• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 4, 2024

هەڵسەنگاندنى نەرمەهێزى چین لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبى

نووسین: سەید حامیدى حوسەینى، سەید ئەمیرى نیاکویى

وەرگێڕان: ئەرخەوان سەیفور ئەسکەندەر

سەرچاوە: گۆڤاری لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی جیهانی ئیسلام، ساڵی یانزەیەم، ژمارەی دوو، هاوینی 2022.

بەرایی

لە سەرەتاى ساڵى ٢٠٠٤دا، دەوڵەتى چین بە گەلێ سەرچاوە و هەوڵى فراوانەوە لە دروستکردنى ناوەندى کولتوورى و زمانەوانیى ناسراو بە دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس[1] (بە ناوى فەیلەسووفى سەدەى شەشەمى پێش زایین)ەوە سەرمایەگوزاریى کردووە. ئەم دامەزراوانە کە لە زۆربەى زانکۆکانى جیهاندا چالاکى دەکەن، لە لایەن «هانبان»ەوە[2] (نووسینگەى ئەنجوومەنى نێودەوڵەتیى زمانى چینى، لقێک لە وەزارەتى پەروەردەى چین) بەڕێوە دەبرێن. لە ساڵى (٢٠٠٦)ەوە، ناوەندەکانى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە وڵاتانى عەرەبزماندا دەستیان بە کار کردووە و تا ساڵى ٢٠٢٠؛ هانبان ١٥ دامەزراوەى لەم شێوەیەى دروست کردووە کە لە هەندێک لە زانکۆکانى ناوچەکەدا چالاکى دەکەن. دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس بە شێوەیەکى سەرەکى لە ڕێگەى یاداشتى  لێکتێگەیشتنەوە دروست دەبن کە زۆرلێکردنى تیا نییە و بەڕێوەبردنى لە لایەن هەردوو لایەنەکەوە دەبێت. کەواتە هەر هەنگاوێک کە دەنرێت تیایدا، ڕەچاوى بەرژەوەندیى لایەنەکان دەکرێت تیایدا. ئامانجى فەرمیى ئەم دامەزراوانە، بە هەمان شێوە کە لە وێبسایتەکانیاندا هەیە، کردنەوەى خولى زمانى چینى و چالاکییە کولتوورییەکانى چینە کە زۆرینەی بەردەنگەکانیان خوێندکارى زانکۆ و توێژەرن.

بەم پێیە ئەم دامەزراوانە ئامانجێکى تریشیان هەیە کە بەشێکى گرنگە لە کۆمەڵە ڕیکلامەکانى دەرەوەى وڵاتى چین و دەستکەوتى کاردانەوەکان سەبارەت بە کاراییان  (Report, 2009)لە دۆخى ئێستادا. زمانى چینى تەوەرى سەرەکیى چالاکیى دامەزراوەکەیە، بەڵام بە تێڕوانینێکى فراوانتر، دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس  لە ڕووى کارى تایبەتیانەوە دەکرێن بە چوار بەشەوە:

١. زمان و کولتوورى چینى: بۆ فێرکاریى زمان، کولتوور و تەنانەت کارامەییەکانى وەک: گەشتیارى، هونەرى و پیشەیى  و ناساندنى وڵاتان بە یەکتر.

٢. پاڵپشت بە توێژینەوەکانى چینناسى، دروستکردنى ناوەندى لێکۆڵینەوەیى چین لە زانکۆ گەورەکانى جیهان، پاڵپشت بە توێژینەوەى هۆنراوە، ئەدەبیات، شوێنەوارناسى و… لە چین بە پاڵپشت بە توێژینەوە.

٣. بابەتى تایبەت: بابەتى وەک پزیشکى میللى، گەشتیارى، تەندروستى، خۆراک، ئەندازیارى، هونەر، مۆسیقا و هەڵپەڕکێى کردووەتە ئامانج و لەم بوارەدا لێکۆڵینەوە و ئاڵۆگۆڕى زانیارییەکان ئەنجام دەدات.

٤. پەرەپێدانى ئابوورى: لە وڵاتە ئەفەریقییەکاندا و لە هەندێک لە وڵاتانى ئاسیادا، بە ئامانجى پەرەپێدانى ئابوورى و دۆزینەوەى پیشە بۆ خوێندکارانى زانکۆ ئەنجام دەدرێت  (Hanban).

ئەم داهێنانکارییەى چین بە بەشێک لە دانانى سیاسەتێکى بەرفراوان پێناسە کراوە وەک جێبەجێکردنى هێڵەکانى پەیوەندیى نەرمەهێز، بە تایبەت لەو وڵاتانەى کە چین خوازیارى پەرەپێدان و بەهێزکردنى وێنای خۆیەتى لە ڕێگەى کاریگەریدانان لە سەر گوتارى ناوخۆیى یان ڕاى گشتى لە سەریان. بۆ نموونە: سەرەڕاى ئەم دامەزراوانە، چینییەکان لە وەرگێڕانى ئەدەبیاتى چینى بۆ عەرەبى، پێدانى زنجیرەتەلەڤزیۆنییە چینییەکان وەک دیارى بە کەناڵەکانى تەلەڤزیۆنى عەرەبى، پیشاندانى خەڵک و هونەرى چینییەکان لە پێشانگاکان و مۆزەخانە ناوخۆییەکان و لە بابەتى تردا سەرمایەگوزارییان کردووە (Lebal, 2020). لە ڕاستیدا سوودوەرگرتن لەم هێڵانەى پەیوەندى، بە دزەکردنە ناو چوارچێوەى کۆمەڵەى بانگەشەکانى دەرەوەى وڵاتى چین پێناسە دەکریت. خەڵکى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى نەریتى کەوتوونەتە ژێر کاریگەریى سەرچاوە دەرەکییەکان، وەک بەریتانیا و فەڕەنسا پێش جەنگى جیهانیى دووەم و دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و یەکێتیى سۆڤیەتى سۆسیالیستى. هەر چەندە کە بینەرى بەرگریى ناوخۆیى و کاریگەرییان بووین لە بەرامبەر هاتنى بیانییەکان، بەڵام نەرمەهێزى هونەرمەندانى دەرەوە لە زۆر ڕووەوە  دزەى کردووەتە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبى و هەنگاوەکانى ئەم دواییە لە لایەن چینییەکانەوە و لە ڕێگەى کارایى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسیش لەم دزەکردنە کولتوورییەدا کاریگەریى هەبووە. لە کۆتاییدا ئاڕاستەیەکى مێژوویى بە ئامادەیى هێزە گەورەکان لەم ناوچەیەدا بەدى دەکرێت. ئەم وتارە، بە ئامانجى لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس و وەڵامە ناوخۆییەکان بۆ دامەزراندنیان لە زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبیزمان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفەریقادایە و ڕێنیشاندەرێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاستى سەرکەوتنى ئەم دامەزراوانە دەخاتە ڕوو.

بۆ پەرژانە سەر ئامانجەکانى ئەم وتارە، ئێمە لە بوارێکى تیۆریى فراوانەوە دەست پێ دەکەین کە زاراوەى نەرمەهێز و بە تایبەت لایەنە فێرکارییەکەى کە تایبەتمەندییە تایبەتەکانى وڵاتى چینە؛ لێى دەکۆڵینەوە. دواتر تایبەتمەندییەکانى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس هەڵدەسەنگێنین و دوابەدواى ئەوەش شیکارى تایبەتمەندییە تایبەتەکان و جۆرى وەڵامدانەوەى دامەزراوە چالاکەکان لە وڵاتانى عەرەبیزماندا دەکەین. بە مەبەستى وێنەکێشانى وێنەیەکى تەواو و لە سەر بنەماى میتۆدە پەسەندکراوەکان بۆ شیکردنەوەى درەنجامە هێماییەکان و ستراتیژى سیاسەتە گشتییەکان و چالاکییە ڕێکخراوەییەکان، لێکۆڵینەوەکەى بەردەستتان پشتبەستووە بە سیاسەتڕێژییە بەربڵاوەکانى بڕیاردەران لە ڕێگاى کاریگەریدانان لە سەر ڕاى گشتى، زانکۆیی و سیاسى لە ڕێگەى پەرەپێدانى زمان و کولتوورى چینى و لە ئەنجامدا بەرزکردنەوەى پێگەى نێودەوڵەتیى چین هەڵدەسەنگێنرێت و دەتوانین گریمانەى ئەوە بکەین کە ئەم دامەزراوانە بەشێکى سەرەکیى سیستمى پەیوەندییەکانى نەرمەهێزى چینن کە بە ئاڕاستەى جیهانى عەرەب ئاڕاستە دەکرێن و دەتوانن تێڕوانینێک سەبارەت بە تایبەتمەندییەکان و وەڵامەکانى ئەم دامەزراوانە بەدەست بهێنین.

دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس

 سەرکردەکانى چین بۆ پشتگیرى لە ئامانجى چین، بۆ گۆڕینى بۆ وڵاتێکى پێشەنگ و بەسەنتەربوو لە گۆرەپانى جیهانیدا، پێویستى بە سەرمایەگوزاریکردن لە خوێندنى باڵادا وەک ئامرازێک بۆ پلانى نەرمەهێزى چین دیاری کردووە. بۆ پێشخستنى ئەم ئامانجە، لە ساڵى ٢٠٠٤دا وەک ڕێکخراوێکى قازانجنەویست دامەزرا. ڕێکخراوێک کە بەرپرسى دامەزراندن و چالاکیى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسە لە سەرانسەرى جیهاندا و لە ژێر چاودێریى وەزارەتى ڕۆشنبیریى چیندایە. لە تشرینى دووەمى ئەو ساڵەدا، یەکەم دامەزراوە لە سیئۆلى کۆریاى باشوور دامەزرا. لە ساڵى ٢٠٠٤ تاوەكوو شوباتى ٢٠٢٠، ٥٤١ دامەزراوە لە ١٥٤ وڵاتدا چالاکى دەکەن (Zhiling, 2018). یاساکانى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس ئەم بنەما بنچینەییانەى خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

  • دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس خۆى تەرخان دەکات بۆ بەدیهێنانى خواستەکانى خەڵک لە وڵاتان و ناوچە جیاوازەکانى جیهاندا، کە زمانى چینى بۆ زیادکردنى تێگەیشتنى کولتوورى چینى لە لایەن ئەم خەڵکانەوە فێر دەبن، بە بەهێزکردنى ئاڵوگۆڕى فێرکارى، کولتوورى و هاوکاریى نێوان چین و وڵاتانى تر، بۆ قووڵبوونەوەى پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ نەتەوەکانى تر، بڵاوکردنەوەى پەرەپێدانى فرەکولتوورى و دروستکردنى جیهانێکى ڕێکخراو.
  • دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس؛ دامەزراوەى فێرکاریى قازانجنەویستن.
  • دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس بە ڕەچاوکردنى بنەماکانى ڕێزگرتنى هاوبەش، دانوستانە دۆستانەکان و قازانجى هاوبەش؛ فێربوونى زمانى چینى لە دەرەوەى وڵات پەرە پێ دەدات و ئاسانى دەکات و ئاڵوگۆڕى فێرکارى، کولتوورى و هاوکاریى نێوان چین و کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکانى تر برەو پێ دەدات.
  • دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس پێویستە ڕەچاوى یاسا و دەستوورى ئەو وڵاتانە بکەن کە تیایدا جێگیرن و ڕێز لە نەریتە کولتوورى، فێرکارى، ناوچەیى و ئادابە کۆمەڵاتییەکانیان بگرن و نابێت یاسا و دەستوورى چین ببەزێنن.
  • دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس نابێت بەشداریى هیچ چالاکییەک بکەن کە لەگەڵ ڕاسپاردەکانى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسدا نەگونجێن.
  • هەر قەوارەیەکى کۆمپانیا کە لە دەرەوەى چین تواناى ئاسانکاریى فێرکاریى زمان، ئەنجامدانى چالاکییەکانى ئاڵوگۆڕى فێرکارى، کولتوورى و بەدیهێنانى مەرجە پێویستەکان بۆ پلانى نووسراو لەم دەستوورەیدا هەبێت، دەتوانێت بۆ ڕێگەپێدانى دامەزراندنى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە بارەگاى دامەزراوەکە داواى نوێنەرایەتى بکات (Hanban).

بە پێى ڕاپۆرتە ساڵانەکانى پەرەپێدانى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە ساڵى ٢٠١٧،  بۆ گەیشتن بە نزیکەى ١٠٠٠ دامەزراوەى چالاک تا ساڵى ٢٠٢٠ پلانى بۆ دانرابوو، کە ئەڵبەتە تا ئێستا ناهاتووەتە دى.

بە پێى ئەم ڕاپۆرتە، دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس ٤٦٢٠٠ مامۆستایان دادەمەزرێنن کە ١,٧ ملیۆن فێرخواز لە هەر تەمەنێک و ٦٢١٠٠٠ فێرخوازى تر لە خولە ئۆنلاینەکاندا ناو دەنووسن.

 بە شێوەیەکى باو، هاوکاریى نێوان دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس و زانکۆیەکى دەرەوە بە لایەنى کەمەوە پاڵپشتیى ساڵانەى لە ١٠٠٠٠٠ دۆلار دەست پێ دەکات کە هەریەک لە لایەنەکان پابەند دەبن تێچوونى چالاکیى دامەزراوەکە دابین بکەن، واتە بودجەى کارپێکردنە سەرەتاییەکەى ٢٠٠٠٠٠ دۆلارە (Albert, 2018). گەشەى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس؛ پۆلەکانى وانەخوێندن لە ڕووى ژمارەیان، ژمارەى وڵاتانى بەشدار، مامۆستایان و خۆبەخشان لە هێڵکارییەکەى خوارەوەدا دەردەخات (Li, 2019: 11,14).

هێڵکاریى (١)

 ژمارەى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس و پۆلەکانى وانەخوێندن (٢٠٠٥-٢٠١٧)

هێڵکاریى (٢)

 مامۆستایان و خۆبەخشان لە دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس (٢٠٠٥-٢٠١٧)

 

 

  بە وتەى «لى جانگجون»؛ ئەندامى پێشووى لیژنەى باڵاى هەمیشەیى نووسینگەى سیاسى، دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس بەشێکى گرنگن لە پلانى بانگەشەیى لە دەرەوەى وڵاتى چین. ڕاپۆرتگەلێکى وەها پاڵنەرە سەرەکییەکانى بیرۆکەى دامەزراندنى دامەزراوە چینییەکان لە سەرانسەرى جیهاندا ڕوون دەکاتەوە. ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس، بە هەمان شێوە کە لە وێبسایتەکانیاندا گوتراوە، پێشکەشکردنى خولەکانى زمانى چینى لە ئاستە جیاوازەکاندا بۆ خوێندکارانى زانکۆ و لە هەندێ بابەتیشدا بۆ خەڵک بە گشتى و دەرفەتى کێبڕکێ بۆ سکۆلەرشیپى خوێندن لە زانکۆکانى چیندایە. سەرەڕاى ئەمەش، ئەم دامەزراوانە لە هاوکارییەکان و کارلێکى کولتوورى چین، وەک جەژنەکانى ساڵى نوێى چین، فێستڤاڵى بەهارە و هەروەها جواننووسى و فێرکاریى چێشتلێنانیشدا بەشدارى دەکەن (GilK 2019).

لە زۆربەى بابەتەکاندا دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس بە شێوەیەکى زیرەکانەى هاوبەش لە نێوان زانکۆیەکى چینى و زانکۆیەکى ناوخۆییدا لە ناو زانکۆکاندا چالاکى دەکەن. ئەم ڕێگایە کارێکى تایبەتە، فاکتەرى سەرەکیى جیاوازیى نێوان دامەزراوەى چینى و دامەزراوە کولتوورییەکانە کە لە لایەن وڵاتانى ترەوە بەڕێوە دەبرێن. ئەم ڕاستییە کە ئەم دامەزراوانە لە کەمپە زانکۆییەکاندا چالاکى دەکەن، جیاوازیى نێوان زانکۆ و دامەزراوەى چینى لەوەى کە وێنا دەکرێت، بڕیارێکى ستراتیژیى دەوڵەتى چین بۆ دزەکردنى ناڕاستەوخۆ بۆ ناو زانکۆکان لەبار دەبات. جیاوازیى زیاتر پەیوەستە بە ناوەرۆکێکى تایبەتەوە کە دەخرێتە ڕوو بۆ خوێندکارانى زانکۆ، هەروەها ئەو بابەتانەى کە خۆیان لێ دوور دەگرن. ڕێککەوتنى ستاندارد لە نێوان «Hanban» و زانکۆى خانەخوێ، ئەم زانکۆیە ناچار دەکات کە سیاسەتى چین کە بە هۆى ئەوەوە تایوان مافى سەربەخۆیی نییە و بەشێکى سەرەکیى وڵاتى چینە؛ پەسەند بکات. لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە بابەتە پەیوەستەکان بە حوکمڕانیى تبت خۆى بپارێزێت و لە هەر بابەتێک کە لە لایەن سەرکردەکانى چینەوە وەک لاوازکردنى سەقامگیرى، خۆى بەدوور بگرێت (Lai,2012: 92-3).

پیوێستە ئەوە بەبیر بهێنینەوە کە چینییەکان تەنیا یاخود یەکەمین کەسانێك نین کە لە وڵاتانى دەرەوە، دامەزراوە کولتوورییەکان بەڕێوە دەبەن. هەندێک لە وڵاتان، ئەم جۆرە دامەزراوانە لە وڵاتانێك كە پێیان دەوترێت “وڵاتانى پاسیڤ”، بەڕێوە دەبەن. ئامانجى زیاترى ئەم بەرنامانە، خستنەڕووى وێنایەکى ئەرێنى و زۆربەى فلتەرکراوە لە وڵاتە ئەکتیڤەکان لە بەرامبەر وڵاتە پاسیڤەکاندا. بە پێى پێوەرەکانى نەرمەهێز لە ساڵى ٢٠١٨دا، کە ساڵانە پلەبەندیى سێ وڵات بە نەرمەهێزى باڵاتر دەخاتە ڕوو، بەریتانیا لە پلەى یەکەمدا بوو و دواى ئەو؛ فەڕەنسا و ئەڵمانیا بوون (McClory, 2018). کەواتە جێگاى سەرسوڕمان نییە کە ئەم سێ وڵاتە وەها ڕێک خراون گەلێکى کولتوورى بەڕێوە ببەن. لە ساڵى ١٩٠٧دا فەڕەنسییەکان “Alliance Francais”یان دامەزراند. لە ساڵى ١٩٣٤دا ئینگلیزەکان “ئەنجوومەنى بریتش”یان دامەزراند و لە ساڵى ١٩٥١دا، تەنیا چەند ساڵ دواى جەنگى جیهانیى دووەم، ئەڵمانەکان “ئەنستیتۆى گۆتە”یان دامەزراند. زۆر سەرنجڕاکێشە کە بەڕێوەبەرى ئەنستیتۆى گۆتەى ئەڵمانى ستایشى پەرەپێدانى کۆنفۆشیۆسى کردووە بەو ڕادە زۆر خێرایە و گوتوویەتى کە دەستکەوتەکانى ئەم دامەزراوە چینییە بە درێژایى دەیەیەک شایەنى بەراوردکردنە لەگەڵ وڵاتە ناوبراوەکانى ئەورووپا کە هەندێکیان بە دەیان چالاکییان هەبووە. ئەو گوتیشى دەستکەوتەکانى چین لە ڕێگەى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسەوە پەرجوویەکی کولتوورییە، بەدواى پەرجووی ئابوورى و دارایى چیندا کە لە پێشتردا گۆڕدرابوو بە ڕاستییەکى تەواو سەلمێنراو (CRI, 2015).

پێنوێنی هەڵسەنگاندنی سەركەوتن

   لەم وتارەدا ئێمە پێنوێنەكانی (شاخص) سێ بەشى بۆ هەڵسەنگاندنى پەسەندکردنى دامەزراوە چینییەکان لە وڵاتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبیدا پێشنیار دەکەین. یەکەم پێوەرى پێنوێن: لێکۆڵینەوەى خواست و خستنەڕووە، بەشى دووەم: ئاستى کاردانەوەى میدیاکان و سەرکردایەتیى ناوخۆیى هەڵدەسەنگێنێت و سێیەم پێوەر: ئاستەکانى ناسینەوەى کڕیارەکانى دامەزراوەکانە، زۆربەى خوێندکارانى خاوەنبڕوانامە کە دامەزراوەکە پەرەیان پێ دەدا و نوێنەرایەتییان دەکات. بەم ڕیزبەندییە، بۆ هەر بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک کە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، ڕێگەى سەرەکى، لێکۆڵینەوە لە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنى بەرهەمەکە؛ لێکۆڵینەوە لە داواکاریى کڕیارەکان بۆ بەرهەمەکە یان خزمەتگوزارییەکەیە و ئەگەر خواست زیاتر بێت لە خستنەڕوو، دەتوانین بڵێن بەرهەمەکە سەرکەوتووە. بەرهەم، سەبارەت بە توێژینەوەکەى ئێمە، دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس و ئەو ناوەرۆکەیە کە پێشکەشى دەکات و کڕیارەکانى؛ خوێندکارانى زانکۆى خانەخوێی زانکۆکانى وڵاتە عەرەبییەکانن. لە سەر بنەمای ئەم شیکارییە، ئەو دەیتایانەى کە دواتر لە وتارەکەدا دەخرێنە ڕوو، بە گشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبیدا کە دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس چالاکیى تێدا دەکەن، داواکارى بۆ خزمەتگوزارییەکانى دامەزراوەکە لە خستنەڕوو زیاترە و لە ڕاستیدا، لە ساڵى (٢٠١٤)ەوە، چەند پۆلێکی زیاتری چینى لە زانکۆ خانەخوێیەکاندا و هەروەها لە دامەزراوە فێرکارییەکانى تردا کراونەتەوە.

