• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 22, 2024

دۆخی بەرهەمهێنانی زانست لە ئێراندا

توێژەر: د. یونس قوربانیفەر

بەرایی

زیرەکیی دەستکرد خەریکی سازکردنی سەردەمێکی نوێیە، سەردەمێک کە هێشتا لە قۆناغی ساوایەتی خۆی دایە، بەڵام ڕوخساری ئەو ساوایە پڕە لە نیشانە و ئاماژەی نوێ لەسەردەمێک کە زیرەکیی دەسکرد دەبێت بە لوتکەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا. ئابووری، سیاسەت، سەرمایەداریی جیهانی، پیشەسازی، کار، فێرکاری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەرووی هەموویان زانست لە پرۆسەیەکی نوێی گۆڕانکاریدان. لە ڕاستیدا ئاسۆیەکی نوێ بۆ مێژووی مروڤایەتی کراوەتەوە. لەم ناوەدا زیرەکیی دەستکرد، خەریکی بەدیهێنانی گۆڕانکاری قووڵە لە بەرهەمهێنانی زانست و زانیاریی. کۆمپانیا گەورەکان و وڵاتانی پێشکەوتوو بودجەیەکی زۆریان تەرخانکردووە بۆ گەشەپێدانی زیاتری زیرەکیی دەستکرد و هەموو بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری. ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە لە چوارچێوەی پۆست کاپیتالیزم[1]خوێندنەوەی بۆ بکرێت، دەبێت باس لەسەردەمێک بکەین کە زانست بۆتە سەرچاوەی سەرەکی خوڵقاندنی دارایی و سەرمایە.[2] چەمک گەلێک وەکو ئابووریی “زانست تەوەر” یا “ئابووری داهێنان” نیشاندەری گرینگایەتی ڕۆڵ و پێگەی زانستە لە جیهانی ” پۆست پیشەسازی” و “پۆست کاپیتالیزم”.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە لەم سەردەمە ئابووری زانست تەوەر وەکو فۆرمێک یا خود قۆناغێک لە کاپیتالیزم دەرکەوتووە، پێگەی وڵاتی دونیا لە بەرهەمهێنانی زانست چۆنە؟ هەر یەک لەم وڵاتانە لە بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری چ ڕۆلێکیان هەیە؟ لەم نێوەشدا ئێران چ ڕۆڵ و پیگەیەکی هەیە و دۆخی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لە ئێران چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت؟

زانست پێوی

بۆ ئاگاداری لە دۆخ و پێگەی وڵاتی جیهان لە بەرهەمهێنانی زانست، داتا و زانیاری و لێکدانەوەکان یەکجار زۆرن. ژمارەیەکی بەرچاو لە زانکۆکان، دامەزراوەکان و ناوەندەکان لە ئاستی جیهانی لە لەسەر بنەمای هەندێک پێناسە و پێوەرگەلی دیار و ڕوون خەریکی هەڵسەنگاندن و نرخاندنی دۆخی بەرهەمهێنانی زانستن لە ئاستی جیهانیدا. لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی زانست یان زانست پێوی[1] خۆی زانستێکە لەسەر دۆخی بەرهەمهێنانی زانست. لە زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی زانست پێوی، پێنوێنەکان لە ئەندازەگرتن و ئەژماردنی چوار گۆڕەکی نووسەر، بڵاوبوونەوە، سەرچاوەهێنان و بەڵگەمەندکردن وەردەگیرین. پێنوێنی بەڵگەمەندکردن بە هۆی سەرنجدانی ڕێژەیی بە کوالێتی و کارایی باشی لە لێکدانەوەکانی بەڵگەمەندکردن، لە ڕیزی باوەڕپێکراوترین پێوەرەکانی زانست پێویدایە. ئەو پێنوێن و پارامێترانەی کە لە چوارچێوەی پێوەری بەڵگەمەندکردن فۆرمیان گرتووە و لە زۆربەی تێکستەکان ئاماژەیان پێدراوە بریتین لە: ئای ئێف( impact factor )، سایت سکۆر( Citescore)، پێوەری هەرش( H Index)، پێوەری خێرایی( Immediacy index)، یا ڕێسای کۆنبوونی دەقی ناسراو( Literature Obsolescence) و هەندێک مێتۆدی تری زانست پێوی کە لە زۆربەی وڵاتان و ناوەندەکان ناسراون.

 پێگەی وڵاتانی جیهان لە ڕیزبەندی بەرهەمهێنانی زانست

ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی زانست پێوی بە بەردەوامی ئامار و داتای پێویست سەبارەت بە دۆخی زانست لە ئاستی جیهانی بڵاو دەکەنەوە. هەندێک لەو ناوەندانە ناسراوترن و لە پێوەرگەلی دیار و ڕوون کەڵک وەردەگرن. یەک لەو ناوەندانە لە زانکۆی لایدێنی هۆڵەندایە بە ناوی ناوەندی توێژینەوەی زانست و تەکنەلۆژیا چالاکی دەکات و سیستمە ڕێزبەندییەکەی( Leiden Ranking) یەکێکە لە باوەرپێکراوترین ڕیزبەندییەکانی جیهان. ئەم ڕیزبەندییە لەسەر ئەساسی هەندێک ئەلگۆریتمی زۆر پێشکەوتوو بە نیسبەت مێتۆدەکانی تری ڕیزبەندی لە جیهان، هەروەها بە بنەماگرتنی پێنوێنە پێشکەوتووەکانی زانست پێوی(وەکو کاریگەری بەڵگەمەندکردن، هاوکاری زانستی، ناونەتەوەیی، پیشەسازی، ئازادی بەردەست بوون و چەند ڕەگەزی) وە بە سەرنجدانە سەر توێژینەوەکانی ئیندیکس کراو لە ماڵپەری Web of Science، هەموو ساڵێک ڕیزبەندی دۆخی زانست لە زانکۆکانی جیهان بڵاو دەکاتەوە. لە دایاگرامی (١) لیستی ١١١٤ زانکۆی جیهان لە ٧٢ وڵات دەبینن. وەکو ڕاپۆرتی ساڵانی پێشوو، زانکۆکانی ئەمریکا، چین، بڕازیل، کۆریای باشوور و ئۆسترالیا لەسەرووی ٥٠ زانکۆی باشی جیهاندان.

لە ساڵی ٢٠٢٣ وڵاتی چین بە ٢٧٣ زانکۆ و وڵاتی ئەمریکا بە ٢٠٦ زانکۆ زیاترین زانکۆیان لەو ڕیزبەندییەدا هەیە. زانکۆی Harvard University باشترین زانکۆیە لە ئەمریکای باکوور، University of Sao Paulo باشترین زانکۆی ئەمریکای باشوور، Zhejiang University لە وڵاتی چین و باشترین زانکۆی ئاسیا، University of Oxford بریتانیا باشترین زانکۆی ئەوروپا، Cairo University لەسەرووی زانکۆکانی ئەفریقا و University of Melbourne لە پلەی یەکەمی ئوسترالیا.[3]

دایاگرام (١)

داتاکانی ئەو ڕیزبەندییە بە پێی توێژینەوەکانی ئیندکیس کراو لە Web of Science وەرگیراوە کە هەموو وتارەکانی زانستی، زانستەکانی کۆمەڵایەتی، هونەر و زانستەکانی مرۆیی لە ساڵەکانی ٢٠١٨- ٢٠٢١ لە خۆوە دەگرێت.

پێنوێنەکانی ڕیزبەندی لایدێن

بە پێی ئەم پێنوێنانە و پارامێترانە پێگەی زانکۆکانی جیهان دەکرێ لە ڕێگەی هەندێک دایاگرام نیشان بدرێت. بۆ نمونە دایاگرامی ژمارە٢ نیشاندەری باشترین زانکۆکانە بە پێی پارامێتری ئیمپاکت فاکتەر. ئەم زانکۆیانە لە سێ وڵاتی ئەمریکا، چین و کەنەدا هەڵکەوتوون.

دایاگرام(٢)

بە پێی پارامێتری هاوکاری ناونەتەوەیی زانکۆکانی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، دانیمارک و سەنگاپور باشترین ڕێکۆردیان لە پارامێتری هاوکاری ناونەتەوەیی بووە. ئەوە لە دایاگرامی ژمارە ٣ نیشاندراوە.

دایاگرام(٣)

زانکۆکانی ئەمریکا، چین و بەریتانیا زیاترین ڕێژەی بڵاوکراوەیان هەیە لە بابەت هاوکاری لەگەڵ پیشەسازی. بە تایبەت زانکۆکانی چین، سوید و هۆڵەندا بەرزترین ڕێژەیەیان تۆمارکردووە لەم بوارەدا. دایاگرامی ژمارە ٤ داتاکان نیشان دەدات.

دایاگرام(٤)

لە ڕوانگەی پارامێتری ئازادی لە بەردەستبوون، زانکۆکانی ئەمریکا، بەریتانیا، چین و کەنەدا زیاترین ژورناڵیان بڵاو کردۆتەوە کە بۆ کەڵک وەرگرتن لە بەردەستدابوون. لە دایاگرامی ژمارە ٥ داتای پێویست نیشاندراوە.

دایاگرام(٥)

بە پێی پارامێتری چەند ڕەگەزی، زانکۆکانی سعودیە، ئەسیوبیا و یابان لە بڵاوکراوەکانیان زیاترین نووسەری پیاویان بووە بە نیسبەت نووسەرانی پیاو و ژن. بە پێچەوانە لە سێ وڵاتی نەرویج، پۆڵندا و لێتوانیا زیاترین نووسەری ژنیان بووە. لە دایاگرامی ژمارە ٦ داتاکان نیشاندراوە.

دایاگرام(٦)

ئەوەی باسی لێکرا چاوخشاندنێک بوو بە سەر هەندێک ئامار و داتا کە پێگەی زانکۆکانی جیهانی لە بواری کاری زانستی نیشان دەدا. دیارە لەم نێوەدا پشکی هەرە زۆر بەر وڵاتانی ڕۆژئاوا وەکو ئەمریکا، بەریتانیا و چین دەکەوێت. لە درێژەی باسەکەمان ئامارەکانی ئەم ڕیزبەندییە لەسەر ئێران دەخەینە بەرباس.

پێگەی زانکۆکانی ئێران لە ڕیزبەندییەکاندا

٤٦ زانکۆی ئێران لە ڕیزبەندی ساڵی ٢٠٢٣ لایدێن دان. بە نیسبەت ڕیزبەندی ساڵی ٢٠٢٢، دوو زانکۆی تر بە ڕیزی زانکۆکانی ساڵی ٢٠٢٣ زیادبوون.

ژمارەی زانکۆکانی ئێران لە ڕیزبەندی لایدێن لە ساڵەکانی( ٢٠١٤- ٢٠٢٢)

یەکێک لەو ناوەندە فەرمییانە کە لە ناو ئێران بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی لە بواری زانست پێوی کار و چالاکی دەکات، ناوەندی

(ISC World University Rankings) یا دامەزراوەی بەڵگەمەندکردن و چاودێری زانست و تەکنەلۆژیایە. ئەم ناوەندە بە پێی هەندێک پیوەر و پێوانە بە پشت بەستن بە مێتۆدی خۆی، کاری نرخاندن و هەڵسەنگاندنی زانکۆکانی ناو ئێران، وڵاتی ئیسلامیی و زانکۆکانی جیهان دەکات.[4] لە ڕیزبەندی جیهانی ISC لە ساڵی ٢٠٢٣، ٢٥٥٥ زانکۆی ئاست بەرز لە ١١٤ وڵات بوونیان هەیە. لەم ڕیزبەندییەدا، سێ زانکۆی هارفارد، ئەنستیتۆی تەکنۆلۆژی ماساچۆستMIT))، زانکۆی ستانفۆرد لە پلەکانی یەکەم تا سێهەمدان. دە زانکۆی ئاست بەرزی جیهان لە خشتەی ژمارە ١ ناویان هاتووە.

خشتەی ژمارە (١)

 

وڵاتی چین بە ٣٩٨ زانکۆ، ئەمریکا بە ٣٢١ زانکۆ، هیندستان بە ١٤٨ زانکۆ، یابان بە ١٢٠ زانکۆ، بەریتانیا بە ١٠١ زانکۆ، تورکیا بە ٩٣ زانکۆ، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەڕازیڵ هەر کام بە ٧٣ زانکۆ، ئێران و کۆریای باشوور بە ٦٩ زانکۆ لەم ڕیزبەندییەدا بوونیان هەیە. باشترین پلەی زانکۆکانی جیهان هی زانکۆکانی ئەمریکایە، دواتر وڵاتی وەکو بەریتانیا، چین، دانیمارک، کەنەدا، فەرەنسا، یابان و سەنگاپوور خاوەنی باشترین زانکۆکانن.

لە ئێران ٦٩ زانکۆ لە ڕیزبەندی جیهانی 2023 ISC بوونیان هەیە. ئێمە لە دایاگرامی ژمارە (٧) دەبینین ئەژماری زانکۆکانی ئێران لە ساڵەکانی ٢٠١٨ هەتا ٢٠٢٣ لەم ڕیزبەندییەدا بەرەو زیادبوون بوون، لە ٢٤ زانکۆ لە ساڵی ٢٠١٨ بۆتە ٦٩ زانکۆ لە ٢٠٢٣. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێت کە وڵاتانی وەکو سعودییە و تورکیاش لەم ڕیزبەندییەدا گەشەی بەرچاویان بووە. دەبێ جیاوازی دوو ڕیزبەندی لایدێن و ISC لە بەرچاو بگرین، لە ڕیزبەندی یەکەم ٤٦ زانکۆی ئێرانی تیدایە، بەڵام لە ڕیزبەندی دووەم ناوی ٦٩ زانکۆی تێدایە. ئەوەش دەگەرێتەوە سەر جیاوازی پێوەرەکان لەم دوو ڕیزبەندییەدا.

دایاگرامی ژمارە(٧)

١٠ زانکۆی ئاست بەرز لە ئێران بە پێی پێوەرەکانی ڕیزبەندی ISC لە خشتەی ژمارە( ٢) نیشاندراوە.

خشتەی ژمارە(٢)

ریزبەندییەکان، بەرهەمهێنانی زانست وGDP

بێگومان ڕیزبەندییەکان نیشاندەری بەشێکی گرینگ لە دۆخی لێکۆڵینەوەی زانستی لە هەر وڵاتێکن. زانکۆ لە هەر وڵاتێک نوێنەر و سیمبولی بەرهەمهێنانی زانست و توێژینەوەی زانستییە. هەر بۆیە ئەم ڕیزبەندییانە تا ڕادەیەک پێگەی هەر وڵاتێک بۆ بەرهەمهێنانی زانست نیشان دەدەن. بەڵام هەندێک پێوەری گرینگی تریش هەیە بۆ نرخاندن و هەڵسەنگاندنی ڕۆڵ و پێگەی زانست لە هەر وڵاتیک. یەک لەوانە بودجەی تەرخانکراو بۆ لێکۆڵینەوەیە، بە شێوەیەکی ڕوونتر پشکی لێکۆڵینەوە لە GDP.[5] لە وڵاتی پێشکەوتوو پشکی لێکۆڵینەوە لە GDP دەگا بە لە سەدا ٥، بۆ نمونە لە ئیسرائیل. لە هەندێک وڵات ئەو ژمارەیە دەگا بە لە سەدا ٥/١. بەڵام لە ئێران ئەو ژمارەیە بەرچاو نییە و تەنیا ٨ لەسەر دەی لەسەدایە. جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە دانیشتنێکدا وێرای ئاماژەپێدان بەو ئامارانە، ڕەخنە لەو دۆخە دەگرێت و پێیوایە دەبێ هەوڵ بدرێت بۆ باشترکردنی پێنوێنەکان و پارامێترەکان.[6]

جێگری وەزیری خوێندنی باڵا لە وتو وێژێک باس لەوە دەکات کە لە بەرنامەی شەشەمی گەشەی ئێران پشکی توێژینەوە لە GDP لە سەدا ٤ پێشبینیکرابوو، بڕیاریش وابوو لە سەدا ٢ی لە لایەن بەشی دەوڵەتی دابین بکرێت، لە سەدا ٢ی لە لایەن کەرتی تایبەت. بەڵام ئەم پێشبینیە ڕاست دەرنەهات و ئەو بڕیارە بە ئەنجام نەگەیشت. جێگری وەزیر ئاماژە بەوە دەدا کە پشکی توێژینەوە لە GDP لە ژێر لە سەدا نیوە، تەنانەت ئەم ژمارەیەش زۆر ڕاست نییە.[7]

بەراوردێک و دەرئەنجام

توێژینەوەی زانستی لە گوتاری فەرمیدا بە بەردەوامی جەختی لەسەر دەکرێتەوە.[8] توێژینەوە وەکو ئەمرێکی پێویست بۆ گەشەی وڵات باسی لێوەدەکرێت. ئەو گرنگی پێدانە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە لە زانکۆکان کاری لێکۆڵینەوە تا ڕادەیەک بەهای پێ بدرێت و پێگەی ئێران لە ڕیزبەندییەکان باشتر بێت. بەڵام هەروەکو ئامارەکان و قسەی هەندێک لە بەرپرسەکان نیشان دەدەن ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو و گەشەکردوو مەودایەکی یەکجار زۆری هەیە. پشکی لێکۆڵینەوە و کاری توێژینەوە لە بودجەی گشتی[9] و GDP زۆر کەمە. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان دۆخی ئێران و هەندێک لە وڵاتانی ناوچە، دەتوانن دۆخی ئێران باشتر ببینین.[10]

بە پێی ڕیزبەندیی سایمگو لە ساڵی ٢٠٢١، تورکیا لە ٤ بوار، ئێران لە ١٧ بوار، سعودییە لە ٣ بوار، میسر لە ١ بوار لە ناوچەدا دەستی باڵایان بووە. لە ساڵی ٢٠٢٢، تورکیا لە ٨ بوار پلەی یەکەمی بووە، سعودییەش بە هەمان شێوە لە ٨ بواردا. بەڵام ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢١، پێگەی زانستی خۆی لە ٧ بوار لەدەستداوە. سعودییە لانیکەم لە ٦ بواردا، پێش ئێران کەوتووە.[11] بەڵام ئێران لە هەندێک بواردا پلەی یەکەمی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە.[12] بە پێی ئەم ئامارانە دەبێت ئێستا بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران، سعودییە و تورکیا سێ ڕکابەری سەرەکین. خشتەی خوارەوە نیشاندەری ئەوەیە کە لە ناو زانکۆی وڵاتانی ئیسلامیی، چوار زانکۆی سعودییە لە پلەکانی یەکەم تا چوارەم جێگەیان گرتووە، لەو ڕیزبەندییە تەنیا زانکۆی تاران لە ئێران لە پلەی نۆهەم دایە.[13]

ریزبەندی ١٠ زانکۆی جیهانی ئیسلام

[1] . Scientometrics

[1] . Drucker, Peter F. Post-Capitalist Society، Routledge, 1994. Pp 1-15

[2]  https://naghd.com/2020/05/16/%D8%B3%D8%B1%D9%85%D8%A7%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%88-%D8%AF%D8%A7%D9%86%D8%B4/

[3] .  ماڵپەری لایدێن بە شێوەیەکی ورد باس لە پارامێترەکانی خۆی لە 2023 دەکا، رەنکینگی ساڵانەی لایدێن بە پێی ئەم  پارامێترانەیە.

 https://www.leidenranking.com/information/indicators

[4] . گزارش موسسه isc ( 1402) روش شناسی رتبه بندی ملی isc: دانشگاه ها

https://isc.ac/file/download/page/661a5f3ea7a66-ranking-.pdf

[5]  . UNESCO Institute for Statistics (2023), Research and development expenditure (% of GDP):

 https://data.worldbank.org/indicator/GB.XPD.RSDV.GD.ZS

[6] . دهقانی، روح الله( 1402)، سهم واقعی تحقیق و توسعه از GDP کشور حدود ۳ دهم درصد است، پایگاه اطلاع رسانی دولت :

https://dolat.ir/detail/439364

[7] . صالحی، پیمان( 1401)، سهم پژوهش از تولید ناخالص ملی به کمتر از نیم درصد رسید، خبرگزاری مهر:

https://www.mehrnews.com/news/5655630/

[8] . خبرگزاری مهر( 1402)، رتبه‌ جهانی ایران در نوآوری و تولیدعلم تا پایان برنامه هفتم توسعه، ۱۲/ 09/ 1402:

www.mehrnews.com/news/5955880

مزروقی، رحمت اله( 1399)، پارادایم اسلامی تولید علم، انتشارات آوای نور، تهران. صص 197-199

[9] . خبرگزاری ایسنا( 1401)، سهم پژوهش و فناوری؛ تنها ۳۳ صدم و ۳۴ هزارم درصد، 09/ 12/ 1401:

https://www.isna.ir/news/1401120906361

[10] . خبرگزاری ایسنا( 1401)، مقایسه پژوهشگران پر استناد؛ عربستان ۱۱۴- ایران ۱۲، 13/ 09/ 1401:

https://www.isna.ir/news/1401091307983

[11] .  سایت خبری فرارو( 1402)، عربستان هم در یک سال اخیر به لحاظ رتبه علمی از ایران جلو زد، 17/ 02/ 1402:

https://fararu.com/fa/news/630839

[12] . روزنامه فرهیختگان( 1402)، عربستان هم در یک سال اخیر به لحاظ رتبه علمی از ایران جلو زد، 17/ 02/ 1402:

https://www.khabaronline.ir/news/1763067

[13] . گزارش موسسه isc( 1402)، رتبه بندی دانشگاه های جهان اسلام:

https://isc.ac/file/download/page/65e80ad36ae81-.pdf

  1. فیاض، ابراهیم( 1389)، تولید علم و علوم انسانی، انتشارات سپیده باوران. تهران. صص 114- 121
  2. انصاری، باقر( 1387)، سازوکارهای حقوقی حمایت از تولید علم، انتشارات سمت، تهران. صص 9-15
  3. منصور، رضا( 1389)، توسعه علمی ایران، انتشارات اطلاعات، تهران. صص 309، 313، 318
  4. طباطبایی، جواد( 1400)، ملاحظات درباره دانشگاه، انتشارات مینوی خرد، تهران. صص 54، 56- 57

Send this to a friend