دۆخى ئاسایشى ئاو لە هەرێمى کوردستان
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت/ پسپۆڕى بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو
بەرایی
پێویستیى مرۆڤ به ئاو؛ هیچى كه‌متر نییه له پێویستیى به ئۆكسجین، چونكه به‌بێ ئه‌و دوو هۆكاره، هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ ژیان نامێنێت. له كۆندا ئاو وه‌كوو سه‌رچاوه‌یه‌كى سروشتیى تازه‌گه‌ر (الموارد الطبيعية المتجددة) ته‌ماشا ده‌كرا، چونكه زیاد له پێویست بوونى هه‌بوو و به شێوه‌یه‌كى ئاسان به‌رده‌ست ده‌بوو. بەڵام دیاردەى گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا، تێكچوونى هاوسه‌نگى له پاترۆنى دابارین و په‌یدابوونى دیارده‌ى وشكه‌ساڵى و به‌بیابانبوون لە هەموو جیهاندا؛ بوونه‌ته هۆى ئەوەى کە ئاو و ئاسایشى ئاو گرنگییەکى ئێجگار زۆرى پێ بدرێت بە مەبەستى زامنکردنى ئاو بۆ هەموو تاکەکانى کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانى گەیشتن بە هێڵى هەژارى. چونکە كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاو و ڕوودانى ململانێ له‌سه‌ر ئاو، ته‌نها واتاى جه‌نگ نییه له‌نێوان دوو وڵات‌دا، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ململانێ و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌نێوان هه‌رێمه‌كان یان پارێزگاكانیشدا ڕوو ده‌دات و ته‌نانه‌ت له‌نێوان جووتیاراندا له هه‌مان شوێنى جوگرافیدا. هەرێمى کوردستان وەکوو بەشێک لە دەوڵەتى عێراق، ئاسایشى ئاوى مەترسیى زۆر گەورەى لەسەرە بە هۆى ئەو هۆکارانە کە ئاماژەى پێ کرا، لەگەڵ زیادبوونى ڕێژه‌ى دانیشتووان و زیادبوونى گه‌شه‌ى شارستانیه‌ت (اتساع النمو الحضري) و سیاسه‌تى ئاوى وڵاتانى دراوسێ (له ڕێگه‌ى دروستكردنى پڕۆژه‌ى ئاودێریى گه‌وره و دروستكردنى به‌نداو به‌بێ گوێدان به پێویستییه‌كانى یان مافه ڕه‌واكانى وڵاتانى هاوبه‌ش له ئاو)، هه‌موو ئه‌و خاڵانه بوونه پاڵپشتێكى به‌هێز و پێویست بۆ گه‌ڕان به‌دواى ستراتیژیه‌تێكى نوێ بۆ بونیادنانى ئاسایشى ئاو. بۆیە ئەگەر هەوڵى جددى نەدرێت بۆ بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو بە شێوەیەکى زانستى و بەرپاکردنى ئاسایشى ئاو، ئەوە بێگومان وڵاتەکەمان و ئاسایشى نەتەوەییمان لەژێر مەترسیى لەناوچون دەبێت. لەم نووسینەدا بەوردى باس لە گرنگیى ئاسایشى ئاو دەکرێت و هەموو گرفت و مەترسییەکانى سەرى دەخرێتە ڕوو، لەگەڵ چارسەر و چۆنێتیى بەرپاکردنى ئاسایشى ئاو لە هەرێمى کوردستان.
ئاسایشی ئاو
ئاو یه‌كێكه له پێداویستیيه هه‌ره گرنگه‌كانى ژیان و شوێنى تایبه‌تى خۆى له نه‌خشه و پلانى وڵاتاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له ململانێى سیاسى و ئابووریى وڵاتاندا هه‌یه. ئاسایشى ئاو گرنگییه‌كى یه‌كجار زۆرى هه‌یه و یه‌كێكه له‌و بابه‌ته ستراتیژييانهی كه په‌یوه‌نديى ڕاسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ئاسایشى خۆراك و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و ئاسایشى نیشتمانى هه‌یه. سه‌رجه‌م وڵاتانى جیهان پێشووتر هه‌وڵیان داوه گرنگییه‌كى تایبه‌ت بده‌ن به‌م چه‌مكه و وایان پێناسه كردووه كه هۆكارێكى پێكهێنه‌ره بۆ ده‌سه‌ڵاتى نیشتمانى و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز له‌نێوان ئاسایشى ئاو و سه‌ربه‌خۆیى ئابوورى و سیاسى هه‌یه، به‌ده‌ستهێنانى ئاسایشى ئاو پاڵنه‌رێكه بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌ربه‌خۆیى ئابوورى و سیاسی(1). هه‌روه‌ها له‌ده‌ستدانى خاڵى یه‌كه‌م ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانى خاڵى دووه‌م و به‌پێچه‌وانه‌وه.
ئاسایشى ئاو هاوتاى ئاسایشى خۆراكه، چونكه ئاسایشى خۆراك به‌بێ ئاسایشى ئاو به‌ده‌ست ناهێنرێت، بۆیه ئاسایشى ئاو پێویستى به گه‌شه‌كردن و پاراستن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌گه‌ره‌كانى تێكچوونیهتى(2). چه‌مكى ئاسایشى ئاو به واتاى په‌یداكردنى پێداویستییه‌كانى كۆمه‌ڵگایه له ئاو به چۆنێتى و چه‌ندێتی و پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى سامانه ئاوییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونى به‌بێ بوونى هیچ كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر سیستمه ئیكۆلۆژیيهكان، به‌ڵكوو ببێته هۆكارێك بۆ پاراستنى(3). ئه‌وه‌ش له ڕێى به‌كارهێنانى سه‌رچاوه‌كانى ئاو به شێوه‌یه‌كى تهندروسـت و پارێزگاریكردن له بڕه ئاوى به‌رده‌ست (Available) و هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕان به‌دواى سه‌رچاوه‌ى نوێ‌دا.
یان به واتاى دابینكردنى ئاو دێت به‌به‌رده‌وامى له ڕووى جۆر و بڕه‌وه و له هه‌موو بارودۆخێكدا، به مه‌به‌ستى به‌كارهێنانى بۆ سه‌رجه‌م بواره‌كان وه‌كوو خواردنه‌وه، پیشه‌سازى، كشتوكاڵ و بواره‌كانى تر(4). نه‌بوونى ئاسایشى ئاو له شوێنێكى جوگرافيى دیاریكراو، مرۆڤ و ئاسایشى مرۆڤایه‌تى تێك ده‌چێت و ژیان له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه جوگرافیيه ده‌خاته مه‌ترسیيه‌وه، چونكه ئاو گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ى سروشتیيه كه كاریگه‌ريى له‌سه‌ر ژیانى مرۆڤ و ئاسایشى مرۆڤایه‌تى به دوو ئاراسته‌ى جیاواز هه‌يه، ئه‌وانیش:
- ئاڕاسته‌ى ئه‌رێنى (پۆزه‌تیڤ): خۆشگوزه‌رانى به بوونى سه‌رچاوه‌ى ئاو، كه دواجار هۆكارێكه بۆ به‌رهه‌مهێنان و ئاسایشى خۆراك.
- ئاراسته‌ى نه‌رێنى (نێگه‌تیڤ): هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه به هۆى تایبه‌تمه‌ندییه تێكشكێنهرهكانیهوه، وه‌كوو وشكى و وشكه‌ساڵى و به‌بیابانبوون و ته‌نانه‌ت لافاویش.
سه‌ده‌ى ڕابردوو به سه‌رده‌مى نه‌وت و سه‌ركردایه‌تیى به‌رهه‌مه نهوتيیهكان ناسرابوو، به‌ڵام ئه‌م سه‌ده‌یه سه‌ره‌ڕاى گرنگیى نه‌وت، به سه‌ده‌ى ئاو ناسراوه، چونكه ئاو ڕۆڵێكى زۆر كاریگه‌ر ده‌بینێت، به‌تایبه‌تى له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م سه‌ده‌یه. زۆرێك له وڵاتانى سه‌رچاوه (المنبع) له‌م سه‌رده‌مه كۆنترۆڵى سه‌رچاوه‌كانى ئاو ده‌كه‌ن و وه‌ك چه‌كێكى به‌هێز به‌كاری ده‌هێنن، به‌تایبه‌تى دژى وڵاتانى ڕێژگه (المصب). بۆیه ئاسایشى ئاو ده‌بێت پلانێكى ستراتیژی بێت و هه‌موو ئامرازه‌كان و ڕێگاكان بگیرێته به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى و به‌ده‌ستهێنانى.
گرنگیى ئاسایشى ئاو
هه‌ندێ له شاره‌زایان پێیان وایه ئاسایشى ئاو واتە دابینكردنى ئاوى خاوێن بۆ هه‌موو تاكێكى كۆمه‌ڵگا (بۆ هەموو پێداویستییەکانى) به بڕ و ڕێژه‌یه‌كى ته‌واو و به كه‌مترین تێچوو، بۆ ئه‌وه‌ى به شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست سوود له‌و ئاوه وه‌ربگیرێت و ببێته هۆى زیادبوونى به‌رهه‌مى به‌روبووم، به‌ڵام دابه‌زینى بڕ و ڕێژه‌ى ئاوى خاوێن ده‌بێته هۆى دروستبوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا له ڕێى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیيه‌وه.
ئامانجى ئاسایشى ئاو له‌گه‌ڵ ڕێنماییه‌كانى لیژنه‌ى وڵاته یه‌كگرتووه‌كان یه‌ك ده‌گرێت، كه تایبه‌ته به مافه ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه تيایدا باس له ڕه‌وایى یاسایى (مه‌شرووعیه‌تى) مرۆڤى كردووه له ده‌ستكه‌وتنى ئاو به شێوه‌یه‌كى ته‌واو و له ڕێگه‌ى سه‌رچاوه‌ى پاك و خاوێنه‌وه(5). بۆیه ده‌ستكه‌وتنى ئاو مافێكى ڕه‌وایه بۆ هه‌موو تاكێكى كۆمه‌ڵگا و په‌یوه‌ستبوون به مافی مرۆڤ له ئاودا، ئامانجێكى گه‌وره‌یه و ئامرازێكه بۆ پێشكه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانى مافه گشتییه‌كان.
دیاره گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا (Climate Change) و دیارده‌ى قه‌تیسبوونى گه‌رما (Global Warming) له چه‌ند ساڵى ڕابردوودا، له‌گه‌ڵ تێكچوونى هاوسه‌نگى له پاترۆنى (Pattern) دابارین و په‌یدابوونى دیارده‌ى وشكه‌ساڵى و به‌بیابانبوون بوونه‌ته هۆى ئه‌ژماركردنى ئاسایشى ئاو به به‌شێكى به‌ستراو به تواناى پێشبینیكردنى مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و دیاردانه‌وه (كه ئاماژه‌یان پێ كرا) و تواناى كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كانى ئه‌و دیاردانه.
پێویستیى مرۆڤ به ئاو هیچى كه‌متر نییه له پێویستیى به ئۆكسجین، چونكه به‌بێ ئه‌و دوو هۆكاره هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ ژیان نامێنێت. له كۆندا ئاو وه‌كوو سه‌رچاوه‌یه‌كى سروشتیى تازه‌گه‌ر (الموارد الطبيعية المتجددة) ته‌ماشا ده‌كرا، چونكه زیاد له پێویست بوونى هه‌بوو و به شێوه‌یه‌كى ئاسان به‌رده‌ست ده‌بوو، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا و دابه‌زینى ڕێژه‌ى دابارین و زیادبوونى ڕێژه‌ى به‌بیابانبوون (به هۆى وشكه‌ساڵى و كه‌میى سه‌رچاوه‌كانى ئاو) و زیادبوونى ڕێژه‌ى دانیشتووان و زیادبوونى گه‌شه‌ى شارستانیه‌ت (اتساع النمو الحضري) و سیاسه‌تى ئاوى وڵاتانى دراوسێ (له ڕێگه‌ى دروستكردنى پڕۆژه‌ى ئاودێریى گه‌وره و دروستكردنى به‌نداو به‌بێ گوێدان به پێویستییه‌كانى، یان مافه ڕه‌واكانى وڵاتانى هاوبه‌ش له ئاو)، هه‌موو ئه‌و خاڵانه بوونه پاڵپشتێكى به‌هێز و پێویست بۆ گه‌ڕان به‌دواى ستراتیژيهتێكى نوێ بۆ بونیادنانى ئاسایشى ئاو.
ئامانجه‌كانى ئاسایشى ئاو
ئاسایشى ئاو چه‌ند ئامانجێكى سه‌ره‌كیى هه‌یه كه په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، ئه‌وانیش بریتین له:
- دانپێدان به مافى هه‌ر تاكێك له ئاو له چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته ته‌شریعى و جێبه‌جێكاره‌كاندا.
- دابینكردنى ئاوى پێویست بۆ به‌كارهێنان، به مه‌به‌ستى گه‌ره‌نتیكردنى ژیانى مرۆڤ له ڕێى پاراستنى پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانى له خواردنه‌وه و كشتوكاڵكردن و دابینكردنى وزه... هتد(6).
- به‌دیهێنانى ئاسایشى خۆراك.
- پاراستنى هاوڵاتیان له كێشه و ململانێیه‌كان له‌سه‌ر سه‌رچاوه ئاوییه‌كان(7).
- دابینكردنى سیستمێكى ئاوه‌ڕۆى گونجاو (صرف صحی)، كه هۆكارێك بێت بۆ پاراستنى ژینگه.
- دابینكردنى بڕێكى گونجاو له ئاو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى وشكى و وشكه‌ساڵى و به‌بیابانبوون و هۆكار و ئامرازى پێویست هه‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كانى لافاو.
له‌و ئاستانه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئاسایشى ئاو به‌نده به ئاسایشه‌كانى خۆراك، ته‌ندروستى، ژینگه‌یى، ئابووری، هه‌وڵدان بۆ دووركه‌وتنه‌وه له ململانێ و جه‌نگى ئاو و به‌دیهێنانى به‌رقه‌راربوون و خۆشگوزه‌رانى.
ئاسایشى ئاو له هه‌رێمى كوردستان
دیاره هه‌رێمى كوردستان له ڕووى سه‌رچاوه‌كانى ئاوه‌وه جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى له‌گه‌ڵ عێراق به‌گشتى نییه، به هۆى ئه‌وه‌ى ڕووباره سه‌ره‌كییه‌كان و لقى ڕووباره‌كان له وڵاتانى دراوسێوه دێنه نێو خاكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه هه‌مان مه‌ترسیی گرفتى ئاو كه تووشى نییه، ده‌بێت له داهاتوویه‌كى نزیكدا به هه‌مان شێوه تووشی هه‌رێمى كوردستانیش ببێت.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى ورد له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و زۆرێك له وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له ڕووى سه‌رچاوه‌كانى ئاوه‌وه بكرێت، ئه‌وه بێگومان دۆخى هه‌رێمى كوردستان زۆر چاكتره و به ناوچه‌یه‌كى پڕ ئاو داده‌نرێت. به پشتبه‌ستن به هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى (ئاوى سه‌رزه‌وى)، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه پێداویستییه‌كانى ئه‌م هه‌رێمه دابین كراوه، به‌ڵام كێشه‌ى لاوازى یان نه‌بوونى سیاسه‌تى ئاو له به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاودا هه‌یه.