   دووەم پێوەری پێنوێنی سوودلێوەرگیراو بۆ لێکۆڵینەوە لە وەڵامدانەوەى دامەزراوەکاندا، مەودا و بڕی کارتێکەرە کە لە میدیا ناوخۆیى و کەسایەتییە نەتەوەییە ناوخۆییەکاندا دراوە بە دامەزراوەکان. لە سەر بنەماى دەرەنجامەکانى ئەم شیکارییە، لە هەنگاوەکانیشەوە دەکرێت بگەینە ئەو ئەنجامەى کە دزەکردنى دامەزراوە چینییەکان بۆ ناو وڵاتە خانەخوێیەکان سەرکەوتوو بوون. ئەم دەرەنجامە لە سەر بنەماى زۆرێک لە وتار و یاداشتە خوازراوە بڵاوکراوەکان لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندایە کە دەیکاتە ڕاپۆرت و و تەنانەت بچووکترین وردەکاریى کارى دامەزراوەکەش دەگرێتەوە، وەک ژمارەى ئەو خوێندکارانەى کە لە پێشبڕکێى لێهاتوویى زمانى چینیدا بەشدارییان کردووە، یان بابەتى تر. لەم ڕاپۆرتانەدا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان خواستێکى زۆریان بۆ کارى دامەزراوەکان دەربڕیوە، کە لەوانەیە ئاماژە بە دزەکردنە سەرکەوتووانەکەى ئەوان لە هۆشیاریى ناوخۆییدا بکات. ئاسانترین ڕێگا بۆ هەڵسەنگاندنى نزیکبوونەوەى ناوەندە نەتەوەییەکان لە بەرامبەر دامەزراوەکاندا، بەدواداچوونى بەشدارى یان ئامادەنەبوونیان لە مەراسیم و کۆنفڕانسە ئەنجامدراوەکان لە لایەن دامەزراوەکەوەیە. لێرەدا و بە هەمان شێوە کە دواتر لەم وتارەدا ڕوون دەکرێتەوە، تێگەیشتین کە دامەزراوەکان سەرنجێکى زۆر بەلاى خۆیاندا ڕادەکێشن. لە ڕاستیدا بەڕێوەچوونى زۆربەى بۆنەی كردنەوەی دامەزراوە نوێیەكان یان بۆنەكانی تر، بە ئامادەبوونى باڵاترین بەڕێوەبەرانى زانکۆى میواندار، لە پاڵ سیاسەتمەدارە باڵاکان و کەسایەتییە دیارەکانە و هەریەک لەم ڕووداوانە لە لایەن میدیاکانەوە بە شێوەیەکى زۆر بەرفراوان ڕووماڵ دەکرێن.

   سێیەمین پێوەرى پێنوێن بۆ هەڵسەنگاندنى سەرکەوتنى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس کە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبیدا چالاکى دەکەن، ڕێژەى ناسینى کڕیارەکان. لەم هەنگاوەشدا دامەزراوەکان لە دروستکردنى گوتارى ئەرێنى لە نێوان خوێندکارانى زانکۆ و گرووپەکانى تر لە پەیوەندییان لەگەڵ خوێندنى زمان و کولتوورى چینی سەرکەوتوو بوون. زۆرێک لە ئەو کەسانەى کە لەم وتارەدا وتەیان لێ وەرگیراوە، قسە لە سوودەکانى فێربوونى زمانى چینى بە هۆکارى بازرگانى و دارایى دەکەن. کەواتە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە خەڵکێکى زۆر خوازیاری فێربوونی زمانی چینین، لە بەر هۆكاری تری جگە لە ئامانجە دیپلۆماسیی یان لێکۆڵینەوەییەکان. ئەم هەنگاوە پاڵپشتیى ئەو ڕاستییە دەکات کە خودى دامەزراوەکان گێڕانەوەیەک برەو پێ دەدەن کە بە هۆیەوە دەبێتە گرێدراوى پەیوەندییەکانى نێوان چین و وڵاتە خانەخوێکان، لە سەر بنەماى ئابوورى، بازرگانى و لە سەر بنەماى سوودى هاوبەش کە لە ئەنجامدا، بەرهەم دێت.

دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

   ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبى لە ڕووى پێگەى سیاسى-کولتوورییەوە بەشێکە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە ڕووى زمانەوە بەشێکە لە جیهانى عەرەبى و لە باکوورەوە سنوورى لەگەڵ تورکیا، قوبرس و دەریاى ناوەڕاست، لە باشوورەوە لەگەڵ ئۆقیانووسى هیندى و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێران و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ کیشوەری ئەفەریقادا هاوسنوورە. ئەم پانتاییە جوگرافییە ڕووبەرێک زیاتر لە ٦ ملیۆن کیلۆمەترى چوارگۆشەیە، چواردە یەکەى سیاسیى سەربەخۆیە، وڵاتەکانى ئەردەن، ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبى، بەحرەین، سوودان، سووریا، عێراق، عەممان، فەڵەستین، قەتەر، کوەیت، لوبنان، یەمەن و تا ڕادەیەک وڵاتەکانى باکوورى ئەفەریقا لەخۆ دەگرێت. سوودان گەورەترین وڵات و بەحرەین بچووکترین وڵاتە، لەم یەکە جوگرافییەدان. هەموو وڵاتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بێجگە لە میسڕ و سوودان، کەوتوونەتە ئاسیا، بەڵام خاوەنى بەستەرى پتەون لەگەڵ جیهانى ئەورووپا-دەریاى ناوەڕاست و جیهانى ئەفەریقا-ئۆقیانووسى هیندیدا.

   هەموو ئەم وڵاتانە بە بەشێک لە وڵاتانى ئیسلامى هەژمار دەکرێن و هەموویان لە ڕووى سیاسی و ئابوورییەوە لە ژێر کاریگەریى نزیکایەتى لەگەڵ ئەورووپا و وڵاتانى ڕۆژئاوادان (عەلى پوور، ١٣٨٩: ٩٠).

   وتەی: “بەدواى زانستدا بڕۆن ئەگەر لە چینیش بێت” کە لە پێغەمبەرەوە (د. خ) دەگێڕدرێتەوە، وا دیارە یەکەم دەقى نووسراوە کە چین و جیهانى عەرەب پێکەوە گرێ دەدات. ئەمڕۆ سەرکردایەتیى عەرەب سوود لەم وتانە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانی خۆیان و خەڵکەکەیان لەگەڵ کولتوورى چینیدا وەردەگرن کە دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس دیارترین نوێنەرەکانن لە گۆڕەپانى جیهاندا. هاوتەریب لەگەڵ ئەم کارەدا، لایەنى چینى سوود لەم وتەیەى پێغەمبەر (د. خ) بۆ سەرنجڕاکێشانى موسوڵمانەکان وەردەگرێت. بۆ نموونە؛ ئەم ڕستەیە لە ئاژانسى هەواڵى چین بڵاو کراوەتەوە و بەدوایدا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە قووڵبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان چین و جیهانى عەرەب لەگەڵ ئاماژەکردن بەوەى کە عەرەبەکان دەیانەوێت زانیارییەکانى خۆیان سەبارەت بە چین فراوان بکەن و داواکارى بۆ خوێندنى زمان و کولتوورى چینى بە شێوەیەکى بەردەوام لە زیادبووندایە. هەروەها ڕاپۆرتێک لە سەر دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس کە لە وڵاتە عەرەبییەکان چالاکى دەکەن؛ دەخاتە ڕوو و دەڵێت کە تا ئێستا زیاتر لە بیست هەزار خوێندکارى عەرەب لەم دامەزراوانەدا ڕاهێنراون (Xinhua, 2018).

    لە ساڵى ٢٠٠٦دا یەکەم دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە جیهانى عەرەبدا لە زانکۆى سنت ژۆزێفى بەیرووت دامەزراوە. لەو کاتەوە و تا کۆتایى ٢٠١٩، چواردە دامەزراوەى تر لە وڵاتە جیاوازەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، وەک بەحرەین، سوودان، تونس، دوو دامەزراوە لە ئەردەن، دوو دامەزراوە لە ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبى، دوو دامەزراوە لە میسڕ و سێ دامەزراوە لە مەڕاکیش دامەزراون. هەروەها کۆمەڵە دامەزراوەیەکى تر لە وڵاتانى ترى ناوچەکە دامەزران کە دووان لەوانە لە ئیسڕائیل و چواریان لە تورکیا و ئەوی تریان لە ئێرانە. بەم شێوەیە ئەم وتارە لە سەر وڵاتە عەرەبزمانەکان چڕ کراوەتەوە، لە بەر ئەوەى کە ئەم وڵاتانە کۆمەڵە خاڵێکى هاوبەشیان هەیە کە وڵاتانى ترى ناوچەکە ئەو خاڵە هاوبەشانەیان نییە. سەرەڕاى ئەوەش، وڵاتانى ترى عەرەبزمان وەک سعودیە، لەم دواییانەدا هاوکاریى خۆیان بۆ دامەزراندنى دامەزراوەکە دەست پێ کردووە (ChinaDaily, 2020). یان ئەوەى کە دانوستانیان بۆ دامەراندنى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆکانى خۆیان ئەنجام داوە، بەڵام بە هەمان شێوە کە گوترا، لەم وتارەدا تەنها باسى ئەو دامەزراوانە دەکەین کە پێشتر دامەزراون. لە بەشى دواتردا پێداچوونەوەیەک دەکەین بە کارى ئەو دامەزراوانەى کۆنفۆشیۆس کە چالاکن لە جیهانى عەرەبیدا و کاردانەوەى خەڵک بە ئامادەبوونیان بەش بەش و شیکار دەکەین.

لوبنان

یەکەم دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە جیهانى عەرەبدا، لە ئۆکتۆبەرى ٢٠٠٦ لە زانکۆى سنت ژۆزێفى بەیرووت، لە ژێر ناوى هاوکارییەکى هاوبەش لە نێوان زانکۆى لوبنان و زانکۆى سین کیانگى چین دامەزرا. یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى لوینان، پێویستیى دامەزراندنى ئەم دامەزراوە چینییەى بەم شێوەیە ڕوون کردەوە کە بە شێوەیەکى نەریتى توێژەران و خوێندکارانى زانکۆکانى ئێمە خوازیارى ئەوەن ئەو ناوچانە بۆ توێژینەوە هەڵبژێرن کە پەیوەستن بە فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان. ژیرانە نییە کە لە ئێستادا ئێمە گرنگى بە چین نادەین، لە کاتێکدا کە بە خێرایى لە گۆڕاندایە بۆ ئەوەى ببێتە پێشەنگێکى جیهانى (Fu, 2009). بە درێژایى سێ ساڵ، ئەم دامەزراوەیە لە سێ ئاستى جیاوازدا بە شێوەى خول زمانى چینیى فێرى ٢١٣ خوێندکارى زانکۆ کرد. دامەزراوەى کۆنفۆشیۆسى لوبنان خولێکى بۆ «پزیشکى چینى» کە لە لایەن پزیشکێکى لوبنانییەوە دەوترایەوە؛ ڕێک خست کە لە زانکۆى پزیشکیى پەکین خوێندبووى. لە دەیەم ساڵیادى ئەم دامەزراوەدا، عەدنان کەسار؛ سەرۆکى بانکى لوبنان (Fransabank)، وتى ئەم ڕاستییەى کە لە هەر شەش کەس لە جیهاندا یەکێکیان بە زمانى چینى قسە دەکات، بە باشى دەریدەخات کە بۆچى تا ئەم ڕادەیە گرنگیى هەیە، ئەم زمانە بخوێنن و لەگەڵ ئەم کەسە سەرسوڕهێنەرانەدا یەک بناسن (Xinhua, 2016).

        بە وتەى ئەنتوان هاکیم؛ سەرۆکى دامەزراوەکە، لە ساڵى ٢٠١٣دا، ئەم دامەزراوە لە ڕووى چالاکیى کولتوورییەوە کە لە بەر دەست هەموواندایە، لە نێوان دە دامەزراوەى دیارى کۆنفۆشیۆسى جیهاندا جێى خۆى کردەوە. هەروەها گوتى کە نەک تەنیا خوێندکارانى زانکۆ بۆ فێربوونى زمانى چینى هەوڵ دەدەن، لێپرسراوانى مناڵانى تەمەن (٥-٧) ساڵیش دێن و دەیانەوێت ئەوەى کە ئەوان بە زمانى داهاتووى دەزانن؛ منداڵەکانیانى بۆ ئامادە بکەن. هەروەها گوتیشى: خولەکانى زمانى چینى ئەو کەسانەى کە چالاکن لە گۆڕەپانى بازرگانى و ئەو کۆمپانیایانەش بە لاى خۆیدا ڕادەکێشێت کە خوازیارى خستنەڕووى خولە چڕکراوەکانن بۆ کرێکارەکانیان و هیوادارن ئەو کەسانە خولە سەرەتاییەکانى زمان فێر ببن کە بۆ بازرگانیکردن لە چین یارمەتییان دەدات (Fadel, 2014). خاڵێکى سەرنجڕاکێشى تر ئەو ڕاستییەیە کە چینییەکان بڕیاریان داوە یەکەم زانکۆى عەرەبى کە تیایدا دامەزراوەیەک دامەزراوە لە پەیوەندى لەگەڵ زانکۆیەکى چینیدا بخەنە ناوچەیەکى چین کە زۆرترین ژمارەى موسوڵمانانى ئەم وڵاتەى لەخۆ گرتووە. لەوانەیە ئەمە بتوانێت یارمەتیى خواستى چین بدات بۆ کۆنترۆڵى پەیوەندیى نێوان موسوڵمانانى دانیشتووى چین و دۆستەکانیان لە وڵاتە عەرەبییەکاندا. دامەزراندنى ئەم دامەزراوە و پەیوەندى لەگەڵ زانکۆیەکى ناوخۆى چین لە ناوچەیەکى زۆرینە موسوڵمان لە چین، ئەو توانایە بە چینییەک دەدات کە گوتارى نێوان دوو لایەن بە ئاسانکارییەکى زیاترەوە کۆنترۆڵ بکات و بە لاى ئەو بابەتانەیدا بەرێت کە بۆ حکومەتى چین گونجاوترە.

میسڕ

   دوو دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە میسڕ دامەزراون؛ یەکێکیان لە ئازارى ٢٠٠٧دا لە زانکۆى قاهیرە و ئەوی تریان لە تەممووزى هەمان ساڵ لە زانکۆى کەناڵى سوێس بە هاوکاریى زانکۆى زمان و کولتوورى پەکین خرایە کار. لەو کاتەوە لە بابەتە جیاوازەکان سەبارەت بە دامەزراندنى دامەزراوەى تر لە میسڕ دانوستان کراوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکى باش (ابوالعز، ٢٠١٨). چوار ساڵ دواى دامەزراندن، دامەزراوەى زانکۆى کەناڵى سوێس بوو بە باشترینى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نێوان بیست ئەنستیتوى باڵاى کۆنفۆشیۆس. محەمەد ئەحمەد؛ سەرۆکى زانکۆى کەناڵى سوێس، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانى کە لە حەوتەمین کۆنفڕانسى ساڵانەى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە پەکین ساز کرا، خۆشحاڵیى خۆى دەربڕى و سوپاسى کردن. ئەو بە بەرزنرخاندنى هاوکاریى میسڕ و چین، وتى کە نزیکەى چل ساڵە دامەزراوەى زانکۆیى لە میسڕ لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتى چین لە پەیوەندیدان. ئەو بە باشى باسى ڕۆڵى گرنگى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسى کرد لە بەهێزکردنى پەیوەندییە دوولایەنەکانى نێوان هەردوو وڵات و بەبیرى هێنایەوە کە ئەوان وەک پردێک بۆ بەیەکگەیشتى دوو نەتەوە کار دەکەن. لە ماوەى  هەمان کۆنفڕانسى ڕۆژنامەوانیدا، ئەحمەد سەلیم ڕاوێژکارى ڕاگەیاندنى میسڕ گوتى: ئەمڕۆ میسڕ پێویستى بە پشتگیرى و هاوکاریى دۆستانیەتى بە تایبەتى چین. هۆی سەرەکیى ئەوە، شێوەى  تێگەیشتنى ئەرێنیى میسڕییەکانە لە چینییەکان (أ س أ، ٢٠١٢).

لە کانوونى یەکەمى ٢٠١٦دا ڕاگەیەنرا کە دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى قاهیرە ئەو خوێندکارانەش ڕادەکێشێت کە بوارى خوێندنیان پەیوەندیى ڕاستەوخۆى لەگەڵ زمان یان کولتوورى چینیدا نییە. ڕاپۆرتەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیەنراوێک کە بە هۆیەوە چاوەڕێ دەکرێت لقى ترى ئەم دامەزراوەیە لە هەموو میسڕدا بکرێتەوە. ڕیهاب مەحموود؛ بەڕێوەبەرى ئەنستیتوی کۆنفۆشیۆس و گرووپى خوێندنى زمانى چین لە زانکۆى قاهیرە وتى: خوێندکاران لە هەموو بەشەکانى خوێندن خوازیارى خوێندنى زمانى چینین بۆ پێشکەوتنى پیشەکەیان (Angop, 2016).

      لە ئازارى ٢٠١٧دا لێکتێگەیشتننامەیەک لە نێوان دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى کەناڵى سوێس و زانکۆى بەریتایا لە میسڕ سەبارەت بە دروستکردنى یەکەیەکى فێرکاریى زمانى چینى لەم زانکۆیەدا واژوو کرا. بە وتەى سەرۆکەکانى هەردوو زانکۆ، ئەم قۆناغە بۆ ئەوە بوو کە خوێندکارانێکى زیاتر بتوانن زانستەکەیان بە زمانى چینى فێر ببن و تەنانەت بۆ سکۆلەرشیپى خوێندنیش بۆ خوێندنى زمانەکەى خۆیان لە چینیش هەوڵ بدەن (Zayed, 2017). لە تشرینى دووەمى هەمان ساڵدا، بە هۆى کەمیى پۆلە بەردەستەکانەوە، گرێبەستێکى هاوشێوە لە نێوان دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى قاهیرە و زانکۆى بەنها واژوو کرا. ئەنستیتۆى کۆنفۆشیۆسى زانکۆى کەناڵى سوێس چەند لقێکى ترى لە ناوچەى ئابوورى و بازرگانیى «TEDA Suez»ى چین، میسڕ و لە زانکۆى هەلواندا کردەوە. لە هەشتەمین کۆنفڕانسى ساڵانەى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس کە لە ساڵى ٢٠١٦دا لە پەکین ساز کرا، لە دامەزراوەى کۆنفۆشیۆسى زانکۆى قاهیرە، لە بەر ئەوەى کە خوێندکارەکانیان بەرزترین نمرەیان لە تاقیکردنەوەى فەرمیى لێهاتوویی چینی بۆ کەسانى دەرەکی بەدەست هێنابوو، ڕێزلێنانیان بۆ کرا. دامەزراوەى کۆنفۆشیۆسى زانکۆى کەناڵى سوێسیش دەرەنجاێکى زۆر باشى بەدەست هێنا و گەیشتە پلەى سێیەم لە بەرزترین  ژمارەى سکۆلەرشیپەکاندا و ٨٦ کەس لە خوێندکارەکانى ئەم دامەزراوەیە سکۆلەرشیپى خوێندنى دەوڵەتى چینیان وەرگرت (Al-Saadadani, 2017).

   لە نیسانى ٢٠١٨دا، لە بۆنەیەكدا بە ئامادەبوونى وەزیرى پەروەردەى چین، باڵوێزى چین لە میسڕ و بەرپرسانى باڵاى هەردوو لا، بیناى نوێى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆسیان لە زانکۆى قاهیرە کردەوە. ئەم ڕاستییەى کە بینایەکى تایبەت بە وەبەرهێنانی دارایى گەورەوە بۆ ئەم دامەزراوە دروست کراوە، دەرخەرى حەزێكی بەردەوام و باوەڕبوون بە بەها و گرنگیى شوێنەكەیە. سەرەڕاى ئەوەش، پێشکەشکردنى ئەم وتارانە لە کاتى بۆنەی كردنەوەی دامەزراوەكە، دەرخەرى هەمان تێڕوانینى ئەرێنیى میسڕە سەبارەت بە دامەزراوەى چینى. وەزیرى پەروەردەى میسڕ وتى: کردنەوەى بیناى نوێ، نموونەیەکە لە هاوکاریى ئەرێنى و بەرهەمدار لە نێوان میسڕ و چین. وتیشى: ئەمە دەستپێکى قۆناغێکى نوێیە لە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات و هیوادارە کە لە داهاتوودا ئەم هاوکارییە بگاتە زۆربەى ناوچەکانى تر (Saad, 2018).

 ئەردەن

   دوو دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە ئەردەن دامەزرا؛ یەکەم دامەزراوە لە ڕێکخراوى جیهانیى تەڵال ئەبو غەزالە لە ئەیلوولى ٢٠٠٨ و ئەوی تریان لە تشرینى دووەمى ٢٠١٢دا لە زانکۆى فیلادلفیا لە عومان. دامەزراوەى هاوتەریبى چینى، ڕێکخراوى جیهانیى تەڵال ئەبو غەزالە لە زانکۆى سین کیانگ و دامەزراوەى زانکۆى فیلادلفیا لە زانکۆى لیائوچینگ؛ دامەزراوە. دامەزراوەى سێیەمى دامەزراو لە ئەردەن سەر بە سوپاى ئەردەنە و ئامانجى خوێندنى زمان و کولتوورى چینییە کە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسەوە، بەڵام تایبەتمەندیى جیاوازى هەیە و لە سەر ئەم بنەمایە لە شیکارییەکەى ئێستاماندا باسى لێوە نەکراوە (Al-Ma` amah, 2010).

نزیکبوونەوەى ئەردەن لە دامەزراوەکان، بە هەمان شێوە کە لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکاندا باسى لێوە کراوە، ئەرێنییە و بە شێوەیەکى بەرفراوان لەگەڵ ئەو چاوەڕوانییەى کە خوێندنى زمان و کولتوورى چینى ڕێگایەکە بۆ پێدانى دەرفەتى نوێ بە خوێندکارانى ئەردەنی بۆ سەرکەوتنى دارایی و پەیوەندیى نییە بە بابەتى دیپلۆماتیک کە لە پەیوەندییەکانى خۆیدا لەگەڵ چین دابینى دەکات. دەتوانرێ پشتگیریى ئەم بابەتە لە زمانى خوێندکارانەوە بزانرێ کە دەریانبڕیوە، خوێندنى زمانى چینى گرەنتیى دەرفەتی زۆری پیشەیى باشتر لە داهاتوودا دەکات (Earth Speaks Chinese, 2011). هاوشێوەى وڵاتانى تر، لە ئەردەنیش بەرپرسانى چینى بڕیاریان دا زانکۆ ناوخۆییەکان ببەستنەوە بەو زانکۆیانەى چینەوە کە کەوتوونەتە ئەو ناوچانەى کە کەمینەى موسوڵمانى چینى تیادا دەژین.

   لە تشرینى دووەمى ٢٠١٦دا، لیژنەى سەرۆکى زانکۆکان کە پێک هاتبوو لە وڵاتە عەرەبییەکان و چین لە پایتەختى ئەردەن دانیشتنێکیان ساز کرد. لەم دانیشتنەدا بەشداربووان سەبارەت بە  مەودایەکى فراوان لە ڕێگەى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات، لەوانە فراوانکردنى پلانەکانى سکۆلەرشیپى خوێندن کە لە لایەن چینەوە خراوەتە ڕوو بۆ خوێندکاران و پلانى ئاڵوگۆڕى زانکۆیی لە نێوان هەردوو وڵاتدا گفتوگۆیان کرد. پێشنیارێکى تر، بەهێزکردن و فراوانکردنى ئامادەبوونى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە ناوچەکە و دامەزراندنى سەنتەرەکانى فێربوونى زمانى عەرەبى لە زانکۆکانى چین بوو (Addustour, 2016).

   سەرۆکى زانکۆ «موعتەزد شێخ سالم»، لە وتارێکدا لە مەڕاسیمى ساڵى نوێى چیندا کە لە لایەن دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى فیلادلفیا لە عومان لە کانوونى دووەمى ٢٠١٨ ساز کرا، گوتى: «ئەم زانکۆیە تامەزرۆى هاوکارییە لەگەڵ زانکۆکانى چین و بەدەستهێنانى زانیاریى زیاتر سەبارەت بە کولتوورى دەوڵەمەندى چینى.» هەروەها ئاماژەى بەوەش کرد: «زۆرێک لە خوێندکارە ئەردەنییەکان تامەزرۆى فێربوونى زمانى چینین.”

بە وتەى ئەو، بەم بەشدارییە فراوانەیان لە جەژنەکانى ساڵى نوێى چین و حەزى ئەوان بۆ تێگەیشتن لە واتاى ئەم ڕووداوە تایبەتە؛  بەڵگەیە لە سەر ڕاستیى قسەکانى. هەروەها وتیشى: «خوێندنى زمانى چینى هاوکات سوودوەرگرتنە لە دەرفەتى فێربوونى ئەزموونى دارایى و زانستیى پێشکەوتووى چین و هەنگاوێکى گرنگە لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات» (Addustour, 2018).

 لە مەڕاسیمێکدا لە تشرینى یەکەمى ٢٠١٨دا، بە بۆنەى درێژکردنەوەى ڕێککەوتننامەى نێوان ڕێکخراوى جیهانیى تەڵال ئەبو غەزالە و زانکۆ هاوتەریبەکەى لە چین، سەرۆکى گرووپەکە متمانەى خۆى دەربڕى بۆ پلانى تایبەتى سەرۆککۆمارى چین، واتە دامەزراندنی پشتێنەیەکى یەک ڕێگا و خوازیاریى ئەم گرووپە بۆ دروستکردنى سەنتەرێک لەم بوارەدا (Addustrour, 2017). تایبەتبوونى ئەم دۆسیە و بە شێوەیەکى گشتى ئەم دامەزراوە ئەوەیە کە لە ناو زانکۆدا چالاکى ناکات، بەڵکوو وەک بەشێک لە گرووپێکى هۆڵدینگە لە زیاتر لە ١١٠ وڵاتدا لە هەموو جیهاندا، لەوانە: وڵاتانى عەرەبی، ئەفەریقا، ئەورووپا، ئاسیا و ئەمەریکاى باکوور؛ چالاکى دەکەن. لە سەر ئەم بنەمایە، ئەم دۆسیەیە تێکەڵەیەکە لە بڵاوکردنەوەى زمان  و کولتوورى چینى و بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و لە سەر بنەماى وتەکانى سەرۆکى گرووپەکە و حەزى ئاشکراى ئەو بۆ درێژەدان بە هاوکارى، وا دیارە کە بەرژەوەندییەکان بە تەواوى هاوتەریب و هاوبەشن.

مەڕاکیش                                                     

   لە مەڕاکیش سێ دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس دامەزراون: یەکەم جار لە ئازارى ٢٠٠٨دا، لە زانکۆى محەمەدى پێنجەم، ئەوی تریان لە ئایارى ٢٠١٢ لە زانکۆى حەسەنى دووەمى کازابلانکا و سێیەم زانکۆ لە زانکۆى عەبدولمالیکى ئەسائادى لە ئەیلوولى ٢٠١٦دا. زانکۆى هاوتەریبى چین لەگەڵ زانکۆى حەسەنى دووەم، زانکۆى لێکۆڵینەوەیى نێودەوڵەتیى پەکین-ە و زانکۆى هاوتەریبی چین لەگەڵ زانكۆی عەبدولمالیکى ئەسائادى، زانکۆى زانست و پیشەسازیى جیانگشی-یە (Daily, 2012).  دامەزراوەکانى دووەم و سێیەم لەم وڵاتەدا کاتێک دامەزراون کە دامەزراوەى یەکەم ئیتر تواناى نەبوو داواکاریى خوێندکارانى ناوخۆیى بۆ خوێندنى زمانى چینى پەسەند بکات. تا دامەزراندنى دوو دامەزراوەکەى تر، دامەزراوەى زانکۆى محەمەدى پێنجەم تەنیا شوێنێک بوو لە مەڕاکیش کە خوێندنى فەرمى و پێکهاتەیى زمانى چینیى پێشکەش دەکرد و هەروەها دەرفەتى بەشداریى لە ئەزموونەکانى «HSK» بە شێوەیەکى فەرمى دەڕەخساند.

   پێشبڕکێى پردى چین؛ پێشبڕکێیەکى نێودەوڵەتییە کە ساڵى جارێک لە نێوان خوێندکارانى دەرەکیى زمانى چینى لە ئاستى نەتەوەییدا ئەنجام دەدرێت و براوەى هەر وڵاتێک دەنێردرێت بۆ ئەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەى کە لە پایتەختى چین ساز دەکرێت. بەشداربووان لە سەر بنەماى توانای دەربڕین لە زمانى ماندارین و ئاستى لێهاتوویى لە کولتوورى چینیدا پلەبەندى دەکرێن. لە ساڵى ٢٠١٦دا، خوێندکارێک لە زانکۆى محەمەدى پێنجەمى مەڕاکیش پلەى سێیەمى پێشبڕکێ جیهانییەکەى بەدەست هێنا و ساڵى دواتر خوێندکارێکیش لە زانکۆى حەسەنى دووەم هەمان خەڵاتى بەدەست هێنا. هاوشێوەى دامەزراوەکانى تر، دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە مەڕاکیش سەرەڕاى خوێندنى زمان، خولى کولتوورییش لەگەڵ بابەتى جیاواز، وەک: هونەرى چینى، جواننووسین، چێشتلێنان و… هتد؛ دەکەنەوە. ئەم دامەزراوە لە زانکۆى حەسەنى دووەم، هەروەها خزمەتگوزاریى ڕاوێژکارى و زانیارى لە بوارى سیاسەت و کولتوورى چین پێشکەش بە ئۆرگانەکانى دەوڵەت و دامەزراوە گشتییە ناوخۆییەکان و هەروەها ئەو خوێندکارە مەڕاکیشییانەى کە خوازیارى سەفەرکردنن بۆ چین و خوێندن لێى؛ دەکات. ئەم خزمەتگوزارییانە کە لە دامەزراوەکانى ترى ناوچەکە پێشکەش ناکرێت، بێگومان دەرخەرى ئەو بەسەنتەرکردنەیە کە بەرپرسە باڵاکانى ئەو وڵاتەى کە چالاکیى تیا دەکەن؛ پێشکەشى ئەم دامەزراوەیان کردووە. هاوشێوەى مۆدێلە میسڕییەکە، زانکۆى محەمەدى پێنجەم لقەکانى دامەزراوەکەى خۆى لە زانکۆکانى تر، لەوانە: زانکۆى ئیبن زوهر، زانکۆى ئیبن توفال و دامەزراوەى «ESSEC»ى فەڕەنساشدا چالاکى دەکەن (Hui, 2018). لە ڕاستیدا ئەم پۆلپۆلکردنە هەروەها دەتوانێت ئاماژە بە گرنگیى سەرمایەگوزارى لە بوارى داواکاریى زۆرى خوێندکارانى مەڕاکیشى بۆ خوێندنى زمانى چینى و هەروەها تێگەیشتنى دامەزراوەکانى خانەخوێ بکات.

 سوودان

   دامەزراوەى کۆنفۆشیۆسى سوودان لە تشرینى یەکەمى ٢٠٠٨دا لە زانکۆى خڕتووم، بە هاوکاریى زانکۆى «نۆرس وێست» دەستى بە کار کرد. دامەزراوەى سوودان نەک تەنیا بۆ خەڵکى سوودان، بەڵکوو خزمەتگوزاریى بۆ خوێندکارانى نزیکەى بیست نەتەوەى تر (زیاتر ئەفەریقا) پێشکەش دەکات. بە وتەى بەدەوى عەبدالە؛ سەرۆکى خوێندنى زمانى چینى لەم دامەزراوەیە، پلانیان هەیە لە داهاتوودا بیناى نوێ لە کەمپەکە دروست بکەن کە پشتگیریى ئەو داخوازییە زۆرە بۆ خوێندنى چینى دەکات. ئەو خوێندنەکەى خۆى بە زمانى  ئینگلیزى بۆ خزمەتى زمانە چینییەکە دەخوێنێت، چونکە باوەڕى وایە وەک هاوڵاتییەکى سوودانى ئەم زمانە لە داهاتوودا باشتر لە زمانى ئینگلیزى خزمەتى دەکات. یەکێکى تر لە خوێندکارەکان؛ مەحموود عابد ئەلفەتاح، مانگانە جارێک بۆ کڕینى ئامێرى ئەلکترۆنى و فرۆشتنى لە بازاڕى سوودان، دەڕوات بۆ شارى پیووى چین (یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانى كۆفرۆشیى جیهان). ئەو ڕوونیشى کردەوە کە بۆ باشترکردن و دروستکردنى پەیوەندیى بازرگانیى زیاتر لە چین، سەرقاڵى فێربوونى زمانى چینییە .(Wanglast, 2016)

   ئاماژەیەکى ترى گۆڕانى ئەرێنیى ئەم دامەزراوە ئەوەیە کە لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٥دا مۆڵەتى کردنەوەى خولەکانى زمانى چینى لە دوو خوێندنگەى ئامادەیى لە خڕتووم وەرگرت و دانوستانەکان بۆ کردنەوەى لقى تر لە زانکۆکانى ترى وڵاتدا دەستى پێ کردووە. لە ئەنجامدا ئەم ڕاستییەى کە ١٣٧ خوێندکارى سوودان سکۆلەرشیپیان بۆ خوێندنى چینى لە زانکۆ جیاوازەکاندا وەرگرتووە و بڵاوبوونەوەى ئەم  هەواڵە لە لاپەڕەى یەکەمى بڵاوکراوە ناوخۆییەکاندا، دەرخەرى هەڵوێستى ئەرێنییە لە بەرامبەر دامەزراوەکان و گەرموگوڕیى ئەوان بۆ سەرنجدان و سەرمایەگوزاریى چینە (Alnilin, 2018).

ئیماراتى یەکگرتووی عەرەبى

   یەکەم دامەزراوەى کۆنفۆشیۆسى ئیماراتى یەکگرتووی عەرەبى لە زانکۆى ئەبو زەبى لە حوزەیرانى ٢٠١٠دا دامەزرا و دامەزراوەى دووەم لە زانکۆى زاید ئەبو زەبى لە تەممووزى هەمان ساڵدا دامەزرا. زانکۆى هاوتەریبى چین لەگەڵ زانکۆى ئەبو زەبى، زانکۆى نینگشیایە کە یەکێکە لە شارە موسوڵماننشینەکانى چین و زانکۆى هاوتەریبى زانکۆی زاید، زانکۆى خوێندنى نێودەوڵەتیى پەکینە. بە وتەى بەڕێوەبەرى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى زاید، هاوشێوەى دۆخى وڵاتانى ترى عەرەبى دامەزراوەى زانکۆى زاید لە ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبى فراوان بووە و لقەکانى خۆى لە زانکۆى برایتونى ئەبو زەبى کردووەتەوە و مەبەستیەتى درێژە بە چالاکییەکانى خۆى بدات (Libo-on, 2011). مەڕاسیمى کردنەوەى ئەم دامەزراوەیە لە زانکۆى زاید سەرنجێکى زۆرى بە لاى خۆیدا ڕاکێشا، وەزیرى خوێندنى باڵا، سەرۆکى زانکۆ و بەرپرسەکانى تر بەشدارییان تیادا کردووە.

   لە کردنەوەى هەفتەى کولتووریى چین لە ئازارى ٢٠١٢دا، بەڕێوەبەرى دامەزراوەکە «هامام لشین» وتى: وەک یەکەم دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس کە لە یەکێک وڵاتانى ئەندامى ئەنجوومەنى هاوکاریى کەنداوى فارسدا دامەزراوە، ئێمە شانازى دەکەین ببینە پردى پەیوندیى نێوان ئەم دوو کولتوورە بەڕێزە. ئێمە باوەڕمان وایە کە هونەر، ئاواز و شایى و کولتوورى چینى بە گەرمى لە لایەن هاوڵاتییانى ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبییەوە پێشوازیى لێ دەکرێت. سەرۆکى زانکۆ وتى کە ئەو باوەڕى وایە: ئەمە گرنگە کاتێک پەیوەندیى بازرگانى لەگەڵ وڵاتێکى دەرەکى بوونى هەبێت، ئەو دامەزراوانەى کە لایەنێك دەخەنە بەردەم ئاڵوگۆڕى کولتوورى یەکترەوە، دیسانەوە بە شێوەیەکى هاوتەریب، دامەزراوەکە لە وڵاتەکەى تر دابمەزرێنن. بەم هۆیەوە ئێمە باوەڕمان وایە ئێستا کاتێکى گونجاوە بۆ کردنەوەى دامەزراوەکە. هەروەها وتیشى: سەرەڕاى ئەوەش کە ئەم دامەزراوە بەم دواییانە دەستى بە کار کردووە، داواکارى بۆ خوێندنى زمانى چینى زۆر زیادى کردووە (Moussly, 2010).

    هاوشێوەى وڵاتانى ترى ناوچەکە، ٢٦ خوێندکار لە خوێندنگەیەکى ئامادەیی لە ژێر چاودێریى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى زاید بە چینى دەیانخوێند و لە پێشبڕکێى پردى چینیشدا بەشدارییان کردووە و براوەکە گەیشتە قۆناغى کۆتایى کە لە چین ساز کرابوو (Kader, 2018).  لێکچوویى زیاتر لە نێوان دامەزراوەکانى ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبى و دامەزراوەکانى تر لە جیهانى عەرەبدا، ڕاستییەکە کە هەریەکێک لەوانەش بەستراوەتەوە بە زانکۆیەکى چینى کە کەوتووەتە ناوچەیەکى زۆرینە موسوڵمانەوە.  بە هەمان شێوە کە گوترا، پەیوەندییەکانى نێوان دامەزراوەکانى ناوچە موسوڵماننشینەکان لە چین و وڵاتانى موسوڵمان دەکرێ وەک ڕێگایەک کە چین بۆ کۆنترۆڵى گوتار لە نێوان لایەنەکاندا و ئاڕاستەکردنى ئەوان بۆ کەناڵە پەسەندکراوەکان و جێگاى ڕەزامەندیى حکومەتى پەکین؛ لێک بدرێتەوە.

   لە لایەکى ترەوە خزمەتگوزارییە تایبەتە پێشکەشکراوەکان لە لایەن دامەزراوەکان لە ئیمارات، پێشکەشکردنى خولەکانە لە سەر بنەماى پێویستیى ئەفسەرانى پۆلیسى ناوخۆیی. ئەم کڵاسانە، پڕکردنەوەى پێویستیی جێبەجێکارانى یاساى ناوخۆییە بۆ دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگەى گەورەى چینى لەم وڵاتەدا کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ کەسە و هەروەها چارەسەرى کێشەى جێبەجێکارانى یاسا بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵیاندان بە هۆى ڕێگرییەکانى بەردەم زمانى چینى دەکات (Swan, 2012).

بەحرەین

   لە ئەیلوولى ٢٠١٣دا، دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆى بەحرەین دوابەدواى واژووى لێکتێگەیشتننامەیەک سەبارەت بەم بابەتە کە ساڵێک پێشتر لە کاتى سەردانى پاشاى بەحرەین بۆ چین واژوو کرابوو؛ کرایەوە و زانکۆى شەنگەهای وەک زانکۆى هاوتەریبى چین هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا کە ئەم زانکۆیە نەکەوتووەتە ئەو ناوچەیەى کە موسوڵمانانى چینى تیادا دەژین، بەڵام گرووپێکى زۆرى لە خوێندکارانى وڵاتە موسوڵمانەکان لێیە و بەرنامەى تایبەتیان پێشکەش دەکەن. لە مەڕاسیمى کردنەوەى ئەم دامەزراوەیەدا، وەزیرى پەروەردەى بەحرەین وتیشى کە دوو سوودى سەرەکى بووە هۆى دامەزراندنى دامەزراوەکە: یەکەم، گرنگیى زمانى چینییە، لە بەر ئەوەى کە چین لە نێوان کولتوورە دێرینەکانى جیهاندایە و زمانى چینى یەکێکە لە شەش زمانە فەرمییەکەى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان. بە وتەى وەزیر، سوودى دووەم گرنگیى چینە وەک یەکێک لە گەورەترین هێزە جیهانییەکان و دووەم هێزى دارایى گەورەیە لە جیهاندا و گەورەترین هەناردەکارى جیهانە (Al-Majed, 2014). ئەم دامەزراوە هەروەها لە بەحرەینیش بووە جێگاى سەرنجى میدیا نیشتمانییەکان. بۆ نموونە: لە وتارێکدا ئاماژەى کردووە بە تایبەتمەندییەکانى ٤٠ خوێندکار کە خوێندنەکەیان لەم دامەزراوەدا تەواو کردووە، لەگەڵ وێنەکانى مەڕاسیمى تەواوکردنى قۆناغى خوێندنەکەیان (GDN, 2018).

