• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 28, 2022

ستراتیژی جیۆپۆلەتیکیی ئەمریکا لە کەنداو بە پێداگری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران

موراد دەلالەت

وەرگێڕانی سامان عەبدوڵڵا

پوختە

پێشبینییەکان دروستبوونی گۆڕانکاریی فراوان پیشاندەدەن، لە شێوازەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هەندێک بابەتی گرنگی نێودەوڵەتیی وەک کەنداوی فارس. دەکرێت هاوکاریکردنی ئەمریکا لە فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی باشووری کەنداوی فارس، وەک هەڕەشەیەک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابنرێت. ئەم لێکۆڵینەوە، بە تاوتوێکردنی کاریگەریی هاتنەسەرکاری ئەمریکا لە کەنداوی فارس، سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سیستەمی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە کە هاتنەسەرکاری ئەمریکا چ کاریگەرییەک و لێکەوتەیەکی لە پانتای سیاسی-ئاسایشی لەسەر ناوچەی کەنداوی فارس جێدەهێڵێت؟ دەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە پیشانیدەدات کە بەهێزبوونی ئەمریکا لە کەنداوی فارس لەوانەیە ببێتە هۆی ڕووداوی وەک: درز کەوتنە ناو یەکگرتوویی نەتەوەیی، سەبارەت بە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گۆشەگیریی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەگەری بە بەرپرسدانانی ئەمریکا لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەگەری زیاترکردنی گەمارۆکان لە بواری ئابووری و سەربازیی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەری سەپاندنی بەرجامی دوو و سێ بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئاشکراتری وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە کە دژی سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، هەروەها بەهێزبوونی ڕۆڵی ڕژێمی زایۆنی[2] (ئیسرائیل) لە ناوچەکەدا.

کلیلە وشەکان

ستراتیژیی، جیۆپۆلەتیك، کەنداوی فارس، ئاسایشی نەتەوەیی، ئێران

 

بەرایی

لایەنە جیاوازەکانی بابەتەکە، دابینکردنی ئاسایشە لە پانتایی ستراتیژیی لە پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی سیاسیی نێودەوڵەتی و ناوچە جیۆپۆلەتیكییەکان، ئەم پێویستییەش هەمیشە گەورەترین و بنەڕەتیترین ئامانجی هێزە جیهانییەکان بووە، بەتایبەت بە ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەسەر ئەم واتایەدا هاتووە، ئیتر لایەنە نەتەوەیی و ناوچەییەکان گرنگیی ئەوتۆی نییە، بەڵکو پێوەری جیهانی لەبەرچاو دەگیرێت. بە واتای ئەوە کە لە ستراتیژی جیۆپۆلەتیكدا، بە واتایەکی سادەتر، شیکاریی ئەرکەکانی وڵات، ئەو ناوچانە بەهای زۆریان هەیە کە لە ڕێگای دەسەڵات و چاودێریی ئەوانەوە، ئامانجی ستراتیژیی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەپێی ئەم ئاڕاستەیە، لە ئێستادا لەسەر بنەمای کۆتا ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کە بەئاشکرا باسکراوە، ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەندە بە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی کەنداوی فارسەوە. ئێستا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: ئامانجی کۆتایی ئەم ستراتیژییە چییە؟ لە وەڵامدا دەکرێت ئاماژە بکرێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزە. بە چاوخشاندنێک بە کۆمەڵێک ژمارە و داتای سادەدا، ئەم ڕاستییە دەردەکەوێت کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان خواست و خستنە بازاڕی وزە لە ئەمریکا بوونی نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بوونی تەنیا لە سەدا دووی پاشەکەوتی نەوتی جیهان، بیست و پێنج لە سەدی هەموو بەرهەمی نەوتی جیهان بەکاردەهێنێت. لە بیست ساڵی داهاتوودا خواستی جیهانی لەسەر نەوت، لە ڕێژەی ئێستای کە (٧٧) ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژدا، بەرز دەبێتەوە بۆ (١٢٠) ملیۆن بەرمیل کە زۆرترین ڕێژەی زیادبوونی ئەم ژمارەیە لە چین و ئەمریکایە (Cordsman, 1999). ئەم ترسە لە داهاتوودا داڕێژەرانی ستراتیژیی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ناچارکرد کە پەلە بکەن لە ڕێکخستنی ستراتیژیی وزە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و ئەم بابەتانەش بوو بە هۆی ئەوەی کە ئامانجە ستراتیژییەکانی وزەی ئەمریکا ببێتە چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی سنووری جیۆستراتیژی نوێ، بە ئامانجی جیۆئیکۆنۆمی و کەنداوی فارسیش کەوتە لوتکەی ئەم سنوورانەوە. بەڕاشکاوی دەکرێت بڵێین کە هەموو گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە ناوچەی کەنداوی فارس، بەگشتی سیناریۆ گەلێکن لە ستراتیژی وزە کە بە تاکتیکی جیاواز خەریکن جێبەجێ دەکرێن.

