لێکتێگەیشتنی ئاسایش و سەربازیی تورکیا عێراق و ئایندەی هەرێمی کوردستان
ئەحمەد سیروانی
بەرایی
پاش نزیکەی دوو دەیە لە ساردوسڕیی پەیوەندییەکانیان، دواجار ڕێککەوتنێکی ئەمنیو سەربازی لە نێوان تورکیاو عێراقدا واژۆکرا. گرنگترین بابەتی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە ئاسانکاریو پشتیوانیی بەغداد بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیو ئەمنییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستانو عێراقدا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و هاوپەیمانو دۆستەکانی. لە بەرانبەردا تورکیا بەخشینی بۆ هاوڵاتیانی خوار تەمەنی (١٥) ساڵو سەرووی تەمەنی (٥٠) ساڵی عێراق لە وەرگرتنی ڤیزە بۆ چوونەناو تورکیا دەرکردووە. ئەمە جگە لەوەی لە بەردانەوەی ئاوی ڕوبارەکانو ڕێگەی گەشەپێداندا؛ تورکیا پشتیوانیی عێراق دەکات. هەرچەندە ئەم خاڵەیان زیاتر لە عێراق، بۆ تورکیا جگە لە ڕوانگەی ئابووری، لە ڕووی ئەمنییشەوە بەسوودە. لە هەمان کاتدا خاڵە جەوهەرییەکانی ڕێککەوتنەکەی (١٥)ی ئابی (٢٠٢٤)ی ئەنقەرە لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی تورکیاو عێراقدا کاریگەریی نزیکو دوورمەودای لە سەر ئایندەی هەرێمی کوردستانو بەرەی نەیاری بەغداد دەبێت. لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ شیکاریی ئەو خاڵانەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەنجامی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوەیەکی گشتیو بە تایبەتییش پێشبینییەکان بۆ ئایندەی هەرێم خراوەتەڕوو.
لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی مێژوویی
ڕۆژی چوارشەممە؛ (١٤)ی ئابی (٢٠٢٤)، وەفدێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حسێن؛ وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆکوەزیرانو بە ئەندامیەتیی سابیت محەمەد سەعید ڕەزا؛ وەزیری بەرگری، فالح فەیاز؛ سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبیو ڕێبەر ئەحمەد؛ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەنقەرەی کردو لەگەڵ هەریەک لە هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گیولەر؛ وەزیری بەرگریو ئیبراهیم کاڵن؛ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریدا (میت) کۆبوونەوە.
سەردانەکەی وەفدی باڵای عێراق لە میانی پێکهێنانی چوارچێوەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراقو تورکیا (Irak ve Türkiye Yüksek Düzeyli Güvenlik Mekanizması) بووە. ئەم چوارچێوەیە لە سەر داوای تورکیا لە ساڵی (٢٠١٩) پێکهێنراوەو بەشێکە لە ستراتیژو هەوڵە دیبلۆماسی، هەواڵگری، ئەمنیو سەربازییەکانی تورکیا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا. چوارچێوەی باڵای ئەمنیی تورکیا تەنها لەگەڵ عێراقدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا، یۆنان، میسرو چەندین وڵاتی دیکەدا ئەم چوارچێوەیەی پێکهێناوە(١).
یەکەم کۆبوونەوەی چوارچێوەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراقو تورکیا (Irak ve Türkiye Yüksek Düzeyli Güvenlik Mekanizması) لە ساڵی (٢٠١٩) لە ئەنقەرە کرا. هەرچەندە چوار ساڵ بە سەر کۆبوونەوەی یەکەمدا تێپەڕی، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا چوارچێوەکە سێ کۆبوونەوەی هەستیاری کرد. کۆبوونەوەی دووەم لە (١٩)ی کانوونی یەکەمی (٢٠٢٣) لە بەغداد کراو بۆ یەکەم جار پەکەکە وەک “مەترسیی هاوبەش” بۆ هەردوو وڵات لە ڕاگەیەنراوی هاوبەشی چوارچێوەکەدا ناسێنرا. لە کۆبوونەوەی سێیەمدا لە (١٤)ی ئاداری (٢٠٢٤) لە بەغدا پەکەکە وەک “ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو” لەلایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقەوە ناسێنرا. ئەم بڕیارە مانگێک پێش سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا بوو بۆ بەغدادو هەولێر. گرنگترینو هەستیارترین کۆبوونەوەی چوارچێوەکە لە ئەنقەرە لە (١٥)ی ئابی ئەمساڵدا کرا. گرنگیو بایەخی ئەو کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی (١٠) ماددەیی لە نێوان وەفدی هەردوو وڵاتدا، کە تێیدا چەندین دەستکەوت بۆ ئەنقەرەو بەغداد بەدەستهێنرا. ئەمە جگە لەوەی پێش چەند ڕۆژێک لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە، دادگای فیدراڵیی عێراق لە سەر داواکاریی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی، سێ پارتی سیاسیی نزیک لە پەکەکەی قەدەغەکردو بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵکەکانی ئەو سێ پارتەی دەرکرد.
بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ڕوداو، “لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنیو سەربازیی تورکیاو عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”، کە لە (١٠) ماددە پێکهاتووە، لە (١٥)ی ئابی (٢٠٢٤) واژۆی وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵاتی لە سەر کراوە(٢).
بە گوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، “ناوەندێکی هاوبەشی ئەمنی” لەلایەن تورکیاو عێراقەوە دەکرێتەوەو بنکەی سەرەکیی لە بەغداد دەبێت، ناوەندەکەش سەر بە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان دەبێت. ئەرکی ئەم ناوەندە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتدا، زانیارییە ستراتیژیو ئۆپەراسیۆنییەکانی هەردوولا دەنێرێت بۆ ناوەندی باڵای فەرماندەیی هەردوو وڵات. هەر بە گوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، “لە سەربازگەی بەعشیقە ناوەندی کاری هاوبەشو پەروەردە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەکرێتەوە.”
دەقی “لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنیو سەربازیی تورکیاو عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”
لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنیو سەربازیی نێوان حکومەتی کۆماری عێراقو حکومەتی کۆماری تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
پێشەکی
لەم لێکتێگەشتنەدا هەریەک لە حکومەتی کۆماری عێراقو حکومەتی کۆماری تورکیا، کە وەک “لایەنەکانی” لێکتێگەیشتنەکە ناویاندەهێنرێت، جەختدەکەنەوە لە سەر هاوبەشیی مێژوویی بەهێزی هەردوولا، ئەمەش لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی ئەمنی، سیاسیو یەکێتیی خاکی هەردوولا. ئەم دوو لایەنە لە ژێر ڕۆشنایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانو یاسا بەرکارەکانی ئێستادا، ڕەزامەندن لە سەر هاوبەشیپێکردنی زانیاری دەربارەی گرووپە تیرۆریستییەکانو لەم ڕێگەیەوە ئاسایشو بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان بپارێزن، هەروەها هاریکاریی هەواڵگریو ئەمنیو سەربازی فراوانبکەن.
ماددەی یەکەم: ئامانج
١. لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ مەترسییە ئەمنییەکان لە هەردوو وڵاتدا. ئامانجی سەرەکی بریتی دەبێت لە نەهێشتنی هەر جۆرە مەترسییەک کە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکان یاخود گرووپە قەدەغەکراوەکانەوە دروستدەکرێت بۆ سەر سەروەریی ئەمنیو سەقامگیریی هەردوولا.
٢. ڕێزگرتن لە سەروەریی هەردوولاو کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە خاکی عێراق.
ماددەی دووەم: چوارچێوە
١. هەردوولا ڕێککەوتن لە سەر کاری هاوبەش لە بواری ئەمنی، سەربازیو هەواڵگری. کاری هاوبەش لەم بوارانەدا دەکرێت:
A.پەروەردەی سەربازیو هێزە چەکدارەکان،
B.فراوانکردنی توانای سەربازی لە سەرجەم بوارەکاندا،
C.ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو هەر جۆرە مەترسییەکی تیرۆریستی،
D.فەراهەمکرنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا،
E.ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی،
F.بابەتەکانی پەیوەست بە چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانەوە،
G.ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تاوانکارییەکانو قاچاخچیەتی،
H.هاوبەشیپێکردنی زانیاریی هەواڵگری،
I.دامەزراندنی ناوەندی کاری هاوبەشی ئەمنی،
J.بەهێزکردنی کاری هاوبەش لە بواری پیشەسازیی سەربازی،
K.توندوتۆڵکردنی هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
٢. پەیوەست بە ئەرکو مافەکانی هەریەک لە بەغدادو ئەنقەرەوە، بڕیارەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە دژی ئەو پەیماننامانە نابێت کە هەردوولا واژۆیان لە سەر کردووە.
ماددەی سێیەم: بنەماو ڕێکارەکانی گونجاندنی لێکتێگەیشتنەکە
هەردوولا بەڵێندەدەن کە پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆرو گرووپە قەدەغەکراوەکان ببنەوە، ئەمەش لە پێناوی ڕێگری لەو گرووپانە هەتا لە خاکی وڵاتێکیانەوە نەبنە مەترسی بۆ سەر خاکی وڵاتێکی دیکەیان. ئەمەش بەم جۆرە جێبەجێدەکرێت:
١. هاوبەشیپێکردنی زانیاریی هەواڵگری لە پێناوی زامنکردنی ئاسایشی سنوورەکاندا،
٢. ڕێگری لە چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان لە خاکی هەردوو وڵاتدا،
٣. ڕێگریکردن لە دابینکردنی چەک، پشتیوانیی لۆجیستیو دارایی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان،
٤. دیاریکردنی شوێنی تیرۆریستان، دەستگیرکردنیان، دادگاییکردنو گێڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان لە ڕێگەی کاری هاوبەشەوە،
٥. ڕێگری لە مانەوەی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستیو قەدەغەکراوەکان لە خاکی هەردوو وڵاتدا.
ماددەی چوارەم: ناوەندی هاوبەشی ئەمنی
هەردوولا ناوەندێکی هاوبەشی ئەمنی لە بەغداد دادەمەزرێنن. ئەم ناوەندە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێتو لەلایەن کۆماری عێراقو کۆماری تورکیاوە بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێت. ئەرکو چالاکییەکانی ناوەندەکە بەم جۆرەیە:
١. ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری مەیدانی لە سنوورە هاوبەشەکاندا،
٢. گواستنەوەی زانیارییە ستراتیژیو ئۆپەراسیۆنییەکان بۆ ناوەندی باڵای فەرماندەییەکانی هەردوولا،
٣. چاودێریی دۆخی ئەمنی لە سنوورە هاوبەشەکانو ئامادەکردنی ڕاپۆرت لە سەری.
ماددەی پێنجەم: لیژنەی هاوبەش
١. لە سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپای هەردوو وڵاتدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت. لە لایەنی عێراقەوە لە وەزارەتی دەرەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، دەزگای هەواڵگری، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی حەشدی شەعبیو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا ئەندامیان دەبێت.
٢. ئەم لیژنە هاوبەشە سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەیەک دەکات، لە کاتی پێویستدا دەکرێت کۆبوونەوەی نائاساییش بکات.
ماددەی شەشەم: پاراستنی نهێنی
١. لە سەر بنەمای پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەم لێکتێگەشتنەوە، تەواوی ئەو زانیاریو بەڵگانەی هاوبەشییان پێدەکرێت بە نهێنی دەپارێزرێن.
٢. پێدانو ڕوونکردنەوەی زانیاریو بەڵگە نهێنییەکان بۆ لایەنی سێیەم قەدەغەیە.
ماددەی حەوتەم: چارەسەری لێکتێنەگەیشتنەکان
لە دۆخی کێشەو لێکتێنەگەیشتندا، پێش پەنابردن بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی گفتوگۆو کۆبوونەوەوە چارەسەریدەکەن.
ماددەی هەشتەم: چاوپێداخشاندنەوەو گۆڕانکاری
لە کاتی پێویستیدا هەر لایەنێک دەکرێت پێشنیاری گۆڕانکاری لە بڕیارەکانی ئەم لێکتێگەیشتنەدا بکات. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی لایەنی بەرانبەر، دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئاسایی لیژنە هاوبەشەکاندا گفتوگۆی لە سەر بکرێت، لە کاتی ڕەزامەندیو لێکتێگەیشتنی هەردوولاو دوای واژۆکردنی هەردوولا لە سەر پێشنیارەکە، بە گوێرەی پابەندبوون بە ماددەی نۆیەمەوە گۆڕانکارییەکە بۆ لێکتێگەیشتنەکە زیاددەکرێت.
خاڵی یەکەمی ماددەی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکە لە ئایندەیەکی دووردا ڕەنگە دەرفەتێکی زێڕین بدات بە دەست ئەنقەرەو بەغدادەوە بۆ هێرشی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمی کوردستانو دواجار لەناوبردنی ئەم ئەزموونە بە هاوبەشیی هەردوولا.
ماددەی نۆیەم: جێبەجێکردنو کۆتاییهاتن
ئەم لێکتێگەیشتنە دوای واژۆکردنی دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوەو بۆ ماوەی ساڵێک کاریپێدەکرێت. ئەگەر لایەنێک نەیەوێت لێکتێگەیشتنەکە تازەبکاتەوە، لە ڕێگەی ناوەندە دیبلۆماسیەکانەوە لایەنی بەرانبەر ئاگاداردەکاتەوە.
