سیاسه‌تى ئاوى و ئایندەى ئاو لە سووریا
د. عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت/ پسپۆڕى بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو
بەرایی
لە داهاتوویەکى نزیکدا ئاو جیهانیش ئاڕاستە دەکات و دەبێتە فاکتەری جەنگ و ئاشتی و دۆستایەتی و جەنگەکانی داهاتووی جیهان لەسەر ئاو ڕوو دەدەن. زانایان و توێژه‌رانى بوارى سه‌رچاوه‌كانى ئاو ترسیان له‌وه هه‌یه كه ململانێى سه‌ربازى له‌سه‌ر ئاو له داهاتوویه‌كى زۆر نزیكدا ڕوو بدات، به تایبه‌تى له‌گه‌ڵ زۆربوونى گرژى و ناكۆكى له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ئاو و ڕووباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. بۆیه ئه‌گه‌ر وڵاتان بیانه‌وێت ئه‌و پرسـه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه بێگومان پێویستیان به هاریكاریى هه‌رێمایه‌تى و ناوخۆیى ده‌بێت. چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئاو له پارچه‌كانى كوردستان (ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژئاوا، باكوور، باشوور) زۆر قورستره به به‌راورد له‌گه‌ڵ كێشه‌ى ئاو له ئێران، سووریا، توركیا و عێراق، چونكه كێشه‌ى ئاو له پارچه‌كانى كوردستان تایبه‌ته به سیاسه‌تى ناوخۆیى ئه‌و وڵاتانه‌وه كه له توانایاندا هه‌یه ده‌یان بیانوو بخه‌نه ڕوو بۆ پشتگیرى و چه‌سپاندنى پڕۆژه و سیاسه‌ته‌كانیان. بۆیه پێویسته كوردانى پارچه‌كانى كوردستان دژ به‌و پڕۆژانه بوه‌ستنه‌وه له ڕێى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندان و دروستكردنى فشار له سه‌ر حكومه‌ته‌كانیان و هه‌وڵ بده‌ن ده‌نگیان بگاته ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. قەیرانی ئاو لە سووریا لە ئێستادا توندتر بووە، لێکەوتە ترسناکەکانیشی بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا قورس بووەتەوە. هەروەها ململانێیە بەردەوامەکان هۆکار بوون بۆ لەناوبردنی ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئاو. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە وشکەساڵی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست درێژتر و توندتر دەبێت، هاوکات پێوەرەکانی مەترسیی ململانێی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا سووریای وەک خراپترین وڵاتی ناوچەی دەریای ناوەڕاست ڕیزبەندی کردووە لە ڕووى وشکى و وشکەساڵییەوە. کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆگاکانی ئاو و ڕووبارەکان. دەستکەوتنی ئاوی پاکی خواردنەوە بووەتە ئالنگارییەك بۆ ملیۆنان هاوڵاتیى سووری و لە نێوانیان هاوڵاتییانى کورد. لە ئێستادا دوو فاکتەر هەن کە ڕێگرن لە چارەسەرکردنى کێشەى ئاو لە سووریا، بریتین لە: قەیرانی مرۆیی کە لە ئەنجامی ئەو شەڕەوە هاتووەتە ئاراوە کە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە، هەروەها ئەو سنوورە جیۆپۆلەتیکییانەی کە لە لایەن هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەکانەوە کێشراون. ئایندەی سەرچاوە ئاوییەکان لە سووریا لە ناو ئەم دۆخە پڕ لە گێژاوەدا نادیارە و بەرەو ئاقارێکى زۆر خراپ هەنگاو دەنێت.
دۆخی سەرچاوەکانى ئاو لە سووریا
سووریا ئاوی سازگار لە ڕووباری فوڕاتەوە وەردەگرێت کە سەرچاوەی سەرەکییە و یەکێکە لە ڕووبارە بەناوبانگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە ڕووباری دیجلە کە یەکێکە لە گەورەترین ڕووبارەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا١. فوڕات لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت و بە سووریا و عێراقدا تێدەپەڕێت و پاشان دەچێتە نێو کەنداوی عەرەبی. ئاستی فوڕات لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. سووریا ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەم دابەزینەی لەسەر بووە و بە درێژایى ئەو ماوەیە نەیتوانیوە بە کردارى چارەسەرى بارودۆخەکە بکات، نە لە ڕووى سیاسی و نە لە ناوخۆی وڵاتەکە.
لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانى سەرچاوەکانی ئاوی سازگار و زیادبوونی کێشەى پیسبوونی سەرچاوەکانى ئاو و کارنەکردن بۆ دووبارە پاڵاوتن و بەکارهینانەوەى پاشەڕۆ و هەروەها تەشەنەکردنى دیاردەى بیابانبوون، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی تێکچوونی بەرفراوانی ژینگە لە سووریا. سیستمی ئاودێریی چڕ و شێوازە ناکاریگەرەکان لە ئاودێریدا بووەته هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکیی لە قەیرانی ئاو لە سووریادا هەیە. چەندین لێکۆڵینەوە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ ئەنجام دراون، دەریانخستووە کە حکومەتی سووریا نەیتوانیوە زاڵ بێت بەسەر کێشە و گرفتەکان لە سەرچاوەکانى ئاو و گۆڕ‌انى کەشوهەوا و وشکەساڵیدا.
سه‌رچاوه‌كانى ئاو له سووریا
له ڕووى هاوكێشه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، سووریا هیچ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له سیاسه‌ته ئاوییهكهى، به هۆى چه‌ند خاڵێكه‌وه:
- نزیكه‌ى 60%ی خاكى سووریا ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی نامسۆگهرهوه له ڕووى دابارینه‌وه.
- خاكى سووریا خاكێكى وشک و پێكهاته‌ى زۆر نزمه له ئاو و مادده ئۆرگانییه‌كان.
- ڕێژه‌ى به‌هه‌ڵمبوون له سه‌ر ئاو و خاک له سووریا زۆر به‌رزه.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه، پڕۆژه‌كانى سووریا تووشى شكست دهبن٢.
