• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 15, 2024

گروپی ڤاگنەر

ئامادەکردن: د. جەلیل عومەر عەلی

سەرکردەی سەربازی ڤاگنەر، ێڤگێنی ڤیكتەرەڤیچ پریگۆژن، لە (٢٤/٦/٢٠٢٣) هەڵگەڕانەوەی خۆی لە هێزەکانی ڕووسیا ڕاگەیاند، ڕاستەوخۆ وەزیری بەرگری و سەرۆکئەرکانی ڕووسیا داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کرد و لە هەمان کاتدا هێرشی توندیشی کردە سەری. هێزەکانی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ کشان. لێرەوە ڤلادێمیر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و وتی کە ئەمە خیانەت و خنجەرلێدانە لە پشتەوە. لە هەمان ڕۆژدا بە ناوبژیوانیی سەرۆکی بیلاڕووسیا هەڵگەڕانەوەکە وەستا، بەو مەرجەی سەرۆکی ڤاگنەر لەو وڵاتە نیشتەجێ ببێت، بەمەش هەمووان سەرسام بوون بە خێرایی هەڵگەڕانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر و کۆتاییهاتنی.

ناوی ”ڤاگنەر” بۆ یەکەم جار لە بەهاری ساڵی ٢٠١٤، لە ساتەوەختی پێکدادانەکانی خۆرهەڵاتی ئۆکراین دەرکەوت کاتێ جوداخوازەکانی ئۆکراین کە سەر بە ڕووسیا بوون، لە دۆنباس داوای سەربەخۆییان دەکرد، پاشان ناوبانگیان بە هەموو جیهاندا بڵاوەی کرد دوابەدوای بەشداریکردنیان لە کردەوە سەربازی و ڕاهێنان و چاودێرییەکان لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە.

کۆمپانیا ئاسایشی و سەربازییە تایبەتەکان لە ڕووسیا، پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لەو دەیان هەزار سەربازەی کە بێکار بوون دامەزران وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پاشاگەردانی و ناسەقامگیری. هەر بۆیە کۆمەڵەی ڤاگنەریش بریتییە لە کۆمپانیایەکی ئاسایشی ڕووسیی نیمچەحکومی، لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و ملیاردێری ڕووسی ”یەفغینی بریغیجینی” کە بە چێشتلێنەری سەرۆکی ڕووسی ناسراوە؛ خاوەندارێتیی دەکرد، لە بەر ئەوەی چێشتخانەیەکی هەبوو خواردنی بۆ سەرۆکی ڕووسیا ئامادە دەکرد. کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا هەیە بۆ ڕاهێنانی ئەندامەکانی و پڕچەکردنی، لە بەرامبەردا وەک میلیشیا کاری نایاسایی و قیزەون بۆ وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دەکات، سەرەڕای کارە ئابوورییەکانی، ئەمەش هاوشێوەی کۆمپانیای ”بلاکۆتەری ئەمەریکی”یە کە لە عێراقدا ناوبانگێکی خراپیان هەبوو پاش ساڵی ٢٠٠٣.

هێزەکانی ڤاگنەر لە دەرەوەی هەر لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیەکی یاسایی دەجووڵێنەوە و ئەرکیان کوشتن و لەناوبردن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانە بەبێ لێپرسینەوەی یاسایی، لە بەر ئەوەی لە بنەڕەتدا کارەکانیان لە دەرەوەی خاکی ڕووسیایە و لە ناوخۆدا نییە. بەڵام ڕووسیا لە پاش هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئۆکراین لە (٢٤/٢/٢٠٢٢)، بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتی بە هێزەکانی ڤاگنەر بەستووە. سەرۆکی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لە (٢٧/٦/٢٠٢٣)دا وتی: “دەوڵەت بڕی (68.262) ملیار ڕۆبڵ (نزیکەی یەک ملیار دۆلار) وەک مووچە و پاداشت تەنها لە نێوان مانگەکانی (ئایاری ٢٠٢٢-ئایاری ٢٠٢٣)ی پێ داون”. لێرەوە سەرکردەی ڤاگنەر هەستی بە بەهێزی و لەخۆباییبوون کرد و پێی وا بوو هەر چیی بوێت دەتوانێت بیکات و گەلی ڕووسیش لەگەڵیدان. هێزەکانی لە دەوڵەتەکانی سووریا و لیبیا و مالی و ئەفەریقای ناوەڕاست بڵاوەی پێ کراوە.

لەگەڵ ئەوەی ناسنامە و ژمارەی ئەندامانی ڤاگنەر و تواناکانیان بە تەواوی نازانرێت، بەڵام هەندێک لە بەدوداچوونەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیان لە نێوان (٣،٦٠٠-٥٠٠٠) سەربازە و زۆرینەیان بە ڕەچەڵەک ڕووسیین و کەمینەیەکیان لە ئۆکرانی و ئەرمینی و مۆڵداڤی و جۆرجی و ڕووسیای سپین.

هەر لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە هەر لایەنێک یان ڕۆژنامەنووسێک بەشوێن ڕاستیی ژمارە و توانا و پەیوەندییەکانی ڤاگنەردا بگەڕێت، ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر دەبێتەوە. بۆ نموونە ڕۆژنامەنووس ”مەکسیم بورودین” کە لە سەر چالاکییەکانی کۆمەڵەی ڤاگنەر لە سووریا دەینووسی، کۆتایی بە ژیانی هات بە هۆی کەوتنەخوارەوەی لە باڵکۆنی ماڵەکەی لە مانگی ئەپریلی ٢٠١٨، وە لە هەمان ساڵدا سێ ڕژنامەنووسی ڕووسیی تر بە گوللە کۆتایی بە ژیانیان هێنرا پاش ئەوەی ویستیان فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە سەر چالاکییەکانی ڤاگنەر لە دەوڵەتی ئەفەریقای ناوەڕاست ئامادە بکەن.

پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و خانەنشینکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و پیاوانی ئاسایش، ڕوویان کردە دامەزراندنی کۆمپانیا ئاسایشی و سەربازییەکان، نزیکەی (٢٠٠٠٠) کۆمپانیای پاراستنی تایبەت لە ڕووسیا هەیە، لەگەڵ (٤٠٠٠) کۆمپانیای ئاسایشی تایبەت، هەروەها (١٠-٢٠) کۆمپانیای سەربازیی تایبەت. لێرەوە دەتوانین بڵێن کە کۆمەڵەی ڤاگنەر بریتییە لە:

١. کۆمپانیایەکە بۆ کۆکردنەوەی بەکرێگیراوەکان (المرتزقە) لە  کۆنەسەبازەکان و خانەنشینکراوەکانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕووسیا پێک هاتووە، سەرەڕای جەنگاوەرە هاوسۆزەکانی ڕووسیا لە دەوڵەتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو یاخود سڕبیا.

٢. یاخود کۆمپانیایەکی خزمەتگوزارییی سەربازیی تایبەتە لە سەر شێوازی ”بلاکۆتەر”ی ئەمەریکی کە بە شێوەی نافەڕمی کار دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا.

لە کاتێکدا هەندێک لە بۆچوونەکان دەڵێن: ڤاگنەر ناچێتە ژێر ناونیشانی کۆمەڵەی ”بەکرێگیراوان” یاخود کۆمەڵەی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان، هەروەک چۆن هەندێک پێناسەیان دەکات بەوەی کە ئامرازێکی جیۆسیاسییە، کرملین بەکاریان دەهێنێت وەک ئامرازێکی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا.

ئەم ناڕوونی و لێڵییە لە سەر کۆمەڵەی ڤاگنەر وا دەکات سیاسەتی ڕووسیا خۆی بدزێتەوە لە هەر ڕۆڵێکی فەڕمی لە ناوچەکانی ململانێی گەرم لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، بەم شێوەیەش دان نانێت بە ژمارەی کوژراوان و خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە کاتێک کۆمەڵەکە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن.

ڕسلان لیفییف نووسەری ڕووسی و دامەزرێنەری کۆمەڵەی ”Conflict Intelligence” کە کۆمەڵەیەکی بەدواداچوونی سەربەخۆیە، دەڵێت: “ڕووکارەکانی ئەم ململانێیە پێمان دەڵێت کە بەکرێگیراوانی سوپای ڤاگنەر دەستپێشخەرن لە چوونیان بۆ شەڕەکان…” ئەمەش ئەو ستراتیژەیە کە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دەیگرێتە بەر بە ناردنی بەکرێگیراوان بۆ ناوچە زۆر مەترسیدارەکان، بەمەش دوور دەکەوێتەوە لە زیان لە ڕیزی سەبازەکانی و پارێزگارییش لە وێنەی سەرکەوتنی کردەوە سەربازییەکان دەکات.

دەتوانین بڵێین ڤاگنەر لە ژێر چەتری دەوڵەتی ڕووسیا کار دەکات، بە تایبەت لە ژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی سەربازیدایە، بەڵام پانتاییەکی دیاریکراوی هەیە لە سەربەخۆیی کارکردن، وەک ئەوەی لە هێرشی ڤاگنەر بۆ سەر کارگەی غازی کۆنۆکۆ لە پارێزگای دێرزور لە سووریا لە (٧/٢/٢٠١٨) ڕووی دا کە ئەو ناوچەیەش لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا بوو بە چاودێریی ئەمەریکا. کاتێک واشنتن ڕووسیای لە هێرشەکە ئاگادار کردەوە و داوای کشانەوەیانی کرد، مۆسکۆ بێئاگایی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند.

سەرچاوەکان

 

 

 

Send this to a friend