• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 22, 2024

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە نێوان توركیاو عێراقدا؛ لێكەوتەكانی لە سەر هەرێمی كوردستان

زانیار حەمەد محەمەد ساڵح

پێشەكی

ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، نوێنەرایەتیی دوو لایەنی بەرچاوی ستراتیژیی نەتەوەیی توركیا دەکەن، هەردوو ستراتیژییەكە وابەستەی یەكترین‌و كاریگەرییان لە سەر یەكتری هەیە، شكستهێنانی هەر یەكێكیان كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر ئەوی تریان. لە کاتێکدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان ئامانجیان ئاسایشی نەتەوەییە لە بەرانبەر هەڕەشە هەستپێکراوەکان لەلایەن پەكەكەوە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تورکیا بەرەو سەردەمێکی نوێی خۆشگوزەرانیی ئابووری‌و کاریگەریی ناوچەیی دەبات‌و ستراتیژیی ئاسایش‌و گەشەپێدان بەردەوام كاریگەریی دەبێت لە سەر داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی‌و دەرەوەی تورکیا، کە کاریگەریی قوڵی لە سەر داهاتووی ڕێڕەوی سیاسی‌و ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت. ئەم ڕێبازە گشتگیرە، هەرچەندە پڕە لە ئاڵنگاری، بەڵام جەخت لە سەر خواستەکانی تورکیا دەکاتەوە بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی خۆی لە گۆڕەپانی ناوچەیی‌و جیهانیدا. سەرکەوتنی ستراتیژییەکانی تورکیا بەندە بە چەند هۆکارێکەوە. کاریگەریی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی پەکەکە، لەگەڵ هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی کورد، یەکلاییکەرەوە دەبێت. لە هەمان کاتدا جێبەجێکردن‌و بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پێویستی بە پلاندانان‌و وەبەرهێنان‌و هاوکاریی ناوچەیی بەهێزدەبێت. هاوسەنگکردنی ئەم دوو ئامانجە کلیلی دڵنیابوون دەبێت لەوەی کە تورکیا دەتوانێت هەم گەشەی ئەمنی‌و هەم گەشەی ئابووری بەدەستبهێنێت.

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە نێوان توركیاو عێراقدا

کەسانێک هەن کە پێیانوایە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی نوێ نییەو بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم‌و لە بنەڕەتدا بریتییە لە دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەری “بەسرە – بەغدا – بەرلین”، بەڵام ئەم پڕۆژەیە بە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە ڕاگیراو دواتر بیرۆکەی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە یان پڕۆژەیەکی هاوشێوەی جارێکی تر پێشنیارکرایەوە، کاتێک حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ژێر ناوی “کەناڵی وشک”دا قسەیان لە سەر کرد.

کۆمپانیای کۆریای باشوور (Daewoo) ڕاسپێردرا بۆ کارکردن لە سەر جێبەجێکردنی پڕۆژەكە.(١) سەرەتا پڕۆژەکە بە”کاناڵی وشک” ناونرابوو بەر لەوەی لە ئازاری (٢٠٢٢) بگۆڕدرێت بۆ “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” یاخود ڕێگەی گەشە، کە ھاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق‌و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیادا، کە لە ئازاری (٢٠٢٢) لە ئەنقەرە کرا، ئێستا پڕۆژەکە بە “بناغەی پڕۆژەی ئابووریی بەردەوامی نانەوتی” ناودەبرێت.

پڕۆژی”ڕێگەی گەشەپێدان” پرسی گرنگی سەردانەکەی (٢٢ – ٢٤)ی ئابی (٢٠٢٣)ی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، بوو بۆ عێراق، ئەمە جگە لە گفتوگۆکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆكکۆماری تورکیا، لە لوتکەی سەرکردەکانی (G20)دا کە لە ڕۆژانی (٩)و (١٠)ی ئەیلوولی (٢٠٢٣) لە نیودەلھی بەڕێوەچوو. ڕۆژی (٢٧)ی ئایاری (٢٠٢٣)، بە بەشداریی نوێنەری ھەریەک لە وڵاتانی سعودیە، تورکیا، سوریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان‌و ئێران، ھەروەھا نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتی‌و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی “ڕێگەی گەشەپێدان” لە بەغدا بەڕێوەچوو.(٢) ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، (٢٢)ی نیسانی (٢٠٢٤) لە سەردانێکی فەرمیدا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد. سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ عێراق دوای (١٣) ساڵ بوو، کە تێیدا ڕێککەوتنی “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتەوە واژووکرا.(٣) بە پێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، عێراق‌و تورکیا لە سەردانە یەکڕۆژییەكەی ئەردۆگاندا زیاتر لە (٢٦) ڕێککەوتننامەیان واژووکردووە، ئەردۆگان‌و سودانی، هەروەها سەرپەرشتیی واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوارقۆڵیی نێوان تورکیا، عێراق، قەتەرو ئیماراتیان کرد بۆ هاوکاریی هاوبەش لە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق، کە (١٧) ملیار دۆلاری تێدەچێت، هەریەک لە وەزیری گواستنەوەو هەواڵداری قەتەرو وەزیری ژێرخان‌و گواستنەوەی ئیمارات ئامادەبوون. پڕۆژەی ڕێگەوبان‌و شەمەندەفەرەکە بە درێژایی (١٢٠٠) کیلۆمەتر (٧٤٥ میل)، ئامانجی ئەوەیە عێراق بکاتە ناوەندێکی ترانزێت، ئاسیاو ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە(٤). دوای تەواوبوونی “بەندەری فاو” دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە درێژییەکەی (١٤) هەزارو (٥٢٣) مەتر دەبێت. ئەو پڕۆژەیەی باسکراوە، عێراق بە ڕێگەی وشکانی‌و هێڵی شەمەندەفەرەوە بە ئاسیاو ئەوروپا دەبەستێتەوەو ئامانجیشی کەمکردنەوەی کاتەکانی گواستنەوەو گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ ناوەندێکی ترانزێت. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە بە “ڕێگەی ئاوریشمیی عێراق” ناودەبرێت، وەک تێپەڕگەیەکی ڕکابەری نۆکەندی سوێس دادەنرێت‌و ئامانج لێی خێراکردنی گواستنەوەی کاڵاو شتومەکی بازرگانییە لەم ڕێگەیەوە. ئەو ھێڵی ئاسنین‌و ڕێگە خێرایەیە کە بەندەری فاو بە سنووری تورکیاوە دەبەستێتەوە، بۆیە ئامادەیە ڕکابەریی هەردوو دەستپێشخەریی پشتێن‌و ڕێگەوبانی چین‌و كۆریدۆری ئابووریی هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا بکات، کە هیچ کامیان بە عێراقدا تێناپەڕن.(٥) هێڵی پڕۆژەی گەشەپێدانی ستراتیژی بریتییە لە گواستنەوە لە بەندەری گەورەی فاوەوە لە بەسرە لە باشووری عێراق بۆ ناوچەی پێشخابوور لە سەر سنووری تورکیا. لەو چوارچێوەیەدا، هێڵێکی شەمەندەفەر بە درێژیی (١١٧٥) کیلۆمەترو ڕێگەیەکی وشکانی بە درێژی (١١٩٠) کیلۆمەتر دروستدەکرێت، ڕێگەکە لە باشووری وڵات دوو ڕێڕەوی جیاوازی هەیە، بەڵام لە باکووری پارێزگای کەربەلا یەکتر دەبڕن، پاشان هاوتەریبی یەکتر دەڕۆن هەتا دەگەنە ناوچەی پێشخابوور، لە بەندەری گەورەی فاو لە باشوورەوە درێژدەبێتەوە، پاشان بە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، کەربەلاو نەجەف، بەغدای پایتەخت، سەڵاحەدین‌و نەینەوادا، تێدەپەڕێت‌و لە خاڵی سنووریی پیشخابوورەوە بەرەو دیوی تورکیا کۆتاییدێت. ڕێگەكە بە ناو (١١) پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت.

نەخشەی (١): هێڵی وشکانی‌و شەمەندەفەر لە عێراق‌و تورکیا ڕووندەکاتەوە

سەرچاوە: (https://www.aa.com.tr)

کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق بەردەوامە، کە بە یەکەم وێستگەی پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان” دادەنرێت، بەندەرەکەیش دەکەوێتەسەر ڕووباری شەتولعەرەب، کە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلەو فورات تێیدا کۆدەبنەوە، پێش ئەوەی بچنە کەنداوی عەرەبییەوە. پڕۆژەکە لە ناوچەی بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرە دەستپێدەکات‌و بە شارەکانی دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بەغداو موسڵدا تێدەپەڕێت، پاشان دەگاتە بەندەری مێرسینی تورکیا. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (PEG Infrastructure)ی ئیتاڵییەوە دیزاینکراوەو دوای تێپەڕبوونی بە بەغدادی پایتەخت‌و شاری موسڵدا، کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، لە گوندی “ئۆڤاکۆی” لە پارێزگای شرناخەوە دەچێتە تورکیا.

بڕیارە لە ساڵی (٢٠٢٥)دا کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو تەواوبکرێت، ھەروەھا پێشبینیدەکرێت (٩٠) شۆستە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی تێیدا دروستبکرێت، توانای بەندەری “جەبەل عەلی” لە دوبەی تێبپەڕێنێت، کە (٦٧) شۆستەی بۆ لەنگەرکردنی کەشتی تێدایەو بە گەورەترین بەندەری کۆنتێنەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دانراوە، زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە کێبڕکێدەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە دامەزراندنی ڕێڕەوی ئابووریی نوێ، تورکیا ئامانجی ئەوەیە ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە بەستنەوەی بازرگانیی نێوان ئاسیاو ئەوروپا. یەکێک لە هەنگاوە هەرە چارەنوسسازەکانی ئەم هەوڵە دامەزراندنی ڕێڕەوێکی ئابوورییە لە نێوان عێراق‌و تورکیادا.(٦)

ئەم پڕۆژەیە بە سێ قۆناغ دەکرێت: قۆناغی یەکەم لە ساڵی (٢٠٢٨) کۆتاییدێت، قۆناغی دووەم لە ساڵی (٢٠٣٨) کۆتاییدێت، قۆناغی سێیەم‌و کۆتایی پڕۆژەکە لە ساڵی (٢٠٥٠) کۆتاییدێت‌و قازانجی چاوەڕوانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە ساڵانە، کە بە زیاتر لە (٤) ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێت، ساڵانە خزمەتگوزاریی گەشتکردن بۆ زیاتر لە (١٥) ملیۆن كەس دابیندەکات، زۆرترین خێرایی بۆ گواستنەوەی سەرنشین (٣٠٠) کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا بە شەمەندەفەری خێراو نزیکەی (١٥٠) کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا بۆ گواستنەوەی کاڵا.(٧)

ئۆپراسیۆنی توركیا دژ بە پەكەكەو پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان

تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چڕترکردووەتەوە. ئەم هێرشانە بە ناوی ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ، هەردوو هێرشی زەمینی‌و ئاسمانی لەخۆدەگرێت، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەوەی پەکەکە عێراق وەک بنکەیەک بەکاربهێنێت بۆ هێرش بۆ سەر تورکیا. ئەم دەستپێشخەرییە دوای زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی هاوشێوە لە ساڵانی ڕابردوودا دێت‌و ڕەنگدانەوەی ستراتیژیی بەردەوامی تورکیایە بۆ دامەزراندنی ناوچەی پاراستنی ئەمنی بە درێژایی سنوورەکانی، ئەنقەرە بوونی پەكەكە لە سنوورەكانی بە گەورەترین هەڕەشەی ئەمنی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی.(٨) .حکومەتی تورکیا ئەم ئۆپراسیۆنەی وەک ڕێکارێکی پێویست بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی ئەمنیی لەمێژینەی پەکەکە بە پاساو هێناوەتەوە.

پەکەکە لەلایەن تورکیاو ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، چالاکییەکانی ئەم دواییەی تورکیا بریتی بوون لە جێگیرکردنی ئامێرو كەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی، وەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠)ی دروستکراوی ڕوسیا، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان‌و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی پەکەکەو قەوارە دوژمنکارەکانی دیکە.(٩) لە کانوونی دووەمی (٢٠٢٣)وە ئەنقەرە ئامادەکاریدەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان دژی پێگەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق، بە ئامانجی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو، کە درێژدەبێتەوە بۆ (٣٠-٤٠) کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی عێراقدا. ئەم دەستپێشخەرییە بریتییە لە دروستکردنی بنکەی چاودێری‌و سەربازی بۆ چاودێریکردن. ئەنقەرە بە داننان بە پێویستیی هاوکاریی حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، هەوڵیداوە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی تۆکمە لەگەڵ بەغداددا واژووبکات. ئەم ڕێککەوتنە، کە پەیوەستە بە هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا، وەک بازرگانی‌و بەڕێوەبردنی ئاو، بە واژووکردنی (٢٦) یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن‌و ڕێککەوتنی ستراتیژی لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ بەغدا لە (٢٢)ی نیسانی (٢٠٢٤) جەختی لە سەر کرایەوە، تورکیا ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییە لەگەڵ هەردوو حکومەتی ناوەندی لە بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە هەولێر.(١٠)

لەگەڵ ئەم هەوڵە سەربازییانەدا، ئەنقەرە ئامادەسازییدەكات بۆ ئەوەی لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا ڕۆڵێكی گرنگ‌و تایبەتی هەبێت لە گۆڕەپانی سیاسی‌و ئابووریی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی بازرگانی‌و پەیوەندیی نێوان تورکیاو عێراق‌و ناوچە فراوانەکەیە. ئەم پڕۆژەیە کە پەیوەندیی ڕێگەوبان‌و شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت، مەبەست لێی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان‌و ئاسانکارییە بۆ هەناردەکردنی کاڵا بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. پڕۆژەکە جەخت لە سەر بەرژەوەندیی ستراتیژیی تورکیا دەکاتەوە بۆ ناوچەکە، نەک تەنها لە ڕوانگەی ئەمنییەوە، بەڵکو لە ڕووی یەکگرتنی ئابووری‌و کاریگەریی ناوچەییشەوە.(١١)

تورکیا دەیەوێت بەم پڕۆژەیە حکومەتی عێراق لە دژی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت‌و لە ڕێگەی گواستنەوەی وزەو پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە بەدەر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هیوایەکی گەورەی بە دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە هەیە. بە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە، چەمکێکی نوێی لەودیو سنوورەکانی تورکیای هێنایەئاراوە. تورکیا کە پێشتر ئۆپراسیۆنی ئاسمانی‌و وشکانی بەو شێوەیەی کە ئەمریکا ڕێگەیپێدابوو، لە دژی پەکەکە دەکرد، بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەستی بە دروستکردنی بنکەی سەربازی لە زنجیرەشاخەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. دەکرێت بگوترێت یەکێک لە هۆکارەکانی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی ڕێڕەوەی ڕێگەی گەشەپێدان بوو لە فاوەوە. ئامانجی ستراتیژیی تورکیا بۆ دڵنیابوون لە ڕێگەی گەشەپێدان، داگیرکردنی زنجیرەشاخەکانی هەفتانین، مەتینا، ئاڤاشین، خواکوڕک، زاپ، گارە، قەندیل‌و ئاسۆس بوو.(١٢)

لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و عێراقدا، ڕەچاوکردنی ئەمنی‌و ئابووری دوو بابەتی هەرە گرنگن. تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بنکەی سەربازی بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە لە لە دهۆک‌و هەولێر دامەزراندووە، هەتا ساڵی (٢٠١٦) ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، زۆربەیان کورتخایەن بوون‌و ئەنقەرە ئامانجی دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی لەوێ نەبووە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە (٢٥)ی ئەیلوولی (٢٠١٧)و هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای لە هەولێرو دهۆک زیادکرد، هەر بۆیە سوپای تورکیا لە ساڵی (٢٠١٨) دەستیکرد بە دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی لەو شوێنانە.(١٣) بۆ ئەو مەبەستەیش ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایگەیاندبوو کە پلانی کاریگەریان هەیە بۆ سڕینەوەی پەکەکە بۆ هەمیشەیی‌و دروستكردنی ڕێڕەوی ئەمنی بە قوڵایی (٣٠-٤٠) کیلۆمەتری بە سەر سنووری وڵات لەگەڵ عێراق‌و سوریادا. ئاماژەی بەوەیش كرد کە هەتا هاوینی ئەمساڵ کێشەکانی سنوور لەگەڵ عێراقدا چارەسەردەکەن. هەروەها یەشار گیولەر؛ وەزیری بەرگریی توركیا، جەختی لە سەر ئەوە كردەوە کە “تیرۆر چیتر نابێتە کێشە بۆ وڵاتەکەمان‌و هەتا ئەو کەلێنە ئەمنییە دانەخەین‌و باکووری عێراق لە تیرۆریستان پاکنەکەینەوە، ئەرکەکانمان کۆتایینایەت.”(١٤)

لە لایەکی دیکەوە سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی توركیا لەگەڵ عێراقدا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی وڵاتانی دراوسێ ڕێککەوتن لە سەر هاوکاریکردن لە دژی “پەكەكەو یەپەگە”، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی نوێی بازرگانی‌و ڕەچاوکردنی پێداویستییەکانی عێراقەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە عێراقدا. دواتر ئەردۆگان بە سەردانێکی زۆر چاوەڕوانکراو لە عێراق بوو، کە یەکەم سەردان بوو لەلایەن سەرکردەیەکی تورکیاوە لە ساڵی (٢٠١١)وە، ئەردۆگان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، ڕایگەیاند کە “من باوەڕی تەواوم هەبوو کە بوونی پەکەکە لە عێراق کۆتاییدێت.” لە بەغداد محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو وڵات ڕێککەوتن لە سەر “چوارچێوەی ستراتیژی”، کە چاودێریی ئاسایش‌و بازرگانی‌و وزە دەکات‌و هەروەها ڕێککەوتنێکی (١٠) ساڵە لە سەر بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، کە پێداویستییەکانی عێراق لەبەرچاوبگرێت. سودانی ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەردوو وڵات هاوکار دەبن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان‌و مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکاندا، لە ئاكامی ئەو سەردانەدا عێراق بوونی پەكەكەی لە سەر خاكی خۆی بە نایاسایی ناساندو وەك ڕێکخراوێکی قەدەغەكراو ناویهێنا، بەڵام ئامادەنەبوو وەک تیرۆریست بیناسێنێت.(١٥) بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاوە بڵاوكراوتەوە، بڕیار وایە كە ئۆپراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە ئەم هاوینە دەستپێدەکات، دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدادا، تەنیا پەیوەندیی بە ئاسایشەوە نەبێت، بەڵکو ئۆپراسیۆنەکە بەشێک دەبێت لە ستراتیژییەکی فراوانتر، کە پێشنیاری “ڕێگەی گەشەپێدان”ی تێدایە، کە تورکیاو عێراق بەیەکەوەدەبەستێتەوە، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری‌و سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقدا.

دەکرێت ئەم هەوڵانە بەرەنگاری هەژموونی گەشەسەندووی ئێران ببێتەوە لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا، بەڵام لە پێناوی سەرکەوتنی هەردوو پلانەکەدا تورکیا پێدەچێت پێویستی بە ڕەزامەندی‌و گرەنتیی ئێران ببێت.(١٦) ئەنقەرە وەک یەکێک لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی عێراق ماوەتەوەو کاڵای تورکیایش لە عێراقدا باڵادەستە. گرێبەستەکانی ئەم دواییە دەیسەلمێنن کە بەغدادو ئەنقەرە بواری بازرگانیی زیاتر بەهێزدەكەن، هەروەها هاوکاریی دوولایەنە لە بوارەکانی وزە، بەرگری، گەشتیاری، پەروەردە، وەرزش‌و تەندروستیدا پتەوتردەبێت.(١٧)

بە پێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراوەتەوە، تورکیا بیر لەوە دەکاتەوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠)ی دروستکراوی ڕوسیا بە درێژایی سنوورەکانی عێراق جێگیربکات، ئەمەیش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بۆ سەر پەکەکە لە کوردستانی عێراق جێبەجێبکرێت، ئەمە یەکەم ئۆپراسیۆنی توركیا دەبێت كە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠) جێگیردەكات لە سنوورەكان، لە دوای کڕینی لە ساڵی (٢٠١٧)، سەرەڕای ئیدانەکردنی بەرفراوان لەلایەن هاوپەیمانەکانی ناتۆوە. لە ئەگەری جێگیرکردنی (ئێس-٤٠٠)، كە بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانە، کە گوایە لەلایەن پەکەکەوە دەستیانکەوتووە، بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە تواناکانی (S-400) لە بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەبێفڕۆکەوانە بچووکەکان زیاترە بۆ بەرگریکردن لە مەترسییە ئاسمانییە گەورەکان، لەوانەیش موشەکی کروزو بالیستی، هاوشێوەی ئەوانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەکارهێنراون.

بڕیاری جێگیرکردنی ئەم سیستەمە دروستکراوانەی ڕوسیا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ناتۆدا ئاڵۆزبکات، بە تایبەتی ئەمریکا، کە بە توندی دژی خاوەنداریەتی‌و ئەگەری بەکارهێنانی (ئێس-٤٠٠) لەلایەن تورکیاوە، بە هۆی نیگەرانییەکانی لە کارپێکردنی یەکترو سازشکردن لە سەر سیستەمی بەرگریی ناتۆوە. ئەگەر بە ڕاستی (ئێس-٤٠٠) لەلایەن ئەنقەرەوە جێگیربکرێت، دەکرێت وەک وەڵامێک بێت بۆ هەڕەشە ئەگەرییەکانی موشەکە بالیستییەکانی ئێران، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییە لە باکووری عێراق، بەڵام ئەگەری جێگیرکردنی (ئێس-٤٠٠) نیگەرانی‌و ئاڵۆزییەکی بەرچاو دەوروژێنێت، بە تایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا لە ناو ناتۆو ناکۆکیی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکادا لە سەر خاوەنداریەتیی ئەم سیستەمە دروستکراوانەی ڕوسیا.(١٨)

پێکەوەگرێدانی تورکیا لەگەڵ پڕۆژە گەورەکەی‌و ئۆپراسیۆنی دژە_پەکەکە، چانسی سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان‌و ئۆپراسیۆنەکان بەهێزتردەکات، بەڵام ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە دەتوانێت شمشێرێکی دوولاتیژ بێت؛ ئەگەر لایەنێكیان شکستیهێنا، لەوانەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕێگری لە سەرکەوتنی لایەنەكەی تر بکات. بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشێکی کاریگەر دژی پەکەکە، ئەنقەرە سەرقاڵی دیبلۆماسییەکی چڕ بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی ناوەندیی عێراق‌و فەرماندەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێراندا، دوابەدوای سەردانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا بڵاوکردەوەو تێیدا پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو”و “مەترسیدار بۆ ئەمنیەتی هەردوو وڵات” ناوزەدکرد، کە ئەنقەرە بە سەرکەوتنێکی گەورە سەیریکرد. لەوانەیە تورکیا ئۆپراسیۆنەکەی دژی پەکەکە لە “ناوچەی گارە”، کە دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، چڕبکاتەوە. گرنگترین ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە دڵنیابوونە لە ئاسایشی ڕێگەی گەشەپێدان، کە بە موسڵدا تێدەپەڕێت، کە نزیکەی (٣٠کم) لە گارەوە دوورە. ئەنقەرە بە تایبەتی نیگەرانە لەوەی کە بوونی پەکەکە لە شەنگال (ڕۆژئاوای موسڵ) ڕەنگە كێشە بۆ پڕۆژەکە دروستبكات‌و بەم شێوەیە کارەکانی لە هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دەشتی موسڵ‌و ڕێگەی گەشەپێدانەوە، بۆیە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن: ئەگەر ئەو ڕێڕەوە بکرێتەوە، هەولێرو موسڵ‌و کەرکووک‌و بەغدا بە هاوبەشی لە پڕۆسەکەدا ئاوەداندەکرێنەوە.(١٩)

ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان

دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی ئەمنی‌و سیاسی‌و گرژی‌و ئاڵۆزی لە گۆڕەپانی عێراق، بە تایبەتی دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)، عێراق لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو دەستپێشخەری‌و پڕۆژەی زۆر هەنگاویناوە، کە هاوکار دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەو دروستکردنی ڕۆڵێکی ناوچەیی کاریگەرو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی‌و کەنداودا، بۆیە هەنگاوەكانی بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی پێگەی نیشتیمانیی خۆی بووە، لە بەرانبەر دۆزینەوەی جۆرێک لە هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکانیدا، کە بووەتە هۆی ناهاوسەنگی.(٢٠)

ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بریتین لە ناسەقامگیریی سیاسی، ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە دامەزراوەکانی دەوڵەت‌و پرسە ئەمنییەکان لە عێراق. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا دۆخی ئەمنیی عێراق باشتربووە، بەڵام لەوانەیە بوونی گرووپە میلیشیاکان مەترسی دروستبكەن بۆ پڕۆژەكە. هەروەها چالاکییەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق مەترسییەکی دیکەیە بۆ پڕۆژەکە. تورکیا، کە پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، ماوەیەکە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو گرووپە لە عێراق دەکات، ئاڵۆزترکردنی بابەتەکان، قەیرانی بەردەوامی حوکمڕانی‌و دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراقدا، بوونی گرووپگەلێک، کە وەک بریکاری زلهێزە دەرەکییەکان کاردەکەن، کە پەیوەندیی جۆراوجۆریان بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئاستەنگ دروستدەکات‌و هەروەها بوونی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كە شانەی نوستوویان هەیە، ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا كێشە بۆ پڕۆژەكە دروستبكات، جگە لەوەیش، هەتا ئێستا هیچ ئاشتەوایییەکی تەواو لە نێوان هەولێرو بەغدا نەکراوە، کێشەی چارەسەرنەکراو لە سەر بودجەو دابەشکردنی داهاتی نەوتی‌و نانەوتی، بەڵام پەیوەندییە نزیکەکانی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەم پرسانە کاریگەرییان لە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان نەبێت.

لە هەمان کاتدا ئەردۆگان هەوڵدەدات پڕۆژەکە لە چوارچێوەیەکی ناوچەییدا دابنێت، نەک تەنها وەک دەستپێشخەرییەکی دوولایەنەی نێوان تورکیاو عێراق وێنابکرێت. ڕێگەی گەشەپێدان تەنیا لە ڕێگەی تورکیاوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە نابەستێتەوە، بەڵکو تورکیا بە دەوڵەتانی کەنداویشەوە دەبەستێتەوە. دیدی ئەنقەرە لەم ڕووەوە لەگەڵ سیاسەتی فرەلایەنیدا هاوتەریبە، کە وڵاتانی کەنداو لەم دواییانەدا پەرەیانپێداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا دوای ماوەیەک گرژی‌و ئاڵۆزی، کار بۆ دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات‌و سعودیەدا دەکات.(٢١)

لە لایەكی دیکەوە ڕێكخراوی حیزبوڵڵای عێراق، ڕەخنەی توند لە پڕۆژەی ستراتیژیی “ڕێگەی گەشەپێدان” دەگرێت، ئەبوعەلی ئەلعەسکەری؛ گوتەبێژی هێزە چەكدارەكانی حیزبوڵڵای عێراق، لە پۆستێکدا لە سەر پلاتفۆڕمی (X) گومانی حیزبوڵڵای لە دروستكردنی ڕێگەی گەشەپێدان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەشاردووەتەوەو داوای ڕوونكردنەوەی كردووە. حکومەتی عێراق لە سەروبەندی سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆکكۆماری توركیادا بۆ بەغدا، ڕایگەیاند کە پێشوو بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کردووەو لەو شارانەی دەبن بە ڕێڕەوی ڕێگەكە، وەك بەغدا، پلانی مەیدانی بۆ ڕێڕەوی ڕێگەکە پەسەندکراوە، بەڵام گوتەبێژی حیزبوڵڵا، كە هێزێكی چەكداری نزیك لە ئێرانە، ڕەخنەی توندی لە حکومەتی عێراق گرتووەو ئاماژەی بە نیگەرانیی هێزەكانی لەو ڕێگەیە پیشانداوەو باسی لەوەیش كردووە كە حكومەتی عێراق جددی نییە لە سەر دوورخستنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە وڵاتدا.(٢٢)

هۆكارێكی دیکە بریتیی دەبێت لە لایەنی ئەمنی‌و ڕێگریکردن لە بوژانەوەی باکووری کوردستان، لەبەرئەوەی هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە کوردییەکاندا نییە یان زۆر خراپە. ئایا تورکیا چۆن ئەم پرسە چارەسەردەکات! بە دانانی پارێزەر بۆ هێڵەکان، کە تێچووی پڕۆژەکە زۆر زیاتردەکات، یان پرسی کورد چارەسەردەکات! کە ئێستا چاوەڕواننەکراوە.

لە سەرتاپای عێراق هێڵی نوێی‌ شەمەندەفەری‌و تایبەت بە گواستنەوەی شەمەندەفەری تەنکەری لەگەڵ ڕێگەی خێرادا (High Way) نییە. لە عێراقدا دروستکردنی پڕۆژەکان بە پشک پشکێنەی کۆمپانیا تایبەتەکانی گرووپ‌و حیزب‌و میلیشیاکانە، ئەمەیش کاردەکاتە سەر بڕی تێچوون‌و جۆری پڕۆژەكەو ڕێگەکە بە هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت لە شاری زاخۆ بە مەودای چوار کیلۆمەتر. ئەگەر هەوڵبدرێت لە کوردستان بەدورربگیرێت، ئەوا نابێتە ڕێگەیەکی ئابووری، بەڵکو دەبێت به‌ ڕێگەیەکی سیاسی. لەم دۆخەدا دەبێت بە سوریادا تێبپەڕێت، هەروەها سوپای عێراقی بگاتە سەرسنوور، تورکیا بێتەناو سوریاوە، دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا دووربخرێتەوە، هێزەکانی سوریا بهێنرێتە ئەو ناوچەیە، بەڵام لەم دۆخەدا ئەمریکا ناڕازییە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ئابڵۆقەی سەر ئەسەد، هەروەها دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ئەمنی سەختتردەبێت. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە هیچ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی جیهانیی نییە بیەوێت ئەم هەموو سەرکێشییە بکات. هەروەها بازاڕەکانی ئەوروپا ناتوانن پشت بە ڕێگەیەکی وەها ببەستن کە هێندە ڕێگری‌و کێشەی هەبێت.(٢٣)

یەكێكی تر لەو ئاڵنگارییانەی كە ڕووبەڕووی پڕۆژەكە دەبێتەوە، بریتییە لە ئێران، کاتێک سەیری ئەو پڕۆژانەی ئێران دەكەیت لە بواری گواستنەوەو پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراقدا، بە تایبەتی لە بواری هەناردەکردنی غازو کارەباو کاڵاو پێداویستییەكانی دیکەدا، ئەمە پێچەوانەی ناوەڕۆک‌و ئامانجەکانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، کە بەپێویستیدەزانێت، ئەمەیش بە واتای ڕزگاربوون لە پشتبەستن بە ئێران دێـت، بە تایبەتی لە پرسی وزەی کارەباو گازدا، کە ڕەنگە ئێران بە لایەنی کەمەوە ڕەخنەی لە بارەوە هەبێت، ئەگەر دژایەتینەکات، یان ڕێگری لە جێبەجێکردن یان کارکردنی نەکات، ئێرانیش پێیوایە کە گرنگترین پڕۆژە پەیوەندیی سێقۆڵیی هێڵی ئاسنین، پڕۆژەی “ئێران – عێراق – سوریا”یە، جێگری وەزیری گواستنەوەی ئێرانی لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا ڕایگەیاند کە “پڕۆژەی گەورەی نێوان عێراق‌و ئێران بریتییە لە بەستنەوەی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە شەلەمچە هەتا بەسرە”. ئەم هێڵە درێژکراوەی هێڵی ئاسنینە لە بەندەری خومەینییەوە، هەر بۆیە ئێران کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکات، ئەمەیش پێچەوانەی پڕۆژەو ئاڕاستەی ڕێبازی گەشەپێدانی عێراقە. شاراوە نییە کە ئێران لە گۆڕەپانی عێراقدا کاریگەری‌و کەرەستەی هەیە، کە وایلێدەکات هەر پڕۆژەیەک کە لەگەڵ ڕەوتی بەرژەوەندییەکانیدا بە شێوەی جۆراوجۆر ناکۆک بێت، هەوڵی پەکخستنی بدات.(٢٤) لە نوێترین هەڵوێستی ئێراندا ناسری کەنعانی؛ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتە، كە لە (٢٧)ی ئایاری (٢٠٢٤) دەربارەی هەڵوێستی ئێران لەمەڕ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ڕایگەیاند: ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە بابەتی ڕێڕەوە ترانزێتییەکان لە ناوچەکەدا. ئێمە لە مێژە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ئەو پێگە تایبەت‌و ستراتیژییەی کە لە ناوچەکە هەمانە، بە تایبەتییش لە پرسی ڕێڕەوەکاندا، بەردەوام بە جددی‌و وردییەوە بە دوای ئەم پرسانەدا دەچین. ئێمە پشتیوانیمانکردووە لە هەر پڕۆژە یان دەستپێشخەرییەک کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی، تایبەتمەندی‌و سوودی بازرگانی‌و ئابوورییەوە لە ناوچەکە خراوەتەڕوو و بەردەوامدەبین لەم سیاسەتەیشمان. بەسیاسیکردنی پڕۆژە ترانزێتی‌و بازرگانییەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتانی ناوچەکەدا بە گونجاو نازانین. لە پرسی ڕێڕەوە ترانزێتی‌و بازرگانییەکان خاوەنی کارو پڕۆژەی خۆمانین، لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی‌و بازرگانی‌و هاوکارەکانماندا لە ناوچەکەدا چەندین ڕێڕەومان خستووەتە بەرنامەی کارەوە، لەوانەیش ڕێڕەوی گواستنەوەی باکوور – باشوور، ڕێڕەوی ئیسلام ئاباد – تاران – ئەستەنبوڵ، ڕێڕەوی کەنداوی فارس – دەریای ڕەش‌و ڕێڕەوە هاوشێوەکانی تر، بۆیە سەبارەت بەم پڕۆژانە کەمتەرخەم نیین‌و پرسەکان بە هۆشیاری‌و وردییەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. گەلی ئێران دڵنیادەکەینەوە ڕێگەنادەین لە پرسی پڕۆژە ترانزێتی‌و ڕێڕەو یان ڕێگە گواستنەوەییەکاندا بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی گەل‌و وڵاتی ئێران پەراوێزبخرێت، بۆیە لەم بارەیەوە پرسەکان بە وردی، هۆشیاری‌و نیگەرانییەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.(٢٥)

ئەنجام

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بەشێکە لە دیدی فراوانی تورکیا بۆ ئەوەی ببێتە كارەكتەرێكی سەرەکی لە بازرگانیی ناوچەیی‌و جیهانیداو ڕۆڵی كاراو كاریگەر ببینێت‌و جێپەنجەی خۆی لە سەر سیاسەتی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی دابنێت. ئەنقەرە بە باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی خۆی، ئامانجی ڕاکێشانی وەبەرهێنان‌و زیادكردنی گەشەی ئابووری‌و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوە بازرگانی‌و تەقلیدییەکانە. هەروەها ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ دەستپێشخەریی “كۆریدۆری ناوەڕاست”دا هاوتەریبە، کە هەوڵدەدات تورکیا وەک ناوەندێکی مەركەزی لە دەستپێشخەریی پشتێن‌و ڕێگەوبان (Belt and Road Initiative/ مبادرة الحزام والطريق)، کە چین سەرکردایەتییدەکات، جێگیربکات.

لە ڕووی ئابوورییەوە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان توانای گۆڕینی تورکیای هەیە بۆ هێزێکی لۆجیستی‌و بەردەستخستنی هەلیکارو هاندانی کەرتە جیاوازەکان. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، کاریگەریی تورکیا لە کاروباری ناوچەکەدا بەهێزدەکات، ئەمەیش ڕێگەیپێدەدات ژێرخانی هاوبەشی ستراتیژی‌و هاوپەیمانی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەم پڕۆژە گەورەیە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانیش دەبێتەوە، لەوانە: دەستەبەرکردنی دارایی، بەڕێوەبردنی گرژییە ناوچەییەکان‌و دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆژەکە.

لە نێوان ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەکەکەو ئاواتە گەشەسەندووەکانی تورکیادا، یەکتربڕینێکی دیار هەیە. سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچە کێشەدارەکان وەک لایەنێکی گرنگی سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان سەیردەکرێت. حکومەتی تورکیا كاردەكات بۆ بنبڕکردنی نفوزی پەکەکە لەم ناوچانەدا، ڕێگەخۆشدەکات بۆ ژینگەیەکی ئەمنی‌و سەقامگیر، کە لەبار بێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری‌و ژێرخانی ئابووری. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی نێوان تورکیاو عێراق لێکەوتەی نەرێنیی دوورمەودای دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەكان

  1. https://marsaddaily.com/news.aspx?id=16370&mapid=16.
  2. د.مثنى العبيدي، مشروع طريق التنمية في العراق.. ما له وما عليه، للمزيد من المعلومات ينظر:

https://www.aa.com.tr/ks/توركيا/رێگای-گەشەپێدان-دەرفەتێکی-بەھێزی-وەبەرھێنانە-بۆ-عێراق-و-تورکیا/2994387.

  1. Ylenia Gostoli,What’s behind Turkey and Iraq’s ‘Development Road’ project?, 30 April, 2024, available at: https://www.newarab.com/analysis/whats-behind-turkey-and-iraqs-development-road-project.
  2. Timour Azhari, Ece Toksabay and Ahmed Rasheed .Iraq, Turkey to elevate security, economic ties after Erdogan visit, April 22, 2024, available at:https://www.reuters.com/world/middle-east/turkeys-erdogan-iraq-push-reset-ties-cooperation-against-pkk-2024-04-22/
  3. Ylenia Gostoli, What’s behind Turkey and Iraq’s ‘Development Road’ project?, Ibid.
  4. https://www.trtworld.com/turkiye/turkiye-iraq-development-road-project-forges-new-trade-path-17929034.
  5. د.مثنى العبيدي، المصدر سبق ذكره.
  6. https://www.dailysabah.com/politics/war-on-terror/turkiye-counts-down-to-major-operation-in-iraq-against-pkk.
  7. https://www.defensemirror.com/news/36626/Turkey_to_Deploy_S_400_Air_Defense_Systems_on_Iraqi_Border_for_Operation_Against_PKK_
  8. Turkey Studies Unit, turkish-iraqi-security-agreement-security-in-exchange-for-trade-water, Emirates Policy Center, Abu Dhabi,8 May 2024.
  9. https://www.aljazeera.com/news/2024/1/13/turkey-launches-airstrikes-against-kurdish-rebels-in-iraq-and-syria.
  10. https://erada.media/news.aspx?id=13&mapid=7.
  11. İdris Okuducu,Turkey’s Anti-PKK Operation and “Development Road” in Iraq Are Two Sides of the Same Coin,Fikra Forum,Apr 8, 2024.
  12. https://www.dailysabah.com/politics/war-on-terror/turkiye-counts-down-to-major-operation-in-iraq-against-pkk.
  13. Timour Azhari, Ece Toksabay and Ahmed Rasheed .Iraq, Turkey to elevate security, economic ties after Erdogan visit,April 22, 2024,available.
  14. İdris Okuducu, Ibid.
  15. Ylenia Gostoli,What’s behind Turkey and Iraq’s ‘Development Road’ project?, 30 April, 2024, available at: https://www.newarab.com/analysis/whats-behind-turkey-and-iraqs-development-road-project.
  16. https://www.defensemirror.com/news/36626/Turkey_to_Deploy_S_400_Air_Defense_Systems_on_Iraqi_Border_for_Operation_Against_PKK_.
  17. İdris Okuducu,Ibid.
  18. د.مثنى العبيدي، المصدر سبق ذكره.
  19. Bilgay Duman,Why Turkey-Iraq Development Road is the best way to connect Europe and the Middle East,18 September 2023, available at: https://www.middleeasteye.net/opinion/turkey-iraq-development-road-best-connecting-europe-middle-east.
  20. https://x.com/abualialaskry, @abuialalaskryhttps://x.com/abualialaskry, @abuialalaskry.
  21. د.سەردار عەزیز، ڕێگەی گەشە خەونێكی خۆشە، بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12993.
  22. د.مثنى العبيدي، المصدر سبق ذكره.
  23. https://mfa.gov.ir/, https://mdeast.news/2024/05/27/واکنش-ایران-به-پروژه-جاده-توسعه-عراق/.

 

 

Send this to a friend