• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 5, 2025

پەیوەندییەکانى تورکیاو ئێران دواى کەوتنى ئەسەد

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
پەیوەندییەكانى نێوان تورکیا‌و ئێران هەمیشە یەکێک بووە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە دیارەکانی جیهان‌و لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە گۆڕانکاریی قووڵی بەخۆیەوەبینیوە، بە شێوەیەک هاوسەنگییە ناوچەییەکانی سەرلەنوێ پێناسەکردووەتەوە‌و دوو وڵاتی خستووەتە دۆخێکی ئاڵۆزی هاوکاری‌و کێبڕکێوە. سەرەڕای ناکۆکیی زۆر لە نێوان هەردوو وڵات لە گەلێک بواردا، دواجار تەوەرەکانی هاوکاریی نێوانیان وەک بەربەستێک بووە لە بەردەم قوڵبوونەوەی دوژمنایەتیی نێوانیان. لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییانەی ئەم دواییەدا، گرنگە بزانرێت، کە پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە بە چ ئاڕاستەیەکدا هەنگاودەنێت. ئەم توێژینەوە شیکارییە باس لە خاڵە ناکۆک‌و هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وڵات لە پاش کەوتنى ڕژێمەکەى ئەسەد تایبەت بە سوریا دەکات، بە مەبەستى دەستنیشانکردنی داهاتووى پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

پێشەکى
ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا تەنها لە ماوەی (١٢) ڕۆژدا، کە ئێران بۆ ماوەی (١٣) ساڵ لە ڕووی ئابووری‌و سەربازییەوە پاڵپشتییکردبوو، جیهانی توشی سەرسوڕمان کرد. ڕۆژی (٨)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤)، دوای (١١) ڕۆژ لە هێرشی هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن، ڕوخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد‌و کۆنترۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ڕاگەیەنرا(١).
ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بەشێک بوو لەو پڕۆسەیەی کە لە (٧)ی تشرینی یەکهەمی (٢٠٢٣) بە شەڕی غەززە دەستیپێکرد. حیزبوڵڵا بە هۆی شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلدا، زۆربەی چەکدارەکانی لە سوریا کشاندەوە‌و ڕەوانەی بەرەکانى شەڕى کرد لە لوبنان، هاوکات سەرقاڵیى ئێرانیش بە هێرشەکانى سەر بەرەى مقاوەمەوە، وایکرد ئەسەد بە تەنها بمێنێتەوە. ئێران بۆ زیادکردنی هەژموونى خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ڕێگریکردن لە هێرشکردنەسەری، بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی لە بەرەى مقاوەمەدا کرد، بەڵام ئەو بەرەیە بە پچڕاندنی دەستڕاگەیشتنى ئێران بە حیزبوڵڵا، بەرەو لاوازبوون دەچێت، ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گرنگیى پێگەى سوریا لە ڕووى دابینکردنى پشتیوانیى ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵا(٢).
هەتا ساڵی (٢٠١٩)، وا دیار بوو ئێران دەستی بە سەر چوار پایتەختی عەرەبیدا گرتبێت، کە بریتیی بوون لە بەغدا، دیمەشق، بەیروت‌و سەنعا، بەڵام ئەمڕۆ ئەم هیلالە درزیتێکەوتووە‌و پردی پەڕینەوەى ئێران بۆ لوبنان ڕوخێنراوە‌و هەژموونی حیزبوڵڵا لە ژێر فشاری زیاتری قەیرانەکانی ناوخۆ‌و فشارە سەربازییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدایە.
لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، تورکیا کە خۆی بە میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەزانێت، هاتووەتەوە مەیدان‌و دەیهەوێت ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی کشانەوەی هێزی ئێران‌و ڕوخان‌و لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی هاتووەتەکایەوە، پڕیبکاتەوە‌و باڵانسی هێز لە باڵادەستیی هیلالی شیعەوە بگۆڕێت بۆ هەژموونگەرایی هیلالی تورکی.

پاشخان
لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی (٢٠٠١)و پاشان بۆ عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)، ڕێگەی بۆ ئێران فەراهەمکرد بۆ بەهێزکردنى هەژموونى خۆى لە ناوچەکەدا. ئەم ڕۆڵە نائاساییە درێژکراوەی ئەو سیاسەتەیە، کە لەم ڕووەوە پەیڕەوکراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێرانەوە لە ساڵی (١٩٧٩)، کە ئەویش خۆى لە هەناردەکردنى شۆڕشدا دەبینێتەوە. لە بەرانبەردا سەرکەوتنی پارتی داد‌و گەشەپێدان بۆ دەسەڵات لە تورکیا لە کۆتایی ساڵی (٢٠٠٢)دا، بوو بە هۆی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا‌و سوریایش لە دڵی ئەم گۆڕانکارییەدا بوو، بە تایبەتی لە دوای ساڵی (٢٠٠٦)ەوە. هەردوو وڵات چالاکانە -بە لایەنی کەمەوە لە ڕووی تیۆرییەوە- بۆ ماوەی دە ساڵ لە کێبڕکێیەکی جەمسەرگیریدا خەریکی سەپاندنى هەژموونى خۆیان بوون لە سوریا.
تورکیا‌و ئێران سەرەڕای هەبوونی پەیوەندییە ئابووری‌و کولتوورییەکان، زۆر جار لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بە هۆی جیاوازیی ئایدیۆلۆژی‌و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانەوە کێبڕکێیانکردووە. شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی (١٩٧٩)، تورکیای عەلمانیی هاندا، کە سیاسەتێکی وریایانە بەرانبەر بە ئێران بگرێتەبەر. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سوریا لە ساڵی (٢٠١١)، جیاوازییەكان زیاتر دەرکەوتن(٣).
پەیوەندیی نێوان تورکیا‌و ئێران هەتا شۆڕشی ئێران لە ساڵی (١٩٧٩) باش بووە، دواتر پەیوەندییەکانی نێوانیان تێکدەچێت. بەو پێیەى تورکیا چووە بەرەى ئەمریکا‌و ئیسرائیل، کە دوژمنایەتییان لەگەڵ ئێراندا هەبوو. هەرچەندە بە هاتنى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، هەڵوێستەکانى ئەو وڵاتە بەرانبەر بە ئێران گۆڕانکاریی بەسەرداهات.
ئێران وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەردەوام پشتیوانییەکی بەرفراوانی سەربازی، ئابووری‌و سیاسیی بۆ دیمەشق دابینکردووە. لە بەرانبەردا تورکیا سیاسەتێکی تەواو پێچەوانەی گرتەبەر، بە پاڵپشتیکردنی نەیارانی ئەسەد، بە تایبەت گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ژێر ئاڵای سوپای ئازادی سوریادا(٤).
ئێران، سوریای وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بەرەى مقاوەمە، دەروازەیەکی ستراتیژیی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی لە لوبنان‌و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل دەبینى. لە بەرانبەردا تورکیا هەوڵیدا بۆ فراوانکردنی هەژموونى خۆی لە ناوچەکە‌و بەهێزکردنی ڕۆڵه ناوچەییەکەى‌و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کورد. ئەم ململانێی بەرژەوەندییە بوو بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی تورکیا‌و ئێران لە سوریا(٥).
تورکیا‌و ئێران هەتا ساڵی (٢٠١٠) سەرکەوتوو بوون لە تێپەڕاندنی جیاوازییەکانیان، بەڵام لە ساڵی (٢٠١١) شەڕى ناوخۆیی لە سوریا هەڵگیرسا‌و ئەو وڵاتە بوو بە گۆڕەپانێکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئەم پەیوەندییە‌و بوو بە هۆی دەرخستنى جیاوازییەکانیان لە دید‌و سیاسەتەکانیاندا. دوو سیاسەت بۆ دوو وڵاتی پەیوەندیدار، یەکێکیان پشتیوانی لە ڕژێمی سوریا دەکرد‌و ئەوی دیکەیش پاڵپشتیی لە شۆڕشی سوریا دەکرد. لە هەمان کاتدا هەردوو لایەن سەرنجیان لە سەر چارەنوسی پڕۆژە ناوچەییەکەیان بوو، کە تیشکدەخاتەسەر پێگەى جیۆستراتیژیی سوریا، نەک تەنها لە چوارچێوەی جوگرافیای دیاریکراوی خۆیدا، بەڵکو لە درێژکراوە عەرەبییەکەیشیدا.
گرنگیی ئەو دوو وڵاتە‌و ڕۆڵی جیۆپۆلەتیکییان لە ناوچەکەدا تەنها لە قۆناغی ئێستادا سنووردار نییە، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە کە تایبەتمەندیی تائیفی‌و نەتەوەیی جیاوازیان هەیە، هەمیشە توشی ململانێ‌و کێبڕکێ بووبوون لە پێشووتردا، کە هەندێکیان سەرەتاکانى دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی سەفەویی شیعە‌و دەوڵەتی عوسمانیی سوننە، کە هەتا شەڕی بەناوبانگی چاڵدێران لە ساڵی (١٥١٤) بەردەوامبووە.
لەو چوارچێوەیەدا، سوریا بە پێگە جیۆستراتیژییەکەی لە ناوچەی هیلالی خەسیب (بەو ناوچە مێژووییە دەگوترێت، کە چەندین شارستانیەتى یەکلەدواییەکى بەخۆوەبینیوە‌و وڵاتى نێوان دوو ڕوبار‌و وڵاتى شام دەگرێتەوە) گرنگییەکی گەورەو ناوازەی هەیە، بە تایبەتی بۆ پڕۆژەکانی تورکیاو ئێران. پێگەى ئەم وڵاتە لە ڕووى جوگرافی‌و ڕەهەندە جیۆسیاسییەکەیەوە گرنگییەکی زۆری پێبەخشیوە(٦).
سەرەڕای کێبڕکێی توندى تورکیاو ئێران، ئەم دوو وڵاتە لە هەندێک کاتدا هەوڵیانداوە گفتوگۆبکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانى نێوانیان. کۆبوونەوە سێقۆڵییەکانی ئاستانە، کە بە بەشداریی ڕوسیا بەڕێوەچوو، سەکۆیەکی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان‌و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان دابینکرد، بەڵام ئەم سەکۆیەیش زۆر درێژەینەکێشا.

ڕۆڵی تورکیا‌و ئێران لە سوریا پێش ڕوخانی ئەسەد
– تورکیا لە ساڵی (٢٠١١)ەوە لە ڕووی سیاسی‌و سەربازییەوە پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆنی سوریای کردووە، ئامانجی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد‌و ڕێگریکردن بووە لە دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی لە سەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی. ئەنقەرە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وەک قەڵغانی فورات، چڵەزەیتوون‌و کانیئاشتی لە دژى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کردووە، هەروەها ڕۆڵی کارای لە پڕۆسەی دانوستانەکانی ئاستانەدا بینیوە.
– ئێران حکومەتی سوریای بە پایەیەکی گرنگ بۆ پڕۆژەی ناوچەیی خۆی دەزانی، هەر بۆیە لە ڕووی سەربازی‌و ئابووری‌و سیاسییەوە پشتیوانیی ڕژێمی ئەسەدی کرد‌و هێزی شیعەی ڕەوانەی سوریا کرد بۆ پاراستنی هەژموونى ستراتیژیی خۆی‌و بەهێز_ڕاگرتنى بەرەى مقاوەمە.

بوونى ئێران لە سوریا
سەرەتاى بوونى سەربازیى ئێران لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٢)، لەو کاتەدا قاسم سولەیمانی؛ فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، زنجیرەیەک سەردانی بۆ سوریا کرد بۆ هەڵسەنگاندنی سەقامگیریی ڕژێمی ئەسەد. دەگوترێت ئەم سەردانانە نیگەرانییەکانی لە توانای ڕژێم بۆ بەرگەگرتنی گوشاری ئۆپۆزسیۆن وروژاندووە. دواتر سولەیمانی گەشتێکی بۆ لوبنان کرد‌و لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی ئەو کاتەی حیزبوڵڵای لوبناندا کۆبووەوە، بە مەبەستى تاوتوێکردنى چۆنیەتیى بەهێزکردنی تواناى بەرگریی ڕژێمەکەى ئەسەد. فشارەکانی سولەیمانی‌و نەسروڵڵا؛ یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی بڕیاری ئێران بۆ دەستوەردانی سەربازی لە سوریا، بە تایبەتی لە باوەڕهێنان بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران‌و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران بۆ تێپەڕاندنی دوودڵیی سەرەتایی خۆیان بۆ دەستوەردانى سەربازى لە سوریا. خامنەیی نیگەرانیی زۆری لە بەرانبەر بەڵێنە گەورەکانی سولەیمانى‌و نەسروڵڵا دەربڕیبوو، بەڵام دواتر سولەیمانی‌و نەسروڵڵا بە پاساوەکانیان توانییان خامنەیی بهێننەسەر ئەو باوەڕەى کە دەستوەردانی سەربازى لە سوریا پێویستە بۆ پاراستنی حیزبوڵڵا‌و فراوانترکردنى کاریگەریی ناوچەیی ئێران.

وەبەرهێنانى ئابوورى‌و مرۆیی
لە ماوەی (١٣) ساڵی ڕابردوودا، ئێران بە بڕی نزیکەی (٣٠) بۆ (٥٠) ملیار دۆلار لە سوریا وەبەرهێنانى کردووە، ئەمەیش پابەندبوونی پتەوی خۆی بە دەستەبەرکردنی مانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد نیشاندەدات. ڕاوێژکارانی ئێران، بە تایبەتیی ئەوانەی لە سوپای قودسەوە چووبوون، ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە پاراستنی حکومەتی ئەسەد لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بینیوە. ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە دووهەزار بەرگریکاریی مەزارگە –وەک ئێران ناویاندەهێنێت– کوژراون، پێیشدەچێت زۆربەی کوژراوەکان بە ڕەگەز ئەفغانی بن، کە سەر بە لیوای فاتمیون بوون، هەرچەندە ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندەکانى سوپای پاسدارانیشی لە سوریا لەدەستدا.

ئێران لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا دزەیکردبووەناو پێکهاتە سەرەکییە سەربازی‌و نیمچەسەربازییەکانی سوریا، لەوانە هێزەکانی پاراستنی نیشتیمانی، کە تۆڕێک بوون لە میلیشیاکانی لایەنگری ڕژێم، کە ئێران هاوکار بووە لە ڕێکخستن‌و چەکدارکردن‌و‌ ڕاهێنانیاندا. ئەم هێزە لە ساڵی (٢٠١٣) بە سەرپەرشتیی سوپای پاسدارانی ئێران پێکهاتووە‌و بووە بە هێزێکی یارمەتیدەری سەرەکیی هێزە ناوخۆییەکان(٧). قەبارەی ئەو قەرزەیش کە ئێران داویەتى بە سوریا بۆ پاڵپشتیی سەربازی بە درێژایی ساڵانی قەیرانی سیاسیی سوریا، بە (١٠٠) ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێت.

گۆڕینی هەڵوێستى ئێران
سەرەڕای کاریگەریی بەهێزی ئێران بە سەر دیمەشقەوە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٤)ەوە ئەو کاریگەرییە بە شێوەیەکی بەردەوام دابەزینی بەخۆیەوەدەبینی، چونکە ئەسەد هەتا دەهات، ڕێگەیەکی سەربەخۆترى دەگرتەبەر، کە زۆر جار لەگەڵ ئامانجە ناوچەییەکانی تاراندا ناکۆک بوو. گومانەکانی ئێران بەرانبەر بە ئەسەد ئەو کاتە زیادیکرد، کە دوای ئەوەی زنجیرەیەک زانیاریى جموجوڵی فەرماندەکانى سوپای پاسدارانی ئێران، دزەیپێکرا‌و بە هۆیەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانەئامانج. سوپای قودس، کە لە ئازادییەکی ڕێژەیی بەهرەمەند بوو لە سوریا، تێبینیی ئەوەی کرد، کە دەسەڵاتدارانی سوریا جموجوڵەکانیان بەرتەسکدەکەنەوە، بۆ نموونە ئەسەد داواکارییەکانی کردنەوەی بەرەی جۆلان لە دژی ئیسرائیلى ڕەتکردەوە‌و چالاکییە ئایینییەکانى شیعەکانى لە سەرانسەری سوریا سنووردارکرد، ئەمەیش ڕاستەوخۆ ئاڵنگارى بوو بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ فراوانکردنی کاریگەرییە ئایدیۆلۆژی‌و کولتوورییەکانی لە ناوچەکەدا(٨).
هاوکات لەگەڵ پاشەکشەى هێزەکانى ڕژێمى ئەسەد‌و پێشڕەویى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن لە بەرانبەردا، ئێران هێزەکانى حەشدی شەعبی ئامادەکرد بۆ بەرگریکردن لە ئەسەد، بەڵام حکومەتی عێراق ڕەتیکردەوە ئەو هێزانە لە سنوور بپەڕنەوە بەرەو سوریا. ئێران لە بریی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بەم بڕیارە، زۆر بە سانایی ڕازیبوو، دواتر هێزەکانی خۆی بەبێ بەرگرى لە دەروازەی ئەلقائیم-ئەلبوکامال-ەوە بۆ ناو عێراق کشاندەوە(٩).

ئێران دەچێتەوە بۆ سوریا؟
ئێران چەندین جار تواناى خۆی نیشانداوە لە سوودوەرگرتن لە قەیرانە ناوچەییەکان بە قازانجی خۆی، ڕەنگە ئێستا گرەو لە سەر ڕەخساندنى دەرفەتی نوێ بکات بۆ سەپاندنەوەى هەژموونى خۆی، بە تایبەت کە هێزە جیاوازەکانى ئۆپۆزسیۆن کێبڕکێ لە سەر دەسەڵات دەکەن، بۆ نموونە بەرەنگاربوونەوەى دەستوەردانەکانى تورکیا لەلایەن هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوە لە سوریا، دەتوانێت دەرفەت بێت بۆ ئێران بۆ خۆنزیککردنەوە لە کورد‌و دووبارە گەڕانەوە‌و دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیی سوریا. بە هەمان شێوە، توانای ئێران بۆ کارکردن لەگەڵ گرووپە سوننەکاندا دەتوانێت ببێت بە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانیی دژ بە ئیسرائیل(١٠).
گۆڕانکارییەکان لە سوریا، ئێران هاندەدات بۆ پێداچوونەوەى خێرا‌و دووبارە ئاڕاستەکردنەوەى سیاسەتی دەرەوەی خۆی. ڕەنگە لاوازیی بەرەى مقاوەمە پێویستیی بەوە بێت کە ئێران ببێت بە دەوڵەتێکی ناوەکى يان بە بنیاتنانی پەیوەندیی باشتر لە ناوچەکەدا. ساڵانێکە سەرکردەکانی ئێران دەڵێن: پێویستە بەرگری لە ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانیەوە دەستپێبکات، بەڵام ژمارەیەک لە دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا پێیانوایە، کە ئەم ستراتیژە ئێستا هەتا ڕادەیەکی زۆر کارایی لەدەستداوە(١١).
عەلی خامنەیی؛ ڕێبەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم گوتاریدا دوای ڕوخانی دەسەڵاتەکەى ئەسەد لە (٨)ی کانوونی دووەم، ئەمریکا‌و ئیسرائیل بە هۆکاری ڕوداوەکانی سوریا دەزانێت، ئەگەرچی ناوی تورکیای نەهێنا، بەڵام خامنەیی یەکێک لە دراوسێکانی سوریای بە داگیرکەر وەسفکرد‌و ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا گرت لە گۆڕینی ڕژێمی سوریا(١٢)، هەروەها ناوبراو هەوڵیدا لە بەهای کاریگەریی ڕوداوەکان کەمبکاتەوە لە سەر هەژموونى ئێران، کاتێک ئاماژەی بەوەدا، کە زۆرترین زیان بۆ ئێران لە حیزبوڵڵاوە پێیگەیشتووە نەک سوریا(١٣).

بۆچوونى ئێران لە سەر ئایندەى تورکیا لە سوریا
– ئێران دەڵێت لە ساڵی (٢٠١٢) لە سەر داوای ئەسەد بۆ پشتیوانی لە شکستپێهێنانی داعش هاتووەتەناو سوریاوە‌و بوونى ڕاوێژکاری بووە‌و هەرگیز لە سوریا نەبووە بۆ بەرگریکردن لە گرووپێک یان تاکێکی دیاریکراو، گرنگترین چشت بۆى یارمەتیدان بووە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاک‌و سەقامگیری لە سوریا. هەروەها زۆرێک لە کاربەدەستانی ئێرانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو دەستکەوتانەی تورکیا ئێستا لە سوریا لێی بەهرەمەندە، تەمەنی کورت دەبێت، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە يەکناگرێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى هەیئەى تەحریرشامدا.

– ئێران پێیوایە، کە هەرچەندە تورکیا لە کورتماوەدا یەکێکە لە براوە سەرەکییەکانی ڕوخانی بەشار ئەسەد، بەڵام ئەنقەرە هەرگیز ناتوانێت حکومەتێکی هاوپەیمانی لەگەڵ هەیئەى تەحریرشامدا دروستبكات‌و لە میانماوەیشدا ئەو ڕێکخراوە دەبێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، کە سنوورێکی هاوبەشى (٨٣٠) کیلۆمەتریی لەگەڵ سوریادا هەیە.
– ئێران چاوەڕێی سەرهەڵدانی گرژی لە نێوان تورکیا‌و هەیئەى تەحریرشامدا دەکات، بە تایبەتی لە سەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی کوردانی سوریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات.

بوونى تورکیا لە سوریا
دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێى ململانێکان لە سوریا، ڕایگشتیی تورکیای توشی سەرسوڕمان نەکرد، بەو پێیەى ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەر لە کەوتنى ئەسەد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا‌و هاوبەشەکەی لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)؛ دەوڵەت باخچەلی، باسیان لە گۆڕانی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی کردبوو بۆ سەر ئەنقەرە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندیی کورد لە سوریا کۆتاییپێبێت(١٤).
سەرچاوەی سەرەکیی نیگەرانییەکانی تورکیا لە سوریا، پرسی کوردە، ئەنقەرە دەڵێت هێزەکانی هەسەدە‌و یەپەگە پەیوەندییان بە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)وە هەیە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو نیگەرانییە، ئەنقەرە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای نیشتیمانیی سوریا (سوپای ئازادی سوریا)دا دروستکرد، کە وەک هێزێکی لەبرى بۆ تورکیا كاريكردووە. سەرکردەکانی ئەو هێزە لە ماوەی ڕابردوودا ڕایانگەیاندووە، کە پارە‌و چەکیان وەرگرتووە لە بەرانبەر دوورخستنەوەی کوردەکانی سوریا لە سنوورەکانی تورکیا، کە ئەنقەرە بە مەترسیی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی(١٥).
تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات هەژموونى ڕوسیا‌و ئێران لە سوریا کەمبکاتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئیسرائیل؛ ئێران‌و حیزبوڵڵای لوبنانی لاوازکرد(١٦). لە لایەکى ترەوە تورکیا بانگەشە بە ئەوە دەکات، کە پڕۆژەکەی لە سوریا دەتوانێت یەکێک لەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا دەبێتەوە، کەمبکاتەوە، کە خۆى لە وەستاندنی لێشاوى کۆچبەران‌و کۆنترۆڵکردنی چالاکیی ئیسلامییە توندڕەوەکاندا دەبینێتەوە(١٧).
بە شێوەیەکى گشتى دەکرێت بڵێین: ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا‌و گەیشتنى هەیئەى تەحریرشام بە دەسەڵات بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، دەرفەتی بۆ تورکیا ڕەخساند هەتا ڕۆڵێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەى دیمەنی نوێی سياسیی سوریادا بگێڕێت. ئەنقەرە بە کاریگەریيە بەرفراوانەکەى لە سەر حکومەتی نوێی سوریا، سەرکەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی سوریا لە بەرەى مقاوەمەو کردی بە بەشێک لە پڕۆژە ناوچەییەکەی خۆى(١٨). پڕۆژە ناوچەییەکەى تورکیا دەکرێت لەم خاڵانەدا کورتبکرێتەوە:
– کۆنترۆڵی ژێرخانی گواستنەوە‌و بازرگانی: تورکیا بە وەبەرهێنان لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سوریا، لەوانەیش هێڵی ئاسن، میترۆ‌و بەندەرەکان، ئامانجی ئەوەیە سوریا بکات بە ڕێڕەوێکی سەرەکی لە بازرگانیی ناوچەیی‌و جیهانیدا. بوژانەوەی هێڵی شەمەندەفەری حیجاز‌و بەستنەوەی مێرسین بە حەلەب‌و دیمەشقەوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ بەهێزکردنی پێگەی جوگرافیایی خۆی لە ڕووى بازرگانیی نێودەوڵەتییەوه.
– بوژانەوەی پڕۆژەی بۆریی غازی قەتەر-تورکیا: لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد‌و گۆڕینی دەسەڵاتدا لە سوریا، دەرفەتێکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆژەی بۆڕیی غازی قەتەر-تورکیا هاتەئاراوە. ئەم پڕۆژەیە کە لە کێڵگەی غازی “ڕاس_لەفان”ى قەتەر دەستپێدەکات، بە سعودیە‌و ئوردن‌و سوریادا تێدەپەڕێت هەتا دەگات بە تورکیا، لە کۆتاییدا دەبەسترێتەوە بە بۆڕیی نابوکۆ بۆ گواستنەوەی غازی قەتەر بۆ ئەوروپا(١٩). ئەم پلانە لە ساڵانی (٢٠٠٠)دا پێشنیارکرا، بەڵام بەشار ئەسەد دژی وەستایەوە‌و پشتیوانیی بۆڕیی گازى ئێران-عێراق-سوریای کردو شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی (٢٠١١) ڕێگریی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرد. ئێستا لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵاتدا لە سوریا، هەلومەرج بۆ بوژانەوەی ئەو پڕۆژەیە ڕەخساوە.
– فراوانبوونی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: تورکیا بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوریادا بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ لیبیادا کردوویەتی، هەوڵدەدات هەژموونى خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست فراوانتربکات‌و پێگەی خۆی لە کێبڕکێ لەگەڵ یۆنان‌و قوبرس‌و یاریزانانی تری ناوچەکەدا بەهێزتربکات. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە ئەنقەرە دەدات، کە بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەی زیاتری سەرچاوەکانی وزەی دەریایی بکات.

– فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی: تورکیا بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە پالمیرا، حەمس، دیمەشق‌و تەرتوس یان لازقیە، هەوڵی جێگیرکردنی بوونی سەربازیی درێژخایەنی خۆی لە سوریا دەدات.
– دەستکاریکردنی دیمۆگرافی: تورکیا بە پشتیوانیكردن لە گەڕانەوەی تورکمانەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەوڵدەدات هەژموونى خۆی لە ناوچەکانی وەک کەنارەکانی سوریا زیادبکات‌و بەو هۆیەوە یەکگرتوویی عەلەوییەکان لەو ناوچانەدا بشکێنێت.
– گۆڕینی تورکیا بۆ ناوەندێکی وزەی ناوچەیی: ئەنقەرە ئامانجی ئەوەیە ببێت بە ناوەندێکی دابەشکردنی وزە لە ناوچەکەدا، بە زیندووکردنەوەی پڕۆژەکانی گواستنەوەی گاز لە وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی سوریا‌و تورکیاوە.

ئاستەنگەکانى تورکیا
ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە (٨)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٤)و دەسەڵاتگرتنەدەستى هەیئەى تەحریرشام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، دەرفەتێکی ستراتیژیی بۆ تورکیا ڕەخساند، کە هەژموونى خۆی لە سوریا زیادبکات، بەڵام ئەنقەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناوچەییەکانی؛ ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە(٢٠). ئەمانەی خوارەوە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەن کە ڕووبەڕووى تورکیا دەبنەوە لە سوریا:
– ئەگەری پەرەسەندنی ململانێ لەگەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا: ململانێ لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا ئەگەری هەیە دابەشبوونى سورياى لێبکەوێتەوە‌و شەرعیەت‌و توانای حکومەتی نوێی سوریا لاوازبکات‌و سنووری مانۆڕی تورکیا سنوورداربکات.
– کاریگەریی ڕوسیاو ئێران: ڕوسیاو ئێران بە پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆن‌و گرووپە ناڕازییەکان، ڕەنگە هەوڵبدەن ڕێگری لە پێشکەوتنی تورکیا لە سوریا بکەن. ئەگەری دروستبوونى گرژی لەگەڵ ئێران‌و ڕوسیا لە سوریا، دەشێت بۆ ناوچە جوگرافییەکانی تری وەک قەفقاز‌و عێراق تەشەنەبکات‌و تورکیا لە چەند بەرەیەکدا بكەوێتە شەڕەوە.

– بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری‌و توندڕەویی: لە سوریا بە هۆی جۆراوجۆریی گرووپە چالاکەکان‌و لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندییەوە، ئەگەری تەشەنەسەندنی توندڕەویی هەیە. تورکیایش کە هەمیشە ڕووبەڕووی قەیرانی پەنابەران‌و هەڕەشەی ئەمنی بووەتەوە، لەوانەیە بە هۆی ئەم دۆخەوە زیانیپێبگات.
– پشتگوێخستنی بەڵێنەکان لەلایەن تەحریرشامەوە: ئەگەر حکومەتی نوێی سوریا بەڵێنەکانی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی گشتگیرو دامەزراوە مەدەنییەکان جێبەجێنەکات، ئەوا ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی گۆشەگیری‌و ناسەقامگیری ببێتەوە. لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا تورکیا ڕووبەڕووی دراوسێیەکی قەیراناویی‌و لاواز دەبێتەوە.

زیادبوونى نیگەرانییەکانى تورکیا
تورکیا نیگەرانە لە لاوازبوونی ڕکابەرە ناوچەییەکانی ئیسرائیل‌و پێیوایە، کە ئەو وڵاتە دەستى واڵاتر دەبێت بۆ هەر کارێک کە بیەوێت لە ناوچەکەدا بیکات. ئەمەیش بۆ ئەنقەرە جێگەی نیگەرانییە، چونکە تورکیا ترسی ئەوەی هەیە ئیسرائیل ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕبکاتەوە، کە لە ناوچەکەدا دروستبووەو پشتیوانى لە کورد بکات لە ڕۆژئاوا. ئەنقەرە پێیوایە، کە ئەگەر بتوانێت شکست بە پڕۆژەى کورد لە سوریا بهێنێت، ئەوا دەتوانێت شکست بە پڕۆژەى کورد لە باکوورو باشوورى کوردستان بهێنێت، بەڵام پێناچێت کارەکە هێندە ئاسان بێت، لەبەرئەوەى ئەوروپا بە گشتى‌و ئەمریکا بە تایبەتى نایانەوێت جارێکى تر ئیسرائیل هاوسێییەکى ناسەقامگیرو پڕ لە کێشەى هەبێت. بە ئەگەرى زۆرەوە مەرجی سەرەکیان بۆ هێشتنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع‌و ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتەکەى، ملکەچنەبوونى بێت بۆ خواستەکانى تورکیا. پێیشدەچێت ئەردۆغان پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا وەک ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ پێشگرتن لەوەى هەرێمێک بۆ کورد دروستبکرێت لە سوریا بە پشتیوانیى ئیسرائیل.

ڕێکارەکانى ئێران
– هەرچەندە هەژموونى ئێران زیانێکى گەورەى بەرکەوتووە، بەڵام مەرج نییە دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە. لە ساڵی (١٩٩٨) جوڵانەوەى تاڵیبان لە ئەفغانستان، کە بزوتنەوەیەکی ئیسلامیی سوننە بوو، دیبلۆماتکارەکانى ئێرانی لە مەزار شەریف کوشت، بەڵام ئەوە نەبوو بە هۆى دابڕاندنى ئێران لە ئەفغانستان‌و تەنانەت دواتر تاران توانیی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تاڵیباندا دروستبکاتەوە. ئەو پەیوەندییانەیش بەهێزتر بوون، کاتێک تاڵیبان لە ساڵی (٢٠٢١)دا گەڕایەوە دەسەڵات، هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت کە ئەوەی لە سوریا ڕویدا، پاشەکشەیەکی کاتییە بۆ ئێران. بەو پێیەى ئەو وڵاتە ڕاهاتووە بە چالاکیکردن لە ژینگە ناسەقامگیرەکاندا(٢١).
– ئەستەمە ئێران ئێستا بتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ فەرمانڕەواکانی سوریادا هەڵبداتەوە، بەو پێیەى کە زیاتر لە دە ساڵە ڕۆڵی سەرەکیی لە سەرکوتکردنى ئۆپۆزسیۆندا هەبووە، بەڵام بە دووبارەکردنەوەی تاکتیکەکانی پێشووی خۆی لە عێراق، یەمەن‌و ئەفغانستان، بۆ پشتیوانیکردن‌و ڕاکێشانی هەندێک هێزی ناوخۆیی لەو وڵاتە بۆ خزمەتکردن بە ئەجێنداکانى، دەتوانێت بە شێوازێکى تر بگەڕێتەوە بۆ سوریا.
– دۆخى لاوازیی سوریاو بەئامانجکردنی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بەو واتایەیە، کە حکومەتی داهاتووی سوریا بە لاوازی دەمێنێتەوەو ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بە سەر تەواوی وڵاتەکەدا بسەپێنێت‌و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە داهاتوودا لە نێوان لایەنە چەکدارەکانی سوریادا بەدوورنازانرێت. بە پێداچوونەوەیش بە مێژووی تاکتیکەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین، کە ئێران دەتوانێت پەیوەندییەکانى پتەوبکاتەوە لەگەڵ شیعەکانی سوریا، فەلەستینییەکان‌و کوردەکاندا.
– عەلەوییەکانى سوریا دەتوانن دەرفەت بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوەى ئێران بۆ ناو سوریا، بەو پێیەى له ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا به تەواوی له جێبەجێکردنی پلانى ئێرانییەکاندا بەشداربوون، له ناویاندا ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی دیمۆگرافی له هەندێک ناوچەی سوریاو ڕووبەربوونەوەى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن(٢٢).
– گومانی تێدا نییە، کە تاران لە داهاتوودا پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە چالاکەکانی ئێستای سوریادا تاقیدەکاتەوە، بۆئەوەی بەرژەوەندییەکانی زامنبکات‌و لەم چوارچێوەیەیشدا پێویستی بە ناوەندگیریی تورکیا دەبێت‌و لە بەرانبەردا ملدەدات بۆ داواکارییەکانی تورکیا بۆ وەستاندنی پشتیوانیكردنى لە پەکەکە(٢٣).
– لاوازبوونى بەرەى مقاوەمە، پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت، کە پەلەبكات لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، کە ئەمەیش دەتوانێت ببێت بە هۆی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل‌و ئەمریکاو مەترسیی ئەوە دەکرێت، کە بەرکەوتنەکان پەرەبسەنن‌و لە کۆنترۆڵ دەربچێت(٢٤).

عەرەبەکان لە نێوان دوو بەرداشدا
عەرەبەکان خۆیان لە بەردەم دوو پڕۆژەی ناوچەییدا دەبیننەوە، هەر وەک ئەوەى پڕۆژەی ئێرانیان بە دوو پڕۆژەى تر ئاڵوگۆڕکردبێت، یەکێکیان پڕۆژەى تورکیایەو ئەوی تریان ئیسرائیل، هەرچەندە نیشانەکانی ئەو دوو پڕۆژەیە ساڵانێکە دەرکەوتوون، بەڵام بە پاشەکشەى ئێران لە ناوچەکەدا پڕڕەنگتر بوون.
بۆ عەرەبەکان، پڕۆژە نوێیەکەی تورکیا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پڕۆژە کۆنەکەی ئێراندا، تەنها ئەوە نەبێت، کە ئێران پشتی بە ئایینزاى شیعە دەبەست بۆ پەلکێشان‌و تورکیا بە ئایینزاى سوننە. پڕۆژەکەى تورکیایش هەمان ئاڕاستەو ئامانج‌و جوڵەی شاراوەی هەیە، کە دواجار دەبێت بە هۆی دابەشبوونی زیاتری ناوچەکە.
ئیمارات، سعودیەو قەتەر، کاردانەوەى جیاوازیان هەیە بەرانبەر بەوەى کە لە سوریادا دەگوزەرێت. ئەبوزەبی نیگەرانترینیانه، بەو پێیەی لە کانوونی دوهەمی (٢٠١٨)، یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو کە پەیوەندیی دیبلۆماسیی لەگەڵ ڕژێمى ئەسەد دروستکردەوەو بە بێدەنگی پشتیوانیی ئەسەدی کردو هەوڵیداوە بیگێڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەى عەرەبى. هەروەها لە ساڵی (٢٠١٥) پشتگیریی لە دەستوەردانی سەربازیی ڕوسیا لە سوریا کرد، بە پێچەوانەی تورکیاو قەتەرەوە، کە پشتیوانییان لە هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن دەکرد، بە تایبەت هێزە ئیسلامییەکان.
سعودیە هاوبەشی نیگەرانییەکانی ئیمارات بوو سەبارەت بە دەسەڵاتگرتنەدەستى حکومەتێکی ئیسلامی لە سوریا، ڕیازیش شوێنی ئەبوزەبی کەوت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەددا. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕیاز ڕێبازێکی هاوسەنگتری گرتەبەر بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە دیمەشق‌و جەختی لە سەر گفتوگۆى هەمەلایەنە کردەوە بۆ سوریا.
ڕەنگە پەیوەندییە نزیکەکانی قەتەرو تورکیا هانی هەردوولا بدات بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ یەکتری‌و زیندووکردنەوەى پڕۆژەى گواستنەوەى گازى قەتەر بەرەو ئەوروپا بە ناو خاکى سوریاو تورکیادا. لەگەڵ ئەوەیشدا وڵاتانى عەرەبی ئەسەدیان وەک بریکارێکی ئێران دەبینی لە ناوچەکەداو پشتیانلێکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا مانەوەی ئەسەد هاوتەریب بوو لەگەڵ ئامانجەکەیاندا، کە ئەویش ڕێگريكردن بوو لە هاتنەسەرکارى دەسەڵاتێکى ئیسلامى(٢٥).

هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی ئاگاداری نیازەکانی تورکیان، بەڵام ئامرازی کاریگەریان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، لە کاتێکدا ئەنقەرە ئامادەکاریدەکات بۆ بەهێزکردنی هەژموونى خۆی بەبێ ئەوەی نیازی ڕوون‌و ئاشکرای هەبێت بۆ کشانەوە یان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا. بە تێپەڕبوونی کات دەستکەوتەکانی تورکیا لە سوریا ڕەنگە درێژببنەوە بۆ بەهێزکردنی هەژموونى تورکیا لە لوبنان‌و عێراق، بە تایبەتی کە پێگەی ئێران لەو وڵاتانەدا لاوازبووە لە ئەنجامی لەدەستدانی سوریا. ئەگەر تورکیا لە سوریا سەرکەوتوو بێت، کاریگەریی لە ناوچەکەدا بەرفراوانتردەبێت.
ڕۆڵی تورکیا لە ڕووی ئامانج‌و ئەولەویەت‌و ئامرازەکانیشەوە جیاوازەو لە ڕووی هاوپەیمانی‌و پەیوەندییە سیاسییەکان‌و هەلومەرجی ئابوورییشەوە جیاوازە. ئەنقەرە بە بەراورد بە تاران، ژینگەیەکی کراوەتری هەیە، ئەمەیش وایکردووە توانای مانۆڕکردنی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بێت(٢٦). تورکیا باش دەزانێت، کە زلهێزێکی ناوچەییەو قورسایی خۆی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو دەیهەوێت لە هەلومەرجێکی گونجاوی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیدا ڕۆڵی شایستەی خۆی بگێڕێت. هەرچەندە پشێوی‌و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا توندترببێت، گوشاری زیاتر دەکەوێتەسەر ئەنقەرە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە(٢٧).
عێراقیش لە ناوەڕاستی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە نوێیەدایە، هەر بۆیە پێداچوونەوەی بە داواکاریی پێشووی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی‌و ئەمریکا بۆ کشانەوە لە عێراق کردووەتەوەو داوای دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان دەکات لە خاکەکەیدا(٢٨). ئێستا بەغداد هەستدەکات زۆر پێویستی بە یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی‌و واشنتۆن هەیە، ئەمەیش بە هۆی ئەو کاریگەرییەی کە هەیانە لە سەر تەلئەبیب، بەڵام ئەستەمە واشنتۆن ئەو نێوەندگیرییە قبوڵبکات، ئەگەر بەغداد ڕۆڵی نەبێت لە ڕێگریکردن لە چوونى نەوت‌و دۆلار بۆ ئێران.
عێراق ڕووبەڕووی دوو مەترسیی هاوتەریب بووەتەوە، مەترسیی تورکیا لە لایەک‌و هاتنی تیرۆر لە سوریاوە لە لایەکی ترەوە. بەو پێیە ئەگەر بەرەی ناوخۆیی عێراق بەهێزنەکرێت بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدادو هەرێمى کوردستان‌و دیالۆگێکی بنیاتنەر لە نێوان پێکهاتەکان‌و بەشداریکردنی هەموو لایەک لە بڕیاری نیشتیمانیدا، بەدوورنازانرێت کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرفەتەکە بقۆزنەوەو ئەزموونی ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد لە عێراق دووبارەبکەنەوە(٢٩).

کورد لە کوێی هاوکێشەکاندایە؟
لەگەڵ ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، فشارەکان لە سەر لایەنە کوردییەکان زیاتردەبن‌و ئەگەر هەیە هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سوریاوە بەدەستیانهێناوە، لەدەستیبدەن، ئەمەیش ڕەنگە پاڵ بە کوردەوە بنێت بۆئەوەى داوای یارمەتی لە ئێران بکات.
پرسی کورد لەمێژە سەرچاوەی هەم ناکۆکی‌و هەم هاوکاریی نێوان تاران‌و ئەنقەرە بووە. لە چوارچێوەی تریشدا هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات بە ڕوونی لە سەردەمی داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی (٢٠٠٣) ڕویدا، کاتێک هەردوو دراوسێ بینییان ئەو مەترسییەی لە ئەنجامی داگیرکردنى عێراق هاتووەتەئاراوە. ڕەنگە ببێت بە هۆی سەربەخۆیی کورد کە گرنگترین هاوبەشى ئەمریکییەکان بوون لە عێراقدا، بەڵام سەرەڕای نیگەرانییە هاوبەشەکانی دوو وڵات سەبارەت بە سەربەخۆیی کورد، تاران‌و ئەنقەرە سیاسەتی دژ بە یەکتریان پەیڕەوکردووە. ساڵی (٢٠١١) ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات سەریهەڵدا، کاتێک میدیای نیشتیمانیی تورکیا بڵاویکردەوە، کە ئێران موراد قەرەیلانی سەرکردەی پەکەکەی دەستگیرکردووەو دواتر ئازادیکردووە. تورکیا پێیوایە، کە ئێران پاڵپشتیی پەکەکە دەکات‌و وەک کارتێکی گوشار لە دژی ئەنقەرە لە ناکۆکییە ناوچەییەکانیاندا بەکاریدەهێنێت.

عەلی خامنەیی، لە یەکهەم گوتاریدا دوای ڕوخانی دەسەڵاتەکەى ئەسەد لە (٨)ی کانوونی دووەم، ئەگەرچی ناوی تورکیای نەهێنا، بەڵام یەکێک لە دراوسێکانی سوریای بە داگیرکەر وەسفکرد‌و ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا لە گۆڕینی ڕژێمی سوریادا گرت. زۆرێک لە کاربەدەستانی ئێرانی؛ بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەو دەستکەوتانەی تورکیا ئێستا لە سوریا لێی بەهرەمەندە، تەمەنی کورت دەبێت، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى هەیئەى تەحریرشامدا يەکناگرێتەوە

ئێستا پەرەسەندنی هەژموون‌و خواستەکانی کورد لە باکووری سوریا، گرنگترین پرسە، کە تورکیا بۆی دەرکەوتووە مەحاڵە بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی لە باکووری سوریا بتوانێت چارەسەریبكات، هەروەها تێگەیشتووە لەوەى کە گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە خۆى لە سوریا ناتوانن ڕێگر بن لە بەردەم خواستەکانى کورددا، بۆیە هەوڵدەدات ئێران ببێت بە پاڵپشتی، بە پێکهێنانی بەرەیەکى ناوچەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خواستەکانى کورد، بە تایبەتی کە ئێران کاریگەرییەکی باشی بە سەر پەکەکەوە هەیە.

سیناریۆکانی داهاتووى پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئێران
تورکیاو ئێران کە سنوورێکی (٥٦٠) کیلۆمەترییان هەیە بە یەکەوە، سەرەڕای ئەو گرژییانەى نێوانیان، ناتوانن بەبێ گفتوگۆو پەیوەندی لە ئاستى بەرزدا بمێننەوە(٣٠)، هەروەها هەردوو وڵات پرسێکی زۆر گرنگ بە یەکترەوە دەیانبەستێتەوە، ئەویش پرسی کوردە، بەو پێیەی هەردوو وڵات پرسی سەربەخۆیی کورد ڕەتدەکەنەوە(٣١). ئەوەى لە خوارەوە دێت، سیناریۆکانی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
سیناریۆی پەرەسەندنی گرژی‌و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ: لەم سیناریۆیەدا ڕەنگە ئێران بە پاڵپشتیکردنی میلیشیا ناوخۆییەکان‌و کورد لە سوریا، هەوڵی لاوازکردنی هەژموونى تورکیا بدات‌و لە بەرانبەردا تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکووری سوریا چڕتربکاتەوە. ئەم گرژییانە دەتوانێت ببێت بە هۆی فراوانتربوونى شەڕی هێزە بریکارەکان لە ناوچەکەدا

کۆنترۆڵی ژێرخانی بازرگانی، بەستنەوەی مێرسین بە حەلەب‌و دیمەشقەوە، بوژانەوەی پڕۆژەی بۆڕیی غازی قەتەر-تورکیا، فراوانبوونی کاریگەریی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی، دەستکاریکردنی دیمۆگرافی، گۆڕینی تورکیا بۆ ناوەندێکی وزەی ناوچەیی، گرنگترین دەستکەوتەکانی تورکیا دەبێت، کە لە ئەنجامی گۆڕانی دەسەڵات لە سوریادا دێتەدی

سیناریۆی گفتوگۆو دانوستان‌و کێبڕکێی ئاشتیانە: لەم سیناریۆیەدا ڕەنگە تورکیاو ئێران لە ڕێگەی دیبلۆماسی‌و هاریکاریی ئابوورییەوە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدەن. ئێران لە ژێر گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکاندا ڕەنگە بەرەو هاوکاریی زیاتر لەگەڵ تورکیا هەنگاوبنێت بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیرییە سیاسییەکەی. هەردوو وڵات دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆژەی هاوبەشی وزەوە، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەستەبەربکەن‌و هاوکاریی یەکتری بکەن لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ئەمنییە هاوبەشەکاندا، وەک بەرەنگاربوونەوەی هێزە نەیارەکان‌و کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان.

ئەنجام
– ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد دەرفەتی بە تورکیا داوە کە پێگەی جیۆپۆلەتیکیی خۆی لە سوریاو ناوچەکەدا بەهێزبکات‌و هەژموونى ئێران‌و ڕوسیا کەمبکاتەوەو جێپێی خۆی وەک گەمەکارێکى سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قايمتربكات.
– تورکیا بە سوودوەرگرتن لە داكشانى هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا، هەوڵدەدات گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە له سوودى خۆی بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی، لە بەرانبەریشدا وڵاتانی عەرەبی پڕۆژەیەکی ڕوونیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییەی ئەنقەرە.
– ئێران دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانەوەی هەژموونى خۆی لە سوریا نابێت، لەبەرئەوەى ئەگەری داڕمانی تەواوی بەرەى مقاوەمەو بەئامانجگرتنی خودی ئێران لە ئارادایە.
– زۆرێک لە کاربەدەستانی ئێرانی پێیانوایە، کە دەستکەوتەکانی تورکیا لە سوریا تەمەنیان کورتە، بەو پێیەى بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە يەکناگرێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى هەیئەى تەحریرشامدا.
– دوای ڕوخانی ئەسەد، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئێران چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. هەرچەندە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان بە هۆی پێکدادانی بەرژەوەندییە ناکۆکەکانیانەوە هەیە، بەڵام هێشتا دیالۆگ‌و هاوکاریی مەرجدارو بوونى بەرژەوەندیى ئابوورى دەتوانێت ڕێگری لە قەیرانی زیاتر لە ناوچەکەدا بکات.
________________
سەرچاوەکان
1. وزير خارجية تركيا: طهران ستتعلم مما حدث في سوريا.. والإعلام الإيراني: “ثرثرة” (https://www.iranintl.com/ar/202412171609).
2. هل يتفكك محور المقاومة الإيراني بعد سقوط نظام الأسد؟ (https://linksshortcut.com/qEeJN).
3. The Syrian Uprising Domestic Origins and Early Trajectory (https://www.taylorfrancis.com/books/edit/10.4324/9781315143798/syrian-uprising-raymond-hinnebusch-omar-imady)
4. Bulent Aras:Turkish Foreign Policy and the Qatar Crisis(https://www.researchgate.net/publication/319059837_Turkish_Foreign_Policy_and_the_Qatar_Crisis)
5. Raymond Hinnebusch: The Foreign Policies of Middle East States(https://www.researchgate.net/publication/237831057_The_Foreign_Policies_of_Middle_East_States)
6. علي حسين باكير: الأبعاد الجيوستراتيجية للسياستين الإيرانية والتركية حيال سورية (https://www.dohainstitute.org/ar/ResearchAndStudies/Pages/art121.aspx)
7. بعد رحيل الأسد.. 5 قوى دولية تتنافس على النفوذ في سوريا (https://2u.pw/boJYKNVn)
8. تقرير يتحدث عن “نهاية الأسد”.. إيران اعتبرته عبئا (https://linksshortcut.com/WoDAZ)
9. حبيبة ضياء الدين: لعلاقات بين تركيا وإيران: نقاط الخلاف والاتفاق (https://linksshortcut.com/wkNjx)
10. نيكول غرايفسكي: لم سمحت إيران بسقوط بشار الأسد؟ (https://carnegieendowment.org/middle-east/diwan/2024/12/why-did-iran-allow-assads-downfall?lang=ar).
11. طهران تسارع لبناء علاقات مع القيادة الجديدة في دمشق (https://2u.pw/AcDIeskY).
12. دنا بريس: تراشق إعلامي تركي إيراني بعد سقوط نظام الأسد (https://www.danapress.ma/61363).
13. الاستراتيجية الإيرانية الإقليمية بعد هروب الأسد (https://rawabetcenter.com/archives/178151).
14. إلماز توبتشو | غولسن سولاكر: ما دور تركيا في هجوم فصائل مسلحة معارضة ضد قوات الأسد؟ (https://2u.pw/TMqsqeg3)
15. بعد رحيل الأسد.. ٥ قوى دولية تتنافس على النفوذ في سوريا (https://2u.pw/boJYKNVn).
16. هل هناك تنسيق تركي أميركي روسي لإبعاد الأسد عن إيران؟ (https://2u.pw/pHPYD3nG).
17. ميزان القوى يتغير في الشرق الأوسط لصالح تركيا (https://linksshortcut.com/WpZZz).
18. مارى ماهر: نقاط ارتكاز: كيف تشكل سوريا قيمة إضافية للمشروع الإقليمي التركي؟ (https://ecss.com.eg/52181/)
19. دولت جدید سوریه و احیای پروژه خط لوله گاز قطر-ترکیه (https://2u.pw/neuUftTd).
20. مولفه ها و موانع نقش آفرینی ترکیه در سوریه (https://www.cmess.ir/Page/View/2025-02-09/11464)
21. سقوط الأسد.. بداية إعادة ترتيب جديدة في الشرق الأوسط (https://linksshortcut.com/uVQTF)
22. ما هي خيارات إيران في سوريا بعد سقوط نظام الأسد؟ (https://2u.pw/nd3qT2uO).
23. فراس فحام: آثار سقوط الأسد.. خسائر إيران ومكاسب تركيا (https://linksshortcut.com/tWDFj).
24. إبراهيم درويش: من الهلال الشيعي إلى البدر التركي: ما شكل الشرق الأوسط الجديد الذي يتشكل وما دور إسرائيل فيه؟ (https://linksshortcut.com/PgRVW)
25. الشرق الأوسط ما بعد الأسد.. خسارة إيران مكسب لتركيا (https://linksshortcut.com/ziPGk).
26. التنافس التركي الإيراني على أشده.. هل تلجأ بغداد لواشنطن؟ ( https://2u.pw/LpBsIIHo)
27. محددات العلاقات الإيرانية- التركية (https://linksshortcut.com/Rrfdg).
28. التنافس التركي الإيراني على أشده.. هل تلجأ بغداد لواشنطن؟ ( https://2u.pw/LpBsIIHo)
29. التنافس التركي الإيراني على أشده.. هل تلجأ بغداد لواشنطن؟ ( https://2u.pw/LpBsIIHo)
30. سقوط نظام الأسد.. هل يعيد تشكيل التوازنات بين تركيا وإيران؟ (https://2u.pw/I4uWNe0g)
31. دنا بريس: تراشق إعلامي تركي إيراني بعد سقوط نظام الأسد (https://www.danapress.ma/61363).

Send this to a friend