دیاره چه‌ند ڕووبارێک هه‌ن له نێو خاكى سووریا وه‌كوو سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى به‌كار دێن بۆ هه‌موو كه‌رته‌كان، وه‌كوو ڕووبارى دیجله كه ته‌نها له سه‌ر هێڵى سنوورییه له نێوان سووریا و عێراق و توركیا و تا ڕاده‌یه‌كى زۆر كه‌م سووریا سوودى لێ وه‌رده‌گرێت. ڕووبارى فوڕات كه سووریا زۆر پشتى پێ به‌ستووه و چه‌ندین پڕۆژه‌ى ئاودێریى له سه‌ر دروست كردووه. ڕووبارى العاصی كه به هه‌مان شێوه ڕووبارێكى نێوده‌وڵه‌تییه و به لوبنان و سووریا و توركیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت و كێشه‌ى له‌سه‌ره، به تایبه‌تى له‌گه‌ڵ توركیا. هه‌روه‌ها ڕووباره‌كانى عه‌فرین و یه‌رمووک و قوێن و جهغجهغ و ڕووبارى گه‌وره‌ى باشوور كه هه‌موویان ڕووبارى نێوده‌وڵه‌تین، به‌ڵام داهاتیان زۆر كهمه٣.
له لایه‌كى تره‌وه چه‌ند ڕووبارێكى ناوخۆیى هه‌ن له خاكى سووریا، وه‌ک خابوور و بهلێح و ئهلسن له‌گه‌ڵ چه‌ندین ڕووبارى وه‌رزى كه ته‌نها له چه‌ند مانگێکدا داهاتیان ده‌بێت و دواى ئه‌وە وشک ده‌بن.
وڵاتى سووریا چه‌ند ئاوهزێڵێک له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌كوو ئاوهزێڵى دیمه‌شق و عاصی و ئهلساحیل و فوڕات و یه‌رمووک و ئهلبادییه. داهاتى گشتیى ئاوى ڕووبار و ئاوهزێڵهكانى سووریا له ساڵى 1990دا نزیكه‌ى (44,56 ملیار م3) بووه، به‌ڵام پێویستییه‌كانى سووریا به ئاو (بۆ هه‌موو كه‌رته‌كان) ده‌گاته زیاتر له (95,8 ملیار م3)، ئه‌مه‌ش قه‌باره‌ى گرفتى كه‌میى ئاو له سووریا پێشان ده‌دات و ڕه‌نگه ئه‌م گرفته قووڵتر ببێته‌وه له ئه‌گه‌رى زیادبوونى دانیشتووانى ئه‌و وڵاته بۆ (66) ملیۆن كه‌س كه پێشبینى ده‌كرێت له ساڵى 2048دا بگاته نزیكه‌ى ئه‌و ژمارهیه٤ (بڕوانه خشته‌ى ژماره (١)).
خشته‌ى ژماره (١)
پێویستییه‌كانى سووریا به ئاو به پێى پێشبینییه‌كان(٤)
سـاڵ |
ژمارەی دانیشتووان (ملیۆن) |
پێویستی بە ئاو بۆ هەموو كەرتەكان |
بەشی تاک
م3/سـاڵ |
1990 |
12 |
8,95 |
746 |
2000 |
18 |
14,1 |
783 |
2025 |
35 |
27,15 |
776 |
2048 |
66 |
39 |
489 |
پڕۆژه ئاودێرییهكانى سووریا له سه‌ر ڕووبارى فوڕات و زێى فیشخابوور و بلێخ
ڕووبارى فوڕات سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى ئاوه له وڵاتى سووریا كه به ڕێژه‌یه‌كى زۆر پشتى پێ به‌ستراوه و چه‌ندین پڕۆژه‌ى ئاودێریى له سه‌ر دروست كراوه (بڕوانه خشته‌ى ژماره (٢)). ئه‌و پڕۆژه گرنگانه‌ى كه سووریا دروستی كردوون له سه‌ر ئه‌و ڕووباره، بریتین له:
- پڕۆژه‌ى به‌نداوى ته‌به‌قه: ئامانج له دروستكردنى ئه‌م به‌نداوه دژایه‌تیكردنى كوردانى ڕۆژئاوا بوو (كه تا ئێستا ناسنامه‌ى سووری‌یان پێ نه‌دراوه به هۆكارى سیاسى)، له ڕێى گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوچه دووره‌ده‌سته‌كان و نیشته‌جێكردنى عه‌ره‌ب و هۆزه عهرەبییهكانى سووریا له جێگاكانیان، ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه كوردییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕووبه‌رى زه‌وییه‌كانیان.
ئه‌مه گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ى ئاودێرییه له سووریا كه ده‌كه‌وێته باشوورى توركیاوه به درێژایى (180كم). ئه‌م پڕۆژه‌یه له ساڵى 1968دا ده‌ست كرا به دروستكردنى و له ساڵى 1973 ته‌واو بوو. یه‌كێتیى سۆڤیەت پشتگیریی ته‌واوى دابین كرد بۆ سووریا به مه‌به‌ستى ته‌واوكردنى ئه‌م به‌نداوه. تواناى خه‌زنكردنى (11,9 ملیار م3)ە، له‌گه‌ڵ هه‌شت وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌با كه تواناى به‌رهه‌مهێنانى (800) مێگاواتى هه‌یه و زیاتر له 45% له پێویستییه‌كانى سووریا له وزه‌ى كاره‌با دابین ده‌كات. هه‌روه‌ها تواناى ئاودێریكردنى نزیكه‌ى (640) هه‌زار دۆنمى هه‌یه. چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى ته‌واوكه‌رى بۆ دروست كراوه وه‌كوو سێ تۆڕى ئاو و كهناڵێک به درێژیى (71كم) كه ناسراوه به ڕووبارى حه‌له‌ب له بریى ڕووبارى قوهیق كه حكومه‌تى سووریا وڵاتى توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات به وشكبوونى(٥)(٦).
- پڕۆژه‌ى به‌نداوى به‌عس: كه ده‌كه‌وێته خوارووى به‌نداوى ته‌به‌قه‌وه به دووریى (17كم)، تواناى خه‌زنكردنى نزیكه‌ى (90 ملیۆن م3)یە. ئامانج له دروستكردنى؛ ته‌نها ڕێكخستنى ئاوى ڕووبارى فوڕاته، لەگه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانى زیاتر له (323) ملیۆن كیلۆوات/ک/ساڵ. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌نداوه پڕۆژه‌یه‌كى ته‌واوكه‌رى له‌گه‌ڵدا دروست كراوه كه بریتییه له دوو به‌نداوی خاكى؛ یه‌كه‌میان به درێژیى (1600م) و ئه‌وى تریان به درێژیى (250م).
- پڕۆژه‌ى به‌نداوى تیشرین: كه (125كم) دووره له شارى حه‌له‌به‌وه. تواناى خه‌زنكردنى ده‌گاته (1,882 ملیار م3) و به‌رهه‌مهێنانى (630) مێگاوات له وزه‌ى كاره‌با.
- به‌نداوى حه‌سه‌كه: له ڕۆژئاواى كوردستان دروست كراوه، به مه‌به‌ستى سوودوه‌گرتن له ئاوى ڕووبارى فیشخابوور.
- به‌نداوه‌كانى تر: وه‌كوو به‌نداوى حه‌له‌بیه، زهلهبیه و به‌نداوى خابوور له خوارووى به‌نداوى حه‌سه‌كه و پڕۆژه‌ى رائید له ناوچه‌ى ئهلبلێخ له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌نداوى بچووکی تر(٦).
خشته‌ى ژماره (٢)
به‌نداوه‌كانى سووریا له سه‌ر ڕووبارى فورات
بەنداو |
توانای خەزنكردن (كم3) |
تشرين |
1,88 |
تەبەقە |
14,16 |
بەعس |
0,09 |
كۆی گشتی |
16,13 |
سەرچاوە: توێژەر، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانى سەرەوە.
پڕۆژه ئاودێرییهكانى سووریا له سه‌ر ڕووبارى دیجله
وه‌كوو ئاماژه‌ى پێ كرا، ڕووبارى دیجله به سنوورى وڵاتى سووریادا تێپه‌ڕ ده‌بێت به درێژایى نزیكه‌ى (44كم)، بۆیه سووریا مافى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر ئه‌و ڕووباره نییه، به‌ڵام له ساڵى 1930 ڕێكکهوتنامهى حه‌له‌ب له نێوان سووریا و توركیادا ئه‌نجام درا و هه‌ندێ ماف به‌خشرا به سووریا. له ساڵى 1989دا ڕێكکهوتننامهیهكى هاوشێوه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق واژۆ كرد له‌سه‌ر وه‌رگرتنى مافى به‌شه ئاو له ڕووبارى دیجله. پڕۆژه‌كانى سه‌ر ئه‌م ڕووباره‌ش بریتین له:
- سووریا پڕۆژه‌یه‌كى ڕاكێشانى ئاوی له ڕووبارى دیجله‌وه له سه‌ر سنوورى هه‌رسێ وڵات (توركیا و عێراق و سووریا) به قه‌باره‌ى (1,250 ملیار م3) دروست كرد به ڕێكکه‌وتنى له‌گه‌ڵ عێراق له ساڵى 2002 و عێراق ڕه‌زامه‌ندیى ده‌ربڕى به مه‌رجێ قه‌ره‌بووى عێراق بكاته‌وه له ڕووبارى فوڕات و به‌شـه ئاوى عێراق زیاد بكات.
- پڕۆژه‌ى به‌نداوى باسل: ئه‌م پڕۆژه‌یه له سه‌ر زێى خابوور دروست كراوه. پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌یه و ئامانج لێى چاككردنى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی ده‌شتى عهكارە. تواناى خه‌زنكردنى (103,860 ملیۆن م3) و تواناى ئاودێریكردنى زیاتر له ڕووبه‌رى (10160) هێكتاری هه‌یه و تواناى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كارهباشى هه‌یه.
- كه‌ناڵى عه‌ین دیوار(٦)(٧)
- وێستگه‌ى مالكیه
- وێستگه‌ى ژماره یه‌ک به به‌رزیى (95م)
سیاسه‌تى ئاوى سووریا دژ به كورد
سووریا وه‌كوو وڵاتانى تر‌ى ناوچه‌كه (توركیا و ئێران) ئامانجێكى تایبه‌تى داناوه بۆ دژایه‌تیكردنى كوردانى ڕۆژئاواى كوردستان، بۆیه سه‌رچاوه‌كانى ئاوى وه‌كوو فشارێک به‌كار هێناوه دژى كورد و هه‌وڵدان بۆ گواستنه‌وه‌یان له ناوچه كوردستانییه‌كانه‌وه بۆ ناوچه‌كانى تر‌ى سووریا، له‌گه‌ڵ جێگیركردنى عه‌ره‌بی سووریا له ناوچه‌كانیان. نموونه له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته، ئامانجى حكومه‌تى سووریا له دروستكردنى به‌نداوى ته‌به‌قه‌یه كه گه‌وره‌ترین به‌نداوى سووریایه(٥).
دیاره سووریا زۆربه‌ى هه‌وڵه‌كانى له به‌كارهێنانى ئاو وه‌ک چه‌كێكى سیاسى بۆ دژایه‌تیكردنى كوردستانییانى ڕۆژئاوا له پارێزگاى حسهكه ئه‌نجام داوه. پارێزگاى حسهكه له كوردستانى سووریا یه‌كێكه له ناوچه گرنگه‌كانى كوردستان كه پشتى به كشتوكاڵ به‌ستووه و ڕووبه‌رێكى زۆر له به‌پیتترین زه‌ویى كشتو‌كاڵى له‌خۆ ده‌گرێت. بۆیه حكومه‌تى سووریا هه‌موو هه‌وڵه‌كانى خستووەتە گه‌ڕ به ئامانجى دژایه‌تیكردنى كورد له‌و ناوچه‌یه و له‌ناوبردنیان.
یه‌كه‌م هه‌نگاوى حكومه‌تى سووریا ئه‌وه بوو كه ده‌ستی گرت به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه ئاوییه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یەدا، ئه‌ویش له ڕێى نیشته‌جێكردنى عه‌ره‌بى هاورده له لادێ كوردییه‌كان و دروستكردنى پشتێنه‌ى عه‌ره‌بى (الحزام العربی). بۆ نموونه: له ساڵى 1965دا حكومه‌تى سووریا و حیزبى به‌عسى سوورى هه‌ستا به پلانى دامه‌زراندنى پشتێنه‌ى عه‌ره‌بی له پارێزگاى حسهكه، به تایبه‌تى له ناوچه‌ى جه‌زیره، به درێژایى سنوورى توركیا. درێژیى ئه‌م پشتێنه‌یه نزیكه‌ى (300كم) له سنوورى عێراقه‌وه (ڕۆژهه‌ڵات) ده‌ست پێ ده‌كات تاوه‌كوو خاڵى رأس العین له ڕۆژئاوا و به پانیی (10-15كم). له‌و پلانەدا ده‌ست كرا به گواستنه‌وه‌ى زۆره‌ملێى (140000) له دانیشتووانى 332 ناوچه و لادێ كوردنیشینه‌كان و جێگیركردنى عه‌ره‌بى سوورى كه له پارێزگاكانى حه‌له‌ب و ڕقه هێنرابوون. به‌و شێوه‌یه زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان سه‌نرایه‌وه له جووتیاره كورده‌كان و دابه‌ش كرا به‌سه‌ر عه‌ره‌به هاورده‌كاندا. ڕووبه‌رى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان كه له ناوچه كوردنشینه‌كان دابه‌ش كرا به‌سه‌ر عه‌ره‌به هاورده‌كاندا، ده‌گاته زیاتر له (3001911) دۆنم كه بە به‌پیتترین زه‌ویى وڵاتى سووریا هه‌ژمار ده‌كرا. به‌و كاره‌ش حكومه‌تى سووریا توانیى ده‌ست بگرێت بەسەر ڕێژه‌یه‌كى هه‌ره زۆر له سه‌رچاوه ئاوییه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه و پێدانى به عه‌ره‌به هاورده‌كان و بێبه‌شكردنى كورده‌كان له مافى خۆیان له ئاو(٥).
هه‌روه‌ها له ساڵى 2007دا حكومه‌تى سووریا له ڕێى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه ده‌ستى كرد به دامه‌زراندنى كێڵگه‌كانى وڵات (مزارع الدوله) و پێدانى زیاتر له (5600) دۆنم له‌و پڕۆژه‌یه (مزارع الدوله) له لادێ كوردنیشینه‌كان بۆ عه‌ره‌به هاورده‌كان، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ساڵانه ده‌یان جووتیارى كورد بێبه‌ش ده‌كران له زه‌وییه‌كانیان به پێى یاساى ژماره (41) له 2004 كه به مه‌به‌ستى دژایه‌تیى كورد دانرابوو(٦).
حكومه‌تى سووریا كه‌ناڵێكى ئاوی له ڕووبارى فوڕاته‌وه ڕاکێشا بۆ نێو ڕووبارى قوێق له حه‌له‌ب و به درێژایى زیاتر له (100كم) و به گوژمه‌یه‌كى هه‌ره زۆر، به ئامانجى خاوێنكردنى ڕووبارى (قوێق) له ناوچه عهرهبنیشینهكان. به‌ڵام ئه‌و حكومه‌ته هیچ گوژمه‌یه‌كى ته‌رخان نه‌كرد بۆ ڕاكێشانى ئاو بۆ ناوچه‌ى كۆبانێ كه زه‌وییه‌كى كشتوكاڵیى به‌پیت له‌خۆ ده‌گرێت و ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه تووشى گرفتى وشكى (وشكه‌ساڵى) بووه، به هۆى ئه‌وه‌ى كه ناوچه‌ى كۆبانێ ناوچه‌یه‌كى كوردستانییه و زۆربه‌ى زۆرى دانیشتووانه‌كه‌ى كوردن. له لایه‌كى تره‌وه سووریا لێوارى هه‌موو ڕووباره‌كانی کۆنکرێت کرد له ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان به‌و ڕووبارانه‌وه كه وشكى كردووه و ئاوى تێدا نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ى له ناوچه كوردنشینه‌كان ئه‌نجام نه‌دا(٥)(٨).
سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانى ئاو له حسهكه
- ئاوهزێڵى خابوور
كه له ناوچه‌ى رأس العینەوه سه‌رچاوه دەگرێت له باكوور تا ده‌گاته باشوور و یه‌ک ده‌گرێ له گه‌ڵ ڕووبارى فوڕات، به‌ڵام له ساڵى (2001)ەوه ئاستى ئاوهزێڵى خابوور كه‌مى كردووه به شێوه‌یه‌كى دیار، به هۆى هه‌ڵكه‌ندنى (116) بیرى قووڵ و گواستنه‌وه‌ى ئاوه‌كه‌ى بۆ ناوچه‌كانى باشوورى حسهكه كه زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ى پێک هاتوون له عه‌ره‌بى هاورده. ناوچه‌كانى باشوورى حسهكه زۆر لاوازه له ڕووى كشتوكاڵه‌وه به به‌راورد له گه‌ڵ باكوور، به‌ڵام ئامانجى حكومه‌تى سووریا ئه‌وه بوو كه باكوورى حسهكه بێبه‌ش بكات له ئاو و لاوازى بكات له ڕووى كشتوكاڵییه‌وه و ناچاركردنیان به جێهێشتنى و گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان له پارێزگاكانى تر‌ى سووریا.
به‌ڵام له ڕووى زانستییه‌وه ئاسانترین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی دابه‌زینى ئاستى ئاوى خابوور؛ هه‌ڵكه‌ندنى بیرى قووڵه له ناوچه‌كانى باشوورى حسهكه (عه‌ره‌بنشینه‌كان) نه‌وه‌ک هه‌ڵكه‌ندنى له ناوچه‌كانى باكوورى حسهكه (كوردنشینه‌كان) و گواستنه‌وه‌یان بۆ باشوور(٥)(٨).
- ئاوهزێڵى دیجله
وه‌كوو پێشتر ئاماژه‌ى پێ كرا، ڕووبارى دیجله به ڕووبه‌رێكى زۆر كه‌م تێپه‌ڕ ده‌بێت له سنوورى سووریا كه ده‌گاته درێژایى ته‌نیا (44كم) و دواى ئه‌وه ده‌گاته سنوورى عێراق. داهاتى ساڵانه‌ى ڕووبارى دیجله له‌و ڕووبه‌ره بچووكه ده‌گاته زیاتر له (18,250 ملیار م3) و ته‌نها یه‌ک پڕۆژه‌ى له سه‌ره بۆ ڕاكێشانى ئاوى خواردنه‌وه بۆ شارى قامیشلی، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه ئه‌م شاره ڕووبه‌رێكى زۆر و به‌رفراوان له‌خۆ ده‌گرێت له زه‌ویى كشتوكاڵیى به‌پیت، بۆیه حكومه‌تى سووریا پشتگوێى خستبوو و به پێویستیشى نه‌زانیبوو ئاو بگه‌یه‌نێته ئه‌و زه‌وییانه به مه‌به‌ستى ئاودێرى و گه‌شه‌كردنى ئه‌و ناوچه‌یه له ڕووى كشتوكاڵییه‌وه.
به هۆى دابه‌زینى ئاستى ئاوهزێڵى خابوور، حكومه‌تى سووریا به پێویستى زانى كه بڕێک له به‌شى وڵات له ڕووبارى دیجله ڕابكێشێت بۆ هه‌ندێ ناوچه و بۆ نێو ڕووبارى جغجغ بۆ خواردنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى پیسى و ئاودێریكردنى نزیكه‌ى (120) هه‌زار هێكتار و زیادكردنى ڕووبه‌رى (60) هه‌زار هێكتار له چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى حكومى له ئاوهزێڵى خابوور. ئه‌م پڕۆژەیه پڕۆژه‌یه‌كى ستراتیژییه بۆ ده‌ربازبوون له گرفتى كهمئاوى له خابوور و كه‌مكردنه‌وه‌ى گرفتى دابه‌زینى ئاوى ژێر زه‌وى. ئه‌و پڕۆژه‌یه نزیكه‌ى (500 ملیۆن م3/ساڵ) ئاو له ڕووبارى دیجله‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ ئاوهزێڵى خابوور.
به‌ڵام نیازى حكومه‌تى سووریا ئه‌وه بوو كه كورد له ناوچه‌كانى (عین دیوار، دیریک، قامیشلی… هتد) بێبه‌ش بكات له‌و سه‌رچاوه سروشتییه گرنگه و بیبه‌خشێته عه‌ره‌بى هاورده له باشوورى پارێزگاى حسهكه له ناوچه‌كانى (شدادى، غوێران… هتد)(٨).
پڕۆژه‌ى ڕاكێشانى ئاوى خواردنه‌وه له كه‌ناڵى صور و ئامانجه‌كانى
له چوارچێوه‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه حكومه‌تى سووریا جێبه‌جێى ده‌كرد له پارێزگاى حسهكه، نزیكه‌ى یه‌ک ملیار و هه‌شت سه‌د ملیۆن لیره‌ى سووریى ته‌رخان كردبوو بۆ پڕۆژه‌ى ڕاكێشانى ئاوى خواردنه‌وه له كه‌ناڵى صور له دێر ئهلزوورەوه بۆ باشوورى حسهكه (ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان/عه‌ره‌بى هاورده). ئه‌م پڕۆژه‌یه ئاوى خواردنه‌وه دابین ده‌كات بۆ دانیشتووانى لێوارى ئاوهزێڵى خابوور، به تایبه‌تى دواى وشكبوونى.
- پشتگیریكردنى عه‌ره‌بى هاورده له ناوچه‌كانى باشوورى حسهكه و پشتگوێخستنى ناوچه كوردنشینه‌كان له باكوورى حسهكه(٨)(٩).
- هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنى دیارده‌ى بێكارى له نێو عه‌ره‌بى هاورده له ڕێى دابینكردنى ده‌رفه‌تى كاركردن.
- فراوانكردنى ڕووبه‌رى كشتوكاڵكردن له ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان به ئامانجى زیادبوونى به‌رهه‌مى كشتو‌كاڵى.
- چاككردنى ئاستى بژێویى عه‌ره‌به‌كانى ئه‌و پارێزگایه و دواتر جێگیركردنى بارى كۆمه‌ڵایه‌تییان و ڕێگرى له گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانى تر، به‌ڵام هه‌وڵى پێچه‌وانه ده‌درا بۆ ناوچه كوردییه‌كان و كوردنشینه‌كان.
- زیادبوونى ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنانى عه‌ره‌ب له ناوچه‌كه.
- دابینكردنى به‌شێكى گه‌وره له پێداویستییه‌كانى ئاسایشى خۆراک بۆ عه‌ره‌بنشینه‌كان و بێبه‌شكردنى كورده‌كان له‌و پێداویستییانه(٩).
به‌نداوه‌كانى پارێزگاى حسهكه
گه‌وره‌ترین دوو به‌نداوى پارێزگاى حسهكه؛ هه‌ردوو به‌نداوى باسل ئه‌لئه‌سه‌د و حسهكهیه و هه‌ردووكیان به ڕێژه‌یه‌كى زۆر به‌رز خزمه‌تى ناوچه عهرهبنیشینهكان ده‌كه‌ن (بڕوانه خشته‌ى ژماره (٣)). هه‌روه‌ها هه‌ندێک له ڕووباره‌كان وشكیان كرد و بوونه ڕووبارى وه‌رزى، وه‌كوو ڕووبارى ئهلزهركان له شارى ته‌ل ته‌مرى كوردستانى به هۆى پشتگوێخستنى له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه. هه‌ندێک له ڕووباره‌كان به ته‌واوى وشك بوون، وه‌كوو ڕووبارى جغجغ. هه‌روه‌ها هه‌ندێک له كانییه‌كانى ئاوهزێڵى خابوور و دیجله وشكى كردووه به هۆى پشتگوێخستنى له لایه‌ن حكومه‌تى سووریاوه، وه‌كوو: (كانى كبریت یه‌ک، كانى كبریت دوو، عه‌ین زه‌رقا، غزاله، جه‌باره)، كه هه‌موویان له ناوچه كوردییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن(٩)(١٠).
خشته‌ى ژماره (٣)
به‌نداوه‌كانى پارێزگاى حسهكه(١١)
بەنداوەكان |
توانای خەزن |
ئاستی خەزن لە ساڵى 2009 |
ڕووبار |
باسل ئەسەد |
605 |
122,300 |
مەعشوق |
حسەكە |
322 |
76,133 |
ئەجەرادی |
سەفان |
48 |
32,595 |
كەناڵی جەڕ |
مەنصورە |
3,2 |
0,995 |
ئەلجەرجەب |
حاكمیە |
7,5 |
3,405 |
جغجغ |
جواديە |
10 |
1,020 |
ئەلزەركان |
باب حەدید |
23 |
0,605 |
خابوور لە حسەكە |
تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانى گرفتى ئاو له حسهكه
گرفتى ئاو له ناوچه كوردییه‌كانى سووریا به‌نده به چه‌ند هۆكارێكه‌وه، وه‌كوو:
- سه‌رچاوه‌كانى ئاو له ناوچه كوردییه‌كان دیاریكراون و به‌شى تاک له ئاو زۆر كه‌مه: له‌گه‌ڵ دابه‌زینى ڕێژه‌ى دابارین و زیادبوونى پله‌كانى گه‌رما و ڕێژه‌ى به‌هه‌ڵمبوون، هه‌روه‌ها پشتگوێخستنى ئه‌م ناوچه‌یه له لایه‌ن حكومه‌تى سووریاوه؛ واى كرد كه گرفتى ئاو ڕۆژ له دواى ڕۆژ ڕوو له زیادبوون بكات. حكومه‌تى سووریا هیچ پڕۆژه‌یه‌كى ئاودێریى ئه‌نجام نه‌دا بۆ ده‌ربازبوون له گرفتى كهمئاوى، بۆیه دانیشتووانى ناوچه‌كه بیریان هەڵکەند به شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى و زیادلهبهدهر و به ناچارى كه بووه هۆى له‌ده‌ستدانى ئاوى ژێر زه‌وى. پڕۆسه‌ى ناشتنى نه‌مام به مه‌به‌ستى جێگیركردنى كه‌شوهه‌واى ناوچه‌كه به ته‌واوى پشتگوێ خرا له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه. ئه‌و كرده‌وانه هه‌مووى له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه به مه‌به‌ستى تایبه‌ت و دژایه‌تیى كوردانى سووریا ئه‌نجام درا و بووه هۆى زیادبوونى گرفتى ئاو له ناوچه كوردییه‌كان و تێكچوونى هاوسه‌نگیى ژینگه‌یى.
- كه‌شوهه‌واى پارێزگاى حسهكه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ى جوگرافیاى مامناوه‌ند (قاری)یه‌وه(٨).
- كۆنترۆڵى سه‌رچاوه ئاوییه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه به ده‌ست وڵاتى توركیاوه‌یه: وه‌كوو پێشتر ئاماژه‌ى پێ كرا، توركیا به‌رده‌وامه له جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانى گاپ (GAP) و به‌نداوى ئه‌لیسۆ كه كاریگه‌ریى گه‌وره‌ى هه‌یه له سه‌ر بڕى ئاو له سووریا و عێراق.
- زیادبوونى ڕێژه‌ى دانیشتووان: ژماره‌ى دانیشتووانى پارێزگاى حسهكه یه‌ک ملیۆن و (800) هه‌زار كه‌س بوو له ساڵى 2010دا و ئه‌م كێشه‌یه پێویستى و خواستى هاوڵاتییانى به ئاو زیاد كردبوو.
- پیسبوونى سه‌رچاوه‌كانى ئاو به هۆى پاشه‌ڕۆى كشتو‌كاڵى و پیشه‌سازى و ته‌ندروستى… هتد(٨)(١٠)(١١).
ململانێى سیاسی و گۆڕانی کەشوهەوا
زۆربەى دامەزراوە سەرەکییەکانى ئاوی خواردنەوەی لە سووریا بە هۆی شەڕەوە زیانیان بەر کەوتووە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانى دروستبوونى فشار و گەیشتن بە هێڵى هەژاریی ئاو لەو وڵاتە و لە هەندێک ناوچەی وشکەساڵی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتە، داهاتى ئاوی ڕووباری فوڕات بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ملیۆنان کەس کە پشت بە ئاوی ڕووبارەکە دەبەستن. هەروەها دەریاچەی ئەسەد پاشەکشەی کردووە و ئاستی ئاوەکەی لە ساڵی (2020)ەوە شەش مەتر دابەزیوە، ئەمەش مەترسیی لەسەر تاکە سەرچاوەی ئاوی پاکی خواردنەوەی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دروست کردووە لە ڕەققە. لە حەسەکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن کەس بە هۆی داڕووخانى وێستگەی عەلۆک کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تورکیادایە، تووشی کەمیی ئاو بوون و خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا لە ژێر کاریگەریی سەختى کەمئاوییەوە ژیانیان بەسەر بردووە و پشت بە سەرچاوەی جێگرەوە دەبەستن وەک ئاوی تانکەر و بارهەڵگرەکان یان سەرچاوەی تری مەترسیدار. هەروەها نزیکەی حەوت ملیۆن کەس سەرچاوەی ئاوی سروشتییان لێ بڕاوە و مانگانە تەنها لە نێوان دوو تا حەوت ڕۆژ ئاویان پێ دەگات(١٢).
لە ئەنجامی پیسبوونی ئاوی فوڕات، لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر لە ٥٠ هەزار حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆلێرا و سەدان حاڵەتى گیانلەدەستدانیان لە ماوەی نێوان دوو مانگى هاوینى ساڵى ٢٠٢٢ تۆمار كردووە. پزیشکانی بێ‌سنوور ئاماژەیان بە زیادبوونی ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا کردووە لە ئەنجامی بەردەوامیی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات و ئەو شێوازە مەترسیدارانەی کە خەڵک پەنایان بۆ دەبەن بۆ دەستکەوتنى ئاو.
هەروەها کەمبوونەوەی یەدەگی ئاو لە بەنداوەکانی تەبقە و تشرین و بەعس لە سەر فوڕات، بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە سەر زیاتر لە ١٩٢,٢٢٥ هێکتار زەویی بەراو لە سووریا و لە ئەنجامدا جووتیاران ٨٠%ی بەرهەمەکانیان لەدەست دا. لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس بەدەست نەبوونى ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن و قەیرانی بەدخۆراکیی منداڵان بە خێراییەکی بێوێنە زیاد دەکات(١٢)(١٣).
ئاو وەکوو چەکێک لە سووریا
لە ساڵی ١٩٨٧دا دیمەشق ڕێککەوتنی دابەشکردنی ئاوی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد، کە تیایدا تورکیا بەڵێنی دا ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بۆ سووریا دابین بکات. بەڵام بە هۆی سیاسەتى ئاویی وڵاتى تورکیا و وشکەساڵیی ئەم دواییەی ساڵی ٢٠٢١ و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، بڕی ئەو ئاوەى کە پێشتر ڕێککەوتن لەسەرى کرابوو؛ بۆ کەمتر لە نیوە دابەزی(١٣).
تورکیا زیاتر لە ٩٠%ی داهاتى ئاوى ڕووباری فوڕات و ٤٥%ی داهاتى ئاوی ڕووباری دیجلەی کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری بە تورکیا بەخشیوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادا. جگە لەوەش، سیاسەتی ئاوی تورکیا لە مێژە مافی دانیشتووانی سووریای لە ئاوى ڕووبارەکە پشتگوێ خستووە. هەروەها ئەنقەرە؛ فوڕات وەک چەکێک لە مامەڵەکانی لەگەڵ سوورییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەکار دەهێنێت، بەو پێیەی ئاوی ڕووبارەکە کۆنترۆڵ دەکات و بۆ مەبەستی سیاسی و بازرگانی مامەڵەى پێوە دەکات.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، هێزەکانی تورکیا لە کاتی هێرشێکی سەربازیدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، وێستگەی ئاوی عەلوکیان کۆنترۆڵ کرد. لەو کاتەوە تورکیا ئەو وێستگەیەى بەکار هێناوە بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی کورد و گرووپە یاخیبووەکانی سەر بە ڕژێم، ئەو گرووپانەی کە ئەنقەرە بە ڕێکخراوی تیرۆرستی دەزانێت. ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ چەندین جار ڕەخنەی لە تورکیا گرتووە بە هۆی ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانی ئاو لە سووریا. دیمەشق لە ساڵانی ڕابردوودا سەرچاوەکانى ئاوى بەکار هێناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان، بە مەبەستى لاوازکردنی کورد و ئەکتەرە سیاسییەکانی باکوور کە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەى دەزانێت بۆ سووریا بە گشتى.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پاکسی هۆڵەندی بۆ بنیاتنانی ئاشتی، چەکدارە دڵسۆزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا ئاوی ڕووباری خابور وەک چەکی جەنگ بەکار دەهێنن بۆ فشارخستنە سەر ئەو ناوچانەی کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری کوردەوە بەڕێوە دەبرێن. لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە هێزێکى بە ناو سوپای نیشتمانیی سووریاوە کە دڵسۆزەکانی ئەنقەرە لەخۆ دەگرێت، بەنداویان لە سەر ڕووباری خابور دروست کردووە کە بە چەند گوندێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا تێدەپەڕێت پێش ئەوەی بەردەوام بێت لە باشوور و یەک بگرێت لە گەڵ ڕووباری فوڕات لە دێرەزوور.
هەمان ڕاپۆرت کە پشتی بە کاری مەیدانی و وێنەی مانگی دەستکرد بەستووە، دەرکەوتووە کە دانانی بەربەست و دروستکردنى بەنداوى خاکى لە سەر ڕووبارێکی سەرەکی لە کاتێکدا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی وشکترین هاوین بووەتەوە، ئەمەش بێ دوودڵی بەکارهێنانی ئاو وەک چەکی جەنگ. لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە ئەو بەنداوانە کە دروست کراون، گرفتى وشکەساڵییەکەى توندتر کردووەتەوە لە ناوچەکەدا. هەزاران خێزان بێبەش بوون لە دەستڕاگەیشتن بە ئاو، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمە ڕێوشوێنێکی بە ئەنقەستە کە لە لایەن هێزەکانى سوپای نیشتمانیی سووریاوە بە ئامانجی برسیکردنی دانیشتووانی مەدەنی و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، ئەمەش شێوازێکە لە شێوازەکانى شەڕکردن و بەکارهێنانى ئاو وەک چەک. ڕووباری خابور درێژییەکەی 320 کیلۆمەترە و یەکێکە لە لقەکانی ڕووباری فوڕات، سەرچاوەکەی لە تورکیا و بە پارێزگای ئەلحەسەکە تێدەپەڕێت کە بە سەبەتەی خۆراکیى سووریا دادەنرێت(١٢).
سیناریۆ و چارەسەر
بە پێی ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٠٩ کە لە لایەن پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سووریا وڵاتێکی هەژار نەبووە لە ڕووى سەرچاوەکانى ئاوەوە. سووریا لە ڕیزبەندیی (١٣)هەمین بووە لە کۆی ٢٠ وڵاتی عەرەبی لە ڕووی ڕێژەى دابارینەوە(١٣). بەڵام نەبوونى پلان، خراپی لە بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو، بوونى سیستمی ئاودێریی ناکاریگەر، چاندنی بەروبوومەکان بە شێوەیەکى چڕ و نازانستى و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ دروستبوونى فشاری بێوێنە لە سەر سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتى سووریا. زیاتر لە دە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر شەڕی ناوخۆی سووریادا و هێشتا وڵاتەکە نوقم بووە لە قەیرانە سیاسی، سەربازی، ئابووری و مرۆییەکان کە پێناچێت بەم زووانە چارەسەر ببن. هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوونەتە هۆی درێژبوونەوەی ململانێکان و پێدەچێت هیچ کام لە لایەنە ناکۆکەکان ئامادە نەبن بۆ وەستاندنی ئەو وێرانکاری و دابەشکارییەی کە وڵاتەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
بە داخەوە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای سووریا و دەستوەردانی زۆرێک لە وڵاتان لە کاروباری ناوخۆیی (بە تایبەتى تورکیا و ئێران)، ئەستەمە چاوەڕوانی چاکسازی لە ئیدارە ناوخۆیی و ناوچەییەکان بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ ئاسانکاری لە ڕووى بەڕێوەبردنی ئاوەوە بە شێوەیەکى کارا. ڕەنگە پراکتیکیترین و سوودبەخشترین چارەسەر بۆ ناوچەکە، ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک بێت بۆ دابەشکردنی ئاوی ڕووباری فوڕات لە نێوان تورکیا و سووریا و عێراقدا، بەو مەرجەی ڕێککەوتنەکە پابەند بێت بە ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە. هەروەها سەرچاوەکانى ئاو لە سووریا بە شێوەیەکى یەکسان دابەش بکرێت لە نێوان دانیشتووانى سووریادا و چیتر حکومەتى سووریا بە هاوکاریى تورکیا ئاو بەکار نەهێنێت وەک چەکى ململانێ، بە پێچەوانەوە ئەستەمە گرفتى ئاو چارەسەر بکرێت لەو وڵاتە.
ئەنجام
سوریا وەک زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، تواناى دابينكردنى پێداویستییەکانى لە ئاودا نييه و ئەگەری زۆرە دۆخەکە لە داهاتوودا خەراپتر بێت. لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری، ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ، ڕێژەیەکی بەرزی گەشەی دانیشتووان، گۆڕانی شێوازی بارانبارین بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پشتبەستنی تاڕادەیەک زۆر بە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، سەرجەمیان كۆمەڵە ئاڵنگاریی گەورەن لە بەردەم بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان لە وڵاتى سوریا. دەسەڵاتدارانى سوریا بە هاوکارى تورکیا، ئاوی ڕووباری خابور وەک چەک بەکاردەهێنن لە باکووری سووریا بۆ فشارخستنە سەر ئەو ناوچانەی کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری کوردیەوە بەڕێوەدەبرێن. بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانیەکان، پشکی تاک لە ئاو وڵاتى لە سوریا بەتایبەتى ناوچە کوردنیشینەکان بۆ کەمتر لە ٣٠٠ مەتر سێ‌جار لە ساڵێکدا دابەزیوە، بە بەراورد بە تێکڕای ستاندەرد کە نابێ لە هەزار مەتر سێجا کەمتر بێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگیەکانی ئاو لە ئێستا و داهاتوودا، سوریا پێویستی بە بنیاتنانی ستراتیژییەکی تۆکمەی نیشتمانیی ئاو هەیە، هەروەها جێبەجێکردنی بنەماکانی بەڕێوەبردنی یەکگرتووی سەرچاوە ئاوییەکان (IWRM) وەک ستانداردێک، بەهێزکردنی چوارچێوەی دامەزراوەیی و سیاسی بۆ ئاو و جێبەجێکردنی یاساکانی بەڕێوەبردن و پاراستنى سەرچاوە ئاوییەکان. دەسەڵاتدارانى سوریا و تورکیا پێویستە پابەند بن بە ڕێنمایی و ڕێکارەکانى جێبەجێکردنى مافەکانى مرۆڤ و مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانى ئاو.
سەرچاوەکان
1- الكيلانى، هيثم 1998، قضية نهري دجلة والفرات بين تركيا وبين سوريا والعراق، مركز دراسات المستقبل، جامعة أسيوط، المؤتمر السنوي الثالث المياه وتحديات القرن الحادي والعشرين.
2- المنصور، عبدالعزيز شحادة 2000، المسألة المائية في السياسة السورية تجاه تركيا، مركز دراسات الوحدة العربية، الطبعة الأولى، بيروت.
3- الأصور، خالد محمد عبدالحليم 1998، حقوق سوريا والعراق (دولتى المصب) مع تركيا (دولة المنبع) في التوزيع العادل لمياه نهري دجلة والفرات، مركز دراسات المستقبل، جامعة أسيوط، المؤتمر السنوي الثالث المياه وتحديات القرن الحادي والعشرين.
4- العبيدي، أميرة اسماعيل 2010، اشكاليات السياسة المائية بين سوريا وتركيا، مجلة التربية والعلم، المجلد (17)، العدد (2)، ص57-69.
5- إسماعيل، د.سليمان عبدالله 2004، السياسة المائية لدول حوضي دجلة والفرات وانعكاساتها على القضية الكردية، مركز كوردستان للدراسات الستراتيجية.
6- صبحي، مجدي 1998، الخلاف المائي التركي السوري العراقي، مركز الدراسات الستراتيجية، العدد (5).
7- أحمد، ابراهيم خليل وآخرون، الموارد المائية لدول حوضي دجلة والفرات واقعها وآفاقها المستقبلية، جامعة الموصل، مركز الدراسات الاقليمية.
8- سەرحەت، عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت ٢٠٢٠، کورد و عێراق لە سیاسەتى ئاویى وڵاتانى سەرچاوە، سلێمانى.
9- إسماعيل، حنان فاضل 2000، التوجهات السياسية التركية حيال العراق وسوريا في التسعينيات، رسالة ماجستير غير منشورة، مقدمة الى جامعة النهرين، كلية العلوم السياسية.
10- حداد، حامد عبيد 2012، تحديات الأمن المائي العراقي (لحوضي دجلة والفرات)، مركز دراسات دولية، جامعة بغداد، العدد (51).
11- رضوان، وليد 2004، مشكلة المياه بين سوريا وتركيا، ط1، بدون دار نشر، حلب.
12- PAX organization, Eastern Syria’s struggle with water shortages and pollution, 2021.
13- منظمة التنمية العربية 2022، التنمية المستدامة المتعلقة بالمياه في المنطقة العربية.