• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 2, 2023

شۆڕشی سپی و بەرهەڵستیی پیاوانی ئایینیی

توێژەر: یاسین عزەم

بەرایی

     لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی بیری لەوە كردەوە كۆمەڵێك چاكسازی لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و ئابووری ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆك وەزیران و وەزیری كشتوكاڵی وڵاتەكەی ڕاسپارد بنەما سەرەكییەكانی پرۆژەكە ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت، پرۆژەكە لە كۆتاییەكانی ساڵی 1959 ئامادەكرا و بڕیار درا بنێردرێت بۆ پەڕلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆكاری دژایەتی پیاوانی ئایینیی و ئەو خاوەن موڵكانەی كە زەرەرمەندی پرۆژە بڕیارەكە بوون، پرۆژەكە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوویەوە، تەنانەت كار گەشتە ئەوەی كە خەریك بوو لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان پرۆژەكە پەك بخەن، بەڵام شای ئێران سووربوو لەسەر پرۆژە بڕیارەكە و ئەوەی دووپات كردەوە كە لەئەگەری شكستی پرۆژەكە ئەوا ئەو لەسەر دەسەڵات نامێنێت. پیاوانی ئایینیی لە هەموو توێژەكانی دیكە زیاتر دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، ئامانجی ئەم توێژینەوەیە خستنەڕووی هەڵوێستی پیاوانی ئایینییە سەبارەت بە پرۆژە بڕیاریەكانی شۆڕشی سپی.

شۆڕشی سپی و بنەماكانی

     لە ڕۆژی 26ی كانونی دووەمی ساڵی 1963 دەنگدانی گشتی لەسەر پرۆژە بڕیاری شۆڕشی سپی (انقلاب سفید) ئەنجامدرا،  ئەوە بۆ یەكەمین جار بوو ڕێگە درا بە ژنان شانبەشانی پیاوان بەشداری لەو دەنگدانە گشتییەدا بكەن، بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بەشدارییان کردووە و  ٨٩%ی بەشداربووان بە ئەرێنی دەنگیان بە شەش بنەما گشتییەكەی شۆڕشی سپی دا.

ڕێژەی بەشداریکردن نزیكەی ٤١% بووە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران لە گوندەکاندا دەژیان و دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچە ئەستەم بوو، ژمارەیەکی کەم نییە بۆ ئەو قۆناغە. ([1])

ئەو شەش بنەما سەرەكییەی كە خرایە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە بریتیبوون لە:

بنەمای یەكەم – چاکسازی کشتوکاڵی و هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی ئاغا و دەست و پێوەن (دەرەبەگایەتی)

      گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بڕ و شێوازی خاوەندارێتی زەوی بەتایبەت زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگەکان، بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمی گشتی کۆمەڵگە. خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە دەستی دەرەبەگ یان خاوەن زەوییە گەورەکانەوە گۆڕدرا بۆ خاوەندارێتی بچووک و دابەشکردنەوەی زەوی بەسەر جووتیاراندا. لە کاتی دابەشکردنی زەویدا نەک هەر جووتیارەکان دەبوون بە خاوەنی ئەو زەویانەی کە کاریان لەسەر دەکرد، بەڵکو لە هەر گوندێکدا کە دابەشکردنەکەی تێدا ئەنجامدەدرا، کۆمپانیایەکی هاوبەش دادەمەزرێـت بۆ هەڵکەندنی بیری قووڵ و دابینکردنی ئاو و تۆو و پێداویستییەکانی دیکەی جووتیاران.

بنەمای دووەم – بە نیشتمانیکردنی دارستان و لەوەڕگە

   دارستانەکانی ئێران کە ناویان لێنرابوو کانگای زێڕی سەوز و لەوەڕگەکانی ئەو وڵاتە بە نیشتیمانی کران و لەگەڵ ئەمەشدا نزیکەی ١٢٠ ملیۆن هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی ئەو وڵاتە بۆ بەكارهێنانی نیشتمانی بۆ حکومەت دابینکرا. هەر بە پێی پرۆژە بڕیارەكە دارستانی دەستکرد لە ڕووبەری نزیکەی ٢٨ هەزار هێکتار بڕیاری دروستكردنی لێدرا. زیاتر لە ٥٠٠٠ هێکتار شوێنی سەوزایی لە دەوروبەری شارە گەورەکان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە

بنەمای سییەم – فرۆشتنی پشکی کارگەکانی دەوڵەت وەک پاڵپشتییەک بۆ چاکسازی لە زەویدا

    بەمەبەستی دابینکردنی سەرمایەی پێویست بۆ کڕینی موڵکی خاوەن ماڵەکان و دابینکردنی زەوییە کڕدراوەکان بۆ جووتیاران، ئەم پرەنسیپە وەک بنەمای سێیەمی شۆڕش پێشنیار کرا، بەجۆرێک لەڕێگەی داهاتی فرۆشتنی پشکەکانی دەوڵەتەوە -کارگەکانی خاوەندارێتی، بەرنامەی چاکسازیی کشتوکاڵی دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە، جگە لە پیشەسازییە نیشتیمانییەکانی وەک هێڵی ئاسن، کارەبا، دروستکردنی چەک و هتد، کە لە ژێر خاوەندارێتی حکومەتدا مایەوە، ٥٥ کارگەی شەکر، نیسک، قوماش، دار، چیمەنتۆ، خۆراک، پەتاتە، ئاوریشم و هتد، کە دەدرا بە کۆمپانیاکان هەندێک پشکیان گەڕاندەوە و کۆمپانیای پشکی هاوبەشی کارگەکانی ئێرانیان پێکهێنا، کە پشکەکانی لەلایەن بانکی کشتوکاڵییەوە فرۆشرا. ئەم کارە وایکرد هەموو خەڵکی خاوەن داهاتی مامناوەند و کەم بتوانن بیکڕن و بەشێکی زۆری کارگەکانی دەوڵەتی بە خەڵک فرۆشران.

بنەمای چوارەم – پشكداركردنی بەشداریپێكردنی کرێکاران لە قازانجی کارگەکاندا

     لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە، کرێکاران و خاوەنکارەکان لە ڕێگەی سەندیکاکانیانەوە لە قازانجی یەکە پیشەسازییەکان، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی بەكۆمەڵی کرێکاران، بەبێ دەستێوەردانی حکومەت، هاوبەشن. جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە دەبووە هۆی ئەوەی کرێکاران مامەڵە لەگەڵ شوێنی کار وەک ماڵ و ئامێرە پیشەسازییەکانیان وەک منداڵی خۆیان بە نرخ بزانن و هانیان دەدات بۆ کارکردن و هەوڵی زیاتر و بڕی بەرهەمی نیشتمانی بە کوالیتی بەرزتر زیاد دەکات.

بنەمای پێنجەم – هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران بە مەبەستی پێدانی مافی دەنگدان بە ژنان و یەکسانکردنی مافی سیاسی لەگەڵ پیاوان

     بەپێی ماددەی ١٠ی یاسای هەڵبژاردنی پێش هاتنە سەردەسەڵاتی دەوڵەتی پەهلەوی، ژنان لە هەر مافێکی سیاسی بێبەش دەکران. بنەمای پێنجەم هەڵگری زنجیرەیەک چاکسازی بوو کە بە ئازادی ژنانی ئێرانی ناسرا دوای ئەوە لە 26ی كانوونی دووەمی 1963دا، یاسای هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردا هات و یەکێک لە دەستکەوتەکانی بەشداریکردنی ژنان بوو لە هەڵبژاردنەکاندا بە مەرجی یاسایی یەکسان لەگەڵ پیاوان. ژنانیش وەک پیاوان بۆ یەکەمجار توانیان ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و مافی دەنگدان و هەڵبژاردنیان بەدەستهێنا.

بنەمای شەشەم – دروستکردنی سوپای زانست بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای فێركردنی گشتی و ناچاری

     بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و ڕۆشنبیری لە گوندەکاندا، سوپای زانست (سپاه دانش) لەلایەن محەمەد ڕەزا شا لە كانوونی دووەمی ساڵی 1963 پێشنیار کرا و دامەزرا،  لە ساڵی 1964 لە ژێر سەرۆکایەتی ئەسەدوڵڵا عەلەم، دەستی بە کارەکانی کرد. لەو سەردەمەدا ژمارەی دانیشتووانی ئێران ٢٢ ملیۆن کەس بووە، کە ٧٥٪یان لە گوندەکاندا دەژیان و زۆربەیان نەخوێندەوار بوون. جگە لەوەش پێداویستییەكانی خوێندن بە شێوەیەکی نایەکسان لە نێوان شار و گوندەکاندا دابەش کرابوو، بەجۆرێک کە ٢٤%ی مامۆستایان لە گوندەکان و ٧٦% لە شارەکان وانەیان دەگوتەوە، لە دۆخێکی وەهادا پێکهێنانی سوپای زانست وەك چارەسەرێک دەبینرا. بەپێی ئەم بنەمایە بڕیاردرا کە ئەو گەنجە دەرچووانەی دەیانەوێت خزمەتی سەربازی بکەن، دوای دەرچوون لە خولێکی ڕاهێنان و فێربوونی چۆنیەتی فێرکردنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و گەورەساڵان، ڕەوانەی گوندەکان بکرێن. ([2])

 

هەڵوێستی پیاوانی ئایینیی سەبارەت بە شۆڕشی سپی

ڕاگەیاندنی شۆڕشی سپی و ئەو بنەما شەش خاڵیەیی كە لە خۆی گرتبوو، هۆكار بوو بۆ دروستبوونی دەنگی ناڕەزایەتی لە لایەن ئەو چین و توێژانەی كە زیانمەند دەبوون، بۆیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو لایەنانە ببێتەوە، محەمەد ڕەزا شا بڕیاریدا شەش بنەماكەی شۆڕشی سپی بخاتە بەردەم كۆمەڵگەی ئێرانی و بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەنگدانێكی گشتییەوە ڕای خۆیانی لەسەر بدەن.

پەیوەندی نێوان شای ئێران و دامەزراوە ئایینییەكان چووە قۆناغێكی نوێوە،  چونكە بڕیاردان لە شۆڕشی سپی بەمانای ڕاگەیاندنی شەڕ دەهات لە نێوانیاندا، لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتادا دامەزراوە ئایینییەكان ڕاستەوخۆ دژایەتی بەرنامە چاكسازییەكەی شایان نەكرد، چونكە لەسەرەتادا پێیان وابوو زەوی و زارەكانی تایبەت بە دامەزراوە ئایینییەكان، هەر بە موڵكی ئەو جێگایانە دەمێنێتەوە و ناچێتە چوارچێوەی بنەماكانی شۆڕشی سپی([3])، بەڵام وەزیری كشتوكاڵی ئێران، حەسەن ئەرسەنجانی ڕایگەیان كە زەوییەكانی ژێر دەسەڵاتی دامەزراوە ئایینییەكانیش كە بە “وقف” ناسراون دەچنە ناو چوارچێوەی بڕیاری چاكسازی لە زەوی و زار، بە هۆكاری ئەوەی لە ڕووی شەرعییەوە ئەو زەویانە كڕین و فرۆشتنی پێوە ناكرێن بۆیە دەكرێت بەكرێ بدرێن بۆ ماوەی 99 ساڵ، بەتایبەتی ئەو زەویانەی كە “وەقفی گشتین”، بەڵام ئەو زەویانەی كە “وەقفی تایبەتین” بۆ ماوەی 30 ساڵ بەكرێ دەدرێن. ئەوەش هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ڕاگەیاندنی دژایەتی لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە، چونكە بە لای پیاوانی ئایینی و دامەزراوە ئایینییەكانەوە، محەمەد ڕەزاشا لەو بڕیارەدا نیازی ئەوەیە سەرچاوەی ئابووری دامەزراوە ئایینییەكان وشك بكات.([4])چونكە ئەو ڕووبەرە بەرفراوانە كە لە لایەن دامەزراوە ئایینییەكانەوە خاوەندارێتی دەكرا، فاكتەرێكی باش بوو بۆ دەستكەوتنی پارە بۆ ئەو دامەزراوانە([5])، لە ڕاستیدا پێگەی دامەزراوە ئایینییەكان و گەورەیی هەژموونیان بەجۆرێك لە جۆرەكان وابەستە بوو بەو موڵک و زەویانەی كە هەیانبوو، تا بەر لە ڕاگەیاندنی شۆڕشی سپی ئەو دێهاتانەی كە لە لایەن دامەزراوە ئایینییەكانەوە خاوەندارێنی دەكران بە نزیكەی شەش هەزار لادێ مەزەندە دەكرا، كە ئەوەش بەمانای ئەوە دەهات دامەزاوە ئایینییەكان موڵكێكی گەورەی كشتوكاڵی وڵاتیان لە ژێر دەستدا بوو، بۆ نموونە لە كۆی 478 لادێی ناوچەی خۆراسان، بەنزیكەی 430 لادێیان زەویەكانیان خاوەندارێتییەكەی دەگەڕایەوە بۆ دامەزراوەی ئایینیی، بۆیە ئاسایی بوو پیاوانی ئایینیی دژایەتی ئەو پرۆژەیە بكەن كە لە لایەن شای ئێرانەوە بە ناوی شۆڕشی سپی ڕاگەیەندرابوو. ([6])

