مەرجەعیەتی باڵای نەجەف و قۆناغی پاش سیستانی
د. یاسین تەها / توێژەر و ئەكادیمی
بەرایی
قۆناغی مەرجەعیەتی سیستانی كە تەمەنی دەوروبەری سێ دەیەیە، لە مێژووی نوێی نەجەفدا گرنگ و جومگەییە، بەو پێیەی لە سەردەمی ئەودا جارێكی دی شیعە لە عێراق لە پەراوێزەوە هاتنەوە سەر شانۆی سیاسی و حوكمڕانی (2003). بە هۆی هەڵكشانی تەمەنی مەرجەعی باڵای نەجەفیشەوە (94 ساڵ) و نەبوونی جێگرەوەیەكی ڕوون و ئاشكرای تا ئێستا، پرسیار و و گومانی زۆر لە بارەی چۆنیەتیی جێگرتنەوەی لەئارادایە. ئەم توێژینەوەیە لە بارەی چەمک و پێگەی مەرجەعیەت و ئەركەكانی، هەروەها قۆناغی پاش ئایەتوڵڵا سیستانی هەڵوەستە دەكات لە بەر ڕۆشنایی پێدراوە بەردەستەكان و دۆخی ئێستای حەوزەی ئایینی نەجەف كە پایتەختی پیرۆزی شیعەیە؛ لە سەر ئاستی جیهان.
چەمک و پێگەی مەرجەعیەت
مەرجەعیەت سەرچاوەی “تەقلید”ی پەیڕەوانی شیعەیە، پۆستێكە نوێنەرایەتیی باڵاترین دەسەڵاتی شەرعیی شیعی دەكات و ڕاڤەكردنی دەقەكانی شەریعەتی بەدەستە، سەرپەرشتیی كاروباری كۆكردنەوە و دابەشكردنی باجی ئایینی دەكات (زەكات و خومس)، هەروەها دامەزراوە حەوزەوی و فێركارییەكانی مەزهەبی شیعی بەڕێوە دەبات، بۆنە و سرووتە شیعییەكان ئاڕاستە دەكات و كۆنترۆڵی كۆمەڵگای ئایینی لە رێگای فەتواوە دەكات([1]). “مەرجەعیەت” لە شێوەی دامەزراوەیەكی ئایینیی گریمانكراودایە و هەڵسووڕێنەری كاروباری پەیڕەوانی شیعەیە كە ژمارەیان لە سەرانسەری دنیادا دەوروبەری 200 ملیۆن كەسن([2]). لە سەروو ئەم دامەزراوەیەشەوە كەسایەتیی “مەرجەعی باڵا” هەیە كە هەلومەرج و بارودۆخ و زۆریی ژمارەی شوێنكەوتووانی دەیكەنە مەرجەعی یەكەم، ئەم پێگەیەش تەنیا بۆ شەرعزانی زۆر ناسراو و هەڵكەوتوو بەردەست دەبێت و هەموو مەرجەعەكان پێی ناگەن([3])، چونكە “مەرجەعی باڵا” جگە لە شارەزایی مەزهەبی؛ پێویستی بە تۆڕێکی پەیوەندیی ئابووری و ژێرخانێكی كۆمەڵایەتیی بەرفراوان هەیە لە ڕێگای كەسایەتییەكانی ناو حەوزەی ئایینی و هەروەها بزنسمان و دەسەڵاتە كۆمەڵایەتی و سیاسی و میدیاییەكانی كۆمەڵگە شیعییەكان و دەرەوەی ئەوانیشەوە([4]).
مێژووی سەرهەڵدانی مەرجەعیەت
مەرجەعیەت لە ئایینزای شیعەدا بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئیمامی دوازدەیەمی كۆتا زنجیرەی ئیمامەتی شیعەیە (المهدي المنتظر)، كە بە پێی بیروباوەڕەكانی ئەم ئایینزایە لە ئێستادا پەنهان و غەیبە، تا ئەو كاتەشی ئەو ئیمامە پەنهانە سەرلەنوێ دەردەكەوێتەوە، ئەوە پەیڕەوانی شیعە لهسهریان فهرزه بۆ ڕاییكردنی كاروباری ئایینیی خۆیان بگهڕێنهوه بۆ ئهو شهرعزانانهی پلهی “موجتههید”یان ههیه له ههڵهێنجانی حوكمەكانی شهریعهت، یان ئهوانهی مۆڵەتیان هەیە بۆ فەتوادان و پلەكەیان “عەللامە” و “ئایەتوڵڵا”یە([5]). لە سەرچاوە عەقیدەییەكانی شیعەدا، “ئیمام مەهدی” ڕابەر و پێشەوای كۆتاییە لە زنجیرەی ئیمامەتدا، غهیببوونیشی دوو قۆناغی هەیە؛ یەكێكیان كاتی و بچووک بووە (الغیبة الصغری)، ئەوی تر درێژخایەن و تا كۆتایی دنیایە (الغیبة الكبری). لە غەیببوونە بچووكەكەشدا پەیڕەوانی شیعە گەڕاونەتەوە بۆ سەر چوار كەسایەتی كە بانگەشەی بریكاری و نوێنهرایەتیی “ئیمام مههدی”یان كردووە و بە “السفراء الأربعة” ناسراون([6])، ئهم چوار كەسە: (عثمان سعید العمری، محمد عثمان سعید العمري، والحسین روح النوبختي، وعلی محمد السمري)، نزیک له حهفتا ساڵ مەرجەعی شوێنكەوتەكانی ئایینزای شیعە بوون([7]). به مهرگی كۆتا كهس لهو چوارەش (329ک/941ز)، قۆناغی نوێنەرە ڕاستەوخۆكانی “ئیمام مەهدی” كۆتایی هاتووە، ئەمەش بوو بە دەستپێک و سەرەتای قۆناغێكی نوێ كە سەرهەڵدانی مەرجەعیەتە له ناو جیهانی شیعه كه بریكار و نوێنهری ئیمامی زەمان (المهدي)ن لە جێگەی نوێنەرەكانی پێشوو([8]). ئەم قۆناغەش تا ئهو كاته درێژە دهكێشێت كه ” ئیمام مههدی” خۆی دهگهڕێتهوه سهر زهوی لە كۆتایی دونیا بۆ “بهرپاكردنی دادگهری”([9])، ئەمەش هاوكات دەبێت لەگەڵ كۆتاییهاتنی دنیا بە پێی بیروباوەڕی ئایینی كە ”القیامة”یە.
دەسەڵات و سنووری نفووزی مەرجەع
دەسەڵات و هەژموونی مەرجەعی شیعی بە جوگرافیا و بە وڵاتێكی دیاریكراوەوە پەیوەست نییە، پەیڕەوكەری بیروڕاكانی مەرجەع درێژ دەبنەوە بۆ دەرەوەی سنووری وڵاتە بنەڕەتییەكەی، بۆ نموونە “ئایەتوڵڵا سیستانی” كە مەرجەعی باڵای شیعەیە لە عێراق، بە ڕەگەز ئێرانییە كەچی مەڵبەندی كاركردنی شاری نەجەفە، شوێنكەوتەی زۆریشی لە وڵاتانی كەنداو و هیندستان و پاكستان و لە نێو شیعەكانی تاراوگەدا هەیە. هەمان شتیش بۆ ”ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی” ڕاستە كە سەرباری هەبوونی مشتومڕ لەسەر لێهاتوویی و پلە مەزهەبییەكەی، پەیڕەوكەرانی بۆچوونە ئایینییەكانی سنووربڕن. ئەڵبەت ئەم دەرفەتەش بۆ هەموو مەرجەعەكانی شیعە بەردەستە نییە، لە نێو ژمارەیەكی زۆری ئەوانەشی هەڵگری پلەی “مجتهد”ن لە نێو حەوەزەكانی شیعە، مەرجەعە ناسراوەكانیان ئەوانەن كە بارودۆخیان بۆ دەڕەخسێت كە لایەنگر و پێگەیان هەبێت و تۆڕێكی ئایینیی كۆمەڵایەتیی بەرفراوانی سنووربڕیان لە بەردەستە([10]). ئەوەشی یارمەتییان دەدات شوێنكەوتەیان زۆر بێت، سروشتی ئایینزای شیعییە كە شوێنكەوتنی مەرجەع و تەقلیدكردنی فەتواكانی دەكاتە ئەرك و ناچاری و به پێی گێڕانهوهكانی شیعه ههر كهس لاریی لە “تەقلیدی مەرجەع” ههبێت، ئهوه تانهی له حوكمی خودا داوه([11]).
مەرجەكانی بەمەرجەعبوون
ئەو شەرعزانانەی سیفەتی مەرجەعیان پێ دەدرێت و خەڵک شوێنیان دەكەون بۆ تەقلیدی ئایینی، لە ئایینزای شیعیدا پێویستە هەڵگری چەند مەرجێک بن، لهوانهش: شيعەی ئیمامی بن، نێرینەیی واتە نابێت ژن بن، دادگەری كە مەرجێكی گریمانەییە، گەیشتن بە پلەی “ئیجتیهاد” كه كۆششكردن و توانای ههڵهێنجانی حوكمی شهرعە، لهگهڵ مهرجی زانایی (الأعلمیة) له ئهحكامە ئایینییەكان([12]). بەڵام بە هۆی ئەوەی دیاریكردنی “دادگەر” و “زاناترین” پێوەرێكی كۆنكرێتی نییە و ڕاجیایی زۆر هەڵدەگرێت، هەمیشە جیاوازی لە نێوان پەیڕەوانی شیعەدا هەیە بۆ دیاریكردنیان، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی پەرتەوازەبوونیان بەسەر چەند مەرجەعیەتێكی جیاوازدا كە هەریەكە لەوانە بانگەشەی “زاناترین” دەكەن و هەر كۆمەڵە كەسێكیش شوێن یەكێک لە مەرجەعە دڵخوازەكانی خۆیان دەكەون و ئەوانەیان پێ زاناترین و دادگەرترینە. لە پەنا مەرجەعە ناسراوەكانیشدا، هەمیشە مەرجەعی تری بچووک و مامناوەند هەن، چونكە لە ئایینزای شیعیدا ڕێگە بە فرەیی مەرجەعەكان دراوە و دەرگای “ئیجتیهاد” كراوەیە. هەموو شەرعزانێكیش كە لە خۆی ڕاببینێت، مافی فەتوادانی هەیە. خەڵكیش دوای ئەوانە دەكەون كە پێیان وایە مەرجەكانی مەرجەعبوونیان تێدایە. شیعەكان ئەم فرەیی مەرجەعیەتەش بە نیشانەی زیندوویی ئایینزاكەیان دەزانن كە وای كردووە ڕكابەری و جۆراوجۆرێتی دروست ببێت([13]). هەروەها پێیان وایە ئەگەر یەک مەرجەع هەبووایە لە پاش “ئیمامی مەهدی”، ئەوە دەكرا تووشی لادان و گۆڕینی ئایینزاكە ببێت، بەڵام لە سایەی فرەییدا ئەو مەترسییە لەئارادا نییە([14]).
پارێزبەندیی مەرجەعەكان
هەر چەندە له ئایینزای شیعهدا مهرجهعهكان وهک دوازدە ئیمامهكە مهعسوم نین و دهشێت بكهونه ههڵهوه، بهڵام له ههموو حاڵهتێكدا ڕەخنهلێگرتن و هێرشكردنه سهریان بە كراوەیی كارێكی ڕەوا و ڕێگهپێدراو نییه، مهگهر ڕەخنهكان كۆمهڵێک مهرجیان تێدا بێت كه بریتین لە: بابهتیبوون، شهرعیبوون، شایستهیی و لێوهشاوهیی كهسی ڕەخنهگر به جۆرێک ئاستێكی ههبێت له مهسهله شهرعییهكانی ئایینزای شیعی، سەرباری ئەمانەش دەبێت ڕەخنهكه له ئهدای مهرجهعهكه بگیرێت نهک فهتواكهی، چونكه به پێی سهرچاوه شیعییهكان ڕەخنەگرتن لە فهتوا و ههڵسهنگاندنی نێوەرۆكەكەی كاری شهرعزانهكانه نهک ڕەخنهگران و چاودێران([15])، بەم پێیەش مەرجەعەكان جۆرێک لە پارێزبەندییان هەیە و ڕەخنەلێگرتنیان هەر وا كارێكی سانا نییە.
مەرجەعیەتی نەجەف
مێژووی دروستبوونی حەوزەی ئایینیی نەجەف و مەرجەعەكەی وابەستەی مێژووی مەزهەبی شیعەیە، چونكە جگە لەوەی شارەكە پایتەختی دەسەڵاتی “ئیمام عەلی” بووە (35-40ک/656-661ز)، نزیكە لە پیرۆزترین پێگەكانی شیعەشەوە لە عێراق كە ئارامگای ئیمامەكان و نەوەكانیانە([16](، بەشی زۆری ئەو ڕووداوە مێژووییانەشی تانوپۆی مەزهەبی شیعە پێک دەهێنن؛ هەر لە عێراق ڕوویان داوە([17])، بەڵام بە شێوەیەكی دیاریكراو مێژووی حەوزەی ئایینیی نەجەف دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (5ک/11ز)، چونكە بەشی زۆری ڕێبەرە شیعەكان بە هۆی باڵادەستبوونی توركە سەلجوقییە سوننەكانەوە لە بەغدای پایتەخت بارگە و بنەی خۆیان پێچایەوە بۆ شاری نەجەف. ئەم كۆمەڵە شەرعزانەش كە شێخی تایفەكە “أبو جعفر الطوسي” (385ـ-460ک/995 – 1067ز) ڕێبەریان بووە، پەنا و سایەی گڵكۆی ئیمام عەلییان كردووەتە پایتەختی ڕێبەرایەتیی ئایینی خۆیان([18](. بە پێی گێڕانەوەكان، لە ساڵی (449ک/1057ز) بە هۆی گرژییە مەزەبییەكانی بەغداوە، ماڵی “أبو جعفر الطوسي” تاڵان كراوە و كتێبەكانی سووتێنراون، ئەویش هاتووەتە پەنای ئارامگای “ئیمام عەلی” لە نەجەف و قوتابخانەی كردووەتەوە، لەوەبەدواش بووەتە ڕووگەی فێرخوازانی زانستە ئیسلامییەكانی پەیڕەوی شیعە([19]).
گرنگیدان بە نەجەف بەرەنجامێكی ئاسایی تێڕوانینی شیعەكانە بۆ گرنگیی شارەكە، چونكە بە پێی گێڕانەوەكانیان نەجەف پێگەیەكی زۆر گرنگی هەیە تا ئاستی ئەوەی نێژراوی گۆڕستانەكەی پارێزراوە لە لێپرسینەوە([20]). بە شێوەیەكی گشتییش دەكرێت نەجەف بە پایتەخی مەرجەعیەتی شیعی دابنرێت. لە مێژووی ئایینزای شیعەدا دەوروبەری 80%ی مەرجەعەكان لە نەجەفەوە پێگەیشتوون و بەشی هەرە زۆری بەرهەمە شەرعزانی و كەلامی و ئایینزاییەكانی شیعەش هەر لەم شارە گەڵاڵە كراون یان لە لایەن ئەو شارەزا ئایینییانەی كە دەرچووی نەجەفن؛ بەرهەم هاتوون([21]).
لە سەدەی بیستەمدا جگە لە “حسين الطباطبائي البروجردي” كە بۆ ماوەی 15 ساڵ مەرجەعی ڕەها و بێڕکابەری شیعە بووە لە شاری قوم (مردووە: 1961)([22])، هەرە ناسراوترین مەرجەعەكانی دیكەی شیعە كە نوێنەرایەتیی ڕەهای تایفەی شیعەیان كردووە؛ لە شاری نەجەف بوون و ڕیزبەندیی مێژووییشیان بەم جۆرەیە: “ئەبو حەسەنی موسەوی ئیسفەهانی” (1936-1946)، “موحسین ئەلحەكیم” (1960- 1970)، “ئەبو قاسمی خوئی” (1970-1992)([23]).
مەرجەعیەتی سیستانی
“ئایەتوڵڵا سیستانی” مۆڵەتدراوی “ئایەتوڵڵا حسێن ئەلحلی”یە (مردووە: 1974)([24])، هەروەها خوێندكار و جێگرەوەی مەرجەعی هەرە ناسراوی شیعە “ئایەتوڵڵا ئەبولقاسمی خوئی”یە كە ساڵی 1992 لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە نەجەف كۆچی دوایی كرد([25]). “ئایەتوڵڵا خوئی” مامۆستای زۆر لە پیاوە ئایینییەكانی شیعەیە و ڕكابەری “خومەینی” ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێرانی بوو لە مەرجەعیەت و ڕێبەرایەتیی شیعەدا. “خوئی” بە ئیمزای خۆی و بە شێوەی دەستخەت بەر لە مردنی مۆڵەتی “ئیجتیهادی ڕەها”ی داوە بە “سیستانی”([26])، ئەمە و مۆڵەتنامەكەی تری (ئەلحلی) ڕۆڵی هەبووە لە پێشخستنی بەسەر هاوڕێكانی و بەسەر ئەوانەی لەسەر پێگەی مەرجەعیەت ڕكابەرییان دەكرد، چونكە لە پاش “خوئی” لە ساڵانی نەوەدەكان؛ مەرجەعی تری هاوئاستی “سیستانی” لە گۆڕەپانی نەجەفدا هەبوون و یەكێكیشیان بە ناوی “ئایەتوڵڵا عەبدولئەعلا سەبزەواری” جێگەی گرتەوە، بەڵام پاش چەند مانگێک لە مردنی “خوئی”، ئەویش كۆچی دوایی كرد (1993)، لە پاش ئەویش چەند كەسێک چالاک بوون لە كایەی ئایینیی نەجەف و ڕكابەری “سیستانی” بوون، لەوانەش: “مورتەزا بروجەردی” (كوژرا: 1998)، “میرزا عەلی غرەوی” (كوژرا: 1998) “محەمەد سادق سەدر” (كوژرا: 1999)، تیرۆركردنی ئەمانەش لە سایەی ڕژێمی بەعسدا بوو بە هۆی ئەوەی دەرفەت لە بەردەم “سیستانی” بڕەخسێت ڕێبەرایەتیی ئایینیی نەجەف بگرێتە دەست، لە پاش كەوتنی بەعسیش (2003) بوو بە ڕێبەری باڵای شیعە و چاوساغی ئەم پێكهاتەیە لە داڕشتنەوەی دەوڵەتدا([27]).
بە گەڕانەوەش بۆ ژیاننامەكەی، ئەوە دەردەكەوێت كە سیستانی لەدایكبووی مانگی ئابی ساڵی 1930ی شاری مەشهەدە، بەڵام خێزانەكەی لە سیستانی ئێران كاری قەزاوەتیان كردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون، جگە لەوەش لە نێوان عێراق و ئێراندا هاتوچۆیان كردووە بۆ خوێندن. دوای ئەوەشی باپیری لە 1900 لە عێراقەوە چووەتەوە بۆ ئێران، عەلی سیستانیی كوڕەزای (علي بن محمد بن باقر) لە 1950 هاتووەتەوە بۆ عێراق و لە نەجەف بە هەمیشەیی نیشتەجێ بووە، ڕەچەڵەكیشی لە هەردوو سەرەوە براوەتەوە بۆ سەر ئالوبەیت([28])، ئەمەش شوناسێكی سنووربڕە. لە بارەی باری تەندروستیی سیستانییشەوە زانیاریی زۆر بەردەست نییە، ئەوەی زانراوە لە ساڵی 2004 لە شاری لەندەن و لە نەخۆشخانەی “هاتفیڵد” نەشتەرگەرییەكی دانانی گوێچكەڵە (صمام)ی دڵی بە سەركەوتوویی بۆ كراوە([29])، لە ساڵی (2020)یش نەشتەرگەرییەكی جومگەی قاچی بۆ كراوە لە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی سەر بە دامەزراوەكانی خۆی لە شاری كەربەلا([30]). بە پێی نوێترین وێنەش كە حوزەیرانی 2024 بڵاو كراوەتەوە، نیشانەكانی لاوازی و پیری بەسەر سیما و جەستەیدا بە ڕوونی دیارن([31])، مانگێک بەر لەوەش كە لە ڤیدیۆیەكدا لەگەڵ بریكارەكەی دەركەوتووە([32])، هەمان شت هەستی پێ دەكرێت، ئەمەش بۆ تەمەنەكەی ئاساییە.
مەرجەعەكانی دیكەی نەجەف
لە نەجەفەدا مەرجەعی باڵا ” ئایەتوڵڵا سیستانی”یە كە پلەی “عوزما”ی هەیە، جگە لەویش “ئایەتوڵڵا بەشیر نەجەفی”ی پاكستانی و “ئایەتوڵڵا محەمەد ئیسحاق فەیاز”ی ئەفغانی پەیڕەوكەریان هەیە، لە دەرەوەی ئەوانیش چەند وردەمەرجەعێكی دیكە هەن، وەک: “محمود الصرخي”، “محەمەد یەعقوبی”، “عودەی ئەعسەم” و “فاضل المالكي”، ئەمانەی تر سەرجەم مەرجەعەكان دانیان پێدا نانێن و هەریەک كۆمەڵێک پەیڕەوكەری كەمیان هەیە. هەندێک مەرجەعی تری عێراقی لە قوم دادەنیشن، وەک: “محەمەد تەقی مودەڕیسی”، “صادق شیرازی”([33])، ئەوانیش زیاتر لە ناو توێژێكی دیاریكراودا لایەنگریان هەیە كە قوتابخانەی شیرازین و زیاتر ئیش لەسەر سرووتەكان دەكەن و میدیای ئایینی و بازرگانەكانیان لە دەورە، بەڵام زۆر میللی و جەماوەری نین و زیاتر لە نێو دەستەبژێرە شیعییەكان و خەڵكە توندڕەوەكەدا جەماوەریان هەیە، پەیوەندیشیان لەگەڵ دەسەڵاتەكانی ئێران و عێراقدا باش نییە.
