مه‌ترسییه‌كانی سۆشیال‌میدیا له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستان
پ.ی.د. كارزان محەمەد/ مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیک
بەرایی
“ئاسایشی نەتەوەیی” لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە شێوەیەكی بەردەوام ڕووبەڕووی چەندین تەوژمی مه‌ترسیدار دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بوارە گرنگەكانی ژیان لەو وڵاتانەدا دادەنێت.
گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی داتای له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی خێراتر كرد. وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە بووەته مایه‌ی دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تی ئه‌لكترۆنی و په‌ره‌پێدانی هۆشیاریی جۆراوجۆر له كۆمەڵگەكاندا، كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته و لایەنی نەرێنییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە پێویستی بە شرۆڤە هەیە، بەئامانجی دەستنیشانكردنی مەترسییەكان و هەنگاونان بۆ شێوازی خۆپارێزی لە مه‌ترسییه‌كانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە.
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی له‌ژێر سایه‌ی شه‌پۆلی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرندا، به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و له ماوه‌یه‌كی كورتدا، چه‌ندین كۆمپانیای په‌یوه‌ندی و ئینته‌رنێتی تیادا دامه‌زرا، فاكته‌رێكی ده‌ره‌كیی گرنگ بوو بۆ سوودبینینی فراوان له‌و خزمه‌تگوزارییانه.
دیارترین ئه‌و فاكته‌رە ناوخۆییانه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌رفه‌تی ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆری دانیشتووان و ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه جۆراوجۆره فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا مۆدێرنه به‌كار بهێنن، بریتی بوون له: ئازادیی ڕاده‌ربڕین و نه‌بوونی سانسۆر، ئاسانی له ده‌ستڕاگه‌یشتن به خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێت و هه‌رزانی له نرخهكهیدا. واتە سه‌رجه‌میان ڕۆڵی گرنگیان له هه‌ڵكشانى ڕێژه‌ى به‌كارهێنه‌رانی خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئینته‌رنێتدا هه‌بووه.
له ماوه‌ی زیاتر له یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوودا، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش وه‌ك به‌رهه‌مێكی نوێی ئینته‌رنێت له هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی سه‌ند. واتە له قۆناغێكی هه‌ستیاردا كه چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی (تیرۆریزم) و هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی (ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی) ببوونه مه‌ترسی بۆ سه‌ر دانیشتووان و سیستمی حكومڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا. لێكه‌وته‌كانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوو پێویستى به شرۆڤه‌یه‌كی زانستی هه‌یه تا بتوانین بۆ دۆخی ئێستا و قۆناغی ئاینده‌ش مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا نوێیه‌دا بكه‌ین. ئه‌مه‌ش ئامانجى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌یه.
یەكەم: چەمكی ئاسایش و ئاسایشی نەتەوەیی و ڕه‌هه‌نده‌كانی
تا ئێستا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی كراوە، فرەچەشنی لە تێڕوانینی پسپۆڕانی بوارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندهكانی ئەم چەمكە كە زۆر بواری تری ژیانی مرۆیی لەخۆ دەگرێت.
مەبەست لە ئاسایش (Security)، دۆخێكە تیایدا مرۆڤ هەست بە ئارامیی ژیان بكات. لە ڕوانگەی پۆلێنی پسپۆڕانیشەوە لەسەر ئاستی ئاسایشی تاكەكەسی، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی شرۆڤە دەكرێت.
گەشەسەندنی چەمكی ئاسایش پەیوەندیی بە چارەنووسی كۆمەڵگا و پێگە و چارەنووسی دەوڵەتانەوە هەیە، ئه‌مه‌ش بووەتە مایەی هاتنەئارای زاراوەی “ئاسایشی نەتەوەیی” كه به كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی پاراستنی سه‌روه‌ریی خاك و حكومڕانی داده‌نرێت.
گه‌شه‌سه‌ندنی پڕۆسەی جیهانگیری و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر كاڵبوونه‌وه‌ی سنووری نێوان وڵاتان به قۆناغێكی مۆدێرن بۆ ده‌وڵه‌تان داده‌نرێت، چونكە وێڕای دووریی سنوورەكانیان لە یەكتر، دەتوانن ببنە هاوپەیمان یاخود ململانێ و كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی و پێگەی بەرامبەرەكانیان دروست بكەن.
لەم ڕوانگەیەوە، مەبەست لە ئاسایشی نەتەوەیی: توانستی كۆمەڵگایەكه بۆ پارێزگاری و برەودان بە كولتوور و بەهاكانی خۆی[1]. بە پێی پێناسەیەكی تر، ئاسایشی نەتەوەیی بەشێكی دانەبڕاو لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی هەر وڵاتێك پێك دەهێنێت، لەم دیدگایه‌وه بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە مانای بەدیهێنانی باشترین دۆخە بۆ میللەت بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی تردا[2].
ڕۆبەرت ماندل؛ پسپۆڕی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بایەخی ئەم چەمكە و گەشەسەندنی بۆ دەستەواژەیەكی گرنگی نێودەوڵەتی، لە سەدەی بیستەم و بەتایبەتی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بووەتە باو. ناوبراو له‌و باوه‌ڕه‌دایه: ئاسایشی نەتەوەیی هێنانەدیی پێداویستییە سایكۆلۆژی و ماددییەكانی ئاسایش و ئارامییە، لە بنەڕەتیشدا بەشێكە لە بەرپرسیارێتیی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە هەڕەشە ڕاستەوخۆ دەرەكییەكان و پاراستنی سیستمی هاوڵاتێتی و شێوازی ژیانی هاوڵاتییانی خۆی[3].
به پێی بۆچوونێكی تر، مەبەست لە دەستەواژەی ئاسایشی نەتەوەیی ڕەخساندنی هەلومەرجێكی ئارامە بۆ ژیانی هاوڵاتییان و ئاشتی لە وڵاتێكدا، واتە پاراستنی ئاسایشی تاكەكەس و خێزان و گرووپ و دامەزراوەكانی ناو كۆمەڵگا و نەتەوە و دەوڵەتێك كە سەرجەمیان لە چوارچێوەیەكدا كۆ بوونەتەوە[4].
دیارترین ڕەهەندهكانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، بە پشتبەستن بە بۆچوونه‌كانی پسپۆڕانی بواره‌كه، بریتین لە:
- ئاسایشی تاكەكەس (Individual Security)
ئاماژەیە بۆ گرەنتیی گیان و جەستەی هاوڵاتییان لەهەمبەر ئەو مەترسی و زیانە تەندروستییانەی لەمپەرن لەبەردەم ژیانیاندا. بە مانایەكی تر: هەر جۆرە هەڕەشەیەك بۆ سەر گیان یاخود تەندروستیی مرۆڤ هەبێت، ئەوا ئاسایشی ژیانیان لەناو دەچێت[5].
- ئاسایشی ئیتیك (Ehtic Security)
چەمك و دەستەواژەی “ئیتیك” لە زاراوەی “Ethikos”ی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە مانای دابونەریت و خوو و ڕەوتاری زاڵ لەناو كەسێتی یاخود كو‌لتوورێكدا دەوترێ. لە هەمان كاتدا پرەنسیپەكانی ئاكار و مامەڵەش دەربارەی چۆنیەتیی بوونیەتی تاكەكەس و شێوازی مامەڵەكەی دەوترێت، كە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەك یان شوێنی ژیانیدا دەینوێنێت.
- ئاسایشی كۆمەڵایەتی (Social Security)
باری بوزان (Barry Buzan) بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1991دا چەمكی “ئاسایشی كۆمەڵایەتی” لە پەرتووكە بەناوبانگەكەی خۆیدا بە ناوی “جەماوەر، دەوڵەتان و ترس[6]” بەكار هێناوە، ئەم چەمكەش لە ڕوانگەی “بوزان”ەوە واتە “ڕزگاربوون لە هەر جۆرە هەڕەشەیەك، لە هەمان كاتدا توانای دەوڵەتان و كۆمەڵگاكان بۆ پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی لە بواری مەیدانیدا[7]“.
- ئاسایشی سیاسی (Political Security)
دابینكردنی ئارامی و دڵنیاییە لەلایەن فەرمانڕەوای وڵاتەوە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمەكەی، لە ڕێگەی بەگژداچوونەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرە دەرەكییەكان و دابینكردنی مافە سیاسییەكانیان لە پڕۆسەی بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات، بە ئامانجی دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان و كۆمەڵگا. پێویستە ئاسایش و ئامادەگیی ئازادانە و یەكسان بۆ هاوڵاتییانیش فەراهەم بكرێت، واتە هیچ كەسێك بەزۆرەملێ بیروباوەڕی بەسەردا نەسەپێنرێ یان دەستگیر نەكرێت[8].
- ئاسایشی ئابووری و دارایی (Fanance and Economic Security)
بنەما سەرەكییەكانی ئەم جۆرە ئاسایشە لە پێناو ڕەخساندنی سیستمێكە بۆ سەرجەم پێكهاتە و بەشە جۆراوجۆرەكانی ئابووریی كۆمەڵگا، تا هاوڵاتییان هەست بە مەترسی لەهەمبەر كەمبوون یا نەبوونی پێداویستییە بنچینەییەكانی ژیانی خۆیان نەكەن. نموونەیەكی به‌رجه‌سته‌ش، بارودۆخی بازاڕ و بانكەكانه كە لەسەر بنەمای دراو و مامەڵەیە. هەر بۆیە دابینكردنی ئاسایشی ئابوورییش پەیوەستە بە كۆمەڵێك بنەمای گرنگی وەك: سەرمایەگوزاری، دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان، سوودوەرگرتن لە دەرفەت و ئیمتیازاتەكان بە شێوەیەكی یەكسان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵیی ئابووری و دارایی، بنەبڕكردنی دیاردەی دزی و بەرتیل و هاوشێوەكانی كە دەبنە مایەی سەقامگیریی ئاسایشی ئابووریی كۆمەڵگە[9].
- ئاسایشی ژینگە (Enveromintal Security)
دڵنیابوونی جەماوەر لەهەمبەر ئاسایش و ئارامیی ئەو ژینگە و كەشوهەوایەی تیایدا دەژی، بنەمایەكی گرنگی ئاسایشی كۆمەڵگا پێك دێنێت. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، هاوكاتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا، پاكوخاوێنیی ژینگەش كەوتووەتە بەردەم مەترسییه‌وه، بە مانایەكی تر: ژینگە وەك بنه‌مایه‌كی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بووەتە مەسەلەیەكی هەستیاری وڵاتان، كۆمەڵێك بابەتی وەك: پیسبوونی كەشوهەوا، كونبوونی بەرگی ئۆزۆن، دابارینی ئەسیدەكان، داخورانی خاك و بەبیابانبوون، لەناوچوونی جەنگەڵەكان تا پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكانی سەرزەوی و ژێرزەوی…؛ بە بنەما گرنگەكانی ژینگە دادەنرێت[10].
- ئاسایشی كولتووری (Cultural Security)
ڕەهەندێكی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندیدارە بە ئاسایشی كولتووری و بنەما هزرییەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە: (عەقڵانیەت، واقیعبینی، دادخوازی، دینامیكی)، به مه‌رجێك بە پێی پێوەرە زانستییەكان بێت. لە لایەكی تریشەوە بواری ڕووناكبیری و بەرهەمە كولتوورییەكانی كۆمەڵگاش لەخۆ دەگرێت، كە پێویستە بپارێزرێن و لە گەشەی بەردەوامیشدا بن[11].
- ئاسايشى سه‌ربازی (M ilitary Security)
توانستى ده‌وڵه‌تان له بواری سوپا، ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی و ئاماده‌باشی بۆ كۆنترۆڵی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی، به بنه‌ماكانی ئاسایشى سه‌ربازی داده‌نرێت.
به‌گشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان سه‌رجه‌م وڵاتان بایه‌خ به‌و جۆرانه‌ی ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌ده‌ن، پلهبهندییهكهشی به پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی و سیستمی حكومڕانی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. واتە وڵاتێك له دۆخی جه‌نگدا بێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئاسايشى سه‌ربازی به پله‌ی یه‌كه‌م دێت، یاخود وڵاتێك دووچاری قه‌یرانێكی دارایی بووبێته‌وه، ئه‌وا ئاسایشى ئابووری له ئهولهویهتدایه، كه‌واته پلهبهندییهكه له‌ژێر كاریگه‌ریی فاكته‌ره‌كانى كات و شوێن و ههلومهرجدایه.
دووه‌م: تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
پڕۆژه و هه‌نگاوه زانستییه‌كانی دواى كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، به‌تایبه‌تی له ململانێی جه‌نگی ساردی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەریكا و سۆڤیه‌ت، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زانستی ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندی هه‌بوو كه دیارترینیان داهێنانی تۆڕی ئینته‌رنێته. له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ى ڕابردووش‌دا، له سایه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئینته‌رنێتدا مۆدێلێكی نوێی میدیای ئه‌لكترۆنی هاته ئارا كه به تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناو ده‌برێت.
سەرەتای ئه‌م داهێنانه لە زانكۆی هارڤاردەوە دەستی پێ كرد. مارك زوكەر بێرگ لە قۆناغی خوێندنیدا لەو زانكۆیە، لە 4ی شوباتی 2004دا ماڵپەڕی “فەیسبوك”ی بۆ خوێندكارانی زانكۆ دروست كرد. دوای پێشوازییەكی گەرمی خوێندكاران، دەستین مۆسكۆڤیتز (Dustin Moskovitz) ماڵپەرێكی هاوشێوەی بۆ زانكۆكانی (ستانفۆرد، كۆڵۆمبیا، یێل) و چەند زانكۆیەكی تر بەرهەم هێنا، ئەمەش بە سەرەتاكانی هاتنەئارای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دادەنرێت[12].
سه‌باره‌ت به پێناسەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، دەتوانین بڵێین: میدیای كۆمەڵایەتی یاخود سۆشیال‌میدیا (Social Media) جۆرێكی نوێی ڕاگەیاندنە كە دەرفەتی مامەڵە لەنێوان خاوەن پەیام و وەرگردا دەڕەخسێنێت، بەو مانایەی كە لەم جۆرە میدیایەدا “وەرگر” هەر تەنها كارتێكراو نییە، بەڵكوو بە مامەڵەیەكی چالاكانە لەگەڵ پەیام و نێرەردا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام دروست دەكات و توانای دەستكاری و سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی پەیامەكەشی هەیە، واتە پەیامەكە لەگەڵ هزر و بیروبۆچوونی خۆیدا ئاوێتە دەكات و دەینێرێتەوە بۆ كەسانی تر[13].
بە پێی پێناسەیەكی تر: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە مۆدێلێكی نوێی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دادەنرێن كە تیایدا پەیوەندیی نێوان بەكارهێنەران لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە فەراهەم دەبێت[14].
ئەركی سەرەكیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بریتییە لە دروستكردنی پڕۆسەی پەیوەندی و ئاسانكاری لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بۆ هاوڵاتییان و گرووپەكان، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری[15].
كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه تا ببێتە بەربڵاوترین تۆڕی پەیوەندی لەنێو كۆمەڵگەدا:
- ئاسانیی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرانبەردا بە هۆی “چات”ەوە.
- خێرایی لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بودجەیەكی كەمیشی پێویستە. هەندێك جاریش بەكاربەران نەناسراون.
- توانستی بەرفراوانی ئینتەرنێت بۆ خستنەڕووی زانیاری بۆ كۆمەڵگە، وەك: دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، وەرگرتن و ناردنی نامەی ئەلكترۆنی، كڕینی پێداویستی بە شێوەی ئەلكترۆنی كە ڕێگە لە بەهەدەردانی كات دەگرێت[16].
له هه‌رێمی كوردستاندا دامه‌زراندنى سه‌نته‌ره‌كانى ئینته‌رنێت به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له سه‌ره‌تای ساڵی (2000)ەوه ده‌ستى پێ كرد، هاوكاتی گه‌شه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان. به هۆى ئاسانی له ده‌ستڕاگه‌یشتن به ئینته‌رنێت و نه‌بوونى سانسۆر یاخود فلتهریش له به‌كارهێنانیدا، به شێوه‌یه‌كی خێرا بایه‌خدان و به‌كارهێنانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووه بابه‌تێكی سه‌ره‌كی له‌ناو دانیشتووانى هه‌رێمی كوردستاندا.
ئه‌م مۆدێله نوێیه كه به میدیای جه‌ماوه‌رییش ناو ده‌برێت، وێڕای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان پێ كرد كه دیارترینیان ئاسانكارییه بۆ وه‌رگرتن و ئاڵوگۆڕی داتا و بۆچوون و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر، كۆمه‌ڵێك لایه‌نى نه‌رێنی و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستاندا هێناوه‌ته ئارا.
له ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌مدا، به شێوه‌یه‌كى زانستییانه ئاماژه به دیارترین مه‌ترسییه‌كانى تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد ده‌ده‌ین، له پێناو ده‌ستنیشانكردنی جۆری مه‌ترسییه‌كان و خستنه‌ڕووی ڕێكارێكی شیاو بۆ ڕێكخستنه‌وه و ئۆرگانیزه‌كردنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
سێیه‌م: مەترسییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی
پۆلێنی كاریگه‌رییه نه‌رێنی و مه‌ترسییه‌كانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان به پێی هه‌لومه‌رج و سیستمی ژیان و حكومڕانیی ده‌وڵه‌تان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت. لێرەدا ئاماژه به دیارترین مه‌ترسییه‌كانى تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ده‌ین، به جۆرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاسایشى تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵگا و بواره‌كانی تری ژیاندا ده‌بینرێت.
یەكەم: سایبه‌رتیرۆریزم
تیرۆر لە ڕووی زانستی زمانناسییەوە (Philology) لە بنەڕەتدا لە وشەی “Terrorisme”ی فەڕەنسییەوە هاتووە، بە مانای ترسێكی زۆر، تۆقاندن، دڕندەیی و تێكدانی باری دەروونی دێت([17]).
بە بڕوای دورۆتی دەنینگ، تیرۆریزمی ئەلكترۆنی واتە: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، یاخود پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یان ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت.
گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئه‌م جۆره تیرۆریزمه بریتییه لە:
- بێسنووری: تیرۆر لە ڕێگای میدیاكانەوە ڕووبەڕووی سنووردارێتییەكی ئەوتۆ نابێتەوە.
- كەمیی بودجەی تێچوو: بە بودجەیەكی كەم دەتوانرێ زۆرترین كردەی تیرۆر ئەنجام بدرێت.
- زیانگەیاندنی دارایی بەبێ زیانی جەستەیی: ڕێوشوێنێكی گرنگی تیرۆری میدیایی لەوەدایە كە دەتوانێ زۆرترین زیانی دارایی و سایكۆلۆژی بگەیەنێ بێ ئەوەی خۆی زیانی جەستەیی هەبێت.
- ئاسانكاری لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی.
- هەماهەنگی لە كردەی تیرۆردا: فاكتەری خێرایی لە پڕۆسەی پەیوەندی و هاریكاری لە ڕێگەی میدیاوە، كاری تیرۆریستانی ئاسان كردووە.
- ئاڵوگۆڕی دراو و بانك: سوودوەرگرتنی نێگەتیڤانەی تیرۆریزم لە پڕۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، فاكتەرێكی تری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلكترۆنی.
لە هەمان كاتدا خەسڵەتەكانی تیرۆریزمی میدیایی بریتین لە:
- خێرایی لە پڕۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەر تیرۆریزم گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلكترۆنیدا بە هۆی نزیكایەتی (تاوانبار، ئامانج و شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە.
- نادیاریی ناسنامەی تیرۆریست.
- قەوارەی تاوان: لە سایبەرتیرۆریزمدا قەوارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە.
- كەمیی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلكترۆنیدا تەنها پێویستی بە كۆمپیوتەر و هێڵێكی ئینتەرنێت هەیە، واتە بڕی تێچووی كەمە.
- نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاسایی‌دا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ونبوونی سەرەداوەكان.
- نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلكترۆنیدا سنوورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ تیرۆریست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكی تردا ئەنجام بدات.
- هەڵكشانی ژمارەی ڕەش: واتە ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت.
- ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[18].
لە پڕۆسەی جەنگی دژ بە تیرۆریزمدا، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سه‌رجه‌م میدیاكانیش وەك پرەنسیپێكی نیشتمانی ئەركی سەرشانیانە بەشداری لە بەگژداچوونەوەی سایبهرتیرۆریزمدا بكەن.
بە بڕوای پسپۆڕان، پێویسته ستراتیژی بەگژداچوونەوەی سایبه‌رتیرۆریزم له سێ ڕەهەندەوه بێت:
- سیستمی بەرگری و خۆپاراستن: یەكەمین هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان.
- ناسین: هەوڵدان بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی ئامانجی هێرشن و ناسینی كەس و لایەنی هێرشبەریش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم.
- پووچەڵكردنەوە: لەم قۆناغەدا پەلاماردانی ئەلكترۆنی لە هەر سەرچاوە و هەلومەرجێكدا بێت پێویستە پووچەڵ بكرێتەوە[19].
دووه‌م: تەزویری ئەلكترۆنی
دەستەواژەی تەزویر لە ڕوانگەی یاساییەوە پێناسەی جۆراوجۆری بۆ كراوە، بە پێی بۆچوونێكی گرنگی یاسایی ئه‌م تاوانه لە پوختەترین پێناسەدا واتە: گۆڕینی ڕاستییەكە لە نووسینێكدا بە ئامانجی فێڵكردن و بە شێوازێك كە یاسا بە تاوانی داناوە، دەبێتە مایەی زیانبەخشین (دەشێ زیانەكە ماددی یاخود مەعنەوی یان هەردووكیان بێت)[20].
گەشەكردنی تەكنەلۆژیای كۆمپیوتەرییش، وێڕای خەسڵەتە گرنگەكانی لە پەرەپێدانی پڕۆگرام و سێرڤسی جۆراوجۆر، بە هۆی پڕۆسەی ئاسانكاری لە دەستكاری و ئاڵوگۆڕی داتا و وێنەدا، دەرفەتی بۆ كەسانی خراپیش ڕەخساندووە تا بۆ ئامانجی نادروست و نایاسایی بەكاری بهێنن، بەتایبەت بۆ تاوانی ئەلكترۆنی.
لەم ڕوانگەیەوە پسپۆڕێك پێی وایە: بەكارهێنانی سیستمی كۆمپیوتەر و پڕۆگرامەكانیەتی بۆ ئەنجامدانی تاوان[21].
تەزویری ئەلكترۆنی؛ بەكارهێنانی پڕۆگرامی جۆراوجۆر بۆ دەستكاریی (داتا، وێنە، مۆر و ڤیزا…) به‌كار ده‌هێنرێت، له ڕێگه‌ی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانهوه به خه‌ڵك ده‌فرۆشرێن. بۆ نموونه؛ دێكۆمێنتێكی فه‌رمی (بڕوانامه، ناسنامه و پاسپۆرت…) به ناوی كهسێكهوهیه، وێنه یاخود داتایه‌كی ده‌ستكاری ده‌كه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌زویر.
هه‌روه‌ها ئەم تاوانە له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بۆ چەند جۆرێك پۆلێن دەكرێت:
– دروستكردنی ئەكاونت و پەیجی تەزویر.
– بەكارهێنانی پڕۆگرامی پێشكەوتوو بە مەبەستی تەزویركردنی دەنگ و ڕەنگ و وێنە و ڤیدیۆ یاخود دەستكاریكردنیان.
سێیه‌م: ژیانی تایبه‌ت
سەرهەڵدان و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی چەمكی ژیانی تایبەت؛ مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە زۆربەی ئایینە ئاسمانییەكانیشدا جەخت لەسەر پاراستنی كراوەتەوە، بەڵام هاتنەئارای وەك چەمكێكی سەربەخۆ؛ دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە، كاتێك هەردوو یاساناسی ئەمەریكی سامۆئیل وارین و لویس براندیس لە ئەنجامی دەركەوتنی ڕۆژنامەی ڕووزەرد كە بێــپەروا كەوتبووە گیانی پێشێلــكردنی ژیانی تایبەتیی كەسەكانەوە، توێژینەوەیەكیان لە ساڵی 1890 بە ناوی مافی ژیانی تایبەت بڵاو كردەوە[22]، تیایدا داوای پاراستنی مافی ژیانی تایبەتیان لە یاساكانی ئەو سەردەمەدا كردبوو، ئەمەش بە سەرەتای پشتیوانیی یاسا لەو مافە ئیتیكییەی مرۆڤ لەناو كایەی میدیادا دادەنرێت.
هەروەها پسپۆڕێكی تری بواری یاسا و ئیتیك لەو باوەڕەدایە كە ڕێزگرتنە لە ژیانی تایبەت و سەربەخۆیی، واتە مرۆڤ لە ڕەفتارەكانیدا سەربەست بێ و لە خەڵك بەدوور بێ، ئەویش لە چوارچێوەی یاسادا[23].
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ژیانى تایبه‌ت كه به ئاسایشى تاكه‌كه‌س داده‌نرێت. پێشێلكردنی ئه‌م مافه تایبه‌تییه، گیروگرفتی زۆری بۆ كه‌سێتی و ئاشته‌وایی خێزان دروست كردووه، به جۆرێك له‌دواى هاتنه‌ئارای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ئاژاوه و ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی بووەته مایه‌ی ئه‌نجامدانى چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆر و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانیش.
چواره‌م: پێكدادانى كولتووره‌كان و ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی
لە هەرێمی كوردستاندا ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر (ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی…) و ئایینزا و ڕێچكەی ئایینی (كاكەیی، هەقە، نەقشبەندی، قادری) و ئایدۆلۆژیای جیاوازی (ئیسلامی، عەلمانی…) و حیزب و عه‌شیره‌تی جۆراوجۆری تێدایە، زۆر جاریش خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بووەته مایه‌ی پێكدادانى كولتووری و ئایینی كه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ ناته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی.
پێنجه‌م: مامه‌ڵه‌ی ئه‌لكترۆنی بۆ كاڵای نایاسایی
گه‌رموگوڕیی بازاڕی ئۆنلاین فاكتهرهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان توانیویه‌تی سنووری ده‌وڵه‌تان ببه‌زێنێت، واتە هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ده‌رفه‌تی كڕینی پڕۆگرام و خزمه‌تگوزاری و كاڵای هه‌یه.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش هه‌ندێك جار بۆ مه‌به‌ستى خراپ و تاوانی جۆراوجۆر به‌كار هێنراوه، دیارترینیان كڕینی جۆره‌ها كاڵا و به‌رهه‌می نایاساییه وه‌ك: كڕین و فرۆشى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، پڕۆگرامی سیخوری و ئابڕووبه‌ر، مادده‌ی هۆشبه‌ر، قاچاخچێتی، هاككردنی داتا بۆ مه‌به‌ستى فرۆشتنه‌وه و زۆر تاوانی تریش.
گرفته‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م بێسنوورییه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كێشه‌ی بۆ دامه‌زراوه یاساییه‌كانیش خوڵقاندووه، چونكه زۆر جار كه‌سه تاوانباره‌كه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵاتهكهدایه، یاخود ناسنامه‌ی خۆی ون ده‌كات تا له سزای یاسایی خۆی ده‌رباز بكات.
به‌گشتی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان زۆرن، به‌ڵام ئه‌م پێنج مه‌ترسییه به دیارترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێن.
چواره‌م: پێشنیار و ڕاسپاردەكان بۆ پارێزگاری له ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی
داڕشتنی چه‌ندین بەرنامە و خستنەڕووی پێشنیارەكان بۆ پراكتیزهكردنیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، ڕۆڵێكی گرنگ له ئاڕاسته‌كردنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌بینێت بۆ به‌كارهێنانی به مه‌به‌ستی پاراستن و خزمه‌ت به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه ژیان و چاره‌نووسی سه‌رجه‌م دانیشتووانیشی به‌خۆیه‌وه گرێ داوه.
ئه‌م سیناریۆیانه ته‌واوكاری یه‌كترن، واتە فره‌ڕه‌هه‌ندیی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێویستى به كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێن هه‌یه تا بتوانرێت زیانه‌كانی كۆنترۆڵ بكرێت.
- په‌ره‌پێدانی ئاستی هۆشیاریی جه‌ماوه‌ر
هه‌وڵدان بۆ گه‌شه‌پێدانی هۆشیاری و دروستكردنی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی له‌ناو به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ڕێكارێكی گرنگه بۆ هاندانی هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك به ئامانجی خزمه‌تكردن به ئاسایش و ئارامیی كۆمه‌ڵگا، هه‌روه‌ها له كاتی پێویستدا ده‌توانرێ هه‌ژموونی جه‌ماوه‌ر بخرێته خزمه‌ت پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵات و نێوده‌وڵه‌تییشدا.
بۆ نموونه؛ هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك یاخود خاوه‌ن ئه‌كاونت و په‌یجێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، كۆمەڵێك ڕاسپاردە و ڕێنمایی یاسایی تایبه‌ت وه‌ربگرێت تا ئاگادار بێت كه پاراستنی سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی. هه‌روه‌ها له كاتى قه‌یران و مهترسییشدا به‌شداری له هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری بۆ خۆپارێزی له تاوانه جۆراوجۆره‌كان بكه‌ن، به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش هاوكار بن له‌گه‌ڵ دادگا و هێزه‌كانى پۆلیس بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره ئه‌لكترۆنییه‌كان.
ئه‌ركێكی تری جه‌ماوه‌ر، به‌شدارییه له ڕیپۆرتكردنی ئه‌كاونت و په‌یجه‌كان كه هاندان و پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ تاوانه جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك تیرۆر و مادده‌ی هۆشبه‌ر و له‌شفرۆشی و هاوشێوه‌كانیان تێدایه، تا كۆمپانیاكانى نموونه‌ی فه‌یسبوك، به هۆی ئه‌و ڕیپۆرتانهوه دایبخه‌ن.
