كتێبی (ئایندەی كەركوك لەنێوان هەولێرو بەغدا) لە مەراسیمێکى زانكۆی سلێمانیدا ناسێنرا
بە چاودێری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستىی و بەسەرپەرشتی پ.ى.د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆو مامۆستاو رۆشنبیران و نوسەران، لە بەروارى (٢٩ /٧ /٢٠١٨) لە كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی سلێمانی مەراسیمێك بۆ ناساندنى کتێبى (ئایندەی كەركوك لەنێوان هەولێرو بەغدا) ڕێکخرا کە بەرهەمى پرۆژەیەکى زانستى سەنتەرەکەمانە (سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی) کە بەهاوبەشى لەگەڵ (سەنتەری لێكۆڵینەوەی یاسایی و سیاسی كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی) ئەنجامدراوە.
سەرەتای مەراسیمەكە بەوتەیەكی سەرۆکى زانکۆى سلێمانى (د. رەزا حەسەن حسێن) دەستىپێکردو بەڕێزیان رایگەیاند: بڵاوكردنەوەو چاپكردنی ئەم جۆرە لە كتێب بە ئەركێكی گرنگی زانكۆی سلێمانی دەزانین. سەرۆكی زانكۆ وتیشی: كتێبی ئایندەی كەركوك لە نێوان هەولێرو بەغدا پرژەی چەند لێكۆڵینەوەكی زانستیی گرنگە لەسەر مێژوو جوگرافیا و دیمۆگرافیای شاری كەركوك و دۆخى ئەمنى و کارگێڕى ئێستا و ئایندەی ئەو شارە لەسەر ئاستى هەرێم و عێراق و لاى هێزە نێودەوڵەتیەکان، بەرهەمهێنانی ئەم كارەش جێگای دەستخۆشییەو هیوای شتی باشترو باشتریان لە توێژەرانى هەردوو سەنتەرەکە خواست، هەروەها وتی: ئەم كتێبەش بەرهەمێكی تری ناوازەیە بۆ سەر خەرمانی فیكری و مەعریفی و كتێبخانەی كوردی.
دواتر ووتەیەک لە لایەن سەرۆکى سەنتەرەکەمان (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى) پ.ى.د. ئومێد رەفیق فەتاح پێشکەشکرا و بەڕێزیان بەكورتی باسی لە ناوەڕۆك و ئامانجی لێكۆڵینەوەكانی ناو كتێبە کرد كە تایبەتە بە ئایندەی شاری كەركوك لەنێوان هەولێرو بەغداو ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی كە هۆكاری كاریگەربوون لەسەر ئایندەی ئەو شارە كوردستانەییە.