• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 10, 2017

دەوڵەت و دەوڵەتی کوردی: ئامانج یان ئامڕاز؟

نوسینی: د. جلال حسن مصطفی

پێشەکی

لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان شەپۆلێک لە گفتوگۆ لە ئارادایە دەربارەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی یان دەوڵەتی کوردستانی. هەندێک پێیانوایە کە لە ئەمڕۆدا پرۆژەی دەوڵەتی کوردی، پرۆژەی حیزبێکی دیاریکراوە (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە دەیەوێت دەوڵەتێکی خێڵەکی دروست بکات.هەندێکی تر پێیانوایە کە دەبێت هەموان پشتگیریی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بکەین، جا گرنگ نیە کێ ڕابەرایەتی دەکات. بەڵام ئەو پرسیارەی لەم گفتوگۆیانەدا نادیارە، ئەوەیە کە ئایا دروستکردنی دەوڵەت ئامانجە یان ئامڕاز؟ وە ئەگەر ئامانج بێ چی و ئامڕاز بێت چی؟ من لە نوسینەدا، بە کورتی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە دەدەمەوە و دەیانبەستمەوە بە دەوڵەتی کوردی یان کوردستانیەوە.

 

دەوڵەت: ئامانج یان ئامڕاز؟

دەوڵەت بریتیە لە یەکێک لە پێکهێنەرانی چوارچێوەی سیستەمی نێوەدەوڵەتی هاوچەرخ. بەپێی ئەم پێناسەیە دەتوانین دوو خاڵی گرنگ دەستنیشان بکەین.

یەکەم: دەوڵەت تاکە پێکهێنەری سیستەمی نێودەوڵەتی نیە لە ئەمڕۆدا بەڵکو چەند ئاکتەرێکی تریش ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەیە وەک ڕێکخراوە نێودەڵەتیەکان و ڕێکخراوە ناحکومیەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و هتد.

دووەم: دەوڵەت یەکەیەکی هاوچەرخی پێکهێنەری سیستەمی نێودەوڵەتیە و تەمەنی لە چەند سەدەیەکی کەم تێپەڕناکات.پێشتر سنورەکان بەردەوام لە گۆڕانکاری و کەم و زیادا بون و هێزە زاڵەکانیش بەهەمان شێوە گۆڕانکاریان بەسەردا دەهات. ئەوکات پێکهێنەری سەرەکی سیستەمەکە ئەو هێزانە بون کە بە شانشین یان ئیمبراتۆریەت یان خەلافەت یا سولتانستان ناسرا بون. ئەو ڕۆحەی هەر یەک لەم پێکهێنەرانەی بە زیندویی دەهێشتەوە ئاین یان سولالەی پیرۆز یان خوێنی پاشایەتی بوو. بۆ ئەو کات گرنگ نەبوو کە، بۆ نمونە، شانشینێک کورد و عەرەب و تورک و فارس و فەرەنسی و ئەڵمانی لە ژێر سایەدا بوایە، واتە ئەو کات نەتەوە ڕۆحی بونیادنانی هێزی شانشین و ئیمبراتۆریەتەکان نەبوو. دەولەتی نەتەوەیی زیاتر لە دوای شۆڕشی فەڕەنسیەوە پێی خۆی داکوتا و نزیکەی سەدەیەکیش دوای ئەوە کورد و عەرەب و فارس و تورک، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خولیای دروستکردنی دەولەتی نەتەوەیی بون. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی گەورە (جەنگی جیهانی یەکەم)، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ودرۆ وێڵسن  Woodrow Wilson لە ١٤ خاڵدا جەختی لەسەر شەرعیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی کردەوە و پەیمانیدا بە کارکردن بۆ سەربەخۆیی هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی سایەی خەلافەتی عوسمانی (١). لە ڕاستیدا، هێندەی ئامانج لە جەختکردنەوە لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی پارچەپارچەکردنی دەوڵەتە شکستخواردوەکانی جەنگەکە بوو، هێندە بەرژەوەندی نەتەوە ژێردەستەکان نەبوو.

