قەیرانی ئۆكرانیا؛ شەڕی وزە و ئاسایشی خۆراك
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە و ئامادەكردن: پەرۆش محەمەد
شەڕی پوتن لەوانەیە ئەورووپا بوێرتر بکات(1)
بیر لە ١٢ مانگ پێشتر بکەوە کاتێک جیهان لە کەرەنتینە و داخرانی کۆرۆنا ڕزگاری دەبوو، ئەوە ئەو کاتە بوو کە خواست لەسەر وزە زۆر بەخێرایی بەرز بوویەوە و بەرهەمهێنەرانی گاز و نەوتیش پەلەیان بوو بۆ تێرکردنی ئەم خواستە، لە ئەنجامدا نرخی وزە فڕی.
بە درێژایی پاییزی ٢٠٢١ بەهای گازی ئەورووپی -کە بە “TTF” ناسراوە- بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە و ڕوون بوو کە شتێک لەگۆڕێدایە سەبارەت بە بۆریی گازەکەی ڕووسیا.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە مانگی ١٠دا ڕایگەیاند کە ڕووسیا دەبێت و پێویستە گازی زیاتر هەناردەی ئەورووپا بکات بۆ ئەوەی وەکوو دابینکەرێکی متمانەپێکراو خۆی نیشان بدات. دواجار گازپرۆم تەنها ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەیدا بەڵێنی دابوو دابینی کرد نەک زیاتر. کۆمپانیا ڕووسییەکە لە بازاڕی ئەورووپی کشایەوە و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕی ئەورووپادا بەردەوام بوو لە هەڵکشان.
لە ٢٠٢١دا ئەورووپا لە ٪٦٠ی ئەو وزەیەی بەکاری هێنابوو هاوردەی کردبوو، لەم بڕەش لە ٪٤٠ی لە ڕووسیاوە هاتبوو. ئەو وزەیەی کە ڕووسیا دابینی کردبوو؛ لە ٪٤١ گازی سروشتی بوو، لە ٪٣٦ نەوت بوو، لەگەڵ خەڵووز کە لە ٪٢٠ بوو. لە ٪٧٥ی ئەم گازە سروشتییەی ڕووسیا، بە ڕێگای بۆریی جێگیر دابین کرابوو.
لەو کاتەوەی ڕووسیا بڕیاری داگیرکردنی ئۆکرانیای دا، بڕی ئەو گازە ڕووسییەی ئەورووپا بەکاری دەهێنا بە شێوەیەکی زۆر دابەزی. لەم پاییزەی ئێستادا ئەم ڕێژە دابەزیوە بۆ لە ٪٩. کە هەواڵی داگیرکارییەکە بڵاو بوویەوە، بازاڕی گاز بە بەرزبوونەوەی نرخ وەڵامی دایەوە. لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستا، ئەورووپا و ڕووسیا لەم شەڕە بەردەوامن.
ئاستی گەمارۆکانی ئەورووپا لە دژی ڕووسیا بۆ دژایەتیکردنی شەڕە نایاساییەکەی لە ئۆکرانیا، تا بێ زیاتر دەبێت و لە هەمان کاتدا ڕووسیاش ڕێگای تری دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی گازەکەی وەکوو چەکێ دژی ئەورووپا بەکار بهێنێت. لە سەرەتای مانگی نۆ، ڕووسیا بۆریی گازی “نۆرد-ستریم-١”ی تا کاتێکی نادیار داخست -لە هەمان کاتدا قازانجی باشی کردووە لەو داهاتەی لە هەناردەی کەمترەوە دەستی دەکەوێت.
ئا لەم بارودۆخەدایە کە ئەورووپا پێ دەنێتە ناو مانگەکانی زستانەوە بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە دەربارەی ئاسایشی گازەکەی، بارودۆخێک کە چەند هێندە خراپتر بووە بە هۆی قەیرانێکی فراوانترەوە کە ئەویش بەرهەمهێنانی وزەیە کە دەرئەنجامی کەشوهەوای سەخت و کۆنیی ژێرخانەکەیەتی.
پاڵنەرە سەرکەوتووەکەی خەزنکردنی غاز
هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئەورووپا بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینەی بینیوە لە پڕکردنی ئەمبارە غازەکانی بۆ زستان کە لە ئێستادا لە ٪٨٠ی ئامانجەکەی تێپەڕاندووە. پڕکردنی تەواوەتی بە مانای ئەوە دێت کە توانای دابینکردنی غازی هەیە بۆ سێ مانگ، ئەمەش ئەرکی پێدانی تێچووی غاز بە هەر نرخێک ئاسانتر دەکات و هۆکاری ڕوودانی ئەمەش ئەوەیە کە کڕیارە ئەورووپییەکان بڕێکی زۆر غازی سروشتیی شلیان لە ئەمەریکاوە هێناوە.
بێگومان کۆمپانیاکانی غازی شل لە سەرانسەری جیهاندا سوود لەو نرخە بەرزە وەردەگرن و بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کار بۆ بەرهەمهێنان دەکەن. هەروەها تێرمیناڵەکانی غازی شلی ئەورووپاش لە هەمان کاتدا زۆر بەجددی کار دەکەن.
بەریتانیا لێرەدا ڕۆڵی بینیوە. لە کاتێکدا بەریتانیا مەخزەنی ناوخۆیی دیاری نییە، هەناردەکانی غازی شل بەناو بەریتانیادا لە ڕێگەی دوو بۆریی پێکەوەبەستراوەوە بۆ بەلژیکا و هۆڵەندا تێپەڕیون.
بەریتانیا لە هەمان کاتدا هەناردەی کارەبای بۆ ئەورووپا زیاد کردووە، چونکە لەم کاتەدا وزەی کارەبای ناوکی فەڕەنسا بە هۆی ڕۆتیناتی چاکسازیی هاوینە و کۆنیی هەندێ ئامێرەوە کەمی کردووە. ئایا هیچ بڕێ لەم غاز و کارەبایە دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا لە زستاندا؟ ئەمەیان دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئێمە چەندێ ئامادەین پارەی پێ بدەین و هەروەها ئەورووپاش چۆن وەڵامی هەر حاڵەتێكی لەناکاوی بەریتانیا دەداتەوە لە کاتێکدا بەریتانیا دەکەوێتە دەرەوەی بازاڕی ناوخۆی وزەی ئەورووپاوە.
کەمبوونەوەی خواستی چین لەسەر وزە بە هۆی سیاسەتی سفر-کۆرۆناوە، پاڵنەرێکی پشت پڕکردنی ئەمبارەکانی غازی ئەورووپایە، چونکە چین ساڵ لەدوای ساڵ لە ٪٢٢ی هاوردەی غازی شلی کەمی کردووە، بەڵام ئەوە ڕەنگە بگۆڕێ ئەگەر چین تووشی زستانێکی سەخت بێتەوە.
وڵاتانی تریش کاریگەریی ئەم نرخە بەرزەی غازیان بەر کەوتووە کە هۆکارەی شەڕەکەی ئەورووپایە، بۆ نموونە: پاکستان، هیندستان و بەنگلادش شکستیان هێناوە لەوەی ئەو بڕە غازەی پێویستیانە دابینی بکەن. ئەورووپا ئەم ناسەقامگیرییەی وزەی خۆی بێباکانە گواستەوە بۆ وڵاتانی تر، لە کاتێکدا زۆر وڵات ئەمە وەکوو “شەڕی ئەورووپییەکان” دەبینن. بۆ نموونە؛ هیندستان زۆر ئاسان و ئامادە ڕێککەوتنی کردووە بۆ هاوردەکردنی نەوت و غازی ڕووسیا و چینیش هەمان شتی ئەنجام داوە.
ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام تێیدا خەریکی پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی جێگرەوەن و پلانی کورتخایەن و ستراتیژیەتی درێژخایەنیشیان هەیە بۆ ئەوەی زستان تێبپەڕێنن و نەخشەی داهاتوویەکی بێ غازی ڕووسیا دابڕێژن. ئەم پلانەش ئامانجی ئەوەیە دابینکردنی غاز فرەجۆر بکات و پێش زستان عەمباركردن زیاتر بکات، پەرە بە بەرهەمی وزەی نوێبووەوە لەگەڵ سەقامگیریی وزە بدات و لە کۆتاییشدا پێش ٢٠٣٠ چیتر پەیوەستی بە وزەی بەبەردبووی ڕووسیا بدات.
ئەورووپا خۆی لە غازی ڕووسیا دەبڕێتەوە
دیمەنی نەڕۆیشتنی کەمێک یان هیچ بڕێک لە غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا خەریکە بەخێرایی ببێت بە واقیع. لە مانگی حەوتدا ڕێکاری ئەوە گیرایە بەر کە خواستی ئەورووپا لەسەر غاز لە ٪١٥ کەم بکرێتەوە لەگەڵ ڕێکاری توندتر، ئەگەر بێتوو کورتهێنانی بەرچاوی غاز ڕوو بدات. لە مانگی نۆدا پلانی زیاتر گیرایە بەر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا بەتایبەتی لە کاتە دیارەکاندا، هەروەها نرخی وزەی نوێبووەوە لەگەڵ وزەی ناوکی جێگیر کرا بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی بەرهەمهێنەرە گەورەکانی وزەی بەبەردبوو کە قازانجی زۆر دەکەن، بڕی مەعقول پارە بدەن.
حکومەتی بەریتانی ڕایگەیاندووە کە نرخی کڕیارە ناوخۆییەکان بۆ دوو ساڵ دیاری بکات. هەروەها بەرهەمهێنانی غاز و نەوت لە دەریادا بێت یان وشکانی، هان دەدرێت و قەدەغەی سەر هەندێ ڕێکاری دەرهێنانیش لا براوە. بەریتانیا دەیەوێ هەندێ پێوەریش جێگیر بکات کە وا دەکات لە ٢٠٤٠دا بەریتانیا بکات بە وڵاتێکی نێردەی وزە. لێرەدا جەخت لەسەر دابینکردنە و شتێکی کەم وتراوە لە بارەی کەمکردنەوەی خواستەوە لەم زستانەدا یان زستانی داهاتوودا.
لە ئەڵمانیا تێرمیناڵی گازی شل لە دەریادا دانراوە و لە زەوییشدا ئامرازی نوێ بۆ هێنانی غازی شل بونیاد نراوە. لە سەرانسەری ئەورووپا، لە هەر جێیەک گونجاو بێ، وێستگەکانی کارەبای خەڵووز ئامادە کراون.
پرسیاریش دەربارەی ئەو وێستگە ناوکییە کارەباییانەی ئەڵمانیا دەکرێت کە هێشتا ماون. ئەڵمانیا هیوای وا بوو تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ واز لە وزەی ناوکی بهێنێت، بەڵام لە ئێستادا دووبارە بە بڕیاری داخستی کۆتا سێ وێستگە ئەتۆمییەکەیدا دەچێتەوە. هەروەها بیر لەوەش دەکاتەوە سێ وێستگەی دیکەی ئەتۆمی بخاتەوە کار کە ساڵی پار لەکاری خستبوون.
بەریتانیا بیر لەوە دەکاتەوە کە دامەزراوەی خەزنکردنی گاز دووبارە بخاتەوە کار کە لە ٢٠١٧دا دایخستبوو، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بەرگەی زیاتر بگرێت. هەروەها پلانی ئەوەشی هەیە کە خێراتر سوود لە وزەی ئەتۆمی، با، هایدرۆجین و خەزنکردنی کاربۆن وەربگرێت کە هەموو پێکەوە بەشێكن لە ستراتیژیەتی سفرکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان. نەهێشتنی کاربۆن لە کەرتی وزەی ئەورووپادا، سەری کێشاوە بۆ بەکارهێنانی زیاتری وزەی نوێبووەوە لەگەڵ گۆڕینی خەڵووز بۆ غاز. لە دەرئەنجامدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا پێکەوە وزەی ئاو، خۆر و با نزیکەی لە ٪٣٧ی وزەی بەریتانیایان دابین کردبوو لە کاتێکدا ئەم بڕە لە ٢٠١٠ لە ٪٢١ و لە ١٩٩٠ لە ٪١٢ بووە.
لە کاتێکدا بڕی بەکارهێنانی گازی سروشتی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا لە (٪٨.٦)ەوە لە ١٩٩٠ بەرز بوویەوە بۆ لە ٪٢٣ لە ٢٠١٠دا، ئەم بڕە پاشتر دابەزییەوە بۆ لە ٪٢٠ لە ٢٠٢١دا. بە بەراورد بە وڵاتانی تر، لە هەمان ساڵدا غاز لە ٪٤٠ی کارەبای بەریتانیای بەرهەم هێناوە و وزەی ئەتۆمییش ڕێژەکەی بەجێگیری ماوەتەوە، بەڵام کۆنبوونی وێستگە ئەتۆمییەکان لە هەندێ وڵات، مەترسیی دروست کردووە بۆ سەر بڕی دابینکراوی وزە.
لە مەودای مامناوەنددا دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە بە مانای بەکارهێنانی غازی شل دێت، کە ئەمیش لەدوای ساڵەکانی (٢٠٢٥)ەوە بەردەست دەبێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە خواست لەسەر غاز بە شێوەیەکی هەمیشەیی کەم بکرێتەوە لە ڕێگەی گۆڕینی سووتەمەنی، باشکردنی بەکاربردن و کەمکردنەوەی خواستەوە. ئەمانە دەبێ گرێ بدرێنەوە بە خێراکردنی پڕۆسەی نەهێشتنی کاربۆن و کارەباوە.
