• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 27, 2024

بۆچی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تاوانکارییەکان دێنە تورکیا؟

نوسینی: عەلی جان ئولوداغ

وەرگێڕانی: سامان مستەفا

ساڵی ٢٠٠٨ بەشی ڕاگەیاندننی لە زانکۆی ئەگزی تەواوکردووەو لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەرزنجانە، وەک پەیامنێری دادگا لە ڕۆژنامەی جمهوریەتەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. پاشان لە دەزگا ڕۆژنامەوانییەکانی (Olay TV)و (ankaragazetecisi.com) کاریکردووە. لە ئازاری (٢٠٢٣)وە وەک پەیامنێری دادگاو دۆسیەکانی لێکۆڵینەوەو شرۆڤەکار لە سایتی (DW/Türkçe) بەردەوامیی بە کاری ڕۆژنامەوانی داوە.

عەلی جان ئولوداغ کار لە سەر دۆسیەکانی دادگاو ئەنجومەنی دادوەری دەکات‌و بە تایبەت بابەتەکانی پەیوەست بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ‌و ڕێکخراوە تاوانکارییەکان‌و هەوڵەکانی داخستنی پارت‌و ڕێکخراوەکانەوە شرۆڤەدەکات. بە هۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە چەندین داوای یاسایی لە سەر تۆمارکراوەو بە هۆی دوانیانەوە ٢٠ مانگ زیندانیکراوە.

سەرەتا

لەم دواییانەدا، دەنگوباسی هەڵبژاردنی تورکیا لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تاوانکارییەکانەوە وەک سەنتەری کاروبارەکانیان زوو زوو دەبێتە ڕۆژەڤ. ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە دوای دانانی عەلی یەرلی کایا (Ali Yerlikaya) بە وەزیری ناوخۆ لە جێگەی سولەیمان سۆیلو (Süleyman Soylu) کراون، نموونەن لە سەر ڕاستیی ئەو باسانە.

لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر سەرکردە، بەڕێوەبەر، ئەندامانی ڕێکخراوە نێودەڵەتییە تاوانکارییەکان لە ئەستەنبوڵ‌و شارە جۆراوجۆرەکانی تورکیادا دەستبەسەرکراون. لە دوا ئۆپراسیۆندا، کە لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ کراوە، عەلی یەرلی کایا؛ وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی هەریەکە لە محەمەد زاکیر میاهـ؛ هاوڵاتیی بەریتانی، کە لە بەلجیکادا کاری بازرگانیی ماددەی هۆشبەری کردووەو لە لیستی سووری داواکراوانی پۆلیسی ئەنتەرپوڵدا بووەو هاوڵاتی؛ چینی چیێن خوفێنگ (چین شوفێنگ)ی لە ئەستەنبوڵ ڕاگەیاند.

ئاشکرابوونی پێدانی ڕەگەزنامە (مافی هاوڵاتیبوون)ی تورکیا بە هەندێک لەو دەستگیرکراوانە، ڕەهەندێکی تری بە مشتومڕەکان داوە. لەو ئۆپراسیۆنەی لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕێکخرابوو، هەریەکە لە “مەکسیمیلیان ڕیڤکین و ناجی ساکی”؛ لە سەرکردەکانی ڕێکخراوی کۆمانچێرو، کە لە سەنتەری ئوسترالیادا بازرگانیی ماددەی هۆشبەریان کردووەو لە لیستی سووری داواکراواندا بووە، دەستگیرکراون. هەروەها ئەوەش ئاشکرابووە کە هاوڵاتیی سویدیی بە ڕەچەڵەک سڕبی؛ ڕیڤکین، بە ناوی نیکۆلا ئانکۆڤ‌و بە پاسپۆرتی بولگاریاوە بە ناوی “جەم جانسو”ەوە ڕەگەزنامەی تورکیی وەرگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ململانێ‌و پڕۆسەی پاکتاوی یەکدییەوە لە نێوان ئەو ڕێکخراوە تاوانکارییانەدا بەشێکی سەرکردەو ئەندامانیان بەرەو تورکیا هاتوون، لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەو ئەندامانی ڕێکخراوە تاوانکارەکان کە بە ڕەچەڵەک؛ ڕوس، ئازەری‌و بەڵقان بوون، لە تورکیا کوژراون، هاوتەریب لەگەڵ خزانی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان بۆ ناو تورکیا، لە بەندەرەکانیشدا بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو زیادیانکردووە. لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا لە بەندەری مێرسین بڕی ٦١٠ کیلۆ کۆکاین دەستیبەسەرداگیراوە، ئەو کۆکاینانە لەو بارە مۆزانەدا دۆزراونەتەوە کە لە ئیکوادۆرەوە هاتبوون. سەدات پەکەر ([1]Sedat Peker)، کە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبە، ئاماژەی بە بەندەری مێرسین کردووە. هەروەها لە ئەستەنبوڵ‌و بەندەری عەلی ئاغا لە ئیزمیر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە.

ئاسانیی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی تورکی

بۆچی لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا بووەتە ئەو وڵاتەی کە ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان بە لێشاو ڕوویتێدەکەن؟

بە گوێرەی بۆچوونی شارەزایان، لەگەڵ ئەوەی ئەو دۆخە پاڵنەری زۆرە، بەڵام سێ هۆکاری بنەڕەتی هەیە، ئەوانیش: بارودۆخی گونجاو بۆ سپیکردنەوەی پارە، ئاسان وەرگرتنی ڕەگەزنامەیی تورکی‌و ئاسانیی وەرگرتنی ڤیزا.

وەرگرتنی ڕەگەزنامە (مافی هاوڵاتیبوون) بۆ بێگانەکان لە تورکیا کارێکی سەخت نییە. لە بەرانبەر بە ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی سەرمایەگوزاری، یان کڕینی موڵکی نەگواستراوە بە بەهای ٤٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی، یان بەگەڕخستنی پڕۆژەیەک کە بە لایەنی کەمەوە ٥٠ کەس بخاتەسەرکار، یان خەواندنی ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لە بانکێکی تورکیادا بەبێ جوڵاندنی بۆ ماوەی سێ ساڵ دەتوانیت ببیت بە هاوڵاتیی تورکیا. لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تاوانکارەکان کە ڕەگەزنامەیان بەدەستهێناوە، لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دۆسیەی بەدواداگەڕانیان نەبێت، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن چالاکییەکانیان لە تورکیادا بکەن.

فورقان سەزەر (Furkan Sezer)؛ بەڕێوەبەری پێشووی هۆبەی بەرەنگاریی تاوانە داراییەکان لە ئاسایشی گشتیی ئەستەنبوڵ، ئاماژەی بەوە کردووە کە گرنگترین هۆکاری هەڵبژاردنی تورکیا لەلایەن گرووپە مافیاییە بیانییەکانەوە “ئاسان بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی تورکییە”، بە گوێرەی بۆچوونی سەزەر، بوونی تورکیا وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاسیا یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. هەروەها فورقان سەزەر ڕایگەیاندووە کە تێبینیی ئەوە کراوە، خاوەندارانی پارەی ڕەش (نایاسایی) لە پێشدا ڕەگەزنامە وەردەگرن، دواتر پارە نایاساییەکانیان دەهێننەناو تورکیاوەو دەیخەنەناو سیستەمی داراییەوە. سەزەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵسەنگاندنی ئەو دوو هۆکارە پێکەوە کارێکی سوودبەخشە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکارێکی تر نەبوونی پڕۆگرامی ڤیزەیە بۆ زۆربەی وڵاتان لە کاتی گەشتکردنیاندا بۆ تورکیا، واتە بیانییەکان بە ئاسانی دەتوانن ژیانی بازرگانیی خۆیان داخڵبکەن‌و وەک هاوڵاتییەکی تورکی لە سیستەمی گشتی‌و دارایی تورکیادا خۆیان دەدۆزنەوە.

سەزەر باسی لە چەمکی ئاشتیی بوون (Varlık Barış)یش[2] کردووە، کە وەک یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی بەرپرس‌و ئەندامی ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان‌و سپیکردنەوەی پارەکانیان لە ڕێگەی سیستەمی بانکیی تورکیاوە.

زیادبوونی گواستنەوەی پارەو مرۆڤ لە دوای پەتای جیهانیی کۆرۆناوە (پاندەمییەوە)

ئێستا بە هۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر ئەندام‌و بەرپرسی ڕێکخراوە تاوانکارییە جیهانییەکان‌و سپیکردنەوەی پارەو ئاسانکاری بۆیان لە بازرگانی‌و دەستخستنەناو بازاڕی ڕەشەوە، تورکیا خراوەتە لیستی خۆڵەمێشیی ئەو وڵاتانەی بوونەتە لانکەی ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان.

