• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 21, 2024

تورکیا لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا “جەنگی ئیسرائیل بەرانبەر بە حەماس‌و حیزبوڵڵا بە نموونە”

د. جەلیل عومەر عەلی

بەرایی

تورکیا بە هۆی پێگە جیوپۆلەتیک‌و توانا مرۆیی‌و سەربازی‌و ئابورییەکانییەوە یەکێکە لە گرنگترین دەوڵەتە بەهێزەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە تێپەڕبوونی مێژووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتە لە ساڵی (١٩٢٣) هەتا ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە لە هەڵکشان‌و داکشانێکی بەردەوامدا بووەو هەر پرسێک لە ناوچەکە هاتبێتەئاراوەو پەیوەندیی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی بە تورکیاوە هەبووبێت، هەوڵیداوە ڕۆلێکی بەهێزو کارای تێدا بگێڕێت، بە تایبەت ئەوپرسانەی ڕاستەوخۆ ئەگەری کاریگەریان لە سەر پێگەو هێزی ئەنقەرە هەیە.

هەندێک لە هۆکاری ناوخۆیی‌و دەرەکی بوون بە سەرەتای خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی تورکیا بە ڕووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت کاتێک پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە ڕابەرایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە لوتکەی دەسەڵات بە پاشخانێکی ئیسلامییەوەو هەوڵی دووبارە پێناسەکردنەوەی سیاسەت‌و ئاڕاستەی تورکیای دا بەرانبەر بە دەوڵەت‌و نەتەوەو کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە، هەروەها ئەو گۆڕانانەی لەم ناوچەیەدا هاتنەئاراوە، بە تایبەت پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣) لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوەو پاشهاتەکانی دوای خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش بە ڕوونی لە دیدی وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا (ئەحمەد داود ئۆغڵو)و کتێبە بەناوبانگەکەیدا (قوڵایی ستراتیژی؛ ڕۆڵی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا)(١) دەرکەوت.

ئامادەگیی تورکیاو چالاکییەکانی لە چەندین پرسی گرنگی ناوچەکەدا بەدەرکەوت، بە تایبەت پرسی کوردو دەوڵەتی عێراق‌و پاشان ململانێی عەرەب‌و ئیسرائیل‌و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، یاخود خستنەڕووی تورکیا وەک نموونەیەک لە ناوچەکە پاش جوڵانەوە گەلییەکان (بەهاری عەرەبی)و دواجاریش هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل-حماس (حركة المقاومة الاسلامية)و دواتریش تەشەنەکردن‌و فراوانبوونی جەنگەکەو سەرهەڵدانی جەنگی “ئیسرائیل-حیزبوڵڵا” لە لوبنان‌و ئەو ئایندە ناڕوونەی ڕووی لە ناوچەکەو جیهان کردووە.

قوڵایی ئەنقەرە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

بە گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی تیۆری “قوڵایی ستراتیژی”، کە گریمانەی ئەوە دەکات تورکیا دەکەوێتە ناوجەرگەی گۆماوی جوگرافیای کولتووریی (geocultural basins) وەک خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهانی ئیسلامی‌و خۆرئاوا. پاشان بە پێی ئەم تیۆرە، تورکیا ناتوانێت ببێت بە هێزێکی هەرێمی‌و ئەکتەرێکی سەرەکی (pivotal actor) لە ناوچەکە، ئەگەر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چواردەورو هاوسێکانیدا نەبێت. لێرەوە گرنگیی بازنەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکەوێت، کە تورکیا پەیوەندییەکانی تێیدا دابەشکردووە بە سەر چوار ناوچەی جوگرافیی تەواودا، کە یەکەمیان بریتییە دەوڵەتانی دراوسێی نزیک (عێراق‌و سوریا)، دووەمیان نیمچەدورگەی عەرەبی لەگەڵیدا (ئوردن‌و لوبنان‌و میسر)، سێییەمیان دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، چوارەمیان دەوڵەتانی باکووری ئەفریقا(٢).

بە هۆی ئەو بارودۆخەی لەم ساڵانەی پێشوودا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووەتەئاراوە، هەروەها ئەو ئاڵنگاری‌و پرسانەی ڕویانداوە لە وڵاتانی ناوچەکەدا، تورکیا نەیتوانیوە خۆی بەدووربگرێت‌و ڕۆڵیبینیوە لە سێ سیناریۆی جیاوازدا، ئەوانیش بریتین لە:

  • بەکارهێنانی هێزی سەربازیی تورکیا، بە واتای زیاتر پشتبەستن بە سوپا لە سیاسەتی دەرەوە لە ناوچەکەو دامەزراندنی بنکەی سەربازیدا، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان‌و عێراق‌و خۆرئاوای کوردستان‌و سوریا کردوویەتی(٣).
  • تەبەنیکردنی ڕۆڵی گەشەپێدانی تورکیا، پشتبەست بە هاوکاریی ئابووری‌و پڕۆژە هاوبەشەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ئەمەیش وەک پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان(٤).
  • ئەگەری پاشەکشەی ڕۆڵی تورکیا بە هۆی سەرنەکەوتنی لە بەستنی هاوپەیمانیی سەربازی‌و ئەمنی، یاخود بینینی ڕۆڵی هەرێمیی بەرچاو، کە پشتبەست بێت بە هاوکاریی ئابووری‌و باشکردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئابووری؛ چ ناوخۆیی یاخود دەرەکی بێت.

یەکەم: هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر بە جەنگی ئیسرائیل–غەززەو لێکەوتەکانی

         پێش هێرشەکەی بزوتنەوەی حەماس لە (٧)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٣)، تورکیا لە سەروبەندی ئاشتبوونەوەو لێکتێگەیشتن‌و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی بوو لەگەڵ ئیسرائیلدا، گفتوگۆیاندەکرد لە سەر ئەگەری پێشخستنی پەیوەندییەکانیان، بە تایبەت پاش سەردانی سەرۆکی ئیسرائیل (ئیسحاق هرتسوغ) بۆ تورکیا لە ساڵی (٢٠٢٢)، ئەمەش یەکەم سەردانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بووە بۆ ئەنقەرە لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە. پاشان چاوپێکەوتنی سەرۆککۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک لە ئەیلوولی (٢٠٢٣). لە کاتی خۆیدا وا چاوەڕواندەکرا کە هەردوولا پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان هەڵبدەنەوە، بە تایبەت پاش ئەو ئاڵۆزییانەی کە هاتنە مەیدانەوە، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتییەکی هاوکاریی تورکیا بۆ کەرتی غەززە لە ساڵی (٢٠١٠)، کە بوو بە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چالاکوانی مرۆیی تورکی(٥).

کاتێک جەنگی غەززە ڕویدا، پاش (٧)ی تشرینی یەکەم بارودۆخەکە گۆڕاو تورکیا جارێکی تر کەوتە گێژاوی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسدا هەیەتی، لە لایەکی ترەوە هەوڵی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا دا، کە خەریکبوو بە ئەنجام دەگەیشت. لە سەرەتای جەنگەکەدا تورکیا هەنگاوەکانی حساببۆکراو بوون‌و نەیدەویست زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بگەیەنێت‌و بە هۆی ئەمەیشەوە بەرژەوەندییەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆرئاوادا بکەوێتە مەترسییەوە.

          ناتوانرێت ناکۆکیی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیا بە درێژایی ساڵانی پێشوو جیابکرێتەوە لە گەشەکردن‌و نزیکبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیاو بزوتنەوەی حەماس، دەکرێت خوێندنەوەی نزیکبوونەوەی تورکیا بەراوردبکرێت بە هەمان بڕی دورکەوتنەوە لە ئیسرائیل. هەروەک چۆن نزیکبوونەوە لە حەماس تەنها پەیوەست نییە بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاوە، بەڵکو نزیکیی ئایدۆلۆژیی نێوان ئەردۆغان‌و بزوتنەوەی حەماس ناکرێت پشتگوێبخرێت، ئەمەیش تەنها نابەسترێتەوە بەوەی ئەردۆغان سەیری حەماس ناکات بەوەی بزوتنەوەیەکی تیرۆریستییە، بەڵکو کار گەیشتووەتە ئەوەی تەبەنیی ئایدۆلۆژیای حەماسیش بکات، هەروەک چۆن لە ساڵی (٢٠١٧) ئەردۆغان دەقێک لە میساقی دامەزراندنی حەماسی هێنایەوە، کە باس لە لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات‌و لە ساڵی دواتریشدا ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە تاوانی “لەناوبردنی بەکۆمەڵی کولتووری”، هەروەها ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئیسرائیل “مەترسیی کەمتر نییە لەو لەناوبردنەی جووەکان ڕووبەڕوویبوونەوە لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا”.

         پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییە زۆرەکانی ئیسرائیل‌و پەرچەکردارە لاوازەکانی خۆرئاوای کرد. ڕاستەوخۆیش هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، جوڵەیەکی دیبلۆماسیی چالاکی کرد، بە مەبەستی ڕێگری لە فراوانبوونی کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل‌و سنووردارکردنی قەبارەی زیانەکان لە کەرتی غەززە.

         هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان سازدرا، فیدان گوتی: “هێزە هەژموونگەراکانی زاڵ بە سەر ڕاگەیاندنەکانەوە، ماوەیەکی زۆرە سروشتی گرفتی نێوان ئیسرائیل‌و فەڵەستینیان لەبیری جیهان بردووەتەوە، ئێستایش کاتی دانانی سنوورێکە بۆیان”. ئاماژەی بەوەیش دا کە “ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی جددی بنێت بەرەو چارەسەری دوودەوڵەتی‌و دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین بە گوێرەی سنوری ساڵی (١٩٦٧)و پایتەختەکەی قودس بێت”. وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەیش کردەوە کە “هەوڵەکانی تورکیا بەبێ پچڕان بەردەوامدەبن بۆ کۆتاییهێنان بە کارەساتە مرۆییە بەردەوامەکان لە غەززە”(٦).

سەرەڕای ئەمانەیش، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە حەماس لە تورکیا نوسینگەی تایبەت بە خۆیان هەیە -لەگەڵ ئەوەی شوێنەکانیان نەزانراوە-، بەڵام جوڵەکانی حەماس لە تورکیا ئاشکراو فەرمین، بە ڕادەیەک لە ساڵی (٢٠١٥)وە جیهاد یاغور؛ یەکێک لە ئەندامانی حەماس، کە ڕۆڵی لە ڕفاندنی سەربازێکی ئیسرائیل هەبوو بە ناوی (نحشون واکسمان)، نوێنەری بزوتنەوەی حەماسە لە لای حکومەتی تورکیا. بە پێی ناوەندی “مائیر ئەمیت” بۆ زانیارییە هەواڵگری‌و تیرۆرستییەکان، جیهاد یاغور وەک ئەڵقەی پەیوەندییەکانی نێوان حەماس‌و حکومەتی ئەنقەرەو دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) کاردەکات. هەروەک چۆن ئەردۆغان کۆبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ سەرکردەکانی حەماسدا دەکات، دوا کۆبوونەوەیشیان لە تەمموزی (٢٠٢٣) بووە. تەنانەت لە ساڵی (٢٠٢٠) ڕەگەزنامەی تورکیی دابوو بە ئیسماعیل هەنیە، پێش ئەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران لە ڕێکەوتی (٣١)ی تەمموزی (٢٠٢٣) بکوژرێت، هەروەها پاسپۆرتی بەخشیوە بە جێگرەکەی (ساڵح عارور) پێش پاکتاوکردنی (اغتیال)(٧).

         ناکرێت نزیکیکبوونەوەی ئەردۆغان‌و حەماس تەنها لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە تێبگەین، بەڵکو لایەنێکی دیکەیشی هەیە. لە سەردەمی ئەردۆغاندا سیاسەتی تورکیا بە ڕوونی گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە بەرانبەر بە ئیسرائیل، ئەمەش بە تەواوی جیاوازە لە پێش ئەردۆغان، لەبەر دوو هۆکار(٨):

  • باوەڕبوونی ئەردۆغان بە شەرعیەتی حەماس وەک ئەکتەرێکی فەڵەستینی، کە شایستەی بەردەوامبوونە. ئەمەیش وەک ئەنجامێکی سروشتیی نزیکبووونەوە لەگەڵ کۆمەڵەی برایانی مسوڵمان (اخوان المسلمین).
  • پرسی فەڵەستین ئەردۆغانی وەک ڕابەرێکی هەرێمی ناساندو ئەمەیشی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا وەک ئامرازێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوە.

دووەم: جەنگی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵای لوبنان

سیاسەتی تورکیا لە لوبنان بەدەر نییە لەو سیاسەتەی کە بەرانبەر بە جەنگی ئیسرائیل‌و غەززەو بزوتنەوەی حەماس هەیەتی. لەگەڵ ئەوەی لوبنان بۆ تورکیا هاوشێوەی غەززە نییە، لەبەرئەوەی هێزگەلێکی تری وەک ئێران‌و سعودیەو ئیمارات ڕۆڵیان لەم دەوڵەتەدا فراوان‌و کاریگەرە، بەڵام تورکیا وەک هێزێکی نێودەوڵەتی هەوڵی هەژموون‌و کاریگەریی هەیە لە سەر هاوکێشەکانی ئەم دەوڵەتە، بەڵام ڕوبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبێتەوە، لەوانە:

ا. ئەنقەرە پاڵپشتییەکی فراوانی نییە لە کۆمەڵگەی لوبنانیدا، هەر بۆیە ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە بەگرنگیدەزانێت.

ب. ئەو کەسایەتییانەی لە لوبنان هاوسۆزو پشتیوانی سیاسەتەکانی تورکیان، خاوەنی پێگەیەکی سیاسیی گەورەو گرنگ نین لەم دەوڵەتەدا، هەر بۆیە تورکیا ناتوانێت بەربەرەکانێی ئێران بکات، چونکە ئێران ڕیشەیەکی قووڵی لە لوبنان هەیەو هیچ هێزێکی تر نەیتوانیوە بەربەرەکانێیبکات.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە تورکیا لە لایەکەوە پشتیوانییەکی ئاشکراو ڕوونی نییە بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی‌و ئێران، بەڵام لە لایەکی ترەوە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئیسرائیلی دەکات. لە کاتێکدا ئەنقەرە بە توندی داوای کۆتاییهێنانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکات لە کەرتی غەززە، لە هەمان ساتەوەختدا بە زمانێکی جیاواز لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەدوێت لە لوبنان دژی حیزبوڵڵا، بە تایبەت پاش لەناوبردنی ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبە (حسن نصر اللە) لە ئەیلوولی ئەمساڵدا، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستەکانی بوو کاتێک ئیسماعیل هەنیە؛ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس، لە ئێران كوژرا(٩).

پەیوەندیی نێوان تورکیاو حیزبوڵڵا پێش شەڕی ناوخۆی سوریا لە ئاستێکی خراپدا نەبوو، بەڵام پاش جەنگی ناوخۆی سوریاو پشتیوانیی ئەم حیزبە بۆ حکومەتی سوریاو بەشداریکردنی لەو جەنگانەی دژی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی سوریا بوون، کە لە هەمان کاتدا ئەم هێزانە هاوپەیمانی تورکیان‌و بەشێک لە سەرکردەکانیان هەتا ئێستاش لەو وڵاتە نیشتەجێن‌و پشتیوانیی سەربازی‌و مرۆیی دەکرێن، تێڕوانینی تورکیا بۆ حیزبوڵڵا گۆڕانی ڕیشەیی بە سەردا هاتووە، هەر ئەمەشە گۆڕانکاریی لە سیاسەت‌و ڕۆڵی ئەم دەوڵەتەی بەرانبەر بە جەنگی ئیسرائیل دژی ئەم حیزبە بە ڕوون‌و ئاشکرایی دروستکردووە.

بە درێژایی چەند دەیەیەی پێشوو ئەنقەرە هەوڵی سنوردارکردنی هەژموونی ئێرانی داوە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان خۆی‌و حیزبوڵڵای سەر بە ئێران، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی جەنگی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا، تورکیا ئامادەکاریی بۆ ڕۆڵێکی ئاڵۆزو پڕ مەترسی کردووە، ئەم ڕۆڵەیش تەنها پەیوەست نییە بە ویستە هەرێمییەکانییەوە، بەڵکو بەشێکی پەیوەندیی بەو کێبڕكێ درێژەوە هەیە کە لەگەڵ ئیسرائیل‌و ئێراندا هەیەتی.

         کۆی ئەو دڵەڕاوکێ‌و مەترسییانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەیەتی‌و لە دانیشتنی نائاسایی‌و داخراوی پەرلەمانی تورکیا باسیلێوەکراو ئاشکرابوون، بریتییە لە ئایندەی پڕۆژەی تورکیا لە ناوچەکەو ئەو جەنگەی بە وەکالەت کە ئەکتەری جیاواز جیاواز لە لوبنان‌و سوریاو عێراق‌و یەمەن بەشدارن تێیداو هەڕەشەی فراوانبوونی هەیەو ئابڵوقەی سنووری باشوری تورکیایان داوە، ئەمەیش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکات‌و پێویستی بە پلانێکی تۆکمەی ئەنقەرە هەیە، کە زیاتر نەرمیبنوێنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەی هاتووەتەئاراوە(١٠).

ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان تورکیاو حیزبوڵڵا؛ ئەنقەرە ناچاردەکات بە شێوەیەکی ورد مامەڵە لەگەڵ ئەو حیزبەدا بکات لە سایەی ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا هاتوونەتەئاراوە، بە تایبەت پاش دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان‌و كوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، هەر بۆیە دەکرێت ئایندەی پەیوەندییەکانی تورکیاو حیزبوڵڵا لە دوو سیناریۆدا کورتبکەینەوە(١١):

سیناریۆی یەکەم: پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆی حیزبوڵڵا

         لەوانەیە تورکیا هەڵوێستێکی هەتا ڕادەیەک بێلایەن بگرێتەبەر، کاتێک حیزبوڵڵا هێرشدەکاتەسەر تەلئەبیب. لە کاتێکدا ڕەخنەدەگرێت لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئەمەیش بەوە دەخوێنرێتەوە کە پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆی حیزبوڵڵایە لە کردەوەکانیدا دژی ئیسرائیل، بە بەڵگەی ئەوەی جەنگی ئیسرائیل دژی غەززەو فراوانبوونی هەرێمیی جەنگەکە ئەنقەرەو حیزبوڵڵا هەتا ڕادەیەک دەخاتە یەک بەرەوە. ڕەنگە رۆژانی داهاتوو بیرۆکەی بەشداریی سوپای تورکیا لە هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیفیل) بهێنێتەئاراوەو بڵاوەیانپێبکرێت لە سەر سنووری ئیسرائیل-لوبنان وەک ناوچەیەکی لەچەکداماڵراوی نێوان حیزبوڵڵاو سوپای ئیسرائیل، بەمەیش فراوانبوونی جەنگ ڕابگیرێت‌و بە ملیۆنان کۆچبەر لە تورکیاوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە سوریاو لوبنان، ئەمەیش یەکێکە لە ئامانجە سیاسییە سەرەکییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە هۆی هەڵکشانی گوتاری ڕقبوونەوەی تورکەکان لە دژی کۆچبەران‌و قەیرانی ئابووریی ناوخۆیی تورکیا، بەڵام گرفتی ئەم سیناریۆیە بریتییە لەوەی تورکیا ئەو قورساییە دیبلۆماسییەی لە لوبناندا نییە هەتا ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە؛ (٢٥)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤) ڕایگەیاند کە بنیامین ناتانیاهۆو ئەو حکومەتە جەنگییەی سەرپەرشتییدەکات، گەورەترین بەربەستن لە بەردەم ئاشتیی ناوچەییدا. لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە جێگەی سەرسوڕمان نییە حکومەتی ئیسرائیل تورکیاو نەتەوەیەکگرتووەکان بکاتەئامانج(١٢)، ئەمەیش وەک پشتیوانییەک بۆ حیزبوڵڵا لێکدەدرێتەوە.

سیناریۆی دووەم: دژایەتیکردنی ئاشکرای حیزبوڵڵا

         لەوانەیە تورکیا ڕێگەی دژ بە حیزبوڵڵا هەڵبژێرێت لە ڕێی بەیاننامەو لێدوانە فەرمییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا یاخود وەزیرانی حکومەتەکەیەوە، بە تایبەت هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەو دژی هەر هێرشێک بێت حیزبوڵڵا بیکاتەسەر ئیسرائیل، یاخود گرتنەبەری هەنگاوگەلێک کە هێزی حیزبوڵڵا پێیلاوازببێت بەرانبەر بە ئیسرائیل، ئەمەیش لە شێوەی سەرکۆنەی سەرکردەکانی حیزبوڵڵا لەلایەن ئەنقەرەو کەم_پیشاندانی زیانەکانی ئیسرائیل لە ئەنجامی کردە سەربازییەکانی حیزبوڵڵاوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم سیناریۆیە ئەگەری ڕودانی لاوازە، بەڵام بێهێزبوونی حیزبوڵڵا ئەگەری بەهێزبوونی هەژموونی تورکیا زیاددەکات بەرانبەر بە هەژموونی ئێران، بە تایبەت ئەگەر لێدانی حیزبوڵڵا ببێت بە هۆی لاوازبوونی درێژخایەنی ئێران‌و گرووپە شیعە هاوپەیمانەکانی، ئەمەیش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ڕۆڵبینینێکی زیاتری تورکیا لە سوریاو عێراق، بە تایبەت کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت ڕۆڵی ڕابەرایەتیی جیهانی ئیسلامی ببینێت‌و خۆی وەک پاڵەوانی فەڵەستین پیشانبدات‌و بانگەشەی سەرکردایەتیی سوننە بکات لە ناوچەکەدا لە ڕێی سوریاو عێراقەوە، بە تایبەت پاش لاوازکردنی حیزبوڵڵا وەک یەکەم‌و بەهێزترین پشتیوانانی ڕژێمی سوریای شیعی.

ئەنجام

تورکیا هەست بە دڵەڕاوکێی زۆر دەکات لە ئەنجامی زیادبوونی قەیران‌و جەنگ‌و ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ ئیسرائیلدا قۆناغ بە قۆناغ ناکۆکییەکانیان لە هەڵکشاندایە. لە لایەکی ترەوە، ئەگەری ڕودانی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل–ئێران‌و ئەو ناڕوونییەی لە ئەنجامەکانی دەکەوێتەوە. دواجار ئاشکرادەبێت کە تورکیا بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ جەنگی ئیسرائیلدا بەرانبەر بە غەززەو حیزبوڵڵا ناکات، بەڵکو لە دوو ڕوانگەو بەرژەوەندیی جیاوازەوە لێیاندەڕوانێت، ئەمەش بەشێکیان پەیوەستە بە قوڵایی جیاوازیی ڕیشەی ئایدۆلۆژی‌و هەندێکی تریان پەیوەستە بە هاوکێشەی هێزی هەرێمییەوە. لەوانەیە تورکیا ڕاستەوخۆ لە جەنگی ئیسرائیل بەرانبەر بە غەززەو لوبناندا ڕۆڵی گەورەو ئاشکرا نەگێڕێت، بەڵام شوێنەوارەکانی ئەم جەنگە کورتنابێتەوە تەنها لە سنوورێکی بەرتەسکداو ئەگەری بەجێهێشتنی کاریگەریی گەورەی هەیە لە سەر پێگەو هێزی تورکیا، بە تایبەت کاتێک دەبینین لە سوریادا هێزە کوردییەکان، بە تایبەت یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە تورکیا تۆمەتباریاندەکات بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردسان (پەکەکە)، هاوسنوورن لەگەڵ تورکیاداو ڕاستەوخۆ لەلایەن ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتیوانیدەکرێن. هەروەها ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیل بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بڕوات، ئەگەری پشتیوانیکردنی یەپەگە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاددەبێت، ئەمەیش دەبێت بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، تورکیا سەرکەوتوو نەبوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی سوریادا. هەموو ئەمانەیش دەبن بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەکان

  • احمد داود أغلو، العمق الاستراتيجي: دور تركيا في الساحة الدولية، دار العربية للعلوم- بيروت، ومركز الجزيرة للدراسات- دوحة، الطبعة الثانية، ٢٠١١.
  • شطاب غایية، محددات السياسة الخارجية التركية تجاه منطقة الشرق الأوسط، المجلة الجزائرية للأمن والتنمية، جزائر، العدد الثامن، ٢٠١٦، ص٢٩٧.
  • نــورا فخـري أنور، مستقبل الدور التركي في الشرق الأوسط: السيناريوهات المتوقعة ومحددات التحرك المصري، مركز الأهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية، على الرابط: https://acpss.ahram.org.eg/News/16583.aspx.
  • د. حيدر نعمة خبيت، طريق التنمية العراقي فرص تنموية واعدة وحتديات كبيرة، مركز البيان للدراسات والتخطيط، بغداد. ٢٠٢٣.
  • سارة شريف، تركيا وحماس.. الأيديولوجيا لوحدها لا تكفي للهيمنة، مركز التركي للدراسات، مصر، على الرابط: https://nlka.net/archives/12392.
  • احمد درويش، موقف تركيا من طوفان الأقصى.. تخاذل صادم أم نصرة قدر المستطاع؟!، موقع الجزيرة نيت، على الرابط: https://www.aljazeera.net/blogs/2023/12/24/%D9%85%D9%88%D9%82%D9%81-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D9%86-%D8%B7%D9%88%D9%81%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%82%D8%B5%D9%89-%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%B0%D9%84-%D8%B5%D8%A7%D8%AF%D9%85.
  • سارة شريف، المصدر السابق.
  • نفس المصدر.
  • غدي قنديل، حرب إسرائيل على حزب الله.. إلى أي الجبهات ستنضم تركيا؟، مركز دراسات العربية الأوراسية، على الرابط: file:///E:/سەنتەری%20لێکۆڵینەوەی%20ئایندەیی%20لە%20١-٦-٢٠٢٤%20پەیوەندیم%20کردووە/حرب%20إسرائيل%20على%20حزب%20الله..%20إلى%20أي%20الجبهات%20ستنضم%20تركيا؟%20-%20مركز%20الدراسات%20العربية%20الأوراسية.html.
  • هەمان سەرچاوە.
  • هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  • احمد كارتال، تركيا: ناتنياهو وحكومة الحرب الإسرائيلية اكبر عقبة امام السلام الإقليمي، موقع اناضول: على رابط: تركيا: نتنياهو وحكومة الحرب الإسرائيلية أكبر عقبة أمام السلام الإقليمي.

Send this to a friend