ستراتیژی جیۆپۆلەتیكی ئەمریکا لە کەنداوی فارس

کۆتا ئامانجی جیۆستراتیژیی ئەمریکا، جێبەجێکردنی جووڵەیەکی دوولایەنەیە لە ڕێگای پاسیفیک و ئەتلانتیکەوە، بۆ زاڵبوون بەسەر ئۆراسیادا. ئەم جووڵە دوولایەنە خۆی لە خۆیدا ئامانجی دووەم جێبەجێ دەکات کە لە سەرەوەی هەمووی کۆنترۆڵی چین و ڕووسیا و تەنانەت ژاپۆنە لە داهاتوودا، بە مەبەستی ڕیگرتن لە یەکێتییەکی جیۆستراتیژیی ئۆراسیایی لە بەشە ئاسیاییەکەی. لێرەدایە کە ڕۆڵی دیاردە جوگرافییەکان لە پێشەوەی ڕیزبەندیی جیۆستراتیژیدا دەردەکەوێت، ئەویش شوێنگەی شێوە دوورگەکانی دەوروبەری ئۆراسیایە کە ناسکترین و هەستیارترینی ئەوانیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەسەر تەوەرەی کەنداوی فارس. بە چاوخشاندنێک بە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، دەکرێت بنەمای ئەم سیاسەتە دەرەکییە لەدوای شەڕی سارد، لەسەر ئەم بابەتانەی ژێرەوەدا دابنرێن:

١. ستراتیژی بەرنامەیی: ئەم ستراتریژییە بەدوای دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆوەیە لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە مەبەستن و لە سەرەوەی هەمووشیانەوە لە ئێستادا دوو وڵاتی ئێران و سووریان.

٢. ستراتیژی پێشگیرانە (Preventive Strategy): لەم ستراتیژییەدا ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت بێ هیچ مەرجێک ڕووبەڕووی هەموو ئەو شتانە ببێتەوە، کە ئاسایشی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە. لەم ستراتیژییە نوێیەی ئاسایشی ئەمریکادا، بۆچوونی پێشگیرانە بەم شێوەیە باسکراوە کە “باشترین بەرگریی؛ هێرشێکی باشە”.

٣. ستراتیژی وزە: لە ڕاستیدا ئەم ئامانجە ستراتیژییە بۆ ماوەیەکی نە زۆر درێژ تەوەرەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پێکدەهێنێت و ئامانجیش لەوە دەستوەردان و دەسەڵاتی تەواوە بەسەر ناوەندی ستراتیژیکی وزەی جیهانی کە کەنداوی فارس لە چەقی ئەو سنوورە جیۆئیكۆنۆمیکدایە. گرنگترین تاکتیکی ئەمریکا لەم بوارەدا، لاوازکردنی ئۆپێک و زەقکردنەوەی ڕۆڵی عێراقە. هەروەها وا دیارە کە ئەمریکا لە داهاتوودا لە تورکیا و عەرەبستان دوور دەکەوێتەوە و زیاتر ڕ‌وو لە ئێران دەکات (National Security Of TheU.S.A February, 2015).

ئێستا پێویستە بزانین کە لەبەرامبەر ئەم کارەی ئەمریکا بۆ زاڵبوون بەسەر ئۆراسیا و هەستیارترین ناوچە جیۆستراتیژییەکەی، واتە ناوچەی کەنداوی فارس، چ کاردانەوەیەک پێشبینی دەکرێت، ئەم کاردانەوانە ئەمڕۆ لەبەرامبەر بابەتی ناوکیی ئێران بەتەواوی هەستی پێدەکرێت. بەو واتایە کە ڕێکەوتنەکان لەنێوان دوو سێگۆشەی ستراتیژیک خەریکی دروستبوونن، کە ئەڵقەی پەیوەندی و هاوبەشیی هەردوو سێگۆشەکە بریتییە لە ئێران. ئەم دوو سێگۆشە ستراتیژییە؛ وڵاتانی ڕووسیا، چین و ئێران لە پێکهاتەیەکدا و ئەمریکا، ئەوروپای یەکگرتوو و ئێران لە پێکهاتەکەی دیکەدان. هەر کام لەم دوو کۆمەڵەیە کە بتوانێت ئێران وەکو جێپێیەکی جیۆستراتیژی خۆی هەڵببژێرێت، ئەوا جڵەوی کارەکان لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت لە ئۆراسیا، دەگرێتە دەست. جێی سەرنجە کە هەرگیز ئێران شوێنگەیەکی جیۆستراتیژیکی لەو چەشنە زەق و چارەنووسسازی نەبووە. ئێمە ئێستاکە لە چاخێکدا دەژین کە بچووکترین یەکەی سیاسیی جیهان دەتوانێت کارەکتەرێکی لێهاتوو بێت و لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بگات بە ئاسایشی ڕاستەقینە و پێش بکەوێت، بەو مەرجەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە شوێنگەی جوگرافیایی خۆی و ئەو شوێنگەیەی کە لە ستراتیژی جیهانیدا هەیەتی؛ بناسێت، چونکە ئەمڕۆ لە هەر ڕوویەکەوە ڕێژەی پێوەری ئاسایشی یەکە سیاسییەکانی جیهان، لەگەڵ ڕێژەی گەشەکردنی ئابووری و هەمەلایەنەی ئەوان دەخەمڵێنرێت. لەخۆوە نییە کە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەنێوان تێگەیشتن لە شوێنگەی جوگرافیایی و بەشداربوون لە شانۆی جیهانیدا هەیە. ئەگەر ئەم دووانە پێکەوە هاوئاهەنگ نەبن، ئەوا ئەو وڵاتە دەبێت هەردەم چاوەڕوانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیران بێت. وڵاتان پێویستە ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن کە هەموو پێوەرەکانی جیۆستراتیژیی سەدەی بیستەم گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ئیتر هیچ وڵاتیك لە دونیادا ناتوانێت بەتەنیا هارمۆنیی خۆی لێبدات، بەڵکو هەروەک باس کرا، پێویستە لە سنووری شانۆی جیهانیدا ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی “Rowd” لەسەر ئەم بابەتە سیستەمێکی ئاسایشی نوێی بۆ کەنداوی فارس داڕشتووە کە لەسەر سێ بنەما وەستاوە (Rathmell, Karasik,Gompert 2003: 5-6):

١. ڕاگرتنی هاوسەنگی لە دابەشکردنی هێز.

٢. پەیڕەویی هەمەلایەنە لە ئامانجە ستراتیژییە هاوبەشەکان.

٣. جێبەجێکردنی چاکسازی و بنیاتنانەوە.

ناوچەی کەنداوی فارس بە هۆکاری بارودۆخی تۆپۆگرافی، تایبەتمەندیی جیۆستراتیژیی تایبەتی داوە بە هەندێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە کە لەسەرووی هەموویانەوە ئێران و بەحرەین دێن. بێ هۆ نییە کە ئەم دوو وڵاتە لە ناوچەی کەنداوی فارس، هەمیشە لە چەقی ئامانجە ستراتیژییەکاندا بوون. لەدوای شەڕی جیهانیی دووەم و هەر بەو هۆکارەشە کە ماوەیەکە نوێنەری بەحرین لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ناتۆ، وەک چاودێر بەشداری دەکات. کە وابوو هەڵبژاردنی وڵاتێک بە تایبەتمەندیی جیۆستراتیژییەکی تایبەت، دەتوانێت وەک پاڵپشتیی هێزێک، ببێتە هۆی ڕەزامەندیی هێزە دەرەکییەکان و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش سوود لەم هەڵبژاردنە وەردەگرن. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک کە بیانەوێت تایبەتمەندییە ستراتیژییە گونجاوەکان بۆ وڵاتێکی جێگرەوەی هێز لە ناوچەی کەنداوی فارس لەبەرچاو بگرن، ئەوا لە کۆتاییدا وڵاتی ئێران دەبێت و ئەم بابەتەش ئەزموونێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی هێزەکانی بەحرەین و قۆناغی ئەزموونی خۆی لە ساڵەکانی ١٩٥٩ تاکو ١٩٧٩ بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە. بوونی هێزێكی لەو چەشنە لە ناوچەکەدا، دابینکەری دەرچوونی ئارامیی هێزە دەرەکییەکان و نەبوونی زیاتری ئەوانە لە درێژمەودادا. لەم ئاڕاستەیەدا، پێویستە جیۆپۆلەتیكی عێراق و بارودۆخی جیۆپۆلەتیكی بەستراوی ئەو وڵاتە لە بواری ڕێگای ئاویی کەنداوی فارس، دراوسێكان و بەتایبەت ئێران، لەبەرچاو بگیرێت. ئەگەر لە ناوچەی کەنداوی فارس، وڵاتانی ئەو ناوچەیە لە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە هەنگاو نەنێن، بەدڵنیاییەوە هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە ئەو کارە ئەنجامدەدەن. بە مەبەستی دانانی سیستەمێكی بەردەوام لە ناوچەی کەنداوی فارس، دەبێت زیاتر بابەتی چاکسازی لەبەرچاو بگیرێت و ئەویش نەک بە شێوەیەکی بەپەلە و لە پانتاییەکی گەورەدا، بەڵکو بە ڕەوتێکی ڕێکوپێک و هەنگاوی پتەو بەرەو چاکسازی لە بوارە جیاوازەکاندا بچیتە پێشەوە، بەڵام ئەگەر ئەم چاکسازییانە بەبێ ڕەچاوکردنی کەلتوور ئەنجام بدرێت، دەرەنجامی باشی لێناکەوێتەوە. وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس نابێت ئامانجی ستراتیژیی خۆیان بکەنە قوربانیی ئامانجی تاکتیکی فریودەری هێزە گەورەکان. لەم ڕۆژانەدا دەبینین کە هێزە پیشەسازییە جیهانییەکان لە بواری ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیاندا لەسەر تەوەرەی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆم یەک قسە دەکەن و ئەویش ئاشکرایە کە ئەگەر وڵاتان لە بڕیارەکانی خۆیاندا هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەو شانۆ جیهانییە نەجووڵێنەوە، ئەگەری زۆر هەیە کە بەرژەوەندیی نەتەوەییان دابین نەبێت و لە ئاکامدا کەشوهەوایەک بڕەخسێت کە هێزە گەورەکان لە ئاڕاستەی گەیشتن بە ئامانجە کورتمەوداکانی خۆیاندا سوودی لێ وەربگرن. بێگومان ئەوەش پێشبینی دەکرێت کە هەر کاتێک، بۆ نموونە وڵاتی ئێران، بە یارمەتیی تەواوکەرە ستراتیژییەکانی خۆی، هەنگاوێک لە ئاڕاستەی زەقکردنەوەی ڕۆڵی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس هەڵبگرێت، ئەوا یەکسەر کاردانەوەی نەرێنی لەلایەن وڵاتانی هاوسێوە، بۆ نموونە عەرەبستانی سعودیا و تورکیاوە دەبینرێت. بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئەو جووڵانە قووڵاییەکی ستراتیژییان نابێت.

داڕشتنی سەرەکیی ستراتیژی نوێی ئەمریکا لەبەرامبەر ئێران لە کەنداوی فارس

بەئامانجکردنی ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، دەبێت زیاتر لە چوارچێوەی بابەتی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتدا شیبکرێتەوە و بەیان بکرێت. ئەمریکاییەکان بەباشی دەزانن ئەو شتەی کە دەبێتە هۆی سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەوان لە ناوچەکە، بوونی فیزیکی و لەسەرخۆی ئێرانە لە ناوچەکەدا. ئەوان بە شێوازی جیاواز جڵەوی کاریان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لەدەستداوە. بەم پێشەکییە و بە توێژینەوەی ناوەڕۆکی ستراتیژی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەکرێت ئامانجەکانی ئەوان بەم شێوەیە باس بکرێت:

١. کۆنترۆڵ و پووچەڵکردنەوەی دەسەڵات و نفووزی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

هەم ناوەڕۆکی ستراتیژیی بڵاوکراوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران و هەم ڕەفتار و گوتاری بەرپرسانی ئەمریکایی، پیشاندەری ئەوەیە کە ڕۆڵ و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ ئەمریکا کێشەیەکە. چاوخشاندنێک بە گەشتی ئەم دواییەی “تێلێرسۆن” بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و چاوپێکەوتن لەگەڵ پادشای سعودیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و وەزیری دەرەوەی قەتەر و بەرپرسانی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ ئەوەی کە پێیدەگوترێت نەهێشتنی دەسەڵاتی ئێران، لە بەستێنی ئەم پووچەڵکردنەوەیەدا شیکاریی بۆ دەکرێت.

٢. کۆنترۆڵکردن و هەڕەشەی هێڵی بەرگری

ئامانجێکی دیکەی ناو ئەم ستراتیژییە بڵاوکراوەیە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕاگەیەنراوە، کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی هێڵی بەرگرییە لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە. ئەمریکاییەکان زۆر بەڕاشکاوی بەدوای ئەوەوەن کە ئێران بگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە پێیدەگوترێت سنوورەکانی خۆی. ئەو قسانەی کە بەرپرسانی زایۆنی و ئەمریکایی سەبارەت بە سنوورەکانی سووریا و ئیسرائیل باسی دەکەن و دەریدەبڕن، ئێران پێویستە تاکو مەودای پەنجا کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە، یان هەمان ڕادەربڕینی “تێلێرسۆن” سەبارەت بە گەڕانەوەی میلیشیاکان بۆ وڵاتانی خۆیان، ئاماژەیە بۆ ترس لە بوونی ئێران لە ناوچەکە. وەک یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە ئەمریکاییەکان بۆ ئەم کۆنترۆڵ و سنووردارییە ئامادەیان کردووە، دەکرێت ئاماژە بکرێت بەم بابەتانەی خوارەوە:

دروستکردنی بەرە لەسەر بنەمای یەکێتییە باوەکانی سیستەمی دەسەڵات (بەهێزکردنی هێڵی عیبری-عەرەبی)

“هێربەرت ماک ماستەر” ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە دانیشتنی ئاسایشی نەتەوەیی دەزگای بەرگریی لە دیموکراسیی ئەمریکا، گوتی: لەم ڕێگایەدا ڕوو دەکەینە زیندووکردنەوەی پەیوەندیی کۆن لەگەڵ هاوپەیمانە کۆنەکانی خۆمان لە ناوچەکە و پێشگیری لە پێدانی سەرچاوەی دارایی سوپا بۆ کارە شەڕانگێزەکانی گروپە میلیشیاکان لە ناوچەکە. ئێمە پێویستە کە کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ پرۆتستۆکردنی هەنگاوەکانی دژەمرۆڤایەتیی سوپای پاسداران لەگەڵ خۆماندا هاوئاهەنگ بکەین. ماک ماستەر هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق کرد و هەمان وتە دووپاتەکانی بەرپرسانی ئەمریکای دووپاتکردەوە، ئەو سەرەتا گوتی: ئێمە پێمان خۆشە کە عێراق ببێتە وڵاتیكی سەقامگیر و لە دەرەوەی سنووری هاوپەیمانانی ئێران. ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پاشان گوتی کە عێراق، لوبنان و سووریا چیرۆکێکی هاوشێوەیان هەیە و ئێران بە بەهێزکردنی بوونی گروپە میلیشیاکان بووەتە هۆی هاتنەسەرکاری دەوڵەتێکی لاواز کە هەمیشە پەیویست بێت بە تارانەوە و ئەگەر هەنگاوێک لە دژی بەرژەوەندیی ئێران هەڵبگرێت، ئەوا ڕووبەڕووی هەڕەشەی هەمان ئەو گروپە میلیشیایانە دەبێتەوە.

چڕبوونەوە لەسەر سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی لە ڕێگای سنووردارکردن و گەمارۆی داراییەوە

ئەم ئامانجەی ئەمریکاییەکان بە سوودوەرگرتن لە ئامراز و سیستەمێک ڕێکدەخرێت کە ئەوان پێشتر لەسەر بەشێک لەم ڕێکخراوە ئەنجامیانداوە. لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١دا بوو کە هێزی قودسی سوپای پاسداران هەر بەم سیستەمە لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە وەک ڕێکخراوێکی پشتیوانی تیرۆریزم دانرا و پێشتریش ئەمریکاییەکان ئەو کارەیان کردبوو.

گەمارۆ قورسە نێودەوڵەتییەکان

دەبێت لە قسەکانی ناتانیاهۆدا بەدوای دڵەڕاوکێی ئەمریکاییەکاندا بگەڕێین بۆ پەستان خستنەسەر سوپا، لەوێدا کە دەڵێت: بڕیاری ئەمریکا بۆ دانانی گەمارۆی نوێ لەسەر سوپای پاسدارانی ئێران جێی دەستخۆشییە، هەروەها دەڵێت: ئاشکرایە کە دەبێت لە بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ دانانی گەمارۆ دژی سوپا پشتیوانی بکرێت. سوپا باسکی سەرەکیی ئێران لە برەودان بە تیرۆریزمە لە سەرانسەری جیهاندا و بەدڵنیاییەوە فراوانکردنی هێرش لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دانانی هەموو سوپا لە لیستی پشتیوانانی تیرۆریزم

ئەم بابەتە بەو ئامانجە چووەتە نێو بەرنامەی کاری ئەمریکاییەکان کە ئابووریی وڵات بەدەست بابەتی زیادبوونی پەستانەوە گیرۆدەیە، ئەمەش واتە گەیاندنی کۆمەڵگە بە خاڵی ناڕەزایەتیی ناوخۆ لە سیستەمی سیاسی، تاکو لەڕووی ناوخۆوە کۆمەڵگە ئامادەی گفتوگۆی سەرلەنوێ ببێت لەگەڵ ئەمریکاییەکان.

هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی ئەوروپاییەکان بۆ گەمارۆی ئابووریی سوپا

یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەمریکاییەکان، ئەوەیە کە لەسەر بەرنامەی ناوچەیی و دەسەڵاتی ناوچەیی ئێران و بابەتی مووشەکی ئێران، ئەوروپاش لەگەڵ خۆیاندا بکەنە هاوڕێ و بەگشتی هەوڵبدەن فەرمانڕەوایی ئێران دابەشبکەن بۆ دوو بەش و بە هۆی ئەم بابەتەوە پەستان دابنێن، تاکو دەستکەوتێکیان دەست بکەوێت. ئەو بابەتانەی کە لەم دواییەدا لەلایەن ئەوروپاییەکان و بەتایبەت لە گفتوگۆ تەواوکەر و ڕێکەوتنە لاوەکییەکاندا باس دەکرێت، لە ئاڕاستەی ئەم ئامانجەدایە.

هەوڵدان بۆ گەمارۆدانی ناوخۆی سوپا: لە ڕێگای چالاکردنی سەرلەنوێی تواناکانی وەک “FTAF“، بە یارمەتیی ڕەوتی دزەکردوو

“سیگال ماندلکەر” جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە دانیشتنێکدا هەڕەشە و گەمارۆکانی ئەمریکای دژی ئێران بەم شێوەیە باسکرد: “یەکەم: پووچەڵکردنەوەی چالاکییە ئاژاوەگێڕییەکان و کۆنترۆڵکردنی هێرشەکانی ئێران لە ناوچەکە و پشتگیرییەکانی لە گروپە میلیشیاکان”. ئەم بابەتە چالاکییەکانی ئێران لە سووریا و پشتگیری لە حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە و حەشدی شەعبی لە عێراق لەخۆ دەگرێت، کە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن. دووەم: پێشگیری لە گەیشتنی سەرچاوەی دارایی لە ئێران و سوپای پاسدارانەوە بۆ چالاکی لە ناوچەکە. سێیەم: ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تواناکانی ئێران لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە سوودوەرگرتن لە مووشەکی بالیستی و چەکە نوێیەکانی دیکە. چوارەم: بەستنی هەموو ڕێگاکان لەبەردەم ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوەکیی. ئەو لە بەردەوامیدا گوتی کە بڕیاری ئەمریکا بۆ پشتگیری نەکردن لە ڕێکەوتنی ناوەکیی، ئەو مۆڵەتە دەدات بە دەوڵەت و کۆنگریس تاکو بە شێوەیەکی تەواو هەڕەشەکانی ئێران و کەموکووڕییەکانی ڕێکەوتنی ناوەکیی باس بکەن. ماندلکەر گوتی کە بە پشتگیری نەکردنی ڕێکەوتنەکە، ئەمریکا لە بەڵێنەکانی لەبەرامبەر بەرجام لای نەداوە و هێشتا وەک لایەنێک پابەندی ڕێکەوتنەکەیە.

ئەو لە شیکردنەوەی ڕۆڵی وەزارەتی خەزێنە لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا دژی ئێران، گوتی: لە ماوەی دە مانگی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی دەرەوەی ئەم وەزارەتخانەیە، حەوت قۆناغ گەمارۆی داناوە کە بریتییە لە حەفتا و دوو ئامانج لە چین، ئێران، لوبنان و ئۆکراین، کە پەیوەندیی بە سوپا، بەرنامەی مووشەکی ئێران و ژێرپێخستنی مافی مرۆڤەوە هەیە. جێگری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئەم دەزگایە تەنیا بە کردنە ئامانجی سوپا ڕازی نابێت، بەڵکو ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانی دیکە کە برەو بە ناسەقامگیری دەدەن و پشتگیریی تیرۆریزم دەکەن، دەخاتە ژێر گەمارۆکانەوە.

چەکداماڵینی ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی ئێران (بەتایبەت لە بواری مووشەکی بالیستیدا)

یەکێک لەو بابەتانەی لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی ڕۆژئاوا، بابەتی قووڵایی ستراتیژی ئێرانە لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا. ڕۆژئاوا دەزانێت کە ئێران توانیویەتی نموونەی هاوسەنگیی هێز لە ئاستی ناوچەکەدا تێکبدات و هاوتەریب لەگەڵ ئەو نموونەیەدا، سیاسەتەکانی ڕۆژئاواش هەم لە بوارەکانی هێزی نەرم و هەمیش لە بواری هێزی فیزیایی و قورس بگۆڕێت و لەبەر ئەمە بەدوای گۆڕانکاریی ستراتیژی و تاکتیکی ئێرانەوەیە لە ناوچەکە. لە نامە ماڵئاواییەکەی جۆن کێرییدا، ئەم بابەتە بەڕوونی باسکراوە کە ئەمریکاییەکان پڕۆژەی ناوەکیی ئێرانیان لە سەردەمی ئۆبامادا گەیاندووەتە دەرەنجام و ئێستاش نۆبەی پڕۆژەکانی دیکەیە، وەک بوونی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامەی مووشەکی ئەو وڵاتە و چەکداماڵینی ئێران بە ئامانجی وەرگرتنەوەی دیسپلینی خوازراوی ئەمریکاییەکانە لە ناوچەکە.

داخرانی پردی پەیوەندیی تۆڕیی ناوچەیی ئێران (هێڵی بەرگریی)

جموجووڵەکانی ئەمریکا لە سنوورەکانی سووریا  و عێراق، هەوڵی عەرەبستان و ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی هەڵکەوتووانی شیعە و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕۆڵی هێزەکانی خەڵکی لە عێراق، هەمووی لە ئاڕاستەی پەراوێزخستنی هێڵی بەرگری و لەناوبردنی ئەو هێڵی پەیوەندییەدا دانراوە. ئەمریکاییەکان بەباشی ئاگاداری کاریگەری و ڕۆڵی ئەو هێڵی پەیوەندییە هەن، بۆیە بە سوودوەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی خۆیان، هەوڵ دەدەن ئەم پەیوەندییە نەهێڵن، تاوەکو ئێران قووڵایی دەسەڵاتی خۆی لەدەست بدات.

ناچارکردنی ئێران بۆ ئاشکراکردنی توانا سەربازییەکانی خۆی

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان کە بەتایبەت ئەمریکییەکان مەبەستیانە، ئەوەیە کە زانیاری لەسەر شوێن و توانای سەربازیی ئێران بەدەستبهێنن. ئەو مشتومڕەی کە لەم دواییەدا بووە هۆی ئەوەی کە فەڕەنسا لە گفتوگۆ تەواوکەرەکاندا بێتە دەنگ، بەم بابەتە دەستیپێکرد کە فەڕەنسییەکان گوتیان گفتوگۆ دەتوانێت لەسەر چاودێریکردنی شوێنە سەربازییەکانی ئێران تەواو بکرێت.

ئەوەی کە دیارە ئەوەیە کە ئەمریکییەکان سەرلەنوێ خەریکی دووپاتکردنەوەی هەمان سیناریۆن کە لەسەر بەرجام جێبەجێیانکرد. قسەکانی ئەم دواییە کە لەسەر بەندی “T”ی بەرجام کراوە، دەچێتە هەمان چوارچێوەوە. بەندی “T”ی بەرجام بەندێکە کە پاشکۆکانی بەرجام لەخۆ دەگرێت. ئەم بەندە بە شێوەیەکی زۆر گشتگیر و تا ڕادەیەک بێسنوور دەڵێت کە ئێران نابێت لە بوارەکانی توێژینەوەی پەیوەست بە بەرنامەی ناوەکیدا ئەسپی خۆی تاو بدات. بابەت و ئامانجی ئەم بەندە ئەوە نییە کە مۆڵەتی چاودێری لەسەر چالاکییە چاودێرییەکانی مۆڵەتپێنەدراو بۆ ئاژانس بەفەرمی بناسێت، بەڵکو پلانێکی گشتییە کە لەناو سیستەمی خەمڵاندن و چاودێری و شێوازەکانی ناو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە. ئەمریکییەکان بە پشتبەستن بەم بابەتە، هەوڵدەدەن تاکو پیشانیبدەن کە ئێران پابەند بووە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری چاودێریی ئاژانس، تاکو بە سوودوەرگرتن لەو بابەتە، بابەتی چاودێری لەسەر شوێنە سەربازییەکان بهێننە پێشەوە.

“هێربێرت مەک ماستەر” ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی ئاسایشی نەتەوەیی دەزگای بەرگریی لە دیموکراسی، لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە پێشکەشکارەکە پرسی: کێشەی بەرجام چییە؟ وەڵامیدایەوە: من بەوە ناڵێم بەرجام، پێیدەڵێم خراپترین ڕێکەوتنی مێژوو. ئەو دەستکەوتانەی ئێران لەم ڕێکەوتنە بەدەستیهێنا، لەگەل بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی هاوسەنگ نییە. ئێران لەبەرامبەر ئەو لێشاوە پارە کە بەرەو ئەو وڵاتە نێردرا، چی کرد؟ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە شیکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا لە بەرجام، گوتی: قسەی سەرەکی بە کۆتاییهاتنی بەرجامە کە پێویستە تاوتوێ بکرێت و بەندی “T”یش پێویستە جێبەجێ بکرێت، واتە پشکنینەکان پێویستە ئەنجامبدرێن. ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی هەڵوێستی ئەوروپاییەکان لەبەرامبەر بەرجامدا، گوتی: وای بۆ دەچم کە ئەوان خەریکە دەستدەکەن بە هاوکاری. هەنگاوەکانی هاوپەیمانانی ئەوروپایی و کەنەدا بۆ بەهێزکردنی ئاژانسە. دەبینیت کە دژی ئەو قسەی ئێران دەوەستنەوە کە دەڵێت “ناتوانیت ئەو کارە ئەنجام بدەیت”. مەک ماستەر لە درێژەی وتەکانیدا ڕەخنەی لە چۆنیەتیی جووڵانەوەی یاسایی وڵاتەکەی خۆی لەگەڵ بەرجام گرت و گوتی کە کۆنگرێس نابێت بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی ناوخۆی کاربەدەستانی ئەمریکا ڕاپۆرت ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە هەنگاوێک لە ئاڕاستەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خاڵە لاوازەکانی بەرجام و سوودوەرگرتنی یەکلایەنە لە توانای ئەمریکا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی هەڵبگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران. ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا لە کۆتایی وتارەکەی لە بەشی بەرجامدا، گوتی: ئەم ڕێکەوتنە لە بنچینەوە کەموکورتیی هەیە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ چاکسازیی ئەو ڕێکەوتنە لە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی ئاسایشی خەڵکی ئەمریکا.

ڕیابکۆف لەم دواییەدا گوتوویەتی: گەیشتن بە هەندێک بابەتی ساختە، وەک چالاکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی لەسەر بەندی “T”ی بەرجام کە پەیوەستە بە دامەزراوە سەربازییەکانی ئێرانەوە، بە هیچ شێوەیەک بۆ ئێمە گرنگ نییە و هەر چەند کە بەشێکە لەو بابەتانەی کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت. مۆسکۆ بە شێوەیەکی تایبەت پێداگرە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی مۆڵەتی ئەنجامدانی پشکنینی لەو شێوەیەی نییە و ناتوانێت بەرپرسیاریەتییەکی لەو چەشنە لەئەستۆ بگرێت، چونکە بەندی “T” باس لە بابەتی دەرەوەی سنووری کارەکانی ئاژانس دەکات. تایبەت بە بەرنامەی مووشەکی ئێران، هەندیك لە هاوتاکانمان وایان پێ باشە بابەتەکە بە پێچەوانەی ڕاستی پیشانبدەن، ئێمە ناتوانین ئەوان ناچار بکەین کە لەم لۆژیکە ئاشکرا و ڕاستییانە تێبگەن. وا دەردەکەوێت کە هەوڵ و سەرکێشیی ئەوروپییەکان لەسەر پشکنینی شوێنە سەربازیییەکانی ئێران، تا ڕادەیەکی زۆر توند بووبێتەوە کە ڕیابکۆف بە گلەییکردن لە ئەوروپییەکان دەڵێت کە: لەبەرئەوەی کە ئەوان پێداگرن لەسەر ئەم بابەتە، ئێمەش دەڵێین کە ئەگەر ئێوە ناتوانن بەبێ باسکردنی ئەم بابەتە بڕۆنە پێشەوە، وا باشترە کە ئەو بابەتە لە دانیشتنەکانی داهاتووی کۆمسیۆنی هاوبەشدا باس بکەن. ئەگەر لایەنەکانی دیکەی بەرجام حەزیان بە باسکردن لەسەر ئەم بابەتە هەیە، مۆسکۆش ئامادەیە تاکو هەڵوێستی خۆی بخاتە بەر باس.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکراتری سەربازیی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە دژی سیاسەتەکانی ئێرانن.

بە شێوەیەکی باو، هەڵکەوتووان و خەڵکی عەرەب لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا، کاریگەریی نابێت لەسەر سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاری جۆرج بۆشی کوڕ بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و برەودان بە بانگەشەی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بێگومان دەرەنجامێکی پێچەوانەی هەبووە و بووەتە هۆی گەشەکردنی تیرۆریزم، هەروەها میراتێکی لەو شێوەیەی سووریا لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئۆباما، سەلماندوویەتی کە سیاسەتەکانی سەرۆک کۆمار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جیهانی عەرەبیی هەیە و لەم ئاڕاستەیەدا هاتنەمەیدانی ئەمریکا ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. لێکۆڵینەوەی مێژوویی لەسەر پەیوەندیی سەرۆکەکانی عەرەب لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، پەیوەندییەکی نزیکتری ئەوان پیشاندەدات لەگەڵ سەرۆکانی کۆماریخوازی وەک ڕۆناڵد ڕیگان و جۆرج بۆشی باوک و کوڕ، لەچاو سەرۆک کۆمارە دیموکراتەکانەوە، چونکە سەردەمی سەرۆکایەتیی کۆماریخوازەکان؛ شەڕی دووەمی کەنداو، ڕووخانی سەدام و… ئەنجامدراون کە زۆربەیان لەسەر داوای فەرمانڕەوا عەرەبەکان بووە. وا دەردەکەوێت کە پێداگریی ئەمریکا لەسەر دەستوەرنەدانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکراتری وڵاتانی عەرەبیی دژ بە سیاسەتی ئێران لە چوارچێوەی شەڕی لەباتی و یان تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ زیاد بکات. پەیوەندیی عەرەب و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لەدوای ناکۆکی لەسەر سووریا، عێراق، بەحرەین و یەمەن، سەرەتا ڕوو لە ساردی و ئێستاش زۆر گرژ بووە. بە بۆچوونی خەڵکی عەرەب، پاش وازهێنانی بێرنی ساندێرز لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، دۆناڵد ترەمپ بژاردەیەکی گونجاوتر بوو لەچاو کلینتۆنەوە، ئەوەش بە هۆی پشتگیری خاتوو کلینتۆن بوو لە هێرش و داگیرکردنی عێراق و ڕۆڵی ئەو لە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بنغازی و ڕەتکردنەوەی پێشنیاری پشتگیری بۆ بوونە ئەندامی فەڵەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی ڕابردوودا. ئەگەرچی ترەمپیش بە هۆی هەڵوێستەکانی سەرەتای خۆیەوە لە پەیوەندی لەگەڵ قەدەغەکردنی چوونەناوەوەی موسوڵمانان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێرشکردنە سەر دایک و باوکی سەربازێکی موسوڵمانی ئەمریکایی؛ کەوتبووە بەر تووڕەیی خەڵکی عەرەبەوە، بەڵام بانگەشەی ئەو بۆ نێوەندگیری لە گفتوگۆکانی نێوان ڕژێمی زایۆنی و فەڵەستینییەکان و دژایەتیی شەڕی عێراق، لەبەرئەوە کە دەبێتە هۆی فراوانبوونی ناوچەی چالاکیی ئەلقاعیدە و دروستبوونی گروپی تیرۆرستیی نوێی وەک داعش و هەروەها پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم گروپە تیرۆرستییانە و گرنگتر لە هەمووشی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە عەرەبەکان، لەناو جیهانی عەرەبدا ئەوی خۆشەویست تر کردبوو. لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستی ئەو سەبارەت بە پێویستیی هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گروپە دژبەرەکانی حکومەت کە دەبێتە هۆی بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا، دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆتری وڵاتانی عەرەبی دژ بە سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری سەربازیی لە داهاتوویەکی نزیکدا. هەروەها ڕوانگەی ئەو لەسەر پێداچوونەوە بۆ گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی، بەتایبەت سعودییە، بەو مەرجەی کە ئەوان ڕۆڵێکی چالاکتر لە بواری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندڕەوی ئیسلامی لەئەستۆ بگرن. یەکێکی تر لەو بەڵگانەی کە پیشانی دەدات عەرەبەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا وەردەگێڕن و ڕوو دەکەنە تواناکانی یەکگرتنی عەرەبیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆچوونەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ترس لە ئیسلام، لەلایەن هەندێک لە ڕێبەرە عەرەبەکان کە لە دەسەڵاتی شۆڕشی ئیسلامی زۆر دەترسن، بە شێوەیەکی لاوەکی کەوتووەتە بەر گرنگیپێدان. بۆ نموونە؛ ڕژێمەکانی ئالی خەلیفە لە بەحرەین و ڕژێمی ئال سعود لە عەرەبستانی سعودی و ئەلسیسی لە میسر (ئیخوان موسلمین)، هەموویان خۆیان گیرۆدەی دژایەتیی ئەو گروپە ئیسلامخوازانە دەبینن کە بە ڕێژەیەکی زۆر بۆچوونەکانی ئەوان وەرگیراو بووە لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بووە و بە چەشنێک دەتوانن سوود لە بەرنامەکانی ئەمریکا وەربگرن بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوە ئیسلامییە خەڵکییەکان لە وڵاتانی خۆیان.

ئەنجام:

سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، ئەوەی کە جێی نیگەرانییە بەرجام نییە، بەڵكو ئەگەری دانانی گەمارۆی زیاترە لە بوارەکانی دیکەدا، وەک مووشەکی بالیستی یان توندکردنەوەی گەمارۆکانی مافی مرۆڤ، هەروەها ئەمریکا لە جموجووڵە تازەکانی بەدوای گەمارۆی زیاترەوە بووە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەبەرئەوەی کێشە دروستکردن، یان بێکاریگەرکردنی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە لە سەردەمی سەرۆک کۆماری پێشوو بەڵێنی پێدراوە، لە سەردەمی سەرۆک کۆماری نوێ لە شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکاندا بێوێنە بووە. پێویستە دووپات بکرێتەوە کە ستراتیژی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو تەنیا شێوازە لەوانەیە جیاواز بن. لە ڕاستیدا ویلایەتە یەکگرتووەکان لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە هەر ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستەمۆکردن و لێدانی شۆڕشی خەڵکی ئێران، ئەوپەڕی سوودی وەرگرتووە. کە وابوو لەم ڕووەوە پێویستە هاتنەسەرکاری ئەمریکا بە یەک گۆڕانکاریی هێڵی سیاسی دابنرێت، نەک گۆڕانکارییەکی ستراتیژی. شینەکردنەوەی وردی بەرنامەکان لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەی کەنداوی فارس، لەلایەن هەندێکەوە بە هۆی پاراستنی تواناکان، وەک “پێشبینینەکردن”ی ویلایەتە یەکگرتووەکان دانراوە. لە ڕاستیدا ئەمریکا لە ئەنجامنەدانی گفتوگۆكانی تایبەت بە ئاسایش لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیی، ئەوپەڕی سوودی وەرگرتووە و بەو هەڕەشەی کە لەسەر دروستکردنی کێشە بۆ بەرجامی دەکات، گفتوگۆیەکی جێگرەوەی ئاسایشی لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیی سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دروستکردووە. هەروەها بۆچوونی ئەمریکا لەسەر پیاچوونەوە بەسەر گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی، بەتایبەت عەرەبستانی سعودیا، بە مەرجێک کە ئەوان ڕۆڵێکی چالاکتر لە بواری تێکۆشان دژی توندڕەویی ئیسلامیی لەئەستۆ بگرن، یەکێک لەو ئاماژانەی کە دەتوانێت بە پشتبەستن پێی، ببینێت کە عەرەبەکان تا ڕادەیەک ڕوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا وەربگێڕن و ڕوو بکەنە توانای یەکگرتنی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران. ڕوانگەکانی ئەمریکا دژی ترس لە ئیسلام لەلایەن هەندێک لە سەرۆکە عەرەبەکان کە لە دەسەڵاتی شۆڕشی ئیسلامیی زۆر دەترسن، بە شێوەیەکی لاوەکی گرنگیی پێدراوە. بۆ نموونە؛ ڕژێمەکانی ئالی خەلیفە لە بەحرەین، ئالی سعود لە سعودیا، ئەلسیسی لە میسر (ئیخوان موسلمین)، هەموویان خۆیان گیرۆدەی تێکۆشان دژی گروپە ئیسلامگەراکان دەزانن کە تا ڕادەیەکی زۆر بیروبۆچوونەکانیان لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەرگرتووە، بە چەشنێک دەتوانن لە گفتوگۆکانی ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوە ئیسلامییە خەڵکییەکان لە وڵاتانی خۆیان سوود وەربگرن.

[1]  – ناونیشانی بابەتەكە بە فارسی( استراتژی ژئوپلیتیکی آمریکا در خلیج فارس با تأکید بر امنیت ملی، جمهوری اسلامی ایرانمراد دلالت)

[2]  – هەندێك ناو و چەمكی لەم جۆرە لەم بابەتەدا بەكارهاتوون كە بارێكی سیاسییان هەیە و وەك خۆی دادەنرێتەوە بەڵام گوزارشت لە سیاسەتی گۆڤارەكە ناكەن.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٣) نیسانی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend