• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 21, 2024

ئەمریکاو تورکیا؛ لە پەراوێزخستنەوە بۆ گفتوگۆ چوار ساڵی داهاتووی پەیوەندییەکانیان

نەورەس جاف

پێشەکی

تورکیای نوێ، کە لە ساڵی (١٩٢٣) لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە دامەزراوە، لەو کاتەوە بە فۆڕمێکی سیکۆلار پێکهاتە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی داڕشت‌و هەنگاوی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆو پەیوەندیی پتەوو دۆستانە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا نا. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوویشدا تورکیا؛ وڵاتانی دراوسێ، یەکێتیی ئەوروپاو تەنانەت ئەمریکایشی بە سیاسەتەکانی دەرەوەی سنووری خۆی توڕەکرد، بە تایبەتییش سیاسەتی کۆچبەران، هەژموون‌و دەستوەردانە سەربازییەکان لە لیبیا، سوریاو چەند ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا، لە فۆڕمێکی نوێدا، وادەردەکەوێت کە بەردەوامیدەدات بە سیاسەتی سەربەخۆی دەرەوە، لەمەیشدا بە پلەی یەکەم پشت بە پەیوەندیی پتەو لەگەڵ ڕوسیاو چیندا دەبەستێت، ئەمەش لەلایەن ئەمریکاوە وەک بەزاندنی هێڵی سوورە.

واشنتۆن‌و ئەنقەرە لە سەر ژمارەیەک پرس ناکۆکن، بە تایبەتی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، بۆ نموونە: تورکیا لە پاڵپشتیی ئیسرائیل بەرانبەر بە غەززەو گرووپە چەکدارییە کوردییەکان لە سوریا نیگەرانە، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆو چین، پاڵپشتیی تورکیا بۆ گرووپە چەکدارییەکانی غەززە، هەژموونی تورکیا لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە نیگەرانە. لە کاتێکدا ئێران ڕۆڵی سەرەکیی لە سیاسەتی سوریادا هەیە، تورکیایش بە هەمان شێوە ڕۆڵی هەیە، ئەمەیش وایکردووە تورکیاو ئێران پەیوەندییەکی سەقامگیرو هەتا ڕادەیەک جێگیریان هەبێت. لێرەوە وێنەیەک ڕوندەبێتەوە، کە ئەمریکا پێویستە ببێت بە هاوبەش‌و هاوپەیمانێکی باشی تورکیا لەبەر چەند ڕەهەندێکی جیاواز، لەوانەیش: زاڵبوون بە سەر قەیرانە سیاسی‌و سەربازییەکاندا، ڕۆڵێکی بەهێز لە نێوەندگیریکردنی ململانێکی ئیسرائیل‌و ئێران، هەروەها تەواوی ئەو هێرشانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێنەسەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا.

تورکیای نوێ؛ ئەو زاراوەیەی کە دەوڵەتی تورکیای دوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پێدەناسرێتەوە، ناسنامەی زۆری هەیە لە ڕووی جوگرافیای سیاسی، دیبلۆماسی‌و هەژموونی حکومڕانییەوە، کە دەتوانین بڵێین: بە ئاسانی هیچ یەکێکیان ناخەمڵێنرێن‌و پۆلێنبەندناکرێن، بۆ نموونە: ئەگەر یەکێکە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا تاکە دەوڵەتی ناوچەکەیە کە دەسەڵاتی بە سەر دەریای ڕەشدا هەیە. ئەگەر یەکێکە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوا تاکە دەوڵەتی ئەوروپییە هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. ئەگەر دەوڵەتێکی ئیرۆزی‌و ئیسلامییشە(١)، ئەوا تاکە دەوڵەتە ئەندامی ناتۆیە. ئەگەر سەیرێکی ڕابردوویش بکەین، لە ڕاستیدا تورکیا هاوشێوەی زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکەی جیهان نییە، لە ڕووی سیاسەت، مێژوو، کۆمەڵگە، هێزی ئێستاو تەنانەت ڕابردوویشەوە، چونکە تورکیا دەوڵەتێکە بە مردنی ئیمپڕاتۆریەتێک لەدایکبووە. بە جۆرێک، زیاتر لە (٦٠٠) ساڵ، واتە شەش سەدە حوکمیکردووە، سنووری حکومڕانییەکەی سێ کیشوەری جیهانیی گرتووەتەوە، حوکمی هەموو جیهانی ئیسلامی‌و بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەوروپایشی کردووە. ئەو خاکەی ئەو حوکمیکردووە، لێوانلێو بووە لە شەڕ، ململانێ‌و لە نێوان ئەم ئیمپڕاتۆریەتەو گەلانی دیکەدا، لە ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوایش، لە نێوان ئیسلام‌و کریستیان‌و تەنانەت مۆدێرنەو کلاسیکیشدا، کەواتە تورکیا بەو پاشخانەوە لە گۆڕەپانەکەدایەو ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ پیادەیدەکات، ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو هەژموونەیە کە بۆی بەجێماوە، بەڵام دەیشیەوێت بە شێوەیەک خۆی بنەخشێنێت، وەک هێزێکی سەربەخۆ بە ناسنامەیەکی نیشتمانییەوە.

باشترین ڕێگە بۆ ئەمریکاو ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ تا لەگەڵ تورکیادا بیگرێتەبەر، ئەوەیە درک بەو ڕاستییانە بکات لە سروشت‌و ژینگەو توانای تورکیادا هەن، چونکە زیاتر لە دوو دەیەیە تورکیا دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیرو ناوەندبوون ببینێت، نەک پاشکۆ بێت. هەر لە جەنگی سێساڵەی ئۆکرایناوە، کە ڕۆڵێکی چالاکی بینیوە، لە سیاسەتی وڵاتانی باشووری قەوقاز(٢) ڕۆڵ‌و قسەی یەکلاییکەرەوەی هەیە، هەژموون‌و هێزی تورکیا لە ناوچەی ساحل، ئەفریقاو وڵاتانی باڵکان لە باشترین دۆخیدایە. ئەو سیاسەت، هەژموون‌و ڕۆڵەی تورکیا هەیەتی‌و دەیگێڕێت، تورکیای کردووە بە هێزێکی ناوەندگیرو ناوەندی، بۆیە پێویستە ئەمریکا وەک هێزێکی ناوەند مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکات، هاوشێوەی هیندستان‌و ئەندەنوسیا، بە پەسەندکردنی ئەمەیش، ئەوا پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەم وڵاتانەو واشنتۆن‌و ڕکابەرەکانیاندا دێتەکایەوە.

تورکیا لە چاوی کۆشکیسپیدا

دوای ئەوەی لە ساڵی (٢٠٢١) چووە کۆشکیسپی‌و بوو بە چلوشەشەمین سەرۆکی ئەمریکا، جۆبایدن ستراتیژییەکەی بریتی بوو لە دابەشکردنی جیهان بۆ دوو بەرە، ئەوانیش بەرەی دیموکراسی‌و بەرەی ئۆتۆکراتی، ئەمەیش هەنگاوی یەکەمی بایدن بوو بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە هاوڕێ‌و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بە گوێرەی ئایدۆلۆژییەکانیان هەڵبژێرێت. ئەم هەنگاوەیش دووچاری ئاستەنگ‌و بەربەستی زۆر بووەوە، چونکە دەستنیشانکردنی وڵاتێک بە ئۆتۆکرات‌و ئەوی دیکەیش بە دیموکراسی؛ کارێکی ئاسان نییە. یەکێک لەو وڵاتانەش کە چووەناو ئەم بازنەیەوە، کە بە وڵاتێکی دیموکراسی ئەژمارنەکرێت، تورکیا بوو، هەر بۆیە لە لوتکەی دیموکراسیی ساڵی (٢٠٢١)، بایدن ڕێگەی بە بەشداریکردنی ئەردۆغان نەدا. پەلهاویشتنی تورکیا بۆ سوریا، عێراق، لیبیا، غەززە، قوبرس، کێشەی ناگۆرۆنا-قەرەباخ لە نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجاندا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆو پەکینداو پێشکەوتنە سەربازییەکانی تورکیا؛ لە دیارترین ئەو پرسانەن کە کۆشکیسپیی نیگەرانکردووە.

هەژموون پێویستی بە پەیوەندی‌و هەماهەنگییە، نەک سەپاندنی بۆچوون‌و ویستی وڵات یان تاکەکەسێک، بۆ ئەوەیش پێویستیی بە بڕواپێهێنان‌و سەلماندنی زەمینەی پێویستە بۆ لایەنی بەرانبەر، بۆ نموونە لە ساڵی (٢٠١٤) چین دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند بۆ کردنەوەی بانکی وەبەرهێنانی پەرەپێدانی ئاسیا، ئیدارەی باراک ئۆباما ڕەتیکردەوە بەشداری لەدەستپێشخەرییەکەدا بکات‌و هەوڵیشیدا هاوپەیمان‌و هاوڕێکانی ڕازیبکات هەتا ڕەتیبکەنەوەو بەشدارینەکەن، بەڵام دواتر لە ساڵی (٢٠١٥)، بەریتانیا چووەناو دەستپێشخەرییەکەوەو دوای ئەوەیش بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئاسیاو ئەوروپا، کە پەیوەندیی نزیک‌و تایبەتیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبوو، چوونەناو دەستپێشخەرییەکەوە.

لە ڕاستیدا پەیوەندییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ئەمریکادا دەمێکە لە سکەی ئاسایی خۆی دەرچووەو هەتا ڕادەیەک لە خراپەوە نزیکە، هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەیشی بۆ کۆشکیسپی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ‌و بەبێ هیچ پاساوێکی بڕواپێهێنەر، نیشانەی ئەو پەیوەندییە خراپەیە. لە کاتێکدا ئەم سەردانە، یەکەم سەردانی ئەردۆغان دەبوو بۆ کۆشکیسپی لە ماوەی سەرۆکایەتیی جۆبایدندا، سەرباری بانگهێشتی درەنگی ئەردۆغان، لە کۆتاییدا هەڵوەشایەوە. نەکردنی سەردانەکە دوو دەرفەتی لەباربرد، یەکێکیان بە زیانی تورکیاو ئەوی دیکەیش بە زیانی ئەمریکا، دەرفەتی یەکەم بۆ ئەنقەرە بوو هەتا بتوانێت لەو سەردانەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا ئاساییبکاتەوەو هەنگاوی گەورەتر بۆ کاری هاوبەش‌و پێکەوەیی دیکە بنێت. هەروەها دەرفەتێکیش بوو بۆ ئەمریکا لەگەڵ هێزێکی خاوەن جیۆپۆلەتیکی وەک تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ ڕێڕەوێکی دیکە بۆ سیاسەت‌و هەژموونی خۆی لە ناوچەکە دروستبکات، بەڵام ئەم دەرفەتەیش لەدەستچوو.

سەرباری گشت ناکۆکی‌و خاڵە جیاوازەکانی ئەنقەرە لەگەڵ واشنتۆندا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کارکردنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا پێخۆشبووەو هەنگاوی بۆ پتەوبوونیشی ناوە، هەر بۆیە لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپدا، ئەنقەرەو واشنتۆن برەویان بە پەیوەندییەکانیان دا، بەڵام بەراورد بە جۆبایدن، هەر لە سەرەتای کابینەکەیدا بە ئەندازەیەکی دوورمەودا؛ ئەنقەرەی لە واشنتۆن دوورخستەوە، تەنانەت ڕێگەینەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لوتکەی دیموکراسی بەشداریبکات، هەروەها بە فەرمییش کوشتاری ئەرمەنەکانی وەک جینۆساید ناساند.

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕابردوو؛ بۆ چوار ساڵی داهاتوویش!

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، لە چوارچێوەی سیستەمێکی تێکەڵاوو ئاڵۆزدا داڕێژراوە، دواتریش لە ماوەی جەنگی سارددا فراوانترکراو هەتا سەردەمی دوای جەنگی سارد درێژەیکێشا، هەریەکە لە وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری‌و دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا داڕێژەری ئەو سیاسەتە بوون‌و ئامانجیشیان بەهێزکردن‌و فراوانکردنی هەژموونی ئەمریکا بوو لە سەر ئاستی دەرەوەی، جێکردنەوەی هەر جۆرە ستراتیژییەک لەو سیاستەدا، کات‌و هەوڵێکی زۆری ویستووە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەکیش لە سیاسەتی دەرەوەیدا کارێکی ئاسان نییە.

بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو، زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا ویستوویانە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بکەن، بۆ نموونە: لە ساڵی (١٩٧٧)، جیمی کارتەری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا(٣) هەوڵیدا بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کۆریای باشوور بکشێنێتەوە، لە ساڵی (٢٠٠٩) باراک ئۆباما؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، هەوڵیدا بەندیخانەی گوانتانامۆ دابخات، هەروەها لە ساڵی (٢٠١٩)یش، دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکشێنێتەوە، بەڵام هیچیان جێبەجێنەکران‌و وەک خۆیان مانەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی سیاسەتی دەرەوە دەدەن، بەڵام سەرکەوتوو نابن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) دەتوانێت بڕیارە سەرۆکایەتییەکان ڕەتبکاتەوە، بە پشتبەستن بەو هێزە زۆرینەی لە ناو ئەنجومەنەکە هەیە، کە دەسەڵاتی یاسادانان دەتوانێت گۆڕانکاریبکات، یان ڕەتیبکاتەوە لە بودجە، ڕێککەوتننەکان یان کارەکانی ئیدارەی سەرۆکایەتی، ئەمانەیش دەچنەچوارچێوەی گۆڕانکارییەوە. ڕوونتر بیڵێین، کۆنگرێس دەتوانێت بە پشتبەستن بە هۆکاری سیاسی یان یاسایی یان هۆکاری دیکە، بڕیارەکانی سەرۆکایەتی ڕەتبکاتەوە، ئەمەیش بە تایبەتی کاتێک ئەگەر حیزبی بەرانبەر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەنجومەنی پیرانی کردبێت، بەڵام هەندێک جاریش ژینگەی سیاسی، کە لەگەڵ بڕیاری سەرۆکدا یەکدەگرێتەوە، ئەو کاتە دەرفەتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاسانتردەبێت، بۆ نموونە: کاتێک دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێراندا داوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیران نەبووەوەو توانرا بڕیارەکەی جێبەجێبکرێت، کە دەچێتە خانەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوە، یان کاتێک دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە، خودی خۆی تاکلایەنە لە کۆشکیسپییەوە بڕیاریدا، بەڵام دواتر هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی‌و حکومەتی پۆڵەندا توانییان بڕوا بە دۆناڵد ترەمپ بهێنن لە بریی ئەوەی هەموو هێزەکانی لە ئەوروپا بکشێنێتەوە، بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیاوە بۆ پۆڵەندا بگوازێتەوە.

بەم جۆرە ئەو ئیدارە نوێیەی لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥) دەچێتە کۆشکیسپی، بۆئەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بکات، سەرەتا پێویستی بە پلانێک هەیە، بەڵام پلانێک لەگەڵ زەمینەی واقیعدا یەکبگرێتەوە، بۆ ئەمەیش پێویستە هەموو دامەزراوەکانی ئەمریکا لەم پلانەدا هاوبەشیبکەن‌و ڕۆڵیان هەبێت، دواتریش بڕوایانپێبهێنێت ئەم پلانە نەک تەنها لە بەرژەوەندیی نیشتیمانی لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی ئەمریکایە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی خودی دامەزراوە باڵاکانی ئەو وڵاتەیشدایە.

گۆڕانکاری لە سیاسەت، پێویستە لە باشترین فۆڕم‌و شێوەدا بخرێتەڕوو، هەتا بتوانێت باشترین ئەنجام‌و باشترین کاریگەریی هەبێت، ڕێگر بێت لەوەی ئەنجامی نەرێنی‌و نەخوازراوی هەبێت. لە کۆتاییدا پێویستە ئەو ئیدارەیە بە گوێرەی هەبوون، زۆری‌و کەمیی قەیران‌و کێشە، گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بکات، لە دوای ساڵی (١٩٤٥)ەوە زۆرترین ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کراون، لە کاتی قەیران‌و ئاڵۆزییە سەختەکاندا بوون، بۆ نموونە: سەرهەڵدانی جەنگی کۆریا لە ساڵی (١٩٥٠) وایکرد کە هاری ترومان؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا (لە نێوان ساڵانی (١٩٤٥) هەتا (١٩٥٣) سەرۆکی ئەمریکا بووە) بڕیاری (NSC-68)(٤) دەربکات بۆ پێداچوونەوەی تەواوەتی بە سیاسەتی سەربازی‌و ستراتیژیەتی ئەمریکا. بە هۆی ڕوداوەکانی (١١)ی سێپتەمبەری (٢٠٠١)ەوە، جۆرج بۆش؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، داوای لە دامەزراوەکانی وڵاتەکەی کرد ئامادەکاریبکەن بۆ “جەنگی دژەتیرۆر”و دواتریش هێرشیکردەسەر عێراق‌و داگیریکرد.

دوو ئیدارەی جیاوازی ئەمریکا بەرانبەر بە تورکیا

دەکرێت پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکا؛ لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە سەر سێ قۆناغدا دابەشبکەین، ئەوانیش قۆناغی ترەمپ، قۆناغی هاتنی بایدن‌و هەروەها قۆناغی ئێستایش، کە قۆناغی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپە بۆ کۆشکیسپی، چونکە ئەوەی ئیدارەی ترەمپ‌و بایدن جیادەکاتەوە، چۆنیەتیی ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکایە، بگرە خاڵی سەرەکی جیاکەرەوەیان بریتییە لەوەی کە دۆناڵد ترەمپ بە گرنگییەوە لە پەیوەندییە کەسی‌و تایبەتییەکانیی خۆی دەڕوانێت، هەر ئەمەیش وایکردووە کە تورکیاو خودی ئەردۆغانیش دڵی بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکیسپی خۆش بێت!

لێرەوە دەگەین بەو ڕاستییەی بۆچی ئەردۆغان خوازیاری گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترەمپە بۆ کۆشکیسپی. خودی سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایە لەوەی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئاسانکاریی بۆ دەکات بۆ بەدەستهێنانی، ئەگەر هەموویشی نەبێت، بەشێک لە ئامانجەکانی. لە کاتێکدا جۆبایدن کە سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە خاڵی سەرەتای ئامانجەکانی هەتا کۆتایی ڕەتدەکردەوە، چونکە جۆبایدن‌و ئیدارەکەی حکومەتی ئێستای تورکیایان بە لادان لە پرەنسیپ‌و هەتا ڕادەیەکیش دژایەتیکردنی سیاسەت‌و ستراتیژیەتی ئەمریکا دەزانی، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەم جۆرە ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە لێیبڕوانین، هەتا ڕادەیەک ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە ئیدارەو تیمی نوێی چلوحەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا، جیاواز لە ئیدارەی پێش خۆیان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دادەڕێژنەوەو لێرەیشەوە ئاسۆی بەرەوپێشچوون‌و هەتا ڕادەیەکیش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی واشنتۆن‌و ئەنقەرە دەردەکەوێت. ڕەنگە لە قۆناغی یەکەمی تیمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، هەنگاونان بێت بۆ چاککردنەوەی ئەو پەرتبوونەی کە لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن‌و ئەنقەرەدا هەیە. دوای ئەمەیش، هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دۆستایەتی‌و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرەدا، دەرگایەکی نوێ بۆ هەژموون‌و سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە.

لە ناو ئەو کەسانەی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەردۆغان بوو، تەنانەت ترەمپیشی بە هاوڕێ‌و دۆستی خۆی ناوبرد، هەر ئەمەیش نا، بەڵکو بە فەرمییش بانگهێشتی ئەنقەرەی کرد، کە ئەم بانگهێشتە ئەگەر سەربگرێت، جگە لەوەی پەیامێکە بۆ دەرەوەی تورکیا، پەیامێکی بەهێزیشە بۆ ناوخۆی تورکیا لە بەرژەوەندیی خودی ئەردۆغان بە پلەی یەکەم. لە لایەکی دیکەوە، ئەمەیش ئەو نیشانە بەهێزەی ویستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە، کە دەیەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا، بە واتایەکی دیکە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، هەنگاوی ئەرێنی‌و پێکەوەیی لە نێوان واشنتۆن‌و ئەنقەرەدا بێتەکایەوە.

بوونی ویستێکی هاوبەش بۆ سیاسەتکردن لە نێوان ترەمپ‌و ئەردۆغاندا زۆر گرنگ‌و جێی تێڕامانە، بە جۆرێک هەردووکیان وەک چۆن بازرگان دەیەوێت بە خێرایی مامەڵەبکات‌و بەخێراییش بڕیاربدات، ئەمانیش بە هەمان شێوە، دەیانەوێت بە خێرایی مامەڵەبکەن‌و بڕیارەکانیشیان دوانەکەوێت. ویستی هەماهەنگیی خێرای ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپدا، پاڵنەر بوو لەوەی کە لە ڕیزبەندیی یەکەمینی ئەو سەرۆک‌و سەرکردە جیهانییانەدا بێت کە پیرۆزباییان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ کرد.

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ماوەی چەند ساڵێکە بە فۆڕمێکی دیکە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ئاڕاستەدەکات، بە جۆرێک جەختدەکاتەوە لە سەر فراوانکردنی پێگەی سەربازی‌و دیبلۆماسیی تورکیا، بۆ ئەمەیش دەتوانین سەیری هەنگاوو دەستوەردانە سەربازییەکانی تورکیا لە ئازەربایجان، عێراق، لیبیاو سوریا بکەین، هەروەها پاڵپشیی سەربازی‌و پێدانی درۆن بە ئۆکرایناو ئیسۆپیا، بە گشتی کردنەوەو دامەزراندنی قوتابخانە تورکییە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

چەندین دەیەیە تورکیا بە ئاڕاستەی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەنگاودەنێت‌و ئاستێکی باشی بڕیوە، دوای ئەوەیشی دەسەڵاتی گرتەدەست، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو دروشمەی پێشتری “ئاشتی لە ناوخۆ، ئاشتی لە جیهان”ی کەمال ئەتاتورکی گۆڕی بە “سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا”، بەمەیش ئاڕاستەو ستراتیژیەتی تورکیا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتربووەوە، بەڵام کشانەوە یان دەتوانین بڵێین گۆڕینی ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ باشووری ئاسیاو وڵاتانی ئەفریقا، هەروەها نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەرچەیەکی بۆ تورکیا کردەوەو بەو ئاڕاستەیەیشدا ئەردۆغان نەخشەی نوێی سیاسەتی دەرەوەی تورکیای داڕشتووەتەوە. ئەم جارە لە بریی میکانیزمی سەربازی، برەوی زیاتری بە میکانیزمە دیبلۆماسی‌و سیاسییەکە داوە، تەنانەت تێگەیشت هەڵە سیاسییەکانی ڕابردوو، لە ناویشیاندا پاشەکشە لە سێکتەری دیبلۆماسی‌و بەرەوپێشچوون لە سێکتەرە سەربازییەکەیدا، زیانی زۆری پێگەیاندوون.

ئێستا هێزی سەربازیی تورکیا لە نۆ وڵاتی جیهان هەیە، هەر لە عێراقەوە بۆ سۆماڵ، لە باکووری قوبرس، بنکەیەکی سەربازیی گەورەی لە قەتەر هەیە. جگە لەمانەیش، تورکیا کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوانی لە سوریا کردووە.

ئەوەی ئێستا هەیە، قۆناغێکی نوێیە لە ئیدارەدانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، بە جۆرێک تەواو جیاوازە لەو جۆرە سیاسەتە نەریتییەی تورکیا لە دوای جەنگی ساردەوە هەتا ئەم چەند ساڵەی دواییش پیادەیدەکرد. سیاسەتێک بوو هێڵی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکادا بەهێزدەکردو بەرەکەی دیکەی جیهانی پەراوێزدەکرد، بەڵام ئێستا تورکیا هەنگاو بۆ پەیوەندییەکی باش‌و سەقامگیر لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپادا لە لایەکەوەو ڕوسیاو چین لە لایەکی دیکەوە دەنێت. لە لایەکەوە سێیەم هێزی ناتۆیەو هاوپەیمانی ئەمریکاو ئەوروپایە، لە لایەکی دیکەیشەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕوسیاو چیندا هەیەو لە هەموو سێکتەرەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی هەماهەنگییەکەی بەرزدەکاتەوە.

لێرەوە دەگەین بەو خاڵەی کە چی ئەمریکای نیگەران، بگرە توڕەکردووە. تورکیا دەیەوێت جۆرێک لە سەربەخۆیی لە هاوسەنگیی هێز لە جیهان‌و بە تایبەتییش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خۆی دەستەبەربکات، بۆ نموونە: لە ئەفریقا، ئاسیای ناوەڕاست‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چین، ڕوسیاو ئێراندا هەیەو هێڵێکی هاوکاری‌و هەماهەنگیی باشیش لە نێوانیاندا هەیە. ئەمەیش دەتوانرێت لە ناو ئەو خاڵە سەرەکییە ناکۆکانەدا ئەژماربکرێت کە بوونە بە بەربەستی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو واشنتۆن، تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا بەوپەڕی نیگەرانییەوە لەم جۆرە سەربەخۆییە دەڕوانن، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕەنگە هۆکاری بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی تورکیاو ڕۆژئاوا بێت، چونکە جوگرافیا ستراتیژییەکەی تورکیا، هەژموونە هەرێمییەکەی‌و ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەسەندنی پیشەسازییە سەربازییە بەرگرییەکەی بوونە بە هۆی ئەوەی کە تورکیا لە لایەکی دیکەوە ببێت بە هاوپەیمان‌و هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ڕۆژئاوا.

تورکیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەو ستراتیژییە نوێیەی بۆ سیاسەتی دەرەوەی پیادەی کرد، توانیی هەژموونێکی بەهێزتر بۆ خۆی لە ناوچەکە بەدەستبهێنێت‌و لە وێنەی شەڕو ململانێی سوریا، لیبیا، عێراق، فەڵەستین، ناگۆرۆنا-قەرەباخ‌و جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیایش ڕۆڵی نێوەندگیرێکی بەهێز بگێڕێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، توانیی پەیوەندییە کولتووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی‌و ئابوورییەکەیشی فراوانبکات‌و وەک زنجیرەیەکی بەهێز لە کۆی هەژموونی دەرەوەی خۆی جێگیریبکات. تەنانەت کاتێک لە شوباتی (٢٠٢٢) ڕوسیا هێرشیکردەسەر ئۆکرانیاو قۆناغەکانی دوای ئەوە، تورکیا بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی نێوەندگیری‌و ئاشتیی دەستپێکردو سەرەتایش ڕێککەوتننامەی دانەوێڵە لە نێوان مۆسکۆو کیێڤدا لە ئەستەنبوڵ واژۆکرا. دواتریش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە، ژمارەیەک لە بەندکراوی سەربازی لە نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕیانپێکرا، ئەمانەیش ڕۆڵی تورکیایان لە پاراستن‌و بەهێزکردنی ئاشتی‌و سەقامگیریی نێودەوڵەتیدا پتەوترکرد.

یەکێک لە پایە بەهێزەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بریتییە لەوەی نایەوێت پەیوەندییە سیاسییەکانی تەنها بە هاوپەیمانە دێرینەکانیەوە گرێبدات، کە بریتین لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەوانیش ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپاو ناتۆن، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکانی جۆراوجۆربکات بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی، بەشداریکردن لە گرووپی وڵاتانی برێکس (BRICS) یەکێکە لە هەنگاوەکانی ئەم ستراتیژییە، کە ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە نیگەرانییەکانی واشنتۆن بەرانبەر بە ئەنقەرە.

نزیک لە دوژمن؛ وەک دۆستی دوژمن

یەکێک لەو گرفتە سەرەکییانەی بوونە بە هۆی نیشتنەوەی تۆز بە سەر چەقبەستوویی پەیوەندییەکانی واشنتۆن‌و ئەنقەرە، چەند پرسێکن کە ماوەیەکی زۆرە ئەمریکاو تورکیای لە دووری یەکتر ڕاگرتووە، بە هۆی ئەوەی واشنتۆن تورکیا بە هاوکاریکردن یان هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دوژمنەکانی ئەمریکادا تۆمەتباردەکات، لەوانەیش: نزیکایەتیی تورکیاو ئێران، بە جۆرێک واشنتۆن تورکیا بە هاوکاریکردنی ئێران لە ڕووی داراییەوە، بە تایبەتییش لە ڕێگەی هالک بانکی تورکیاوە تۆمەتباردەکات. بە گوێرەی ئەمریکا، هاوکارییەکانی تورکیا بوونە بە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە. لە بەرانبەریشدا هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ گرووپە چەکدارییە کوردەکانی سوریا، بوونە بە هۆی توڕەکردنی ئەردۆغان. لە سەرووی هەموویشیەوە، تورکیا هەریەکە لە ئەمریکاو ناتۆ بە داڕشتنی کودەتاکەی ساڵی (٢٠١٦) تۆمەتباردەکات، بە تایبەتییش دوای ئەوەی کە واشنتۆن ڕەتیکردەوە ڕێبەری گرووپی خزمەت؛ فەتحوڵڵا گولەن، ڕادەستی ئەنقەرە بکاتەوەو ئەمەیش وەک بەڵگەیەک بۆ تۆمەتبارکردنەکەی ئەمریکا لەقەڵەمدەدات.

لە کاتێکدا جیهان بە سەر دوو بەرەو لە نێوان واشنتۆن‌و مۆسکۆدا دابەشبووە، بەڵام ئەنقەرە ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندییەکانی فراوانتردەکات، تەنانەت کاتێک لە ڕابردوودا، پرسی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس-٤٠٠ (S-400) بووە جێی ناکۆکیی سەختی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن، بەڵام دواتر ئەنقەرە ئەو سیستەمەی کڕی، سەرباری جەختکردنەوەی ئەمریکا بۆ نەکڕینی ئەو سیستەمە، بەڵام هێشتا لەو مەلەفە گرنگانەیە کە ئەمریکا وەک دەرچەیەک بۆ چوونەناو قۆناغێکی دیکەو پێشکەوتووی پەیوەندییەکانی خۆی‌و تورکیای دەبینێت‌و هۆشدارییشدەدات بە تورکیا کە خۆی لە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە بەرگرییە بەدووربگرێت. لە کاتێکدا تورکیا کڕینی ئەو سیستەمە وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزترکردنی سیستەمی بەرگرییەکەی دەزانێت، بەڵام ئەمریکا سزای بە سەر تورکیادا سەپاندو لە چوارچێوەی فرۆشتنی پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ (F-35) دووریخستەوە.

هەژموونی تورکیا؛ پێویستیی ئەمریکا

ئێستا هەژموونی تورکیا لە ئاسیای ناوەڕاست، یەکێتیی ئەوروپا، دەریای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باشووری ئەفریقا چڕدەبێتەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی مۆنتێرێکسی ساڵی (١٩٣٦)، تورکیا کۆنترۆڵی بە سەر ڕێڕەوییە ئاوییەکانی بۆسفۆڕو دەریای مەڕمەڕەدا هەیە، کە ئەم ڕێڕەوە ئاوییانە دەریای ڕەش‌و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوەدەبەستنەوە، ساڵانە سەدان ملیۆن تەن کاڵاو کەلوپەل لەو ڕێڕەوانەوە دەگوازرێنەوە. لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی گەورەی ئەمریکاو ناتۆ لە تورکیا هەن، تەنانەت ئەمریکا ژمارەیەک لە کڵاوە ئەتۆمییەکانی لە بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیکی لە تورکیا داناوە، ئەم بنکەیە ڕۆڵێکی سەرەکی‌و گەورەی لە شەڕو ململانێکانی دوای جەنگی سارد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیوە.

لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، ئێستا کە هەریەکە لە ڕوسیاو چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژموونی خۆیان پتەوکردووەو ڕۆژ بە ڕۆژیش بازنەی کاریگەرییەکەیان فراوانتردەکەن. لە بەرانبەردا ئەوەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازدەبێت، هەژموونی ئەمریکایە، بۆ ئەمەیش واشنتۆن پێویستی بە پشتیوانیی دۆستە مێژووییەکەی هەیە، کە تورکیایە.

سەرباری گشت ناکۆکی‌و خاڵە جیاوازەکانیان، بەڵام هێشتا زەمینەی باش؛ ژینگەی تێگەیشتنی هاوبەش، ویستی هاوبەشی هەردوولاو پێداویستیی ناوچەکەو جیهان، هەتا پێویستیی هەردوولایان بۆ ئەوەی هەنگاوی هاوبەشی زیاتر بنێن، ئەمریکاو تورکیا دەتوانن لە پێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیاندا پێکەوە کاربکەن. ئێستا تورکیا هەنگاودەنێت بۆ فراوانکردنی بەرەیەکی خۆڕاگرو بەهێزکردنی ئەو هەژموونەی هەیەتی، بە تایبەتییش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکووری ئەفریقا، ئەمریکایش دەیەوێت ڕووبەڕووی هەژموونی ڕوسیاو چین ببێتەوە، بە تایبەتی لەو دوو ناوچەیە، ئەمەش دەکرێت زەمینەیەک بێت بۆ ئامانجێکی هاوبەش. لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە، تورکیا پەیوەندیی دیبلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقادا دروستکردووە، بە چڕی چووەتەناو کیشوەرەکەوەو بە بەهای ملیاران دۆلار لە ژێرخانی ئەفریقا وەبەرهێنانیکردووە، ڕێککەوتننامە سەربازی‌و بەرگرییەکان‌و تەنانەت فرۆشتنی درۆنیش، هەژموونێکی نەرمی بۆ تورکیا دروستکردووە. ڕاستە ئەنقەرە هاوشێوەی پەکین نەیتوانیوە لە ژێرخانی ئابووریی ئەفریقا پشکی هەبێت، بەڵام تورکیاو کۆمپانیا پیشەسازی‌و بازرگانییەکانی لە هەندێک سێکتەردا، بە تایبەتییش سێکتەری ڕێگەوبان‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییە زەبەلاحەکان، دەتوانێت بە نزیکەیی کێبڕکێی چین بکات.

لە لایەکی دیکەوە، بوونە سەربازییەکەی تورکیا، کە بووە بە خاڵێکی سەرەکیی هەژموونی ئەو وڵاتە لە باکووری ئەفریقا، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوویشدا، تورکیا ڕێککەوتننامەی سەربازیی فراوانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای ئەفریقادا، لە ساحل، لەوانەیش نەیجیر، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن خەڵکەکەیەوە ئەمریکاو فەڕەنسا کرانەدەرەوە، واژۆکردووە.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، تورکیا هەنگاو بە هەنگاو هەژموونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزکردووە، بۆ نموونە: لە ساڵی (٢٠٠٢) تورکیا تەنها (١٢) باڵیۆزخانەی لە ئەفریقا هەبووە، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٢) ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ (٤٤) باڵیۆزخانە، هەروەها (٣٨) دەوڵەتی ئەفریقایش باڵیۆزخانەیان لە ئەنقەرە کردووەتەوە، ڕۆژانە فڕۆکە لە نێوان تورکیاو (٦٢) ناوچەی نیشتنەوەی ئەفریقا هاتوچۆدەکات. هەژموونەکە تەنها ئەمە نییە، بەڵکو ئەوەی وێنە گەورەکەی هەژموونی تورکیا نیشاندەدات، بریتییە لەو بڕە زەبەلاحە بازرگانییەی نێوان تورکیاو ئەفریقا، بە جۆرێک لە ساڵی (٢٠٢٣) گەیشتووە بە (٣٧) ملیار دۆلار. لە کاتێکدا لە ساڵی (٢٠٠٤) ئەم ژمارەیە تەنها (٥.٤) ملیار دۆلار بووە. ئۆمێر پۆڵات؛ وەزیری بازرگانیی تورکیا، دەڵێت: “لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، تورکیا هەزارو (٨٦٤) پڕۆژەی گەورەو ستراتیژیی لە وڵاتانی ئەفریقا جێبەجێکردووە”، دەیشڵێت: “کۆی بڕی وەبەرهێنانی تورکیا لە ئەفریقا دەگات بە (٨٥.٤) ملیار دۆلار”.

جگە لەمانەیش، ئێستا تورکیاو وڵاتانی ئەفریقا، لە ناویشیاندا سۆماڵ، لە قۆناغێکی دیکەی پەیوەندییەکانیاندان، ئەویش پرسی نەوت‌و وزەیە، بە جۆرێک لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا تورکیا کەشتیی نەوت_دۆزەرەوەی بۆ سۆماڵ نارد، بە مەبەستی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت‌و گاز لە ڕووبەرە ئاوییەکانی ئەفریقا، ئەمەیش دوای ئەو ڕێککەوتننەی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە نێوان هەردوولادا کرا، بۆئەوەی تورکیا لە سێ (٣) بلۆکی ناوچە کەناراویییەکانی سۆماڵ بە دوای نەوت‌و گازدا بگەڕێت. لەمەیش زیاتر، بە گوێرەی ئەو داتایەی ناوەندی (SIPRI)ی سویدی بڵاویکردووەتەوە، تورکیا چوارەم گەورەترین فرۆشیاری چەکە بە وڵاتانی ئەفریقا، بە تایبەتییش فرۆشتنی درۆنی بایراکتار بە ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ئەفریقا.

ئەوەی هێشتا تورکیا پێینەگەیشتووە، هەژموونە بەهێزەکەی چینە لە ئەفریقا، بە جۆرێک تەنها لە ساڵی (٢٠٢٣) قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە ئەفریقا گەیشتووە بە (٢٨٢) ملیار دۆلار. لە کاتێکدا قەبارەی وەبەرهێنانی تورکیا لە هەمان ساڵدا، تەنها (١٠) ملیار دۆلار بووە.

دیبلۆماسیی ئەمریکا بەبێ تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هێرشەکەی بزوتنەوەی حەماس لە (٧)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٣) بوو بە هۆی هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە ململانێ‌و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتییش نێوان ئیسرائیل‌و گرووپە چەکدارییە فەڵەستینییەکان. بە وێنەیەکی گەورەتر، لە نێوان ئیسرائیل‌و گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دوای زیاتر لە ساڵێک‌و سێ مانگ هێشتا ئەو شەڕە بەردەوامەو زیانێکی زۆریی مرۆیی، ئابووریی، سەربازی‌و دارایی بە کەرتی غەززەو ئیسرائیلیش گەیاندووە. دواتر ئەمریکاو بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەنگاوی دیبلۆماسی‌و سیاسییان دەستپێکرد، بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست‌و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام لە یەکەم هەنگاوەوە ئەمریکا تورکیای لەم بازنەیە دوورخستەوەو نەیهێشت ئەنقەرە هیچ ڕۆڵێکی لەو پڕۆسەیە هەبێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمەش بۆ ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیی حەماس‌و غەززەو دژایەتیی پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل دەکرد.

لێرەوە پەڕەیەکی نوێی ململانێ‌و ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو واشنتۆن دەستپێدەکات، چونکە تورکیا لە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تەنانەت جیهانیش خۆی وەک تەنها دەوڵەتێک نابینێت، بەڵکو خۆی وەک میراتگری ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دەزانێت. لە لایەکی دیکەوە، تورکیا وەک دەوڵەتێکی سوننە لە لایەکەوەو هەبوونی پەیوەندییش لەگەڵ ئیسرائیلدا، دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە پڕۆسەی ئاگربەستی نێوان هەردوو بەرەی شەڕدا، کە دەکرا ئەمریکا لەم ڕێڕەوەوە بتوانێت پڕۆسەکە بباتە قۆناغێکی دیکەوە.

هەتا پێش ساڵی (٢٠٢٣) دەکرا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خراپ ناوببرێت، بەڵام ئەم ناوبردنە لە ساڵی (٢٠٢٣)وە چیدیکە لە شرۆڤەی سیاسەت‌و دیبلۆماسیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێینابێتەوە، چونکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بە زنجیرەیەک سەردان پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ میسر، سعودیەو ئیماراتدا ئاساییکردەوەو تەنانەت گرێبەستی زەبەلاحی ئابووری، وزە، سەربازی‌و کشتوکاڵییشی لەگەڵدا واژۆکردن، دواتریش لە ساڵی (٢٠٢٤)دا بەشداریی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی برێکس (BRICS) لە قازانی پایتەختی تەترستان کردو وەک ئەندامێکی سەرەکییش ناسێنرا.

کێشەی سوریا بە بەرۆکی تورکیاو ئەمریکاوە

لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی (٢٠١١)وە ڕەوشی سوریا سەقامگیریی لەدەستداوەو هەتا ئێستایش نەگەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێشووی، تورکیایش بە ناوی پاراستی ئەمنیەت‌و ئاسایشی سنووری خۆیەوە لەگەڵ سوریادا دژ بە چەکدارە کوردییەکان، بە تایبەتییش هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چووەناو خاکی سوریاوەو هەتا ئێستایش بوونی سەربازیی لە ڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریا هەیە. یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆنیش بریتییە لە پاڵپشتی‌و هەماهەنگیی ئەمریکا لەگەڵ هێزە شەڕکەرە کوردییەکاندا لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە تورکیا بە تەواوی هەر هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ ئەو گرووپانە ڕەتدەکاتەوەو بوونی ئەو هێزانەیش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.

ئەوەی تورکیا دەیەوێت، هەڵوەشاندنەوەو کۆتاییهێنانە بەو ئیدارە خۆسەرییە کوردییەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیەتی. ئەمریکایش لەگەڵ ئەمەدا نییەو پاڵپشتیی ڕێڤەبەریی خۆسەر دەکات. کەواتە جگە لە چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەم گرفتە، چارەسەرێکی دیکەش هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەمریکا بە پڕۆسەو میکانیزمێکی هاوبەش لەگەڵ تورکیاو کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا کاربکات، جگە لەمەیش، دابەشکارییەک لە نێوان ئیدارە خۆجێیەکاندا، کە هەریەکە لە ئەمریکا، تورکیاو هێزە کوردییەکان پاڵپشتییدەکەن، بکرێت، ئینجا بە هەنگاوی هاوبەش ڕێگەچارەی ئاشتی دەستنیشانبکرێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، پێویستە واشنتۆن لەگەڵ ئەنقەرەو گرووپە چەکدارییە کوردییەکاندا کاربکات، بۆئەوەی دڵنیایی لە پاراستنی مافی کوردەکان مسۆگەربکات.

ئاسۆی لێکنزیکبوونەوەو دۆستایەتی

لە زانستی دیبلۆماسیدا؛ خاڵی کۆتایی‌و بڕانەوە نییەو بەردەوام دەرچەیەک دەهێڵرێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتەکان یاریدەی پڕۆسە سیاسییەکە بدەن، ئەمەیش بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکاو تورکیا ڕاستە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەتا چوار ساڵی دیکە لە سەر کورسیی سەرۆکایەتیی تورکیا دەمێنێتەوە، سەرۆکی ئەمریکایش بە هەمان شێوە، کەواتە کاتەکە دووروودرێژەو هەردوولایش پێویستیان بە یەکترە، هەتا بگەن بەو ڕێگەیەی کە لێکیاننزیککاتەوە، تورکیا لە وێستگەی زۆرێک لە کێشەو ئاریشە جیهانییەکان وەستاوەو زۆرێکیشیان دایەلۆگیان پێویستە، بە تایبەتی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکادا. لێرەوە دەگەین بە خاڵی یەکتربینینی داهاتووی نێوان سەرۆکی ئەمریکاو تورکیا، دەبێت جگە لە گفتوگۆو پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان، بچنەدەرەوەی ئەو بازنەیەو بڕیار لە چارەسەر یان یەکلاییکردنەوەی هەندێک پرس‌و بابەت بدەن، بۆ ئەمەیش تورکیا ئۆفەری مەزن‌و گرنگی لە بەردەستە بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، لەوانەش سێکتەرەکانی بازرگانی‌و سەربازی‌و بەرگری، هەروەها هاوکاریکردنیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چین، ئێران‌و ڕوسیا، بە تایبەتییش لەو ناوچانەی تورکیا چالاکەو ڕۆڵی سەرەکیی هەیەو لە بەرانبەریشدا ئەمریکا ڕۆڵ‌و بوونی سنووردارە.

ئەوەی ئێستا بۆ تورکیاو خودی ئەردۆغان گرنگە، لە بازنەی داخراوی ڕوسیا-چین بێتەدەرەوەو ئاوڕێک لە هاوڕێ‌و دۆستە ئەمریکی‌و ئەوروپییەکانی بداتەوەو لەوە تێبگات بازنەیەکی دیکەیش هەیە، کە بەشێکی زۆری جیهانی بە دەستە، هەروەها لەوەیش تێبگات کە پەڕگیری‌و دوورەپەرێزیی تورکیاو ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی ساردەوە باجەکەی بۆ ئەنقەرە کەم نەبووە.

ئەنقەرەو واشنتۆن دەبێت چی بکەن؟ (لە بریی کۆتایی)

قۆناغە نوێیەکەی پەیوەندییەکانی واشنتۆن‌و ئەنقەرە دەستیپێکردووە، سەرباری ئومێدێکی زۆر بە باشبوونی پەیوەندییەکانیان، بەڵام ئەو دوو پایتەختە پێویستە بە ئاوازی قەیران؛ گۆرانی بە سەر کێشەو گرفتەکانی نێوانیاندا بڵێنەوە، چونکە ئەوە تەنها سەردەمی بایدن نییە کە بە سەردەمی قوڵبوونەوەی کێشەکانیان دادەنرێت، بەڵکو سەردەمی ترەمپیش ئەگەر بە هەمان شێوەی بایدن نەبێت، ئەوا هیچی لەو کەمتر نییە، چونکە ڕاستە ئێستا دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوەتەوەو بە پەیوەندییەکی باش‌و سەقامگیری لەگەڵ تورکیاو خودی ئەردۆغان دەناسرێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوەیشمان لەبیربێت لە سەردەمی خودی ترەمپدا بە هۆی پرسی کڕینی چەکی ئێس-٤٠٠ (S400)ی ڕوسییەوە؛ ترەمپ سزای ئابووریی بە سەر تورکیادا سەپاند.

هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەیپێکراوە، تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە نییە. لێرەوە ئەوە ڕوندەبێتەوە کە وەک پێویستییەکی قۆناغەکە پێویستە ئەمریکاو تورکیا یەکەم هەنگاویان بنیاتنانەوەی متمانەی نێوانیان بێت، لە سەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن‌و بە ڕاشکاوی باس لە کێشەو ململانێکانیان بکەن، چونکە ئەوەی لە سەر سنوورەکانی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا، ئۆکرایناو جیهانیش دەگوزەرێت، پێویستی بەوەیە هەردوولایان پێکەوە کاربکەن‌و هەماهەنگییان هەبێت. دواتر پرسی داهاتووی هەریەکە لە عێراق، سوریا، لیبیاو بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقایش گفتوگۆبکەن‌و بڕیاری لە بارەوە بدەن، چونکە تورکیا هێزی سەرەکی‌و هەتا ڕادەیەکیش یەکەمینیشە لە هەندێک لەو وڵاتانەو ئەمریکا بۆ هەژموونی خۆیشی بێت، پێویستی بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی تورکیاو دواتریش ڕێککەوتن لەگەڵیدا هەیە. هەروەها پرسەکانی مافی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین‌و ڕۆژنامەوانی، ئازادیی سیاسی‌و دەستگیرکردنی خەڵکی بە هۆی بیروباوەڕی سیاسییەوە، زیادبوونی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان، لەو پرسانەن کە ئەمریکا وەک هێڵێکی سوور بە دەوری پەیوەندییەکانی خۆی‌و تورکیادا کێشاونی‌و پێویستە ڕووبەڕوو و بەرانبەر بە یەکتر باس لەم گرفتانە بکەن، هەروەها تورکیایش لەگەڵ ئەمریکادا لە سەر ئەم پرسانە ڕێکبکەوێت‌و گوێ لە داواکارییەکانی بگرێت.

لە کاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت ڕۆڵی سیاسی، دیبلۆماسی‌و تەنانەت سەربازیی خۆی بگێڕێت لە دوو جەنگی گەورە (ڕوسیاو ئۆکرانیا، ئیسرائیل‌و حەماس)، کە جیهان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوەو ڕۆژ بە ڕۆژ ئاگرەکەیان زیاتر تاودەسێنێت، تورکیا دراوسێی ئەم دوو بەرەی جەنگەیەو لەگەڵ لایەنەکانی هەردوو جەنگەکەیش لە لایەکەوە هەژموون‌و لە لایەکی ترەوە ڕۆڵی نێوەندگیریی هەیە، کەواتە ئەمریکا زیاتر پێویستی بە تورکیاو ڕۆڵەکەی هەیە.

پرسی جەنگی ئۆکراینا یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە هەردوولا دەبێت گفتوگۆی لە بارەوە بکەن، سەرەتایش دەبێت واشنتۆن ڕۆڵی نێوەندگیریی تورکیا لە نێوان مۆسکۆو کیێڤدا پەسەندبکات، بەڵام ئایا لە ئاست بازرگانییەکەی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆدا، کە پێشێلکارییە بەرانبەر بەو سزایانەی ڕۆژئاوا بە سەر مۆسکۆدا سەپاندوویەتی، چاودادەخات یان نا! ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە، هەروەها تورکیایش گوێ بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ جەنگەکە بگرێت، بە تایبەتییش پرسی بوونی درۆنی تورکیی بایراکتار لە جەنگەکەدا.

پرسی غەززە دەبێت بە دەرچەی قوڵبوونەوەی گفتوگۆکانی هەردوولا، چونکە واشنتۆن‌و ئەنقەرە لە سەر ئەو پرسە لەوپەڕی ناکۆکیدان. لە لایەکەوە تورکیا بە پشتیوانی غەززەو گرووپی چەکداریی حەماس لەقەڵەمدەدرێت، کە ئەمریکا؛ تورکیا بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزیی حەماس لە ڕووی سیاسی‌و سەربازییەوە ناودەبات، لە بەرانبەریشدا تورکیا لە ڕۆڵی ئەمریکا نیگەرانەو پێیوایە کە ڕێگر نەبووە لە کردە سەربازی‌و چەکدارییەکانی ئیسرائیل لە غەززەو کردنەئامانجی خەڵکی سڤیل. لە دوای (٧)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٣)وە (حەوتی ئۆکتۆبەر)، ئەمریکا لە پرسی غەززە بە تەواوی تورکیای پەراوێزخستووە، تەنانەت ئەنتۆنی بلینکن؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، تورکیای خستەدەرەوەی گەڕی یەکەمی سەردانەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش تورکیاو خودی ئەردۆغانی نیگەرانکرد، دواتر کە چووە ئەستەنبوڵ، ئەردۆغان ئامادەنەبوو چاویپێیبکەوێت.

لیستی سەرچاوەکان

  1. (China and Russia in the Middle East: Seeking Integration Under a “Common Goal”)
  2. (Navigating Influence)
  3. (Condoleezza Rice: ‘Do you want Russia and China to shape the international environment?’)
  4. (The United States should look to Turkey as a regional balancing actor against Iran)
  5. (The Diplomatic Retreat of the US in the Middle East)
  6. (A U.S. Perspective on Turkey in the Middle East)
  7. (The US Shift Away From the Middle East)
  8. (How Turkey Moved East)
  9. (The Limits of Biden’s Middle East Diplomacy)
  10. (Turkey’s Role in the Middle East)
  11. (NATO, Gaza, and the future of US-Turkish relations)
  12. (Turkey (Türkiye): Major Issues and U.S. Relations )
  13. (Turkey’s Growing Foreign Policy Ambitions)
  14. (US Middle East Strategy – U.S. Strategy for Middle East)
  15. (Neither Friend nor Foe: The Future of U.S.-Turkey Relations)
  16. (مستقبل العلاقات التركية-الأمريكية – idrak – إدراك)
  17. (المسارات المحتملة لعلاقة تركيا مع إدارة بايدن)
  18. (أبعاد التوتر في العلاقات التركية الأمريكية)
  19. (تركيا والولايات المتحدة.. مصالح إستراتيجية متبادلة)

پەراوێزەکان

١. ئیرۆزی، بەو دەوڵەت یان کەسە دەگوترێت کە بەشێکی سەر بە ئەوروپایەو بەشەکەی دیکەیشی سەر بە ئاسیایە.

٢. باشووری قەوقاز ژمارەیەک وڵات دەگرێتەوە، کە بریتین لە ئەرمینیا، جۆرجیاو ئازەربایجان.

٣. لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٧١) هەتا (١٩٨١)، سیونۆیەمین سەرۆکی ئەمریکا بووە.

٤. پڕۆژەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی (NSC-68)، یەکێکە لە بەهێزترین پڕۆژەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاو لەلایەن ستافی پلاندنانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە (٧)ی نیسانی ساڵی (١٩٥٠) ئامادەکراوەو وەک پاکێجی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەو کاتەی ئەمریکا پێشکەشی هاری ترومانی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا کراوە. ئامانج لەم پڕۆژەیە داڕشتنەوەی سیاسەت‌و ستراتیژیی ئەمریکا بوو لە جەنگی سارد، بە تایبەتییش لە کاتی سەرهەڵدانی جەنگی کۆریا. بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر ئەم پڕۆژەیە؛ بڕوانە: پاکێجی مێژووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ( (Nsc-68 1950 – Office of the Historian).

Send this to a friend