• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 4, 2024

هێزی نەرمی چین لە عێراق و هەرێمی کوردستان

ئەیوب ظاهر تۆفیق/ ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ

بەرایی

    هێزی نەرم (نەرمەهێز) چەمکێکی نوێی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە سەری هەڵداوە. ئەو جۆرە لە هێزە کە بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و خۆسەپێنی، دەوڵەتان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونیان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پەنای بۆ دەبەن. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ چین یەکێکە لەو دەوڵەتانەی سوودێکی زۆری لەم چەمکە وەرگرتووە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە خزمەتکردنی سیاسەتی دەرەکی و بواری ئابووری و کولتوورییەوە هەیە و چین بەرژەوەندیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە وەک هێزێکی ئابووری بەدوای دەستخستنی وزە و بازاڕی فراواندا دەگەڕێت بۆ فرۆشتنی بەرهەمە زۆرەکانی، لەم پێناوەدا هێزی نەرمی خستووەتە خزمەت بەدیهێنانی ئامانجە ئابووری و سیاسەییەکانی، بۆیە لە هەوڵێکی بەردەوامدایە تا زۆرترین وزەی «نەوت»ی دەست بکەوێت و بتوانێت بگاتە ئەو بازاڕانە و ڕکابەری لەگەڵ زلهێزە ئابوورییەکانی تر بکات، لە بەر ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دەوڵەمەندن  بە نەوت و بازاڕێکی لەبار و گونجاویان  هەیە، جێگەی سەرنجی چینن و کاریگەریی دەسەڵاتی  ‌هێزی نەرمی چین لە عێراقدا بە بەردەوامی لە گەشەکردندایە کە بە ڕێبازێکی فرەڕەهەندی نیشان دەدرێت کە ڕەهەندی دیپلۆماسی و ئابووری و کولتووری دەگرێتەوە. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، چین لە ڕێگەی هاوبەشییە ستراتیژییەکانەوە پەیوەندیی لەگەڵ عێراقدا کردووە، هەروەها بەهێزکردنی دیالۆگ و هەماهەنگی لە سەر کێشە هەرێمی و جیهانییەکان. لە ڕووی ئابوورییەوە وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی ژێرخانی چین لە عێراق ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

یەکەم: چەمکی  هێزی نەرم

سەبارەت بە هێزی نەرم، «جۆزێف نای» یەکەم جار وەک چەمک بەکاری هێنا، ڕەگەزەکانی ئەو دەستەواژەیەی بە ڕوونی لە کتێبی «بازدان بەرەو سەرکردایەتیکردن (bound to lead) باس کردووە، کە لە ساڵی ١٩٩٠دا بڵاوی کردووەتەوە، پاشان لە کتێبی «پارادۆکسی هێزی ئەمەریکی (power the paradox of American) لە ساڵی ٢٠٠٢دا دووبارەی کردەوە[1]. نای لە کتێبی «هێزی نەرم ئامرازی سەرکەوتنە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا» (SOFT POWER The Means to Success in World Politics) لە ساڵی ٢٠٠٤دا، زیاتر لە مانا و چەمکی هێزی نەرم قووڵ بووەوە، بە ڕوونی بەدوای شێواز و هۆکارگەلێکی یارمەتیدەر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەڕا، تاوەکوو ئەو بارە ناهەموارەی ئەمەریکای تێ کەوتووە و بووەتە هۆی ناشرینکردنی لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا؛ چارەسەر بکات[2].

ئەو دوو فۆرمی لە هێز جیا کردەوە: هێزی زبر و هێزی نەرم، زۆرەملێکردن و قایلکردن سەرچاوەی سەرەکیی هێزی زبرن، لە کاتێکدا هێزی نەرم توانای کێشمەندی و سەرنجڕاکێشانە نەک زۆرکردن و پارەپێدان[3].

هێزی نەرم توانستی بەدەستهێنانی خواستراوەکانە لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشان، نەک زۆرلێکردن یاخود پارەپێدان، واتە لە بریی ناچارکردنیان بە هێزی سەربازی یاخود سزای ئابووری، میکانیزمە کولتووری و سیاسییەکان بەکار دەبرێن[4].

«نای» ستراکچەری هێزی زبر و نەرم ڕوون دەکاتەوە و پێی وایە: هێزی نەرم ئەوەیە کە دەوڵەتی «A» بتوانێت سەرچاوە هەستپێنەکراوەکانی بۆ سەرنجڕاکێشانی دەوڵەتی «B» بەبێ هەڕەشەکردن و زۆرلێکردن بەکار بهێنێت، بەڵام هێزی زبر ئەوەیە دەوڵەتی «A» لە ڕێگەی هەڕەشەکردن و زۆرلێکردن لە دەوڵەتی «B»؛ ملکەچ بە خواستەکانی خۆی بکات، سەرچاوەکانی هێزی زبر مەرج نییە هەموو کات هێزی سەربازی بن، بەڵکوو هەندێک جار «ئابووری و فشاری سیاسی»یش دەگرێتەوە[5]. بە مانایەکی سادەتر: «هێزی نەرم» توانای بەدەستهێنانی ویستراوەکانە لە ڕێگەی هاوسۆزییەوە[6]، دەتوانین هێزی نەرم لە توانای گرتنەخۆی شاراوە و ڕاکێشانێکی نەرم کورت بکەینەوە، بە جۆرێک ئەوانی تر خۆیان ئارەزوومەندانە ئەو کارە بکەن کە هێزە دەسەڵاتدارەکە دەیەوێت[7]. «جوزیف نای» پێی وایە هێز “توانستی دروستکردنی کاریگەرییە لە سەر ڕەفتاری کەسانی تر بۆ بەدەستهێنانی چەند دەرەنجامێکی دیاریکراو”[8]، کە بە زۆرلێکردن و هەڕەشەکردن، یان سەرنجڕاکێشان لە ڕێگەی قەرزپێدان یان هاریکاریکردنی ئەوانی تر بەرجەستە دەبێت[9]، واتە توانای زاڵبوون بەسەر ڕەفتاری بەرانبەر بە جۆرێک لەگەڵ ئامانجی کەسەکەدا بگونجێت، کە بە هاندان بۆ ئەنجامدان یاخود ڕێگریکردن یاخود بەردەوامبوون لە سەر ئەنجامدانی کارێک دەبێت. خاوەن هێز بە کرێ یان بەکارهێنانی تەکنیک و هەوڵی ڕازیکردن و هاندان، تاکوو دەگاتە هەڕەشە و بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە بەرانبەر، لە هەوڵی جێبەجێکردنی مەرامەکانیدایە[10].

هێزی نەرم پشت بە سێ سەرچاوەی سەرەکی؛ کولتوور (بە تایبەتی زمان و هونەر)، بەها سیاسییەکان (دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردن)، سیاسەتی دەرەکی (مەشروعیەت و ڕەوایەتی و دەسەڵاتێکی ئەخلاقی) دەبەستێت[11]. نای پێی وایە فەرهەنگ و بەها سیاسییەکان تاکە سەرچاوەی دروستکردنی هێزی نەرم نین، بەڵکوو سەرچاوە ئابوورییەکانیش دەتوانن هێزی زبر و هێزی نەرمیش دروست بکەن. لە بەر ئەوە لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا، جیاکردنەوەی هێزی زبر و نەرم کارێکی دژوارە[12].

سەبارەت بە  ڕەگوڕیشەی ‌هێزی نەرم لە چیندا، وەک میکانیزم و ناوەرۆک لە چیندا بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، کە لە ڕێی  بیروباوەڕی کۆنفۆشیۆسی یاخود بیروباوەڕی فەیلەسووف و بیرمەندە کۆنەکانی چینەوە بەکار براوە، بۆ نموونە؛ کۆنفۆشیۆس ئامۆژگاریی فەرمانڕەوا دەکات کە عەقڵ و دڵ و هەستەکانی هاونیشتیمانییان بە چاکە و خۆشەویستی بەدەست بهێنێت نەک بە هێز[13]. فەلسەفەی کۆنفۆشیۆسی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی فیکر و ستراتیژی چینی پێک دەهێنێت، لە دیدی کۆنفۆشیوسییەوە سروشتی جیهان پەیوەندیی مرۆڤانەیە لە سیستمێکی قووچەکی و پلەبەندیدا، لە سەر ئەم بنەمایانە و وەکوو ڕێزێک لە سیستمی سروشتی، پێویستە دەسەڵات لە ناوخۆدا حکوم بکات، لە دەرەوەش بە جۆرێک ڕەفتار بکات کە بەربەری و هاوشێوەکانیان ملکەچی چین بن. بنەماکانی «سن تزوو» کە وتوویەتی: “باشترین ئامانج دابنرێت بۆ هەر جەنگێک، تاوەکوو سەرکەوتن بەبێ جەنگ و بەکارهێنانی هێزی ماددی بەدەست بێت”، یاخود ڕۆڵی سەرکردە لە فەرمانڕەوایەتیدا بەدیهێنانی هاوسەنگی و تەبایی ناوخۆی شانشین و جیهانە، تەواوی ئەو بونیاد و چەمکانەی لەخۆ گرتووە کە لە چێوەی هێزی نەرمدا کۆ دەبنەوە[14].

ئەوان ڕەتی دەکەنەوە بەهای دەوڵەتێک یاخود نەتەوەیەک بەسەر دەوڵەتێک یاخود نەتەوەیەکی تردا بسەپێنرێت، تەنانەت لە سەدەی چوارەمی پێش زایینی بیریاری چینی «سن تزوو» و لە یەکێک لە بەشی کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی «هونەری جەنگ» (Art of War) لە باسی چۆنێتیی زاڵبوون بەسەر دوژمندا، ئاماژەی بۆ پێکهێنەرەکانی هێزی نەرم کردووە. بۆ ڕێگرتن لە بەکارهێنانی هێزی کلاسیکی و زبر، بیر و هزری بەرانبەر بەرەو بەکارهێنانی هێزی نەرم بە ئامانج بگرێت[15].

هێزی نەرم لە نێوان دوو بیروباوەڕی کۆندا بۆ بابەتێکی گرنگ لە تاوتوێکردنی ناوخۆی چین گۆڕا، بە تایبەتی دوای «ماو تسی تۆنگ» و سەرکردایەتیی پارتی کۆمۆنیست چاکسازییان لە سیاسەتی دەرەوەی چیندا کرد، زیاتر ڕێگای بونیاتنانی چینیان گرتە بەر و کەمتر ڕێگای ڕووبەڕووبونەوەیان لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ کاروبارە ناوچەیی و جیهانییەکان هەڵبژاردووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا چین باشکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی لە پێناو بەدەستهێنانی ژینگەیەکی ئاشتیی نێودەوڵەتی پەیڕەو کرد. بە کورتی: پارتی کۆمۆنیست وەک پێویستییەکی چاکسازیی ناوخۆیی، سیاسەتی دەرەکیی لە سەر چەند پرەنسیپێکی ئاشتی و گەشەپێدان  کە سیستمی جیهانی دەیخواست؛ داڕشتەوە[16]. چین کرایەوە بە ڕووی وڵاتانی جیهاندا و وازی لە ناردنی بیرۆکەی شۆڕشگێڕانە هێنا و  گرنگیی بە گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئابووری دەدا، لەم پێناوەدا سیاسەتی دەرەکیی لە سەر بنەمای ئاشتی و گەشەپێدانی ئابووری بنیات نا و هێزی نەرمی وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی چین لە سەرجەم بوارەکاندا خستە گەڕ.

دووەم: مێژووی پەیوەندییەکانی چین-عێراق

  پەیوەندییەکانی عێراق و چین مێژوویەکی دێرینیان هەیە، هەر لە سەدەی ناوەڕاست و سەردەمی عەباسی، لە چوارچێوەی ڕێگای ئاوریشم کە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان پەرەیان سەندووە، هەر بۆیە چینییەکان بە گرنگییەوە لە پێگەی عێراقیان ڕوانیوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چین لە ١٩٤٩دا، سیاسەتی دەرەوەی چین خۆی لە دژایەتیی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و دژایەتیی دەستوەردانی دەرەکی و وڵاتانی ڕۆژئاوا و پشتگیریی خەباتی دژەئیمپریالیستی لە عێراقدا کرد[17].

  هەر چەندە لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی فەرمیی ئەوتۆ لە نێوانیادا بەدی ناکرێت، بەڵام دوای ڕووخانی پاشایەتی و هاتنە سەر حوکمی عەبدولکەریم قاسم و دامەزراندنی کۆماری چین، دوای دوو ڕۆژ دانی نا بە کۆمارە نوێکە و بە فەرمی ناساندی و باڵوێزخانەی لە عێراق کردەوە[18]. پەیوەندیی نێوان عێراق و چین دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی 1958، کاتێک دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ڕووخا و کۆمار دامەزرا. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ٢٥ی ئابی ١٩٥٨دا بە فەرمی دامەزرا[19].

 لە ساڵی (١٩٥٨)ەوە پەیوەندییەکانی چین و عێراق بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕین: قۆناغی یەکەم: ماوەی  (1958-1975)، پەیوەندییەکانیان لە ڕووی ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە نزمترین ئاستدا بوو. قۆناغی دووەم: لە کۆتایی حەفتاکان تا ١٩٩٠، چین چەکی بە عێراق دەفرۆشت و تا ڕادەیەک پەیوەندییە بازرگانییەکانیان و وەبەرهێنانی چینی لە عێراق زیاد بوو. قۆناغێ سێیەم: لە (١٩٩١-٢٠٠٣)، بە هۆی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر عێراق، پەیوەندییە ئابوورییەکان بچڕان. قۆناغی چوارەم: پەیوەندییەکانی نێوان چین و عێراق لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە دەست پێ دەکات کە بە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانیان دەناسرێتەوە، چونکە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەهێز بوون، بە تایبەتی لە کەرتی وزەدا. عێراق بوو بە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی دابینکەری نەوتی چین[20].

بە هۆی جەنگی  عێراق -ئێرانەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨،  پەیوەندییە سیاسییەکانی عێراق و چین سنووردار بوون، بەڵام چین دابینکەرێکی سەرەکیی چەک بوو بۆ هەردوو لایەن. لە ڕاستیدا چین لە کاتی شەڕەکەدا لە نێوان هەردوو لایەن “یاری”ی کردووە و چەکی بۆ ئێران و عێراق دابین کردووە. لە کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١دا، چین لەشکرکێشیی عێراقی بۆ سەر کوێت ئیدانە کرد، لە هەمانکاتیشدابە توندی دژی کردەوە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق[21].

   لەگەڵ دەستپێکی داگیرکاریی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە لە ئازاری ٢٠٠٣دا، چین ڕاستەوخۆ دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە؛ دەستدرێژییەکانی ئەمەریکای بۆ سەر عێراق  ڕەت کردەوە و ناڕەزایی خۆی لە هەڵەمەتەکە دەربڕی و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقی دانا، بەو پێیەی ڕایگەیاند کە چین پشتیوانی لە پرەنسیپی «خەڵکی عێراق حوکمڕانیی عێراق دەکات»، هەروەها جەختی لە سەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی بۆ ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکسانی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا کردەوە. دوای پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، چین پێشوازیی لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکمڕانی لە عێراق کرد، هەروەها بەڵێنی دا ٢٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی  عێراق دابین بکات. جگە لەوەش، لە مانگی ئایاری ٢٠٠٤دا چین پێشنیارێکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ کشانەوەی ئەمەریکا[22]. چین جگە لەوەی بە توندی دژی لەشکرکێشیی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق وەستایەوە، هەروەها  ئیدانەی ئەو لەشکرکێشییەی کرد و داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکای لە عێراق کرد[23].

 

سێیەم: کاریگەریی نەرمەهێزی چین لە پەیوەندییە کانی چین-عێراق

  پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان چین-عێراق بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە ساڵی (١٩٥٩)ەوە، هەردوو وڵات زنجیرەیەک ڕێککەوتنیان لە سەر گواستنەوە و هەروەها ئاڵوگۆڕی کولتووری و ئابووری واژۆ کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤دا چین دەستی کرد بە هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە و لە ساڵی (١٩٧٩)وە گرێبەستی لە بواری کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گواستنەوە و بیناسازیدا پێشکەش کرد. نزیکەی لە سەددا ٩٩ی هەناردەی عێراق بۆ چین؛ نەوتی خاو بووە. هەناردەی چین بۆ عێراق زیاتر لە کاڵای بەکاربەر، ئامێری ئەلکترۆنی، قوماش و جلوبەرگ پێک هاتبوو. تا ساڵی 1985، چین 444 گرێبەستی واژۆ کردبوو کە بەهای کۆی گشتییان 1.53 ملیار دۆلار بوو. تا ساڵی ١٩٩٠، ئەو ژمارەیە بۆ ٦٦٢ گرێبەست بەرز بووەوە کە بەهای کۆی گشتی یەک ملیار و ٩٨ ملیۆن دۆلار بوو. لە لوتکەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دووقۆڵیدا، ٢٢ هەزار کرێکاری چینی لە عێراقدادەستیان بە کار کرد. دوای جەنگی کەنداو، بازرگانیی چین لەگەڵ عێراق کەم بوویەوە بە هۆی سزاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان[24].

