• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 4, 2024

هەژموونی چین لە سیستمی نێودەوڵەتیی سەدەی بیستویەکدا

نووسین: ئەلێکسیا بەتلەر/ توێژەری دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەیمانگای سیت

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پەرۆش محەمەد

سەرچاوە: Alexia J. Butler (1812024), “21st Century Chinese Hegemony in the International System”, https://moderndiplomacy.eu/2024/01/18/21st-century-chinese-hegemony-in-the-international-system/

 

پوختە

بەشی ڕۆژئاوای ئەورووپا لە مێژوودا لە لوتکەی پرسە نێودەوڵەتییەکاندا بووە، بەڵام کۆڵۆنییەکەی خۆی کە ئەمەریکایە، بەسەریدا سەر کەوت لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا. هەر چەندە یەکێتیی ئەورووپا لە نەخشەی سیاسەتی جیهانیدا هێزێکی مەزنە، بەڵام زانیارییە نوێکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەوساری پرسە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەورووپا دەگرنە دەست لە نەخشەی جیهانیدا لە میانی باڵادەستبوونیان لە جیهاندا. لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرنگترین هێزی جیهانی بووە لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمەریکا بە گەورەترین ئابووریی جیهانەوە؛ باڵادەستی دارایی، سەربازی، سەرکردایەتی، بازرگانیی جیهانە. بەڵام هەژموونی ئەمەریکا بە هێواشی لە داکشاندایە و گۆڕانی هێز؛ باڵانسەکەی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا لە باڵادەستیی ڕۆژئاواوە گواستووەتەوە بۆ هەڵکشانی ئاسیای ڕۆژهەڵات. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە بە گرنگترین ناوچەی ئابووری لە جیهاندا. تاکە ڕکابەری ئەمەریکا کە چینە، بازی گەورەی داوە لە بواری ئابووری، سەربازی، دیپلۆماسی و تەکنەلۆژیدا. لە ئێستادا چین پێشەنگی وڵاتانی هەناردەکاری شمەکە، دوای تێپەڕاندنی ئەمەریکا کە ساڵانی پێشتر یەکەم بوو. لە دەیەی ڕابردوودا چین هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ جێکردنەوەی خۆی لە ناو سیستمی نێودەوڵەتیدا لە ڕێگای هاوپەیمانیی جیۆپەلەتیکی، ڕێگای ئاوریشمی، دامەزراندنی پەیمانگا لە ناوچەکانی تر لەگەڵ زیادکردنی توانا پیشەسازییەکانی. بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە سەدەی (٢٢)دا چین و ناوچەی ئاسیای ڕۆژهەڵات بەسەر ئەورووپا و زۆرینەی ئەفەریقادا زاڵ دەبێت. ئەگەر ستراتیژەکانی بێ لەمپەر بۆ پێشەوە بچن، لە کۆتاییدا چین دەکەن بە باڵادەست. ئایا تا چەندێک تەماحە ئابوورییەکانی چین کارئاسانی دەکەن بۆ ئەوەی چین بەسەر ئەورووپا و لە کۆتاییشدا بەسەر سیستمی جیهانیدا زاڵ ببێت؟

 

پێشەکی

هەر چەندە ئەوە ڕوونە کە ڕێکخستنی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا ماوەیەکی زۆرە لە سیستمی جیهانیدا دامەزراوە و قبووڵ کراوە، بەڵام لە دەیەکانی ڕابردوودا بەردەوامییەکەی خراوەتە ژێر پرسیارەوە. ئەمڕۆ دەبینین کە پرسە نێودەوڵەتییەکان گۆڕاون بۆ ئەوەی بگونجێن لەگەڵ “داکشانە ڕێژەییەکەی ‘زلهێزە کۆنەکە’دا کە ئەمەریکایە، هەروەها بۆ گونجان لەگەڵ چیندا وەکوو ‘زلهێزی تازە’ کە زۆر جار دەتوانێ ئاڵنگاری ئەمەریکا بكات وەکوو باڵادەستی زاڵ نەک تەنها لە ئاسیا بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی جیهاندا” (Lambert, 2023, p.6). لە سەرەتای (٢٠٠٠)ەوە چین ڕۆڵی باڵادەستی خۆی گێڕاوە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ئێستاشدا توانای زۆری نیشان داوە کە ببێت بە باڵادەستی جیهان بە شێوەیەکی خێرا. توانا ئابوورییەکانی چین وەها دیارە ئەو ناوچانەی ئەورووپا و ئەفەریقا دەکاتە ئامانج کە لاوازن.

بۆ تێگەیشتن لەو ڕێکخستنە لیبراڵە هاوچەرخەی ئەمڕۆی جیهان کە ئەمەریکا پێشەنگیی دەکات، مرۆڤ دەبێ لەو جووڵانەوانە تێبگات بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەمدا سەریان هەڵدا. ئەوە زانراوە کە ناوچەی باڵادەستی جیهان ئەورووپا بوو بە پێشەوایەتیی بەریتانیا بۆ چەندین سەدە. بەدوای جەنگی جیهانیی دووەمدا، بەریتانیا شکستی هێنا لەوەی سیستمی جیهانی ئیدارە بکات بە تایبەتی کاتێک کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووریی ئەمەریکا و ئەڵمانیا بوویەوە. دوای جەنگەکە، کە لە بەشی ڕۆژئاوای ئەورووپادا بوو، ناوچەکە تەواو سەرقاڵ بوو بە پڕۆسەی بونیادنانەوەی خۆیەوە کە ئەمەش تەنها ئەمەریکای هێشتەوە وەکوو تاکە دەسەڵاتی بەهێز. بە سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە، ئەمەریکا هاتە ناوەوە بە پاڵپشتیکردنی دەوڵەتانێکی سەربەخۆ و کۆمەڵێ ڕیفۆرمەوە بۆ شێوەپێدان بە سیستمێکی نێودەوڵەتی کە بە شێوەیەکی ستراتیژی لە سوودیان بوو. باڵادەستیی ئەمەریکا ئەو کاتە زیاتر بوو کە یەکێتیی سۆڤیەت لە ١٩٩١دا ڕووخا. بەو پێیەی ئابوورییەکان بەردەوامن لە سەرهەڵدان لە جیهاندا، سیستمە تاکجەمسەرییەکەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم “بە هاوسەنگییەکی جیهانیی هێز شوێنی دەگیرێتەوە و وردتر بدوێین ڕێکخستنێکی فرەجەمسەریی جیهان لە دروستبووندایە” (Lambert, 2023, p.5).

ڕۆژگاری شکۆمەندیی باڵادەستیی ئەمەریکا لە (١٩٥٠)کاندا دەستی پێ کرد، چونکە لەو کاتەدا ئەمەریکا بە تەنها نیوەی بەرهەمی تێکڕای جیهانی هەبوو لەگەڵ “لە سەددا شەستی بەرهەمی دروستکراوی جیهان” (Du Boff, 2003). نزیکەی لە سەددا (٤٧)ی پشکی کۆمپانیاکانی جیهان ئەمەریکی بوون. لەم ماوەیەدا “ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و هۆڵەندا پێکەوە تێکڕای بەرهەمی نیشتمانییان حەوت لە دەی بەرهەمی  نیشتمانیی ئەمەریکا بووە” (Du Boff, 2003). نیشاندەرەکانی دیکەی باڵادەستیی ئابووریی ئەمەریکا پێک هاتبوون لە “بەرهەمهێنانی ٪٤٠ی بەرهەمی جیهان، خاوەنداریکردن لە ٪٨٢ی داهێنان و دۆزینەوە مەزنەکان. بزنسەکانی ئەمەریکا لە ٪٥٩ی یەدەکی نەوتی جیهانیان کۆنترۆڵ کردبوو… [لەگەڵ] باڵادەستیی لە چەکە ئەتۆمییەکاندا” (Keohane, 1991, pg.436).

هەر چەندە ئەم ژمارانە پێگەی نکۆڵیلێنەکراوی ئەمەریکا پیشان دەدەن لە لوتکەدا، کەچی زۆر کێماسی پێشبینیی ئەوەیان کردبوو کە ئەم باڵادەستییە کاتییە. وەکوو سەرەتا ئەمەریکا “نەیتوانی ڕێگری بکات لە شۆڕشی کۆمۆنیستی لە چین، کوبا و لە ڤێتنامیش شکستێکی گرانی تووش بوو” (Keohane, 1991, pg.436). هەر لەم کاتەدا ئەمەریکا چووە شەڕی کۆریاوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی کۆمۆنیزم بگات بە بەشی باشووری کۆریا. بەشی باکووری کۆریا لە لایەن چینەوە پاڵپشتی کرا و جەنگەکە لەوە زیاتر تەشەنەی کرد کە بیری لێ کرا بووەوە، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی ئەمەریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە لە ١٩٤٩دا و دواتر پەیمانێکی ئاگربەست لەگەڵ چین و کۆریای باکووردا ئیمزا بکات لە ١٩٥٣دا. ئەمە بردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ چین و لەکەدارکردنی باڵادەستەکەی جیهان بوو. هەروەها چەندین گرژی هەبوو دەربارەی بازرگانی، دارایی و نەوت لە ناو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆدا کە هاوپەیمانە سەربەخۆکان گوێیان نەدا بە ئامۆژگارییەکانی ئەمەریکا، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕێکخستنی ئەمەریکی. ئەمە لەوە گەڕێین کە لە ئێستادا لیژنەی کۆنگرێس بۆ بودجە دەربارەی دۆخی دارایی ئەمەریکا دەڵێت: “خەمڵاندنەکانی ئێستا [ئاماژە بەوە دەکەن] کە قەرزی فیدراڵیی ئەمەریکا لە ٢٠٢٢دا کە لە ئاستی تێکڕای بەرهەمی نیشتمانیدایە، ڕەنگە بەرز بێتەوە بۆ لە سەددا ١٨٠ی تێکڕای بەرهەمی نیشتمانی لە ٢٠٥١دا” (٢٠٢٢).

لە ڕووی مێژووییەوە ئەمەریکا لقێک بووە لە بەریتانیا جیا بووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەوە ئەورووپایە کە پێویستی بە ئەمەریکایە بۆ ئەوەی سەقامگیریی بپارێزێت. لە سێکتەرەکانی بەرگری و ئابووریدا، لاوازبوونی هێز و کاریگەریی ئەمەریکا بە مانای لاوازبوونی ئەورووپاش دێت. ئەم پەیوەندییەمان چەندین جار لە ڕابردوودا بینیوە کاتێک کە کاریگەریی ئەمەریکا بەرزونزمیی کردووە. کاتێک لە ٢٠٠٨دا ئەمەریکا تووشی قەیرانی دارایی بوو، ئەمە “بە خەستی ئابووریی ئەورووپای لاواز کرد…، لەگەڵ گەورەیی بڕی قەرز، بەرزیی بێکاری و نزمیی گەشە” (Liu, 2016, p.38). ئەوەش شتێکی زانراوە کە “بۆ چەندین دەیە ئەوە ئەورووپایە کە پشتی بە ئەمەریکا بەستووە لە ڕێگەی ناتۆوە ئاسایشی بۆ دابین بکات” (Ham, 2011, p.108). لە مەسەلەی ئابووریی ئەورووپادا، یەکێتییەکە سەختی و گرفتی خۆی هەیە لە چەشنی بەردەوامیدان بە یەک دراوی، ناهاوسەنگیی هێز، چەقبەستوویی ئابووری و ڕەوشێکی تێکچوو لە ڕووی سیاسی و جوگرافییەوە. لە مەسەلەی چیندا، ئێمە دەبینین کە دامەزراوە و بەندەرە چینییەکان لە سەرانسەری ئەورووپادا دەکرێنەوە و دەکەونە کار، ئەڵبەت گەر باسی ڕێگای ئاوریشمی ٢٠١٣ نەکەین کە تەواوی ئۆراسیای گرتووەتەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێکهاتەی یەکێتیی ئەورووپا تا ڕادەیەک لاوازە، چونکە كەموكوڕی هەیە لە بابەتی “توانای سەربازی و ڕوئیای ستراتیژی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەی جیهان…، [هەروەها] نەبوونی ڕوئیایەکی هاوبەش بۆ ‘بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا'” (Ham, 2011, p.113). ئەم کێشانە بە کورتی ڕوونی دەکەنەوە کە چین لە ئایندەدا دەست بەسەر ناوچەی ئەورووپادا دەگرێت لە کاتێکدا باڵادەستیی ئەمەریکا لە داکشاندایە.

لە ئەمڕۆدا ئەمەریکا هێشتا بەهێزترین وڵاتە، بەڵام بەردوامبوونی لە دەستوەردان “لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی تر و هەوڵدان بۆ باڵادەستی و بەکارهێنان و پاراستنی ئەم باڵادەستییە و بەرپاکردنی جەنگ، ئەمانە پێکەوە زیانیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاندووە” (MFAPRC, 2023) و ئەمەریکایان کردووە بە وڵاتێکی نەخوازراو. بە پێچەوانەوە، چین لەم چەند دەیەی ڕابردوودا تۆڕی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانیی بونیاد ناوە بەو نیازەی کە ببێ بە باڵادەستە تازەکەی جیهان. ئەمەریکا لە ڕاستیدا لە لوتکەی توانای سەربازیدایە، بەڵام کاتێک ستراتیژیەتی سیاسی و جوگرافی شی دەکرێتەوە، ڕوون دەبێتەوە کە توانای ئابووری؛ کلیلی دەستبەسەرداگرتنی سیستمی جیهانییە. ستراتیژیەتی ئابووریی چین ئاڕاستەکەی ڕوو لە ئەورووپا و ئەمەریکایە و لە ئێستاشدا چین لە زۆر سێکتەری ئابووریدا پێشی هەردووکیان کەوتووە. ئەو وڵاتانەی کە ئاسایی هاوپەیمانی ئەمەریکا بوون، خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە “هاوبەشیی ئابووری زیاتر لەگەڵ چیندا بکەن و ڕەنگە لە داهاتووشدا ئاڵنگاری ئەمەریکا بكەن لە ڕووی سەرکردایەتیی ستراتیژییەوە” (Lambert, 2023, p.5). لەگەڵ پەیدابوونی بریکس (BRICS)دا کە چەقی کارەکە چین و ڕووسیایە، نە ئەمەریکا و نە ئەورووپا ناتوانن ئەم دووانە لە ڕووی تەکنەلۆژی، ئابووری و بەرگرییەوە تێپەڕێنن. وەکوو ئەوەی «Standard Chartered Bank of London» پێشبینیی کردووە، لە ٢٠٣٠دا چین دەبێت بە ئابووریی ژمارە (١) بە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییەوە کە بڕەکەی ٦٤.٢ ترلیۆن دۆلارە و ئەمەریکاش دەبێت بە ژمارە ٣ بە ٣١ ترلیۆن دۆلارەوە.

 

هێزی هاوچەرخی چین

لەمڕۆدا ئەوە ڕوونە کە چین لە ڕابردووی پڕ لە ئاژاوەی خۆی گەورەترە و بەرەو ئەوە دەچێت ببێت بە هێزێکی بەسامی جیهانی. بەراورد بە توانا ئابوورییەکانی ئەمەریکا لە (١٩٥٠)کاندا، چین پێدەچێت هەمان سیناریۆی سەرکەوتنی دووبارە کردبێتەوە. دوای ئەوەی قەبارەی ئابووریی خۆی لە (١٩٧٠)وە بۆ ئێستا چوار ئەوەندە گەورە کردووە، چین ئێستا “بووە بە یەکێ لە ناوەندە مەزنەکانی بەرهەمهێنان و بە دیاریکراوی یەک لە سەر سێی ئاسن، ئستیل و خەڵووزی جیهان؛ چین دابینی دەکات و یەدەکی بیانیی زەبەلاحیش کۆ دەکاتەوە” (Ikenberry, 2008, p.26). چین تێچووی سەربازیی خۆی ساڵانە لە سەددا ١٨ بەرز دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکای لاتین و ئەفەریقادا فراوان کردووە. لەگەڵ ئەوەی لە بنچینەدا چین وەکوو بازاڕێکی تازەدەرکەوتوو وێنا کراوە، بەڵام ئێستا شانۆی جیهانی داگیر کردووە. “ڕکابەرێکی هەم سەربازی و هەم ئابووری، کە ئەمەش بووە بە هۆی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە جیهاندا” (Ikenberry, 2008, p.26).

لە ڕابردوودا تەماشاکاران بە گومانەوە لە گرنگیی چینیان لە داهاتووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەڕوانی، بەڵام ئێستا چیتر وەها نییە. چین دوای ئەوەی پەیوەندیی کرد بە چەند ڕێکخراوێکی گرنگی جیهانییەوە وەکوو ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و بریکس، پێگەی خۆی وەکوو هێزێکی گەشەسەندوو لە سیستمی سیاسیی جیهاندا پاراستووە. وڵاتەکە بەردەوامە لە “پاراستنی هەڵکشانی ئابووری و وەها دادەنرێت کە لە ٢٠٢٥دا قەبارەی ئابوورییەکەی دوو هێندەی ئەوەی ئەمەریکای لێ بێت، لە کاتێکدا ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی بازاڕی ئابووری؛ سەرقاڵی بووژانەوەی دوای قەیرانی دارایی (٢٠٠٨)ن” (Farrell, 2015, p.3). پڕۆژەی بری (BRI) ٢٠١٣ وەکوو ڕێگایەکی ئاوریشمی سەردەمی مۆدێرن وایە کە سوودێکی زۆر بە چین دەگەیەنێت بەوەی کاریگەریی ئابووری و پەیوەندیی بۆ دابین دەکات. لە (٢٠١٦)وە چین ٣١ بەندەری کارگۆی لە ئەورووپادا دروست کردووە، کە ئەمەش کۆنترۆڵی دەریایی چینی فراوان کردووە لە ناوچەکەدا.

 

کەوتنی ئەورووپا و هەستانەوەی چین

ناوچەی ئەورووپا بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت بە کێشەکانی لە چەشنی هاریکاری، گەشەی ئابووری و دراو. ئەم کێشانە بوون بە هۆی ئەوەی کە بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە دەربچن، بە تایبەتی دوای دەرچوونی بەریتانیا. چین لەم لاوازییانە ئاگادارە، بۆیە حەزی زیاتری لە ئەورووپایە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا چەندین پلانی خستووەتە کارەوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئابووریی ئەورووپا بکات، پلانەکانیش پێک هاتوون لە: (١٦+١)، وەبەرهێنان لە بەندەرە بازرگانییەکان، ڕێگای ئاوریشمی و هێنانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بانکی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئاسیا (AIIB).

پلانی ١٦+١ی ٢٠١٢ی چین پێک هاتووە لە چین لەگەڵ ١٦ وڵاتی ئەورووپی وەکوو ڕێگایەک بۆ هاریکاریی هەرێمی. ئەم پلانە پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرهێنانی چین و ئەورووپا بەرەوپێش دەبات بە هۆی ڕێگای ئاوریشمییەوە، هەروەها هاریکاریی باشتر دەکات لە ژێرخان، گواستنەوە و وەبەرهێناندا. چین بە هەمان شێوە ئامانجە کولتووری و پەروەردەییەکانیشی برەو پێ دەدات لە ڕێگای پەرەدان بە گەشتیاری و ناردن و وەرگرتنی قوتابیی بیانییەوە. هەندێ لەم پلانانەی وەبەرهێنان کە لەم هاریکارییەوە پەیدا بووە، هێڵی شەمەندەفەری بوداپست-بەلگرادە کە هەنگاریا و سڕبیا پێکەوە گرێ دەدات و دەیانبەستێتەوە بە ڕێگای شەمەندەفەر-دەریای چین-ئەورووپاوە.

کۆمپانیا چینییەکان لە ئێستادا “بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لە بەندەرەکانی ئەورووپادا پەرە پێ دەدەن، لە ناویدا یۆنان، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلژیکا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا” (Jacobs, 2023, p.1). بە تایبەتی لە بابەتی یۆناندا ئەوە زانراوە کە کۆمپانیای کەشتیوانیی دەریایی چین (COSCO) ئێستا خاوەنی یەکێ لە پشکە هەرە گەورەکانە لەم بەندەرە گرنگەدا کە وەکوو ڕێگایەکی پەڕینەوەی نێوان ئەورووپا و ئاسیا وەهایە. ئەم بەندەرە هەروەها ڕێگای هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا، بەو پێیەی شوێنێکی تایبەتی هەیە لە چەقی دەریای ناوەڕاستدا. بەندەری پیرایۆس ڕێگایەکی دەریاییە بۆ هاوکاریی ڕێگای ئاوریشمی. بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بوونی کۆسکۆ (COSCO) لە بەندەری پیرایۆس لە لایەن یۆنانییەکانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت، لە بەر ئەوەی کۆمپانیاکە “زەمالەی خوێندنی پێشکەش بە منداڵی کرێکارەکانی کردووە…، دەرفەتی کاری زیاتری ڕەخساندووە و حیکمەتی ڕۆژهەڵات و کولتووری یۆنانی پێکەوە گرێ داوە” (Ran, 2023). لەو کاتەوەی چینییەکان دەستیان بەسەر بەندەرەکەدا گرتووە، چالاکیی بەندەرەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەوەی خێراتر کارگۆ و بارەکان وەردەگرێت، باری زیادی کردووە لەگەڵ کەرەستە و پێداویستییەکانیدا. جێگای سەرنجە کە لە ٢٠١٨دا “ژمارەی هاتن و چوونی کارگۆ و بارەکانی بەندەرەکە بەرز بووەتەوە بۆ  ٤،٩٠ ملیۆن «teu» (یەکەیەکی پێوانەی بارە کە یەکسانە بە ٢٠ پێ درێژی) لە ژێر سەرپەرشتیی کۆسکۆدا، لە کاتێکدا پێش ئەوەی چینییەکان بێن بەندەرەکە تەنها ٦٨٠،٠٠٠ «teu» باری هەبووە” (Ran, 2023). ئیدارەی کۆسکۆ خێرایی بارکردن و داگرتنی کرێنەکانی بەرز کردووەتەوە بۆ یەکەمین لە ناو بەندەرەکانی ئەورووپادا کە ٢٧ «teu»ە لە کاتژمێرێکدا، لە کاتێکدا پێشتر ١٥ دانە بووە لە کاتژمێرێکدا. لەمساڵدا دەسەڵاتی بەندەری پیرایۆس لە مێژووی بەندەرەکەدا باشترین ژمارەی ئەدای تۆمار کردووە بەوەی “قازانجی پێش باجی بە ڕێژەی لە سەددا ٤٨.٨ زیاد کردووە کە ٥٢ ملیۆن دۆلار دەکات، بەراورد بە ٣٥ ملیۆن دۆلار لە هەمان کاتدا لە ٢٠٢٢” (Konton, 2023). لەمڕۆدا چین خاوەنداریی ٣١ تێرمیناڵی بەندەرەکان دەکات لە ئەورووپادا و ئەم ژمارەش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، لە بەر ئەوەی ئەورووپا پێوستییەکی زۆری بە چاکسازیی ئابووری و هاریکاری هەیە.

بانکی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئاسیا (AIIB)، کە دەسپێشخەریی چینە، لە ئێستادا ٢٦ وڵاتی ئەندامی ئەورووپای تێدایە کە (١٨)یان ئەندامی یەکێتیی ئەورووپان. مەزەندە دەکرێت ئەم بانکە ببێت بە “جێگرەوەی بریتۆن وودزی ئەمەریکی کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دامەزرا” (Lambert, 2023, p. 11). «AIIB» بانکێكی فرەلقی گەشەپێدانە کە ئامانجی برەوپێدانی ئابوورییانەی ئاسیایە لە داهاتوودا لە سەر حسابی پارە و دامەزراوەی ناوچەکانی تر و بەم هۆیەش پشتێکی زۆر بە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەبەستێت. لە بنچینەدا چین قەرز پێشکەشی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ بەهێزکردنی ئەجێندای گەشەپێدانی خۆیان. مەزەندە دەکرێت چین بۆ پلانەکانی پێکەوەبەستنی ناوچەکان زیاتر لە ٢٥٠ بلیۆن یۆرۆ وەبەرهێنانی ئەنجام دابێت لە ئەورووپادا. ئەم وەبەرهێنانە تەنها لە بەندەر و بازرگانیدا نەبووە، بەڵکوو “وێستگەی وزەی ئەتۆمی، هۆڵی شانۆ، بینا مێژووییەکان، تیپەکانی تۆپی پێ و زۆر شتی تریش بوووە” ((Haralambides, 2019. لەوە دەچێت چینییەکان زیاتر حەزیان لەوە بێت گفتوگۆ لەگەڵ “ئەورووپای باشوور”دا بکەن تاوەکوو ئەوانەی لە ڕووی ئابوورییەوە باشن. ئەم ستراتیژییە وەهای کردووە زۆر کەس ستراتیژە ئابوورییەکانی چین بە دیپلۆماسیەتی «تەڵەی قەرز» ناو ببەن کە تێیدا چین “قەرزی زۆر دەدات بە وەرگرەکان… [دەشزانیت] کە قەرزار ناتوانێ قەرزەکەی بداتەوە. چین ئامانجەکەی ئەوەیە لەم ڕێگەیەوە ملدانی ئابووری و سیاسی لە وڵاتی قەرزار/قەرزکەر بەدەست بێنێت یان ئەوەی لە کۆتاییدا قەرزەکە بە هاوبەشی لە قازانجدا بگۆڕێتەوە” (Haralambides, 2019). ئەم هەڵوێستەمان لە کەیسی کۆنترۆڵکردنی بەندەری پیرایۆسدا بینیوە لە لایەن چینەوە لەگەڵ زۆر وەبەرهێنانی دیکەی «AIIB» لە ئەورووپادا.

دەسپێشخەریی ڕێگای ئاوریشمیی ٢٠١٣

سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین تاکتیکی پەراوێزخستنی ئابوورییانەی چین لە لایەن ئەمەریکاوە وەکوو هاوپەیمانیی ئەتڵەسی (TPP)، یان ئەوەی کە بە “دۆکترینی ئۆباما” ناسراوە لەگەڵ پڕۆژەی “بونیادنانەوەی جیهانێکی باشتر”ی بایدن کە بە «B3W» ناسراوە، کەچی دەستپێشخەریی ڕێگای ئاوریشمیی «BRI»ی چینی لە بازرگانیی جیهانیدا هەر پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە. «BRI» ڕەنگدانەوەی هەمان هەوڵەکانی ڕێگا ئاوریشمییە کۆنەکەیە بۆ بەستنەوەی چین بە ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفەریقا، ئاسیا و ئەمەریکای لاتین. ئەم دەستپێشخەرییە بەرزەفڕە لە کاتێکدا گەشەی باوەڕپێنەکراوە بۆ چین و ناوچەی ئاسیا، بەڵام وەکوو تەڵەیەکی قەرز بۆ حکومەتە قەرزکەرەکان و دانوویەکیش بۆ فراوانخوازیی سەربازی و گەشەپێدانی ئابووریی چین دەبینرێت.

دەسپێشخەریی ڕێگای ئاوریشمی بوونێکی بەهێزی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا. بە پێی ڕوانینەکانی «شی پێنگ»ی سەرۆکی چین بێت، ڕێگاکە پێک دێت لە “بونیادنانی تۆڕێکی فراوانی هێڵی شەمەندەفەر، بۆریی وزە، ڕێگای خێرا و دەروازەی ئاوی…؛ بۆ زیاترکردنی بەکارهێنانی دراوی چین لە جیهاندا” (McBride et. al., 2023). جگە لەم پڕۆژانە، چین هەوڵی زۆری داوە دەرفەتی کار دروست بکات و هێڵی ئینتەرنێتی «5G»ی چینییش باشتر بکات. تاوەکوو مانگی ٨ی ٢٠٢٣، نزیکەی ١٥٥ وڵات، کە سێ لە سەر چواری دانیشتووانی جیهان دەکەن و زیاتر لە نیوەی داهاتی نیشتمانیی جیهانیان هەیە، بەشدار بوون لە پڕۆژەکانی دەستپێشخەرییەکەدا. ئەوە سەلمێنراوە کە «BRI» سەرکەوتوو بووە لە دووبارە بونیادنانەوەی تەواوەتیی ڕێگا بازرگانییەکانی پێشوودا و ڕێگەی داوە بەوەی چین ببێت بە سەنتەر نەک ئەمەریکا و ئەورووپا. بەڵام «BRI» بەدوور نەبووە لە ڕەخنە و زۆر لە وڵاتانی هەژار دەناڵێنن بەدەست شكستهێنان “لە دانەوەی ئەو قەرزانەی پەیوەندیی بە دەسپێشخەرییەکەوە هەیە و ئەمەش بووە بە هۆی قەیرانی قەرز” (McBride et. al., 2023). هەروەها قسەش هەیە لە سەر کاریگەرییەکانی دەستپێشخەرییەکە لە سەر گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە نیوەی تێچووەکانی پڕۆژەکە دەچێت بۆ وەبەرهێنان لە وزەیەکدا تازەوەبوو نییە.

 

سەرهەڵدان و کاریگەرییەکانی بلۆکی بریکس

بریکس کە لە ٢٠٠٩دا دروست کراوە، ڕێکخراوێکی نێوان حکومەتەکانە کە پێک هاتووە لە بەڕازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و ئەفەریقای باشوور، کە چین ڕێبەریی دەکات. شتەکە ڕوونە کە هەوڵەکانی بریکس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوایە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، بە تایبەتی گرووپی وڵاتانی «G7» کە پێک هاتوون لە ئەمەریکا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و بەریتانیا، هەڵبەت ئەمە گەر گرژییەکانی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا و چین لەبەرچاو بگرین. «G7» “بلۆکێکی نافەرمییە لە وڵاتانی پیشەسازیی و دیموکرات کە ساڵانە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی وەکو بەڕیوەبردنی ئابوورییانەی جیهان، ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی وزە” (Lieberman, 2023). وڵاتانی بریکس دەزانن کە زیادکردنی ئەندامەکانیان نزیکتریان دەکاتەوە لە ئامانجەکەیان کە تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی «G7»ە، بۆیە لە مانگی هەشتی ٢٠٢٣دا لوتکەیەکیان بەست. لوتکەکە بۆ ئەو ١٤ وڵاتە بوو کە بە شێوەیەکی فەرمی داوایان کردبوو پەیوەندی بە بریکسەوە بکەن. لە ئەنجامدا وڵاتانی سعودیە، ئەسیوپیا، ئەرژەنتین، ئێران، میسڕ و ئیمارات لە مانگی ٦ی ٢٠٢٤دا پەیوەندی دەکەن. ئەوەی ئەم وڵاتانە تێیدا هاوبەشن ئەوەیە کە هەموویان وڵاتانی زەبەلاحی هەناردەکەری وزە و نەوتن، کە بێگومان هاوکار دەبن لەوەی بریکس بە ئامانجەکانی بگات.

