• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 28, 2024

دادگای دەستووری تورکیا زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان هەڵدەوەشێنێتەوە

وەرگێڕانی: د. جەلیل عومەر عەلی

سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەرقول ئەوسەت (الشرق الاوسط)

دادگای دەستووریی تورکیا (Anayasa Mahkemesi) زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە هەڵدەوەشێنێتەوە. دادگای ناوبراو دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی یاساکانی لە ئەردۆغان سەندووەتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی دەستوەردانە لە سەربەخۆیی دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەم بڕیارەی دادگایش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ کۆتا هەموارەکانی دەستووردا، کە لە مانگی تشرینی دووەمی (٢٠١٧)دا کراو لە (٢٠١٨)دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

دادگای دەستووری لە بڕیارەکەیدا، کە لە (٤٨٥) لاپەڕە پێکهاتووەو لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا (Resmi Gazete) بڵاوکراوەتەوە، بە فەرمانی هەمواری مەرسومی یاسای ژمارە (٧٠٣) دەرچووە لە تەمموزی (٢٠١٨)، کە دەسەڵاتێکی فراوانی بە سەرۆککۆمار دابوو لە دامەزراندن‌و دوورخستنەوەو سەربەخۆیی بانکی ناوەندی‌و زانکۆکانی خستبووەژێر دەسەڵاتی سەرۆککۆمارەوەو ملکەچیکردبوون بۆ واژۆی تاکەکەسێک، هەر بۆیە زۆرێک لەو فەرمان‌و بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارەی دادگای دەستووری لە چوارچێوەی داوایەکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)دا (Cumhuriyet Halk Partisi (CHP)) بووە، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیاو بە دایکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت.

یەکەم: دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆکان
لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی دادگای دەستووریدا هاتووە، هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای خوێندنی باڵایە، کە دەسەڵاتی بە سەرۆککۆمار داوە بە دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆ حکومی‌و وەقفییەکان‌و بە نادەستووری لەقەڵەمیدان. بڕیارەکەی دادگای دەستووری جەختیکردووەتەوە لەوەی کە ناکرێت دامەزراندن بە مەرسومی سەرۆکایەتیی کۆمار بێت.
بڕیاری دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆی بۆغاز ئیچی (Boğaziçin Üniversitesi) لە ساڵی (٢٠٢١) لەلایەن ئەردۆغانەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی_دەربڕین لەلایەن خوێندکاران‌و مامۆستایان‌و بەرپرسانی باڵای زانستی‌و کارگێڕیی زانکۆکەوە، لەبەرئەوەی بڕیارەکەی سەرۆککۆمار بە داماڵینی ئەنجومەنی زانکۆ لە مافی دامەزراندنی سەرۆکێک بۆ زانکۆکە ئەژماردەکرێت.

دادگای دەستووریی تورکیا زۆرێک لەو دەسەڵاتانەی کە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەکاریهێنابوو، هەڵوەشاندووەتەوە.

هەروەک چۆن دادگا بنەمای دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆکانی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵێوراوانەوە، کە ئەو هەڵیانبژێرێت، دیاریکردووە، بە هەمان شێوە جەختیکردووەتەوە لەوەی پێویستە دامەزراندن لە سەر بنەمای پێشنیارکردنی ئەنجومەنی زانکۆوە بێت. هەروەک چۆن هەندێک فەرمانی لابرد، لە نموونەی مەرجەکانی دامەزراندن‌و ماوەی مانەوەی لە کەسێکی دیاریکراو لە پۆستی سەرۆکی زانکۆ.
هەر لە بڕیارەکەیدا دادگای دەستووری دانیناوە بە نادەستووریبوونی دامەزراندنی (٧) ئەندامی دەزگای خوێندنی باڵای تورکیا لە کۆی (٢١) ئەندام.

دووەم: گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی
دادگای دەستووریی تورکیا دەسەڵاتی گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەی پێش تەواوبوونی ماوەکەی‌و دامەزراندنی نوێنەرەکانی‌و درێژکردنەوەی ماوەکەیان تەنها بە دەرکردنی مەرسومی کۆماری هەڵوەشاندەوە، بەڵکو مەرسومی سەرۆکایەتیی کۆمار پێویستی بە ڕەزامەندیی پەرلەمان دەبێت.
پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا زۆر ناجێگیری‌و هەڵچوون‌و داچوونی بەخۆیەوەبینیوە، لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi)(AK Parti) بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان، لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە هەتا ئێستا (٧) سەرۆکی گۆڕاوە. هەڵبەت پێنج لەو سەرۆکانەش تەنها لە ماوەی پێنج ساڵی کۆتایی فەرمانڕەوایی ئاکپارتیدا (٢٠١٩-٢٠٢٤) گۆڕاون. کۆتا سەرۆکی بانکی ناوەندی فاتیح کاراهان (Fatih Karahan) بوو، کە بە واژۆی ئەردۆغان دوای دەستلەکارکێشانەوەی حفیزە گایە ئێرکان (Hafize GayeErkan) وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستبەکاربووە، حفیزە گایە ئێرکان تەنها (٩) مانگ لە پۆستەکەی مایەوە. دانانی کەسێکی دیکە لە جێی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بە دەرچوون لە دەقی دەستوور دادەنرێت‌و بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری‌و نەمانی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی.
جگە لەمە، دادگا بە کۆی دەنگ دوو بنەمای هەڵوەشاندەوە، کە پەیوەستبوون بە دامەزراندنی سەرۆکی بانکی ناوەندی‌و ئەندامەکانیەوە، بە هۆی نادەستووریبوونیانەوە، لە سەر بنەمای مانەوەیان لە ناوچەی ڕێگەپێنەدراودا، کە ناکرێت بە یاسا ڕێکبخرێن.

سێیەم: دانانی قەییوم (Kayyum Atanması)
دادگای دەستووریی تورکیا بە هەمان شێوەی هەنگاوەکانی پێشووی بڕیارنامەی پەیوەست بە دانانی قەییومەکان‌و نوێنەرەکانیەوە هەڵوەشاندەوە، کە بە دەق هاتووە: مەرجە ئەوەی کە لە پۆستی پارێزگار دادەمەزرێت، پێویستە (٦) ساڵ لە پۆستی قائیمقام مابێتەوە، بە مەرجێک (٢) ساڵی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی وڵات بێت‌و پشتگیریی وەزیری ناوخۆی هەبێت لەگەڵ ڕەزامەندیی سەرۆککۆماردا، بە هۆی نادەستووریبوونیەوە.
دادگای دەستووری لائیحەی پەیوەست بە دەستنیشانکردنی تەمەنی فەرمانبەری خزمەتی گشتیی بە (٦٥) ساڵ بە پێی ئەو مەرسومەی سەرۆککۆمار دەریدەکات، هەڵوەشاندەوە. لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بە پێی مادەی (٧٠)ی دەستوور، بە دەق هاتووە کە هەموو هاوڵاتییەک مافی پەیوەندیکردنی بە خزمەتی گشتییەوە هەیەو نابێت هیچ جیاکارییەک لە خزمەتکردندا هەبێت، جگە لە توانا پێویستییەکانی خزمەتکردنەکە نەبێت. لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ناکرێت پەیوەندیکردن بە خزمەتکردنی گشتییەوە بە مەرسومی سەرۆککۆماری ڕێکبخرێت.

ئەم بڕیارانەی دادگای دەستووریی تورکیا دوای تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بووە، کە لە دادگای ناوبراو دەربارەی نایاساییبوونی بڕیارەکانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تۆمارکراوە.

لە وردەکاریی بڕیاری دادگادا هاتووە کە بنەماکانی مەرسومی یاسای ژمارە (٧٠٣) مەبەستی ملکەچبوون نییە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەستووردا هاتوون، ئەمەش بەدەرە لە مەبەست‌و چوارچێوەی دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومەکان. لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە لە سەر پەرلەمان لائیحەی یاساییبوونی هەموارەکان دەربکات، کە دادگا بڕیاریلێداوە.

دادگای دەستووری؛ دەسەڵاتی دانانی سەرۆکی زانکۆکان، دانانی سەرۆکی بانکی ناوەندی، دانانی قەییومی تەنها بە فەرمانی سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵوەشاندووەتەوەو مەرجی ڕەزامەندیی پەرلەمانی بۆ یاساییبوون‌و جێبەجێکردنی ئەو مەرسومانە دیاریکردووە.

ئەم بڕیارانەی دادگای دەستووریی تورکیا دوای تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بووە، کە لە دادگای ناوبراو دەربارەی نایاساییبوونی بڕیارەکانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تۆمارکراوە، هەر بۆیە دوای بڕیارەکانی دادگای دەستووری؛ ئۆزگیور ئۆزێل (Özgür Özel)؛ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە میانەی گوتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕووی قسەکانی کردە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و گوتی: “بەڕێز ئەردۆغان، دادگای دەستووری هەموو ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە کە دەرتکردووە، ئەمەش دەریدەخات داوا یاساییەکەی جەهەپە ڕاستە، کەواتە ئەگەر یاسا هەبێت‌و جێبەجێبکرێت، ئیدی ناتوانیت بەو جۆرەی خۆت دەتەوێت، بڕیار دەربکەیت.”

چوارەم: پرسی سەرۆکی شارەوانیی هەکاری
لە لایەکی ترەوە مەهمەت سدک ئاکش (Mehmet Sıddık Alış)؛ سەرۆکی شارەوانیی هەکاری، کە سەر بە پارتی یەکسانی‌و دیموکراتیی گەلان (دەمپارتی) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi (DEM Parti))یە، دوورخراوەتەوە لە پۆستەکەی‌و دەستبەسەرکراوەو لە جێی پارێزگاری هەکاری وەک قەییوم بۆ شارەوانیی ئەو شارە دانراوە، ئەمەش بە هۆی بوونی دۆسیەیەکی یاساییەوە، کە پێش (١٠) ساڵ لەمەوبەر هەیبووەو ئێستا دووبارە کراوەتەوە لە سەری. لە دۆسیەکەدا ئاکش تۆمەتبار کراوە بە بوونی پەیوەندی بە “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان”ەوە، کە مەبەست لێی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
لەو خۆپیشاندانانەی ئەندام‌و لایەنگرانی دەمپارتیدا کە لە هەکاری ڕێکیانخستبوو، وەک ناڕەزایەتییەک دژی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردراو، وەفدێکی جەهەپە بەشداریی تێدا کرد، سەرەڕای بوونی پشتێنەیەکی ئەمنی بە دەوریدا.
یەکێتیی پارێزەرانی تورکیش لە بڵاوکراوەیەکیاندا داوای گەڕاندنەوەی مەهمەت سدک ئاکشیان کرد بۆ پۆستەکەی‌و جەختیانکردەوە کە لابردنی دەستوەردانێکی نەگونجاوە لەگەڵ مافی دەنگدان‌و خۆپاڵاوتندا بۆ هەڵبژاردنەکان، کە ئەمەش بنەمای دیموکراتییە.

تەنها لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئاکپارتی، لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە هەتا ئێستا (٧) سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا گۆڕاوە، هەڵبەت پێنج لەو سەرۆکانەیش تەنها لە ماوەی پێنج ساڵی کۆتایی فەرمانڕەوایی ئەو حیزبە (٢٠١٩-٢٠٢٤) گۆڕاون.

بە پێچەوانەشەوە، دەوڵەت باخچەلی (Devlet Bahçeli)؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) (Milliyetçi Hareketi Partisi) (MHP)؛ کە هاوبەشی ئاکپارتییە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆمار (Cumhur İttifakı)دا، ئاماژی بەوە داوە کە سەرۆکی شارەوانیی هەکاری لە ئاستی باڵای کارگێڕیی پەکەکەدا ئەندام بووەو کاریکردووە، پیرۆزبایی لە وەزیری ناوخۆ کرد لە سەر بڕیاری دورخستنەوەی ئاکش‌و دەستگیرکردنەکەی.
________________
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
https://aawsat.com/شؤون-إقليمية/5027657-تركيا-المحكمة-الدستورية-تلغي-العديد-من-صلاحيات-إردوغان

Send this to a friend