  لە ماوەى سێ دەیەى ڕابردوودا توندوتیژى و ناسەقامگیرى بەشێک لە دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گرتووتەوە، بە شێوەیەکە لە هیچ شوێنێکى دیکەى ئەم جیهانەدا بەدی ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چین توانیویەتى پەرە بە وەبەرهێنانەکانى خۆى بدات و بوونى ئابوورى و دیپلۆماسى و سیاسیى خۆى بسەلمێنێت. لە دەرەوەى ناوچەى ئاسیا و زەریاى ئارام، ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە هۆى دەوڵەمەندى بە سەرچاوەکانى وزە و پێگەى جیۆستراتیژى بایەخێکى تایبەتى هەیە لای چین، چونکە ڕۆڵى دەبێت لە هاوسەنگکردنى ئابووریى چین لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا. لە لایەکى دیکەشەوە بە مەبەستى بەدەستهێنانى دانپێدانان وەک هێزێکى گەورەى جیهانى، هەروەها ڕێگریکردن لە پەڕینەوەى توندڕەوە جیهادییەکان و فیکرى توندڕەوى بۆ ناو سنوورەکەى کە نزیکەى 46 ملیۆن دانیشتووانى موسوڵمان لە وڵاتی چیندا هەن -ناوچەکە گرنگیى تایبەتى بۆ چین هەیە. بەرژەوەندییە ئابوورى، جیۆسیاسى، وزە، ئاسایشەکانى چین لە ناوچەکەدا بە دیاریکراوى لە دەیەى نەوەدەکانەوە زیادی کردووە و بەردەوام لە فراوانبووندایە، لە پێشى هەمووشیانەوە خواستى بەردەوامى چین بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانى وزە، بازرگانى و دۆزینەوەى هەلى وەبەرهێنانى نوێ و دۆزینەوەى بازاڕ بۆ بەرهەمەکانى؛ لە بەرژەوەندییە لەپێشینەکانى چینن لە ناوچەکەدا. جگە لەوەش، خواستى بونیادنانى پەیوەندى و پەرەپێدانى دەسەڵاتى خۆى هەیە لە ناوچەکەدا[25]،  لەم پێناوەدا چین لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە هەوڵی داوە سەرنجی خۆی بۆ ئەو وڵاتانەی ناوچەکە ڕابکێشێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە عێراق کە دەوڵەمەندە بە نەوت و بازاڕێکی گونجاویشە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا چینییەکان.

   چین پەرۆش بوو لە ئەزموونی زلهێزەکانی پێشوو و ڕابردووە شکۆدارەکەی پەند وەربگرێت، لە سیاسەتی دەرەوەدا چین هەوڵی دەدا لە ڕێگەی هێزی نەرم و سوودی هاوبەشەوە بە دەوڵەتەکانی تر بگات جیاواز لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا  لە ڕێگەی هێزەوە دەگەیشتن بەو ئامانجانەی دەیانویست. پەیوەندییەکانی عێراق-چین دوای ٢٠٠٣  تەنها لە بواری ئابووری و بازرگانیدا قەتیس نەبوون، بەڵکوو لە بواری تەکنیکی و کولتوورییشدا هەبوون، چەندین ڕێککەوتن و لێکتێگەشتن لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجام دران کە زیاتر بوارەکانی هاریکاریی تەکنیکی بوون، بە تایبەتی ڕاهێنانی  کارمەندە عێراقییەکان لە وەزارەتەکانی چین وەک یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکان توانیبووی لە ماوەیەکی کورتدا کەرتە ئابوورییەکانی پەرە پێ بدات. لەم سەربەنەوە لە ساڵی ٢٠٠٦دا یەکەم هاوکاریی تەکنیکیی چینی کردنەوەی خولێکی ڕاهێنانی ئابووری و بازرگانی بۆ سی کارمەندی فەرمیی عێراق بوو، ئەم بەرنامەیەش لە چوارچێوەی بەکاربردنی هێزی نەرمی چین بوو لە عێراقدا[26]. لە حوزەیرانی ٢٠٠٧، جەلال تاڵەبانی؛ سەرۆککۆماری عێراق، سەردانی چینی کرد، ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری عێراقە لە دوای ڕژێمی پێشوو. لەو سەردانەدا  هەردوو وڵات چوار ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، کە  یەکێک لەو ڕێککەوتنانە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی 80%ی قەرزی عێراق بە بڕی 8.5 ملیار دۆلار. سێ ڕێککەوتنەکەی تریش پەیوەندیی بە هاریکاریی ئابووری و تەکنیکی و بەرنامەکانی گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکانەوە هەبوو.

  هەروەها لەم سەردانەدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزیرانی زانست و تەکنەلۆژیای هەردوو وڵات بۆ ناردنی دەیان کارمەند لە عێراقەوە بۆ ڕاهێنان لە سەر وزە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا واژۆ کرا، ئەمە جگە لە ڕێککەوتنی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نێوان چین و عێراق کە پێش لەشکرکێشیی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ١٩٩٧دا واژۆ کرابوون[27].

لە نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠، چین یاداشتێکی تری لێکتێگەیشتنی لەگەڵ عێراق بۆ دابینکردنی خولی زیاتری ڕاهێنان لە چین بۆ ئەو کەسانەی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دامەزراون؛ واژۆ کرد. ئەو بوارانەی لە یاداشتنامەکەدا هاتوون بریتی بوون لە: تەکنەلۆژیای زانیاری، چاککردنەوەی کۆمپیوتەر، چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردنی دارایی و گەشەپێدانی ئابووری، ژێرخانی بازرگانی و  وەبەرهێنان، بەڕێوەبردنی بەندەر، چاندنی زەوییە وشکەکان و وزەی پاک. لە بەرامبەردا سەرکردەکانی چین لە پێناو بەرەوپێشبردنی زمانی چینی و  ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی و ئایکۆنە کولتوورییەکانی چین و فراوانکردنی میدیا، پەنای بۆ ئامرازی دیپلۆماسی و نەرمەهێز بردووە. بەم شێوەیە چین لەو شوێنانەی پەیوەندیی ئابووریی بەهێزی  هەبووە، هەوڵیان داوە ئاشنایی کولتووری چینی زیاد بکات، عێراق بەشێک بووە لەو شوێنانە. لەم سۆنگەیەوە لە ٢٠١٠دا وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق و وەزارەتی ڕۆشنبیریی چین لە پەکین بەرنامەیەکی جێبەجێکاریی سێ ساڵەی هاوکاریی کولتوورییان بۆ ساڵانی (٢٠١١- ٢٠١٣) داڕشت.کۆمپانیای  «هواوی»ی چینی نموونەیەکی ڕوونە لەوەی کە چین پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ نەرمەهێز تێکەڵ کردووە. لە ٢٠١٢دا کۆمپانیای هواوی تیلیکۆم سەنتەری پەیوەندییەکانی لە زانکۆی بەغدا دامەزراند، جگە لەوەش حکومەتی چین سکۆلەرشیپی پێشکەش بە خوێندکارانی عێراقی کرد بۆ ئەوەی لە چین لە بواری هونەر و زمانەوانی و ئەندازیاری بخوێنن، هەروەها بە پێی «پڕۆگرامی جێبەجێکاریی سێ ساڵە»، چین دەرفەتی بەشداریکردنی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی شەنگەهای لە ٢٠١٠دا بۆ عێراق ڕەخساند[28].

  ئامرازی نەرمەهێزی چین لە سیاسەتی دەرەوەی چیندا هەر تەنیا لە بواری ڕۆشنبیری و کولتووریدا نەبووە، بەڵکوو لە بواری ئابووری و وزە بەکار براوە، لەم سەربەنەوە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ عێراقدا بۆ دەستخستن و کارکردنە لە کەرتی وزەی عێراقدا، بە تایبەتی دوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ٢٠١١دا چین زیاتر پەرۆشی جێگرەوەی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان بووە و هەمیشە خۆی بە بەدیلێکی نوێ لە مەیدانی وزەی عێراقدا نیشان داوە.

  ئەگەرچی ئەمەریکا لە جەنگی عێراقدا سەرکەوتوو بوو، نەوتی عێراق وردەوردە پێگەی خۆی لە بازاڕی جیهانیدا کردەوە، کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان گەڕانەوە عێراق، بەڵام ئەو وڵاتە نەیتوانی ئاشتی بەرقەرار بکات  و سیستمێکی سیاسیی سەقامگیر دروست بکات، بە پێچەوانەوە زیانێکی زۆری گیانی و ئابووری لە عێراقدا کرد. دواتریش لە ٢٠١١دا هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق کشاندەوە. لە پاڵ پاشەکشەی ئەمەریکا، هاتنەناوەوەی چین لە سەرەتادا لە ڕێگای وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی و پاشان سێکتەرە ئابوورییەکانی تر لە عێراق گەشەی کرد[29].

    ئەگەرچی چین دژی جەنگەکە بوو، بەڵام یەکێک بوو لە براوە گەورەکانی شەڕەکە. کۆمپانیا نەوتییەکانی چینییەکان  دوای ساڵانێک لە جەنگ هاتنە ناو عێراقەوە، ئەگەرچی لە سەرەتادا بەشداریی کەمیان پێ دەکرا، بەڵام لە دوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکا توانییان پێگەیەکی بەهێز لە کەرتی وزەی عێراق  بۆ خۆیان دروست بکەن. لێرەوە چین بووە یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی عێراق. بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە بەڕێوە دەبرا، چینییەکان بە هێواشی‌ هاتنە نێو عێراقەوە. ئەگەرچی چین خواستی زۆری هەبوو لە دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ عێراق، لە هەمان کاتدا خواستێکی هاوشێوەش لە عێراقدا هەبوو، ئەویش بە هۆی هەرزانیی کاڵای  چین، ئاسانکاری لە بڕیاردان و مەرجدارنەکردنی بە پرسی دیکەوە، ئەوە جگە لەوەی بە هۆی توندوتیژییەکانی؛ وێنەی ئەمەریکا تا ڕادەیەک لای عێراقییەکان شێوابوو، بۆیە عێراقییەکان بەدوای بەدیلدا دەگەڕان، بۆ ئەوەش چین بژاردەیەکی باش بوو وەک هێزێکی گەورەی ئابووری و وڵاتێک کە لە ڕابردووی داگیرکاریی عێراقدا نەبووە. لایەنێکی گرنگی پەرەسەندنی هەژموونی چین و پاشەکشەی ئەمەریکا لە عێراقدا، پەیوەندیی بە نەرمەهێزەوە هەیە، بەڵام بە هۆی داگیرکاریی عێراق و سیاسەتە سەربازییەکانی ئەمەریکا، ناوبانگی ئەمەریکییەکان لە عێراق لاواز بوو، لە بەرامبەردا چین بە لێخۆشبوونی بڕێکی زۆری قەرزەکانی سەر عێراق و هەروەها شەڕنەکردن لە عێراق، دیپلۆماسیەتی چینی توانیی پێگەی خۆی لە عێراق پتەو بکات[30].

 سەرەڕای دژایەتیکردنی لەشکرکێشی و داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە، چین بووەتە یەکێک لە گەورەترین براوەی گرێبەستە نەوتییەکان لە عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٨دا کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی چین ڕێککەوتنێکی گەورەی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد. لە ساڵی ٢٠١٣دا چین نزیکەی نیوەی بەرهەمی نەوتی عێراقی کڕی، کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. لە ساڵی ٢٠١٥دا عێراق تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە چینەوە هاوردە کرد[31].

  لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا عادل عەبدولمەهدی؛ سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ چین واژۆ کرد کە پڕۆگرامی “نەوت بۆ ئاوەدانکردنەوە”ی چالاک کرد. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە، دەیان کۆمپانیای چینی بەڵێنیان دا کە لە ژێرخانی عێراقدا کار بکەن لە بەرامبەر ئەوەی پەکین ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی پێ بگات بۆ هەر ڕۆژێک. ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێکی کۆنی زیندوو کردەوە کە عەبدولمەهدییش لە ساڵی ٢٠١٥دا لەگەڵ پەکین واژۆی کردبوو کە هەمان بنەماکانی هەڵگرتبوو، بەڵام لەو کاتەدا وەزیری نەوت بووە لە سەردەمی حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، دوای ئەوەی عێراق ڕازی بوو بچێتە ناو ڕێگای بازرگانیی «پشتێن و ڕێگا»، دەستپێشخەری لە بەرامبەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی «نەوت بۆ ئاوەدانکردنەوە»، کە بڕگەکانی بریتی بوون لە ڕێگەدان بە کۆمپانیا چینییەکان بۆ وەبەرهێنانێکی زۆر لە هەموو لایەنەکانی کاروباری ئابووریی عێراق لە بەرامبەر دابینکردنی ژمارەیەکی دیاریکراوی نەوت بۆ چین[32]. “ڕێککەوتنی 2015” بە هۆی ئەو گرژییە سیاسییانەی کە عێراق تووشی بوو، جێبەجێ نەکرا تاکوو ئەو کاتەی عەبدولمەهدی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی گرتە دەست و دووبارە زیندووی کردەوە. بە پێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، کۆمپانیا چینییەکان لە سەرەتادا هەزار قوتابخانە و لە ئایندەشدا بڕی ٧ هەزار قوتابخانە لە عێراق دروست دەکەن، هەروەها فڕۆکەخانەیەک له شاری ناسریه و 90 هەزار خانوو له شاری سەدر و هەزار دامەزراوەی پزیشکی دروست دەکەن. لە ڕووی تەندروستییشەوە لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بە جێبەجێکردنی میکانیزمێکی پێشکەوتوو بۆ پاکوخاوێنیی شاری بەغداد و دروستکردنی چەند بنکەیەکی  تەندروستی و “شارێکی زانستی” و زانکۆ و پارکی گشتی درابوو.

ئەم ڕێککەوتنە دەرگای فراوانی بۆ چین کردەوە کە بچێتە ناو کەرتەکانی ئابووریی عێراقەوە. پەکین هاوکاریی عێراق دەکات بەبێ ئەوەی مەرجی سیاسیی بەسەردا بسەپێنێت و دەست وەربدات لە کاروباری ناوخۆی عێراق. چین توانیویەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمەوە سەرنجی خۆی بۆ  عێراق ڕابکێشێت. خۆیشی وا ئامادە کردووە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق خۆی وەک ئەلتەرناتیڤێک ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. لە سەر ئاستی ئابوورییش، زۆرێک لە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕۆژئاوا دەستیان کردووە بە جێهێشتنی عێراق، چونکە وڵاتەکە بە “ژینگەی وەبەرهێنانی مەترسیدار” و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دەزانن، دیارترینیان دەرچوونی کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکیی ئێکسۆن مۆبیلە لە عێراق کە لە کێڵگەی نەوتی “ڕۆژئاوای (قورنە )کاری دەکرد”[33]

لە ئەنجامی ئەم هەنگاوانەدا، کۆمپانیا چینییەکان یەک لە دوای یەک لە بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق ناوەستن. ئەم هەنگاوە کاریگەریی هەبوو و کۆمپانیا چینییەکان وردەوردە دەستیان کرد بە چوونە ناو عێراق: لە ساڵی 2018دا چین 27%ی کۆی گشتیی نەوتی عێراقی هاوردە کرد، بەمەش چین لە کۆی 83 ملیار دۆلار، 22 ملیار دۆلاری داوە کە عێراق لەو ساڵەدا بەدەستی هێنا لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتەکەی بە وڵاتانی جیهان. ئەم ڕێژەیە بە شێوەیەکی خێرا بەرز بووەتەوە. تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا چین نزیکەی ٤٤%ی نەوتی عێراقی هاوردە کردووە، کە لە پلەی یەکەمی جیهاندایە لە خواست لە سەر نەوتی عێراق. یەکێک له هۆکاره سەرەکییەکانی پەرەپێدانی هاریکاریی ئابووری ئەوەیه که چین زۆر گرنگی به بارودۆخی ئەمنی وپشێویی عێراق نادات. پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێران و میلیشیا سەربازییەکانی پاڵپشتیی لە ناوخۆی عێراقدا هەیە، ئەمەش وا دەکات دۆخی سیاسی و ئەمنی کاریگەریی نەبێت لە سەر پەرەپێدانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا چینییەکان لە عێراقدا. چین کرێکار و ئەندازیارەکانی نەکێشایەوە. هەر چەندە وڵات بەدۆخێکی ناهەمواردا  تێدەپەڕێت، تەنانەت ئەو کاتەش داعش نزیکەی سێیەکی  ڕووبەری عێراقی داگیر کردبوو[34]. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.

قەبارەی ناردنەدەرەوەی عێراق بۆ چین ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە ١٧ ملیار دۆلار، بەڵام قەبارەی ناردنەدەرەوەی چین بۆ عێراق ١٠،٩ ملیار دۆلار بوو، قەبارەی بازرگانیی دوولایەنەی چین لەگەڵ عێراق لە شەش مانگی  یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتە ١٦ ملیار دۆلار[35].

ڕاپۆرتێکی سەنتەری گەشەپێدانی ئابووری لە زانکۆی فودان لە شەنگەهای، لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگا (Belt and Road Initiative)ی چین، عێراق وەک ئامانجی سەرەکی لە ناوچەکە لە ساڵی 2021دا 10.5 ملیار دۆلاری وەک بودجە بۆ پڕۆژە جیاوازەکان وەرگرت. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە عێراق بووە سێیەم گەورەترین هاوبەشی وزەی چین لە دوای ڕووسیا و پاکستان[36].

چین و عێراق پێکەوە کار دەکەن بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبای نەوتی قورسی ئەلخەیرات بە بڕی پێنج ملیار دۆلار لە پارێزگای کەربەلا و کۆمپانیای سینۆپێکی چینییش گرێبەستێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی غازی مەنسووریە لە نزیک سنووری عێراق بەدەست هێناوە. هەروەها هەردوو وڵات  کار لە سەر کردنەوی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ له بواری فڕۆکەخانه و وزەی خۆر و… هتد؛ دەکەنەوە[37].

دوای ئەوەی لە  ساڵی ٢٠١٣دا شی جینپینگ سەرۆکی چین دەستپێشخەریی “پشتێنە و ڕێگا”ی ڕاگەیاند، کە بە ڕێگای ئاوریشمی نوێی ئەم سەردەمە ناسراوە و ئاماژەیە بۆ تۆڕی ڕێگا ئاڵۆزەکان کە چینییەکان لە ڕابردوودا بۆ فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی کاڵاکانیان لە چینەوە بۆ ئاسیا و ئەورووپا پشتیان پێ بەستبوو، لەم نێوەندەدا عێراق دەکەوێتە نێو ئەم پڕۆژەیەوە، هەر بۆیە پەکین حەزی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە  لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی بازرگانییەکانی لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە چوارچێوەی دەستپێشخەریی چینییەوە کە ئەو ڕێگایە 125 وڵات دەگرێتەوە. عێراق کە پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا و پێگەی جوگرافیی ستراتیژی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لە لایەن چینەوە بە ناوەندێکی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانی لە سەرانسەری ئەورووپا و ئاسیادا دادەنێت[38]. لە چوارچێوەی هێزی نەرمدا، چین گرنگییەکی زۆری بە کایەی ئاڵوگۆڕی کولتووری لەگەڵ عێراق داوە: ئاسانکاریکردن لە بواری بەخشینی ڤیزە بە هاوڵاتییانی عێراق و کردنەوەی سەنتەری زمانی ماندارین (زمانی فەرمیی چینی) لە بەغداد، هەروەها دروستکردنی «کۆمەڵەی دۆستایەتیی عێراق و چینی» کە ئەم کۆمەڵەیە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە ڕێکخستن و گەشەپێدانی پەیوەندییە کولتوورییەکانی هەردوو وڵات[39].

 

چوارەم: کاریگەریی هێزی نەرمی چین  لە هەرێـمی کوردستاندا

    مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و چین بۆ سێ قۆناغ دەگەڕێتەوە: قۆناغێ یەکەم قۆناغی فەنتازیایە، لەم قۆناغەدا کورد زانیاریی ڕاستەوخۆی لە سەر چین نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەوانی ترەوە چین دەناسێت، ئەمە بە ڕوونی لە شیعرەکانی نالیدا دەرکەوتووە کاتێک بە شێوەیەکی ئەفسووناوی باسی چین و ماچینی کردووە. قۆناغی دووەم پەیوەندیی ئایدۆلۆژییە کاتێک ماویزم لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا تێکەڵ بە بزووتنەوەی کوردی بوو، کە دواتر لە ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا بەرجەستە بوو. قۆناغی سێیەم ئابووری و بازرگانییە، کە تاکی کورد ڕاستەوخۆ لە ڕێگای کاڵاکانەوە بە چینییەکان ئاشنا بوو. قۆناغی چوارەم سیاسییە، کە لە سەرەتادا ئاڵۆزە، چونکە چین لە ڕووی سیاسییەوە لە سەر ئاستی عێراق و ململانێی زلهێزەکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات[40]. لە ڕاستیدا پەیوەندییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی نێوان چین و کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی ماوتیستۆنگ، ماویزم وەک ئایدۆلۆژیایەک گەیشتە ناوچەکە و وەک بەشێک لە بزووتنەوەی جیهانیی ماویزم. بەڵام ماویزمی کوردی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی ماویی جیهانییەوە. پێش ئەوەی چین ببێتە هێزێکی گەورەی ئابووریی جیهانی، چالاکانە هەوڵی دەدا لە ڕێی ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕییەوە کاریگەری لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتانی دیکە دروست بکات بە هەناردەکردنی بیرۆکەی ماویزم بە تایبەتی بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم و ئەورووپای ڕۆژئاوا. لە ڕاستیدا ماویزم لە ڕێگەی سازمانی شۆڕشگێڕیی حزبی تودە کە نوێنەرایەتیی لقی ماویزم لە ئێران دەکات، کاریگەریی لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باشوور دانا. مام جەلال کاریگەر بووە بە فکری ماویزم و ماویی وەک ئایدیالیستێکی سیاسی داناوە، بە تایبەتی دوای سەردانێکی بۆ چین لە ساڵی 1955دا سەرۆکایەتیی شاندێکی خوێندکاری سۆسیالیستی عێراقی  کرد و چاوی بە ژۆو ئێنلای سەرۆکوەزیرانی چینی ئەو سەردەمە کەوت. لە سەردانەکەیدا لە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسی لە کورد و کوردستان و مێژووی خەباتی نەتەوەی کوردی کردووە، ئەم دیدارە بە یەکەم دیداری سیاسیی نێوان هەردوو لا دادەنرێت[41].

بەڵام لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە هۆی هاتنە سەر حوکمی سەرکردەیەکی کاریزمای چین (دینگ شیاو پینگ (١٩٠٤-١٩٩٧)) کە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوەی چینی  پەیڕەو کرد، بە پێی ئەم سیاسەتە چین گرنگیی بە ئاشتی و گەشەپێدانی ئابووری دا و ناردنی بیرۆکەی شۆڕشگێرانەی وەلا نا. چین بە ڕووی وڵاتانی جیهاندا کرایەوە و هێزی نەرم لە سیاسەتی دەرەوەی چیندا کاری لە سەر کرا.

     بەراورد بە پەیوەندیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانى ڕۆژئاوا، پەیوەندیى نێوان هەرێم و چین پەیوەندییەکى نوێیە و دەگەڕێتەوە بۆ دەیەى یەکەمى ئەم سەدەیە، زیاتر پەیوەندیى بازرگانى و دیبلۆماسییە. لەم دواییانەشدا و لە جەنگى دژى داعشدا چین چەکى ناردووە بۆ پێشمەرگە. سەرەڕاى هەبوونى پەیوەندییە بازرگانى و دیپلۆماسییەکان، بەڵام هەڵوێستى چین لە بەرامبەر پرسى کورد هەڵوێستێکى ئاڵۆزە. لە لایەکەوە چین پەیوەندیى بازرگانى و دیپلۆماسیى هەیە لەگەڵ کورددا و لە لایەکى دیکەشەوە وەک هەموو دەوڵەتانى دیکەى جیهان کورد نەیتوانیوە پشتیوانیى چینییەکان بەدەست بێنێت لە بابەتى تایبەت بە داخوازییە ڕەواکانى، بە تایبەتى لەوەى پەیوەندیى بە سەربەخۆییەوە هەیە، چونکە بەبێ بوونى ڕەزامەندى و کۆدەنگیى دەوڵەتانى ناوچەکە، هەرگیز چین پاڵپشتیى پرسێکى لەو جۆرە ناکات، ئەوەش پەیوەندیى هەیە بە سیاسەتى دەرەوەى چین کە دەست وەرنادات لە کاروبارى ناوخۆى دەوڵەتان. هەروەها سیاسەتى پەکین بەرامبەر پرسى کورد بەشێکە لە سیاسەتى چین لە عێراقدا، کە ئەویش بەشێکە لە سیاسەتى بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست[42]. پەکین پشتگیریی گرووپە جوداخوازەکانی جیهان نەکردووە، بەڵکوو هەندێک جاریش دژایەتیی کردوون، بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر هێزیک بگرێت کە پشتگیریی گرووپە جوداخوازەکانی ناوخۆی چین بکات. چین وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەڕەگەزە،  لە بەر ئەوە زۆر بە گرنگییەوە کار لە سەر بنەمای یەکێتیی خاک و دەستوەرنەدان دەکاتەوە.  هەمیشە پرسی تایوان، تبت، شنجیانگ و مەنگۆلیای ناوەوە وەک مۆتەکەیەک لە سیاسەتی دەرەکیدا ئامادەیی هەیە کە لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە دژی چین دەجووڵێنرێت. چین پێی وایە مافی چارەی خۆنووسین نابێت لە سەر حسابی سەربەخۆیی وڵاتان بێت، مەرج نییە هەموو نەتەوە بێدەوڵەتەکان پێویستیان بە دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، لە بەر ئەوە چین هەمیشە جوداخوازی، توندڕەوی و تیرۆریزم وەک سێ هێزە شەڕخوازەکە دەبینێت[43].

کوردستان لە ڕووى ئابوورى و جیۆسیاسییەوە بۆ چین گرنگە، چونکە دەکەوێتە سنوورى جوگرافیاى عێراقەوە و عێراقیش بە ڕێگەیەکى گرنگ دادەنرێت بۆ گواستنەوەى شمەک و کاڵا چینییەکان بۆ ژمارەیەک لە دەوڵەتانى ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپا، ئەوەش دەکەوێتە چوارچێوەى پڕۆژە مەزنەکەى چین (پشتێنەى نوێى ئابوورى). سەرەڕاى ئەوەى چین و حکومەتى عێراقى ڕێککەوتنێکیان (ڕێگەى ئاوریشمى) واژۆ کردووە کە پشتى بەستووە بە نەوت لە بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان و گەشەکردن و لیژنەیەکى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات ١٠٠ پڕۆژەیان هەڵبژاردووە کە چین جێبەجێیان بکات. «لى جیان» باڵوێزى ئەو کاتەی چین لە عێراق، پێگەى گرنگى  پڕۆژەی هەڵبژاردووە کە چین جێبەجێى دەکات. کوردستانیان لە نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا نەشاردووەتەوە و بە ئاشکرا ئاماژەیان بەوە کردووە کە کوردستان جێگەى بایەخى چینە و هەوڵى بونیادنانى پەیوەندییەکى بەتین دەدەن لەگەڵ هەرێمدا لە هەموو بوارەکاندا و هانى کۆمپانیا چینییەکان دەدەن بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکەن، تەنانەت کونسوڵخانەش لە هەرێم دەکەنەوە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن[44].

دواجار لە ساڵى ٢٠١٤دا پەیوەندییەکانى نێوان چین و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى باش ڕۆیشتە پێشەوە. لە کانوونى یەکەمى ٢٠١٤دا چین باڵوێزخانەى خۆى لە هەولێر کردەوە بە ئامادەبوونى جێگرى وەزیرى دەرەوە، «جانگ مینگ» باڵوێزى چین لە بەغداد و کۆمەڵێک لە دیپلۆمات و ڕاوێژکارەکانى ئەو دەوڵەتە، وەک هەنگاوێک بۆ فراوانکردن و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى وەک چۆن جێگرى وەزیرى دەرەوە لە مەراسیمى کردنەوەى باڵوێزخانەکەدا ئاماژەى بۆ کرد. کردنەوەى ئەم باڵوێزخانەیە دەبێتە هۆى زیادبوونى ژمارەى کۆمپانیا چینییەکان لە هەرێمى کوردستاندا، دەروازەیەکە بە ڕووى کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانى ئەو دەوڵەتە بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستاندا بکەن[45]. دوابەدوای کردنەوەی کونسوڵخانەکە، چین گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کرد و چیتر وەک ئەوەی ئەکتەرێکی لاوەکی بێت سەیری هەرێمەکەی نەدەکرد، بەڵکوو هەوڵی دا هاوبەشییەکی هەمەلایەنەی دووقۆڵی لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی جیاواز دابمەزرێنێت. پەکین هەوڵی دا پەیوەندییەکی فرەلایەنە لەگەڵ ناوچەکەدا دروست بکات بە دامەزراندنی کونسوڵخانەکە بۆ بەستنەوەی ناوچەکە بە چین و بە پێچەوانەشەوە. چین حەزی لە پەیوەندیکردنە لەگەڵ نوخبە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کادیری حزبی، بازرگان، ئەکادیمی، خوێندکار، ڕۆشنبیر و کەسانی دیکە. ئەم قۆناغانە لە پەیوەندیی نێوان چین و کورددا بە هاوئاهەنگی تایبەتمەندن، سەرەڕای ئەوەی چینی ئەمڕۆ وەک چینی دوێنێ نییە.

 لە دوای کردنەوەی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، ئاڵوگۆڕە کولتووری و ئابوورییەکانی هەردوو لا برەویان پێ درا. هێزی نەرمی چین لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و کولتووری هاوبەش، پەرەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دا. لەم پێناوەدا کونسوڵخانەی چین سەنتەری فێربوونی زمانی چینیی لە شاری هەولێر کردەوە و  لە بەرنامەشیدایە لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان و بە تایبەتی زانکۆی سلێمانی و ڕاپەڕین ئەو سەنتەرە بکاتەوە. جگە لەوەش، ئاسانکاری و پێدانی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی چین بخوێنن لە گەشە و زۆربووندایە. ئەم کارانەی وەک هێزێکی نەرم بەکاریان دێنێت، بە تایبەتی لە ناو نەوەی خوێندەوار و ئەکادیمییەکاندا، بۆ ئەوەیە کە وێنەیەکی ئەرێنی لە ناو نەوەی خوێندەواردا پیشان بدات و بنکەیەکی جەماوەری بۆ خۆی بسازێنێ[46].

لە تشرینى دووەمى ٢٠١٧دا باڵوێزی گشتیى چین لە هەولێر (تان بانکلین) سەردانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کردەوە و پەیامى وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى گەیاندە سەرۆکوەزیران و جەختى کردەوە لە سەر بەرەوپێشبردنى پەیوەندیى دوولایەنەى نێوان هەردوو لا. باڵوێزی نوێى چین لە ١١ی نیسانی ٢٠١٧ (نى روتشى)دا سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کرد و جەختى لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى هەردوو لا کردەوە، بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی هەردوو لایان بێت[47].

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩دا فاکەڵتیی زمانەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە سەر داوا و پاڵپشتیی کونسوڵخانەی چین بەشێکی بۆ فێرکردنی زمانی چینی کردەوە. کە کونسوڵخانەی چین پارەی دروستکردنی هۆڵەکانی خوێندن و ئامرازی پەروەردەیی گونجاو و  مووچەی مامۆستایان گرتە ئەستۆی خۆیی.

  هەر چەندە چین چالاکانە هەوڵی فراوانکردنی بوونی خۆی لە ناوچەی کوردستانی عێراق دەدات، بەڵام ڕێگە نادات هەرێم هەمان کار لە چین بکات. چین هەر چەندە کونسوڵخانەی لە هەولێر کردەوە، بەڵام ڕێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدا کونسوڵخانە لە پەکین دابمەزرێنێت، تەنها پێشنیاری کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانگەیەکی بازرگانی بکاتەوە کە بە ناوی کۆمپانیایەکەوە تۆمار کراوە، بۆ ئەوەی وەک نوێنەری سیاسیی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2019دا خزمەت بکات [48]. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا کە چین وڵاتێکی فرەڕەگەز و فرەنەتەوەیە، هەمیشە لەگەڵ یەک پارچەیی خاک  و سەروەریی وڵاتاندایە و هاوکاریی گرووپە جوداخوازەکان ناکات.

  چین چەندین بەرژەوەندیى هەیە، وای لێ دەکات بەرامبەر بە کورد سیاسەتێکى گۆڕاوى هەبێت: یەکەم، ڕۆڵى سەرەکیى چین لە دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردیى سەربەخۆ و ئاشتیخوازانە دەکرێت دۆستێکى نوێ بێت . دووەم، سەرەڕاى هەڵوێستى فەرمیى چین بۆ پشتگیرینەکردنى بزووتنەوە جوداخوازەکان، بەڵام کۆمپانیا چینییەکان بەرژەوەندیى وزە و ئابووریى بەهێزیان هەیە لە کوردستان و ئەمەش وا دەکات کوردستان جیاواز بێت لە گرووپە جوداخوازەکانى دیکە. دواى ئەوەى بە پێى خەمڵاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەرێم خاوەنى نزیکەى ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتى یەدەگ بێت کە شەشەم گەورەترین یەدەگى نەوتە لە جیهاندا، ئەمە بۆ چین وا دەکات بەرژەوەندییەکی باڵای هەبێت لە هەرێمدا[49].

چین زیاتر لە جاران ئامادەیی و هێزی نەرمی خۆی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکات، بە بەستنەوەی زانکۆ و قوتابخانەکانی ناوچەکە، بە دابینکردنی بودجە بۆ ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان و وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە و ژێرخان و بازرگانی. هەر چەندە بوونی چینی لە عێراق بە شێوەیەکی نەریتی لە بەشی باشووری وڵاتدا چڕ بووەوە و بە تایبەتییش لە کەرتی نەوت و گازدا، بەڵام لەم دواییانەدا وەبەرهێنانە چینییەکان دەستیان کردووە بە ڕێگەی خۆیان بۆ کەرتی بیناسازی و ژێرخانی ئابووری[50].

گرنگیدان بە پارتە سیاسییەکان هەر وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە دیاریکەرەکانی پەیوەندیی نێوان چین و کوردەکانی عێراق دەمێنێتەوە. چین زیاتر بانگهێشتنامە بۆ ئەندامان و کادیرانی پارتە سیاسییە کوردییەکان دەنێرێت نەک بۆ بەرپرسانی حکومەت. ئەوەی لە ئێستادا ئابووری وەک بزوێنەری سەرەکیی ئەم پەیوەندییە دەمێنێتەوە، بەو مانایە نییە کە پەیوەندیی چین و کورد بە بناغە حکومی و ئایدۆلۆژییەکان بەڕێوە نەچێت. مۆدێلی گەشەپێدانی چین پەیوەندییەکی نزیک بە نیگەرانییە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکانەوە هەیە، جا چ لە ناوخۆی چین بێت یان لە دەرەوەی چین. هەر چەندە دەوڵەتی عێراق ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەیوەندییەکەدا بە گشتی، بەڵام دەکرێت لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان بە دابڕان لە پەیوەندیی چین لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بکرێت[51].

بە تێڕوانین لە بەرژەوەندییەکانى چین و ئامانجەکانى و ئامرازى بەدەستهێنانى ئامانجەکانى، دەتوانین خوێندنەوە بکەین بۆ بەرژەوەندییەکانى چین لە ناوچەکەدا کە کوردستانیش بەشێکى دانەبڕاوى ناوچەکەیە و ڕووداوەکانیشى کاریگەریى ڕاستەوخۆیان هەیە لە سەر هەرێمەکە. وەک ئاماژەى پێ درا، بەرژەوەندییەکانى چین لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بریتییە لە دابینکردنى ئاسایشى وزە، خواستى جیۆستراتیژى، هەبوونى پەیوەندیى دەرەکى بە مەبەستى دەستەبەرکردنى سەقامیگریى ناوخۆیى، ئامانجیشى گەیشتنە بە وزە و سەرچاوەکانى، سەرەڕاى ساغکردنەوەى کاڵاکانى. پەکین بەردەوام بە شێوەیەکى چالاکانە بەدواى هەلى وەبەرهێناندا دەگەڕێت و هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانى گرێبەستى پڕۆژەکانى ژێرخانى ئابوورى و گەیشتن بە بازاڕە نوێیەکان بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانى. پێویستە کورد پەیوەندییەکانى ڕێک بخاتەوە و بەدامەزراوەیى بکات لە ئاستى باڵادا -لە  ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. لە پەیوەندى و هاتوچۆى تاکەکەسىی بازرگانەکان دەرچێت،لە ئاستی باڵادا  پەیوەندیى لەگەڵ چیندا گرێ بدا، دەستەبەرى یاسایى و ئاسایش بداتە حکومەت و کۆمپانیا چینییەکان و دەرگا واڵا بکرێت بۆیان هەتاوەکوو لە پڕۆژەکانى بونیادنانى ژێرخانى ئابوورى ڕۆڵیان هەبێت و بتوانن وەبەرهێنان بکەن. هەروەها بە هۆى پێگەى جوگرافیى کوردستانەوە، کورد دەتوانێت سەرنجى چینییەکان ڕابکێشێت بۆ ئەوەى ڕێگەکانى پشتێنەى ئابوورى بە خاکى کوردستاندا تێبپەڕێت و بپەڕێتەوە ئەورووپا، ئەوەش لە ڕێگەى پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەى سیاسەتە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەبێت.

دەرئەنجام

  • چین بە شێوەیەکی بەرچاو بوونی ئابووریی خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد کردووە لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، کەرتی وزە، ڕێککەوتنە بازرگانییەکان. ئەم هاریکارییە ئابوورییە لە ڕێگەی هێزی نەرمی چینەوە بەردەوام لە گەشەسەندندایە و لە ڕێگای پڕۆژەی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگا (BRI) لە هەوڵی سەرخستن و هێنانەناوەوەی عێراقە بۆ ناو پڕۆژەکە.
  • زۆر جار هێزی نەرم دیپلۆماسیی کولتووری لەخۆ دەگرێت و چین چالاکانە پەرەی بە کولتوور و زمانی خۆی لە ناوچەکەدا داوە. دەستپێشخەرییەکانی وەک بەرنامەی زمان، بۆنە کولتوورییەکان و ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی بەشدارن لە بنیاتنانی کاریگەری و پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
  • لە ڕووی پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە؛ پەیوەندیی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە ناوچەکەدا. چین لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەتوانێت کاریگەریی لە سەر کاروباری ناوچەکە هەبێت و خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکات و ڕەنگە چین بەشداری لە هەوڵەکانی دیپلۆماسیی گشتیدا بکات بۆ ئەوەی ڕای گشتی بە شێوەیەکی ئەرێنی دابڕێژێت. ئەمەش دەتوانێت هەڵمەتی میدیایی و بۆنە ڕۆشنبیرییەکان و دەستپێشخەرییەکانی دیکە بگرێتەوە، بە ئامانجی دروستکردنی وێنەیەکی لەبار لە چین لە نێو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
  • لە ڕووی هاریکاریی وزەوە، بەشداریکردنی چین لە کەرتی وزەی عێراق بە تایبەتی لە بواری نەوت و گازدا؛ پەیوەندییە ستراتیژییەکانی بەهێزتر دەکات. پڕۆژەکانی وزەی هاوبەش بەشدارن لە سوودی یەکتر و دەتوانن هۆکارێکی بەرچاو بن لە داڕشتنی تێڕوانینە ئەرێنییەکان بەرامبەر بە یەکتری.
  • پەیوەندییەکانی چین و هەرێمی کوردستان تەنها لە بواری ئابووری و بازرگانی و کولتووریدان نەک سیاسی، چونکە چین بە هۆی دۆخی ناوخۆی خۆیەوە کە فرەڕەگەز و فرەنەتەوەیە، لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی وڵاتاندایە و یارمەتیی گرووپە جوداخوازەکان نادات.

پێشنیار و ڕاسپاردە

  • عێراق دەتوانێت لە داهاتوودا سوودێکی  بەرچاو لە دەستپێشخەرییە فراوانەکانی هێزی نەرمی چینی وەربگرێت. چین کە دووەم گەورەزلهێزی ئابووریی جیهانە، بە هۆی گەشەسەندن و لێهاتوویی ئابووری و دیپلۆماسیی کولتووری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژییەوە بەدەستی هێناوە، دەرفەتی زۆر بۆ عێراق لە چەندین کەرتی جۆراوجۆردا دەڕەخسێنێت. یەکێک لەو بوارانە  هاریکاریی ئابوورییە، چونکە چین بەردەوامە لە گەشەپێدانی وەبەرهێنانی پڕۆژەکانی ژێرخانی لە سەرانسەری جیهاندا. لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی وەک دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگاوبان (BRI)، عێراق دەتوانێت سوود لە پەرەپێدانی  پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین ببینێت، هەروەها سوود لە باشترکردنی تۆڕەکانی گواستنەوە و زیادکردنی دەرفەتی بازرگانی، پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابووری وەربگرێت. عێراق پێویستە گەرەنتیی یاسایی و ئاسایش لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین دەستەبەر بکات.
  • جگە لەوەش، کاریگەریی کولتووری چین کە بە دەستپێشخەرییەکانی وەک پەیمانگاکانی کۆنفۆشیۆس و بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری کە لە بەشێکی جیهاندا چین کاری لە سەر دەکات، عێراق دەتوانێت ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکاندا بکات و بەرەوپێشەوەیان بەرێت. ئەم بەشدارییە کولتوورییە ڕەنگە پەیوەندییەکانی تریش بەهێزتر بکات، هاوکار بن بۆ گەشەپێدان و برەودان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسان بکات. دواجار عێراق دەتونێت زیاتر سوود لە پێشکەوتنەکانی چین وەربگرێت.
  • لە بەر ئەوە توێژینەوە و دەرخستنی کاریگەرییەکانی نەرمەهێزی چین وەک میکانیزمێک لە سیاسەتی دەرەکیی چین و ڕۆڵی لە سەر بەجیهانیکردنی چین وەک هێزێکی ئابووری و سیاسی؛ بایەخێکی زۆری هەیە، هاوکات دەکرێت لە میانەیدا سوودێکی زۆری هەبێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، یاخود ئەوانەی بەدوای میتۆدێکی سەرکەوتوودا دەگەڕێن لە کایەی نیودەوڵەتیدا، تا بتوانن بوار و مەودای جووڵە و چالاکییەکانیان فراوان بکەن.
  • دەستپێشخەرییەکانی هێزی نەرمی چین دەتوانێت بەشدار بێت لە هەوڵەکانی عێراق لە بنیاتنانی وڵاتدا. لە ئێستادا عێراق پێویستە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و چیندا تا ئەو کاتەی ئەمەریکا بە یەکجاری لە عێراق دەکشێتەوە؛ ڕابگرێت. عێراق دەتوانێت چین وەک ئەلتەرناتێڤێک و هاوبەشێکی ستراتیژی هەڵبژێرێت و سوود لە نەرمەهێزی چین ببینێت. لە هەموو حاڵەتەکاندا، پێویستە عێراق مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی بسەلمێنێت کە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی دەستپێشخەریی چینی بێت و هاوبەشێکی متمانەپێکراو بێت لە بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ چیندا.
  • چینییەکان خواستی پەرەپێدان و وەبەرهێنانی ئابووریی گەورەیان لە هەرێم هەبووە، بەڵام لە لایەن کاربەدەستانی هەرێمەوە بەدەمەوچوونی پێویست نەبووە، بەشێکی لەوانەیە لە بەر نیگەرانیی دۆستە ئەمەریکییەکان بێت، بەشێکیشی لەوانەیە لە بەر لاوازیی دیپلۆماسیی حکومەتی هەرێم بێت، پێویستە هەرێم هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین ڕابگرێت و لایەنی دیپلۆماسیی پراتیگمایانە بەهێز بکات.

سەرچاوە و پەراوێزەكان

[1] NYE, JOSEPH S, (2002), The Paradox of American Power: Why the World’s Only Super Power Can’t Go It Alone, New York: Public Affair, P.8-12.

[2] NYE, JOSEPH S(2004), Soft Power: The Means to Success in World Politics, New York:PUBLICAFF AIRS, p.3.

[3] Beston Husen Arif (March 1 2017), The Role of Soft Power in China’s Foreign Policy in the 21st Century, International Journal of Social Sciences & Educational Studies, University of Sulaimani, p.96.

[4] Nye, Joseph S) 2011, The Future of Power, New York: Public Affairs, P.x.

[5] Beston Husen Arif, Op.Cit, p.96-97.

[6] Kerry Dumbaugh )July 2008), China’s Foreign Policy: what does it mean for US Global Interests?, Congressional Research Service (CRS) code; RL34588. p.5.

[7] رفیق عبدالسلام، 2015))، الولایات المتحدة الامریكیة بین القوة الصلبة و القوة الناعمة، ط4، بیروت: مركز صناعة الفكر للدراسات والابحاث، ص10.

[8] NYE، JOSEPH S(2004), Soft Power: The Means to ………., P. 5.

[9] NYE, JOSEPH S, (2002), The Paradox of ……., p. 2;. Nye Jr,Joseph S) 2004 (The Benefits of Soft Power, (Boston, MA: Harvard Business School, p.1.

[10] مارتن غریفیش، تیري أوكلاهان (2008)، المفاهیم الاساسیة في العلاقات الدولیة، الامارات: مركز الخلیج للابحاث، ط1، ص256.

[11] NYE, JOSEPH S(2004), Soft Power: The Means to ……….…, P.11

[12] Nye, Joseph S)2011(, The Future of Power …, p.85.

[13] كريم أبو حالوة و نورا عمي (2018)، القوة الناعمة الصينية في عصر المعرفة )الموارد والتحديات(، مجلة جامعة تشرين للبحوث والدراسات العلمية، سلسلة العلوم االقتصادية والقانونية ج40، ع5، ص158.

[14] عماد منصور، )2016(، السياسة الخارجية الصينية من منظار “الثقافة الاستراتيجية”، مجلة سیاسات عربیة، ع21، ص31.

[15] باكير، علي حسين محمود (2016)، مستقبل الصین فی نظام العالمي (دراسة في الصعود السلمي و القوة الناعمة)، مقدمة کجزء من متطلبات نیل درجة الدکتوراە في العلوم السیاسـة، قسم العلوم السیاسة، جامعة بیروت، ص104.

[16] Kong, Lingmin )Sep 2019 (, Exploring China’s Soft Power: Manifestations of the Chinese Dream in Contemporary Practices of Cultural Diplomacy, Submitted in partial fulfillment of the requirements for the degree of doctor of politics, University of York Politics, P.44.

[17] Emadi, Hafizullah)1994 (, china and Iraq patterns of Interaction 1960-1992, Journal of Economic and political Weekly, Vol.29, No.53, Dec, 31, p3318.

الربيعي، غيث (2010)، تطورات العلاقات العراقية-الصينية،  العلوم السياسية، مجلد 21، ع41، ص ص305-311.

[19] Tárik , Meszár) November 2022(, The Growing Cooperation Between Iraq and China” Budapest،Eurasia Center JOHN VON NEUMANN UNIVERSITY, p93.

[20] Zana Gul) 2023(, The new era in the continuum of China and Iraq’s relationship, Asian Journal of Comparative Politics, Vol. 8(1354(, p358-359

[21] Tárik , Meszár) November 2022(, Op.cit , p93

[22]     الربيعي، غيث (2010)، مصدر السابق، ص ص(305-311).

[23] Tárik , Meszár) November 2022( ,Op.cit,p93

[24] Ibid, p94

[25] Calabrese, John (2017), China’s Role in Post-Hegemonic Middle East, Middle East Institute: https://www.mei.edu/publications/chinas-role-post-hegemonic-middle-east

[26]  هۆشمەند عەتا مەحموود (٢٠٢٣)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییەکانی چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ( ١٩٩٣-٢٠١٣)، ئێران وعێراق وەک نموونە، تێزی دکتۆرا (بڵاونەکراوە)، زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەشی مێژوو، ل١٧٦.

[27] الربيعي، غيث (2010)، مصدر السابق، ص ص(305-311).

[28] هۆشمەند عەتا مەحموود (٢٠٢٣)، سەرچاوەی پێشوو، ل١٧٧.

[29]هەمان سەچاوە، ل١٨٢.

[30] هۆشمەند عەتا مەحموود (٢٠٢٣)، سەرچاوەی پێشوو، ل(١٨٢-١٨٣).

[31] Tárik, Meszár) November 2022(, Op.cit, P93

[32] https://www.alhurra.com/iraq/2022/09/01   ( ١٤/٢/٢٠٢٤بەردەستە)

[33] Ibid

[34] https://www.alhurra.com/iraq/2022/09/01

[35] Tárik, Meszár) November 2022(, Op.cit, p 95

[36] Reuters (2022. February 2), Iraq was top target of China’s Belt & Road in 2021- study. Reuters. Retrieved from https://www.reuters.com/world/china/iraqwas-top-target-chinas-belt-road-2021-study-2022-02-02/

[37] Tárik, Meszár) November 2022(, Op.cit, p98.

[38] https://www.alhurra.com/iraq/2022/09/01

[39] https://www.alhurra.com/iraq/2022/09/01

[40] هۆشمەند عەتا مەحموود (٢٠٢٣)، سەرچاوەی پێشوو، ل(١٩١-١٩٢).

[41] سەلاح ڕەشید ( ٢٠١٩)، “مام جەلال، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری”، بەشی یەکەم،چ٤، سلێمانی: ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەدیبان،  ل١٠٣.

[42] بیلال  ئیسماعیل حەمە (2018)، “هەژموونى ئابووریى چین و کاریگەریی بەسەر گۆڕانکارییە جیهانی و هەرێمایەتییەکانەوە”، پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی (MIRS Mediterranean Institute for Regional Studies)، پەیپەرى ژمارە 4-8، ل٤٠.

[43] هۆشمەند عەتا مەحموود (٢٠٢٣)، سەرچاوەی پێشوو، ل١٩١.

بیلال  ئیسماعیل حەمە  (2018)، سەرچاوەی پێشووو، ل٤٠.

[45] زيباري،  عبد الحميد، “الصين تفتتح قنصلية عامة في اقليم كردستان”، اذاعة العراق الحر: https://www.iraqhurr.org/a/26770002.html

[46] عزیز، سردار (26-12-2022)، “الصين وإقليم كردستان العراق: علاقة المثقلة با التعقیدات“، https://epc.ae/ar/details/featured/alsiyn-wa-iqlim-kurdistan-aleiraq-alaqat-muthqla-bialtaaqidat (بەردەستە، ١٠/٢/٢٠٢٤)

[47] بیلال  ئیسماعیل حەمە (2018)، سەرچاوەی پێشوو، ل(٤٠-٤٢).

[48] https://www.alhurra.com/iraq/2022/09/01

بیلال  ئیسماعیل حەمە  (2018)، سەرچاوەی پێشوو، ل٤٢.

[50] سردار عزیز، مصدر السابق.

[51] سردار عزیز، مصدر السابق.

Send this to a friend