• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 21, 2024

ڕۆژئاوای کوردستان ‌و ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا

کەیوان هەڵەبجەیی

پێشەکی

لە ساڵى ٢٠١١ بە دواوە گەلى سوریاش وەک گەلانى دیکەى ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمى دەسەڵاتدارانیان ڕژانەسەر شەقامەکان. کوردانى ڕۆژئاوای کوردستان وەک پێکهاتەیەکى سەرەکیی سوریا بە هۆى ئەو ستەمەى لە سەرەتاى دروستبوونى ئەو دەوڵەتەوە لێیان کرابوو، زیاتر هەوڵى گۆڕینى دەسەڵات‌و بەدەستهێنانى مافەکانى خۆیانیان دەدا. لەگەڵ ئەوەشدا گرژیى سیاسیی ناوچەکە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەى کوردانى ڕۆژئاوا بتوانن هەوڵى بەدەستهێنانى نیمچەئۆتۆنۆمیییەک بدەن. ئەم هەوڵانەش زیاتر لەلایەن هێزەکانى پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە بووە.

تورکیا لە ترسى دروستبوونى هەرێمێکى دیکەى وەک هەرێمى کوردستانی عێراق‌و بە بیانووى بوونى هێزەکانى پەکەکەو پەیوەندییان لەگەڵ پەیەدە/یەپەگەدا، ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا بۆ پاراستنى ئاسایشى سنوورەکان‌‌و دوورخستنەوەى گرووپە چەکدارییەکان‌و بە تایبەت هێزەکانى پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە چەندین هێرشى سەربازیی کردووەتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە شێوەیەکى گشتى تاوەکو ئێستا لەلایەن تورکیاوە پێنج ئۆپراسیۆنى سەربازى لە ژێر ناوەکانى “قەڵغانى فورات، چڵەزەیتوون، کانى ئاشتى، داڵى زستان‌و چنگ-شمشێر” بۆ سەر ڕۆژئاوا ئەنجامدراوە. لە ئۆپراسیۆنەکاندا جگە لە لێدان لە پێگەکانى پەیەدەو پەیەگە، چەندین کەسى سڤیل‌و شوێنى گشتى کراونەتەئامانج. لەم توێژینەوەدا لەگەڵ خستنەڕووى دۆخى سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستاندا، تیشکخراوەتەسەر ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەى لەلایەن تورکیاوە کراوەتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

دۆخی سیاسی‌و مێژووی خەباتی کوردەکانی سوریا

کورد ڕێژەی لە سەدا ٨ بۆ ١٠ی سوریا پێکدەهێنێت. کێشەی کورد لەو وڵاتە چەندە لە ناوخۆدا، ئەوەندەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگدانەوەی هەبووە. ئەم دەنگدانەوەیەش لە مێژووی هاوچەرخى سوریاو بە تایبەت دوای شۆڕشی ناوخۆیی ساڵی ٢٠١١ بە دواوە زیاتربووە. مێژووی کێشەى کورد لە سوریا، بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەکە دەگەڕێتەوە، چونکە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کوردەکانی سوریا لە ڕوانگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و کولتوورییەوە ڕووبەڕووی جیاوازی بوونەتەوە، بە تایبەت دوای سەرژمێریی دانیشتوانی ساڵی ١٩٦٢ کێشەی هاونیشتیمانبوونی کوردەکان هاتەئاراوە. ئەمە جگە لەوەی ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردی لێ دەژیا، سیاسەتی تەعریبکردنى تێدا جێبەجێکرا(1). لەگەڵ ئەوەشدا بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣، گۆڕانی سوریا بۆ کۆماری عەرەبی زمانی فەرمى دەوڵەت کرا بە عەرەبی، ئیدی کوردەکان ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپتر بوونەوە، چونکە سیاسەتی لەناوبردن‌و سڕینەوەى کوردەکان لەلایەن ڕژێمی سوریاوە دەستیپێکرد. بە تایبەت سیاسەتی تەعریبکردنی ناوچەکە لە ساڵی ١٩٧٣(2). لەگەڵ ئەمانەشدا لە ١٢ى شوباتى ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ، گرژی لە نێوان دوو یانەی وەرزشیی کوردو عەرەب دروستبوو. لە ئەنجامدا ١١ کەس لە گۆڕەپانى یارییەکەدا کوژرا. ئەم گرژییە بۆ شەقامەکانی شارە کوردییەکان گوازرایەوە. هێزی ئاسایشی سوریا، زۆر بە توندی ڕووبەڕووی کوردەکان بووەوە. ٤٠ کەس گیانیانلەدەستدا، دەیان خوێندکاری کورد لە قوتابخانە دەرکران‌و هەزارانیش دەستگیرکران. دوای ئەم ڕوداوە فشارە کولتووری، سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە کوردەکان زیاتربوو. ئەم پێشهاتە کە بە ڕوداوی قامیشلۆ ناسراوە، بۆ کوردەکان زۆر گرنگ بوو، چونکە هێمای ئازادی‌و ڕزگاری بوو(3).

خۆپیشاندانەکانی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان

لە ئازاری ٢٠١١دا لە زۆرینەی شارەکانی سوریا خۆپیشاندان بەرانبەر بە ڕژێمی سوریا دەستیپێکرد. خۆپیشاندەران داوای ئازادی، دیموکراسی‌و چاکسازییان لە دۆخی ئابووریدا دەکرد(4)، بەڵام ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردنشین بوو، بەراورد بە ناوچەکانی دیکە خۆپیشاندان تێیدا کەمتر بوو. بەشار ئەسەدی سەرۆککۆمار ئەمەی بەدەرفەتزانی‌و لە ڕێگەی پێدانی پێناسی هاونیشتیمانبوونەوە بە کوردەکان، هەوڵیدا کوردەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەمە لە کاتێکدا پێشتر بە هەموو شێوەیەک، تەنانەت ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز قەدەغە بوو، بەڵام ئەسەد لە بەهاری ٢٠١١ ڕێگەیدا بە کردنەوەی ئاگرى نەورۆز. وەک باسکرا، سەرەتا جوڵەی کوردەکان لە خۆپیشاندانەکاندا کەمتر دەردەکەوت، چونکە کوردەکان وەک گرووپەکانی دیکە لە بریی ئەوەی هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا بدەن، زیاتر هەوڵی بەدەستهێنانی هێزی سیاسی‌و سەربازییان دەدا لەو ناوچانەى لێى دەژیان، ئەمەش مێژووەکەی بۆ ڕوداوەکانی قامیشلۆ دەگەڕێتەوە. گرووپە کوردییەکانی سوریاو بە تایبەت پەیەدە، هەم بەرانبەر بە ڕژێمی سوریا، هەم بەرانبەر بە گرووپە ئۆپراسیۆنەکان دەوەستانەوەو خۆیان لە تێکەڵبوون لەگەڵیاندا بەدووردەگرت. ئەنجامەکەیشی بەدەستھێنانی هێزی سیاسی‌و سەربازی بوو لە ناوچە کوردنشینەکان(5).

ناوچە کوردییەکانی سوریا، جگە لەوەی دەوڵەمەندە بە بەرهەمی کشتوکاڵی، سەرچاوە سروشتییەکان‌و ئاو، خاوەنی سامانی نەوتیشە، هەر بۆیە ململانێی نێوان گرووپەکان لەم ناوچەیە ململانێی ئابووری‌و سیاسییشە. لێرەوە بۆچوونى جیاواز لە نێوان گرووپە کوردییەکانی سوریادا بەرانبەر بە ڕژێمی ئەسەد دروستبوو. لەم ڕوانگەوە ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) وەک گرووپە ئۆپەزسیۆنەکانی دیکە دەیویست بە بەشداریکردن لە ئەنجومەنی نەتەوەیی سوریا ببێت بە بەشێک لە هێزی گۆڕانکاری لە ڕژێمی سوریاو ڕەوایی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم نێوەندەدا ململانێى نێوان پەیەدەو ئەنەکەسە بەرچاودەکەوێت، هەر بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بەم گرژی‌و ململانێیە، بە نێوەندگیریی مەسعوود بارزانی؛ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر ڕێککەوتن لە نێوان ئەنەکەسەو پەیەدەدا کراو ئەنجومەنی باڵای کورد دروستکرا، بەڵام هەردوولا لە سەر کاری سیاسیی سەربەخۆی خۆیان بەردەوامبوون. لە گۆڕەپانەکەدا هێزەکانى پەیەدە زیاتر بەرچاودەکەوتن. ئەوەی زیاتر هێزەکانی پەیەدەی ناساند، کشانەوەی سوپای سوریا بوو لە تەمموزی ٢٠١٢. لەم نێوەندەدا یەپەگە وەکو باڵی سەربازیی پەیەدە توانیی سوود لەم بۆشاییە سیاسی‌و سەربازییە وەربگرێت‌و ناوچەکانی عەفرین، کۆبانێ (عەین العەرەب)، جەزیرەی کۆنترۆڵکرد(6). لەگەڵ ئەوەشدا لە تشرینى دووەمى ٢٠١٣ ئەو سێ شارە بە ڕۆژئاوای کوردستان ناونراو لەلایەن پەیەدەوە بە فیعلی حکومەت ڕاگەیەنرا، بەڵام هەر ململانێی نێوان هێزە کوردییەکان بەردەوامبوو، هەر بۆیە بۆ کۆتاییھێنان بە گرژیی نێوان هێزە کوردییەکان، لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتننامەی دهۆک ئیمزاکرا، بەڵام ئەمیش دووبارە بێئەنجام بوو. دواجار پەیەدە ئۆفیسەکانی ئەنەکەسەی داخست‌و بەشێک لە ئەندامانی دەستگیرکردن. بەم شێوە پەیەدەو باڵە سەربازییەکەی، کە یەپەگەیە، بەهێزتربوون. هەروەها  بوونى پەیوەندیی پەیەدە لەگەڵ ڕژێمی سوریادا، ڕێگر بوو لە هێنانەکایەى چارەسەری سیاسیی نێوان لایەنەکان، هەر بۆیە ڕووسیا لە ناوچەکانی عەفرین‌و عەین عیساو چەند ناوچەیەکی دیکە هاوکاریی پەیەدەی کرد. ئەم دۆخەش پەیەدەی کردە دەسەڵاتداری ناوچەکە، ئەمە جگە لەوەی سەرکەوتنەکانی یەپەگە بەرانبەر بە داعش لە ناوچەکانی کۆبانێ، تەل عەبیاد، مەنبیچ‌و ڕەققە کاریکردەسەر پێگەو هێزی پەیەدە(7). هەموو ئەمانەو هاوکاریی سەربازی، ئابووری‌و سیاسیی ئەمریکا؛ پەیەدەی زیاتر بەهێزکرد. لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانی یەپەگەو زیادبوونی هێزیەوە لە گۆڕەپانەکەدا، هەندێک پارتی سیاسیی کوردی ناچاربوون بچنەژێر چەتری بزوتنەوەی دیموکراتیی کوردەوە (TEV-DEM)، ئەمەش بووە ھۆی لەدەستدانی هێزی ئەنەکەسە. هەرچەندە کوردەکانی سوریا ئامانجی هاوبەشیان هەبوو، بەڵام ململانێی نێوان پارتە سیاسییە کوردییەکان بووە هۆی لەناوچوونى ئەو ئامانجە، بەڵام ڕوداوەکانی ئەم دواییە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە سیاسەتى ئەمریکا ئەم ململانێیە بۆ کاری هاوبەش دەگۆڕێت. لەم ڕوانگەیەوە بە هاوکاریی ئەمریکا دووبارە گفتوگۆو دانوستانەکان لە نێوان پەیەدەو ئەنەکەسەدا دەستیپێکردەوە، بۆ نموونە: کاتێک لە لیژنەی دەستووریی سوریادا دوو ئەندامی ئەنەکەسە هەبوون، پەیەدە هیچ ئەندامێکی نەبوو، ئەمەش سەرەتای دووبارە نزیککردنەوەی پەیەدە بووە لە ئەنەکەسە، چونکە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنەکەسەدا، واتە ئامادەکردنی زەمینەیەک بۆ ڕەوایەتیی پەیەدە. بەم شێوەیە ئەمە بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی پەیەدە بتوانێت بەشداریی گفتوگۆو ڕێککەوتنە سیاسیەکان لە سوریادا بکات(8).

هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی هەرێمی سەربەخۆ

کوردەکانى ڕۆژئاوای کوردستان لە هەوڵى ئەوەدا بوون هەرێمێکى سەربەخۆ بۆ خۆیان دروستبکەن. سەرەتاو لە هەنگاوى یەکەمدا لە ساڵى ٢٠١٤ ڕێکەوتننامەیەکى کۆمەڵایەتى، کە هەر سێ کانتۆنى عەفرین، جەزیرەو کۆبانێی لەخۆدەگرت، بەسترا. ئەم ڕێککەوتننامەیە تەنها ئەو ناوچانەى لەخۆدەگرت کە زۆرینەى لە کوردەکان پێکهاتبوو. لە هەنگاوى دووەمداو لە ساڵى ٢٠١٧ سیستەمى کۆنفیدرالیزم لە سێ کانتۆنەکە ڕاگەیەنرا، بەڵام بە هۆى هێرشەکانى تورکیاوە هەڵبژاردنەکان بۆ قۆناغى سێیەم دواکەوت. دواتر ناوچەکانى تەبقە، ڕەققە، دێرەزوورو مەنبیج ڕزگارکراو هەر ناوچەیەک ئەنجومەنێکى بەرێوەبردنى تایبەت بە خۆی بۆ دانرا(9).

تورکیا ئەم جموجوڵەى هێزەکانى ناوچەکەو بە تایبەت هێزە کوردییەکانى بە مەترسى دەزانى، هەر بۆیە تورکیا بە مەبەستى نەهێشتنى ئەم مەترسییانە بۆ سنوورەکانى، لە ساڵى ٢٠١٦ ئۆپراسیۆنى قەڵغانى فورات، لە ساڵى ٢٠١٨ ئۆپراسیۆنى چڵەزەیتوون بۆ سەر عەفرین، لە ساڵى ٢٠١٩ ئۆپراسیۆنى کانى ئاشتى‌و لە ساڵى ٢٠٢٢ ئۆپراسیۆنى داڵى زستانى ئەنجامدا(10).

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە کۆتا هەنگاودا کوردەکان توانییان هەرێمێکى نیمچەسەربەخۆ دروستبکەن. سەرەتاو لەساڵى ٢٠٢١ بۆ دانانى دەستوورێک لیژنەیەکى ١٥٨ کەسى پێکهێنرا، کە نیوەى ئەندامانى لە ژنان پێکهاتبوو. دواتر لیژنەیەکى بچووکتر پێکهێنراو توانرا ڕەشنوسى دەستوورەکە ئامادەبکەن(11). لە کۆتاییداو لە ١٢ى کانونى یەکەمى ٢٠٢٣و لە دواى ٩١ کۆبوونەوەى ئاسایى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبردنى ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێککەوتننامە (دەستوور)ى خۆبەڕێوەبردنى دیموکراتیی باکوورو ڕۆژهەڵاتى سوریا بە هەرسێ زمانى عەرەبى، کوردى‌و سریانى واژووکرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە بە دەستوورى ڕۆژئاواى کوردستان دەناسرێت. بە پێى ئەم دەستوورە لە سوریا هەرێمێک بە ناوى هەرێمى باکوورو ڕۆژهەڵاتى سوریا پێکدەهێنرێت. لە ١٣٤ ماددە پێکهاتووە، کە لە چوار بەشدا کۆکراوەتەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە کانتۆنەکانى جەزیرە، تەبقا، ڕەققە، دێرەزوور، فیڕات، شەهباو مەنبیج لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەوەى سەیرە، لەم هەرێمەدا جگە لەوەى باس لە نەتەوەیەکى دیاریکراو نەکراوە، زمانى کوردى دووەمین زمانى فەرمیی هەرێمەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمەکە بەشێک دەبێت لە سوریاى دیموکرات(12).

کوردانی سوریا دەکرێن بە دوو بەشەوە؛ هەندێکیان بە هۆی سیاسەتی بەعەرەبکردنەوە لە ناو سیستەمی ڕژێمی بەشار ئەسەددا تواونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پلەو پێگەی سەربازیی بەرزیان هەیە لە ناو سوپای سوریاداو ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئەسەددا بینیوە. ئەم کوردانە بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو لە سوریادا نیشتەجێن. بەشێکی دیکە لە کوردەکان لە ڕووی دیموگرافییەوە لە باکووری سوریادا نیشتەجێن. ئەم کوردانە خزمایەتییان هەیە لەگەڵ کوردانی عێراق‌و تورکیادا، هەر بۆیە بە هۆی هاوسنوورییانەوە لەگەڵ کوردانی دیکەدا زیاتر هەستی نەتەوایەتی تێیاندا بەهێزەو لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیاندان(13).

هۆکارەکانی پشت ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ خۆپیشاندان دژی ڕژێمی سوریا دەستیپێکرد، تاوەکو ماوەیەکی زۆر لە ناو بەرەی ئۆپراسیۆندا هەست بە جوڵەى کوردەکان نەدەکرا، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٢و دامەزراندنی کانتۆنەکان، تورکیا هەستی بە مەترسیی کوردەکانی سوریا کردو مۆتەکەی دامەزراندنی هەرێمێکی دیکەی کوردستان دروستبوو، هەر بۆیە تورکیا پەیەدەی وەکو بەشێک یان هەر خودی پەکەکە دەبینى(14).

ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوخۆو دەرەوەى وڵات بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانە بەرانبەر بە هێمنی‌و ئاسایشی نیشتیمانی، ئەمەش بە تایبەت لە سنوورەکانى تورکیا لە باکووری عێراق‌و سوریا(15)، هەر بۆیە حکومەتی تورکیا بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکات کێشەى ئەوان لەگەڵ کورددا نییە، بەڵکو کێشەی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدایە. لەم ڕوانگەیەوە تورکیا هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەکار بۆ لە ناوبردنی پەکەکەو لایەنگرانی. تورکیا پێى وایە ئەو جوڵە سیاسییەى لە باکوورى سوریا هەیە، هەر جوڵەى پەکەکەیە، بەڵام لە ژێر ناوێکی دیکەدا(16)، هەر بۆیە تورکیا بە تایبەت پەیەدە وەکو مەترسییەک بۆ سنوورەکانی خۆی دەزانێت(17)، چونکە تورکیا ترسی لەوە هەیە هاوشێوەی باکووری عێراق لە باکووری سوریا هەرێمێکی ئۆتۆنۆم بۆ کوردەکان دروستببێت. هەروەک چۆن پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا چالاکی بەرانبەر بە تورکیا دەکات، لەو هەرێمە نوێیەوە، واتە لە باکوورى سوریاوە، ببێت بە مەترسی بۆ سەر تورکیا. هەرچەندە بە ڕەسمی باس لە پەیوەندیی نێوان پەیەدەو پەکەکە ناکرێت، بەڵام تورکیا لە هەڵوێستە سیاسییەکانی پەیەدەوە بۆنی پەکەکە دەکات(18). بە تایبەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە تەمموزی ٢٠١٢ لە ناوچە کوردنشینەکان. ململانێی نێوان گرووپە کوردییەکان‌و بە تایبەت هێزەکانی پەیەدە زیاتر دەرکەوتن(19).

زەکەریا ئاکتورک؛ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتەکەی لە ١٢ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٣ ڕایگەیاند: “تورکیا بۆ پاراستنی هێمنی‌و ئاسایشی ناوخۆو ناوچەکە لە هەوڵەکانی بەرانبەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، کەجەکە، پەیەدە-یەپەگە، داعش‌و فەتۆ (گرووپی خزمەت/فەتحوڵڵا گولەن) بەردەوامدەبێت.” هەروەها وتیشی: “لە ماوەی ئەمساڵدا لە باکوورى عێراق‌و سوریا هەزارو ٦٤٠ تیرۆریستمان لەناوبردووە. لە ساڵی ٢٠١٥ بە دواوە تاوەکو ئەمڕۆ بە کۆیگشتی ٣٨ هەزارو ٩٨٣ تیرۆریست لەناوبراون.”(20) وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سەبارەت بە دۆخی سوریا وتوویەتی: “ئۆپراسیۆنەکانمان بەرانبەر بە هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا، تەنها تیرۆریستان دەگرێتەوە، ئەمەش بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان‌و بەبێ پێشێلکردنی مافى دراوسێکانمان، هەر بۆیە لە ئۆپراسیۆنەکانماندا ڕەچاوی مافی خەڵکانی سیڤیل کراوەو جگە لە تیرۆریستان لە هیچ ئامانجێکی دیکە نەدراوە.” هەروەها ئاکتورک جەختی لەوەش کردووەتەوە: “ئۆپراسیۆنەکان بەردەوامدەبێت تاوەکو ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سوریا دروستدەکرێت.”(21)

ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٤ یەکەمین هێرشی پەکەکە بۆ سەر تورکیا کرا، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەستیان بە مەترسیی پەکەکە کرد، هەر بۆیە زۆرترین ئۆپراسیۆنێک تورکیا کردبێتی، بەرانبەر بە پەکەکە بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام تورکیا باسی لە مەترسیی بەکارهێنانی خاکی سوریا لەلایەن پەکەکەوە کردووە، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشقدا لە گرفتدا بێت(22)، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٥ ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووى لە زیادبوون کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ژێر ناوى “لەناوبردنی سەرچاوەی تیرۆر”دا ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات هەڵکشاوە(23).

یەکەمین ئۆپراسیۆنێک لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٨ى ئابى ٢٠١٦ ئەنجامدرا، ئەمەش بە پێی ڕێککەوتنامەی نێوان تورکیاو ئەمریکا بوو بۆ پاراستنی سنوورەکانی تورکیا لە مەترسیی گرووپە چەکدارەکان(24). لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ستراتیژیەتی بێوچانی ئۆپراسیۆنەکانی ڕاگەیاند، ئەمەش بە مانای کردنە ئامانجی هەموو لایەنەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت. بە شێوەیەکی گشتی جگە لەوەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ لە ناوبردنی تیرۆرە، لە هەمان کاتیشدا بۆ دوورخستنەوەیانە لەو شوێنانەی دەیانەوێت چالاکیی تێدا بکەن. ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ بە دواوە زۆر ڕووى لە زیادبوون کردووە. لەم ئۆپراسیۆنانەدا دەزگای میتی تورکی ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوى بینیوە. لە کاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ تەنها ٦ ئۆپراسیۆن کراوە، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە ٢٠١٩ بۆ ١٤، لە ٢٠٢٠ بۆ ١٣و لە ٢٠٢١ بۆ ١٤ ئۆپراسیۆن بەرزبووەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ٢٠١٨ تاوەکو ٢٠٢٢ نزیکەى ٧٩ ئۆپراسیۆن ئەنجامدراوە. ٥٧ ئۆپراسیۆن لە عێراق‌و ٢٢ ئۆپراسیۆن لە سوریا بووە. لەم ژمارەیە ١٥ ئۆپراسیۆن بەرانبەر بە یەپەگەو ٦٤ ئۆپراسیۆن بەرانبەر بە پەکەکە کراوە(25). بە پێی ڕاپۆرتێک، کە لە تشرینى دووەمى ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە، تورکیا لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانیەوە لە ماوەی ٦ ساڵدا توانیویەتی ١٦ هەزارو ٩١٣ کەس لە هێزەکانی پەیەدەو یەپەگە بکاتەئامانج(26).

ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بریتی بوون لە:

یەکەم/ ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات: ئەم ئۆپراسیۆنە بە ئامانجی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش کرا. ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات لە ڕێکەوتی ٢٨ى ئابى ٢٠١٦ دەستیپێکردو توانرا ناوچەی جەرابلوس‌و باب لە داعش پاکبکرێتەوە. ئۆپراسیۆنەکە ماوەی ٢١٧ ڕۆژ بەردەوامبووەو لە ٢٩ى ئازارى ٢٠١٧ کۆتاییهاتووە(27).

دووەم/ ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتوون: زەیتوون لە تورکیا هێمای ئاشتییە، بەڵام تورکیا لە ژێر ئەو ناوەدا بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگی‌و بە یادى “٧٢ شەهید”ى ئۆپراسیۆنى قەڵغانى فوراتدا هێرشى بۆ سەر شەڕڤانان لە عەفرین کرا، چونکە تورکیا هێزەکانى پەیەدەو یەپەگەى لە عەفرین بەمەترسىدەزانى، هەر بۆیە ئۆپراسیۆنەکە لە ٢٠ى کانونى دووەمى ٢٠١٨ دەستیپێکردو لە ١٨ى ئازارى هەمان ساڵ کۆتاییهات. لە ئەنجامدا هێزە سەربازییەکانى تورکیا جگە لەوەى توانییان دەست بە سەر ناوچەکانی بولبول بەلەد، ڕاجو بەلەد، شیخ حەدید بەلەد، شەرعان بەلەدو جندریس بەلەد بگرن، شارى عەفرینیشیان کۆنترۆڵکرد(28). لەگەڵ ئەمەشدا بە پێى ڕاپۆرتى وەزارەتى بەرگریی تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەدا ژمارەیەکى زۆر لە هێزەکانی پەکەکە، یەپەگەو هێزەکانی دیکەی ناوچەکە لەناوبراون(29).

سێیەم/ ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتی: لە ٩ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ دەستیپێکرد. دووبارە تورکیا ئەم ئۆپراسیۆنەشی بۆ فەراهەمکردنی ناوچەی ئارام لە سنوورەکانی لەگەڵ سوریاو دوورخستنەوەی مەترسییەکانی پەکەکە/پەیەدە کرد، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێزەکانی تورکیا لە گرێسپی (تەل أبیض)ەوە چوونەناو سوریا. لەم ئۆپراسیۆنەدا لە ٤ هەزار کیلۆمەتردا نزیکەی ٦٠٠ کەس لە هێزەکانی پەکەکەو یەپەگە کوژراون(30).

چوارەم/ ئۆپراسیۆنی داڵی زستان: لە ١ى شوباتى ٢٠٢٢ کراوە. بە هەمان شێوە ئەم ئۆپراسیۆنەش بۆ ڕوبەڕووبوونەوەى هێزەکانى پەکەکە، پەیەدەو یەپەگە لە سنوورەکانى هەرێمى کوردستان‌و ڕۆژئاوای کوردستان کراوە. قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەکە لە ٢٠ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٢ بەرانبەر بەو هێرش‌و چالاکییانەى بە تایبەت هێزەکانى پەکەکە لە سنوورەکانى تورکیا لە هەرێمى کوردستان‌و ڕۆژئاوای کوردستان دەیانکردەسەر سوپای تورکیا، کراوە(31).

ساڵی ٢٠٢٢ بۆ سوریا ساڵێکی سەقامگیر بوو، چونکە لە لایەک بە هۆی شەڕی ڕووسیاو ئۆکرانیاوە، ڕووسیا ناچاربوو زۆرێک لە هێزەکانی خۆی لە سوریاوە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە، ئەو وڵاتە کەمتر بایەخی بە سوریا دەدا. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا گرنگیی کەمترى بە سوریا دەدا. بەم جۆرە گۆڕەپانەکە بۆ تورکیا چۆڵ بوو، بەڵام هێشتا ئەمریکا لە پاراستنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکەو یەپەگە بەردەوامبوو، هەر بۆیە تورکیا لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریادا، دەیویست چارەسەری بابەتی ڕۆژئاوای کوردستان بکات. لەم ڕوانگەیەوە ساڵی ٢٠٢٣ بە ساڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ڕژێمی سوریا دادەنرێت(32).

لەگەڵ هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشقدا، ئەنقەرە بەردەوامبووە لە ئۆپراسیۆنی سەربازی‌و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمەش لە پێناو کۆتاییهێنان بە باڵادەستیی پەکەکەو یەپەگە لەو ناوچانەدا، لێرەوە ڕووندەبێتەوە ئامانجی تورکیا لە دانوستان لەگەڵ سوریایش بۆ کۆتاییهێنانە بە ئەزموونی ڕۆژئاوا، چونکە تورکیا پێی وایە تاوەکو ئێستاش هێزەکانی پەکەکەو یەپەگە مەترسین بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریاو سنوورەکانی تورکیا(33). لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازیی بەرگری‌و دروستکردنی فڕۆکەیبێفڕۆکەوانەوە لەلایەن تورکیا خۆیەوە، بەراورد بە ئۆپراسیۆنەکانی پێشوو تورکیا کەمتر دەچێتە خاکی سوریاوەو لە ڕێگەی درۆنەکانیەوە ئامانجەکانی دەپێکێت(34).

دوای ئەو هێرشەى لە ڕێکەوتى ١٣ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٢، کە کرایەسەر شەقامى ئیستیقلال لە ئەستەنبوڵ‌و هێرشى ١ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٣ بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ لە ئەنقەرە، تورکیا هێرشىکردەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە تورکیا پێی وا بوو ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە لە سوریاوەو بە تایبەت بە ڕێنمایی پەکەکەو یەپەگە کراوە، هەر بۆیە دوای هێرشەکە هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: “تورکیا هەموو ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە پەیوەندییان بە پەکەکەو یەپەگەوە هەیە”، هەر بۆیە دوای ئەم ڕوونکردنەوەیە تورکیا چەند هێرشێکی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا. لە هەمان کاتدا ئەم هێرشانە پەیامێک بوو بۆ ڕووسیا، ئەمریکاو ڕژێمی سوریا، کە خۆیان لە پەکەکەو یەپەگە دوور بن(35).

لەگەڵ بەردەوامیی مەترسیی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئاسایشی نیستیمانیی تورکیا،  پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ١٧ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٣ بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزە چەکدارەکان‌و ئۆپراسیۆنەکانی لە عێراق‌و سوریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە(36). هەڵبەت بۆ یەکەم جار پەرلەمانى تورکیا لە ٧ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٤ ڕەزامەندیی ئۆپراسیۆن‌‌و ناردنى سەربازى بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی داوە(37).

لە بریی ئۆپراسیۆن، بەئامانجگرتنی ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان

لەگەڵ ئەوەى تورکیا ئۆپراسیۆنەکانى لە ڕۆژئاواى کوردستان تەنها بۆ مەبەستى نەهێشتنى ئەو مەترسیانە بووە کە لە سنوورەکانیدا هەیەو دوور لە بەئامانجگرتنى دامەزراوە دەوڵەتی‌و هەستیارەکان، بەڵام لە ئۆپراسیۆنەکاندا جگە لە خەڵکى سڤیل، چەندین شوێنى گشتى کراونەتە ئامانج. لە سەر ئەم بابەتە هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند ئیتر لە هێرشەکاندا بەنداو، وێستگەی کارەباو ژێرخانەکانی دیکە دەکرێنەئامانج، چونکە ئەوەی تاوەکو ئێستا گرووپە سەربازییەکانی ئەو ناوچەی هێشتووەتەوە، بریتییە لە سەرچاوە ئابوورییەکانی، هەر بۆیە ئێمە سڵ لە لەناوبردنی ئەو سەرچاوانەی تیرۆر ناکەینەوە(38). لەگەڵ ئەوەشدا هاکان فیدان وتی: “یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بۆ تورکیا بریتییە لە شەڕى تیرۆر، هەر بۆیە ئەو پەیامەی لە ئۆپراسیۆنەکاندا هەمانبووە، ڕوون‌و ئاشکرایە، واتە ئەگەر لە تورکیا تیرۆرستان هەر چالاکییەک بکەن، وەڵامەکەی لە ئەشکەوتەکانی عێراق نابێت، بەڵکو هەر چالاکییەک بۆ سەرچاوەکەى خۆی دەگەڕێنینەوە.”(39)

ڕۆژێک دوای ڕەزامەندیی پەرلەمان لە سەر درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی سوپای تورکیا لە سوریاو عێراق‌و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی، بە بەهانەی ئەو هێرشەی کرایەسەر وەزارەتى ناوخۆ لە ئەنقەرە، جارێکی دیکە پەلاماری ڕۆژئاواى کوردستانی دایەوە. لە ئەنجامداو لە ترسی هێرشەکانی تورکیا ٩ قوتابخانە داخران‌و چەندین خوێندکار لە خوێندن بێبەشبوون. لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاپۆرتێکی سایتی شارپرێسدا هاتووە، تورکیا تاوەکو ئێستا بە فڕۆکەی جەنگی‌و فڕۆکەیبێفڕۆکەوان ٢٠٩ هێرشی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان  کردووە. لەم هێرشانەدا لە ناوچەی ترپەسپی ٧ وێستگەی کارەبا، لە ناوچەی دێرک وێستگەیەکی سوتەمەنی، وێستگەی گوندی تەقیل پەقل، نەخۆشخانەی دێرکی کۆرۆنا، وێستگەیەکی سوتەمەنی لە قامیشلۆ، کۆگای دانەوێڵەو وێستگەی کارەبا لە شاری عامودا، وێستگەی کارەبا، ئاوو کۆگای دانەوێڵەی عەین عیسا، وێستگەی سوتەمەنی، کارەباو کۆگای دانەوێڵەی حەسەکەی بۆردومانکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی لێدوانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیاد لە ٢ ملیۆن کەس بێئاوو کارەبا بوون، بە بەهای زیاد لە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە ژێرخانی ئابوورى ناوچەکە گەیشتووە. هەموو ئەمانە وای کرد بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچەکە سەبارەت بە زیانی هێرشەکانی تورکیا، داوای لێکۆڵینەوە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن.(40)

لە ٢٢ى کانوونى یەکەمى ٢٠٢٣ گەریلاکانی پەکەکە دزەیانکردەناو بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان‌و ١٢ سەربازیان کوشت، هەروەها لە لە ١٢ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤ لە هێرشێکی دیکەی گەریلادا ٩ سەرباز کوژرا.(41) دەستبەجێ دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی (Milli Güvenlik Kurulu (MGK) کە پێکهاتووە لە سەرۆککۆمار، وەزیرى بەرگرى، ناوخۆ، دەرەوە، سەرۆکى ئەرکانى گشتیی سوپاو سەرۆکى دەزگاى میت کۆبوونەوە.(42) لەو دانیشتنەدا جەخت لە سەر هێرشکردنەسەر هێزەکانى پەکەکە، پەیەدەو یەپەگە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی‌ سوریاو هەرێمى کوردستان کرایەوە. دواى کۆبوونەوەکە سەرۆککۆمارى تورکیا وتى: “تاوەکو ئارامى بۆ سنوورەکانمان نەگەڕێنینەوە، لە سەر ئۆپراسیۆنەکانمان لە ناوچەکە بەردەوامدەبین.”(43) هەر لەم ڕوانگەیەوە تورکیا لە ١٤ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤ هێرشىکردەسەر گوندى زەبانەى قامیشلۆ لە دەوروبەرى حەسەکەى ڕۆژئاوای کوردستان. لەم هێرشانەدا چەند وێستگەیەکى پاڵاوگەى نەوت‌و غازى سروشتى ناوچەکە کرانەئامانج. لەم بارەیەوە وەزارەتى بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: “ئەم هێرشانە وەڵامێکی توندە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستان.”(44)

ئەنجام

کورد وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانى سوریا، لە سەرەتاى دروستبوونى ئەو دەوڵەتەوە، بە هۆى چەوساندنەوەیەوە، بەردەوام لە هەوڵى بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانیدا بووە. یەکێک لەو دەرفەتانەش کە هاتەپێشەوە، بۆئەوەى کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بتوانن بەشێک لەو مافانە بۆ خۆیان بەدەستبهێنن، بریتی بوو لە بەهارى عەرەبى‌و سەرهەڵدانى شۆڕش لە سوریا، چونکە بە هۆى ئەم شۆڕشەوە دەوڵەتى سوریا دەسەڵاتى لە ناوچە کوردییەکان زۆر لاوازبوو، ئەمەش بووە دەرفەتێک کوردەکان بتوانن پێگەو دەسەڵاتى خۆیان بەهێزبکەن.

هەر زوو لەلایەن تورکیاوە هەست بەم جموجۆڵەى کوردەکان کراو ترسى دروستبوونى هەرێمێکى دیکە بۆ کوردەکان بووە ڕۆژەڤی بەرپرسانی ئەنقەرە، هەر بۆیە بە بیانووى بوونى چەکدارانی پەکەکەو پاراستنى سنوورەکانى لەم هێزانە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى دەستپێکرد.

ئۆپراسیۆنەکان لە ساڵی ٢٠١٦ تاوەکو ٢٠٢٢ بە پێنج قۆناغ کراوەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هێرشی ئاسمانی‌و فڕۆکەیبێفڕۆکەوان بەردەوامە، بە جۆرێک تورکیا دەستی گەیاندووەتە ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و دامەزراوە ستراتیژییەکان لەناودەبات.

هەرچەندە بەردەوام تورکیا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەمانج لەو ئۆپراسیۆنانە لەناوبردنى هێزەکانى پەکەکە، یەپەگەو پەیەدەیەو تەنها بنکەو بارەگاکانى ئەوان دەکرێنەئامانج، بەڵام لەم هێرشە سەربازییانەدا چەندین دامەزراوەی گشتیى وەک وێستگەى کارەبا، قوتابخانەو خانووى هاوڵاتیانی سڤیل کراونەتەئامانج. ئەمە جگە لەوەى لەم کۆتاییانەدا تورکیا بە ئاشکرا کردنەئامانجى ئەو دامەزراوە دەوڵەتییانەی کە لەلایەن هێزەکانى پەیەدەو یەپەگەوە سەرپەرشتىدەکرێت، ڕایگەیاندووە، هەروەها لە بەشێکی هێرشەکاندا هاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی.

ئەوەی تورکیا بە ناوی ئۆپراسیۆن‌و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە دەیکات، ئەگەر بەشێکیشی ڕاست بێت، ئەوا لە ڕاستیدا لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری، سیاسی‌و دیموگرافیی ڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریایە. لەم نێوەندەشدا بە پلەی یەکەم کوردەکان‌و پاشان دەوڵەتی سوریا زیانمەنددەبێت‌و بۆ ئێستا تورکیاو لە ئایندەشدا کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە سوودمەندی یەکەم دەبن.

سەرچاوەکان

  • Deşilmek, Enes(2021) “Suriyeli Kürtler ve Siyasi Entegrasyon Arayışı”, İhtisas Akademi,(1).
  • ڕۆژ نیوس(١٢.٣.٢٠٢٣)،”کۆمەڵکوژییەکەى قامیشلۆ بووە بەردى بناغەى شۆڕشى ڕۆژاواى کوردستان”، https://rojnews.news/?p=341924، ١٠/٢/٢٠٢٤.
  • پەیسەر(١٢/٣/٢٠٢٠)،”ڕۆژاواى کوردستان لە ڕاپەڕینى قامیشلۆوە بۆ خۆبەڕێوەبەرایەتى دیموکراتى”، https://www.peyserpress.com/detail/4862  ١٠/٢/٢٠٢٤ . – Deşilmek, Enes(2021) , önceki kaynak , s(1)- ­ ڕۆژ نیوس(١٢.٣.٢٠٢٣)، سەرچاوەى پێشوو.
  • Kadıoğlu, İ. Aytaç(2020) “Zeytin Dalı Harekatı: Türkiye’nin Suriye’ye Sınır Ötesi Operasyonu ve Meşru Müdafaa Hakkı “, Pamukkale Üniversitesi Sosyal Bilimler Enstitüsü Dergisi, s(212).
  • Deşilmek, Enes(2021) , önceki kaynak , s(2).
  • Aynı kaynak, s(2).
  • Acun ,Can ve Keskin, Büniyamin(2017), “PKK2’nin Kuzey Suriye Örgütlenmesi PYD-YPG”, SETA Yayınları, 2. Baskı, Ankara, s(25). – Deşilmek, Enes(2021) , önceki kaynak , s(2).
  • Aynı kaynak, s(2).
  • Adar, Nujiyan(20.12.2023), “Toplumsal Sözleşmes, Suriye’ye çözüm sunuyor”, ANFNEWS, ,https://firatnews.com/rojava-surIye/toplumsal-sozlesme-suriye-ye-cozumde-sunuyor-191864. 10.02.2024.
  • Bayraktar Bora, “Suriye İç Savaşı Açısından Zeytin Dalı(Afrin) Hareketi”, s(4).
  • Yeni Özgür Politika,(14.12.2023), “Toplumsal Sözleşmesi ve Yürürlükte”, https://www.ozgurpolitika.com/haberi-toplumsal-sozlesme-yururlukte-184429. 10.02.2024.
  • شوان صدیق(١٤/١٢/٢٠٢٣)،”شتێک، بەناوی دەستووری ڕۆژئاوای کوردستان نییە! “، https://www.awene.com/article?no=20901&auther=2712، ١٠/٢/٢٠٢٤. –

Adar, Nujiyan(20.12.2023), önceki kaynak

 13- Erkmen, Serhat(2012), “Türkiye ve Suriyeli Kürtler: Güven Bunalım, Tıkanmışlık ve Bir Arada Yaşam- Ortadoğu Analizi”, sayı (4), 47 Orsam, Kasım, Ankara, s(2).

14- Aynı kaynak.

15- Göksedef , Ece(6.12.2022), Türkiye’nin Suriye’de planladığı operasyonla ilgili neler biliniyor?, BBC Türkçe, https://www.bbc.com/turkce/articles/cw5vrxnnxk2o. – Kadıoğlu, İ.  Aytaç(2020), önceki kaynak,  s(212).

16- Göksedef , Ece(6.12.2022), önceki kaynak.

17 Deşilmek, Enes(2021) , önceki kaynak , s(2).

18 Erkmen, Serhat(2012), önceki kaynak, s(28).

19 Demir, Enes (2021), “Türkiye’nin Suriye Politikası Bağlamında TSK’nın Suriye’deki Sınır ötesi Harakatlarının nedenleri ve sonuçları”, s(547), 10.02.2024 – Deşilmek, Enes(2021) , önceki kaynak , s(2).

20 Gemici, Orhan Onur (12.10.2023), “Irak ve Suriye’nin Kuzeyi dahil son bir haftada 252 terörist etkisiz hale getirildi”, Anadolu Ajansı, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/irak-ve-suriyenin-kuzeyi-dahil-son-bir-haftada-252-t erorist-etkisiz-hale-getirildi/3016764. 10.02.2024.

21 Aynı kaynak.

22 – Kadıoğlu, İ.  Aytaç(2020), s(212).

23- Özdemir, Mehmet (2022), “Irak ve Suriye’de Türkiye’nin Nokta Operasyonları”, Kriter  sayı (71). https://kriterdergi.com/yazar/durdu-mehmet-ozdemir/irak-ve-suriyede-turkiyenin-nokta-operasyonlari

24 Özer, Sarp(28.11.2022), “Suriye’nin Kuzeyindeki operasyonlarla 6 yılda yaklaşık 17 bin terörist etkisiz hale getirildi”, Anadolu Ajansı,https://www.aa.com.tr/tr/gundem/suriyenin-kuzeyindeki-operasyonlarla-6-yilda-yaklasik-17-bin-terorist-etkisiz-hale-getiri. 10.02.2024.

25- Özdemir, Mehmet (2022), “Irak ve Suriye’de Türkiye’nin Nokta Operasyonları”, Kriter  sayı (71). https://kriterdergi.com/yazar/durdu-mehmet-ozdemir/irak-ve-suriyede-turkiyenin-nokta-operasyonlari. 10.02.2024.

26- Özer, Sarp(28.11.2022), önceki kaynak.

27- Deşilmek, Enes(2021) , önceki kaynak , s(2). – Özer, Sarp(28.11.2022), önceki kaynak.

28- Kadıoğlu, İ.  Aytaç(2020), s(212).

29- Türkiye Cumhuriyeti – Milli Savunma  Bakanlığı(2023), “Zeytin Dalı Hareketi”, https://www.msb.gov.tr/ZeytinDaliHarekati. 18.02.2024.

30- Özer, Sarp(28.11.2022), önceki kaynak.

31- Türkiye Cumhuriyeti – Dışişleri Bakanlığı(2023), “Türkiye-Suriye İlişkileri”, https://www.mfa.gov.tr/turkiye-suriye-siyasi-iliskileri-.tr.mfa. 18.02.2024.

32 –  Acun , Can ve Görücü, Kutluhan(01.01.2023), “Türkiye’nin Suriye Politikası ve 2023 Senaryoları”, Kriter Dergisi, sayı 7 ve 47. https://kriterdergi.com/dis-politika/turkiyenin-suriye-politikasi-ve-2023-senaryolari. 10.02.2024.

33- Orsam(02.08.2023), “Ortadoğu Gündemi: 17-23 Temmuz 2023”, Ortadoğu Araştırmaları Merkezi,https://www.orsam.org.tr/tr/ortadogu-gundemi-17-23-temmuz-2023/.  18.02.2024.

34- Orhan, Oytun(10.10.2023), “Türkiye’nin Suriye’de terör örgütü PKK/YPG’ye karşı operasyonları: Hedefler, sonuçlar ve beklentiler”, Ortadoğu Araştırmaları Merkezi (ORSAM), https://orsam.org.tr/tr/turkiyenin-suriyede-teror-orgutu-pkk/ypgye-karsi-operasyonlari-hedefler-sonuclar-ve-beklentiler/ , 18.02.2024.

35- Aynı kaynak  – BBC  NEWS Türkçe(16.11.2022), “İstiklal Caddesindeki bombalı saldırı ve sonrasında yaşanalar hakkında neler biliyoruz”, BBC  NEWS Türkçe, https://www.bbc.com/turkce/articles/c0vq1d5eexqo. 18.02.2024.

36- İhlas Haber Ajansı(17.10.2023), “Irak ve Suriye tezkeresi kabul edildi”, https://www.iha.com.tr/ankara-haberleri/irak-ve-suriye-tezkeresi-kabul-edildi-38559197 , 19.02.2024. –  Sayın, Ayşe (17.10.2023), “Suriye-Irak tezkeresinin süresi 2 yıl uzatıldı: İyi Parti hayır oyu kullanan CHP’yi eleştirdi”, BBC NEWS Türkçe, https://www.bbc.com/turkce/articles/c3gxdv8y9kqo, 19.02.2024.

37- Özden, Ahmet Alp(26.10.2021), “TBMM Genel Kurulunda, Irak ve Suriye tezkeresinin süresi 2 yıl daha uzatıldı”, https://www.aa.com.tr/tr/politika/tbmm-genel-kurulunda-irak-ve-suriye-tezkeresinin-suresi-2-yil-daha-uzatildi/2403665, 18.02.2024.

38- Yeni yaşam gezetesi(18.10.2023), “Türkiye Efrîn’i bombaladı: 9 okul ara verdi”, https://yeniyasamgazetesi5.com/turkiye-efrini-bombaladi-9-okul-egitime-ara-verdi/. 19.02.2024.

39- Dilara, Sümeyye ve Koca, Büşranur(18.10.2023), “Dışişleri Bakanı Hakan Fidan, terör örgütlerinin her eylemini “adrese iade” ettiklerini söyledi”, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/disisleri-bakani-fidan-teror-orgutlerinin-her-eylemini-adrese-iade-ettiklerini-s.

40- جودى، کەنداڵ(١٣/١٠/٢٠٢٣), “شار پریس تاوانەکانى تورکیا لە ڕۆژئاواى کوردستان بە بەڵگە دەکات”، https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=220536. –  چاوشین، محمد(١٧/١٠/٢٠٢٣)، “ڕۆژاواى کوردستان لە ژێر ئاگرى سوپاى تورکیا”، ڕێگاى کوردستان ،https://www.regaykurdistan.com/index.php/hewal/kwrdstany/zhyaway-kwrdstan-l-zh-r-yagry-swpay-twrkyada، ١٩/٢/٢٠٢٤/

41- Yazıcıoğlu, Yıldız(16.01.2024), ” Milli Savunma Bakanı Güler’den Irak’ın Kuzeyindeki üslerde eksiklik yok mesaji”, VoaTürkçe, , https://www.voaturkce.com/a/mi%CC%87lli%CC%87-savunma-bakani-guler-irak-kuzeyindeki-uslerde-eksiklik-yok-mesaji/7442423.html. 20.02.2024.

42- Hacaloğlu, Hilmi(13.01.2024), ” İstanbul!da Güvenlik Zirvesi: Artan terör eylemleri, PKK’yı semirtme senaryolerının sinisi birer parçasıdır”, VOA Türkçe,  https://www.voaturkce.com/a/istanbul-da-guvenlik-zirvesi-artan-teror-eylemleri-pkk-yi-semirtme-senaryolarinin-sinsi-birer-parcasidir/7438780.html, 21.02.2024.

43- VOA Türkçe(18.01.2024), ” Türkiye ihtiyaç halinde Irak ve Suriye’de yeni operesyonler yürütebilir”, https://www.voaturkce.com/a/turkiye-ihtiyac-halinde-irak-suriye-yeni-operasyonlar-yurutebilir/7445474.html. 25.02.2024.

 – 44 سایتى کوردستان ٢٤(١٢/١/٢٠٢٤)،” تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کێڵگە نەوتییەکانی حەسەکە بە ئامانج دەگرێت”، https://www.kurdistan24.net/ckb/story/250044-%D8%AA%D9%88%D8%B1%DA%A9%DB%8C%D8%A7-%D8%A8%DB%95-%D9%81%DA%95%DB%86%DA%A9%DB%95%DB%8C-%D8%A8%DB%8E%D9%81%DA%.

  1. H. Gezetesi(23.02.2024), “Suriye’nin Kuzeyinde 5 PKK/YPG’li terörist etkisiz hale getrildi”, Türkiye Haber Gezetesi, https://thabergazetesi.net/suriyenin-kuzeyinde-5-pkk-ypg-li-terorist-etkisiz-hale-getirildi/., 28.02.2024.

 

Send this to a friend