ڕۆڵى چينى مامناوەندى نوێ لە ناڕەزايەتييەكانى ئێراندا
عەباس ش. ئەحمەدى
خوێندكارى دكتۆرا لە كۆمەڵناسى
ڕۆڵى چينى مامناوەندى نوێ لە ناڕەزايەتييەكانى ئێراندا
عەباس ش. ئەحمەدى
خوێندكارى دكتۆرا لە كۆمەڵناسى
بەرایی:
چينى مامناوەندى نوێ يەكێكە لە هێزە سەرەكييەكانى گۆڕانكاريى سياسى و كۆمەڵايەتى لەو وڵاتانەى كە لە نوێبوونەوەدان، بە واتايەكى ديكە سەرهەڵدانى ئەم چينە بەرهەمى نوێبوونەوەيە. هەروەها ئەم چينە كۆمەڵايەتييە وەكو ئاڵاهەڵگرى دیموكراسى بووە لە سەدەى ڕابردوودا و ڕۆڵێكى سەرەكى (چەندى و چۆنى) هەبووە لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكاندا.
ئەم چينە لە پێش و پاش چارەكى يەكەمى سەدەى بيستەم لە ئێران سەريهەڵداو لە دەيەى كۆتايى سەدەى بيستەمدا بەشێوەيەكى بەرچاو پەرەيسەند و كاريگەرييە كۆمەڵايەتى و سياسييەكانى لەسەر كۆمەڵگەى ئێران دەركەوت. ئەم توێژينەوەيە هەوڵدەدات بەشێوەيەكى خێرا سەرنج بخانە سەر پەرەسەندنى ئەم چينە و بەشێوەى ئاماریى ڕۆڵى لە ناڕەزايەتييەكان ڕوون بكاتەوە.
١. پێناسەى چينى مامناوەندى نوێ
چينى مامناوەند لە پێناسە ئابوورى-كۆمەڵايەتييەكەيدا بريتييە لەو چينەى كە دەكەوێتە نێوان چينى بەرز و خوارووى كۆمەڵگە و خاوەنى دۆخێكى مامناوەندى داهات، پەروەردە و سەليقە (Income, education, tastes) و .. هتد[1].
لە ڕوانگەى ماركسەوە چينى مامناوەند زياتر لەسەر بنەماى ئابووريى و خاوەنداريەتى كەرەستەكانى بەرهەمهێنان پێناسە دەكرێت، بەڵام لە ڕوانگەى “ماكس ڤيبەر” و “دوتوكويل”ەوە گەشەى ئابوورى چينێكى نوێ بەرهەم دەهێنێت، كە دەرفەتى هاوبەشيان لە پەيوەندييەكانى بازاڕدا هەيە (كڕين، داهات و بەكارهێنان) دەكەوێتە نێوان چينى بەرز و خوارەوەى كۆمەڵگە و خاوەنى ئاستى خوێندەوارى، ئاستى داهات، شێوازى ژيان و پێگە و وشيارى كۆمەڵايەتى كەم و زۆر يەكسان[2]. هەروەها لە ڕوانگەى “دوتوكويل”ەوە بەهۆى پەرەسەندنى ئابوورى و پێشكەوتنى كۆمەڵايەتييەوە چينێكى كۆمەڵايەتى مامناوەند سەرهەڵدەدات كە لە ئاستى خوێندەوارى و كولتوورييەوە هاوشێوەى چينى باڵاى كۆمەڵگەيەو تايبەتمەنديى شارنشينى هەيە.[3]
بەم شێوەيە تەواوى هێزە كۆمەڵايەتييە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەكان، واتە خاوەن پيشەكانى وەكو كارمەندانى حكومەتى، ياساناسان، ئەندازياران، وەكيلەكان، مامۆستايانى زانكۆ، خوێندكاران، تەكنیككارەكان، ڕووناكبيران، مامۆستايان، نووسەران، هونەرمەندان، بەڕێوەبەران و هەر كەسێك كە بەشێوەى هزرى لە هەوڵى دابينكردنى بژێوى و گۆڕانى كۆمەڵايەتى و سياسى بێت بەشێكە لە چينى مامناوەندى نوێ[4] لە كۆمەڵناسیى سياسیى ئێراندا، ئەندامانى چينى مامناوەند بۆ دوو گرووپى نەريتى و نوێ دابەش دەبن، كە هەر يەك لەم دوو گرووپە چەندين توێژ، پيشە و پێگەى كۆمەڵايەتى لەخۆ دەگرێت. چينى مامناوەندى نەريتى بريتييە لە دوو توێژى كۆمەڵايەتى پياوانى ئايينى و بازرگان و بازاڕييە نەريتييەكان، بەڵام چينى مامناوەندى نوێ كە بەرهەمى پرۆسەى مۆدێرنيزاسيۆن، گەشە و پەرەسەندنى ئابوورى، پەرەسەندنى شارنشينى، بيرۆكراسى و خوێندنى باڵايە لە ئێران، لە ئێستادا لەڕووى چەندايەتييەوە لە پەرەسەندن دايە و توێژى كۆمەڵايەتى و كارمەندان، بەڕێوەبەران، ڕووناكبيران، خوێندكاران و پسپۆڕان يان کۆمەڵێ پسپۆڕیی وەكو ئەندازياران، پزيشكان و … هتد دەگرێتەوە[5].
