تورکیا؛ گەمەکارێکى فرە ڕۆڵ
بهخیتار كاكی
هاوکات لەگەڵ پەرتەوازەیی هاوپەیمانەکانى سوریا، ڕوسیا بە ئۆکرانیاو سەرقاڵبوونى ئێران بە لوبنانهوه، دواجار دەرفەتێك بۆ گرووپه چهكدارهكانی سوریا ڕهخسا، هەتا بە پشتیوانیىی تورکیا نەخشەى سیاسی لە سوریا بگۆڕن. پڕۆسەى سەربازى (بەرەنگاربوونەوەى دوژمنکارى)، کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمى ٢٠٢٤ەوە دەستىپێکرد و توانيان لە کاتێکى پێوانەییدا بگهنه دیمهشق و ئهسهد لهدهسهڵات دوربخهنهوه.
ئامانجى تورکیا لەم پشتیوانییە ڕوونە، دەیەوێت بەر لە دەسەڵات گرتنە دەستى دۆناڵد ترەمپ لە کانوونى دووەمی ٢٠٢٥ دووبارە نەخشەى هەژموون بە شێوەیەک بکێشێتەوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بێتهوه، بە تایبەت دواى یەکگرتنەوەى پلانەکەى لەگەڵ پلانى ئیسرائیل بۆ دەرپەڕاندنى ئێران لە سوریا.
ئۆپەراسیۆنى “بەرەنگار بوونەوەى دوژمنکارى” بەبێ ڕەزامەندیی ئەنقەرەو دابینکردنى پاڵپشتی سەربازی و هەواڵگری بۆ گرووپە چهكدارهكانی سوریا نەدەکرا ئەنجام بدرێت. ئەنقەرە بەم کارەى نەوەک تەنها ڕوسیا و ئێرانى لە خەو ڕاچڵەکاند و ڕیسەکەى لێکردنەوە بە خوری، بە ملیۆنەها پەنابەرى سوریاش دەگێڕێتەوە بۆ باکوورى سوریا و کار لە سەر گۆڕینی دیمۆگرافیا و بچووكکردنەوەى ناوچە کوردنشینەکان دەکات لە سوریا.
ڕۆڵى تورکیا لە سوریا بە ڕوونى دیارە، بە تایبەت کاتێك هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا دەڵێت: ڕژێمى سوریا، بە داخەوە، نە حەزی کردووە و نە پلانى هەبووە بۆ دانوستان لە گەڵ “ئۆپۆزسیۆن”ى وڵاتەکەیی و ئەمەیش هۆکار بوو بۆ ئەو گۆڕانکارییانەى کە لەم دواییانەدا ڕوویاندا، وەزیری دەرەوەى تورکیا ئاماژەى بەوەدابوو کە ڕوسیا و ئێران هیچ دەربەستى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى تورکیا نهبوون لەگەڵ سوریا.
بە پێی ئاماژەکان، یەکێکى دیکە لە ئامانجەکانى پڕۆسەکە، دوورخستنهوهی ئێران بوو لە سوریا، بە مەبەستى پچڕاندن و ڕێگریکردن لە گواستنەوەى چەک و چەکدار لە عێراقەوە بۆ لوبنان، ڕۆڵى سوریا بۆ ئێران چارەنوسسازە، دواى ئەوەى بە سەر حیزبوڵڵادا هات، لەدەستدانى سوریایش بە واتای لاوازكردنی تواناى ئێران دێت بۆ بەرگریکردن لە خۆى لە دەرەوەى سنوورەکانى. ئێران ئەوەى بهلایهوه گرنگبوو، مانەوەى بەشار ئەسەد و ڕژێمى سوریا بوو، بهڵام لهدوای كهوتنی ئهسهد ئەگەر هەیە ئەو دۆخه نوێیهی سوریا ببێت بە شەڕێکى هەرێمی و بهشێك لە وڵاتانى ناوچەکە تێوهبگلێت، بە تایبەت عێیراق و ئیمارات و سعودییە (ئەگەر چی لهگهڵ ئێراندا ناکۆکیش بن)، بە مەبەستى سنووردارکردنى تورکیا و نەهێشتنى مەترسیی ئیسلامییە توندڕەوەکان لە نزیك سنورهكانیان.
ئەگەرچی ئێران لە ژێر گوشارێکى گەورەدایە، بەڵام لهدوای كهوتنی ئهسهد پێشبینیی دەکرێت ئێران بە لایەنى کەمەوە کار بکات لەسەر دابینکردنى ئاسایشى ئەو ڕێگایانەى کە سوریا بە کەناراوەکان و عێراق بە لوبنانەوە دەبەستێتەوە. سەبارەت بە ڕوسیایش، دەکرێت بڵێین ئەو وڵاتە زیاتر لە هەوڵى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆیدا دەبێت لە سوریا .
بەر لە پڕۆسەى “بەرەنگاربوونەوەى دوژمنکارى”، سوریا بە کردەوە دابەشکراوە بە سەر سێ ناوچەی کاریگەریدا، نزیکەی (٦٥٪)ی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشقدا بوو، بە پاڵپشتیی ڕوسیا و ئێران. دووەمیان نزیکەی (٢٥٪)ی خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوو، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ژێر فەرماندەیی ئەمریکا و بەشی سێیەمیش، کە دەکەوێتە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای سوریا، لە ژێر کۆنترۆڵی هەیئەى تەحریر شام و ئەو گرووپانەدا بوو کە تورکیا پاڵپشتیی دهكردن.
ئێستا لهدوای كهوتنی ئهسهد دۆخه گۆڕاوه، بهڵام هێشتا روون نییه پهیوهندی ئهم گروپانه لهگهڵ توركیا لهسهر ههمان رێچكهی پێش پرۆسهی “بەرەنگار بوونەوەى دوژمنکارى” بهردهوام دهبێتیان نا، بهتایبهتی ههر لهسهرهتاوه هێزێکى وەک هەیئەى تەحریری شام بە گومانبوو لە تورکیا و پێی وابوو کە پشتبەستنى تەواوەتیى بە تورکیا هەڵەیەکى گەورەیە، لەبەرئەوەى تورکیا ئەگەری هەیە لە هەر دەرفەتێکدا پشتیان تێبکات، هەیئەى تەحریری شام ئێستایشی لەگەڵدا بێت، بەگومانە لە تورکیا دەڕوانێت و سەرەتا ئامادەنەبوو بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکات، بەڵام دواى ئەوەى لەلایەن ئەنقەرەوە خراوەتە ژێر گوشارەوە بە داخستنى دەروازە سنوورییەکانى ئیدلب لەگەڵ تورکیادا و ڕێگریکردن لە گەیشتنى هاوکارى، هەیئەى تەحریرى شام لە ناکاودا بڕیارى بەشداریکردنى لە پڕۆسە سەربازییەکە دەرکرد.
ئەگەرچی لە ئێستادا هەموو شتێک بە خواستى تورکیا بەڕێوە دەچێت لە سوریا، بەڵام ئەستەمە هەروەک خۆى بمێنێتەوە، لەبەرئەوەى پێشبینی دەکرێت هەر زوو ئەو هاوپەیمانییەى کە لە نێوان گرووپه چهكدارهكانی سوریا بەزۆر دروستکراوە، هەڵبوەشێتەوە و لایەنەکان بکەونە شەڕ لەگەڵ یەکتردا و ئێرانیش هاوپەیمانی نوێى دەست بکەوێت بۆ شەڕى هەژموونى تورکیا لە سوریا.