• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 26, 2024

په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و یۆنان (له‌ هەڵگیرساندنی جەنگەوە بۆ دانوستان و دۆستایەتی)

ئیسماعیل حاجی زەڵمی

پێشەکی

لە ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆناندا ئاساییکردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ تورکیا لە ڕوانگەی دیبلۆماسی‌و پرسی بازرگانییەوە گرنگیی خۆی هەبوو.

سەرەتای ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ بومەلەرزەکەی شوباتی ٢٠٢٣ی باکووری کوردستان‌و تورکیا، ئەوکات یۆنان وەک هەڵوێستێکی مرۆیی، تیمێکی فریاگوزاریی ناردە تورکیا. کاتێک لە هاوینی ٢٠٢٣ دارستانەکانی ئەسینا سوتان، تورکیاش بە ناردنی دوو فڕۆکەو دوو هەلیکۆپتەرو تیمێکی ٦٠ کەسیی ئاگرکوژێنەوە، هاوکاریی یۆنانی کرد.

ئەگەر زیاتر بگەڕێینەوە بۆ پێشتر، ساڵی ٢٠١٦ لە پارێزگای ئیزمیری هاوسنووری یۆنان چوارەمین لوتکەی باڵای هەماهەنگیی نێوان تورکیا–یۆنان سازکرا، هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو؛ سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیاو ئەلێکسیس تسیپراس؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی یۆنان بەشدارییانکرد، ئەمەش لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە پەیوەندییە دیبلۆماسی‌و ئابوورییەکانی نێوان ئەنقەرەو ئەسیناو فۆڕمێکی فەرمیی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەخشی. دواتر لە ٢٠١٧ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی سەردانی یۆنانی کردو لەگەڵ هاوتاکەیدا کۆبووەوە، سەردانەکەی ئەردۆغان، لە پاش ٦٥ ساڵ، یەکەم سەردانی سەرۆککۆمارێکی تورکیا بوو بۆ یۆنان. بەم دواییەو لە  ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی پێنجەمین لوتکەی باڵای هەماهەنگیی تورکیا–یۆنان، ئەردۆغان بۆ جاری دووەم چووە ئەسیناو لەگەڵ سەرۆککۆمارو سەرۆکوەزیرانی یۆناندا کۆبووەوەو ڕێککەوتنێکی ١٠ خاڵیی ئابوورییان واژووکرد، ڕازیبوون ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانیی نێوانیان بگەیەننە ١٠ ملیار دۆلار.

یۆنان ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایەو یەکێکە لەو هەشت وڵاتەی سنووری وشکانیی لەگەڵ تورکیا هەیە، تاکە دەوڵەتی یەکێتییەکەیە کە دراوسێی تورکیایە. پێگەی یۆنان بۆ تورکیا جگە لە ڕووی ئابووری‌و جوگرافییەوە، بڕیارە دیبلۆماسییەکانیشی لە یەکێتیی ئەوروپادا بۆ تورکیا گرنگە.(1)

مێژووی ناكۆكییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان

بوونی یۆنانییەکان لە سنوورەکانی تورکیای ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوازدەی پێش زایین لەگەڵ نیشتەجێبوونی ئایۆلییەکان. لە ساڵی ٣٢٤ ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی؛ کۆنستنتین، بیزەنتی وەک پایتەختی نوێی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی هەڵبژاردو ناوی لێ نا ڕۆمی نوێ (دواتر قوستەنتینیەو دواتر ئەستەنبوڵ). دوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوا، قوستەنتینیە بووە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی بیزەنتین (ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات)و ناوەندێکی شارستانیی جیهانی. زۆربەی ئەنجومەنە ئیکۆمێنیکییەکان لە قوستەنتینیە (ئه‌سته‌نبوڵ) ئێستا بەڕێوەدەچوون بە هۆی ئەوەوە کە ناوەندی ئیمپڕاتۆریەت بوو، ڕەنگە گرنگترینیان ئەنجومەنی نیقا، ئەنجومەنی ئەفسوس‌و ئەنجومەنی کالسیدۆن بووبێت.(2)

لە سەردەمی زێڕینی ئیمپڕاتۆریەتی بیزەنتین، بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی شانشینی مەقدۆنی‌و کۆمنینۆسدا، ئیمپڕاتۆریەتی بیزەنتین ڕێنێسانسێکی کولتووری‌و زانستیی بەخۆیەوەبینی‌و قوستەنتینیە لە سەردەمی ئەواندا لە ڕووی قەبارەو سامانەوە پێشەنگی جیهانی مەسیحی بوو، لە سەردەمی جەنگی خاچپەرستەکاندا، شانشینی قۆنیا لە باشووری تورکیای ئێستا شانبەشانی میرنشینی ئەنتیکە (ئەنتاکیا) دامەزرا. ئیمپڕاتۆریەتی بیزەنتین زیاتر لە جارێک هاوپەیمانیی لەگەڵ کۆچبەراندا کرد، ڕەنگە بەناوبانگترینیان لەگەڵ شانشینی قودس بووبێت بە ئامانجی داگیرکردنی میسر، بەڵام هەڵمەتەکە شکستیهێنا. جێگەی سەرنجە، جەنگی خاچپەرستیی چوارەم بەرەو خودی قوستەنتینیە ڕێگەیگرتەبەرو لە ساڵی ١٢٦١ داگیریکرد، بەڵام دەوڵەتەکە زۆری نەخایاندو سەرەڕای پێکهێنانەوەی ئیمپڕاتۆریەتی بیزەنتین لە سەدەی چواردەیەمدا، بەڵام ئەم جارەیان دەوڵەتەكە بەهێز نەبوو و شکۆمەندیی جاری پێشووی خۆی بەدەستنەهێنایەوە. سەبارەت بەوەی كە لە تورکیادا هەبوو، واتە ئەنادۆڵ، دابەشبوو بە سەر دەوڵەتە بچووکەکان‌و پارێزگای بچووک‌و سوپای خەلافەتی ئیسلامی بە درێژایی سەدەی چواردەیەم‌و پازدەیەمدا، تا ئەستێرەی عوسمانیی یەکەم درەوشایەوە، شەڕی بیزەنتینەکانی کردو شارو قەڵاکانی داگیرکردن، پاشان خۆی‌و جێنشینەکانی ڕوویانکردە شانشینییە بچووکەکانی دراوسێ‌و یەک لە دوای یەک لەناویانبردو بەم شێوەیە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دامەزرا.(3)

مێژووی ململانێ‌و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان‌و تورکیا، ڕەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە، چەند جارێک گەیشتووەتە ئاستی پێکدادانی سەربازی. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، ڕووی سیاسی، ئابووری‌و چەندین ڕەهەندی دیکەیان هەیە. لە دوای جیابوونەوەو سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٣٢، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان‌و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار بە فەرمی شەڕیان بەرانبەر بە یەکدی کردووە، کە بریتی بوون لە:

– جەنگی عوسمانی-یۆنان لە ساڵی ١٨٩٧،

– جەنگی یەکەمی بەڵقان لە ساڵی ١٩١٢،

– جەنگی جیهانیی یەکەم لە ١٩١٤-١٩١٨،

– جەنگی دووەمی یۆنان-تورکیا لە ١٩١٩–١٩٢٢.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی هەنگاویناوە، هەردوو وڵات لە ساڵی ١٩٥٢ بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام جارێکی دیکەو پاش ماوەیەکی کەم لە دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکان، ناکۆکییەکانی نێوانیان لە سەر دورگەی قوبرس‌و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پەرەیسەند، لوتکەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە ١٩٧٤ بە دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە خاکی قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی تورکیا بە سەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.(4)

یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكان، كە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی قووڵتركردەوە، دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا بووە لە قوبرس، ئەو دورگەیەی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بە شوێنێکی گرنگی ستراتیژی‌و مێژوویی گەورە دادەنرێت، بەو پێیەی قوبرس بە درێژایی سەدەکان شوێنێكی گرنگ‌و کاریگەریی شارستانیەتە جیاوازەکان بووە، بە گشتی ململانێ سیاسییەکان‌و کۆڵۆنیالیزمی بیانی یەکێکە لەو قۆناغە دیارانەی کە قوبرس بە درێژایی مێژووی خۆی شایەتحاڵی بووە، فاكتەرێكی سەرەكیی کێشەی نێوان تورکیاو یۆنانیش بووە. ئەگەر سەرنجبدەین، هۆکارەکانی شەڕی نێوان تورکیاو یۆنانییەکان لە دورگەکەدا لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەبێت هەندێک ڕەهەندی مێژوویی لە سەر ئاستی قوبرس تێبگەین، ئەوەی کە مێژووی قوبرس درێژدەبێتەوە بۆ چەندین سەدەی پێشتر، دورگەکە بە هۆی ئەو مێژووەوە کە هەیەتی، کاریگەریی زۆر شارستانیەتی لە سەر بووە، لەوانە: یۆنانی، فینیقی، ڕۆمانی، مه‌سیحی، عەرەب، تورکی عوسمانی، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی ململانێکان لە قوبرس دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم‌و سەرەتای سەدەی بیستەم، بە تایبەتی کاتێک ململانێی نەتەوەیی لە نێوان قوبرسی یۆنانی‌و قوبرسی تورکیدا دەستیپێکرد. بۆئەوەی قوبرس لە شەڕ دووربکەوێتەوە، ڕێککەوتنی زیوریخ لە لەندەن لە ساڵی ١٩٦٠ واژووکرا، کە سەربەخۆیی بە قوبرس بەخشی، هەروەها کۆماری یەکگرتووی قوبرس دامەزرا، هاوکات چەند مافێکی دیاریکراوی بۆ کەمینەکان دابینکرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گرژییەکانی نێوان هەردوولا هەڵکشا، لەگەڵ ئاڵنگاریی سیاسی‌و ڕەوشە جیاوازەکاندا ئەو پێشهاتانەی کە لەگەڵیاندا بوون، دۆخەکە هێواش هێواش لە کۆنترۆڵ دەرچوو.

لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٧٤دا کودەتای یۆنان‌و قوبرس ڕوویدا، کە حکومەتی یۆنان دەستی بە سەر حکومەتەکەی قوبرسدا گرت بە ئامانجی لکاندنی بە یۆنانەوە، لە بەرانبەردا تورکیا لە ٢٠ی تەمموزی ١٩٧٤ ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر دورگەکە دەستپێکرد، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە بە گوێرەی بەیاننامەکانی حکومەتی تورکیا، پاراستنی دانیشتوانی قوبرسی تورکی‌و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بووە لە دورگەکەدا.(5)

خاڵە ناکۆکەکانی نێوان تورکیاو یۆنان

پەیوەندییەکانی تورکیاو یۆنان کێشەو دۆسێی هەمەجۆرو فراوان لە ناکۆکی لەخۆدەگرێت، لەوانەش: کێشەی سنووری زەمینی‌و دەریایی، ئاوی هەرێمایەتی، بواری ئاسمانی‌و دۆسێی دورگەی قوبرس. چەندین دورگەی ناکۆکیلەسەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا. ئەمە جیا لە نوێترین ناکۆکی کە پەیوەندیی بە مافی گەڕان‌و پشکنینی تورکیا بە دوای نەوتدا لە دەریادا هەیە.

