ڕەوشی زانستی و ڕۆڵی قوتابخانە ئایینییەكان لە كوردستانی عێراق
نوسین: محەممەد زەكی مەلا حسێن بەرواری
وەرگێڕان: ئایینناسی
كورد بەشدارییەکی کارای لە بوونیادنانی شارستانیی ئیسلام کردووە، بە درێژایی مێژوو لە بوارە جیاوازەکانی مەعریفە خزمەتی پێشکەش کردووە، ئەمەش بەڵگەی خۆشویستنیەتی بۆ زانست و شانازیکردنە بە ئیسلامەوە و بەرگری لە بیروباوەڕی ئیسلامی، لە زۆربەی بوارەکانی ئایینی، شارستانی، سیاسی و کۆمەڵایەتی پشکدار بووە لە بوونیادنانی پێشکەوتن بە شێوەیەکی کارا و لەگەڵ شارستانیەتەکانی دراوسێی بە بەخشین و وەرگرتن کارلێکی کردووە، جێکەوتەی ڕوونی لە بوارە جیاوازەکانی زانست جێهێشتووە، کتێبی بەشێک لە زانایانی کورد لە قوتابخانەکانی بەغدا، قاهیرە، مەککە، مەدینە. ئەسفەهان، مەراغە، بەدلیس، ئامەد، دیمەشق و شارەزوور و شارەکانی دی دەخوێنران، بەڵام جێگەی نیگەرانییە هەندێک لە مێژوونووس و نووسەرە دەمارگیرەکان ناپاکیان لەم ئەمانەتە زانستییە کردووە بە سڕینەوەی شوێنەواری کورد و ناسنامەیان. بە مەبەست ڕەچەڵەکی زانا و کەسایەتییەکانی دەبەنەوە سەر گەلانی تر، ئەمەش لە نەزانییەوە، یان پشتگوێخستن و ڕقەوەیە.
مێژووی پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوە ئیسلامییەکان و حوجرەکان
هەر لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئیسلام و هاتنی نیگا بۆ پێغەمبەر (د. خ) ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەبی ئەرقەم بووە یەکەم دامەزراوەی پەروەردەیی، پێغەمبەر لەوێدا ژمارەیەک لەوانەی کۆ دەکردەوە کە بە نهێنی بڕوایان پێ هێنابوو، ڕێنماییەکانی ئایینی نوێی فێر دەکردن، ئەم ماڵە بووە قوتابخانەی پەروەردە و پاککردنەوەی دەروون، لە قۆناغەکانی دواتر دامەزراوەی پەروەردەیی پەرەی گرت و فراوان بوو، سوختەخانە (الکُتّاب)، مزگەوت، کتێبخانە، خانەی دانایی (بیت الحکمة)، خانەقا، تەکیە و… تاد دەرکەوتن.
یەکەم: سوختەخانە
سوختەخانە لە سەردەمی پێغەمبەرەوە (د. خ) دەرکەوت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ناوچە جیاوازەکان، تێیدا منداڵان فێری قورئانی پیرۆز و بنەما و زانستە ئیسلامییەکان دەکران، بەو پێیەی لە دیدی ئیسلامەوە فێربوونی قورئان و بنەماکانی ئایین واجبی سەرشانی موسڵمانە، پێغەمبەر (د. خ) پێشەنگ و هاندەری فێربوونی زانست بوو، دیلەکانی جەنگی ڕاسپاردبوو کە لە بەرامبەر فێرکردنی دوانزە منداڵی موسڵمان، ئازاد دەکرێن.
پێشەوا محەممەد بن سەحنون لە ئەنەسەوە چەند گێڕانەوەیەک دەهێنێت، ئاماژە بەوە دەدەن کە لە سەردەمی پێغەمبەر (د. خ) و خەلیفەکانی ڕاشدین قوتابخانەکان گەشەیان کرد، لە مەدینە شوێنێک هەبوو پێیان دەوت خانەی قورئان (دار القران) هەندێک لە قورئانخوێنەکان دەچوونە ئەوێ و فێری خوێندنەوەی قورئان دەبوون، ئایەتەکانیان لەبەر دەکرد و خەڵکیش بە مەبەستی فێربوون ڕوویان تێدەکرد، لەگەڵ دەستپێکی فتوحاتی ئیسلامی و پێویستی گەیاندنی بنەماکانی ئیسلام بە گەلانی تر سوختەخانەکان پەرەیان گرت، ناوەندەکانی فێربوون لە بەسرە، کوفە، فوستات و قیرەوان بەرفراوان بوون، بە جۆرێک لە سەدەکانی سێیەم و چوارەمی کۆچی گەیشتنە لوتکە، غیاس کوڕی ئەبو غیاس دەگێڕێتەوە منداڵ بووە لە سوختەخانە بوو، سوفیان کوڕی ڕەجەب کە هاوەڵی پێغەمبەر (د. خ) بوو سەردانی کردوون و سۆزی بۆ دەربڕیون و نزای بەرەکەتی بۆ کردوون.
دووەم: حوجرە
فێربوون شانبەشانی سەرهەڵدانی ئیسلام دەرکەوت، کۆمەڵێک لە هاوەڵان لە مزگەوتی قوبا لە سەردەمی پێغەمبەر (د. خ) فێربوون و لەو دەمەوە سوختەخانە بەکار هێنرا، مزگەوتی قوبا یەکەم مزگەوت بوو لە ئیسلامدا دروست کرا، پاشان مزگەوتی پێغەمبەر (د. خ) دروست کرا، مزگەوتی پێغەمبەر (د. خ) بە یەکەم شوێنی زانستی دادەنرێت کە لە مەدینە دروست کرا، لە سەردەمی عەباسییەکان حوجرەکان ناو و ناوبانگی زۆریان پەیدا کرد، بوونە ڕووگەی زانایان و فێرخوازان، لە حوجرە بەناوبانگەکانی ئەو کاتەی عێراق، مزگەوتی مەنسوور لە بەغدا، حوجرەکانی کوفە و بەسرە، مزگەوتی ئومەوی لە شام. مزگەوتی عەمری کوڕی عاس، مزگەوتی تۆڵۆن و ئەزهەر لە میسر، لەو حوجرانەدا ئەڵقەی زانستی هەبوون کە تەنیا لە بوارەکانی ئایینی و زمانەوانی کورت هەڵنەهاتبوو، بەڵکو سەریکێشابوو بۆ زانستەکانی ئەو سەردەمیش لەوانە: پزیشکی، ژمێرە، گەردوونناسی و… تاد.
مێژووی حوجرە لە کوردستانی عێراق
بەگوێرەی گێڕانەوەکانی مێژووی ئیسلامی، عومەری کوڕی خەتاب لە ساڵی هەژدەی کۆچی سەعد کوڕی ئەبی وەقاسی ڕاسپارد سێ سوپا بنێرێت بۆ فەتحی وڵاتی کوردان کە خۆی دەبینییەوە لە (دیاربەکر، حەڕان، نوسەیبین، شنگال، خابور، مووسڵ، شاخەکانی هەکاری و بادینان)، سوپا بە سەرکردایەتی عەیاز کوڕی غەنەم هات، دوای فەتحی ناوچەکە کورد هاتنە ناو ئیسلام، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان مزگەوت بوونیاد نرا، ئەو مزگەوتانە لە سەدەی دووەم و سێیەمی کۆچی بوونە گرنگترین دامەزراوەی ڕۆشنبیری و زانستی کە لە تەواوی کوردستان بڵاوبوونەوە، لەوێدا خەڵک فێری زمانی عەرەبی کە زمانی قورئان بوو و ڕێنماییەکانی ئایین دەبوون، دەبێت ئاماژە بەوەش بدرێت بەر لە فتوحات کورد بە ئایینی ئیسلام ئاشنا بووە، بە بەڵگەی ئەوەی یەکێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر (د. خ) کورد بوو بە ناوی (گابان) یان (جابان) کە چەندین فەرموودەی لێ گێڕدراوەتەوە.
قۆناغەکانی خوێندن لە حوجرە
خوێندنی حوجرە وەک قۆناغی دووەمی خوێندن دوای قۆناغی سوختەخانەکان هەژمار دەکرێت، قوتابییانی حوجرە بەسەر دوو ئاستدا دابەش دەکران: قۆناغی سەرەتا و قۆناغی موستەعید. قۆناغی سەرەتا – بەو کەسەی لە قۆناغی یەکەمی حوجرە دەخوێنێت دەوترێت سوختە- لەلایەن موستەعید وانەی پێدەوترا، موستەعید قوتابی حوجرە بوو، بەڵام پلەی بەرزتر بوو لە سوختە، لەلایەن مامۆستای حوجرەوە وانەی دەخوێند و قۆناغێکی بڕیبوو. لە خوێندنی سەرەتادا چەند بابەتێک دەخوێنران لەوانە نەحو کتێبی (العوامل الجرجانی)، سەرف کتێبی (البناء)، کە لە خوێندنی ئەم دوو کتێبە تەواو دەبوون کتێبی تر لەو دوو بوارە دەخوێنران کە قورستر و بەرفراوانتر بوون، لە پاڵ ئەو دوو زانستە بابەتەکانی فیقهی ئیسلامیش دەخوێنران، ئەم قۆناغە ماوەی پێنج بۆ نۆ ساڵی دەخایاند.
لەم قۆناغەدا قوتابی بەشێک لە مەتنی زانستەکانی نەحو و سەرفی لەبەر دەکرد، دوای تەواوکردنی ئەم قۆناغە ئامادە دەبوون بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی موستەعید، لەم قۆناغە نوێیەش ڕاستەوخۆ مامۆستای حوجرە وانەی پێدەوتن، ڕەنگە ئەوە هاوشێوەی دەرچووی ئامادەیی بێت کە دەگوازرێنەوە بۆ قۆناغی زانکۆ، لەم قۆناغە نوێیە، چەندین بابەت و کتێب دەخوێنران، بە تایبەت لە بواری لۆژیک، ڕەوانبێژی، زانستی کەلام، فەلسەفە، فیقهـ، ئوسووڵی فیقهـ، فەرموودە، ئەو کتێبانەی لە بواری فیقهـ و ڕاڤەی قورئان دیدگایەکی عەقڵانییان هەبوو، دواتریش بە خوێندنی بابەتەکانی بیرکاری و گەردوونناسی کۆتایی بە خوێندن دەهات، خوێندنی ئەم قۆناغە پەیوەست بوو بە ئاستی لێهاتووی و زیرەکی قوتابییەکە کە چەند لە ناوەرۆکی کتێبەکان تێدەگات و بە ماوەی چەند دەتوانێت خوێندنەکەی بە سەرکەوتوویی تەواو بکات.
ئەڵقە زانستییەکان بە تەنیا خوێندنی بابەتی ئایینی کورت هەڵنەهاتبوو، بەڵکو خوێندنی زانستەکانی ئەو سەردەمەشی لە خۆ دەگرت، لەوانە (معلقات السبعة)، فەلسەفە، زمان و پزیشکی، مەنهەجی خوێندنیش لە نێوان قوتابخانەکان چوونیەک و یەکجۆر نەبوو، دەرچووی حوجرەکان کە تەواو دەبوون بەوە دەناسران کە کەسێکن دوانزە زانستیان خوێندووە، کە بریتیبوون لە زانستەکانی: نەحو، سەرف، ڕەوانبێژی، فیقهـ، ئوسووڵی فیقهـ، لۆژیک، ئەدەب، زانستی کەلام، فەلسەفە، گەردوونناسی، بیرکاری و ئەندازە و زمان.
ماوەی وانەکان سنووردار نەبوو، بەڵکو هەندێک جار دوو کاتژمێر، یان زیاتری دەخایاند، بەڵام دەبوو ماوەکەی کاریگەری لەسەر وانەی موستەعید دروست نەکات، ئەو قوتابخانانەی کە مامۆستاکانی بە زیرەکی و زانست بەناوبانگ بوون، جمەیان دەهات لە قوتابی، ڕۆژانە نەدەتوانرا تەواوی ئەو قوتابییانە وانە بخوێنن، بۆیە لە دۆخی وادا ڕۆژ نا ڕۆژێک وانە دەخوێنرا، زمانی کوردی زمانی وانەوتنەوە و شیکردنەوەی بابەتەکان بوو لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن، لەلایەکی تریشەوە جوگرافیای کوردستان لە ڕووی زانستی، ڕۆشنبیری و ئایینییەوە بووبووە زەوییەکی بەپیتی زۆری ناوەندەکانی لەبەرکردنی قورئان، لە شار و زۆرینەی گوندەکانی کوردستان مزگەوت بوونی هەبوو، پێشنوێژی هەبوو خەڵکی فێری ڕێنماییەکانی ئایین و خوێندنەوەی قورئان دەکرد، دەبێت ئاماژە بەوەش بدەین لە مێژووی هاوچەرخ لە زانکۆکان بەشی تایبەت بە خوێندنی ئیسلامیی و زمانی عەرەبی کراونەتەوە، ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابی کوردستان لە زانکۆ جیهانیی و ئیسلامییەکان لەو وڵاتانەی گرنگی بە زانستە ئیسلامییەکان دەدەن درێژە بە خوێندنی ئیسلامیی دەدەن.
مۆڵەتی زانستی
کاتێک قوتابی لە حوجرە دەگاتە قۆناغی کۆتایی و بڕی پێویستی زانستەکانی خوێندووە، لە چەندین حوجرە و لای مامۆستای جیاواز وانەی خوێندووە، وێستگەی کۆتایی گەشتەکەی لای زانایەکە کە پێگەیەکی زانستی دیاری لە نێوان زانایان هەیە، قوتابییەکە لای ماوەتەوە و کتێبێک، یان بەشێک لە زانستەکانی لا خوێندووە، مۆڵەتی زانستی دەبەخشێتە قوتابییەکە.
بە بەخشینی مۆڵەت قوتابییەکە دەچێتە ڕیزی زانایان، دەبێتە مامۆستا و دەشێت قوتابی هەبێت و وانە بڵێتەوە، نەریت وایە بۆ بەخشینی مۆڵەتەکە ئاهەنگ ساز دەکرێت، هۆنراوە و ستایشنامە لە ئاهەنگەکە دەخوێنرێنەوە، خواردن ئامادە دەکرێت، هەندێک لە (قەسیدەی بوردە) دەخوێنرێتەوە، ئەمەش لە مزگەوت، یان حوجرەکە دەبێت، ژمارەیەک لە زانا و کەسایەتیی ناوچەکە و پیاوماقووڵانی شار، یان گوندەکانی دەوروبەر بۆ ئاهەنگەکە بانگهێشت دەکرێن، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەو بۆنەیەوە خۆشی و شادی دەردەبڕێت و فەقێ دەنگخۆشەکان سروودی ئایینی دەڵێن.
ئاهەنگی بەخشینی مۆڵەت
لە ڕۆژی دیاریکراودا کە زانایان و ئاهەنگگێڕان کۆبوونەتەوە، بە فەرمانی مامۆستای مۆڵەتپێدەر چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەخوێنرێتەوە، پاشان مامۆستا مۆڵەتپێدەر بەڵگەنامەی مۆڵەتدان دەخوێنێتەوە، کە ڕشتەیەکی ناوی زانایانی مۆڵەتپێدەرە و لە کۆتاییدا دەگاتەوە سەر پێغەمبەر (د. خ)، دوای خوێندنەوەی ڕشتەی مۆڵەتپێدەران، پوختەیەکی ژیاننامەی قوتابییەکە دەخوێنرێتەوە کە چۆن زانستەکانی خوێندووە و گەیشتووەتە ئەم پلەیە مۆڵەتی زانستی پێ بدرێت، بەڵێن لە مۆڵەتپێدراو وەردەگیرێت پەیڕەوی سوننەتی پێغەمبەر و ڕەوشتە بەرز و باڵاکان لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری بکات، پاشان پۆشاکی تایبەت کە جبە و عەمامەیەکی سپییە دەکرێتە بەری قوتابییە مۆڵەت پێدراوەکە، ئەویش دەستی مامۆستاکەی ماچ دەکات و مۆڵەتەکەی لێ وەردەگرێت، دواتر ئامادەبووان پیرۆزبایی وەرگرتنی مۆڵەتەکە لە قوتابییەکە دەکەن و بەمە دەبێتە مەلای دوانزە زانست (علم).
تایبەتمەندی قوتابخانە ئایینییەکان لە کوردستان
قوتابخانە ئایینییەكانی كوردستان چەند تایبەتمەندییەكیان هەیە، لەوانە:
- خوێندن بە خۆڕایی، خێرخوازان خەرجی قوتابخانەكان دابین دەكەن، خزمەتی قوتابییەكان دەكەن، بژێوی مامۆستاكان دەستەبەر دەكەن، ئەمەش بە پاساوی خۆشەویستی ئایین و زانست و زانایان.
- ئازادی لە هەڵبژاردنی مامۆستا لەلایەن قوتابییەوە و گواستنەوە بۆ قوتابخانەیەكی دیكە، سنووریش كراوە بوو لەبەردەم قوتابییان كاتێك لە ناوچەیەكەوە لە عێراق بۆ ئێران، یان توركیا، یان سوریا، یان هەر ناوچەیەكی تر بڕۆیشتایە، وەكو باڵیۆز و ئەمیندارێك لە وڵاتانی ئیسلامیی لێی دەڕوانرا، سەرەڕای ئەوەی دەبووە ڕوویەكی گەشی گەلی كورد و شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە لە ناو جیهانی ئیسلامیی دەكرد.
- قوتابی ئازاد بوو لە هەڵبژاردنی ئەو كتێبەی دەیەوێت لەو قۆناغەدا لەسەری بخوێنێت، مامۆستا دەستوەردانی نەدەكرد.
- هەندێك لە قوتابخانەكان لەگەڵ هۆز و خێڵەكان كوێستان و گەرمیانیان دەكرد بەپێی وەرزەكان، بەڵام ئەمە زۆر سنوورداربوو.
- بەردەوامی خوێندن لە حوجرە، هاوشێوەی قوتابخانە فەڕمییەكانی ئێستا لە وەرزی هاوین قوتابخانە دانەدەخرا، بەڵام ڕۆژانی سێشەممە و هەینی و ڕۆژانی جەژن وانە نەدەخوێنرا، مانگی ڕەمەزانیش دەكرایە پشوو، قوتابییەكان ڕۆژانی پشوویان دەكردە دەرفەت بۆ پێداچوونەوەی وانەكان و لەبەركردنی دەقەكان و سەردان و گفتوگۆ لە نێوان قوتابییانی قوتابخانە.
ڕۆڵی حوجرە لە كوردستان
حوجرە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە چەندین بواری جیاواز لە كوردستان بینیوە، گۆڕانێكی فیكری بەرچاوی لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەدیهێناوە، جێی بە نەزانی و دواكەوتوویی لێژ كرد، تاكەكانی پەروەردەكرد و دەرونی پاكکردنەوە بە جۆرێك ببنە شایستەی هەڵگرتنی پەیامی ئیسلام، هەروەك پشكداربوو لە پاكکردنەوەی دەروونی تاكی كورد و پێگەیاندنی و بەشارستانیكردنی، هۆكارێك بوو بۆ دروستبوونی دەیان زانا، شاعیر و ئەدیب كە لە بوارە جیاوازەكانی ئایینی و ئەدەبی كتێبیان نووسی، لێرەدا بە كورتی باسی هەندێك لە ڕۆڵی ئەو حوجرانە دەكەین:
ڕۆڵی خواپەرستی
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئیسلام و پەرەگرتنی حوجرەكان و پێگەیشتنی زانایان، مزگەوت لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان دروستكران، بوونە شوێنی خواپەرستی و پیادەكردنی ئیسلام و ئایینداری، نوێژی تێدا دەكرا، هەفتانە وتار دەخوێناریەوە، لە جەژن و بۆنەكان خەڵك تێیدا كۆدەبوونەوە.
ڕۆڵی فێركاری
حوجرەكان بوونە شوێنی خوێندن و بڵاوكردنەوەی زانست و زانیاری، بوونە دروستكەری شارستانیەت و بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری و دایەنگەی فیكری ئیسلامیی، فێربوون لە وڵاتی كوردان پەیوەندیەكی بەتینی بە مزگەوتەوە هەیە، لە حوجرەكان دەیان زانا پێگەیشتن، ژیانیان بۆ بڵاوكردنەوەی زانست، لێكۆڵینەوە و نووسین لە بوارە جیاوازەكانی مەعریفە تەرخان كرد، ڕەفەی كتێبخانەكانیان بە كتێبی چەند بەرگی نایاب ڕازاندەوە، تیایاندا بوو سەرقاڵی وانەوتنەوە بوو، بوونە سەروەتێكی گەورە بۆ زانستی ئیسلامیی و زانین، هەندێك لەوانە ڕوویكردە تەسەوف و هەندێكی تریشیان لە بوارە جیاوازەكانی ڕۆشنبیری ئەسپی خۆیان تاودا.
ڕۆڵی ئابووری
حوجرەكان لە كوردستان لە دووتوێی پەیامەكە گشتییەكەیاندا گرنگیان دا بە ئابووری و میانەڕەوی لە خەرجكردن، بەخشین لە پێناو خوا بۆ بەرژەوەندی گشتیی، پێدانی زەكات بەو توێژانەی لە قورئاندا باسكراون، هەروەك تەشریعی ئابووری ئیسلامی لە بەرژەوەندی گشتی ڕیشەدار كرد لە بوارەكانی كەفارەت، بەخشین، وەقف، میرات و بەخشین، ڕوونركدنەوەی مافی خەڵك لە داهاتی گشتیی دەوڵەت تا هاوسەنگی لە دابەشكردنی داهات هەبێت و كۆتایی بە هەژاری بێت.
دادوەری لە حوجرەدا
لە كاتی دروستبوونی ناكۆكی لەسەر موڵك و ماڵ، قەرز، كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی، میرات و حاڵەتەكانی تر، پەنادەبرایە بەر دادوەری و ڕێكکەوتن لە ناو مزگەوت بۆ كۆتاییهێنان بەم ناكۆكییە و چارەسەری كێشەكان، چونكە مزگەوت لە فەرهەنگی ئایینی، سیاسی، كارگێڕی و كۆمەڵایەتیدا شوێنی دادپەروەرییە، زانایەكی ئایینی، یان دەستەیەك لە زانایان كۆ دەبوونەوە و شەنوكەوی كێشەكەیان دەكرد، چەند پیاوماقووڵ ئامادەی دانیشتنەكە دەبوون، بەپێی پرەنسیپەكانی شەریعەت دادوەرییەكە دەكرا و هەموان دەبوونە شاهید لەسەر دادوەرییەكە و جێبەجێكردنی و دەبوو هەموانیش پێوەی پابەند بن.
ڕۆڵی كۆمەڵایەتی مزگەوت
بناغەی سیستمی كۆمەڵایەتی لە ئیسلامدا بیروباوەڕی ئیسلامییە، لەسەر بنەمای ئەو بیروباوەڕە پێگەی مرۆڤ لە ژیانی كۆمەڵایەتیی و پەیوەندی بە گەردون و ئامانجی بوونی كە لەپێناویدا دروستكراوە دیاری دەكرێت، خوای گەورە دەفەرموێت (وتعاونوا على البر والتقوى ولا تعاونوا على الإثم والعدوان) (المائدة 2). هەروەها فەرموویەتی (وَٱلْمُؤْمِنُونَ وَٱلْمُؤْمِنَٰتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَآءُ بَعْضٍۢ ۚ يَأْمُرُونَ بِٱلْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ ٱلْمُنكَرِ) (التوبة 71).
مەنهەجی خوێندن لە حوجرەكانی كوردستان
بە گشتیی ئەو كتێبە مەنهەجیانەی لە حوجرەكانی كوردستان دەخوێندران لە سەرجەم قۆناغەكان ئەمانە بوون:
یەكەم: نەحو
- مغنی اللبیب عن كتب الاعاریب/ ابن هشام النحوي.
- الفریدة/ جلال الدین السیوطي.
- العوامل/ عبدالفاهر الجرجاني. وشرح العوامل/ سعدالله الصغیر.
- الشامل للعوامل/ معروف النودهي.
- الكافیة/ عثمان بن عمر المشهور بابن حاجب الكردي، وشرحه للحاجي (نورالدین بن عبدالرحمن الجامي).
- المغني/ فخرالدین الجاربردي.
- حدائق الدقائق في شرح رسالة علامة الحقائق/ جار الله الزمخشري، ئەم كتێبە بە (انموذج) ناودەبرێت و بەناوبانگە، وشرح سعدالدین البردعي (سعدالله الكبیر).
- الاجرومیة/ ابو عبدالله محمد بن محمد الصنهاجي (ابن اجروم).
- اظهار البركوي، الصمدیة شرح الجامي علی كفایة ابن الحاجب.
- الفیة ابن المالك.
دووەم: سەرف
- المجموعة الصرفیة، البناء، المقصود، مراح الارواح.
- تصریف الزنجاني/ عزالدین ابراهیم بن عبدالوهاب (عزي).
- الشافیة/ جمال الدین ابو عمرو عثمان بن عمر (ابن الحاجب الكردي).
- تصریف الملا علي الاشنوي.
- شذی العرف في فن الصرف/ احمد الحملاوي.
سێیەم: زانستی ڕەوانبێژی
- الرسالة الوضعیة العضدیة/ عضدالدین عبدالرحمن الشیرازي.
- المطول/ سعدالدین التفتازاني وشرحە للجرجاني، وشرحە الاخر لعبدالحكیم السیالكوتي.
- تلخیص المفتاح/ محمد بن عبدالرحمن القزویني.
- رسالة الاستعارة في علم البیان/ ابو القاسم اللیثي السمرقندي.
- رسالة اداب المناظرة/ القاضي عضدالدین.
چوارەم: زانستی لۆژیک و دانایی
- الرسالة الشمسیة في المنطق/ القزویني.
- مطالع الانوار/ قاضي سراج الدین الارموي.
- تهذیب المنطق/ سعد الدین التفتازاني.
- رسالة ایساغوجي/ شرحها حسام الدین الكافي.
- الشمسیة، متن مختصر في المنطق/ نجم الدین بن عمرو.
- البرهان في علم المیزان (میزان المنطق)/ اسماعیل الكلنبوي.
- شرح تهذیب المنطق لجلال الدین الدواني/ عبدالله بن الجسین الیزدي.
- اثبات الواجب/ محمد بن اسعد الصدیقي الدواني.
- هدایة الحكمة/ ابهري.
- حكمة العین/ علي بن محمد القزویني.
پێنجەم: ئوسووڵی فیقهـ
- جمع الجوامع/ السبكي.
- غایة الوصول شرح لب الاصول/ زكریا الانصاري.
- مختصر المنتهی/ عضدالدین الایجي.
- اصول الفقه/ ابن الهمام
- مرأة الاصول شرح مرفاة الاصول/ ملا خسرو محمد.
- شرح المحلی علی جمع الجوامع بحاشیە البناني.
شەشەم: زانستی كەلام
- مطالع الانوار/ قاضي البیضاوي.
- المواقف/ عضدالدین الایجي.
- تقریب المرام شرح تهذیب الكلام/ عبدالقادر السندجي.
- اثبات الواجب/ جلال الدین الدواني.
- شرح المقاصد/ سعدالدین التفتازاني.
حەوتەم: فیقهـ
- تحفە المحتاج بشرح المنهاج للنووي.
- إعانة الطالبین/ النووي.
- مغنی المحتاج/ محمد الشربیني الخطیب.
- متن القاضي ابي شجاع وشرحه.
- الانوار لعمل الابرار/ یوسف ابراهیم الاردبیلي.
- كفایة الاخیار/ ابي بكر محمد الدمشقي.
- الام/ الامام الشافعي.
- المهذب.
جگە لەوانە لە فیقهی حەنەفی هەندێك كتێب دەخوێنران، لەوانە: الدرر المختار وحاشیته، رد المختار علی الدر المختار المعروفة بحاشیة ابن عابدین. لە فیقهی حەنبەلیش هەندێك كتێب لە حوجرە دەخوێندران لەوانە: المعني. لە فیقهی مالكیش كتێبی (مواهب الجلیل شرح مختصر خلیل) دەخوێندرا.
هەشتەم: زانستی ئەندازە، ژمێرە و گەردونناسی
- خلاصة الحساب والتشریح/ بهاء الدین العاملي.
- شرح أشكال التأسیس/ ابن ادم البالكي.
- رسالة الاسطرلاب/ العاملي.
- أشكال التاسیس/ محمد بن عبدالرحمن السمرقندي (لەدایكبووی سنجار).
- الربع المجیب/ اسماعیل مصطفی الكلنبوي.
- الملخص في علم الهیئة/ محمود بن محمد الجغمیني.
- رسالة الحساب في الخبر والهندسة.
نۆیەم: ڕاڤەی قورئان
- تفسیر القاضي البیضاوي.
- الكشاف/ الزمخشري (جار الله محمود بن عمر).
- تفسیر الجلالین (الحلي والسیوطي).
- تفسیر ابن عباس.
دەیەم: فەرمودە
- ریاض الصالحین/ النووي.
- الجامع الصحیح/ البخاري.
- صحیح الامام المسلم.
- كتاب فتح الباري بشرح مختصر الزبیدي/ الشیخ عبدالله الرشرقاوي.
- نخبة الفكر/ ابن حجر العسقلاني.
- التاج الجامع للاصول في احادیث الرسول/ منصور علي ناصف.
شایانی باسە ئەڵقە زانستییەكان لەو زانستانە كورتهەڵنەهاتبوو كە ناوبران، بەڵكو چەندین لایەنی پزیشكی، شیعر، ئەدەب و مێژووی لەخۆدەگرت، هەروەك قوتابییەكان هەندێك لە مەتنی كتێبەكانیان لەبەر دەكرد، بە تایبەت لە بوارەكانی نەحو و سەرف.
سەرچاوە:
المؤتمر الدولي للعلوم الاسلامیة بین المدارس الدینیة التقلیدیة والكلیات الدینیة المعاصرة.