شای ئێران؛ کوردی عێراق و شیعەی لوبنان (١٩٥٨-١٩٧٩)
ئامادەكردن: نیاز كامەران
كتێبی “شای ئێران؛ كوردی عێراق و شیعەی لوبنان 1958-1979” لە لایەن ئارش ڕەیئسی نەژاد، مامۆستا لە زانكۆی تاران، كۆلێژی زانستە ڕامیارییەكان نووسراوە كە لە بنەڕەتدا تێزێكی دکتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ساڵی ٢٠١٧ لە زانكۆی فلۆریدای ئەمركا نووسراوە. پاش ساڵێک بەدەستکارییەوە کراوە بە کتێب و لەلایەن وەرگێڕی کورد، شەفیقی حاجی خدر بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراوە. قەبارەی كتێبەكە 619 پەڕە و جگە لە پێشەكی وەرگێڕ و ئەنجام و پاشکۆ، ناوەڕۆكی ئەم كتێبە لە نۆ بەندی سەرەکی پێک دێت. ناونیشانی كتێبەكە سرنجی لەسەر شای ئێران و سیاسەتە نادەوڵەتییەكانێتی لە هەمبەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت عێڕاق و لوبنان.
كتێبەكە گرنگی بە ڕووداوەکانی دەستپێکی سەردەمی کۆماریی عێراق و گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن عەبدولکەریم قاسم تا کۆتایی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران دەدات. کەسایەتییە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو ماوەیە بە کورد، عێڕاقی، ئێرانی، لوبنانی و ئەمریکییەکانەوە، کاراکتەرە سەرەکییەكانی ئەو قۆناغەن کە نووسەر بە وردی سرنجیان دەخاتە سەر.
نووسەر بە دوای وەڵامی چەند پرسیارێكی سەرەكیدا دەگەڕێت لەوانە: شیعەی لوبنان وەک یەکەم ئامانج، چۆن لە سەر دەستی ئیمام موسا سەدر دەبنە هێزێکی کاریگەر لەتەک سوننەکان و مەسیحییە مارۆنیەکان؟ مەلا مستەفای بارزانی کە خوازیاری بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی بووە بۆ کوردستان، چۆن لە هەوڵەکانی بەردەوام بووە؟ لێكۆڵینەوەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە محەممەدڕەزا شای ئێران نەیدەوست بۆ بەهێزبوون و کاریگەری دانان لە سەر عێراق و لوبنان پەنا بۆ ڕێگای سیاسەتی فەڕمی وڵاتەکەی ببات لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەڵکو هەوڵی دەدا لە ڕێگەی سیاسەتی نادەوڵەتی و بە بەکارهێنانی هێزی نەرم ئەو ئامانجەی بپێكێت.
كتێبەكە بە پشتبەستن بە كۆمەڵێك بەڵگەنامە، سیاسەتی یارمەتیدانی كوردی باشووری لە لایەن شاوە لە چەند خاڵێكدا كورت دەكاتەوە:
١- عێراق دان بە ئێرانیبوونی ڕووباری ئەلوەنددا (شط العرب) بنێت.
٢- بە لاوازی هێشتنەوەی دراوسێ ڕۆژئاواییەكەی خۆی واتە بەغدا.
٤- ڕێگەگرتن لە سەربەخۆیی کورد یان ئۆتۆنۆمییەکی خاوەن دەسەڵات لە عێراق.
5- محەممەدڕەزا شا پەیوەندییەكی خراپی لەگەڵ مۆسکۆ هەبوو و بە شێوەیەک وێنای عێراقی دەکرد کە وەک وڵاتێکی ژێردەستەی سۆڤێت بێت. لە لایەك هەوڵی لەیەك دوورخستنەوەی عێراق و ڕووسیای دەدا و لە لایەكی ترەوە ترسی بڵاوبوونەوەی بیری کۆمۆنیزمی لە وڵاتی ئێران هەبوو.
6-هەڕەشەکانی وڵاتە عەرەبییەکانی وەک عێراق و میسر بۆ گەیشتن بە کەنداو (كەنداوی فارس، كەنداوی عەرەبی)، هەروەها کێڵگە نەوتییەکانی خوزستان و خوڕەمشەهر، کە بە موڵکی عەرەبییان دەزانی. ئەم هۆكارە بەڕوونی لە وتەیەكی عەبدولكەریم قاسم و وەڵامی رۆژنامەیەكی تاراندا ڕەنگی داوەتەوە. کورتکراوەی وتەکەی عەبدولکەریم قاسم لە 18-ی کانونی دووەمی ١٩٥٩ ئاماژە بەم خاڵە دەكات: “خوزستان و خورەمشەهر دوو ناوی عەرەبین و عوسمانییەکان ئەو خاکەیان بە ئێرانییەکان داوە”. ڕۆژنامەیەكی ئێرانیش لە وەڵامدا دەنووسێت: “ڕژێمە نوێیەکەی عێراق نازانێت ئاخۆ گەر ئێران بە دوای داواکانیدا بچێت، هەموو ئەو خاکەی عێراق، بە کوردستانی بەپیتیشەوە دەبێت بگەڕیننەوە بۆ سەر ئێران”.
٤- وڵاتی ئێران وەک قەرەبووکردنەوەی “تەنیایی ستراتیژی”ی لە نێو وڵاتە هەرێمییەکان و نەبوونی هاوپەیمانێكی ستراتیژی لە ناوچەكەدا، بیری لە گرتنەبەری سیاسەتی نادەوڵەتی كرد بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا.
شا پشتیوانی لە کوردی عێڕاق كرد و بە ئامانجی لاوازكردنی عێراق لە ناوخۆدا و ڕێگریكردن لەو شەپۆلە پانعەرەبیزمەی كە هۆكاری هەڕەشە بوو بۆ سەر ئێران، بە درێژایی شۆڕشی ئەیلول هاوکاری پێشكەش بە جووڵانەوەی كورد بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی كرد. لەگەڵ ئەمەشدا وەك ڕەوتی ڕووداوەكان دەریخست، هاوکاری شا بۆ كورد بۆ بە دەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان نەبوو، بەڵکو شا بە دڕێژای شۆڕشی ئەیلول لە ڕێگەی دەزگای ساواکەوە لە ترسی ئەو دەسەڵاتەکەی نوێیەكەی عێڕاق لە پاش كۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی پاشایەتی لەعێراق، ڕێگەی کوردی باشووری دۆزییەوە و بەگوێرەی هەڵبەز و دابەز و ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتە نوێیەكەی عێراق، بە چەک و پارە و دەزگای ڕاگەیاندن (ڕادیۆ) هاوکاری کوردەكانی کرد. لە بنەڕەتدا ئێران دژی پارچەپارچەبوونی عێراق بوو و لەوە دەترسا پریشکی ئەم یاخیبوونە لە باشوورەوە بەر کوردەكانی ڕۆژهەڵات بكەوێت. تەنانەت شای ئێران لە دیدارێکدا بە ڕاشکاوی ئەوەی دەربڕی كە سەربەخۆیی کوردستانی عێراق پەسەند ناکات.
سەبارەت بە شیعەی لوبنانیش، محەممەد رەزاشا هەرگیز کۆمەکی سەربازیی پێشكەش بە شیعەی لوبنان نەكرد، کەچی وەکو قەڵایەکی پتەو لە بەرامبەر پانعەرەبیزم وەستانەوە. ئەمەش پاش ڕەتکردنەوەی نەخشەی ناسرییەکان هات کە وڵاتی لوبنان بچێتە بەرەی کۆماری عەرەبی یەکگرتووەوە.
سیاسەتی نادەوڵەتی ئێران، تا بەستنی ڕێکكەوتننامەی جەزائیر (1975) و کەمبوونەوەی هەژموونی موسا سەدر لە لوبنان لە پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لوبنان بەردەوام بوو. لە ڕاستیدا بەستنی پەیماننامەی جەزائیر، لەباربردنی شۆڕشی ئەیلول و سازشکردنی عێراق بوو لەسەر پرسی ڕووباری شەتول عەرەب بە قازانجی ئێران، هەر ئەمەش سیاسەتی ئێرانی بەرامبەر بە كوردی باشوور گۆڕی.
بە شێوەیەكی گشتی لێکۆڵینەوەکە پێگەی محەمەدڕەزا شا و ڕۆڵی دەزگا هەواڵگرییەکەی دەخاتەڕوو کە چۆن بە ئامرازی نادەوڵەتییانە هەوڵی داوە مەترسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران كەم بكاتەوە و سەرەڕای نەبوونی هاوپەیمانێكی هەرێمی ستراتیژی، هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە بهێنێتە كایەوە.
خاڵێكی بەهێزی ئەم لێكۆڵینەوەیە بۆ سەرچاوەكانی دەگەرێتەوە كە بەشێكیان پشت ئەستورە بە بەڵگەنامە بڵاونەكراوەكانی دەزگای هەواڵگری ئێران ناسراو بە “ساواك” و هەروەها بەڵگەنامە حكومییەكانی وڵاتانی تر وەك ئەمریكا کە ئەمەش تایبەتمەندی ئەم کتێبە زیاتر بەرجەستە دەکات. هەر ئەم خاڵەش وای دەكات كە ئەم كتێبە سەرچاوەیەكی گرنگ بێت بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد لە عێراق و قۆناغێكی هەستیاری پەیوەست بە شۆڕشی ئەیلول.
وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٥)، ساڵی دووەم، تشرینی یەكەمی 2022