چينى مامناوەندى نەريتى بەرهەمى پرۆسەيەكى مێژوویى دوور و درێژى گۆڕانكارى ئابووريى و سياسييە، بەڵام چينى مامناوەندى نوێ بەرهەمى نوێبوونەوەيە كە لە سەردەمى ڕەزاخانەوە دەستى پێكردوە و ئەنجامەكەى بريتيبووە لە پەرەسەندنى شارنشينیى، پەيوەندييەكان، بەهێزبوون و پەرەسەندنى حكومەت، بيرۆكراسى و ئەرتەش.
بە مەبەستى پێوانە و هەڵسەنگاندنى چينى مامناوەندى نوێ، چەند پێنوێنێك هەيە كە كە لە نێوانياندا بڕوانامە گرنگترە. پێنوێنەكانى ديكە بريتين لە: ڕێژەى شارنشينیى، داهات، شێوازى ژيان و بەكارهێنان. شێوازى ژيان بريتييە لە کۆمەڵێ پێنوێن وەكو خانوو، سەيارە، چۆنيەتى بەسەربردنى كاتى دەستبەتاڵى، بوونى كەرەستەى مۆدێرنى ژيان (جل شۆر، تەلەفيزيۆنى فلات و … هتد)، پلان دانان بۆ داهاتوو و پاشكەوت. لە جياكردنەوەى چينەكاندا ئەم پێونوێنانە پێكەوە گرنگن نەوەك يەكێكيان بە تەنهايى[6].
٢. چوارچێوەى تيۆرى توێژينەوەكە:
هانتينگتۆن لە كتێبى “نەزمى سياسى لەو كۆمەڵگەيانەى لە حاڵى گۆڕاندان”، بە تێڕوانينێكى دووركهايمييەوە دەڕوانێتە گۆڕانى كۆمەڵايەتى و بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان[7]، و هەوڵدەدات پەيوەنديى بدۆزێتەوە لە نێوان نوێبوونەوە و پەرەسەندنى سياسيدا. هانتينگتۆن بەو ئەنجامە گەيشت كە لە كۆمەڵگە سەقامگيرە نەريتييەكاندا كە ڕادەى بەشدارى سياسى زياد ناكات شۆڕش ڕوونادات، هەروەها لە كۆمەڵگە پێشكەوتووە دیموكراتيكەكان كە تێيدا دامەزراوەى سياسى نوێ بۆ وەرگرتنى بەشدارى خەڵك دابينكراوە، شۆڕش ڕوونادات، بەڵكو تەنيا لە وڵاتانى لە حاڵى پەرەسەندندا ئەم دياردەيە ڕوودەدات كە لە لايەكەوە خواستى بەشدارى زياد دەكات و لەلايەكى ديكەوە دامەزراوەى پێويستيیان بۆ وەرگرتنى ئەم بەشدارييە نيیە[8]. بەم شێوەيە پێويستە سيستەمى سياسى بەستێن و توانايى پێويستى بۆ گۆڕانكارى دۆخى هەنووكەى هەبێت، بە پێچەوانەوە سيستەمى تووشى ناسەقامگيرى، بێسەروبەرەيى و داڕووخانى سياسى دەبێت و لەوانەيە وەڵامى كۆمەڵگە بەم دۆخە لە فۆرمى ڕاپەڕيندا خوى بنوێنێت[9].
