• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 16, 2023

ئابووریی تورکیا؛ ئاڵنگارییە گەورەکەی بەردەم ئەردۆغان

ئامادەکردنی: م. ی. ڕابەر سیوەیلی

پوختە
سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لە هەر وڵاتێکدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لە سەر گشت کەرتەکانی دیکە دروستدەکات و بێگومان هاوڵاتییەکانی دووچاری چەندین ئاریشە و تەنگژەی جۆربەجۆر دەکاتەوە. نادیدەگرتن و هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنیشی، هێندەی دیکە بارگرانی و کەشێکی ناسەقامگیری بەردەوام بۆ وڵاتەکە دەخوڵقێنیت. ئێمە لەم توێژینەوەیەدا هەوڵمانداوە بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە تیشكبخەینەسەر گرنگترین کێشە سەردەمییەکانی “ئابووریی تورکیا” و لە هۆکاری سەرهەڵدان و درێژەکێشانیان بکۆڵینەوە. هاوکات لە تەوەرەی دووەمی توێژینەوەکەشدا، گرنگترین ڕێگەچارەکانی بەردەم حکومەتی تورکیامان خستووەتەڕوو لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەمی ئەو ئاریشانە و لە چۆنیەتیی ڕزگاربوونی ئەو وڵاتەمان لە “دابەزینی نرخی دراوەکەی و کەمکردنەوەی هەڵئاوسان و بەرزیی ڕێژەی بێکاری و …هتد” کۆڵیوەتەوە.

ئابووریی تورکیا لە چەند ساڵی دواییدا (گرنگترین ئاریشەکان)
هەروەکو ئاشکرایە، لەم چەند ساڵەی دواییدا وڵاتانی جیهان بە گشتی ‌و تورکیا بە تایبەتی، گیرۆدەی چەندین قەیرانی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵئاوسانی جیهانی‌ و بوومەلەرزە بووەتەوە. هەریەك لەم ئاریشانەش ئابووریی وڵاتەکەیانی بەرەو قەیرانێکی مەترسیدار کەمەندکێشکرد و زیانی گەورەیان بە کەرتەکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری ‌و بەرهەمهێنانی پێداویستی ‌و تەندروستیی گشتی گەیاند، بۆ نموونە: ڤایرۆسی کۆرۆنا کە وەکو قەیرانێکی جیهانی لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە مرۆڤایەتیی گیرۆدەی خۆی کرد، هێشتا کاریگەرییەکانی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن کەس کەوتوونەژێر هێڵی هەژارییەوە ‌و ٢٠٠ ملیۆن کەسیش لە کار دەرکراون. لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕێوشوێنە جیهانییانەی کە بۆ پاراستنی هەلیکار و ڕێگریکردن لە مایەپوچبوونی بەکۆمەڵ گیراونەتەبەر، نەیانتوانیوە ئەو مەترسییە بنەبڕبکەن ‌و بە پێچەوانەوە، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی جیهانیی بە دوای خۆیدا هێناوە. یاخود شەڕی ئۆکرانیا کە لەساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، هێندەی دیکە بارگرانیی بۆ سەر ئابووریی وڵاتان دروستکرد.١
لەم مەیدانە ئابوورییە ئاڵۆز و پڕ ئاریشەیەدا، تورکیایش یەکێك بوو لەو دەوڵەتانەی کە بە هۆی ئەم قەیرانە جیهانییانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت. دەکرێت لە ژێر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئابووریناسەکاندا، گرنگترین قەیران ‌و ئاریشەکانی تورکیا بەم شێوەیە بخەینەڕوو:

یەکەم: هەڵئاوسانی بەردەوام ‌و بەرزیی سوو
تورکیا ماوەیەکی زۆرە کێشەی هەڵئاوسانی ئابووریی هەیە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو. هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵئاوسانەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە پلەی یەکەم پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دابەزینی بەهای لیرەوە هەیە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی، چونکە بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی وەکو کەرەستەی خاو و ئامێر کە تورکیا لە بەرهەمهێناندا بەکاریدەهێنێت، لە دەرەوە هاوردەدەکرێت، هەر بۆیە دابەزینی بەهای لیرە لە بەرانبەر دراوە بیانییەکاندا بووەتە هۆی گرانبوونی ئەم پێداویستییانە و بەم هۆیەشەوە تێچووی بەرهەمهێنان زیادیکردووە. کاتێکیش تێچووی بەرهەمهێنان زیاددەکات، بە ناچاری ئەم زیادبوونە لە نرخەکاندا ڕەنگدەداتەوە و دەبێتە هۆی هەڵئاوسان، کەواتە لەگەڵ بەردەوامبوونی دابەزینی بەهای لیرەدا، هەڵئاوسانیش زیاددەکات ‌و زیادبوونی هەڵئاوسانیش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو.٢

دووەم: بێکاری
یەکێکی دیکە لە کێشە گرنگەکانی ئابووریی تورکیا بەرزیی ڕێژەی بێکارییە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ڕێژەی بێکاری ٩.٢٪ی تێپەڕاندووە، هەرچەندە ئەم ئامارە ڕێژەی بێکاری فەرمییە. بە واتایەکی دیکە ڕێژەی ئەو کەسانەیە کە لە چوار هەفتەی ڕابردوودا داواکارییان بۆ پەیداکردنی کار پێشکەشکردووە، بەڵام جگە لەمانە، کەسانێکی دیکەش هەن کە بێکارن ‌و ناخرێنەناو پۆلی بێکارەکانەوە، چونکە لە چوار هەفتەی ڕابردوودا داواکارییان بۆ پەیداکردنی کار پێشکەشنەکردووە، هەر بۆیە ئەگەر ئەوانیش هەژماربکرێن، ئەوا ڕێژەیەک دەبینین کە پێی دەوترێت ڕێژەی بێکاریی بەربڵاو، كە دەکرێت بە ٢٧٪ مەزەندەبکرێت، کەواتە ڕێژەی بێکاریی ڕاستەقینە لە تورکیا (٢٧٪)ە، کە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە و پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە.٣

سێیەم: کورتهێنانی بودجە
کورتهێنانی بودجە یەکێکی دیکەیە لەو قەیرانە گەورانەی تورکیا کە بەرۆکی سیاسەت‌ و ئابووریی ئەو وڵاتەی گرتووە، هەرچەندە هاوسەنگیی بودجە بە گشتی تاوەکو سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا جێگیر بوو، بەڵام لە دوای پەتاکەوە زۆر بە خراپی دەستی بە شڵەژاوی کرد. حکومەتی تورکیاش لە پێناو زیادکردنی داهاتی بودجە و هێشتنەوەی ڕێژەی کورتهێنانی تێیدا بەرانبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیادکردنی داهاتەکانی باج‌ و خزمەتی سەربازیی جێبەجێکرد و تا ڕادەیەك لەمپەری لە بەردەم کورتهێنانی بودجەکەیدا دروستکردبوو، بەڵام لەگەڵ کارەساتی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا، کورتهێنانی بودجە زیاتر لە جاران خێراتربوو.
بە پێی ئامارەکانی بودجەی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ کە دوایین جار لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و داراییەوە ڕاگەیەنرا، بودجەی حکومەت لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا کورتهێنانی ٥٠ ملیار و ١٦٧ ملیۆن لیرەی هەبووە، لە مانگی نیسانی (٢٠٢٣)شدا بۆ ١٣٢ ملیار و ٤٧١ ملیۆن لیرە زیادیکردووە و لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵیشدا گەیشتووەتە ٢٥٠ ملیار لیرە.٤

چوارەم: ناهاوسەنگیی دابەشکردنی داهات و ڕێژەی هەژاری
ناهاوسەنگیی داهاتەکان‌ و دیاردەی هەژاری یەکێکی دیکە لەو ئاریشانەیە کە ئابووریی تورکیا بە دەستیەوە دەناڵێنێت ‌و بە پێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ڕێژەی هەژاری بەردەوام لە هەڵکشاندایە. جێگەی باسە دیاردەی هەژاری لە تورکیا بە پلەی یەکەم لە ئەنجامی کۆچی دانیشتوان لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بۆ شارەکان سەریهەڵداوە. ئەو کۆچکردنەش لە ئەنجامی گرانبوونی بەرهەمهێنانەوە بووە لە کەرتی کشتوکاڵدا کە بە هۆی سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی حکومەتەوە دروستبووە. یەکێکی دیکە لە هۆکارە گرنگەکانی هەژاری نایەکسانیی دابەشکردنی داهاتە. ئەو نیشاندەرەی کە ناهاوسەنگی لە دابەشکردنی داهاتدا دەپێوێت، پێی دەوترێت “ڕێژەی جینی”. ڕێژەی جینی لە نێوان ٠ و ١دا دەگۆڕێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە ٠، ناهاوسەنگی کەمدەبێتەوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە ١، ناهاوسەنگی زیاددەکات. لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە خوار ٠.٣ بووە، بەڵام لە تورکیا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨ نزیکبووەتەوە لە ٠.٤١، بە پێی خەمڵاندنەکانیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا دووبارە زیادیکردووەتەوە.٥

پێنجەم: بەرزیی ڕیسک
تورکیا وڵاتێکی پڕ لە ڕیسکە، ئەوەش نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتی ‌و سیاسییشەوە. لە زانستی ئابووریدا دوو پێوەر هەیە کە بۆ پێوانەکردنی بەرزیی ڕیسک بەکاردەهێنرێت؛ یەکەمیان هەڵسەنگاندنی قەرزی وڵاتێکە کە لەلایەن دامەزراوەکانی پێوانەکردنی قەرزەوە دەکرێت‌ و لە پلەی “باشترین”ەوە دەستپێدەکات‌ بۆ پلەی “خراپترین”. بە پێی ئەم ڕیزبەندییە کە لەلایەن سێ دەزگای سەرەکیی هەڵسەنگاندنی قەرزەوە بۆ تورکیا کراوە، تورکیا لە ڕووی ڕیزبەندیی قەرزەوە بە وڵاتێکی خاوەنڕیسك دادەنرێت! ڕێوشوێنی دووەم بریتییە لە بەهای سی_دی_ئێس (CDS).٦ بەهای سی_دی_ئێسی تورکیا ماوەیەکی زۆرە لە سەرووی (٣٠٠)ەوەیە. ئەو وڵاتانەی کە نرخی سی_دی_ئێسیان لە خوار (١٠٠)ەوە بووە، بە مەترسییەکی ئەوتۆ هەژمارناکرێت لە سەریان. ئەو وڵاتانەشی بەهای سی_دی_ئێسیان لە نێوان ١٠٠ بۆ (٢٠٠)دایە، بە مەترسیی مامناوەند دادەنرێت‌ و ئەو وڵاتانەش کە لە نێوان ٢٠٠ بۆ (٣٠٠)دایە بە وڵاتی خاوەنڕیسکی زۆر هەژماردەکرێن‌ و هەر وڵاتێکیش بەهای سی_دی_ئێسی لە سەرووی (٣٠٠)ەوە بێت، ئەوا بە وڵاتی خاوەنڕیسکی باڵا لەقەڵەمدەدرێن، چونکە نرخی سی_دی_ئێس تێچووی زەمانەتەکانی قەرزی وڵاتێك دیاریدەکات ‌و تا ڕیسکەکە زیاتر بێت، سووەکەی زیاتردەبێت.٧

بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی وەکو کەرەستەی خاو و ئامێر کە تورکیا لە بەرهەمهێناندا بەکاریدەهێنێت، لە دەرەوە هاوردەیدەکات، هەر بۆیە دابەزینی بەهای لیرە لە بەرانبەر دراوە بیانییەکان، بووەتە هۆی گرانبوونی ئەم پێداویستییانە و بەم هۆیەشەوە تێچووی بەرهەمهێنان زیادیکردووە.

چارەسەر و بوژانەوە
هەر لە سەرەتای چەکەرەکردنی ئەم ئاریشانەوە، تورکیا بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنیاندا بووە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕێگە و پلان‌ و شێوازی جۆراوجۆری گرتووەبەر، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینی ئەو هەوڵانە بدەین:
یەکەم: چارەسەرە هەنووکەییەکان
یەکەم ڕێگە کە تورکیا لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم ئاریشانەدا پەنای بۆ برد، بریتی بوو لە ڕێگریکردن لە دابەزینی بەهای لیرە. هەرچەندە ئەم هەوڵەی تورکیا لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٠ تا ئاستێکی باش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە چوارچێوەی چاکسازی بانکیدا مەترسییەکانی کەمکردەوە و دیسپلینی دارایی گشتیی مسۆگەرکرد، بەڵام لە ستراتیژدا نەیتوانی بنەبڕی یەکجاریی ئەم قەیرانە بکات ‌و بە پێچەوانەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا قەیرانەکە بە چەند هێندە قووڵتر و کاریگەرتر لە ساڵانی پێشوو سەریهەڵدایەوە و تاوەکو ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕزگاربوون لە “کێشەی بێکاری” بەردەوامە و تەنانەت گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هۆکاری سەرەکیی بێکاری لە تورکیا کێشەی زیادنەکردنی بەرهەمهێنانە لە سەر بنەمای سەرچاوە ناوخۆییەکان. ئابووریناسەکانیش لەو بڕوایەدان کە هەر حکومەتێک بیهەوێت بێکاری کەمبکاتەوە، سەرەتا دەبێت پشتگیری‌ و هاندانی بەرهەمهێنان بکات لە سەر بنەمای سەرچاوە ناوخۆییەکان. لەم پێناوەشدا یەکەم هەنگاو کە دەینات، دەستبەجێ کۆتایی بە سیاسەتی “ئاڵوگۆڕی سووی بەرز” بهێنرێت، کە ڕێگری لە بەرهەمهێنان دەکات. لە ڕێگەی پیادەکردنی ئەم سیاسەتەوە بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی دەستکرد زیاددەکرێت، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان لە وڵاتانی دەرەوە هەرزانتردەبن لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لە سەر بنەمای شتومەکی بەرهەمهێنانی بیانی “هاوردەکردن” بێت. جگە لەوەش پێویستە شیکارییەکی ورد دەربارەی بەرهەمهێنان ‌و هێزی کاری تورکیا بکرێت ‌و بە خێرایی توێژینەوەی گرنگ بکرێت بۆ دابینکردنی پێویستیی هێزی کار. سیستەمی هاندان کە لە تورکیا جێبەجێکراوە، پێویستە نوێبکرێتەوە و بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەڕێوەبچێت.٨
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی کورتهێنانی بودجە لە تورکیا، شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم کێشەیە بە هۆی زیادەڕۆییەوە لە وەرگرتنی قەرزدا ڕوویداوە، کە ئەنجامەکەشی زۆریی ڕێژەی سووی لێ دەکەوێتەوە. لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا، بە تێپەڕبوونی کات کاریگەریی ئەم بارگرانییە لە سەر کورتهێنانی بودجە کەمدەبێتەوە و کەمبوونەوەی خەرجییەکانی سووش، ڕێگە بە بودجە دەدات سەرچاوەی زیاتر بۆ وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتی تەرخانبکات. هەروەها هۆکارێکی دیکەی کورتهێنانی بودجە، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی ‌و ئەو دەستکەوتە نادادپەروەرانەیە کە دەوڵەت لە ڕێگەی پڕۆژەکانی “هاوکاریی کەرتی تایبەت ‌و گشتی”یەوە٩ بە وەرگرتنی دراوی بیانی بۆ هەندێک کەس دابینیدەکات، کەواتە بە دانانی هەموو ئەم پڕۆژانە لە سەر مێز و کۆتاییهێنان بە گواستنەوەی نادادپەروەرانەی سامانی گشتی بۆ ئەم کۆمپانیایانە، یەکێک لە گەورەترین بارگرانییەکانی سەر بودجە لادەبرێت.١٠
لە قۆناغێکی دیکەدا پلان‌ و بەرنامەکانی تورکیا بە ئاڕاستەی هەوڵدان بوو بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان‌ و ڕێژەی سوو. بەشێک لە شارەزایانی ئابووری لەو بڕوایەدا بوون کە ئەم دەستپێشخەرییانە لە مەودای کورتخایەندا وەڵامی باشیان دەبێت ‌و تەنانەت بەرپرسانیش پێیان وا بوو کێشەکان لەم ڕێگەیەوە چارەسەردەبن. لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیەکە و ساڵانێکی زۆرە دووبارەدەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەم هەڵەیە لە شکستی ئەدا و بڕیاری ناواقیعیی بەڕێوەبەرانەوە سەرچاوەدەگرێت.
گرفتی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە تورکیا، تیشکخستنەسەر “ئەنجام”ی کارەکەیە نەك “هۆکارەکانی سەرنەکەوتن”! هەر بۆیە دەبینین تورکیا ناتوانێت ژینگەی لەباری گۆڕانکارییەکان بپارێزێت،‌ چونکە تاوەکو ئێستا هۆکاری گرفتەکانی چارەسەرنەکردووە و بەو هۆیەشەوە مەترسییەکان زیاتربوونە. بە واتایەکی دیکە، لە ژینگەیەکدا کە ناتوانیت مەترسییەکان لەناوببەیت، یان بە لایەنی کەمەوە کەمبکەیتەوە، بە دڵنیاییەوە چارەسەرەکان کاتی دەبن، کەواتە تورکیا بۆئەوەی چارەسەرێکی یەکلاییکەرەوە بەدەستبهێنێت، دەبێت لە پێناو نەهێشتن‌ و کەمکردنەوەی مەترسییەکاندا هەنگاوبنێت‌ و لە “هۆکار”ەوە دەستپێبکات نەک لە “ئەنجام”ەوە! ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی هەنگاوەکانی وەک هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانەوە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا، پەرەپێدانی دیموکراسی ‌و جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا بەدەستبهێنرێت. ئەگەر ئەم هەنگاوانەش پیادەبکرێن، ئەوا بەهای سی_دی_ئێسی تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت‌ و ئەمەش هەنگاوێکی بنەڕەتی دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی خێرای بەهای لیرە بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان ‌و بەم هۆیەشەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵی هەڵئاوسان بکرێت‌ و ڕێژەی سووش کەمبکرێتەوە.١١

