توركیا‌و ڕۆژئاوای كوردستان دوای كه‌وتنی ئه‌سه‌د
د. فاروق عەبدول
بەرایی
دوای “بەهاری عەرەبی”، هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕوداوه‌كانی سوریاوه هەتا كه‌وتنی ڕژێمی ئه‌سه‌د له كۆتاییه‌كانی (٢٠٢٤)دا، توركیا به به‌رده‌وامی چاوێكی له سه‌ر ناوچه‌كانی باكوور‌و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا بووه، هه‌ر له عه‌فرینه‌وه هەتا قامیشلۆ، كه به “ڕۆژئاوای كوردستان” ناسراوه، ئه‌م ناوچه‌یه كه به جێنفوزی كوردان له جوگرافیای سوریادا دیاریكراوه، له ماوه‌ی (١٤) ساڵی ڕابردوودا هه‌میشه له ژێر گوشار‌و هه‌ڕه‌شه‌ی توركیادا بووەو به پاساوی جۆراوجۆر، كه سه‌رجه‌میان ڕه‌هه‌ندی ئه‌منییان هه‌بووه، توركیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆسیەكانی تایبه‌ت به‌م ناوچه‌یه‌و پرسی كورد له سوریادا كرده‌وه. پرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه، كه بۆچی توركیا به‌م جۆره له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای كوردستاندا مامهڵەدهكات؟ پاڵنه‌رو هۆكارى گوشاره‌كانی توركیا چین‌و ئاسۆی ڕوداوه‌كان به چی ده‌گات؟ به له‌به‌رچاوگرتنی دهرفهتو سیناریۆكان به تایبه‌تی له دوای كه‌وتنی ڕژێمی ئه‌سه‌د له كۆتاییه‌كانی (٢٠٢٤).
ڕۆژئاوای كوردستان‌و ئیداره‌ی خۆسه‌ری
ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان بچووکترین بەشی کوردستانی گه‌وره‌یه، كه بە سەر چوار ده‌وڵه‌تدا دابەشبووه، ناوی ڕۆژئاوایەو خراوەتە چوارچێوەی سوریاوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی (٧٠٠) کیلۆمەتر چوارگۆشه‌یه، لە دێریك هەتا عەفرین درێژدەبێتەوە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە پێکهاتەی کورده، جگە لە ئەرمەن، ئاشووری، عەرەب، تورکمان‌و دروز، به پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، دانیشتوانه‌كه‌ی نزیکەی (٥) ملیۆن کەس ده‌بێت. لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٦)ەوە ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌ستیكردووه به بنیاتنانی دیواربهندییهك به درێژایی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای كوردستاندا، کە درێژییەکەی (٦٨٨کم)و به سێهەم درێژترین دیوار لە جیهاندا داده‌نرێت. ئامانجی توركیا له‌م كاره‌ی دابڕان‌و پچڕانی پردی په‌یوه‌ندیی نێوان باكوور‌و ڕۆژئاوای كوردستانه(١).
هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیای ڕۆژئاوای كوردستان به درێژایی سنووره‌كانی توركیایه‌و له‌م ڕێڕه‌وه سنوورییه‌دا، زۆربه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كانی نێوان توركیا‌و سوریا به ناوچه كوردستانییه‌كاندا تێپه‌ڕده‌بێت، بۆیه به‌رده‌وام توركیا هه‌وڵیداوه گه‌مارۆی ڕۆژئاوای كوردستان بدات، له ڕێگه‌ی داخستنی به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌روازه سنوورییانەوە.
ڕۆژئاوای كوردستان خاوه‌ن سیستەمێكی ئیداریی خۆبه‌ڕێوبه‌رییه، كه به ئیدارەی خۆسەریی دیموکراتی ناسراوه‌و لە سێ کانتۆن پێکدێت؛ جه‌زیره، عەفرینو کۆبانێ. هەر کانتۆنێك ئەنجومەنی یاسادانان‌و دادوەری‌و جێبەجێکردنی هەیە، بڕیارەکان لە شارەوانییەکانەوە دەستپێدەکات، له گەڕەكو ناوچەکان هەتا ئەنجومەنی شارەکانو دواتر کانتۆنەکان. بۆ نموونه قامیشلۆ، كه ده‌كه‌وێته چوارچێوەی كانتۆنی جەزیرەوه، لە شەش ناوچە پێکهاتوەو هەر ناوچەیەکیش چەند شارەوانیەک لەخۆدەگرێت. هه‌ر كانتۆنێكیش دەستوورو حکومەتو پەرلەمان‌و دادگا‌و یاسا‌و شارەوانیی تایبەت بە خۆی هەیە، كه بە شێوەیەکی لامەرکەزی کاردەکەن(٢).
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ری، ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به سه‌رچاوه‌ی سروشتی‌و کشتوکاڵ، کە بە چاندنی دانەوێڵەو لۆكه به‌ناوبانگه.
له‌م ناوچه‌یه‌دا سێ گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی نه‌وتی له سوریادا هه‌یه، که بریتین له سویدیه، ڕمێلانو ئه‌لعومه‌ر، جگه له (١٠) کێڵگه‌ی تر که له نێوان حه‌سه‌كه‌و دێرئه‌لزور دابه‌شبوون، گرنگترینیان ئهلتهنك، ئهلجفرو كۆنیكون.
ناوچەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ری پشت بە بازرگانی دەبەستن، لەوانە بازرگانیی خانوبەرەو ئۆتۆمبێل‌و خۆراك، جگە لە ئاڵوگۆڕی دراو.
به هۆی داخستنی ده‌روازه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیادا، ده‌روازه‌ی سیمێڵكا له سنووری هه‌رێمی كوردستان تاكه ده‌رچه‌ی ڕۆژئاوای كوردستانه له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و هاتوچۆی دانیشتوان‌و گه‌یاندنی هاوكارییه مرۆییه‌كان دەکرێت.
گوشاره سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا
هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕوداوه‌كانی سوریاوه، توركیا به به‌رده‌وامی پێیه‌كی له ڕۆژئاوای كوردستان بووه‌و جیا له گوشاره سیاسی‌و ئابووری‌و دیبلۆماسییه‌كانی له سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان، له ڕووی سه‌ربازییشه‌وه درێغینهكردووهو له وشكانی‌و ئاسمانه‌وه هێرشه‌كانی به‌رده‌وامبووه، به هۆیانه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌زاران هاوڵاتیی مه‌ده‌نی بوونه‌ته قوربانی، به ده‌یان شار‌و شارۆچكه‌و گوند خاپووربوونو گۆڕانكاریی گه‌وره‌و مه‌ترسیداریش به سه‌ر دیموگرافیای ئه‌و ناوچانه‌دا هاتوون، له دیارترین كرده‌وه سه‌ربازییه‌كانی توركیایش:
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات: لە (٢٤)ی ئابی (٢٠١٦) یەکهەم ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە خاکی سوریا لە ژێر ناوی “قەڵغانی فورات” دەستیپێکرد. لە قۆناغی یەکهەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای تورکیا سنووری سوریایان بەزاند، ئەمەیش سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە بوو، ئەم قۆناغە بە کۆنترۆڵکردنی شاری جەرابلوس‌و گونده‌کانی نزیك سنووری تورکیا کۆتاییهات.
لە (٢٧)ی هەمان مانگدا قۆناغی دوهەمی ئۆپەراسیۆنەکە بە ڕاگەیاندنی سوپای ئازادی سوریا‌و بە پشتیوانیی تورکیا لە گەیشتنیان بۆ شارەکانی ئەعزازو جەرابلوس لە گونده‌کانی حەلەب کۆتاییهات، قۆناغی سێهەمیش لە (١٦)ی ئابی (٢٠١٦) دەستیپێکردو لە (٢٣)ی شوباتی (٢٠١٧) بە کۆنترۆڵکردنی شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کۆتاییهات(٣).
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات نزیکەی (٧) مانگی خایاند، ئامانجی ڕاگه‌یاندنی توركیا لەو ئۆپەراسیۆنه، ده‌ركردنی چه‌كدارانی داعش‌و ڕێگری‌کردن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ بەستنەوەی شارەکانی کۆبانی‌و عەفرین بوو، لەگەڵ دابینكردنی ناوچەیەکی ئارام‌دا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی سوریا‌و ڕوسیا بۆ سەر گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانی ئەنقەرەو دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه.
ئۆپەراسیۆنی چڵهزەیتوون
لە (٢٠)ی کانوونی دوهەمی (٢٠١٨)، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی بە ناوی “چڵهزەیتوون”ەوە دەستپێکرد. ئامانجی ڕاگه‌یاندنی توركیا له‌و ئۆپەراسیۆنه کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچكه‌ی عەفرین بوو، ئه‌م ئۆپەراسیۆنه سه‌ربازییه‌ی توركیا‌و گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانی نزیكه‌ی (٣) مانگی خایاند. دوای ئه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كان به‌رگرییه‌كی به‌هێزو فراوانیان كرد، له (٣)ی ئاداری (٢٠١٨) هێزەکانی تورکیا‌و گرووپه چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانی، توانییان بچنەناو سەنتەری شارۆچکەی “ڕەجوو”ەوە، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای عەفرین. چه‌ند ڕۆژێك دواتر، هێزەکانی چڵهزەیتوون، گرنگترین شارۆچکەی عەفرینیان کۆنترۆڵکرد، کە جەندەرێسی ستراتیژی بوو. لە (١٨)ی ئاداردا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان بە هاوکاریی گرووپه چه‌كداره‌كانی سوریا ناوەندی شاری عەفرینیان کۆنترۆڵکرد. له چوارچێوه‌ی ئه‌م پڕۆسه سه‌ربازییه‌دا، به هه‌زاران هاوڵاتیی كوردی دانیشتووی عهفرینو ده‌وروبه‌ری ئاوارهبوونو ماڵوموڵكیان له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانی سوریاوه تاڵانكرا، به سه‌دان هاوڵاتییش شه‌هیدو برینداربوون‌و زیانێكی گه‌وره به ژێرخانی ئه‌و ناوچانه كه‌وت(٤).
ئۆپەراسیۆنی كانیی ئاشتی
لە (٩)ی تشرینی یەکهەمی (٢٠١٩)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “كانیی ئاشتی”ی لە باکووری سوریا ڕاگەیاند. ئامانجی توركیا له ئۆپەراسیۆنه‌كه دوورخستنەوەی هیزه كوردییه‌كان بوو له نزیك سنووره‌كانی، کە ئەنقەرە وەك ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزهندیكردوون.
ئەردۆغان ڕایگەیاند: هێزەکانی تورکیا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزه هاوپه‌یمانه‌كانمان له سوریا، ئۆپەراسیۆنی كانیی ئاشتییان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان‌و یەکینەکانی پاراستنی گه‌ل لە باکووری سوریا دەستپێکردووە. ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد، كه ئەرکی ئێمە ڕێگریکردنە لە دامەزراندنی ڕێڕەوی “تیرۆر” لە سنوورەکانی باشوورمان. ئۆپەراسیۆنەکە بە سێ قۆناغ کرا، هێزەکانی تورکیا به به‌شداریی چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانی له سوریا، چوونە ناوچەکانی سهرێكانێو گرێسپی لە باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، به هۆی ئه‌م ئۆپەراسیۆنهو ڕێككه‌وتنی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له ئهمریكاو ڕوسیا لە (٢٢)ی تشرینی یەکهەم، هێزەکانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) به قوڵایی (٣٠) کیلۆمەترو بە درێژایی سنوورى هه‌ردوو ئه‌و ناوچه‌یه، كه (١٢٠) کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە، کشانەوە، ئۆپەراسیۆنی “كانیی ئاشتی” تەواوکاریی ئۆپەراسیۆنی چڵهزەیتوون بوو، كه تورکیا لە ساڵی (٢٠١٨)دا کردی‌و ناوچەی عەفرینی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کردەئامانج.
به پێی ڕاپۆرتی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، له‌م ئۆپەراسیۆنه‌دا تاوانی جەنگو پێشێلکاریی گەورە کرا، لەوانە تۆپبارانی هه‌ڕه‌مه‌كی بۆ سه‌ر ناوچه كوردییه‌كان بەبێ جیاوازی، کوشتن له دەرەوەی دادگا، له دیارترینیان لەسێدارەدانی “هێڤرین خەلەف”، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌م ئۆپەراسیۆنه‌دا زیاتر لە (٢٠٠) هەزار هاوڵاتیی ناوچەکە ئاوارەبوون(٥).
ئامانج‌و ستراتیژی سه‌ره‌كیی ئەنقەرە له ئۆپەراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی ئەوەیە، کە ئیدارەی خۆسه‌ریی باکوور‌و خۆرهەڵاتی سوریا بکاتە مۆدێلی “پەنیری سویسری”، واتە دابەشکردنی ناوچەکە، بە شێوەیەك ڕێگریبکات لە هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) کە ناوچەیەکی سنووریی یهكانگیرو بەردەوامی به تەنیشت تورکیاوه هەبێت. به تایبه‌تی كه دیمه‌شقیش هێندەی ئەنقەرە دژایەتیی سەربەخۆیی کورد دەکات، هەردوو حکومەت (ئه‌نقه‌ره‌و دیمه‌شق) ده‌یانهه‌وێت دوای ئارامبوونه‌وه‌ی بارودۆخ‌و جڵه‌وگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سوریا، لە کۆتاییدا دیمەشق بتوانێت بە ئاسانی‌و بە زۆر ناوچە دابڕێنراوه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان بگەڕێنێتەوەژێر دەسەڵاتی خۆی(٦).
گوشاره سیاسی‌و ئابووری‌و دیبلۆماسییه‌كان
له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ئیداره‌ی خۆسه‌ری له ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا ته‌واوی هه‌وڵه سیاسی‌و دیبلۆماسییه‌كانی خسته‌گه‌ڕو گوشاری له وڵاتانی خۆرئاوا‌و ڕوسیا‌و ئێران كردووە، كه ده‌ستبه‌رداری په‌یوه‌ندییه سیاسیه‌كانیان ببن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ڕۆژئاوای كوردستاندا. ئه‌م هه‌وڵانه‌ی توركیایش هه‌ر له سه‌ره‌تای دانوستانه‌كانی جنێفو دواتر ئه‌ستانه‌دا به فراوانی ده‌ركه‌وتن.
ئەنقەرە هه‌ر له یه‌كهه‌م كۆبوونه‌وه‌كانی جنێفدا مه‌رجه‌كانی خۆی خسته‌ڕوو، كه داوای ناوچه‌یه‌كی ئارامی ده‌كرد له باكووری سوریا له نزیك سنوورەکانی باشووری وڵاته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌كانی ئاستانه‌دا. ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له كۆتایی (٢٠١٦)دا به ئاشكرا ڕایگه‌یاند، كه به‌شداریی دانیشتنه‌كان ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری “تیرۆر” بانگهێشتبكرێن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێزه كوردییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان(٧). له ڕووی ئابوورییشه‌وه، توركیا گه‌مارۆیه‌كی توندی خسته‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی فورات. ئەنقەرە لە ساڵی (٢٠١٣)وه دەستیكرد بە توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکان، لە نێوان ساڵانی (٢٠١٥) بۆ (٢٠١٨)، لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێکان بە درێژایی سنووری تورکیا، ئەنقەرە سێهەم درێژترین دیواری جیهانی دروستکرد، دوای دیواری گەورەی چین‌و دیواری نێوان ئەمریکاو مەکسیك.
هەروەك پێشتر ئاماژەمانپێدا، تورکیا ده‌یان بنكه‌ی سەربازی له ناوخۆی سوریادا دامەزراندووه بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی جموجۆڵی هێزه كوردییه‌كان، به تایبه‌تی له ناوچه‌كانی جه‌رابلوس، ئه‌عزاز ، ئهلبابو عه‌فرین. به پێیچه‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی فورات، تورکیا ده‌روازه سنوورییه‌كانی لە ڕۆژئاوای فورات كرده خاڵی به‌هێزی ئابووری‌و بارزگانیی نێوان وڵاتهكهیو سوریا، له سنووری خۆرهەڵاته‌وه هه‌موو هاتوچۆیەکی وه‌ستاندو سنووره‌كانی به ته‌واوی داخست. لە هاوینی (٢٠١٢)وه، لەو کاتەوەی هێزه كوردییه‌كان بۆشایی ئیداری‌یان له ناوچەی سنووریی باکووری خۆرهەڵاتی فورات پڕكرده‌وه، تورکیا ئەم بەشەی سنووری بە داخراوی هێشتەوەو ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیشی تێدا بەهێزترکرد(٨)، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٩)ەوە، زیاتر له (١٨) جار ئاوی خواردنه‌وه‌ی له حه‌سه‌كه‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری بڕیوه، كه بووە به هۆی بێبه‌شبوونی نزیكه‌ی یهكملیۆن هاوڵاتیی ئه‌و ناوچانه له سه‌رچاوه‌ى ئاوی پاك‌و كاریگه‌ریی گه‌وره‌یشی هه‌بووه له سه‌ر كشتوكاڵ‌و به‌روبوومه خۆراكییه‌كان هەبووە، كه بڕبڕه‌ی پشتی ئابووری‌و بژێویی دانیشتوانی ڕۆژئاوای كوردستانه(٩).
ئیداره‌ی خۆسه‌ر له به‌رانبه‌ر گوشاره‌كان
له به‌رانبه‌ر گوشاره جۆراوجۆره‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، هێزه كوردییه‌كان له ڕووی مه‌یدانییه‌وه توانیویانه بهرگریبكهنو به‌رپه‌رچی زۆرێك له‌و هێرشه سه‌ربازییانه بدەنه‌وه، به تایبه‌تی له كانتۆنی جه‌زیره‌و كۆبانی، به‌ڵام ئه‌م بهرگرییەیش سنووردار‌و مه‌حكوم بووه به ئاستی توندی‌و فراوانیی هێرشه‌كانی توركیا (به‌و پێیه‌ی جیاوازییه‌كی گه‌وره له توانای سه‌ربازیی هه‌ردوو لایه‌ندا هه‌یه). هێشتا به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی له به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی ئاستی هێرشه‌كانی توركیا، كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییه، به تایبه‌تی ئهمریكاو فه‌ڕه‌نسا، له چه‌ندین بۆنه‌دا ڕێگهیاننهداوه په‌ره‌سه‌ندنه سه‌ربازییه‌كان بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان زیاترببێتو كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره له ناوچه‌كەدا بخولقێت. ئه‌گه‌رچی لە سه‌ر ئاستی نێودەوڵەتی، چانسی شەرعیەت لە شێوەی پشتیوانیی سیاسی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان (له شێوه‌ی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان) سنووردار‌و لاوازه‌و سەرکردەکانی ڕۆژئاوای كوردستانیش دەزانن ئه‌وه‌ی هه‌یه، دۆستی کاتییه نەك هاوپەیمانی هەمیشەییو ستراتیژی. به‌ڵام له‌وەیش تێده‌گه‌ن، كه مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه به لایه‌نی كه‌مه‌وه دڵنیاییده‌دات له پاكتاوكردن‌و ڕاگواستن له سه‌ر خاكه‌كه‌یان. هه‌ڵبه‌ته پشتیوانیی ئەمریکاو وڵاتانی تری ڕۆژئاوا بۆ هێزە کوردییەکان لە ڕووی سەربازییەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توانای ئه‌م هێزانه له شەڕی داعش كه لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتانەدا یه‌كده‌گرێته‌وه. گەورەترین ئاسته‌نگی بەردەم به‌رپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان چۆنیەتیی سوودوه‌رگرتنه له‌و پشتیوانییه بۆ دانپێدانان به پڕۆژە سیاسییه‌كه‌یان لە ئاستێکی بەرفراوانتردا، به‌ڵام دژایەتیی توندی تورکیا ڕێگره له به‌رده‌م ئه‌و جۆرە دانپێدانانەدا. تورکیا پڕۆژەی ڕۆژئاوای كوردستان وەک هەڕەشەیەك دەبینێت، کە دەتوانێت ئاستی خواستەکانی هاوشێوەی کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا دروستبکات. هەروەها له‌به‌رئه‌وه‌ی تورکیا ئەندامی ناتۆیە، بۆیە هاوپەیمانەکانی ناتۆ (بێجگه له فه‌ڕه‌نسا) کەمتر پشتیوانیی پڕۆژه‌ی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن، بۆیه سه‌ركرده‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت پشتیوانیی پڕۆژه سیاسییه‌كه‌یان به‌ده‌ستبخه‌ن، ده‌بێت سه‌ره‌تا دڵنیایی ته‌واو بده‌ن به توركیا، كه ئاسایشی سنووره‌كانی له باشووری تورکیاوە پارێزراوه، هه‌روه‌ها له سه‌ر ئاستی ناوخۆییش شەرعیەتی سیاسی به‌هێزتربكه‌ن، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر‌و پته‌وكردنی ئاسایش‌و كرانه‌وه‌ی زیاتری دیبلۆماسییه‌وه ده‌بێت(١٠).
گوشاره‌كان له دوای كه‌وتنی ئه‌سه‌د
له دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له (٨)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤)، توركیا خۆی له به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی زێڕیندا بینییه‌وه بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه په‌ككه‌وتووه‌كانی له سوریا، كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د مه‌رجی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی كردبووه بنه‌ما بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی ئه‌نقه‌ره. هه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌وتنی ئه‌سه‌ددا، توركیا جموجۆڵه سیاسی‌و دیبلۆماسییه‌كانی له ناوخۆی سوریا ده‌ستپێكردو دوای چه‌ند ههفتەیهك له ڕوخانی ئه‌سه‌د به‌رپرسانی باڵای توركیا گه‌یشتنه دیمه‌شق بۆ ئاڕاسته‌كردنی ئیداره‌ی نوێی سوریا‌و دیزاینكردنی نه‌خشه‌ی سیاسی، به شێوه‌یه‌ك جێكردنه‌وه‌ی خواست‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ببن به به‌شێك له ئه‌جێندای ئیداره‌ی نوێ. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گوشاریان له ده‌سه‌ڵاتی نوێی دیمه‌شق كرد، كه هه‌وڵی یه‌كپارچه‌یی وڵات بدهنو ڕێگه به هیچ پڕۆژه‌یه‌كی دیكه نه‌ده‌ن.
هاكان فیدان؛ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له میانەی سه‌ردانی بۆ دیمه‌شق له (٢٢)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤) ڕایگه‌یاند، كه له ئایندهی سوریادا جێگەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) نییەو دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە. هه‌روه‌ك داوای له ئه‌حمه‌د شه‌رع؛ سه‌رۆكی سوریا كرد، کە یەکپارچەیی خاکی سوریا‌و سەروەریی سیاسی بپارێزن. هه‌روه‌ها یه‌شار گولەر؛ وەزیری بەرگریی تورکیایش ڕایگەیاند، کە ئەنقەرە پێیوایە به‌رپرسانی نوێی سوریا‌و لە نێویاندا ئه‌و هێزانه‌ی كه ئەنقەرە پاڵپشتییاندهكات، ده‌توانن یەپەگە لە هەموو ئەو ناوچانه ده‌ربكه‌ن، کە ده‌ستیانبه‌سه‌رداگرتووه. ئه‌م لێدوانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا گوشارێكی پێشوه‌خته بوو بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نوێی دیمه‌شق، به تایبه‌تیی ده‌سته‌ی ته‌حریری شام هەتا هه‌نگاوی كرداره‌كی دژی هێزه كوردییه‌كان بگرنه‌به‌ر(١١).
له دوای كه‌وتنی ئه‌سه‌د، توركیا له سه‌ر هه‌رسێ ئاستی سیاسی‌و سهربازیو نێوده‌وڵه‌تی كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شكست به پڕۆژه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ریی ڕۆژئاوای كوردستان بهێنێت. له ئاسته سه‌ربازییه‌كه‌یدا له ڕێگه‌ی پشتیوانی‌و هاندانی هێزه پرۆكسییهكانیهوه ده‌یهه‌وێت سنووری قهڵهمڕەویی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بچووكبكاتهوهو ناوچه ستراتیژییه‌كانی لێوه‌ربگرێته‌وه، به تایبه‌تی هه‌ر له دوای كه‌وتنی ئه‌سه‌ده‌وه، توركیا‌و ئه‌و گرووپەی كه ناونراوه “سوپای نیشتیمانی”، هێرشێكی به‌رفراوانیان بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین ده‌ستپێكرده‌وه‌و ده‌یانهه‌وێت كۆنترۆڵیبكهن. تورکیا بەنداوی تشرین بە کلیلی کۆنترۆڵکردنی ڕوباری فورات دەزانێت، کە سوریا‌و عێراق زۆر پشت بە ئاوەکەی دەبەستن. کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوەکە کارتێکی گوشاری بەهێز دەداتە ئەنقەرەو وایلێدەکات کۆنترۆڵی ئاوی وڵاتانی دراوسێ بکات‌و بەمەیش ده‌توانێت گوشارەکانی له سەر سوریا‌و عێراق زیادبکات، بە تایبەتی کە ژمارەیەك بەنداوی لە سەر خاکی خۆی دروستکردووە. بەو پێیەی ئەنقەرە ئاوی ڕوبارەکانی دیجلەو فورات وەك کارتێکی گوشار لە دژی سوریا‌و عێراق بەکاردەهێنێت، بۆئەوەی ملکەچی داواکارییەکانی بن. هەروەها تورکیا لە ڕێگەی هێرشەکانی بۆ سەر بەنداوەکەوە هەوڵدەدات، کە سەرچاوەکانی وزە کۆنترۆڵبکات، به تایبه‌تیی ئەو کارەبایەی کە له بەنداوهكهوه بەرهەمدێت، ڕێگە بە تورکیا دەدات مەرجە سیاسی‌و ئابوورییەکانی بە سەر هێزە سیاسییەکانی باکووری سوریادا بسەپێنێت، بە تایبەتیی ئیدارەی خۆسەر، کە پشت بە بەنداوەکە دەبەستێت بۆ دابینکردنی وزه‌ی کارەبا. ئەنقەرە دەیهەوێت به دەستبەسەرداگرتنی بەنداوەکە ئیدارەی خۆسەر لاوازبكات، بە کەمکردنەوەی توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سه‌ره‌كییه‌كان بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كانی ژێر دەسەڵاتی. جگە لەوەیش، ئەنقەرە هەوڵدەدات ئامادەیی خۆی لە ناوچە ستراتیژییەکانی سوریا جێگیربکات، ئەمەیش لە چوارچێوەی سیاسەتێکی فراوانتر بۆ زیادكردنی نفوزی ئیقلیمیی خۆی لە چوارچێوەی وڵاتانی دراوسێدا بۆ گەیشتن بەو سنوورانه‌ی كه ناویناوه “میساقی میللی”(١٢). له سه‌ر ئاستی نێودەوڵهتییش، توركیا له ڕێگه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه جموجۆڵه دیبلۆماسییه‌كانی خێراتركردووەو له‌م ڕێگه‌یه‌وه كارده‌كات بۆ قه‌ناعه‌تپێكردنی وڵاتانی ههرێمایهتیو ڕوسیا‌و ئهمریكاو خۆرئاوا، كه ده‌ستبه‌رداری پشتیوانیی هێزه كوردییه‌كان ببن له سوریا، له هه‌موو بۆنه‌و كۆبوونه‌وه نێودهوڵەتییهكاندا توركیا مه‌له‌فی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌به‌ستێته‌وه به پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)وه. له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێی سوریا، كه له (٩)ی ئادار له ئوردن به‌ڕێوه‌چوو، هاكان فیدان؛ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ڕایگه‌یاند: “کێشەی پەکەکە تایبەت نییە بە تەنیا تورکیاوە، بەڵکو کێشەی عێراق‌و سوریا‌و تەنانەت ئێرانیشە”. هه‌روه‌ها لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخیشدا، كه له ناوه‌ڕاستی مانگی شوبات به‌ڕێوه‌چوو، فیدان ڕایگه‌یاند: “کەس ئەو ڕاستییە نازانێت، کە پەکەکە یەك لە سەر سێی تەواوی خاکی سوریای داگیرکردووە، هەروەها کۆمەڵێک سەرچاوەی وزەی زۆر گرنگی کۆنترۆڵکردووە، کە باقیی دانیشتوانی سوریا پێویستیان پێیەتی”، فیدان هەروەها گوتیشی: “ئیدارەی نوێ لە سوریا ئێستا کار لە سەر ئه‌و مه‌له‌فه دهكاتو بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی”(١٣). ئه‌م هه‌وڵانه‌ی توركیا بۆ ئه‌وه‌یه، كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناچاربكات هه‌مان مامه‌ڵه‌ی مه‌له‌فی په‌كه‌كه بۆ هێزه كوردییه‌كانی ڕۆژئاوایش بكه‌ن، به‌ڵام له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی قوربانیدانی ئه‌م هێزه‌یان له شه‌ڕی داعش له به‌رچاوه‌و به‌رده‌وام بهرزدهینرخێنن، هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ڕۆژئاوای كوردستانیش به ئاشكرا ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانییان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی په‌كه‌كه‌دا هه‌بێت. له‌و باره‌یه‌وه پەیەدە دەڵێت، کە ڕاسته له سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازیی دژی داعشدا سوود لە هەندێك ئەندام وەرگیراوه، کە ساڵانێك ئەزموونی شەڕکردنیان له ناو پارتی كرێكارانی كوردستاندا هه‌بووه، بەڵام پێداگری لە سەر ئەوە دەکات، کە ئەوان چیتر ئەندامی ئه‌و پارته نین‌و هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانییان بە سیستەمی کۆمەڵگەی کوردستان‌و ڕێکخراوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نییە(١٤). هه‌روه‌ها توركیا ده‌یهه‌وێت دۆسێی زیندانیانی داعش له ده‌ستی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) دهربكاتو بدرێتهدهست ئیداره‌ی نوێی سوریا. هاكان فیدان؛ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، چه‌ند جارێك ڕایگه‌یاندووه، کە ده‌بێت ئیدارەی نوێ لە سوریا دەستبگرێت بە سه‌ر ئەو سه‌ربازگه‌و گرتووخانانەی کە ئەندامانی داعشی تێدایەو وڵاتەکەیشی ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئه‌و ئه‌ركه. هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌ی چوارقۆڵیی وڵاتانی دراوسێی سوریا، کە له ئوردن به‌ڕێوه‌چووه، فیدان به هه‌ریه‌ك له عێراق‌و سوریا‌و ئوردنی ڕاگه‌یاندووه، كه مەلەفی زیندانەکانی داعش لە سوریا پرسێكی ئاسایشی نیشتیمانییه‌و پەیوەندیی بە هەموو وڵاتانی ناوچەکەوە هەیەو جەختیشی لە سەر ڕادەستکردنەوەی چەکدارانی داعش بە وڵاتانی خۆیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە کردووەتەوە(١٥). ئامانجی توركیا له‌م هه‌وڵانه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه، كه دۆسیەی داعش له ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده دهربكاتو له‌م ڕێگه‌یه‌وه پاساوی پشتیوانیی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م هێزه لاوازبكات، یان كۆتاییپێبهێنێت، كه ئه‌مه مه‌له‌فێكی هه‌ستیاره لە ڕوانگەی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌و بۆ ئیداره‌دانی ئه‌م مه‌له‌فه هێشتا متمانه‌یان به هیچ لایه‌نێك نییه، جگه له هێزه‌كانی سوریای دیموكرات.
توركیا له ڕێكکه‌وتنی هه‌سه‌ده‌و حكومه‌تی دیمه‌شقدا
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توركیا له ڕێگه‌ی گرووپهكانیهوه هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان به‌رده‌وامه‌و ناوه‌ناوه هه‌ڕه‌شه‌ی ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازیش ده‌كات، جیا له‌وەیش گوشاره‌كانی له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی دیمه‌شق به‌رده‌وامه، كه مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعییانه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سوریادا بكهنو ڕێگه به هیچ هێزێك نه‌درێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شق. له‌م كاته‌دا، به نێوه‌ندگیریی ئه‌مریكییه‌كان، مه‌زڵوم عه‌بدی؛ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، ده‌چێته دیمهشقو له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع؛ سه‌رۆكی سوریادا، رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ههشتخاڵی ئیمزاده‌كه‌ن، ئەو ڕێككهتننامهیەی كه له (١٠)ی ئادار ڕاگه‌یه‌نرا، چه‌ند خاڵێكی تێدایه، کە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان گرنگیی خۆی هه‌یه‌و له قۆناغی ئێستادا ده‌توانێت ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بێت له دابینكردنی سه‌قامگیری بۆ ئه‌و ناوچانه. ئه‌م ڕێكکهوتننامهیه پارێزبه‌ندی ده‌دات به‌م ناوچانه‌و ئاستی گوشاره سه‌ربازییه‌كان كه‌مترده‌كاته‌وه، به تایبه‌تی له خاڵی چوارهه‌می ڕێككه‌وتنه‌كەدا جه‌خت له سه‌ر تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنیو سەربازییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا ده‌كاتەوە، لەوانە دەروازە سنوورییەکانو فڕۆکەخانەو کێڵگە نەوتی‌و غازییەکان. ئه‌مەیش به واتای بوونی دامه‌زراوه باڵا‌و هەستیارەکانی ده‌وڵه‌ته له‌و ناوچانه‌دا، كه پێشتر توركیا بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، کە حكومه‌تی دیمه‌شق هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه‌و ده‌بێت ئه‌و ناوچانه بگهڕێنهوهژێر ئیداره‌ی نوێی سوریا. له لایه‌كی تره‌وه، ڕێكکه‌وتننامه‌كه جۆرێك له دڵنیایی تێدایه، به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشتر لەلایه‌ن توركیا‌و هێزه پرۆكسییهكانییهوه داگیركرابوونو دانیشتوانه‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی ڕاگواستن بوونه‌ته‌وه، به تایبه‌تیی عهفرینو گرێسپی‌و سه‌رێكانی. لە خاڵی پێنجهەمی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ده‌ڵێت: “گره‌نتیی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سورییەکان بۆ شارۆچکەو گوندەکانیان، هەروەها دەستەبەرکردنی پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە(١٦)”. هه‌روه‌ها خاڵی حه‌وتهه‌می ڕێككه‌وتننامه‌كه كه دژی دابه‌شبوونه‌و هەردوو لایه‌ن ته‌ئكید له سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا ده‌كه‌نه‌وه. هەتا ئه‌و جێگه‌یه بایه‌خی خۆی هه‌یه، كه پاساوی توركیا دەبڕێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازی، به بیانووی دروستبوونی كیانێك له باشووری وڵاته‌كه‌یه‌وه، كه به‌رده‌وام ئه‌مه‌ی كردبووه ده‌رفه‌ت بۆ بوونی پێگه‌ی سهربازیو سیاسی له ناو خاكی سوریادا. به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنامه‌یه له داهاتوودا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان هه‌رچییه‌ك بێت، به تایبه‌تی كه جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی به كات سپێردراوه، به‌ڵام بۆ ئێستا ده‌توانێت به‌شێك له‌و گوشاره زۆروزه‌وه‌ندانه‌ی توركیا سڕبكات، كه به‌رده‌وام له سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه هه‌یه.
ئه‌نجام
په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا‌و ڕۆژئاوای كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ناجێگیرو ناهاوسه‌نگه، ئه‌م په‌یوه‌ندییه مه‌حكومه به كۆمه‌ڵێك ده‌رهاویشته‌ی سهربازیو سیاسی‌و ئابووری، توركیا به‌رده‌وام له ڕه‌هه‌ندی ئه‌منییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوچه كوردییەدا دهكاتو پێیوایه، کە سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتهكهیو ده‌یهه‌وێت به هه‌ر شێوازێك بێت، كۆتاییپێبهێنێت، بۆ ئه‌م مەبەستەیش ئەنقەرە هه‌موو ئامرازێكی به‌كارهێناوه. لە لای خۆیشیه‌وه، ڕۆژئاوای كوردستان یان ئیداره‌ی خۆسه‌ری جگه له‌وه‌ی له پێگه‌ی به‌رگریكردندا ماوه‌ته‌وه، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشی بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و باوه‌ڕه لە لای توركیا دروستبکات، كه ڕۆژئاوای كوردستان نه‌ك نابێت به هه‌ڕه‌شه، به‌ڵكو به‌شێك ده‌بێت له پڕۆسه‌ی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، بۆ ئه‌مەیش پشتی به كۆمه‌ڵگای نێودهوڵهتیو ئه‌مریكییه‌كان به‌ستووه، هەتا ئه‌م دیده به توركه‌كان بگهیهننو ڕۆڵیان هه‌بێت له پاراستی ئه‌م ناوچه‌یه‌و بواربده‌ن پڕۆسه‌ی ژیانكردن به‌رده‌وامببێت. ته‌نانه‌ت ئه‌مه ویستی ڕۆژئاوای كوردستان بووه له دوایین ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌سه‌ده‌و حكومه‌تی دیمه‌شق، كه له ته‌واوی به‌نده‌كانیدا ئه‌وه ڕونده‌بێته‌وه، كه خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌م ئیداره‌یه دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕو بهریهکكهوتنه سه‌ربازییه‌كانه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك بێت له‌و وه‌همه‌ی كه توركیا له یادگە/ کۆنەستی خۆیدا دروستیكردووه.
________________
سه‌رچاوه‌كان
1-ثورة عالمية في منظقة جغرافية صغيرة، روج افا، https://anfarabic.com/%D8%B3%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7/thwrt-almyt-fy-mntqt-jghrafyt.
2-رنا خلف، حكم روجافا طبقات من الرشعیة يف سوریا، جاتم هاوس، https://www.chathamhouse.org/sites/default/files/publications/research/2016-12-08-governing-rojava-khalaf-arabic.pdf.
3-أبرز عمليات تركيا العسكرية داخل سوريا منذ 2016 وأهدافها، https://arabi21.com/story/1214696/.
4-هه‌مان سه‌رچاوه.
5- شمال شرق سوريا: ١٠ حقائق وتوصيات بعد خمس سنوات على عملية “نبع السلام” العسكرية التركية، https://stj-sy.org/ar/.
6-مۆدێلی پەنیری سویسری، چەمکێکی سەلامەتییە، کە هۆکاری ڕوداوەکان دەچوێنێت بە چەندین پارچە پەنیری سویسری، کە پێکەوە یەکلەدواییەک ڕیزکراون، تركيا مقابل «وحدات حماية الشعب»: ماذا بعد؟، معهد واشنطن https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/trkya-mqabl-whdat-hmayt-alshb-madha-bd.
7-أردوغان: متمسكون بمنطقة آمنة شمال سوريا ومفاوضات جنيف فشلت ونرجو مشاركة الرياض في أستانا، https://www.almanar.com.lb/1256044.
8- أرميناك توكماجيان و خضر خضور، دولة الحدود: إعادة تصور الأراضي الحدودية السورية-التركية، مركز كارنيغي، https://carnegieendowment.org/research/2022/03/border-nation-the-reshaping-of-the-syrian-turkish-borderlands?lang=ar¢er=middle-east.
9-تركيا تقطع مياه الشرب عن الحسكة السورية، روسيا اليوم، https://arabic.rt.com/middle_east/1193368.
10-أرميناك توكماجيان و خضر خضور، مركز كارنيغي، سەرچاوەی پێشوو.
11-من أطاح الأسد؟.. تركيا تجيب من قلب دمشق، قناة الحرة، https://www.alhurra.com/syria/2024/12/22/.
12- میساقی میللی، حەلەب، ڕەقە، دێرەزوورو حەسەکە لە سوریا، هه‌روه‌ها موسڵ‌و کەرکووك له عێراق بە بەشێك لە خاکی تورکیا دەزانێت، زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی تورکیای ئەمڕۆ بە عەلمانیو ئیسلامی‌و تۆرانییەوە، سەرباری هەموو ناکۆکییەکانیان، ئەوا بە لایەنی کەمەوە لە دیاریکردنی سنوورەکانی تورکیادا بڕوایان بە هێڵە گشتییەکانی “میساقی میللی” هەیە.. سد تشرين.. الأهمية الاستراتيجية ودوافع تركيا للسيطرة عليه والمخاطر المحدقة به، https://kurd-online.com/.
13-فيدان: التخلص من (PKK) أحد أولويات الإدارة السورية الجديدة، https://www.syria.tv/.
14-رنا خلف، سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
15-قمة رباعية في عمان لبحث الأوضاع في سوريا والمنطقة، https://www.alhurra.com/arabic-and-international/2025/03/09.
16-بڕوانه ده‌قی ڕێككه‌وتننامه‌ی مه‌زلوم عهبدیو ئه‌حمه‌د شه‌رع له (١٠)ی ئادار، ttps://www.aljazeera.net/encyclopedia/2025/3/10.