بریکس بەشداریی ڕاستەوخۆ دەکات لە گواستنەوەی هێز و دەسەڵات لە ڕووی سیاسی و جوگرافییەوە و بەردەوامیش کێشە بۆ کاریگەری و توانای ئەورووپا و ئەمەریکا دروست دەکات. نموونەیەکی ڕوونی ئامانجی بریکس بۆ تێپەڕاندنی باڵادەستیی ڕۆژئاوا لە لوتکەی ٢٠٢٣دا گفتوگۆ بوو دەربارەی پڕۆسەی بەکارنەهێنانی دۆلار “بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشبەستن بە دۆلاری ئەمەریکی و پەرەدان بە بەکارهێنانی دراوە نیشتیمانییەکان لە بازرگانیی نێودەوڵەتیدا” ((O’Kane, 2023. هەر چەندە بریکس چەندین لەمپەر و ڕێگریی لە بەردەمدایە لە ئایندەدا: یەکەم: بریکس لە (٢٠٠٩)وە هەیە و بەم تازەییە کاریگەریی زیادی کردووە. بەو پێیەی کاریگەریی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا چەندین سەدەیە باڵادەستی جیهانە، بۆیە ڕەنگە چەندین دەیە یان سەدەی بوێت تاوەکوو وڵاتان بە ڕاستی لە سیستمی ڕۆژئاواوە کە پێی ڕاهاتوون؛ بگوازنەوە بۆ سیستمی ڕۆژهەڵات. دووەم: «تەڵەی قەرز»ی چین کە وەکوو ڕووپۆشێکە بۆ زیادکردنی هەژموونی ئابووریی چین، لە لایەن وڵاتانەوە هەستی پێ کراوە و ڕقیان لێیەتی. وڵاتان سڵ لە چین و بلۆکەکە دەکەنەوە ئەگەر قەیرانی ئابووری بەردەوام بێت لە دروستکردنی قەرزی زیاتر بۆ وڵاتان. سێیەم: بریکس ڕەنگە بۆشایی هێز و دەسەڵات دروست بکات بۆ ئەو وڵاتانەی دیکە کە دەیانەوێ بەشداری هەوڵی گۆڕینی حیکایەتە جیهانییەکان بن، ئەمەش ڕەنگە کاریگەریی پێچەوانەی لە سەر بریکس خۆی هەبێت. هەندێ لە وڵاتانی تازەگەشەندوو کە باس دەکرێت، پێک هاتوون لە میست (مەکسیک، ئەندۆنیزیا، کۆریای باشوور و تورکیا) لەگەڵ پۆڵەندا، تایلەند، نەیجیریا و ئەرژەنتین. ئەمانە هەموو بەردەوام لە گفتوگۆی جیهانی لە سەر هێز و دەسەڵات پەراوێز دەخرێن، سەرەڕای ئەوەی ئومێدی ئابووریی گەورە نیشان دەدەن. کۆتا هۆکار، ڕەنگە ئەمە خراپترین ڕووداو بێت بۆ سەرهەڵدانی بریکس، ئەگەری ڕوودانی جەنگی جیهانیی سێیەمە یان دووبارەبوونەوەی جەنگی ساردە، بەڵام ئەم جارە لە نێوان چین و ئەمەریکا. ئەوە ڕوونە کە هاوپەیمانیی بریکس تیشکۆی لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمەریکایە و بەو گفتوگۆیانەی لە سەر گۆڕینی دراوی جیهانی، دروستکردنی ڕێگای بازرگانی و چەندان بلۆک بەبێ ئەمەریکا لەگەڵ پێکهێنانی هاوپەیمانیی سەربازیی پێچەوانەی ئامانجەکانی ڕۆژئاوا، ئەمانە هەمووی ئەگەری زۆرە پچڕان لە سیستمی جیهانیدا دروست بکەن. باڵادەستیی بریکس بە مانای هەژموونی چین دێت، چونکە بلۆکەکە ستراتیژیەتی ئابووریی چین و توانا سەربازییەکانی بەڕێوەی دەبات. گرووپەکە سوورە لە سەر ئەوەی پێشەنگایەتیی باشووری جیهان بکات لە ڕووی ئابوورییەوە، لە کاتێکدا جڵەوی ئەورووپاش دەکات لە میانی پڕۆسەکەدا.

 

Send this to a friend