١. پێویستە هەردوولا لە ڕێگەی پێکدادانی ئاگادارینامەیەکەوە بە لایەنی بەرانبەر، کە تێیدا بە واژۆکراوی لایەنی بەرانبەر ئاگاداربکاتەوە، کە بڕیارەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی وڵاتەکەیدا گونجاوە، پاشان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
٢. ئەم لێکتێگەیشتنە وەک پڕۆتۆکۆڵ بۆ ماوەی ساڵێک دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوەو دەکرێت تازە بکرێتەوە. لە دۆخێکدا لایەنێک نەیەوێت لێکتێگەیشتنەکە نوێبکاتەوە، لەڕێگەی ناوەندە دیبلۆماسییەکانەوە داواکاری پێشکەشدەکاتو دوای شەش مانگ لە پێشکەشکردنی داواکارییەکە، لێکتێگەیشتنەکە هەڵدەوەشێتەوە.
ماددەی دەیەم: واژۆو ڕێکەوتی لێکتێگەیشتنەکە
١. ئەم لێکتێگەیشتنە بە زمانی عەرەبی، تورکیو ئینگلیزی نوسراوەو سەرجەم دەقەکان وەک یەک وان. لە دۆخی جیاوازی لە لێکدانەوەو ڕاڤەکردنی ماددەو دەستەواژەکاندا، دەقە ئینگلیزییەکە وەک زمانی سەرەکیی لێکتێگەیشتنەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
٢. ئەم لێکتێگەیشتنە لەلایەن وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات یاخود بەرپرسانی پەیوەندیداری فەرمییەوە واژۆکراوە.
بەدەر لە “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”
جگە لە “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”، وەک لە خاڵی یەکەمی ماددەی دووەمی لێکتێگەیشتنەکەدا ئاماژەیپێدراوە، هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاساییو قاچاخچیەتی لە سنوورەکانی هەردوولا توندتربکرێتەوە. بە جۆرێک ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری ئەم بوارانەش دەگرێتەوەو هەردوولا سوورن لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچیەتیو کۆچی نایاسایی.
ئەم هەوڵە لە لایەکەوە ڕێگری لە هاتوچۆی ئەندامانی پەکەکەو گرووپی فەتحوڵڵا گولەن دەکات، هەتا لە ڕێگەی قاچاخەوە هاتوچۆی تورکیا نەکەن. ئەمە جگە لەوەی ڕێگە لە کۆچی نایاسایی هاوڵاتیانی عێراقو وڵاتانی دیکە دەگرێت، کە لە خاکی عێراقەوە دەچنە تورکیاوە. لە هەمان کاتدا تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ڕێگریبکات لە چوونەناوەوەی ئەو کەرەستانەی کە قاچاخنو لە عێراقەوە بە لێشاو دەنێردرێتەناو خاکى تورکیاوە، بە تایبەتی ئامێرە ئەلیکترۆنیو کارەباییەکان، جگەرو چایی.
دەستکەوتەکانی ئەنقەرە
زۆربەی ماددەکانی لێکتێگەیشتنەکە لە بەرژەوەندیی ئەنقەرەیە. هەڵبەت پێش ڕێککەوتنەکە عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییەکانی سێ پارتی سیاسیی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانی دەکرد، ئەمەش بۆ تورکیا دەستکەوتێکی گەورە بوو.(٣)
لە لایەکی دیکەوە، جگە لە بەرتەسککردنەوەی توانای چالاکییەکانی پەکەکەو دۆستەکانیان لە سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتو خاکی عێراقو لابردنی کەمپی مەخموورو ڕێگری لە مانەوەی کوردانی باکوورو پێدانی مۆڵەتی مانەوە پێیان، ئەنقەرە دەرفەتێکی زێڕینی کەوتووەتەبەردەست بۆ ناچارکردنی حکومەتی بەغداد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو دەرکردنی ئەندامانی گرووپی فەتحوڵڵا گولەن، کە لە عێراق مۆڵەتی مانەوەیان پێدراوەو تەنانەت ڕادەستکردنەوەی بەرپرسو ئەندامانی ئەو گرووپە، کە تەنها هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیان، لە بەرژەوەندیی ئەنقەرەیە.
دەستکەوتەکانی بەغداد
هەرچەندە زۆرێک لە ماددەکانی لێکتێگەیشتنەکە لە بەرژەوەندیی تورکیایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە وردبوونەوە لە ماددەو پاشکۆکانی لێکتێگەیشتنەکە، تێدەگەین عێراقیش پشکی خۆی لەو لێکتێگەیشتنەدا بەدەستهێناوە.
جێگیرکردنی دەقی “ڕێزگرتن لە سەروەریی هەردوولاو کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە خاکی عێراق” وەک دووەم ئامانجی ڕێککەوتنەکە، دەستکەوتێکە بۆ عێراقو ئەگەر جێبەجێبکرێت، زۆر گرنگ دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی خاڵی یەکەمی ماددەی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکە، بەغداد هەر کات بیەوێت، دەتوانێت هێزو ڕێکخراوەکانی وڵاتی خۆی بخاتە لیستی گرووپە قەدەغەکراوو تیرۆریستییەکانو بە هاوکاریی تورکیا لێیانبدات. ئەمەش لە کاتی تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێرو هێزە سوننییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداددا، حکومەتی عێراق ئەو ماددەیە دژیان بەکاردەهێنێت.
بە گوێرەی بەندی (B)و (J) لە خاڵی یەکەمی ماددەی دووەم، عێراق سوود لە توانا سەربازییەکانی تورکیا وەردەگرێت بۆ گەشەپێدانی توانای پیشەسازیی سەربازی.
بە گوێرەی خاڵی پێنجەم لە ماددەی سێیەم، پێویستە تورکیا ڕێگری لە مانەوەی هەر بەرپرسو کەسێکی عێراقی بکات کە بەغداد وەک ئەندامی گرووپی تیرۆریستی یان قەدەغەکراو بیناسێنێت. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئیدی لە دوورمەودادا تورکیا نابێتە پەناگەی ههموو ئهوانەی كه لهلایهن بهغداوه دهخرێنه ئهو خانهیهوه.
مەترسییەکانی لێکتێگەیشتنەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان
هەرچەندە ڕێبەر ئەحمەد؛ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک نوێنەری هەولێر بەشداربووە لە کۆبوونەوەکانو مەراسیمی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکەی نێوان ئەنقەرەو بەغداد، بەڵام پێناچێت لە کاتی نوسینەوەی دەقەکانی لێکتێگەیشتنەکەدا نوێنەری هەرێم هەبووبێت، یان ڕەنگە تەنها وەک گوێگرێک ئامادەی کۆبوونەوەکان بووبێت. ئەمە جگە لەوەی لە پێشەکیی لێکتێگەیشتنەکەدا هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی جێبەجێکارو مافپێدراو ناوینەهاتووە.
ئەوەی مایەی سەرنجە، ژمارەیەک خاڵ لەو لێکتێگەیشتنەی نێوان عێراقو تورکیادا جێگیرکراوە کە نەک تەنها مەترسییە بۆ سەر پەکەکە، کە ئامانجی سەرەکیی لێکتێگەیشتنەکەیە، بەڵکو دۆخی عەرەبی سوننەی عێراقو ههرێمی كوردستانیش دەخاتەمەترسییەوەو لەوانەیە کۆتوبەندیانبکات.
بە گوێرەی خاڵی پێنجەم لە ماددەی سێیەمی لێکتێگەیشتنەکە، پێویستە تورکیا ڕێگری لە مانەوەی هەر بەرپرسو کەسێکی عێراقی بکات کە بەغداد وەک ئەندامی گرووپی تیرۆریستی یان قەدەغەکراو بیناسێنێت. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئیدی تورکیا نابێتە پەناگەی بۆ ئهوانەی كه لهلایهن بهغداوه دهخرێنه ئهو خانهیهوه.
بە گوێرەی خاڵی یەکەمی ماددەی یەکەم، تورکیا دەتوانێت داوا لە عێراق بکات ڕێگری لە چالاکییەکانی هەر پارتو ڕێکخراوێک بکات کە لەلایەن ئەنقەرەوە وەک گرووپی تیرۆریستیو قەدەغەکراو یاخود مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەبینرێت. ئەمە جگە لەوەی لە دۆخی تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەغداد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانو حیزبە سیاسییەکانی هەرێمدا لە ڕێگەی ناساندنی ئەو حیزبو ڕێکخراوانەوە بە گرووپی تیرۆریستیو قەدەغەکراو، دەکرێت ڕێگری لە تورکیا بکات بۆ هاوکاریکردنیان. تەنانەت ڕەنگە لە دوورمەودادا ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بدات بە دەست ئەنقەرەوە بۆ هێرشی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمی کوردستانو دواجار لەناوبردنی ئەم ئەزموونە بە هاوبەشیی بەغدادو ئەنقەرە. لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی کۆڵبەرو ئەو کەسانەی کاری قاچاخی دەکەن لە سنوورەکانی نێوان عێراقو تورکیا، کوردن، هەر بۆیە جەختکردنەوەی لێکتێگەیشتنەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاساییو قاچاخچیەتی، پێش هەر کەسێک زیانێکی گەورەیە لە کۆڵبەرو گەنجی باشوورو باکووری کوردستان.
گرووپی فەتحوڵڵا گولەنو لێکتێگەیشتنی ئەنقەرەو بەغداد
هەرچەندە تەواوی میدیاو ناوەندەکانی توێژینەوەو شیکاری لە تورکیاو عێراقو ناوچەکە لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەنقەرەو بەغدادیان وەک ڕێککەوتنێک دژی پەکەکە ڕاڤەکردووە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە چەندین ڕێکخراوی دیکە هەیە لەلایەن ئەنقەرەو بەغدادەوە وەک گرووپی تیرۆریستیو قەدەغەکراو ناسێنراون.
دیارترینی ئەو ڕێکخراوانەش گرووپی فەتحوڵڵا گولەنە، کە لە تورکیادا بە گرووپی تیرۆریستیی فەتحوڵاجی (فەتۆ) (Fethullahçı Terör Örgütü (FETÖ))و لە هەرێمی کوردستانو عێراقیش بە “گرووپی خزمەت” ناسراوە. ئەم گرووپە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە پلانداڕێژەرو ئەنجامدەری کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) تۆمەتباردەکرێت.(٤)
لێرەوە تێدەگەین سەرجەمی ئەو خاڵانەی باس لە پابەندبوونی هەردوو وڵات دەکات بە ڕێگریکردن لە چالاکیی گرووپە تیرۆریستیو قەدەغەکراوەکانو ڕێگەنەدان بە مانەوەی لە وڵاتو بەکارهێنانی خاکی وڵاتێکیان بۆ لێدان لە سەرەوەریو ئاسایشی وڵاتی بەرانبەر، پابەندی بە سەر حکومەتی عێراقەوە دروستدەکات بۆ لێدان لە گرووپی فەتحوڵڵا گولەن لە ناوخۆی عێراقو ڕادەستکردنەوەی بەرپرسو ئەندامانی ئەو گرووپە، کە خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکیان، بە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە.
ئێرانو پشتیوانی لە نزیکبوونەوەی عێراقو تورکیا
ئەوەی ڕوونە، کاریگەریی ئێرانە بە سەر بڕیارەکانی بەغدادەوە، بە جۆرێک بەرپرسانی باڵای عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ تارانو بە تایبەتی لە دۆسیەی پەیوەندیدار بە پەکەکەو تورکیا ناتوانن بڕیاری خۆیان بدەن، بەڵام ئەوەی ناڕوونە، هەڵوێستی ئێرانە بەرانبەر بە لێکتێگەیشتنەکەی تورکیاو عێراق.
هەرچەندە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە لەلایەن وەزیری بەرگریی عێراقو بەشداریی فالح فەیاز؛ سەرۆکی گشتیی دەستەی حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراقو تورکیاو مەراسیمی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەدا ئاماژەیە بۆ ڕەزامەندیی ئێران لە سەر ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە، بەڵام پێناچێت بە ئاسانی تاران دەستبەرداری پەکەکە ببێتو هەوڵی تەواوی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ مانەوەی ئەو کارتی فشارە بە دەستیەوە دژی ئەنقەرە.
سەرەڕای بەشداریکردنی وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆبوونەوەکانو مەراسیمی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی ئەنقەرەو بەغداد، بەڵام لە پێشەکیی لێکتێگەیشتنەکەدا هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی جێبەجێکارو مافپێدراو ناوینەهاتووە.
پێدەچێت هۆکاری ڕەزامەندیی ئێران لە لێکتێگەیشتنەکە بگەڕێتەوە بۆ پێویستیی عێراق بە تورکیا لە بابەتی دروستکردنی ڕێگەی گەشەپێدان، ئەمەش لەبەرئەوەی ئێران ئەم ڕێگەیە وەک جێگرەوە یاخود ڕکابەری ئەو ڕێگەیە دەبینێت کە لە هیندستانەوە بۆ ئیماراتو سعودیەو پاشان هەتا ئیسرائیلو دواجار بۆ ئەوروپا درێژدەبێتەوە.(٥) واتە ئەنجامی ململانێ هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانی بەرەی ئەمریکا، ئەوروپا، ئیسرائیل، بەشێک لە وڵاتانی کەنداوو هیندستان لە بەرانبەر بەرەی چین، ڕوسیاو ئێران بریتییە لە بونیادنانی ڕێگەی گەشەپێدان لە لایەکو لە هەمان کاتدا واژۆکردنی لێکتێگەیشتنو تەنانەت لە ئایندەشدا دەکرێت بگاتە ئاستی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان بەغدادو ئەنقەرە دژی “گرووپە تیرۆریستیو قەدەغەکراوەکان”.
کام عێراق؟
“ڕێککەوتنی چی؟ لەگەڵ کام عێراقدا؟” ناونیشانی گوتارێکی ئایدن سەلجان (Aydın Selcen)؛ نوسەرو لێکۆڵەری باکووری کوردستان بوو لە (١٧)ی ئاداری (٢٠٢٤) دوای سەردانە چڕوپڕەکانی وەزیرانی دەرەوەو بەرگریو سەرۆکی میتی تورکیا لە سایتی (medyascope.tv) بڵاوکراوەتەوە.(٦)
سەلجان لە گوتارەکەیدا ئاماژە بە پەرشوبڵاویی دەسەڵات لە عێراقو کۆنترۆڵکردنی هەرێمو ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن حیزبو گرووپە جیاوازە نەتەوەیی، مەزهەبیو ئایدۆلۆژییەکانەوە دەکات.
لێرەوە دەتوانین بپرسین: کێن ئەوانەی واژۆیان لە سەر لێکتێگەشتنەکەی نێوان ئەنقەرەو بەغداد کردووە؟ یاخود پشتیوانییدەکەن؟ بە دڵنیاییەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە هەڵوێستی ئەو هێزانە بزانین کە کۆنترۆڵی بەغداد، هەولێر، موسڵ، ئەنبار، کەرکووک، نەجەفو بەسرەیان کردووە، لەبەرئەوەی هەریەکێک لەم هێزانە بە هۆی جیاوازیی نەتەوەیی، مەزهەبیو ئایدۆلۆژییەوە تێڕوانینیان جیاوازەو هەریەکەیان پشتیوانی لە هێڵێکی سیاسیو سەربازیی ناوچەییو نێودەوڵەتی دەکەن، هەر بۆیە پێناچێت بە ئاسانی ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان تورکیاو عێراق بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە دەربڕینێکی دیکە، لە تەواوی خاکی عێراقدا بە هەمان جۆر ماددەو خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە مەحاڵە جێبەجێبکرێت. باشترین بەڵگەش جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراقە دەربارەی قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسیی نزیک لە پەکەکە لە عێراقو بە تایبەتی هەرێمی کوردستان وەک یەک.
کۆتایی
مێژووی سەدساڵەی دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیاو دەوڵەتی عێراق پڕە لە هەورازو نشێو لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا. ئەگەر تورکیا گلدانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلەو فورات وەک چەکێک دژی عێراق بەکاربهێنێت، ئەوا بوونی چەکدارانی پەکەکەو هێزە کوردییەکانی دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەردوو وڵاتدا کارتێکی فشاری بەهێزی دەستی بەغدایە لە بەرانبەر ئەنقەرە.
ئەم لێکتێگەیشتنە دەرفەتی داوە بە تورکیا کە فشاربخاتەسەر بەرپرسانی بەغداد بۆ داخستنی کەمپی مەخموورو تەنانەت ڕادەستکردنەوەی هاوڵاتیانی باکووری کوردستان بە تورکیا. هەروەها بە گوێرەی بەندی (B)و (J) لە خاڵی یەکەمی ماددەی دووەم، عێراق سوود لە توانا سەربازییەکانی تورکیا وەردەگرێت بۆ گەشەپێدانی توانای پیشەسازیی سەربازی.
سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پیشەسازیی بەرگریی تورکیاو تەنگپێهەڵچنینی پەکەکە، تەنانەت لە سنوورەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەو دوورخستنەوەیان بە قوڵایی نزیکەی (٢٠) کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی عێراقو سوریا، بەڵام ئەنقەرە دەیەوێت بە یەکجاری کۆتایی بە دۆسیەی پەکەکەو هاوپەیمانەکانی وەک “گرووپێکی تیرۆریستی” بهێنێت، هەر بۆیە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشی ئاسمانیو درۆنو ئۆپەراسیۆنی زەمینی، لە هەوڵی بێوچاندایە بۆ پارێزگاری لە سەرکەوتنە سەربازیو ئەمنییەکانی لە مەیدانی جەنگو بەهێزکردنیان لە سەر مێزی گفتوگۆ. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی ڕێککەوتنی ئەمنیو سەربازیی فراوان لەگەڵ دراوسێکانی بە تایبەتی عێراقو سوریادا دەدات، ئەمەش جگە لە لەناوبردنی پەکەکە، بە ئامانجی ڕێگرتنە لە گواستنەوەی ئەزموونی کوردی عێراقو سوریا بۆ تورکیا.
هەرچەندە هەتا ئێستا ئومێدێک بەدیناکرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئەنقەرەو دیمەشق، بەڵام هێڵی ئەنقەرە-هەولێر-بەغداد قەرەباڵغەو بەرپرسانی باڵای تورکیا ڕۆژو شەویان خستووەتەسەریەک بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنیو سەربازیی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا. بەغدادیش بە هۆی پێویستیی بە تورکیا بۆ دروستکردنی ڕێگەی گەشەپێدانو خستنەسەرپێی پڕۆژەکەوە، هەتا ڕادەیەکی باش خواستو نزیکبوونەوەی پێوەدیارە. هەریەک لە ئێرانو ڕوسیاو چینیش لە پێناوی دژایەتیی بەرەی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا ئەگەر پشتیوانیی ڕێککەوتنی ئەنقەرەو بەغدادیش نەکەن، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
لەگەڵ ئەوەی پێگەی هەولێر لە قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغداددا بە ڕوونی دیارینەکراوە، بەڵام زۆرێک لە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە تەنها ڕۆڵی گوێگرو جێبەجێکاری فەرمانەکان بدرێت بە بەرپرسانی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە لێکتێگەیشتنو ڕێککەوتنەکانی تورکیاو عێراقەوە، ئەمەش بە هۆی لێکنزیکبوونەوەی بەردەوامی ئەنقەرەو بەغدادو یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانو بچووکبوونەوەو لاوازبوونی بەردەوامی هێزی هەرێمی کوردستانو کەمبوونەوەی پاڵپشتیی دەرەکییەوە. لە هەمان کاتدا بەشێک لە ماددەو خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەنقەرەو بەغداد وەک بۆمبی چێنراوی نەبینراو لە ئایندەی دوورمەودادا دەتەقێتەوە بە خودی بەرپرسو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا.
ماددەکانی لێکتێگەیشتنەکە پابەندی بە سەر حکومەتی عێراقەوە دروستدەکات بۆ لێدان لە گرووپی فەتحوڵڵا گولەن لە ناوخۆی عێراقو ڕادەستکردنەوەی بەرپرسو ئەندامانی ئەو گرووپە، کە خاوەن ڕەگەزنامەی تورکیان بە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە.
سەرچاوەکان
1-MSB.gov, Türkiye ve ABD Yüksek Düzeyli Savunma Grubu Toplantısı ile İlgili Açıklama, 22.12.2023, https://www.msb.gov.tr/SlaytHaber/79843fc3d67e4ed88ea1b82f0ec53159, 24.08.2024.
2-Rudaw.net, Rûdaw, Türkiye-Irak arasında imzalanan ‘güvenlik zaptı’nın içeriğine ulaştı: İşte maddeler…, 20.08.2024, https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/2008202411, 24.08.2024
3-HABERTÜR TV, Irak’tan PKK’ya karşı yeni hamle. Detayları Çetiner Çetin anlattı, 06.08.2024, https://www.youtube.com/watch?v=CyuaKXhBvxo, 24.08.2024.
4-ئایهان جەسور، ئەحمەد سیروانی، (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) شەوی یەکلاییبوونەوەی ململانێی ئیسلامی سیاسیو کۆمەڵایەتی لە تورکیا، وەرزنامەی تورکیاناسی، ساڵی یەکەم، ژمارە (٤)، حوزەیرانی ٢٠٢٤، سلێمانی، لل ٢٦-٤٧.
https://www.centerfs.org/files/2024/06/%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%83%DB%8C%D8%A7%D9%86%D8%A7%D8%B3%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%DB%95-4.pdf, 25.08.2024
5-ئەحمەد سیروانی، چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ ئاڵتان تان (Altan Tan)؛ سیاسەتمەداری کوردو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە (٢٠١١-٢٠٢٨)، ئەنقەرە، (٢٣/٨/٢٠٢٤).
6- Aydın Selcen, Hangi Irak’la neyin anlaşması, 17.03.2024, https://medyascope.tv/2024/03/17/aydin-selcen-yazdi-hangi-irakla-neyin-anlasmasi/, 25.08.2024.