دید و پێشنیاری نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی خوێندنی ئۆنلاین لە سەردەمی كۆرۆنادا
ئامادەکردن: پێشەوا جەلال محەمەد
کاتێک ڕووداوە گەورەکان جیهان ناچار دەکەن تاقیکردنەوە لە بارەی ئایدیای نوێوە بکەن، ئیدی گۆڕانکاریی گەورە لە کۆمەڵگا و بازرگانی دێتە ئاراوە. بۆ نموونە لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێک پیاوانی ئەمەریکی چوونە بەرەکانی جەنگ، ژنان هاتنە پێشەوە و سەلماندیان دەتوانن کاری پیاوەکان بەباشی ئەنجام بدەن، لەدوای ئەوە ئیتر ژنان ئاوڕیان لە دواوە نەدایەوە. بە هەمان شێوە دوای ڕوودانی ئەو کێشانەی لە سیستمی کۆمپیوتەر و کۆدەکان ڕووی دا لە ساڵی ٢٠٠٠، بووە هۆی داواکاریی زۆر لەسەر ئەندازیاری سۆفت وێری هیندی، ئەمەش سەری کێشا بۆ زیادکردنی ژمارەی ڤیزای کارکردن لە ئەمەریکا بۆ سێ ئەوەندە، لەمەوە هیندییەکان پێشەنگی چارەسەری کێشە تەکنەلۆجییەکانیان گرتە دەست. ئەمڕۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی مایکرۆسۆفت و ئەلفابێت، ئای بی ئێم و ئەدۆب، لەلایەن ئەندازیارە بە ڕەگەز هیندییەکان سەرکردایەتی دەکرێن.
لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی ناچار بە تاقیکردنەوە کردووە لە بارەی وانەوتنەوەی دوور (ئۆنلاین). زۆر نیشانە هەن کە دەرخەری ئەوەن ئەم قەیرانە گۆڕانکاریی بەسەر زۆر لایەنی ژیاندا دەهێنێت، پەروەردە یەکێکیان دەبێت ئەگەر وانەوتنەوەی دوور بیسەلمێنی دەتوانێت سەرکەوتوو بێت. بەڵام چۆن دەزانین سەرکەوتوو دەبێت؟ لە کاتێکدا ئەم قەیرانە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، پێویستە زانیاری کۆ بکەینەوە و سەرنج بخەینە سەر سێ پرسیار لە بارەی شێوازی کارکردنی خوێندنی باڵا و کوالێتیی خوێندنی کۆلێجەکان.
ئایا خوێندکاران بەڕاستی پێویستیان بە چوار ساڵ ئەزموونی ئامادەبوون هەیە لە زانکۆ؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستمان بە تێگەیشتنە لەوەی کام بەشانەی خوێندن لە مۆدێلی چوار ساڵی دەشێت جێگرەوەی هەبێت، کام بەشانە لاوەکیترن یان تەواوکەرن، کام بەشانە دەکرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە تەواو بکرێت.
لە تێوردا، ئەو وانانەی کەمتر پێویستیان بە بەریەککەوتنی مرۆیی هەیە؛ دەکرێت تۆمار بکرێن و پێشکەش بکرێن تا لەلایەن خوێندکارانەوە تەماشا بکرێن لە شوێنی خۆیانەوە. ئەم بەشە ئامادەکراوانەی پرۆگرام دەتوانرێت بەئاسانی لە وێبسایتەکان دابنرێن، هەروەکوو وێبسایتی “کۆرسێرا” کە ئەمرۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ فێرخوازان بەکار دێت. لەم ڕێگایەوە تەکنەلۆجیا دەتوانێت زانیارییەکان بە تێچوویەکی هەرزان بە ژمارەیەکی زۆری خوێندکار بگەیەنێت، بەبێ بەقوربانیکردنی سوودەکانی وانەی ڕووبەڕوو یان ئەزموونی کۆمەڵایەتی، چونکە لە کاتی خوێندن لە ئاستە بنەڕەتییەکاندا ئەو سوودانە خۆیان کەمن.
لە ڕێگەی بەلاشکردنی سەرچاوەکانی کۆرسەکانەوە، کۆلێجەکان سەرچاوەی زیاتریان دەبێت بۆ هەر یەک لە شێوازی وانەوتنەوە لەسەر بنەمای توێژینەوە، چارەسەری کێشە بە شێوەی تاک و چاودێریکردن. خوێندکارەکان سەرچاوە و کاتی زیاتریان دەبێت، چونکە ئیتر پێویست نییە چوار ساڵ بەبەردەوامی لە کامپی زانکۆکان بن. دەتوانن لەبری ئەو کاتەی کە لە کامپی زانکۆکان بەسەری دەبەن، بەکاری بهێنن لە ئەرکە ئیختیارییەکان، کاری گرووپ، چاوپێکەوتنەکانی پێویست لە ئۆفیس و ڕێبەری کار، یان هەر شتێک کە ناکرێ لە دوورەوە ئەنجام بدرێت.
سەرەڕای ئەمانە، زانکۆکان دەتوانن ئاسانکاری بکەن بۆ دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی، پڕۆژەی کێڵگەیی و فێربوون لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەو کارانەی کە پێویستیان بە بەریەککەوتن و نزیکی هەیە. ئەمە شێوازی خوێندنی هایبرید (جووت)ە، کە توانای ئەوەی هەیە خوێندنی کۆلێج بەردەست بکات بۆ هەمووان.
بەڵام ئایا دەتوانین مۆدێلی هایبرید پەیڕەو بکەین؟ پێویستە بەدواداچوون بکەین. ئەوە تەنها خوێندکاران نین کە وانەکان لە دوورەوە وەردەگرن، تەنانەت مامۆستایانیش ناچارن وانەکان بڵێنەوە لە ماڵەکانیانەوە، لە کاتێدا هەمان مامۆستا و خوێندار تا ماوەی پێشووتر یەکتریان دەبینی، بەڵام ئێستا میتۆدی ئەلتەرناتیڤ تاقی دەکەنەوە، بۆیە هەردوو لا ئەزموونی ڕووبەڕوو و دوور بەراورد دەکەن.
لەگەڵ ئەم تاقیکردنەوە نوێیەدا؛ خوێندکاران، مامۆستایان، کارگێڕی زانکۆ، پێویستە بەردەوام تۆماری ئەو کلاسانە بکەن کە توانراوە سوودبەخش بن بە شێوەی وتنەوەی ئۆنلاین، ئەوانەش وەکوو پێویست نەبوون. پێویستە ژووری چات دروست بکەن و ئاسانکاری بکەن بۆ گفتوگۆ بە ناوی نەناسراوەوە دەربارەی کێشەی تەکنەلۆجی، دیزاینی کۆرس، گەیاندنی وانەکان، میتۆدی هەڵسەنگاندن. ئەم زانیارییانە دەتوانێت پێمان بڵێت دەربارەی بڕیارەکانی داهاتوو کە کەی و بۆچی هەندێ وانە پێویستە ئۆنلاین بێت و کامیان لە کامپی زانکۆ بمێنێتەوە، کامیان لە ڕێی تەکنەلۆجیاوە تەواو بکرێت.
چاکسازی لە ژێرخانی IT بۆ گونجاندنی خوێندنی ئۆنلاین
زۆربەمان کە بەشێک لە خشتەی ڕۆژانەمان بووەتە لیستێک لە کۆبوونەوەی ئۆنلاین، دەتوانین تێبگەین کە کێشەی هاردوێر و سۆفتوێر پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت پێش ئەوەی خوێندنی ئۆنلاین دەست پێ بکرێت. کۆنفڕانسە ئۆنلاینەکان لەوانەیە دەستپێکی باش بووبن بۆ چۆنێتیی بەڕێوەچوون و ئیدارەدانی کلاسێکی گەورە. وانەبێژان دەتوانن هەست بەوە بکەن کە خوێندکاران توانای تێگەیشتنیان لە چەمکەکان هەیە یان نا، وە شێوازی وتنەوەکەیان بگۆڕن؟ ئایا خوێندکاران هەست بەوە دەکەن کە پرسیار زۆر دەکەن و دەبنە هۆی دواکەوتنی هەموو کلاسەکە؟ تەکنەلۆجیای ئێمە ئەوەندە باشە کە بتوانێت ئەم خاسیەتە بنەڕەتییانەی پۆل دابین بکات بە ئۆنلاین؟ چی پێویستە گەشەی پێ بدرێت؟ مامۆستایان و خوێندکاران پێویستە ئەم خاڵانە بخەنە بەر باس و داوای پێشخستنیان بکەن.
سەرەڕای ئەمانە، کۆرسی ئۆنلاین پێویستی بە پاڵپشتی پەروەردەیی هەیە، لەوانەش: داڕێژەری ڕێنماییەکان و ڕاهێنەر، بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت لە بارەی فێربوون و تەواوکردنی کۆرسەکان.
