لاوازیی سیستمی دارایی و نەبوونی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان؛ مەترسی، ئاستەنگ و چارەسەرەکان
ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد
بەرایی
هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوەی خاوەنی دەوڵەت نییە و سەر بە حکومەتی فیدراڵیی عێراقە، نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی بانکی ناوەندی، ئەمەش وای لە هەرێمی کوردستان کردووە لەژێر کاریگەریی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و دۆخە ئابووری و داراییەکەی بەغداددا بێت. ئەم دۆخە هەروەها ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ئابووری و دارایی کردووەتەوە و لە کاتی قەیرانەکانیشدا زیاتر نەبوونی بانکی ناوەندیی پێوە دیارە. بە پێی بۆچوونی پسپۆڕانی ئابووری و دارایی، جگە لە نەبوونی بانکی ناوەندی، نەبوونی سیستمێکی ئابووری و دارایی تۆکمە، ڕوون و ستراتیژی؛ وای کردووە کێشەکان بۆ هەرێمی کوردستان قورس و ئاڵۆزتر ببن. سەرهەڵدانی شەڕی داعش، نزمبوونەوەی نرخی نەوت، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد و دواجاریش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ هەرێمی کوردستانی خستە بەردەم چەند تاقیکردنەوەیەکی قورس و ئەم تاقیکردنەوەیەش کاریگەرییە خراپەکانی نەبوونی سیستمێکی دارایی بەهێزی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەرخست.
کێشە داراییەکانی هەرێم
لەدوای بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداد و هەناردەکردنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن هەرێمەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی قورس بووەوە و سەرهەڵدانی داعش و دواتریش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێندەی دیکە دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی قورستر کرد. پسپۆڕان ڕەخنە لە سیاسەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەگرن و چەند چارەسەرێکیش بۆ قەیران و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دەخەنە ڕوو.
د. یونس عەلی ئەحمەد؛ پسپۆڕی بواری دارایی، لە بارەی گرنگترین کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: یەکەم کێشە لە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی داهات، لە دەرامەت و دەستهاتی هەرێمی کوردستاندایە زیاتر لەوەی لە کەمیی داهاتدا بێت. دووەم کێشە، شێوازی خەرجکردنی داهاتەکانە. واتە هەم بەڕێوەبردنی داهاتەکە کێشەی تێدایە، هەم خەرجکردنەکەی. بۆیە دەبینین هەرێمی کوردستان بەردەوام لە کورتهێناندایە. هەرێمی کوردستان داهاتی زۆرە، بەتایبەت داهاتی نەوت، بەڵام پەرشوبڵاوی و ناڕێکی هەیە لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردنەکەی، بۆیە تەنانەت نەتوانراوە سوودی زۆر لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگیردرێت. ئەم کێشانە کاریگەریی ڕاستەوخۆشیان هەبووە لەسەر بودجە کە لە داهاتی گشتی و خەرجیی گشتی پێک دێت، بەتایبەت کە هەموو داهاتەکان نایەنەوە گەنجینەی گشتی، وەک هەمیشە حکومەت ئاماژەی پێ دەکات. بەگشتی خەرجی لە وڵاتانی پێشکەوتوو لەنێوان خەرجیی وەبەرهێنان و خەرجیی بەکاربردندا دابەش دەبێت. هەندێک توێژینەوە ئەوەی دیاری کردووە کە پێویستە خەرجیی وەبەرهێنان ٧٠٪ بێت و خەرجیی بەکاربردن ٣٠٪ بێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمە خەرجیی وەبەرهێنان (٣٠٪)یش کەمترە و خەرجیی بەکاربردن ٧٠٪ زیاترە، ئەمەش بە هۆی زۆریی ژمارەی مووچەخۆران، بەتایبەت ئەو مووچەخۆرانەی کە شایستە نین. یەکێک لەو کێشانەش کە ئابوورییە نەوتییەکان پێوەی دەناڵێنن ئەوەیە ئابوورییەکە یەکلایەنەیە، ئەمەش وای لێ دەکات داهاتەکەشی یەکلایەنە بێت، واتە لەگەڵ گۆڕینی نرخی نەوت، داهاتیش دەگۆڕێت و بەپێچەوانەشەوە. ئەم ئابوورییە یەک سەرچاوەیە کێشە بۆ دارایی دروست دەکات.
چارەسەر بۆ سیستمی دارایی؛ پلان و نەخشەڕێگا
د. یونس عەلی ئەحمەد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سیستمی دارایی دەڵێت، بۆ ئەوەی سیاسەتی دارایی سەرکەوتوو بێت، پێویستە بەڕێوەبردن و ئیرادەیەکی باش هەبێت. لە هەرێمی کوردستان حکومەت خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە بەڕێوەبردنەکە زۆر گونجاو نییە و کەموکورتیی زۆری تێدایە، بۆ نموونە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکاندا گرنگی بە بۆچوون و توێژینەوەی کەسانی ئەکادیمیی بواری دارایی نادرێت. لە کۆنفڕانسەکاندا بۆچوونی ئەکادیمییەکان وەردەگیرێت، بەڵام لە سیاسەت و ستراتیژیەتی حکومەتدا جێگایان ناکرێتەوە و پیادە ناکرێن. بۆیە دەتوانین بڵێین حکومەتی هەرێم لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە لاواز بووە و لە ڕووی ئیرادەشەوە لاواز بووە و گەندەڵی و کێشەکان لە زیادبووندان. بودجە بابەتێکی زۆر گرنگە لەم بوارەدا، چونکە بودجە واتە دید و تێڕوانینی دارایی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی حکومەت لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات. کاتێکیش حکومەت بودجەی نییە، ناتوانیت بڵێیت بەڕێوەبردن و ئیرادەیەکی باشی هەیە و لە ڕووی داراییەوە سەرکەوتوو بووە. هەنگاوەکان بۆ باشکردن زۆر لاواز و سەرەتایین، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت؛ کێشە داراییەکان گەورەتر دەبن. بۆ نموونە؛ وەرگرتنی قەرزی دەرەکی قورستر دەکات، چونکە وڵات، کۆمپانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگای زانیاری و ڕاپۆرتەکانەوە تەماشای ڕەوشی نێوخۆیی دەکەن. حکومەتی هەرێمیش تا ئێستا وێبسایتێکی فەرمیی نییە بۆ پەخشکردنی زانیارییەکان لە هەموو کەرتەکان، ئەمەش وەها دەکات نەتوانێت دیدێکی نێودەوڵەتیی دروست بکات بۆ وەبەرهێنان و ئابووری. بۆیە چارەسەر، دانانی پلان و نەخشەڕێگایە. ئێمە وەزارەتی پلاندانانمان هەیە، پلانی کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەنمان هەیە. لە پلاندا زۆر گرنگە حکومەت پلانێکی گشتگیری هەبێت لەسەر ئاستی هەموو سێکتەر، دامودەزگا و دەستەکان. هەروەها پێشبینییەکی تەندروست بکرێت کە داهات و خەرجییەکانی ساڵی ئایندە چەندە؟ ئەو ئاستەنگ و کەموکوڕییانە چین دەکرێت ڕوو بدەن؟ دەبێت لە پلاندا ئاماژە بە هەموو سیناریۆکان بدرێت. پلان بە شێوەی تەدریجی جێبەجێ بکرێت. حکومەت نابێت تەنها وەک ژمێریارێک بیر بکاتەوە و تەنها بیری لای ئەوە بێت چەند پارە کۆ بکاتەوە و چەندی دەست بکەوێت، بەڵکوو دەبێت بیری لای ئەوە بێت دەرئەنجام و کاریگەریی کۆکردنەوەی ئەو داهاتە چی دەبێت. بۆ نموونە: زۆر جار حکومەت بەبێ لێکۆڵینەوە باجێکی زۆر لەسەر کۆمپانیا و هاوڵاتییان دادەنێت، کە دەبێتە هۆی لاوازی، وەستان و داڕمانی بازاڕ، کە ئەمەش بە زیان بۆ خەڵک و حکومەتیش دەشکێتەوە. بۆیە دانانی باجی نوێ و کۆکردنەوەی هەر سەرچاوەیەکی داهاتی نوێ لە ئاو، کارەبا، تاپۆ و هەموو سەرچاوەکانی دیکە، دەبێت لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە بێت و ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان لەبەرچاو بگیردرێن. حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە سوود لە کەسانی ئەکادیمی و ناوەندە زانستییەکان وەربگرێت و زۆر جار بڕیارە سیاسییەکان زاڵترن.
د. دلاوەر مەهفی هادی؛ پسپۆڕی بواری دارایی و بازاڕە داراییەکان، باس لە نەبوونی سیستمی دارایی دەکات و لە بارەی کێشە داراییەکان و سیستمی دارایی هەرێمەوە دەڵێت: بەگشتی لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان سیستمی داراییمان نییە، کە بنەڕەتترین کەرت و جومگەی پێشکەوتنی ئابووری و ژیانە. هەروەک لە کوردستاندا سیستمی ئابووری دانەمەزراوە، ئەمەش وای کردووە پێشکەوتنی هەموو بوارەکان دوا بخات و ئیفلیجی بکات، ناسەقامگیری بخاتە نێو کەرتی بزنس، تایبەت و خوێندن. لە بوونی سیستمێکی دارایی باشدا کۆمپانیاکان دەتوانن قەرز بکەن، وەبەرهێنانیان پێش بخەن، پڕۆژەی نوێیان هەبێت و خەڵکێکی زیاتریش بخەنە سەر کار. لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا و لەنێو ئەو هەموو تەنگەژە و ململانێ سیاسییەدا، هیچ ئومێدێک لەئارادا نییە سیستمی دارایی و ئابووری دابمەزرێت، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی زۆر زۆر خراپە. ئیرادەی سیاسی و حکومەت دەتوانێت سیستمێکی بەهێز دروست بکات و نەبوونی ئەم ئیرادەیەشە تا ئێستا نەیهێشتووە دروست ببێت. بەرژەوەندی کەسی، ململانێی سیاسی، ململانێی نێوان حزبەکان و نێو خودی حزبەکان؛ لە هۆکارە دیارەکانی نەبوونی ئەو ئیرادەیەن کە وای کردووە هیچ بیرێک لە ئایندەی ئەم وڵاتە نەکرێتەوە. ئەگەر ئەوانەی خاوەن بڕیارن و لە حکومەتدا دەسەڵاتیان هەیە؛ ئیرادەیان هەبێت، زۆر بەئاسانی دەتوانرێت سیستمێکی دارایی زۆر بەهێز دروست بکرێت.
کاریگەریی سیاسەتی دارایی عێراق لەسەر هەرێم
سیستمی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی سیستمە ئابووری و داراییەکەی عێراقدایە و هەر بڕیارێک لەلایەن دامەزراوە ئابووری و داراییەکانی عێراقەوە بدرێت، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەئاسانی خۆی لەم کاریگەرییانە ڕزگار بکات.
د. یونس عەلی ئەحمەد کاریگەرییەکانی دۆخی دارایی عێراق و بڕیارەکانی بەغداد لەسەر هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە و پێی وایە سیاسەتی دارایی عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سیاسەتی دارایی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە؛ کاتێک عێراق لەگەڵ ئۆپیکدا کۆ دەبێتەوە و لەسەر بڕ و نرخی نەوت ڕێک دەکەوێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر بڕ، نرخ و داهاتی نەوتی هەرێم و گرێبەست و کۆمپانیاکانیش کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. کاتێک حکومەتی عێراقی قەرز دەکات بۆ بووژاندنەوە یان هەر بوارێکی دیکە، هەم پشکی هەرێمی کوردستانی تێدایە و هەم نرخی سوودی (سوو) ئەو قەرزەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ئابووریی هەرێم. کاتێک حکومەتی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دراودا دەکات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمیش دەبێت، بەتایبەت کە ئابوورییەکەی عێراق لە هیی هەرێم گەورەترە، ئەم کاریگەرییەش ئاساییە، بە مەرجێک پاشکۆیەتی ڕوو نەدات و بە زیان بشکێتەوە. زۆر جار ستراتیژ و دارایی عێراق بە شێوازێکە، بۆ نموونە لە بواری باج گۆڕانکاری دەکات، حکومەتی هەرێم تەنها سوود لەو بڕگانەی گۆڕانکارییەکە وەردەگرێت کە داهاتی پێ زۆر دەکات، بەڵام سوود لەو بڕگانە وەرناگرێت یان نایەوێت سوود لەو بڕگانە وەربگرێت خەڵک تێیدا سوودمەند دەبن. بۆ نموونە؛ لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی ئینتەرنێت، کاتێک نرخی باج دەگۆڕێت لە عێراق، دەبێت بیر لە هەردوو بواری باج و خزمەتگوزارییش بکەیتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنها ئەو بەشەی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت کە پەیوەندیی بە باجەکەوە هەیە. ئەمە لە بواری خانەنشینی، بودجە و پلەبەرزکردنەوەش بە هەمان شێوەیە و کاتێک حکومەتی عێراق ڕێنمایی بۆ دەرکردووە و ستراتیژی دارایی بۆ داناوە؛ لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، چونکە پێیان وایە داهاتەکەیان کەم دەکاتەوە.
هەڕەشەکانی نەبوونی بانکی ناوەندی
هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوەی بەشێکە لە عێراق، ناتوانێت ببێتە خاوەنی بانکی ناوەندی، بەڵام دەکرێت لقەکانی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستاندا هەبن، ئەم دۆخەی هەرێم وەهای کردووە، سیاسەت، بڕیار، ڕێنمایی و سەرجەم هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بانکەکانی. نەبوونی بانکی ناوەندی وای کردووە هەرێمی کوردستان نەتوانێت وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە بانکی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان قەرز بکات.
د. دلاوەر مەهدی هادی دۆخ و ڕێگرییەکانی بەردەم گەشەکردنی بانک لە هەرێم باس دەکات و دەڵێت دیارترین دامەزراوەی نێو سیستمی دارایی بانکە، بەداخەوە بانکەکانی هەرێمی کوردستان وەک نووسینگەی گۆڕینەوەی دراو و قاسەیەک مامەڵە دەکەن کە تەنانەت خەڵک دڵنیایی ئەوەی نییە پارەکانی ببات و لەو قاسەیەدا دایبنێت، ئەمە جگە لەوەی لە ترانزەکشنەکانی بانکی ئیفلیجین و هیچمان بەدەستەوە نییە. لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستانیش هەرێمێکە لەنێو وڵاتێکی فیدراڵیدا و سەربەخۆیی و سەروەریی نییە، دەبێت ملکەچی هەموو بڕیارێک ببێت کە لە بانکی ناوەندیی عێراقییەوە دێت.
د. یونس عەلی ئەحمەد سەبارەت بە ئەرکەکانی بانکی ناوەندی دەڵێت: ئەرکەکانی بانکی ناوەندی و بانکی ناوەندی عێراق زۆرن، گرنگترینیان بریتییە لە: دەرکردنی پارە، مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان، تەسفیەکردنی مامەڵەی حکومەت و دەوڵەت لە وەرگرتن و دانەوەی پارە وەک قەرز، سەنەد و چەک. کاتێک شوێنێک بانکی ناوەندیی نەبێت، بێبەش دەبێت لە مامەڵە نەختینەیی و داراییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و ئەو ئەرکانەی بانکی ناوەندی دەتوانێت ئەنجامیان بدات. واتە ناتوانێت پارە دەربکات، خستنەڕووی پارە ڕێک بخات، مامەڵە بازرگانی و نەختینەییەکان پێکەوە ڕێک بخات. ئێستا کە هەرێمی کوردستان نییەتی، بێبەشە لە سەرجەم ئەو مامەڵانە. جاران بانکی ناوەندیی عێراق چوار لقی هەبوو، بەسڕە، موسڵ، هەولێر و سلێمانی، واتە سێ لقی لەو ناوچانە بووە کە کوردیان لێیە، بەڵام لقەکان کارا نەبوون و دواتر لقی هەولێر کارا کرا بە شێوەیەکی سنووردار کە ناتوانێت هەموو ئەرکێک ئەنجام بدات. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین لە هەر شوێنێک بانکی ناوەندی هەبوو، چالاکییە ئابووری، دارایی و نەختینەییەکان لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە زۆر فراوانتر و گەورەتر دەبن و کەلێنی نەختینەیی تا ئاستێکی زۆر پڕ دەبێتەوە. یەکێکی دیکە لە خراپییەکانی نەبوونی بانکی ناوەندی ئەوەیە متمانەی نێودەوڵەتیت نابێت، واتە کاتێک بانکی ناوەندیت هەبێت و بتەوێت قەرز لە کۆمپانیا یان وڵاتێک وەربگریت؛ ئاسانتر پێت دەدرێت، یان بازرگانەکانی هەرێمەکەت دەتوانن پەیوەست بن بە بانکی ناوەندییەوە و نرخی دراویان ئاسانتر و هەرزانتر بۆ بگۆڕێتەوە. بۆ نموونە: لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو بانکی ناوەندی بە جۆرێک نرخی دیناری عێراقیی بۆ بازرگانەکان دەگۆڕییەوە کە سوودی لێ ببینن، هەر بۆیە هەندێک جار نرخی شتومەک لە دەرەوەی وڵات زۆر گران بوو، بەڵام چونکە دراوەکەیان بە هەرزان بۆ گۆڕدراوەتەوە، شتومەکەکان بۆ بازرگانەکان و دواتریش خەڵک هەرزانتر دەکەوت. واتە بانکی ناوەندی متمانە بۆ حکومەت دروست دەکات و سوودیشی بۆ بازرگان و هاوڵاتییانیش هەیە.
هەرێمی کوردستان چی بکات؟
د. یونس عەلی ئەحمەد سەبارەت بەو هەنگاوانەی پێویستە هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی نەبوونی بانکی ناوەندی بیانگرێتە بەر، ئاماژە بەوە دەکات هەرێمی کوردستان دەبێت بە شێوەیەک سیاسەتەکەی دابڕێژێتەوە یەک بگرێتەوە لەگەڵ سیاسەت و بنەماکانی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەگەرنا بە شێوەیەکی نەرێنی دەشکێتەوە بەسەر هەرێمدا، چونکە هەرێم لەژێر چەتری دەوڵەتی عێراقدایە. ئەمە مانای پاشکۆیەتی نییە، بەڵکوو بوونی هەماهەنگییە. دەکرێت حکومەتی هەرێم ببێتە خاوەن بودجەیەکی باش لە کاتی خۆیدا، کە لەسەر بنەمایەکی زانستی ئامادە کرابێت، بەم جۆرەش داهات و خەرجییەکان ڕوون و دیاریکراو دەبن. گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتەکەی، واتە سیاسەتە نەختینەیی، بازرگانی و داراییەکەی پەیوەست بکات بەیەکەوە. لە ئێستادا ئەوەی هەیە؛ دژبەیەکی ئەم سیاسەتانەیە لەگەڵ یەکدا، کە ئەمیش دیسان بەشێک لە هۆکارەکەی نەبوونی بانکی ناوەندییە. دەکرێت بە ڕێگای دیپلۆماسی، پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ئابووری و بازرگانییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێت، تاکوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن، ئەگەر بە ناڕاستەوخۆش بێت، تاکوو سوودمەند بین لە ڕێنمایی و بڕیارەکانیان.
قەرز، هەنگاوە مەترسیدارەکە
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە هۆی نەبوونی بانکی ناوەندییەوە ناتوانێت وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ قەرز بکات، بەڵام هێشتا چەند ڕێگایەکی هەیە بۆ قەرزکردن و بڕێکی زۆری قەرزی نێوخۆیشی لەسەرە. لەگەڵ ئەوەی قەرز وەک هەنگاوێکی ناچاری چاوی لێ دەکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان پەنای بۆ قەرزی نێوخۆیی و دەرەکییش بردووە.
د. یونس عەلی ئەحمەد دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتیی قەرزی دەرەکی لە ئابووریدا پێی دەوترێت سەرچاوەیەکی مەترسیدار، ناچاری و سووتێنەر، پێی دەوترێت سەرچاوەیەکی داهاتی نائاسایی لە کاتی نائاساییدا. واتە ئەگەر ناچار نەبیت، نابێت پەنای بۆ ببەیت. ئەمەریکا سەرەڕای قەیرانی دارایی (٢٠٠٧-٢٠٠٨)، پەنای نەبرد بۆ قەرز، چونکە دەیزانی گرفتی گەورەی بۆ دروست دەکات. عێراق لە ساڵی (١٩٥٩)ەوە قەرزدارە و تا ئێستا قەرزەکانی لەسەر لا نەچووە، هەر چەندە دوای ٢٠٠٣ لە بەشێک لە قەرزەکانی خۆش بوون و کەمکردنەوەیان بۆ کرد. ئەو لایەنانەی قەرز دەدەن بە وڵاتانی دواکەوتوو، مەرجەکانیان زۆر زۆر قورسە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. هەرێمی کوردستان کە دەوڵەت نییە، ناچارە قەرز لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات کە مەرجیان قورسە. هەندێک جاریش مەرجی چاکسازییان هەیە، چاکسازی خۆی باشە، بەڵام چاکسازی لە کورتمەودادا خراپە. بۆ نموونە؛ دەڵێن پارەی پشتیوانیی سووتەمەنی لا ببەن، بۆیە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، یان دەڵێن پشتیوانیی خۆراک و بەشەخۆراکی مانگانە لا ببەن، ئەمانە لە درێژخایەندا سوودیان دەبێت، بەڵام لە کورتخایەندا گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپی دەبات. واتە گرفتی هەرێم لەوەدا نییە قەرزی دەست دەکەوێت یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن ئەو قەرزانە دەداتەوە. ناشزانرێت ئەو پارەیەی هەرێم قەرزی کردووە بۆچی قەرزی کردووە، بڕی قەرزەکە چەندە، مەرجەکانی چین و شێوازی سووەکەی چەندە؟ بۆیە وا باشترە حکومەتی هەرێم سوود لە داهاتی نەوت ببینێت کە نرخەکەی بەرز بووەتەوە، داهات فرەجۆر بکرێت، چاکسازی بکرێت، نەک پەنا بباتە بەر قەرزکردن کە ڕوون نییە. قەرز کەڵەکە دەبێت و کەم وڵات هەیە سوودی لێ ببینێت، مەگەر بوارێکی وەک ستراتیژی و وەبەرهێنان و دڵنیاش بیت سوودی لێ دەبینیت، بەتایبەت کە سەرچاوەی دانەوەی قەرزەکەت نەوت بێت کە بەردەوام لە گۆڕاندایە.
د. یونس عەلی ئەحمەد لەم قۆناغەدا قەرزکردن بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە پێویستە لەبریی قەرز؛ ئابووریی نێوخۆ فراوانتر و بەهێزتر بکرێت و پشت بە خۆ ببەسترێت. ئەگەریش قەرز کرا، دەبێت لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکرێت لە ڕووی بڕی قەرز، کات، بڕی سوود، مەرجەکان، زیانەکان و تواناکان. واتە دەبێت ئابووریی کوردستان لەوە دەربچێت پینە بکرێت.
د. دلاوەر مەهدی هادی بەم جۆرە باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێم بۆ قەرزکردن دەکات: هەرێم ئەندامی ئای ئێم ئێف و بانکی نێودەوڵەتی نییە، هەر ئەمەش وای کردووە نەتوانێت قەرزی دەرەکی بکات و وەک دەوڵەت مامەڵە بکات. کاتێک هەرێم بیەوێت قەرزی دەرەکی بکات، لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە و زۆر زۆر زەحمەت دەبێت بۆی. لێرەدا بوونی سیستمی دارایی و بازاڕێکی تۆکمە و متمانەپێکراوی كاغەزە داراییەکان زۆر پێویستە. بۆ نموونە؛ هەر کات حکومەت و شارەوانی بیانەوێت؛ دەتوانن لەوێ گرێبەست بکەن و چەندیان بوێت قەرز بکەن، واتە قەرزی نێوخۆیی لەبریی قەرزی دەرەکی کە ناتوانیت بیکەیت، ئەمەش لە ڕێگای خستنەبازاڕی قەواڵە داراییەکان.
نادڵنیایی بەرانبەر بانک
ناسەقامگیریی دۆخی دارایی و ئابووری، مایەپووچبوونی چەندین بانک و نەگەڕاندنەوەی پارەی لەدەستچووی هاوڵاتییان لەو بانکانەدا، وای کردووە هاوڵاتییان و بەتایبەت بازرگانان کەمترین متمانەیان بە بانکەکان هەبێت و ئامادە نەبن زۆربەی یان هەموو پارەکانیان لە بانکەکاندا دابنێن.
د. دلاوەر مەهدی هادی متمانەی خەڵک بە بانک بە هۆکارێکی گرنگ و سەرەکیی گەشەکردنی بانک و کۆمەڵگا ناو دەبات و دەڵێت: بانک ژیانی کۆمەڵگا و سەرجەم چینوتوێژەکان ئاسانتر دەکات. حکومەتیش لە دروستکردنی متمانەی خەڵک بە بانکەکان، ڕۆڵێکی زۆر گەورە دەبینێت. بۆ نموونە؛ لە وڵاتە پێشکەوتووەکان تا ئاستێکی زۆر حکومەت گەرەنتیی ئەو پارەیە دەکات کە خەڵک لە بانکدا دایانناوە، ئەمەش بۆ نموونە بەوەی کە پێویستە هەر بانکێک ٢٠٪ی سەرمایەکەی لە بانکی ناوەندیدا دابنێت، تاکوو بەهەڵەدا نەچن و هەنگاوی مەترسیدار نەنێن و بەو پارەی خەڵک لای داناون؛ سەرکێشیی گەورە نەکەن. بەم جۆرە خەڵک دڵنیاییان هەیە سەبارەت بە پارە دانراوەکانیان و لە حاڵەتی مایەپووچبوونی بانکەکەش، حکومەت تا ئاستێکی زۆر گەرەنتیی پارەکەت دەکات. پێم وایە پێویستە حکومەت ڕۆڵی سەرەکیی هەبێت و لە پەرلەمانیش لیژنەیەک دابمەزرێت، بەبێ هیچ دەستوەردانێکی سیاسی و حزبی و بە شێوەیەکی تۆکمە، یاسای بانک و سیستمی دارایی ڕێک بخرێت. ئەگەریش ئیرادەیەک هەبێت ئەم کارە ئاسانە، بەڵام بەم دۆخە سیاسییەوە و لە ئێستادا زەحمەتە.
د. یونس عەلی ئەحمەد لە بارەی کێشە داراییەکانی ئێستا و نەبوونی متمانە بە بانکەکان دەڵێت: هەرێمی کوردستان کێشەی دارایی زۆری هەیە، سەرچاوەی پەیداکردنی داهاتەکانی زۆر نین، عەقڵیەتی بەڕێوەبردن و خەرجکردنی داهاتەکان ئەکادیمی و تەندروست نییە، بە هۆی نەبوونی بودجە ستراتیژی دارایی ڕوون نییە، هەمیشە لەژێر کاریگەریی ستراتیژی دارایی عێراقدایە و بەشداریش نییە لە داڕشتنی ئەم ستراتیژەدا. نەبوونی بانکی ناوەندی گرفتی زۆری بۆ دروست کردووە کە ئەگەر هەیبووایە، ئابوورییەکەی پێشکەوتووتر و بۆرسەکەی فراوانتر دەبوو. بانکە بازرگانییەکانمان زۆربەی کات پەیوەستن بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە. پڕۆسەی بانکی لە عێراق و هەرێمیش گرفتی زۆری هەیە. بە پێی ڕاپۆرتەکان، ٨٩٪ی خەڵکی عێراق مامەڵە لەگەڵ بانکەکاندا ناکەن، واتە پارە و سامانەکانیان لە ماڵەوە هەڵدەگرن و نایخەنە بازاڕەکانەوە کە ئەمە گرفتی گەورە بۆ بانکەکان دروست دەکات، واتە متمانەی بانکی زۆر کەمە. بانکەکانیش نوێگەری ناکەن و لە دۆخە تەقلیدییەکەدان. زۆریش گرنگە بانکەکان لە لۆکاڵییەوە دەربچن و ببنە نێودەوڵەتی، تاکوو مامەڵە بازرگانی و وەبەرهێنانییەکانیان گەورەتر و فراوانتر بکەن و لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندیی باشتر دروست بکەن، دەبێت هۆشیاریی بانکی زیاتر بکرێت و بە بە متمانەدروستکردن وا بکەن خەڵک پارەکانیان لە بانکەکان دابنێن و بە کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکارییش هانی وەبەرهێنان بدرێت.
بانکی نیشتمان
ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دروستکردنی “بانکی نیشتمان” دەکات و لە ئێستاشدا کارەکانی دروستکردنی بانکەکە و سەرپێخستنی لە کۆتا قۆناغیدایە. بە پێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی ئێستا تەواوکردنی کارەکانی ئەم بانکەیە.
مەولوود سابیر؛ بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان، بەم جۆرە وردەکارییەکانی بانکی نیشتمان بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستووتە ڕوو: بانکی نیشتمان بانکێکی حکومییە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت. ئەو بانکە کار دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی بانکە حکومییەکان و بانکە بازرگانییەکان کە لە ئێستادا ژمارەیان ٩٤ بانکە. هەوڵ دەدات ئەو بانکە هەموو ئەو کارگێڕییانەی کە لە بانکە حکومییەکاندا هەیە، ڕێک بخاتەوە. هەروەها ئەو کردارە بانکییە تەقلیدییانەی کە لە ئێستادا لە بانکەکان پەیڕەو دەکرێت، دەیەوێت نەمێنێت و بەڵکوو ببێتە بانکێکی مۆدێرن شانبەشانی بانکەکانی دیکە وەکوو بانکە تایبەتەكان (ئەهلی) و ئەو بانکانەی کە بەستراونەتەوە بە سیستمی ئەلیکترۆنی. هەوڵ دەدەین بە زووترین کات ئەو بانکە ببەستینەوە بە بانکی ناوەندیی عێراقی و پاشان بە بانکەکانی دەرەوە، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کردارە بانکییانەی کە بانکە پێشکەوتووەکان ئەنجامی دەدەن، ئێمەش لە بانکی نیشتمان ئەنجامی بدەین. هەموو هەوڵەکان لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین ببینە خاوەن بانکێکی خۆماڵی، کوردستانی، حکومی، بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە کردارە بانکییەکان بدەین و هۆکارێکیشە بۆ زیادکردنی داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بە دروستکردنی ئەو بانکە، هەموو حەواڵە دەرەکییەکان لە ڕێگەی بانکە تایبەتەكان دەکرێت و بە گەڕانەوەی ئەو حەواڵانە؛ داهاتێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
سەرمایەی بانکی نیشتمان
سەبارەت بە سەرمایەی بانکی نیشتمان، مەولوود سابیر دەڵێت: سەرمایەی ئەو بانکە ٢٥٠ ملیار دینارە. لەو بڕە، ٢٥ ملیاری بە نەقد لە هەژمێرێکی تایبەت لە بانکی ناوەندیی عێراقی لە لقی هەرێمی کوردستان دانراوە، ٢٢٥ ملیار عەقاراتی بانکە بازرگانییەکانە و خۆشبەختانەش ئەوە هەموو ڕێکارەکانی تەواو بووە. واتە ئێمە هەموو سەرمایەکەمان تەواو کردووە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نووسراو کراوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراقی بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ تەواوکردنی ئەو بانکە، چونکە هەر چی سەرمایەی ئەو بانکە هەیە کە ٢٥٠ ملیار دینارە، هەمووی تەواو بووە. ئێمە چاوەڕێی بەغداین. هەر چی ڕێکار بووە کە تایبەت بووە بە هەرێمی کوردستان، ئێمە هەموومان تەواو کردووە. هیچ کارێک لەسەر هەرێمی کوردستان نەماوە و ئێمە هەموومان تەواو کردووە. ئێمە پارێزەرمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە تەواو بکات و من چەند جارێک قسەم لەگەڵ کردووە، ئەویش لەسەر هێڵە و تەنیا ئەوە ماوە کە ئاماژە بدرێت بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکرێن.
بانکی نیشتمان، جێگرەوەی بانکی ناوەندی یان بانکەکانی هەرێم؟
مەولوود سابیر لە بارەی ئەوەی ئایا بانکی نیشتمان دەبێتە جێگرەوەی لقەکانی بانکی ناوەندیی عێراق یان بانکەکانی هەرێم، دەڵێت: بانکی ناوەندی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تایبەتە بە بەغدا و پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، واتە بانکی ناوەندیی عێراقی لقی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە؛ بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، ئەوە پەیوەندیی بە بانکە بازرگانییەکانەوە نییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ٩٤ بانکمان هەیە، هەر (٩٤)یان سەر بە بانکە بازرگانییەکانن، واتە لە ڕووی کارگێڕی و حسابییەوە سەر بە بانکە بازرگانییەکانن. بێگومان ئێمە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو بانکە کە دادەمەزرێت، دەبێتە جێگرەوەی هەموو بانکەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بانکە تایبەتەكانیش ئیشوکاری خۆیان دەکەن. ئهو بانكه لهلایهن بانكی ناوهندیی عێراقی فیدڕاڵ ڕێگه و مۆڵهتی كاركردنی پێ دهدرێت، كهواته بانكی نیشتمان لهمهودوا دهبێته ئهندام له بانكی ناوهندیی عێراق. دیاره بانكی ناوهندیی عێراقی ساڵانه كۆبوونهوهیان ههیه و تێیدا دهستپێشخهرییان ههیه، یهكێك لهو دهستپێشخهرییانهش پێدانی پارهیه بهو بانكانهی کە سهر به بانكی ناوهندین، بۆ ئهوهی وهك پێشینه به هاوڵاتییانی بدهن، لەوانەش: پێشینهی فهرمانبهران، پێشینهی خانووبەرە، پێشینهی كشتوكاڵی و پێشینهی پیشهسازی، قهرزی نیشتهجێكردن؛ کە ئەوانە هەمووی لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین کە بە زووترین کات ئەو بانکە تەواو بێت بۆ ئەوەی بتوانین سولفهیهك وهربگرین لە بانکی ناوەندیی عێراقی بە پێی ئەو ڕێنماییانەی هەیانە، بۆ ئەوەی لە کوردستان بتوانین پێشینەکان بکەینەوە و به هۆیهوه هاوڵاتییان سوودمهند بن. ئێمە دەمانەوێت وەک چۆن بانکە تایبەتەکان بەستراونەتەوە بە بانکە جیهانییەکان، بانکی نیشتمانیش ببەسترێتەوە بە بانکە جیهانییەکان.
دڵنیایی خەڵک بە بانکی نیشتمان
سەبارەت بە دڵنیایی خەڵک بە بانکی نیشتمان و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دروستکردنی ئەو متمانەیە، مەولوود سابیر ئاماژە بەوە دەکات: ئاستی دڵنیایی لهم بانكه ١٠٠% دهبێت، وهكوو پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد سهرمایهكهی ٢٥٠ ملیار دیناره، كه خودی قهبارهی ئهو سهرمایهیه دڵنیاییه و حكومهتی ههرێمی كوردستان به ههمان شێوه ١٠٠% پشتیوانیی لێ دهكات كه ئهمهش زۆر گرنگه بۆ كار و پڕۆسهیهكی لهم شێوهیه، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی کە ئەو بانکە دابمەزرێت، چونکە بەردەوام دڵنیایی لە بانکی حکومی زیاترە وەک لە بانکی تایبەت، ئەگەر بێینە سەر واقیعی کارکردن. لێرهوه داوا له هاوڵاتییان دهكهین لهمهودوا كاتێك ئهم بانكه دهكرێتهوه و دهستبهكار دهبێت، پارهكانیان لهو بانكه دابنێن، چونكه پارهكانیان مسۆگهر و پارێزراو دهبێت و لهمهودوا ههوڵ دهدهین هیچ كارێكی نهختینهیی له بانكهكان ڕانهگیرێت، بهڵكوو ههر نهختینهیهك كه له بانكهكاندا ههبێت؛ وهك خۆی به هاوڵاتییان بدرێتهوه. ئێمه لهدوای تهواوبوون و دهستبهكاربوونی بانكی نیشتمان، كار و ههنگاوی دووهممان بریتی دهبێت له بهسیستمكردن و بەئەلیكترۆنیكردنی سیستمی بانكی. ئاشكرایه ئێمه له ههرێمی كوردستان خاوهنی بهڕێوهبهرایهتیی تهكنهلۆژیای بانكهكانین، كه لە هەرێمی کوردستان نزیكهی ٢٢ بانك بهو سیستمه بهستراونهتهوه، بۆیه كاری دووهمی ئێمه بریتی دهبێت له بهستنهوهی ئهو بانكانهی به سیستم كراون به بهغداوە، چونكه بهستنهوهی ئهو سیستمه به بهغدا، واته بهستنهوهی به سیستمی ههموو جیهان، هاوكات دهمانهوێت بانكی نیشتمان ببێته بانكێكی ئهلیكترۆنی، ئهوكات دهكرێت كارت به هاوڵاتییانی ههرێمی كوردستان بدرێت و له ناوهوه و دهرهوهی ههرێمی كوردستان بهكاری بهێنن و سوودی لێ وهربگرن.
لەنێوان “بانکی نیشتمان” و بانکی ناوەندیدا
مەولوود سابیر ئاماژە بەوە دەکات حکومەتی بەغداد ڕەزامەندیی تەواوی لەسەر دامەزراندنی بانکەکە دەربڕیوە و دەڵێت: حكومهتی عێراقی فیدراڵ ڕەزامهندیی لهسهر كردنهوهی بانكی نیشتمان داوه و زۆریش ڕژده له تهواوكردنی ڕێكارهكان و دهستبهكاربوونی بانكهكه. ڕێکارەکان ئەوەی کە لە سەرەتادا بۆ ئێمەیان دانابوو زوو تەواومان کرد، بەڵام هەندێک مەرجی دیکەشیان لەسەر ئێمە دانا ئەوانیشمان تەواو کرد. ئێستا هیچ ڕێکارێک نەماوە کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکرابێت بۆ دامەزراندنی ئەو بانکە. ئێمە چاوەڕێ دەکەین دامەزراندنەکە تەواو بێت و دوای ئەوە ئێمە هەیکەلی ڕێکخستنی ئەو بانکە لەلای خۆمانەوە دادەمەزرێنین و دەستبەکار دەبین.
د. یونس عەلی ئەحمەد ڕەتی دەکاتەوە لە ئابووریدا شتێک هەبێت بە ناوی بانکی نیشتمان و دەڵێت: شتێکمان نییە بە ناوی بانکی نیشتمانی، ئەوەی هەیە لە هەموو وڵاتێکدا پێی دەوترێت بانکی ناوەندی، بانکی بازرگانی، بانکی تایبەتمەند و بانکی ئیسلامی. ئەوەی بانکی ناوەندییە هیی حکومەتە و بەڕێوەبردنەکەشی لەلایەن حکومەتەوەیە، ئەرکی سەرەکیی ئەم بانکە بەڕێوەبردنی خستنەڕووی نەختینەی وڵات، ئاڕاستەکردن و ڕێکخستنی ئابووری، چارەسەرکردنی هەڵئاوسان و چەند شتێکی دیکەیە. بانکی ئیسلامییش ڕوونە کە بە سوود مامەڵە ناکات، بانکی بازرگانییش ئامانجە سەرەکییەکەی قازانجە، بەڵام پەیوەستە بە بانکی مەرکەزییەوە لە ڕووی نەختینەوە و بڕێک لە پارە لە بانکی ناوەندی دابنێن بۆ دڵنیایی پارەی ئەو هاوڵاتییانەی لە بانکە بازرگانییەکەن. بانکی تایبەتمەندیش هەیە کە ئامانجی سەرەکیی گەشەکردنی ئابوورییە کە هەیە پیشەسازییە، هەیە کشتوکاڵییە یان بواری دیکە. ئامانجی ئەم بانکە یارمەتیدانی ئەو پڕۆژانەیە کە قازانجی نیشتمانییان زۆرە، بەڵام توانایان نییە قەرزەکانیان بدەنەوە لە کاتی خۆیدا، بەڵام پڕۆژەکانیان ماوەدرێژە.
سیناریۆ و پێشنیارەكان
پسپۆڕانی بواری دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش چەندین جار هۆشدارییان لە بارەی ئابووریی هەرێم و دۆخە داراییەکەیەوە داوە و چەند سیناریۆیەکیشیان خستووەتە ڕوو. د. یونس عەلی ئەحمەد سەبارەت بە سیناریۆکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە بواری بانک دەڵێت: سەرەتا پێویستە هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکان بانکە بازرگانییەکانی چالاک بکات، بایەخ بە بانکە ئیسلامییەکان بدات، چونکە لە ئێستادا لە پەرەسەندندان. وەزارەتی دارایی لە هەندێک وڵات تا ئاستێک و بە ڕێژەیی شوێنگرەوەی کارەکانی بانکی ناوەندییە، بۆیە لەسەر دراوی هەندێک وڵات واژۆی وەزیری دارایی یان وەزارەتی داراییش هەیە، واتە چالاککردنی وەزارەتی دارایی دەبێتە شوێنگرەوەیەکی کاتی بۆ کارەکانی بانکی ناوەندی، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی نییە، تەنها ئەوەیە دەکرێت وەک سیناریۆیەک چاوی لێ بکرێت. هەرێمی کوردستان تاکوو شەفاف بێت، گەندەڵی کەم بکاتەوە، داهات ڕوونتر بکات و سیاسەتی دارایی دیارتر بێت، تا ئاستێک دەتوانێت وا بکات کاریگەرییە خراپەکانی نەبوونی بانکی ناوەندی کەم ببنەوە. دەتوانێت لەژێر چەتری سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراق کار بکات بە سوودوەرگرتن لەو خاڵانەی کە خزمەتی هەرێم دەکەن.
خراپترین سیناریۆ بۆ نەبوونی بانکی ناوەندی ئەوەیە کە بڕیار و سیاسەتی نەختینەیی و دارایی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ ناوەند، بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخ و ژینگەی کارکردنی هەرێمی کوردستان، چونکە کە وەبەرهێنەرێکی بیانی کار دەکات لە بۆرسەدا، بۆرسەش پەیوەستە بە دامەزراوە نەختینەیی و داراییەکانەوە کە بانکی ناوەندی یەکێکە لەوانە و متمانەیەکی زۆر دروست دەکات، بەڵام کاتێک بانکی ناوەندی و بۆرسەیەکی چالاکت نەبێت، ئەو کاتە وەبەرهێنەرانی بیانی ناتوانن سوودمەند بن لەو ئۆفەرانەی کە لە کوردستاندا هەن و هەرێمیش ناتوانێت سوود لە وەبەرهێنی بیانی وەربگرێت، کە ئەمەش خاوبوونەوە و لاوازیی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ناچارە چاوەڕێی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی بێت.
پڕۆفایلەكان
پڕۆفیسۆر د. یونس عەلی ئەحمەد
ساڵی 1979 لە کەرکووک لەدایک بووە
ماستەر لە ئابووری لە ساڵی 2004، لە زانکۆی سلێمانی.
دکتۆرا لە ئابووری ساڵی 2014، لە زانکۆی پۆترا – مالیزیا
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاوێژکاری
لە ئێستادا مامۆستایە لە بەشی ئابووری، کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری/زانکۆی سلێمانی
د. دلاوەر مەهدی هادی
لە ساڵی ١٩٨٢ هەڵەبجە لەدایک بووە
ماستەر لە دارایی و بانک
دکتۆرا لە بواری دارایی
پسپۆڕی بواری دارایی و بازاڕە دارایییەکان
سەرۆکبەشی ژمێریاری لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆژیا