شكستی ئۆپۆزسیۆنی توركیا چاوهڕوانكراو بوو؟
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکى
دواجار هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانى کۆمار کۆتایی هات و جارێکی دیکە خەونی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا (هاوپەیمانى میللەت) بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغان لەباربرا. لەم هەڵبژاردنەدا ئۆپۆزسیۆن هەوڵیدا چەند کاندیدێکی خاوەن مەیلی سیاسی جیاواز لە ناسیۆنالیست، چەپ، ئیسلامی، کورد بناسێنێت, بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرکەوتنی ئەردۆغان و پارتەکەى بکات، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو هەڵبژاردنەکەى و پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماردا تووشی شکست هات.
دۆخی تورکیا ئامادە بوو بۆ گۆڕانکاری. گەندەڵی، هەڵاوسان، هێواش بەدەمەوەچوونى لێقەوماوانى زەمینلەرزەکەى مانگى شوباتی ئەمساڵ کە هۆکار بوو بۆ بەرزبوونەوەى ژمارەی کوژراوانی کارەساتەکە بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس، داواکاری خەڵک بۆ گۆڕانکاری بەهێزتر کردبوو، بەڵام دەرکەوت بە ملیۆنەها کەس لە تورکیا ئامادەن بەرژەوەندیی پارتەکەیان بخەنە پێش نیگەرانییەکانی دیموکراسی و ئازادییەکان لە کۆمەڵگادا.
شکستى پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
بۆ ئەوەی پارتێکی سیاسی سەرکەوتنی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن مسۆگەر بکات، پێویستە سیاسەتی واقیعی لەسەر بنەمای دیدێکی سیاسی سەرتاسەری دابڕێژێت و کەیسێکی کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی لەو سیاسەتانە دروست بکات. لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیادا دەرکەوت پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، پارتی گەلی کۆماری، نەیتوانی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا دروست بکات، ئەوەى لە خوارەوە دێت هۆکارەکانى شکستی ئەو پارتەیە:
1.جەهەپە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە کۆمەڵایەتییە پەنای بۆ شێوازی جۆراوجۆر برد. کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە، هاوپەیمانیەکی هەڵبژاردنی دامەزراند بەناوى هاوپەیمانى میللەت کە لە شەش پارت پێکهاتبوو: پارتی باش، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن، پارتی ئایندە و پارتی دیموکرات. ئەم بلۆکەی ئۆپۆزسیۆن ئاواتەخوازی ئەوە بوو هەم دەنگدەرانی تورکی ناسیۆنالیست و هەم پارێزکارەکان/ بەرەی ڕاستڕەو بکاتە ئامانج، بەڵام ئەو کێشەیەی کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی جەهەپە بووەوە، شکستهێنان بوو لە پەرەپێدانی سیاسەتێکی کۆنکرێتی لەسەر بنەمای دیدێکی سیاسی هەمەلایەنە.
2.جەهەپە نەیتوانی دیدێکی هەمەلایەنەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بەرەی دەرەکیدا بخاتەڕوو. لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتی ئاکەپەدا، تورکیا ڕۆڵێکی باڵادەستی ناوچەیی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بینی، لە کاتێکدا سیاسەتی دەرەوەی جەهەپە لە مێشکی دەنگدەراندا ون نەبوو.
3.جەهەپە هەوڵیدا بە بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی گەلان دەنگى زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا کۆبکاتەوە، لەکاتێکدا نەیتوانی هیچ دەستپێشخەرییەک لەسەر پرسی کورد بخاتەڕوو.
4.جەهەپە بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی ئیسلامییەکان، هەندێک لایەنی سیاسی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی لەسەر پرسی ئازادیی ئایین بەدەستنەهێنا.
5.شکستی ئۆپۆزسیۆن تەنها لە پێکنەهێنانی دۆخێکی کۆمەڵایەتیدا سنوردار نەبوو، بەڵکو نەبوونی سیاسەتیش بوو. وەک چۆن بەبێ باروت هیچ شەڕێک سەرناکەوێت، جەهەپە-یش بەبێ سیاسەت نەیتوانی بەسەر ڕکابەرەکەیدا زاڵ بێت. کاتێک سیاسەت بەرهەم نەهێنرێت، ئەو توخمە جۆراوجۆرانەی کە پێکەوە کۆکراونەتەوە ناتوانن پێکهاتەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن، لەبری ئەوە پێکهاتەیەکی دژبەیەک دروست دەبێت، کە بۆ بەرژەوەندییە کورتخایەنەکان لەگەڵ یەکتر کۆدەبێتەوە.
6.بلۆکی ئۆپۆزسیۆن، لەبری پێشنیازکردنی سیاسەتی کۆنکرێتی بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و زیادکردنی خۆشگوزەرانییان لە بوارە جیاجیاکاندا، لەسەر بنەمای هەستی دژە ئەردۆغان پێکهێنرا. ئەم بلۆکە سەهۆڵینەی کە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە باوەشیان گرتبوو، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن توانەوە. بانگەشەیەک کە بێ پلان و ناوەڕۆک بێت و لەسەر بنەمای ڕەخنەی تووند بێت، بە دڵنیاییەوە شکست دەهێنێت(1).
ڕۆڵى ترس لە شکستى ئۆپۆزسیۆن
لەم هەڵبژاردنەدا دەرکەوت کە هێشتا دەتوانرێت سوود لە ترس و نیگەرانییەکانی کۆمەڵگا وەربگیرێت و زۆرینە لە دەورى فەریادڕەسێک کۆبکرێتەوە:
1.پارتى دەسەڵاتدار لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا نەیارەکانی بە ناکارامە و ناڕێکخراو و تەواو مەترسیدار ناوزەند دەکرد, لەسەر دابینکردنى پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ وڵات پێداگری دەکرد. کاتێک خەڵک نیگەران بێت لە ئاسایش و بارى گوزەرانى، بە دڵەڕاوکێوە دەنگ دەدات، خواست و ئارەزووە سیاسی و ئازادیخوازەکانی کاڵ دەبێتەوە و پەنا بۆ فریادڕەس دەبات. لەم دۆخانەدا خەڵکى لە دەوری کەسێک کۆدەبنەوە کە بە بەڵێنەکانى ئومێدى نەهێشتنى نەهامەتییەکان بدات.
2.لە کاتی بانگەشەدا، پارتى دەسەڵاتدار گرتەی ساختەی بەکارهێنا بۆ بەستنەوەی نەیارەکەی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە, بە تیرۆریست ناوی بردن و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کلیچدارئۆغڵو ئەگەر هەڵببژێردرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە ئازاد دەکات.
3.لەو ناوچانەى کە زەمینلەرزەکە گرتییەوە، پەرەسەندنی دڵەڕاوکێ وایکرد دەنگدەران پشتگیريی هەمان ئەو پیاوە بکەنەوە کە لە پلەی یەکەمدا بە مۆڵەتدانی نایاسایی بە بیناکاران کارەساتى بەسەردا هێنان، ئەوانەی ئازیزان و موڵک و ماڵیان لەدەستدا، پشتگیريیان لە سەرکردەیەکی یەکلاکەرەوە کرد کە پێیان وابوو بەپێی بەڵێنەکانى دەتوانێت بە خێرایی دەست بە ئاوەدانکردنەوە بکات و لە ماوەی ساڵێکدا پرۆژەکان تەواو بکات.
4.کێشە ئابوورییەکانی تورکیا سەرچاوەیەکی دیکەی نیگەرانییەکان بوون، وڵاتەکە لەبەردەم ئابوورییەکی لەرزۆک و داڕمانی لیرە و ڕێژەی هەڵاوسانی زۆر بەرزدایە. ملیۆنان کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هەرچەندە سەرچاوەى ئەم کێشە ئابوورییانە سیاسەتەکانى پارتى داد و گەشەپێدان بوو، بەڵام هێشتا خەڵک ئەوەندە متمانەیان بە ئەردۆگان هەبوو کە بتوانێت چارەسەری کێشەکانیان بکات و ئامادە نەبوون شانسی خۆیان لەگەڵ سەرکردەیەک تاقیبکەنەوە کە پارتەکەی هێشتا ئەزمونى بەڕێوەبردنى وڵاتى نییە.
5.ملیۆنان کەس کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشت بە هاوکارى حکومەت دەبەستن، نیگەران بوون لەوەی ئەگەر کلیچدارئۆغڵو بچێتە سەر دەسەڵات، لەوانەیە یارمەتییەکانی حکومەت لەدەستبدەن. ئەردۆغان سوودی لە هەموو ئەو نیگەرانیانە وەرگرت و توانى ترسى کۆمەڵگا بەکاربهێنێتەوە و لە بەرژەوەندى خۆى کێبڕکێکە کۆتایی پێبهێنێت(2).
ڕۆڵى دەنگدەرى کورد
لە ساڵی ١٩٩١ەوە جوڵانەوەى سیاسی کورد لە تورکیا بە ڕابەرایەتى ١٠ پارتی جیاواز هاتووەتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەڕەشە لەسەر ئەو پارتانە بووە و بووەتە هۆی داخستنیان. لەم هەڵبژارنەش پارتی دیموکراتی گەلان بەهۆی دۆسێیەکی دادگا و ئەگەری داخستنی، لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، سەرکردەکانی پارتی چەپی سەوز پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) و پارتە چەپەکانی دیکە پێکهێنا و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی-یان دامەزراند. سەرکردەکانی پارتی چەپی سەوز بڕیاریان دابوو کاندیدێکی سەربەخۆ بۆ سەرۆکایەتيی تورکیا بەربژێر نەکەن، بۆیە پشتیوانییان لە کلیچدارئۆغڵو کرد.
سەرکەوتنی ئەردۆغان جارێکی دیکە خەونی ئۆپۆزسیۆنی بۆ شکسپێهێنانی ئەردۆغانی لەباربرد.
دەنگدەرانی کورد ڕۆڵێکی گرنگیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیادا بینی و لە بەرژەوەندیی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە ئاستێکی بەرزدا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، بەڵام لە کۆتاییدا ڕێژەى بەشدارییان لە خولی دووەمی هەڵبژارندا بە بەراورد بە بەشداریکردنیان لە خوولی یەکەم، کەمتر بوو. کەمبوونەوەی بەشداری کورد لەم هەڵبژاردنانەدا دەکرێت بۆ چەند هۆکارێک بگەڕێنرێتەوە؛ لەنێویاندا سەرکوتکردنی سیاسەتمەدارانی کورد و بەکارهێنانی تۆنی ناسیۆنالیستی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بە تایبەت پێش خولی دووەمی هەڵبژاردن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە پشتیوانی کورد لە کلیچدارئۆغڵو پێگەی ناوبراوى بەهێزتر کرد، بەڵام لە هەمانکاتدا بوو بە گەورەترین کارتی فشار بەدەست ئەردۆغان-نەوە، ئەردۆغان تەواوی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیی بە تۆمەتبارکردنی کلیچدارئۆغڵو بە پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەسەر برد. تەنانەت ڤیدیۆیەکی ساختەی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکرێت کە کلیچدارئۆغڵو لەگەڵ موراد قەرەیلان یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە کۆبووەتەوە، ئەم ڤیدیۆیە پاڵپشتی بۆ هەڵمەتی ئەردۆغان زیاتر کرد.
بەهۆی کاریگەریی هەدەپە لە ناوچە کوردنشینەکان، ئەو ناوچانە زۆرترین دەنگیان بە کلیچدارئۆغڵو داوە. لە کۆی ٢٠ پارێزگا کە زۆرترین دەنگیان بە کلیچدارئۆغڵو داوە، ١٢ پارێزگایان لە ناوچە کوردییەکان بوون. هەروەها ئەو ١٥ ناوچەیەى کە زۆرترین پشتیوانییان له کلیچدارئۆغڵو کرد، هاوڵاتی کوردی ئەو ناوچانەبوون، بەڵام سەرەڕای پشتیوانیی دەنگدەرانی کورد لە کلیچدارئۆغڵو لەم دوو خولەی دەنگداندا، ئەوەى بەدەستهات چاوەڕوان نەکراوبوو.
هەدەپە ڕۆڵی زۆری بە چەپەکان داوە و پێگەی ئەوانی زیاد لە ئاستی خۆیان بەرز کردووەتەوە, لەبەرامبەردا سوودێکى بەرچاوى بەدەستنەهێنا. ئەگەر یەسەپە بە تەنها بچوایەتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، ئەوا نەیدەتوانى بەربەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش ببڕێت. جێگەى ئاماژە پێدانە کە کورد و چەپەکان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣وە بە سووڕێکی بێکۆتایی دامەزراندن و داخستن ڕاهاتوون(3).
ڕێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ لەو ناوچانەی کە پارتی دیموکراتی گەلان باشترین ئاستی هەبوو تیایدا، کەمی کردووە، هۆکارەکەشی دەکرێت بۆ ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە بگەڕێنینەوە:
1.دابەزینی بەربەستی هاتنە ناوەوەی پارتەکانە بۆ پەرلەمانی تورکیا: پێش ئەم هەڵبژاردنە، پارتە سیاسییەکان پێویستیان بە بەدەستهێنانی ١٠٪ی دەنگەکان هەبوو بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی تورکیا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا بەربەستی چوونە ناو پەرلەمانی تورکیا بۆ ٧٪ کەمکرایەوە، بەهۆی دابەزینی بەربەستی چوونە ناو پەرلەمانەوە کەمتر پێویست بە بەشداری کورد هەبووە.
2.دەستبەسەرکردنی ئەندامانی هەدەپە: زۆرێک لە ئەندام و بەرپرسانی پێشووی هەدەپە لە زینداندانن لەوانە سەڵاحەدین دەمیرتاش کە بۆ ماوەی حەوت ساڵە لە زینداندایە. لەگەڵ بەردەوامی گوشارەکان و دەستبەسەرکردنیان، ڕێکخراوە حیزبیەکان بە تایبەت لە ناوچە دوورەدەستەکان چالاکییە سیاسییەکانیان کەم کردەوە و کادیرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکەش لە سیاسەت کشاونەتەوە.
3.پێدەچێت هەدەپە هاوپەیمانێکی هەڵەیان هەڵبژاردبێت، ئەوان لە هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیيدا دیار بوون، بەڵام لە زۆر شوێنی ڕۆژئاوای تورکیادا، ئەو دەنگدەرانەی کە مەیلی سۆسیالیستی یان سۆسیال دیموکراسییان هەبووە و چاوەڕوان دەکرا دەنگ بە هەدەپە بدەن، گۆڕییان بۆ پارتی کرێکارانی تورکیا.
4.ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بەگشتی بۆ خوار ئاستی مامناوەند دابەزی: ڕێژەی بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ لە ناوچەکانی ژێر کاریگەریی هەدەپە کەمی کردووە. ڕێژەی بەشداریکردن لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی ١٤ی ئایار لە تێکڕای ڕێژەی بەشداریکردن لە هەموو ناوچەکانی تورکیا کەمتر بوو. له خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا که له 28ی ئایاردا بەڕێوەچوو، دیسان ڕێژەی بەشداری کورد لەو ناوچانەدا کەم بووەوە.
5.کلیچدارئۆغڵو پێش گەڕی دووەم تۆنێکی نەتەوەپەرستانەترى بەکارهێنا و هەوڵی بەدەستهێنانی ٥٪ی دەنگەکانی سینان ئۆغان-ى دا, لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا لەڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئومێد ئۆزداگ، سەرۆکی پارتی زەفەر کە بە کەسێکی نەژادپەرستی توندڕەوی تورکی ناسراوە، کلیچدارئۆغڵو بەڵێنی پێدابوو کە ڕێوشوێنی یاسایی سنووردار بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی شارەوانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان. لە ڕاستیدا کورد دەنگی نەدا بە بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزم دژی ئەردۆغان بە مەبەستى گەڕانەوەی دیموکراسی بۆ تورکیا(4).
بەلاڕێدا بردنى ڕاپرسییەکان و شکستی ئۆپۆزسیۆن
ڕاپرسییەکان لە تورکیا وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان، زۆرجار دەتوانن چەواشەکارانە بن، ئەنجامی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا هیچی هاوشێوەی ئەو ڕاپرسیانە نەبوو کە پێش هەڵبژاردن ئەنجامدرابوون و ئاماژە بوون بۆ پێشەنگی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدارئۆغڵو، بابەتێک کە بێگومان دەنگدەرانی تورکیای تووشی سەرسوڕمان کرد. ڕاپرسییەکان کە لەلایەن دامەزراوە و کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی تورکیاوە ئەنجام دراون، چەندین جار جەختیان لە پێشەنگی کلیچدارئۆغڵو لە کێبڕکێ لەگەڵ ئەردۆغان کردووەتەوە. لەم ڕووەوە زۆر کەس پێیان وابوو جەماوەری ئەردۆغان تا ڕادەیەکی زۆر کەمی کردووە, بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تێچووی بژێوی ژیان لە تورکیا, کە وا بیر دەکرێتەوە هۆکاری سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت بێت، بەڵام ئەنجامی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ڕاستیدا باسی واقیعێکی دیکەی کرد. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان ٤٩.٥٪ و کلیچدارئۆغڵو ٤٤.٩٦٪ی دەنگی گشتی بەدەستهێنا، ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بەشێکى زۆر لەو نموونانەی لە ڕاپرسییەکاندا وەرگیراون، لە توێژە پارێزگار/ڕاستڕەو و چینە هەژارەکەى کۆمەڵگا نەبوون.
لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیادا پارتی ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) نەیتوانی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا دروست بکات.
ئەنجامدانی ڕاپرسی لەو دۆخەى کە تورکیا پیایدا گوزەرى دەکرد, بەر لە هەڵبژاردنەکان کارێکى ئاسان نەبوو, بەتایبەتی بەهۆی ئەو هەل و مەرجەى کە لە دواى زەمینلەرزەکەى مانگى شوبات هاتە ئاراوە، لە هەمانکاتدا هەندێک سنووردارکردن بەهۆی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە دروست بوو، کە ئاڵنگاريى بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی دروستکرد. بە شێوەیەکى گشتى ڕاپرسییەکان مەرج نییە گوزارشت لە نیازی ڕاستەقینەی دەنگدەران بێت، ئەگەری ئەوە هەیە خەڵک لە ڕێگەی ڕاپرسییە جیاوازەکانەوە بیەوێت ناڕەزایەتی خۆی لە شێوزاێکى دیاریکراوى بەڕێوەبردن نیشان بدات، بەڵام کاتێک کە دەچێتە سەر سندوقەکانى دەنگدان هەڵوێستیان بگۆڕێت، لەلایەکى دیکەشەوە زۆجار دەرەنجامى ڕاپرسییەکان زیاتر هانى ئەو لایەنە دەدات کە لەدواوەیە تا بە خاڵە لاوازەکانیدا بچێتەوە و تا وادەى هەڵبژاردنەکان خۆى چاک بکات(5).
سەبارەت بەوەى کە بۆچی ئۆپۆزسیۆن شکستی هێنا؟ شارەزایان لە تورکیا پێیان وایە وەرچەرخانی ناسیۆنالیستی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە خولى دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٨ی ئایاردا, ڕێژەی بەشداریکردنی لایەنگرانی “کورد”ى کەمکردووەتەوە، هەندێکیش بەر لە دەنگدانەکە ڕایانگەیاندبوو کە رێککەوتنەکەی کلیچدارئۆغڵو لەگەڵ ئومێت ئۆزداغی ڕاستڕەوی توندڕەو، پاڵپشتی ئەو دەنگدەرانەی کورد کە لە خولی یەکەمدا پشتیوانی کلیچدارئۆغڵویان کردبوو، بێهێز دەکات. هەرچەندە پارتی دیموکراتی گەلان لە خولی دووەمدا پشتیوانی خۆی بۆ کلیچدارئۆغڵو دووپات کردەوە، بەڵام پێچەوانەکردنەوەی هەڵوێست و ڕێککەوتنی ڕواڵەتی کلیچدارئۆغڵو لەگەڵ ئومێت ئۆزداغ گومانی لای بەشێک لە کورد دروست کرد. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا نزیکەی دوو ملیۆن کەس کەمیکرد، لەو ژمارەیەش نزیکەی ٤٠٦ هەزار کەس لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بوون، کە لە خولی یەکەمدا بەشێوەیەکی بەرچاو پاڵپشتی کلیچدارئۆغڵویان کردبوو(6).
دەتوانین گرنگترین هۆکارەکانى شکستى ئۆپۆزسیۆن لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە:
1.گرنگى دەنگى پارتە ئاینییەکان: زۆرینەی دەنگەکان ئاڕاستە و لایەنگرییەکی دیاریکراویان هەیە و بە تێکڕا ڕەوتێکی جێگیریان هەیە، بۆ نموونه له هەڵبژاردنەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ ، به گشتی 40٤٠٪ ی دەنگەکان تایبەت بووە بە پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی گەلی کۆماری 25% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. هەروەها شرۆڤەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییه، له هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ و هه ڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ و ٢٠١٨ و ڕیفراندۆم بۆ چاکسازی دەستوور له مانگی نیسانی ٢٠١٧، دەردەکەوێت, که ئۆپۆزسیۆن پێویستی به زیاتر له ٥٠٪ دەنگەکان دەبێت و بۆ ئەو کارەش هیچ ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا نییە, جگە لە ڕاکێشانی دەنگی گروپ و ڕێکخراوە ئایینی و پارێزگار/ ڕاستڕەو کە بە بنکەی تەقلیدی پارتی داد و گەشەپێدان ئەژمار دەکرێن. زۆرێک لە گروپە ئایینییەکان دەنگ بە ئەردۆگان دەدەنەوە تەنها لەبەر ئەوەی جێگرەوەیەکی گونجاویان بەدەستەوە نییە, بۆیە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە گرتنەبەری ستراتیژێکی گونجاو بەشێک لەو توێژانە بەلاى خۆیدا ڕابکێشێت. بە شێوەیەکى گشتى گروپ و ڕێکخراوە ئایينی و ڕاستڕەوەکان لە دروشمی ئۆپۆزسیۆن دەترسن.
2.نەبوونى بژاردەیەکى باش بۆ سەرۆکایەتى: باشترین بژاردە بۆ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەوە بوو کە تێکڕا لە پشت کاندیدێکەوە بوەستن تا بتوانێت بەشێک لە دەنگەکانی داد و گەشەپێدان بۆ ئۆپۆزسیۆن ببات. ئەم بژاردەیەش “عەبدوڵڵا گول” سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا بوو، گول بە یەکێک لە سێ دامەزرێنەرە سەرەکییەکەى پارتی ئاک پارتى دادەنرێت, خاوەن مێژووی چالاکی سیاسی وەک سیاسەتمەدارێکی ڕاستڕەوی چەندین ساڵەیە و تەنانەت زۆرێک لە حیزبە عەلمانیەکانی تورکیاش ڕێزی لێدەگرن(7).
3.نەبوونی یەک گوتارى لەنێوان هاوبەشەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن: هاوپەیمانی میللەت نەیتوانی چوارچێوەی هاوکاریی هەنووکەیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان بۆ ڕای گشتی لە تورکیا ڕوون بکاتەوە, کە چۆن سەیری پەیوەندیی نێوان هەدەپە و پەکەکە دەکات. کلیچدارئۆغڵو هەر لە سەرەتاوە ناچار بوو پشتیوانی پارتی دیموکراتی گەلان بەدەستبهێنێت و فاکتەری یەکلاکەرەوەی سەرەکی کە توانی ببێتە کاندیدی هاوپەیمانی میللەت، بەدەستهێنانی پشتیوانی کورد بوو، بەڵام ئەو کاردانەوەیەی لە لایەن دەنگدەرانی هاوپەیمانیەوە هاتە پێشەوە، بە تایبەت بەشێک لە ئەندامانی پارتی باش، ڕێگربوون لە ڕاگەیاندنی ڕاشکاوی ئەم هاوکارییە(8).
4.هاوپەیمانى میللەت کە لە شەش پارتی سیاسی جیاوازی ئایدیۆلۆژی پێکهاتبوو، لە سۆسیال دیموکراسەوە تا ناسیونالیزم و ئیسلامیزم و ڕاستڕەو، لە هەوڵەکانیدا بۆ شکستدانى ئەردۆغان یەکڕیزی نیشانداوە، بەڵام نەیتوانیوە دەنگدەران ڕازی بکات کە ئەگەر سەرکەوت، دەتوانێت چۆن وڵات بەڕێوەببات. ئەو شتەی کە نیشانەى هێز بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن، واتە فرەچەشنییەکەى، وەک لاوازییەک هەستی پێدەکرا. لە ڕاستیدا ڕەنگە دەنگدەران ترسیان لەوە هەبووبێت کە ئۆپۆزسیۆنێکی وەها هەمەچەشن نەتوانن یەکگرتوو بن بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێشە زۆرەکانی وڵات.
5.وا دەردەکەوێت دەنگی کورد بۆ ئۆپۆزسیۆن جامێکی ژەهراوی بوو بێت نەک دیاری، دەنگدەران کە هەستیارن بەرامبەر بەدۆخی ئاسایشی وڵاتەکەیان، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن پەکەکە بڵاوکرایەوە, باسى لەوە دەکرد بە شێوەیەکی کاتی شەڕی خۆیان لە دژی حکومەت ڕادەگرن, بۆئەوەی دەرفەتێک بدەن بە ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرکەوتن، لە ڕاستیدا لێدوانەکانى ئەردۆغان-ی پشتڕاستکردەوە کە دەیوت ڕکابەرەکانی پشتگیری تیرۆریستانیان کردووە(9).
جەهەپە بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی ئیسلامییەکان، هەندێک لایەنی سیاسی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی لەسەر پرسی ئازادیی ئایین بەدەستنەهێنا.
تایبەتمەندییە یەکلاکەرەوەکانی دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا:
1.کەمبوونەوەی سنووردار لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا: ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە خولی دووەم گەیشتە ٨٥.٧٢٪ بە ڕێژەی ٥٢ ملیۆن و ٩٣ هەزار و ٢٧٤ دەنگ، لەو ژمارەیەش ٥١ ملیۆن و ٤١٨ هەزار و ٣٦٥ دەنگ پەسەندکرا، بە ڕێژەى کەمبوونەوەی ١.٣٪ دەنگ بە بەراورد بە خولی یەکەم کە تیایدا کۆی گشتی ڕێژەی بەشداریکردن ٨٧٪ بووە، واتە ٥٣ ملیۆن و٩٩٣ هەزار و ٥١ دەنگ، ئەم کەمبوونەوەى دەنگدانەش بە زیانى کلیچدارئۆغڵۆ و سوودى ئەردۆگان تەواو بوو.
2.ڕێژەی بەرزی دەنگدان بە ئەردۆغان لەو ناوچانەى کە زەمینلەرزە گرتییەوە: دەنگەکانى ئەردۆغان بە بەراورد بە خولى یەکەم بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە ڕێژەی دەنگەکانى لەو ناوچانەى کە زەمینلەرزەکە زیانى پێگەیاندبوو، ئەمەش جێگەى سەرسوڕمان بوو، ئەم گۆڕانکارییەش دەگەڕێتەوە بۆ کارایی و چالاکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەردۆغان لەو ناوچانە.
3.کۆکردنەوەی دەنگی ناسیۆنالیستەکان بە قازانجی ئەردۆغان: ئەردۆغان توانی دەنگی ناسیۆنالیستەکان کۆبکاتەوە، لەڕێگەى مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا. مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی تورکیا، ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی خولى دووەم، باسی لە هەوڵەکانی ئەنقەرە کرد بۆ گەڕانەوەی نزیکەی ٥٥٣ هەزار ئاوارەی سوری بۆ ناوچەکانی باکووری سوریا. ئەمە جگە لە کارتی پەکەکە کە ئەردۆغان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەکاریهێنا، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا لە یەکێک لە گردبوونەوەکاندا گرتەیەکی ساختەی چەکدارانی پەکەکە دەرکەوت کە هاواریان بۆ کلیچدارئۆغڵو دەکرد. ئەم قسانەی ئەردۆغان بەرامبەر بە پەکەکە، جگە لە لێدوانەکانى سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سوریا، وای لە سینان ئۆغان کاندیدی نەتەوەپەرست بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە خولی یەکەمدا کرد لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ پشتیوانی خۆی بۆ ئەردۆغان رابگەیەنێت و داوای لە لایەنگرانی کرد لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگ بە ئەردۆغان بدەن. ئەمەش بە ڕوونی لە زۆری ڕێژەی دەنگدان بە ئەردۆغان لە خولی دووەمدا ڕەنگیدایەوە، ئەمە جگە لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی تورکیا لە ڕێگەی ڕەوتی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ڕوسیا، ئێران و سوریا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان بۆ سوریا(10).
4.ئەزمونی سیاسی ئەردۆغان بە بەراورد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن: ئەزمونی سیاسی ئەردۆغان چ پەیوەندیی بە شێوزاى حوکمڕانییەوە هەبێت یان بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو لە بەرژەوەنديی دەنگەکانی کە لە دوو خولی هەڵبژاردندا توانى پێشەنگى خۆى بپارێزێت، ئەم حاڵەتەش زیاتر لە توانای ئەردۆغاندا بەدیارکەوت بۆ ڕاکێشانی دەنگی نەیارەکانی لە ناوچە زیان لێکەوتووەکانى زەمینلەرزەکە.
5.کۆنترۆڵکردنی میدیا: ئەردۆغان و تیمی هەڵمەتى هەڵبژاردنەکەی بەهرەمەند بوون لە کۆنترۆڵی تەواوەتى میدیاکانی تورکیا، ئەم کۆنترۆڵکردنە بەسەر میدیاکاندا سوودێکی زیاتری بە ئەردۆغان بەخشی, تا وێنەى خۆى لە لاى دەنگدەر جوانتر بکات و لە بەرامبەردا کەسایەتيی کلیچدارئۆغڵو لەکەدار بکات. هەروەها کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەمترین کاتەکانی پەخشکردنی وەرگرتووە و کاتێک لە میدیاکاندا دەرکەوتووە، وەک سەرکردەیەکی ناکارامە بۆ حوکمڕانی وڵات نیشان دراوە. ئەم هەڵمەتە میدیاییانە دەنگدەرانی تووشی شڵەژان و ترسی ئەوە کردووە کە ئەگەر کلیچدارئۆغڵو هەڵبژێردرێت، رەنگە دۆخى تورکیا زۆر خراپتر بێت.
6.دابینکردنی هاندانى ماددى ئەردۆگان بۆ دەنگدەران: ئەردۆگان لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا سەرکەوتوو بوو لە “هەڵهاتن بۆ پێشەوە” و دوورخستنەوەى تەرکیز لەسەر قەیرانى گرانی و تێچووى ژیان، لەڕێگەى ئەو هاندانە داراییانەى بە شێوەى خانەنشینى و موچەى زۆر و داشکاندن لەسەر پارەی کارەبا و غازی سروشتی ماڵان، پێشکەشى هاووڵاتیانى کرد، ئەمەش ڕۆڵی ئەرێنی خۆی هەبوو لە کەمکردنەوەی فشارەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر ئاراستەی دەنگدەران بەرامبەر ئەردۆگان(11).
7.کۆکردنەوەی ڕەوتی کۆنەپارێزى ناسیۆنالیستی و ئایینی: ئەردۆگان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا توانی هەردوو ڕەوتى پارێزکاری ناسیۆنالیستی و ئایینی کۆبکاتەوە، بە گواستنەوەی گفتوگۆکان بۆ پرسەکانی وەک ئاسایش و بەها خێزانییەکان. ئەمه له نێو دەنگدەرانی ناسیۆنالیست و پارێزکاردا دەنگدانەوەى هەبوو، به قۆستنەوەى هەستى گۆشەگیری توێژە ئیسلامییەکان له تورکیا له سیکیۆلاریزمدا لە ڕووی ڕێگرتن لە باڵاپۆشی ژنانی موسوڵمان لە دامودەزگاکانی خوێندن و دامودەزگاکانی دەوڵەت و دوورخستنەوەی ئایین لە ژیانی گشتی و سیاسەت بۆ دەیان ساڵ. بەم شێوەیە هەڵمەتەکانی وێناکردنی کیلیچدارئۆغڵو و “پارتی گەلی کۆماری” وەک سیمبولی ئەم ستەمکارییە کاریگەر بوون لە کۆکردنەوەی دەنگدەرانی ڕاستڕەوی ئایینی و پارێزکارەکان لە تورکیا و نمایشکردنى ئەردۆگان وەک پاڵەوانێکی ئایینی کە لە دژی هێزە دژە ئاینییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا خەبات دەکات.
دەرەنجام
1.کلیچدارئۆغڵو سەربارى ئەم بەڵێنانە سەرکەوتنى بەدەستنەهینا، بەڵێنی دا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی هەدەپە، وتاری “من خاوەنی دیدگای نیشتمانیم”ی پەسەند کرد بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی پارتی سەعادەت، وتەى “نیشتمانی شین داگیرکارییە” پەسەندکرا بۆ دڵنیابوون لە پشتیوانی یۆنان، دژە ڕوسیا بوو بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لەگەڵ ئەمەریکایە، سەرەڕای پشتیوانی هەدەپە بۆی، کەچی گوتاری ناسیۆنالیستی پەرەپێدا, بەڵام لە بەرامبەردا ئەردۆگان کارى لەسەر ڕەواندنەوەى ترس و نیگەرانییەکانى هاوڵاتى تورکیا کرد و سەرکەوتنى بەدەستهێنا.
2.ئەردۆگان سەربارى ڕۆڵى لە زیان گەیاندن بە دۆخى ئابوورى تورکیا، بەڵام توانى خۆى وەک فریادڕەس نیشان بدات, کە دەتوانێت تەواوى ترس و نیگەرانییەکانى هاوڵاتیان تایبەت بە ئاسایش و بارى گوزەرانیان بڕەوێنێتەوە، لە کاتێکدا کڵیچدارئۆغلۆ وێنەیەکى جیاواز لەسەر خۆى بە دەنگدەرى تورک بگەیەنێت.
3.هەدەپە ڕۆڵی زۆری بە چەپەکان داوە و پێگەی ئەوانی زیاتر لە ئاسایی بەرز کردووەتەوە و لەبەرامبەردا سوودێکى بەرچاوى بەدەستنەهێنا. ئەگەر پارتی چەپی سەوز لە تورکیا بە تەنها بچوایەتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، بێگومان نەیدەتوانى بەربەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش ببەزێنێت. پێدەچێت هەدەپە هاوپەیمانێکی هەڵەیان هەڵبژاردبێت.
4.دەرەنجامى ڕاپرسییەکان ئۆپۆزسیۆنى دڵنیا و بێباک کرد لەسەرکەوتن, لە بەرامبەردا ئەردۆگان و تیمەکەیى سوورترکرد لەسەر بردنەوە بەشێوەیەک کە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تێچووی بژێوی ژیان لە تورکیا, واى لە هاوڵاتى نەکرد ریسک بکات و بە دواى بژاردەى دیکەدا بگەڕێت تا چانسی لەگەڵ کەسێکى دیکەدا تاقیبکاتەوە.
5.بە شێوەیەکى گشتى دروشمەکانى ئۆپۆزسیۆن ترس و دڵەڕاوکێى لەلاى رێکخراوە ئایينی و توێژە پارێزکارەکەى کۆمەڵگا دروستکرد، هەر بۆیە زۆرێک لە گرووپە ئایینییەکان دەنگیان بە ئەردۆگان دایەوە تەنها لەبەر ئەوەی جێگرەوەیەکی گونجاویان نەبوو.
6.ئەوەى کە نیشانەى هێز بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن، واتە فرەچەشنییەکەى، بوو بە نیشانەى لاوازی، لە ڕاستیدا هاوڵاتى تورکی ترسی لەوە هەبوو کە ئۆپۆزسیۆنێکی وەها هەمەچەشن ڕەنگە نەتوانێت لەناو خۆیدا یەکگرتوو بێت بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قەیرانە زۆرەکانی وڵات.
سەرچاوەکان
1.لماذا خسرت المعارضة التركية؟
https://www.yenisafak.com/ar/columns/ihsan-aktas/4032433-
2.اردوغان و بهره برداری از ترس.
https://cutt.us/jDd9e-
3.ترکیه؛ آینده کردها و چپ ها پس از انتخابات
https://cutt.us/6PqtH-
4.چرایی پیروزی اردوغان علیرغم رویگردانی کردها از او
https://cutt.us/267ka-
5.ما أسباب خسارة تحالف المعارضة التركية انتخابات الرئاسة؟
https://cutt.us/2RJz3-
6.پیروزی اردوغان یا شکست اپوزیسیون؟
https://cutt.us/6O7Mu-
7.چرا نظرسنجیها نتایج انتخابات ترکیه را به درستی پیشبینی نکردند؟!
– https://www.alef.ir/news/4020229101.html
8.قلیچدار اوغلو چه کسانی رامقصر شکست می داند؟ | از ملی گرایان تا کردهای مخالف اردوغان
https://cutt.us/JxzW4-
9.كيف ورطت استطلاعات الرأي ووسائل الإعلام المعارضة؟
https://cutt.us/wmfpE-
10.TURKISH ELECTIONS: WHY IS ERDOGAN STILL UNBEATABLE?
https://cutt.us/5CSIB-
11.فوز أردوغان.. عوامل الحسم والأولويات القادمة
https://cutt.us/cTxxn-