بۆچی ئەردۆغان لە نەیاره ناوخۆییه‌كانی نزیکدەبێتەوە؟
نوسینی: كه‌ره‌م سه‌عید (مركز الاهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية)
وه‌رگێڕانی: توركیاناسی
لە ماوەیەی ڕابردوودا چەندین پێشهات لە گۆڕەپانی ناوخۆی تورکیادا ڕویانداوە، لەوانە: هەوڵدان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئه‌و پهیوهندیو كارلێكانه‌ی كه لە نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکاندا ڕودەدەن، به تایبه‌تییش نزیکبوونەوەی بەرچاوی نێوان پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئاک‌پارتی)ی ده‌سه‌ڵاتدارو هێزە ئۆپۆزسیۆنه‌كان، ئەمەش لە کۆبوونەوەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆکی ئاکپارتی‌و ئۆزگور ئۆزێل؛ سەرۆکی پارتی گه‌لی کۆماری (جەهەپە)دا لە (٢٠)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤) بەرجەستەبوو، ئه‌وه‌ش لە پەراوێزی ئاهەنگی ئه‌و بۆنه تایبه‌ته‌ی كه له توركیا بە ساڵڕۆژی “ئۆپراسیۆنی ئاشتی”ی سه‌ربازی لە باکووری قوبرس ناسراوه.
ئەم نزیكبوونه‌وه‌یه تاكه ئاماژه نه‌بوو، به‌ڵكو لە (١١)ی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا ئەردۆغان سەردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماریی کرد، دواتر لەگەڵ سەرکردەو كه‌سه دیاره‌كانی پارتە ئۆپۆزسیۆنە چالاكه‌كانی گۆڕەپانی تورکیادا کۆبووەوە. ڕەنگە ئەمە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی پارتی داد‌و گەشەپێدان بێت بۆ کەمکردنەوەی جەمسەرگیریو گرژییه سیاسیه‌كان لە وڵات‌دا، بە تایبەتی دوای دابەزینی ڕێژه‌ی دهنگو ئەنجامەکانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئازاری ئەمساڵ، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ئه‌مه جگە لە هەوڵە شكستخواردووه‌كان بۆ ده‌ربازبوون له‌و پاشهكشە ئابوورییەی كه له وڵات‌دا هه‌یه.
ئاماژه سه‌ره‌كییه‌كان
كۆمه‌ڵێك ئاماژه هه‌ن له باره‌ی گۆڕانکارییەکی ڕێژەیی لە دیدی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا بەرانبەر بە هێزە سیاسییە کێبڕکێکارەکان، کە دیارترینیان بریتین لە:
١. قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان: بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری (٢٠١٩)، کاتێك ئەردۆغان ئەنجامەکانی ڕەتکردەوەو پێ‌داگر بوو لە سەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئهستەنبوڵ، كه بینالی یەڵدرمی کاندیدی پارته‌كه‌ی دۆڕابوو، به‌ڵام ئه‌نجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری ئەمساڵی قبوڵكرد، هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن شارەوانییە گەورەکانی وه‌كو ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرەی بردبووەوه.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەردۆغان لە لێدوانەکانیدا لە سەروبەندی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا گوتی: “ئەنجامەکان ده‌بن به خاڵی وەرچەرخانو بەڵێندەدەین پێداچوونەوە بە ئەدای پارتەکەماندا بکەین”، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “پارتی داد‌و گەشەپێدان ڕێز له ئه‌نجامی سندوقەکانی دەنگدان دهگرێتو پابەنددهبین بە دیموکراسییه‌وه”. بەڵێنیشیدا کە شیكردنه‌وه بۆ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكهنو پڕۆسەیەکی ڕەخنەگرتنی خودی بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ناو حیزب دەستپێبکەن.
٢. کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ نەیارانی ناوخۆدا: له ماوەی ڕابردوودا جوڵه‌یه‌كی بەرچاو له نێوان پارتی داد‌و گەشەپێدان و پارتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنى توركيادا هه‌بوو، له‌وانه: لە (٥)ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ئه‌نقه‌ره پێشوازیی لە مێرال ئاکشەنەر؛ سەرۆکی پێشووی “ئیی پارتی”ی ئۆپۆزسیۆن كرد، به تایبەتی كه ئاكشنه‌ر هەوڵیدابوو گرژییەکانی لەگەڵ ئەردۆغاندا کەمبکاتەوە، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکرد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، کە لە مانگی ئایاری (٢٠٢٣)دا بەڕێوەچوو. جیا له‌وه، له (٢)ی ئایاری ئەمساڵ، ئه‌ردۆغان چاویكه‌وت به ئۆزگور ئۆزێل؛ سەرۆکی جەهەپە، كه گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنه لە تورکیا، ئه‌مه‌یش یەکەم کۆبوونەوەی لەم جۆرە بوو لە ماوەی (٨) ساڵی ڕابردوودا لە نێوان سەرکردەی هه‌ردوو پارتی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا بەڕێوەچوو.
٣. كۆكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی بۆ بیری ئەتاتورك: هاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆندا، ئەردۆغان لە ماوەی ڕابردوودا کاریکردووە بۆ كۆكردنه‌وەی پشتیوانی لە بیری ئەتاتورك، ئەمەش لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە لای نەتەوەپەرستو ئەتاتورکییەکان، کە جەهەپە دەیەوێت لە ڕێگەی تۆمەتبارکردنی ئەردۆغان بە دژایەتیی بیری ئەتاتورک؛ پشتیوانانی بیری ئەتاتورک لە ئەردۆغان دووربخاتەوە. لێرەوە ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی بۆ ئه‌نجامدانی ڕاپرسی سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور لە قۆناغی داهاتوودا بەدەستبهێنێت، ئەمەش لە دەرکردنی فەرمانێكی سەرۆکایەتی لە (٢٣)ی ئایاری ئەمساڵدا ده‌ركه‌وت كه تێیدا لێبوردنی بۆ ژمارەیەك لە ژەنەڕاڵەکانی سەر بە ڕه‌وتی توندڕەوی عەلمانیی ئەتاتورکی لەخۆگرتبوو، کە تۆمەتبارکرابوون بەوەی حکومەتی ئیسلامیی نەجمەدین ئەربهکانیان ناچارکردبوو به ده‌ركردنی چه‌ند یاسایه‌ك دژ به باڵاپۆشه‌كان، وه‌كو ڕێگری‌کردن لە کارکردنیان لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. ئەمە جگە لە ڕۆڵی هەندێك لەو ژەنەراڵانە لە ڕوخاندنی حکومەته‌كه‌ی ئەربهکان لە ساڵی (١٩٩٧).
٤. فراوانکردنی بازنەی هاریکاریی پەرلەمانی: سووربوونی ئاک‌پارتی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ فراوانکردنی بازنه‌ی هاریکاری لەگەڵ ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی کە نوێنەرایەتییان لە ناو پەرلەمانی تورکیادا هەیە، بۆ تاووتوێکردنی پرسە ناوخۆییەکان‌و گەیشتن بە دیدێك سەبارەت بەو ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە. لێرەدا دەتوانرێت ئەوە ڕوونبکرێتەوە کە نو‌عمان کورتولموش؛ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا‌و په‌رله‌مانتارانی پارتی دەسەڵاتدار کۆبوونەوەکانی لەگەڵ كوتله پەرلەمانییەکاندا زیاتر چڕكردووەته‌وه. لە (٢٩)ی نیسانی ئەمساڵدا، لەگەڵ سەرۆکی سێ پارتی ئۆپۆزسیۆندا (ده‌مپارتی، پارتی سهعادهتو ئی پارتی) کۆبووەوە، جگە لە کۆبوونەوەی پێشووی لەگەڵ گرووپی پەرلەمانیی پارتی گه‌لی كۆماری، بۆ تاووتوێکردنی پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور، كه پارتی داد‌و گەشەپێدان پێشنیاریكردووه.
پێشبینیدەکرێت ئه‌م ئاڕاسته نوێیه‌ی ئاک‌پارتی به‌رده‌وامببێت، کە جه‌ختده‌كاته‌وه لە سەر قوڵکردنەوەی پەیوەندییە پەرلەمانییهكانی لەگەڵ نه‌یاره سیاسییه‌كانیدا، ئەمەش له لێدوانەکانی نو‌عمان کورتولموشدا ده‌رده‌كه‌وێت، کە دەڵێت: پێویستە سەرەتا لایەنە سیاسییەکان دەستبخەنەناو دەستی یەکەوە، دیالۆگ لە ڕێگەی شهڕەبۆكسهوه بەدەستناهێنرێتو ئەسته‌مه بتوانن لە یەکتر تێبگەنو ڕێکبكەون.
پاڵنەرە جیاوازەکان
ئەم گۆڕانکارییە بەرچاوەی لە شێوازی پهیوهندیو کارلێكی نێوان ئاکپارتی‌و هێزە سیاسییە نه‌یاره‌كانیدا ڕودەدات، ده‌كرێت لە ژێر ڕۆشنایی چەند پاڵنەرێكدا ڕونبکرێتەوە:
١. تێپەڕاندنی گۆڕانکاریی دەستووری: لەگەڵ هەوڵه‌كانی پارتی داد‌و گەشەپێداندا بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، زیادبوونی پێویستیی کۆکردنەوەو یه‌كخستنی هەڵوێستەکانی ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندیی پەسەندکردنی ئەم هەموارکردنەوانە زیاتردەبێت. هەرچەندە هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سەر پێویستیی داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات کۆکن، بەڵام ناکۆکی‌و ترس هەیە سەبارەت بە بەشێك لەو مادانەی پارتی داد‌و گەشەپێدان خستوویەتیەڕوو، كه پێداگریده‌كات لە سەر تێپەڕاندنیان لە دەستووری نوێ‌دا، لەوانەیش: پرسی ئازادیی باڵاپۆشی‌و نەبوونی مافی ڕێگریلێکردنیو پاراستنی سیستەمی سه‌رۆكایه‌تی، هەروەها پێشنیارێك بۆ هەموارکردنەوەی سیستەمی هەڵبژاردنی سه‌رۆكکۆمار له یەك خولدا سنورداربكرێت لە بریی دوو خول، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی مەرجی بەدەستهێنانی (٥٠+١) بۆ بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار. له‌گه‌ڵ ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیارانە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان گرەو لە سەر لێکنزیکبوونەوەو هێورکردنەوەی گرژییەکان ده‌كات لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆییدا، بۆئەوەی پێشنیارەکانی لە دەستووری نوێ‌دا جێبكاته‌وه، یان بە لایەنی کەمەوە بەشێکی بەرچاویان تێبپەڕێنێت.
٢. دابەزینی ئاستی جەماوەریی مەهەپەی هاوپەیمانی ئەردۆغان: ئەو نزیکبوونەوەیەی کە لە نێوان ئەردۆغان‌و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا ڕودەدات، بەشێكی پەیوەستە بە دابەزینی ئاستی جەماوەریی هاوپەیمانەکەیەوە، کە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مه‌هه‌په)یه بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، بە هۆی توندیی مامەڵەکردنی لەگەڵ مەلەفه ناوخۆییه‌كان‌و پێداگریی لە سەر پابەندبوون بە ڕێبازی تەقلیدییەوە، كه لە سەر بنەمای پشتگیریکردنی سیاسەتی جەمسەرگیری لەگەڵ نەیاراندا دامەزراوە.
ئه‌وه‌ی جێی سەرنجە له‌م نێوه‌نده‌دا، ئێستا لە ناو پارتی داد‌و گەشەپێداندا ترس‌و گومان لە زیادبووندایە سەبارەت بە توانای درێژەدان بە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەدا، کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵدا پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)و پارتی ڕه‌فاهی نوێ، کە بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان چەند ساڵێکی کەمە دامەزراوە، پلەی سێیەم‌و چوارەمیان بەدەستهێنا. شایەنی باسە کە مەهەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا، کە لە ئایاری (٢٠٢٣) بەڕێوەچوو، به بەدەستهێنانی (٥٠) کورسی پلەی چوارەمی بەدەستهێنابوو.
٣. ئەنجامە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا: پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن هەم بە تاکو هەم وەک هاوپەیمانی سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری (٢٠٢٤)، پارتی گەلی کۆماری بە تەنها توانیی زۆرینەی شارەوانییە گەورەکان بباتەوه، ئه‌مه سه‌رباری بردنه‌وه‌ی ژمارەیەك له‌و ناوچانه‌ی کە بە شێوەیەکی ته‌قلیدی له سه‌ر پارتی داد‌و گەشەپێدان ئەژماردەکران. هەروەها پارتی ڕه‌فاهی نوێ دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە بچێتەناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە بە سەرۆکایەتیی پارتی داد‌و گەشەپێدان، توانیی به ته‌نها (٦.٢٪)ی کۆی دەنگەکان بهدهستبهێنتو دوو شارەوانی لە باشوور‌و ناوەڕاستی تورکیا لە کاندیدەکانی داد‌و گەشەپێدان برده‌وه.
٤. بەردەوامیی قەیرانی ئابووری: نزیکبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا جیاناکرێتەوە لە بەردەوامیی قەیرانی ئابووری‌و داكشانی دۆخی دارایی وڵات، کە گەیشتوونە بە ئاستێکی بێوێنە، بەو پێیەی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە هەتا کۆتایی مانگی ئایاری (٢٠٢٤) گەیشت بە نزیکەی (٧٥.٥٪)، جگە لەوەی ڕێژەی بێ‌کاری گەیشتووە بە (٨.٥٪)، ئەمەش بەو واتایەیە کە هەتا ئەم ساتەوەختە ئەردۆغان نەیتوانیوە ئەوەی بەڵێنیدابوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی ئایاری (٢٠٢٣)دا، جێبەجێیانبکاتو دۆخی وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ زلهێزێکی پیشەسازیو زاڵبوون بە سەر ئاستەنگە ئابوورییەکانداو دابینکردنی هەلیکاری زیاتر بۆ گەنجان.
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و دۆخەو له چوارچێوه‌ی زیادبوونی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌ردۆغان له خراپیی ئابووریی ئێستا، كه كاریگه‌ریی نه‌رێنییان هه‌بێت بۆ سه‌ر پێگه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌یدا، بۆیه به‌شداریپێكردنی ئۆپۆزسیۆن له ئیداره‌دانی قه‌یرانه ئابوورییه‌كاندا ئێستا بووە به پێویستییه‌كی به‌رچاو، له‌به‌رئه‌وه پێشبینیده‌كرێت ئه‌ردۆغان كاربكات بۆ پشتبه‌ستن به هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه سه‌ر به ئۆپۆزسیۆنن بۆ ئیداره‌دانی هه‌ندێك له مه‌له‌فه ئابوورییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه ئاسان نییه، به تایبه‌تی ئۆپۆزسیۆنیش د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت له ڕێی بهشداریپێكردنیانەوە به‌رپرسیاریەتیی به‌شێك له‌و دۆخه خراپه‌ی ئابووری بخاتهئهستۆیان.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: ئەردۆغان هەوڵدەدات ئەو نزیکبوونەوەیەى کە ئێستا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا لە ناوخۆی تورکیادا هه‌یه، بقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بە شێوەیەك کە ئەگەری هەنگاوی زیاتری لێده‌كرێت بۆ کەمکردنەوەی ڕووبەری جیاوازییەکان لەگەڵ نه‌یاره‌كانی لە قۆناغی داهاتوودا.
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
https://acpss.ahram.org.eg/News/21200.aspx