گەشتی ڕووەو سەقامگیریی وزە دەکرێ ببێ بە هێزێک بۆ هەمیشە. بە شێوەیەکی فراوانتر، سەرکەوتنی ئەورووپا لە خێراکردنی گواستنەوە بۆ ئابوورییەکی کەمتر کاربۆن دەکرێ ببێت بە مۆدێل بۆ شوێنەکانی تر.
هاریکاریی زیاتر لەنێوان وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا
پشتبەستنی نوێی ئەورووپا بە گازی سروشتیی شل، دەکرێ لە کۆتاییدا سەر بکێشێ بۆ کاری ژینگەیی لە ئەفەریقا، چونکە ئەمە پێویستی بە بنیادنانی پەیوەندیی وزەی دیکە لەو کیشوەرەدا هەیە کاتێک کە پڕۆژەکانی هەناردەکردنی گازی شل لەوێ پەرەیان پێ دەدرێت.
لەبەرانبەر ئەمەدا، ئەورووپا دەتوانێ وەبەرهێنان بکات لە دروستکردنی وێستگەی غازی ناوخۆ، خستنەکاری تەکنەلۆژیای بێکاربۆن لەگەڵ چارەسەری سروشتدۆستانە لەو وڵاتە هەناردەکەرانەوە.
ئایا تا چەندە ئەمە دەکرێت ئەنجام بدرێت؟ ئەمە دەبێ چاوەڕێ بین و ببینین. لە باشترین دۆخدا، لە ٢٠٣٠دا ئەورووپا چیتر غازی ڕووسیا بەکار ناهێنێت. ئەورووپا هەروەها غازی کەمتریش بەکار دێنێت لەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت هاوشانی کەمبوونەوەی دەردراوە کاربۆنییەکان و هەڵکشانی بەرهەمهێنانی وزەی پاکژتر.
هەروەها پابەندییەکان دووبارە دەکرێنەوە بە ئامانجی گەیشتن بە “fit for 55″، کە ئەمەش کەمکردنەوەی دەردراوە گازییەکانە بە ڕێژەی لە ٪٥٥ تاوەکوو ساڵی ٢٠٣٠ و هاریکاریی زیاترە لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا. هەروەها شتەکە ڕێی تێدەچێت کە بەریتانیاش وەکوو وڵاتێکی هاوپەیمان هاوبەشیی پێ بکرێت و دەرک بە ڕۆڵی گرنگی ژێرخانی غازی بەریتانیا بکرێت.
بەم شێوە سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی کاتێكی سەخت لە زستانەکانی داهاتوودا، بەڵام تراژیدیای ترسناکی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی غازی جیهانی و ئەورووپی، دەکرێ سەر بکێشێ بۆ سەقامگیریی زیاتری وزە و کاری ژینگەیی زۆر پێویست.
باشترین و خراپترین سیناریۆکانی وزە
حاڵەتە کتوپڕە ئەمنییەکانی غاز بەگشتی کورتمەودان و هۆکارەکەیان کێشەی تەکنیکی یان کەشوهەوای خراپن نەک ئەم هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەی کە ئێستا ئەورووپا ڕووبەڕووی بووەتەوە. مایک برادشۆ دوو سیناریۆی کێشاوە بۆ ئەم دۆخە لە دوو جەمسەری جیاوازەوە، خۆشبەختانە واقیعەکە شتێکە لەنێوانی هەردووکیاندا.
سیناریۆ خراپترینەکە
ئەم کێشانەی دابینکردنی کارەبا لە ئێستادا هەن، بەردەوام دەبن تاوەکوو زستان و دەبنە هۆی بەکارهێنانی زیاتری غاز وەک لەوەی کە هەیە و گرفت بۆ ئەوە دروست دەکەن کە عەمبارەکانی غاز پڕ بکرێن بۆ زستان. لە ئەنجامدا، تاکتیکی کەمکردنەوەی خواست جێبەجێ دەکرێت و سنووردارکردنی دابەشکردنی وزە لە زستاندا دەبێ بە ناچاری. یەکێتیی ئەورووپا نرخێک لەسەر غازی ڕووسی دادەنێت و ڕووسیاش بەوە وەڵام دەداتەوە کە هەموو بۆرییەکانی غاز بۆ ئەورووپا بگرێتەوە.
زستانێکی سەخت لە ئەورووپا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خواست زیاد دەکات و ماوەیەکی درێژی تاریکیش لە باکووری ڕۆژئاوای ئەورووپا بەرهەمهێنانی وزەی نوێبوەوە لە کاتێکی زۆر گرنگدا کەم دەکاتەوە، ئەمەش دەبێت بە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر غاز و خاڵیبوونەوەی عەمبارەکان.
زستانێکی سارد لە ئاسیا پێشبڕکێ لەسەر ئەو بڕە دیاریکراوەی گازی شل زیاد دەکات و نرخەکەشی لە ئەورووپا زیاتر دەکات، هەر چەندە ئەم غازە لە ئاسیا هەناردەکردنەکەی بۆ بازاڕێک دیاریکراو پەیوەست نییە. چین واز لە سیاسەتی سفرکردنەوەی کۆرۆنا دێنێ و بەرهەمی پیشەسازی هەڵدەکشێت و هێنانی غازی شلیش بۆ چین زیاتر دەبێت و فشاری زیاتر بۆ بازاڕەکە زیاد دەکات.
لە دەرئەنجامی ئەم ڕووداوانەدا، ئەورووپا دەبێ ڕێکاری کتوپڕ بگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر غاز لە ڕێگای کەمکردنەوەی خستنەبازاڕەوە بەر لە کاتی چاوەڕوانکراو. کۆمسیۆنی ئەورووپاش ئامانجەکانی بەسەر وڵاتە ئەندامەکانیدا دەسەپێنێ.
سەرەڕای هەموو قسەکان، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ڕاستەقینەکەدا وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا هیچ شێوەیەکی هاریکاری نیشان نادەن و غاز کۆ دەکەنەوە و هەناردەی کارەبا کەم دەکەنەوە کە ئەمەش دۆخەکە خراپتر دەکات، بەریتانیاش بۆرییە غازە پێکەوەبەستراوەکان دادەخات لە کاتە سەختەکاندا بۆ ئەوەی سیستمی بۆرییە ناخۆییەکانی بپارێزێت.
نرخی زۆر و کورتهێنانی وزە؛ ئەورووپا تووشی داڕووخانی ئابووری دەکات، هەژاریی وزە دەفڕێت و خەڵکی لە ماڵە ساردەکانیاندا دەمرن و زۆر لە کارەکانیش بەناچاری دادەخرێن. توندوتیژیی کۆمەڵایەتی لە ئەورووپادا بەرپا دەبێت و یەکدەنگی لە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا کەم دەکاتەوە -ئەمەش ئەوەیە پوتن ئاواتی بۆ دەخواست.
سیناریۆ باشترینەکە
لە کاتێکدا پاییز خەریکە بگات، قەیرانی کەرتی غاز کەم دەبێتەوە و غازی کەمتر پێویستە بۆ هەڵکردنی ڕووناکی، ئەمەش بوار دەدات کە ئاستی عەمبارکردنەکە تاوەکوو زستان بە بەرزی بمێنێتەوە.
سەرەڕای چەندین پچڕان و نیگەرانی لە هاوردەی غازی بۆرییەکانی ڕووسیا و سەرەڕای گلەیی لە هەردوو لاوە، بەڵام لێشاوی غاز لە بۆریی نۆردستریمی یەک و لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە هەر دێت. هاتنی غازەکە هەرگیز وەکوو جاران “نۆرماڵ” نییە، بەڵام کاتێك غاز بەردەوامە لە هاتن، ئاستی عەمبارەکانیش ئەندازەی پێویستە و تەنها لە کاتی سەرما کەم دەکات کە ئەوەش هەمیشە هەر ڕووی داوە.
زستانێک بە شنەبا و پلەیەکی مامناوەندەوە وزەی با زیاد دەکات و خواست لەسەر گەرمکردنەوە کەم دەکاتەوە لە ئەورووپا، هەروەها کەشوهەوایەکی مامناوەندیش لە ئاسیا خواستی وەرزی لەسەر غاز کەم دەکاتەوە و وەرزی سەرماش درەنگتر دەست پێ دەکات و زووتریش کۆتایی دێت. هەر چەندە بازاڕی غازی شل لە جیهاندا بەرز دەمێنێتەوە، بەڵام ئەورووپا دەتوانێت ئەوەندە کارگۆ بۆ خۆی بەرێت کە هاوسەنگیی خواست و خستنەڕوو بپارێزێت بەبێ ئەوەی نرخێكی زۆری لەسەر بکەوێت.
لە چین بەردەوامیی سیاسەتی سفرکردنەوەی کۆرۆنا دەبێتە هۆی خاویی پڕۆسەی ئاساییبوونەوەی خواستی پیشەسازی و خواستیش لەسەر غاز هەر لەخوار ئاستەکانی (٢٠٢١)ەوە دەمێننەوە.
ڕێکاری کەمکردنەوەی خواستی ئەورووپا گۆڕانکارییەک دروست دەکات و زۆرینەی ئەندامەکان، بەڵام هەموویان نا، پێویستیان بەوە نابێ خستنەڕوو سنووردار بکەن و پچڕانی کارەباش ڕوو نادات. بەریتانیاش دەتوانێ هێڵە پێکەوەبەستراوەکانی غاز و کارەباش بە کراوەیی بهێڵێتەوە بە درێژایی زستان بۆ بەرژەوەندیی هەمووان.
نرخەکانی وزە بە بەرزی و ناجێگیری دەمێننەوە، بەڵام خەزنی پێویست و کەمکردنەوەی خواست کاریگەرییەکەی نزمتر دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا ئەورووپا بەدوور دەبێت لە داکشانی ئابووریی بەربڵاو.
ئەو پاکێجانەی بۆ یارمەتی لەلایەن حکومەتەکانەوە بەکار دەهێنرێن و ئەو ڕێكخستنانەی بۆ بازاڕی کارەبا دەکرێن، ئەوەمان پێ دەڵێن کە تێچوونی ئەم دەستتێوەردان و پاڵپشتیکردنە لە کردن دێت و زۆرینەی خێزانەکان دەتوانن ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە و ئیشوکارەکانیش دەتوانن بەردەوام بن.
کاریگەریی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا(2)
جگە لە زیانە مرۆییە زۆرەکان و وێرانکاری، شەڕە بێبەهانەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا کە “تەشتی نان”ی ئەورووپایە، بووە بە گرفت بۆ دابینکردنی وزە و خواردنیش. سیستمی خۆراکێک کە خۆی لەژێر ڕەحمی گۆڕانی کەشوهەوا و پەتای کۆرۆنادا دۆخی خراپ بوو.
ترس لەوەی کە قەیرانێکی خۆراکی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی (٢٠٠٧-٢٠٠٨) جیهان بگرێتەوە زیادی کردووە و کاریگەرییشی هەبووە لەسەر ئاسایش، کۆچ و نائارامیی سیاسی. ئەم شۆکی خستنەڕووە کە هۆکارەکەی داخستنی بەندەرەکانی هەناردەی ئۆکرانیایە، لەگەڵ نرخی بەرزی وزە و شمەکە بنەڕەتییەکان وای کردووە زۆر وڵات هەناردە سنووردار بکەن کە ئەمیش ئاگری لە بازاڕ بەر داوە. لە کاتێکدا شەڕەکە هەر بەردەوامە، ڕووسیا ترسی کورتهێنانی خۆراک وەکوو چەکێک بەکار دێنێ و ئاسایشی خۆراکیش لە ئەجێندای سیاسەتی نێودەڵەتیدا لەسەروو هەموو شتێکەوە بووە لە شوباتی (٢٠٢٢)ەوە.
وەڵامی کۆمەڵگای نێودەڵەتی، لە نێویدا ئەو ڕێککەوتنەی بە نێوەندگیریی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا کرا بۆ ئەوەی بەندەرەکانی دەریای ڕەش بە ڕووی ئۆکرانیادا بکاتەوە، تا ئەندازەیەک مەترسیی قەیرانی خۆراکی هەنووکە لە جیهاندا ڕەواندووەتەوە، هەر چەندە ژمارەیەک وڵاتی پشتبەستوو بە هاوردە و کۆمەکی خۆراک لە ناجێگیریی نرخی خۆراک و بەهای دراوی بیانی؛ دۆخیان خراپە و ناسەقامگیرن.
ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە لە ٪١٢ی ئەو خۆراکە هەناردە دەکەن لە جیهاندا ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت و دابینکەری گەورەی شمەک و کەرەستە کشتوکاڵییەکانن، لە نێویدا گەنم، گەنمەشامی و ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە. ڕووسیا خۆیشی گەورەترین هەناردەکاری پەیینە کیمیاییەکانە. چەندەها ناوچە بەزۆری پشت بە هەناردەی ئەم دوو وڵاتە دەبەستن بۆ دابینکردنی خۆراک: ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە زیاتر لە ٪٥٠ی ئەو دانەوێڵە دابین دەکەن کە دەگات بە باکووری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا دانەوێڵەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا لە ٪٧٢ لە ڕووسیا و لە (٪١٨)ش لە ئۆکرانیاوە هاوردە دەکرێت.
ئەم داگیرکارییە سەربازییەی ڕووسیا بە سێ شێواز کاریگەریی دەبێت لەسەر دابینکردنی خۆراک لە جیهاندا:
– کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی شمەک لەو ناوچانەی شەڕی لێیە و بەتایبەتییش ئۆکرانیا.
