گوندپارێز (Köy Korucusu)
تورکیاناسی
گوندپارێز بەو کەسانە دەگوترێت کە لە گوندەکانی باکووری کوردستان لە تورکیا دەژینو وەک “نیمچەسەرباز” بە پشتیوانیی یاسایی، داراییو سەربازیی دەوڵەت “گوندەکانیان لە هێرشی تیرۆریستان” دەپارێزن. ناوی تەواوی ئەم هێزە بریتییە لە هێزی ئەمنیی گوندپارێزی تورکیا (Türkiye Güvenlik Köy Korucuları)و لە کۆمەڵگەو میدیادا دەستەواژەی گوندپارێز (Köy Korucusu)یان بۆ بەکاردەهێنرێت، واتە ئەم کەسانە وەک “جاش” وان، کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەدام حسێن لە باشووری کوردستان هەبوونو دژی پێشمەرگە شەڕیاندەکرد، گوندپارێزانیش دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) شەڕدەکەن.
بنەڕەتی گوندپارێز دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، لە کاتێکدا ژمارەی ئەندامانی سوپاو هێزەکانی جەندرمەو هێزە ئەمنییەکان لە ئاستێکدا نەبوو کە بە سەرجەم ناوچەکانی تورکیادا بڵاوبکرێنەوەو لە هەمان کاتدا توانای داراییو سەربازیی دەوڵەتیش لەو ئاستەدا نەبوو بنکەی سەربازیو هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان بکاتەوە، لە بەرانبەریشدا کاری چەتەییو ڕێگری لە ناوچە دوورەدەستەکانو ڕێگاکان لە زیادبوونو فراوانبووندا بوو، بۆیە لە ساڵی (١٩٢٤) یاسای گوندپارێزی کاتی (Geçici Köy Korucuları Kanunu)ی ژمارە (٤٤٢) لە پەرلەمانی تورکیاوە دەرکرا. لە سەرەتاوە ئەندامانی ئەم هێزە دابەشکران بە سەر “ئەندامی بەکرێ (Ücretli) لەگەڵ خۆبەخش (Gönüllü)، هەر ئەندامێکی ئەم هێزە بە گوێرەی تایبەتمەندیی “کرێو خۆبەخش” چەکو پێداویستیی سەربازیی پێدەدرا.
هەرچەندە پاش شەش ساڵ لە جێبەجێکردنی یاساکە، وردە وردە بە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانو سوپاو لە هەمان کاتدا باشبوونی توانا سەربازییەکانو فراوانبوونی بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا، “گوندپارێزی کاتی” لە مەیداندا نەما، بەڵام یاساکە وەک خۆی مایەوە. دوای دروستبوونی پەکەکەو فراوانبوونی مەیدانی شەڕی گەریلایی لە نێوان سوپای تورکیا، بە هۆی نەبوونی بنکەی سەربازیی پێویستی سوپاو هێزە ئەمنییەکان بە تایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکان جارێکی دیکە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ئاداری (١٩٨٥) هەمواری یاساکەی کردەوەو لە ژێر ناونیشانی گوندپارێزان (Köy Korucuları) لە مەیداندا دەستکرایەوە بە بەکارهێنانی. سەرەتای جێبەجێکردنەوەی یاساکە لە ساڵی (١٩٨٥)، ژمارەی گوندپارێز نزیکەی (٨) هەزار کەس بووە، لەم ڕێژەیەش نزیکەی (٤) هەزاریان چەکدارکرابوون. لە (١٩٨٥) هەتا (١٩٩٠) لە ڕێگەی دانوستانی فەرماندەکانی سوپا لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتەکانی ناوچە کوردییەکان “گوندپارێز” وەردەگیرا، لە بەرانبەردا پشتیوانیی ماددیو مەعنەوی دەوڵەت بۆ سەرۆکی عەشیرەتەکان زیاتردەبوو.
زۆرینەی ئەندامانی ئەم هێزە کوردن، بەڵام ئەندامی بە ڕەگەز تورک، چەرکەز، ئۆزبەکو قیرغیزیشیان تێدایە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ژمارەی ئەندامانی ئەم هێزە لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنیدا نزیکەی (٨) هەزار کەس بووە، ئەم ژمارەیە هەتا ساڵی (١٩٩٠) دەبێت بە (١٨) هەزارو لە ساڵی (١٩٩٤) گەیشتووە بە (٦٣) هەزار کەس. ئێستایش هەرچەندە داتایەکی دروستو متمانەپێکراو نییە، بەڵام ژمارەیان هەتا کۆتایی ساڵی (٢٠١٨) بە گوێرەی هەواڵی کەناڵی تەلەفزیۆنی (TRT Haber)ی دەوڵەتی تورکیا (٢٥٠) هەزار کەس بووە. ڕەنگە ئێستا ئەو ژمارەیە نزیکبووبێتەوە لە (٣٠٠) هەزار کەس، ئەمەیش بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، قەیرانی داراییو بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەڵاوسانو گرانیو زۆریی ڕێژەی بێکارییەوە لە تەواوی تورکیاو بە تایبەت لە باکووری کوردستانو دواکەوتوویی ئەو ناوچانە لە ڕووی ڕۆشنبیریو گەشەسەندنی ئابوورییەوە.
هۆکارو ئامانجی سەرەکیی پێکهێنانی ئەم هێزە بریتی بووە لە شارەزایی ئەو کەسانەی دەبوون بە ئەندامی هێزە بەو جوگرافیا، زمان، ئاین، کولتوور، کەشو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ناوچەیەی کە ئەرکی سەربازییان تێدا جێبەجێدەکرد. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەم هێزە لە لادێکانی خۆیان یان دەوروبەری گوندەکانی خۆیاندا ئەرکدار دەکران.
هەرچەندە “گوندپارێز” سەرەتا تەنها بۆ پارێزگاری لە خۆیانو گوندەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە وەک هێزێکی ناڕەسمی دروستکراوە، بەڵام دواتر لە چوارچێوەی ڕێنمایی گوندپارێزان (Köy Korucuları Yönetmeliği)، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکراوە، قاڵبێکی نیمچەفەرمییان بۆ دروستکراوە. لە هەمان کاتدا لەلایەن فەرماندەیی جەندرمە (Jandarma Komutanlığı) پێداویستیو ڕاهێنانی ئەمنیو سەربازییان پێدەکرێت.
گوندپارێزەکان لە ژوورێک یاخود خانوویەکی ناو گوندەکان یان شوێنە گرنگەکانی دەوروبەری گوندەکاندا بە سەرە پاسەوانیی ناوچەکانی خۆیان دەکەن. لە هەمان کاتدا دوای وەرگرتنی ڕاهێنانی سەربازیی پێویستو دابینکردنی پێداویستییەکانیان بەشێک لەم هێزانە شانبەشانی سوپای تورکیا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان دژی گەریلای پەکەکە لە باکوورو باشووری کوردستان دەکەن، ئەمە جگە لەوەی خاڵی پشکنینی کاتی (سەیتەرە) لە سەر ڕێگەی نێوان قەزاو ناحیەو پارێزگاکانی باکووری کوردستان دادەنێن.
هەندێک لە گوندپارێزەکان لە ڕێگەی ڕاهێنانی سەربازیو دابینکردنی پێداویستیی تەواوەوە لە ڕووی ئەرکو چالاکییەوە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ سەربازانی سوپای تورکیادا نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا مافە داراییو کۆمەڵایەتییەکانیان هاوشێوە نین.
بە گوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، هەتا ئێستا زیاتر لە دووهەزار گوندپارێز لە شەڕو پێکدادانەکان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراونو برینداربوون. ژمارەیەک لەمانە بە هۆی بەشداریکردنیانەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بووە.
بە گوێرەی وتەی دانیشتوانی گوندەکانی باکووری کوردستان، “گوندپارێزەکان” تۆمەتبارن بە تاوانی کوشتنو بریندارکردنو ڕفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنیی بێتاوان. بۆ نموونە بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا (İnsan Hakları Derneği)، “لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە زیاتر لە (٢٠٠) کەس لەلایەن گوندپارێزەوە کوژراوەو نزیکەی (٣٠٠) کەسیش بریندارکراون”. لە لایەکی دیکەوە لەبەرئەوەی “گوندپارێزەکان” پارێزبەندییان هەیە، دەستیانکردووە بە کاری قاچاخی لە سنوورەکانی نێوان عێڕاق تورکیاو بەم هۆیەیشەوە چەندین کەس ماڵو سامانێکی زۆریان کۆکردووەتەوە. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، کە ساڵی (٢٠٠٦) ئامادەکراوە، نزیکەی پێنجهەزار ئەندامی هێزەکانی گوندپارێز تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆر.
پێکهێنانی هێزەکانی گوندپارێز لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێگەیکردەوە بۆ پەکەکە بۆ ئەوەی ئەو حیزبەیش لە کۆنگرەی سێیەمی خۆیدا لە تشرینی یەکەمی (١٩٨٦) پێداچوونەوە بە مەکتەبی سەربازیدا بکات، بەم جۆرە لەلایەن پەکەکەوە بەشداریکردنی هاوڵاتیانی باکووری کوردستان لە “هێزی ڕزگاریی خەڵکی کوردستان” کە باڵی سەربازیی پەکەکە بوو، کرا بە ناچاری. هەروەها لەبەرئەوەی پەکەکە پێیوابووە “گوندپارێز ناپاکی لە خەڵکی کورد دەکات، بۆیە وەک ناپاک ناوزەدیکردوون، ئەمە جگە لەوەی وەک پارێزەری سیستەمی دەرەبەگایەتییش ناسێنراوە لەلایەن پەکەکەوە”، هەر بۆیە گوندپارێزەکان زیاتر لە سەربازانی سوپای تورکیا لەلایەن گەریلای پەکەکەوە کراونەتەئامانج.
سەرەڕای ئەمانەیش، گوندپارێزەکان لەلایەن دەوڵەتەوە وەک کارمەندی نیمچەفەرمی هەژماردەکرێنو هەمان مافی هێزە سەربازیو ئەمنییەکان بە گوندپارێزەکانیش ڕەوانابینرێت. ئەندامانی هێزی گوندپارێز گلەیی لە حکومەتی تورکیا دەکەن کە مووچەی کەمیان پێدەداتو هەتا ئێستایش بیمەی تەندروستیو دەوڵەتییان نییە، هەروەها جگە لە مووچەیەکی کەمی مانگانەو پێدانی چەکو فیشەک خەرجییەکانی دیکەیان لە سەر باخەڵی خۆیانە.
گوندپارێزی بەدەر لە کێشە ئەمنییەکان، بووە بە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیو نەمانی متمانە لە ناو هاوڵاتیانی باکووری کوردستاندا بە یەکدی. وەک گوندپارێزەکان خۆیان دەڵێن: “ناتوانین لە هەر شوێنێکدا بە ئاشکرا بڵێین گوندپارێزین”، ئەمەیش لەبەرئەوەی وەک خۆیان دەڵێن: “خەڵک بە چاوێکی سوک تەماشاماندەکەنو ئامادە نین هاوکاریو مامەڵەی کۆمەڵایەتیو بازرگانییمان لەگەڵدا بکەن”.
هەروەها ئەم دابەشبوونە چەکدارییەی کوردو باکووری کوردستان بە سەر گەریلای پەکەکەو گوندپارێزی سەر بە دەوڵەتدا بووە بە هۆی دابەشبوونی ئایینی، نەتەوەییو کۆمەڵایەتی، واتە بەشێک لە کوردەکان ڕوودەکەنە شاخو وەک گەریلا دژی دەوڵەت دەجەنگن، بەشێکی دیکەیش بە پشتیوانیی ماددیو سەربازیی دەوڵەت دژی پەکەکە دەجەنگن، بەم جۆرە هاوڵاتیانی باکووری کوردستان لە دوو بەرەوە چەکهەڵدەگرنو دەجەنگن، ئەمەیش ڕێگرێکی سەرەکیی گەشەسەندنی ئابووریی ناوچە کوردییەکانە، لەبەرئەوەی بەشێکی سەرەکیی توانای خەڵکەکەی، بە تایبەت گەنجەکانی، بە هۆی چەکداریو شەڕو پێکدادانەوە بەهەدەردەڕوات.
سەرچاوەکان
- Al Jazeera Turk, Korucunun bir günü, 19.02.2015, https://www.youtube.com/watch?v=Y2cdGySV8yA, 03.12.2024
- Anadolo Agency, Van’ın “kırgız” korucuları, 15.04.2013, https://www.youtube.com/watch?si=0VrfnpctsjVWzWoZ&v=itxF2pSGaCw&feature=youtu.be, 03.12.2024.
- Artisirt, Siirtli güvenlik korucusu kuzey Irak’ta şehit düştü, 23.05.2024, https://www.artisiirt.com/siirtli-guvenlik-korucusu-kuzey-irak-ta-sehit-dustu/117286/, 03.12.2024
- Hürriyet, Şırnak2ta bir güvenlik korucusu şehit düştü, 24.01.2023, https://www.hurriyet.com.tr/gundem/sirnakta-1-guvenlik-korucusu-sehit-oldu-42208212, 03.12.2024
- Lexpera, Köy Koruyucuları Yönetmeliği, 05.07.2004, https://www.lexpera.com.tr/mevzuat/yonetmelikler/koy-koruyuculari-yonetmeligi, 03.12.2024
- Resmigazete, KÖY KORUCULARI YÖNETMELİĞİNDE DEĞİŞİKLİK, 10.01.2012, https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2012/01/20120110-4.htm, 03.12.2024
- TRT Haber, Korucular nasıl yetişiyor, hangi eğitimleri alıyor?, 25.12.2018, https://www.youtube.com/watch?v=QOMBiwRMz-I, 03.12.2024
- Veysel ERAT, Kamu Görevlisi Kavramı Açısından Geçici Köy Korucuları, Dokuz Eylül Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi Cilt:28, Sayı:1, Yıl:2013, ss.169-196, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/210934, 03.12.2024
- Wikipedia, Village guard system, 31.10.2024, https://en.wikipedia.org/wiki/Village_guard_system, 03.12.2024