لە ڕوانگەى “هانتينگتۆن”ەوە، نوێبوونەوى ئابوورى دەبێتە هۆى گەشەى چينى مامناوەندى نوێ و گەشەى ئەم چينە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى خواستى بەشدارى سياسى[10]. نوێبوونەوەى ئابوورى هەر لە قۆناغە سەرەتاييەكانەوە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوى ئامانج و چاوەوڕانييەكان و كاتێك دواى قۆناغێك لە گەشەى ئابوورى دابەزينى ئابوورى بەدواوە دێت، شۆڕش ڕوودەدات[11]. ئەمەش لەبەرئەوەى كە نوێبوونەوە ڕەهەندى سياسى، كۆمەڵايەتى و ئابوورى هەيە. نوێبوونەوە لە سۆنگەى ئابوورييەوە هەڵگرى شارنشينیى، بەپيشەسازيبوون و پەرەسەندنى ئابوورييە. لە سۆنگەى كۆمەڵايەتييەوە هەڵگرى ڕێكخستنى كۆمەڵايەتى، داڕمانى پابەندبوونە نەريتييەكان و جێگرتنەوەيان بەهۆى پەيوەنديى و تێڕوانينە نوێيەكانەوەیە. هەروەها لە سۆنگەى سياسييەوە دەبێتە هۆى گواستنەوە لە كۆمەڵگەى سياسى نەريتييەوە بۆ كۆمەڵگەى سياسى مۆدێرن. نوێبووونەوەى ئابوورى و ڕێكخستنى كۆمەڵايەتى گرووپەكانيش خواستى نوێ دەهێنێتە كايەوە[12]. لەسەر بنەماى ئەم خواستەش گرووپەكان لە فۆرمى بزووتنەوەى كۆمەڵايەتيدا هەوڵى بەديهێنانى خواستەكانيان دەدەن.
٣. پەرەسەندنى چينى مامناوەند لە ئێران
چينى مامناوەندى نوێ لە ئێراندا بەرهەمى پەرەسەندنى شارەكان و بەرزبوونەوەى ئاستى خوێندەوارى و كارمەندانى حكومەتە، لە خوارەوە تاوتوێ دەكرێن.
٣. ١. ڕێژەى شارنشينیى لە ئێران
شارنشينیى لە ئێراندا لە نيوەى دووەمى سەدەى بيستەم بەدوا بەشێوەيەكى بەرچاو پەرەيسەندوە، بە چەشنێك كە وەكو لە خشتەى خوارەوە دەردەكەوێت، لە ساڵى (1956) ڕێژەى شارنشينیى لە (31.4٪) بووە، ئەم ڕێژەيە لە ساڵى (1986) دەبێتە لە (54.3٪) لە ساڵى (2016) بۆ لە (74٪) بەرز دەبێتەوە.
خشتەى (١): ڕێژەى شارنشينیی نيشاندەدات
سەرچاوە: سەرژمێریى دانيشتوان، ساڵانى (١٩٥٦-٢٠١٦)[13]
٣. ٢. ئاستى خوێندەوارى
ڕێژەى خوێندەوارى لە ئاستى ئێراندا لە نيوەى دووەمى سەدەى بيستەم بەدواوە بەشێوەيەكى خێرا بەرزبووەتەوە، بەچەشنێك كە لە ساڵى (١٩٥٦) ڕێژەى خوێندەوارى لە (15.1٪) بوو، بەڵام بە گوێرەى دواين سەرژمێرى لە ساڵى (٢٠١٦) گەيشتوەتە لە (87.6٪). هاوكات لەگەڵ ئەمە ژمارەی ئەوانەى خاوەن بڕوانامەى بەرزن بەشێوەيەكى بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەچەشنێك كە وەزيرى زانست و توێژينەوە و تەكنۆلۆژى لە ساڵى (٢٠١٦) ڕايگەياند كە لە ئێراندا (١١) ميليۆن كەس هەڵگرى بڕوانامەى زانكۆين.
بەرزبوونەوەى ئاستى خوێندەوارى و پەرەسەندنى چەندى و چۆنێتى سيستەمى خوێندنى باڵا، هەنگاو بەهەنگاو چەندين دواهاتى دەبێت؛ چونكە پێويستييەكانى كەسێكى خاوەن بڕوانامە و كەسێكى نەخوێندەوار يان كەم خوێندەوار بە تەواوى جياوازە و تێگەيشتنيان لە پرسە سياسى و كۆمەڵايەتييەكان و …تاد دەگۆڕێت، تاك خوازيارى مافى هاووڵاتيیەتى زياتر دەبێت. هەروەها تاكى خوێندەوار لەگەڵ ئەوەى كە سەربەخۆیى زياتری هەيە، هەستى بەشدارى زياتری لە پرسە جۆراوجۆرەكان[14] و پابەندييە نەريتى و ئاينييەكانيان كەمتر دەبێت.
خشتەى (٢): ئاستى خوێندەوارانى دانيشتوان
٤. ڕۆڵى چينى مامناوەند لە گۆڕانكارييە سياسييەكاندا
چينى مامناوەندى نەريتى لانيكەم لە دوو سەدەى ڕابردوودا لە گرنگترين گۆڕانكارييە سياسى و كۆمەڵايەتييەكاندا ڕۆڵى سەرەكى هەبووە يان ڕۆڵێكى بەرچاوى هەبووە. لە بزووتنەوەى تەنباكۆ و شۆڕشى مەشرووتەدا ئەم چينە ڕۆڵى سەرەكى هەبووە لە بزووتنەوەى خۆماڵیكردنى نەوتدا يەكێك لە فاكتەرە سەرەكييەكان و لە كۆتايدا لە شۆڕشى ساڵى (١٩٧٩)دا ڕۆڵى بەرچاويان هەبوو[15].
لە ساڵانى (١٩٧٧ و ١٩٧٨) چينى مامناوەندى نوێ لە سۆنگەى داهات و پێداويستييەكانى ژيانەوە لە بارودۆخێكى لەباردا بوو، بەشێوەى يەكانگير و بەردەوام خوازيارى گۆڕانكارى سياسى و كرانەوەى ئێران بوو، ئەمەش بوو بە بەشێك لە دروشمەكانى شۆڕشى (١٩٧٩)[16]. بەڵام پاش شۆڕش و بەهۆى گوشارى چينى مامناوەندى نەريتى (پياوانى ئایينى) و سەركوت و پەراوێزخراو تاكو ساڵى (١٩٩٧) بەشێوەیەکى جدى بەشدارى پرۆسەى سياسیى ئێرانى نەكرد. دواتر پاش ئەو گۆڕانكارييانەى كە لە ساڵى (١٩٩٥) بەدواوە سەريهەڵداو لە (١٩٩٧) بە ئەنجام گەيشت، چينى مامناوەندى نوێ هيواداربوو كە بتوانێت كۆمەڵگەى ئێران كرانەوەى سياسى و هزرى، كۆمەڵگەى مەدەنى و پەرەسەندنى سياسى بەخۆيەوە ببينێت[17]. ئەم چينە لە ڕووداوە سياسييەكانى دواى هەڵبژاردنى خولى دەيەمى سەرۆك كۆماريش لە ئێران ڕۆڵێكى سەرەكى هەبوو. هەندێ لە كۆمەڵناسان خۆپیشاندانەكانى دواى هەڵبژاردن بۆ هەستى بێ سوودى و بێ كاريگەربوونى سياسى چينى مامناوەندى شارى دەگێڕنەوە، لەم پەيوەندييەدا حسێن بەشيرييە دەڵێت: “بزووتنەوەيەكى سياسى ـ كۆمەڵايەتى كە لەسەر بنەماى چينى مامناوەندى شارى دامەزرابوو، لە دەورى دوو بەربژێرى ڕيفۆرمخواز واتە (موسەوى و كەڕوبى) دروست بوو كە بەشێكى گەورەى دانيشتوانى لە ژێر ناوى بزووتنەوەى سەوز بۆ گۆڕانكارى و ڕيفۆرم ڕێكخست[18]. هەرچەند كە ئەم بزووتنەوەيە بە[19]هۆى كاريگەریى فاكتەرى نەتەوەيى هيچ كات لە ناوچە فارسەكان نەترازاو بەرەو هەرێمى دانيشتوانى كورد، عەرەبى، تورك و بەلوچ پەرەينەسەند. ئەمەش بە خوێندنەوەيەكى ڤيبەرى هۆكارەكەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چينى مامناوەند تەنها فاكتەرى ئابووریى كۆى ناكاتەوە، بەڵكو حيزب يان خواستى سياسى ڕۆڵى گرنگى هەيە. لەسەر ئەم بنەمايە خواستى سياسى چينى مامناوەندى نوێ لە نێو دانيشتوانى نەتەوە جياوازەكانى ئێراندا جياوازبوو.
بەڵام ڕووداوەكانى دواتر نيشانيانادا كە گۆڕانكاریى لە سيستەمى ديكتاتۆریى كۆمارى ئيسلاميدا بە چاكسازى بە ئەنجام ناگات. ئەمەش جارێكى ديكە پاشەكشەى چينى مامناوەندى نوێى لێ كەوتەوە.
پاش هاتنە سەركارى ئیبراهيم ڕەئيسى وەكو نوێنەرى دەسەڵاتى كۆنەپارێز لە ئێران و بەردەوامبوونى گەمارۆكان لەسەر ئێران و خۆاپتربوونى دۆخى ئابوورى خەڵك، چينى مامناوەندى نوێ كە لەلايەكەوە خواستەكانى لەبەرزبوونەوە دايە (بەهۆى بەراوردكردنى ژيانى خۆى بە هاوپيشەكانى لە وڵاتانى ديكە لە ڕێگاى تۆرە كۆمەڵايەتييەكانەوە) لە لايەكى ديكەوە بەديهاتنى پێداويستييەكان لە ژيانى ڕاستەقينەدا لە دابەزينە، ئەمەش وايكردووە كە جياوازييەكى بەرچاو بكەوێتە نێوان ئامانج و چاوەڕوانييەكان لەگەڵ ژيانى ڕاستەقينە، ئەمەش پێدەچێت بەستێنى ناڕەزايەتييەكانى ئەم دوايەى ئەم چينەى دروستكردبێت. بە واتايەكى ديكە:
١. ئەم چينە بەهۆى بڕوانامەى بەرز و پەيوەستبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بەردەوام كۆمەڵگەى خۆى بە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان بەراورد دەكات، ئەمەش چاوەڕوانييەكانى بەرزتر دەكاتەوە. ئەمە لە حاڵێكدايە كە بەهۆى گەمارۆكانى سەر ئێران و سياسەتى هەڵەى ئابوورى، دۆخى ژيانيان بەرەو خراپتربوون دەچێت و تواناى ئابوورييان لە دابەزيندایە.
٣. چينى مامناوەند، خوازيارى بەشدارى سياسى و ئيدارەدانى وڵاتەكەيەتى، بەڵام سيستەمى داخراوى كۆمارى ئيسلامى ئەم دەرفەتە ناڕەخسێنێت.
بە سەرنجدان بەم دۆخە، پێدەچێت ئەم چينە، هاوشان لەگەڵ چين و توێژەكانى ديكەو بە كارتێكەرى فاكتەرەكانى ديكەى وەكو نەتەوەيى، مافى ژنان و … هتد هەنگاو بەرەو ناڕەزايەتى سەر شەقام بنێت، بە چەشنێك كە لە لە شەش مانگى يەكەمى ساڵى (٢٠٢٢)دا لە ئێراندا ناڕەزايەتييەكانى ئەم چينە بەڕوونى لەسەر شەقام دەبينرێت. بە جۆرێك كە:
١. بەسەريەكەوە (٢٣٧) كۆبوونەوەى ناڕەزايەتى و مانگرتن ڕوويانداوە كە لەم ژمارەيە (٢١٩) كۆبوونەوەى ناڕەزايەتى و (١٨) مانگرتن ڕوويداوە. (هەريەك لەم ناڕەزايەتييانە دەكرێت لە چەند شار و پارێزگايەك بێت).
٢. بەشدارى گرنگترين توێژەكانى ئەم چينە لە خشتەى (٣) خراوەتەڕوو كە بەم شێوەيە بووە: فەرمانبەران؛ (٥٧) كۆبوونەوەى ناڕەزايەتیيان و (٤) مانگرتن. خانەنيشينەكان (٥٧) ناڕەزايەتى و (١) مانگرتن، مامۆستايان (٢٦) ناڕەزايەتى و (٤) مانگرتن، پزشكەكان (١٦) مانگرتن و (٥) مانگرتنیان کردووە.
خشتەى (٣): بەشدارى چين و توێژە جۆراوجۆرەكانى چينى مامناوەندى نوێ لە ناڕەزايەتييەكان نيشاندەدات
لە كوردستانى ئێرانيش ئەم چينە لە شەش مانگى ڕابردوودا، بەشدارى ناڕەزايەتييەكانیان كردووە، هەرچەند كە لێكدانەوەى دۆخى چينى ناوەند لە كوردستانى ئێران پێويستە لە ڕوانگەى ڤيبەرييەوە بێت (لەسەر بنەماى ئابوورى، پێگە و حیزب)، بە واتايەكى ديكە ڕووداوەكانى كوردستانى ئێران لەگەڵ ئەوەى كە ڕەهەندى ئابوورى و چينايەتى هەيە، بنەماى نەتەوەيى و سياسى هەيە كە خۆى لە چوارچێوەى داواكارييەكانى نەتەوەيى كورد لەم بەشەى كوردستان دەبينێتەوە. وەكو لە خشتەى خوارەوە دەبينرێت؛ مامۆستايان (١٠) كۆبوونەوەى ناڕەزايەتى و (٦) مانگرتنيان ئەنجامداوە، خانەنشينەكان (١٨) كۆبوونەوەى ناڕەزايەتى، فەرمانبەران (٦) كۆبوونەوەى ناڕەزايەتى، مامۆستايانى زانكۆ (٢) كۆبووونەوەى ناڕەزايەتى.
خشتەى (٤): بەشدارى چينى مامناوەندى نوێ لە ناڕەزايەتييەكانى كوردستانى ئێران نيشاندەدات:
بە مەبەستى تێگەيشتن لە بەربڵاوى ناڕەزايەتييەكانى چينى مامناوەندى نوێ، ژمارەى ناڕەزايەتييەكانمان بە گوێرەى پارێزگا دەرهێنا كە وەكو لە خشتەى خوارەوە دەبينرێت، لە زۆربەى پارێزگاكانى ئێراندا لە ماوەوى ئەم (٦) مانگەدا ناڕەزايەتى چينى مامناوەند لە توێژە جۆراوجۆرەكان دەبينرێت، بە چەشنێك كە (٨) ناڕەزايەتى سەرتاسەرى ئێرانى گرتووەتەوە، لە تاران (94) ناڕەزايەتى هەبووە، لە خوزستان (33)، لە ئيسفەهان (30) و لە ئازەربايجانى ڕۆژئاوا (32) و … هتد.
خشتەى (٥): ناڕەزايەتى توێژە جۆراوجۆرەكانى چينى مامناوەندى نوێ لە ئێران نيشاندەدات:
بە هەمان شێوەى سەرەوە لە پارێزگا كوردييەكانيش لە ماوەى شەش مانگى ڕابردوودا چينى مامناوەندى نوێ ناڕەزايەتى دەربڕيوە، وەكو لە خشتەى خوارەوە دەبينرێت؛ لە پارێزگاى كرماشان كە زۆرترين ڕێژەى چينى مامناوەندى تێدايە، زۆرتر لە پارێزگاكانى ديكە ئەم چينە ناڕەزايەتى دەربڕيوە كە (28) حاڵەت بووە، بەدواى ئەودا پارێزگاى سنە (23) ناڕەزايەتى و پاشان ئيلام (20) ناڕەزايەتى و دواتر ورمێ (12) ناڕەزايەتى.
خشتەى (٦): ناڕەزايەتى توێژە جۆراوجۆرەكانى چينى مامناوەوندى نوێ لە كوردستانى خۆرهەڵات نيشاندەدات:
ئەنجام:
بە سەرەنجدان بەم دۆخى سياسیى، ئابووریى و كۆمەڵايەتیى ئێستاى ئێران و چينى مامناوەندى نوێ، چاوەڕوان دەكرێت كە ناڕەزايەتييەكان لە سەنتەرى شارەكاندا بەشێوەى جۆراوجۆر پەرەبستێنێت و ئەمەش سيستەمى سياسى لە ئێران بنكۆڵ بكات.
سەرچاوەكان:
[1] Tarkhnishvili Anna and Tarkhnishvili Levan (2013) Middle Class: Definition, Role and Development, Global Journal of HUMAN SOCIAL SCIENCE Sociology & Culture Volume 13 Issue – 7 Version 1.0 Year 2013 Type: Double Blind Peer Reviewed International Research Journal Publisher: Global Journals Inc. (USA) Online ISSN: 2249-460x & Print ISSN: 0975-587X.
[2] – فوزى، يحيى و ڕمضانی، مليحە (٢٠٠٩) طبقه متوسط جدید و تاثیرات آن در تحولات سیاسی بعد از انقلاب اسلامی در ایران، فصلنامە علمى ـ پژوهشى مطالعات انقلاب اسلامی، سال پنجم، شمارە ١٧، تابستان،ص 15.
[3] De Tocqueville, Alexis, 1994, Democracy in America, edited by: Larry Siedentop, Oxford University Press.p.63.
[4] – ازغندى، عليرضا (٢٠٠٦). درآمدى بر جامعە شناسى ايران، تهران: نشر توس.ص117.
[5]– مطلبی، مسعود (٢٠١٧)، نقش و كاركرد سياسى طبقه متوسط جدید در جمهوری اسلامی ایران، مجلە جامعەشناسى، شمارە ٨، زمستان، ص80.
[6] – فوزى، يحيى و ڕمضانی، مليحە (٢٠٠٩) طبقه متوسط جدید و تاثیرات آن در تحولات سیاسی بعد از انقلاب اسلامی در ایران، فصلنامە علمى ـ پژوهشى مطالعات انقلاب اسلامی، سال پنجم، شمارە ١٧، تابستان.ص6.
[7] – احمد، ش. عەباس (٢٠١٧)، پەيوەنديى بە جيهانيبوون بە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان، نامەى ماستەر، زانكۆى سەلاحەددين.ل24.
[8] – بشيريە، حسين (٢٠٠٨)، انقلاب و بسيج سياسى، (چاپ هشتم)، تهران: انتشارات دانشگاە تهران.ص55.
[9] – قوام، عبدالعلى (٢٠٠٠). چالش هاى توسعە سياسى، تهران: نشر قومس،ص16.
[10] – هانتينگتون، ساموئل (١٩٩٦)، موج سوم دموكراسى در پايان سدەه بيستم، ترجمە احمد شهسا، تهران: نشر ڕوزنە،ص11.
[11] Huntington, Samual P. (1973), Political order in changing societies. (7ed), London: Colonial Press Inc.p.56.
[12] – تيلور، استن (٢٠٠٩)، علوم اجتماعى و انقلابها، مترجم: على مرشدى زاد، تهران: انتشارات دانشگاە شاهد. ص112
[13] درگاه ملی آمار (amar.org.ir)
[14] – قاسمى، صفت اللە و زارع زادە، ڕسول (٢٠١٣) پيامدهاى (اجتماعى، فەرهەنگى، ئابوورى، سياسى و امنيتى) ظهور طبقه متوسط جدید در ایران، فصلنامە آفاق امنيت، سال پنجم، شمارە هجدهم، بهار.ص79.
[15] – مرادى جو، على جان (٢٠١٩) نقش طبقه متوسط سنتی در تحولات سیاسی ایران (مطلالعه موردی: دوران شکل گیری انقلاب اسلامی).ص132.
[16] – دارابى، على (٢٠١٥). طبقه متوسط و توسعه سیاسد در ایران پس از انقلاب اسلامى، مجلە مطالعات توسعه اجتماعی ایران، سال هشتم، شمارە اول، زمستان،ص9.
[17] – دارابى، على (٢٠١٥). طبقه متوسط و توسعه سیاسد در ایران پس از انقلاب اسلامى، مجلە مطالعات توسعه اجتماعی ایران، سال هشتم، شمارە اول، زمستان،ص9.
[18] – يامين پور، وحيد (٢٠٢١)، طبقه متوسط جدید، تفاوت (يا گسست) نسلى و بايستەهاى سياست گذاری رسانه، رسانه، سال بيست و يكم، شماره ٣.ص11.