– هەڵکشانی نرخی خۆراک و شمەک و کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک (پەیین و وزە) لە جیهاندا.
– ڕێکار و وەڵامی حکومەتەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا، یان ئەوەتا دەرئەنجامی قەیرانەکە گەورەتر دەکات (بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ڕێگریی شپرزە یان ڕێکاری گوماناوی)، یاخود کاریگەریی قەیرانەکە کەمتر دەکاتەوە (لە ڕێگای پیادەکردنی ئەو وانانەی لە قەیرانی خۆراکی (٢٠٠٧-٢٠٠٨)ەوە فێری بوون).
کاریگەریی چاوەڕوانکراوی ئەم قەیرانە لەسەر ئاسایشی خۆراک
کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراکی ئەورووپا
هەر چەندە لە ئێستادا خۆراک بەردەستە لە ئەورووپادا و کێشەی نییە، بەڵام بەردەستیی خۆراک بۆ خێزانە داهات مامناوەندییەکان ڕەنگە لە مەترسیدا بێت. لەوەش زیاتر، پێویستیی ستراتیژی ئەورووپا بە ژمارەیەک کەرەستە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی. بلۆکی ئەورووپا بە ئەندازەیەکی زۆر پشت بە خۆی دەبەستێ لە هەندێ بەرهەمی گرنگی کشتوکاڵیدا، وەکوو: گەنم، جۆ (لەمەیاندا هەناردەکارە) و گەنمەشامی و شەکر. ئەورووپا هەروەها لە هەندێ بەرهەمی ئاژەڵییشدا پشت بە خۆی دەبەستێ: شیرەمەنی، گۆشت، سەوزە و میوە. هەر چەندە ئەورووپا لە هەندێ بەرهەمی دیاریکراودا هاوردەکارە و شتێکی ئەستەمە لە ئایندەیەکی نزیکدا خۆی بتوانێ دابینی بکات، وەکوو ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و خۆراکە دەریاییەکان.
لاوازیی ئەورووپا لەهەمبەر تێکچوونی بازاڕی پەیینی کیمیاییدا (لە نرخ و ڕێگریی هەناردەکردندا) ڕەنگە زۆر مەترسیدار بێت، چونکە پەیینەکان لە ٪١٨ی تێچووی دانەوێڵەکان پێک دێنن. بۆ پەیینی پۆتاسیۆم، ئەورووپا لە ٪٥٩ پشت بە ڕووسیا و بیلاڕووسیا دەبەستێت لە کاتێکدا بۆ نایترۆجین (کە دیاریکەری سەرەکیی نرخ غازی سروشتییە) ئەورووپا لە ٪٣١ی لە ڕووسیاوە دەهێنێت.
لە بابەتی بەردەستبوونی خۆراکدا، هەڵکشانی نرخ کاریگەریی زیاتری دەبێت لەسەر خێزانە داهات مامناوەندەکانی وەکوو ئاوارەکان. بە پێی ڕێخراوی فاو، نزیکەی ٦.٩ ملیۆن کەس تووشی قەیرانی ناسەقامگیریی خۆراک بوونەتەوە لەنێوان ساڵەکانی (٢٠١٦-٢٠١٨). پەتای کۆرۆناش ناسەقامگیریی هەندێ هاوڵاتیی ئەورووپیی بەدەرخستەوە کە تێیدا بنکەکانی پێدانی خۆراک بۆ هەژاران خواستێکی زۆریان لەسەر پەیدا بوو. دیسانەوە ئەوەشی نیشان دا کە خێزانە داهات مامناوەندەکان پشت بە بەرنامە هاریکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن، وەکوو ژەمی نیوەڕوانی قوتابخانە بۆ دابینکردنی خۆراکی پێویستیان. لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ٪٨.٦ی دانیشتووانی هەموو ئەورووپا نەیانتوانیوە بۆ دوو ڕۆژ لەسەر یەک ژەمێک دابین بکەن گۆشت، ماسی یان هاوشێوەی ڕووەکی بێت.
کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی
ڕێکخراوی فاو پێشبینیی ئەوە دەکات کە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا مەترسیی ئەوە بێنێتە ئاراوە کە ئەوانەی خۆراکی پێویستیان نییە لە (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، ژمارەیان لە ٧.٦ بۆ ١٣.١ ملیۆن کەسی تری بچێتە سەر. بە پێی زانیارییەكانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەوانەی کە ئاسایشی خۆراکیان زۆر خراپە، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٢٧٦ ملیۆن کەس. لە ئۆکرانیا بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت: لە ٪٥٤ی دانیشتووانی وڵاتەکە نیگەرانی ئەوەن خۆراکی پێوست دابین بکەن بۆ خواردن. کێشەکە کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر وڵاتانێک کە یەکێتیی ئەورووپا نین و بەڵام پشت بەو شمەکانە دەبەستن لە بنچینەوە لە ڕووسیا و ئۆکرانیاوە دێن، ئەمانەش وڵاتانی وەکوو ئوردن، یەمەن، ئیسرائیل و لوبنان و ژمارەیەک وڵاتی هەژاری ئەفەریقا دەگرێتەوە وەکوو ئەریتیریا، سۆماڵ، مەدەگەشکەر، تانزانیا و ئەسیوبیا. وڵاتانی دیکەی ئەفەریقا و پێشکەوتووی جیهان، هەر چەندە کەمتر پشت بە ڕووسیا و ئۆکرانیا دەبەستن، بەڵام کاریگەریی بازاڕی جیهانیان لەسەرە.
شەڕی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمهێنان لە وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەویش بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پەیین، وزە و ئەندازەیەکی کەمتریش دژەمێرووەکان و تۆوی دانەوێڵە، لە دەرئەنجامدا جووتیارەکان لە وڵاتە هەژارەکاندا ڕەنگە بەرهەمهێنانی خۆراکیان کەم بکەنەوە، چونکە ناتوانن پەیین و کەرەستەکانی تر دابین بکەن. نرخی زۆر و کورتهێنان، بەخراپی کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەو یارمەتییە خۆراکییەی بۆ وڵاتە شکسخواردووەکان دابین دەکرێت.
وەڵامەکانی یەکێتیی ئەورووپا
داگیرکارییەکەی ڕووسیا ئەوەی یەکلا کردەوە کە ئاسایشی خۆراک لە سەرەوەی ئەجێندای سیاسیی یەکێتیی ئەورووپادا دەمێنێتەوە. ڕاگەیاندنی ڤێرسایلی ئاداری ٢٠٢٢ کە لەلایەن سەرۆکەکانی ئەورووپاوە قبووڵ کراوە، هانی کۆمسیۆنی ئەورووپا دەدات کە بژاردەکان بخاتە ڕوو بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کۆمسیۆنەکەش خێرا پاکێجێکی پێشکەش کرد کە پێک هاتووە لە کۆمەڵێ ڕێکار بە شێوازی کورتمەودا و درێژمەودا، دابینکردنی خۆراک لە ئەورووپا و ئۆکرانیا باشتر دەکات. هەمان کۆمسیۆن ئەوەشی ڕاگەیاند خستنەکاری دوو پڕۆژەی ژینگەیی چاوەڕوانکراو دوا دەخرێت، پڕۆژەکانیش بریتی بوون لە بەکارهێنانی بەردەوامی دژەمێروو لەگەڵ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی سروشت لە یەکێتیی ئەورووپا. کۆمسیۆنەکە هەروەها پاکێجی ڕێکاری قەیرانەکانیشی خستە ڕوو بۆ هاوکاریکردنی سامانی ماسی و ژینگە ئاوییەکان لەبەر ڕۆشنایی داگیرکردنەکەی ئۆکرانیادا.
ئەم ڕێکارانەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ قەیرانی خۆراک، هەمان کێشەی لە جیهاندا بەگشتی لەبەرچاو گرتووە و پابەندە بەو هاوکارییە لەمێژینەیەی یەکێتییەکە بۆ وڵاتانی تازەپێشکەوتوو کە لە ٢٠١٠دا بەڵێنی لەسەر دراوە. ئەم پابەندییەی یەکێتییەکە، خۆی لەم بوارانەدا دەبینێتەوە:
– هاریکاری لە ڕێگەی کتوپڕ و میکانیزمی بەردەوامیدان بە بەردەستبوونی خۆراک -پەرەدان بە سیستمی گۆڕینی خۆراک بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت و بەرگەگرتن بەهێز بێت.
– ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕ بۆ شمەکە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا و خۆراک و پەیینی جیهانی.
– پتەوکردنی هاریکاری لە ڕێگای دیداری چەند لایەنەوە.
سەرچاوەكان:
- Mike Bradshaw (30\9\2022), “Putin’s gas warfare might galvanize Europe”, https://www.chathamhouse.org/publications/the-world-today/2022-10/putins-gas-warfare-might-galvanize-europe?utm_source=pocket_saves.
- European Parliament (April 2022), “Russia’s war on Ukraine: Impact on global food security and EU response”, Briefing Paper.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم