جەنگی دووەمی قەرەباغ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران – ئازەربایجان
توێژەر: م. هەڤاڵ ئازاد محی الدین
ماستەر لە زانستە سیاسییەكان
پوختە
ناوچەی قەرەباغ لەدوای لکاندنی بە یەکێتی سۆڤیەت دەبێت بە ناوچەیەکی کێشە لەسەر لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، ئەرمەنستان بەردەوام لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ویستویانە ناوچەکە بکەن بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەیان. ئەمەش دەبێت بە هۆکاری چەندین جەنگی گەورە لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان. جەنگەکانی قەرەباغ کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران–ئازەربایجان. ئەگەرچی ئێران لە جەنگەکانی قەرەباغدا هەوڵیداوە ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت، بەڵام لە لایەن ئازەربایجانەوە بە هاوکاریکردنی ئەرمەنستان ناسێنراوە. سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ نێوەندگیری، بەڵام ئێران پەراوێز دەکرێت گفتوگۆکانی ئاگربەستی جەنگی دووەمی قەرەباغ، لەگەڵ پەراوێزخستنیدا ڕێكکەوتن لەسەر چەندین ماددە دەکرێت، کە بەجێبەجێکردنی هەژموون و ستراتیجی ئێران لەناوچەکەدا کاڵدەبێتەوە، ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئێران-ئازەربایجان. دوای ئاگربەست و سەرکەوتنی ئازەربایجان و گەشەسەندنی هەستی ناسیۆنالیزمی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکانی ئێران–ئازەربایجان زیاتر پاشەکشێ دەکات. کە لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە تیشک بخرێتە سەر جەنگی قەرەباغ و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئێران-ئازەربایجان.
کلیلە وشە:
ئێران ، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، جەنگی قەرەباغ، ڕێڕەوی زەنگەزوور
جەنگی دووەمی قەرەباغ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران – ئازەربایجان
پەیوەندییەکانی ئێران – ئازەربایجان پێش جەنگی دووەمی قەرەباغ
ئێران و ئازەربایجان لەگەڵ ئەوەی بە سەدان کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، هاوڵاتیانی هەردوو وڵات لە پەیڕەوکارانی ئایینزای شیعەن، ئازەربایجان لە دوای ئێران دووەمین گەورەترین پەیڕەوکارانی شیعەن. خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویی بەهێزن، هەردوو وڵات نزیکییەک و تێکەڵاوییەکی قووڵیان لە ڕووی کولتوورەوە هەیە، لە هەمانکاتدا بۆ چەندین سەدە هاوڵاتیانی هەردوو وڵات پێکەوە ژیاون.(١) سەبارەت بە پەیوەندییە فرەلایەنەکانی هەردوو وڵات، تا پێش لکاندنی ئازەربایجان بە یەکێتی سۆڤیەتەوە پەیوەندییەکی تۆکمەی هەمەچەشن لە نێوان ئێران و ئازەربایجاندا هەبوو. بەڵام دوای لکاندنی ئازەربایجان بە یەکێتی سۆڤیەتەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان سنووردار دەبێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وابەستەبوونی ئازەربایجان بە یەکێتی سۆڤیەتەوە بەتایبەتی لە داڕشتن و پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەیدا. بە لێکدانەوەیەکی تر پەیوەندییەکانی ئێران و ئازەربایجان ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت دەبێت.(٢) بەڵام لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و دروستبوونی چەندین دەوڵەتی نوێ لە هەناوی یەکێتی سۆڤیەت، کە ئازەربایجان یەکێک دەبێت لەو دەوڵەتانە، ئێران ڕاستەوخۆ لە یەکەمین وڵاتان دەبێت کە بەفەرمی دان دەنێت بە سەربەخۆیی ئازەربایجاندا، هەروەها بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی سیاسی، ئابووری و دیبلۆماسی لەگەڵ ئازەربایجان دەست پێدەکات.(٣) سەرۆک کۆماری ئێران هاشمی ڕەفسنجانی وەزیری دەرەوەی ئێران عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕایدەگەیەنن کە ئێران ئامادەی هەرجۆرە هاوکارییەکە بۆ ئازەربایجان. لەم قۆناغەدا هەردوو وڵات هەوڵدەدەن چەندین ڕێکەوتننامەی گرنگ واژۆ بکەن.(٤) تەنانەت ئێران هەوڵدەدات کە ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕیت لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان سەبارەت بە کێشەی قەرەباغ.(٥)
پەیوەندییەکانی ئێران–ئازەربایجان لە سەردەمی ئەبولفەیز ئێلچی بەی ڕابەری بەرەی نەتەوەی ئازەربایجان، گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت. ئێلچی بەی سەرکردەیەکی نەتەوەی دژ بە ئێران بوو، بەردەوام لەهەر لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە دەکرد کە پێویستە ئازەربایجانی باکوور و باشوور یەکبگرن، ئەو پێیوابوو کە ئەم یەکگرتنە دەبێت لە ماوەی فەرمانڕەوای خۆیدا جێبەجێ بکرێت. ئەم لێدوانانەی ئێلچی بەی مایەی نیگەرانی کاربەدەستانی ئێران بوو، وەک مەترسییەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و یەک پارچەیی خاکی ئێران دەیان بینی. بۆیە لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان ڕوو لە ئاڵۆزی دەکات.(٦) بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئازەربایجان لە لایەن حەیدەر عەلی یەڤ لە کۆتاییەکانی ١٩٩٣ پەیوەندییەکانی ئێران و ئازەربایجان پێشکەوتنی بەرجاوی بەخۆیەوە دەبینێت، عەلی یەڤ بە پێچەوانەی ئێلچی بەی هەوڵدەدات سیاسەتێکی نەرم لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە جێبەجی بکات. عەلی یەڤ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا چەندین جار سەردانی ئێرانی کردووە، تەنانەت لەسەر داوای عەلی یەڤ ئێران سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە کە لە دژی ئازەربایجان ئەنجامی داوە.(٧)
پەیوەندییەکانی ئێران–ئازەربایجان لە سەردەمی ئیلهام عەلی یەڤ بەهەمان شێوەی سەردەمی حەیدەر عەلی یەڤ پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و چەندین سەردانی فەرمی لە ئاستی لە باڵا لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێن. دەرئەنجام چەندین ڕێککەوتننامەی گرنگ لە سێکتەرە جیاوازەکاندا واژۆ دەکرێت.(٨)
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران–ئازەربایجان سیاسەتی دەرەوە، بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو دەوڵەتە. بۆیە بوونی سیستەمێکی سیکۆلار و ناسنامەیەکی تورکی لە ئازەربایجان و پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ناتۆ مایەی نیگەرانی ئێرانن و هەمیش ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەڕوانێتە ئازەربایجان. هەروەها بوونی ئازەرییەکانی ئێران و هاوسۆزییان بۆ ئازەربایجان، گریمانەی بەکارهێنانی ئەم کەمینانە لە لایەن ئازەربایجانەوە لە دژی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەرمەنستان دەکرێت یەکێکی تر بێت لەو هۆکارانەی کە ئاستەنگ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان دروست دەکات.(٩)
لەگەڵ خواستی ئازەربایجان بۆ نزیکبوونەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە هەمانکاتدا ستراتیجی هێڵی غازی سروشتی ئازەربایجان کاردەکەنە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان، چونکە ئەم سیاسەتەی ئازەربایجان دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی باڵادەستی ئێران لە دابینکردن و هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.(١٠) بۆیە چەند دەرفەت هەبێت بۆ پێشخستنی پەیوندییەکانیان هێندەیش ئاڵەنگاری دەبێت بۆ پاشەکشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. کە دەکرێت یەکێک لە گەورەترین لەمپەرەکان کێشەی قەرەباغ بێت.
مێژووی ئاڵۆزییەکانی قەرەباغ
ناوچەی قەرەباغ لە کۆندا سنووری جیاکەرەوەی هەر یەک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، سەفەویی و ڕووسیا بووە. دوای بەهێزبوونی ڕووسیا و فراوان خوازییەکانی لە ناوچەکانی قەوقاز و تێکشکاندنی هەر یەک لە عوسمانی و سەفەوییەکان لە جەنگەکاندا توانی ناوچەکە بخاتە سەر ئیمپراتۆریەتییەکەی خۆی.
پێش لکاندنی ناوچەی قەرەباغ بە ڕووسیای قەیسەرییەوە، ناوچەکە لە لایەن چەند بنەماڵەیەکەوە فەرمانڕەوای دەکرا. دواتر لە لایەن ڕووسیاوە ناوچەکە داگیرکرا و کۆتایی بەفەرمانڕەوایی ئەم بنەماڵانە هێنراو ناوچەکە بوو بە ویلایەتێکی سەر بە ڕووسیا. لە دوای لکاندنی بە ڕووسیاوە ئەرمەنییە کریستیانییەکان دەستیان بە کۆچکردن بۆ ناوچەکە کرد،(١١) لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە ئەرمەنییەکان بەردەوام لەگەشەکردندا بوون بەراورد بە ئازەرییەکان. بەجۆرێک لە ساڵی ١٨٣٢ ئەرمەنییەکان لە ٪٣٤ دانیشتوانیان پێک دەهێنا، بەڵام بەپێی چەندین سەرژمێری کە لە سەدەی بیستەمدا ئەنجامدراوە ڕێژەی هاوڵاتیانی ئەرمەنی لە قەرەباغ بۆ سەرو لە ٪٧٠ ی دانیشتوان بەرزدەبێتەوە. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩٢٣ قەرەباغ دەکرێت بەهەرێمی سەربەخۆ. لە پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت دانیشتوانی قەرەباغ چەندین جار هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بلکێنرێن بە ئەرمەنستانەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە لە لایەنی ئازەربایجان و خودی یەکێتی سۆڤیەتیشەوە ڕەتکراوەتەوە.(١٢) یەکێتی سۆڤیەت لە ڕێگەی درێژەدان بە ئاڵۆزییەکانی قەرەباغ ویستویەتی هەیمەنەی خۆی بەسەر ئەرمەنستان و ئازەربایجان درێژەپێبدات.(١٣)
لەگەڵ ئەوەی ئەرمەنییەکان قەرەباغیان وەک نیشتمانی خۆیان بینیوەو بەردەوام لە هەوڵدابوون تەوای نیشتمانەکەیان یەک بخەن و بەڕێوەی بەرن، ئازەرییەکانیش ناوچەکە بە نیشمانی ڕەسەنی خۆیان دەزانن و ئاماژە بەوە دەکەن کە بە پلانێکی سیاسی ڕێکخراو ئەرمەنییەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێ کراو و ئازەرییەکان ناچار بە کۆچکردن کراوان. دەرئەنجامی هەوڵەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان ئاڵۆزییەکی مێژووی دەکەوێتە نێوانیانەوە. هەردوو وڵات دوچاری چەندین جەنگ دەبنەوە.(١٤) کە ئەوانیش جەنگەکانی قەرەباغی یەکەم و دووەمە. جێگەی سەرنجە ئاڵۆزییەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی قەرەباغ کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەگەڵ دراوسێکانیان. یەکێک لەو وڵاتانەش بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
جەنگی یەکەمی قەرەباغ و سیاسەتی ئێران
قەرەباغ وەک ناوچەیەکی کێشە لەسەر لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە سەرو بەندی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕوو لە زیادبوون دەکەن، تا دەگات بە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا. لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێک کە ئەرمەنییەکان ویستییان ناوچەی قەرەباغ بکەن بە بەشێک لە ئەرمەنستان، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەشتە ترۆپک و بوو بە کێشەیەکی قوڵ و درێژ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا.(١٥) لە جەنگی یەکەمی قەرەباغ زیاتر لە ٣٠ هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداو بە سەدان هەزار هاوڵاتی تریش ئاوارەبوون. ئەرمەنستان توانی لەجەنگەکەدا جگە لە قەرەباغ چەندین ناوچەی تری گرنگ کۆنتڕؤڵ بکات.(١٦) دواجار دوای چەندین هەوڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەتایبەتی هەوڵەکانی ڕێکخراوی یەکێتی ئاسایشی ئەورووپا لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپی (Minsk)توانرا لە ساڵی ١٩٩٤ ئاگربەست لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا ڕابگەیەنرێت. یەکێک لەو وڵاتانەی لەسەرەتای جەنگەکەوە هەوڵیداوە نێوەندگیری بکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی قەرەباغ ئێران کێشەکەی وەک کێشەیەکی یەکێتی سۆڤیەت دەبینی و پێیوابوو دەبێت یەکێتی سۆڤیەت چارەسەری بکات، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و دروستبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئازەربایجان، ئێران هەوڵیدا لەڕێگەی دیبلۆماسییەوە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان چارەسەر بکات. لەم پێناوەدا وەزیری دەرەوەی ئێران عەلی ئەکبەر ویلایەتی سەردانێکی فەرمی بۆ ناوچەکە ئەنجامداو دواتر لە شوباتی ١٩٩٢ لەسەر بانگهێشتی تاران سەرۆکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە تاران ئاگربەستیان ڕاگەیاند. بەڵام تەمەنی ڕێککەوتنەکە درێژ نەبوو، کێشەکان دووبارە سەریان هەڵدایەوە. ئێران جاریکی تر هەوڵیدا نێوەندگیری بکاتەوە، لەم پێناوەدا سەرۆکی کاتی ئازەربایجان، سەرۆکی ئەرمەنستان و سەرۆک کۆماری ئێران لە تاران کۆبوونەوە و دوبارە ئاگربەستیان ڕاگەیاند، ئەوەی جێگەی سەرنجە دوبارە هەوڵەکانی ئێران بۆ ئاگربەست کاتیی بوون، تەمەنی ئاگربەستی دووەم بە نێوەندگیری ئێران زۆر نەبوو، دوبارە ئاگربەست پێشێلکرا و ئاڵۆزییەکان دەستیان پێکردەوە.(١٧)
جەنگی دووەمی قەرەباغ و ئێران
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان زیاتر دەبێت و لە کۆتایدا جەنگی دووەمی قەرەباغ لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات. دەرئەنجامی جەنگەکە بە گشتی لە بەرژەوەندی ئازەربایجان کۆتایی دێت و دەتوانێت چەندین ناوچەی گرنگ کۆنتڕۆڵ بکات کە دەبن بە هۆکاری گۆڕانکاری گەورەی جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکە، کە ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە سەروبەندی جەنگی دووەمی قەرەباغ ئێران سیاسەتێکی جێگیری پەیڕەو نەدەکرد، لە لایەک کاربەدەستانی باڵای ئێران هەوڵی نێوەندگیریان دەدا، لە لایەک جەختیان لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەردوو وڵات دەکردەوە، لە لایەکی تریشەوە ڕابەری باڵای ئێران خامەنەیی ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئازەربایجان لە پێناو مافی ڕەوای خۆیدا دەجەنگێت و پێویستە هەموو ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە کە لەلایەن ئەرمەنستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.(١٨) هەروەها ئێران بەوە تۆمەتباردەکرا کە هاوکاری ئەرمەنستان بووە لەجەنگەکەدا، بەڵام کاربەدەستانی باڵای ئێران ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتدەکردەوە.(١٩) دەرئەنجام لەشەوی٩ لەسەر ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی سەرۆکانی ڕووسیا، ئازەربایجان و ئەرمەنستان، ئاگربەست ڕاگەیەنرا.(٢٠)
ئەوەی جێگەی سەرنجە دەرئەنجامی جەنگەکە دڵخۆشکەر نەبوو. لە لایەک ئێران وەک یەکێک لە دەوڵەتە گرنگەکانی ناوچەکە و هاوسنووری هەر یەک لە ئەرمەنستان و ئازەربایجان، سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ نێوەندگیری نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، بەڵام لە لایەن ڕووسیاوە هەوڵەکانی تاران بێ ئەنجام مانەوە و تەنانەت لە دانوستانەکانی ئاگربەستیشدا بەشداری بە تاران نەکرا. کە ئەمەش شکستێکی گەورەی سیاسی و دیبلۆماسی تاران بوو لە ناوچەکەدا. هەروەها دەرئەنجامەکانی ئاگربەست نەک لە بەرژەوەندی تاران نەبوون، بەڵکو بوون بە سەرەتایەک بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئازەربایجاندا.(٢١) دەکرێت پەراوێزخستنی تاران لە پرۆسەی ئاگربەستی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە لایەن تورکیا، ڕووسیا و ئازەربایجانەوە بووبێت کە مەبەستیان بووبێت چارەسەرێکی تاڕادەیەک ڕیشەی بۆ کێشەکانی قەرەباغ فەراهەم بکەن. چونکە لە دەرئەنجامی ئاگربەست ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هەوڵدەدرێت هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بکرێت و بە تەواوی لە ئەرمەنستانی داببڕن، وەک ئەوەی ئێران بەشێکی سەرەکی بێت لە ئاڵۆزییەکان. دەکرێت لە ڕێگەی لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و پچڕاندنی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەرمەنستان تاڕادەیەک ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کەم ببێتەوە.
دەرئەنجامەکانی جەنگی دووەمی قەرەباغ و ئاڵۆزییەکانی ئێران – ئازەربایجان
جەنگی دووەمی قەرەباغ دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ ئازەربایجان کە توانی دەستبگرێتەوە بەسەر بەشێکی زۆری ئەو خاکانەی کە ئەرمەنستان لە جەنگی یەکەمی قەرەباغدا دەستی بەسەردا گرتبوو. دوای زیاتر لە مانگێک جەنگ، ڕووسیا سەرکەوتوو بوو لەوەی کە بتوانێت هەردوو وڵات بێنێتە سەرمێزی گفتوگۆ و ئاگربەست ڕابگەیەنن. یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی جەنگەکە گۆڕانکاری بوو لە سنووری نێوان ئێران، ئەرمەنستان و ئازەربایجان. لە دوای جەنگی دووەمی قەرەباغ ئێران و ئازەربایجان سنوورەکانیان فراوان تربوو. کە ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیک لە ناوچەکەدا. یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی جەنگەکە، گۆڕانکاری بوو لە ڕێڕەوە ئابوورییەکانی ناوچەکە. بەجۆرێک هەموو بەربەستەکانی هاتۆچۆی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان کۆتایی پێهێنرا. تەنانەت لە ڕێککەوتننامەی ئاگربەستدا پێشنیاری چەندین ڕێڕەوەی نوێ کرا بوو. بەم شێوەیە ئێران ئەو ڕۆڵە گەورەیەی کە لە ترانسفێری ناوچەکەدا دەیگێڕا لە دەستی دەدات. کە ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ کەمبوونەوەی هەیمەنەی ئابووری و سیاسی ئێران لە ناوچەکەدا.(٢٢)
یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی جەنگی دووەمی قەرەباغ کە کاریگەری قووڵی کردۆتە سەر پەیوەندییەکانی ئێران – ئازەربایجان، پێشنیاری دروستکردنی ڕێڕەوەی زەنگەزوور بوو، کە لە ماددەی نۆی ڕێککەوتننامەی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا دیاری کراوە. بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕێڕەوێک دروست دەکرێت لە نێوان ئازەربایجان و نەهچیڤان، لەم ڕێگەیەوە نەهچیڤان دەبەسترێتەوە بە ئازەربایجانەوە، کە ئەمەش دەرچەیەک دەبێت بۆ نەهچیڤان بۆ کرانەوە بە ڕووی دەرەوەدا. هەروەها ڕێرەوێکی گرنگی بازرگانی دەبێت و ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە گواستنەوەی سامانی سروشتی ئازەربایجان و ڕووسیا بە وڵاتانی دەرەوە. لە هەموو گرنگترین دەبێتە هۆکاری پچڕاندنی ئێران و ئەرمەنستان لە یەکتری.(٢٣) دروستکردنی ڕێڕەوی زەنگەزوور بەواتای گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دێت، ئێران ئەم گۆڕانکارییە بە هێڵی سوور ناودەبات و بە هەموو شێوەیەک لە دژی ئەنجامدانی پرۆژەکەیە لە دوای جەنگی دووەمی قەرەباغ، ئێران لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی و بە مەبەستی ترساندنی ئازەربایجان چەندین جار مانۆڕی سەربازیی ئەنجامداوە.(٢٤) وەزیری دەروەی ئێران عەباس عراقچی لەپۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە ئێران بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابێت بە گۆڕانکاریی لە سنووری وڵاتان و ئەنجامدانی پرۆژەی زەنگەزوور.(٢٥) تەنانەت ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئێران داوای لە ڕووسیا کردووە کە پرۆژەکە نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات ڕابەری باڵا خامنەیی لە تەمووزی ٢٠٢٢ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردوغان، بە ڕوونی ئەو پەیامەی دابوو بە ئەردوغان کە ئێران بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بە دروستکردنی ڕێڕەوی زەنگەزوور. بە هەمان شێوەی ڕابەری باڵا، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلی یەڤ لە ئەستانە، ڕایگەیاندبوو کە ئێران بە هەموو شێوەیەک پرۆژەیەکی لەو جۆرە ڕەتدەکاتەوە کە دەبێتە هۆکاری پچڕاندنی سنوورەکانی ئێران لەگەڵ ئەرمەنستان و گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە.(٢٦)
یەکێکی تر لە دەرئەنجامەکانی جەنگی دووەمی قەرەباغ بێگومان بەهێزبوونی ئازەربایجانە لە ڕووی سیاسی، سەربازیی و ئابوورییەوە، کە ئەم بەهێزبوونەی ئازەربایجان هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی ئازەریی لە ناوچەکەدا، کە تورکیا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لەم ڕووەوە. هەربۆیە لە دوای جەنگی دووەمی قەرەباغ سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداری ڕێپێوانی سەرکەوتنی ئازەربایجان دەکات و پارچە شعرێک دەخوێنێتەوە کە ئاماژەیە بۆ داگیرکاری ناوچەکە لە لایەن ئێرانەوە. هەر بۆیە ئەم پێشهاتانە فاکتەرێکی دیار دەبێت لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران–ئازەربایجان. چونکە بەهێزبوونی ئازەربایجان و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی لەو وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەی ئێران.(٢٧)
فاکتەرێکی تر کە ڕۆڵی دەبێت لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران-ئازەربایجان، پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیلە. دوا بەدوای جەنگی دووەمی قەرەباغ و تا ڕادەیەک ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان، ئازەربایجان بەمەبەستی گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و سەربازیی، هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پێشبخات، لەم پێناوەدا لە ئازاری ٢٠٢٣ باڵوێزخانەی خۆی لە تەلئەبیب کردەوە.(٢٨) لە دوای کردنەوەی باڵوێزخانە وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند کە هەردوو وڵات لەبەردەم مەترسییەکانی ئێراندا، پێویستە هەردوو وڵات دەست لەدەست بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران. کاربەدەستانی ئێرانیش لەگەڵ ئەوەی ڕایانگەیاند کە هیواخوازن ئازەربایجان نەکەوێتە تەڵەی دوژمنەوە، ئاماژەیان بەوەشدا کە ئێران بێکاردانەوە نابێت، ئەگەر لە خاکی ئازەربایجانەوە ڕووبەڕووی هەر مەترسییەکی ئیسرائیل ببێتەوە. هەروەها پەڕلەمانی ئێرانیش سەرکۆنەی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و ئیسرائیلی کرد. وەک کاردانەوەیەکیش پەڕلەمانی ئازەربایجانیش ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران مافی ئەوەی نییە دەست بخاتە کاروباری نێوخۆی ئازەربایجانەوە، چونکە ئەوە مافی سروشتی ئازەربایجانە و بەشێکە لە سەروەری وڵات.(٢٩)
لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا باڵوێزی ئازەربایجان لە تاران ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بوویەوە، کە دەسەڵآتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە هێرشەکە هێرشێکی شەخسی بووە. بەڵام دەکرێت کۆدەکانی هێرشەکە ئەوەبێت کە ئازەربایجان نابێت ببێت بە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پەیامێکیش بووبێت بۆ ئەوەی ئازەربایجان بیر لەوە نەکاتەوە کە ئێران بکات بە دوژمنی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەیدا.(٣٠)
سەرچاوەکان
- Raagini Sharma, 2023, Azerbijan – Iran History of Relations and Challenges, Research Institute for Auropean and American Studies, p. 1-4. and Azerbijan – Iran Relations: Challenges and Prospects , https://www.belfercenter.org/publication/azerbaijan-iran- relations-challenges-and-prospects ، بەڕواری سەردان \ ١٥
- Elçin Neciyev ve Teymur Gasımlı, Temmuz 2020, Azerbijan – İran İlişkileri (1991-2018), Anemom Muş Aıparslan Üniersitesi Sosyal Bilimler Dergisi, 2020 8 (4), s. 1268.
- Elnure Celilova, 2019, Güvenlik Politika Bağlamında Azerbijan – İran İlişkileri, Yüskesk Lisans Tezi, Bursa Uludağ Üniversitesi, s. 78.
- Taghi Davoodi, 2016, Friendly Relations Between Iran and Azerbaijan, Mediterranean Journal of Social Sciences, Vol 7 , No 5, p 260.
- Elçin Neciyev ve Teymur Gasımlı, Temmuz 2020, Azerbijan – İran İlişkileri (1991-2018), Anemom Muş Aıparslan Üniersitesi Sosyal Bilimler Dergisi, 2020 8 (4), s. 1268.
- Ahmet Sapmaz, 2022, İran’ın Azerbican’a Yönelik Dış Politikası : İkinci Karabağ Savaşı’nın Belirleyiciliği, SAE Akademi Dergisi, Cilt 2, Sayı 4, s.22. ve Etibar Guliyev, 2020, Azerbijan – İran İlişkileri Türkiye Faktörü, İran Araştırmalar Merkezi, s. 7.
- Elif Yıldız Yüce, 2023, 1940’Dan Günümüze Azerbijan – İran Münasebetleri, Young Academics Union Jornal of Social Sciences, Vol: 3 Num : 1, s. 86-87.
- Elif Yıldız Yüce, 2023, 1940’Dan Günümüze Azerbijan – İran Münasebetleri, Young Academics Union Jornal of Social Sciences, Vol: 3 Num : 1, s. 88-89.
- Elnure Celilova, 2019, Güvenlik Politika Bağlamında Azerbijan – İran İlişkileri, Yüskesk Lisans Tezi, Bursa Uludağ Üniversitesi, s. 78-79.
- Elnure Celilova, 2019, Güvenlik Politika Bağlamında Azerbijan – İran İlişkileri, Yüskesk Lisans Tezi, Bursa Uludağ Üniversitesi, s. 71.
- Fahir Armaoğlu, 20. Yüzyıl Siyasi Tarihi 1914-1995, 19. Baskı, Timaş Yayınları, İstanbul, s. 830.
- Bahar ÖZSOY, 2024, Birinci Dağlık Karabağ Savaşı ve Azerbijan Türkiye Siuyasi İlişkileri, Abant Sosyal Bilimler Dergisi, 24 (2), s. 764-765.
- Etibar Guliyev, 2020, Azerbijan – İran İlişkileri Türkiye Faktörü, İran Araştırmalar Merkezi, s. 6.
- Tahir ALLAHVERDİYEV, 2010, Azerbijan ve Armenistan Arasındaki Karabağ Sorunu, Uludağ Üniversitesi, Yüksek Lisans Tezi, S. 60-62.
- Mehmet Emin Erendor, Mehmet Fatih Öztarsu, 2019, IRANIAN RELATIONS WITH AZERBAIJAN AND ARMENIA: A COMPARATIVE APPROACH IN THE CASE OF PRAGMATIST POLITICS, BAIBÜ Sosyal Bilimler dergisi, Cilt 19, Sayı 1, s. 168. Ve Fahir Armaoğlu, 20. Yüzyıl Siyasi Tarihi 1914-1995, 19. Baskı, Timaş Yayınları, İstanbul, s. 830-831.
- BBC Site, Nagorno-Karabakh profile, https://www.bbc.com/news/world-europe-18270325#:~:text=1992%2D94%20%2D%20First%20Karabakh%20war,Lachin%2C%20linking%20Karabakh%20and%20Armenia. , 15\10\2024.
- Seriyye Genceliyev Tamer, Uluslararasi İran Türkleri Düiünce Platformu, 2017, Ankara, s. 250-251.
- Bayram Sinkaya, 2024, Azerbaijan-Iran Relations under the Shadow of Pan-Turkist Challenges, Arap Center for Research and Policy Studies, file:///C:/Users/HP/Desktop/azerbaijan/azerbaijan-iran-relations-under-the-shadow-of-pan-turkist-challenges.pdf , 15,10,2024.
- Elif Yıldız Yüce, 2023, 1940’Dan Günümüze Azerbijan – İran Münasebetleri, Young Academics Union Jornal of Social Sciences, Vol: 3 Num : 1, s. 89.
- Ömer Lütfi Taicıoğlu, 2023, İKİNCİ KARABAĞ SAVAŞI VE SONUÇLARI, Trakya Üniversitesi Sosyal Bilimler Dergisi, Cilt 25 Sayı 2, s. 555.
- Ahmet Sapmaz, 2022, İran’ın Azerbican’a Yönelik Dış Politikası : İkinci Karabağ Savaşı’nın Belirleyiciliği, SAE Akademi Dergisi, Cilt 2, Sayı 4, s.22. ve Etibar Guliyev, 2020, Azerbijan – İran İlişkileri Türkiye Faktörü, İran Araştırmalar Merkezi, s. 30-31.
- Ahmet Sapmaz, 2022, İran’ın Azerbican’a Yönelik Dış Politikası : İkinci Karabağ Savaşı’nın Belirleyiciliği, SAE Akademi Dergisi, Cilt 2, Sayı 4, s.22. ve Etibar Guliyev, 2020, Azerbijan – İran İlişkileri Türkiye Faktörü, İran Araştırmalar Merkezi, s. 30-31.
- Ayşe Süreyya Pekçetın, 24,10,2023, Zengezur Koridoru’nun Azerbijan ve Rusya Açısından Önemi, Ankara Kriz ve Siyaset Araştırmalar Merkezi Sitesi, https://www.ankasam.org/anka-analizler/zengezur-koridorunun-azerbaycan-ve-rusya-acisindan-onemi/ erişim Tarihi , 29,10,2024.
- Fehim Taştekim, 11 Nisan 2023, BBC Sitesi, İran ve Azerbaycan arasında gerilim neden arttı?, Erişim Tarihi, 29,10,2024.
- BBC Sitesi, 6 Eylül 2024, https://www.bbc.com/turkce/articles/cvgr711370eo , Erişim Tarihi, 29,10,2024.
- Fehim Taştekim, 11 Nisan 2023, BBC Sitesi, İran ve Azerbaycan arasında gerilim neden arttı?, Erişim Tarihi, 29,10,2024.
- Yalçın Sarıkaya, 2021, İRAN’IN İKİNCİ KARABAĞ SAVAŞI TUTUMU:TAKKE DÜŞTÜ KEL GÖRÜNDÜ, Giresun Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Dergisi, 7 (1), s. 94-95. Ve Mayis Alizade, 28 Ocak 2023, 10 soruda Azerbaycan-İran ilişkileri: Azerbaycan’ın Tahran’daki büyükelçiliğine saldırının amacı ne?, INDEPENDENT Sitesi, https://www.indyturk.com/node/604396/d%C3%BCnya/10-soruda-azerbaycan-i%CC%87ran-ili%C5%9Fkileri-azerbaycan%C4%B1n-tahrandaki-b%C3%BCy%C3%BCkel%C3%A7ili%C4%9Fine , Erişim Tarihi, 29,10,2024.
- Biswarup Baidya, 16 June 2023, Challenges in Iran-Azerbaijan Relations: Implications for the region, Indian Council of World Affairs, https://www.icwa.in/show_content.php?lang=1&level=1&ls_id=9514&lid=6169 , 29,10,2024.
- Fehim Taştekim, 11 Nisan 2023, BBC Sitesi, İran ve Azerbaycan arasında gerilim neden arttı?, Erişim Tarihi, 29,10,2024.
- Mayis Alizade, 28 Ocak 2023, 10 soruda Azerbaycan-İran ilişkileri: Azerbaycan’ın Tahran’daki büyükelçiliğine saldırının amacı ne?, INDEPENDENT Sitesi, https://www.indyturk.com/node/604396/d%C3%BCnya/10-soruda-azerbaycan-i%CC%87ran-ili%C5%9Fkileri-azerbaycan%C4%B1n-tahrandaki-b%C3%BCy%C3%BCkel%C3%A7ili%C4%9Fine , Erişim Tarihi, 29,10,2024.