سەزەر گوتوویەتی: لە دوای پاندەمی کۆرۆناوە لە نێوان وڵاتاندا، هەم گواستنەوەی پارەی نایاسایی‌و هەمیش گواستنەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە، هەروەها ئاماژەیشی بەوە کردووە لە کاتێکدا کە ئاسانکاریکراوە بۆ هەموو هاوردەو هەناردەیەک، کاری گەڕان‌و گواستنەوەی مافیاو پارە نایاساییەکانیان لە نێوان وڵاتانیشدا ئاسانکردووە. هەڵوێستی ئێمە لێرەدا ئەوە نیشاندەدات کە چۆن‌و تا چ ڕادەیەک لەگەڵ ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان‌و پارەی نایاساییدا دەجەنگین. هەروەها لیستێکی خۆڵەمێشیی کێشەدارمان هەیە. ئەمە پاڵنەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی هانمانبدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارەو ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر بڕیاری ڕێکخراوی توانای کاری دارایی (FATF)، کە سەر بە ڕێکخراوی گەشەپێدان‌و هاوکاریی ئابووریی نێودەوڵەتییە، کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا دەردەچێت، لە لیتاوی سیاسی‌و ئایدیۆلۆژی‌و ئایینیدا نەکرێت بە ژێرپێوە، ئەوا پێدەچێت تورکیا لە لیستی خۆڵەمێشیی ئەو وڵاتانە دەربهێنرێت کە بوونەتە پەناگەی ڕێکخراوە تاوانکارییە جیهانییەکان.

ڕێکخراوی (FATF) بە هۆی دەستەپاچەیی لە ڕێگریکردنی سپیکردنەوەی پارەو سەرچاوەی دارایی تیرۆریزمەوە؛ تورکیای خستووەتە لیستی خۆڵەمێشییەوە، بوونی تورکیاش لە لیستی خۆڵەمێشیدا زیانی بە ناوبانگی تورکیا لە لای وەبەرهێنەرە بیانییەکان گەیاندووە.

         لەم بارەیەوە ئۆزان بینگوێلی شارەزای بواری باج، ئەوەی خستووەتەڕوو، بابەتی سپیکردنەوەی پارە دیاردەیەک نییە ئەم دواییانە زیادیکردبێت، بەڵکو دوو ساڵ بەر لە ئێستاش بە هەمان چڕی‌و قەبارە هەر هەبووە، ئەو لەو باوڕەدایە ئەوەی وای کردووە ئێستا زیاتر بەرچاوبکەوێت، بە هۆی ئەو ئۆپراسێۆنانەوەیە کە لەم دواییانەدا دژ بە چالاکیی پارەسپیکردنەوە دەکرێن.

بینگوێل لەگەڵ ئەوەی دەڵێت: لە تورکیادا زەمینەیەکی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی پارەی نایاسایی ڕەخساوە، ئەگەرچی هەموو ساڵێک ئاماژە بەوە دەکرێت یاسایەک بۆ پڕۆگرامی ئاشتیی بوون (Varlık Barış) دەردەکرێت، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو یاسایە دەرناکرێت، بەم شێوەیە لە قسەکانی بەردەوامدەبێت:

“ئەو پڕۆگرامانە زەمینە بۆ ئاسان داخڵبوونی پارەی سەرچاوە نادیار بۆ ناو سیستەمی دارایی دەستەبەردەکەن. کەسێک کە خاوەنی پارەی نایاساییە (پارەی ڕەش)، لە کاتێکدا ڕازیبێت لە سەدا ١٥-٢٠ باجبدات بۆ سپیکردنەوەی پارەکەی، ئەمەش وا دەکات ئەو جۆرە پڕۆگرامە بۆ کەسانی خاوەن پارەی نایاسایی دەرفەتێکی بێوێنە بێت.”

بینگوێل ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆگرامی وەک (Stok affı)یش هەیە، کە بونیادی باج دەشێوێنێت‌و ڕێگە بۆ سپیکردنەوەی پارەی نایاسایی خۆشدەکەن. بەم دواییانە لە ڕێگەی (Stokaffı)و پڕۆگرامە هاوشێوەکانیانەوە ئەو پشکانەی هەر نەبوونە، بە پێدانی بڕێکی کەم باج وەک ئەوەی هەبوون، نیشاندران. دواتریش لە ڕێگەی ئەو چەکانەی لە سەر ئەو بڕەپارانە دەبڕدران، پارەی نایاسایی دەخرایەناو سیستەمەکەوە، ئەمەش لە دۆسیەی (Engin Polat)و (Dilan Polat) بە ئاشکرا بەدەرکەوت، بەو واتایەی لە ڕێگەی ڕێکخستنی یاساییەوە زەمینە بۆ ئەو کارە خۆشدەکرێت.