سەرەتای سەرهەڵدانی چەمکی دەوڵەت بە سنوری دیاریکراوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی وێستڤالیا لە ساڵی ١٦٤٨.ئەم پەیمانە دوای ٣٠ ساڵ لە جەنگی خوێناوی هات لە نێوان پرۆتستانت و کاثۆلیکەکان لە ئیمبراتۆریەتی پیرۆزی ڕۆمادا کە هۆکارەکەی هەم مەزهەبی و هەم فراوانخوازی بووە. لەم شەرانەدا نزیکەی ٨ ملیۆن کەس بونە قوربانی (٢).  ئەو هێزانەی لەو جەنگانە ئاڵا بوون گەیشتبونە ئەو قەناعەتەی کە یەکتریان بۆ لەناو نابرێت، بۆیەش وەک ئامڕازێک بۆ خۆپاراستن لە شەڕ دیاریکردنی سنورەکانیان بە چارەسەر زانی. بەڵام لەگەڵ سەرهەلدانی بیری ناسیۆنالیزام و نەتەوەخوازیدا و لە پێناو پارچەپارچەکردنی هێزە زەبەلاحەکانی تردا، دەولەت و نەتەوە بونە دوانەیەکی یەکانگیر. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، بە هاندانی هێزە ئەوروپیەکان یۆنانیەکان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕاگەیاند (٣) و لە خەلافەتی عوسمانی جیابونەوە. دواتر چەندین هێزی ناسیۆنالیست لە کیشوەرە جیاوازەکاندا دروستبون و شەپۆلێک دەوڵەتی نوێی لەسەر بنەمای  یەک نەتەوەیی دامەزران. دەوڵەت بۆ ئەوان وەک ئامڕازێک بەکارهاتووە بۆ خۆپاراستن لە شەڕ و بۆ خۆبەهێزکردن، بەلام لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست (بە تایبەت دوای جەنگی جیهانی یەکەم) بۆ نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئامانجێک وێناکرا. ئەوەی کە لەم ناوچەیەدا یارمەتی ئەوەیدا کە وەک ئامانج بناسرێت پلانی دابەشکردنی دەوڵەتە شکستخواردوەکان و بونی چەند بزاڤێکی ناسیۆنالیستی بون کە لە چەند دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا سەریان هەڵدابوو. نەتەوەی کورد لە دوای لەبارچونی دوا ئەمارەتەکانیانەوە، بابان و بۆتان، ووردە ووردە هەستی ناسۆنالیستی تیایدا سەریهەڵدا و بزاڤی نەتەوەخوازی دروستبون بە تایبەت لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراق. یەکێک لە نمونە یەکەمیەکانی ئەم بزاڤە ناسیۆنالیستیە سیاسیە کوردیە سەرهەڵدانەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بوو بەرامبەر بە خەلافەتی عوسمانی.

جێی خۆیەتی لێرەدا بپرسین کە ئایا بۆچی گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان دەوڵەت وەک ئامانج و دەوڵەت وەک ئامڕاز؟ لە وەڵامی ئەم پرسەدا دەبێت جیاوازیەک بکەین لە نێوان ئامانج و ئامڕازدا. تەنها بۆ ڕونکردنەوە نمونەی جوتیارێک دەهێنمەوە باخێکی هەیە چەندین جۆری نەمامی تێدا چاندووە بەو ئومێدەی زوو باخەکەی بەربگرێت و ئیسراحەتی لێبکات. لەم  پێناوەدا پەنا دەباتە بەر ئاودان و خزمەتکردن و موتوربە و بڕینی لق و پۆپە زیادەکان و چەندین هۆکاری تر. لێرەدا بۆ جوتیارەکە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە باخەکەی بەربگرێت و لە سایەیدا بحەسێتەوە و ئامڕازەکانیشی موتوربە و ئاودان و هۆکارەکانی ترە. خۆ ئەگەر جوتیارەکە پێیوابێت موتوربە یان ئاودان ئامانجە و نەزانێت ئەمانە ئامڕازن بۆ ئامانجێکی گەورە ئەو ڕووبەڕوی چەندین کێشە دەبێتەوە کە گرنگترینیان ئەوەیە ڕەنگە باخەکەی هێندەی پێویست بەرنەگرێت یان نەتوانێت داهێنان لە ئامڕازەکاندا بکات و کارەکانی خێراتر و بەرهەمیش زیاتر بکات. دروستبونی دەوڵەت وەک ئاماژەمان پێدا پێشتر وەک ئامڕازێک بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئاسایشی چەند قەوارەیەک دروست بووە یان وەک ئامڕازێک بۆ بەهێزبون و یەکخستنی تواناکان، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بە ئامانجێکی هەمیشەیی زۆر لە بزاڤە ناسیۆنالیستیە ناتەباکان لەگەڵ دەوڵەتدا. بەشێک لەم بزاڤانە بونەتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان (وەک باشوری سودان) و هەندێک تریشیان لە چاوڕوانی دەوڵەتی سەربەخۆدان (وەک کورد و سکۆتیەکان و کاتەلانیەکان).

بە ئامانجکردنی دەوڵەت چەندین مەترسیی ڕاستەقینەی تێدایە کە لە بەئامڕازکردنیدا نیە. مەترسیەکان ئەمانەن:

  • بزاڤە ناسیۆنالیستیەکان کاتێک وەک ئامانج سەیری بە دەوڵەتبون دەکەن ئەوا هەموو هۆکارێک دەگرنە بەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، ئەگەر تەنانەت کوشتن و شەڕ و قڕان و برسێتی هاونیشتمانیەکانی خۆشیانی بەدوادا بێت.
  • مەترسیەکی تر ئەوەیە کە هیچ گارانتیەک نیە کە ئەو دەوڵەتەی کە هێزێکی ناسیۆنالیستی بەو هەموو قوربانی و کوشتارەوە دروستی دەکات دەوڵەتێک بێت کە خۆشگوزەرانی و ئازادی و مافی مرۆڤ بۆ هاوڵاتیانی فەراهەم بهێنێت. لە ئێستادا هاوڵاتیانی دەوڵەتی باشوری سودان، کە لە ساڵی ٢٠١١ دا سەربەخۆیی ڕاگەیاند، لە بارێكی قورسی هەژاری و ناسەقامگیریی و نەبونی ئازادیەکان دەژین.
  • بە ئامانجگرتن و هەوڵدان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت  (بەبێ دیراساتی وورد و ئەکادیمی پێشوەختە) بەرەنجامێکی تری نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە کە ئەویش بەجێمانی کۆمەڵێک کێشەی ئاڵۆزە بۆ دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت وەک بونی ناوچەی جێناکۆک و سەرچاوەکانی ئاو و کانزا و نەوت و کارەبا و ڕێگاوبان …هتد. مەترسی ئەم کێشانە لەوەدایە کە لە زۆربەی حاڵەتە مێژویەکاندا جەنگ لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا دروستبوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشانە ( بۆ نمونە جەنگی عێراق – ئێران و عێراق – کوەیت). ئەم جەنگانەش قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە و مەترسی گەورە بۆ سەر ژیانی مەدەنیەکانی هەردوو دەوڵەت دروست دەکات. لەمانەش ئالۆزتر ئەوەیە کە کۆمەڵێک خەڵکی زۆر لە نێوان هەردوو دەوڵەتەکدا بێ ماف دەمێننەوە یان دەبنە چەند بنەیەک و دابەش دەبن (وەک ئەو سەدان هەزار کەسەی لە کاتی سەربەخۆبونی  بەنگلادیش لە پاکستان توشی مردن یان ئەو سەدان هەزار ئافرەتە بەنگلادیشیەی دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر، لە عێراقیشدا ئەو فەیلیانەی لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێراندان تا ئێستاش بێ شوناس ناسنامە ماونەتەوە).

دەوڵەتی کوردی یان کوردستانی

لێرەدا من بەدوای وەڵامی ئەو پرسەوە نیم کە ئایا بونی دەوڵەت مافی کورد یان هەر نەتەوەیەکی ترە یان نا، بەڵکو بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێم کە ئایا دەوڵەت ئامانجە یان ئامرازە بۆ ئێمەی کورد؟ هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە کە داوای دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بکات و کاری بەردەوامیشی بۆ بکات. ڕەنگە ئێستا خوێنەر بپرسێت کە مەبەستم لە دەوڵەت وەک ئامڕاز چیە؟ من هەوڵ ئەدەم بە کورتی و پوختی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. بە ئامڕاز بینینی دەوڵەت ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەی وورد و ئەکادیمی بکرێت لەلایەن کۆمەڵێک دامەزراوەی تایبەتمەندەوە بە پرسە سیاسیەکان و لە لایەن کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە کە تیایاندا هەوڵ بدرێت بێلایەنانە هەموو ئەو زیان و قازانجانە لێکبدرێنەوە کە دەکرێت لە بەرەنجامی ڕاگەیاندنی دەولەتی کوردیەوە دروست ببن. پاشان لەبەر مەبنای ئەو لێکۆڵینەوانە بریار بدرێت کە ئایا بونی دەوڵەت باشترە لەم کاتە دیاریکراوەدا یان مانەوە لەگەڵ عێراقێکی فیدڕاڵیدا. ئەوەی جێی تێڕامانە تا ئێستا دامەزراوەیەکی بێلایەنی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستاندا نەیتوانیوە بە ووردی و زانستیانە لە پرسی ئەگەری دروستبونی دەوڵەتی کوردی و ئەگەرەکانی شکست و سەرکەوتنی کۆڵیبێتەوە. لە نەبونی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی و زانستی کە لێکۆڵینەوە لە دەوڵەتی کوردی بکات و لە بێباکی بەرپرسانی ئەم هەرێمە سەبارەت بە ئەکادیمیا و دەزگا زانستیەکان، جۆرێک لە  تێکەڵی دەبینرێت لەوەدا کە ئایا دەبێت دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی ئامانج بێت یان ئامڕاز؟

بەشێک لەو بەرپرس و خەڵکە ئاساییانەی پێیانوایە کە دەبێت دروستکردن و ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئامانجی ئێمەی کورد بێت ڕەنگە لە کاردانەوەدا بن بەرامبەر ئەو مێژوەی ئێمەی کورد لە عێراقدا هەمانبوە. ڕەنگە ئەو مەینەتی و کارەسات و چەرمەسەری و بێ یاساییەی کە لە مێژوی عێراقدا ڕووبەڕوی بوینەتەوە بواری ئەوەمان نەدا دیراسەی ئەم پرسە بکەین ئەوجا بڕیار بدەین کە ئایا دەوڵەت بۆ ئێستامان سودی زیاترە یان زیان. بە مانایەکی تر کاتێک بەرامبەر بە تەعریب و زیاتر لە سەد هەزار ئەنفالکراو و چەند هەزار شەهیدی کیمیاوی و کاولکردنی دێهاتەکانی کوردستاندا دەوەستین ئیتر بەخۆمان دەڵێین کە غەیری دەوڵەت هیچ گارانتیەکی ترمان نیە بمانپارێزێت. ڕەنگە هەندێکمان وا بێتە بەرچاومان کە هەرکات بوینە خاوەنی دەوڵەت ئیتر موسا دێتە فریامان و بە عەساکەی ڕابردومان لە بیر دەباتەوە و داهاتوشمان گەشتر دەکات.

ئەوەی کە دەبێت زۆر بەووردی لە بە ئامانجگرتنی دەوڵەتدا لەبەرچاومان بێت ئەوەیە کە ڕەنگە لە نێوان هەردوو بەرداشی قوربانیدان بە خوێنی کورد و دروستکردنی دەوڵەتدا گیر بخۆین، واتە بۆ دروستکردنی دەوڵەت ڕەنگە پێویست بە قوربانیەکی زۆر ببێت. گرفتەکە هەر لێرەدا کۆتایی نایەت بەڵکو لەوەدا گەورەتر دەبێت کە ڕەنگە بژاردەی قوربانیدان هەڵبژێرین بەبێ ئەوەی گارانتی ئەوەمان کردبێت کە لە بەرامبەر قوربانیدانەکەمان دەوڵەتمان دەستدەکەوێت. بە مانایەکی تر، ناکرێت ئێمە خوێنی کورد بکەینە جۆرێک لە گەمەی دروستکردنی دەوڵەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نەتوانین گارانتی بەرەنجامەکانی بکەین. گرفتێکی لەمانەش گەورەتر ئەوەیە کە ئەوانەی دەوڵەت دروستدەکەن ببنە سەرئێشە بۆ ئازادیەکانی دوای دەوڵەت. هەروەک چۆن بەشێکی زۆر لە شۆڕشگێڕانی پێش ڕاپەڕێن بونە  خۆرەی گیانی خەڵک لە دوای ڕاپەڕین و گەندەڵیان پەرەپێدا و هەستی کوردبون و نیشتمانیان لە ڕۆحی خەڵکدا مراند، دوورنیە هەمان ئەزمونیش لە دوای دروستکردن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیەوە دووبارە نەبێتەوە.

من بۆ خۆم بەردەوام گومانم هەیە لەوەی هێزە ناسیۆنالیستیەکان بتوانن نوێنەرێکی ڕاستەقینەی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ئاسایی بن. ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت دەتوانێت شاهێدیەکی باش بێت لەسەر ئەوەی ئەو هێزانەی بە باڵای نیشتمان و کوردایەتیدا هەڵیان ئەدا، ئێستا ڕەفتارەکانیان بکوژی هەستی خۆشەویستی نیشتمانە. ئەو هێزانەی تا دوێنێ خەڵکی لە پێناوی ئامانجەکانی ئەواندا خۆیان لە خۆشیەکانی شار دەکرد و ڕوویاندەکردە شاخ و خۆیان دەکردە قوربانی، ئەمڕۆ لە پێناو بەرژەوندیە تایبەتیەکانی خۆیان و لە پێناو پەرەدان بە پەیوەندیە خراپەکانی مێژوی بەیەکەوەبونیان ئامادە نین تەنانەت کۆبونەوەش لەگەڵ یەکتریدا بکەن. ئەمڕۆ لە هەرێمدا بەرپرسە حیزبیەکان بونەتە چینێکی تایبەت و خاوەن سەرمایە و بازرگانی و خاوەن کۆشک و بازاڕ و تەنانەت هێڵی پاسەکانی ناوخۆش، بەڵام خەڵک لە قەیران و برسێتی و ماڵوێرانی و بێلانەییدا ژیان بەسەردەبەن. هەر ئەوان بوون جاران لە دونیا یۆتۆپیاکەی خۆیاندا، پشتیان بە پاڵە و جوتیار و کرێکار و حەماڵەکان دەبەست و باسیان لە فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ژیانی شیاو دەکرد بۆیان، بەڵام ئێستا تەنانەت لە خەمەکانیشیان ناگەن. جا چۆن دەکرێت خەڵک بە ئاسانی باوەڕ بەم هێزانە بکات کە لە دوای دروستکردنی دەوڵەت لە خەمەکانی تێبگەن. ئەوەی جێگەی مەترسیشە، لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتیشدا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناتوانێت تەدەخول لە کاروبارەکانیدا بکات بەو بیانوەی ئەوە دەستخستنە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتێکی خاوەن سیادەیە.، بۆیەش ئەگەری زیادبونی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و ئازادیەکان لە ئارادا دەبن.

هەرچەندە ئەم هێزە ناسیۆنالیستیانەی کوردستان بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەوان هەڵگری خەمەکانی خەڵکن، لە ناویشیاندا خەمی دروستکردنی دەوڵەت. گرفتی سەرەکی لەوەدایە کە ئەم بزاڤانە خۆیان بابەتی دەوڵەتی کوردیان هاروژاندوە بەم شێوەیەی ئێستای و خۆشیان کردویانەتە خەمی خەڵک، دواتریش خۆیان کردۆتە خاوەن خەمەکانی خەڵک. ئەوان بازنەیەکیان دروستکردووە کە هەرچەند خول بخۆیت بە دەوریدا قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە. دەکرێت سیاسیەکان بۆ کۆکردنەوە و هاندانی جەماوەر وای دەربخەن کە دروستکردنی دەوڵەت ئامانجێکی گەورەیانە بەڵام لە بنەڕەتدا شەڕی گروپە ناسیۆنالیستەکان لە پێناو دەستکەوتێکی گەورەترە کە ئێستا لە پێش بە دەوڵەتبون و دوایش دوای بەدەوڵەتبون لەسەری خۆیان بەخێوبکەن.

بانگەشەی ناسیۆنالیستەکان لە هەرێمدا بریتیە لە دروستکردن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردی ( یان کوردستان وەک هەندێکیان دەڵێن)، بەڵام دەبێت هەموان لەوە دڵنیا بن کە تا ئێستاش ڕوون نیە کە ئایا ڕاگەیاندنی ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیە سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟ واتە تا ئێستا ژینگەیەکی وای بۆ نەڕخسێنراوە کە تیایدا دڵنیا بین کە سەربەخۆبون لەبار نابرێت یاخود ناچار ناکرێین جارێکی تر بگەڕێینەوە سەردۆخی پێش ٢٠٠٣ ، یا خود گەلی کوردستان ڕوبەڕوی قڕانێکی گەورە نابێتەوە. تەنانەت ئەوەی جێی تێڕامانە، لە ئەگەری سەرکەوتنی راگەیاندنی دەولەتی کوردی و ڕەزامەندی لایەنە نێودەولەتیەکان و لایەنە هەرێمیەکان، تا ئێستا ڕوون نیە و هیچ گارانتیەکیش نیە کە ئەو دەوڵەتە کوردستانیە لە توانایدا بێت کە ئابوریەکی باشتر لەمەی ئێستا بونیاد بنێت (کە لە ئێستادا ئابوریەکی پڕ لە قەیرانمان هەیە). نەک هەر ئەوەش، بەڵکو لەوەش دڵنیا نین کە لە ڕووی ئازادیەکان و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازادانە و مافی ئافرەت و مافی ڕادەربڕینەوە ئەم دەولەتە بتوانێت مامەلەی سەرکەوتوانە بکات و ببێتە جێی سوپاس و پێزانینی دانیشتوانەکەی. لە هەموشی مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئایا ئەو دەوڵەتە کوردستانیە دەتوانێت سەرکەوتوانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی دوای بەدەوڵەتبونیەوە بکات لە ڕووی کونتڕۆلکردنی سنور و دبلۆماسیەتێکی پراگماتیک و خۆنەخستنە ناوکێشمەکێش و و جەنگ لەگەڵ دراوسێکان و و هتد. ئەمانە پرسیارگەلێکن کە دیراسەی وورد و ئەکادیمیانەیان پێویستە، نەک هەڵپە و چنگەکرکێی سیاسیەکان.

بەرەنجام:

دەبێت دەوڵەت ئامڕاز بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بەڵام لە ئێستادا بۆ بزاڤە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان بۆتە ئامانجێک کە ئامادەن لە پێناویدا قوربانی بە گیان و ماڵ و سامان و خاکی خەڵکی هەرێمەوە بکەن بۆی. گرفتەکە لەوەدایە کە تا ئێستاش دڵنیا نین لەوەی کە لەئەگەری ئەم هەموو قوربانیەشدا، دەوڵەتێک بۆ کوردستان بونیاد بنرێت. کورد دەلێت: هەشت بێت و لە مشت بێت نەک نۆ بێت هی من نەبێت، کەچی ناسیۆنالیستەکان، هەشتی ناو مشت دەگۆڕنەوە بە نۆیەک کە هی خۆیان نیە. ڕاگەیاندنی دەوڵەت دەبێت ڕاشناڵانە بێت، واتە بەراوردێکی هەمەلایەنە لە نێوان قازانج و زیانەکانی بە دەوڵەتبون و یان مانەوە لە دۆخی ئێستادا لێکبدرێتەوە، ئەو کات باسی لێ بکرێت. هەموو ئەمەش لە پێناو پاراستنی خوێنی کورد و پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا و کارکردن بۆ داهاتویەکی پرشنگدار بۆ هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی.

سەرچاوە:

  1. President Woodrow Wilson’s 14 points (1918) Available at: https://www.ourdocuments.gov/doc.php?flash=true&doc=62 (Accessed: 10 January 2017).
  2. Thirty years’ war (2017) in Wikipedia. Available at: https://en.wikipedia.org/wiki/Thirty_Years%27_War#cite_ref-16 (Accessed: 10 January 2017).
  3. The Editors of Encyclopædia Britannica (2009) ‘War of Greek independence’, in Encyclopædia Britannica. Available at: https://www.britannica.com/event/War-of-Greek-Independence (Accessed: 11 January 2017).
  4. Alston, M. (2015) Women and climate change in Bangladesh. London, United Kingdom: Routledge, p. 40.

Send this to a friend