بۆ دامەزراوە ئایینییەكان زەحمەت بوو ڕاستەخۆ دژایەتی پرۆژە بڕیارەكە بكەن، چونكە لەوەها حاڵێكدا دەكەوتنە بەر ڕەخنەی ئەوەی كە ئەوان تەنها چاویان لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە و گرنگی بە ژیانی خەڵكی هەژار و فەقیر نادەن، جگە لەوەش ئەستەم بوو بە ئاسانی بتوانن لە ڕێگەی دژایەتی پرۆژە بڕیاری چاكسازییەوە بەتایبەتی ئەو خاڵەی كە تایبەت بوو بە چاكسازی لە دابەشكردنی زەوی و زار بتوانن بڕوا بە جوتیارەكان بهێنن، كە ئەوان مەبەستیان لە پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان نییە، چونكە ئەو جوتیارانە بە درێژایی چەندین ساڵ لە ژیانێكی ناڕەحەت و بارودۆخێكی سەختدا بوون. بۆیە كاتێك پیاوانی ئایینیی ویستیان ئەو ڕێگەیە تاقی بكەنەوە شكستیان هێنا، ئەوەبوو جوتیارەكانیان سەرپشككرد لە نێوان وەرگرتنی زەوییەكان و ملكەچ بوون بۆ بڕیاری ئایینیی، بەڵام جوتیارەكان ئەوەی یەكەمیان هەڵبژارد، ئەوەش بەمانای گورزێكی كوشندە دەهات لە بڕیار و ڕاسپاردەی دامەزراوە ئایینییەكان،([7]) بۆیە ناچاربوون بۆ ئەوەی بتوانن، ڕووبەڕووی محەمەد ڕەزا شاو بڕیارەكانی ببنەوە، بیریان لەوە كردەوە ڕێگەی نوێ هەڵبژێرن،([8]) بۆ ئەو مەبەستەش دوای ئەوەی لە ناو پرۆژە بڕیارەكە ئەوەیان تێبینی كرد، لە یەكێك لە خاڵە بنەڕەتییەكان باس لە جیاوازی نەكردن لە نێوان نێر و مێ و ڕێگەدان بە ژنان بۆ ئەوەی هاوشانی پیاوان بەشداری بكەن لە كاری سیاسی، ئیتر ئەوە هەلی دایە دەست پیاوانی ئایینیی بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دژایەتی خۆیان بۆ پرۆژەكەی شا دەربڕن، چونكە بە بڕوای پیاوانی ئایینیی یەكسانی نێوان ژن و پیاو لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی ئایینی ئیسلام یەكناگرێتەوە([9]).

جگە لەوەش بەلای دامەزراوە ئایینییەكانەوە یاسای چاكسازی لە زەوی و زار و بەشداریپێكردنی كرێكارەكان لە پشكی كارگەكان، ناتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێـت، چونكە لەسایەی ئەو گەندەڵییەی كە لە دام و دەزگاكانی دەوڵەتدا هەیە پرۆسەكە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت، بە بڕوای پیاوانی ئاینیی ئەوانەی كە لە دەرباری شاوە نزیكبوون خۆیان دەستیان گرتبوو بەسەر زۆرێك لە تواناكای دەوڵەتدا، هەر خۆشیان قەرزی گەورەیان لە دەوڵەت وەردەگرت، بەو شێوەیەش دەیانتوانی دەستبگرن بەسەر تەواوی شار و ناوچەكانی دەوروبەریدا ([10]).

     حكومەتی ئێران هەستی بە مەترسی ناڕەزایەتییەكانی دامەزراوی ئایینیی دەكرد، هەربۆیە زۆر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرد، بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەو بڕیارانە بهێنێتەوە كە دەریكردبوون، محەمەد ڕەزا شا چەند جارێك ئەوەی دووپات كردەوە بڕیارەكانیان بە هیچ شێوەیەك دژایەتی ئایین ناكات، بەڵكو بەتەواوی لەگەڵ ئیسلامی ڕاستەقینەدا یەكدەگرێتەوە، بۆ ئەوەی دامەزراوەی ئایینیی توڕە نەكات لەسەرەتای پرۆژە بڕیارەكەیدا، ئەو زەویانەی كە سەر بەدامەزراوەی ئایینی بوون بەهۆكاری ئەوەی لەڕووی شەرعییەوە كڕین و فرۆشتنیان پێوە نەدەكرا، بڕیاریدا بەكرێ بدرێن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە دژایەتی بڕیارێكی شەرعی. ([11])

بە ئامانجی گەیاندی پەیامی پیاوانی ئایینیی شاری قوم، ئایەتوڵڵا كەمالوەند،([12]) لە شاری تاران چاوی كەوت بە محەمەد ڕەزا شا، لە دیدارەكەیاندا گفتووگۆ دەربارەی شەش بەندە بنەڕەتیەكەی شۆڕشی سپی كرا، كە لە لایەن شای ئێرانەوە ڕاگەیەندرابوو، كەمالوەند بە ڕاشكاوی ناڕەزایەتی پیاوانی ئایینی دەربارەی پرۆژە بڕیاری شۆڕشی سپی گەیاندە شای ئێران و ئەوەی دووپات كردەوە، ئەو پرۆژە بڕیارە دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ئایینی ئیسلام، بەڵام لە بەرامبەردا محەمەد ڕەزا شا ڕایگەیاند: “پێویستە تەواوی ئەو شەش بنەڕەتەی چاكسازی وەك خۆی جێبەجێبكرێت، دوای ئەوەی كە كۆمەڵگەی ئێرانی دەنگی لەسەر دەدات، ئەگەر زەوی و ئاسمانیش بەسەریەكدا بدەن، هەرگیز پاشەكشە ناكەم لە بڕیارەكەم، چونكە ئەگەر پاشەكشە لەو بڕیارە بكەم ئەوا ناچار دەبم دەست لەكار بكێشمەوە، دوای ئەوەش ئەوانەی كە جێگەی من دەگرنەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە حسابی مێروولەیەك بۆ ئێوە ناكەن، مزگەوتەكان بەسەرتاندا دەڕوخێنن و بە تەواوی لەناوتان دەبەن”.([13]) ئەو پەیامەی شای ئیران بۆ ئایەتوڵڵا كەمالوەند بەمانای هەڕەشەی ڕاستەوخۆی محەمەد ڕەزا شا دەهات لە پیاوانی ئایینی. لە درێژەی گفتووگۆكانیدا ئەوەشی بە كەمالوەند ڕاگەیاند:” دەبوایە پیاوانی ئایینی شیعە خۆشەویستی پادشایان لە پیاوانی ئایینی سووننەوە وەربگرتایە، وەك دەبینین دوای هەموو نوێژێك دوعای خێر بۆ پادشاكانیان دەكەن لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی، كەچی پیاوانی ئایینی ئیمە دژایەتیمان دەكەن”، لە بەرامبەر وتەكانی محەمەد ڕەزا شا، ئایەتوڵڵا كەمالوەند ڕایگەیاند”. پیاوانی ئاینی سووننە كارمەندی حكومەتن، دوعاكانیان بۆ لێپرسراو دەسەڵاتدارەكانیان بەشێكە لە ئەركی ئیداریان، بەڵام پیاوانی ئایینیی شیعە ڕۆژێك لە ڕۆژان كارمەندی حكومەت نەبوون، بڕیاردان لە ڕیفراندۆم بۆ هەر پرسێكی لەو شێوەیە لە دەستوری وڵاتدا نەهاتووە، بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بكات لەو بانگەشەیەی كە لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە دژایەتی دەكرا، محەمەد ڕەزا شا ڕایگەیاند كە ئەو ڕیفراندۆم ئەنجام نادات بەڵكو گشتپرسی (همه پرسی) ئەنجام دەدات، دوای ئەو پەیامەی محەمەد ڕەزا شا ئیتر تەواوی ڕۆژنامە و دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵات وشەی “گشتپرسیی جەماوەری”یان بەكارهێنا لە بری ڕیفراندۆم.([14])

 دژایەتی دامەزراوە ئایینییەكان بۆ شۆڕشی سپی، بوو بە هۆكاری تێكچوونی بارودۆخی ئاسایشی ئێران، لە چەندین شاری وەك تاران و قوم و مەشهەد لە ئۆكتۆبەری ساڵی 1962 پیاوانی ئایینی كۆبوونەوە و ئەوەیان ڕاگەیاند كە حكومەت شەرعییەتی نەماوە، هاوكات هەستان بە ڕێكخستنی ئەوانەی كە لە ناو بازاڕ كاریان دەكرد، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی داخستنی بازاڕەوە فشار لە حكومەت بكەن تا لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە، ئەوە جگە لە دژایەتی چاكسازی زەوی لە لایەن خاوەن زەوییەكانەوە، هاوكات ئەو جووتیارانەی كە سوودمەند نەبوون لە بڕیارەكە بەشداری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانیان كرد، ناڕەزایەتی ئەم جارە جیاواز بوو، ڕاستەوخۆ دروشمەكانیان دژ بە خودی محەمەد ڕەزا شا بەرزكردەوە.([15])

 

سەردانی شا بۆ شاری قوم و پێشوازی نەكردنی لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە

دوای ڕاگەیاندنی دیاریكردنی ڕۆژی دەنگدان لەسەر بەندەكانی شۆڕشی سپی، بارودۆخی وڵات بە تەواوی بەرەو تێكچوون ڕۆیشت، پیاوانی ئایینیی ئەوانەی كە داوای دژایەتی شۆڕشی سپیان دەكرد، كەوتنە پێش خەڵك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و داوایان لە خەڵك كرد بەشداری دەنگدانەكە نەكات، پیاوانی ئایینی لەشاری قوم، ڕژانە سەر شەقامەكان و دروشمی” ئیمە شوێنكەوتەی قورئانین، ڕازی نابین بە ڕیفراندۆم” یان بەرز كردەوە، دواتریش لە ڕێگەی كۆمەڵێك ڕاگەینراوەوە فەتواكانی خۆیان بڵاوكردەوە سەبارەت بە دژایەتی ڕیفراندۆمەكەی كە لە لایەن محەمەد ڕەزاشاوە ڕاگەیەندرا بوو.([16])

بۆ ئەوەی باودۆخەكە لەوە زیاتر ئاڵۆز نەبێت محەمەد ڕەزا شا بڕیاریدا خۆی سەردانی شاری قوم بكات و لەگەڵ پیاوانی ئایینیی كۆببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوەی ئایینی كە بنكەی سەرەكی لە شاری قوم بوو، كۆببێتەوە تا لە نزیكەوە گوێ لە ڕاو بۆچوونی پیاوانی ئاینیی بگرێت، سەردانەكەی شا بۆ شاری قوم لەكاتێكدا بوو كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژ بە بەشداری لە ڕیفراندۆمە گشتییەكە سەبارەت بە شۆڕشی سپی لەو پەڕی بەهێزیدابوو.  حكومەت هەموو هەوڵێكی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی لە بۆنەیەكی شایستەدا پیشوازی لە محەمەد ڕەزا شا بكەن، قایمقامی ناوەندی شاری قوم لەگەڵ پیاوانی ئایینیی و خوێندكارانی حەوزەی عیلمییەی شاری قوم كۆبوویەوە، بۆ ئەوەی ڕازییان بكات بچنە پێشوازی و دیداری شا، دڵنیای كردنەوە كە شا بۆ ئەوە هاتووە تا داواكارییەكانتان بۆ جێبەجێ بكات، بەڵام پیاوانی ئایینیی ڕەتیان كردەوە كە بچنە دیداری شا و ئەوەیان بە قایمقام ڕاگەیاند ئەوكارانەی كە لە ڕابردوودا ئەنجامیداوە دەرخەری ئەوەیە كە هیچ  بوارێكی بۆ گفتووگۆ و دانوستان نەهێشتۆتەوە، تەواوی دەرگاكانی بەڕوماندا داخستووە، بۆیە ناچینە دیدەنی شا تەنها لە حاڵێكدا نەبێت كە بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گرتنی هاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەی پێگە بۆ دامەزراوە ئایینییەكان. ([17])

محەمەد ڕەزا شا گەشتە شاری قوم، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانی نەدەكرد ڕویدا، هیچكام لە پیاوانی ئایینیی و خوێندكارانی خوێندنگە زانستییە ئایینییەكان نەچوونە پیشوازی، ئەوەش بووە هۆكاری توڕەبوونی شا و بڕیایدا نەچێتە مزگەوتی گەورەی شاری قم (فاطمە معصومە)، هەرچەندە پیشتر وا بڕیار بوو لەناو حەرەمی مزگەوتەكە لەگەڵ پیاوانی ئایینیی كۆببێتەوە، دواتر لە وتارێكدا لە بەردەم هەوادارانی خۆی پیاوانی ئایینیی بەوە تۆمەتبار كرد، دەیانەوێت ڕێگری بكەن لە پرۆسەی چاكسازی و خزمەتی كۆمەڵگەیان ناوێت، هاوكات پیاوانی ئایینیی بە ” مێشك پوچ” ناوبرد، لە ئاماژەیەكیدا بۆ سیاسەتەكانی باوكی ڕایگەیاند ئەگەر لە ڕابردوودا هێزیان بەرامبەر بەكار نەهێندرایە ئەوا پێویستمان بە سی دەیە زیاتر كات دەبوو بۆ ئەوەی بگەین بەو ئاستەی كە لە ئێستادا پێی گەشتووین، محەمەد ڕەزا شا ئاماژەی بەوە كرد، ئیتر بە هێز ڕووبەڕووی ئەوانە دەبینەوە كە لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی چاكسازی دروست دەكەن. ([18])

     ئەو دەستەواژانەی محەمەد ڕەزا شا بەكاری هێنا، بوو بە هۆكاری توڕە بوونی پیاوانی ئایینیی، لە لایەن نۆ لە گەورەپیاوانی ئایینی شاری قوم بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی لە بڕیارەكانی شا و ئەو دەستەواژانەی كە دژ بە پیاوانی ئایینیی بەكاری هێنابوو بڵاوكرایەوە، لە بەیاننامەكەیاندا جەختیان لەوە كردەوە، شای ئێران و حكومەتیش لە چوارچێوەی دەستوری وڵاتدا كار ناكەن،  هاوكات ئەوەشیان دووپات كردەوە ئەم پرۆژەیەی كە بەناوی چاكسازی لە زەوی و زار و بارودۆخی ئابووری بڵاوكراوەتەوە، لە ڕاستیدا دەبێتە هۆكاری دواكەتنی پرۆژە كشتوكاڵییەكان و گەندەڵی زیاتر لە وڵات پەرە دەستێنێت.([19]) ڕوحوڵڵا موسەوی خومەینی یەكێك بوو لەو پیاوە ئایينیانەی شاری قوم كە زۆر بە توندی دژی سیاسەتەكانی محەمەد ڕەزا شا وەستایەوە ڕایگەیاند:”لەمەودوا ڕووبەڕووبوونەوەمان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی شا دەبێت، وەك ڕابردوو دژایەتی حكومەت ناكەین و ئەم جارە ڕاستەخۆ پەیامەكانمان ڕووبەڕووی شا دەكەینەوە”، خومەینی ئەوەشی دووپات كردەوە، شا لە توانایدا نییە ئەو پرۆژە بڕیارە ڕابگرێت، چونكە ڕاگرتنی پرۆژەكە بەمانای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەو دێت،([20]) چونكە پرۆژەكە هی شا نییە، بەڵكو ئەو ڕاسپێردراوە لە لایەن ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو بڕیارەی كە پێی سپێردراوە، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو لە لایەن ئەمریكاوە دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی كە دژایەتی پرۆژەكە دەكەن، بۆیە خومەینی بۆ ئەوەی پەیامی خۆیان بگەیەنن بە دەسەڵاتدارانی وڵات داوای كرد هاونیشتیمانیان بەشداری مەراسیمی جەژنی نەورۆز نەكەن وەك ئاماژەیەك بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتیان لە بڕیارەكانی شا،([21])لەبەرامبەر داواكاری خومەینی بۆ بەشداری نەكردن لە جەژنی نەورۆز، محەمەد ڕەزاشا وتی: “ئەوانە دەیانەوێت خەڵك تەنیا بەشداری لە مەراسیمی گریاندا بكات و نایانەوێت خەڵك بەشداری خۆشی و شادی بكات، بۆیە داوا دەكەن خەڵك بەشداری جەژنی نەورۆز نەكات”.([22])

دوای هەڵوێستی شا، خومەینی جارێكی دیكە دژایەتی خۆی بۆ شۆڕشی سپی دووبارە كردەوە و بە “شۆڕشی ڕەش” ناوی هێنا”،([23]) هاوكات هێرشێكی توندی كردە سەر حكومەت و شای ئێران، جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە حكومەت شەرعییەتی نەماوە و پێویستە هەڵبوەشێتەوە، چونكە لە دەستور لایداوە، پێویستە حكومەتێكی دیكە دابمەزرێت كە پابەند بێت بە دەستور و مافی خەڵك پێشێل نەكات.([24])

گەڕانەوەی شا بۆ تاران و توندبوونی ناڕەزایەتییەكان

سەردانەكەی محەمەد ڕەزا شا بۆ شاری قوم نەك بارودۆخەكەی هێور نەكردەوە، بەڵكو ئاڵۆزتری كرد، لە خوێندنگەی فەیزییەی شاری قوم، كە بنكەی سەرەكی كۆبوونەوەی پیاوانی ئایینیی و خوێندكارانی خوێندنگە ئیسلامییەكانی شارەكە بوو، یادی ساڵوەگەڕی كوشتنی ئیمام جەعفەر سادقی ئیمامی شەشەمی شیعەكان كرایەوە، لە ناو یادەكەدا سەركۆنەی بڕیارەكانی حكومەت و شا كرا، هەر بۆیە هێزەكانی پۆلیس هەڵیان كوتایە سەر خوێندنگاكە، ئەوەش بووبە هۆكاری كوشتن و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان، هەرچەندە هێزەكانی سوپا دەستوەردانیان كرد بۆ بڵاوەپێكردنی ئەوانەی كە كۆبووبوونەوە بە بەكارهێنانی گازی فرمێسك ڕیژ، هاوكات هێرش كرایە سەر ژووری تایبەتی خوێندكارانی خوێندنگەكە و بەشێك لە كەلوپەلەكانیان سوتا، بەڵام هەموو ئەوانە نەبوونە هۆكاری كپبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی پیاوانی ئایینی و خوێندكارانی خوێندنگەی فەیزییە.([25]) جارێكی دیكە و لە مانگی حوزەیرانی 1963، لە كاتی پیشكەشكردنی وتارێكدا لە خوێندنگەی فەیزییە، ڕوحوڵڵا خومەینی هێرشێكی توندی كردە سەر ڕژێمی حوكمی شاهەنشاهی و تۆمەتباری كرد بە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە، هاوكات لە شاری تارانیش محەمەد تەقی فەلسەفی لە یەكێك لە مزگەوتەكانی تاران هێرشێكی ڕاستەوخۆی كردە سەر حكومەت و ئەو كارانەی كە بەناوی چاكسازییەوە بەنیازن ئەنجامی بدەن. ([26])

لە بەر ڕۆشنایی وتارەكانی خومەینی لە چەندین شاری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرپا بوو، سەبارەت بە بڕیارەكانی شا، تەنانەت لە شاری تاران خۆپیشاندەران  هوتافیان دژ بە شا و ئیسرائیل دەوتەوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پەیوەندی نێوان شا و ئیسرائیل. ([27])

لە یادی چلەی كوژرانی خۆپیشاندەرانی خوێندنگەی فەیزییە، خومەینی وتارێكی پیشكەشكرد، ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی لە شا كرد، وتی: “گوێ لە ئامۆژگارییەكانم بگرە، گوێ لەوانە بگرە كە بەرژەوەندی كۆمەڵگەیان دەوێت بەشێوەیەكی ڕاستەقینە، گوێ بگرە ئەی پیسی نەخۆش، تا ئێستا چل و پێنج ساڵ ژیاویت، باشترە لەوە زیاتر زیادەڕۆیی نەكەیت، ئەگینا دەبێت پەند لە چارەنووسی باوكت وەرگریت، تۆ ئێمە بە دواكەوتوو دەزانێت؟ لەڕاستیدا ئەوە تۆی دواكەوتوو و ڕەشبینی”. ئەوەش هەلێكی باشی دایە دەست شای ئیران بۆ ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی خومەینی دەربكات.([28])

لە ڕۆژی 4ی حوزەیرانی 1963، بەهۆكاری وتارەكانییەوە هێزێكی ئاسایش لە شاری تارانەوە بۆ قوم چوون و خومەینیان لە ماڵەكەی خۆی لەو شارە دەستگیر كرد و بۆ تاران گواستیانەوە،([29])دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی خومەینی لە ڕۆژ دواتر و لە 5ی حوزەیران خۆپیشاندان لە زۆرێك لە شار و شارۆچكە گەورەكانی ئێران سەری هەڵدا و داواكاری سەرەكییان ئازادكردنی خومەینی بوو.  پانتایی خۆپیشاندانان بەڕادەیەك گەورەبوون بەتەواوی حكومەتی هەراسان كرد، خۆپیشاندەران جەختیان لەوە دەكردەوە، دەستگیركردنی خومەینی بەمانی دژایەتی حكومەت دێت بۆ دامەزراوە ئایینییەكان.([30])

لەگەڵ ئەوەی بڕیاری حوكمی عورفی و قەدەغەی هاتووچۆ دەركرا، بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەشێك لە شارو شارۆچكەكان بەشێوەی پچڕ پچڕ درێژەی كێشا، هاوكات بەشێك لە پیاوانی ئایینیی لە بەیاننامەیەكیاندا كە لە شاری تاران بڵاویان كردەوە، جەختیان لەوە كردەوە، پێویستە خەڵك لە دژایەتی كردنی حكومەت بەردەوام بێت.([31])

ناڕەزایەتییەكانی پێنجی حوزەیران كە لە ئێران بە هەستانی پانزەی خورداد (قیام 15 خرداد) دەناسرێت، بەسەرەتای بەیەكدادانی خوێناوی لە نێوان ڕژێمی شاهەنشاهی و دامەزراوەی ئایینیی دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەی خۆپێشاندانەكان نەیتوانی ئامانجەكانی خۆی بەدەست بهێنێت كە سەرەكیترینیان بریتیبوو لە پاشگەزكردنەوەی شا لە بڕیارەكانی شۆڕشی سپی، بەڵام بەجۆرێك گەورەبوو كە دەنگدانەوەی لە تەواوی ئێراندا هەبوو و بۆ ڕژێمی شاهەنشاهیش سەلمێندرا كە دامەزراوە ئایینییەكان كاریگەری گەورەیان هەیە لە ناو كۆمەڵگەی ئێرانی. ([32])

بە هۆكاری بەندكردنی خومەینییەوە تادەهات دەنگی ناڕەزایەتییەكان زیاتر دەبوو، بۆیە حكومەت بڕیاریدا بەندكردنەكەی بگۆڕێت بە مانەوەی ناچاری لە ماڵەوە، هاوكات چاودێریكردنیی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، ئەو ڕێوشوێنانەش كاریگەریان نەبوو لە هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك بۆ بینینی خومەینی سەردانی ماڵەكەیان كرد، ئەوەش جارێكی دیكە خەریك بوو پێكدادان دروست بكات لە نێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكاندا، بۆ ڕازیكردنی خەڵكەكە هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە حكومەت و خومەینی ڕێكەوتوون، ئەو هەواڵەش لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە ڕەتكرایەوە. ([33])

لە ڕۆژی 6ی نیسانی 1964 حكومەت بڕیاری ئازادكردنی خومەینی دەركرد، دوای گەشتنی بە شاری قوم، خومەینی لە وتارێكیدا جارێكی دیكە هێرشی كردەوە سەر حكومەت و دەسەڵاتی شا، ئەوەشی دووپات كردەوە ئەو بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ حكومەت ڕێكنەكەوتووە، وەك لە ڕابردوودا بڵاوكراوەتەوە.([34])

بەریەككەوتنی پیاوانی ئایینیی و محەمەد ڕەزا شا سەبارەت بە بڕیاری شۆڕشی سپی بەدرێژایی ماوەی نێوان سەرەتای شەستەكان تا ناوەڕاستی هەمان دەیە درێژەی كێشا، چونكە بەلای پیاوانی ئایینییەوە ئەو بڕیارە بەرژەوەندییە ئابورییەكانیانی دەخستە مەترسییەوە، بۆ محەمەد ڕەزا شا، پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكە بەمانای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دەهات، هەر بۆیە ئامادە نەبوو لێی پاشگەز ببێتەوە.

ئەنجام

  • لەگەڵ ئەوەی پیاوانی ئایینیی هۆكاری ناڕەزایەتی خۆیان بۆ پرۆژەكەی شا بەستەوە بۆ نادەستووری پڕۆسەكە، گوایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر پرسێكی وا نادەستوورییە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆكاری سەرەكی ناڕەزایەتییان پەیوەندی هەبوو بە لێسەندنەوەی موڵكیەتیی ئەو زەویانەی كە لە لایەن دامەزراوە ئایینییەكانەوە خاوەندارێتی دەكرا و دابەشكردنی بەسەر ئەو كەسانەی كە لەسەر زەویەكە كاریان دەكرد، ئەوەش گورزێكی كوشندە بوو لە ئابووری دامەزراوە ئایینییەكان دەكەوت.
  • سەرباری ناڕەزایەتی خاوەن موڵكە گەورەكان سەبارەت بە دابەشكردنی ئەو زەویانەی كە خاوەندارێتییان دەكرد، بەڵام محەمەد ڕەزا شا سووربوو لەسەر پرۆژەكە و بڕیاریدا پاشگەزبوونەوە لە پرۆژەكە ببەستێتەوە بە وازهێنان لە دەسەڵات، ئەوەش وایكرد پرۆژەكە بخرێتە دەنگدانی گشتی و زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت.
  • بۆ یەكەمین جار بوو لە مێژووی نوێی ئێران كە ڕێگە درا بە ژن شان بەشانی پیاو بەشداری لە كایەیی سیاسی بكات و دەنگ بدات، ئەوەش لە خۆیدا گۆڕانكارییەكی نەوعیی بوو لە شێوازی بە ڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەكە كەلە پیشتردا وێنەی نەبوو.
  • هەرچەندە محەمەد ڕەزا شا لە لایەن ناڕازییەكانەوە بەوە تۆمەتبار كرا، ئەو پرۆژەیە هی ئەو نییە، بەڵكو پرۆژەی ئەمریكایە و ئەو تەنها ڕاسپێردراوە ئەنجامی بدات، بەڵام بێ گوێدانە دەنگی ناڕازییەكان پرۆژەكەی خستە دەنگدان و دواتریش بە پلە بەندی بنەماكانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

([1]) علی افشاری، انقلاب سفید؛ دریچه‌ای به روی چرایی و نافرجامی انقلاب ۵۷، تاریخ 7/بهمن1400، لینك مقال https://www.radiofarda.com/a/iran-white-revolution-after-6-decades/31674038.html.

([2]) انقلاب شاه ومردم،در سایت، https://mashruteh.org/wiki/index.php?title، تاریخ 8/ژانویە/2022.

([3]) چاوپێكەوتنی توێژە لەگەڵ، روح الله حسينيان، بەڕێوەبەری ناوەندی بەڵگەنامەی ئیسلامی لە تاران، 23/9/2014م.

([4])أمل عباس جبر البحرانى، الثورة الإسلامية في إيران دراسة تاريخية في أسبابها ومقدماتها ووقائعها، رسالة دكتوراه، كلية التربية، الجامعة المستنصرية، بغداد، 2007م ، ص234.

([5]) نفس المرجع، ص 235.

([6])- كمال مظهر أحمد، دراسات في تاريخ إيران الحديث والمعاصر، الأمانة العامة للثقافة والشباب، بغداد، 1985م ص. ص188-189.

([7]) بزهان جازني، الرأسمالية والثورة في إيران، ترجمة مركز البحوث والمعلومات، بغداد، 1983م، ص 39، آمال السبكي، تاريخ إيران السياسى بين ثورتين1906-1979م، المجلس الوطنى للثقافة والفنون والآداب، الكويت، د.ت ، ص 174 .

([8])شيماء محمد ظاهر عبد الرحمان، روح الله مصطفي الخمينى حياته ودوره السياسي في إيران 1902-1989م، رسالة ماجستير، كلية التربية، جامعة زاخو، 2011م ، ص30.

([9]) هنري حاماتي، سقوط الإمبراطورية الإيرانية، الكويت، 1980م، ص 21.

([10]) بزهان جازني، مرجع سابق، ص 41.

([11]) مروة  فاضل كاظم الكعبي، الثورة البيضاء في إيران (1961-1963م)،رسالة ماجستير غير منشورة،كلية الآداب، جامعة الكوفة، 2013م، ص123.

([12]) عەلی کەمالوەند، کوڕی حەبیبوڵڵا (عين الملك)، لە ساڵی ١٩٢١ی زایینی لە شاری بروجرد لەدایک بووە، لە قوتابخانەی فێردۆسی سەرەتایی، ناوەندی لە قوتابخانەی پەهلەوی لەهمەدان، خوێندنی باڵای لە زانکۆی تاران لە بواری ئەدەبیاتی فارسیدا خوێندووە، یەکێک بووە لە زانایانی پێشەنگی فیقه  و فەلسەفە.،  یەکێک بووه لە زانایانی خورەماباد، ئەدەبیاتی خوێندووە و بە خوێندنەوەی ئەدەبی و شیعریی ناسرابوو.بڕوانە، مروة الكعبي، نفس المرجع، ص124.

([13])مركز باء للدراسات ، الإمام يقود الثورة ، دروس من الحياة السياسية للإمام الخميني 1963 – 1989 م، ط1 ، الدار الإسلامية ، بيروت ، 2001 م ، ص 91  .

([14])حميد الأنصاري، حديث الإنطلاق. نظرة إلى الحياة العلمية والسياسية للإمام الخميني، مؤسسة نشر تراث الإمام الخميني، طهران،2002م ، ص66.

([15]) محمد رسن دمان السلطاني، موقف المؤسسة الدينية تجاه سياسة الشاه محمد رضا بهلوي الداخلية في  إيران(1962-1964م)، مجلة كلية التربية الأساسية، جامعة بابل، العدد(11)، مارس 2013م، ص662.

([16]) حسن كريم جاف، موسوعة تاريخ إيران السياسي، الدار العربية للموسوعات، بيروت، 2008م، ص. ص 274-275.

([17])شيماء محمد ظاهر عبد الرحمان، روح الله مصطفي الخمينى حياته ودوره السياسي في إيران 1902-1989م، رسالة ماجستير، كلية التربية، جامعة زاخو، 2011م ، ص32.

([18])- أمل عباس جبر البحرانى، الثورة الإسلامية في إيران دراسة تاريخية في أسبابها ومقدماتها ووقائعها، رسالة دكتوراه، كلية التربية، الجامعة المستنصرية، بغداد، 2007م , ص 237.

([19])سيد جلال الدين المدني, تاريخ إيران السياسى المعاصر، ترجمة سالم مشكور، طهران،1993م ص 70.

([20]) مؤسسة تنظيم نشر وتراث الإمام الخميني، مرجع سابق، ص146.

([21])مركز باء للدراسات ، الإمام يقود الثورة ، مرجع سابق، ص 59 .

([22]) أمل البحراني، مرجع سابق، ص 239 .

([23]) عبد الرحيم أبا ذري، انقلاب إسلامى وشهرستان ميانه,( الثورة الإسلامية في وسط المدينة) تهران, 1381ش،(2002م)، ص 102.

([24])العقيقي البخشايشي، كفاح علماء الإسلام في القرن العشرين، مؤسسة العلمي للمطبوعات، بيروت، 2002م ص 411.

([25]) مايكل فشر, إيران من الصراع الديني إلى الثورة، ترجمة مركز البحوث والمعلومات، بغداد, د.ت، ص131؛ سيد جلال الدين المدني، مرجع سابق، ص70.

(5) صابرى همداني، فيضية 1342/ تا فيضية 1357ش (حادثة حماسة آفرين فيضيه قم)،( من فيضية 1963إلى فيضية 1979م، الحدث الملحمي في مدينة قم)، مؤسسة فرهنكي، قم، 1381 ش،(2002م)، ص6.

(6) العقيقي البخشايشي، مرجع سابق، ص418.

([28]) بهرام أفراسيابي، أزكود تا إنقلاب،( من الانقلاب حتى الثورة)، ط1, تهران,1364ش,(1985م)، ص397؛

Roy Mottahedeh, The Mantle of the Prophet, New York 1985, P.246.

([29]) بهرام أفراسيابي، أزكود تا إنقلاب،( من الإنقلاب حتى الثورة)، ط1, تهران,1364ش,(1985م).، ص401.

([30])جواد منصوري ، تاريخ قيام بانزدة خرداد به روايت إسناد ساواك،( إنتفاضة 5 يونيو وفقا لوثائق السافاك)، ج1،ج2، ط1،تهران،1377ش(1998م).ص9 .

([31]) أمل البحراني، مرجع سابق، ص 242 .

([32])بزهان جازني، الرأسمالية والثورة في إيران، ترجمة مركز البحوث والمعلومات ، بغداد، 1983م ، ص183 .

([33])حميد الأنصاري، حديث الإنطلاق. نظرة إلى الحياة العلمية والسياسية للإمام الخميني، مؤسسة نشر تراث الإمام الخميني، طهران،2002م ، ص91.

([34]) أمل البحراني، مرجع سابق، ص 246 .

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (7)، ساڵی دووەم، نیسانی 2023

Send this to a friend