بەکارهێنانی دین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا
مەهمەت شاین
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: هەڤاڵ ئازاد محی الدین
پوختە
لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، ئێران هەوڵیداوە کە دین بکات بە بنەمایەکی گرنگ لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا. ئەو ڕژێمەی کە لەدوای شۆڕش دروستبوو، خۆی وەک پارێزەر و بەرگریکاری هەموو مسوڵمانان ناساندو سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی کرد بە بابەتێکی گرنگی ئەو سەردەمە. بەڵام لە دوای شۆڕشەوە تا ئێستا ئەگەر سەیری سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست دەبینین کە ئێران لە بری دین زیاتر سیاسەتێکی پراگماتیکی پەیڕەو کردووە. دینی تەنها وەک ئامرازێکی شەرعی و ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی نفوزی خۆی بەکارهێناوە. ئەو سیاسەتە دەرەکییەی کە ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە بەکاریهێناوە بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە دین بە تەنها ئامرازێکی بەلاغەت (بڕوا پێهێنان)ە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا.
کلیلە وشەکان:
ئێران، سیاسەتی دەرەوەی ئێران، هەناردەکردنی ڕژێم، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست، ئایین، سیاسەتی دەرەوە.
بەرایی
ئایین، تێرمێکە بەردەوام لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا فەرامۆش کراوە و گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە. دەوڵەتان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجدانیاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ لایەنی ئایینی نەکردووە. بێگومان فەرامۆشکردنی ئایین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، وا دەکات کە تێگەشتن لە سیاسەت و دیبلۆماسی هاوچەرخ تا ڕادەیەکی زۆر ئەستەم بێت.(١) بەڵام لەدوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و دامەزراندنی ڕژێمێکی ئیسلامی-ئایینی و دواتر بە کارهێنانی ئایین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، پێگەی دین لە سیاسەتی دەرەوەدا بوو بە جێگەی بایەخ و مشتومڕی چاودێران. ئەگەرچی دین لە ڕۆژئاوادا بەرامبەر بە دەوڵەتی نەتەوەیی ڕۆڵی زۆر لاواز دەبینێت، بەڵام بە پێچەوانەی ڕۆژئاواوە دین لە فەرهەنگی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام پارێزگاری کردووە لە گرنگی و پێگەی خۆی و بەردەوام ئەم گرنگییەی دین لە ناوچەکەدا ڕوی لە زیادبوون کردووە. شۆڕشی ئێران ئەم کاریگەری و هێزەی دینی لە سیاسەتی ناوخۆی و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر ئەکتیڤ کرد. لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ دا دۆخێکی نوێی ئایینی سەری هەڵدا، کە ئەویش دەوڵەتی ئایینی بوو. ڕژێمی نوێی ئێران هەرچەندە لە سیاسەتی دەرەوەدا تایبەتمەندییەکانی ئایینی بە هەند وەرگرتبێت ئەوا بەو مانایە نایەت کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە تەوای لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی ئایین داڕێژرابێت. بە دەستەواژەیەکی تر، ئایین تاکە سەرچاوەی گرنگی بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران نییە. هەر لەبەرئەوەشە کە تەماشای سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکرێت لە دوای شۆڕشەوە تا ئێستا دین تەنها وەک ئامرازێک بەکارهاتووە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە. بەم شێوەیە دین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا دەبێت بە دەستەواژەیەکی بەلاغەت و وەک یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەکار دەهێنرێت. بۆیە دەبینین هەروەک لە سەدەکانی پێشتردا هەبووە، لە سەدەی بیستەم و لە ئێستایشدا دین نەک بە تەنها ئێران، لە لایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە وەک ئامرازێکی مەشروع لە سیاسەتی دەرەوەدا بەکارهاتووە.
دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ڕابەر و کاربەدەستانی باڵای ڕژێمی ئێران بە هەمان شێوەی سیاسەتی ناوخۆ هەوڵی بەکارهێنانی دینیان داوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. بەردەوام ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە شۆڕشی ئێران تەنها سەرەتایەکە و بە تەنها لە سنوورەکانی ئێراندا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە بڵاوبونەوەی لە هەموو ئەو ناوچانەی کە مسوڵمانی تێدا دەژی.(٢) هەروەها جەختیان لەوە کردۆتەوە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێراندا ڕژێمێک دروستبووە کە بەردەوام لە هەوڵی خزمەتکردنی ئاییندا دەبێت. تەنانەت لە دەستوری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران نەک بە تەنها پارێزەری ئێرانە، بەڵکو پارێزەری تەواوی مافی مسوڵمانانی جیهانە.(٣) بەم شێوەیە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە تەنها خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ئێران، بەڵکو لەهەمانکاتدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە پاراستنی تەواوی مافی مسوڵمانانی جیهان. وەک پێویستییەکی ئەم بەرپرسیارێتییە، سیاسەتی هەناردەکردنی ڕژێم بووە بە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران. بە تایبەتی لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە هەتا مردنی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئایەتوڵڵا خومەینی سیاسەتی هەناردەکردنی ڕژێم توانیبووی پێگەو گرنگی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بپارێزێت.
ئایین وەک بنەمایەکی ئەمنی
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دادەمەزرێت، بەردەوام هەوڵیداوە لە ڕێگەی بە کارهێنانی ئایینەوە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی فەراهەم بکات. شۆڕشگێرانی ئێران و کاربەدەستانی باڵا بە تایبەتی خودی خومەینی پێیان وابوو قەتیس بوونی شۆڕش بە تەنها لە سنوورەکانی ئێراندا بە جۆرێک لە جۆرەکان شکستی شۆڕشی ئیسلامییە.(٤) لەبەرئەوە هەوڵیان داوە لە ڕێگەی سیاسەتی هەناردەکردنی ڕژێمەوە (شۆڕش) ئاسایشی شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەراهەم بکەن. ئێران کە خاوەنی چەندین نەتەوە و ئایینی جیاوازە توانیویەتی لە ڕێگەی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشەوە جگە لە ئاسایشی نێوخۆی ئاسایشی دەرەوەیشی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. هەر بۆیە کاتێک کە سەرنج لە پێشهاتەکانی جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت ئەم دۆخەی ئێران بە باشی ڕوون دەبێتەوە. چونکە لە ئێستادا ئاسایشی ئێران دور لە سنوورەکانی خۆی لە دەریای سپی (ناوەڕاستەوە) دەست پێدەکات. کاتێک کە تەماشای لینکی نێوان شیعەکانی لوبنان و ئێران بکرێت ئەوا ڕوونتر لەوە تێدەگەین کە ئاسایشی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە دەست پێدەکات. هەر بۆ ئەم مەبەستەیە کە ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە هەوڵی داوە هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە شیعەکانی لوبنان بکات و پەیوەندی تۆکمەیان لەگەڵ دروست بکات.(٥)
سەرەڕای ئەوەی دوای شۆڕش هەناردەکردنی شۆڕش وەک ئەرکێکی ئایینی باسی لێوەدەکرا، بەڵام ئامانجی سەرەکی پاراستنی خودی شۆڕشی ئێران بوو. بەو مانایەی کە بەلاغەتی ئایین لە سیاسەتی دەرەوەدا زیاتر وەک ئامرازێک بەکارهاتووە نەک وەک ئامانجێک کاری بۆ بکرێت. هەر لەبەر ئەوەشە وەک پێشتریش باسی لێوەکرا کاتێک کە سەیری سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکرێت لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و تا ئێستا بە ئاشکرا دەبینرێت کە ئایین وەک ئامرازێک لە سیاسەتی دەرەوەدا بەکارهاتووە.
ئێران لە سەردەمی پێش شۆڕشدا و لە کاتی ڕژێمی شادا هەوڵیداوە کە شەرعیەتی خۆی لە سیاسەتی ناوخۆدا ببەستێتەوە بە ڕۆژئاواییبوون مۆدێرنبوون و ئاسایشی دەرەوەشی ببەستێتەوە بە فەراهەمکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکادا. بەڵام ئێران دوای شۆڕش هەوڵی داوە کە شەرعیەتەکەی ببەستێتەوە بە ئایینەوە و ئاسایشیشی ببەستێتەوە بە سیاسەتی هەناردەکردن شۆڕشەوە. لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران باوەڕیان وابوو کە مانەوەی شۆڕش بەتەنها لە سنووری ئێراندا بە مانای شکست و لەناوچوونی شۆڕش دێت، بۆیە دەیانویست فەزای نوێ بۆ ژیانی شۆڕش بونیاد بنێن، بۆ بونیادنانی ئەم فەزایەش ئایینیان بە ئامرازێکی گونجاو زانی و دەستیان کرد بە بەکارهێنانی.
کاتێک کە لە ڕوانگەی ئێرانەوە بیر لە هەناردەکردنی شۆڕش دەکرێتەوە، ئەوا بە بێگومان دەتوانرێت بوترێت کە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە ئێران دەکات. چونکە ئێران لە ڕێگەی ئەم سیاسەتەوە توانیویەتی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. بەم شێوەیە ئێران دەتوانێت لەگەڵ دوژمنەکانیدا لە جەنگ و ئاشتیدا هەموو ئەو کارت و فشارانە بەکاربێنێت کە دەکەونە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە. باشترین نمونەش بۆ ئەمە بێگومان پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبناندا. زانراوە کە ئێران خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێز و ڕێکخراوە لەگەڵ شیعەکانی لوبنان و تەنانەت ڕابەری حیزبوڵڵا حەسەن نەسروڵا علی خامنەی بە مەرجەی باڵا دەزانێت(٦) و خودی خۆی وەک نوێنەری علی خامنەی دەناسێنێت لە لوبنان.(٧) ئێران بە هۆکاری پەیوەندییەکانی لەگەڵ شیعەکانی لوبنان توانیویەتی ببێت بە ئەکتەرێکی گرنگ لە دەریای ناوەڕاست و نفوزی خۆی لەو ناوچانەدا فراوان بکات. ئێران لەگەڵ ئەوەی هەوڵدەدات لە ڕێگەی هەناردەکردنی شۆڕشەوە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی خۆی فەراهەم بکات، هاوکات کاریگەرییەکی گەورەیشی کردۆتە سەر ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە خاوەنی دانیشتوانی شیعە مەزهەبن لە ناوچەکدا.(٨)
لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ خودی خومەین و ڕابەرانی تری شۆڕش ڕایانگەیاند کە ئێران و ڕابەرانی شۆڕش پارێزەری تەوای مافی هەموو مسوڵمانانی جیهانن بە بێ جیاوازی. جەختیان لەوە کردەوە کە کێشەکانی فەلەستین، قودس، لوبنان کێشەی ئێرانێشە. تەنانەت بەمەیشەوە نەوەستان ڕایانگەیاند کە لە هەرشوێنێکی جیهان هەر هێرش و مەترسییەک بۆ سەر هەر لایەنێکی ئیسلامی وەک هێرش و مەترسی بۆ سەر ئێران دەیبینن و هەڵوێستی جدییان دەبێت سەبارەت بە هەر ڕوداوێک کە بکرێتە سەر هەر مسوڵمانێک. هەر بۆیە دەبینین کە ئێران کاردانەوەی توندنی دەبێت بەرامبەر سەلمان ڕوشدی دوای بڵاوکردنەوەی پەرتوکێک کە تێیدا هێرشی کردبوویە سەر ئیسلام. ئێران هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئەم سیاسەت و پەرچەکردارانەوە لە ناوخۆ بەهێز ببێت و ڕەزامەندی مسوڵمانانی دەرەوە بەدەست بێنێت و بتوانێت هەست و سۆزی مسوڵمانان بەلای خۆیدا ڕاکێشێت. هەروەها دوژمنی ئیسلام و مسوڵمانانیان بە دوژمنی ئێران ناساندووە، کە ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ زیادکردنی دوژمنانی شۆڕش لە دەرەوە و بە دەستهێنانی هێز لە ناوخۆدا.
ئەگەر چی ئێران بەردەوام هەوڵیشی دابێت کە خۆی وەک پارێزەری تەواوی مسوڵمانان بناسێنێت، بەڵام کاتێک کە سەریری جێبەجێ کردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکرێت دەبینرێت کە ئایین تەنها وەک ئامرازێکی مەشروع بەکارهاتووە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە. بێگومان بۆ تێگەشتن لەم دۆخەی ئێران تەنها ئەوەندە بەسە کە سەیرێکی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بکرێت لە ناوچە جیاوازەکاندا. هەر لەبەرئەوەشە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی دوای شۆڕش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕووی زارەکی و پراکتیکییەوە پێچەوانەی یەکترن. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسنامەی دینی پێشدەخات و بەشێوەیەک گونجاوبێت بۆ خزمەتکردنی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش، بەڵام لە ناوچەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست لە بری ناسنامەی ئایینی لە چواچیوەی بەرژەوەندی نەتەوەی و ستراتیجی خۆی سیاسەتی دەرەوەی جێبەجێ دەکات.(٩)
ئایین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
وەک پێشتریش باسی لێوەکرا، دوای شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ ئێران هەوڵیداوە کە ئایین وەک ئامرازێک بەکاربێنێت لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها ویستویەتی لە ڕێگەی بە کارهێنانی بەلاغەتی ئایینەوە ئەو پەیامە بڵاوبکاتەوە کە شۆڕش تەنها تایبەت نییە بە گەلی ئێران بەڵکو شۆڕشی تەواوی مسوڵمانانی جیهانە.(١٠) کە ئەمەش تایبەتمەندێتی گرنگ دەبەخشێت بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە تایبەتی کاتێک کە بیر لە ململانێی مێژووی نێوان عەرەب و فارس دەکەینەوە زیاتر بۆمان ڕووندەبێتەوە کە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش چی گرنگییەک دەبەخشێت بە ئێران. بۆیە ئێران ویستویەتی لە بری ناسنامەی فارسی لە ڕێگەی هەناردەکردنی شۆڕشەوە سیاسەت و نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بکاتەوە. واتە ئێرانی دوای شۆڕش بەردەوام هەوڵیداوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە هەست و سۆزی مسوڵمانەکانی ناوچەکە بەدەست بێنێت بتوانێت لەو ڕێگەیەوە سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات. چونکە ئێران باش لەوە تێگەشتووە کە تاکە ڕێگە بە کارهێنانی ئایینە بۆ ئەوەی نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە. بە پێچەوانەوە جگە لە بەکارهێنانی ئایین ئێران هەوڵبدات بە هەر ڕێگەیەکی تر نفوزی خۆی لە ناوچەکە زیاد بکات ئەوا ڕووبەڕووی بەربەرەکانی عەرەبەکان دەبێتەوە. بۆیە دەبینین تەنانەت بەکارهێنانی ئایین و هەناردەکردنی شۆڕشیش لە دەرەوەی شیعەکانی ناوچەکە لە لایەن چەندین وڵاتی ناوچەکە وەک عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری سوننی مەزهەبەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە و دژایەتی کراوە.(١١)
شایەنی باسە کاریگەرییەکانی هەناردەکردنی شۆڕش سەرەتا لە عێراق و چەند وڵاتێکی تری کەنداودا دەرکەوت، لەبەرئەوە لە لایەن چەندین ڕژیمی سیکۆلاری عەرەبییەوە کەوتنە بە گژداچوونەوەی ئەم هەوڵەی ئێران. دەرئەنجام جەنگی ١٩٨٠- ١٩٨٨ لە نێوان عێراق و ئێراندا هەڵدەگیرسێت کە ئامانجی گەورەی ئەو جەنگە تا ڕادەیەکی زۆر لەمپەردانان بوو لەبەردەم سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ ناوچەکە. بە دەربڕینێکی تر جەنگێکی ڕیگری بوو بەرامبەر بە هەوڵی هەناردەکردنی شۆڕش.(١٢) هەربۆیە لەم جەنگەدا ڕژێمە سیکۆلارەکان، هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا، ئیسرائیل دەستیان کرد بە هاوکاری عێراق لە دژی ئێران. جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران لە لایەک هۆکارێک بوو بۆ ڕێگە گرتن لە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ ناوچەکە و لە لایەکی تر هۆکار بوو بۆ بەهێزبوونی ڕابەرانی شۆڕش لە ناوخۆی ئێراندا.
ئامانجێکی تری هەناردەکردنی شۆڕش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێگومان هاوکاری کردنی شیعەکانی لوبنان بوو. ئەگەرچی ئێران نەیتوانیبێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایین و هاوکاری کردنی شیعەکانی لوبنانەوە گۆڕانکاری گەورە لە ڕژێمی لوبناندا بکات، بەڵام توانیویەتی لە سایەی بەکارهێنانی سیاسەتێکی ئایینییەوە ببێت بە خاوەنی نفوزێکی گەورە لە سیاسەتی لوبناندا. تەنانەت لە ئێستاشدا ئێران توانیویەتی لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ شیعەکانی لوبنان دروستی کردووە ببێت بە ئەکتەرێکی کاریگەر لە سیاسەتی لوبنان، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ لوبنان پەیوەندیی دەبەستن. بە دەربڕینێکی تر لە ئێستادا ئێران ئەکتەرێکی کاریگەرە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی لوبناندا.
ئێرانی دوای شۆڕش ئامانجی بووە کە لە ڕێگەی بە کارهێنانی ئایینەوە ڕێگە بگرێت لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و لەهەمانکاتدا کار ئاسانی بکات بۆ بڵاوکردنەوەی نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەرچی ئێران لە سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زۆری گرنگی داوە بە بەلاغەتی ئایین، بەڵام لەهەندێک کاتیشدا لە دەرەوەی ئەم بەلاغەتە دینییەدا ڕەفتاری کردووە. بۆ نمونە سووریا کە بنەمای سەرەکی سیاسەتەکەی برتییە لە سیکۆلاری نەتەوەپەرەست، بەڵام ئێران هەوڵیداوە لە پێناوە ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی دین وەلا بنێت و پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ سووریا ببەستێت. هەر بۆیەش دەبینین کاتێک کە سووریا لە ساڵی ١٩٨٢ دا قەتڵوعامی حەما ئەنجام دەدات ئێران هێچ کاردانەوەیەکی نابێت و درێژە بە پەیوەندییەکانی خۆی دەدات لەگەڵ ڕژێمی سووریادا. بە پێجەوانەی ئەمەوە دەبینین ڕژێمی ئێران هیچ کاتێک نەیتوانیوە ببێت بە خاوەنی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ دەوڵەتێکی ئیسلامی وەک عەرەبستانی سعودییە.
لە ئێستادا بەڕونی دەردەکەوێت ئێران بەردەوام هەوڵیداوە کە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بری دەوڵەتەکان، لە ڕێگەی هاوڵاتیانی مسوڵمانی ناوچەکەوە پیادە بکات. چونکە ئێران بە باشی درکی بەوە کردووە کە ناتوانێت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی کەناڵی دیبلۆماسی فەرمییەوە ڕەزامەندی دەوڵەتان بەدەست بێنێت. ئێران بە باشی درکی بەوە کردووە کە هاوڵاتی مسوڵمانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەردەوام دژی ئەمریکا، ئیسرائیل، ڕژێمە سیکۆلارەکانی ناوچەکەن، هاوتەریب ئێرانیش هەر یەک لە ئەمریکا، ئیسرائیل، ڕژێمە سیکۆلارەکانی ناوچەکە بە لەمپەر دەزانێت لە بەردەم سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. بۆیە ئێران بەردەوام لە هەوڵدایە کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە کاریگەری لەسەر مسوڵمانانی ناوچەکە دروست بکات و بییان کات بە پشتیوانی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. بۆیە کاتێک کە تەوژمی نەتەوەپەرستی عەرەب لە ناوچەکە شکست دەهێنێت و ئیسلامی سیاسی ڕوو لە هەڵکشان دەکات، تێدەگەین کە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ئایین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست چەند گەورە بوون.
لە ئێستایشدا کاتێک کە سەیری کێشە جدییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین دەبین ئێران بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بەشێکی گرنگە لەو کێشانە. لە ئێستادا ئێران ئەکتەرێکی زۆر کارایە لە هەریەک لە عێراق و لوبنان و فەلەستین. لە ڕاستیدا پێگەی گرنگی ئێران لە کێشەکانی ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ گرووپە شیعەکانی ناوچەکەدا دروستی کردوون لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە. بێگومان ئایین توانیویەتی دەرفەتی گرنگ پێشکەش بە ستراتیجی و ئاسایشی نەتەوەی ئێران بکات، ئێرانیش زۆر بە وریاییەوە توانیویەتی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت و بەکاریان بێنێت. هەر بۆیە ئێران توانیویەتی لەڕێگەی بونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە شیعییەکانی ناوچەکە لە سەر بنەمای ئایین هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بەرقەرابکات. بۆ نمونە ئێران توانیویەتی لە ڕێگەی شیعەکانی لوبنان و عێراق و چەندین ناوچەی تری کەنداوە، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵێک ناوچەی ستراتیجی بکات و لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا بەکاریان بێێت. بەم شێوەیە دەبینین ئێران تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە دەتوانێت نفوزی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا زیاد بکات، بە پێچەوانەوە بە ناسنامەیەکی فارسییەوە ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکاتە سەر جیهانی عەرەبی. بێگومان ئەمەش فاکتەری سەرەکی بووە کە ئێران هەمیشە هەوڵبدات ستراتیجی هەناردەکردنی شۆڕش و پرەنسیپی ئەنتی ڕۆژئاوای و زایۆنی لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ بکات. بەڵام بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئێران لە ناوچەکانی تردا بە تایبەتی ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست هیچ کاتێک گرنگی بە بەکارهێنانی ئایین نەداوە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا، ئەگەریش گرنگی پێدابێت ئەوا وەک بەهایەکی هاوبەش بووە لە نێوان ئێران وڵاتانی تری ناوچەکە.
ئایین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست
وەک هەمیشە ئاماژەمان بۆ کردووە ئایین یەکێکە لە گرنگترین پێکهێنەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەکارهێنانی ئایین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە لە ناوچەکەدا. بەڵام هەمان فاکتەر و گرنگی دین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاستدا بەدی ناکرێت. واتە ئێران لەم ناوچانەدا گرنگی بە فاکتەری ئایین نادات لە داڕشتنەوە و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەدا. ڕژێمی ئیسلامی ئێران کە بەردەوام خۆی وەک پارێزەری تەواوی مسوڵمانانی جیهان ناساندووە و ئەم ڕۆڵ و پارێزگارییەی ڕژێم بووە بە بەشێک لە دەستووری ئێران، بەڵام کاتێک کە دێتە ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاستەوە ئێران زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەم ئەرکەی خۆی فەرامۆش بکات. لەم ڕوانگەیەوە ئێران لە ئاڵۆزییە گرنگەکانی ئاسیای ناوەڕاست و کێشەی چیچانستان و کێشەی ناوچەی کاراباخ لە نێوان ئەرمەنیستان و ئازەربیجان لە بری ئایین هەوڵیداوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیجی و نەتەوەییەکانی خۆیەوە جووڵە سیاسییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بە دەربڕینێکی تر ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دەوڵەتێکی ئایینی ڕەفتار دەکات، بەڵام کە دێتە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست هەوڵدەدات ڕەفتارەکانی وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی بێت. واتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەولەوێت بۆ سیاسەتی ڕژێمە، بەڵام لە ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست گرنگی تەواو دەدرێت بە سیاسەتی دەوڵەت.(١٣)
سەبارەت بە سیاسەتی ئێران لە ناوچەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست، بێگومان دوای کۆتایهاتنی جەنگی سارد و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ئێران واز لە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش دەهێنێت و هەوڵدەدات سیاسەتێک جێبەجێ بکات کە زامنی پاراستنی ڕژێمی ئێران و ئاسایشی نەتەوەکەی بکات. بەرژەوەندییە ستراتیجییە گرنگەکانی ئێران لەم ناوچانەدا بە جۆرێک بووە کە پێش لە بەکارهێنانی ئایین بگرێت لە سیاسەتی دەرەوەیدا. تەنانەت لە هەندێک دۆخ و شوێندا وەک ئازەربیجان، ئێران وا هەستی کردووە کە مسوڵمانانی ئەم ناوچەیە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی و ستراتیجی ئێران. بۆیە ئایین لە سیاسەتی ئێران لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست جگە لە تایبەتمەندی کولتووری هێچ شتێکی تر نەبووە. بە تایبەت لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت ئێران هەستی کرد کە ناوچەکە لەبار نییە بۆ بەکارهێنانی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش، بۆیە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆیدا لە بری وڵاتانی تازە دروستبووی خاوەن هاوڵاتی مسوڵمان هەوڵدەدات پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیادا بونیاد بنێت. کاتێکیش کە لە نیوەی یەکەمی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا مسوڵمانەکانی چیچان لە ڕووسیا جیابوونەوە و سەربەخۆییان ڕاگەیاند و ئایینی ئیسلامیان کرد بە شەریعەتی حکومەتەکەیان، ئێران نەک هەر پشتیوانی حکومەتی چیچانی نەکرد بەڵکو نیگەران بوو لە پێشهاتەکانی چیچان. چونکە لەم ناوچەیەدا ئاسایشی خۆی لە پێشتر دەبینی وەک لە سەرهەڵدان و دروستبوونی حکومەتێکی ئیسلامیی. ئێران لەم کاتەدا لە بری پشتیوانی کردنی حکومەتی چیچانیستان، کێشەکەی وەک کێشەیەکی نێوخۆی ڕووسیا دەبینی و پێیوابوو کە نابێت ئێران دەستبخاتە کاروباری ناوخۆی ڕووسیاوە. سەرەڕای ئەمە کاتێکیش کە مسوڵمانەکانی چیچان لەلایەن ڕووسیاوە دەکوژران، ئێران نەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا نە پچڕاند، بە پێچەوانەوە بەردەوام بوو لە بەەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا. بێگومان ئەم بێدەنگییەی ئێران بەرامبەر بە ڕەفتارەکانی ڕووسیا لە دژی گەلی چیچان لە لایەن ڕووسیاوە بەرز نرخێندرا. سیاسەتی ئێران لە کێشەی گەلی چیچاندا ڕێک بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بوو، فاکتەری ئایینی هیچ بە هەند وەرنەگرت و ڕایگەیاند کە ئێران ڕێز لە یەکپارچەی خاکی ڕووسیا دەگرێت.(١٤) بەم شێوەیە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش لە ناوچەی قەوقاز بە پاسیڤی مایەوە و لە ئاڵۆزییەکانی چیچاندا بۆ هەمووان ڕوون بوویەوە کە ئێران تا چەند دەوڵەتێکی ئیسلامییە و هەوڵی پاراستنی مسوڵمانانی جیهان دەدات. لێرەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە پەیوەندیی ئایینی هیچ کاریگەری و گرنگی نەبووە لە نێوان ئێرانی ئیسلامی و چیچانی مسوڵماندا، بەڵکو ئەوەی ڕۆڵ و گرنگی هەبووە بۆ ئێران تەنها بەرژەوەندییەکانی خودی دەوڵەتی ئێران بووە. هەروەها بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارە گەڵاڵە بوو کە “ئایا دەوڵەت لە خزمەتی ئاییندایە یاخود…… نا…. ئایین لە خزمەتی دەوڵەتدایە؟”.
هەروەها ئاڵۆزییەکانی کاراباغ لە نێوان ئازەربیجان و ئەرمەنستان و هەڵوێستی ئێران سەبارەت بەم کێشەیە جارێکی تر شوێن و پێگەی ئایینی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەی قەوقاز نشاندایەوە. ئێران سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئازەربیجاندا سەر بەهەمان مەزهەبوو تەنانەت لەسەر هەمان قۆڵی مەزهەبی شیعەی ئیمامین، بەڵام لە کێشەی کاراباغدا نەک پشتیوان و هاوکاری ئازەربیجان نەبوو بگرە بەهەمان شێوەی کێشەی چیچان بەردەوام بوو لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمەنستاندا. لە ئێستادا لە %٢٠ خاکی ئازەربیجان لە لایەن ئەرمەنستانەوە کۆنتڕۆڵ کراو و زیاتر لە یەک ملیۆن و نیوی هاوڵاتی ئازەری شیعە مەزهەب لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون، بەڵام ئێران نەک هەر هاوکاری ئازەربیجانی نەکردووە بەڵکو نەیشی توانیوە لە کێشەکەدا بێلایەنی خۆی بپارێزێت، بە پێچەوانەوە زیاتر گرنگی داوە بە دۆستایەت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمەنستاندا. بەم شێوەیە لە بەر ڕۆشنای کێشەکانی کاراباغ و گەلی چیچان پراگماتیکی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانمان بۆ ڕووندەبێتەوە و تێدەگەین لەوەی کە لەم ناوچانەدا بەرژەوەندی نەتەوەی و ستراتیجێتی دەوڵەت پێش بەکارهێنانی بەلاغەتی ئایین دەکەوێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. ئەم شێوازە سیاسییەی ئێران پێمان دەڵێت کە بانگەشی ئایینی جگە لە بەکارهێنانی ئایین بۆ خزمەتی دەوڵەت هیچ شتێکی تر نییە. بەرژەوەندی نەتەوەیی و هەڵوێستی سیاسی ئێران سەبارەت بە کێشەی کاراباغ هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئێران دوربکەوێتەوە لە پرەنسیپی پارێزەی مسوڵمانانی جیهان، فەرامۆشکردنی ئەو ئەرکەی کە دەستووری ئێران خستویەتیە سەرشانی ڕژێمی ئێران. ئێران هەم لە کاتی جەنگ و هەمیش دوای جەنگ و تەنانەت لە ئێستایشدا پرەنسیپی ئایینی وازلێهێناوە و لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیدا بووە لەگەڵ ئەرمەنستاندا. هاوتەریب ئازەربیجانێکی مسوڵمانی شیعی مەزهەبی ئیمامی وەک هەڕەشەیەک دەبینێت بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.(١٥)
جێگەی ئاماژە بۆکردنە کاربەدەستانی باڵای ئێران سەبارەت بە کێشەی کاراباغ ئاماژەیان بەوە دەکرد کە کێشەیەکی نێوان ئازەربیجان و ئەرمەنستانە و هیواخوازن کە بە ڕێگەی ئاشتی و دیبلۆماسی چارەسەر بکرێت. بەم شێوەیە دەبینین ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهاوکاری کردنی حیزبوڵای لوبنان و گرووپە شیعەکانی تر ڕۆڵی باڵندەی ئەبابیل دەبینێت، بەڵام لە ناوچەی قەوقاز ڕۆڵی کۆتر دەگێڕیت. گەورەترین هاوکاری بۆ برامسوڵمانە شیعە مەزهەبەکانی ئازەربیجان تەنها ئەوە بوو کە هیوا خواست بوو کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەربکرێت.
هەڵوێستی ئێران سەبارەت بەکێشەی کاراباغ گرنگی تایبەتی هەیە لە ڕوانگەی ڕونکردنەوەی جیاوازی نێوان بەلاغەت (بەکارهێنان ئایین) و تەوژمی سیاسی ڕیالیستی. وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد ئێران هەوڵیداوە کە لە داڕشتنەوە و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی لە ناوچەی قەوقاز پرەنسیپی دین وەلا بنێت و بەرژەوەندی نەتەوەی بەهەند وەربگرێت. بۆیە ئێران هەمیشە هەوڵیداوە کە ڕەفتارەکانی لەم ناوچانەدا بەجۆرێک بێت کە نەبێتە مایەی نیگەرانی ڕووسیا. دیارترین نمونەی باڵایش بۆ ئەم سیاسەتەی ئێران، بێگومان لە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتەدا بە دیار دەکەوێت کە ئێران لە سەروبەندی جەنگ و دوای جەنگی ناوخۆی ١٩٩٢ تاجیکستاندا پیادەی دەکرد. لە کۆتایدا دەتوانین بڵێن ئەگەرچی ئێران هەوڵیشی دابێت لە سیاسەتی دەرەوەیدا ئایین بکات بە پرەنسیپێکی باڵا و بەکار بێنێت، بەڵام کاربەدەستانی باڵای ئێران لە ناوچەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاستدا وەک هەر دەوڵەتێکی تر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیان جێبەجێ کردووە.(١٦)
ئەنجام
ئەگەرچی لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ئێران خۆی بە پارێزەری تەواوی مافەکانی مسوڵمانانی جیهان ناساندبێت و تەنانەت دەستووری دەوڵەتیش ڕژێمی ئێرانی ڕاسپاردبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، بەڵام کاتێک کە سەرنج دەدەین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە دوای شۆڕشەوە هەتا هەنوکە دەبینین ئایین تەنها ئامرازێک بووە و وەک بەلاغەتێک (هێزی بڕواپێهێنان) لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بەکارهاتووە.
گەلێک جیاوازی گرنگ و گەورە هەیە لە سیاسەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاستدا. ئەگەرچی دین لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرەنسیپ و بنەمایەکی باڵاش بێت، ئەوا هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەو ئایینە وەک ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت. ئێران بەردەوام ویستویەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە هێز و پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان بکات. هەروەها هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئایینەوە بازبدات بە سەر ئەو دوژمنایەتییە مێژووییەی کە لە نیوان فارس و عەرەب هەبووە. کەواتە ئێران هەوڵدەدات ئایین تەنها وەک ئامرازێک بەکاربێنێت و هیچ گومانیشی نییە کە ناوچەکە بۆ ئەم مەبەستەی ئێران ناوچەیەکی لەبار و گونجاوە. بە دەستەواژەیەکی تر هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئایینەوە هەست و سۆزیان داگیر بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئێران بەردەوام لە هەوڵدابووە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی هاوڵاتیانی مسوڵمانی ناوچەکە بەدەست بێنێت. هەر بۆیە ئێران لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرەنسیپی ئایینی کردووە بە کاری لە پێشینەی خۆی.
ئێران بە باشی درکی بەوە کردووە کە هاوڵاتی مسوڵمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو شێوەیەک دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژێمە سیکۆلارەکانی ناوچەکەن و بەردەوام هەوڵی دژایەتیکردنی ئەم لایەنانە دەدەن. هەر بۆیە ئێرانیش ئەمریکا و ئیسرائیل بە گەورەترین دوژمنی خۆی دەناسێنێت و ڕژێمە سیکۆلارەکانی ناوچەکەش بە پرۆژە و درێژکراوەی هەر یەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل وەسف دەکات. کە واتە سیاسەت و هەڵوێست و بیرکردنەوەی ئێران و هاوڵاتیانی ناوچەکە هاوئاهەنگن سەبارەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژێمە سیکۆلارەکانی ناوچەکە. دەرئەنجام ناڕەزایەتییەکی گەورە لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژێمەکانی نزیک لە ڕۆژئاوا، ئەو دەنگە ناڕازییەش بە زۆری لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە ئاڕاستە دەکرێت کە بەردەوام لە هەڵکشاندان لە ناوچەکەدا. ئێرانیش ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕێت لە بەهێزبوون و هەڵکشانی ئەم گرووپە ئیسلامییە سیاسییانەی ناوچەکە. هەروەها ئێران بەردەوام هەوڵی داوە سوود لە بارودۆخی ناوچە وەربگرێت و پرەنسیپی ئایین وەک ئامرازێک بەکاربێنێت بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. ئەگەرچی بارودۆخی ئایینی ناوچەکە کۆمەڵێک دەرفەتی گرنگیشی پێشکەش بە ئێران کردبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ئێران ڕووبەڕووی چەندین لەمپەری گەورەش دەبێتەوە لە جێبەجیکردنی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.(١٧)
ئێران لە ناوچەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست پرەنسیپی ئایینی فەرامۆش کردووە و هەوڵی داوە وەک ناسنامەیەکی دەوڵەتی نەتەوە ئاسای سیاسەتی دەرەوەی خۆی جێبەجێ بکات. واتە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەم ناوچانەدا لە بری بنەماکان ئایدۆلۆژیای ئایین لەسەر بنەمایەکی بەرژەوەندی نەتەوەیی بونیادنراوە.
بێگومان کاتێک کە لێکۆڵینەوەی لە سیاسەتەکانی ئێران دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست، ڕووندەبێتەوە کە ئایین تەنها ئامرازێکە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. هەر بۆیە ئێران هەمیشە هەوڵیداوە کە ئایین وەک ئامرازێک بەکاربێنێت بۆ شەرعییەتدان بە ڕژێمەکەی و فەراهەم کردنی ئاسایشی نەتەوەیی و فراوان کردنی هەژموونی خۆی. لەم ڕوانگەیەوە ئەو ئایینەی کە ئێران بەکاری هێناوە لە سیاسەتی دەرەوەدا دەکرێت بنەمایەکی داهێنراوبێت لەو بنەمایانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەی ئێران دەکەن لە سیاسەتی دەرەوەدا. ئێران لەگەڵ ئەوەی هەوڵی بەکارهێنانی ئایین دەدات لە سیاسەتی دەرەوەیدا، بەڵام هەر کاتێک پرەنسیپی ئایین نەبوو بە بەشێک لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و پلانە ستراتیجییەکان ئەوا ئێران دەتوانێت زۆر بە ئاسانی دەست بەرداری پرەنسیپی ئایین ببێت لە سیاسەتی دەرەوەیدا. کاتێک کە بابەتەکە بابەتێکی سترایجی و بەرژەوەندی نەتەوەی بێت ئەوا ئێران بە بێ دو دڵی هەوڵ دەدات هەموو کەناڵە دیبلۆماسییە سەردەمییەکان بەکاربێنێت.
لە دوای شۆڕشی سالی ١٩٧٩، ئێران لە ڕێگەی بەلاغەتی ئایینەوە هەوڵیداوە لە لایەک دەرفەت بۆ بڵاوبوونەوەی نفوزی خۆی بدۆزێتەوە لە لایەکی ترەوە ناوچەی نوێ بۆ ڕژێمی نوێی ئیسلامی ئێران فەراهەم بکات. هاوتەریب ئایینیشی بەکارهێناوە بۆ پارێزگاری کردن لە ڕژێمی نوێی ئیسلامی لە ناوخۆی وڵاتدا. بەم شێوەیە ئێرانی دوای شۆڕش توانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایین و سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشەوە سەرنجەکان لەسەر خۆی لابات و بیان گوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، هەروەها توانیشی بۆ ماوەیەکی درێژ ڕژێمە نوێیەکەی خۆی لە ڕەخنە و ململانێی ناوخۆیی ڕزگاربکات.
سەرچاوەکان
- Dinin Uluslararası politikadaki rolü hakkında bkz: Mehmet Şahin, “Uluslararası İlişkilerde Din Faktörü”, İdris Bal. (Der.), Değişen Dünyada Uluslararası İlişkiler, Lalezar Kitabevi, Ankara, 2006. ss. 143-152.
- Ayşen Baylak, İmam Humeyni, İlke Yayıncılık, İstanbul, 2005, s. 95.
- İran İslam Cumhuriyeti Anayasası, Madde 3/16, http://www.iranonline.com/iran/iran-info/Government/constitution-1.html
- Rouhullah K. Ramazani, “İran’s Islamic Revolution and the Persian Gulf”, Current History, January 1985, s. 6.
- İbrahim El Marashi, “Şii Hilali Miti’ni İnşa Etmek: İran Devriminden 2003 Irak Savaşı’na”, Avrasya Dosyası, Cilt 13, Sayı 3, 2007, ss. 23-25.
- “Merci-i Taklid” makamı Şiilerin sosyal ve dini hayatta içtihadına uydukları ve örnek aldıkları dini liderlerdir.
- Bayram Sinkaya, “Şii Ekseni Tartışmaları ve İran’, Avrasya Dosyası, Cilt 13, Sayı 3, 2007, s. 44.
- Marashi, g.m., s. 30.
- Arif Keskin, “Şii Jeopolitiği ve İran”, Avrasya Dosyası, Cilt 13, Sayı 3, 2007, s.94.
- Rouhullah K. Ramazani, “Iran’s Foreign Policy: Contending Orientations”, The Middle East Journal, Vol 43, No 2, Spring, 208.
- Gawdat Bahgat, “İslam’ın Siyasal Coğrafyası: Basra Körfezi’ndeki Şiiler”, Avras-ya Dosyası, Cilt 13, Sayı 3, 2007, s. 150.
- Vali Nasr, “Regional Implications of Shi’a Revival in Iraq”, The Washington Quarterly, Vol. 27, No 3, Summer 2004, s. 16.
- Brenda Shaffer, “The Islamic Republic of Iran: Is It Really?”, Brenda Shaffer (Edit.) The Limits of Culture: Islam and Foreign Policy, The MIT Press, Cambridge, 2006, s. 220.
- Shaffer, g.m., ss. 227- 228.
- Shaffer, a.g.m., s. 230
- Shaffer, a.g.m., ss. 235-239
- Mehmet Şahin, “Şii Jeopolitiği: İran İçin Fırsatlar ve Engeller”, Akademik Orta Doğu, Cilt 1, Sayı 1, 2006.