دووەم: مۆدێلی ئابووریی تورکیا (٢٠٢١-٢٠٢٣)
مۆدێلی ئابووریی تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ ڕاگەیەنرا و لەساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا بە چڕی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ناوەڕۆکی مۆدێلەکە بە پلەی یەکەم بریتییە لە ڕاگرتنی سەقامگیریی نرخەکان کە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢، بە هۆی فشاری هەڵئاوسانەوە بە ناجێگیری مابوونەوە، دوای ئەوەش گرنگیدان بە بەرهەمهێنان ‌و دامەزراندن ئامانجی سەرەکییەتی. ئەم مۆدێلە نوێیە لە سەرەتای جێبەجێکردنیەوە توانیویەتی ٢ ملیۆن ‌و ٧٨ هەزار هەلیکار دەستەبەربکات. هەروەها پێشبینیی ئەوە دەکرا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣دا ئاستی هەناردەکردن بگاتە ٢٧٠ ملیار دۆلار، بەڵام زیادبوونی هەڵئاوسان لە لایەك ‌و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لە لایەکی دیکەوە، دوو بەربەستی گەورەی بەردەم وەڕاستگەڕانی ئەم پێشبینییە بوون. ئەگەرچی تەقەڵیەکی زۆر هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ڕێژەی هەڵئاوسان بۆ ٢٠-٢٥٪ داببەزێت، بەڵام پێدەچێت لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەم دابەزینە بەرچاوە بەدیبێت‌ و پێشکەوتنی نوێ لە چوارچێوەی مۆدێلی ئابووریی تورکیادا بەئەنجامبگات.١٢
یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم مۆدێلە نوێیە، بریتی بووە لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی داهاتی نیشتیمانیی تورکیا و لەم پێناوەشدا تا ئاستێکی باڵا سەرکەوتوو بووە، بۆ نموونە: داهاتی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٧٢٠ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٩٠٥ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. هەروەها پشکی بەرهەمهێنان ‌و هەناردەکردن لە داهاتی نیشتمانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. تەنانەت پشکی پیشەسازیی بەرهەمهێنانیش لە ڕێژەی ٢٢٪ نزیكبووەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ زیادکردنی توانای کێبڕکێ. هەروەها هەناردەی پیشەسازی گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی خۆیدا و لە ١٢٧ ملیار دۆلارەوە گەیشتە ١٩٠ ملیار دۆلار. تەنانەت هەناردەی کشتوکاڵیش لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢ لە ٣٥ ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە. هەموو ئەم گەشەسەندنانەش گەواهیی ئەوە دەدەن کە ئابووریی تورکیا لە چەند ساڵی داهاتوودا ژمارەی پێوانەیی نوێ لە ناو وڵاتانی پێشکەوتوودا تۆماردەکات.١٣

بە پێی ئامارەکانی بودجەی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ کە دوایین جار لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و داراییەوە ڕاگەیەنرا، بودجەی حکومەت لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا کورتهێنانی ٥٠ ملیار و ١٦٧ ملیۆن لیرەی هەبووە، لە مانگی نیسانی (٢٠٢٣)شدا بۆ ١٣٢ ملیار و ٤٧١ ملیۆن لیرە زیادیکردووە و لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵیشدا گەیشتووەتە ٢٥٠ ملیار لیرە.

هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ی تورکیا؛ سیناریۆ و پێشهاتە ئابوورییەکان
هەڵبژاردنەکان لە ئایاری ٢٠٢٣دا بەڕێوەچوون، ڕووداوگەلێکی گرنگیان لە یادی سەد ساڵەی کۆماری تورکیادا تۆمارکرد. داهاتی نیشتمانی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٩٠٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکبووەوە لە یەک تریلیۆن دۆلار و پێشبینیشدەکرێت لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٨دا ئاستی پێوانەیی تۆماربکات.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٨دا بە داهاتی نیشتمانیی ١.٥ ترلیۆن دۆلار، توانای بەرهەمهێنان‌ و گەشەسەندنی خۆی بەرەوپێشدەبات. تەنانەت لە ساڵی (٢٠٢٣)شدا و لەگەڵ کەمبوونەوەی قەیرانە جیهانییەکاندا، دەتوانێت پێشکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت. هەروەها ئابووریناسانیش لەو بڕوایەدان کە بەهێزکردنی ئابووریی چاوەڕوانکراو لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٨دا، یارمەتیی کاراکردنی زیاتری مۆدێلی ئابووریی تورکیا دەدات، کە سەنتەری دامەزراندن ‌و بەرهەمهێنان ‌و هەناردەکردنە لەو وڵاتەدا. ئەگەرچی ئەو تێچوونە ئابوورییەی کە بە هۆی بومەلەرزەکەی ئەم دواییەی تورکیاوە دروستبووە، پێدەچێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ئابووریی وڵاتەکە هەبێت، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نوێکردنەوەی ناوچە زەرەرمەندبووەکان، ئەم تێچووە ئابوورییەش کەمدەکرێتەوە. بە تایبەت کە زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەو بڕوایەدان کارە نوێیەکانی بیناسازی کە لەلایەن خەڵکەوە دەستیپێکردووە، هەم بۆ بوژانەوەی خێرای ناوچەکە و هەم بۆ گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی یارمەتیدەر دەبێت.١٤

دیدی ئابووریناسان بۆ دوای هەڵبژاردن
دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە، شارەزایانی ئابووری سەرەڕای ئەوەی پێشبینیی جودایان هەیە سەبارەت بە داهاتووی ئابووری تورکیا، بەڵام بە تێکڕا کۆکن لە سەر ئەوەی ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئابووریدا ڕوونەدات، تورکیا ڕۆژگارێکی سەخت تێپەڕدەکات. ئێمە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترین پێشبینیی شارەزایانی ئابووری دەکەین، کە دوابەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ داهاتووی ئابووریی تورکیا خستیانەڕوو:
ڕوگەر مارک؛ شارەزا لە کۆمپانیایاکانی وەبەرهێنان، دەڵێت: “پێمان وایە گەورەترین تەحەدای بەردەم کابینەی داهاتووی ئەردۆغان، ئابووریی تورکیا دەبێت، چونکە سەرکەوتنەکەی هاوتەریب بوو لەگەڵ ئەو نایەکسانی‌ و تەنگەژە ئابوورییانەی کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە، هەر بۆیە ئەگەر ئاڕاستەی سیاسەتە ئابوورییەکەی نەگۆڕێت، تورکیا بەرەو قەیرانی بەردەوامی ناجێگیریی دراو و هەڵئاوسانی زیاتر دەڕوات.”

حەسەنین مالیک؛ بەرپرسی یەکەی توێژینەوەی یەکسانی لە کۆمپانیای تێلیمەر، دەڵێت: “سەرکەوتنی ئەردۆغان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی مایەی خۆشحاڵی نییە، بەڵکو قەیرانێک لە ڕێگەیە کە بە هەڵئاوسانێکی زۆر بەرز و ڕێژەی سووی زۆر کاریگەریی کەمی لە سەر هەموو سامان ‌و داهاتەکان دەبێت.”
سێردار پاز؛ بەڕێوەبەری گرووپی توێژینەوەی ئاسایشی جیهانی، دەڵێت: “دەتوانین بەرزبوونەوەی کورتخایەنی پشکەکان ببینین، بە تایبەتی کە ئەگەری هەیە نرخی ئاڵوگۆڕکردن لە سەرووی ٢٠ پشکەوە بمێنێتەوە. ئەم پڕۆسەیە سوودێکی بەرچاو بۆ هەناردەکاران دەڕەخسێنێت. ئەردۆغان هەم لە بانگەشەی هەڵبژاردن‌ و هەم لە وتاری سەرکەوتندا، ستایشی کەمی ڕێژەی سووی کرد. پێناچێت ئەم سیاسەتە بگۆڕێت، بە لایەنی کەمەوە تا دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە بڕیارە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٤ بکرێن. لەم نێوەندەدا ڕەنگە دەسەڵاتداران بەردەوامبن لە پابەندبوون بە سنووردارکردن تاوەکو دابەزینی بەهای لیرە لە ژێر چاودێریدا بمێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کورتهێنانی باڵانسی پارەدان‌ و کەمیی یەدەگی دراوی بیانی.”١٥
ئێرجان ئەرگوزەل؛ ئەندام لە بانکی بارکلیزی بەریتانیا، دەڵێت: “بانکی ناوەندی تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەی سوو بەرزدەکاتەوە بۆ ٣٦٪، بە تایبەت کە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.” هەروەها دەڵێت: “تورکیا پێویستی بە ڕێکخستن هەیە لە نێوان هەردوو ڕێژەی سوو و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا. بەو پێیەش کە فشارەکان لە سەر پێداویستییەکانی دارایی دەرەکی قورس نین، ئیدارەی ئابووری دەرفەتی ئەوەی هەیە کە وردە وردە ئەم ڕێسایە دەربکات.”

سێیەم: ڕاگەیاندنی پڕۆگرامی مامناوەند
دوابەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان ‌و پێکهێنانی حکومەتی نوێی تورکیا، نەخشەڕێگەیەکی سێ ساڵە بە ناوی “پڕۆگرامی مامناوەند”ەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتەکە لە ئەیلوولی ٢٠٢٣دا ڕاگەیەنرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خراپی دۆخی ئابووریی هاوڵاتیان بە هۆی هەڵئاوسانی زۆرەوە بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە و هەموو چاوەکان لە سەر ئەم بەرنامە نوێیەن کە حکومەت ڕایگەیاندووە. جێگەی باسە کە “پڕۆگرامی مامناوەند” هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنیەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا و بە پڕۆگرامێکی سەرکەوتوو تەماشادەکرێت.
بەرپرسانی حکومەت جەخت لەوە دەکەنەوە کە جێبەجێکردنی ئەم نەخشەڕێگە سێ ساڵییە بە سەرۆکایەتیی مەهمەت شیمشەک؛ وەزیری دارایی، لە سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکانی تورکیادا، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە سەقامگیرکردنی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیان ‌و ئابووریی وڵاتەکەدا. لە لایەکی دیکەوە، ئابووریناسانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی لە ئابووریی تورکیادا بە گوێرەی ئەو پلانە نوێیەی لەلایەن شیمشەک و تیمەکەیەوە ئامادەکراوە، پێویستی بە نەخشەڕێگەیەکی یەکگرتوو هەیە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڵئاوسانە نائاساییەی کە باڵیکێشاوە بە سەر ئابووریی وڵاتەکەدا.١٦

جەودەت یەڵماز؛ جێگری سەرۆککۆماری تورکیایش، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی: “لە ڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە ئابووریی وڵاتەکەمان دەگوازینەوە بۆ ئاستێك کە پێشبینیی زیاتر لەخۆبگرێت.” هەروەها وەزیری داراییش ئاماژەی بەوە کردووە کە “ئەم بەرنامەیە وەک ڕێنمایی ‌و نەخشەڕێگەیەکی گرنگ بۆ هەردوو کەرتی تایبەت ‌و گشتی دەبێت‌ و لە سێ پێکهاتەی بنەڕەتی پێکدێت، کە بریتین لە دووبارە دامەزراندنەوەی دیسیپلینی دارایی، واتە کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بۆ ئاستێک کە لەگەڵ پێوەرە ئابوورییەکاندا بگونجێت. وردە وردە توندکردنەوەی دراو و سیاسەتی داهات کە لەگەڵ ئامانجی هەڵئاوساندا بگونجێت. چاکسازیی پێکهاتەیی کە سەقامگیریی دارایی ‌و هەموو دەستکەوتەکانی دیکە دەکاتە هەمیشەیی.” سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی حکومی دەربارەی ئەم پڕۆگرامە، بەشێك لە ئابووریناسان ‌و ئەکادیمییەکانیش پێیان وایە کە پسپۆڕانی چاودێری بازاڕ بە وردی لە ئاست‌ یەکدەنگیی پێشبینییەکانی ئەم پڕۆگرامە دەکۆڵنەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی گەشەکردن‌ و کورتهێنان ‌و هەڵئاوساندا. هەروەها جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ئەم پڕۆگرامە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە تێڕوانینی وەبەرهێنەران بۆ تورکیا و متمانە بە بازاڕەکانی تورکیا دروستدەکات.١٧
هەر لەم چوارچێوەیەدا، “یونس کایا”ی ڕاوێژکاری بازاڕەکانی سەرمایە دەڵێت: “لە دوای هەڵبژاردنەوە وەبەرهێنەران ڕێبازێکی ئەرێنیتریان هەیە بۆ داهاتووی ئابووریی تورکیا و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بەهێزترین هاتنی سەرمایەی بیانی دەکەین بۆ بازاڕی بۆرسە، کە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا بڕی ١٠ ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە.” لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، کایا باس لە زیادبوونی بەردەوامی وەبەرهێنەران دەکات‌ و دەڵێت: “ژمارەی ئەو وەبەرهێنەرانەی کە باڵانسی پشکیان هەیە، تاوەکو ١٥ی ئابی ٢٠٢٣ گەیشتە ٥ ملیۆن ‌و ٦٣٦ هەزار و ١٦٠ کەس. لە کاتێکدا زیادبوونی ساڵانەی ژمارەی وەبەرهێنەران ٣ ملیۆن ‌و ٣ هەزار و ٢١٤ وەبەرهێنەر بووە، واتە زیادبوونەکە بە ڕێژەی ١١٤.٠٦٪ تۆمارکراوە.”

بۆچوونە نەرێنییەکان دەربارەی پڕۆگرامی مامناوەند
پێچەوانەوەی ئەو گەشبینییە بەرچاوەی سەبارەت بەم پڕۆگرامە هەبوو، هەندێكیش پێیان وایە شکستیهێناوە و پڕۆگرامێکی سەرکەوتوو نەبووە. بەڵگەشیان بۆ قسەکانیان ئەوەیە کە دەڵێن: ئەم پڕۆگرامە مەزەندەیکردبوو کە داهاتی تاکەکەس تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٠ هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت‌ و هەڵئاوسانیش ٢٤.٩٪ دەبێت. هەروەها تێکڕای نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە ٢١.٥ لیرە دیاریکرا، بەڵام ئێستا کە لە کۆتا مانگی (٢٠٢٣)داین، نرخی یەک دۆلار ٢٨ لیرەی تێپەڕاندووە و هەڵئاوسانیش تا مانگی تەمموز ٤٨٪ بووە، پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٣ لە ڕێژەی ٧٠٪ نزیکببێتەوە.
کەسایەتییەکی وەکو د. ئێڤرن بۆلگون؛ مامۆستا لە کۆلێژی زانستی بازرگانی ‌و بەڕێوەبردنی زانکۆی بەیکۆز، دەڵێت: “هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر هیوایەکی زۆر بە پڕۆگرامی مامناوەندیی تازەڕاگەیەنراو ببەستین! ئەوەتا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و فەرمانڕەوایی تورکیای بۆ ٥ ساڵی دیکە گرتەئەستۆ، بەڵام جگە لە زیادکردنی باج، هێشتا ناتوانین بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ئابوورییەکان ببینین. لەم قۆناغەدا تورکیا پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەکردن هەیە بە ڕێژەی ٥.٥٪. هەروەها دەبێت پیادەی بەرنامەیەکی هاوسەنگیی ئابووری بکرێت، تاوەکو هەم گەشەبکات‌ و هەم هەڵئاوسان کەمبکاتەوە و نەبێتە هۆی تەقینەوەی بێکاری. ئێمە چاودێریی شیمشەک و تیمەکەی دەکەین کە تا چەند دەتوانن ئەم بنەمایانە جێبەجێبکەن و چ جۆرە ڕێوشوێنێکی پاشەکەوتکردن لە ناو خەڵکدا دەگرنەبەر.”١٨
یەکێکی دیکە لە شارەزایانی باڵای ئابووریی بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان بە ناوی “لیام پیچ”ەوە بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠٢٣، ڕایگەیاند: “زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین سەقامگیریی ئابووریی تورکیا بەندە بە هەڵبژاردنەکانەوە.” هەروەها دەڵێت: “پێشبینیدەکەن ئەگەر حکومەت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، داهاتەکانی حکومەت بە خێرایی بەرزبێتەوە. ڕەنگە ئەم دۆخەش باری دارایی توندتربکات، بەڵام یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان بۆ ئاستێکی باش‌ و گەشەسەندنی بەردەوامیش لە ستراتیژدا مسۆگەردەکات.” “لیام پیچ” لەو بڕوایەدایە کە سەرەڕای هەبوونی “پڕۆگرامی مامناوەند”، بەڵام هێشتا ناهاوسەنگییە ئابوورییە گەورەکانی تورکیا قووڵتردەبێتەوە و ساڵانێکی زۆری پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی. جگە لەوەش، پێی وایە کە تورکیا بەبێ دابەزینی گەورەی بەهای لیرە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا سەرکەوتوو نابێت‌ و پێشبینیدەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ نرخی یەك دۆلار بگاتە ٣٢ لیرە.١٩

کۆتایی
ئابووریناسان لەو بڕوایەدان کە هۆکاری سەرەکیی درێژەکێشانی ئەم ئاریشانەی تورکیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بانکی ناوەندیی تورکیا سەربەخۆ نییە لە حکومەت! ئەمەش وای کردووە خاوەن سیاسەتێکی جودا نەبێت‌ و قورس بێت بۆیان کە چارەسەرێک بۆ کێشەکە بهێنن. هاوکات دوورخستنەوەی وەزیرەکانی پێشووی دارایی ‌و پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی لەلایەن ئەردۆغانەوە لە سەر بنەمای دژایەتیکردنی سیاسەتە تەقلیدییەکانی ناوبراو، هۆکارێکی دیکەی بەردەوامبوونی قەیرانە ئابوورییەکانە و زۆر کەس پێیان وایە ئەردۆغان هەموو کەسێک تاوانباردەکات جگە لە خۆی! تیمێکی لە دەوروبەریدایە کە تەنها بەڵێی بۆ دەکەن ‌و ناتوانن بە گوتنی ڕاستییەکان، بەشداربن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دە ساڵەی یەکەمی حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان، دەبینین سیاسەتێکی زۆر ئاوەزمەندانەی هەبووە، حکومەتیش سەکۆیەک بوو کە تێڕوانینی جیاوازی تێدا بوو، بەڵام ئێستا تەنها ئەردۆغان هەیە و هەموو ناوەندەکانی دەسەڵات لە ناو ئەو پارتەدا بەدەرکراون.٢٠

“پڕۆگرامی مامناوەند” پێشبینییکردبوو داهاتی تاکەکەس لە تورکیا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٠ هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت‌ و هەڵئاوسانیش ٢٤.٩٪ دەبێت. هەروەها تێکڕای نرخی یەک دۆلار بە ٢١.٥ لیرە دەبێت، بەڵام ئێستا کە لە کۆتا مانگی (٢٠٢٣)داین، نرخی یەک دۆلار ٢٨ لیرەی تێپەڕاندووە و پێشبینیدەکرێت هەڵئاوسانیش تا کۆتایی ٢٠٢٣ لە ڕێژەی ٧٠٪ نزیکببێتەوە.

هەرچەندە بەردەوامیدان بەم سیاستە، لەلایەن شەقامی تورکیاوە بێوەڵام نەبووە و ئەردۆغان ‌و پارتەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا دوو گەورەترین شاری وڵاتەکە (ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە)یان دۆڕاند،٢١ بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆریش لە چاودێران‌ و شارەزایانی ئابووری، سەرجەمی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و جەختدەکەنەوە لە سەر ئەو خاڵەی کە قەیرانە داراییەکانی تورکیا بەشێکن لەو قەیرانە ئابوورییانەی ئێستا جیهان پێوەی دەناڵێنێت ‌و هیچ پەیوەندییەکی بە پارتێك یان سەرکردەی پارتێکەوە نییە. بەڵگەشیان بۆ وتەکانیان سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان ‌و ئەردۆغانە لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠٢٣دا.

پەراوێزەکان
(1)https://www.setav.org/secim-sonrasi-turkiye-ekonomisi-2023-2028.
(2)https://www.mahfiegilmez.com/2021/01/turkiye-ekonomisinin-temel-sorunlar-ve.html.
(3)https://www.sbb.gov.tr/istihdam/.
(4)https://www.dw.com/tr/alt%C4%B1-maddede-yeni-h%C3%BCk%C3%BCmeti-bekleyen-ekonomik-sorunlar/a-65606831.
(5)https://www.temar.org/2021/03/26/turkiye-ekonomisinin-sorunlari-ve-cozum-onerileri/.
(6)(CDS) کورتکراوەی دەربڕینی ئینگلیزیی (Credit Default Swap)ە. ئامرازێکی داراییە، زۆر جار بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیی قەرزکردن بەکاردێت. بە واتایەکی دیکە، ئەو بەهایەیە کە مەترسیی نەدانەوەی قەرزێک دیاریدەکات ‌و بیمەی دەکات. بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: (https://www.burgan.com.tr/sozluk/cds-nedir-risk-primi-nedir).
(7)https://www.mahfiegilmez.com/2021/01/turkiye-ekonomisinin-temel-sorunlar-ve.html.
(8)https://www.temar.org/2021/03/26/turkiye-ekonomisinin-sorunlari-ve-cozum-onerileri/.
(9)(kamu özel işbirliği) ئاماژەیە بۆ “بەدیهێنانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە سەر بنەمای گرێبەستێک، بە هاوبەشکردنی تێچوون و مەترسی و گەڕانەوەی پڕۆژەکە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا”.
(10)https://www.temar.org/2021/03/26/turkiye-ekonomisinin-sorunlari-ve-cozum-onerileri/.
(11)https://www.mahfiegilmez.com/2021/01/turkiye-ekonomisinin-temel-sorunlar-ve.html.
(12)https://www.setav.org/secim-sonrasi-turkiye-ekonomisi-2023-2028.
(13)https://www.setav.org/secim-sonrasi-turkiye-ekonomisi-2023-2028.
(14)https://www.setav.org/secim-sonrasi-turkiye-ekonomisi-2023-2028.
(15)https://www.bbc.com/turkce/articles/cy6v8w118g1o.
(16)https://www.dw.com/tr/orta-vadeli-program-ekonomik-krize-merhem-olur-mu/a-66560199.
(17)https://www.rudaw.net/turkish/business/060720231.
(18)https://www.dw.com/tr/orta-vadeli-program-ekonomik-krize-merhem-olur-mu/a-66560199.
(19)https://www.indyturk.com/node/622756/ekonomi%CC%87/se%C3%A7im-sonras%C4%B1-t%C3%BCrk-ekonomisi-g%C3%BCl-bah%C3%A7esi-mi-ayn%C4%B1-filmin-tekrar-m%C4%B1.
(20)https://tr.euronews.com/2022/10/05/turkiye-ekonomisini-uzmanlar-degerlendirdi-temel-sorun-her-alanda-asiri-isinma.
(21)https://tr.euronews.com/2022/10/05/turkiye-ekonomisini-uzmanlar-degerlendirdi-temel-sorun-her-alanda-asiri-isinma.

Send this to a friend