ئاوى سه‌رزه‌وى له هه‌رێمى كوردستان تووشی له‌ناوچوون ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى سوودى لێ وه‌ربگیردرێت بۆ زۆربه‌ى سێكته‌ره‌كان. ئاوى سه‌رزه‌وى (ڕووباره‌كان، ده‌ریاچه‌كان و گۆماوه‌كان) پشتگوێ خراون و وه‌كوو پێویست به شێوه‌یه‌كى زانستى سوودیان لێ نه‌بینراوه، به‌ڵكوو ته‌نها پیس ده‌كرێن به پاشه‌ڕۆ و پاشماوه‌كان (به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه)، له به‌رانبه‌ردا ئاوى ژێرزه‌وى كه موڵكى نه‌وه‌ى داهاتووه و پێویسته له ئاینده‌دا به‌كار بهێنرێت، ئه‌و كاته‌ى كه ئاوى سه‌رزه‌وى به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت.
له ڕووى زانستيیهوه تا دڵۆپێك ئاوى سه‌رزه‌وى مابێت، پێویسته ده‌ست نه‌بردرێت بۆ ئاوى ژێرزه‌وى. ته‌نانه‌ت له زۆربه‌ى وڵاتاندا كه له به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاودا پێشكه‌وتوون، ئه‌و ئاوه‌ى كه وه‌كوو زیاده ده‌مێنێته‌وه، به ئامرازى تایبه‌ت ده‌یخه‌نه ژێر زه‌ویيه‌وه به پڕۆسه‌یه‌ك كه به “Artificial groundwater recharge” ناسراوه، ئاوى ژێرزه‌وى به شێوه‌یه‌كى زانستى به‌كار ده‌هێنن، به‌ڵام له كوردستاندا تا ئێستا ئاوى ژێرزه‌وى به نازانستیترین شێوه به‌كار ده‌هێنرێت و به‌فیڕۆ ده‌درێت و زیاد له ڕێژه‌ى ده‌رهێنانى تهناهیكراو (الاستخراج الآمن – Safe Extraction) ده‌رده‌هێنرێت، ته‌نانه‌ت له‌و ناوچانه‌ى كه ده‌كه‌ونه لێوارى ڕووباره‌كانه‌وه(8).
ئه‌م كاره هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى زۆر ترسناكه بۆ ئاسایشى ئاو له هه‌رێمى كوردستان، بۆیه پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو وه‌ك پرسێكى ئاینده‌یى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاوى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن. هه‌روه‌ها وه‌كوو پرسێكى چاره‌نووسساز لێى بڕوانرێت و هه‌وڵى جددى بدرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌نووكه‌یى.
حكومه‌تى هه‌رێم هیچ پلان و هیچ ستراتیژیه‌تێكى بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى ئاو و به‌دیهێنانى ئاسایشی ئاو نه‌بووه، تا كێشه و گرفتى ئاو له كوردستاندا به‌واقیعى سه‌ر هه‌ڵنه‌دات و ڕوو نه‌دات و په‌ره نه‌سێنێت؛ هه‌نگاوى بۆ نانرێت و گوێ له شاره‌زایانى ئه‌م هه‌رێمه‌ش ناگیرێت. هه‌روه‌ك چۆن پێشتر گوێ به شاره‌زایانى ئابوورى نه‌درا و نه‌وتى كوردستان هه‌رزانفرۆش كرا و خه‌ڵكى ئه‌م هه‌رێمه تووشى قه‌یران و ده‌رده‌سه‌ری بوو و حكومه‌ت نه‌یتوانى چاره‌سه‌رى بكات، هه‌ر وا دواجار مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشى ئاو له‌م هه‌رێمه هه‌یه و مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه به ده‌ردى فرۆشتنى نه‌وتدا بچێت.
گرفته‌كانى ئاسایشى ئاو له كوردستان
دیاره چه‌ند هۆكار و گرفتى سه‌ره‌كى هه‌ن كه مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئاسایشى ئاو هه‌یه و بووه‌ته هۆى له‌ده‌ستدانى، ئه‌و هۆكارانه‌ش له‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه پێك هاتووه:
- كهمبوونەوەى ئاو و زیادبوونى ڕێژەى دانیشتووان
هه‌ر چه‌ند تا ئێستا داتایه‌كى ورد و باوه‌ڕپێكراو له‌سه‌ر ژماره‌ى دانیشتووانى هه‌رێم نییه، به‌ڵام بێگومان له زیادبووندایه، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه خواست له‌سه‌ر ئاو زیاتر بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رچاوه‌كانى ئاوى سه‌رزه‌وى به‌تایبه‌تى ڕووباره نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان له كهمبووندان به هۆى سیاسه‌ته‌كانى وڵاتانى سه‌رچاوه، به‌تایبه‌تى ئێران. ئه‌م كێشه‌يه له ئاینده‌دا زه‌قتر ده‌بێته‌وه و كوردستان تووشی گرفتى زۆر گه‌وره‌تر ده‌كات.
- ئاودێرى و به‌فیڕۆدانى ئاو
ئه‌مه یه‌كێكه له گرفته گه‌وره‌كانى كوردستان، چونكه تا ئێستا تهكنەلۆژیا تێكه‌ڵ به سێكته‌رى كشتوكاڵ نه‌كراوه. شێوازى كشتوكاڵكردن و ئاودێری به سیستمى كۆن (كه ڕێژه‌یه‌كى خه‌یاڵى له ئاو به‌فیڕۆ ده‌درێت) و ڕێنمایى كشتو‌كاڵى له كوردستاندا له خراپترین ئاستیدایه و هه‌موو ئه‌وانه بوونه‌ته هۆكارى گه‌وره بۆ به‌فیڕۆدانى ئاو له كه‌رتى كشتوكاڵدا به‌گشتى.
خراپ به‌كارهێنانى ئاو و پهیڕهونهكردنى ڕێگاى زانستیى نوێ له ئاودێرى، ده‌بێته هۆى به‌فیڕۆدانى زیاتر له (70%) له ئاوی به‌كارهاتوو، به‌شى گه‌وره‌ى به‌فیڕۆدان به‌ر كه‌رتى كشتوكاڵ ده‌كه‌وێت به هۆى لاوازیى سیستمى ئاودێریى پهیڕەوكراو(9).
- هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان
سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستاندا به ڕێژه‌ى (60%) لە ده‌ره‌وه‌ى سنوورى هەرێمەوە سەرچاوە دەگرن. ئه‌و ڕێژه‌یه وه‌كوو پێویست و به شێوه‌ى زانستى به‌كار ناهێنرێت، به‌ڵكوو به‌فیڕۆ ده‌درێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وڵاتانى هاوسنوور به‌تایبه‌تى ئێران، ده‌یان به‌نداوى له‌سه‌ر ڕووباره نێوده‌وڵه‌تیيه‌كان دروست كردووه، ئه‌و وڵاته هیچ بایه‌خێكى به پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانى عێراق و كوردستان نه‌داوه و نادات له مافى به‌شه ئاو(10). ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ته‌واوه‌تى ڕاده‌ستى سیاسه‌ته ئاوییه‌كانى توركیا و ئێران بوون و هیچ هه‌وڵێكى جددى نه‌دراوه بۆ پاراستنى مافه مێژووییه‌كانى عێراق و هه‌رێم له ئاوى ڕووباره نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان.
ئێستا به‌ڕوونى ئاستى ئاو له هه‌موو ئه‌و ڕووبارانه دابه‌زیوه و ڕه‌نگه له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا زۆرێك له‌و ڕووبارانه ببنه ڕووبارى وه‌رزى و شتێك به ناوی ئاسایشى ئاو و ئاسایشى خۆراكه‌وه نه‌مێنێت لە هەرێمى کوردستان.
- لاوازیى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو
له هه‌رێمى كوردستاندا نه‌ك لاوازى له به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاودا هەیە، به‌ڵكوو شتێكمان نییه به ناوى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، ئه‌وه‌ش هه‌یه، جگه له شێوازێكى هه‌ڕه‌مه‌كى و بێبه‌رنامه‌یى، هیچى تر نییه. به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه، ئاوى ڕووباره‌كان به‌فیڕۆ ده‌درێن و پیس ده‌كرێن به هه‌موو جۆره‌كانى پاشماوه و پاشه‌ڕۆ. له به‌رانبه‌ردا حكومه‌ت تا ڕاده‌یه‌كى زۆر پشتى به ئاوى ژێرزه‌وى به‌ستووه (چونكه تێچووى زۆر ناكه‌وێته سه‌ر حكومه‌ت). ئه‌مه له ڕووى زانستیيهوه هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌یه به‌تایبه‌تى بۆ عێراق و كوردستان، كه هه‌ڕه‌شه‌ى جه‌نگ و گرفتى ئاومان له‌سه‌ره و پێویسته پارێزگارى له ئاوى ژێرزه‌وى بكرێت، نه‌ك به‌كارهێنانى به شێوه‌یه‌كى ههڕەمهكى.
- نه‌بوونى سه‌روه‌رى له كوردستاندا
سه‌روه‌رى واتە موماره‌سه‌كردنى مافه‌كانى وڵات، یان بوونى هێزێكى تۆكمه له ده‌سه‌ڵاتێكدا كه تواناى هه‌بێت فه‌رمانڕه‌وایى بكات به‌بێ هیچ كاریگه‌رییه‌كى ده‌ره‌كى.
سه‌رچاوه سروشتى و كشتوكاڵی و ئابووريیهكان له هه‌ر وڵاتێكدا به ژێرخانى ستراتیژیى هه‌میشه‌یى و داهاتووى وڵات داده‌نرێن و مافى ته‌واوى هه‌موو نه‌وه‌كانیه‌تى به نه‌وه‌ى داهاتووشه‌وه. سه‌روه‌رى بوونى نییه، به‌بێ بوونى سه‌روه‌ریى ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه سروشتى و كشتو‌كاڵى… هتد. له بڕیارى ژماره (1803)ى كۆمه‌ڵه‌ى گشتیى وڵاته یه‌كگرتووه‌كان هاتووه، كه: “سه‌روه‌ریى هه‌میشه‌یى له‌سه‌ر سه‌رچاوه سروشتيیهكان پێویسته له به‌رژه‌وه‌نديى وڵات و میلله‌تدا موماره‌سه بكرێت(11)“. بۆیه پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه فهرمانڕەوایى ده‌كات، خاوه‌ن بڕیار و ئیراده بێت و به‌رپرسیارێتیى پارێزگاریكردن له سه‌رچاوه سروشتیيه‌كان و سه‌رچاوه‌كانى تر بگرێته ئه‌ستۆ.
ئه‌گه‌ر عێراق (بە کوردستانەوە) وه‌كوو نموونه‌یه‌ك وه‌ربگرین له‌م بابه‌ته و به‌دواى بنه‌ماى سه‌روه‌ریدا بگه‌ڕێین، ئه‌وه بێگومان نایبینینه‌وه، چونكه ئێستا عێراق به‌گشتى (به كوردستانه‌وه) دیلى سیاسه‌ته‌كانى وڵاته هەرێمییەكان، وه‌كوو ئێران و توركیا و خاوه‌ن سه‌روه‌ریى خاك و نیشتمانى خۆى نییه. له ڕووى سه‌روه‌ریى سه‌رچاوه سروشتى و كشتوكاڵیيهكانیشهوه، به هه‌مان شێوه خاوه‌ن ئیراده و ده‌سه‌ڵات نییه و ناتوانێت پارێزگاری‌یان لێ بكات. به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌م قسانه، بێ‌توانایى عێراق و كوردستانه له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئاو و ڕووباره نێودهوڵهتیيهكانى له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا. ئه‌م بابه‌ته ئێستا گرنگترین بابه‌ته كه پێویسته عێراق به هه‌رێمیشه‌وه له‌سه‌رى بوه‌ستن و قسه‌ى خۆیانیان هه‌بێت، چونكه به‌بێ ئاسایشى ئاو؛ ئاسایشى خۆراك وه‌ده‌ست ناهێنرێت.
نه‌بوونى سه‌روه‌رى له عێراق و كوردستاندا، وایان كردووه كه ئه‌و دوو وڵاته (توركیا و ئێران و سووریا له داهاتوودا) به‌ئاسانى پلان و سیاسه‌ته ئاوییه‌كانیان كه پێشووتر داڕ‌ێژرابوو، جێبه‌جێ بكه‌ن. توركیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى كه جگه له ئاو؛ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى سروشتیى تر‌ى نییه، بۆیه له مێژه‌وه درووشمى “ئاو به‌رانبه‌ر به نه‌وت”ى هه‌ڵگرتووه و له‌ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه پلانى هه‌بووه بۆ بونیادنانى پڕۆژه‌ى “GAP”ى فره‌مه‌به‌ست، كه له ڕێى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه بتوانێت ئاو و شتومه‌كى كشتو‌كاڵى و كاره‌با بفرۆشێته وڵاتانى ده‌وروپشتى خۆى و به‌تایبه‌تى عێراق و وڵاتانى كه‌نداو(12)، به‌ڵام هیچ چانسێكى نه‌بوو ئه‌و پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عێراق خاوه‌ن سه‌روه‌رى بوو و كه‌سێك حوكمى عێراقى ده‌كرد كه به‌لایه‌وه زۆر ئاسان بوو گه‌لى خۆى كیمیاباران بكات،چ بگات بە وڵاتێكى وه‌كوو توركیا. عێراق چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ى تێكشكانى به‌نداوه‌كانى توركیای ده‌كرد، ئه‌گه‌ر بێتوو توركیا به‌سه‌ربه‌خۆیى به‌نداوه‌كانى دروست بكات، بۆیه توركیا و ئێرانیش نه‌یانده‌وێرا پڕۆژه ئاويیهكانیان جێبه‌جێ بكه‌ن تا ساڵى 2003. ئه‌و كاته‌ى كه شتێك له عێراق به ناوی سهروهريیهوه نه‌ما و عێراق له گۆماوى ململانێى سیاسى و مه‌زهه‌بییه‌وه خنكابوو. بۆیه زۆربه‌ى پڕۆژه ئاودێريیهكانى ئه‌و دوو وڵاته له‌دواى ساڵى (2005)ەوە ده‌ست كرا به دروستكردنیان.
سه‌روه‌رى په‌یوه‌سته به ئاسایشى ئاو و ئاسایشى خۆراكه‌وه، نه‌بوونى سه‌روه‌رى واتە نه‌بوونى توانا له پارێزگاریكردن له ئاسایشى ئاو، كه له ئه‌نجامدا كاریگه‌ريى له‌سه‌ر ئاسایشى خۆراك ده‌بێت.
- گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا
هه‌موو جيهان به‌ده‌ست ئه‌م دیارده‌وه ده‌ناڵێنێت، كه وای كردووه خواستى له‌سه‌ر ئاو زیاتر بێت به هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رمى، به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى به‌هه‌ڵمبوون و تێكچوونى شێوازى دابارین. ئه‌م دیارده‌یه‌ش له كوردستاندا به‌دی ده‌كرێت و كێشه و گرفتى زۆر گه‌وره‌ى دروست كردووه، وه‌كوو سه‌رهه‌ڵدانى دیارده‌ى به‌بیابانبوون و وشكى، به‌تایبه‌تى له هه‌ندێ ناوچه. گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا ته‌نها هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ئاو دروست نه‌كردووه، به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر ئاسایشى خۆراك و ئاسایشى مرۆیى و ته‌ندروستییش دروست كردووه.
- تێكچوونى هاوسه‌نگیى ئاو
هاوسه‌نگیى ئاو، په‌یوه‌نديى نێوان ڕه‌گه‌زه‌كانى خولى هایدرۆلۆژى له سروشتدا شی ده‌كاته‌وه(13). واتە جیاوازى له‌نێوان ڕێژه‌ى ئاوى دهستكەوتوو و ڕێژه‌ى ئاوى به‌كارهاتوو، یان جیاوازى له‌نێوان ئه‌و بڕه ئاوه‌ى كه له ڕێى دابارینه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت و ئه‌و بڕه كه له ڕێى به‌هه‌ڵمبوونه‌وه له‌ده‌ست ده‌چێت.
P – Ep = ±
P: دابارین
Ep: به‌هه‌ڵمبوون
هه‌ر كاتێ ڕێژەى ساڵانه‌ى دابارین یه‌كسان یان زیاتر بوو له ڕێژەى ساڵانه‌ى به‌هه‌ڵمبوون، ئه‌وكات ئاو هاوسه‌نگه و گرفتى نییه، به‌ڵام هه‌ر كاتێ ڕێژەى ساڵانه‌ى به‌هه‌ڵمبوون زیاتر بوو له ڕێژەى ساڵانه‌ى دابارین، واتە هاوسه‌نگیى ئاو تێك چووه. گۆڕانكاريیهكانى كه‌شوهه‌وا و زیادبوونى پله‌ى گه‌رمى وایان كردووه كه ڕێژه‌ى به‌هه‌ڵمبوون زیاتر بێت له ڕێژه‌ى دابارین له زۆربه‌ى ناوچه‌كانى جیهاندا، ئه‌م گرفته له كوردستان و عێراقدا زۆر گه‌وره‌تره، ئه‌مه‌ش ههڕەشهیهكى مه‌ترسیداره له‌سه‌ر كۆى سیستمى ژینگه و له ئه‌نجامدا ئاسایشى ئاو و خۆراك ده‌خاته مهترسیيهكى زۆر گه‌وره‌وه.
- پیسبوونى ئاو
كێشه‌ى پیسبوونى ئاو یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانى سه‌رده‌م، چونكه په‌یوه‌ندیى به هه‌موو جومگه‌كانى ژیانه‌وه هه‌یه و هیچى كه‌متر نییه له كێشه‌ى كه‌مى و به‌فیڕۆدانى ئاو. پیسبوونى ئاو زیاتر كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ژیانى گوندنشینه‌كان ده‌بێت، كه به شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆ و به‌بێ خاوێنكردنه‌وه ئاو له ڕووباره‌كانه‌وه به‌كار ده‌هێنن.
دیاره زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له عێراق و كوردستان به پاشماوه و پاشه‌ڕۆى (پیشه‌سازى، كشتو‌كاڵى، وێستگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى وزه… هتد)ی وڵاتانى دراوسێ و شاره‌كانى ناوه‌وه‌ى عێراق له ڕێى ئاوه‌ڕۆى گشتى (مجاری الصرف الصحی)ى شاره‌كانه‌وه له‌ناو ده‌برێت، دواتر ده‌ڕژێنرێته نێو ڕووبار و ڕێڕه‌وه ئاوییه‌كانه‌وه. هه‌ندێ جار فڕێ ده‌درێته سه‌ر زه‌وى له‌و ناوچانه‌ى كه سیستمى ئاوه‌ڕۆى (صرف صحی)ى پێ نه‌گه‌یشتووه و ده‌بێته هۆى پیسبوونى ئاوى ژێرزه‌وى.
بۆیه ڕه‌نگه ئێستا عێراق به كوردستانه‌وه، گرفتى پیسبوونى ئاوى زیاتریان هه‌بێت له گرفتى كه‌میى ئاو (شحة المیاه)، ئه‌مه و له‌پاڵ نه‌بوونی یان لاوازیى هۆشیاريى تاك له ڕووى ژینگه‌ییه‌وه.
ئه‌مڕۆ كێشه‌ى پاشه‌ڕۆكان له عێراق و كوردستان به‌رده‌وامه، به‌بێ په‌یڕه‌وكردنى هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كى زانستى و هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ژێر مه‌ترسیی پیسبووندان، چ سه‌رچاوه‌كانى ئاوى سه‌رزه‌وى بێت یا ئاوى ژێرزه‌وى.
- نه‌وت وه‌ك نههامهتيیهك بۆ ئاینده‌ى ئاو له كوردستان
ئێستا نزیكەی (95%) له پڕۆژه‌ى گاپ (GAP) ته‌واو بووه و زۆربه‌ى پڕۆژه ئاوییه‌كانى ئێران له ته‌واوبووندایه و عێراق له گرفتى گه‌وره‌ى كهمئاوى و گه‌یشتن به هێڵى هه‌ژاریى ئاو نزیك بووه‌ته‌وه و هیچ هه‌وڵێكى جددیى نه‌داوه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و گرفته و له داهاتوودا هه‌مان كێشه و گرفت ڕووبه‌ڕووى كوردستانیش ده‌بێته‌وه و درووشمه‌كانى توركیا وه‌ك “ئاو به‌رانبه‌ر به نه‌وت” خه‌ریكن دێنه دى، كه پێشتر ئێمه‌ومانان وه‌كوو خه‌ون ده‌مانبینى.
ڕه‌نگه دۆخه‌كه خراپتریش بێت له داهاتوودا، چونكه ئاو پێچه‌وانه‌ى نه‌وته، هه‌رگیز به‌هاى خۆى له‌ده‌ست نادات و توركیا ئێستا گه‌وره‌ترین سوودمه‌نده له سیاسه‌تى “نه‌وتى”ى هه‌رێمى كوردستان. خه‌ڵكى ئه‌م هه‌رێمه نه‌وت وه‌كوو نههامهتیيهك داده‌نێن، چونكه له‌و ڕۆژه‌وه نه‌وت له كوردستان به‌رهه‌م هێنراوه، خه‌ڵكه‌كه خێریان لێ نه‌بینیوه، له كاتێكدا نه‌وت ده‌بێت مایه‌ى خۆشگوزه‌رانى بێت بۆ هاوڵاتیان و له كاتى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاودا ده‌توانرێت وه‌كوو كارتێكى فشار به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته ئاوییه‌كانی وڵاتانى دراوسێ به‌كار بهێنرێت و ئاسایشى ئاو له كوردستاندا بپارێزرێت. به‌ڵام نه‌وت له ئێستا و داهاتوودا وا دانراوه ته‌نها خزمه‌تى چه‌ند كه‌سێك بكات له‌م هه‌رێمه‌دا، ئه‌گینا بیر له ئاینده‌ى هه‌رێم نه‌كراوه‌ته‌وه و له به‌رنامه‌دا نییه.
بۆیە ئەگەر گرنگى بە سەرچاوەکانى ئاو نەدرێت لە هەرێمى کوردستاندا، ئەوە لە ئایندەدا مەترسیى زۆر گەورە لەسەر هەرێم دروست دەبێ و دانیشتووانى هەرێم تووشى گرفتى گەورەى کەمئاوى دەبن و دوور نییە لە ئایندەیەکى نزیکدا بە هۆى دابەزینى ئاستى ئاوى سەرزەوى، بە شێوەیەکی لە ئێستا خراپتر دەست ببرێت بۆ ئاوى ژێرزەوى و ئەو سامانە گرنگە لەناو ببرێت و نەوەى داهاتوو بخەینە مەترسییەکى زۆر گەورەوە و لە هەموو بارودۆخەکان ئاسایشى ئاو، ژینگە و خۆراک بەرەو هەڵدێرمان دەبات.
ڕاسپاردە و چۆنێتیى به‌ده‌ستهێنانى ئاسایشى ئاو له كوردستاندا
به مه‌به‌ستى ده‌ربازبوونى كوردستان له گرفتى ئاو و فهراههمكردنى ئاسایشى ئاو، پێویسته ئه‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه په‌یڕه‌و بكرێن:
- گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕووباره نێوده‌وڵه‌تیيه‌كان له چوارچێوه‌ى عێراقدا
هه‌وڵدانى عێراق به شێوه‌یه‌كى جددى بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ وڵاتانى سه‌رچاوه، به مه‌به‌ستى گه‌یشتن به ڕێكکهوتننامه بۆ دڵنیابوون و زامنكردنى به‌شه‌كانى عێراق له ڕووباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به پشتبه‌ستن به یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. بۆیه پێویسته گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا چڕتر بكرێنه‌وه و هه‌وڵى جددى بدرێت كه له گرفتى كه‌میى ئاو و ئه‌نجامه‌كانى تێبگه‌ن، كه زیانى گه‌وره له عێراق و كوردستان ده‌دات. له ئێستادا ناتوانرێت ڕێگرى له دروستكردنى به‌نداوه‌كان بکرێت، چونكه تازه كار له كار ترازاوه، به‌ڵام پێویسته به گفتوگۆ داواى مافه مێژوويیهكانى عێراق و كوردستان له سه‌رچاوه‌كانى ئاو بكرێت. پێویسته جه‌خت له‌وه بكه‌نه‌وه كه به‌كارخستنى ئه‌و به‌نداو و پڕۆژانه، كاریگه‌ريى خراپ له‌سه‌ر سیستمه ئیكۆلۆژیيهكانى ڕووباره‌كان له‌نێو عێراق و كوردستاندا دروست نه‌كات.
- به‌كارهێنانى ئاو به شێوه‌یه‌كى زانستى
په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تێكى گونجاو بۆ به‌كارهێنانى ئاو به شێوه‌یه‌كى زانستى و به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له چوارچێوه‌ى پلانێكى داڕێژراو و به‌هێز و گرنگیدان به ئاوى ژێرزه‌وى و به‌كارهێنانى به شێوه‌یه‌كى زانستى و له چوارچێوه‌ى ده‌رهێنانى تهناهیكراو (پارێزراو – الاستغلال الآمن – Safe Extraction) و ئاوى سه‌رزه‌وى بكرێته سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى یه‌كه‌م بۆ به‌كارهێنان. پێویسته هه‌وڵى جددى له به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاوى ژێرزه‌وى له ڕێى پڕۆسه‌یه‌ك بدرێت، كه به دووباره پڕكردنه‌وه‌ى ئاوى ژێرزه‌وى ناسراوه (Artificial groundwater recharge)، ئه‌ویش له ڕێگه‌ى دروستكردنى پۆند له شوێنى گونجاو یا له ڕێى هه‌ڵكه‌ندنى بیرى تایبه‌ت (فیدینگ) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، كه له ئه‌نجامدا ئاوى ژێرزه‌وى له چینه‌كانى خواره‌وه به‌رز ده‌بێته‌وه.
- ئاو به‌رانبه‌ر به نه‌وت
عێراق به كوردستانه‌وه وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده به پترۆڵ، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووى كه‌میى ئاو بووه‌ته‌وه و له ئاینده‌شدا ئه‌و گرفته زه‌قتر ده‌بێته‌وه. له لایه‌كى تره‌وه توركیا وڵاتێكى بێ پترۆڵ و ده‌وڵه‌مه‌نده به ئاو. بۆیه عێراق و به‌تایبه‌تى كوردستان له چوارچێوه‌ى عێراق ده‌توانێ نه‌وت و گاز وه‌كوو فشارێك به‌كار بهێنێت به‌رانبه‌ر به فشارى ئاو، كه وڵاتانى دراوسێ په‌یڕه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له داهاتووشدا ئه‌م شێوه چاره‌سه‌رە ده‌بێته كێشه‌یه‌كى زۆر گه‌وره بۆ نه‌وه‌ى داهاتوو به‌تایبه‌تى له كاتى نه‌مانى نه‌وتدا، یان دابه‌زینى به‌هاى نه‌وت بۆ كه‌متر له به‌هاى ئاوى سازگار.
- دووباره سوودوه‌رگرتنه‌وه له ئاوى به‌كارهاتوو (پاشه‌ڕۆ)
ڕێژه‌ى ئاوى پاشه‌ڕۆ له كوردستان و عێراق زۆر به‌رزه و ئه‌م جۆره ئاوه به سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاویى گرنگ داده‌نرێت، چونكه ده‌توانرێت هه‌ندێ پێداویستیى ناوخۆى پێ پڕ بكرێته‌وه، وه‌كوو پێداویستیيهكانى كه‌رتى پیشه‌سازى، یان ده‌توانرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ى دووباره پڕكردنه‌وه (فیدینگ)ى ئاوى ژێرزه‌وى به‌كار بهێنرێت دواى چاره‌سه‌ركردن و خاوێنكردنه‌وه‌ى. هه‌روه‌ها ده‌كرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستيیهكانى ژینگه به‌كار بهێنرێت.
ڕه‌نگه ئه‌م پڕۆسه‌یه پێویستى به بودجه‌یه‌كى زۆر هه‌بێت، به‌ڵام ڕێگه‌یه‌كى زانستیيه بۆ پاراستنى ئاو، چونكه ئه‌م جۆره پاشه‌ڕۆیه له جیهانى ئه‌مڕۆدا به سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى ئابوورى داده‌نرێت. سه‌ره‌ڕاى سوودوه‌رگرتن له ئاو دواى پاڵاوتنى، له ئه‌نجامیشدا ده‌توانرێت سوود له پاشماوه ڕهقهكانى وه‌ربگیردرێت و وه‌كوو په‌یینى ئۆرگانى یا كیمیایى به‌كار بهێنرێت، به‌مه‌ش ڕێژه‌ى هاورده‌كردنى پەیینى كیمیایى له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه كه‌م ده‌بێته‌وه.
- پهیڕەوكردنى سيستمى گۆماوى ده‌ستكرد
یه‌كێكه له ئامرازه هه‌ره گرنگه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ئاوى باران و به‌كارهێنانى، به‌تایبه‌تى له بوارى كشتوكاڵدا. ئه‌م سیستمه به دوو ڕێگا ده‌بێت:
أ. كۆكردنه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆ: واتە كۆكردنه‌وه‌ى ئاو له‌نێو زه‌وییه كشتوكاڵیيه‌كان، كه لێژایى تێدایه و ده‌توانرێت وه‌كوو ڕێگرێك به‌كار بهێنرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕاماڵینى خاك.
ب. كۆكردنه‌وه‌ى ناڕاسته‌وخۆ: واتە كۆكردنه‌وه‌ى ئاوى “لافاو” له شوێنێكى تایبه‌ت و به‌كارهێنانى بۆ ئاودانى “ته‌واوكه‌ر”، یان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاوى ژێرزه‌وى، یان بۆ خواردنه‌وه بۆ ئاژه‌ڵه‌كان.
ئه‌م سیستمه زۆر گرنگه بۆ ناوچه وشك و نیمچهوشكهكان، به‌تایبه‌تى بۆ مه‌به‌ستى ئاودێريى ته‌واوكه‌ر و بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه ده‌یمه‌كان. گرنگیى ئه‌م سیستمه له‌وه‌دایه كه تیچووهكهى زۆر كه‌مه و ده‌توانرێت بڕێكى زۆر له ئاو كۆ بكرێته‌وه.
- دروستكردنى به‌نداو
به‌نداوه‌كان چه‌ند سوودیان هه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ش زیانیان ده‌بێت، به‌ڵام عێراق و هه‌رێمى كوردستان ڕێگه‌چاره‌ى تری گه‌وره‌یان به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، چونكه وڵاتانى سه‌رچاوه (توركیا و ئێران و سووریا له داهاتوودا) هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى ئاویان گرتووه به به‌نداو. به‌نداوى بێخمه گرنگترین به‌نداوه، كه پێویسته له هه‌رێمى كوردستان ده‌ست به ته‌واوكردنى بكرێته‌وه، چونكه تواناى گلدانه‌وى (17 ملیار م3) ئاوى هه‌یه و توانایه‌كى یه‌كجار زۆرى بۆ به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌با هه‌یه. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م به‌نداوه به‌س بێت بۆ كۆتاییهێنان به گرفتى ئاو و دواتر به‌ده‌ستهێنانى ئاسایشى ئاو له عێراق و كوردستاندا.
- ڕێنماییكردن و هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان له ڕووى به‌كارهێنانى ئاوەوە
پێویسته هاوڵاتیان له مه‌ترسیيه‌كانى كهمئاوى هۆشیار بكرێنه‌وه، كه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ته‌ندروستى و دواتر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یى. ئه‌مه كارى حكومەت بەتەنها نییه، به‌ڵكوو ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و كه‌رتى تایبه‌ت ده‌بێت، كه هه‌ستن به ئه‌نجامدانى كه‌مپینى تایبه‌ت به هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا و ده‌توانرێ له ڕێگه‌ى پڕۆگرامه‌كانى خوێندنیشه‌وه ئه‌م كاره ئه‌نجام بدرێت.
- په‌یڕه‌وكردنى سیستمى ئاودێریى مۆدێرن
به‌فیڕۆدانى ئاو كاریگه‌ريى ئابووريى زۆر خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، بۆیه به‌رنامه‌ى پڕۆسه‌ى پاراستنى ئاو به‌شێكى گرنگه له پڕۆسه‌ى پاراستنى سه‌رچاوه سروشتیيه‌كان. كارامه‌یى له به‌كارهێنانى ئاو به‌تایبه‌تى بۆ سێكته‌رى كشتوكاڵ زۆر گرنگه، چونكه له‌م سێكتهرەدا زۆرترین بڕی ئاو تيایدا به‌كار ده‌هێنرێت و به‌فیڕۆ ده‌درێت. په‌یڕه‌وكردنى سیستمى ئاودێریى كۆن پێویسته كارى جددیى له‌سه‌ر بكرێت و كۆى سیستمه‌كه بگۆڕدرێت، به‌تایبه‌تى له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه له لایه‌كه‌وه تهكنەلۆژیا پێشكه‌وتووه و له لایه‌كى تره‌وه سه‌رده‌مى گرفت و كێبڕكێیه له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ئاو و سیستمى ئاودێریى مۆدێرن، كارامه‌یى پڕۆسه‌ى ئاودێریى به‌رز ده‌كاتەوە و ڕێژه‌ى به‌فیڕۆدانى ئاو تا (90%) كه‌م ده‌كاتەوە(14).
- به‌ڕێوه‌بردنى ته‌واوكار له سه‌رچاوه‌كانى ئاودا (IWRM)
سه‌رچاوه‌كانى ئاو له زۆربه‌ى سێكته‌ره‌كان و چالاكییه جیاوازه‌كانى مرۆڤدا وه‌ك (خواردنه‌وه، خزمه‌تگوزارى، پاككردنه‌وه، كشتوكاڵ، پێشه‌سازی… هتد) به‌كار ده‌هێنرێت و هه‌ر سێكته‌رێك له‌وانه جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وى تردا.
هه‌ر بۆ نموونه؛ له كوردستاندا چه‌ندین لایه‌نى حكومى هه‌یه، له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ئاو و دابه‌شكردنیان به‌رپرسه، بۆ نموونه “وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو” و “وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار” و له خواره‌وه‌ى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌وه، ئه‌م بهڕێوەبهرایهتییانه هه‌ن: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتيى به‌نداوه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاو و ئاوه‌ڕۆ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاوى ناوشار، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاوى ده‌وروبه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاوى ژێرزه‌وى، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاوى سه‌رزه‌وى، ڕه‌نگه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و یه‌كه‌ى تریش هه‌بێت. هه‌ریه‌ك له‌و لایه‌نانه به شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ كاره‌كانیان ڕاده‌په‌ڕێنن، به شێوه‌یه‌ك كه ئاگایان له یه‌ك نه‌بێت و هیچ پهیوهنديیهكیان به‌یه‌كه‌وه نه‌بێت، بۆ نموونه مۆڵه‌تى هه‌ڵكه‌ندنى بیر هه‌ر لایه‌نێك لاى خۆیه‌وه مۆڵه‌ت ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ى ئاگایان له یه‌ك بێت.
به‌ڵام له سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى ته‌واوكار له سه‌رچاوه‌كانى ئاودا، پێویسته هه‌موو ئه‌و سێكته‌ر و بهڕێوەبهرایهتییانه پێكه‌وه ببه‌سترێنه‌وه به شێوه‌یه‌كى زانستى(15). مه‌به‌ست له‌م سیستمه ئه‌وه‌یه ئاو دابین بكرێت بۆ هه‌موو سێكته‌رێك به‌پێى پێداویستيیه ڕاستهقینهكانى و چاودێريكردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ ئامانجه سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى، ژینگه‌یى و ئابووريیهكاندا بگونجێت، چونكه بوونى چه‌ند لایه‌نێكى جیاواز له سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى ئاودا، هۆكارێكه بۆ كێشه و گرفت و ناسه‌قامگیرى له پڕۆسه‌ى به‌ڕێوه‌بردندا(16).
له عێراقدا به‌گشتى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو كارێكى ئاڵۆزه و چه‌ندین كارى به‌ستراو به یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌كوو پلاندانان و به‌كارخستن و چاككردن و دانانى نرخ و شیاندنى ژینگه‌یى (التأهیل البیئي) و گه‌شه‌كردنى گه‌ڕاوه‌كان (انعاش الأهوار) و دانانى چه‌ند یاسایه‌كى تۆكمه و به‌هێز بۆ ڕێكخستنى كه‌رتى ئاو، كه ده‌بێت له‌لایه‌ن (وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، وه‌زاره‌تى شاره‌وانییه‌كان، یه‌كه ئیدارییه‌كان و هه‌رێمى كوردستان) به‌ڕێوه ببرێت، ئه‌مه‌ش پێویستى به جێبه‌جێكردنى بنه‌ماكانى به‌ڕێوه‌بردنى ته‌واوكاره (إدارة متكاملة) و چاككردنى به‌ڕێوه‌بردنى ئاو به شێوه‌ى ئاسۆیى (له‌سه‌ر ئاستى ده‌زگا ناوه‌ندییه‌كان) و ستوونى (له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى ناوه‌ند به هه‌رێم و پارێزگاكانه‌وه).
بۆیه كه‌رتى ئاو پێویستى به جێبه‌جێكردنى ڕێساى ناوهندێتیى كارگێڕی (مركزیة الإدارة) و سیستمى ناناوهندیى خزمهتهگوزارییهكان (لا مركزیة الخدمات) هه‌یه. ئه‌مه‌ش پێویستى به دانانى یاسا و ڕێسا و سیاسه‌تى ڕوون له به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له سه‌رجه‌م پارێزگاكان و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، كه به‌رپرسیارێتیى حكومه‌تى ناوه‌نده، به‌ڵام له ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌سه‌ر هه‌رێم و پارێزگاكاندا دابه‌ش بكرێت، كه ده‌بێت به یاساكانى پاراستنى ژینگه و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانى وڵاته‌وه پابه‌ند بكرێن. به هه‌مان شێوه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ند، ده‌بێت سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ناو هه‌رێم له چوارچێوه‌ى سێ پارێزگاكه‌دا به‌ڕێوه ببرێت.
له ئه‌نجامى نه‌بوونى به‌ڕێوه‌بردنى ته‌واوكار بۆ سه‌رچاوه‌كانى ئاو له هه‌ر وڵاتێكدا؛ گرفتى ئاو، پیسبوونى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، تێكچوونى سیستمى ئیكۆلۆژى و هه‌ڕه‌مه‌كى له به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌كوو ئه‌وه‌ى ئێستا له عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، بۆیه سه‌ره‌كیترین و گرنگترین ئامانج له ئامانجه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى ته‌واوكار، له سه‌رچاوه‌كانى به‌ده‌ستهێنانى ئاسایشى ئاوه.
- كۆنترۆڵكردنى ژماره‌ى دانیشتووان
ئه‌م گرفته حكومه‌تى ناچار كردووه به فراوانبوونى شاره‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو جارێ له‌سه‌ر حیسابی زه‌وییه كشتوكاڵیيه‌كان ده‌بێت. بۆیه نه‌مان یان كه‌مبوونه‌وه‌ى پانتایى زه‌وییه كشتوكاڵیيه‌كان، به واتاى به‌بیابانبوون دێت. ئێستا كاتى ئه‌وه هاتووه كه به‌جددى بیر له كۆنترۆڵكردنى ڕێژه‌ى دانیشتووان بكرێته‌وه، دوور له هه‌موو بنه‌مایه‌كى ئایینى و كۆمه‌ڵایه‌تى، چونكه هه‌موو ئامرازه‌كانى خۆشگوزه‌رانى خه‌ریكە له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و له داهاتوودا سه‌رچاوه سروشتیيه‌كان به‌تایبه‌تى ئاو، پێداویستیى ناوخۆیى پڕ ناكه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ناچارمان ده‌كات ڕێژه‌ى دانیشتووانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ تواناى هه‌رێم بۆ دابینكردنى خۆراك و پاراستنى ئاسایشى خۆراك و ئاسایشى مرۆیى بگونجێنین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه كه ئاماژه‌یان پێ كرا، حكومه‌تى هه‌رێم پێویسته ئه‌م چه‌ند پێشنیاره له‌به‌رچاو بگرێت، به‌تایبه‌تى بۆ ڕێكخستنى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له ناوخۆى هه‌رێم:
- 1. ڕێكخستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و دامودهزگایانهى كه په‌یوه‌ندییان به سامانى ئاوه‌وه هه‌یه.
- 2. دانانى سیستمێكى نوێی تایبه‌ت به زانیارى و داتا و به‌كارهێنانى زانیاريیه‌كان بۆ توێژینه‌وه‌ى زانستيى تایبه‌ت به سه‌رچاوه‌كانى ئاو.
- 3. دانانى یاسای تایبەت بە سەرچاوەکانى ئاو و گرنگیدان به چۆنێتیى پاشه‌كه‌وتكردنى ئاو و به‌كارهێنانى له كاتى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه و قه‌یرانه‌كان.
سه‌رچاوه‌كان:
- النجار أحمد وآخرون (2001)، الأبعاد السياسية والاجتماعية لتطوير استخدام الموارد المائية، كراسات استراتيجية رقم 97، مركز الدراسات السياسية والاستراتيجية بالاهرام، القاهرة، مصر.
- 2. أشرف صبحي عبد العاطي (1999)، ترشيد المياه: واقع وأفاق، الطبعة الأولى، دار ومكتبة الاسرا‌ء، طنطا، مصر.
- 3. Larry, W, Mays, McGraw, Hill Prof Med 2004, Water supply systems security, Tech.
- 4. Buzan, B 1983, ‘The National Security Problem in International Relation ‘, Whet sheaf Bool , 1983, pp: (7).
- أشرف صبحي عبد العاطي (1999)، هەمان سەرچاوە.
- 6. تقرير التنمية الانسانية (1994)، الابعاد الجديدة للامن البشري، برنامج الامم المتحدة الانمائي (PUND).
- 7. Food and Agriculture Organization (FAO) 2002, The State of Food Insecurity in the World, Rome, pp. 5-7.
- 8. , A. Loáiciga 2016, The Safe Yield and Climatic Variability: Implications for Groundwater Management, NGWA, in: <https://doi.org/10.1111/gwat.12481>.
- 9. عرعر، عبدالله عبدالرزاق (١٩٩٧)، “استخدام المياه للاغراض الزراعية في الوطن العربي”، ورقة مقدمة لندوة مصادر المياه واستخداماتها في الوطن العربي، الكويت، ص(١٨-٢٠).
- 10. سرحت، عبدالمطلب رفعت (2019)، كورد و عێراق له سیاسه‌تى ئاوى وڵاتانى سه‌رچاوه، چاپخانه‌ى كارۆ، سلێمانى.
- 11. قرارات الجمعية العامة للأمم المتحدة:
https://www.un.org/ar/sections/documents/general-assembly-resolutions/index.html
- 12. سرحت، عبدالمطلب رفعت (2019)، هەمان سەرچاوە.
- 13. Domenico, P, A, and Schwartz, F, W 1998, ‘Physical and Chemical Hydrogeology’, John Wiley and Sons Inc., New Yourk. Pp: (506) P.
- 14. عرعر، عبدالله عبدالرزاق (١٩٩٧)، هەمان سەرچاوە.
- 15. Global Water Partnership 2000, Integrated Water Resources Management, TAC Background Papers, no: 4, www.gwpforum.org/gwp/library/Tacno4.pdf
- 16. Global Water Partnership 2002, Integrated Water Resources Management, http://www.gwp.ihe.nl.