• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 18, 2023

بیرکردنەوە لە ئایندە؛ ڕێنماییەكان بۆ ئایندەبینییەكی ستراتیژی

ئامادەكردن: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر

كتێبی “بیركردنەوە لە ئایندە: ڕێنماییەكان بۆ ئایندەبینییەكی ستراتیژی” (Thinking about the Future: Guidelines for Strategic Foresight) لە لایەن ئەندی هاینز و پیتر بیشۆپ؛ دوو مامۆستای زانكۆی هیوستۆنی ئەمەریكا نووسراوە و ڕیچارد سلاتێر ئایندەناسی بریتانی پێشەكیی بۆ نووسیوە. ئەم كتێبە ساڵی 2007 لە لایەن “Social Technologies” بڵاو كراوەتەوە.

كتێبی بیركردنەوە لە ئایندە لە شەش بەشی سەرەكی پێك دێت، ئامادەكارانی ئەم كتێبە بە گشتی 115 ڕێنماییان سەبارەت بە ئایندەناسیی ستراتیژییانە پێشنیار كردووە كە لە سەر بنەمای چواچێوەیەكی گشتی و قۆناغ بە قۆناغ دانراوە و شەش هەنگاوی سەرەكی لەخۆ دەگرێت. ئەم شەش هەنگاوە پڕۆسەی ئایندەناسیی ستراتیژیانە وێنا دەكەن و بریتین لە: 1. چوارچێوەدانان، 2. پشكنین، 3. پێشبینی، 4. دیدگاسازی، 5. بەرنامەڕێژی، 6. كردار.

هەر یەك لەم شەش هەنگاوە، بەشە جیاوازەكانی كتێبەكە پێك دەهێنن و هەریەكێکیان چەند لقێكی دیكەی لێ دەبێتەوە. هەر ڕێنماییەكیش خاوەنی پێكهاتەیەكی تایبەت بە خۆیەتی و بە گشتی ئەم ناونیشانانە لەخۆ دەگرێت: ناونیشانی سەرەكیی ڕێنمایی، ڕوونكردنەوەی گشتی سەبارەت بە مانا و مەبەستی ڕێنماییەكە، هەنگاوە سەرەكییەكانی جێبەجێكردنی ڕێنمایی، سوودە بەدەستهاتووەكان لە جێبەجێكردنی ڕێنمایی، پێداچوونەوە و لێكدانەوەی نموونەیەكی سەركەوتوو یان شكستخواردوو كە ببێتە نموونەیەك بۆ جێبەجێكردن یان جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكان لە پڕۆژەكانی ئایندەناسیی ستراتیژیانە و دواجار ناساندنی چەند سەرچاوەیەك بۆ خوێندنەوە و گەڕانی زیاتر.

ئەو ڕێنماییانەی لەم كتێبەدا خراونەتە ڕوو، لە بنەڕەتدا بەرهەمی كارێكی هاوبەشیانە و بەشداریی تیمێكی ئەكادیمیی زانكۆیی و پسپۆڕانی كایەی ئایندەناسییە كە لە 36 كەس پێك هاتوون و لە لایەن ئەنجوومەنی ئایندەناسە پیشەگەرەكانەوە پشتیوانی كراون. ئەم كتێبە پاكێجێكە لە كۆمەڵێک ڕێنمایی و پێشنیار بۆ ئەو كەسانەی حەزیان لە كایەی ئایندەناسییە، بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنی هەر پڕۆژەیەكی ئایندەیی یاخود لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆسەكانی ئایندەناسیدا سوودی لێ وەربگرن.

بۆ تێگەیشتنێكی سەرەتایی لەو شەش هەنگاوە بنەڕەتییەی كە بنەما سەرەكییەكانی “بیركردنەوە لە ئایندە: ڕێنماییەكان بۆ ئایندەبینییەكی ستراتیژی”ی لە سەر بونیاد نراوە، بە كورتی پێناسەی هەریەكێكیان دەخەینە ڕوو.

  1. چوارچێوەدانان (Framing): یەكەمین هەنگاوە بۆ هەر دامەزراوە و ڕێكخراوێک بۆ ئەوەی بتوانێت سنوور و مەودای ئەو كێشانەی كە پێویستیان بە ئایندەناسییەكی ستراتیژیانەیە؛ دیاری بكات. لەم قۆناغەدا تیمی تایبەت بە هەر پڕۆژەیەک بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی خۆی بەرچاوڕوونیی دەبێت.
  2. پشكنین (Scanning): دوای دیاریكردنی سنوور و مەودای كاركردن، هەنگاوی دووەم بریتییە لەوەی ژینگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و ڕەوتە پەیوەندیدارەکان بپشكێنرێن.
  3. پێشبینی (Forecasting): كاتێک تیمێک لێكدانەوە و پێداچوونەوە بۆ دیدگای دامەزراوەیەک دەكات؛ كۆمەڵێک گریمانەی باسنەكراو دەدۆزێتەوە، ئەم گریمانانە بۆ هێشتنەوەی ئەو ئەگەرانەیە كە دامەزراوەكە پێشبینیی نەكردووە و ئەگەری ڕوودانیان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵێک ئایندەی شاراوە، پێشبینی ڕێگەیەکی دڵنیاكەرەوەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژێكی بەهێز کە ڕێکخراوەکە بۆ هەر ئایندەیەک کە ڕەنگە ڕوو بدات؛ ئامادە بكات.
  4. دیدگا (Visioning): پاش ئەوەی پێشبینیی چەند ئایندەیەكی شاراوەی دیاری كرد، دیدگا دێتە پێشەوە و ڕۆڵی خۆی بۆ دروستكردنی ئایندەیەكی خوازراو دەگێڕێت. لێرەدا دیدگا پێشنیاری چەندین ئامانجی درێژمەودا بۆ هەنگاونانی بەرەوپێش دەكات.
  5. بەرنامەڕێژی (Planning): ئەم هەنگاوە پردی نێوان پێشبینی و كردارە. لێرەدا تیمەكە سەرجەم ئەو ڕێكارانەی كە پێویستە؛ دەكاتە ستراتیژ و تاكتیک، بۆ ئەوەی ئایندەی خوازراو بەدەست بێت.
  6. كردار (Acting): قۆناغی كۆتایی بریتییە لە گواستنەوەی ئەنجامەكان، پەرەپێدانی ئەجێندای كار و بەدامەزراوەییكردنی بیركردنەوەی ستراتیژی و سیستمەكانی زانیاری. بەم شێوەیە دامەزراوەكە دەتوانێت بە خێرایی و بە شێوەیەكی بەردەوام وەڵامدەرەوەی گۆڕانكارییەكانی ژینگەی دەرەكی بێت.

ڕیچارد سلاتێر لە پێشەكییەكەیدا باس لەوە دەكات لە ناوەڕۆكی ئەم كتێبەدا زۆر بە كەمی بابەتی دووبارەی كتێبەكانی پێشووتری ئایندەناسی دەبینرێت و بە پێچەوانەوە ڕێنماییەكانی ئەم كتێبە بۆ لێكۆڵەرانی ئەم بوارە و بە تایبەتی دامەزراوە جۆراوجۆرەكان یارمەتیدەرێكی زۆر باشن. سلاتێر دەڵێت: “ئەمە ئایندەیەكە تێیدا ئایندەبینی گەشە دەكات و بژاردە نوێیەكان بۆ جیهانێكی تەنانەت ئاڵۆزتر لە جیهانی ئێستا دەخاتە ڕوو”.

سەرچاوەكان:

– هاینز، اندی و بیشاپ، پیتر (1395)، تفكر درباره آیندە (رهنمودهایی برای آیندەنگاری راهبردی)، ترجمە محمد مهدی ذوالفقارزادە، علی اصغر سعدآبادی، آرمین فیرزپور و مسعود دارایی، تهران: دانشگاه امام صادق.

– andyhinesight (2023), “Thinking about the Future, 2nd Edition”, https://www.andyhinesight.com/books/thinking-about-the-future/.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی شانزەیەم (16) ئازاری، 2023، ساڵی سێیەم

Send this to a friend