بۆچی ئۆپۆزسیۆن شکستی هێنا؟
وەرگیڕانی: سەرکۆ عەلی عەبدولقادر
ئۆپۆزسیۆنی تورکی تەواوی ستراتیژەکەی بەرامبەر ئەردۆگان لەسەر سیاسەتی خزمەتگوزاری بنیاتنابوو، ئەو تێڕوانینە هەڵەی هەبوو کە پێیوابوو بە ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای ناسنامە دامەزراوە، سەرکەوتوو دەبێت. وەک چۆن هەڵەکردن لە داخستنی دوگمەی یەکەمی کراسێک دەبێتە هۆی بە هەڵە داخستنی دوگمەکانی دواتر تا کۆتایی، بەو شێوەیەش ئۆپۆزسیۆن لە هەنگاوەکانی داهاتوودا هەڵەکانی یەک لە دوای یەک ئەنجام دەدات.
هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایار جارێکی دیکە بە سەرکەوتنی سەرۆک ئەردۆگان کۆتایی هات. لە ڕاستیدا دوای ئەوەی لە ١٤ی ئایاردا لە خولی یەکەمی دەنگدان ئەوەی ڕوونکردبوەوە کە ئەردۆگان لە خولی دووەمدا بە ئاسانی دەردەچێت. لە کۆتاییدا ئەنجامی چاوەڕوانکراو لە خولی دووەمدا بەدەستهات, کە لە ٢٨ی ئایاردا بەڕێوەچوو و ئەردۆگان دووبارە هەڵبژێردرایەوە.
ئۆپۆزسیۆن کە بە چاوەڕوانی دەرچوونی کاندیدەکەیان کلیچدارئۆغڵو بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کرد، دوای ئەو ئاماژەیەی کە لە ١٤ی ئایاردا دەرکەوت، تووشی نائومێدییەکی گەورە بوون، بە گوڕوتینێکی کەمترەوە هاتنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە.
لە کاتێکدا هەموو ئاماژەکانی پێش هەڵبژاردن بە ئاڕاستەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان بوون، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بە پێچەوانەوە بیرکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنە لەم پرسەدا، هەرچەندە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی سیاسی ئێمە تێنەگەیشتن نییە.
ئۆپۆزسیۆن پشتی بە ماندوێتی چینی فەرمانڕەوا وەک کانزایەک بەستبوو، بەهۆی فەرمانڕەوایی زیاتر لە دوو دەیەی ئاکەپە و ئەردۆگان بە هیوای ئەوەی کۆتاییان پێبێت. جگە لەوەش ئەو گرفتە ئابورییانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی بوون و ڕووداوەکانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە پێشهاتگەلێک بوون کە هیوای بە ئۆپۆزسیۆن بەخشی. بۆیە دەکرێت بڵێین لەسەر کاغەز ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەک چووەتە ناو هەڵبژاردنەوە کە لە قازانجی ئەو تەواو بێت, بەڵام کاتێک لە دونیای واقعدا باس لە سیاسەتی ڕاستەقینە دەکرێت، ئەوە دیارترین ڕاستی سیاسەتە کە هەموو ئەو سوودانە نامێنن و شتەکان دەچنە ناو بارودۆخێکی نوێوە. لە ڕاستیدا ئەردۆگان لە ماوەی ٢٠ ساڵ ئەزموونی دەسەڵاتدا، توانای بەڕێوەبردنی هەموو ئەو قەیرانە جیاوازانەی نیشاندا کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. ئەردۆگان لە هەموو قۆناغەکانی ئەم پرۆسانەدا، بڕوای بە ڕای گشتی هێنا کە ئەو شێوازەی پێشنیازی کردبوو، دروستە. بەزۆری لەم شێوازەی کە پەیڕەوی لێکردبوو، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێنا. یەکەم