   لە مانگى ئایارى ٢٠١٦دا، ئەم دامەزراوەیە ئاهەنگى هەفتەى کولتووریى چینیی ساز کرد کە ئامانج لێى زیادکردنى ئاڵوگۆڕى کولتووریى نێوان دوو وڵاتەکەیە. سەرۆکى زانکۆى بەحرەین لە مەڕاسیمى کردنەوەکەدا وتى: ئەم زانکۆیە خۆشحاڵە کە خوێندکارەکانى شارەزاى زمانى چینین، لە بەر ئەوەى کە لە ڕووى سیاسى و داراییەوە یەکێکە لە گرنگترین زمانەکانى جیهان (Al-Wasat, 2017). سەرەڕاى ئەوەش، چین خاوەنى کەلەپوورێکى کولتووریى دەوڵەمەندە. هەموو ئەمانە، هانى خوێندکارانى بەحرەینى داوە بۆ ئەوەى حەزێکى تایبەتیان بۆ خوێندن لەو بارەیەوە هەبێت.

    سەرەڕاى ئەوەش، لە پێشهاتێکى هاوشێوەدا کە ساڵى دواتر بەڕێوە چوو، سەرۆکى زانکۆ گوتى: ئەم زانکۆیە مەبەستیەتى گرەنتیى ئامادەیى بەرفراوانى چالاکییە کولتوورییەکانى چین بە ئامانجى زیادکردنى زانیارى و لایەنى کولتووریى خوێندکاران سەبارەت بەم بابەتە بکات (Al-Ayam, 2017).

تونس

   دامەزراندنى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس لە ناو زانکۆى قرتاجە لە تشرینى دووەمى ٢٠١٨دا، بە هاوکاریى زانکۆى زمانە بیانییەکانى دالیان کە شوێنى نیشتەجێبوونى کەمینەیەکى موسوڵماننشینیشە، ئەنجام درا. سەرۆکى زانکۆ سەبارەت بە دامەزراندنى ئەم دامەزراوەیە وتى: ئێمە ساڵانێکە کار لە سەر ئەم پڕۆژە گەورەیە دەکەین و ئەمەش بەرهەمى هاوکاریى ئێمەیە لەگەڵ چین وەک هاوبەشێکى تایبەت بۆ ئێمە. هەروەها وتیشى: دروستکردنى ئاسۆى نوێ گرنگە. هاوکاریى ئێمە لەگەڵ چینییەکان زۆر سەرکەوتووە و ئەم دامەزراوەیە زیاتر یارمەتیى بەهێزکردنى هاوکارییەکان لە بوارەکانى فێرکاریى زمان و توێژینەوە و پڕۆژە فێرکارییەکاندا دەدات (YI, 2018).  بە نزیکەیى هیچ خاڵێکى دیارى تر سەبارەت بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەم دامەزراوەدا نەدۆزرایەوە، لە بەر ئەوەى کە ئەم دامەزراوەیە تازە دامەزراوە.

دەرئەنجام

   ئەم توێژینەوە و شیکارى و بەشبەشکردنەى دەیتاکان دەگاتە ئەو ئەنجامەى کە دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس وەک ئامرازێکى نەرمەهێزى چین، بە شێوەیەکى کاریگەر خۆیان خزاندووەتە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى عەرەبى و سییاسەتمەداران، ئەندامانى ئەنجوومەنى زانستیى زانکۆکان و خوێندکارانى زانکۆ بە نزیکەیى بەبێ هیچ ڕەخنەیەکى جێسەرنج؛ پێشوازییان لەم دامەزراوانە کردووە. دیپلۆماسیى چین جەخت لەوە دەکاتەوە کە چالاکییەکانى چین لە گۆڕەپانى جیهانیدا لە بوارەکانى دارایى و بازرگانیدا چڕ کراونەتەوە و بە هیچ شێوەیەک حەزى سیاسى یان حەزی ترى نییە لە گۆڕەپانى جیهانى وەک ڕۆڵى پۆلیسى جیهانیى ویلایەتە یەکگرتووەکان. دەسەڵاتدارانى چین دەڵێن کە بەدواى دروستکردنى پێکەوەژیانێکى ئاشتییانە و دروستکردنى جیهانێکەوەیە پڕ لە هاوکارى کە هەردوو لایەن سوودى لێ وەربگرن. مەیدانى توێژینەوەکەمان ئاڕاستەى گفتوگۆکانى بۆ نیشاندانى چییەتیی دیپلۆماسیى چین و شێوەى کارى هێڵەکانى پەیوەندى و نەرمەهێز لە لایەن چینەوە دەخاتە ڕوو. لە ئەنجامدا سەرسوڕهێنەر نییە کە دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس خوێندکارەکانى خۆى بە ئاڕاستەى خوێندنى زمان، کولتوور و بەرزکردنەوەى کولتوورى چینى ئاڕاستە دەکات و بە بابەتى نەخوازراوى ترەوە خۆى سەرقاڵ ناکات و ئەوەى کە گرنگە بۆ دەوڵەتى چین ئەوەیە کە پشتگیریى ئەو دامەزراوانە دەکات و ئەمەش لاى ئەوان پەسەندە.

   خاڵێکى تر ئەوەیە کە هەموو وڵاتانى عەرەبى مەیدانى لێکۆڵینەوەکەمان لە لێکۆڵینەوەى حاڵەتدا لە ڕووى سیاسییەوە پێکهاتەیەکى نادیموکراتییان هەیە و لەم ڕووەوە نزیکترە لە سیستمى سیاسیى چین لەچاو سیستمە دیموکراسییەکانى ڕۆژئاوادا. چین نموونەیەک پێشکەش بەوان دەکات هەر چەندە دیموکراسى نییە، بەڵام لە ڕووى چییەتیی سیستمى سیاسیى ناوخۆییەوە لێیانەوە نزیکترە و بەم حاڵەشەوە ئابوورییەکى جیهانیى گەشەکردووە. مۆدێلی وڵاتێکى نادیموکراسى کە هێشتا خاوەنى ئابوورییەکى گەشەکردووە، بە بەراورد بە وڵاتانى ڕۆژئاوایى و بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان، نموونەیەکى ئاسانترە بۆ ڕاکێشان و قبووڵکردنى لە لایەن وڵاتانى عەرەبییەوە، بە تایبەت ئەمەى کە ساڵانێک وا بانگەشەى بۆ دەکرا کە پەرەپێدانى ئابوورى پەیوەستە بە دروستکردنى میکانیزمێکى دیپلۆماسى لە سیستمى سیاسیى وڵاتاندا. ئێستا زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى وەک هێزێکى باڵاى جیهانى لە داهاتوودا سەیرى چین دەکەن کە دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوە بۆ ڕۆژئاوا.

   کەواتە تەواو ڕوونە کە بۆچى لە وڵاتانى عەرەبى بە گەرمى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس قبووڵ دەکرێت کە بۆ ئەوان ڕێگایەکى گونجاوترى حوکمڕانیی ئاسانە، لە کاتێکدا کە زۆرێک لە وڵاتانى ڕۆژئاوا لە بوونى ئەم دامەزراوانە لە زانکۆکانى خۆیاندا هەست بە نیگەرانى دەکەن. بە واتایەکى تر: لەوانەیە بتوانرێ بگوترێت ڕێژەیەکى پێچەوانە لە نێوان ئاستى دیموکراسى و پێویستیى سەرمایەگوزاریى دەرەکى لەگەڵ ڕێژەى چالاکیى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسدا بوونى هەیە. لە کۆمەڵگا دیموکراسییەکاندا، سیاسەتمەدارەکان لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا و لە سیستمى سیاسیدا توانیویانە ڕەخنەگەلێکى زیاتریان لە بەرامبەر وەها هێڵێکى پەیوەندیى نەرمەهێز و دزەکردنیاندا هەبێت کە لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت بووەتە هۆى لەکارخستنى ئەم دامەزراوانە.

   سەرەڕاى ئەوەش، زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى، بێجگە لە وڵاتە خۆشگوزەرانەکانى کەنداوى فارس، ئامادەى وەرگرتنى بە پەلەی هەر سەرمایەگوزارییەک بوون بەبێ ئەوەى بڵێن چۆن و بۆچى و ئامادەى پەسەندکردنى هەر سەرنجێک بوون کە بتوانێت یارمەتیى چۆنیەتى و جۆراوجۆریى سیستمى فێرکاریى ناوخۆیی بدات. دواى پێشنیارى چین بۆ ئەم وڵاتانە و دواى ناوبانگى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە ناوچەکە، سروشتییە کە لایەنى عەرەبى پێشنیارەکانى دامەزراندنى دامەزراوەکان بە گەرمى پەسەند بکات بۆ ئەوەى یارمەتیى بەرزبوونەوە و باشترکردنى سیستمى فێرکاریى ناوخۆیی بدات. هەروەها لە وەها هەلومەرجێکدا گریمانەى مشتومڕ سەبارەت بە جۆرى ناوەرۆکى پێشکەشکراو لە لایەن دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆسى ناو وڵاتانى عەرەبى کەمتر شوێنى باسوخواسە کە وڵاتانى خانەخوێ بیانەوێت هەنگاو بنێن بە ئاڕاستەى ڕێگریکردن لێى. ئەو ڕاستییەش کە چینییەکان خوازیارن ئەو زانکۆ عەرەبییانەى کە ئەو دامەزراوانەیان تێدایە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەى کە لەو ناوچانەدان لە چین کە زۆرینەیان موسوڵمانن؛ پێکەوە ببەستێتەوە و یارمەتیى بەهێزکردنى پەیوەندیى دوولایەنە و هەروەها توانای چین بۆ چاودێریى وردتر بۆ هەردوو لا بدات. کەواتە دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەى کە چینییەکان مەبەستیانە تا گوتارەکان بخەنە ژیر کاریگەریى خۆیان و وەک ئەوەى خۆیان دەیانەوێت بەڕێوەى ببەن و دامەزراندنى دامەزراوەکان لە وڵاتە بیانییەکان پاڵنەر و ئامانجى ترى هەیە، زیاترە لەوەى کە تەنیا کردنەوەى پۆلەکانى کولتوور و زمانى چینی بێت کە کاریگەریدانانە لە سەر وڵاتانى خانەخوێ بە ئاڕاستەى خواستى دەوڵەتى چین.

   ئەم توێژینەوەیە بنەما و بنچینەى توێژینەوەگەلێکى ترە لە بوارى نەرمەهێزى چین بە شێوەیەکى گشتى و هەوڵەکانى چین لە زانکۆ نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکى تایبەتى دروست دەکات و چاوەڕێ دەکرێت تا ئەو کاتەى کە پێگەى جیهانیى چین درێژە بە گەشەى خۆى دەدات، کۆمەڵگەی زانکۆیى بەردەوام خوازیارى دەبێت. سێ پێوەرى ئەم ڕێنیشاندەرە (خستنەڕوو و داواکارى، کەوتنە بەر دیدى میدیاکان، بەشداریکردن و ناساندن) بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى سەرکەوتنى چوونەناوەوەى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس لە زانکۆکانى دەرەوە یان هەر دامەزراوەیەکى تر لە شوێنەکانى تر لە لایەن دەوڵەتى چینەوە پشتگیریى دارایى دەکرێن، گونجاو و بەسوودە.

   بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینى تۆڕی دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس بۆ مەترسییەکى جێگا سەرنج و پەیوەست بە چینەوە، ئەو وڵاتانەى کە میوانداریى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس دەکەن یان پلان دادەنێن، پێویستە ئەم ڕاسپاردانەى خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

   یەکەم: وەک ئامرازێکى نەرمەهێز بەدامەزراوەییكراو لە لایەن کۆمارى گەلى چینەوە، دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس نابێت وەک دامەزراوەى خستنەڕووى پسپۆڕى لەبەرچاو بگیرێن، بەڵکوو وەک سەنتەرى بڵاوکردنەوەى کولتوورى چینى یان پەیڕەویکردن لە یاساکانى وەزارەتى پەروەردە و لە کۆتاییدا حیزبى کۆمۆنیستى چین. کەواتە ناتوانرێ چاوەڕوانییەکى بابەتیمان لە دامەزراوەکان هەبێت لە هەڵسەنگاندنى بابەتە هەستیارەکاندا.

   دووەم: مۆدێلى دارایى ئێستاى دامەزراوەکان پێویستە لە جیاتیى دابینکردنى دارایى، لە ڕێگەى بودجەى ناوەندى دامەزراوەى خانەخوێوە  بودجەیەکى ڕاستەوخۆى بۆ تەرخان بکەن بۆ ئەوەى سەربەخۆیى دامەزراوەى خانەخوێ زیاتر ببێت.

   سێیەم: پێویستە پلانەکانى خوێندنى زانکۆیى چینی بە تەواوى جیا بکرێتەوە لە کارى دامەزراوەکانى کۆنفۆشیۆس و بە هیچ شێوەیەک بە شێوەیەکى بەشەکى یان جۆرى تر پەیوەست نەبێت پێیەوە. پێوستە پلانە هاوبەشەکان پیاچوونەوەیان پێدا بکرێت. تایبەتمەندێتیی ناوخۆیى بۆ چاودێریى ئازادیى خوێندن و مەترسییەکانى خۆسانسۆرکردن بۆ بەرنامەگەلێکى وەها پێشنیار دەکرێت.

   چوارەم: دڵنیا ببنەوە کە وانەکانى زمانى چینى لە لایەن ئەو مامۆستا و ڕاهێنەرانەوە کە لە لایەن خودى زانکۆکەوە هەڵبژێردراون و مووچەیان دەدرێتێ، دەوترێنەوە و پێویستە پێسپاردنى خولە فێرکارییەکان بە «Hanban» کەم بکرێتەوە.

    پێنجەم: هەموو نامەى لێکتێگەیشتنەکان، گرێبەستەکان و ڕێککەوتننامەکانى تر لە نێوان زانکۆ و «Hanban» لە بەر دەستدا بێت. ڕێژەى بودجەى ساڵانە کە زانکۆکە لە «Hanban» وەریدەگرێت و ڕێژەى یارمەتییەکانى زانکۆى خانەخوێ دیارى بکرێت. هەموو گەشتەكان، شانازییەکان و ئەو خەڵاتانەى کە دەزگاکانى دەوڵەتى چین دەیبەخشن بە بەرپرسانى زانکۆکان، ڕابگەیەنرێن.

   شەشەم: زمانێکى تر زیاد کراوە و دیارى بکرێت کە لە تەواوى جیاوازییەکانى پەیوەست بە یاساکانى چین و وڵاتى خانەخوێ؛ یاساى خانەخوێ لەپێشترە و «Hanban» لە کاتى بوونى کەموکوڕیى یاساکان لە کاتى بەکارخستنى دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس، پێویستە بەرپرسیارێتیى یاسایى هەڵبگرێت. هەروەها پێویستە لەوە بکۆڵرێتەوە کە ئایا دامەزراوەى کۆنفۆشیۆس مەترسیى سیخوڕى یان کۆکردنەوەى زانیاریى هەستیار لە لایەن دەوڵەتى دەرەکییەوە زۆر دەکات یان نا.

سەرچاوەكان

  • (2016). Recommendation to Establish Chinese Cultural Centers in Arab Countries and Provide Scholarships. Addustour News.
  • (2017). Talal Abu-Ghazaleh Organization renews the agreement with the Shenyang Normal University of China. Addustour News.
  • (2018). Celebrate the Chinese New Year in Philadelphia. Addustour News.
  • Al-Ayam. (2017). Expressing the Message of the Chinese Philosopher who Calls for Peace.
  • Albert, E. (2018). China’s Big Bet on Soft-Power. New York: Council on Foreign Relations.
  • Alipoor, Ali and others (2019), Necessities of Iran’s geopolitical expansion in the Arab Middle East with emphasis on recent developments, Security horizons, Vol 3, No 9
  • Al-Ma’amah,, M. (2010). Increased Demand to Learn Chinese in Jordan Through Three Institutes. Asharq Al-Awsat.
  • Al-Majed, O. (2014). Activating the Historic Royal Visit to the Republic of China. Al-Ayam.
  • (2018). 137 Sudanese students receive a scholarship to study in China. Alnilin News.
  • Al-Saadani, Z. (2017). The Confucius Institute in Cairo University Wins the Prize for the Best Institute for Chinese Language Tests. Alwafd News.
  • Al-Wasat. (2017). Chinese Culture Week kicks off at the University of Bahrain. Al-Wasat News.
  • (2016). Egypt: Confucius Institute Expands Chinese Learning in Egypt. Agencia Angola Press.
  • Carr, E. (1954). The twenty years crisis. New York: Macmillan.
  • (2019). China Oil Consumption 1965-2018. CEIC.
  • Center, W. (2020). China’s Soft-Power campaign. Wilson Center.
  • China, N. B. (2019). The annual data of China’ GDP. NBS.
  • (2020, 4 16). First Confucius Institute to open in Saudi Arabia. Retrieved from Hometown of Confucius: Shandong, China: http://subsites.chinadaily.com.cn/shandong/2020-04/16/c_471850.htm
  • (2015). With the Establishment of 500 Confucius Institutes, China Opens a Gateway into its Culture to the. China Radio International.
  • Daily, P. (2012). Confucius Institute in Morocco is testing Chinese language proficiency for the first time. People Daily Arabic.
  • Ain News. (2011). Earth Speaks Chinese.
  • Fadel, R. (2014). The Chinese Language Attracts Businessmen, Employees and Students. Beirut: Annahar.
  • Florida, R. (1999). Engine or Infrastructure? The University Role in Economic Development. MIT Press.
  • Fu, W. (2009). First Confucius Institute in the Arab Countries. Arabic China News.
  • (2018). 40 “graduates of Confucius Institute awarded certificates at Bahrain University. GDN online.
  • Gil, J. (2019). Do Confucius Institutes teach Chinese Propaganda? Asia Times.
  • Guancha, G. (2007). Assessment Report on the Soft-Power of China. International Review.
  • Constitution and By-Laws of the Confucius Institutes. Retrieved from Confucius Institutes: https://confucius.nju.edu.cn/_t489/6277/list.htm
  • Hui, L. (2018). The Role of Confucius Institutes in Popularizing the Education of the Chinese Language and Spreading Chinese Culture. China Today.
  • Kader, B. A. (2018). Emirati schoolchildren say ‘ni hao’ to Mandarim. Gulf News.
  • Lai, H. (2012). China’s Soft-Power and international relations. London: Routledge.
  • Lebel, U. (2020). Chinese Soft-Power Pipelines Diffusion to the Middle Eastern Arab Countries 2000-2018: A Discursive-Institutional Study. British Journal of Middle Eastern Studies, 1-19.
  • Li, L. (2019). Language Management and Its Impact: The Policies and Practices of Confucius Institutes. London: Routledge
  • Libo-on, L. (2011). Dubai varsity opens Confucius Institute. Khaleej Times.
  • MacMillan, M. (1985). Nixon and Mao: The Week That Changed the World. Random House Digital.
  • Magnier, M. (2006). Attack of the Pandas. LA Times.
  • McClory, J. (2018). The Soft-Power 30 – A Global Ranking of Soft-Power 2018. Portland: USC Center on Public Diplomacy.
  • Moussly, R. (2010). Chinese language, culture classes on offer in Dubai. Gulf News.
  • Nye, J. (1990). Soft-Power. Washington D.C: Foreign Policy.
  • Nye, J. (2003). Propaganda Isn’t the Way: Soft-Power. International Herald Tribune.
  • Nye, J. (2004). Soft-Power: The Means to Success in World Politics. Public Affairs.
  • Nye, J. (2009). The rise of China’s Soft-Power and its Implications for the United States. Harvard Kennedy School.
  • Nye, J. (2011). The Future of Power. New York: Public Affairs.
  • Report, S. (2009). A message from Confucius: New ways of projecting soft power. London: Economist.
  • Rutkowski, D. (2007). Converging us softly: how intergovernmental organizations promote neoliberal educational policy. Critical Studies in Education, 229-47.
  • Saad, M. (2018). Details of the Minister of Higher Education’s Participation in the Opening of the Confucius Model Institute in Cairo University. Ahram.
  • Swan, M. (2012). Chinese lessons help Dubai Police break down barriers. National UAE.
  • Wanglast, N. (2016). Chinese … a Language that Makes the Future for the Graduates’ Families in Sudan. Aarabic China.
  • (2016). China’s Confucius Institute celebrates 10th anniversary in Lebanon.
  • (2018). Confucius Institutes Enhance Mutual Understanding Between China and Countries of the World. Beijing.
  • Yi, Y. (2018). Confucius Institute opens classroom in Tunisia. Xinhua.
  • Zayed, A. (2017). Memorandum of Understanding between the Confucius Institute in Ismailia and the Suez Canal University. Elwatan News.
  • Zhiling, H. (2018). Ten New Confucius Institutes lift Global Total to 548, Boosting Ties. China Daily.

أ ش أ, ب. (2012, دیسمبر 19). معهد کونفوشیوس بجامعة قناة السویس من أفضل 20 معهدا بالعالم والأهم بالشرق الأوسط. بازیابی از الیوم السابع https://www.youm7.com/story/2012/12/19:

أبو العز, ه. (2018, نوفمبر 20). رئیس جامعة الإسکندریة یبحث إنشاء معهد کونفوشیوس لدراسة للغة الصینیة. بازیابی از الیوم السابعhttps://www.youm7.com/story/2018/11/20:

[1] Confuciun Institue

[2] Hanban

Send this to a friend