باب: الزهد في الدنيا، برقم(4102).ينظر: سنن ابن ماجه (ت273هـ)، تحقيق: محمد فؤاد عبد الباقي، دار إحياء الكتب العربية – فيصل عيسى البابي الحلبي، (2/1373).
22- التبيان في تخريج و تبويب حديث بلوغ المرام، خالد ضيف الله، دار الرسالة العلمية، ط(1)، 2012م، (11/289).
23- الروض البسام بترتيب و تخريج فوائد تمام، ابوسليمان جاسم بن سليمان حمد الفهيد الدوسري، دار البشائر الاسلامية، بيروت، ط(1)، 1987م، (1/143).
24- هەمان سەرچاوە.
25- هەمان سەرچاوە.
26- مجمع الزوائد ومنبع الفوائد، أبو الحسن نور الدين الهيثمي (ت807هـ)، المحقق: حسام الدين القدسي، مكتبة القدسي، القاهرة،(1/140).
27- تخريج أحاديث إحياء علوم الدين، العراقي(ت806هـ)، ابن السبكي(ت771هـ)، الزبيدي(ت1205هـ)، دار العاصمة، الرياض، ط(1)، 1987م، (5/1994).
28- المداوي لعلل الجامع الصغير وشرحي المناوي، احمد بن محمد الغماري (ت1380هـ)، دار الكتبى، القاهرة، ط(1)، 1996م، (1/508).
29- أخرجه الحاكم في المستدرك، كتاب: الرقائق، برقم(7870)، وقال: حديث صحيح الاسناد ولم يخرجاه. ينظر: المستدرك على الصحيحين، أبوعبد الله الحاكم النيسابوري(ت405هـ)، تحقيق: مصطفى عبدالقادرعطا، دار الكتب العلمية، بيروت، ط(1)، 1990م، (4/348).
30- أخرجه البخاري في صحيحه، كتاب: المزارعة، باب: فضل الزرع والغرس، برقم (2320). ينظر: صحيح البخاري، تحقيق: محمد زهير بن ناصر الناصر، دار طوق النجاة، ط(1)، 1422هـ، (3/103).
31- أخرجه احمد، مسند انس بن مالك، برقم(12902). ينظر: مسند الإمام أحمد بن حنبل(ت241هـ)، تحقيق: شعيب الأرنؤوط، عادل مرشد، وآخرون، مؤسسة الرسالة، ط(1)، 2001م، (20/251).
32- مجموع الفتاوى، ابن تيمية الحراني(ت728هـ)، تحقيق: عبدالرحمن بن محمد بن قاسم، دار مجمع الملك فهد لطباعة المصحف، المدينة المنورة، 1995م، (7/652).
33- هەمان سەرچاوە.
34- هەمان سەرچاوە. (7/ 653).
35- هەمان سەرچاوە. (11/ 6).
36- هەمان سەرچاوە. (11/ 7).
37- هەمان سەرچاوە.
38- أخرجه أحمد، مسند أبي سعيد الخدري، برقم (11774). أخرجه أحمد، مسند أبي سعيد الخدري، برقم (11774).
39- فيض القدير شرح الجامع الصغير، تاج العارفين(ت1031هـ)، المكتبة التجارية الكبرى، مصر، ط(1)، 1356هـ، (3/75).
سەرچاوەكان
1. الآداب الشرعیة والمنح المرعیة، ابن مفلح بن محمد بن مفرج (ت763هـ)، عالم الكتب.
2. الاستقامة، ابن تیمیە (ت728هـ)، المحقق: د.محمد رشاد سالم، جامعە الإمام محمد بن سعود- المدینە المنورە، ط(1)، 1403هـ.
3. أموال النبي كسبا وإنفاقا و توریثا، د. عبدالفتاح محمد السمان، دار الفكر، سوریة، دمشق، ط(3)، 2018م.
4. التبیان في تخریج وتبویب حدیث بلوغ المرام، خالد ضیف الله، دار الرسالة العلمیة، ط(1)، 2012م.
5. التحقیق في كلمات القرآن، حسن المصطفوی.
6. تفسیر القرآن العظیم، ابن كثیر، المحقق: سامي بن محمد سلامة، دار طیبة، ط(2)، 1999م.
7. تفسیری الرازي، الفخر الرازي (ت 606هـ)، دار إحیاء التراث العربي – بیروت، ط(3)، 1420هـ.
8. الروض البسام بترتیب وتخریج فوائد تمام، ابوسلیمان جاسم بن سلیمان حمد الفهید الدوسري، دار البشائر الاسلامیة، بیروت، ط(1)، 1987م.
9. سنن ابن ماجة (ت273هـ)، تحقیق: محمد فؤاد عبد الباقی، دار إحیاء الكتب العربیة – فیصل عیسی البابي الحلبي.
10. شعب الإیمان، أحمد بن الحسین أبو بكر البیهقي (ت 458هـ)، تحقیق: د.عبد العلي عبد الحمید حامد، مكتبە الرشد، الریاض، ط(1)، 2003م.
11. الصحاح تاج اللغة وصحاح العربیة، أبو نصر إسماعیل بن حماد الجوهري الفارابي (ت393هـ)، تحقیق: أحمد عبد الغفور عطار، دار العلم للملایین – بیروت، ط(4)، 1407 هـ -1987م.
12. صحیح البخاري، تحقیق: محمد زهیر بن ناصر الناصر، دار طوق النجاة، ط(1)، 1422هـ.
13. فیض القدیر شرح الجامع الصغیر، تاج العارفین (ت1031هـ)، المكتبة التجاریة الكبری، مصر، ط(1)، 1356هـ
14. قواعد الأحكام في مصالح الأنام، أبو محمد عز الدین عبد العزیز بن عبد السلام (ت660هـ)، مكتبة الكلیات الأزهریة – القاهرة، 1991م.
15. مجمع الزوائد ومنبع الفوائد، أبو الحسن نور الدین الهیثمي (ت807هـ)، المحقق: حسام الدین القدسي، مكتبة القدسي، القاهرة.
16. مجموع الفتاوی، ابن تیمیة الحراني (ت728هـ)، تحقیق: عبدالرحمن بن محمد بن قاسم، دار مجمع الملك فهد لطباعة المصحف، المدینة المنورة، 1995م.
17. مدارج السالكین، ابن القیم الجوزیة، ت: محمد معتصم بالله، دار الكتاب العربي، بیروت، ط(3)، 1996م.
18. المداوی لعلل الجامع الصغیر وشرحي المناوي، احمد بن محمد الغماري (ت1380هـ)، دار الكتبی، القاهرة، ط(1)، 1996م.
19. المستدرك علی الصحیحین، أبو عبد الله الحاكم النیسابوري (ت405هـ)، تحقیق: مصطفی عبدالقادر عطا، دار الكتب العلمیة، بیروت، ط(1)، 1990م.
20. مسند الإمام أحمد بن حنبل (ت241هـ)، تحقیق: شعیب الأرنؤوط، عادل مرشد، وآخرون، مؤسسة الرسالة، ط(1)، 2001م.
21. المفردات في غریب القرآن، الراغب الأصفهاني (ت502هـ)، المحقق: صفوان عدنان الداودي، دار القلم، دمشق، ط(1)، 1412هـ.