پرس کە ئۆپۆزسیۆن لێیتێنەگەیشت، ئەوەبوو بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەون، پێویستییان بە وەرگرتنی دەنگ لە ئەردۆگان بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی دەنگەکانی لە ٥٢٪ نزیک بووەوە. هاوپەیمانی میللەت گریمانەی ئەوەی دانابوو کە دەنگدەرانی ناڕازی بە هۆکاری جیاواز ڕاستەوخۆ ڕوو لەوان دەکەن. یەکگرتنی هەموو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، لە ڕاستەوە بۆ چەپ، لە دژی ئەردۆگان، ئەو چاوەڕوانییەی زیاتر کردبوو کە ئەنجامەکە لە بەرژەوەنديی ئەوان بێت. لە ڕاستیدا لەم قۆناغەدا ڕوونبوەوە ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێت. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکەی بەرامبەر ئەردۆگان کە تەواوی ستراتیژەکەی لەسەر سیاسەتی خزمەتگوزاری بنیاتنابوو، ئەو تێڕوانینە هەڵەی هەبوو کە پێیوابوو بە ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای ناسنامەکان دامەزراوە، سەرکەوتوو دەبێت. وەک چۆن هەڵەکردن لە داخستنی دوگمەی یەکەمی کراسەکە دەبێتە هۆی بە هەڵە داخستنی دوگمەکانی دواتر تا کۆتایی، بەو شێوەیەش ئۆپۆزسیۆن لە هەنگاوەکانی داهاتوودا هەڵەکانی یەک لە دوای یەک ئەنجام دەدا.
مشتومڕ لەسەر کاندیدبوون
ئۆپۆزسیۆن کاتێکی زۆری بەسەر برد بۆ مشتومڕ لەسەر ئەوەی کاندیدی هاوبەش کێ دەبێت و نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک. لە کۆبوونەوە شەش قۆڵییەکاندا کە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، لە ڕاستیدا بە ڕای گشتی دەگوترا کاندیدەکە دیارە، بەڵام ڕانەگەیەنرا بۆ ئەوەی ماندوو نەبێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، ئەوە ڕوون بووەوە کە لە ڕاستیدا کلیچدارئۆغڵو سەرنجی لەسەر کاندیدبوونی خۆی بووە، لە کاتێکدا هاوبەشەکانی دیکەی هاوپەیمانێتییە شەش قۆڵییەکە، بە تایبەت پارتی باش، بەم قسەیە ڕازی نەبوون. بە ڕادەیەک کە لە کاتێکدا هەموو تورکیا باسی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی دەکرد، ئۆپۆزسیۆن سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کێ کاندید دەکرێت. لە ئەنجامدا کاتێک کاندیدێکی وەک کلیچدارئۆغڵو کە بە ماندوو و ناسراوە، وەک بەربژێری هاوبەشی هاوپەیمانێتییەکە دیاریکرا، نەتوانرا بۆ کۆمەڵگا ڕوونبکرێتەوە بۆچی چاوەڕوانی ئەوەندە درێژەی کێشا. ئۆپۆزسیۆن بە مشتومڕی کاندیدەکان کاتێکی زۆری بەفیڕۆدا. جگە لەوەش ئەو ناوەی کلیچدارئۆغڵو کە لە دوایین قۆناغدا ئاماژەی پێکرا، نائومێدییەکی جددی لە دەنگدەرانی هاوپەیمانی میللەتی لێکەوتەوە, چونکە بە درێژایی مشتومڕەکانی کاندیدبوون، چاوەڕوانییەک لە نێو دەنگدەرانی هاوپەیمانی میللەت بە جەهەپە-یشەوە هەبوو, کە کاندیدێکی دیکە جگە لە کلیچدارئۆغڵو دیاری بکرێت. دژایەتی کاندیدکردنی کلیچدارئۆغڵو ئەوەندە بەهێز بوو کە میرال ئاکشەنەر سەرۆکی دووەم گەورەترین پارتی هاوپەیمانی میللەت (پارتی باش) بە بیانووی ئەوەی کڵچدارئۆغڵۆ بە سەریاندا سەپێنراوە، ئامادەبوو هاوپەیمانیەتە شەش قۆڵیەکە کەرت بکات. گەڕانەوەی ئاکشەنەر بۆ سەر مێزە شەش قۆڵیەکە نەیتوانی ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا ڕوویدا. وەک لێرەوە تێدەگەین ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی ناوێکی نوێ دابنێت کە بتوانێت دەنگی جەماوەری جیاواز بۆخۆی بەدەستبهێنێت. بێگومان لە ئەگەری دیاریکردنی کاندیدێکی جیاوازدا، ناتوانرێت پێشبینی بکرێت کە چۆن وێنەیەکی جیاواز لە ١٤ی ئایارەوە سەرهەڵدەدات. بەڵام هەر لە سەرەتاوە زانرا کە سنوورێک بۆ ئەو دەنگانە هەیە کە کلیچدارئۆغڵو دەتوانێت بەدەستیبهێنێت. یەکێک لە ئاماژە هەرە گرنگەکانی ئەم بانگەشەیە ئەوەیە کە کلیچدارئۆغڵو ماوەی ١٣ ساڵە نەیتوانیوە لە هیچ هەڵبژاردنێکی گشتیدا بۆ کاندیدی سەرۆکایەتيی کۆماری تورکیا زیادبوونی بەرچاوی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. لەوەش سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە ئەردۆگان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەیەوێت کلیچدارئۆغڵو وەک ڕکابەرێک لە هەڵبژاردنەکاندا دەربکەوێت. ئەردۆگان وەک سیاسەتمەدارێکی شارەزا و لێهاتوو، خەریک بوو کۆدە جیناتییە سیاسییەکانی کلچدارئۆغڵو-یشی دەکردەوە و زۆرباش دەیزانی ئەگەر وەک ڕکابەرێک ڕووبەڕووی ببێتەوە، دەتوانێت بە ئاسانی لێیبباتەوە. لێرەدا بە کردنەوەی کەوانەیەک دەتوانین بڵێین کە کاندیدکردنی کەسێکی تر جگە لە کلیچدارئۆغڵو هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی هەڵبژاردنی ئەردۆگاندا دروست ناکات, چونکە هەموو ئەو ناوانەی لە قۆناغی یەکەمدا باسکراون لە ڕاستیدا دەکەونە ناو ئەو لاوازیانەی کە لە خوارەوە باسیان دەکەین, لەبەرئەوەی ئەوان کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی بوون. سەرۆک شارەوانییەکانی وەک ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو (سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ) و مەنسور یاڤاش (سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە), کە لەلایەن ئاکشەنەرەوە ناویان هێنراوە، خاوەنی ئەزموونێکی جددی سیاسی نین. سەرکەوتنی ئەمانە لە حکومەتە خۆجێیەکان تەواو گوماناوییە, کە بەهۆی هاوپەیمانێتیەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩دا بەدەستیانهێناوە، بەرەو سیاسەتی سەرەکی و جگە لەوەش، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی درێژە پێبدەن. پێدەچێت دوای هەڵبژاردنەکان بەشێک لە بلۆکی ئۆپۆزسیۆن دەست بە پڕوپاگەندە بکەن, بۆ ئەوەی کە کلیچدارئۆغڵو کاندیدێکی گونجاو نەبوو. لە بەرامبەردا لایەنی کلیچدارئۆغڵو هۆکارەکانی شکستەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی هاوبەشەکانی دیکەی هاوپەیمانێتیەکە بەپێی پێویست کاریان بۆ سەرخستنی کاندیدەکەیان نەکرد.
پڕوپاگەندەی نەرێنی
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ئۆپۆزسیۆن پێی باشتر بوو پڕوپاگەندەیەکی نەرێنی ئەنجام بدات. هەروەها پێویستە لێرەدا هێما بۆ سەرکەوتنێکی ستراتیژيی هەڵمەتەکەی ئەردۆگان بکرێت. پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆک ئەردۆگان تورکیایان لە زۆر بابەتدا بردووەتە سەر هێڵێکی دیکە، بەتایبەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژێرخانی ئابووریدا. ئاشکرایە ئەم مەودایەی دەنگدەران کە ئاگاداريی ئەو کێشانەن وڵات لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە پێیدا تێدەپەڕێت, مانایەکی تایبەتی خۆی هەیە. لە ڕاستیدا ئەوە جەماوەر و دەنگدەرە بیست ساڵە پارتی داد و گەشەیان لە دەسەڵاتدا هێشتووەتەوە, بەڵام ڕوونە ئەم بەراوردکردنە لەگەڵ ڕابردوودا بۆ گەنجان مانای زۆری نییە، کە ئێستا دەگەنە نیوەی دەنگدەرانی گشتی. هەر بەو هۆیەشەوە پارتی داد و گەشەپێدان نمونەی “سێوی سوور” (فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی)ی بۆ گەنجان زیندوو کردووەتەوە. سەرمەشقبوونی تورکیا وەک زلهێزێکی جیهانی لە ساڵانی داهاتوودا، هاوشێوەی سەرمەشقبوونی لە مێژوودا، زۆر بە باشی بۆ ڕای گشتی ڕوونکراوەتەوە. ئەم بانگەشەیە پاڵپشتی ئەو هەڵمەت و هەنگاوە دیپلۆماسیانە بوو کە لە بوارە جیاوازەکاندا بە تایبەت لە پیشەسازی بەرگریدا گیراونەتەبەر. بەم شێوەیە بەڵێنی ئایندەیەکی باشتر لەڕێگەی زیندووکردنەوەی شانازی نەتەوەییەوە پێشکەش بە هەموو چین و توێژەکان بە تایبەت گەنجان کرا. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن هەوڵیدا کۆمەڵگا پاڵ بنێت بەرەو دۆخێکی ڕەشبینییەوە. لە کاتێکدا زۆرێک لە نازناوەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی کەشتی و فڕۆکەی نیشتمانی لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشەوە شانازی کۆمەڵگایان بەرزکردەوە، ئۆپۆزسیۆن هەوڵی شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەم پێشکەوتنانەی داوە. ئەگەر زیاتریش بڕۆین، دەستکەوتەکانی تورکیا لەڕێگەی هەنگاوە دیپلۆماسییەکانەوە بە کەم سەیر کران. هاوپەیمانی میللەت سەرنجی لەسەر ڕەخنەگرتن لە پێشهاتەکانی ئێستا بوو نەک پێشبینییەکانی داهاتووی خۆی. ئەم دۆخە دەنگدەرانی هاوپەیمانی کۆمار-ی کۆکردەوە، نەک تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە ئاکەپە، بەڵکو بۆ چەسپاندنی زیاتریشی. لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی ئەو پشتیوانییەی کە لە شەڕی قەرەباخدا پێشکەشی ئازەربایجان کرا، ڤیتۆی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، پرسی ڕەفەی کیشوەری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پرسی قوبرس، وتەبێژانی ئۆپۆزسیۆن لێدوانیان دژی سیاسەتەکانی ئێستای تورکیا دا. بەڵام هەر یەکێک لەو سیاسەتانە بەگشتی لەلایەن دەنگدەرانەوە پاڵپشتی دەکرا، به بێ گوێدانە پەیوەندییە سیاسییەکانیان. هەرچەندە ڕوونە کە ئەم پەیامانە مەبەست لێی ئەوەیە کە بە جیهانی ڕۆژئاوا بگەیەنرێن، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بیروڕای گشتی ناوخۆیی نابێت، بە تایبەت ئەندامانی جەهەپە بە بەردەوامی دەستبەرداری ئەم ڕێبازە نەبوون. بەجۆرێک لە جۆرەکان پشتیوانی جیهانی ڕۆژئاوا لە چاو هاوتا سیاسییە ناوخۆییەکەی گرنگییەکی زیاتری پێدرا.
کێشەی متمانە
ئەردۆگان بە پرۆژەی گەورەوە هاتە ناو ململانێ و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە. بە تایبەت لە دوایین قۆناغی حکومەتی ئاک پارتی-دا، لە زۆر بواردا خێراتربوونی بەرچاو بەدیهاتووە، لە نێویاندا بەرهەمی ناوخۆیی و نیشتمانی و هەروەها دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی نوێ. لە لایەکی دیکەوە دەرکەوت کلیچدارئۆغڵو هیچ پڕۆژەیەکی کۆنکرێتی و واقیعی پێنەبووە. کلیچدارئۆغڵو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو ٣٠٠ ملیار دۆلارەی لە دەرەوە دەیھێنێت، تەواوی کێشە ئابوورییەکانی وڵات چارەسەر دەکات, بەڵام کاتێک پرسیاری ئەوەی کە ئەم پارەیە لە کوێ و بە چ مەرجێک دەدرێت دەستیپێکرد، لەناکاو ئەم پڕۆژەیە وازیلێهێنرا. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵێک بەڵێن درابوو, کە هەندێکیان لە دووەم جاردا تەنانەت باسیشیان نەکرا. بۆیە لە ڕاستیدا دەنگدەران هیچ زانیارییەکیان نەبوو سەبارەت بەو سیاسەتانەی لە ئەگەری دەرچونی کلیچدارئۆغڵو لە کاتی دەسەڵاتیدا دەبێت پەیڕەو بکرێن. جگە لەوەش نەتوانرا یەکگرتوویی گوتار لەنێوان هاوبەشەکانی هاوپەیمانێتیەکەدا بەدی بهێنرێت و گوتاریکی هاوبەش پێشکەش بکرێت. بەجۆرێک سەرەڕای کۆبوونەوە درێژخایەنە شەش قۆڵییە هاوبەشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ, دیار نەبوو لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەت چ ئاراستەیەک پەیڕەو دەکەن. لە ڕاستیدا بە نزیکەیی هەموو لایەنێک بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا قسەیان دەبێت. ئەم لێدوانە دژبەیەکانە متمانەی هاوپەیمانی میللەتی لەناوبرد. هەمان هەڵوێستی دژبەیەکی ناو هاوپەیمانێتیەکە لە زۆر بابەتی دیکەدا خۆی دەرخست، بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆر و پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەدا. نەبوونی یەکگرتوویی گوتار لەنێوان هاوبەشەکانی هاوپەیمانێتی میللەتدا، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وای دەنگدەرانی بێ بڕیار کرد ڕوو لە ئەردۆگان بکەن.
دامەزراندنی پەیوەنديی لەگەڵ هێڵی هەدەپە پەکەکە-دا
هاوپەیمانی میللەت نەیتوانی چوارچێوەی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ هەدەپە دامەزرا و چۆن سەیری پەیوەنديی هەدەپە و پەکەکە دەکات بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی ڕوونتر بڵێین، لەسەر ئەم پرسانە هەوڵی یاریکردن بە کۆمەڵگا درا. لە هەندێک بارودۆخدا باسی ئەوە دەکرا هەدەپە لەگەڵ ئەواندا مامەڵەی نەکردووە, لە هەندێک حاڵەتی دیکەشدا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە هیچ پەیوەندییەکی سەلمێنراو لەنێوان هەدەپە و پەکەکەدا نەبووە. هەر لە سەرەتاوە دەبوو کلیچدارئۆغڵو پشتیوانی هەدەپە بۆخۆی دەستەبەر بکات, بۆ ئەوەی لە بەربەستی هەڵبژاردن نزیک بێتەوە. لە ڕاستیدا فاکتەری سەرەکی دیاریکەر کە وایلێکرد ببێتە کاندیدی هاوپەیمانی میللەت، پشتیوانی هەدەپە بوو, بەڵام کاردانەوەکانی دەنگدەرانی هاوپەیمانێتییەکە، بەتایبەتی بەشێک لە ئەندامانی پارتی باش، نەیانهێشت ئەم هاوکارییە بە ئاشکرا قەبوڵ بکرێت. لێدوانە دژبەیەکەکانی هاوبەشەکانی هاوپەیمانی میللەت، پرسیار و کاردانەوەی لەسەر چۆنیەتی سەوداکردن لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییەی کە لە هەدەپە و پەکەکە وەرگیرابوو، وروژاند. پەکەکە تا ڕادەیەکی زۆر دەسەڵاتی کرداریی لە تورکیادا لەدەستدا، هەمان پرۆسەی بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بەکارهێنا. سەرکردەکانی پەکەکە بە پێدانی پەیامی ڕوون بۆ پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو لە دژی ئەردۆگان هەڵوێستەکانیان خستەڕوو. بەم شێوەیە لێدوانە پێچەوانەکانی جەهەپە و پارتی باش مانایان لەدەستدا. جگە لەوەش لە ترسی ئەوەی لێرە پشتیوانی لەدەستبدەن، هاوبەشەکانی هاوپەیمانی میللەت خۆیان لە لێدوانی نالەبار سەبارەت بە نەک هەر هەدەپە، بەڵکو پەکەکە بەدوور گرت. تەنانەت لەژێر ئەو مەرجانەشدا هاوبەشەکانی هاوپەیمانێتیەکە کە سەرچاوەی سەرەکی پاڵنەریان دژایەتی ئەردۆگانە، دەنگیان بە کلیچدارئۆغڵو دا، بەڵام پاڵپشتی هەدەپە و پەکەکە ڕێگری لە گەیشتن بە دەنگدەرانی نوێ کرد.
چارەنووسی شکست
لە هەردوو هەڵبژاردنی ١٤ ئایار و ٢٨ ئایاری ٢٠٢٣، ئۆپۆزسیۆن جەماوەری خۆیان بردە سەر سندوقی دەنگدان و وایانلێکردن دەنگ بدەن. بەڵام ئەوەی دەبوو بکرێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بن، ئەوە بوو کە بەشێک لەو دەنگدەرانەی پێشتر دەنگیان بە ئەردۆگان دابوو، بچنە بەرەی ئەوانەوە, بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەک ئەوەی ئاگاداری واقیعێکی لەو شێوەیە نەبن مامەڵەیان کرد. ئەم هەڵمەتە کە لەسەر دوژمنایەتییەکی سەرسەختی ئەردۆگان بەڕێوەچوو، ڕێگە خۆشکەربوو بۆ ئەوەی کلیچدارئۆغڵو بتوانێت دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن لە دەوروبەری خۆیدا جێگیر بکات. بە شێوەیەکی ڕونتر باسی بکەین، هاوپەیمانی میللەت و کلیچدارئۆغڵو نەیانتوانی پڕۆژەیەکی گشتگیر پێشکەش بە دەنگدەران بکەن. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە دەکرێ بڵێین کە ئەنجامی هەڵبژاردن هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو. بێگومان زۆر ئەستەمە لە هەموو بارودۆخێکدا سەرکەوتن بەرامبەر سەرکردەیەکی بەهێزی وەک ئەردۆگان بەدەستبهێنرێت. بۆ ئەمەش پێویستە ستراتیژیەتێک دابڕێژرێت کە ئۆپۆزسیۆن بتوانێت هەموو شتێک بە باشی ئەنجام بدات، جگە لەوەش دەبێت چاوەڕێی فاکتەرگەلێکی تر بکات لە دەرەوەی خۆی تا لە بەرژەوەنديی خۆی بەکاریان بهێنێت. کاتێک ئۆپۆزسیۆن کە هەر لە سەرەتاوە تەنانەت نەیتوانی بەسەر دژیەکییەکانی ناوخۆیاندا زاڵبن، شکست بەرامبەر سەرۆک ئەردۆگان کە جارێکی دیکە پرۆسەکەی بە دروستی بەڕێوەبرد، بوو بە قەدەر.
ئۆپۆزسیۆن و خودی کلیچدارئۆغڵو لە بابەتی پشتیوانی هەدەپە-دا هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگەیان دەدا. لە هەندێک بارودۆخدا باسی ئەوە دەکرا هەدەپە لەگەڵ ئەواندا مامەڵەی نەکردووە, لە هەندێک دۆخی دیکەشدا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە هیچ پەیوەندییەکی سەلمێنراو لەنێوان هەدەپە و پەکەکەدا نەبووە.
لینکی بابەتەکە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت
-https://kriterdergi.com/dosya-siyaset-ve-2023-secimleri/muhalefet-neden-kaybetti