خێزان و تۆڕی یاریدەدەرانی سیستانی
سیستانی جگە لە دوو كوڕ بە ناوەكانی “محەمەد ڕەزا” و “محەمەد باقر” كە لە بۆنە گشتییەكاندا دەردەكەون([34])، دوو زاوای ناسراویشی هەیە كە پیاوی ئایینین. زاواكانی وەک بریكاری ئەو كار دەكەن، یەكەمیان لە شاری قوم دادەنیشێت بە ناوی “جواد الشهرستاني”، دووەمیش “مورتەزا كشمیری” نوێنەری سیستانییە لە ناو شیعەكانی ئەورووپا. بە هۆی ئەوەشی سیستانی تۆڕێک نوێنەری لە شار و ناوچە جیاجیاكان هەیە و تەمەن و تەندروستیی خۆی یارمەتیی ئەوە نادات بتوانێت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتییان بكات، باوەڕی زاڵ ئەوەیە كوڕەكانی بە تایبەت “محەمەد ڕەزا” و زاواكانی بە تایبەت “شەهرستانی” ئەم ئەركە زۆرانە جێبەجێ دەكەن. “محەمەد ڕەزا” وەک بەرپرسی نووسینگەی باوكی كار دەكات و نهێنیپارێز و دەرگاوانی ژوورەكەیەتی و هەموو ئەو شتانەی دەچنە بەرچاو و بەرگوێی مەرجەعی باڵا؛ بە فلتەری ئەودا گوزەر دەكەن. لە بارەی كاریگەریی زاواكەی ئێرانیشیەوە (جەواد شەهرستانی)، قسەوباسی زۆر هەیە بە تایبەت كە ناوبراو لە قوم سەرپەرشتیی نووسینگە و چالاكییەكانی سیستانی دەكات. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە “جەواد شەهرستانی” ڕۆلی سەرەكیی هەبووە لە گەیاندنی “سیستانی” بەم پێگەی ئێستای لە كایەی مەرجەعیەتدا لە ڕێگای چالاكی و دامەزراوە و جموجوڵی زۆرەوە لە نێو گرووپە حەوزەییەكانی قوم كە لانكەی فێرخوازانی ئایینییە، بە تایبەت كە “شەهرستانی” لە بنەماڵەیەكی ئایینیی ناسراوە و دەستكراوەش بووە لە كاركردندا([35]).
بوارەكانی كاری مەرجەعیەتی سیستانی
ئەگەرچی وا باوە كە سیستانی پەیڕەوی لە “ویلایەتی فەقیھ” ناكات لەسەر شێوازە ئێرانییەكەی و لەگەڵ باڵادەستیی دەسەڵاتی گەلدایە (شوورا)([36])، بەڵام لە هەبوونی هەلومەرجدا پشتیوانی لە فراوانكردنی دەسەڵاتی شەرعزان دەكات([37])، بە شێوەیەكی كردەییش مەرجەعیەتەكەی ژمارەیەكی زۆر ئەرک و چالاكیی لەئەستۆ گرتووە كە هاوشێوەی دامەزراوەیەكی گشتگیرە، لەوانەش([38]):
– پێكهێنانی لیژنەی فەتوا لە خوێندكارە دەركەوتووەكانی سیستانی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و نامەكانی خەڵک بە پێی میتۆدی مەرجەعی باڵا و لەبەر ڕۆشنایی نووسراو و وانە و كتێبەكانی.
– دابینكردنی مووچە و كەرەستە و پێداویستی و بەشەناوخۆیی 300 خوێندنگای ئایینی لە ئێران، بە تایبەت لە قوم كە 35 هەزار قوتابی لە حەوزەكانی سیستانیدا دەخوێنن و لە مەشهەد 10 هەزار و ئیسفەهان چوار هەزار، ئەمە جگە لە چەندین حەوزە و قوتابخانەی تر لە شارەكانی تری ئێران.
– كردنەوەی خول و ناردنی بانگخواز بۆ شارە جیاجیاكانی ئێران لە بۆنەی جیاجیادا.
– كۆمەككردنی چالاكییە بانگخوازییەكانی شیعە لە كۆمەڵێک وڵات، لەوانەش: سووریا، لوبنان، پاكستان، هیندستان، ئەفغانستان، هیندستان.
– كۆمەككردن و پارەداركردنی سەنتەر و بنكە شیعییە ڕۆشنبیرییەكانی كۆمەڵێک ناوچە وەک ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپا.
– سەرپەرشتیكردنی نێردەكانی حەجكردن و چالاكیی بانگخوازی لە نێو كاروانەكانی حەجی شیعە و گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ چالاكی و گرووپ و ڕێكخراوە شیعییەكانی تری بەشدار لە حەج و سەردانكردنی ڕێبەرەكانیان.
– ناردنی بانگخوازی شیعە لە مانگەكانی موحەڕەم و ڕەمەزان بۆ ئێران، وڵاتانی عەرەبی، وڵاتانی ئەفەریقی، قەوقاز، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئوستورالیا، وڵاتانی ئەسكنەندەنافی و ئەمەریكا و كۆمەڵێک ناوچەی تر.
– ئامادەكردنی كاسێت و گۆڤار و كتێب و پڕۆگرامی بانگخوازی بۆ خوێندكارەكان.
– كۆمەككردنی هەژاران و ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتی هەیە، كۆمەكی پزیشكی بۆ نەخۆشانی ئاتاج، كۆمەكی هەژاران لە ڕەمەزان، كۆمەكی گەنجان بۆ هاوسەرگیری، كۆمەكی پەنابەران و ئاوارەكان.
– پشتیوانی و كۆمەكی كاروانی زیارەتكارانی حسەین لەگەڵ كۆمەكی لێقەوماوانی كارەساتە سروشتییەكانی لافاو و بوومەلەرزە.
میكانیزمی دیاریكردنی جێگرەوەی سیستانی
بە پێی بەند و باو و نەریتەكانی حەوزەی نەجەف كە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە، لە ڕووی تیۆرییەوە لە پاش مەرگی مەرجەعی باڵا، “زاناترین و دڵسۆزترین” ئایەتوڵڵای هەڵگری نازناوی ”العظمى” دەبنە دەمڕاست و مەرجەعی باڵای شیعە، بەڵام دیاریكردنی “زاناترین” و “دادگەر” لە ناو كۆمەڵێک مێزەربەسەری هەڵگری پلەی “ئایەتوڵڵا”دا هەر وا كارێكی سانا نییە، چونكە ئەنجوومەنێک یان لیژنەیەكی دیاریكراو نییە كە ئەو ئەركە بەجێ بهێنن، بە پێچەوانەی ئێرانەوە كە ئەنجوومەنێكی تایبەتی هەیە بە ناوی “شارەزایانی سەركرایەتی”([39]). ئەنجوومەنەكەی ئێران هەموو 8 ساڵێک هەڵدەبژێردرێن، ئەركی سەرەكییشیان دیاریكردن و هەڵبژاردنی ڕێبەرە و ژمارەیان 88 شەرعزان و پیاوی ئایینی ناودار و ناسراوە كە بەشێكن لە سیستمی “كۆماری ئیسلامیی ئێران”([40]).
وەک ئاماژەی پێ كرا، بە هۆی ئەوەی دیاریكردنی “دادگەر” و “زاناترین” و پێوەرەكانی ئەو دیاریكردنە شتێكی كۆنكرێتی نییە و ڕاجیایی زۆر هەڵدەگرێت، لە پەنا مەرجە تیۆرییەكانیشدا لە ڕووی كردەییەوە بوونی ژێرخانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تۆڕی بەرفراوانی پەیوەندی و شوێنكەوتە ڕۆڵیان هەیە لە یەكلاییكردنەوەی ڕكابەرییەكان و لە مێژووی مەرجەعیەتدا ئەمە پێشینەی هەیە.
كاتی پێویست بۆ دیاریكردنی جێگرەوە
باوەڕێكی زاڵ هەیە كە سیستانی كۆتا مەرجەعی تەقلیدیی كاریزماتیكیی شیعییە لە نەجەف و جێگرتنەوەی بە سانایی و خێرایی ناكرێت و كاتكوژە، بەم پێیەش لە پاش مەرگ یان پەككەوتنی سیستانی دەسەڵاتی ئایینیی شیعی ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی كاتی دەبێتەوە، ئەگەریش هەیە ئەو دەسەڵاتە (مەرجەعیەت) وەک شێوازی ئێستا بە ناوەندی نەمێنێتەوە بە هۆی زۆریی هێزە شیعەكان و سەختیی ڕكابەرییەكانەوە([41])، لەم میانەیەشدا گەڕانەوە بۆ مێژووی مەرجەعەكانی پێشووتر هەندێک وێنەكە ڕوون دەكاتەوە. “موحسین ئەلحەكیم” سێ ساڵی پێچووە تا لە كێبەركێی “عەبدولهادی شیرازی”دا مەرجەعیەتی باڵای خۆی یەكلایی كردووەتەوە، لە پاش ئەویش “خوئی” بە چوار ساڵ پێش “مەحموود شاهرودی” كەوتووە، هەر چی سیستانییش هەیە ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ كۆمەڵێک مەرجەعی دیكەی هاوئاساتی خۆی لە ڕكابەریدا بووە، لەوانەش “محەمەد سادق سەدر”([42]).
لیستی مەرجەعەكانی ئامادە بۆ جێگرتنەوە
لە نەجەف ئێستا جگە لە سیستانی؛ دوو مەرجەعی تری ناسراوی شیعە هەن، یەكەمیان “محەمەد ئیسحاق فەیاز” (ئەفغانی) و دووەمیان “بەشیر نەجەفی” (پاكستانی)یە، بەڵام هەردووكیان نزیكن لە تەمەنی “سیستانی” و قورسە بتوانن جێگەی بگرنەوە بە هۆی تەمەنەوە، لە هەمان كاتیشدا فەرامۆشكردنیشیان لە ڕكابەرییەكانی جێگرتنەوە هەر قورسە، چونكە لە ڕیزی گەورە مەرجەعەكاندان. “ئیسحاق فەیاز” لەدایكبووی (1930)یە و “بەشیر نەجەفی” لەدایكبوونی (1942)ە([43])، هەردووكیشیان بنكەی لایەنگرەكانیان فراوان نییە، بەڵام ناونیشان و پێگەیان لە هەرەمی حەوزەی شیعیدا لە سەرەوەیە. لە نێو ئەم دووانەشدا “بەشیر نەجەفی” پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە و بە “پیرۆز” ناویان دەبات و بە پێچەوانەی سیستانییشەوە پێشوازی لە سیاسییەكان دەكات و دیداری لەگەڵیان هەیە([44]). هەر چی ئیسحاق فەیازیشە لە سەدرییەكانەوە نزیكە و پەیوەندیی لەگەڵ سیاسییەكاندا باشە، بەڵام وەک “بەشیر نەجەفی” لەگەڵ حەشدی شەعبی پەیوەندیی پتەو نییە([45]).
لە دەرەوەی ئەم دوو مەرجەعە تەقلیدییەش دیاریكردنی كاندیدان و پاڵێوراوانی جێگرتنەوەی سیستانی قورسە، چونكە نزیكەی 40 شەرعزان و پیاوی ئایینی لە حەوزەی نەجەفدا وانەی “البحث الخارج” دەڵێنەوە كە هاوتای دكتۆرایە لە زانكۆ ئەكادیمییەكانی دەوڵەت، دەرچووی ئەم خولانەش پلەی ئیجتیهادیان هەیە و لەسەریان نییە تەقلیدی مەرجەعی تر بكەن([46]). لە نێو ئەم مامۆستایانەی حەوزەشدا ناوی هەندێک لە شەرعزانەكان دەركەوتوون كە دەشێت وەک جێگرەوەی گریمانكراو لە قۆناغی پاش سیستانیدا بچنە ڕكابەرییەوە. لەوانەش([47]):
– محەمەد باقر ئەیرەوانی([48]): ئەم شەرعزانە لەدایكبووی ساڵی 1949ی نەجەفە، لە بنەماڵەیەكی ئایینییە، ڕەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەیرەوانی ئەرمینیا. لای گەورەشەرعزانەكانی نەجەف پێگەیشتووە و ئێستا مامۆستای قۆناغی “البحث الخارج”ی حەوزەی نەجەفە كە هاوتای قۆناغی دكتۆرایە([49]). یەكێک لە ئاماژەكانی كاركردنی “ئەیرەوانی” بۆ جێگرتنەوەی سیستانی؛ كردنەوەی ئۆفیسە (بەڕانی) كە تێیدا شەرعزانەكانی شیعە گفتوگۆی بابەتە جیاجیاكانی شەرعزانی دەكەن و لەوێشدا پێشوازی لە میوانە تایبەتەكانی دەكات. جگە لەوەش، “ئەیرەوانی” لە ناو مەزاری ئیمام عەلی وانە بە نزیكەی 600 فەقێی شیعە دەڵێتەوە كە لە قۆناغی “بحث الخارج”دان (دكتۆرا)، هەروەها بە زمانپاراوییش ناسراوە([50])، هەموو ئەم هەنگاوانەش بەدیار چاوی و لە سایەی بێدەنگیی ماڵی سیستانیدایە كە دەشێت وەک لارینەبوون لە هەڵكشانی ئەستێرەی “ئەیرەوانی” لێک بدرێنەوە. هەندێک بۆچوونیش پێیان وایە چانسی زۆرە بۆ ئەوەی لە پێگەی مەرجەعیەتدا ڕۆڵ ببینێت، بەڵام لەمپەریشی لە پێشە، لەوانەش: نەگەڕانەوەی ڕەچەڵەكی خێزانەكەی بۆ بنەماڵەی پێغەمبەر (د. خ)، هەروەها هەژموونی چەكدارەكانی سەر بە ئێران كە پێگە و نفووز و دارایی بەهێزیان هەیە و ڕەنگە پشتیوانیی نەكەن([51]).
– شێخ هادي آل راضي: لەدایكبووی ساڵی 1949ی نەجەفە، خوێندكاری دیاری مەرجەعە ناودارەكانی وەک “ئایەتوڵڵا خوئی” و “ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر” بووە. لە سەردەمی بەعسدا ئاوارەی ئێران بووە، لە پاش 2003 گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و ئێستا یەكێكە لە مامۆستا دیارەكانی حەوزەی نەجەف([52]). ناوبراو جەختی لەوە كردووەتەوە كە قەتیسكردنی ڕێبەرایەتیی ئایینی لە نێو چەند خێزان و بنەماڵەیەكی شیعەدا جۆرێكە لە خەیاڵ و شتێكی ڕەوا نییە([53]).
– شێخ حسن الجواهري: شەرعزان و ڕێبەرێكی شیعیی ناسراوی نەجەفییە، لە ڕەچەڵەكدا دەگەڕێتەوە سەر “جبل عامل”ی لوبنان، فێرخوازی هەردوو مەرجەعی ناسراو “خوئی” و “باقر سەدر” بووە، لە ئێران لای مەرجەعە ناسراوەكانی “وەحیدەدین خوراسانی” و “كازم حائیری” خوێندوویەتی و چەند دانراوێكی فیقهیی هەیە و ئێستا لە حەوزەی نەجەف مامۆستایە([54]).
– محەمەد ڕەزا سیستانی: میراتگری و دانانی كوڕ لە جێگەی باوک نەریتێکی باو نییە بۆ جێگرتنەوەی مەرجەعەكانی شیعە و پێشینەی ئەمە بەردەست نییە، بەڵام بەو پێیەی “محەمەد ڕەزا” كوڕی گەورەی مەرجەعی باڵای ئێستایە و وەک بەڕێوەبەری ئۆفیسی باوكی كار دەكات، دەشێت ڕۆڵێكی بنەڕەتیی هەبێت لە بڕیار و لە دیاریكردنی مەرجەعی نوێی جێگرەوە، بە تایبەت كە “محەمەد ڕەزا” پلەی مەرجەعی هەیە و لە حەوزەدا مامۆستایە([55]).
لە نێو نەوەكانی مەرجەعی كۆچكردوو “موحسین ئەلحەكیم”دا چەند مامۆستایەكی حەوزە هەن لە چەشنی “محمد جعفر الحكيم” كە دەشێت بچنە نێو ڕكابەریی جێگرتنەوەی “سیستانی”یەوە، بەڵام نەبوونی پێشینەی تەوریسی مەرجەعیەت دەشێت لە بەردەم ئەمانیشدا ببێتە لەمپەر.
ڕۆڵ و كاریگەریی سەدر
سەرباری ئەوەشی پێشینەی پەیوەندیی نێوان مەرجەعیەتی “سیستانی” و “سەدر” گرژ و خراپە و مێژوویەكی ناخۆشی ناكۆكی لە نێوان “سیستانی” و بنەماڵەی “سەدر”دا هەیە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی پەیوەندیی نێوان هەردوو لا بەرەو باشتر چووە و لە بۆنە ئاشكراكاندا تەوقە و سڵاوی تایبەت لە نێوانیاندا هەیە([56])، ساڵانە چەند جارێكیش سەدر ئامادەی ماتەم و بۆنەكانی ماڵی “سیستانی” دەبێت، ئەمەش ئاماژەیە كە ئەو گرژی و ناجۆرییەی لە نێوان هەردوو خێزان و بنەماڵە ئایینییەكەدایە لەم ساڵانەی دوایی چووەتە قۆناغی پێكەوەهەڵكردن و كرانەوە بە ڕووی یەكتردا. سەرباری ئەمەش، پێشبینیی ئەوە دەكرێت لە قۆناغی پاش سیستانیدا مەترسییەكانی سەدر دەربكەون و جێگرەوەكەی دووچاری بەرەنگاریی زۆری “موقتەدا سەدر” ببێتەوە، چونكە ئەوكات میراتە ئایینییەكەی “سیستانی” دابەش دەكرێت و سەدر هەوڵ دەدات دۆخێكی تایبەت بە خۆی هەبێت([57])، “سەدر”یش هاوشانی هێزە شیعەكانی تر هەوڵ دەدات ڕۆڵی گەورەی هەبێت بە تایبەت كە تەمەنی لە خوار 50 ساڵانە و خاوەن بنكەیەكی جەماوەری و كۆمەڵایەتیی فراوانە، هەندێک جاریش ئاماژەی بەوە كردووە خواستی هەیە ڕۆڵی ئایینیی هەبێت و مووچەش دەدات بەو خوێندكارە ئایینییانەی لە قوتابخانەكانی نزیک لەو دەخوێنن([58]). بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بكرێت سەدر پلەی ئایەتوڵڵای نییە تا جێگەی سیستانی بگرێتەوە، هەروەها قوتابخانەی سەدری (المرجعیة الناطقة) جیاوازە لە قوتابخانەی سیستانی (المرجعية الصامتة) و سەدر نابێتە جێگرەوە، بەڵام دەشێت ڕكابەری بكات لەسەر پەلكێشانی زیاتر لە پاش “سیستانی”.
خامنەئی و ئێران لە پاش سیستانی
دوو ڕكابەرە گەورەكەی دنیای شیعە ئایەتوڵڵاكانی “سیستانی” و “خامنەیی”ن، مردنی هەریەكێكیان لە پێش ئەوی تریانەوە بۆشاییەكی گەورە بەجێ دەهێڵێت و لە حاڵەتی مردنی “سیستانی”دا دەشێت ئێران هەوڵ بدات كەڵكی زۆر لەو بۆشاییە وەربگرێت و لە بەرژەوەندیی خۆی بیقۆزێتەوە. بە هۆی ئەوەشی “خامنەیی” ئەزموونێكی فراوانی هەیە لە مامەڵەی سیاسی و كەرەستەشی بەردەستە، توانای هەیە كاریگەریی لە ڕاڕەوی جێگرتنەوەی سیستانیدا هەبێت بە تایبەت لە ڕێگەی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە كە بەشێكیان هێزی وەلائین([59]). لە ماوەكانی ڕابردووشدا ئێران هەندێک كەسی ئامادە كردبوو بۆ جێگرتنەوەی “سیستانی” لە چەشتی “شێخ مەهدی ئاسەفی” و “مەحموود شاهرودی”، بەڵام مەرگی ئەوان پێش مەرگی سیستانی كەوت و ڕیسە ئێرانییەكە سەری نەگرت. مەترسیی ئەوەش لەئارادایە لە پاش سیستانی ئێران هەوڵی پەراوێزخستنی نەجەف بدات و سوود لە بۆشایی پاش “سیستانی” وەرگرێت بۆ بەهێزكردنی زیاتری حەوزەی قوم یان پشتیوانیی نەجەفییەک بكات بۆ جێگرتنەوەی “سیستانی” كە دۆستی ئێران و ڕێبەری شۆڕش بێت([60])، لە هەموو حاڵەتەكانیشدا دانانی كەسایەتییەكی نزیک لە ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ واتای لەناوچوونی شیعەی عێراق دەگەیەنێت و زۆر ڕێتێچوو نییە و دژی مێژووی حەوزەی نەجەفە([61]).
لێكەوتە ئەمنییەكانی پاش سیستانی
حەشدی شەعبی شەرعیەتی كاركردن و جموجوڵ و چالاكیی خۆیان بە فەتوای “جیهادی كیفائی” سیستانییەوە پەیوەست دەكەن كە لە حوزەیرانی 2014 لە ڕێگای مینبەری سەحنی حسێنییەوە لە كەربەلا بڵاوی كردەوە بۆ بەرگرتن لە پەلكێشانی داعش بەرەو بەغدا لە پاش موسڵ و تكریت. لە فەتواكەدا “سیستانی” خەڵكی هان دا بچنە ڕیزەكانی سوپا و پۆلیس بۆ بەرگریكردن، بەدوای ئەمەشدا هەزاران كەس چوونە سەربازگەكانی مەشق و بەرەكانی جەنگ([62]). لە ساڵی 2020دا چوار گرووپی چەكداری حەشد (العباس، الإمام علي، علي الأكبر، أنصار المرجعية) كە هەڵگری ژمارەكانی (2، 11، 26، 44)ن و سەر بە عەتەبەكانی نەجەف و كەربەلان، جیابوونەوەی خۆیان لە حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و لەو كاتەشەوە بە “حەشدی عەتەبەكان” ناسران([63])، ئەم هەنگاوەش وەها لێک درایەوە كە هەوڵێكە بۆ دابڕین و ڕاكێشانی بەڕە و شەرعیەت لە ژێر پێی گرووپەكانی سەر بە ئێران. لە هەندێک وێستگەشدا نوێنەرانی حەشدی عەتەبەكان سەركۆنەی گرووپە شیعەكانیان كردووە بەوەی خۆپیشاندەران دەكوژن و دارایی گشتی دەخەنە لاوە([64]). لە نوێترین پێشهاتی ئەو كێبەركێیەشدا “محەمەد ڕەزا سیستانی” ساڵی پار (2023) لە ساڵیادی سەركەوتن بەسەر داعشدا، باسی لەوە كردووە خاوەن چاكەی سەركەوتن بەسەر داعش “شەهیدان و كەمئەندامانن”. ئەمەش وەک وەڵام و پەرچەكرداری گرووپە چەكدارە شیعەكان لێک درایەوە كە زۆر جار باسی ڕۆڵی “قاسم سلێمانی” و “ئەبو مەهدی موهەندیس” دەكەن و بە سەركردەكانی سەركەوتن دەیانناسێنن([65])، ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەی گرژی و بەریەككەوتنە و بە وردی نازانرێت لە پاش سیستانی ئەم كێبەركێ و ململانێیە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات و پرسێكی كراوە دەبێت.
سیناریۆ و بژاردە گریمانكراوەكان
پێدراوەكان دەربارەی قۆناغی پاش سیستانی ئاماژە بە چەند ڕاستییەک دەكەن، لەوانەش:
– پێشبینیكردنی وردی سەرەنجامی بارودۆخ لە قۆناغی پاش مەرجەعیەتی “سیستانی” بە وردی كارێكی قورسە، هۆكاری ئەمەش ئەو ئاڵۆزییەیە کە دەوری پڕۆسەكەی داوە و تێكەڵەیەكە لە تێكچڕژانی ئایینی و سیاسی و ئابووری و بەرژەوەندیی دژبەیەکەکانی كارەكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
– قۆناغی پاش سیستانی جیاوازە و مەرجەعێكی باڵا لە قەبارە و ئاستی ئەو بە خێرایی دەرناكەوێت و قوتابخانەی دێرینی نەجەف دەچێتە ناو پڕۆسەیەكی هەستیار بۆ دیاریكردنی جێگرەوەیەک لە نێو هاوتەمەن و خوێندكارەكانی مەرجەعی پێشوو.
– پاش سیستانی؛ نەجەف و جیهانی شیعە دەچنە قۆناغێكی شپرزەیی و ناڕۆشنییەوە، بەڵام ئەمە بە مانای داڕووخانی دامەزراوەی ئایینیی شیعەی نەجەف نایەت كە بە درێژایی هەزار ساڵ بەردەوام رێبەری ئایینی و ئایەتوڵڵا و مەرجەعی بۆ شوێنكەوتووانی شیعە پێدەگەیەنێت.
– دروستكردنی كەسایەتییەكی جێگرەوە بۆ سیستانی ئەگەر هەیە لە چەند هەفتەیەكەوە تا چەند ساڵێک بخایەنێت و پڕۆسەی گواستنەوەكە جگە لە كایە مەزهەبییەكە، لەسەر كۆمەڵێک هۆكاری تر بنەڕەتە كە دەكرێت دیارترینیان بریتی بن لە: هەڵوێستی هێزە سیاسییەكانی شیعە، سەرمایە، میدیا و ریكلام، پاڵپشتیی عەشایەریی شیعە، لەمانەش گرنگتر هەڵوێستی تۆڕی بریكارەكانی ئێستای سیستانی لە شار و وڵاتان و هەردوو كوڕەكەی و تۆڕی بریكارەكانیشی نزیک دەبێتەوە لە 600 كەس.
([1]) مهدی خلجي، المرجع الأخیر، السيستاني ونهاية السلطة الدينية التقليدية في التشيع، ترجمه، فراس طارق مكية، (بغداد: منتدى الحوار المدني، 2007)، ص40.
([2]) غزل أريحي، قرن على التأسيس: ما هو مستقبل حوزة قُم وعلاقتها مع السلطة والمرجعية الدينية في إيران؟، البیت الخلیجي، https://2h.ae/mREA (النشر: 1/3/2023)، (متاح: 23/9/2024).
([3]) علي المؤمن، المرجعية الدينية الشيعية بين المنصب والموقع، https://2h.ae/IJrp (النشر: 17/2/2004)؛ (متاح: 16/9/ 2024).
([4]) مهدی خلجي، المرجع الأخیر، ص41.
([5]) اللجنة العلمية في مركز الرصد العقائدي، أدلة وجوب التقليد، المركز https://2h.ae/SjdM (النشر: 9/10/2018)، (متاح: 20/9/2024).
([6]) عامر العیدی: السفراء الأربعة، موسوعة أهل البيت، 2004، ص ص 2-5.
([7]) سید مهدی ایت الهى: الامام حسن العسكري، ترجمه كمال السید، مؤسسة أنصاريان، قم، ص22.
(8) فاضل المالكی: الغیبة الصغرى والسفراء الأربعة، مركز الأبحاث العقائدية، قم، 1420 هـ، ص45.
(9) صالح الكرباسی، ما هی مراحل غیبه الامام المهدی؟ مركز الاشعاع الإسلامی للدراسات والبحوث، https://bit.ly/3WA67wj (متاح: 20/9/2024).
([10]) علی المؤمن، المرجعية الدينية الشيعية بين المنصب والموقع، موقع آفاق، https://2h.ae/IJrp (النشر: 17/2/2024)، (متاح: 23/9/2024).
([11]) الحر العاملي، وسائل الشیعة إلى تحصیل مسائل الشریعة، تحقیق ونشر: مؤسسة أهل البیت لإحياء التراث، قم، ط2، 1402، ج 27، ص136-137.
([12]) محمد تقي بهجت، توضيح المسائل (بيروت: انتشارات شفق، د.ت)، ص8.
([13]) مركز الإشعاع الإسلامي، ما هو سبب تعدد المرجعيات الشيعية و اختلاف آرائهم الفقهية؟ https://bit.ly/3X8uTpM (متاح: 23/9/ 2024).
([14]) موقع محمد سعيد طباطبائي الحكيم، سبب تعدد المراجع، https://2h.ae/Kmkg (متاح: 23/9/2024).
([15]) ضياء الخباز، هل يصح للناس نقد المراجع، https://aldiaa.net/qa78/ (النشر: 9/ 5/2018)، (متاح: 20/9/ 2024).
(16) العتبة العسكرية، السرداب المقدس، https://2h.ae/oJYf (متاح: 22/9/2024).
(17) ديوان الوقف الشيعي، دليل المزارات، https://bit.ly/3DZhQwj (متاح: 22/9/2024)
(18) الذهبی: سیر أعلام النبلاء، (لبنان: مؤسسة الرسالة، 2001)، ج 18، ص335.
([19]) عباس القمي، منازل الآخرة والمطالب الفاخرة (قم: مؤسسة النشر الإسلامي، 1419ه)، ص47.
(20) محمد علي جعفر التميمي، مشهد الإمام أو مدينة النجف (النجف: مطبعة دار النشر، 1953م)، ص90-91؛ مركز الرصد العقائدي، الدّفنُ فِي النّجفِ يُنجِي مِن حسابِ البرزخِ، https://bit.ly/3NFijIj (النشر: 23/6/2019)، (متاح: 20/ 9/2024).
([21]) علي المؤمن الغريفي، الحوزة العلمية المؤسسة الدينية للنظام الاجتماعي الديني الشيعي، https://bit.ly/3XcF8YO (متاح: 3/9/2023).
([22]) بڕوانە: موقع الشیعة، السيد حسين البروجردي، https://bit.ly/4g8d55w (متاح: 2/9/2024).
([23]) علي مؤمن الغريفي، المرجعيات الشيعية المطلقة المعاصرة، الموقع الرسمي، https://bit.ly/47rebpn (النشر: 7/4/ 2024)؛ (متاح: 3/ 9/2024).
([24]) موقع السيستاني، السيرة الذاتية، https://bit.ly/4dNAO9A، (متاح: 1/9/2024).
([25]) محمد يسري، أستاذ السيستاني من يكون أبو القاسم الخوئي، ارفع صوتك https://bit.ly/3MbtubO (النشر: 21/ 11/2023)، (متاح: 23/9/2024).
([26])موقع السيستاني، السيرة الذاتية، https://2h.ae/yRfD (متاح: 23/9/2024).
([27]) محمد سيد الصياد، المرجعية العُليا ما بعد السيستاني.. ومستقبل الحوزة، معهد رصانة https://bit.ly/3Aue6EL (النشر: 31/3/2022).
([28]) موقع السيستاني، السيرة الذاتية، https://2h.ae/yRfD (متاح: 23/9/2024).
([29]) القبس، عملية ناحجة لقلب السيستاني، https://bit.ly/4dxIcGg (النشر: 15/8/2022)، (متاح: 23/9/2024).
([30]) موازين نيوز، هذا ما أكده الصافي والفريق الطبي بشأن عملية المرجع السيستاني، https://bit.ly/3Xbbu6D (النشر: 16/1/ 2020)؛ (متاح: 20/9/2024).
([31]) موازين نيوز، احدث صورة للسيد السيستاني في عيد الغدير، https://2h.ae/ESPS (النشر: 25/6/2024).
([32]) https://2h.ae/JyGv
([33]) فراس الناصر، ما طبيعة الصراع بين المرجعيات الشيعية في العراق وأسباب خلافها مع مرجعية قم الإيرانية؟، الجزيرة نتـ، https://bit.ly/3WSXSfM (النشر: 21/4/2022)، (متاح: 23/9/2024).
([34]) قناة الرشيد الفضائية، https://bit.ly/46ToCBt (النشر: 25/7/2024)، (متاح: 23/9/2024).
([35]) علي آل مظلوم، المرجعية الشيعية في العراق، مجلة الدراسات الإيرانية، معهد رصانة، العدد 11، 2020، ص117-130.
([36]) علي طاهر الحمود، شرعية الدولة: سجال السيستاني مع «ولاية الفقيه»، https://2h.ae/ppdA (النشر: 30/11/ 2019)، (متاح: 25/9/2024).
([37]) موقع السيستاني، ولایة الفقیه، https://2h.ae/TIvO (متاح: 25/9/2024).
([38]) موقع السيستاني، مكاتب المرجعية، https://2h.ae/YIap (متاح: 23/9/2024).
([39]) عباس كاظم وباربارا سلافن، ما بعد السيستاني والخامنائي، المونيتور https://bit.ly/3WOIMYW (النشر: تموز 2019)، (متاح: 23/9/2024).
([40]) الميادين، ما هو مجلس خبراء القيادة الإيراني، وما دوره؟، https://bit.ly/3MbwYeo (النشر: 4/شباط/2019)، (متاح: 23/9/2024).
([41]) الشرق الأوسط، سيناريوهات ما بعد مرجعية السيستاني قراءة دينية وسياسية https://bit.ly/3AuWnND (النشر: 13/1/ 2017)، (متاح: 23/9/2024).
([42]) زاهر موسی، المرجع الأعلى: تأمُّل في مرحلة ما بعد السيستاني، موقع جمار، https://2h.ae/TOOw (النشر: 21/9/ 2024).
([43]) كارولين مرجي صايغ، المرجعية الدينية، ترجمه: نصر محمد علي (النجف: مركز الرافدين، 2020)، ص159، ص166.
([44]) موقع المكتب المركزي لآية الله العظمى النجفي، https://www.alnajafy.com/ (متاح: 23/9/2024).
([45]) موقع آية الله الفياض، اخبار مكتب سماحة مرجع الديني الشيخ الفيّــاض، https://alfayadh.org/ (متاح: 24/9/2024).
([46]) العربية نت، مستقبل المرجعية الدينية في “النجف” ما بعد السيستاني! https://bit.ly/3WTGRCr (النشر: 23/9/2021)، (متاح: 24/9/2024).
([47]) حسام البقيعي، منّ يَخْلُف”رجل الله” في العراق؟ مركز رع للدراسات https://rcssegypt.com/16867 (النشر: 19/2/ 2024)، (متاح: 24/9/2024).
([48]) مركز الامارات للسياسات، مقتدى الصدر ومرجعية السيستاني: واقع العلاقة وآفاقها في ضوء الأزمة السياسية في العراق، https://bit.ly/3SPmHbx (النشر: 22/9/ 2022)، (متاح: 23/9/2024).
([49]) ويكي شيعة، محمد باقر الأيرواني، https://bit.ly/3WTzQRY (متاح: 23/9/2024).
([50]) العربية نت، هل يكون آية الله الإيرواني الخليفة الأوفر حظاً للمرجع السيستاني؟ https://bit.ly/4cv5fjp (23/9/ 2021)، (متاح: 25/9/2024).
([51]) صادق الطائي، مستقبل المرجعية في العراق: من سيخلف السيستاني؟ القدس العربي https://bit.ly/3SXB0uz (النشر: 6/2/2022)، (متاح: 25/9/2024).
([52]) ويكي شيعة، محمد هادي آل راضي، https://bit.ly/3MaG2A1 (متاح: 23/9/2024).
([53]) الموقع الشامل للحوزة العلمية، الشيخ هادي آل راضي: حكر العلم والاجتهاد على جماعات أو بيوتات معينة مفهوم خيالي، https://bit.ly/3YQ3wlF (متاح: 25/9/2024).
([54]) ويكي شيعة، الشيخ حسن الجواهري، https://bit.ly/4dIVxuO (متاح: 25/9/2024) ؛ المهدي نت، الشيخ حسن الجواهري، https://2h.ae/SiKU (متاح: 25/9/2024).
([55]) مؤسسة الامام علي في لندن، كلمة سماحة السيد محمد رضا السيستاني بين حضور درسه بمناسبة قرب حلول شهر رمضان، https://2h.ae/pcOd (النشر: 23 شعبان 1445ه)، (متاح: 23/9/2024).
([56]) وان نيوز، تقارب كبير بين الصدر ونجل المرجع، https://2h.ae/RUcJ (متاح: 23/9/2024).
([57]) مركز الامارات للسياسات، مقتدى الصدر ومرجعية السيستاني: واقع العلاقة وآفاقها في ضوء الأزمة السياسية في العراق، https://bit.ly/3SPmHbx (النشر: 22/9/2022)، (متاح: 23/9/2024).
([58]) مصطفى سعدون، طموحات الصدر في عراق ما بعد السيستاني، https://2h.ae/qfXx (النشر: 17/2/2022)، (متاح: 23/9/2024).
([59]) عباس كاظم وباربارا سلافن، ما بعد السيستاني والخامنائي، المونيتور https://bit.ly/3WOIMYW (النشر: تموز 2019)، (متاح: 23/9/2024).
([60]) محمد سيد الصياد، المرجعية العُليا ما بعد السيستاني.. ومستقبل الحوزة، معهد رصانة https://bit.ly/3Aue6EL (النشر: 31/3/2022).
([61]) الشرق الأوسط، سيناريوهات ما بعد مرجعية السيستاني قراءة دينية وسياسية https://bit.ly/3AuWnND (النشر: 13/1/2017)، (متاح: 23/9/2024).
([62]) بي بي سي نيوز، العراق: المرجعية الدينية العليا تعلن الجهاد الكفائي https://2h.ae/Dhld (متاح: 23/9/2024)؛ بي بي سي نيوز، تزايد المتطوعين الشيعة بعد صدور فتوى الجهاد الكفائي https://2h.ae/lWxR (متاح: 24/9/2024).
([63]) الحرة، العراق.. “فصائل السيستاني” تكشف أسباب انسحابها من الحشد، https://bit.ly/3YRBzKa (24/4/2020).
([64]) حمدي مالك، السيستاني في وجه الميليشيات: مستقبل السيادة العراقية، معهد واشنطن، https://bit.ly/46Tq1YJ (النشر: 14/9/2021).
([65]) شفقنا، السيد محمد رضا السيستاني: المسؤولية الكبرى هي الحفاظ على النصر في العراق، https://bit.ly/3M8kQeb (النشر: 10/ 12/ 2023)، (متاح: 24/9/2024).