• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 13, 2025

بۆچى ڕیفۆرمى ئایینى؟

د. عابد خالید

ڕیفۆرمی ئایینی، لە سادەترین واتایدا، ئاماژەیە بۆ پرۆسەی پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لە بیروباوەڕ، یان پێڕەو، یان دامەزراوە ئاینییەکان، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ فۆڕمى بنەڕەتی لەو ئایینەدا، یان باشترکردن و گونجاندنیان لەگەڵ پێداویستییە نوێیەکانی سەردەمە جیاواز و کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان. بەڵام هەمیشە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە هێندەی ئەو ناساندنە سەرەتاییەى ئاسان نییە. بەتایبەت کە لاى باوەڕدارانى هەر ئاینێک، بنەما عەقیدەییە جێگیرەکان و بەها ئەخلاقییە سەرەکییەکانى ئایینەکەى جۆرێک لە ڕاستێتى و بەڵگە نەویستییان هەیە، کە ناکرێت بە ئاسانى دەستکارى و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، لەبەرئەوەى سەرچاوەى ئەو بنەما و بەهایانە، یان سروش و فەرمایشتەکانى خودا و نێردراوەکانین (وەک لە ئاینە ئاسمانییەکاندا)، یان جۆرێک لە پیرۆزى مێژوویى حاشا لێنەکراون (وەک لە ئاینە زەمینییەکاندا). بۆیە پرسى ڕیفۆرم لە هەر ئایینێکدا لە تێڕوانینى باوەڕدارانى ئەو ئایینەدا پرسێکى ئەستەم و تارادەیەکى زۆریش مەترسیدارە.
بەڵام لە دەرەوەى تێڕوانینى باوەڕدارانەدا، سەرچاوەى بنەما و بەها ئایینییەکان هەرچییەک بن، سروشى خودایی یان پیرۆزى مێژوویى، دواجار لەسەر دەستى مرۆڤ و بەپێى ڕاڤەکانى مرۆڤ بۆ ئەو بنەما و بەهایانە دەچنە بوارى پراکتیک و جێبەجێکردنەوە. ئەوە مرۆڤە بەپێى تێگەیشتنى بۆ دەقە ئایینییەکان و بەپێى هەلومەرجى ئەو شوێن و سەردەمەى کە تیایدا دەژى، بنەما و بەهاکانى ئایینێک دەکاتە شێوازى ژیان و سەرچاوەى ڕەوایەتپێدانى ڕەفتار و دامەزراوە ئایینى و دونیاییەکانى.
لێرەوە، سەرچاوەى هەر ئایینێک گەرچى خوداییش بێت، ئەوا جێبەجێکردنى ئەو ئایینە و پەیڕەوکردنى لەلایەن باوەڕدارانییەوە، کردەیەکى تەواو مرۆیى و سۆسیۆلۆجییە، کە دەشێت بەپێى تێپەڕبوونى کات و بەپێى جیاوازى جێگاکانى پەیڕەوکردنى، ڕا و پێڕەو و دامەزراوە هەنووکییەکانى ئەو ئایینە دووچارى شکست و چەقبەستن و بەسەرچوون ببن. کە ئەوسا یان دەبێت لەبەردەم هاتنى بیروباوەڕ و بەهاى نوێدا دەستبەردارى مانەوەى خۆى ببێت، یان دەبێت لەڕێگاى ڕیفۆرم و نوێکنردنەوە بۆ ڕاڤە و تێگەیشتنەکانى پێشووى بۆ ئایینەکەى سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و بەردەوامى بە ئایینەکەى خۆى بدات.
کەواتە، پرسى ڕیفۆرمى ئایینى، پرسى پێداچوونەوەیە بۆ ڕاڤە و تێگەیشتنەکانى مرۆڤە بۆ بنەما و بەها ئایینییەکان، و پرسى نوێکردنەوەى چۆنێتى جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنیانە لەلایەن مرۆڤەوە، لەپێناو ڕاستکردنەوە و گونجاندنى بەپێى پێداویستە نوێییەکانى ئەو شوێن و سەردەمەى کە تیایدا دەژی.
پەیوەست بە ئایبنى ئیسلامیشەوە، جگە لەوەى کە خودى ئایینەکە، خۆى بە درێژەپێدەر و نوێکەرەوەى زۆرێک لە ئایینە ئاسمانییەکانى پێش خۆى دەزانێت، و مژدەى هاتنى تازەگەرێک لەسەرەتاى هەر سەدەیەکدا بە باوەڕدارانى خۆى دەدات؛ هاوکات لەماوەى چەندین سەدەى ڕابردووى نزیکدا، چەندین بیرمەند و بزافى ئیسلامى کاریان لەسەر ڕیفۆرم و نوێکردنەوە بۆ هەندێک لە ڕاڤە و دامەزراوە پەیڕەوکراوەکانى ناو باوەڕدارانى ئەم ئایینە خۆى کردووە. خۆ ئەگەر لە کۆتایى سەدەى نۆزدە و سەرتاکانى سەدەى بیستدا، لاوازبوونى دامەزراوەى سیاسى ئایینى ئەوسا (خیلافەتى عوسمانى) و بەرەنگاربوونەوەى ستەمى ئیستیعمار و بڵاوبوونەوەى فەرهەنگى بەلێشاوى مۆدێرنە لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا، هۆکارەکانى پشت دەرکەوتنى تێزەکانى (تەهتاوی و ئەفغانى و عەبدە و محەممەد رەشید ڕەزا) بووبێ، ئەوا لە کۆتایى سەدەى بیست و سەرتاکانى سەدەى بیستویەکدا، تاوسەندنى توندڕەوى و تیرۆرى ئایینى لە جیهاندا، شکست و ستەمى هەندێک لە ڕژێمە ئایینییە بەرکارەکان لە ناوچەکەدا، بەرکەوتنى کۆمەڵگا موسوڵمانەکان لەگەڵ شەپۆلە خێراکانى شوڕشى زانیارییەکان و تەکنۆلۆژیاى هاوچەرخدا، سەرچاوەى ڕەوایەتى وەرگرتنى گۆتارە ئیسلامییە ڕیفۆرمخوازەکانى ئێستان. لێرەوە شرۆڤەکردن بۆ پرسى ڕیفۆرمى ئایینى خۆى، و تێگەیشتن لە تێز و گوتارە ڕیفۆرمخوازە دێرین و نوێیاکان، و شیکردنەوە بۆ هۆکارەکانى سەرهەڵدان و ئاکامەکانى ئایندەیان، یەکێکە لە ئامانجەکانى ئەم ژمارەیەى گۆڤارى ئایینناسی.

Send this to a friend