چ ڕاهێنانێک پێویستە بۆ فاکەڵتی و خوێندکاران، تا ئاسانکاری بکرێت لە گۆڕانی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتاریان؟
هەموو ئەندامانی فاکەڵتییەکان ئاسوودە نین لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین و دابەشبوونێک هەیە لەنێوان ئەوانەی کە هەرگیز کەلوپەلە بنچینەییە تەکنەلۆجیەکانی تایبەت بە بینین و بیستن بەکارنەهێناوە، لەگەڵ ئەو فاکەڵتییە نوێیانەی کە ئاگادار و شارەزای تەکنەلۆجیا نوێترەکانن. لە کاتێکدا خوێندکاران دەچنە کلاسی ئۆنلاینەوە، درک بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆری مامۆستا ڕاهێنراو نین لەسەر دیزاینکردنی موحازەرەیەکی مەلتی میدیا، کە تێبینی و گرافیک لەخۆی بگرێت. پێویستە کۆلێج و زانکۆکان ئەم کاتە بەکار بهێنن، تا بزانن چ ڕاهێنانێک پێویستە بۆ ئەوەی فێربوونی بێ کێشە دابین بکرێت.
خوێندکاران لەگەڵ کۆرسە ئۆنلاینەکاندا ڕووبەڕووی کۆمەڵی کێشە دەبنەوە، لەوانەیە ئەو هەستەیان لا دروست ببێت کە سەر بەو گرووپە نین کە تیایدا دەخوێنن، لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا هەستی پێشبڕکێ و هاندانیان هەیە لە ژینگەی پۆلدا. هەر شتێک بە ئۆنلاین بکرێت، کێشەی کەمیی تەرکیزی تیا دروست دەبێت، چونکە خوێندکارەکان کۆمەڵێ ئەرکیان بۆ زیاد دەبێت، بۆ نموونە پشکنینی ئیمەیل، چاتکردن لەگەڵ هاوڕێیانیان و گەڕان لە وێبسایتەکان لە کاتی وانەی ئۆنلاین، وەکوو مامۆستا و دایك و باوك ئەم دیاردانەمان پێشتر بەدی کردووە.
سیاسەتی پەروەردەیی پێشنیارکراو لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە
ا. کەمکردنەوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و پلاندانان بۆ کردنەوەی خوێندنگاکان
گرنگترین هەنگاو کە وڵاتان بیگرنە بەر بۆ زووتر کردنەوەی دەزگا پەروەردەییەکان، کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە لەسەر ئاستی هەرێمەکان و تەواوی وڵات. کاتێک ئەمە ئەنجام درا بۆ ئەوەی مامەڵەی دروست بکرێ لەگەڵ ئالنگارییەکانی کردنەوەی دەزگاکان، پێویستە دوای ئەم نەخشەڕێگایە بکەون و پڕۆسەی ڕاوێژکاری و ئامادەکاری بگرنە بەر.
– دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی هەموو لایەک: نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای پەروەردە، نەخشەڕێگایەکیان پێش خستووە بۆ یارمەتیی وڵاتان بەپێی کات، بارودۆخ و پڕۆسەی کردنەوەی دەزگاکان. گرنگترین بارودۆخیش بۆ کرانەوە، دڵنیابوونەوەیە لە باشترکردنەوەی بارودۆخی فیزیکی. پەیڕەوکردنی دووریی کۆمەڵایەتی، جێبەجێکردنی پێوانە تەندروستییەکان وەکوو بەکارهێنانی ماسک و دەست شوشتنی بەردەوام، ئەمانە ڕەنگە قورستر بێت لە پۆلی قەرەباڵغ و بێ خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، بۆیە لێکۆڵینەوەی زیاتری دەوێت.
– پلاندانان بۆ کردنەوەی گشتی: پێویستە پێویستییەکانی منداڵانی پەراوێزخراو لە ستراتیجی دووبارەکردنەوەی دەرگاکاندا بێت و پێوەرە تەندروستییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین بکرێت. ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ خەمڵاندنی بۆشایی فێربوون و ئامادەکاری بۆ چارەسەر یان باشترکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن، گرنگە لە کاتی دووبارەکردنەوەی دەزگاکاندا.
– گوێگرتن بۆ هەموو دەنگەکان: گرنگیدان بە ڕۆڵی دایك و باوك و مامۆستایان لە سەرەتای قەیرانەکەوە، بەشێکی گرنگی پڕۆسەی بڕیاردانە لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەوە. کەمی و ناڕوونی لە پەیوەندی و پلانەکاندا، دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی مامۆستایان بەرەو کاری تر و منداڵی زیاتر ڕوو بکەنە بازاڕی کار و ئەمەش هەلی گەڕانەوەیان بۆ فێربوون کەم دەکاتەوە.
– هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانەش لایەنی تەندروستی: پێدەچێت پێوانەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی گواستنەوەی کۆڤید-١٩ لە ماوەکانی داهاتوودا بەردەست بن، بۆیە پێویستە ڕەنگدانەوەی هەبێ لەسەر ستراتیجییەکانی دووبارەکردنەوە بە بەکارهێنانی هەر زانیارییەک لەبەردەستن و فێربوون و ئەزموون وەرگرتن لە وڵاتانی تر. کارکردن لەگەڵ بەرپرسیارانی تەندروستی داوا کراوە، بەتایبەت کە بەڵگە زانستییەکان لە گەشەدان، بە هەمان شێوە هەماهەنگی لەگەڵ سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان و هاندانی کاری پێکەوەیی لەگەڵ ئەو خێزانانەی بەدەست قەیرانەکەوە ئازار دەچێژن؛ گرنگە.
ب. بەردەوامیدان بە پاڵپشتی دارایی پەروەردە
ئەم پەتا جیهانییە، جیهانی خستووەتە بەردەم گەورەترین کورتهێنانەوە لە یادەوەریماندا. ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر ئابووری و دارایی گشتی. کاریگەرییەکانی توندترە، بەتایبەت لەسەر وڵاتانی کەم داهات یان ناوەند. دەسەڵاتدارانی وڵاتان پێویستە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دەرئەنجامە درێژمەوداکانی لەسەر منداڵان، سەرەڕای ڕێگرییەکان لە خەرجیی گشتیدا، پەروەردە لەگەڵ هەریەک لە کەرتی تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووریی بەشە گرنگەکانن بۆ دەستپێشخەری و بووژانەوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش پێویستە هەنگاو هەڵبگرێ بۆ پاڵپشتیی دارایی پەروەردە. باشتربوونی بارودۆخی دارایی یەکجار گرنگە لە ڕووی ئەجێندای نێودەوڵەتییەوە، بەتایبەت بۆ پەروەردە بووەتە کێشەیەکی حەتمی. چەند خاڵێکی هاوبەش هەن بەرەو هیوای گەیشتن بەو دۆخە:
بەهێزکردنی جووڵەی سەرچاوە ناوخۆییەکان و بەردەوامیی بەشەداهاتی پەروەردە وەکوو پێشینەی کار:
لە کاتێکدا فراوانکردنی باج لە سێکتەرە جیاوازەکان کاتی دەوێت، پێوەری تر (ڕووبەڕووبوونەوەی خۆدزینەوە لە باج، پێداچوونەوە بە هاندانی باج و ڕێککەوتننامەکان… هتد) پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت بەبێ دواکەوتن. لە ڕاستیدا سیستمەکانی پەروەدە خۆیان باری دارایی قورس دەکەن لە ڕێگەی چاکسازی لە خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانەوە، بۆیە ڕیفۆرمی بەردەوام و داهێنان بۆ چارەسەری ناکارامەییەکان پێویستە پێشینەی کارەکان بێت.
وەزارەتەکانی پەروەردە دەبێت دیالۆگ لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی بەهێز بکەن بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام، بۆ هێشتنەوەی پاڵپشتی و زیاترکردنی بەشی پەروەردە لە بودجەی نیشتمانی.
پێویستە کەرتە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و کەرتی پەروەردە بەتایبەتی، دەنگی بەهێزیان بەکار بهێنن بۆ پێداگری لەسەر پشتگیریی دارایی بۆ ماوەیەکی درێژ. ماوەیەکی وەها کە دەرفەتی باشی وەبەرهێنان دابین بکات لەسەر ئاستی نیشتمانی، پەروەردە و کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەتوانن هێزی سیاسیی خۆیان بەکار بهێنن بۆ خێراترکردنی چاکسازی دارایی بۆ گەشەپێدان و چاکسازی لە بەڕێوەبردنی دارایی گشتیدا.
بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری قەیرانی قەرز:
وڵاتانی “جی ٢٠”؛ پێشتر ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ وەستانی قەرزەکان بۆ وڵاتانی کەم گەشەکردوو هەتا کۆتایی ٢٠٢٠. لە کاتێکدا هێشتا ڕێگا هێڵراوەتەوە بۆ قەرزی کورتخایەن، بەڵام پێداویستیی وڵاتانی هەژار چارەسەر ناکات. کەمکردنەوە و دواخستنی قەرز و پێداچوونەوەی قەرزپێدان بۆ وڵاتانی داهات نزم و ناوەند کە داوای هاوکاری دەکەن، دەبێت بەشێک بێت لە چارەسەر بۆ کێشەی دارایی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان لە پەروەردەدا بکەن، ئەمەش پێویستی بە هەنگاونانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.
ج. بەهێزکردنی خۆڕاگریی سیستمی پەروەردە بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و گونجاو
وەکوو مافێکی بنچینەیی مرۆڤ، پەروەردە بەردی بناغەی گەشەسەندنە بەرەو کۆمەڵگای دادگەر و یەکسان و گشتگیر. بەهێزکردنی توانای سیستمی پەروەردە، توانا دەبەخشێتە وڵاتان کە وەڵامیان هەبێت بۆ ئاستەنگەکانی بەردەم سەلامەتی و کردنەوەی خوێندنگاکان و پێگەیەکی باشتریان هەبێت لە چارەسەرکردن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانی داهاتوودا.
– جەختکردنەوە لەسەر یەکسانی و گشتگیری: پێوانەکان بۆ پاڵپشتیی خۆڕاگری و دەستڕاگەیشتن بە هەموو فێرخوازان، پێویستی بە تێگەیشتن و دیاریکردنی هەموو گرووپە پەراوێزخراوەکان و دڵنیابوون هەیە لەوەی کە پەوەردەیەکی باش لە ڕووی جۆرایەتی و کاتی پێویستەوە وەردەگرن. ئەو فێرخوازانەی کە لە باری ناکاو و دواخستندان، پێویستە ئەولەویاتیان پێ بدرێ و پەروەردەکەیان زیاتر نەخرێتە مەترسییەوە. تەندروستیی خوێندنگاکان و بەرنامەی خۆراکی و پاکوخاوێنیی ئاویان؛ گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەمە هاندەرێکی بەهێزە بۆ زیادکردنی ئامادەبوونیان و دووبارە پەیوەندیکردنیان بە ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت و ئەو کچ و منداڵانەی لە بارودۆخێکی زۆر هەژارانەدا دەژین.
پێویستە حکومەتەکان و ڕێکخراوە هاوکارەکان دڵنیا بن لەوەی کە سیستمی پەروەردە ڕوو لە خاوەن پێداویستیی تایبەت و کوڕان و کچان و جیاوازییە جێندەرییەکان بێت لە کاتی قەیراندا. نەریتە زیانبەخشەکان دەربارەی جێندەر کە پەیوەستە بە باری ئابووریی خانەوادەکانەوە، نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم فێرخوازان بۆ گەڕانەوەیان بۆ خوێندنگاکانیان و تەواوکردنی خوێندنیان.
– زیادکردنی تواناکان بۆ بەهێزکردنی ئیدارەدانی مەترسی، لە هەموو ئاستەکانی سیستم: توانا پێویستە لە ئاستی تاک و ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی بۆ ڕاوەستان لە کاتی لەناکاودا، ئەمە توانای پەرەپێدان و جێبەجێکردنی پلانی لەناکاویش دەگرێتەوە، بۆ نموونە نەخشەی پەروەدەی ئەلتەرناتیڤ بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان.
زۆر جار پێویستە توانای لایەنەکانی پەروەردە بەهێز بکرێت بۆ پێداچوونەوە و چاوپیاخشانەوە بە پلان و سیاسەتەکانی کەرتی پەروەردە لە ئێستادا، بۆ ئەوەی وەڵامی خۆگونجاوی تێدا بێت بۆ قەیرانی کۆڤید – 19. بۆ ئەمەش یەکانگیرکردنی داتا لەسەر مەترسییەکان و کاریگەرییەکانیان بۆ سەر سیستمی بەڕێوەبردنی پەروەردە و زانیاری، ئاسانکاری دەکات بۆ نەخشەکێشان و جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامەکانی پەروەردەیی هەستیار بە قەیران، لەوانەش پلانی ئامادەسازی بۆ کارەسات.
ئەکتەرەکانی پەروەردە لە ئاستی لاوەکیدا پێویستیان بە توانایە بۆ شیکردنەوەی مەترسیی تەندروستی بۆ فێرخوازان و مامۆستایان و ستافی قوتابخانە و دیاریکردنی ئەو فێرخوازانەی کە ئەگەری وازهێنانیانیان هەیە، هەروەها پێویستە توانای هەڵسەنگاندن و ڕووماڵکردنی کاریگەریی پەروەردەی ئەلتەرناتڤیان لە ڕووی جۆرێتییەوە هەبێت.
– مسۆگەرکردنی سەرکردایەتی و هەماهەنگیی بەهێز: فرەیی ئەکتەرەکان بۆ وەڵامدانەوە و کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی ناکارامەیی و سەرلێشێواوی لە کاتی نەبوونی سەرکردایەتی و تەنسیقی بەهێز. سەرکردایەتی و پلان و ئیدارەدانی وەزارەتی پەروەرده گرنگن بۆ خۆڕاگریی پەروەرده. سەرکردایەتیی نیشتمانی پێویستە زامنی ئەوە بکات کە دەستپێشخەرییە مرۆییەکان بەردەوام بن، هەروەها بتوانێت کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر فێرخوازان و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان کەم بکاتەوە
هەروەها پێویستە میکانیزمی هەماهەنگیی بەهێز دروست بکرێت، بە مەبەستی زیادکردنی هاوکاریی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ناویاندا کۆمەڵگای مەدەنیی ناوخۆیی، بۆ خزمەتکردنی زۆرترین پەراوێزخراو.
– باشترکردنی میکانیزمەکانی ڕاوێژ و پەیوەندی: بەڕێوەبەرانی پەروەردە، مامۆستایان، دایک و باوک و بەخێوکەران، هەموویان لە وەڵامی قەیرانی کۆڤید-19دا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە، بەرپرسیارێتیی زیاتریان لەخۆیان گرتووە و بە بەشداریکردنی ئەم لایەنانە دەتوانرێت خۆڕاگریی سیستمی پەروەردە باش بکرێت. ڕاوێژ و پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکانی پەروەردە -بە مامۆستا و فێرخواز و پەراوێزخراوترینەکان، کلیلی جێبەجێکردنی پلان و وەڵامی کاریگەرە، بە جۆرێک وەڵامدەرەوەی پێویستی هەموو فێرخوازان و بەرزکردنەوەی خۆڕاگری و سیستمی پەروەردە بێت.
د. دووبارە وێناکردنی پەروەردە و خێراکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە فێرکردن و فێربوون
لەبەرامبەر داخستنی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە جیهاندا و وەستانی ڕاهێنانی نافەرمی، پشتگیرییەکی نایاب و بەرچاو هەیە بۆ فێربوون و فێرکردن و داهێنانێکی بەرچاو بەدی دەکرێت، ئەمەش بە هەنگاوی دیجیتاڵی دەستی پێ کردووە. زیانەکانی فێربوون بە هۆی دریژکردنەوەی ماوەی داخستنی قوتابخانە، مانای ئەوەیە کە بەرهەمەکانی پەروەردە لە مەترسیدایە. لەبەر چەند هۆکارێک، ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو جیهانەی پێشترمان. پێویستە دڵنیایی بدەین کە سیستمەکانی پەروەردە، زیاتر نەرم و دادپەروەر و گشتگیر بن.
– سەرنج خستنەسەر خوێندنی لەدەستچوو و ڕێگریکردن لە وازهێنان، بەتایبەت لەناو گرووپی پەراوێزخراوەکاندا:
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی پەروەردەیی پێویستە کار لەسەر بونیادی ئەرێنی و وەلانانی نەرێنییەکان بکەن، وانەکانی ئەم قەیرانە لەدەوری سێ ئەولەویات دەخولێتەوە: ١. پێڕاگەیشتنەوەی خوێندنی لەدەستچوو. ٢. گەڕانەوەی ئەوانەی لەژێر مەترسیی وازهێنانن و ٣. سەرنج خستنەسەر لایەنی عاتفیی خوێندکار و مامۆستا و ستاف.
– پێشکەشکردنی توانا و لێهاتوویی بۆ کار پەیداکردن: پێوانەکان بۆ دیاریکردنی ئەم ئەولەویاتانە، پێویستە بەتەواوی جیسابی بۆ بکرێت کە پەیوەستە بە تەیارکردنی گەنجان و پێگەیشتووان بەو توانایانەی کە لە بازاڕی کاردا خواستیان لەسەرە، لەوانەیە ئەمە پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە بێت لە چۆنێتیی دیاریکردنی ئەو کارامە سەرەکییانە بۆ بازاڕی کاری ئێستا و داهاتوو. لەنێوان زۆر لەو شتانەی کە قەیرانەکە هێڵی بەژێردا هێناوە، کرێکارە بنچینەییەکان کە خزمەتگوزارییە بنچینەیی و کۆمەڵایەتی دابین دەکەن، پێویستە پاڵپشتی بکرێن. ئەوەش کرێکارانی تەندروستی، کارکەرانی بواری خۆراک و مامۆستایان زیاتر دەگرێتەوە. بۆ دڵنیایی لە وەرگرتنی پشتگیری، پێویستە پەروەردە بخرێتە ئەولەویاتی کارەوە و پەروەردە و مەشقەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
– پشتگیری لە پیشە و ئامادەبوونی مامۆستایان بکەن: ئەگەر خواست هەبێت بۆ ئەوەی فێرکردنی گونجاو و گشتی مسۆگەر بکرێت، ئەوا پێویستە کە مامۆستایان و کۆمەڵگە باشتر ئامادە بکرێن و پشتیوانییان لێ بکرێت لە پۆل و دەرەوەی پۆلەکان. تەکنەلۆجیا بەتەنیا ناتوانێت گەرەنتیی ئەنجامی باشی فێربوون بکات. گرنگتر لە ڕاهێنانی مامۆستاکان لە بواری تەکنەلۆجی، دڵنیابوونە لە توانای هەڵسەنگاندنیان و شارەزاییان لە پێداگۆجیدا بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرام خێراکراو و ستراتیژی فێربوونی جیاواز لە کاتی گەڕانەوە بۆ قوتابخانە. چارەسەری دیجیتاڵی پێویستی بە ناوەرۆکی گرنگ، ڕێنمایی پێویست، وانەوتنەوەی کاریگەر و پشتگیریی ژینگەی فێربوون هەیە. گەشەی مامۆستا و پیشەییبوون، کلیلی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی بەتەواوی شیاو و بەتوانا و ئامادەکراو بن. هەروەها حکومەتەکان دەتوانن سیستمی پشتگیری بۆ مامۆستایان ئاسانکار و دایک و باوک و بەخێوکەران بەهێز بکەن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بە سەرکەوتوویی و سەلامەت بۆ فێربوون.
– فراوانکردنی پێناسەی مافی پەروەردە و پێکەوەبەستن: سەرنجی بەرچاو دراوە لە چۆنێتیی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی فێربوون. لەپاش ئەم پەتا جیهانییەوە، ئەو چارەسەرە دیجیتاڵییانە بۆ باشترکردنی فێرکردن و فێربوون بەدامەزراوەیی دەکرێت، بۆیە پێویستە دادپەروەرانە و گشتگیر بێت تا هەموو منداڵان سوودی لێ وەربگرن.
مامۆستا و فێرخوازان پێویستیان بە تەکنەلۆجیای سەرچاوەی ئازاد و کراوە هەیە بۆ فێرکردن و فێربوون. پەروەردەی کوالێتی ناتوانرێت دابین بکرێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی پێداگۆجی و دەرەوەی پەیوەندیی مرۆیی نێوان مامۆستا و قوتابی بێت، هەروەها پەروەردە ناتوانێت پشت بەو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییانە ببەستێ کە لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە. حکومەتەکان دەتوانن پشتگیری لە کردنەوەی سەرچاوە پەروەردەییەکان و کردنەوەی دەستگەیشتنی دیجیتاڵی بکەن.
– لابردنی بەربەستەکانی پەیوەندیکردن: قەیرانەکە تێگەیشتنێکی قووڵتری بەدوای خۆیدا هێنا لە دابەشکردنی دیجیتاڵ و ئەو بۆشاییەی پەیوەندیدارە بە پەروەدەوە کە پێویستی بە سەرنجی بەپەلە هەیە. حکومەت و هاوبەشەکانی گەشەپێدان، پێویستە پێکەوە کار بکەن بۆ لابردنی بەربەستە تەکنەلۆجییەکان بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی دیجیتاڵ و کەمکردنەوەی تێچوونی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان. پڕکردنەوەی پێداویستیی دیجیتاڵی، پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر دەبێت لە خوێندەواری دیجیتاڵ بۆ دانیشتووانە پەراوێزخراوەکان.
– بەهێزکردنی داتا و چاودێریکردنی فێربوون: بەڕێوەبردنی قەیرانی پەروەردە پێویستی بە چاودێریی بەردەوامی داتا هەیە لەسەر ئاستی قوتابی و مامۆستا و قوتابخانە. ئەم چاودێرییە پێویستە لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک بێت لە سیستمەکانی داتا و هەڵسەنگاندن و ئەو میتۆدە نوێیانەی پەیوەندیی بەم چوارچێوەیە تایبەتەوە هەیە. بۆ پاڵپشتی، پێویستە داتاکان یارمەتیی چاودێریکردنی ژینگەی فێربوون بدات و یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتیی قوتابخانە. کوالێتیی داتا و هێڵی کات زۆر گرنگن، کە ئەمە بریتییە لە ستراتیژیی تەواوکاری کە کەموکورتیی دیجیتاڵ کەم بکاتەوە و تواناکانی مامۆستا لە ڕاهێنانی پێداگۆجی بۆ پەروەردەی دوور؛ فراوان بکات. بەهێزیی سیستمی چاودێری لە پەروەردەدا بەو شێوە بەهێزە یارمەتیدەر دەبێت بۆ داتای گرنگ و دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ یارمەتیدانی زیاتری قوتابخانەکان بۆ بەرهەمهێنانی داتای کوالێتی کە ئەوانیش بەکاری بهێنن، ئەمەش دەبێتە خۆراک بەخشین بە چاودێریی بەردەوامی سیستمەکە.
– زیادکردنی نەرمی لە ئاست و جۆری پەروەردە و مەشقەکان: بەشێکی گرنگی پەروەردەی بەهێز، نەرمی و توانای گونجاندنیەتی کە پشت دەبەستێت بە لکاندنێکی بەهێز لەنێوان ئاست و جۆری پەروەردەدا، ئەمە سەرەڕای توانای ئەلتەرناتیڤ دروستکردنی شێوازەکانی گەیاندن. فێربوونی جووت شێواز یان هایبرید، کە ڕێگای نەرم و نیمچەتاکەکەسی بۆ فێرخوازان فەراهەم دەکات، پێویستی بە تێکەڵەیەک لە میتۆدەکانی پێداگۆجی و کۆکردنەوەی سەرچاوە جێگرەوەکانی پێداگۆجی لەسەر ئاستی پلاتفۆرمە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان هەیە. بەڵام فێربوونی هایبرید، کێشەی ناساندنی فێربوون دەهێنێتە کایەوە. بۆ پاراستن و چاودێریی سیستمە تێکەڵکراوەکان، پێویستە لینکی بەهێزتر لەنێوان پێکهاتە فەرمی و نافەرمییەکاندا پەرەی پێ بدرێت، لەوانە: ناساندن و دانپێدانان بە فێربوون و خوێندن، کە داواکراو و پێویستە لە هەموو جۆرەکانی فێربووندا. ئەم لینکە بەهێزانە ڕێگە بە سیستمەکانی پەروەردە دەدەن کە زیاتر دادپەروەر و گشتگیر بن و هەروەها کاریگەرتر بن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان و کاراتر لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان و باشتر بۆ خزمەتکردنی پێویستی کۆمەڵگا.
دەرئەنجام: شۆکی قەیرانی کۆڤید-١٩ لەسەر پەروەردە بێوێنە بووە، هەر ئەمە بووەتە هۆی پاشەکشە لە گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەییەکان و کاریگەرییەکەش زیاتر لەسەر هەژاران و لاوازەکان بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەی پەروەردە خۆڕاگریی نیشان داوە و زەمینەسازیی بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی نیشان داوە. مەترسیی خراپبوونی بارودۆخەکە ماوە، بە هۆی لەدەستچوونی فێربوون و بێبەشبوونی هەندێک. هەر خراپبوونێکیش لە باری ئابووری-کۆمەڵایەتی، دەشێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ پێشنیاری وێنەیەکی ئەرێنی بۆ داهاتووی پەروەردە.
نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕانکارییەکی گشتگیری دەوێت لە گەیاندنی پەروەردە، لە ئازادکردنی توانستی شاراوەی تاکەکان، لە جێبەجێکردنی کاری بەکۆمەڵ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە پەروەردەدا.
پاڵنەر و سەرچاوەی یەکجار زۆر هەن کە دەتوانین پشتیان پێی ببەستین بۆ گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی، نەک تەنها خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی پەروەردە، بەڵکوو هیوا ئیلهامبەخشەکانی پەروەردەش. ئەرکی حکومەتەکان و کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتییە کە بەڕاستی دەست بگرن بە پرنسیپەکانەوە و چاکسازی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی نەک هەر منداڵان و لاوان ئایندەیەکی باشیان هەبێت، بەڵکوو لێپرسراوانی پەروەردە ڕۆڵی خۆیان بدۆزنەوە لە چۆنێتیی دابینکردنی ئەو ئایندە باشە.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.
___________________________________________________________________
سەرچاوەکان
- نەخشەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سیاسەتی پەروەردە لە سەردەمی کۆرۆنادا: https://www.un.org/development/desa/dspd/inc/uploads/sites/22/2020/08/sg_policy_brief_covid-19_and_education_august_2020.pdf.
- توێژینەوەی پڕۆفیسۆر گۆڤیندەرەجان و سریڤاستاقا بۆ گۆڤاری بزنسی زانکۆی هارڤارد:https://hbr.org/2020/03/what-the-shift-to-virtual-learning-could-mean-for-the-future-of-higher-ed.
- ڕاپۆرتی پڕۆفیسۆر پامیلا براسەی لە زانکۆی مسیسپی بۆ سایتی کۆنڤەرسەیشن: https://theconversation.com/tips-for-living-online-lessons-from-six-months-of-the-covid-19-pandemic-145514