کەس نییە بپرسێت: “لە کوێت بوو؟ یان لە کوێ دەستتکەوت؟”

بینگوێل ئاماژەی بەوە کردووە، نەپرسینی پرسیاری “لە کوێت دەستکەوت؟” دەرگا بە ڕووی پارەی نایاساییدا دەخاتەسەرپشت. هەروەها دەشڵێت: “لە تورکیادا ئەگەر کەسێک لە پڕ بە ملیۆنان دۆلارەوە بێت‌و بچێت، کەسێک، دەسەڵاتدارێک، هێزێک نییە بڵێت: بوەستە، ئەو هەموو پارەیەت لە کوێ بوو؟” ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لە ساتی هاتنەسەر دەسەڵاتیەوە لە ساڵی ٢٠٠٢دا نەیخستە بواری جێبەجێکردنەوەو لایبرد، بنەمای یاسایی لە بارەی پرسی “لە کوێت بوو؟”ەوە بوو.

بینگوێل ئەوەی بەیانکردووە، پەیوەندیی نزیکی سەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تاوانکارەکان لەگەڵ سیاسییەکاندا لەم کێشەدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە. هێماشی بۆ ئەوە کردووە هۆکارێکی تری زیادبوونی پارەی نایاساییبوونی دەلاقەو بۆشایی‌و ڕێکخستنە لە بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان (Kripto)دا. ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە زۆر جار بینراوە کە لە کەیسەکانی سپیکردنەوەی پارەدا دراوی ئەلیکترۆنی بەکارهێنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە تورکیادا دراوی ئەلیکترۆنی بووەتە گۆڕەپانێکی ڕێکنەخراو، لەم سێکتەرەدا لە پاڵ ئەوەی ساڵانە ملیۆنان لیرە باج دەفەوتێت، مەترسیی جددیی پارەسپیکردنەوەش هەیە. ڕێکنەخستنی ئەم بوارە وا دەکات نەتوانیت نەپرسیت: ئایا ئەو ڕێکنەخستنە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانەو بە ئەنقەستە؟ پێویستە بپرسین بۆچی بەردەوام بۆ فراوانکردنی بنکەی باجەکان چاویان لە سەر کەسانی کەمدەرامەتە، بۆ ئەو جۆرە بوارانە ناخەنەژێر ڕادارەکانیانەوەو نایانبینن؟

پێویستە چۆن بەرەنگاریی پارەی نایاسایی (ڕەش) بکرێت؟

بینگوێل ئاماژەی بەوە کردووە، بۆئەوەی بتوانین بەرەنگاری سپیکردنەوەی پارەی نایاسایی ببینەوە، پێویستە دیاردەی سپیکردنەوەی پارەو ڕەهەندەکانی بە باشی تێبگەین. ئەو دەڵێت: “هەڵەکان لە تێڕوانینی بنەڕەتیمان لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەی نایاسایی کاریگەرییان دەبێت. پارەی ڕەش (نایاسایی) بەهای ئەو پارەو سامانەیە کە لە تاوانەوە بەدەستدەهێنرێت، داهاتی تاوانیش ئاماژەیە بۆ بوونی تاوان.”

بینگۆل بە ئاماژەدان بەوەی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی مادەی هۆشبەرو قوماری نایاسایی‌و سوو و بەرتیل‌و گەندەڵی‌و بازرگانیکردن بە ئافرەتان‌و چەندین تاوانی دیکەوە بەدەستدێت، پارەی ڕەشە (پارەی نایاساییە)، هەروەها بینگوێل ئەوە بەبیردەهێنێتەوە کە “کەسانێک هەن کە بە ملیۆنان دۆلارەوە، کە دیار نییە لە کوێیان دەستخستووە، دەسوڕێنەوەو لە سۆشیاڵمیدیاشدا نیشانی دونیای دەدەن.”

هێشتا لە تورکیا پارەی سپی‌و پارەی ڕەش بە باشی لەیەکترجیانەکراونەتەوەو بگرە ئەو بابەتە بایەخێکیشی نییە، کەواتە لە ڕاستیدا پێویستناکات زۆر کەس هەوڵی سپیکردنەوەی پارە بدەن لە تورکیا، چونکە هەر چۆنێک پارەکە بەکاربهێنیت، هیچ میکانیزمێک نییە لێت بپرسێتەوە، بۆیە خاوەنپارەی ڕەش (نایاسایی) پێویستناکات لە تورکیا خەریکی چالاکیی سپیکردنەوەی پارە بێت. بە چەشنێک ئەگەر خۆت لە سۆشیالمیدیا بە شێوەیەک نەخەیتەڕوو، کە تەنانەت سوڵتانی کەڕیش بیبیستێت‌و کوێرترین کەسیش بیبینێت، کەس هەوڵنادات بپرسێت بە پارە ڕەشەکەت چی دەکەیت؟ لە ڕاستیدا تا ئێستا بەشێکی ئەمە بووە. بازرگانیی سپیکردنەوەی پارە؛ بازرگانییەکی ڕێکخراوو پیشەیی‌و فرەلایەنەیە.

بینگوێل پێشنیاردەکات ئەگەر بە ڕاستی دەویسترێت بەرەنگاری‌و شەڕی سپیکردنەوەی پارە بکرێت، ئەوا پێویست بە دوورخستنەوەی “خاوەنی پارەی ڕەش (مافیا)، سپیکەرەوە (ئەوانەی ئایکۆنی گشتین)، بانکدارەکان، کەسانی دارایی، خاوەنپیشەکان، پارێزەرەکان، دادوەرەکان، سیاسییەکان، بیرۆکراتەکان”ە، کە لە بوارەکەدا کاردەکەن. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر یەک دوو کەسی دیاری ناو ڕایگشتی یان مافناسێک یان دانپێدانەرێک یان خاوەنپیشەیەک هەبێت‌و بگیرێت، مانای وایە دانەبەزیونەتە قوڵایی کارەکە، ئەمەش واتە نەبینینى بەشە ڕاستەقینەو گەورەکەی وێنەکە دێت.

لینکی بابەتەکە

Alican Uludağ, Uluslararası Suç Örgütleri Neden Türkiye’ye Geliyor? DW/Türkçe

https://www.dw.com/tr/uluslararas%C4%B1-su%C3%A7-%C3%B6rg%C3%BCtleri-neden-t%C3%BCrkiyeye-geliyor/a-67750250

[1]  خاوەنی چەندین ڕێکخراوی تاوانکاری‌و تۆڕی مافیایی تورکیاو جیهانییە. ساڵی ٢٠٢٢ دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا سولەیمان سۆیڵو، ناچاربوو لە تورکیا هەڵبێت. پەکەر لە ئیماراتەوە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی سولەیمان سۆیڵوو چەندین بەرپرسی پلەباڵای دیکەی تورکیا کە تێوەگلابوون بە هاوکاری‌و پاڵپشتی پەکەرو چەندین مافیاو ڕێکخراوی تاوانکاری تورکی‌و نێودەوڵەتی.

[2]  بە گوێرەی نوێترین گشتاندنی وەزارەتی دارایی‌و گەنجینەی تورکیا کە لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢ لە ڕۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، ئاشتیی بوون (Varlık Barış) سەرجەم ماڵ‌و سامان لە (پارە، ئاڵتون، پارەی بیانی) دەگرێتەوە کە لە دەرەوە یاخود لە ناوەوەی وڵات هەیەو لە چوارچێوەی سیستەمی دارایی‌و گەنجینەو باجدا تۆمارنەکراون، یاخود ئەو پارەو موڵکانەی کە باجێکی کەمیان دەخرێتەسەرو ڕێگەیان پێدەدرێت ببرێنە تورکیاوە. سەرچاوە: Varlık Barış Nedir? Nasıl Uygulanır? https://www.pilc.law/tr/varlik-barisi-nedir-nasil-yapilir/#:~:text=Varl%C4%B1k%20bar%C4%B1%C5%9F%C4%B1%3B%20%C3%A7e%C5%9Fitli%20nedenlerle%20yurt%20d%C4%B1%C5%9F%C4%B1nda%20veya%20yurt,kay%C4%B1t%20ve%20beyana%20yans%C4%B1t%C4%B1lmas%C4%B1na%20sa%C4%9Flayan%20%C3%B6nemli%20bir%20d%C3%BCzenlemedir.

Send this to a friend