دووساڵەی ته‌مه‌نی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سامان ساڵح فه‌ره‌ج
مامۆستای زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
سه‌ره‌تا:
نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جێی سه‌رنج و له هه‌مانكاتدا له‌سه‌ر بنه‌مای كارنامه و سیاسه‌ته گشتییه‌كانیشی شیاوی هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستیشه. چونكه، نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت دروستبووی قۆناغێكی ته‌واو جیاوازه له‌سه‌ر هه‌رسێ ئاسته‌كانی:
1- نێوخۆیی هه‌رێمی كوردستان.
2- په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵی به‌غداد.
3- ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌ره.
له‌م كورته نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و به هه‌ند وه‌رگرتنی ئه‌و ئاسته كاریگه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه، سه‌رنجێك له‌سه‌ر نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت، بخه‌ینه‌ڕوو. له هه‌ندێ وێستگهیشدا هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ین.
یه‌كه‌م: ناساندنی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له (10 ی ته‌مموزی 2019) واته: 10/7/2019 له دانیشتنی ژماره 13ی په‌رله‌مانی كوردستان متمانه‌ی پێبه‌خشرا.
نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تێكی هاوپه‌یمانییه كه له سێ پارتی سه‌ره‌كیی: پارتی دیموكراتی كوردستان/ پ.د.ك و یه‌كێیتی نیشتمانیی كوردستان/ی.ن.ك و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان/ ب.گ و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان/ حسدك و لیستی پێكهاته‌كانی مه‌سیحی و توركمانه‌كان، پێكهاتووه.
له 73%ی كۆی ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستان، كه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شداربوون، ده‌نگیان به‌و پارته سیاسییانه داوه كه نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان پێكهێناوه.
له 64.7%ی كۆی ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستان، كه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شداربوون، ده‌نگیان به هه‌ر سێ پارتی سه‌ره‌كی: پ.د.ك و ی.ن.ك و ب. گ. داوه، كه ده‌كاته یه‌ك ملیۆن و 194 هه‌زار و 885 ده‌نگی ده‌نگده‌ری هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان.
نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، له سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و 22 وه‌زاره‌ت پێكدێت كه پشكی هه‌ر پارتێك به‌مجۆره‌یه: پ.د.ك سه‌رۆكی حكومه‌ت و نۆ وه‌زاره‌ت. ی.ن.ك، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و شه‌ش وه‌زاره‌ت. ب.گ/ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، چوار وه‌زاره‌ت. حسدك، یه‌ك وه‌زاره‌ت. پێكهاته‌ی مه‌سیحی یه‌ك وه‌زراه‌ت و توركمانه‌كانیش، یه‌ك وه‌زاره‌ت یان به‌ركه‌وتووه.
رێژه‌ی ژن له نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا بریتییه له، 13.4%ی پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌كۆی 24 ئه‌ندامه‌كه‌ی پێكهێنه‌ری ئه‌نجومونی وه‌زیران (سه‌رۆك و جێگر و وه‌زیره‌كان) 11 پسپۆڕییان له قانون و رامیارییدایه، هه‌روه‌ك دوای زیاتر ساڵ و نیوێك وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان، ده‌ستبه‌كاربوو.
دووه‌م: دۆخی پێكهاتنی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دره‌نگتر له چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكی كوردستان و پێویستی قۆناغه‌كه پێكهات. یه‌كێك له دوور و درێژترین گه‌ڕی گفتوگۆی نێوان پارته سیاسییه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له هه‌رێمی كوردستان له 1992 وه تا 2019 ی خایاند، كه ماوه‌كه‌ی زیاتر له نۆ مانگ بوو.
درێژی ئه‌م ماوه‌یه په‌یوه‌سته به‌و ئاسته نێوخۆییه‌ی گۆڕانه نێوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كه، وه‌ك هۆكارێكی كاریگه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت لێی ده‌ڕوانرێت.
ئه‌م پێشه‌كییه ئاڵۆزه بۆ پێكهێنانی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت، بووه بنه‌مایه‌كی نه‌رێنی و خراپ بۆ دروستبوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، ئه‌ویش به‌هۆی ململانێی توندی نێوان پ.د.ك و ی.ن.ك له‌لایه‌ك و درۆدنگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له پ.د.ك له دوای داخستنی ده‌رگای په‌رله‌مانی كوردستان و رێگری له‌سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان له خولی پێشودا كه، پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو. ئه‌مه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ململانێی توندی راگه‌یاندن و سیاسیی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ی.ن.ك، به‌هۆی رووداوه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 30/9/2018، كه له شاری سلێمانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداریی تێكه‌وت.
رووداوه‌كانی نێوخۆی نێو پارته سیاسییه‌كانیش دیسانه‌وه له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ر بوون، وه‌ك ململانێكانی نێو پ.د.ك و ی.ن.ك و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له هه‌مانكاتدا، كه پێكه‌وه ده‌توانین بڵێین هه‌ر یه‌كێك له‌م حیزبانه به له‌ت/ باڵێكـهوه رۆشتنه ناو حكومه‌ت و باڵێكیان به گوتار و هێزه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت مانه‌وه، كه هه‌رچه‌نده به فه‌ڕمیش نه‌بووبێت، به‌ڵام به كرده‌یی دژی حكومه‌ته‌كه بوون.
دۆخی “له‌ته حیزب یان باڵێك له ناو حكومه‌ت” دیارده‌یه‌كی زه‌قتره له نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ته‌واو ره‌نگی داوه‌ته‌وه، پێشتریش له‌كابینه‌كانی دیكه ئه‌م دیارده‌یه هه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی بوونی هه‌رسێ كه‌سێیتی به‌هێزی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی و حیزبایه‌تی، كۆچكردوو، به‌ڕێز: مام جه‌لال و به‌ڕێز: مه‌سعود بارزانی و كۆچكردوو، به‌ڕێز: نه‌وشیروان موسته‌فا، ئه‌م دۆخه كپ و بێده‌نگ له په‌راوێزدا گه‌مه‌ی تێدا ده‌كرا، نه‌ك وه‌ك ئێستا كه بۆته چه‌قی ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.
ده‌توانین هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ئاماژه به كارنه‌كردن به رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان پ.د.ك و ی.ن.ك، بكه‌ین كه بنه‌مای كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا بوو به تایبه‌ت دوای پرۆسه‌ی رزگاری عێراق له 2003 كه وه‌ك چوارچێوه‌ی رێكخستنی به‌رژوه‌ندی و هێز له‌نێوان پ.د.ك و ی.ن.ك و بنه‌مای سه‌قامگیریی داده‌نرا، له‌گه‌ڵ نه‌مانی ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا هیچ چوارچێوه‌یه‌كی دیكه بۆ به‌دیهاتنی سه‌قامگیری دانه‌نرا، كه له باشترین باردا گه‌ڕانه‌وه‌ی هێز بۆ دامه‌زراوه قانونیه‌كانی هه‌رێم:وه‌ك: په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگاكان بوو، كه به‌هۆی زاڵبوونی حیزبه‌وه هێزی كاریان لێبڕاوه.
دۆخی دوای رێككه‌وتنی ستراتیژیی له‌بری گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی قانونی بۆ ده‌زگه‌كان كه(دۆخه راستهییهكهیه)، به پێچه‌وانه‌وه دابه‌شبوونێكی سیاسی توند له‌سه‌ر ئاستی جوگرافیی هاته‌ئاراوه كه، بانگه‌شه‌ی “هاوسه‌نگی هێز و هاوسه‌نگی سیاسی” جێگه‌ی گرته‌وه، ئێستا هه‌رێم له رێڕه‌وه‌ی به‌ره‌و هاوسه‌نگیدایه! له‌نێوان ی.ن.ك و پ.د.ك دا كه له باشترین باردا هه‌مان سیناریۆی ساڵی 1995 و دابه‌شبوونی هه‌رێمی لێدێته به‌رهه‌م، كه له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت به كرده‌یی ئه‌مه هاتۆته‌دی و ته‌نها راگه‌یاندنی سیاسیی ماوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌نجامه نه‌خوازراوه‌كانی پرۆسه‌ی راپرسی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان وایكرد كه، زۆر هێز و لایه‌ن خۆیان له‌ژێر باری به‌رپرسیارێتی قورسی قۆناغه‌كه بدزنه‌وه و سیاسه‌تێكی دیكه بگرنه‌به‌ر، ئه‌ویش سیاسه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌لایه‌ك و خۆ زاڵكردن له‌لایه‌كی دیكه، له‌م ململانێ نا عه‌قڵانییه‌ی نێوان هێزه باڵا ده‌سته‌كاندا له هه‌رێمی كوردستان، شكۆی هه‌رێم و پێگه‌ی قانونی زۆرهاتهخوارهوه، به جۆرێك كه كه‌مكردنه‌وه له سه‌نگی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك حكومه‌تێك كه هێزه‌كان پشتیوانی ناكه‌ن، به‌كار هات بۆ لێدان له پرسی ره‌وای نه‌ته‌وه‌ی كورد.
ئه‌نجامی گۆڕانكارییه‌كانی نێوخۆیی كوردستان و گۆڕانكارییه‌كانی نێو پارته سیاسییه‌كانیش، بارێكی قورسی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیار به‌ده‌ستی هێنایه گۆڕێ، به‌جۆرێك كه ی.ن.ك، له ئه‌نجامی گۆڕانكارییه نێوخۆییهكانیدا ته‌نها تیمێكی له حكومه‌ته، نه‌ك حیزب و بڕیاری سیاسی حیزبه‌كه، له به‌رامبه‌ریشدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی بووه به دوو به‌ش هه‌ر له‌ناو یه‌ك حیزب‌دا، به ڕوونیش ململانێی نێوخۆیی پ.د.ك، له‌سه‌ر ئاستی راگه‌یاندن و وتاردان و میواندارییه‌كانی وه‌زیره‌كانی نۆهه‌مین كابینه له په‌رله‌مان ره‌نگیداوه‌ته‌وه.
ئه‌م ئاسته‌ی هۆكاره نێوخۆییه‌كان، به‌هێزترین هۆكاره له‌سه‌ر توانای حكومه‌تی هه‌رێم، به‌جۆرێك كه حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی ململانێكانه‌وه، ناتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی قانونیی خۆیدا بدات، به‌مه‌رجێك نرخی نه‌وت له 25 دۆلاره‌وه بۆ 72 دۆلار و داهاتی نێوخۆیش تا 150 ملیار دینار زیادی كردووه، به‌ڵام هاوكێشه‌كه به پێچه‌وانه‌وه كه‌وته‌وه، له‌گه‌ڵ زیادبوونی داهاتدا كه ده‌بوو حكومه‌ت بههێزتربووایه، كه‌چی داهات زیاد و حكومه‌ت كه‌م تواناتر بوو، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه بڕیار و هێز و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه گرنگه‌كان له ده‌ستی دامه‌زراوه‌ی قانونی حكومه‌تدا نییه.
سێیه‌م: په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غداد
له ساڵی 2012 وه ئاڵۆزییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵیی به‌غدا زیاتر ده‌ركه‌وت، ره‌گی ئاڵۆزیه‌كان له هه‌ناوی به‌هێزبوونی لایه‌نی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی عێراقدایه كه، سیاسه‌تیان كردنی عێراق به ده‌وڵه‌تێكی ساده‌ی ناوه‌ندیی مه‌زهه‌بی، له‌م پرۆژه سیاسییهیاندا جێگه‌ی كورد و هه‌رێمی كوردستان و سوننه‌ی تێدا نابێته‌وه، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، سوننه‌ی عێراق له گۆڕه‌پانه‌كه كرایه ده‌ره‌وه و سه‌رجه‌م هێزی مرۆیی و دانیشتوان و ناوچه‌ی جوگرافیی و ده‌سته‌بژێری سیاسی و ژێرخانی ئابووری ناوچه و پێكهاته‌ی سوننه سڕدرانه‌وه.
به‌شێك له سوننه‌كان له‌ژێر گوشاری بارودۆخ و نه‌بوونی ده‌رفه‌تدا خۆیان داوه‌ته پاڵ هێزه شیعیه‌كان و به سوننه‌كانی مالیكی، عه‌بادی، … ناسراون، ئه‌وانیش جگه له‌وه‌رگرتنی چه‌ند پۆستێكی رووكه‌ش هیچ ده‌رفه‌تێكی مانۆڕ و كاریگه‌ریی سیاسی‌یان نه‌ماوه، له عێراقدا هیچ پشتێنیه‌كی جه‌ماوه‌رییان به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه.
هاتنی داعش بۆ عێراق 2014، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تادا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی بوو له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه، به‌ڵام فه‌توای عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی شیعه‌كان به دامه‌زراندنی “حه‌شدی شه‌عبی” هاوكێشهكهی گۆڕی و جارێكی دیكه پێكهاته‌ی سوننه پاكتاوكران و كوردیش له حه‌مرینه‌وه، بۆ قه‌ره‌هه‌نجیر راماڵراو ده‌سه‌ڵاتی نه‌ما.
گه‌مارۆدانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌كاتێكدایه، كه هێزه باڵاده‌سته‌كانی هه‌رێم نه‌ك به‌رامبه‌ر به‌غداد و كاره نا ده‌ستوورییه‌كانی یه‌ك ده‌نگ نین، به‌ڵكو هه‌ندێك لایه‌ن له هه‌رێم، پشتیوانی به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ قه‌تیسكردنی هه‌رێمی كوردستان.
دروشمی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، “به‌ره و به‌غداد” بوو، وه یه‌كه‌مین سه‌ردانی فه‌ڕمی سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی له دوای چه‌ند رۆژێك له دهستبهركاربوونیان (15/7/2019) بۆ به‌غداد بوو، به‌ڵام به‌هۆی ململانێی نێوخۆیی و بوونی ده‌ستی به‌غدا له ناو هه‌رێم، كابینه‌ی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، كه تۆماری سه‌ردانی بۆ به‌غدا به‌راورد به كابینه‌كانی پێش خۆی شكاندووه، هیچی لێ سه‌وز نه‌كردووه، ئه‌وه‌ش شكستی سیاسه‌تی “به‌ره و به‌غدا” ده‌رده‌خات، چونكه حكومه‌ت به‌بێ هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم، ناتوانێت سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی دابرێژێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێك له نه‌نگییه‌كانی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه، كه حیزبه‌كان دوای به‌شداریكردن و رازی بوون له‌سه‌ر كارنامه‌كه‌شیان له حكومه‌ت، به پاكێجێكی دیكه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت كارده‌كه‌ن، ئه‌م به‌ره‌نجامێكی خراپی رێزنه‌گرتنه له دامه‌زراوه ره‌وا و قانونییهكانی هه‌رێمی كوردستان.
له ئێستادا به‌غداد بۆ هه‌رێم وه‌ك گورگی لێهاتووه و هه‌ر حیزبێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له هه‌رێم به گوێره‌ی خواسته بهرتهسكهكانی نه‌بێت، به په‌نابردنه به‌ر به‌غداد، وه‌ك هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر هه‌رێم، هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌م نه‌ریته له ساڵی 1992وه له‌نێو هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌یه و چه‌ند كاره‌ساتی گه‌وره‌یشی لێكه‌وتۆته‌وه.
فاكته‌ری عێراق، بۆ هه‌رێم مایه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامه هه‌تا ئاستی له‌ناوچوون، له دۆخی ئاسایی‌دا پرسی كورد له‌عێراق به‌ربه‌سته له‌به‌رده‌م ته‌ماحكاریی و داگیركاریی عێراقدا، وه پرسێكی جێی سه‌رنج و ره‌وایه، له ئێستادا كه حیزبه‌كانی هه‌رێم كه وازیان له‌پرسی نه‌ته‌وه‌یی هێناوه، به‌غدا دانه دانه قوتیان ده‌دات و ئه‌مه‌ش هیچ كارتێكی له‌ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێم نه‌هێشتۆته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به گیر‌و گاز و نووسرا و له دانوستان ده‌یدات به به‌غداد، ئێستا به‌غداد به‌بێ ماندووبوون له كوردستانه‌وه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش حكومه‌تی هه‌رێمی له دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌هێزی جێبه‌جێكردنه‌وه كردۆته ده‌زگایه‌كی كارگێڕی بۆ ئاستی لۆكاڵی.
چواره‌م: گۆڕانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
پرسی كورد له ناو گه‌مه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا چونكه جێگیر نییه، هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك بچوك یان گه‌وره كاریگه‌ری له‌سه‌ری ده‌بێت، گۆڕانكارییه‌كانی ئاستی نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ست به‌هه‌رێمی كوردستان چاره‌نووسساز ترن، چونكه به‌شێك له بوونی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیداره به سه‌رده‌می سیسته‌می نوێی جیهانی كه تێیدا هێزه دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه، به تایبه‌ت عێراق له هێز خرا.
هاو سه‌نگه‌ری له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی جیهان له ساڵی 1991 ده‌رفه‌تێكی له‌بار بوو بۆ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان، كه دووباره بوونه‌وه‌ی نییه، به‌ڵام نزمیی ئاستی به‌رنامه‌ی سیاسیی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌هۆی پێنهگهیشتوویی سیاسی‌یان و نه‌بوونی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پابه‌ندبوونیان به ئایدۆلۆژیای دواكه‌وتوی نا كامڵی سۆسیالیستی و خۆ خستنه پاڵ دروشمه قه‌به بێ ماناكانی، وه‌ك: فیدڕاڵی و پێكه‌وه ژیان و دیموكراسی بۆ عێراق و … تاد، له هه‌مانكاتدا كاریگه‌ری ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی له په‌كخستنی ئامانجه‌كان، وایكرد دۆخی پاشكۆیی زاڵ ببێت، دۆخی پاشكۆیی وێنه‌یه‌كی به حكومه‌تی هه‌رێم و دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی به‌خشی كه توانای بڕیاردانی راسته‌قینه‌ی بۆ گۆڕانكاریی نه‌بێت، له‌لایه‌كه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك ده‌زگه‌ی ترانزێت بۆ وه‌رگرتنی هاوكاریی له وڵاتانی زلهێز و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و خێرخوازه‌كان بۆ خه‌ڵك رۆڵی ده‌بینی، كه ئه‌م پرۆسه بوو به‌هۆی دامه‌زراندنی چه‌ندین ده‌زگای كارگێڕی نا نیشتمانی و دروستبوونی چینێكی گه‌نده‌ڵی خوێنده‌واری بیرۆكرات له هه‌رێمی كوردستاندا.
بوونی هێزه باڵا ده‌سته‌كان، به تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له ناوچه‌كه‌دا، وه‌ك پاسه‌وان، سیاسه‌تی پشت به خۆبه‌ستن و به‌رگریكردنی له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمدا كوشتووه، به جۆرێك له سه‌ره‌تای دروستبوونی حكومه‌تی هه‌رێم دوای چه‌ند ساڵێك هه‌ردو حیزب، پ.د.ك و ی.ن.ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، كه به وه‌زاره‌تی به‌رگری كوردستان دێته هه‌ژمار، هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
له ئێستادا كه بارودۆخ به‌راورد به 30 ساڵی پێشتر گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش له گۆڕاندان، هێزه باڵاده‌سته‌كان چیتر له ناوچه‌كه ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌و كاریگه‌رییان وه‌ك جاران نییه، مه‌ترسی هه‌ره گه‌وره له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، مه‌ترسییه‌كه‌ش خۆی له نه‌بوونی هێزێكی سه‌ربازیی دامه‌زراوه‌یی یه‌كگرتووی به بیروباوه‌ڕ ده‌بینێته‌وه، له‌وه‌ش خراپتر، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی وه‌ك ده‌زگای فه‌ڕمی خاوه‌ن ره‌وایه‌تی، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هێزی سه‌ربازی دا نییه و توانای جوڵاندن، ئاراسته‌كردن، په‌روه‌رده‌كردن، رێكخستن، پاره‌داركردن، پرچه‌ككردنی هێزی سه‌ربازیی له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ته.
ئه‌م كه‌لێنه قانونییه، وایكردووه كه حكومه‌ت هێزی جێبه‌جێكردن و كۆنتڕۆڵی به‌ده‌ست نه‌بێت و یاخی بوون له بڕیاری حكومه‌ت یه‌كێكی دیكه‌یه له دیارده باوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هێزه باڵاده‌سته‌كانه‌وه چه‌ند نه‌ریتێكی باوی ده‌وڵه‌ته دیموكراتییه‌كانی جیهانی له‌ناوخۆدا په‌یڕه‌و كردووه، به ئاشكرا مه‌به‌ستی له‌م نه‌ریتانه وه‌ك به‌هایه‌كی به‌هێز، بۆ مانه‌وه و گه‌شه‌كردن بووه، له‌وانه‌ش: ئازادی رۆژنامه‌وانی، دیموكراسی، ئازادی كاری رێكخراوه‌یی، مافی ژنان… . چه‌ند به‌هایه‌كی دیكه، هه‌ر یه‌كێك له‌م نه‌ریتانه بۆته‌هۆی دامه‌زراندنی چه‌ند ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه باری دارایی حكومه‌تی زیادكردووه، له بنه‌ڕه‌تدا هیچ هێزێكی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌ت هه‌ردوو حیزب پ.د.ك و ی.ن.ك، بڕوایان به‌و پره‌نسیپ و به‌هایانه نییه‌و خۆیان په‌یڕه‌وی ناكه‌ن، له‌م دۆخههشدا كه پاشه‌كشه‌ی به‌رچوو له‌و بواره‌دا هه‌یه به پاساوی جیاواز‌و ئه‌وا ناوبانگی هه‌رێم كه‌وتۆته‌به‌ر ره‌خنه‌و نیگه‌رانی و وه‌ك پاشه‌كشه ته‌ماشاده‌كرێت.
له ئێستادا گه‌وره‌ترین ئاڵنگاریی كه رووبهڕڕوی چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌وه، ئه‌و پرسه‌یه كه ئه‌گه‌ر شه‌وێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌جێی هێشتین، چی ده‌كه‌ین؟
ئه‌نجام:
له كۆتایی ئه‌م وتاره‌دا و به‌ره‌نجامی زانیارییه‌كان ده‌گه‌ینه چه‌ند راستییه‌ك كه ده‌كرێت وه‌ك راستییه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ بكه‌ین، ئه‌وانیش:
1- به‌هۆی نه‌بوونی دیموكراسیی راسته‌قینه له هه‌رێمی كوردستان، هه‌میشه هێزه سیاسییه‌كان له شێوه‌ی پارتی سیاسیی‌دا به‌سه‌ر كۆی ده‌زگه قانونی و ده‌ستورییه‌كاندا زاڵن و ئه‌و دهزگهیانه وه‌ك: نمایشكار رۆڵ ده‌بینن.
2- نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌رهه‌می ململانێیه‌كی توندی نێوان پارته سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌لایه‌ك و ناوخۆی پارته سیاسییه‌كانیشه له‌لایه‌كی دیكه‌وه، كه ئه‌م ململانێیانه له‌ناو حكومه‌ت یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه.
3- هه‌ر سێ، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به باڵێك له ناو حكومه‌تن و له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت باڵی بڕیار به ده‌ست و به‌هێزیان هه‌یه.
4- به‌هێزبوونه‌وه‌ی به‌غداد و به‌رنامه‌ی سیاسیی هێزه شیعه‌كان و راماڵینی سوننه و قه‌تیسكردنی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و توانای دانانی رێسای مامه‌ڵه‌كانی لێسهندۆتهوه و لاوازكردووه.
5- وازهێنان له‌پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد، هێز و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی به ته‌واویی لاوازكردووه.
6- كاریگه‌ریی زلهێزه جیهانییه كان و هەرێمییەکان لەسەر هەرێم، بۆته هۆی دروستبوونی چه‌ندین ده‌زگه‌ی نا نیشتمانی و دروستبوونی چینێكی خوێنده‌واری بیرۆكراتی گه‌نده‌ڵ كه، رایه‌ڵه‌كانی گه‌شه‌كردنی نیشتمانیان وه‌ستاندووه.
7- نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی قانونی فه‌ڕمیی به‌سه‌ر هێزی سه‌ربازیی هه‌رێمی كوردستاندا، بۆته هۆی لاوازیی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌ستانه‌وه‌ی خه‌ڵك و هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێم له به‌رامبه‌ریداو جێبه‌جێنه‌كردن فه‌رمانه‌كانی حكومه‌ت دیارده‌یه‌كی به‌رچاوه له هه‌رێمی كوردستان.