بۆچی گرژییهكانی نێوان توركیا و ڕوسیا له ههڵكشاندایه؟
وەرگێڕان: توركیاناسی
بەم دواییانە پەیوەندییەکانی تورکیاو ڕوسیا گرژیو ئاڵۆزیی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە، ئەمەیش بە هۆی نەبوونی کۆدەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بارەی هەندێک پرسی ئاڵۆزەوە. ئەم گرژییانە زیاتر بە ڕوونی دەرکەوت، کاتێک حکومەتی تورکیا جارێکی دیکە پرسی نیمچەدوورگەی کریمای وروژاندەوە.
لە (١٦)ی ئاداری (٢٠٢٤)و بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی لکاندنی ئەو نیمچەدوورگەیەوە لەلایەن ڕوسیاوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕەتیکردوە دانبنێت بە لکاندنی کریما لەلایەن ڕوسیاوهو جەختی لە سەر پشتیوانیی تورکیا بۆ یەکپارچەیی خاکو سەروەریی ئۆکرانیا کردەوە، ئەمەیش ڕوسیای توڕەکردو ڕەخنەی لەو لێدوانانە گرتو داوایکرد تورکیا خۆی لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی بپارێزێت.
لە (١١)ی شوباتی ئەمساڵیشدا ئەو ناکۆکییانە زیاتر پەرەیسەند، کاتێک کرێملین بڕیایدا بە دواخستنی سەردانەکەی ڤلادیمیر پوتین؛ سەرۆکی ڕوسیا، بۆ تورکیا بۆ کاتێکی تر، دواخستنی ئەو سەردانەیش، بەشێکی پەیوەست بوو بە ناڕازیبوونی مۆسکۆ لە گۆڕانی دیدی سیاسەتی دەرەوەی تورکیاوە، بە هۆی دەستبەرداربوونی لە پاراستنی هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکەدا.
پاڵنەرە سەرەکییەکانی گرژی نێوان مۆسکۆو ئەنقەرە
زۆر هۆکار هەن کە ڕۆڵیان هەیە لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تورکیاو ڕوسیا لەم دواییانەدا، کە دەتوانرێت بەم شێوەیە بخرێتەڕوو:
یەکەم/ تورکیا جوڵەو هەنگاوەکانی ڕوسیا بەرەو ئۆکرانیا ڕەتدەکاتەوە: تورکیا دژی هەڵوێستی ڕوسیایە لە بارەی پرسی نیمچەدورگەی کریماوە، هەروەها دژایەتیی هەنگاوە سەربازییەکانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا دەکات، ئەمەیش جێی ناڕەزایی مۆسکۆیە. ئەنقەرە بە بەردەوامی داگیرکارییەکانی ڕوسیا بۆ سەر نیمچەدوورگەی کریما ڕەتدەکاتەوە، هەروەها دوپاتیکردەوە کە بەردەوامدەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ناو کریما، لە لایەکی دیکەوە دۆخی تورکە تەتارەکانی کریمای خستووەتە لیستی ئەنجێندا ستراتیژییەکانیەوە. هەندێک لە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنقەرە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە بزوتنەوە ئیسلامییەکان دەکات دژی نفوزی ڕوسیا لە ئاسیای ناوەڕاستدا، ئەمە جگە لە پێشكهشكرنی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئهو بەشهی ئۆکرانیا لە تاتارەکانی کریما.
لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ ڕۆڵی ناوەندگیریو بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوان مۆسکۆو کیێڤدا، دەستوەردانی سەربازیی ڕوسیای لە ئۆکرانیا ڕەتکردەوەو لەم دواییانەیشدا تورکیا زیاتر جەخت لە سەر دەستپیشخەرییەکانی بۆ پێویستیی کۆتاییهێنان بە شەڕو پاراستنی یەکگرتوویی خاکەکانی ئۆکرانیا دەکاتەوە.
دووەم/ ڕەزامەندیی تورکیا لە سەر ئەندامبوونی سویدو فینلهندا لە ڕێکخراوی ناتۆ: گرژییەکانی نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ لەم دواییانەدا زیاتر پەرەیسەندووە، دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا لە (٢٤)ی کانوونی دووەم ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ئەمە جگە لەوەی لە (٣١)ی ئازاری (٢٠٢٣)دا ڕەزامەندیی دەربڕیبوو بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەک کە ڕێگە بە فیلهندا دەدات بچێتەناو هاوپەیمانیەتییهکەوه. ڕەزامەندیی ئەنقەرە بۆ ئەندامیەتیی سویدو فینلهندا، مۆسکۆی توڕەکردووەو ترسی هەیە لە جێگیرکردنی یەکەکانو دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی، بۆیە گۆڕانکاریی سیاسەتەکانی تورکیا بەرەو ئەندامیەتیی سویدو فینلهندا کاردانەوەی نەرێنیی بە سەر پەیوەندییەکانی تورکیاو ڕوسیادا هێناوەو ڕەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ لە داهاتوودا.
بە گوێرەی لێکدانەوەکانی ڕوسیا، تورکیا لە دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ ئەندامیەتیی سوید لە ناتۆ، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی مۆسکۆی لەبەرچاونەگرتووە، کە پێیوایە ئەندامبوونی سویدو فینلهندا لە ناتۆ ههڕهشهیهكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا، بە تایبەتی لە ڕووی کاراکردنی هاوپەیمانییەکەوە، کە زیاتر لە سنوورەکانی نزیکدەبێتەوەو بەشێک لە توانا سەربازییەکانی سنورداردەکات، هەروەکو کەشتیگەلی ڕوسیا لە دەریای باڵتیك.
سێیەم/ نزیکبوونەوەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا: لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە دژایەتیی ڕوسیا دەکەن لەوەی پێشهاتێکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە، بەو پێیەی بازنەی کۆدەنگیی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن فراوانبووە، وەک لە سەردانەکەی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ ئەمریکا دەرکەوت، کە لە (٧)و (٨)ی ئاداری ئەمساڵدا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە میکانیزمەکانی ستراتیژیی تورکیا-ئەمریکا ئەنجامیدا، کە پێشتر لە کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ جۆبایدن؛ هاوتا ئەمریکییەکەیدا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی گرووپی (٢٠) لە ڕۆما لە ساڵی (٢٠٢١) بڕیار لە سهر پێکهێنانی درابوو.
پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی، دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەزامەندیی دەربڕی لە سەر گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی (F16) بە تورکیا، هەروەها هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە واشنتۆن لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی پێشووی ئهمریكادا، بە سەر فەرمانگەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا سەپێنرابوو، لە ژێر یاسای “بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا”دا.
پەیوەست بەو باسەوە، نیگەرانییەکانی ڕوسیا زیاتر دەرکەوتن، دوای ئەوەی تورکیا بە فەرمی پەیوەندییکرد بە دەستپێشخەریی قەڵغانی ئاسمانیی ئەوروپییەوە (ESSI)، بە سەرۆکایەتیی ئەڵمانیا لە (١٦)ی شوباتدا. بیرۆکەی قەڵغانی ئەوروپی، کە بەرلین لە ساڵی (٢٠٢٢)و لە سەروبەندی سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکرانیادا خستیەڕوو، لە چوارچێوەی هەوڵێکدایە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی موشەکیی کورتو مامناوەندو دوورمەودای یەکگرتوو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا لە مەترسییەکانی ڕوسیا.
چوارەم/ بلۆککردنی هەژماره بانكییەكانی ڕوسیا: بانکەکانی تورکیا ڕێوشوێنی تایبەتیان گرتەبەر بۆ داخستنی هەژماری کۆمپانیا ڕوسییەکان، ئەمە جگە لەوەی تورکیا هەموو ئەو ڕێکارە پێویستانەی لە سهر هاوڵاتیانی ڕوسیا توندتركردهوه کە ئارەزووی بەدەستهێنانی کارتی بانکییان لە تورکیا دەکرد. گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی تورکیا پەیوەستە بە خواستی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاواو کەمکردنەوەی بوارەکانی ناکۆکییەوە لەگەڵیاندا، بە تایبەتی دوای بڕیارەکەی جۆبایدن؛ سەرۆکی ئەمریکا، لە (٢٢)ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، کە ڕێگەی بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داوە ڕێوشوێن لە دژی بانکە بیانییەکان بگرێتەبەر، كه هاوكارن لە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە سزاكان دهیانگرێتهوه له ڕوسیا، یان ئاسانکاریدەکهن بۆ دابینکردنی هەندێک کەرەستەو ئامێر بۆ کۆمەڵگەی سەربازی-پیشەسازیی ڕوسیا. لێرەدا جۆرێك له تێگهیشتن لهلایهن ئەنقەرەوه ههیه بۆ داواکارییەکانی واشنتۆن، سەبارەت بە پێویستیی پەیوەستبوون بەو سزا لاوەکییانەی کە بە سەر مۆسکۆدا سەپێنراون، لهوانهیش: داخستنی هەژماری کۆمپانیا ڕوسییەکان لە بانکەکانی تورکیا . لەم ڕووەوە ههندێك دهڵێن کە کۆمپانیا ڕوسییەکان تورکیا وەک ترانزێت بهكاردههێنێن له بواری بازرگانیدا، بە تایبەت بازرگانیی نەوتو گاز، کە بە هۆی سزاکانی خۆرئاواوه بۆ سەر کەرتی وزهی ڕوسیا هەناردەکردنی بەرهەمەکەی بۆ بازاڕە جیهانییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتهوه. هەروەها سنووردارکردنی بەکارهێنانی بانکە تورکییەکان لەلایەن هاوڵاتیانی ڕوسیاوه، کاریگەریی نەرێنیی لە سەر جوڵەی بازرگانیو وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووه.
پێنجەم/ چڕکردنەوەی هاریکاریی بەرگری لەگەڵ کیێڤدا: گرژیی نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ جیاناکرێتەوە لەو پەرەسەندنەی کە لە پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئەنقەرەو کیێڤدا ڕودەدات، بەو پێیەی کۆمپانیای “بایکار ماکینا”ی تورکی کاردەکات بۆ تەواوکردنی دروستکردنی کارگەیەکی فڕۆکەیبێفڕۆکەوان لە ئۆکرانیا لە ساڵی (٢٠٢٥)، بە تایبەتی کە کۆمپانیا تورکییەکە پلانی هەیە بزوێنەری (AI-322F)ی ئۆکرانی بەکاربهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی سەروو دەنگی (Bayraktar Kızılelma). نیگەرانییەکانی ڕوسیا سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەنقەرەو کیێڤ پەرەیسەندووە، هەروەک بە ڕوونی لە ڕاگەیاندنی دیمیتری پیسکۆڤ؛ وتەبێژی کرێملین، لە (٩)ی ئابی (٢٠٢٢)دا دەرکەوت، کە ئەگەر کارگەیەك بۆ فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی “بایراکتار”ی تورکیا لە ئۆکرانیا دەربکەوێت، ئەوا سوپای ڕوسیا وەک بەشێک لە داماڵینی چەک لە ئۆکرانیا دەستبەجێ لەناویدەبات.
شەشەم/ ڕێگریی مۆسکۆ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو سوریا: سەرەڕای پاڵپشتیی مۆسکۆ لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو لایەنی تورکیاو سوریادا لە ئاستە جیاجیاکان بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەڵوێستی مۆسکۆدا ڕویدا، بە تایبەت لە سەروبەندی خولی بیستویەکەمی کۆبوونەوەکانی “ئاستانە” بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا، کە لە (٢٦)ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا مۆسکۆ جەختی لەوە کردەوە کە پێداگریی تورکیا لە سەر نەکشانەوەی هێزەکانی لە خاکی سوریا ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوە دەکات، هەروەها ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ؛ نێردەی سەرۆککۆماری ڕوسیا لە سوریا، لە (٢٦)ی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاند: “بوونی تورکیا لە سوریا ڕێگریدەکات لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.”
لە ڕوانگەی تورکیاوە، توندیی هەڵوێستی ڕوسیا بەرانبەر بە نزیکبوونەوەی سوریاو تورکیا لەم کاتەدا، پەیوەستە بە دیدی نەرێنیی سەرکردایەتیی ڕوسیا سەبارەت بە گۆڕینی ههڵوێستی ئەنقەرە بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاواو دهستبهرداربوون لە هەڵوێستی بێلایەنانەی بەرانبەر بە قەیرانی ئۆکرانیا.
حەوتەم/ پەرەسەندنی کێبڕکێ لە سەر پرسەکانی دەرەوە: گرژیی نێوان مۆسکۆو ئەنقەرە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی هەر لایەنێک بۆ گەمارۆدانو بێلایەنکردنی ئەوی دیکە لە ناوچەکانی جێنفوزی هاوبەشدا. ئەوەی لێرەدا زیاتر ئاشکرایە، ویستی ئەنقەرە بوو بۆ ئیستغلالکردنی سەرقاڵی ڕوسیا بە جەنگی ئۆکرانیا بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە ناوچەی قەفقاز، بە تایبەتی کۆمارەکانی تورکزمان، جگە لە فراوانکردنی بوونی مەیدانی خۆیان لە گۆڕەپانی سوریا، لە بەرانبەردا ڕووسیا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆیو ڕکابەریکردنی نفوزی تورکیا لە لیبیاو ڕۆژئاوای ناوچەکانی ئەفریقا.
ئەگەری مەترسیدار
لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆدا، ئەگەری کاردانەوەی توند لە سەر پەیوەندییەکانی ڕوسیاو تورکیا هەیە، کە دیارترینیان فراوانبوونی ناوچەی ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیاو تورکیایە، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرێت تورکیا بەردەوامببێت لە دژایەتییەکانی بەرانبەر بە دەستوەردانی سەربازیی ڕوسیا لە ئۆکرانیا، کە لەم دواییانەدا بانکەکانی تورکیا هەندێك هەژماری بانکیی ڕوسیایان بلۆككرد، پێدەچێت مۆسکۆ لە قۆناغی داهاتوودا ڕێگری له ئهگهری جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا بكات لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری سوریا، بە تایبەتی کە جۆرێك له پارێزبهندیی ڕوسیا بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچەکانی مەنبەجو تەل ڕەفعەت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە. هەروەها پێشبینیدەکرێت مۆسکۆ وەڵامی ئەو بانگەوازانە نەداتەوە کە سەرۆککۆماری تورکیا لە سەروبەندی دیدارەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی؛ سەرۆکی ئۆکرانیادا، لە (٨)ی ئازاری ئەمساڵ داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتیی لە نێوان مۆسکۆو کیێڤدا كردبوو، ئەنقەرەیشی وەک ناوبژیوانێک لە قەیرانی ئۆکرانیا دهستنیشانكردبوو.
لە ئاستێکی پەیوەندیداردا، پێشبینیدەکرێت مۆسکۆ هەوڵی وەبەرهێنان بدات لە کارتی فشاری غازدا، بۆئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا فشارەکانی لە سەر ئەنقەرە زیاتربكات، بە تایبەتی کە توركیا پشت بە دابینکردنی نزیکەی (٧٠٪)ی پێداویستییەکانی غاز لە ڕوسیاوه دەبەستێت. هەروەها پێدەچێت گرژیی نێوان ئەو دوو لایەنە ببێتە هۆی وەستانی هەندێک پڕۆژەی هاوبەش، کە گرنگترینیان دامەزراندنی “ناوەندی غاز”ی ڕوسیایە لە تورکیا، کە مۆسکۆ دەیەوێت ئەو ناوەندە بکاتە سەکۆیەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ وڵاتانی دیكه، لەوانەیش: وڵاتانی ئەوروپا.
دەتوانین بڵێین سەرەڕای پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوان مۆسکۆو ئەنقەرە سەبارەت بە ژمارەیەکی بەرفراوان لە پرسی ناوچەیی، ئەمە بەو واتایە نییە کە پەیوەندییەکان گەیشتوونەتە ئاستی دابڕان، ڕەنگە هەردوو وڵات مەیلیان هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری ئەو جیاوازیو پەیوەندییانەو بە پێی بەرژەوەندییە پراگماتیکییەکانی هەردوولا دایبڕێژنەوە، بەو پێیەی هەردوو وڵات پەیوەندییەكی ئابووریی گەورەیان بهیهكەوە هەیە، بە جۆرێک ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بە نزیکەی (٦٢) ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێتو هەوڵی زۆریش ههیه بۆ (١٠٠) ملیار دۆلار زیادیبكهن.
_________________
لینکى بابەت لە ئینتەرنێت
https://acpss.ahram.org.eg/News/21148.aspx
سهرچاوه: مركز الاهرام للدراسات السیاسیه والاستراتیجیه