یەكێكی تر لە ناكۆكییەكانی یۆنان لەگەڵ توركیادا کۆچبەرانە، ئەمەش کاتێک سەریهەڵدا، لە ساڵی ٢٠١٥و ٢٠١٦دا توركیا یۆنانی كرد بە هێڵی پێشەوەی کۆچبەران بۆ ئەوروپا، کاتێک ملیۆنێک پەنابەر گەیشتنە یۆنان، لە لایەكی ترەوە تورکیا دراوسێکەی تۆمەتباردەکات بە داڵدەدانی ئەندامانی گرووپی خزمەت (گولەنییەکان)، کە بە ئەنجامدەری کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەممووزی 2016ی تورکیا دادەنرێن، ئەمە جگە لە داڵدەدانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و هەر کەسێک کە دژی ئەنقەرە بوەستێتەوە.

جیا لەوەی “ئایاسۆفیا”ش جارێکی دیکە کێشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی قووڵترکردەوە. بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بە گۆڕینی “ئایاسۆفیا” لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن حکومەتی یۆنانەوە سەرکۆنەکراو بە نادروست لەقەڵەمدرا.(6) کەنیسەکانی یۆنان لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەم نوێژ لە مزگەوتی “ئایاسۆفیا”، زەنگیانلێداو لە زۆرینەی شوێنەکانی یۆنان، ئاڵای وڵات وەک خەمباری‌و ناڕەزایی بەرانبەر بەو کارە داگیران. هەروەها خۆپیشاندان دژی تورکیا کراو خۆپیشاندەرە یۆنانییەکان، لە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە “سالۆنیک” کۆبوونەوەو بە دەم گوتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەتی تورکیاوە، ئاڵای ئەو وڵاتەیان سوتاند، ئەم کارانە پەرچەکرداری خێرای ئەنقەرەی بەدواداهات‌و یۆنانی بە دژایەتیکردنی ئیسلام‌و تورکیا تۆمەتبارکرد.(7)

کەمپی لاڤریۆن

یەكێكی تر لە خاڵە ناكۆك‌و سەرەكییەكانی نێوان توركیاو یۆنان بریتییە لە کەمپی لاڤریۆن.  ئەم كەمپە  لە ساڵی ١٩٤٧ دروستکراوەو دەکەوێتە نزیک ئەسینای پایتەختی یۆنان، کە تورکیا بە “لانکەی تیرۆر” ناویدەبات، وەك ئاماژەیەك بۆ كۆبوونەوەی بەشێكی سەركردەو چەكدارانی پەکەکە تێیدا، لاڤریۆن کە نزیکەی کاژێرێک لە ئەسیناوە دوورە، شارۆچکەیەکی دڵگیرە بۆ پشوودان‌و بەندەرێکی بچووکەو کافێی بە درێژایی کەنار دەریاکە تێدایە، بەڵام ئەوەی لاڤریۆن دەهێنێتەپێشەوە، جوانییە سروشتییەکانی نییە بە تەنیا، بەڵکو ئەو کەمپەیە کە بووەتە شوێنی داڵدەدانی نەیارانی توركیا.

ناوەندی توێژینەوە سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکان (SETA)، كە بارەگا سەرەكییەكەی لە ئەنقەرەیە، لە ڕاپۆرتێکیدا دەربارەی کەمپەکە ئاماژەی بەوە داوە کەمپی لاڤریۆن بارەگایەکە ئەندامانی ڕێکخراوی پەكەكە مەشق‌و وانەی ئایدیۆلۆژییان پێ دەدرێت. سەدان ئەندامی ئەو ڕێكخراوە لەو کەمپەدا ماونەتەوە، هەندێك جار ژمارەیان ٤٠٠ کەس بووە. ئەم بارەگایەی کە لە شێوەی کەمپی پەنابەراندا دروستکراوە، بۆ خۆدزینەوەیە لە دانپێدانان بەوەی چالاکییەکانی ڕێكخراوی پەكەكەی تێدا دەکرێت‌و یۆنانییەکان دەیانەوێت بە هێنانەوەی پاساوی مرۆیی بە کراوەیی بیهێڵنەوە.(8)

بوونی ئەم كەمپە زۆر جار کێشەی گەورەی نێوان هەردوو وڵاتی لێ کەوتووەتەوە، لە ڕاستیدا مێژووی ئۆردوگاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی سارد. کەمپەکە زیاتر لە ٦٠ ساڵ لەمەوبەر کراوەتەوە، ئەو کەسانەیان تێدا بوو کە لەو کاتەدا لە یەکێتیی سۆڤیەت هەڵهاتبوون، بەڵام لە ساڵی (١٩٨٤)ەوە ئەو کەمپە کەوتەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی پەكەكە، توركیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات چەند سەركردەیەكی دەستگیرکراوی پەکەکە دانیان بەوەدا ناوە کە چەکدارانی ڕێکخراوەکە لە کەمپی لاڤریۆن مەشقی چەکدارییان پێ کراوە، بۆیە توركیا بە فەرمی داوای داخستنی ئەو كەمپەی لە یۆنان كردووە، بە سەرچاوەی هێرشە خوێناوییەكانی ناو توركیای داناوە، بەڵام بە شێوەیەكی فەرمی بەرپرسانی ئەسینا وەڵامی ئەرێنییان نەبووە بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ داخستنی کەمپەکە. هەروەها پۆلیسی یۆنان دوای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێک بۆ سەر کەمپەکە لە ساڵی ٢٠١٣ ڕایگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەکی “گوماناوی” لە کەمپەکەدا نەدۆزراوەتەوە. بەڵام هێرشە خوێناوییەکانی پەکەکە لە تورکیادا بانگەشەی دەسەڵاتدارانی یۆنان پوچەڵدەکاتەوە، كە دەگوترێت دەستگیركراوەکان دانیان بەوەدا ناوە لە لاڤریۆن مەشق‌و ڕاهێنانیان وەرگرتووە، سەرەڕای ڕەتكردنەوەی لێدوانە جیاوازەكانی توركیا سەبارەت بەم كەمپە لەلایەن ئەسیناوە.

توركیا پێی وایە پۆلیسی یۆنان بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆنترۆڵی دەوروبەری کەمپەکەی ڕادەستی ڕێكخراوی پەكەكە کردووە، هەروەها بوونی خودی كەمپەكە هاوکاریی ڕێکخراوە جیاجیاکان دژ بە تورکیا دەسەلمێنێت، ئەو وێنانەشی لە ناوەوە گیراون‌و لەلایەن ماڵپەڕە نزیکەکانی ڕێکخراوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، بە ڕوونی دەرکەوتووە کە لاڤریۆن کەمپی پەنابەران نییە، بەڵکو کەمپی مەشقی ڕێكخراوە دژەكانی حكومەتی توركیایە، كە ئەو بە تیرۆریست ناویاندەبات، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا باس لە هەندێك وێنە دەکات، کە دەرخەری ئەوەن ڕێکخراوەكانی ناو ئەو كەمپە لە دەرەوەی تورکیا چۆن هاوکاریدەکرێن، پێویستییەکانیان لەلایەن خاچی سووری یۆنانییەوە دابیندەکرێت. حكومەتی توركیا پێی وایە ڕاستە کەمپەکە بە فەرمی سەر بە وەزارەتی کۆچی یۆنانییە، بابەتە کارگێڕییەکان وەک مەرجی شوێنی نیشتەجێبوون لەلایەن لیژنەیەکی حەوت کەسییەوە بەڕێوەدەبرێن. پێداویستییەکان زیاتر لەلایەن خاچی سووری یۆنانییەوە دابیندەکرێن، بەڵام دەرگاکانی چوونەژوورەوەو دەرچوون بە تەواوی لەلایەن ئەندامانی پەکەکە کۆنترۆڵكراون، چەکدارانی ناو کەمپەکە ناوبەناو میوانداریی ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژئاواش دەکەن. (9)

دواجار لە هاوینی ٢٠٢٣دا حکومەتی یۆنان بە بەهانەی مەترسیی بومەلەرزەو کۆنیی بیناکەوە، کەمپەکەی بە تەواوی چۆڵکردو دانیشتوانەکەی گواستەوە بۆ ناوچەو گەڕەکە جیاوازەکانی ئەسینای پایتەخت، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنیی زۆر باشی هەبوو لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەسیناو ئەنقەرەو تورکیا دەستی ئاشتەوایی لە یۆنان نەگەڕاندەوە.(10)

هەڕەشەكانی هەڵگیرسانی جەنگ

بە پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، ئاشکراکردنی بڕێکی زۆری نەوت‌و غاز لە نزیک کەناراوەکانی قوبرس‌و بوونی یەدەگێکی زۆر لەو ناوچەیەدا هەوڵەکانی تورکیاو یۆنانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیاتری ئەو ناوچەیەی فراوان‌و خێراترکرد، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانیان، ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیاو حکومەتی کاتیی نیشتیمانیی لیبیا لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ هەمان مەبەست واژووکراوە، تاوەکو تورکیا بیانووی پشکنین‌و دۆزینەوەی نەوتی لە دەریادا هەبێت.

ئەمە جگە لەوەی ساڵی ١٩٩٦ تورکیاو یۆنان بە هۆی ناکۆکییانەوە لە سەر دورگەکانی ئیمیای یۆنانی‌و کارداکی تورکی، تا ئاستی پێکدانانی سەربازی پەیوەندییەکانیان گرژی تێکەوتووە.

بە پێی هەندێك ڕاپۆرت کە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوكرانەوە تاکتیکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا، بە وتنی هەڕەشەی داگیرکردنی یۆنان بووە نەک سوریا، بەوەی ئەمڕۆ توركیا بانگەشەی بۆ دەكات، کە “هەندێک دورگە لە دەریای ئیجەدا لەلایەن یۆنانەوە داگیرکراون، دەگەڕێنینەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆمان”، تەنانەت لە جیابوونەوەی قوبرسی باکوور لە ساڵی ١٩٧٤دا، بەم شێوەیە هەڕەشە لە دراوسێکانی تورکیا نەکراوە. لە بەرانبەر ئەو وتانەی سەرۆكکۆماری توركیا ئەوكات وەزارەتی دەرەوەی یۆنان بە بەیاننامەیەک وەڵامیداوەتەوەو وتوویەتی: “ئەو دورگانەی دەوترێت داگیرکراون، لە چوارچێوەی ئەو سنوورە دەریاییەدا نین کە بە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دیاریکراوە، ئەو بانگەشەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن لە ساڵی (٢٠٠٣)وە سەروەریی تورکیا بە سەر دورگەکانیەوە پێشێلکراوە، بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە.” (11)

هەڕەشەكانی توركیا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ یۆنان كاتێك زیادیكرد حکومەتی ئەسینا دەستیکرد بە هاوردەکردنی فڕۆکەی جەنگی ڕافالی فەڕەنسی، کە ژمارەیان شەش فڕۆكەی شەڕکەر بوون بە پێی گرێبەستێک بۆ کڕینی ٢٤ فڕۆکەی لەم جۆرە لە فەڕەنسا، لە ناوەڕاستی گرژییە بێوچانەکانی لەگەڵ تورکیاو کێشە مشتومڕاوییە هەڵپەسێردراوەکاندا، کە تەنانەت دوای ٦٢ خولی دانوستانەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر نەگەیشتنە ئەنجام، ئەم ڕێککەوتنە بۆ چەکداركردنی یۆنان، ئەنقەرەی توڕەكردو بەرپرسانی توركیا ڕایانگەیاند بە گومانەوە لە پاڵپشتیی سەربازیی فەڕەنسا بۆ ئەسینا دەڕوانن، لە کاتێکدا پاریس لە پێناو  سنووردارکردنی هەژموونی تورکیا هاوسۆزیی خۆی وەک وڵاتانی تری یەکێتیی ئەوروپا بۆ یۆنان نەشاردەوە، جموجوڵەكانی توركیاشی بە پێشێلکاری بۆ سەروەریی دەریایی یۆنان ناوزەدکرد.(12)

هەرچەندە هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرش‌و پەلاماردانی یۆنان زۆربەی كات لە ڕاگەیاندنەكان‌و لە سەر زاری بەرپرسە باڵاكان پرسێکی جددی‌و حاشاهەڵنەگر بوو، بەڵام بەرپرسانی یۆنان بە تایبەت وەزیری بەرگریی یۆنان (نیکۆلاوس پاناگیۆتۆپۆلۆس) له‌ لێدوانەكانیدا زۆربەی كات سەرهەڵدانی ململانێیەکی گەرمی نێوان وڵاتەکەی‌و تورکیای ڕەتدەکردەوەو ئاماژەی بەوە دەدا “کات دیاریدەکات، کە ئایا ئەو گرژییەی لە وتارەکاندا هەیە، لە گۆڕەپانەکەدا ڕەنگدانەوەی دەبێت یاخود نا”، لە بەرانبەردا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هێزەکانی یۆنان هەمیشە ئامادەبن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆخێکی لە ناکاو. هەروەها وەزیری بەرگریی یۆنان باسی ئەو ڕێککەوتنە سەربازییانەی کرد کە ئەسینا لەگەڵ پاریس‌و واشنتۆندا واژوویکردووە، ئەمە جگە لەو هاوپەیمانیەتییە گەورەو بچووکانەی کە یۆنان دایمەزراندوون.(13)

ئەسینا چەندین جار گلەیی لە پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ بەزاندنی سەروەریی دەریایی خۆی‌و دووبارە ئیستفزازی لە ڕێگەی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەر دورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجەدا کردووە، ئەمە جگە لەوەی تورکیای دراوسێی تۆمەتبارکردووە بە پشتگوێخستنی شەپۆلەکانی کۆچکردن یان شکستهێنان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بازرگانیدا بە مرۆڤەوە. ناوبەناو، هەردوو وڵات تۆمەتی بەرپرسیاریەتیی ڕوداوە دەریاییەکان، خنکانی کۆچبەران، یان گیرخواردنی بەلەمەکانی هەڵگری پەنابەرو کۆچبەر لە دەریادا ئاڕاستەی یەکدی دەکەن.

هۆکارەکانی نزیك‌ بوونه‌وه‌و کەمبوونەوەی ئەگەرەکانی شەڕ

هەمیشە ئەوەی شەڕ هەڵدەگیرسێنێت، ڕاکردنە بە دوای بەرژەوەندییە تاکلایەنییەکاندا لە سەر بنەمای هێزو گوێنەدان بە سروشتی پەیوەندییە دوورمەوداکان‌و ڕەچاونەکردنی بەرژەوەندیی ئەوانی دیکە، بە تێگەیشتن سروشتی پەیوەندیی نێوان یۆنان‌و تورکیا پێویستی بە شیکردنەوەی ئەو زەمینە جیۆپۆلەتیکییە هەیە کە لە چوارچێوەیدا سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات داڕێژراوەو پەیوەستە بە قوڵاییەكی مێژووییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندییەكانیان لە سەر بنەمای پێداویستیی هاوبەشی ئابووری‌و سیاسی وەستاوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هۆکار بوونە هۆکار، كە تا ڕادەیەك بە زۆرەملێ‌و ناچاری هەردوو وڵات لە یەکدی نزیکببنەوەو هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن، ڕەنگە ئەوەش وای کردبێت ئەردۆغان لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ یۆنان ڕایبگەیەنێت کە هیوایخواستووە بۆ دەستپێکردنی “سەردەمێکی نوێ” لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. چاوخشاندنێکی خێرا بەم هۆکارانە دەتوانرێت بەم شێوەیە کورتبکرێتەوە:

یه‌كه‌م: ئایندەی نادیاری ناتۆ

دیبلۆماتکارانی ئەوروپی پێیان وایە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا سەربکەوێت، ڕەنگە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ بدات، ئەمەش تواناکانی هاوپەیمانیەتییەکە لاوازدەکات‌و ڕەنگە تەنانەت هەڵوەشانەوەو داڕمانیشی بەدوادابێت.(14)

چەندین بەڵگە ئاماژە بەوە دەکەن دیدی سیاسیی ترەمپ تەواوکەری بیرۆکەی “دەرچوونە” لە ناوچە جێناکۆکەکان لە جیهاندا، تەنانەت ڕەنگە بیکاتە پایەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی، ئەم بابەتە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە ئەو لە دەسەڵاتدا بووەو فەرمانی کشانەوەی لە ئەفغانستان دەرکردووەو تەنانەت دانوستانی ئەنجامداوە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیباندا، کە ئەمریکا هەمیشە وەک بزوتنەوەیەکی تیرۆریستی ناوزەدیکردووە.

دەتوانرێت هەنگاوەکانی ئەم دواییەی تورکیا بەرەو یۆنان وەک هەوڵێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ستراتیژییە ئەگەرییە لێکبدرێتەوە، کە دەکرێت بە هۆی بڕیارێکی ئەمریکاوە بێت بۆ پەراوێزخستنی ناتۆ.

لە هەمان کاتدا یۆنانیش ترسی لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەیە، ئەگەر ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی یۆنان بکشێنێتەوە، یان کەمیانبکاتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی فراوانتر بۆ کشانەوە لە ئەوروپا بە هۆی هۆکارەکانی پێشوو یان خواستی کەمکردنەوەی گرژییەکانەوە لەگەڵ ڕووسیادا دووبارە یۆنان پێویستی بەوە دەبێـت پێش ئەو ڕوداوە گرفتەكانی لەگەڵ توركیادا چارەسەربكات.(15)

 دووه‌م: چۆڵكردنی کەمپی لاڤریۆن

لە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٢ حكومەتی ئەسینا بریاڕی چۆڵكردنی كەمپی لاڤریۆنی داوەو لە هاوینی ساڵی ڕابردوو کەمپەکە بە تەواوی چۆڵکراوە، دواتر وەزیری دەرەوەی یۆنان؛ جۆرجۆس جیراپێتریتس، ڕایگەیاند یۆنان ئامادەیە دانوستان لەگەڵ تورکیادا دەستپێبکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە سەر سنوورە دەریاییەکان.

بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی یۆنان‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس لە “تیرۆریزم” دەکەن، پەکەکە چەندین جار باسی لە “نیەتپاکی” لە پشت چۆڵکردنی کەمپی لاڤریۆنەوە کردووە. بە گوێرەی بەیاننامەیەکی دەزگای پۆلیسی یۆنان (ELAS)، ٥٣ کەس لە کەمپی لاڤریۆن مابوونەوە، گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی کۆچ‌و پەنابەری ئەو وڵاتە.

بە پێی ڕوونكردنەوەی ناو بەیاننامەکەی پۆلیسی یۆنانی، بە هۆی خراپیی دۆخی دانیشتوانەکەیەوە، کەمپەکە چۆڵکراوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ یۆنان، کە لە ڕاستیدا داوای دانوستانی لە سەر کێشە گرنگەکانی نێوان دوو وڵات دەکرد، چونکە تورکیا ساڵانێکە داوای چۆڵكردن‌و داخستنی دەكات‌و دەڵێت ئەم کەمپە “لانکەی تیرۆرە”. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی  زۆرێک لە دەستگیركراوان لە تورکیا دانیان بەوەدا ناوە کە لە کەمپی لاڤریۆنەوە پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە، بەڵام ئەم هەنگاوەی حكومەتی یۆنان ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ چوونەپێشەوەی دانوستانەكان‌و نزیكبوونەوەی هەردوو وڵات لە ڕێككەوتن.(16)

سێیه‌م: توركیا گره‌نتیی ئه‌منیه‌ت‌و ئاسایش به‌ یۆنان ده‌دات

زۆرێک لە چاودێران هاوڕان لە سەر ئەوەی تورکیا لە دوای ئەمریکاوە دووەم گەورەترین سوپای لە ناتۆدا هەیە، ئەمەش وا دەکات بتوانێت ڕۆڵێکی ستراتیژیی گەورەتر لە بواری ژیانی ڕاستەوخۆی خۆیدا لە یۆنان‌و وڵاتانی باڵکان‌و دەریای سپی/ناوەڕاست‌و دەریای ڕەشدا بگێڕێت. سەبارەت بە یۆنانیش، هیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرانبەر بە بەشداریکردن لە ڕێکخستنە بەدیلەکان، کە ئاسایشی خۆی لە ڕێگەی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانیەوە گرنتیدەکات، لەوانەش: تورکیا.(17)

بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کەمترکردەوەو سەردانی نیکۆس دێندیاس؛ وەزیری دەرەوەی یۆنان، بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کارەساتەکە وەک یەکەم وەزیری وڵاتانی ئەوروپاو ناردنی تیمی هاوکاری‌و فریاگوزاریی سەرەتایی لە ڕۆژانی سەرەتای بومەلەرزەکەدا؛ کاریگەریی ئەرێنیی زۆر باشی دروستکرد لە سەر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەردوولاو هەنگاونانی تورکیایش بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.(18)

کیریاکۆس میتسۆتاکیس؛ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، لە تەمموزی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیای دراوسێدا “ڕێکبخاتەوە”، ئەمەش لە هەوڵەکانی یۆنانە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکیی دەیان ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتە ئەندامەکەی ناتۆ.

میتسۆتاکیس لە ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٣ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا کۆبوونەوەیەکی یەک کاژێریی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیادا ئەنجامداو بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند لەگەڵ تورکیادا ڕێککەوتوون لە سەر درێژەدان بە پەیوەندییەكانیان لە ئاستێكی بەرزدا. سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئاماژەی بەوەشدا؛ کێشەکانمان بە شێوەیەکی سیحراوی چارەسەرنابن، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نیازی هەردوو وڵاتی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی یۆنان‌و تورکیا پشتڕاستکردەوە.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان میتسۆتاکیس‌و ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەیەکی نافەرمیی یەکێتیی ئەوروپا لە پراگ ڕوویدا، دواتر میتسۆتاکیس ئێوارەخوانێکی فەرمیی ڕێکخست، كاتێک ئەردۆغان وتارێکی پێشکەشدەکرد.(19)

چواره‌م: پەیوەندییەکانی هەردوولا لەگەڵ ئەوروپادا

ڕاستە یۆنان ئەو پاڵپشتییە داراییە باشەی لەبیرنەکردووە کە لە دوای قەیرانی بانکی لە ئەڵمانیاوە وەریگرتووە، بەڵام گومانیشی هەیە لە دووبارە بەردەستبوونی پاکێجی ڕزگارکردنی دارایی لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەگەر قەیرانێکی هاوشێوەی لێ بکەوێتەوە.

ماڵپەڕی دۆیچەڤێل تەنها دوو مانگ دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، ئابووریی ئەڵمانیا بە زەحمەت کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێپەڕاندووە، پێش ئەوەی بەر کاردانەوەی شەڕی ئۆکرانیا بکەوێت، جەنگێک نرخی وزەو ئاستی هەڵاوسانی بەرزکردەوە، ئەمەش وای کرد ئابووریی ئەڵمانیا–لوکۆمۆتیڤی (جوڵه‌ی ئابووری)و ئابووریی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو داببەزێت.

سەبارەت بە تورکیاش، ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئابوورییەکەی بە دەستیەوە دەناڵێنێت لە دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە، بەرزبوونەوەی نرخی وزەو ڕێژەی هەڵاوسان هۆکارن بۆ هەنگاونان بەرەو سفرکردنەوەی کێشەکانی وڵات‌و دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ یۆناندا، هەروەها دەرفەتی پێ بدات نیازی باشی خۆی بۆ هاوبەشە ئەوروپییەکان بسەلمێنێت، بۆئەوەی بەردەوامبن لە کردنەوەی بازاڕەکانیان بۆ بەرهەمەکانی تورکیا.(20)

پێنجه‌م: غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست

سەبارەت بە پرسی گەڕان بە دوای غازی سروشتی لە دەریای سپی/ناوەڕاستدا، کە لە نێوان تورکیاو یۆناندا وەک کێشەیەکی هەڵپەسێردراو ماوەتەوە، دواجار هەردووکیان ئەو باوەڕەیان لە لا دروستبووە کە هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم ناکۆکییە نییە جگە لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، وەک هەوڵەکانی پێشووی هەردوو وڵات بۆ دەربازبوون لێی بە ڕێكخستنی ديدارى ئابوورى يان ڕێککەوتنەکان، بە ئامانجی دوورخستنەوەی لایەنی سێیەم لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست. ئەم بۆچوونە نوێیە ڕەنگە لێدوانەکەی ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەکەى ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ڕوونبکاتەوە، کە ڕایگەیاندبوو: “چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات چیتر پێویستی بە دەستتێوەردانی لایەنی سێیەم نییە.” لەم ڕوانگەیەوە هەنگاوی هەردوو وڵات بۆ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانیان هەر لەو دیدارەی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەردۆغان‌و سەرۆکوەزیرانی یۆنان وەک ئاماژەیەک بۆ دیدی تورکیاو یۆنان بۆ ئایندەی یەکێتیی ئەوروپاو ناتۆ دەردەکەوێت، بەو پێیەی وا دیار بوو کە تورکیاو یۆنان ئاگاداری قەبارەی گەورەی خۆیانن پەیوەست بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەوروپاو ناتۆوە، بە تایبەت دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا، کە تێیدا ئەوروپاو ناتۆ نەیانتوانیوە هیچ پێشکەوتنێک لەوێ بەدەستبهێنن، یان ڕووسیا سنوورداربکەن لە ڕووی سەربازی‌و ئابوورییەوە.(21)

ئەنجام

توركیاو یۆنان پاش ئەو ململانێ درێژخایەنەی نێوانیان‌و ناوەندگیریی چەندین وڵات بە درێژایی مێژوو، ئێستا بڕوایان وایە كە “چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان چیتر پێویستی بە دەستتێوەردانی لایەنی سێیەم نییە”. لەم ڕوانگەیەوە هەنگاوی هەردوولا لە هەوڵدانیان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی‌و گرژییەكان‌و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش؛ زەمینەیەكی باشی لێكتێگەیشتنی هێناوەتەئاراوە.

سەرۆکوەزیرانی یۆنان‌و سەرۆكکۆماری توركیاش لە چاوپێكەوتن‌و لێدوانەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی‌و ئێستاشدا نیازی خۆیان بۆ چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوو وڵات نەشاردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هێندە ئاسان نین بە شێوەیەکی سیحراوی چارەسەرببن، پێویستی بە كات‌و هەنگاوی كرداری‌و دڵنیایی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە هەیە. داخستنی کەمپی لاڤریۆن لەلایەن یۆنانەوە، کە تورکیا وەک “قەندیلی ئەسینا” ناوزەندیدەکرد، بە یەكێك لە هەنگاوە كردارییەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دادەنرێت.

لە لایەکی دیکەوە، لە دوای ئەمریکا؛ تورکیا دووەم گەورەترین سوپای لە ناتۆدا هەیە، ئەمەش وا دەکات بتوانێت ڕۆڵێکی ستراتیژیی گەورە لە  ژیانی یۆنان‌و وڵاتانی باڵکان‌و دەریای سپی/ناوەڕاست‌و دەریای ڕەشدا بگێڕێت، لەگەڵ ئەمەشدا دۆخی خراپی ئابووریی توركیا، ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئابوورییەکەی بە دەستیەوە دەناڵێنێت لە دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە، بەرزبوونەوەی نرخی وزەو ڕێژەی هەڵاوسان، بوونەتە هۆکارێك كە ئەو وڵاتە بیر لە هەنگاونان بەرەو سفرکردنەوەی کێشەکانی وڵات‌و دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ یۆناندا بكاتەوە، هەروەها ئەم هەنگاوە بكاتە دەرفەتێک بۆ نیشاندانی نیازپاکیی خۆی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت: قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی تورکیاو یۆنان هاتووەتەپێشەوە، ئەم قۆناغەش کاریگەریی لە سەر پرسی کوردو توانای پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیاو ئەوروپادا دەبێت‌و ڕەنگە دواجار بە سوودی دەوڵەتی تورکیا بشکێتەوە.

په‌راوێزه‌كان

Daniel C. Waugh (2004). “Constantinople/Istanbul”. University of Washington, Seattle, Washington. مۆرشف من اڵاصل فی 2018-09-27. اطلع علیه بتاریخ 2006-12-26.

  1.   كتاب «تاریخ الدول الإسلامیە ومعجم اڵاسر الحاكمە» لستانلی بول (ترجمە أحمد السعید سلیمان)، المجلد اڵاول ص313 إلی ص325 (السلاجقە)، دار المعارف بمصر – القاهرە.
  2. –   كتاب «تاریخ الدول الإسلامیە ومعجم اڵاسر الحاكمە» لستانلی بول (ترجمە أحمد السعید سلیمان)، المجلد اڵاول ص313 إلی ص325 (السلاجقە)، دار المعارف بمصر – القاهرە.
  3. https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/280720201?fbclid=IwAR1uYpL8BB3SE5UOk692_zBxP2CIgxfqAGZY0uGVlPWN-fwGucm5EkBat6A تورکیاو یۆنان… لە بەردەم پێنجەم شەڕی مێژوویی نێوانیاندا (ڕێبوار محمد) (28-7-2020).
  4. https://www.syria.tv/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D9%81%D9%8A- 5–%D9%82%D8%A8%D8%B1%D8%B5-%D8%B9%D9%86%D8%AF%D9%85%D8%A7-%D8%AE%D8%B1%D8%AC%D8%AA-%D8%B9%D8%A7%D8%A6%D8%B4%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B7%D9%84%D8%A9-%D8%B9%D8%A7%D9%85- (عدي محمد ظاهر 1974 الحرب في قبرص… عندما خرجت عائشة إلى العطلة عام 1974
  5. https://www.syria.tv/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D9%81%D9%8A- 5–%D9%82%D8%A8%D8%B1%D8%B5-%D8%B9%D9%86%D8%AF%D9%85%D8%A7-%D8%AE%D8%B1%D8%AC%D8%AA-%D8%B9%D8%A7%D8%A6%D8%B4%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B7%D9%84%D8%A9-%D8%B9%D8%A7%D9%85-1974(عدي محمد ظاهر 1974 الحرب في قبرص.. عندما خرجت عائشة إلى العطلة عام
  6. https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/280720201?fbclid=IwAR1uYpL8BB3SE5UOk692_zBxP2CIgxfqAGZY0uGVlPWN-fwGucm5EkBat6A تورکیاو یۆنان… لە بەردەم پێنجەم شەڕی مێژوویی نێوانیاندا (ڕێبوار محمد).

  1. https:// www.trthaber.com%2Fhaber%2Fdunya%2Flavrion-kampi-iyi-niyet-mi-oyalama-mi-779773.html%3Ffbclid%3DIwAR1Xif874SXdvosmYAS6CUsltOsTqcqqeNEsWRAuqbmeAM3VpnFpVzmSluc&h=AT2Py43-1AftxMSeYQ58puDZusJL94IgyO_J4dGRgeLYz68dPWdapNeU2m9_-D9I76hh7P9QmVcglctQC2h-rRNHrb92r8gPZsNIovYG6a90KBK1_z6pg8kQtF1K2rS6sqxPXg
  2. https://www.trthaber.com/haber/dunya/lavrion-kampi-iyi-niyet-mi-oyalama-mi-
  3. Stelyo Berberakis,05.05.2023, Yunanistan’daki tartışmalı Lavriyon Kampı kapatıldı, https://www.bbc.com/turkce/articles/c51j12mr1mmo, 21.02.2024 (
  4. https://www.bbc.com/arabic/world-53569262 تركيا واليونان: هل التناحر بينهما في شرقي المتوسط برميل بارود على شفا الانفجار؟) جوناثان ماركوس
  5. https://ahvalnews.com/ar/alywnan-tzz-qwt-alrd-fy-12 تركيا تستدعي سفير اليونان بسبب معسكر لافريون “الكردستاني”
  6. mwajht-althdydat-altrkyt/allaqat-altrkyt-alywnanyt
  7. https://www.aljazeera.net/blogs/2023/12/24/-12 تركيا واليونان.. أعداء الأمس هل يصبحان حلفاء الغد؟ حسام عمر
  8. https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2023/07/12/%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%86-%D9%88%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7- اليونان وتركيا تتعهدان بإعادة ضبط العلاقات.. وتجاوز الخلافات%D8%AA%D8%AA%D8%B9%D9%87%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%B6%D8%A8%D8%B7
  9. https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2023/07/12/%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%86-%D9%88%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7- اليونان وتركيا تتعهدان بإعادة ضبط العلاقات.. وتجاوز الخلافات%D8%AA%D8%AA%D8%B9%D9%87%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%B6%D8%A8%D8%B7
  10. https://www.trthaber.com%2Fhaber%2Fdunya%2Flavrion-kampi-iyi-niyet-mi-oyalama-mi-779773.html%3Ffbclid%3DIwAR1Xif874SXdvosmYAS6CUsltOsTqcqqeNEsWRAuqbmeAM3VpnFpVzmSluc&h=AT2Py43-1AftxMSeYQ58puDZusJL94IgyO_J4dGRgeLYz68dPWdapNeU2m9_-D9I76hh7P9QmVcglctQC2h-rRNHrb92r8gPZsNIovYG6a90KBK1_z6pg8kQtF1K2rS6sqxPXg
  11. https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2023/07/12/%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%86-%D9%88%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7- اليونان وتركيا تتعهدان بإعادة ضبط العلاقات.. وتجاوز الخلافات%D8%AA%D8%AA%D8%B9%D9%87%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%B6%D8%A8%D8%B7
  12. https://www.aljazeera.net/blogs/2023/12/24/%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%86-%D8%A3%D8%B9%D8%AF%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B3-%D9%87%D9%84-%D9%8A%D8%B5%D8%A8%D8%AD%D8%A7%D9%86 2 تركيا واليونان… أعداء الأمس هل يصبحان حلفاء الغد؟ حسام عمر
  13. https://www.aljazeera.net/blogs/2023/12/24/%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%86-%D8%A3%D8%B9%D8%AF%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B3-%D9%87%D9%84-%D9%8A%D8%B5%D8%A8%D8%AD%D8%A7%D9%862 تركيا واليونان… أعداء الأمس هل يصبحان حلفاء الغد؟ حسام عمر
  14. https://zoomnews.info/31524/?fbclid=IwAR0il539PzmsRlzhsWJ71d9IKtyKeKTtP2vAXXGPWQLqXpb-1y09TQiEJcs تورکیاو یۆنان؛ لە دوژمنایەتییەوە بۆ دۆستایەتی.

Send this to a friend