قەیرانى ئاو و گۆڕانى كەشوهەوا لە عێراق؛ هۆکارى كۆچ و ناكۆكیى نێوخۆیى
نووسین: سەفا خەڵەف
وەرگێڕان: بارام سوبحى
سەرچاوە: ماڵپەڕی “العالم الجدید”
لینك: https://b2n.ir/p05614
ژمارەیەك گەنجى عێراقى لە دیسەمبەرى 2020-دا كۆمەڵێك كارى هونەرییان نمایش كرد كە گوزارشت بوو لە خەمە ژینگەییەكانیان. لەسەر تابلۆیەك نووسیبوویان: “چیتر ئاسمانێكى نەخشێنراو بە ئەستێرەمان نییە”، ئەوەش ئاماژەیەكى كۆمەڵایەتیى دەگمەن بوو بۆ قەیرانى گۆڕانى كەشوهەوا كە هەڕەشە لە ژیانیان دەكات و لەمەودوا ئاسمانى عێراق تەپوتۆز و پیسكەرەكان دایدەپۆشێت، چیتر وڵاتى نێوان دوو ڕووبار بارانێكى زۆرى لێ نابارێت كە لە وشكەساڵیى پێشبینیكراو ڕزگارى بكات، ئەوەش دەبێتە هۆى تاروماركردنى كۆمەڵگا ناوچەییەكان و فرەجۆریى كولتوورى و زنجیرەكانى بەرهەمهێنانى كشتوكاڵى، هەروەها لە ساڵانى داهاتوودا نیوەى عێراقییەكان ناچار بە كۆچكردن دەكات.
لەدواى ساڵى (2003)ەوە، بەردانەوەى ئاو بۆ عێراق بە شێوەیەكى خێرا بەرەو كەمبوونەوە ڕۆیشتووە، لەو كاتەوەى توركیا و ئێران دەستیان كردووە بە قۆرخكردنى سەرچاوە هایدرۆلۆجییەكان بۆ خۆیان و عێراقیان لێ بێبەش كردووە. بەو هۆیەوە ڕووبەرە سەوزەكان كەمیان كردووە و زەوییە بیابانییەكان فراوان بوون و گەردەلوولى خۆڵبارین (SDS) لە سەرانسەرى وڵاتدا زیادیان كردووە و بەرەو (220) ڕۆژ لە ساڵدا درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێك تێكڕاى خۆڵبارین بە نزیكەى (80 ملم/م2/مانگانە) دەخەمڵێنرێت، لە كاتێكدا تێكڕاى بارانبارین زۆر لە خۆڵبارینەكە كەمترە.
ناوچەى باشوور و ڕۆژئاواى ئێران كە زۆرینەى دانیشتووانى عەرەبە، بە چالاكترین ناوچەى خۆڵبارانى بەهێز دادەنرێت، ئەمەش دواى ئەوەى دەسەڵاتدارانى ئەوێ پەنایان بردە بەر وشككردنى ڕووبار و چەمەكان كە دەڕژێنە عێراقەوە، وەكوو هەوڵێك بۆ قۆرخكردنى ئاو و گۆڕینى بۆ ئامرازێكى سیاسى. لە ماوەى دە ساڵى داهاتوودا، ڕوانگە ژینگەییە نێودەوڵەتییەكان پێشبینى دەكەن شەپۆلەكانى خۆڵ و لم بارین (SDS) بگاتە (300) گەردەلوول و زۆرینەى عێراق بگرێتەوە. ئەم چالاكبوونى خۆڵبارینە وێرانكەرە لە باریدایە كۆتایى بە ژیانى كشتوكاڵى و گردبوونەوەكانى دانیشتووان بهێنێت.
پیسبوون؛ وشكەساڵى خێراتر دەكات
عێراق لە ڕووى مێژووییەوە و لە سایەى هەردوو ڕووبارى دیجلە و فوڕاتەوە كە دەكەونە ئەم وڵاتەوە، هەروەها بە هۆى تۆڕى كەناڵەكان و چەم و دەریاچە بچووك و لقەكانیان لە شارەكاندا، وای كردووە نزیكەى سێیەكى دانیشتووانى لە گوندەكاندا بژین، سێ بەشەكەى دیكەش لە شارەكاندا خڕ ببنەوە. بە وشكبوونى تۆڕەكانى ئاو، بوونى مێژوویى هیچ بەهایەكى نامێنێت. هەروەها بە هۆى ململانێى ژینگەیى و كەمبوونەوەى سەرچاوەكان و توندبوونى گۆڕانكارییەكانى كەشوهەوا، یەكپارچەیى وڵات هەڵدەوەشێتەوە. ڕووپێوییەكانى “ڕیزبەندیى بەفیڕۆدانى ئاو”، عێراقى لە ئاستە دەگمەنە مەترسیدارەكان بە (3.7) خاڵ داناوە لە كۆى خاڵەكانى ڕیزبەندییەكە كە دەگاتە پێنج خاڵ. لە كاتێكدا لە (2040) ئاستەكە دەگاتە (4.6) خاڵ، واتە تەواو وشك و خۆرێكى سووتێنەر و ژینگەیەكى مەترسیدار.
ئاماژە ژینگەییە حكومییەكان دان بەوەدا نانێت كە عێراق بەشدارە لە كێشەى گەرمبوونى هەواى جیهاندا، بە پێچەوانەى ئەوەى ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزە (IEA) دەیڵێت كە عێراق بەرپرسە لە دەرپەڕاندنى نزیكەى (8%)ی دەرهاویشتنى جیهانیى گازى میسان كە دەرهاویشتەى وەبەرهێنانە لە نەوت و غازدا. میسان پیسكەرێكى ژینگەیی زۆر كارایە و بەرپرسە لە گلدانەوەى (25%)ی قەتیسبوونى گەرماى جیهان، بە بڕى (83) جار زیاتر لە هەر پیسكەرێكى گەرمكەرەوەى دیكە گەرما گل دەداتەوە.
بە هۆى ئەوەى پەترۆڵ بە شێوەیەكى پاك دەرناهێنرێت، زۆر جار پەڵە هەورى میسان بە ئاسمانى عێراقەوە دەبینرێت. لە مانگى تەممووزى 2021-دا، كۆمپانیاى “Kayrros” كە بارەگاكەى لە پاریسە و داتاكانى مانگە دەستكردەكان بۆ ئاژانسى گەردوونیى ئەورووپا بۆ بەدواداچوونى دەرهاویشتەكان شی دەكاتەوە، ئاشكراى كرد كێڵگەیەك لە ڕۆژئاواى بەسڕە بە تێكڕاى (73) تۆن لە كاتژمێرێكدا میسان دەردەدات. لەناوەڕاستى مانگى حوزەیراندا، دوو دەرهاویشتنى دیكەى میسان هەبووە بە نیوەى مەوداى نێوان بەسڕە و بەغداد، بە تێكڕاى (181 و 197) تۆن لە كاتژمێرێكدا. وەكوو بۆچوونێكى نزیككراوەیى واتە دەرهاویشتنى (180) تۆن لە میسان لە كاتژمێرێكدا، یەكسانە بە گلدانەوەى گەرمیى ناوەندى دەرهاویشتنى ساڵانەى زیاتر لە (200) هەزار ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا، بەگوێرەى لێدوانێكی بلۆمبێرگ لەسەر ڕووداوەكە.
وەزارەتى ژینگە جەخت دەكاتەوە كە وڵات كەوتووەتە ناوجەرگەى گۆڕانكارییە توندەكانى دیاردەكەوە، لە ماوەى دوو دەیەى داهاتوودا دەبێتە هۆى خاپووربوونى ژینگەى عێراق. بە هۆى زیادبوونى بێئەندازەى پلەكانى گەرما، كەمبوونەوەى بارانبارین، كەمبوونەوەى ئاوى سەرزەوى و ژێرزەوى، وشكەساڵى، توندبوونى ئاستى گەردەلوولە خۆڵاوییەكان، بەبیابانبوون، ڕاماڵرانى خاك، نەمانى هەمەچەشنیى ژینگەیى، وڵات وای لێ دێت شیاوى ژیان نەبێت. ئەمەش هەمووى واتە پاشەكشە لە ڕووبەرە كشتوكاڵییەكان و داڕووخانى زنجیرەكانى ئاسایشى خۆراك، كە هاوتەریبە لەگەڵ چالاكییە مرۆییە زیانبەخشەكان، بە ئامانجى كەمكردنەوەى لێكەوتەكانى هەڵگەڕانەوەى كەشوهەوا.
گەرما؛ سامانى ئاوى بەفیڕۆ دەدات
عێراق زیاتر لە (63%)ی سەرچاوە ئاوییەكانى لە كشتوكاڵدا بەكار دەبات، بەبێ ئەوەى پێداویستییە ناوخۆییەكانى لە بەروبوومەكان دابین بكات، بەزۆرى پشت بە هاوردەى دەرەكى دەبەستێت. ئەمەش ماناى وایە بەهاى بەفیڕۆدانى ئاو، بەرامبەر بە زیادبوونى بەرهەم نییە.
سەرۆكى لیژنەى كشتوكاڵ و ئاودێرى لە پەرلەمانى عێراق، سەلام شەممەرى، جەخت لەوە دەكاتەوە “تەكنەلۆژیاى كشتوكاڵى لە عێراقدا سەرەتاییە، چونكە وەزارەتەكانى كشتوكاڵ و سەرچاوەكانى ئاو لە پێناوى كەمكردنەوەى بەفیڕۆدانى ئاو، تەكنەلۆژیا هاوچەرخەكانى ئاودێرى بەكار ناهێنن، بۆیە لەگەڵ زیادبوونى بەروبوومى كشتوكاڵیدا، بەفیڕۆدانێكى گەورەى ئاومان هەیە. لە دەوڵەتە كشتوكاڵییە پێشكەوتووەكاندا، بەرهەمى یەك دۆنم دەگاتە (2.5) ملیۆن تۆن، لە كاتێكدا لە عێراقدا تەنها (350) كیلۆیە”.
عێراق ڕووبەرە كشتوكاڵییەكانى لەسەر بنەماى “دۆنم” دەپێوێت، ئەوەش ئامرازێكى پێوانەكاریى عوسمانییەكانە. یەك دۆنم لە عێراق یەكسانە بە (2500) مەترى چوارگۆشە، واتە گەورەترە لە تێكڕاى سووریا و لوبنان و فەڵەستین و ئوردن، چونكە لەوێ دۆنمێك هەزار مەترى چوارگۆشەیە.
بەگوێرەى داتاكانى بانكى نێودەوڵەتى، لە عێراق كشتوكاڵ نزیكەى (4%)ی كۆبەرهەمى ناوخۆیى (GDP) پێك دەهێنێت، بە ڕێژەى (20%) لە بازاڕى كاردا بەشدارە و زۆرینەى لە گوندەكاندایە. بە هۆى كارتێكەریى كەشوهەوا و كەمبوونەوەى ئاو و توندبوونەوەى ناكۆكییە چەكدارییەكانەوە، لە ساڵى (2014)ەوە بە ڕێژەى (40%)ی بەرهەمى كشتوكاڵى كەمی كردووە. خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن پێش ئەو ساڵە، سێ بەشى جووتیارانى عێراق لە توانایاندا بووە بگەنە سەرچاوەكانى ئاودێرى، بەڵام دواى سێ ساڵ (وەزرى 2017-2018) ڕێژەكە دابەزیوە بۆ تەنها (20%). بەپێى خەمڵاندنەكانى حكومەتیش، ئەو دۆخە بووەتە هۆى لەدەستدانى (75%)ی سامانى ئاژەڵى وەكوو مەڕ و بزن و گامێش.
سەربارى بەفیڕۆچوونى كشتوكاڵ، عێراق ساڵانە لە دەرەنجامى بەهەڵمبووندا بە هۆى بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرماوە، نزیكەى (14.7%)ی ئاوى گلدراوەى لەدەست دەدات، ئەمەش ڕێژەیەكى بەرزە بە بەروارود بە تێكڕاى بەكاربردنەكانى دیكە. دەریاچەى سەرسار كە گەورەترین كۆگاى ئاوى سروشتییە لە عێراقدا، بە هۆى بەهەڵمبوونەوە زیاتر لە (50%)ی ئاوە گلدراوەكەى بەفیڕۆ دەڕوات. هەر چى ناوچەى هۆڕەكانە كە گەورەترین تەختایى ئاوى سروشتى و زەویى شێدارى كەلەپوورییە لە ڕۆژهەڵاتى ناڤین، بەهەڵمبوون ڕۆژانە نزیكەى (75) مەترى چوارگۆشە لە چركەیەكدا ئاوەكەى بەفیڕۆ دەدات. بەگوێرەى كارگێڕیى خۆجێیەتیى قەزاى سوق شیوخ (باشوورى ناسریە)، تەنها لە هاوینى 2017دا لە دەرەنجامى بەهەڵمبوون و بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرما، بەفیڕۆچوونەكەى بە (4.5) ملیار مەترى چوارگۆشە خەمڵێنراوە.
بەرزبوونەوەى بەردەوامى پلەكانى گەرما لە عێراق، بە هۆى گۆڕانكارییە جیهانییەكانى كەشوهەوا و نەبوونى ڕووپۆشى سەوزایى ناوچەیى و نەبوونى چارەسەرى حكومى، بە شێوەیەكى كارا لە كەمبوونەوەى سەرچاوە ئاوییەكاندا بەشدار بووە.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێكى تۆقێنەرى “IPCC”، پێشبینى دەكریت بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرما لە عێراقدا لە ماوەى ساڵانى داهاتوودا بە تێكڕاى دوو پلەى سەدى بێت، واتە بەرزتر لە تێكڕاى بەرزبوونەوەى پلەى گەرماى گۆى زەوى كە بە (1.5) پلە خەمڵێنراوە.
زۆر جار لە هاویناندا پلەكانى گەرما لە عێراقدا (53) پلەى سەدى تێدەپەڕێنن، بەتایبەتى لە ناوچەكانى باشووردا كە بەرهەمهێنەرى نەوتن، ئەوەش دەبێتە هۆى لەناوبردنى داچێنراوەكان و گامێش و كوشتنى هەمەجۆرى ئیكۆلۆژى لە ئاوى هۆڕەكاندا. هەروەها بە هۆى ژەهراویبوونى ئاوى خواردنەوە لە هاوینى 2018دا، نزیكەى (140) هەزار هاوڵاتى لە شارى بەسڕە ژەهراوى بوون. جگە لەوەى ئەو گەرما بەتینە ساڵانە دەبێتە هۆى زیادبوونى ڕووداوەكانى ئاگركەوتنەوە، بە جۆرێك بەپێى تۆمارى فەرمى لە ماوەى دە مانگى ڕابردووى 2021دا، نزیكەى (26) هەزار ڕووداوى ئاگركەوتنەوە تۆمار كراوە.
مردنى ناوچەى كەلەپوورى جیهانى
گامێش ئاژەڵێكى گەورەی وشكانییە، یەكێكە لە گرنگترین سامانە دەگمەنەكان كە دانیشتووانى هۆڕەكانى پێ جیا دەكرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى خوێ و پلەكانى گەرماوە، لە لێوارى لەناوچوونى ئەو ئاژەڵەین بۆ هەمیشە و تا ئێستا ژمارەیەكى زۆریان نەماون. بەگوێرەى دوایین ئامارى حكومەت، ژمارەى گامێش لە عێراقدا لە (1.2) ملیۆنەوە بۆ كەمتر لە (200) هەزار كەم بووەتەوە.
عێراق لە زووەوە تێدەكۆشێ لە پێناوى تۆماركردنى ناوچەى هۆڕەكان لەسەر لیستى كەلەپوورى جیهانى و لە ساڵى 2016دا ئەوە كرا، بەڵام لەوانەیە ئەوە تەنها ئامرازێكى نەرم بێت بۆ مسۆگەركردنى بەردانەوەى ئاوى زیاتر بۆ پاراستنى ئەو ناوچە شوێنەوارییە لە لەناوچوون، وا دیارە ئەو ناوچە هەرە دێرینە ئێستا لەسەر كەنارى مردنە.
بە وتەى د. جاسم ئەسەدى؛ ڕاوێژكار لە ڕێكخراوى سروشتى عێراق كە تایبەتە بە ژینگەى هۆڕەكان، ڕێژەى بەخوێبوون لە ناوچە جیاوازەكانى هۆڕەكاندا گەیشتووەتە (12) هەزار و (600) بەش لە ملیۆنێكدا، ئەوەش “ئاستێكى مەترسیدارى پیسبوونى لەناوبەرە لە دەرەنجامى وشكەساڵیدا”، كە بووەتە هۆى “تۆماركردنى كۆچێكى بەرفراوانى دانیشتووانى ناوچەكە لە هۆڕەكانى ناوەڕاست، ئاژەڵى گامێشیش لەسەر كەنارى لەناوچوونە”.
زەمینلەرزەكان بە هۆى وشكەساڵییەوەیە
زەمینلەرزە و لەرە گەڕاوەكان كە لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا عێراقى هەژاندووە، لە دەرەنجامى تێكچوونى چینەكانى زەوییە، وای كردووە ئەمبارى بیر و دەریاكان “بۆ ئاستێكى مەترسیدار داببەزێت”، وەكوو دابەزینى خێراى ڕێژەى ئاوى دەریاچەى ساوەى مێژوویى لە بیابانى پارێزگاى موسەننا (باشوورى ڕۆژئاواى عێراق)، دەریاچەكە دەستی كردووە بە وشكبوون كە دابینكەرى ئاوى ژێرزەوییە و لەژێر ناوچەى ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرى ژینگەی موسەننا؛ یوسف سەوادى جەبار، كەمبوونەوەى ئاو لە “ساوە” وا شی دەكاتەوە كە “زەمینلەرزەكان بوونەتە هۆى داخستنى كەناڵەكان و ئاوەڕۆى ژێرزەوى و چاوگە ئاوییەكان كە سەرچاوەى ئاوى دەریاچەكەن”، سەربارى “بەهەڵمبوون بە هۆى بەرزبوونەوەى زۆرى پلەكانى گەرماوە”، بۆیە “دەریاچەكە لە ئێستادا ئەگەرى وشكبوونى تەواوەتیى هەیە”.
پارێزگاى موسەننا كە دەریاچەى ساوە دەكەوێتە دەوروبەریەوە، گرفتارى كەمئاوییەكى درێژخایەنە، لەبەر ئەوەى زۆرینەى دانیشتووانى ناوچەكە پشت بە كشتوكاڵ دەبەستن، كەمبوونەوەى ئاو وای لێ كردوون بكەونە ژێر هێڵى هەژاریى نیشتمانییەوە، بۆیە كۆمەڵێك لە لادێنشینەكان دەستیان كردووە بە جێهێشتنى ناوچەكە، بە جۆرێك دواى ئەوەى (22) شوێنى پاریزگاكە تۆمار كرا كە گرفتى كەمئاوییان هەیە لەو ناوچانەى كە لە ڕووى كشتوكاڵییەوە زۆر چالاكن، تەنها لە ساڵى 2019دا (132) خێزان ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە.
لەو بارەیەوە پارێزگاى موسەننا؛ ئەحمەد مەنفى دەڵێت: “ماوەى دە ساڵە گرفتارى وشكەساڵى و كەمبارانى بووین، بۆیە جووتیارەكانمان بێكار بوون. لەبەر ئەوەى دەوڵەت سەركەوتوو نەبووە لە دابینكردنى ئاوى پێویست، ڕێژەى هەژارى و نەخوێندەوارى هەڵكشاوە، ڕێژەى هەژارى گەیشتووەتە (52%)، ئەوەش بەرزترین ڕێژەى نێو پارێزگاكانى عێراقە.” بەڵام نووسینگەى وەزارەتى پلاندانان لە موسەننا، ئاماژە بەوە دەكات ڕێژەى بێكاریى گوندنشینان گەیشتووەتە (75%)، لە كاتێكدا لە شاردا گەیشتووەتە (23%)، لەگەڵ بەرزبوونەوەى تێكڕاى قەبارەى یەك خێزان لە پارێزگاكەدا كە دەگاتە هەشت كەس.
هەڵكشانى كۆچ لە ژینگەیەكى داڕووخاودا
بۆ یەكەم جار و لە سەرەتاى ساڵى (2020)ەوە، ڕێكخراوى كۆچى نێودەوڵەتى (IOM) كە چاودێرى و بەدواداچوون بۆ زۆربوونى كۆچى ناوخۆیى لە عێراقدا دەكات بە هۆى ناكۆكییە چەكدارییەكانەوە، دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەى ڕاپۆرت و زانیارى لە بارەى كۆچەوە كە بەرمەبناى گۆڕانكارییەكانى كەشوهەوا و كەمبوونەوەى ئاوە، بەتایبەتى لە ناوچەكانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقدا.
جەخت لەوە كراوەتەوە لە ساڵى 2019دا بە هۆى كەمبوونەوەى ئاو و بەرزبوونەوەى ئاستى خوێ و بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەكان لە ڕێگەى ئاوەوە لە (145) ناوچەدا، (21.314) كەس لە نۆ پارێزگاى ناوەڕاست و باشوورى عێراقەوە ئاوارە بوون. بەر لەوەش، ئاوارەبوونى بیست هەزار كەس لە كۆمەڵگە كشتوكاڵییەكان لە ساڵى (2012)دا تۆمار كرابوو، لە كاتێكدا ڕێكخراوى یونسكۆ جەخت لەوە دەكاتەوە زیاتر لە سەد هەزار كەس لە دانیشتووانى باكوورى عێراق بە هۆى كەمبوونەوەى ئاو لەنێوان ساڵانى (2005 و 2009)دا گوندەكانیان بەجێ هێشتووە.
بە هۆى كەمبوونەوەى ئاو و لەناوچوونى داچێنراوەكانیان كە لەسەرى دەژین، دانیشتووانى ژمارەیەك گوند لە دیالە (باكوورى ڕۆژهەڵات) ئامادەن بۆ جێهێشتنى زەوییەكانیان كە چەندین نەوەیە لەسەرى دەژین، هاوشێوەى دانیشتووانى گوندەكانى دیكە لە پارێزگاى واست (باشوورى ڕۆژئاوا كە سەد كیلۆمەتر لە دیالەوە دوورە)، كشتوكاڵ و بەخێوكردنى گامێشیان بەجێ هێشتووە، دۆخەكە لە گوندەكانى پارێزگاكانى زیقار و میسانیش هاوشێوەیە.
ئەو چوار پارێزگایە هێڵێكى كشتوكاڵیى درێژ بە لێوارى ڕووبارى دیجلەدا پێك دەهێنن، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە زەوییەكانى ئێران گەمارۆ دراون كە ڕووبارەكان و سەرچاوەكانى دابینكردنى ئاوى ڕووبارەكە و هۆڕەكانى لێوە هەڵدەقوڵێن.
پارێزگاى میسان (باشوورى ڕۆژهەڵات) لە ڕووى وشكەساڵى و كۆچى بەكۆمەڵ بە زیانمەندترین ناوچە دادەنرێت، بەرزترین ڕێژەى وشكەساڵى لە گوندەكانى تۆمار كراوە. بەگوێرەى پۆلێنبەندییەكانى “DTM”، لە میسان (58) ناوچەى زیانلێكەوتوو كۆچكردنى تێدا تۆمار كراوە. دانیشتووانى ئەو پارێزگایە تێكەڵەیەكن لە جووتیارانى نیشتەجێ لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان، ڕاوچییانى ماسى، بەخێوكەرانى گامێش كە لە هۆڕەكاندا دەژین، هەموویان سكاڵا دەكەن لە دابەزینى ئاستى ئەو ئاوەى پێیان دەگات، سەربارى پیسییەكەى.
سالم گەنجێكە و پیشەى ڕاوكردنى ماسییە لە هۆڕەكانى میسان، دەپرسێت: ئەو دەوڵەتانەى خاوەنى ئاوەكەن؛ نەوتى عێراقیان دەوێت، ئێمەش وڵاتێكى نەوتیین، بەڵام وەكوو هاوڵاتیان هیچ لێى سوودمەند نەبووین و ژیانمان لەسەر ئاو وەستاوە، ئیدى بۆچى حكومەت لەبەرانبەر ئاودا؛ نەوتیان ناداتێ؟ هەروەها دەڵێت: بەبێ ئاو ژیانمان نابێت.
مەترسیى ئەوە هەیە كە كەمبوونەوەى ئاو ببێتە هۆى دیارنەمانى دێرینترین كۆمەڵەى ئایینى لە دانیشتووانى عێراق. سابیئەى مەندائى بچووكترین و دەگمەنترین كەمینەن لە وڵاتدا و لە بەسڕە و میسان نیشتەجێن، لە ئێستادا بە هۆى گۆڕانكارییەكانى كەشوهەواوە هەڕەشەى لەناوچوونیان لەسەرە. ڕیشەى ئەو كۆمەڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ “یۆحەنا مەعمەدان”، پشتبەستنیان بە ئاوى زۆر؛ پشتبەستنێكى پیرۆزە، لە ئایینەكەیاندا مەرجى ئەوە دانراوە كە دەبێت ئاوەكە سازگار و هەڵقوڵاو هەبێت. بە وشكبوونى ڕووبارەكان، ئەو كەمە خۆڕاگرەى ئەو كەمینە دەگمەنە ناچارن پەنا بەرنە بەر كۆچكردن بۆ دەرەوەى وڵات.
د. قەیس سەعدى؛ توێژەر و كەسایەتییەكى مەندائیى پایەبەرزە، سەرۆكى ڕایەڵەى مەندائییەكانە لە ئەڵمانیا، دەڵێت: “ئەو ژمارەیەى لە عێراق ماونەتەوە؛ شەش هەزار كەس تێناپەڕێنن، واتە (10%)ی ژمارەى سابیئە عێراقییەكان لە سەرانسەرى جیهاندا”.
كەریم حەتاب؛ سەرۆكى یەكێتیى جووتیارانى میسان، هاوڕایە لەگەڵ سالم گەنجەكەى هۆڕەكان و دەڵێت: “تەنانەت ماسییەكان لە هۆڕەكاندا خۆیان دەكوژن… سامانى ئاژەڵ كۆتایى هاتووە، ئاوى پێویست نییە، ئیدى بۆچى جووتیاران و ڕاوچییان لە زەوییەكى مردوودا بمێننەوە؟ زۆرینەیان كۆچیان كردووە بەرەو شارەكان، لە شارەكانیش كار نییە، بێكارى لێرە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ پەرە دەسێنێت”.
هەریەكە لە سەنتەرى تۆماركردنى كۆچى ناوخۆیى (IDMC)و ئەنجوومەنى پەنابەرانى نەرویجی (NRC) ، لە ڕاپۆرتێكى فریاگوزارییاندا پێشنیارى تۆماركردنى ناوى ئەو تێكۆشەرانە دەكەن كە لە هەر سێ پارێزگاكەى باشووردا (بەسڕە، میسان، زیقار) سوورن لەسەر مانەوەیان لە زەوییەكانیاندا، هەر چەندە دووچارى كەمیى ئاو و لێكەوتەكانى گۆڕانكاریى كەشوهەوا هاتوون. ڕاپۆرتەكە ناوى ئەو كەسانەى بە “Stayees” هێناوە، كە دەكرێت زیاتر بە ماناى “خۆڕاگر” وەك لە “نیشتەجێ” لێك بدرێتەوە. ئەمەش ئاماژەیەكە كە كێشەكە ڕوو لە زیادبوونە و هەڕەشە لە یەكەى خێزان دەكات، لەوێ چەندین خێزان هەن بەتەواوى هەڵوەشاونەتەوە و لەنێوان ئاوارە و “Stayees”دا دابەش بوون، ئەو دۆخەش بۆ ئایندە مەترسیى كۆمەڵایەتیى لێ دەكەوێتەوە.
گۆڕانى كەشوهەوا، دوورخستنەوەى دیمۆگرافى بەهێز دەكات
دەكرێت پارێزگاى دیالە كە دەكەوێتە سەر سنوورى ئێران (باكوورى ڕۆژهەڵات)، ببێتە نموونەیەكى دیكە كە هۆكارەكانى گۆڕانى كەشوهەوا و گەمارۆدانى ئاوى پێكەوە كۆ بكاتەوە، ئەو ناوچەیە خاوەنى حەوزێكى كشتوكاڵیى بەپیتە، بەڵام ئێستا لە ڕووى ژینگەییەوە وێران بووە، ئێران ڕووبارى سیروانى گرتووەتەوە (لە ناوچەكەدا بە ڕووبارى دیالە ناو دەبرێت) كە سەرچاوەى ئاوى شارەكە و بێستانەكانى بوو.
حەیدەر عەبدوللەتیف سەرۆكى هۆبەى كشتوكاڵیى بەعقوبە، دەڵێت: “وشكەساڵى لە سایەى پلەى گەرماوە كە پەنجا پلەى سەدیى تێپەڕاندووە؛ زیانى زۆر بێشومارى هەبووە، بەو هۆیەوە داچێنراوەكان بە هۆى تینى بەهێزى خۆرەوە وشك بوونەتەوە و ڕووپۆشى دەرەكى و سەرەوەى دار و ڕووەكەكان سووتاون”.
هەنووكە دەیان گوند لە پارێزگاكەدا وێران بوون، دانیشتووانەكەى گرفتارى كەمئاوى و بەبیابانبوون و مردنى داچێنراوەكانیان بوون. باوكى محەمەد (55 ساڵ)، جووتیارێكى دێرینى گوندى “ئەمیلەح”ە كە یەكێكە لە (25) گوندەكەى شارۆچكەى مەنسوریە كە دانیشتووانەكەى ئامادەن بۆ بەجێهێشتنى، دۆخى نالەبارى ئەوێ بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: “چەمەكان تەواو وشك بوون، ئاومان نییە نە بۆ ئاودانى زەوییەكان و نە بۆ بەكارهێنانى خۆمان، تەنها پشت بە ئاوى بیرەكان دەبەستین كە سوێرن و زۆر خراپن”. جەخت لەوەش دەكاتەوە هەموو دانیشتووانى گوندەكە ناچارن كۆچ بكەن و ئاوارەى ناوچەكانى دیكە ببن.
كۆچى كشتوكاڵى دەبێتە هۆى وشكبوونى بێستانەكان و فرۆشتنیان، تاوەكوو ببنە زەوییەكى ڕووتەن. ئێستاش ئەوە لە هەموو عێراقدا بڵاوە، واتە زیاتر كەمبوونەوەى ڕووبەرە سەوزەكان كە خێرایى داڕووخانى ئاوهەوا و بەرزبوونەوەى گەرما كەم دەكەنەوە. بەرپرسانى ناوچەیى لە دیالە بنیاد لەسەر ئەوەى دانیشتووانى گوندەكان دەیبینن، بڕوایان وایە حكومەتى فیدراڵى بەئەنقەست فەرامۆشى كردوون، تاوەكوو ناچاریان بكات لەسەر كۆچكردن لە پێناوى گۆڕینى دیمۆگرافى لە ئایندەدا، هەروەها بۆ گۆڕینى هەمەجۆریى كولتوورى دانیشتووانى ناوچەكانى ڕۆژهەڵاتى دیالە كە لەگەڵ ئێراندا هاوسنوورن.
بەسەربازیكردن و توندوتیژیى ئاوهەوا و چەكدارى
حكومەتى فیدراڵى لە بەغدا لە بەڵگەنامەى گەشەپێدانى نیشتمانى (2018-2022)دا دان بەوەدا دەنێت كە عێراق لە چوارچێوەى “بازنەى پەیوەندییە نەرێنییە دوولایەنەكانى نێوان ژینگە و ناكۆكیى چەكداری”دا ماوەتەوە. بەگوێرەى بەڵگەنامەكەى حكومەت، لە كۆتاییدا “ئەو دۆخە دەبێتە هۆى پیسبوونى ژینگە و زیانى كوشندەى دەبێت و كاریگەریى لەسەر ئابوورى و كۆمەڵگا و تاكەكەس دەبێت”.
وێرانكردنى ژینگەى ناوچەیى و ئاو وەكوو یەكێك لە چەكەكانى ناكۆكیى چەكدارى لە عێراقدا بەكار دەهێنرێت، بەتایبەتى لەلایەن ڕێكخراوى داعشەوە، بڕێكى زۆروزەوەندى ئاو بە شێوەى لافاوى دەستكرد بەهەدەر دەدرێت، بە هۆیەوە ڕووبەرى گەورەى كشتوكاڵى لەناو دەچن و ئاوى ئەمباركراو بەبێ سوود لەناو دەچێت. وشكەساڵیى ناوچەكانى بەغدا تا شارى موسڵى گرتووەتەوە، تاوەكوو ساڵى 2018 زەوییە كشتوكاڵییەكانى بۆ نیوە كەم كردووەتەوە. بەم شێوەیە وشكەساڵى بە هۆى گۆڕانى كەشوهەوا و ناكۆكیى چەكدارى (لە باكوورەوە)، چوار سەد خێزانى لە زیقار (لە باشوور) ناچار كردووە كۆچ بكەن و ئاوارە ببن بەرەو ناوچەكانى دیكە لە هەمان ساڵدا.
هەروەها دەكرێت كەمبوونەوەى ئاو ببێتە بزوێنەری توندوتیژى و ململانێ، نەوەكوو تەنها بەشێك لێى. لەو كاتەوەى چەكدارانى داعش ئاویان بەكار هێناوە بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەویى هێزە حكومییەكان بۆ ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتیان، لە ڕێگەى پڕكردنى زەوییە پانوپۆڕەكانەوە بە ئاو و بووەتە هۆى لافاو، لەو كاتەوە ناوچە نزمەكانى بەغدا بەدەست وشكەساڵییەوە گیرۆدە بوون. لە باشوورى وڵاتیش لەسەر سەرچاوەكانى ئاو ناكۆكیى هۆزایەتى هەڵایساوە. ناوچە نزمەكانى عێراق بڕێكى كەم ئاویان پێ دەگات، ئەوەش بە كوالێتییەكى خراپ، دواى ئەوەى سەدان میل دەبڕێت. بۆیە بەزۆرى شەڕى خوێناوى لەنێوان خێڵەكاندا لەسەر پشكى ئاو ڕوو دەدات، یاخود فەرمانبەرانى حكومى كە سەرپەرشتیى دابەشكردنى بەشەئاو دەكەن؛ دەكوژرێن.
ئەم خۆچەكداركردنە نوێیە كە بەرمەبناى داڕووخانى ژینگەیە و دەكرێت بە “توندوتیژیى ئاوهەوا” ناو بنرێت، لەگەڵ زیادبوونى هەژارى و بێكاری، زیادبوونى ناڕێكوپێكى دانیشتووان، بێتوانایى دەوڵەت لە ڕەخساندنى كاری نوێ، گەشەكردنى هێڵى نیشتمانیى هەژارى، كەمبوونەوەى پشكى تاكى عێراقى لە كۆبەرهەمى ناوخۆیى (GDP) لە سایەى داكشانى ئابوورى لە دەرەنجامى پەتاى كۆرۆنادا، ئاستێكى بەرزى مەترسیدار دەنوێنێت. ئەگەرى هەیە گرووپە چەكدارەكان و میلیشیاكان ژمارەیەكى زیاتر لە بێكار و جووتیارە تووڕەكان ببەنە ڕیزەكانى خۆیانەوە، بەو هۆیەوە تێكڕاى تاوانكردن بەرز دەبێتەوە و نائومێدیى كۆمەڵایەتى و خۆكوشتن زیاتر دەبێت، دۆخى ناسەقامگیرییش لە عێراق بەردەوام دەبێت.
نەبوونى یاساى دۆستى ژینگە
بە شێوەیەكى گشتى عێراق گرفتارى لاوازیى گورزەیەك ڕێسا و یاساى پەیوەست بە ئاو و چاككردنەوەى ژینگەیە. خاوەنى یاسایەكى نیشتمانى بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنى سەرچاوەكانى ئاو نییە، سەربارى بوونى ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەكى پەكخراو لە ساڵى (2016)ەوە. هەروەك یاساى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەكانى ژمارە پەنجاى ساڵى (2008) ناكرێت بە یاسایەكى نیشتمانى بۆ بەڕێوەبردنى ئاو دابنرێت، بەڵكوو تەنها ڕەشنووسێكی كارگێڕییە و تایبەتە بە ئەركەكانى وەزارەتەكە.
سەربارى بەشداریكردنى عێراق لە كۆنگرەى مێژوویى ئاوهەوا لە پاریس لە 2015-دا، بەڵام ناكۆكیى سیاسى لە وڵاتدا ڕێگر بووە لەوەى بەغدا ببێتە ئەندام لە “ڕێككەوتننامەى پاریس بۆ ئاوهەوا” تا سەرەتاى ساڵى 2021، ئەمەش ئاماژەى ئەوەیە كە دۆسیەى ژینگە لە پەراوێزى بایەخدانەكانى حكومەتدایە.
لە ڕیزبەندیى لێهاتوویى بەڕێوەبردنى ژینگەدا، لە كۆى (180) دەوڵەت، عێراق بە پلەى (116) دێت، بۆیە بەم دواییانە عێراق بە پشتیوانیى نێودەوڵەتى هەوڵی داوە چارەسەرى شكستە ژینگەییەكانى بكات، ئەوەش لە ڕێگەى دەستپێكردنى پلانى خۆگونجاندنى نیشتمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانكارییەكانى كەشوهەوا لە كۆتایى 2019-دا بە درێژایى (36) مانگ، بە هاوكارى لەگەڵ پڕۆگرامى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە و بە بودجەیەكى كەم كە لەگەڵ قەبارەى كارەساتى ژینگە ناگونجێت، چونكە تەنها بڕى (2.5) ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كراوە كە ئەویش ڕێكخراوى سندووقى ئاوهەوایەكى سەوز بەخشیویەتى.
بەڵام دواى تێپەڕبوونى بیست و یەك مانگ (تاوەكوو مانگى ئابى 2021)، هیچ ئامانجێكى پلانەكە بەدی نەهاتووە، عێراقیش لە ڕیزبەندیى پێنجەمى دەوڵەتانى جیهان ماوەتەوە كە زۆرترین مەترسیى تووشبوون بە كەمئاوى و كەمیى خۆراك و بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرماى هەیە، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتى “GE06″ی ڕێكخراوى ژینگەى نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەوە لە كاتێكدایە دانیشتووان بەبێ بوونى شارەزایى، بەردەوام تێدەكۆشن بۆ زاڵبوون بەسەر گۆڕانكارییە توندەكانى كەشوهەوا و وشكەساڵى و ئابڵووقەى ئاوى كە توركیا و ئێران سەپاندوویانە.
سیستمى ئاگاداركردنەوەى پێشوەختى ئاو
بە مەبەستى چاودێریكردنى قەیرانى ئاو و شیكردنەوەى ئاڵنگارییە ژینگەیی و تەناهى و ئابوورییەكان، هەروەها وەكوو بەڵگەیەك لەسەر مەترسییەكانى داڕووخان و خاپووربوونى ژینگە كە عێراق پێوەى دەناڵێنێت، دوو ئامرازى توێژینەوەى دیجیتاڵى بەگەڕ خراوە.
ئامرازى یەكەم كە گرنگترینە و تەنها تایبەتە بە عێراق و لەلایەن ڕێكخراوى كۆچى نێودەوڵەتى (IOM) و پەیمانگاى “DELTARES” كە پەیمانگایەكى سەربەخۆیە بۆ توێژینەوەى كردارى لە بوارى ئاودا، بەگەڕ خراوە. ئامرازى دیجیتاڵى (IRAQ – water crisis riskwebtool) گوزارشتە لە ماڵپەڕێكى ئەلیكترۆنى كە دیدگایەكى قووڵ و زانیاریى وردى لە بارەى گۆڕانكارییەكان و چۆنێتى و چەندێتیى ئاو لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق لەخۆ گرتووە.
هەر چى ئامرازى دووەمە بریتییە لە “WPS”، كە ئامرازێكى ئاگاداركردنەوەى جیهانییە لە بارەى مەترسییەكانى قەیرانى ئاو و وشكەساڵیى ناوچە شێدارەكان، حكومەت و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە ساڵى 2018 بەگەڕیان خستووە، وەكوو پێشەنگێك لە گەشەپێدانى ئامراز و خزمەتگوزارییە پێشوەختەكان كە یارمەتیدەرن بۆ شیكردنەوە و چارەسەركردنى مەترسییە تەناهییەكانى پەیوەست بە ئاو لە جیهاندا.
لەگەڵ بوونى ئەو دوو ئامرازەدا كە دانیشتووانى زیانلێكەوتوو هیچى لە بارەوە نازانن، هێشتا عێراق لە بارەى مەترسییەكانى گۆڕانكارییە خێراكانى كەشوهەواوە خاوەنى سیستمێكى نیشتمانیى ئاگاداركردنەوەى پێشوەخت نییە. هەر چى چارەسەرەكانى حكومەتە، هێشتا پشت دەبەستێت بە: بەفیڕۆدانى زیاترى ئەمبارى ستراتیژیى ئاو كە ئەویش ڕوو لە كەمبوونەوەیە، كەمكردنەوەى قەبارەى ڕووبەرە كشتوكاڵییەكان و هەڵوەشانەوەى وەرزى كشتوكاڵى و پشتبەستن بە هاوردەى زیاتر لە دەرەوە. دیارترین دانپێدانان بە داهاتووى كارەساتەكەدا، وتەكەى بەرهەم ساڵحى سەرۆككۆمارى عێراقە كە دەڵێت: “تێچووە مرۆییە گریمانەكراوەكان بۆ گۆڕانكارییەكانى كەشوهەوا بێشومارە و وشكەساڵى و كۆچى ناچارى بەكردارى زیان بە حەوت ملیۆن عێراقى دەگەیەنن”.
گۆڕانى كەشوهەوا: ئامرازێك بۆ بێزاركردنى سیاسى
لە ئێستادا گۆڕانى كەشوهەوا وەكوو ئامرازێكى سیاسى یان ئامرازێك بۆ بێزاركردن بەكار دەهێنرێت، هەروەكوو تورك و ئێرانییەكان لەگەڵ عێراقدا دەیكەن. ئێران ژینگەى لادێى ناوچەى ڕۆژئاواى وڵاتەكەى خاپوور كردووە كە زۆرینەى دانیشتووانەكەى عەرەبى ئۆپۆزسیۆنن و هاوسنوورن لەگەڵ عێراقدا، ئەوەش لە ڕێگەى وشككردنى ڕووبار و چەمەكان لە پێناوى كەمكردنەوەى ئەو ئاوەى دەچێتە وڵاتى نێوان دوو ڕووبارەوە، بە پاساوى ئەوەى گرفتارى شەپۆلى توندى وشكەساڵیى ناوخۆیى هاتووە و بانگەشەى گواستنەوەى ئاوەكە بۆ شارەكانى دیكەى ئێران دەكات، لەسەر ئەم بنەمایەش دانوستان لەگەڵ بەغدا ڕەت دەكاتەوە.
وەزیرى سەرچاوە ئاوییەكان مەهدى ڕەشید حەمدانى، لەو بارەیەوە دەڵێت: “بۆ دووبارەكردنەوەى ڕێڕەوە ئاوییەكان بەرەو عێراق، لەسەر بنەماى دابەشكردنى زیانەكان، چەندان جار داواى هاوكاریمان لە ئێران كردووە، بەڵام بەداخەوە ئێرانییەكان وەڵامیان نەداوەتەوە. هەروەها داواى ڕێكخستنى ڕێكکەوتنێكى هونەریى ئاویمان كردووە بەدەر لەو ڕێككەوتنە سیاسییەى لە ساڵى (1975) لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ كراوە، بەڵام بۆ ئەمەش وەڵامیان نەداوەتەوە. بۆیە وەزارەت بڕیارى بەنێودەوڵەتیكردنى كێشەى ئاوى لەگەڵ ئێران و بەرزكردنەوەى بۆ كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و دادگا نێودەوڵەتییەكان داوە”.
بۆ بەرەنگاربوونەوەى بێزاركارى و چەواشەكاریى ئێرانى و توركى و خەشموقینى كەشوهەوا، حكومەت جگە لە كەمكردنەوەى پشكى ئاوى تاكى عێراقى بۆ كەمتر لە (250) مەترى چوارگۆشە كە لە هاوینى (2021)ەوە دەستی پێ كردووە؛ چارەسەرێكى دیكەى نەدۆزیوەتەوە، لە كاتێكدا لە ساڵى 2004، بە (2400) مەترى چوارگۆشە مەزەندە دەكرا.
گەشەسەندنى ئاو لە ماوەى پازدە ساڵى ڕابردوودا بەتوندى كەمی كردووە، تاوەكوو لە 2019-دا گەیشتووەتە كەمتر لە (500م3). وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەكان عەون زیاب دەڵێت: “ئەم كەمكردنەوەیە مایەى نیگەرانى نییە، چونكە زۆرێك لە دەوڵەتانى هاوسێ پشت بۆ هاوڵاتییەكانیان بەو پشكە دەبەستن”.
جیاوازییەكە لێرەدایە، عێراق ئەمساڵ ئاهەنگى یادى سەد ساڵەى دامەزراندنى دەوڵەتە هاوچەرخەكەى دەكاتەوە، هاوزەمان لەگەڵ ئاڵنگارییە ژینگەییەكان كە هەڕەشە لە بوونى دەكەن. تەنها لە ماوەى سەد ساڵدا سیستمە ژینگەییەكەى لەسەر كەنارى تیاچوونە، ئاستى بەردانەوەى ئاو بۆ ڕووبارە مێژووییەكانى بۆ نزیكەى دە هێندە كەمی كردووە. لە ساڵى (1920)دا، بەردانەوەى ئاو بە (1350م3) لە چركەیەكدا تۆمار كراوە، بەڵام لە 2021-دا بووەتە كەمتر لە (150م3) لە چركەیەكدا.
بۆیە وا دیارە گەنجە خاوەن خەونەكان كە تابلۆكانیان كێشاوە و وێنەى هونەریى گەشبینانەیان بە ئایندەیەكى باشترى ژینگە لە عێراق كێشاوە، ساڵانێكى تاریكى پڕ لە ئاڵنگاریى ژینگەیى سەخت چاوەڕێیان دەكات.