• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 9, 2021

خەباتی پەرلەمانی کورد لە بەغدا لە ماشەوە تا وشە

هەردی مەهدی میکە

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

گەرچی مێژووی کاری پەرلەمانیی عێراق تەمەنی وا ٩٧ ساڵ تێدەپەڕێنێت، بەڵام خەباتی سیاسی و چەکداریی کورد، بۆ دەستخستنی مافە سیاسی و کولتوورییەکان، تەمەنێکی درێژتری هەیە و سەرەتاکەی لە عێراقدا بە چەکداری دەستی پێ کرد و پاشان خەباتی پەرلەمانی و سیاسیی مەدەنییانەی هاتە پاڵ و لە ماشەوە (پەلەپیتکەی تفەنگ) تا وشە (قسەکردن) و چەلەحانێی نێو پەرلەمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی کێشاوە، بە جۆرێک لەم ساڵانەی دواییدا تەنها وشەکە بەدەست کوردەوە مایەوە و ماشەی چەکەکانی هەم بێدەنگ کران و گوتاری پەرلەمانتارانیشی پەرت و بێ ئامانج، هەم زۆرتر ڕووگەی پەرلەمانتارانیش بەرامبەر خودی کورد کەوتە کار و خۆڕنین.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: هەوراز و نشێو و ئاستی داواکاریی کورد و ڕۆڵی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چۆن بووە و لەکوێوە بە کوێ گەیشتووە؟ بۆ وەڵام، گرنگە زەمینەی مێژوویی هەڵبژاردن و لایەنە ڕکابەرەکانی کورد لە بەغدا و ئاستبەندیی خواستەکانی کورد لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا سەردەمی سەرۆکایەتیی کۆمار لە عێراقدا بخرێتە ڕوو.

 

کورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا

یەکەمین نیمچەهەڵبژاردنێک لە عێراقی هاوچەرخدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢١ کە ڕاپرسیی دانانی فەیسەڵی کوڕی حسێن بوو وەک شای عێراق، کە تێیدا زۆرینەی کورد بە “نەخێر” و بایکۆت بەشداریی ئەو هەڵبژاردنەیان کرد، بەڵام لە دووەمین هەڵبژاردنەوە ئیتر کورد تێکڕا بەشدارییەکی دیاری کردووە، تەنانەت گەر هەڵبژاردنەکانیش  “کارتۆنی” بووبن لە کورد خاڵی نەبوون.

دووەمین هەڵبژاردن بەگشتی و یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزراندن و یاسادانان، دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ی شوباتی ساڵی ١٩٢٤ و عەبدولموحسین سەعدوون بووە یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزراندن. ساڵێک پاش ئەوەش، یەکەمین ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) هەڵبژێردرا . پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (١٩٢٥)ەوە تا ١٩٥٨ (سەردەمی پاشایەتی)، (١٦) جار هەڵبژاردنی بۆ کراوە.

هەر لەو پەرلەمانی دامەزراندنەوە تا هەنووکە، کورد بەشداریی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی کردووە. لە نموونەی پەرلەمانتارانی خولە یەکەمینییەکانیش، دەتوانرێت ئاماژە بە چەند کەسایەتییەک بکرێت کە ڕۆڵی کارایان لە چەسپاندنی مافە کولتووری و سیاسییەکانی کورد لەو دەمەدا بینی، وەک: ئەمین زەکی بەگ، مەعرووف جیاوک، جەمال بابان، ئیسماعیل ڕەواندزی، محەمەد ساڵح، سەبری عەلی ئاغا و سەیفوڵا خەندان و… تاد.

ململانێی سێکوچکەیی کورد-ئینگلیز-بەغدا

خواستەکانی کورد یان ڕاستتر مافە زەوتکراوەکانی، کەوتبوویە دەستی ئینگلیز بە پلەی یەکەم و پاشتریش عەرەبە دامەزرێنەرەکانی عێراق. دۆسێی کورد و ململانێکانی، بەر لەوەی لەگەڵ عەرەبدا بێت، لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، عەرەبی عێراق هێشتا سنوور و سەروەری و چارەنووسیشی ڕوون نەبوو، نە ململانێ و پێداگرییەکی دیاریکراویشی بەرامبەر کورد هەبوو، بەپێچەوانەوە، لە چەندین جەنگ و بۆنە و ڕووداو و ڕاپەڕیندا پێکەوە بۆ مافەکانیان بەرامبەر ئینگلیز دەجەنگان، وەک جەنگی شوعەیبیە، ڕاپەڕینی ١٩٢٠، دامەزراندنی عێراق و پێکهێنانی حکومەت و… تاد. بەڵام کێشەی یەکەم و ئاستەنگی یەکەمی جووڵانەوەی سیاسیی کورد لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، کاتێک یەکەمین حکومەتی شێخ مەحموودی لەبار برد و هێزە کوردستانییەکانی دیکەشی لە ڕەواندز و کۆیە و بادینان سەرکوت کرد. لە پرسی کەرکووکیشدا، دیسانەوە هەر ئینگلیز (نەک عەرەب) ڕێگری یەکەم بوو کە کەرکووک بەشێک بێت لە قەڵەمڕەوییەکەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود و شێخیش هەر لەبەر ئەو خاڵە بوو کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئینگلیزدا زەق کردەوە.

بەڵام بە یەکلابوونەوەی ویلایەتی موسڵ و لکاندنی بەشێکی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، ئەوکات ململانێکە بووە سێکوچکەیی و عەرەب و ئینگلیز لە لایەک و کورد لە لایەکی دیکەوە بەرامبەر یەك وەستان. لەو ئانەوە تا ئێستا خواستی کورد چەندین هەوراز و نشێویی بەخۆوە دیوە  و خەباتەکەی ئاستەکانی چەکداری و پەرلەمانی و کارگێڕی و یاسایی و میدیایی لەخۆ گرتووە.

خەباتی پەرلەمانی سەرەتاکانی دامەزراندنی عێراق، بۆ پەرلەمانتارانی کورد سەختترین خەبات بووە، بەو پێیەی کە سەرەتای دامەزراندنی یاریگای ململانێ و چەسپاندن و ڕێکخستنی خواستی کوردستان بووە. لە لایەک لەگەڵ ئینگلیزدا کە زلهێزی جیهان بووە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ گرووپگەلێکی عەرەبی جیاوازیشدا دیسانەوە لە ململانێدا بووە و لەگەڵ ئەوەشدا کورد ئەودەم نە لۆبی نێودەوڵەتی و نە پشتیوانی و نە میدیایەکی کاریگەر و نە پرسی مافی مرۆڤیش وەک دەسکەلایەک بە دەست دۆستانی کوردەوە بووە تا ببێتە بیانوو بۆ کۆمەک، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد و جووڵانەوە سیاسییەکەی لە سفرەوە خۆیان و خودا و کێوەکان دەستیان پێ کرد، لەوەش گەڕێ کە نێوخۆی کورد ماڵێکی پەرتەوازە و ناهۆشیارییەکی باڵا و نەخوێندەواری و کولتووری سیاسیی دواکەوتووی کورد ئاستێکی نزمی هەبووە.

 

پەرلەمانتاران، لە بەرزەخواستەوە بەرەو نزمەخواست

لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە، لانی کەم پاش چوار لەتبوونی جووڵانەوەی سیاسیی کوردستان و جیا لە ناتەبایی خواستی کورد لەگەڵ زلهێزانی نێودەوڵەتی، لە جێدا بەرامبەر چوار پایتەختیش کەوتە سەنگەرەوە (تاران، ئەنکەرە، بەغدا و شام)، ئیدی خەباتی کوردی باشوور تا هەنووکە لە ڕووی پۆلێنبەندییەوە لە پەرلەمانەکانی عێراقدا چەندین ئاستی بەرز و نزمی لە باشەوە بۆ خراپ و لە کاراییەوە بۆ پاسیڤی بەخۆیەوە دیوە. لێرەدا دەکرێت گوتاری سیاسی و خواستەکانی کورد بەگوێرەی ئاستی داواکارییەکانی لە ڕووی کرۆنۆلۆژییەوە بەم شێوەیە دابەش بکرێن:

١. قۆناغی دامەزراندنی گوتاری سیاسی و مافی کولتووری (1924-1932): پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا جەختیان لەسەر مافە ئیداری، سیاسی، کولتووری و دەستوورییەکانی کورد لە عێراقدا دەکردەوە، گەرچی لە ڕووی دەستوورییەوە کەمیان هێنا، بەڵام لە ڕووی بەشداریی سیاسی و مافی کولتوورییەوە توانییان زمانی کوردی وەک زمانی نێوچە کوردستانییەکان لە ئاخافتنی کارگێڕی و پەروەردەدا بچەسپێنن  (تا هەنووکەش تەنها باشوور ئەم مافەی بە هیممەتی پەرلەمانتارانی پێشین دەست خست). هەروەها  نەریتی بەشداریی کورد لە حکومەت و پەرلەمانی عێراقدا دابهێنن و وا بکەن خەباتی کورد لە شاخ و چەکدارییەوە بگوازنەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی و مەیدانی سیاسەت و چەندین یانە و ڕێکخراوی مەدەنییش بۆ داکۆکی لە مافە سیاسییەکان دامەزران، وەک: ڕێکخراوەکانی سەرکەوتن و کۆمەڵەی زانستی و… تاد. بەر لەم قۆناغە، کوردی باشوور زیاتر ئاسۆیی و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا، نەک ستوونی و لە دڵی جوگرافیای نەیاردا خەبات بکات. ئەمین زەکی و مەعرووف جیاوک و… تاد، نموونەی باڵای ئەم خەباتەن. سیمایەکی تری ئەم قۆناغە ئەوە بوو پەرلەمانتارە کوردەکان زۆرتر دەچوونە پاڵ لیست و سەرکردە دیارە عێراقییەکان بۆ دەستخستنی مافەکان (وەک چۆن لە ساڵی ١٩٢٨دا چوونە پاڵ موحسین سەعدوون لە پێناو دابینکردنی لانی کەمی مافی خوێندن و زمانی کوردی و چەسپاندنی).

٢. قۆناغی بەشداریی دەسەڵات (١٩٣٢-١٩٥٨): لەم قۆناغەدا کوردەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خولەكانی پەرلەمانی عێراقدا بەشدارییان کردووە، خواستی سەرەکییان بەشداری لە دەسەڵات و چەسپاندنی دەستووری مافە مەدەنی و سیاسییەکان بووە، جیا لە هەوڵ بۆ چەسپاندنی مافە کولتوورییەکان کە پێشتر جێگیر کرا، داوای پێکهێنانی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی و نیمچەسەربەخۆیان بۆ پارێزگاکانی کوردستان لە عێراقدا کردووە، لانی کەم وەک یەکەیەکی سەرپەرشتیارێتیی باکووری عێراق، تا سروشتی نێوچەکە ڕەچاو بکرێت لە ڕووی دابونەریت و خواستی دانیشتووانیەوە. ئەم قۆناغە بەرزی و نزمیی بەخۆیەوە دی، بەڵام گرنگترین کار لەم قۆناغەدا و جیاوازیی لەگەڵ پێش خۆیدا؛ دامەزراندنی حیزبی سیاسی بوو بۆ ئیدارەدانی ململانێکان بەرامبەر بەغدا، نەک ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆیان ببنە ئەندامی حیزبە عێراقییەکان، وەک دامەزراندنی حیزبی هیوا و لقی ژێ کاف و حیزبی ڕزگاری و پارتی دیموکراتی کورد. پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا سەرلەبەر داواکاریی حیزبە کوردییەکانیان دەکردە گوتاری سیاسی و بەو گوتارە ڕووبەڕووی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی بەغدا دەبوونەوە.

٣. قۆناغی کوژانەوەی کاری پەرلەمانی (1958-2003): لەم قۆناغەدا بە هۆی کودەتاکان و دەرکەوتنی هێز و کەسایەتیی پەڕگیر، یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان لە ڕێگەی چەکەوە، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول (1961) و شۆڕشی نوێ (1975)، پەنابردنەوەی ناچاریی کورد بۆ چەک، بوارێکی نەهێشتەوە بۆ کاری پەرلەمانی و کاری پەرلەمانیی لاوازتر کرد. گەرچی لە قاسمەوە تا سەددام، سەرلەبەر بەڵێن و درووشمی ئەوەیان بەرز دەکردەوە کە دیموکراسیی ڕاستەقینە و پەرلەمانێکی کارا دەهێننە کایەوە، بەڵام خول دوای خول سستتر بوو، بە جۆرێک لە سەردەمی بەعسدا گەیشتە لوتکەی ناکارایی و لەنێوان ساڵانی (١٩٧٩-٢٠٠٣) بەتەواوی کاری پەرلەمانی لە بەغدا بووە “بەڵێ”کردن بۆ شەرعاندنی پەڕگیرییەکانی سەددام حسێن و حیزبەکەی.

کوردەکانی نێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیش خولی نیوان ساڵانی (١٩٧٠-١٩٧٥)ی لێ دەربچێت کە سەر بە پارتی دیموکرات و حیزبی شیوعی بوون و ڕۆڵی کارا و گرنگیان بینی لە مۆدێلی بەدەنگهێنانی پەرلەمان لەو ئانەدا، چیتر بەشدارییان نەکرد و هەر کوردێکیش بەشداریی بکردایە؛ لەنێو ڕای گشتیی کوردستاندا پەرلەمانتار و پەرلەمانەکەش بە کارتۆنی ناو دەبران (وەک تەنزێک بۆ بێدەسەڵاتییان). خواست و گوتاری پەرلەمانتاری کورد لەم خولانەدا ئۆتۆنۆمی بووە بۆ کوردستان و بەهێزترین دەستکەوتی خەباتی مەدەنیی ئەم سەردەمە؛ ڕێککەوتنی ئازار و دروستکردنی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی بۆ باشوور بوو لە سێ پارێزگادا، گەرچی تەمەنی کەم بوو. ئەڵبەت ئەمە دەستکەوتی کاری پەرلەمانی نەبوو، هێندەی بەرهەمی نزیکبوونەوەی ئیرادەی سیاسی و دانوستاندنی کورد و بەغدا بوو.

٤. قۆناغی عێراقی فیدراڵی (2003-2017): لەم قۆناغەدا کاری پەرلەمانتاری کورد و بەرزکردنەوەی خواستی کورد لەسەر دەستی ئەمان بە پشتیوانیی هێزە سیاسییەکان وەرچەرخانی ئەرێنیی بەخۆیەوە بینی، کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵی و لە پشکداریی حکومەتەوە بۆ شەراکەتی دەسەڵات خواستی بەرز کردەوە، لەوەش گرنگتر هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی دەستووری چەسپاند و دۆسێی کەرکووکیشی کردە ململانێیەکی ڕەسمی و دەستووری. سەرجەمی ئەمانەش لە ڕێی پەرلەمانتارەکانەوە بە ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی حیزبەکانەوە پەرەیان پێ درا و چەسپێنران، سەرکردە سیاسییەکانیش خۆیان دەچوونە بەغدا و ڕاستەوخۆ لە مەیدانی پەرلەماندا ململانێیان دەکرد. گەرچی لەم قۆناغەدا سەرجەم مافەکان وەک ئەوەی لە پەرلەمان و دەستووردا هاتوون دابین نەبوون، بەڵام باشووری کوردستانی لە ڕووی مافی مەدەنی و بەرزکردنەوەی خواستەوە بەرز کردەوە و پرسی کوردی لە ڕێگەی دەروازەی بەغداوە تا ڕادەیەک لە ئاستێکی جیهانیدا خستە ڕوو و وەک هێزێکی دیموکرات و دژەتیرۆر و مەدەنی خۆی پێناسە کردەوە.

  1. قۆناغی پەرتەوازەیی کاری پەرلەمانی کورد لە بەغدا (2017 بەدوا): پاش ئەنجامدانی ڕیفراندەم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چوونەوەیەک و داکشانێکی گەورە لە کاری پەرلەمانی لە ئاست ئەو ڕێچکە باوەی کە بەخۆیەوە دیویەتی؛ لە مێژووی کاری پەرلەمانیی کوردستانیدا لە عێراق بەدی دەکرێت، کە پێشتر داکۆکی بووە لە خاک و شوناس و دەسەڵاتی کورد لە بەغدا، بەڵام لەم قۆناغەدا، شوناس و خاک (نێوچە دابڕاوەکان) و سنووری سیاسیی هەرێم و مافە فیدراڵییەکانی پاشەکشەیان کرد و مەسەلەی پێشینە و پارە و بودجەی مانگانە و ساڵانە و شەڕی پۆست و لیژنەکان جێگەی ئەوانەی پێشتری گرتەوە، ئەوەی هۆکاری سەرەکیی ئەم داکشانە سیاسییە بوو، بە پلەی یەکەم بەڕێوەبردنی حیزبییانەی هەرێم و گەندەڵی، غرووری سیاسیی سەرکردەکانی کورد و جێهێشتنی بەغدا و بەشدارینەکردنی خۆیان و ناردنی پلە دوو و و سێیەمەکانی حیزبەکانیان، پەرتەوازەیی و نەبوونی گوتارێکی هاوبەش، چەند سەرەیی و ململانێی ئاستنزمیی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، بووژانەوەی مەیلی ناوەندگەرێتیی عەرەبانی بەغدا و دۆخی هەرێمایەتیی دراوسێکان، بە ڕیز ڕۆڵیان هەبووە لەو دابەزینەی ئاستی ئەدای کاری پەرلەمانی و بە جۆرێک پەرلەمانی وا لێ کرد لەبریی سەنگەری بەرگری لە شوناس و خاک بووە سەرچاوەی “یۆقلەمەی گیرفانی” نائیبەکان و بڵندگۆی وشەهاویشتن و بۆڵەبۆڵی ململانێی کورد-کورد لە قوبەی پەرلەماندا. هەر ئەمەیە وەرچەرخانی کاری پەرلەمانی لە ماشەی تفەنگەوە بۆ وشەهاویشتن و هیچی تر.

ئایا خولی دادێی (2021-2025)، دەتوانن بکەونەوە سەر ڕاستەڕێی کاری پەرلەمانتاری وەک ئەرک نەک ئیمتیاز و قسەهاوێژی؟ با بمێنێت.

———————–

گۆڤاری ئاینده‌ناسی+دره‌و

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ده‌ (10) تشرینی دووەمی 2021

Send this to a friend