بابه‌تێكی گرنگی تری هۆشیاریی جه‌ماوه‌ری، بێئاگابوونى زۆرینه‌ی به‌كارهێنه‌رانه له‌و ڕاستییه‌ی كه ئه‌مڕۆ ته‌كنه‌لۆژیا هێنده پێشكه‌وتووه، له توانایدایه تاوانباره ئه‌لكترۆنییه‌كان بدۆزێته‌وه. له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ى ڕابردوودا، زۆر جار تاوان له ڕێی ئه‌لكترۆنییه‌وه ئه‌نجام دراوه، چونكه تاوانبار به‌ئاسانی ناسنامه‌ی خۆی حه‌شار داوه و به ناوى خوازراو تاوانه‌كه‌ی كردووه، ئێستاش ڕێژه‌یه‌كی زۆری به‌كارهێنه‌ران هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ تاوانی جۆراوجۆری وه‌ك تیرۆر و ته‌زویر و مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاو به‌كار ده‌هێنن، پێویسته به‌كارهێنه‌ران هۆشیار و ئاگادار بكرێنه‌وه كه به هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه شیاوی دۆزینهوهن تا تاوان ئه‌نجام نه‌ده‌ن.
2. دانانى دەرگاوان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
چه‌مكی دەرگاوانەكان (Gatekeepers) بۆ یەكەم جار لەلایەن كورت لوین (Kurt Lewin)ەوە بەكار هێنرا. بە تێڕوانینی ناوبراو، كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن، ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونەژوورەوەن و تەنها مۆڵه‌ت به هەندێك هەواڵ دەده‌ن و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[24].
بەگشتی ئەو كەسانەی لە ستافی نووسین و دامەزراوەكانی میدیادا بەشداری لە پڕۆسەی ئامادەكردن و هەڵبژاردن و خستنەڕووی پەیامەكانی هەواڵدا دەكەن، پێیان دەوترێ دەرگاوان (gatekeeper)[25].
له هه‌رێمی كوردستان بۆ پارێزگاری له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له مه‌ترسییه‌كانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پێویسته له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك سوود له دهرگاوانهكان ببینن:
– خاوه‌ن ئه‌كاونت و په‌یج و وێبسایته‌كان كه به پێی یاسا بهركارهكانى هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسن له‌و بابه‌تانه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، پێویسته كه‌سێكی شاره‌زا له یاسا و پره‌نسیپه‌كانى ئازادیى ڕاده‌ربڕین وه‌ك ده‌رگاوان دابنێن تا سه‌رجه‌م بابهتهكان هه‌ڵبسه‌نگێنێت، دوای دڵنیابوونه‌وه له پاراستنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی، پاشان بڕیاری بڵاوبوونه‌وه‌یان بدات.
– به‌كارهێنه‌ران هۆشیار بكرێنه‌وه له دروست به‌كارهێنانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌گه‌رنا لایه‌نى به‌رپرس به‌دواداچوون بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵ و داتا و وێنانه بكات كه زیان به ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن.
– كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و مۆبایل ئاگادار بكرێنه‌وه بۆ فلتهركردن یاخود كۆنترۆڵكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌كاونت و په‌یجانه‌ی زیان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ندێك له‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه ده‌شێ له وڵاتانی تره‌وه ئاڕاسته بكرێن. ئه‌گه‌ر هاندانیان بۆ تاوان تێدا بوو، به‌تایبه‌ت تاوانه‌كانى تیرۆر و بازرگانیی هۆشبه‌ر و ڕیكلام بۆ كاڵای مه‌ترسیدار، پێویسته فلته‌ر بكرێن.
- ڕێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی تاوانی ئه‌لكترۆنی
خه‌سڵه‌تێكی گرنگی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؛ گڵۆباڵیزهبوونی خزمهتگوزارییهكهیه، واتە به‌كارهێنه‌ران سنووری وڵاتان ده‌به‌زێنن و له‌سه‌ر ئاستی جیهان په‌یامه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هاوپه‌یمانێكی گرنگی به‌ره‌ی دژه‌تیرۆر، پێویسته ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و وڵاتانی تری به‌ره‌ی دژه‌تیرۆردا هه‌بێت، به مه‌به‌ستى هاریكاریی دوولایه‌نه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌ی زیان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌گه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاگاداریان بكاته‌وه بۆ فلتهركردنى هه‌ر ئه‌كاونت و په‌یجێك كه زیان به ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن.
- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستى خزمه‌تگوزاری
هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی وڵاتان، میتۆدێكی گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له ئاستی بایهخدانیشیان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، واتە هه‌ر وڵاتێك خۆشگوزه‌رانی و بژێوییهكی شایسته بۆ هاوڵاتییانی خۆی دابین بكات، به‌دڵنیاییه‌وه زیاتر خه‌مخۆری پاراستنى ئاسایشى نهتهوهكهیانن له‌و مه‌ترسییه جۆراوجۆرانه‌ی دێنه ئارا.
له هه‌مان كاتدا هه‌ڵكشانی فشارە ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵكشانى هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. هه‌تا ڕێژه‌ی قه‌یران له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كدا زیاتر بێت، پتر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتداران پێویسته به‌به‌رده‌وامی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی وه‌ك: ڕه‌خساندنى هه‌لی كار، بایه‌خدان به ناوه‌نده فێركاری و ئه‌كادیمییه‌كان، دابینكردنى شوێنی نیشته‌جێبوون، بنه‌بڕكردنى ڕۆتین، چاككردنی ڕێگاكانى هاتوچۆ، كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره ئابوورییه‌كان، یارمه‌تیدانى چینوتوێژه جۆراوجۆره‌كان، كردنه‌وه‌ی ده‌یان ناوه‌ندی ڕووناكبیری و هونه‌ری به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی بزانێت تا دانیشتووانى هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی بكه‌ن و ئه‌مه‌ش ببێته پاڵنه‌رێك بۆ پاراستنى ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
سەرچاوە و پەراوێزەكان
[1] Aminian, Bahadur (1991), Evolution Of National Security Concept, Rewal Pind, P2.
[2] Iain McLean (editor) (1996), Oxford concise Dictionary of politics New York: Oxford university press, P332.
[3] ماندل رابرت (1377)، چهره متغیر امنیت ملی، ترجمه پژوهشکده مطالعات راهبردي، تهران، ص ص51-52.
[4] هيثم الكيلاني (1996)، مفهوم الامن القومي العربى، دراسة فى جانبية السياسى و العسكرى، بحث في كتاب (الامن العربى التحدديات الراهنة و التطلعات المستقبلية)، مركز الدراسات العربى-الاوروبى، الطبعة اڵاولى، ص70.
[5] نبــوی، سیدعبدالحســین و همــکاران (1387)، “بررســی تأثیــر پایــگاه اجتماعــی- اقتصــادی و هویــت قومــی بــر اســاس امنیــت اجتماعــی”، نشريه دانش نظامى، شماره 2، ص82.
[6] People, states and fear.
[7] Buzan, Barry; Weaver, Ole (1998): “Liberalism and security: the contradictions of the liberal leviathan”, Copenhagen peace research institute (COPRI) Working papers, P302.
[8] افتخاری، اصغر (1381): مراحل بنيادين انديشه در مطالعات امنيت ملي تهران: پژوهشكده مطالعات راهبرد، ص67.
[9] صالحــی امیــری، ســیدرضا و افســر افشــاری نــادری (1389)، “مبانــی نظــری و راهبــردی مدیریــت ارتقــای امنیــت اجتماعــی و فرهنگــی در تهــران”، شــمارۀ پنجــاه و نهــم، ســال بیســتم، 1389، ص ص6-7.
[10] ربیعی، علی (1383)، مطالعات امنیت ملی، تهران، وزارت امور خارجه، ص147.
[11] دكتر سيد مجتبی تهامی (1384)، امنيت ملى، دكترين، سياست هاى دفاعى و امنيتى، انتشارات كانون پژوهش های دریای پارس، ص13.
[12] Alexander, B. (2008), “Web 2.0: A New Wave of Innovation for Teaching and Learning”, University of Southern California, P93.
[13] علی اكبری تبار و ابراهیم اسنكدر پور (1392)، رسانەهای اجتماعی و شبكەهای اجتماعی مجازی، موسسه فرهنگی هنری تقارب و تبادل فرهنگی، ص8.
[14] Boyd, Danahm.& Ellison, Nicole B (2008), Social Network Sites: Definition ,History and Scholarship ,Journal of Computer-Mediated Communication ,Vol.13. P211.
[15] Obar, Jonathan A. and Wildman, Steven S. (2015), “Social Media Definition and the Governance Challenge: An Introduction to the Special Issue”, SSRN Electronic Journal, doi:10.2139/ssrn.2647377, P745.
[16] كامیان خزایی (1391)، “آسیبهای نوپدید شبكەهای اجتماعی مجازی”، نخستین کنگره ملی فضای مجازی و آسیب های اجتماعی نوپدید، ص ص6-7.
[17] محمد علی سفری (1384)، مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا، ص22.
[18] عبدالرضا جوان جعفری (1389)، جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە، سال هفدهم، شمارە 34، ویژە اسفند 1389، ص ص176-180.
[19] اردشير زابليزاده (1397)، “قدرت بازدارندگی در فضای سايبر”، مجله رسانهو فرهنگ، شماره 1، ص68.
[20] جمال ابراهیم الحیدري (2013)، القسم الخاص من قانون العقوبات، دار السنهوري، ص43.
[21] الدكتور عبدالفتاح بيومي حجازي (2008)، التزوير في جرائم الكمبيوتر و اڵانترنت، دارالكتب القانونية، مصر، ص106.
[22] Warren and Brandeis: The Right to Privacy, Harvard Law Review, Vol. IV, December 15 1890, No. 5, http://groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html –
[23] فتحى حسين عامر: المسئولية القانونية و الآخلآقية للصحفي، القاهرة، 2014، ص24.
[24] ژان كازنو (1365)، جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران، ص61.
[25] نەعیم بەدیعی (2009)، ڕۆژنامەگەریی ئەلكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەكەم، 2009، ل21.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم