دیدگای ستراتیژی
ئامادەكردن: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر
دیدگای ستراتیژی (Strategic vision, Strategic perspective، الرؤية الاستراتيجية) بریتییە لە خەون، ئاوات و دیدی هەر دامەزراوە و ڕێكخراوێك بۆ ئایندەی كاركردنی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی. دیدگا چەمكێكی بەڕێوەبەبردنی هاوچەرخە لە چوارچێوەی بیری ستراتیژی بۆ دیاریكردنی ڕوخساری ئایندە، لە ڕێگەی گرتنەبەری كۆمەڵێك هەنگاوی دیاریكراوی نەخشەبۆداڕێژراو، كە تیایدا پێشبینیی هەر جۆرە ئاڵنگاری و كێشەیەك كرابێت.
دیدگای ستراتیژی وەك چەمكێكی سەرەكی لە ئایندەناسی، بە خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئایندە لە پێناو گۆڕینی دۆخی ئیستادا، بە قازانجی ئامانجەكانی، هەوڵی گۆڕانكاری دەدات و دەبێتە ڕێنماییەك بۆ یەكخستنی هەوڵەكانی هەر دامەزراوەیەك لە پێناو گەیشتن بۆ ئامانجی دیاریكراو. ئامانجێك كە لە ڕێگەی تێگەیشتن لە دۆخی ڕابردوو و ئێستا، بیر لە ئایندەی خوازراو دەكاتەوە. بە پێی ئەم پێناسەیە، مەرجێكی سەرەكی بۆ داڕشتنی دیدگایەكی ستراتیژیی لێكدانەوە و ڕاڤەی وردی بژاردەكانی ڕابردوو و ئێستایە كە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە دیدگایەكی ستراتیژی. لەم ڕووەوە دیدگای ستراتیژی، چەمكێكی بەرفراوانە بۆ پێناسە و وەسفكردنی هەوڵێكی گشتی لە چوارچێوەی بەرنامەڕێژییەكی ستراتیژییانە كە لە بنەڕەتدا ئامانجی هەر كار و پڕۆژەیەكە. لەم چوارچێوەیەدا، دیدگای ستراتیژی یارمەتیدەرە بۆ دانانی پارامێتەرەکان بۆ پەرەپێدانی پلاندانان بۆ ئەو هەنگاوانەی كە تایبەتن بۆ هێنانەدیی ئەو دیدە.
دیدگای ستراتیژی هەڵگری كۆمەڵێك پرسیارە، وەڵامدانەوەیان ئاسۆی كاركردنی هەر دامەزراوەیەك دیاری دەكات. چوار پرسیاری سەرەكی لە هەر دیدگایەكی ستراتیژی بریتین لە: 1. بۆ كوێ دەڕوێن (فەلسەفەی بوونی دیدگا)؟ 2. چۆن دەمانەوێت بگەیەنە ئامانج (ستراتیژییەكان)؟ 3. توانا و بەردەستەكانی ئێمە بۆ ئەم هەوڵە چین؟ (بودجە) 4. چۆن ئاگادار دەبین كە ڕێگەی دروستمان گرتووەتە بەر؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە تا ڕادەیەكی باش دیدگای دامەزراوەكان ڕوون دەكاتەوە.
گرنگیی دیدگا بۆ هەر ڕێكخراو و دامەزراوەیەك، لەوەدایە كە “بەرنامەی كار” دەخاتە بەردەم كارمەندەكانی بۆ ئەوەی بتوانن بە هۆیەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببنەوە و سەر بكەون بەسەریدا. لە لایەكی ترەوە دامەزراوەكان دەتوانن بە خستنەڕووی دیدگاكانیان، كەس و لایەنەكانی دەرەوەی خۆیان بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش ڕابكێشن و سوود لە ئەزموونی كەسانی شارەزا و بەتوانا وەربگرن. دیدگای هەر دامەزراوەیەك هۆكارێكە بۆ هێنانەكایەی “كولتوورێكی هاوبەشی كاركردن” كە لە سەرۆكی دامەزراوەكە بۆ خوارەوە پیادە دەكرێت و دەبێتە بنەمایەك بۆ پابەندبوونی ئەندامانی دامەزراوەكە بە “بەرنامەیەكی هاوبەش” و “هەستی بەرپرسیارێتی” بەرامبەر ئەو بەرنامەیە. هەر بۆیە ئەگەر دامەزراوەیەك خاوەنی دیدگایەكی ڕوون و ئاڕاستەكراو نەبێت كە تیایدا خەونەكانی بەرجەستە كردبێت، تووشی لادان دەبێت و پەشێوی لە كاركردن و سەرلەشێوایی لە بڕیاردان دێتە كایەوە. ئەگەر بەشداربووانی دامەزراوەیەك باوەڕیان بە دیدگاکە نەبێت و پشتگیریی نەكەن، ئەوا چانسی گەیشتن بە ئامانجەکە لە ماوەی دیاریکراودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
هەر دیدگایەك بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، دەبێت كۆمەڵێك هەنگاوی یەك لەدوای یەك بگرێتە بەر؛ لە هەنگاوی یەكەمدا پێویستە “ئامانجە درێژمەوداكان”ی دیاری بكات و لە هەنگاوی دووەمدا “بەها تایبەتەكان”ی دەستنیشان بكات، ئەو بەهایانەی كە لەگەڵ ئامانجەكانی دامەزراوەكە سازگارە. دیدگا پێویستە سادە، ڕوون و ورد بێت، واتە لە چەند ڕستەیەكی كورتدا پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت و دواجار پێویستە لە هەر دیدگایەك “كات” دیاری بكرێت و بیر لەوە بكرێتەوە كە هەر پڕۆژەیەك پێویستی بە چەنێك كات هەیە كە ئامانجەكانی بهێنێتە دی. لەگەڵ ئەمەشدا، مەرجێكی سەرەكی كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی دیدگایەكی ستراتیژی بە شێوەیەکی دروست دابڕێژرێت و توانای بەردەوامی هەبێت، ئەوەیە کە دیدگا “واقیعیانە” دابڕێژرێت و لەگەڵ توانا و بەردەستەكانی دامەزراوەكە بگونجێت.
تایبەتمەندییەكی گرنگی دیدگای ستراتیژی ئەوەیە بوار دەدات بۆ ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوەی ستراتیژییەکان بە پێی پێویست، بەبێ ئەوەی خودی ئامانجی کۆتایی بگۆڕدرێت. ئەم تایبەتمەندییە وا دەکات كە بتوانرێت سیاسەت و ڕێکارەکان لە کاتی پێویستدا بۆ بەردەوامیی خێرایی لە كارەكان، بگۆڕدرێت. ناساندنی كەمپینەكانی نوێی ڕیکلام، دۆزینەوەی بازاڕ، پێشکەوتن لە هێڵی بەرهەمەکان و هەر ستراتیژییەکی تر، ئەگەری هەیە دامەزراوەكە بەرەو پێشەوە ببات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی دیدگا. بەم پێیە بۆ ئەوەی بازرگانییەك سەرکەوتوو بێت، دەبێت لانی کەم یەک دیدەوانی (visionary) هەبێت کە بتوانێت دیدگایەكی ستراتیژی کارا و سەرنجڕاکێش دابڕێژێت.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئایندەناسی و دیدگای ستراتیژی؛ لە ئاستی دامەزراوەكاندا جیاوازی نێوانیان بەدی دەكرێت بە شێوەیەك كە ئامادەكردنی دیدگای ستراتیژییانە جەخت لەسەر حەزی نێوخۆیی و ئەولەویەتەكانی دامەزراوە یان ڕێكخراوەكە دەكات، لە كاتێكدا ئایندەناسی بەها بە حەزە دەرەكییەکان و ئەو هۆكارانە دەدات كە لەوانەیە ئەنجامەكەی، ئایندەی خوازراوی ئێمە بێت و لەوانەشە نەبێت. بەم شێوەیە ئایندەناسی تێڕوانینێكی فراوانتری هەیە و داتا بەدەستهاتووەكانی لە دانانی دیدگای ستراتیژی بەكار دێن. بە واتایەكی ڕوونتر: “ئایندەناسی كارێكی سەرووترە لە دانانی دیدگای ستراتیژی و مادام بڕیار و ئاڕاستە نوێیەکانی ئێمە لەسەر بنەمای زانیارییەكانی ئایندەناسییە، هەر بۆیە ئەنجامەكانی ئایندەناسییە كە گۆشەنیگا و وێنای ئێمە بۆ ئایندە دەگۆڕێت”. سەرباری ئەمەش، پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو چەمكە بە شێوەیەكە كە ئایندەناسی و ئایندەناسان لە خزمەتی داڕشتنی دیدگای ستراتیژیین و پسپۆڕانی كایە جیاوازەكانی سیاسەت و ئابووری ڕۆڵی ڕاوێژكاری كۆمپانیا و دامەزراوەكان دەبینن لە داڕشتنی دیدگای ستراتیژی.
سەرچاوەكان
- عیوضی، محمدرحیم (1395)، “آیندەپژوهی سیاسی”، فصلنامه راهبرد، سال بیست و پنجم، شماره هفتاد و نهم.
- كاظمی، معصومە؛ قرونه، حسن؛ كاظمی، نفیسه، بابكی راد، اعظم (1397)، “بررسی مفاهیم و مبانی پسنگری و مقایسه آن با پیشبینی و چشم انداز سازی”، فصلنامه آیندەپژوهی مدیریت، سال بیست و هشتم، شماره 114.
- Tatum, Malcolm (24\4\2022), “What is Strategic Vision?”, https://www.smartcapitalmind.com/what-is-strategic-vision.htm, (accessed on: 31\5\2022).
ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی