چین بۆت دەگەڕێت، گەر لە چینیش نەبێت!
د. هەردی مەهدی میکە
نیوسەدەیەک دەبێت کۆماری چینی میللی بەدوای بەرژەوەندییە جیاوازەکانی خۆیدا بە چڕی بە دەوری گۆی زەویدا دەخولێتەوە، گەر لەوسەری دنیاش بێت هەر بۆی دەبزوێت، بەڵام جاران ئێمە بووین دەمانوت بەدوای زانستدا دەڕۆین گەر لە چینیش بێت، هەنووکە ئێمە وەستاو و ئەوان بزۆک!
«چین – صین – چاینا» وەک نیشانەی دوورترین پنتی دنیا لە زەینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وێنا دەکرا، تەنانەت لە ئەدەبیاتی ئیسلامییشدا (وەک فەرموودەیەک بۆ هاندانی موسوڵمانان بۆ بە دنیادا گەڕان) هاتووە «بەدووی زانستدا وەگەڕێ، گەر لە ‘چین’یش بێت»، هەر چەند ئەم «فەرموودە»یە لای بنکۆڵکاران و زانایانی بواری ساغکردنەوەی فەرموودە لە پۆلێنی فەرموودە زۆر لاوازەکان دانراوە و زیاتر وەک «قەولێک» پێی ڕازین، بەڵام لە زەینی مرۆڤانی ئەم ڕۆژهەڵاتە موسوڵماننشینەدا کاریگەریی خۆی جێ هێشت، ئیدی جێی گرتووە و گێڕانەوە و دیسکۆرسی جۆراوجۆری لە سەر بنیاد نراوە. موسوڵمانانێکی زۆر هاتوچۆی چینیان کرد و لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیدا لەوەش تێپەڕی کرد و پەیوەندیی دیبلۆماسی و ئاڵوگۆڕی لێ کەوتەوە و بگرە باشترین بەرهەمی پەرەپێدانی زانست، یانی کاغەزیان لەوێوە هاوردە کرد. موسوڵمانان لە پاش گرتنی سەمەرقەند، لەوێوە هێنایانە بەغدا و کارگەی کاغەزسازییان دروست کرد و ئیتر سەردەمی نووسین لە سەر قوڕ و بەرد و پێست ئاوا بوو. ئەو شۆڕشە زانستییەیان لە دنیای زانست و شارستانیەتدا بونیاد نا کە تا هەنووکەش موسوڵمانەکان ئەو ئەزموونەیان بۆ دووبارە نەکراوەتەوە و هەر خەونە و پێوەی دەبینن. ئیتر با لە باسی ڕێگای ئاوریشمی حەڤدە سەدەیی و بەشداری لە بازرگانیی جیهانی کۆن و نوێدا نەکەین کە لە چینەوە دەستی پێ دەکرد.
ئێستا تۆ بگەڕێیت یا نەگەڕێت، بتەوێت یان نەتەوێت؛ ئەو (چین) بەدواتدا دەگەڕێت، گەرچی لە دوورترین شوێنی دنیاشدا بیت. بۆیە گرنگە ترازوو و میزانی خۆت لە ئەقڵی سیاسیدا وەگەڕ بخەیت و لە هەل و مەترسی بکۆڵیتەوە و بەو ئاڕاستەیەدا بیبەی کە وەک چۆن لە چینەوە بەرەکەتی کاغەز هاتە ئێرە، هەنووکەش لەو سەرمایە و داهێنان و تەکنۆلۆژیا سنووربڕانەی چین؛ مرۆڤەکانی ئەمبەریش لێی سوودمەند ببن و لە ترۆقییەکانی دۆش دانەمێنیت.
چین لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا لە سەر سێ کۆڵەکە سیاسەتە گشتییەکانی ئاڕاستە دەکات: ئایدۆلۆژیای دەوڵەتەکەی، سیاسەتە کولتوورییەکەی و وەشاندنی بە دنیادا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی و ئاڵوگۆڕە سوودگۆڕێکانی. ئەوەی یەکەم کاری سیاسەتداڕێژەرانی مەملەکەتە و لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەکاندا دەبێت مامەڵەی لەتەکدا بکرێت، هەر چی دووەمیشە دەبێت لەم جیهانە فرەشوناسەدا جۆرێک سیاسەتی کولتووری دابڕێژرێتەوە کە تا دواپنتی جووڵە و چالاکیی جۆراوجۆری خۆت ئاگات لە لەدەستدانی شوناسی خۆت بێت و هەژموونی ئەوانی دیکەت بەسەردا نەسەپێت و شوناسەکەی ئەویش هەم بناسیت و هەم بە هەلێکی ژیاری سەیر بکرێت (زانست، تەکنۆلۆژیا)، بە تایبەت بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ئەوەی هێشتوویەتیەوە لەم دەوروبەرە دڵڕەقەدا؛ شوناسە کولتوورییەکەی بووە بەر لە چەکوچۆڵ و توندەهێزەکەی.
بۆیە ئەوەی جێی وردبوونەوەیە لە پەیوەندیی چینییەکاندا لەگەڵ مەدا (هەرێم و عێراق) و چۆنێتیی بنیادنانی مامەڵە لەگەڵیدا و بە تایبەت کاتێک گۆڕدراوی چینی بۆ سیاسەت و پەیوەندییەکانی ئەم نێوچەیە زیاد بکرێت، ئەم خاڵانەیە:
1-ئاستی عێراقی و کوردستانی: ڕاگرتنی باڵانس و ئەو هاوکێشە لەرزۆکانەی کە عێراقی پاش ٢٠٠٣ی پێ ڕاگیراوە (نێودەوڵەتی: ئەمەریکا، ڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپی)، (هەرێمایەتی: تورکیا، ئێران و کەنداو)، چونکە دۆمینەی سیاسەت لە عێراق و هەرێمدا بە زیاد و کەمکردنی هەر گۆڕاوێک، دوور نییە تا ئەوسەر هاڕە بکات و سەری ساحێبی بخوات.
2-ئاستی هەرێمایەتی: بۆ عێراق و هەرێم چین دەکرێت هەلێکی لەبار بێت: یەکەم، بۆ دەرچوون لە هەژموونی دراوسێکان کە لە جوگرافیا و سیاسەتدا؛ عێراق و هەرێمیان لە بازاڕ و سنوور و سیاسەتدا کۆت کردووە. گەر گۆڕاوی چین بێتە کایەکەوە، دەکرێت ڕادەیەک لە هەژموونی ئەوان بێنێتە خوار و بواری یاری بداتە سیاسەتکارانی عێراق و هەرێم. هەم چین بەو پێیەی لەگەڵ هەرسێ لایەنی دراوسێی عێراق ( تورکیا و ئێران و کەنداو) پەیوەندیی باشی هەیە، وەک نێوانگرێک و ئەهلی مامەڵە زەمینەیەکی هاوبەش بۆ یارییەکی براوە-براوەی کوردستان و عێراق لەگەڵ دراوسێکانیدا بسازێنێت.
3-ئاستی نێودەوڵەتی: ئەمەیان ئیتر ڕێگا سەخت و دژوارەکەیە، چونکە خواروخێچە و لە سەر حسێبی ئەمەریکا و ئەورووپا و ڕووسیا ئاسان نییە بوار بە واڵایی بدرێتە چین لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەڵام نەکردەنییش نییە، بە تایبەت کاتێک ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چین سەرەڕای پەیوەندییەکانی و پەلکێشانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و نێوچەکە، بەڵام هێشتا ئەولەویەتی بۆ مامەڵەی ئاشتەواییە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپادا، وەک ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە سەر پرسی عێراقی هاوپەیمانی چین، پەکین لەگەڵ واشنتندا تێکی نەدا، چونکە هێشتا سەرەڕای ناکۆکیی ئایدۆلۆژی و دبلۆماسیی چین و ئەمەریکا، بەڵام تاهەنووکەش بەرژەوەندیی چین لە ئەمەریکا زۆرترە و پڕدەستکەوتترە لە چین و وڵاتانی کەنداو و ئێران و تورکیا.
کە وا بێت دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا وەک هێزی نوێ بۆ دەرچوون لە هەندێ بنبەست و ئیملای سیاسیی ئەوانی دی، بەم ڕێگە تەنگەبەرەی کە بە کورتی ئاماژەی پێ درا، پەیوەندیی دبلۆماسی لە سەر کۆڵەکەی سێیەم کە بەرژەوەندیی هاوبەشی چینییەکانە؛ پەرە پێ بدرێت و وەبەر بهێنرێتەوە.