ئایین چییه؟ و دەستەبژێری ئایینی چییه؟ (*)
نووسینی: د. عه‌بدولڕه‌حمان شوعه‌یری مه‌نزور- مه‌غریب
وه‌رگێڕانی: د. سالار تاوگۆزی
ئه‌م په‌یپه‌ره ده‌یه‌وێت هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكی ئایین و دەستەبژێر (نُخبة)ی ئایینی له ئه‌ده‌بیاتی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵناسیی ئاییندا بدات. ده‌توانرێت جه‌خت له‌وه بكرێته‌وه كه (ئایین) و (دەستەبژێری ئایینی) پێكه‌وه پردی په‌یوه‌ندیی میتۆدۆلۆژی و زاراوه‌یی پێكده‌هێنن و گشت چه‌مكه تیۆرییه دامه‌زرێنه‌ره‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵناسیی ئایین به‌سه‌ر ئه‌و پرده‌دا تێده‌په‌ڕن وه‌ك : (بیروباوه‌ڕ) و (پراكتیزه‌كردنی ئایینی) و (دامه‌زراوه‌كانی په‌رستن) و (نه‌ریتی ئایینی) و چه‌مكه‌كانی دیكه.
پاشان ویستم هه‌ردوو چه‌مكه‌كه له ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵناسیی ئاییندا له‌ڕێگه‌ی چاودێریكردنی سروشتی ئاماده‌گیی چه‌مكی ئایین لای كه‌سه پێشه‌نگه‌كانی سۆسیۆلۆژیای ئایین هه‌ڵبوه‌شێنمه‌وه و دواتر جه‌وهه‌ر و ئه‌ركی دەستەبژێری ئایینی له كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێك له كاره توێژینه‌وه‌ییه‌كان له‌م بواره مه‌عریفییه‌دا ده‌ستنیشان بكه‌م.
- چه‌مكی ئایین له تیۆره‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئاییندا
چه‌مكی ئایین یه‌كێكه له چه‌مكه زانستییه ناڕوونه‌كانی ناو بواری زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییەكان به شێوه‌یه‌كی گشتی و بواری ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵناسیی ئایین به شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵناسیی ئایین ڕۆژئاواییه و چه‌مكی ئایینیش له‌م ئه‌ده‌بیاته‌دا له‌ڕووی تیۆرییه‌وه ناڕوونه، ئه‌م ناڕوونییه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێكی جیاواز ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كێك له هۆكاره‌كان فره‌چه‌شنیی ئایینه‌كانه كه له‌م په‌یپه‌ره‌دا ئێمه ده‌مانه‌وێت پێناسه‌ی بكه‌ین و لێی بكۆڵینه‌وه. هه‌روه‌ها بۆ فره‌چه‌شنی ده‌ركه‌وته په‌رستشی و ئاكاری و یاساییه‌كانی په‌یوه‌ست به ئایینه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش له ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه ناچارمان ده‌كات په‌نا بۆ بنه‌مای ڕێژه‌یی له پێناسه‌كردندا ببه‌ین و له‌كاتی شیكردنه‌وه و ڕاڤه‌كردنی زانستیی چه‌مكی (ئایین) ڕه‌چاوی فره‌یی دیارده‌ی ئایین بكه‌ین و ته‌نیا ئایینێك له ناو گشت ئایینه‌كاندا به نموونه وه‌رنه‌گرین(1). له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێبینییه میتۆدۆلۆژییه ده‌گه‌ین به‌وه‌ی كه پێویسته جیاوازی له نێوان چه‌مكی ئایین (دین- Din) له بواری واتایی په‌یوه‌ست به ئیسلامه‌وه له قورئان و سوننه‌ت و ئایین وه‌ك وه‌رگێڕانی وشه‌ی (Religion) له هزری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی ڕۆژئاوایی بكه‌ین له گشت قوتابخانه پۆزیتیڤیست (وضعي) و تیۆلۆژی (لاهوتي)یه‌كاندا.
وشه‌ی ئایین (ا‌لدین) له زمانی عه‌ره‌بیدا به‌مانای گوێڕایه‌ڵیكردن و لێپرسینه‌وه و خوو دێت. زمان‌ناسی عه‌ره‌بیی (ئیبن مه‌نزور) له ئینسكلۆپیدیاكه‌یدا (لسان العرب) نووسیویه‌تی: ” چووه سه‌ر وه‌ها ئایینێك و كردی به ئایینی خۆی، ئه‌وه‌ش ئایین و ئایینداره (…) ئایین خوو كاروباره، له‌مه‌وه ئایین هی خودایه، به‌ڵكو ئایین گوێڕایه‌ڵی و په‌رستشه له بۆی، ئایین ئه‌و شته‌یه كه پیاو ده‌چێته سه‌ری”(2). له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كۆنتێكستی واتایی ئیسلامییدا واتای بیروباوه‌ڕیی و یاسادانانی به‌هێزی هه‌یه، وشه‌ی (ئایین) و داتاشراوه‌كانی زۆر جار له قورئانی پیرۆز و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ردا هاتوون، بۆ نموونه وشه‌ی ئایین له قورئانی پیرۆزدا نه‌وه‌د و دوو (92) جار هاتووه(3). ئایینش له چوارچێوه‌ی شارستانیی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا كه پاشخانی مه‌عریفیی ئه‌م په‌یپه‌ره پێكده‌هێنێت هاوواتای ئیسلامه و له چه‌مكی (Religion) جیاوازه، به‌و شێوه نییه كه له به‌رهه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئاییندا ده‌ركه‌وتووه كه – ئه‌و به‌رهه‌مانه – له بیروباوه‌ڕی مه‌سیحی و قوتابخانه لاهوتییه‌كانی و جێبه‌جێكردنی له كڵێسادا ده‌كۆڵێته‌وه.
زۆربه‌ی تیۆره سۆسیۆلۆژییه ئایینییه ڕۆژئاواییه‌كان چه‌مكی ئایین واته:(Religion) یان به مه‌به‌ستێكی كرداریی له پێناو جیاكردنه‌وه‌ی له بواره تایبه‌ته په‌یوه‌سته‌كه‌ی به بیروباوه‌ڕی مه‌سیحی و كڵێسا واته (پیرۆزیی) و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت (كایه‌ی پیسیی – المدنس) كه په‌یوه‌ندی به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كاتییه‌وه هه‌یه، به‌كارهێناوه. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه دژیه‌كیی مه‌عریفی و سیاسی به‌رهه‌م هێناوه و چه‌ند پێوه‌رێكی دروست كردووه كه له ڕووی كاتییه‌وه هێشتا هه‌ر له كۆی هزری ئایینی و سیاسی ڕۆژئاوادا ماوه، وه‌ك قسه‌كردن له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كاتی به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ئایینی، یاسای ئایینی به‌رانبه‌ر به یاسای شارستانی و جه‌ژنی ئایینی به‌رانبه‌ر به جه‌ژنی شارستانی(4).
به‌كارهێنانی چه‌مكی ئایین له چوارچێوه‌ی عه‌ره‌بی – ئیسلامی‌دا به جۆراوجۆری ده‌ركه‌وته و ڕه‌هه‌نده‌كانی جیا ده‌كرێته‌وه، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی به ئیسلامه‌وه وه‌ك بیروباوه‌ڕ و شه‌ریعه‌ت و شارستانییه‌ته‌وه هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه له زانای تونسی و خاوه‌نی ڕاڤه‌ی قورئانیی به‌ناوبانگ (التحریر والتنویر) محەممەد ئه‌لتاهیر بن عاشور (1926 -1972) كه نۆ ڕووكار و ده‌ركه‌وته‌ی ئایینی ئیسلام له میانی ڕاڤه‌كردنی ئایه‌تی پیرۆزی “إِنَّ الدِّینَ عِنْدَ اللَّهِ الإسلام”(5) دیاری بكات كه دیارترینیان: ڕووكاری بیروباوه‌ڕیی (یه‌كتاپه‌رستی)ـی و ڕووكاری په‌رستش (په‌رستنه‌كان) و یاسادانان (یاساكان) و ڕه‌وشت و پاشان ڕووكاری مه‌عریفی و هزریی و پاش ئه‌وه‌ش مامه‌ڵه‌كردنه(6).
له هه‌مان ئاڕاستە‌ی تیۆری و ڕاڤه‌كاری بۆ ئایین له چوارچێوه شارستانییه په‌یوه‌سته‌كه‌یدا به ئیسلامه‌وه، ناتوانرێت ئایین له په‌یوه‌ندیی ڕۆحی له نێوان مرۆڤ و خودای باڵاده‌ستدا قه‌تیس بكرێت، به‌ڵكو ئایین وه‌ك چه‌مكێكی فره ڕه‌هه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت و له ئاڕاستە و ڕێنمووییه وه‌رگیراوه‌كه‌شیدا له سروشی قورئانی و نیشاندانی ڕێگه‌ی ڕاستی پێغه‌مبه‌ر، هه‌موو وابه‌سته‌بوونه‌كانی مرۆڤیش ده‌گرێته‌وه، ئیتر ئه‌وانه بێت كه له بواری خوداپه‌رستیدان، یان له بواری مامه‌ڵه‌كردن و گشت لایه‌نه‌كانی ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدان. بیرمه‌ندی جه‌زائیری پسپۆڕ له ئیسلامناسی، محەممەد ئه‌ركۆن (1928-2010) چه‌ند ده‌ربڕین و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ئایینی ئیسلامی خستووه‌ته ڕوو كه ده‌كرێت له‌مانه‌ی خواره‌وه‌دا كۆیان بكه‌ینه‌وه:
– ده‌ربڕینه فه‌رمییه‌كان كه له ده‌قه ده‌ستوورییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك په‌یماننامه نیشتمانییه‌كان و گوتاری نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌ده‌بیات و كۆنگره ئیسلامییه‌كان.
– ده‌ربڕینه په‌روه‌رده‌ییه‌كان: خوێندنی ئایینی یان ڕه‌سه‌ن، زمانه‌كان و میتۆده په‌روه‌رده‌ییه‌كان، گه‌شه‌كردنی منداڵ…تاد
– ده‌ربڕینه یاساییه‌كان: له تۆماره‌كانی باری كۆمه‌ڵایه‌تی و تۆماره تاوانكارییه‌كان.
– ده‌ربڕینه كو‌لتوورییه‌كان: وه‌ك كاروباره زانكۆییه‌كان، خوێندنی باڵا… تد.
– ده‌ربڕینه ئه‌ده‌بییه‌كان: له ڕۆمانه‌كان، شانۆ، سینه‌ما، شیعر….تد.
– ده‌ربڕینه هونه‌رییه‌كان: كه له میوزیكی ڕۆحی، بیناسازیی ئایینی و ئه‌و نه‌خشانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه به شكۆوه باسی ئیسلام و سیمبوله‌كانی ده‌كه‌ن.
– ده‌ربڕینه ئیكۆلۆژییه‌كان: كه په‌یوه‌ستن به به‌هاكانی ئیسلام له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زه‌وی و ڕێگاكانی وه‌به‌رهێنانی سامانه سروشتییه‌كان…تد.
– ده‌ربڕینه سیمۆلۆژییه‌كان: داب و نه‌ریت ….تد.
– ده‌ربڕینه نه‌ریتییه دینییه‌كان: نوێژ، حه‌ج، جه‌ژنه ئایینییه‌كان…تد (7).
سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵناسی ئایین له ئه‌و چوارچێوه‌یه‌یدا كه له ڕۆژئاوا له ژێر سایه‌ی بنه‌ما لائیكییه‌كان و عه‌قڵانییه پۆزیتیڤیزم و ڕێژه‌گه‌راییه‌كان گه‌شه‌ی كردووه و تێڕوانینێكی فه‌لسه‌فییانه‌ی بۆ گه‌ردوون هه‌یه، ئایین له گشت قوتابخانه و تیۆرییه‌كانیدا وه‌ك دیارده‌یه‌كی خودان ڕه‌هه‌ندی ئه‌ركی و مادی له كۆمه‌ڵگه‌كاندا ئاماده‌گی هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما میتۆدۆلۆژی و ڕێبازه ئه‌ركییه‌ی ئایین، چه‌ند پێناسه‌یه‌كی جۆراوجۆر بۆ چه‌مكی ئایین به‌پێی ئاڕاستە تیۆری و ئایدیۆلۆژییه‌كانی ئه‌و پێناسانه(8) و جۆراوجۆری ئایینه‌كان – كه بابه‌تی پێناسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌یه – ده‌كرێت. وه‌ك ده‌زانین نه‌خشه‌ی ئایینه‌كان له جیهاندا، له ڕابردوو ئێستادا، به‌شێوه‌یه‌كی خه‌یاڵنه‌كراو، هه‌مه‌جۆره، هه‌ندێك له ئه‌و ئایینانه ئایینه ئاسمانییه ناسراوه‌كانن وه‌ك: ئیسلام، كریستیان و جووله‌كه. هه‌ندێكیشیان ئایینی زه‌مینی وه‌ك: كۆنفۆشیۆسی و هیندۆسی و بودایی و ئایینی دیكه‌ن.
پێشه‌نگی قوتابخانه‌ی هێرمنۆتیك (تأویل) و نیشانه‌ناسیی ئه‌نسرۆپۆلۆژیای هاوچه‌رخ كلیفۆرد گیرتز (1926-2006)ی ئه‌مه‌ریكی له ڕێبازێكی مرۆڤناسییانه‌ی په‌تیدا پێناسه‌ی ئایینی وه‌ها كردووه كه “سیستمێكه له نیشانه كه چه‌ند پاڵنه‌رێكی به‌هێز و قووڵ و به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی داڕشتنی چه‌ند چه‌مێك سه‌باره‌ت به بوون ده‌وروژێنێت و ڕواڵه‌تێكی كه‌تواریی (واقعی)یان پێده‌دات تا ئه‌م پاڵنه‌رانه وه‌ها ده‌ربكه‌ون كه ڕاسته‌قینه‌ن”(9). بۆیه ئایین لای كلیفۆرد ته‌نیا به‌شێك نییه له سیستمێكی سه‌ربه‌خۆی نیشانه كو‌لتوورییه‌كان كه له‌لای كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك مانایه‌ك به‌ژیان ده‌به‌خشێت. ئه‌و له كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (هێرمنۆتیكی كو‌لتووره‌كان) ئایینی وه‌ك : “ڕۆحی كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌لێك له گه‌له‌كان داناوه، كه ئه‌و كه‌ش و هه‌وا گشتی و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یه ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و گه‌له پێكده‌هێنێت. بریتییه له شێوازی ئه‌م گه‌له له ڕووی ڕه‌وشت و چێژی جوانی و باری ده‌روونیی گشتی، به‌ڵكو بریتییه له هه‌ڵوێستی بنه‌ڕه‌تییان سه‌باره‌ت به خودی خۆیان و ئاڕاستە‌ی گشتی، ئه‌وه‌ش له ژیانیاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. وه‌لێ له تێڕوانینیان بۆ جیهان: وێنه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به شته‌كان له مێشكیاندا دروست ده‌بێت، كه به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌یه له واقیعی په‌تیدا هه‌یه. ئه‌مه‌ش تێڕوانینی ئه‌وانه ده‌رباره‌ی سروشت، ده‌رباره‌ی خود، سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگه. ئه‌مه‌ش فیكرێكی زیاتر و گشتگیرتر له ئه‌و فیكرانه له‌خۆی ده‌گرێت كه سه‌باره‌ت به سیستم هه‌یانه (سیتم لێره‌دا به‌مانا وجودییه‌كه‌ی دێت)(10). بێگومان ئه‌م پێناسه هاوسه‌نگه كه ده‌وێت بچێته ناو جه‌وهه‌ر و مانای ئایینه‌وه لای كلیفۆرد گیرتز، به ڕای من بۆ كاریگه‌ربوونی ئه‌و نووسه‌ره به لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌باره‌ت به ئیسلام له نێوان ساڵانی (1963) و (1971)دا له هه‌ریه‌ك له وڵاتانی مه‌غریب و له ساڵی (1951) له ئیندۆنیسیا ئه‌نجامیدا، ئه‌م كاره مه‌یدانییانه‌یشی له كتێبه‌كه‌ی “چاودێركردنی ئیسلام: په‌ره‌سه‌نده ئایینییه‌كان له مه‌غریب” 1968 بڵاوبوونه‌وه. ئه‌م كتێبه گۆڕانگارییه‌كی به‌رچاوی له لێكۆڵینه‌وه مرۆییه‌كان سه‌باره‌ت به ئیسلام دروستكرد، ئه‌ویش به‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌و میراته تیۆرییه ڕۆژهه‌ڵاتناسییه‌ی كه زۆر له ئوستادگه‌رای و ئاره‌زووی پۆلێنكاریدا نوقم بووه كه له‌سه‌ر گومانی باڵاده‌ستیی شارستانیی ڕۆژئاوایی – مه‌سیحی چه‌قی به‌ستووه و به‌ره‌و خاكه‌رایی فراوانی مه‌عریفی لێكۆڵه‌ر له ئیسلامی جێبه‌جێكرا و چاودێریی كرا‌و شۆڕ بووه‌ته‌وه.
له هه‌مان ڕوانگە‌ی فیكری و فه‌لسه‌فییه‌وه، زانای كۆمه‌ڵناسیی ئایینی ئه‌مه‌ریكی جۆن میڵتۆن یه‌نگه‌ر (1916- 2011) ئایینی وه‌ها پێناسه كردووه كه “سیتمێكه له بیروباوه‌ڕ و كردار كه به هۆیه‌وه ڕێگه به كۆمه‌ڵه خه‌ڵكانێك ده‌درێت تاوه‌كو ڕووبه‌ڕووی كێشه بنچینه‌ییه‌كانی ژیانی مرۆڤ ببنه‌وه”(11). ئه‌مه له كاتێكدایه (كڵاود بۆڤایل، ڕۆلاند جه‌ی و كامێچ) پێناسه‌یه‌كیان بۆ ئایین كردووه كه هه‌ردوو توخمی جه‌وهه‌ریی و ئه‌ركیی پێكه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، بۆیه ئایین به‌پێی تێڕوانینی ئه‌وان ” كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕ و كرده‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌ك ڕێكخراوه، په‌یوه‌ندیی به ڕاستییه‌كی به‌رزه‌وه هه‌یه كه له‌سه‌رووی ئه‌زموونه‌وه‌یه، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراودا ئه‌ركێك یان زیاتری هه‌یه وه‌ك: یه‌كخستن، ناسینه‌وه، ڕاڤه‌كردنی ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سروشتی له بنیاتدا نادڵنیای ژیانی تاك و كۆمه‌ڵ”(12).
به‌پێی ئه‌م پێناسانه كه له ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیارییه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئایین دامه‌زراون، هه‌روه‌ك له كاره‌كانی (ئیمێل دۆركهایم)(13) و (ماكس ڤیبه‌ر)(14) (ئه‌لیكس ده تۆكڤیل)(15) و (ڕۆجێ باستید) و (برۆنسیلاڤ مالینۆڤیكی) و چه‌ندانی دیكه ده‌ركه‌وتوون، ئێمه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین، ئایین له تێڕوانینه‌كانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ڕوانه‌گه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی هاوبه‌ش ئاماده‌یی هه‌یه و ئایین به كرده‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێت كه ڕه‌هه‌ندی نیشانه‌یی و دڵنه‌واییكه‌رانه‌وه‌ی بۆ ئیمانداران هه‌یه، ئه‌مه‌ش پوخته‌یه‌كه و كۆمه‌لًناس و ئابووریناسی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی ماكس ڤیبه‌ر (1864- 1920) به زمانێكی ئه‌كادیمی ڕاسته‌وخۆ له پێناسه‌كه‌یدا بۆ ئایین گوزارشتی لێكردووه به‌وه‌ی كه ئایین بریتییه له ” شێوازێك له هه‌ڵسوكه‌وتكردن له كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌خته‌وه‌ریی”(16). به‌هه‌مان شێوه توێژه‌ری فه‌ره‌نسیی (ژان پۆل ویلیا‌م) پێناسه‌كه‌ی خۆی بۆ ئایین داڕشتووه و ئایینی وه‌ك ” چالاكییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێك‌وپێك كه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكی قوڵ و كاریگه‌ر له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر”(17) پێناسه كردووه. ئه‌م توێژه‌ره پێیوایه چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی ئایین به‌ستراوه‌ته‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كی ڕه‌مزی رێك‌وپێك له ڕێگه‌ی سروتی ئایینی و بیروباوه‌ڕه‌كانه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌شێكه له بنیاتی ناوه‌رۆكی هه‌ر ئایینێك، بۆیه ئایین به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه له ڕێگه‌ی ئامڕازێكی نه‌ریتیی ئایینی ڕه‌مزی به زمانێكی سۆسیۆلۆژیای ئایینی، به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو چه‌ند بكه‌رێك كۆده‌كاته‌وه كه له ڕێگه‌ی چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ستن، له كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی ڕاكێشانی له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییەوه له‌سه‌ر بنه‌مای سروستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ركردایه‌تی ڕۆحیی سه‌ركرده و هاوكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری داده‌مه‌زرێت كه له ئایینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن(18).
- دەستەبژێری ئایینی، جه‌وهه‌ر و و ئه‌رك
بابه‌تی دەستەبژێری ئایینی یه‌كێكه له گرنگترین ته‌وه‌ره یه‌كتربڕه‌كانی نێوان هه‌ردوو زانستی كۆمه‌ڵناسیی ئایین و كۆمه‌ڵناسیی سیاسی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌نێوانیاندا جیاوازیی میتۆدۆلۆژیی له توێژینه‌وه و شیكردنه‌وه و ڕاڤه‌كردندا له‌سه‌ر ئاستی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌ی دەستەبژێریی له سیستمی سیاسی و ئاییینی كۆمه‌ڵگاكان هه‌یه، به‌ڵام كۆمه‌ڵناسیی سیاسی چاودێریی بابه‌تی دەستەبژێری ئایینی وه‌ك ته‌وه‌رێكی كاری زانستیی له گۆشه‌ی به‌شداریكردنی له كاری سیاسی ده‌كات، یان له كاتێكدا دەستەبژێری ئایینی به ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانی ده‌بێته به‌شێك له دەستەبژێری سیاسی(19) له كاتێكدا دەستەبژێری ئایینی گرنگترین بواری میتۆدۆلۆژیی و لێكۆڵینه‌وه له كۆمه‌ڵناسیی ئاییندا پێكده‌هێنێت، به‌تایبه‌تی له ئه‌و كاته‌دا كۆمه‌ڵناسیی ئایینی هه‌وڵی ڕاڤه‌كردنی جه‌وهه‌ر و پێكهاته‌و كار و میكانیزیمی كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگا و ڕێكخستنی ده‌دات (20) له‌م ڕووه‌وه دەستەبژێری ئایینی له گشت كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی جۆرێك له چاودێریی مه‌عنه‌وی و ڕه‌وشتیی به‌سه‌ر ئیمانداران و خه‌ڵكانی دیكه ده‌كات و له ئه‌و ڕێگایه‌یشه‌وه ئه‌وپه‌ڕی دیسپلینی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕِێنماییه ئایینییه‌كان و توخمه‌كانی ژیانی هاوبه‌ش به پێی ڕێنماییه‌كانی مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌م چاودێرییه نه‌رمه‌ش له ڕێگه‌ی شێوازه‌كانی ئامۆژگاریی ئایینی و بیرخستنه‌وه‌ی هاندان و تۆقاندن و ڕێكخستنی كرده‌یی خوداپه‌رستی و ڕێوڕه‌سمه‌كان و په‌یوه‌ستبوون به نموونه‌ی ئه‌خلاقی وه‌رده‌گێڕێت و به‌ئه‌م زمانه گوتاره‌كانی خۆی ئاڕاستە‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌كات و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و نموونه ئه‌خلاقییه‌ی باسیكردووه له كۆتاییدا هه‌ر ئه‌و وه‌ك جه‌مسه‌ری سه‌ركردایه‌تی ئایینی له كۆمه‌ڵگه ده‌مێنێته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵناسیی ئایین گه‌شه‌كردنی دەستەبژێری ئایینی له كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا په‌یوه‌سته به بنه‌مای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینیی و – ئیدی هه‌ر ئایینێك بێت – بانگهێشتكردنی خه‌ڵك بۆ ڕێكخستنی بیروباوه‌ڕه‌كانی ئایینەكه و په‌یوه‌ستبوون به نه‌ریت و دروشمی ئایینی و به‌هاكانی ئایین، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئامڕازه قایلكه‌ره جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك: بانگه‌واز و فێركردن و ڕێكخستن و كاری خێرخوازی و فریاگوزاری، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی خوێندنی ئایینی و گه‌شه‌پێدانی ڕۆحی شوێنكه‌وتوان و لایه‌نگران له پێناو زامنكردنی به‌رده‌وامیی ئایین و كاریگه‌ری له كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕو كردار و به‌هاكانی ببن به چوارچێوه‌یه‌كی مه‌رجەعیی له ناو كۆی فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه دامه‌زرێنه‌ره‌كانی بنیاتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا (Social Structure). (21)
یه‌كێك له گرنگترین ئه‌ركه‌كانی دەستەبژێری ئایینی به پێی تیۆره‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئایین ڕێنماییكردن و به‌عه‌قڵانیكردنی چالاكیی ئایینییه له كۆمه‌ڵگه‌دا (22) ئه‌ویش له ڕێگه‌ی داڕشتنی میتۆدێك بۆ بیروباوه‌ڕه ئیمانییه پارێزه‌ره‌كانی خودی ئایینی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی گومانه‌كان، ئیتر ئایا ئه‌و گومانانه له‌ناو هه‌مان ئایینه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه ئاڕاستە كرابن كه له به‌مه‌زهه‌بكردن (لاهوتی) یان (تایفی) له‌گه‌ڵ دەستەبژێری ئایینی ناكۆكن، یان ئه‌و گومانانه‌ی له‌لایه‌ن بیروباوه‌ڕه ئایینییه كێبڕِكێكاره‌كان یان بۆچوونه ئاتیستی و بێدینییه‌كانه‌وه ئاڕاستە ده‌كرێن. هه‌روه‌ها دەستەبژێری ئایینی سه‌رپه‌رشتیاریی ڕێكخستنی نه‌ریتی ئایینی و گه‌ره‌نتیكردنی تازه‌كردنه‌وه‌ی كاته‌كانی و به‌رده‌وامیی جێبه‌جێكردنی ده‌كات.
هه‌روه‌ها (پیاوانی ئایینی) كه بووه به‌زاراوه‌یه‌ك له ئه‌زموونی ئایینداریی مه‌سیحیدا (واته قه‌شه و كاهینه‌كان)، یان حاخامه‌كان له ئایینی جووله‌كه‌دا، یان هه‌ركه‌سێك كه به‌كاری ئه‌وان له ئایینه‌كانی دیكه‌دا هه‌ڵده‌ستێت، كاری وه‌به‌رهێنانی زانیاریی ئایینی بۆ ئاسانكردنی په‌یبردن به (پیرۆزیی) لای گشت ئیماندارن ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی میكانیزمی هێرمنۆتیك و ڕاڤه‌كردن، به‌هۆی ئه‌م ئه‌ركه (لاهوتییانه)وه دەستەبژێری ئایینی پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌پارێزێت له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا ته‌نانه‌ت له كۆمه‌ڵگه بێدینه‌كانیشدا، به‌تایبه‌تی له ئاستی ئاڕاستە‌كردنی ڕٍۆحی و بیروباوه‌ڕیی و ده‌سته‌جه‌معیی(23) له ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه ئه‌و ڕۆڵه ئاڕاستە‌كارانه وه‌بیر ده‌هێنینه‌وه كه كڵێسای كاسۆلیكی له ڤاتیكان به سه‌ركردایه‌تی پاپای كۆچكردوو (بێندێكیت)ی شه‌شه‌م گێڕای له دژایه‌تیكردنی به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا به بیانووی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا یانه‌یه‌كی تایبه‌ته به ده‌وڵه‌ته مه‌سیحییه‌كان.
به‌ڵام له چوارچێوه‌ی شارستانیی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا، له ڕووی میتۆدۆلۆژی و ئه‌بستمۆلۆژییه‌وه، ناكرێت دەستەبژێری ئایینی به سیفه‌تی (پیاوانی ئایینی) ناودێر بكه‌ین، چونكه ده‌قه بنچینه‌ییه ئیسلامییه‌كان كه قورئان و فه‌رمووده‌ن، هه‌موو تاكێكی پێگه‌یشتووی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا ڕاسپاردووه كه پێویسته زانیاری سه‌باره‌ت به ئایین هه‌بێت، جا چ له ئاستی بیروباوه‌ڕه ئیمانییه‌كان بێت یاخود په‌رستشه‌كان. هه‌روه‌ها ڕایسپاردووه، له ڕێڕه‌وی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵكدا توانای تێگه‌یشتنی حوكمه‌كانی شه‌ریعه‌تی په‌یوه‌ست به بناخه‌كانی حه‌ڵاڵ و حه‌رامی هه‌بێت. له سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئیسلامیشدا، داوا له مسوڵمان ده‌كرێت ئه‌وه‌نده‌ی پێی ده‌كرێت قورئانی پیرۆز و ڕێنماییه‌كانی ئیسلام له به‌ر بكات و یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بزانێت تا مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، پێشنوێژی بۆ مسوڵمانان بكات؛ له‌به‌ر ئه‌وه له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا ناكرێت قسه له‌سه‌ر چینێك له پیاوانی ئایینی بكرێت كه ته‌نیا ئه‌وان بۆیان هه‌یه ڕێوڕه‌سمه ئایینییه‌كان ڕێك بخه‌ن، یان ته‌نیا ئه‌وان ده‌توانن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ن نوێنه‌رایه‌تی ڕۆحیی ده‌كه‌ن و قسه‌كردن له‌ڕوانگە‌ی ئایینییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئیجباریی ته‌نیا بۆ ئه‌وان قۆرخ كراوه وه‌ك له سیستمی لاهوتی له ئه‌زموونی مه‌سیحی و جوله‌كه‌دا ده‌یبینین.
له سیتمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئیسلامی‌دا، مه‌به‌ست له دەستەبژێری ئایینی” : ئه‌و گروپه‌یه له كۆمه‌ڵگه كه هه‌ریه‌كه‌و له‌چوارچێوه‌ی پسپۆڕی خۆیدا ئه‌ركێكی ئایینی، یان زیاتر ئه‌نجامده‌دات، ئیتر ئه‌ركه‌كه فێركاریی بێت یان ڕاڤه‌كاری بێت بۆ ده‌قه‌كانی سروش یان ڕۆحی ڕه‌فتاریی په‌یوه‌ست به په‌روه‌رده و دروستكردن بێت. یاخود چالاكییه‌كی ئایینی به‌و پێیه‌ی په‌یوه‌ندییان به ڕچه‌ڵه‌كی پێغه‌مبه‌ره‌وه هه‌یه وه‌ك كه‌سه شه‌ریفه‌كان، یان له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یان ئه‌و كاره‌ی سیاسییه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشت به ئایین ده‌به‌ستێت. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه خه‌ریكی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی ئایینی و فێربوونی ده‌ده‌ن.
پاشان دەستەبژێری ئایینی له ئه‌زموونی عه‌ره‌بی ئیسلامییدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی پێكدێت له كه‌سانی شاره‌زای په‌روه‌رده‌یی و پاڵپشتیی ڕۆحی وه‌ك شێخه په‌روه‌رده‌كاره‌كان و پیاوچاكان له قوتابخانه‌ی سۆفیگه‌ری و قوتابخانه‌كانی دیكه‌دا. هه‌روره‌ها پێك دێت له زانایان و ئه‌و فیقهزانانه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا بایه‌خ به شه‌رحكردنی ده‌قه‌كانی قورئانی پیرۆز و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر و گوتنه‌وه‌ی زانسته شه‌رعییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری فه‌توادان بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و دامه‌زراوه ئایینییه فه‌رمییانه‌و ئه‌و سه‌ركردانه‌ی گروپه ئیسلامییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه به‌هه‌موو جۆره گروپه بانگخوزایی و حیزبییه‌كانیانه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆشنبیره ئایینییه هاوچه‌رخانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه بایه‌خ به پرسه‌كانی هزری ئیسلامیی ده‌ده‌ن، ئه‌مه جگه له خوێندكارانی زانسته ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له په‌یمانگا شه‌رعییه ته‌قلیدییه‌كانن.
دەستەبژێری ئایینی ئیسلامی به هه‌موو ئه‌رك و چالاكییه‌كانیانه‌وه پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت و سه‌ره‌كیی له ویژدانی گشتیی كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیی و ئیسلامییه‌كاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها ئاستی كاریگه‌رییه ڕه‌مزی و سیاسییه‌كه‌ی له هه‌ردوو بواری ئایینی و سیاسی‌دا به ئه‌ندازه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له ده‌سه‌ڵاته فه‌رمانڕه‌واكان به‌رز ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها ئاستی كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌ڕاده‌ی له‌ئامێزگرتنی پرسه گه‌وره‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌ی یه‌كڕیز و گه‌شه‌سه‌ندوو دیموكراسین به ئه‌ندازه‌ی ڕاستگۆیی نواندنی كاریزمای ئه‌خلاقی و خوداپه‌رستی و توانستی زانستیی بانگه‌شه‌كار بۆ هه‌وڵدان له پێناو تیۆریزه‌كردن و دابه‌زاندنی مه‌به‌ستی رێنماییه ئیسلامییه‌كان بۆ پێشهات و گۆڕانكارییه هاوچه‌رخه‌كان، به‌رز ده‌بێته‌وه.
پاشان دەستەبژێری ئایینی به‌پێی پێگه ستراتیژی و گرنگه‌كانی له كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵماندا – به وته‌ی بیرمه‌ندی تونسی عه‌بدول له‌تیف هه‌رماسی – ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتێكی ڕێگه‌پێدراوی كۆمه‌ڵایه‌تی تا چاودێریی ئه‌نجامدانی دروشمه‌كانی ئایین و فێركردنی ئایینی بكات، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌رپرسه له جێبه‌جێكردنی چه‌ند ئه‌ركێك كه له‌مانه‌ی خواره‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت:
– ئه‌ركی ڕۆحی و خوداپه‌رستی له ڕێگه‌ی پته‌وكردنی ئیمان و ڕێنماییه‌كانی ئایین و چاودێریكردنی به‌جێهێنانی فه‌رزه ئایینییه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه له ئه‌و شتانه‌ی ئایین قه‌ده‌خه‌ی كردوون.
– ئه‌ركی فێركردن و ڕێنموییكردن و وه‌به‌رهێنان له بواره مه‌عریفییه ئایینییه جیاوازه‌كاندا.
– ئه‌ركی یاسادانان، كه خۆی له تێكۆشان و هه‌ڵهێنجانی ئه‌و فه‌رمانانه ده‌بینێته‌وه كه كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی له بواری خوداپه‌رستی و مامه‌ڵه‌كردندا پێویستییان پێیانه.
– ئه‌ركی لێپرسینه‌وه و فه‌رمانكردن به چاكه و ڕێگریكردن له خراپه و چاودێریكردنی ئاكاری گشتی.
– ئه‌ركی ئامۆژگاریكردنی ده‌سه‌ڵاتداران و پێشكه‌سكردنی ڕاوێژ(24).
كاریگه‌ریی دەستەبژێری ئایینی له ئه‌زموونی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و ناوه‌نده یاسایی و سیاسییه‌كه‌ی به‌پێی سیستمه سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندییان به ڕه‌وایه‌تیی ئایینییه‌وه ده‌گۆڕێت. له ئه‌زموونی سیاسی ئێرانی و سعودیدا، دەستەبژێری ئایینی ئاماده‌ییه‌كی گه‌وره‌ی له هه‌ڕه‌می ده‌وڵه‌ت و داڕشتنی بڕیاری سیاسی‌دا هه‌یه. به‌هۆی كاریگه‌ریی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیشه‌وه گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له ناوه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دەستەبژێری ئاییندا ڕوویدا و بوو به‌هۆی زیاتر بوونی كاریگه‌ریی ئه‌و دەستەبژێره وه‌ك ئه‌وه‌ی له میسر و تونس و لیبیا و یه‌مه‌ن به‌تایبه‌تی له یه‌كه‌می سه‌ره‌تاكانی كه‌وتنی سیمبوله‌كانی سیستمه دیكتاتۆرییه‌كان ڕوویدا. هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و یاسایی له په‌یوه‌ندیی دەستەبژێری ئایینی به ده‌وڵه‌وت و كۆمه‌ڵگه‌وه ڕوویدا وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نووكه له نموونه‌ی دەستەبژێری ئایینی وڵاتی مه‌غریبدا ده‌یبینین.
به كورتی، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناكات، به‌وردی باسی له گشت قوتابخانه و تیۆر و ئاڕاستە‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئایین له پێناسه‌كردنیدا بۆ چه‌مكی ئایین و دەستەبژێری ئایینی كردووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده به‌سه كه ده‌یه‌وێت ڕیگا بۆ ده‌روازه‌یه‌كی گشتی بۆ توێژینه‌وه سه‌باره‌ت به هه‌ردوو چه‌مكه‌كه به‌هه‌مان شێوه‌ی پێوانه‌كردنی ئه‌ندازیاری له بواری تۆپۆگرافی بكات. هه‌ردوو چه‌مكه‌كه پێكه‌وه پارچه‌یه‌كی گرنگی كێڵگه‌ی مه‌عریفی فراوانی سۆسیۆلۆژیای ئایین پێكده‌هێنن و شیاوی ئه‌وه‌یه زانكۆی مه‌غریب و گشت توێژه‌ران بایه‌خی پێبده‌ن و ئاوی بده‌ن و بیكێَڵن و هه‌ڵیپاچن بۆ ئه‌وه‌ی ڕنینه‌وه‌ی به‌روبووومه گرنگه‌كه‌ی له زه‌وی توێژینه‌وه‌ی زانستی و فه‌زای كۆمه‌ڵگه‌ی زانست و زانیاری‌دا ئاسان بێت.
په‌راوێزه‌كان:
(1)- J. Paul. William, sociologie de religion. PUF. Paris.1995.p :114.
(2) – أبو الفضل جمال ا‌لدین محمد ابن منظور، لسان العرب، المجلد 13. دار الفكر للطباعة والنشر والتوزیع بیروت 1990، ص 169 – 170.
(3) – بڕوانه: البرنامج المعلوماتي علی شبكة الإنترنیت: أرقام وإحصا‌ءات قرآ‌نیة فی القرآ‌ن الكریم، انظر: : www.e-quran.com
(4) – Encyclopédie Universalis,T19. Article “religion”. France s.a 1996 .p : 755
-(5) سورة آ‌ل عمران، الآیة: 19.
(6) – محمد الطاهر بن عاشور، تفسیر التحریر والتنویر. ج 3. دار سحنون للنشر والتوزیع تونس، 1997 ص ص 188-196.
(7) – Encyclopédie universalis.T12, les expressions de lislam op .cit .p : 677.
(8) – وصف إ. لامبیت تعدد تعریفات ا‌لدین ببرج بابل لكثرتها وتنوعها، انظر:
Lambet (y).la « Tour du Babel » des définitions de la religion .revue social compas. n : 38 (1).1991 p p : 73-85
[9] – Geertz Clifford، Religion as cultural system. In the interpretation of cultures. Selected Essays. Fontana press London 1993.p :90
(10) – كلیفورد غیرتز، تأویل الثقافات، ترجمة محمد بدوي مركز دراسات الوحدة العربیة، الطبعة الأولی، بیروت، 2009، ص 101.
(11) – Yinger. J .Milton. The scientific study of religion. New York. Mac Millan, 1970 p :7
(12) – J.Paul.William, sociologie de la religion, op.cit p: 181
[13]- Emile Durkheim[1889], les forces élémentaires de la vie religieuse .PUF.Paris.1968
(14) له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (ئه‌خلاقی پرۆتستانتی و ڕۆحی سه‌رمایه‌داریی) ماكس ڤیبه‌ر پۆلێنكردنی ئایینی له بازنه‌ی ناماقوڵ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه و به ڕێژه‌گه‌رایی زانستیی پێویست له شیكردنه‌وه‌ی ئایین وه‌ك دیارده‌یه‌ك – كه هێشتا لێی ده‌كۆڵرێته‌وه- مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه. بۆ زیاتر قوڵبوونه‌وه له فیكری سۆسیۆلۆژیی ماكس ڤیبه‌ر سه‌باره‌ت به ئایین سه‌یری دكتۆرانامه‌كه‌ی (ئیكرام مه‌سیره مه‌ده‌نی) بكه به‌ناوی (سوسیولۆژیای ماكس ڤیبه‌ر، میتۆدۆلۆژیی، سیاسه‌ت و ئایین. نامه‌یه‌كی دكتۆرایه له یاسای گستیی، كۆلێژی زانسته یاسایی و ئابووری و كۆمه‌لاًیه‌تییه‌كان، مه‌راكیش. ساڵی زانكۆیی 2008 – 2009.
(15) – هه‌رچه‌نده (دی تۆکڤیل) هیچ به‌رهه‌مێكی دیاریكراوی سه‌باره‌ت به ئایین نه‌بوو، به‌ڵام به پێشه‌نگی كۆمه‌ڵناسی ئایین داده‌نرێت. له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا كه له دوو به‌رگدا، له ساڵی (1804)دا سه‌باره‌ت به دیموكراسییه‌ت له ئه‌مریكا بڵاو بووه‌ته‌وه، كاری له‌سه‌ر ئاڵۆزیی تیۆریی په‌یوه‌ندیی ئایین به دیموكراسییه‌وه و ڕۆڵی زیندووی له به‌رده‌وامبووونی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان كردووه. بڕوانه:
Alex de tocquerille.de la démocratie en Amérique. Ed. Flammarion Paris.1981.
[16] – Max weber.، économie et société، Ed. Plon. Paris.1971.p :429
(17) – J. Paul. William, sociologie de la religion, op.cit.p :185.
(18) – Ibid. ,pp :186-189.
بۆ زیاتر قوڵبوونه‌وه‌و توێژینه‌وه سه‌باره‌ت به چه‌مكی ئایین و ئه‌و تیۆریانه‌ی له كۆمه‌ڵناسی ئایین و ئه‌نسرۆپۆلۆژیادا په‌یوه‌ستن پێیه‌وه، بگه‌ڕێره‌وه بۆ: عه‌بدولباقی هه‌رماسی و ئه‌وانی دیكه، ئایین له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا، مركز دراسات الوحدة العربیة بتعاون مع الجمعیة العربیة لعلم الاجتماع، الطبعه الثانیة، بیروت 2000.
(19) – ابراهیم أبراش، علم الاجتماع السیاسي، مرجع سبق ذكره. ص 147.
(20) – بڕوانه، عبد الباقي الهرماسي، علم الاجتماع الدیني، والمجال – المكاسب- التساؤلات. ضمن الكتاب الجماعي: ا‌لدین فی المجتمع العربي، مرجع سبق ذكره ص 17.
(21) – Max Weber, Economie et Société, op.cit p. : 473
(22) – إحسان محمد الحسن، علم الاجتماع الدیني، دراسه تحلیلیة حول العلاقة المتفاعلة بین المؤسسة الدینیة والمجتمع. دار وائل للنشر. الطبعة الأولی 2005 ص 30.
(23) – ئه‌م ئاڕاستە له گوتاری پاپا له (20)ی ئه‌پرێلی (2005) له كڵێسای (سیستین) هاتووه. سه‌یری ده‌قی گوتاره‌كه له ماڵپه‌ری فه‌رمیی كڵێسای كاسۆلیكی ڤاتیكان، نوسخه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی بكه. www: Vatican va.
(24) – عبد اللطیف الهرماسي، المؤسسة الدینیة فی الإسلام موضوعا للدراسة بین التمركز علی الذات وأسر النموذج الغربي، مجله التسامح، منشورات وزارة الأوقاف والشؤون الإسلامیة بسلطنة عمان. العدد 17 شتا‌ء 1423هـ / 2007 م . ص 123.
(*) ئه‌م په‌یپه‌ره له ماڵپه‌ری (مركز ضیا‌ء للمؤتمرات والأبحاث) وه‌رگیراوه كه ئه‌مه لینكه‌كه‌یه‌تی: . https://www.diae.events/postid=83405