• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 14, 2025

ڕۆڵی میدیا لە بەڕێوەبردنی ململانێکان

(شیکارییەکی لاوەکی[1] و ڕەخنەگرانە)

ئیمان محەمەد محەمەد زەهرا

پڕۆفیسۆری یاریدەدەری IMC لە فاکەڵتیی ماس کۆمونیکەیشن – زانکۆی قاهیرە

وەرگێڕان: بەهرە مەهدی

سەرچاوە: Arab Journal of Media & Communication Research, Vol. 47, October/December 2024.

پوختە

گەر سەرنج بدەین لە ڕژێمی سووریا لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ تا لەکارلادانی لە ٨/١٢/٢٠٢٤، چەمکی بەڕێوەبردنی ململانێکان (conflict management) لە میدیاکانی سووریادا لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا جەختێکی زۆری لەسەر کراوەتەوە. لە بەر ئەوەی چەمکێکی تا ڕادەیەک نوێیە لە توێژینەوەکانی میدیادا، بۆیە ئەم توێژینەوەیە ڕێبازێکی دوولایەنە دەگرێتە بەر: یەکەم: پێداچوونەوەی گشتگیر بە توێژینەوەکانی پێشووتر لە ڕێگەی بەکارهێنانی شیکاری لاوەکییەوە (secondary analysis)، کە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە لە چەمکەکە دەکۆڵێتەوە. میدیا، لە نێویدا سۆشیالمیدیاش وەک دەرچەیەک بەکار هێنراوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ئەویش لە ڕێگەی: پەرەپێدانی گفتوگۆ، نێوەندگیری و پڕۆسەکانی ئاشتەوایی. ئەم جۆرە باسە میدیاییانە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە داڕشتنی ڕای گشتی لە کاتی ڕووداوە ڕەخنەگرانەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا میدیا سەلماندوویەتی کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت بە یەکسانی لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەو کۆمەڵگایانەی کە تازە جەنگ تیایاندا کۆتایی هاتووە. بەشی دووەمی توێژینەوەکە شیکاری ڕەخنەگرانە بەکار دەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبردنی ململانێکان وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی ڕژێمی پێشووی سووریا. دۆزینەوەکان چوار دیدگای توێژینەوە لەسەر چەمکەکە ئاشکرا دەکەن. باسی گریمانەکانی سەر داهاتووی نادیاری میدیاکانی سووریا دەکات، بە هەمان شێوە ناڕوونیی بارودۆخە سیاسییەکە.

پێشەکی

میدیا بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەدا بووە کە کاری کردووە لە دروستکردن و ڕێکخستنی ڕای گشتیی جیهان لە ڕێگەی سیاسەتە کاریگەرەکانەوە لە کاتی ململانێ یان قەیرانەکاندا. کەناڵەکانی میدیا دەسەڵاتێکی بێوێنەیان هەیە لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی کە گوتارە سیاسییەکان لە چوارچێوە دەدەن و نیشاندەری ڕاستییەکانن لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا (Taylor, 1995). ڕۆڵی میدیا لە چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی ململانێکاندا گرنگیی خۆی هەیە، چونکە زانیاری بڵاو دەکاتەوە و پشتگیری لە هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتی دەکات. هەر چەندە بە پێجەوانەوە توانای ئاڵۆزترکردنی ململانێکانیشی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا توانایەکی بێئەندازەی هەیە وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی ململانێکان. سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ، هانی لێبوردەیی دەدات و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە جۆراوجۆرەکاندا پەرە پێ دەدات. ئەمەش دووپاتی ئەو ڕۆڵە گرنگەی میدیا دەکاتەوە لە پەرەپێدانی ئاشتی، هەر چەندە هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ زاڵکردنی ئاشتی بەسەر ململانێدا (Hassan،2023).

لە ڕووی مێژووییەوە ڕۆڵی میدیا لە چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی ململانێکاندا لە سەدەی بیستەمەوە زیاتر دەبینرێت و بەتایبەتییش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە. لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، حکومەتەکان توانای میدیایان بۆ دەرکەوت لە بەدەستهێنانی پشتیوانیی جەماوەر و پاساوهێنانەوە بۆ کارەکانیان (Bratic, 2006). هەڵمەتە پڕوپاگەندەئامێزەکان و پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کاتی پێوستیدا وەک ئامرازێک بەکار دەهاتن بۆ نمایشکردنی کارەکانی حکومەت، لە ئاسایشی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دڵسۆزی و پابەندبوونی جەماوەر (Le, 2016). هەر چەندە ئەم هاوکێشەیە لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا گۆڕانکاریی بەسەردا هات، کاتێک ڕووماڵی میدیایی بێ سانسۆر و پەردەپۆشکردن؛ ڕووی ڕاستەقینەی بارودۆخەکە و سەختیی ململانێکانی ئاشکرا کرد. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی جەماوەر و کەمبوونەوەی متمانەیان  بە پەیامەکانی حکومەت، لە بنەڕەتیشەوە بووە هۆی گۆڕینی سروشتی پەیوەندییە میدیاییەکان (Porch, 2002).

میدیا لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتا وەک ئامرازێکی هەمیشە پێشکەوتوو بە بەردەوامی بۆ مەبەستی سیاسی بەکار دەهێنرێت، ئەمەش بە هۆی گەیشتنی میدیایە بە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان. جگە لەوەش، میدیا ئێستا کار لەسەر خێرایی دەکات، دروستکردنی پەیوەندییەکی خێرای بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست و نادروست بۆ هاوڵاتییان بە شێوەیەکی بەرفراوان (Acampa, 2024). لە سەردەمی مۆدێرندا هەموو هێزەکان زیاتر پشت بە پلاتفۆڕمەکانی وەک ئێکس، فەیسبوک و یوتیوب دەبەستن بۆ گەیاندنی پەیامە ستراتیژییەکان و کاریگەریدانان لەسەر ڕای گشتی و بەرپەرچدانەوەی زانیارییە هەڵەکان (Mangat, 2018). سەرەڕای ئەوەش، ئەم جۆرە پشتبەستنانە ئەخلاقیاتی ئەم لایەنانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتی کاتێک ئەم پلاتفۆڕمانە بەکار دەهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دەستکاریکردنی تێڕوانینی ڕای گشتی لە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوەیەکی ڕەخنەییانە باس لە ڕۆڵی دوو لایەنەی میدیا دەکات وەک ئامرازێکی ململانێ،  هێزێک بۆ ڕێکخستنی ململانێکان و دەستەبەرکردنی ئاشتی. شیکاری لاوەکی تیشک دەخاتە سەر پرسە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ململانێکان و کاریگەرییەکانی لەسەر حوکمڕانی، چارەسەرکردنی ململانێکان و لێپرسینەوەی دیموکراسی.

سووریا نموونەیەکی دیارترە لە بەکارهێنانی میدیا بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان بە بەراورد بە وڵاتە عەرەبییەکانی دیکەی وەک سۆماڵ و چەند وڵاتێکی بیانی (Hassan, 2023) . دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١، سووریا سوودی لە میدیاکان وەرگرت بۆ پاراستنی دەسەڵات لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی ئاڕاستەی زانیارییەکان و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ بەردەوامیدان بە فەرمانڕەواییەکەی. ڕێوشوێنی زۆر گیرانە بەر بۆ سەرکوتکردنی خودی میدیا ((Raise 2004 و سنووردارکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری (ئەلمونس، ٢٠٢٤). لە کاتێکدا کە چەواشەکاری (propaganda) لە مێژە ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان، هەروەها لایەنێکی دانەبڕاو بووە لە شەڕدا (Stern, 2015). سووریا لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی هەردوو ئاستەنگەکە بوویەوە: بەڕێوەبردنی ململانێکان و جەنگی مەدەنی. کە بە دڵنیاییشەوە چەواشەکارییەکان ((propaganda بوون بە چەکی بەرهەڵستی.

خستنەڕووی کێشە

بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێ لە ڕێگەی میدیاوە بە بەردەوامی وەک چەمکێکی دوو لایەنەی نێوان زانستەکان وێنا کراوە. پەیامە میدیاییە مێژووییەکان جەختیان لە پشتبەستن بە میدیا کردووەتەوە لە قۆناغە ناسەقامگیرەکاندا بۆ داڕشتنی بیروڕای گشتی لە ڕووداوە گرینگەکانی وەک جەنگی جیهانیی دووەم، جەنگی ڤێتنام، جەنگی عێراق و ئەو جەنگانەی ئێستاش بەردەوامن، بە تایبەتییش جەنگی هایبرد (ووزە).

لە هەمان کاتدا میدیا سەلماندی کە دەتوانێت بە شێوەیەکی یەکسان ڕۆڵ بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی لەو کۆمەڵگایانەی کە شەڕ تیایاندا کۆتایی هاتووە، وەک بنیادنانی زەمینەی گفتوگۆ و پڕۆسەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان. پڕۆژەی ڕۆژنامەگەری بۆ ئاشتی و جووڵانەوە سەرەتاییەکان لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا نموونەی ئەوە بوون کە میدیا چۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی لێکترازانی کۆمەڵگەکان و گرنگیدان بە بەها دیموکراتییەکان.

ئامانجی توێژینەوەکانی ئێستا بریتین لە وردبوونەوە لە چەمکی “بەڕێوەبردنی ململانێکان لە ڕێگەی میدیاوە” لە ماوەی سێ دەیەدا لە ناو ئەدەبیاتی میدیای نێودەوڵەتیدا، بۆ ئەوەی دەرئەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێیان بۆ ڕوون بێتەوە. توێژینەوەکە سەرنج دەخاتە سەر میدیاکانی حکومەتی سووریا لە ماوەی ١٣ ساڵ دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، ئەمەش هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی پڕوپاگەندەی میدیایی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠٢٤.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵی داوە بۆ شیکردنەوەی چەمکی نێوان زانستەکانی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی میدیاوە لە توێژینەوە ئەزموونییە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی شیکاری لاوەکیدا لە زانستە مرۆڤایەتی و کردارییەکاندا (٢٠٠١Condray, ). بەم شێوەیە پێناسەی شیکاری لاوەکیی کردووە: بریتییە لە میتۆدۆلۆژیایەکی چەندایەتی و چۆنایەتی کە دەیتا هەبووەکان لە توێژینەوەدا بەکار دەهێنێت، بە شیکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن کەسانی دیکەوە کۆ کراونەتەوە، پاشان خستنەڕووی بە شێوازێکی ناوازەی لۆژیکی و ئەخلاقی، سەرەڕای هەبوونی لێکچوونەکان لەگەڵ شیکارە   سەرەکییەکەدا.

پاش شیکردنەوە و ناساندنی ئەدەبیاتی نێودەوڵەتی بۆ چەمکەکە، توێژەرەکە لە بەشی دووەمی توێژینەوەکەیدا شیکاری ڕەخنەیی بەکار هێناوە بۆ پیشاندانی دۆخی میدیای سووریا لە دوای ساڵی ٢٠١١. شیکاری ڕەخنەیی بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: میتۆدێکە کە ڕووماڵ و ئاڵنگاریی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن دەکات و تێڕوانینی جێگرەوە دەخاتە سەر زانیارییەکان، بنیاتنانی تیۆری و واقیعی کۆمەڵایەتی. شیکاری ڕەخنەیی بەردەوامە لە بەدەستهێنانی گرنگییەکی بەرچاو لە توێژینەوە ئەکادیمییەکان بە هۆی گرنگبوونی لە نێو زانستەکان و بەکارهێنانی لە لێکۆڵینەوەی کولتووری، وتار و توێژینەوە بەبایەخەکاندا بە گشتی (Holland & Novak, 2017).

پڕۆسەی نموونە هێنانەوە

ئەم توێژینەوەیە پشت دەبەستێت بە پێداچوونەوەی ئەدەبیاتی گشتگیر بە وەرگرتنی نموونەی مەبەست لە ٧٠ توێژینەوەی ئەزموونی کە لە گۆڤارە ئەکادیمییە بەناوبانگەکان، ڕاپۆرتەکان لە بواری بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێ، میدیا و پڕوپاگەندەی دەوڵەتدا بڵاو کراونەتەوە. ئەم هەنگاوانەی خوارەوە گیراونەتە بەر بۆ دیاریکردنی شوێنی نموونەی توێژینەوەکە بە پێی ئەو پێوەرانەی پێشتر دانراون:

  • توێژەرەکە پشتی بەستووە بە کتێبخانەی جۆراوجۆری ئۆنلاین و دەیتابەیس بۆ ئەوەی ئەو توێژینەوە و وتارانە لە توێژینەوە ئەدەبییەکەیدا بەکار بهێنێت کە بە زمای ئینگلیزی نووسراون، بەو مەرجەی تایتڵ یان چەمکە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە وشەکانی بەڕێوەبردنی ململانێ، چارەسەرکردنی ململانێ یان دەستەبەرکردنی ئاشتیی تێدا بێت. ئەو دەیتابەیس و کتێبخانانەی کە بەکار هێنران بریتی بوون لە: سپرینگەر، بڵاوکراوەکانی سەیج، JSTOR ، زانکۆی کامبریج، زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئێلسێڤێر، پرۆکوێست، ساینس دایرێکت، EKB ، کتێبخانەکانی NGU و کتێبخانەکانی AUC .

  • دوای وردبوونەوەو ڕەچاوکردنێکی ورد، ماوەی توێژینەوە نموونەییەکان بۆ کاتێکی تا ڕادەیەک درێژ دانرا، کە سێ دەیەیە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ تا ٢٠٢٤.
  • توێژەرەکە سەری سوڕما کە ئەم چەمکانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری وڵات و ناوچە جیاوازەکاندا بڵاو بوونەتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو داینامیکە نێودەوڵەتییانەی کە کاریگەری دەکەنە سەر ڕۆڵی میدیا لە بەڕێوەبردنی ململانێکان. ئەم شوێنانە بریتی بوون لە ئەمەریکا، بەریتانیا، ڕووسیا، ئوسترالیا، کەنەدا، ئۆکراین، ئەڵمانیا، هیندستان، تایلەند، ئیسڕائیل، پاکستان، میانمار، فلیپین، بۆرما، ڕواندا، باشووری ئەفەریقا، لیبریا، کەمبۆدیا، ڤێتنام، بەڕازیل، کۆڵۆمبیا، مەکسیک، سۆماڵ، هایتی و چەندانی تر.

دۆزینەوەکان پەیوەست بە شیکارە لاوەکییەکە

پێداچوونەوەی ئەدەبی شیکردنەوەیەکی بابەتییانەی کۆمەڵێک پرسی لاوەکیی فراوانە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پێداچوونەوەی مێژوویی، پلاتفۆڕمی سۆشیالمیدیا و هەردوو بەشدارییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەڕێوەبردنی ململانێکانەوە هەیە. ئەمەش لە ڕێگەی توانای میدیاوە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و پێشخستنی ئاشتی لە ڕێگەی بەرزکردنەوی ئاستی هۆشیاری، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگە، دەستەبەرکردنی چالاکییە بنەڕەتییەکان، گرنگیدان بە گفتوگۆ، نێوەندگیری و ئاشتەوایی )٢٠٢٤ (james,، کە بەم شێوەیە پۆلێن دەکرێن بۆ ڕەوتە جیاوازەکانی توێژینەوە:

ڕەوتی توێژینەوەی یەکەم: بەڕێوەبردنی ململانێکان لە ڕێگەی میدیاوە: چوارچێوە مێژوویی و داینامیکە نوێیەکان

ئەم ڕەوتە ئاماژەیە بۆ ڕێکخستنی بەمەبەستی پلاتفۆڕمی پەیوەندیکردن لەگەڵ چالاکییەکانی سەر بە حکومەت کە کاریگەرییان لە سەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگا هەیە سەبارەت بە شەڕ و ئاشتی، فەرمانڕەوایی و ئاسایشی نیشتمانی لە ڕووی ماددی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەم جۆرە ڕێکخستنە ئاڕاستەی نوێیی وەرگرتووە بە پێی پەرەسەندنی سروشتیی ململانێ و میدیا بە تێپەڕبوونی کات (Bayer et al., 2023). ئەم ڕەوتە سەرەکییە؛ ئەم ڕەوتە لاوەکییانەی خوارەوە دەگرێتەوە.

بەرێوەبردنی ململانێی ماددی

بەڕێوەبردنی ململانێی ماددی بریتییە لە ستراتیژی بەکارهێنانی میدیا بۆ ڕێکخستنی بودجە و دابەشکردنی سەرچاوەکان لە ڕێگەی دیاریکردنی بودجە بۆ خەرجییەکانی حکومەت، لە پێناو ئاسایشی نەتەوەیی. هەواڵە میدییایەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا هەندێک جار جەخت لەسەر مەترسییەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە فشار خستنەسەر هاوڵاتییان، زیادکردنی خەرجییەکانی حکومەت و ڕێگریکردن و سنووردانان لە دەستتێوەردانەکانی بودجە (Lewis, 2008). ئەم جۆرە دابەشکردنە هەندێ جار لە ڕێگەی کەمکردنەوەی  داهاتی کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی تری وەک تەندروستی و پەروەردەوە دەبێت.

ئەم کولتوورە تا سەدەی بیست و یەک بە باشی بەردەوام بوو. ڕووماڵی میدیایی ململانێکانی سەردەمی مۆدێرن، وەک شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، پێویستییە خەرجییەکانیانی زیاتر کرد و وای کرد ببێتە پێویستییەکی گرنگی مانەوەی سەروەریی نەتەوەیی. زۆر جار ڕووماڵکردنەکان تیشک دەخەنە سەر خراپیی بارودۆخی دەوڵەتەکان، لە کاتێکدا جەخت لەسەر دەستپێوەگرتنی ماددی و باڵادەستیی تەکنەلۆژی دەکاتەوە (Lystvak et al., 2024). ئەم ڕەوتە جەخت لە سەر ڕۆڵی میدیا دەکاتەوە لە شەرعیەتدان بە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی دەوڵەت، لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەسەر جێگرەوەکانی پڕۆسەی دیپلۆماسی یان مرۆیی پەراوێز دەخات (Baloyi et al., 2023).

دەسەڵاتداران و میدیا پێکەوە کار دەکەن لە داڕشتنی ئەو پەیامە هەواڵیانەی کە پڕۆژەکانی حکومەت لە چوارچێوە دەدەن لە پێناو ئاسایشی نەتەوەیی (Jackson et al., 2020).

بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی

گوتاری دروستکراوی دەوڵەت کە کار لە سەر تێڕوانینەکانی هاوڵاتییان دەکات بەو شێوەیەی کە لەگەڵ ئامانجەکانی حکومەت بگونجێت، وەک ڕێنیشادەر کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ململانێ سیاسییەکان. ئەم پڕۆسەیە بە تایبەتی لە کاتی “جەنگی دژی تیرۆر”دا زیاتر بەدیار کەوت، کە میدیاکانی ئەمەریکا بە تەواوەتی ڕەنگدەرەوەی گوتاری فەرمیی حکومەت بوون، دەستتێوەردانەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان وەک وەڵامێکی پێویست بۆ تیرۆر نیشان دەدا (Schulzk, 2011). بەم شێوەیە وا پیشانی دەدات کە وڵاتێکە خەمخۆری دیموکراسییە.

پۆڵ و کیم (Paul and Kim, 2004)  باس لە گەشەسەندنی مێژوویی پەیوەندیی نێوان ڕۆژنامەگەری و ململانێکان دەکەن، جەختیان لەوە کردەوە کە چۆن سیستمی چاپەمەنی وەک وەڵامێک بۆ ئاستەنگەکانی ڕاپۆرتکردن بەکار هێنراوە لە کاتی ململانێکاندا. ورووژاندنی پرسیاری ئەخلاقیی گرنگ سەبارەت بە سەربەخۆیی ڕۆژنامەگەری، هەروەها چ ڕۆڵێک  پێویستە بگێڕێت بۆ دڵنیاکردنەوەی لێپرسینەوەی گشتی لە کاتی ململانێکاندا.

ڕاپۆرتی میدیاکان  چۆن لەسەر ململانێی ڕووسیا و ئۆکراین بە هەمان شێوە لەسەر سەروەری، خۆڕاگری، و یەکگرتن چڕ بوونەتەوە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی گشتی بۆ کردەوەکانی حکومەت (Lystvak et al., 2024). دەرەنجامی ئەمەش دوورکەوتنەوەی هاوڵاتییانە لە مشتومڕە سیاسییەکان و بەدەستهێنانی پشتگیری بێ هیچ ڕەخنەیەک بۆ پشتگیریی چارەسەری ململانێکان.

پۆرچ (Porch, 2002) گریمانەی ئەوە دەکات کە ئەم گرژییە ڕەنگدەرەوەی حاڵەتێکی ئەخلاقیی گەورەترە کە تێیدا جیاوازیی نێوان ڕاستییەکان و پڕوپاگەندە لە ململانێ مۆدێرنەکاندا تا دێت زیاتر جێی پرسیارە. جگە لەوەش، ململانێکان ڕۆژنامەنووسان دەخەنە دۆخێکی هەستیارەوە، چونکە ڕاپۆرتە ڕەخنەییەکانیان دەتوانێت ببێتە هۆی سانسۆر یان تەنانەت تۆمەتبارکردنی بە نادڵسۆزی.

مالتبی  ((Maltby, 2012 پێی وایە ئەم زیاد پشتبەستنە بە میدیا بۆ ڕێکخستنی ململانێکان، وردە وردە گۆڕانکاریی بەسەر تێڕوانینەکاندا هێناوە، لە بەر ئەوەی گێڕانەوەی میدیایی ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە شەرعیەتدان بە هەڵمەتەکانی دەوڵەت و داڕشتنی ڕای گشتی. ئەم داینامیکانە ڕۆڵی دوو لایەنەی میدیا دەخەنە ڕوو: وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە و وەک سەکۆیەکی سەرەکی بۆ لێپرسینەوە، ئەمەش چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ئاڵۆز دەکات.

بەڕێوەبردنی ململانێی کۆمەڵایەتی

مەبەست لە “بەڕێوەبردنی ململانێی کۆمەڵایەتی” ئەوەیە کە توێژەر مەبەستیەتی بەها و ئایدۆلۆژیاکانی پەیوەست بە ململانێکانی ژیانی ڕۆژانە بخاتە ڕوو، کە زۆر جار لە ڕێگەی میدیاکانەوە دەردەبڕدرێت (Jackson et al., 2020). ڕێگە باوەکانی میدیا، لەوانەش فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان و یارییە ڤیدیۆییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە بەهێزکردنی گێڕانەوەی ململانێکاندا. بەم شێوەیەش کاریگەریی بەهێزیان لەسەر کۆمەلگە دەبێت، بە تایبەتییش لای نەوەی نوێ و هەستی سەرسامییان بە ململانێکان لا دروست دەکەن (تایلۆر، ١٩٩٥).

بروتن (٢٠١١) ئاماژەی بەوە داوە کە لە چوارچێوەیەکی ڕێگەپێدراودا سوود لە میدیا وەگیراوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ململانێکان لە فلیپین هاوشێوەی تایلەند .(Laungaramsri, 2016) ئەم دوو نموونەیە ئەوە دەردەخەن کە چۆن میدیا دەتوانێت هەم وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە و هەم وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کار بکات.

سەردەمی دیجیتاڵی؛ ململانێکانی ناو کۆمەڵگەی زیاتر ئاڵۆز کردووە. ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جار ناوەرۆکی هەستیار و کاریگەر گەورە دەکەن، جەخت لە گێڕانەوەی ململانێ دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا دیدگاکانی دژەململانێکە پەراوێز دەخەن (Acampa,2024). بەم شێوەیە حکومەتەکان کۆنترۆڵی ڕای گشتی سەبارەت بە قبووڵکردنی ململانێکان دەکەن و دەستتێوەردانەکانیان لە ژیانی مەدەنی ئاسایی دەکەنەوە.

ڕەوتی توێژینەوەی دووەم

 شەڕ وەک چوارچێوەیەک بۆ قەیران و ململانێکان – وەڵامدانەوەی میدیاکان بۆ کۆڤید-١٩ لە ژینگە جیاوازەکاندا

بە درێژایی مێژوو حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕێوشوێنی جۆراوجۆریان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی قەیرانەکانیش وەک جەنگ بە مەترسیدار نیشان بدەن، ئەمەش بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دانیشتووانیان بکەن و پاساوێکیش بێت بۆ ڕێوشوێنە ناپێویستەکانیان. لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩دا، زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان ئەو قەیرانەیان وەک “جەنگ” لە دژی دوژمنێکی نەبینراو پیشان دا. دەربڕینەکانی وەک “کارکەرانی هێڵی پێشەوە”، “کۆکردنەوەی سەربازەکان” و “شکستهێنان بە ڤایرۆسەکە” لە وتارە فەرمییەکان و ڕووماڵی میدیاکاندا باو بوون (Accioly & Macedo, 2021).

ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی کاریگەر هەموو سەرچاوەکانی کۆ کردەوە و دانیشتووانیشی لە ژێر سایەی بارودۆخێکی هاوبەشی فریاگوزاریدا یەک خست. هەر چەندە ئەم لەقاڵبدانە سنوورەکانی ململانێکەی ئاسایی کردەوە، لەوانە: بەرزکردنەوەی چاودێری، سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و گوێگرتن لە ڕێوشوێنەکانی دەسەڵات. بۆ نموونە لە ئەمەریکا زۆر جار وەڵامدانەوەی پەتاکە وەک ئۆپەراسیۆنێکی جەنگ پیشان دەدرا، بەرپرسانی حکومەت هەمان کەرەستەکانی سەردەمی جەنگیان بەکار دەهێنا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە گوماناوییەکانیان.

ئەم چوارچێوەیە بە شێوەیەکی کاریگەر سەرچاوەکانی کۆ کردەوە و دانیشتووانەکانی لە ژێر هەستێکی هاوبەشی بەپەلەدا کۆ کردەوە. بەڵام هەروەها ڕێوشوێنی ململانێی ئاسایی کردەوە، لەوانە: بەرزکردنەوەی چاودێری، سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و ناوەندکردنی دەسەڵات. بۆ نموونە لە ئەمەریکادا زۆر جار وەڵامدانەوەی پەتاکە وەک ئۆپەراسیۆنێکی جەنگ لە چوارچێوەیەکدا دەخرایە ڕوو، بەرپرسانی حکومەت بانگەشەیان بۆ مەتافۆرەکانی سەردەمی جەنگ دەکرد بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە مشتومڕاوییەکان.

ڕیتۆریک لەسەر شەڕ ئارەزوو دەکات کە هۆکارە سیستماتیکییەکانی قەیران و ململانێکان ناڕوون بکات، سەرنجەکان لەسەر چارەسەرە درێژخایەنەکان لا ببات و سەرنج بۆ چارەسەری خێرا ڕابکێشێت، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە  ئەو هەوڵانە تێک بشکێنرێن کە بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانیی پێکهاتەیی یان شکستەکانی حکومەت کە قەیرانەکان ئاڵۆزتر دەکەن و سووڕێکی ململانێ لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا درێژە پێ دەدەن (Accioly & Macedo, 2021).

 کۆڤید-١٩ ئەم ڕەوتەی زیاتر هێنایە بەرچاو، چونکە زۆرێک لە وڵاتان ڕێوشوێنی چاودێریکردنی هاووڵاتییانیان جێبەجێ کرد. بۆ نموونە؛ لە ئیسڕائیل، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بەدواداچوونی مۆبایلی بەکار هێناوە بۆ چاودێریکردنی ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت یاساکانی کەرەنتینە پێشێل بکەن (Marciano & Yadlin, 2021). هەر چەندە ئەم ڕێوشوێنانە پێویست بوون بۆ پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتییان، بەڵام لە هەمان کاتدا مشتومڕێکی زۆریشیان دروست کرد سەبارەت بە پاراستنی نهێنی و ئاسایشی دەیتا و خستنە ژێر پرسیاری دیموکراسی. ڕووماڵکردنەکانی میدیا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە چوارچێوەی ئەم باسانەدا، هەندێک لە دەزگاکان جەختیان لەسەر کاریگەریی ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە کردەوە لە کۆنترۆڵکردنی پەتاکەدا، لە کاتێکدا هەندێکی تر تیشکیان خستە سەر زیادەڕەوی و هەڕەشەکانی سەر ئازادییە مەدەنییەکان (Thankachan & Thomas, 2021). زۆر جار پەیامە میدیاییەکان ئەم کردارانەیان بە پێویست دەزانی بۆ سەقامگیریی نیشتمانی و ڕاپۆرتکردنیان زۆر نایەکسان بوو (Acácio, 2021)، کە جارێکی تر لە بەهای بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێکانی کەم کردەوە.

ڕەوتی توێژینەوە سێیەم: پڕوپاگەندە، ململانێ، دنیای ئەلکترۆنی، جەنگی هایبرید و زانیاریی ناڕاست

 

سەردەمی دیجیتاڵی بووە هۆی لەدایکبوونی دنیایەکی ئەلکترۆنی وەک یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی بۆ بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێکان، کە شەڕی زانیاری لەگەڵ پڕوپاگەندە (چەواشەکاری) و چاودێریکردندا تێکەڵ دەکرێن. هەر لە داڕشتنی ڕای گشتی لە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە (چەواشەکاری) هەتا سەرکوتکردنی جموجووڵەکانی نەیاران، حکومەتەکان و کەسایەتییە نادەوڵەتییەکان زیاتر پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بە شێوەیەکی فراوان بەکار دەهێنن بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانیان (فۆڕێست، ٢٠٢١).

ستراتیژەکانی جەنگی هایبرید (وزە) کە تاکتیکە ئاساییەکانی بەڕێوەبردنی ململانێ تێکەڵ دەکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ئەلکترۆنییەکان، بووەتە دیاردەیەکی باو لە ململانێ مۆدێرنەکان. جەنگی هایبریدی ڕووسیا وەک نموونەیەکی ڕوونی ئەم بۆچوونەیە کاتێک دەبینین پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا و بۆت و ترۆلەکان بەکار دەهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و تۆمەتبارکردنی نەیاران (Acampa, 2024).

سۆشیالمیدیا بووەتە ئامرازێکی پێویست لە پڕوپاگەندەکاندا، ڕێگەخۆشکەرە بۆ حکومەتەکان پەیامەکانیان بگەیەنن بەو کەسانەی کە مەبەستیانە لە سەرانسەری کیشوەرەکاندا بە خێرایی و بە بێ بوونی هیچ بەربەستێک. پەیامەکان بەو شێوەیە دادەڕێژرێن کە لای دەوڵەت پەسەندن و لە هەڵمەتە پڕوپاگەندەییە سەرتاسەرییەکاندا لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی وەک یوتیوب، ئێکس و ئینستاگرامەوە بڵاو دەکرێنەوە، زۆر جار بە شێوەیەکی وا کاریگەرن کە بە زەحمەت لە پەیامە ڕەسەنەکە جیا بکرێنەوە (Zittrain, 2017).

لەوێشەوە ڕژێمەکان ژینگەی ئەلکترۆنییان چەک کردووە بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانیان و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان لە بریی ئەوەی ئامرازێک بن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان (Laungaramsri, 2016).

پڕوپاگەندەی مێژوویی ئامرازێکی سەرەکیی بەڕێوەبردنی ململانێکان بوو کە لە ڕێگەیەوە ڕای گشتی دروست دەبوو. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ئەڵمانیای نازی بە شێوەیەکی فراوان میدیای بەکار هێنا بۆ بانگەشەی باڵادەستیی ڕەگەزی ئارییەکان، زاڵکردنی دەسەڵاتی نازییەکان و سەرکوتکردنی کەمینەکان و کارکردن لە تێڕوانینی ڕای گشتی، کە بوونە هۆی ڕوودانی یەکێک لە ترسناکترین ململانێکان کە جیهان تا ئێستا بەخۆیەوە بینیوە ((Jowett & O’Donnell, 1999. نموونەیەکی تر، لە جەنگی عێراقدا هەواڵە میدیاییەکانی چەکی کۆمەڵکوژ (WMDs)  بۆ کاریگەریدانان لەسەر ڕای نێودەوڵەتی و پاساوهێنانەوە بۆ دەستتێوەردانەکانی ئەمەریکا بەکار هێنرا. هەر چەندە دواتر سەلمێنرا کە چەکی کۆمەڵکوژ نەبوو، بەڵام میدیاکان بەردەوام بوون لە ڕۆڵگێڕان لە کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ شەڕ لە ڕێگەی ڕاپۆرتەکانیانەوە دوور لە هەموو ڕەخنەیەک .(Abraham, 2012)  سەردەمی شەڕی سارد ڕۆڵی پڕوپاگەندەی لە زیادکردنی ململانێکان زیاتر کرد. ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤیەت میدیایان بەکار هێنا بۆ پیشاندانی ترساندنی نەیارەکانیان و لە هەمان کاتدا ئایدۆلۆژیاکانی خۆیان باڵاتر  نیشان دەدا. ئەمەش نەک هەر بۆچوونی جیهانی خستە لاوە، بەڵکوو هەوڵەکانی بۆ گفتوگۆی ئاشتییانە پەراوێز خست ((Taylor , 1995.

 

ڕەوتی توێژینەوەی چوارەم: کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەڕێوەبردنی ململانێکان لە ڕێگەی میدیاوە

ئەم ڕەوتی توێژینەوەیە سروشتی دوو لایەنەی ئامرازی بەڕێوەبردنی ململانێکانی لە ڕێگەی چەمکی میدیاوە سەلماندووە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەمکەکە واتای ئەرێنی و نەرێنییشی هەیە. کاریگەرییە نەرێنییەکانی کە لە لایەن ئەدەبیاتەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بریتی بوون لە پەرەسەندنی ململانێکان و زانیاریی ناڕاستی دیجیتاڵی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لە کاتێکدا کاریگەرییە ئەرێنییەکان بریتی بوون لە ڕاپۆرت سەبارەت بە ئاشتی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەرەپێدانی بەها دیموکراسییەکان و پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی. وردەکاریی زیاتر بەم شێوەیەی خوارەوە:

کاریگەریی نەرێنی: پەرەسەندنی ململانێکان نموونەیەکی کاریگەرییە نەرێنییەکان

مەبەستی زانیارییەکان شیکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە بە دوو ڕێگەی شیکاریی سادە، بۆ نموونە باشە و خراپە . هەروەها بۆچوونەکان لەسەر ململانێ نێودەوڵەتییەکان پەراوێز دەخات و هەموو دەرکەوتنەکانیان دەشارێتەوە. جووڵاندنی هەستی خەڵک، بە “کاریگەریی سی ئێن ئێن”یش ناو دەبرێت، بەکارهێنراوە بۆ ئاڕاستەکردنی حکومەتەکان لە دەستتێوەردان بە پشتبەستن بە ڕووماڵکردنی مدیایی زۆر کارتێکەر و هەستیار. ویتمۆر (١٩٩٠) نموونەیەک دەخاتە ڕوو کە چۆن ڕووماڵە تۆقێنەرەکان هۆشیاریی هاوڵاتییان لە بارەی قەیرانە مرۆییەکانەوە بەرز دەکەنەوە، بەڵام دەبنە هۆی دەستتێوەردان بە بێ پێشینە یان پلانی درێژخایەن.

کاریگەرترین نموونەی ڕادیۆیی کینەدار لە کاتی جینۆسایدی ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤دا بوو،کە سیناریۆیەکە پیشانی دەدات چۆن میدیا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هاندانی توندوتیژی هەبێت. ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی لیبرە وتاری کینەئامێزی بە ئاشکرا دەگواستەوە و داوای دەکرد لە میلیشیاکانی هوتۆی ئەندامانی هۆزەکانی توتسی دەستگیر بکەن و بیانکوژن، کە گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ماوەی شەش مانگدا. ئەم نموونە تایبەتە ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن میدیا گڕی نا بە ململانێی نەتەوەیی و سیاسییەکانەوە و کردیە سیناریۆیەکی کوشندە (Metzl, 1997).

 ئەگەر بێت و میدیا بەوە تاوانبار بکرێت کە بووەتە هۆی سەختترکردنی ململانێکان، ئەوا جەنگی ڤێتنام زۆر بە سادەیی ڕوویەکی تری میدیا ئاشکرا دەکات، کاتێک دیمەنە تۆقێنەرەکانی جەنگ بێ سانسۆر وردە وردە کاریان کردە سەر بڕینی هاوکارییە گشتییەکان بۆ حکومەتی ئەمەریکا بۆ ململانێکە، لە کاتێکدا لە چەند ساڵی سەرەتای جەنگەکەدا بە بیانووی بەربەست بۆ پڕۆسەی دیموکراسی دژی کۆمۆنیزم؛ هاوکاریی گشتی دەکرا.

لە ڕاستیدا بڕێکی بەرچاو لە ئەدەبیات ئەوە دەسەلمێنن کە میدیا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان نەک بە پێچەوانەوە. بە پێی میلەر و بۆکێمپەر (٢٠١٦)، چوارچێوەدان و چڕیی ڕووماڵکردنی میدیا دەتوانێت فشاری گشتی لەسەر حکومەتەکان دروست بکات بۆ وەڵامدانەوەی شەڕانگێزانە، بەمەش ئەگەری پەرەسەندنی ململانێیەک زیاد دەکات. لە ڕاستیدا توێژینەوەکانیان دەربارەی ناکۆکییەکان، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕووماڵی هەستیارانە یان چەواشەکارانە ژینگەیەک دروست دەکات کە زۆر جار چارەسەرە دیپلۆماسییەکان پشتگوێ بخرێن بۆ داواکاریی دەستبەجێی کارکردن و چارەسەرکردن.

زانیاریی ناڕاست وەک نموونەیەکی نەرێنی

سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست و  ناسەقامگیریی دامەزراوە دیموکراسییەکان و نەمانی متمانە لە نێو هاوڵاتییاندا. پلاتفۆڕمەکانی وەک فەیسبوک و ئێکس لە لایەن بۆت و ترۆلەوە قۆرغ کران و کامپینە فرەلایەنەکان دروست کران بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بە مەبەستی گۆڕینی ڕای گشتی و چاندنی دووبەرەکی لە کۆمەڵگەدا. لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٦، کارمەندانی ڕووسیا سۆشیالمیدیایان بەکار هێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی دابەشکاری، بەمەش پڕۆسەی دیموکراسییان خستە ژێر پرسیارەوە (Zeigler, 2018).

زانیاریی نادروست ڕۆڵی لە ململانێکانی ئەم دواییەشدا کەم نەبووەوە. لە کاتی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرایندا کاربەدەستە حکومی و ناحکومییەکان پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیایان بەکار هێنا بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەکانیان و ناوبردنی نەیارەکانیان بە پێشێلکار و کۆکردنەوەی کۆمەک لە گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەم کارەش نەک هەر جیاوازییەکانیان فراوانتر کرد، بەڵکوو دۆخی ڕاستەقینەی سەر زەوییشیان تەمومژاوی کرد کە بووە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامە مرۆییەکان (Acampa, 2024).

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ نموونەیەکی کاریگەریی نەرێنی

زۆر جار پەیامە میدیاییەکان شەرعیەت بەو کردارانە دەدەن کە ئازادییە مەدەنییەکان پێشێل دەکەن، وەک: چاودێریکردن، سانسۆرکردن و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین. بۆ نموونە لە سەردەمی کۆڤید-١٩، زۆرێک لە حکومەتەکان شێوازی چاودێریی نائاساییان ڕاگەیاند و بە پێویستیان دەزانی بۆ تەندروستیی گشتی. وەک مارسیانۆ و یادلین (٢٠٢١) سەرنجیان داوە، ئەمەش مشتومڕی زۆری لێ کەوتەوە دەربارەی پاراستنی تایبەتمەندیی کەسی و لەناوچوونی دیموکراسی.

وەڵامدانەوەی پەتاکە بووە هۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری ئەمەریکای لاتین و بەئامانجگرتنی کەمینەکانی کۆمەڵگە. ڕاپۆرتەکانی بەڕازیل دەربارەی توندوتیژیی پۆلیس دژی گەڕەکە هەژارنشینەکان، نموونەیەکن لە زیادبوونی نایەکسانی لە سیستمی حکومڕانی. لەمەوە دەردەکەوێت کە لە پەیامە هەواڵەکانیاندا زیاتر جەختیان لەسەر ئاسایش کردووەتەوە نەک مافەکانی مرۆڤ (Acácio, 2021).

 

کاریگەریی ئەرێنی: ڕاپۆرتی ئاشتی نموونەیەکی کاریگەرییە ئەرێنییەکان

میدیا دەتوانێت وەک کەناڵێک کار بکات بۆ ئاشتەوایی بە پێشخستنی لێکتێگەیشتن و ڕێگری لە دابەشبوون.

هێزی میدیا لە ئاشتیدا سەرەتا لە ڕادیۆیەکی وەک ستۆدیۆ ئیجامبۆ لە ڕواندا هاتە کایەوە. ئەم ڕادیۆیە لە ڕێگەی بەرنامەکانیەوە دوای ململانێ و کۆمەڵکوژییەکەی ڕواندا، دەرفەتی گفتوگۆی بۆ هوتۆ و توتسییەکان ڕەخساند و یارمەتیی گەڕاندنەوەی متمانەی دا بۆ هاوڵاتییان و هەوڵی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی دا (Bratic, 2006). بە هەمان شێوە، ڕادیۆی UNTAC ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە هۆشیارکردنەوەی دەنگدەران و پێشخستنی بەشداریی دیموکراسی دوای ململانێکانی کەمبۆدیا (Puddephatt, 2006).

میدیا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە پڕۆسەی بنیاتنانی ئاشتیدا، بە تایبەتی لە کۆمەڵگاکانی دوای ململانێدا کە متمانە و پەیوەندیکردن بە تەواوەتی تیایاندا لاواز بووە. سوندار (٢٠١٠) باسی ڕۆڵی میدیای کردووە لە پێشخستنی گفتوگۆ و ئاشتەوایی لە هیندستان دوای ململانێکان. ئەوەی دەستنیشان کردووە کە چۆن هەوڵەکانی ڕۆژنامەگەری بۆ ئاشتی دەتوانن یارمەتیدەر بن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. پلاتفۆڕمە میدیاییەکان دەتوانن دەرفەتی دەربڕینی ڕاوبۆچوون بۆ هەمووان بڕەخسێنن و پەیامی هیوابەخش و یەکدەنگی بڵاو بکەنەوە کە یارمەتیدەرن لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لێکترازاوەکان. ئەمەش شێوازێکی ئەرێنیی بەکارهێنانی میدیایە لە بەشداریکردن لە بنیاتنانی ئاشتیدا کاتێک بە شێوەیەکی ئەخلاقی و ستراتیژی بەکار دەهێنرێت.

میدیا بە ڕاستی سەلماندوویەتی کە ئامرازێکی پێویستە لە پڕۆسەی دادپەروەریدا، بە تایبەت لە کۆمەڵگەکانی دوای ململانێدا کە پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەیە. تۆمپسۆن (٢٠١٤) باسی لە ڕۆڵی ڕادیۆ کردووە لە پێشخستنی دادپەروەریی لیبێریا لە قۆناغی ناجێگیریی دادپەروەریدا کە چۆن بەرنامە ڕادیۆییەکان دەرفەتی گفتوگۆیان دەربارەی ئاشتەوایی و پرسەکانی خەڵک دەڕەخساند.

ئەم بەرنامانە دەرفەتی دەربڕینی ڕاوبۆچوونیان بەخشی بە کەسایەتییە پشتگوێخراوەکان و هەستیان بە بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ کرد بۆ بنیادنانەوەی وڵات دوای دەیان ساڵ لە جەنگی ناوخۆ. کەیسی لیبێریا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە میدیا دەتوانێت چ ڕۆڵێکی هەبێت لە پڕۆسەی چارەسەرکردن و دادپەروەریدا و هاوبەشیکردنی هاوسۆزیی هاوبەش لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بە پڕۆژە ئاشتییەکانی ڕۆژنامەگەری، لەوانەش ستۆدیۆی ئیجامبۆ لە ڕواندا (براتیک، ٢٠٠٦) و ئەوانەی تری دوای جەنگی کەمبۆدیا (Puddephatt, 2006).

ڕاپۆرتی ئاشتی جۆرێکی هاوسەنگکردنی ڕاپۆرتی ململانێکانە کە گرنگی بە بەرقەراربوونی ئاشتی دەدات نەک هەستیارترکردنی ئاڵۆزییەکان. ئەم ڕێکارانە لە کۆمەڵگەکانی دوای ململانێ کاریگەر بوون  کە بە پشتبەستن بە میدیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیادی نەتەوە و چەسپاندنی دیموکراسیدا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک کاریگەرییەکی ئەرێنی

دەزگاکانی ڕاگەیاندن شەفافیەت بەرەوپێش دەبەن و متمانەی خەڵک دەپارێزن و زانیاریی هەڵە کەم دەکەنەوە. میدیای CAF ی کەنەدی بە شێوەیەکی ستراتیژی X ی بەکار هێنا بۆ گەیاندنی پەیامی ئۆپەراسیۆنە مرۆییە جیاوازەکان، لە ڕێگەی ئەمەوە دەزگاکە دڵنیایی بەخشییە هەمووان کە پەیامەکانی ناسیاسی و شەفافن (Mangat, 2018). بە هەمان شێوە، ISPR ی پاکستانیش لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە کاتی جەنگی دۆڵی سوات بەشداریی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندەی توندڕەوەکان. ISPR بەرپەرچی زانیارییە ناڕاستەکانی دایەوە بە گێڕانەوەی چیرۆکی کاریگەر بۆ ملیۆنان بەکارهێنەر و پشتگیریی کۆ کردەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆر بە شێوەیەکی کاریگەر (Khan & Pratt, 2020).

لە لایەکی دیکەوە تۆڕە کۆمەڵایەکان  سەکۆیەکی هەمیشە ئامادەن بۆ چالاکی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان. بۆ نموونە؛ لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا، سایتەکانی سۆشیالمیدیای وەک فەیسبوک و ئێکس بوونە ئامرازێکی گرنگ بۆ ڕێکخستنەکانی خۆپیشاندەران و گەورەکردنی دەنگە پەراوێزخراوەکان و ئاڵنگاریی ڕژێمە تاکڕەوەکان (گرەیسن و دەیڤس، ٢٠١٧). بە هۆی سروشتە ناسەنتەرییەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چالاکوانان توانییان جێگرەوەیەکیان هەبێت بۆ میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی دەوڵەت و هەلی بەشداریی بۆ هاوڵاتییان دەڕەخساند.

بە هۆی کاریگەریی بەهێزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی ئاشتیدا،  لایەنەکانی ململانێکەی کۆڵۆمبیا کەوتنە گفتوگۆ. هەڵمەتە ئۆنلاینە سەرەتاییەکان دەرفەتی بیرۆکە دەربڕینی ڕەخساند و بووە هۆی داخستنی کەلێنەکانی نێوان لایەنەکانی ململانێکە کە توانای پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی دەرخست لە هاوبەشبوون لە پڕۆسەکانی بنیاتنانی ئاشتی (Baron, 2018).

پێشکەوتنی بەها دیموکراسییەکان وەک کاریگەرییەکی ئەرێنی

میدیای تاراوگە هەمیشە ئاڵنگاریی ڕژێمە تاکڕەوەکانی کردووە لە ڕێگەی دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەیان و داوای لێپرسینەوەیان. لە دۆخی بۆرمادا، میدیای سەربەخۆی تاراوگە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەبەڵگەکردنی دڕندەییەکان و هاندانی بنچینەکانی دیموکراسی (Brooten, 2011)، هەمان ئەو شتەی کە دەزگای هەواڵگریی سووریا لە تاراوگە کردیان (Issa, 2016). ئەم هەوڵانە دەریدەخەن کە میدیا دەتوانێت وەک چاودێرێک بێت لە لێپرسینەوەی دەسەڵات تەنانەت لە ژینگەی سەرکوتکەریشدا.

بۆ نموونە: لە باشووری ئەفەریقا، لە سەردەمی دوای ئاپارتاید دا (سیستمێکی حکومڕانی بوو کە هەموو ڕەگەزە جیاوازەکانی ئەفەریقای لە یەکتر جیا کردەوە)، میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئاسانکاری بۆ ئاشتەوایی و بنیاتنانەوەی متمانە. لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆی گشتی و پەردە لابردن لەسەر نادادپەروەرییەکان، میدیا بەشداریی کرد لە گواستنەوەی دۆخی وڵات بەرەو سیستمی دیموکراسی (Teer-Tomaselli, 2001).

هاوکاریی مرۆیی وەک کاریگەرییەکی ئەرێنی

میدیا خزمەتی ئامانجە گەورەکان دەکات لە کاتی کارەساتە مرۆییەکان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی سەرچاوەکان و پێدانی زانیاری. ڕووماڵکردنی کۆمەڵێک کارەسات، لەوانە: تسونامیی ئۆقیانووسی هیندی لە ساڵی ٢٠٠٤ و بوومەلەرزەکەی هایتی ساڵی ٢٠١٠، یارمەتیدەر بوو لە گۆڕینی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گوتارەوە بۆ کردار. میدیا بەم جۆرە خزمەتی کارەساتەکان دەکەن بە ناوی ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە دەست کارەساتەکەوە دەناڵێنن. جگە لەوەش، ئەم هەستی بەرپرسیارێتیی جیهانی لە ڕێگەی ڕووماڵە میدیاییەکانەوە بەرز دەکاتەوە.

بە هەمان شێوە، بەرکەوتنی میدیا لەگەڵ پەنابەران و ئاوارەکانی ناوخۆ لە ناوچەی ململانێکاندا، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناچار بن بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان. ڕووماڵکردنی ململانێکان توانای میدیاکان دەردەخات لە دروستکردنی پردێک لە نێوان سەرچاوە جیهانییەکان و دانیشتووانی کەمدەرامەتدا (Adamson, 2024).

دۆزینەوەکانی پەیوەست بە شیکاری ڕەخنەگرانە

سەرەتاکانی ململانێکانی سووریا و میدیا و پڕوپاگەندەی شکۆمەندی

هەر لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، کە دەکاتە ڕۆژێک بەر لە ڕژێمی کەوتووی سووریا، ڕاپۆرتی بی بی سی لەسەر میدیای سووریا دەرکەوت (بی بی سی، ٩/١٢/٢٠٢٤). جەختی لەوە کردەوە کە لە سەردەمی ڕژێمی سووریادا، میدیا بە توندی لە لایەن حکومەتەوە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کرابوو. سانسۆرکردنی میدیا لە سووریا زۆر زیاتر بوو بە بەراورد بە وڵاتانی جۆراوجۆری دیکەی جیهان. یەکێک لە لایەنە دیارەکان بریتی بوو لە بەکارهێنانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی ڕژێم. بە دڵنیاییەوە سووریا بە نموونەیەکی ڕوونی ناسەرکەوتوویی بەڕێوەبردنی ململانێکان دادەنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی تێوەگلانی بەرفراوانی حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی میدیادا.

ڕژێم لە ڕێگەی کۆنترۆڵی دزەکردنی زانیارییەکان و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، میدیای بەکار هێنا. تەنانەت ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی گرتەوە. ڕژێم چاودێری و سانسۆری ناوەرۆکی میدیاکانی دەکرد. هەروەها میدیای بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی ڕژێم بەکار دەهێنرا، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی مەزهەبیی وڵات (Al-Mounes, 2024). بڕیاری بنچینەیی بۆ سەرکوتکردنی ڕۆڵی میدیا لە بەڕێوەبردنی ململانێکان درا، وەک لە ساڵی ٢٠٠٤دا بینرا کاتێک هەموو پارتە سیاسییە نافەرمییەکان و کۆمەڵە کولتووری و میدیاییەکان لە سووریا لە لایەن ڕژێمەوە قەدەغە کران (Rais, 2004).

لە جیاتیی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ململانێکان، میدیای گشتی بۆ کارکردنە سەر تاک و کۆمەڵگا و جیهانی دەرەوە بەکار دەهێنرا (Chams Eddin, 2013: 20). سووریا پشتی بە یەکە متمانەپێکراوەکان دەبەست و دڵسۆزترین سوپای بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە کار پێ کرد، ئەم بەکارهێنانە میدیاکانیشی گرتەوە (Holliday, 2013). دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە کاریان دەکرد نەک ئاشتەوایی، هەوڵی تێکدان و گۆڕینی بۆچوونە پێچەوانەکانی خەڵکیان دەدا. لە هەمان کاتدا پڕوپاگەندەکان بۆ بابەتە هەستیارەکان و مەبەستە تایبەتییەکان بەکار هێنرا. لە هەنگاوی دواتریاندا ناچار بوون بە پێی گرنگیی پەیامەکە، ئامرازە شەڕانگێزەکان وەک زمانی توندڕەوی و شەڕانگێزی بەکار بهێنن (Chams Eddin, 2013: 26).

 

میدیا دوای ساڵی ٢٠١١

بەدران (٢٠٢١) تیشکی خستە سەر دیمەنی لێکترازانی میدیا لە دوای ساڵی ٢٠١١، چونکە پارچەپارچەبوونی خاک بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ژینگەی زانیاریی توند و کۆنترۆڵکراو کە پێش ململانێکان هەبوو. لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا مابوونەوە، درێژەیان دابوو بە لۆژیکەکانی پێش ساڵی ٢٠١١. ئەو ناوچانەی کە لە لایەن هێزە کوردییەکان و هێزە یاخیبووەکانی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵ کرابوون، ژینگەیەکی ڕاگەیاندنی ڕیشەیی جیاواز ئەگەرچی ناسەقامگیریشیان هەبوو.

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) (Stern, 2015) تیشکی خستە سەر هەمان کەیس و جەختی لەوە کردەوە کە تێکەڵبوونی ڕۆژنامەگەری لەگەڵ جەنگ شتێکی نوێ نییە بۆ سووریا، کە شەڕڤانان کایەی میدیا وەک سەنگەرێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ ببینن.

بە پێی زانیارییەکانی CPJ ، کاریگەرییەکانی سەر پڕۆسەی کۆکردنەوەی هەواڵ و توانای تێگەیشتن لە ململانێکان ڕوونن. هەر هەمان ئەو گرووپانەی لە هەموو لایەنەکانی ململانێدا ماندوونەناسانە کاریان کردووە بۆ سانسۆرکردنی میدیا، لە بەرامبەردا بوونەتە بەشێک لە بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری پێشەنگی زانیاری.

لە کاتێکدا پڕوپاگەندە هەمیشە بەشێک بووە لە میدیا، بەڵام هەمیشە بەشێک بووە لە شەڕیش (Stern, 2015) و سووریا بە هەردووکیدا تێدەپەڕی -شەڕێکی ناوخۆیی کە پڕوپاگەندە یەکێک لە چەکەکانی ڕژێم بوو. بە پێچەوانەی گێڕانەوەی ماڵتبی لە ساڵی (٢٠١٢)، ئەم جۆرە داینامیکیانە جەخت لەسەر تاکە ڕۆڵی میدیا دەکەنەوە: وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە، نەک وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ لێپرسینەوە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

گۆڕانی ڕژێمەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر میدیا

لەگەڵ ئەوەشدا، بە لەناوچوونی ڕژێمی سووریا سەردەمێکی نادیار بۆ میدیاکانی سووریاش دەست پێ دەکات، بە تایبەتییش ئەوانەی لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمەکەدا بوون. یەکێک لەو ڕاپۆرتە گرنگانەی کە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بڵاو کردەوە، ڕاپۆرتی ئەل مۆنس بوو (٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) کە ڕایگەیاند دەزگا میدیاییەکەیان چیتر سەر بە ڕژێمە کۆنەکە نییە.

 بە گوێرەی ئەلمونس (٢٠٢٤)، میدیای سووریا کە سەردەمانێک سەر بە دەسەڵاتداران بوون، وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. کاتێک خۆپیشاندەران لە ٨ی کانوونی دووەم و دوای هێرشێکی ١١ ڕۆژە دیمەشقیان گرت و ڕووخانی ئەسەدیان ڕاگەیاند، دەربەدەریان کرد لە حوکمڕانی، ئاژانسی هەواڵی سانا کە سەر بە حکومەت بوو، بۆ زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بێدەنگ بوو.

کەناڵە تەلەڤزیۆنییە دەوڵەتییەکان لە بریی ڕووداوە خێراکان، بەرنامە کۆنەکانیان پەخش دەکرد. پاشان کۆمەڵێک پیاو لە ستۆدیۆی هەواڵدا بەیاننامەیەکیان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی دیمەشق خوێندەوە و ئازادکردنی شاری دیمەشق یان ڕاگەیاند، پاشان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کەناڵەکە پەیامێکی لە سەر شاشە و باکگراوندێکی سوور پەخش دەکرد دەربارەی سەرکەوتنی شۆڕش .

هەتا ئێستا داهاتووی میدیاکانی سووریا بڕیاری یەکلایی لەسەر نەدراوە، بە هەمان شێوەی بارودۆخە سیاسییەکە. ئایا میدیا پشت بە پڕوپاگەندە دەبەستێت، یان پارێزگاری لە سیستمی سەربەخۆی ڕاگەیاندن دەکات وەک عیسا (٢٠٠٦) باسی دەکات، یان دەبێتە دەوڵەتی؟ هێشتا زووە بۆ بڕیاردان، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی مەزهەبیی دانیشتووان.

گفتوگۆ

بەڕێوەبردنی ململانێکان لە ڕێگەی میدیاوە نیشانەی گەشەکردنی ئاڵۆزییەکانە كە حکومەتە گڵۆباڵییەکان و چارەسەرکردن و ئاشتی بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەست دەکات بە یەکەوە. پێناسەکردنی بەڕێوەبردنی ململانێکان بەوەی کە ڕێبازێکە بۆ ناسین و مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شارەزایانە (Haidarravy and Anshori, 2023)، ئەوا لە گۆشەنیگای میدیاوە بەم شێوەیە دەرناکەوێت، بەڵکوو بە درێژایی مێژوو میدیا هەم وەک چەکێکی پڕوپاگەندە و هەم وەک سەکۆیەک بۆ ئاشتەوایی کاری کردووە، لە هەردوو بوارەکەشدا توانای خۆی پیشان داوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرهەڵدانی پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان دەرفەتی زیاتری ڕەخساند بۆ پەیوەندیی ستراتیژی و بنیاتنانی ئاشتی. بەڵام هەمان سەرهەڵدان بووە هۆی ئاڵنگاریی گەورەی وەک زانیاریی ناڕاست و لێکترازان و کەوتنی پێوەرە گشتییەکانی دیموکراسی.

میدیا، لەوانەش سۆشیالمیدیا، پێویستە وەک ڕێڕەوێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی بەکار بهێنرێت لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی گفتوگۆ و بێلایەنبوون و کارکردن لەسەر پڕۆسەی ئاشتەوایی. ئەم پەیامە میدیاییانە کاریگەر بوون لەسەر ڕای گشتی لە کاتی ڕووداوە سەختەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا میدیا دەبێت بیسەلمێت کە بە هەمان شێوە ڕۆڵی هەیە لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەیوەندیی ستراتیژی لە کۆمەڵگەکانی دوای ململانێدا.

بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوەیە شیکردنەوەی لاوەکیی ٧٠ توێژینەوەی زانستییە لە ناو ئەو توێژینەوانەی کە لە زیاتر لە بیست وڵاتی دنیادا نووسراون، کە باسی بەڕێوەبردن و چارەسەری ململانێیان لە ڕێگەی میدیاوە ورووژاندووە بە تێڕوانینی جیاواز.

شیکارە لاوەکییەکان ئەوەیان نیشان داوە کە چۆن حکومەتەکان پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانیان بەکار هێناوە لە جەنگی هایبرید (وزە) و کۆنترۆڵی کۆمەڵگەکان وەک بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ داڕشتنی ڕای گشتی بەو شێوەی خۆیان مەبەستیانە. شیکارییە لاوەکییەکان چوار ڕەوتی توێژینەوەی گشتگیری لێ بوویەوە کە هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ململانێ لە ڕێگەی میدیاوە لەخۆ دەگرێت بە هەردوو دەرئەنجامە نەرێنی و ئەرێنییەکانەوە. توێژینەوەکە چەمکی سروشتیی دوو لایەنەی بەڕێوەبردنی ململانێکانی سەلماندووە.

سەرەڕای ئەوەش، پێداچوونەوەکە ئاماژەی بەوەش دەکات کە چۆن ڕۆڵی میدیا لە ململانێکاندا دەربڕی ئاڵەنگارییەکی ئەخلاقییە، بەڵام جگە لە پڕوپاگەندە و بانگەشەکردن بۆ شەڕانگێزی؛ ڕۆڵێکی دیاریش دەگێڕێت لە دەرخستی ڕاستییەکان و لێپرسینەوەی دیموکراسی و ئاشتیی جیهانی وەک کاریگەرییەکی ئەرێنی. بۆیە ئەم پێداچوونەوەیە پێویستیی هاوسەنگکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەگەڵ ئەخلاقیاتی بەکارهێنانی میدیا لە کاتی ململانێکاندا دیاری دەکات.

شیکارە ڕەخنەگرانەکە جەختی لەسەر تاکە ڕۆڵی میدیای سووریا کردەوە: وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە، نەک وەک سەکۆیەک بۆ لێپرسینەوە و بەڕێوەبردنی ململانێکان. بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕژێمانەی کە وەک ڕژێمی سووریا قۆناغی سیاسی و میدیایی ئەزموون دەکەن و دڵنیابوونەوە لە ڕێگاکانی بەکارهێنانی گوتاری دیموکراسی و ئاشتەوایی دوور لە پڕوپاگەندە.

توێژەرانی بەڕێوەبردنی ململانێ وەک حەیدەرراڤی و ئەنشۆری (٢٠٢٣)، لە نێو ئەوانی تردا پێشنیاریان کرد کە چوارچێوەیەکی چەمکی دابنێن کە پەیوەندیی نێوان سەرەتاکان و دەرئەنجامەکانی بەڕێوەبردنی ململانێ باس بکات، بەڵام ئەم چوارچێوەیە پێویستی بە پەرەپێدان و ئاماژەدان بە زەمینە و کەیسەکانی لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکانی پێشتر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ململانێ هەیە. ئەم بابەتە پێویستە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی بنیاتەکانی توێژینەوەدا ئەنجام بدرێت کە بە پێی چەندین حاڵەت جۆراوجۆر بێت نەک تەنها یەک حاڵەت.

سەرچاوەکان

  1. Abraham, R. (2012). Media and National Security. New Delhi: Knowledge World and Centre for Air Power Studies.
  2. Acácio, I. (2021). The militarization of responses to COVID-19 in democratic Latin America. Revista de Administração Pública, 55(1), https://doi.org/10.1590/0034-761220200475.
  3. Acampa, S. (2024). From Military Strategy to the Militarization of Information. In: From Dezinformatsiya to Disinformation. Springer, https://doi.org/10.1007/978-3-031-48435-3_1.
  4. Accioly, I., & Macedo, D. (Eds.). (2021). Education, equality and justice in the new normal: Global responses to the COVID-19 pandemic. Bloomsbury Publishing, https://shorturl.at/jYTx6.
  5. Adamson, J. (2024). I’ve never seen anything like this before—or since: Reflections on the Boxing Day tsunami. The Adelaide Now, retrieved from https://www.adelaidenow.com.au/news/opinion/boxing-day-tsunami-adelaide-journalist-jessica-adamson-recalls-indonesia-disaster-20-years-later/news-story/4750d6b8d2e9f3d42b8bdfb28e676860.
  6. Al Mounes, M. (December 20th, 2024). No longer Assad’s mouthpiece: Syrian media face uncertainty. Al-Monitor, retrieved from: https://www.al-monitor.com/originals/2024/12/no – longer -assads- mouthpiece: syrian -media – face uncertainty?form=mg0av3.
  7. Badran, Y. (2021). Syria: A Fragmented Media System. In Arab Media Systems. Edited, Open Book Publishers, pp.19-36, DOI:10.11647/obp.0238.02.
  8. Baloyi, M. et al. (2023). The role of social media in the Russia-Ukraine conflict. Journal of Cyberwarfare, 19(3), 200-215.
  9. Barón, L. F. (2018). Media and humanitarianism: Coverage, global responsibility, and mobilization in crises. Journal of Humanitarian Communication, 5(1), 34–50.
  10. Bayer, M., Croissant, A., Izadi, R., & Scheeder, N. (2023). Multidimensional measures of militarization (M3): A global dataset. Armed Forces & Society, 1(25), https://doi.org/10.1177/0095327X231215295.
  11. BBC (December 9th, 2024). Syria Media Guide, retrieved from https://www.bbc.com /news/world-middle-east-14703914?form=MG0AV3.
  12. Bratic, V. (2006). Peace-oriented media in post-conflict regions. Peace and Conflict Studies, 13(2), 3–25.
  13. Brooten, L. (2011). Media, militarization, and human rights: Comparing media reform in the Philippines and Burma. Communication, Culture & Critique, 4(3), 229–249, https://doi.org/10.1111/j.1753-9137.2011.01107.
  14. Chams Eddin, B. A. (2013). The Assad Regime’s propaganda: Manipulation through messaging at the beginning of The Arab Spring in Syria. Unpublished M.A. Thesis, The Graduate School of Arts and Sciences, Georgetown University.
  15. Cordray, D. S. (2001). Secondary Analysis: Methodology. International Encyclopedia of the Social & Behavioral Sciences, 13777-13780, retrieved from https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/B0080430767007579.
  16. Crilley, R. & Manor, I. (2024). Militarization 2.0: Social media and strategic communication. International Studies Review, 23(3), 1046-1064.
  17. Forest, J. J. F. (2021). Political Warfare and Propaganda: An Introduction. Journal of Advanced Military Studies, 12(1), 13-33, www.usmcu.edu/mcupress https://doi.org/10.21140/mcuj.20211201001
  18. Grayson, K. & Davies, M. (2017). Tweeting strategy: Military social media use. Armed Forces & Society, 43(4), 745-764.
  19. Haidarravy, S. and Anshori, M. I. (July 2023). Conflict Management: A Systematic Literature Review (SLR). Indonesian Journal of Contemporary Multidisciplinary Research, 2(4), 577-592, DOI:10.55927/modern.v2i4.4706
  20. Hallin, D. (1989). The uncensored war: The media and Vietnam. California: University of California Press.
  21. Hassan, B. K. (August 2023). The Role of the Media in Conflict Resolution and Management in Somalia. International Journal of Science and Research (IJSR), 12(8), 40-50, DOI:10.21275/SR23722160333
  22. Holland, S.L. and Novak, D.R. (2017). Critical Analysis. The SAGE Encyclopedia of Communication Research Methods, https://doi.org/10.4135/9781483381411.n109, retrieved from: https://methods.sagepub.com/ency/edvol/the-sage-encyclopedia-of-communication-research-methods/chpt/critical-analysis.
  23. Holliday, J. (2013). The Assad Regime: From Counterinsurgency to Civil War. Middle East Security Project. Institute For the Study of War (ISW), retrieved from: https:// understandingwar.org/report/assad-regime?form=MG0AV3.
  24. Issa, A. (December 2016). Syria’s New Media Landscape Independent Media Born Out of War. Policy Paper 2016-9, Middle East Institute (MEI).
  25. Jackson, S. T., Crilley, R., Manor, I., Baker, C., Oshikoya, M., Joachim, J., Robinson, N., Schneiker, A., Grove, N. S. & Enloe, C. (2020). Militarization 2.0: Communication and the normalization of political violence in the digital age. International Studies Review, 23(3), 1046–1071, https://doi.org/10.1093/isr/viaa035.
  26. James, A. B. (April 2024). The Role of Social Media In Peacebuilding And Conflict Resolution. International Journal of Current Sciences (IJCSPUB), 14(2), pp. 770-776.
  27. Jowett, G. S. & O’Donnell, V. (1999). Propaganda and persuasion.
  28. Khan, M. K. & Pratt, C. B. (2020). Strategic communications: The Pakistan military’s use of social media against terrorism. Media, War & Conflict, 1(36). https://doi.org/10.1177/1750635220972127.
  29. Laungaramsri, P. (2016). Mass surveillance and the militarization of cyberspace in post-coup Thailand. ASEAS – Austrian Journal of South-East Asian Studies, 9(2), pp. 195-214.
  30. Le, S. (2016). The relationship between the media and the military. Unpublished MA thesis. Harvard Extension School, retrieved from http://nrs.harvard.edu/urn-3:HUL.InstRepos:33797376.
  31. Lewis, J. (2008). The role of the media in boosting military spending. Media, War & Conflict, 1(1), pp. 108–117.
  32. Lystvak, H. and Levytska, O. (2024). Militarization of the Ukrainian publishing market during the Russo-Ukrainian war since 2014. Horyzonty Polityki, 15(51), pp. 143–160, https://doi.org/10.35765/HP.2493.144.
  33. Maltby, S. (2012). The mediatization of the military. Media, War & Conflict, 5(3), pp. 255–268. https://doi.org/10.1177/1750635212447908.
  34. Mangat, R. K. (2018). Tweeting Strategy: Military social media use as strategic communication. Unpublished Doctoral Dissertation. Wilfrid Laurier University, retrieved from https://scholars.wlu.ca/etd/2071.
  35. Marciano, A. & Yadlin, A. (2021). Media coverage of COVID-19 state surveillance in Israel: The securitization and militarization of a civil-medical crisis. Media, Culture & Society, 44(3), pp. 445–463. https://doi.org/10.1177/01634437211037008.
  36. Metzl, J. (1997). Rwandan genocide and the international law of jamming. American Journal of International Law, 91(4), pp. 628-651.
  37. Miller, R. A. & Bokemper, S. E. (2016). Media coverage and the escalation of militarized interstate disputes, 1992–2001. Media, War & Conflict, 9(2), pp. 162–179, https://doi.org/10.1177/1750635216648116.
  38. Paul, C. & Kim, J. J. (2004). The Relationship Between the Press and the Military: A Starting Point. In Reporters on the Battlefield: The Embedded Press System in Historical Context. RAND Corporation, retrieved from https://www.jstor.org/stable/10.7249/mg200rc.9.
  39. Porch, D. (2002). No bad stories: The American Media – Military relationship. Naval War College Review, 55(1), pp. 85-107, retrieved from: https://digital-commons.usnwc.edu/nwc-review/vol55/iss1/6.
  40. Puddephatt, A. (2006). Media, youth, and identity in the age of globalization. Sage Publications.
  41. Rais, F.R. (Autumn 2004). Syria under Bashar Al Assad: A profile of power. Strategic Studies, 24(3), pp. 144-168.
  42. Schulzke, M. (2011). Creating an enemy: Social militarization in the war on terror. Canadian Political Science Review, 5(2), pp. 157–164, retrieved from https://ojs.unbc.ca/index.php/cpsr/article/view/257/353.
  43. Stern, J. (December 2015). The militarization of the press in Syria – Committee to Protect Journalists, retrieved from https://cpj.org/2015/12/militarization-of-the-press-in-syria-journalists-killed/?form=MG0AV3.
  44. Sundar, K. (2010). Media’s role in peacebuilding: Perspectives from post-conflict India. Global Media Journal, 6(1), pp. 40-57.
  45. Taylor, P. M. (1995). Munitions of the mind: A history of propaganda from the ancient world to the present day. Manchester University Press.
  46. Teer-Tomaselli, R. (2001). The role of South African media in post-apartheid reconciliation. Media Studies Journal, 15(2), pp. 120–138.
  47. Thankachan, K. & Thomas, P. E. (2021). Media framing and its effects on conflict: A thematic approach to framing as a means of control. International Journal of Advanced Academic Studies, 3(4), pp. 6-13.
  48. Thompson, K. (2014). Transitional justice and the role of radio in Liberia. Journal of African Media Studies, 6(3), pp. 245-260.
  49. Whittemore, L. (1990). CNN and the shaping of U.S. foreign policy. Journal of Mass Media Studies, 12(3), pp. 22–31.
  50. Zeigler, C. E. (2018). International dimensions of the electoral processes: Russia, The USA, and the 2016 elections. International Politics, 55, pp. 557-574.
  51. Zittrain, J. (2017). “Netwar”: The unwelcome militarization of the Internet has arrived. Bulletin of the Atomic Scientists, 73(5), pp 300–304, https://doi.org/10.1080/00963402.2017.1362907.

___________________

[1] شیکاری لاوەکی (A secondary analysis) ئاماژەیە بۆ پرۆسەی شیکردنەوەی ئەو زانیاری و داتایانەی کە پێشتر لەلایەن کەسێکی ترەوە بۆ مەبەستێکی جیاواز کۆکراونەتەوە. لەبری ئەوەی توێژەران داتای نوێ کۆبکەنەوە، دێن سود لە کۆمەڵە داتاکانی ئێستا وەردەگرن و بەکاریان دەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لە گریمانە و پرسیارە نوێیەکانی توێژینەوەکەیان، سەلماندن و خستنەڕووی دۆزینەوەکان، یان بەدەستهێنانی تێگەیشتنی زیاتر و نوێ دەربارەی پرس و گریمانەی توێژینەوەکەیان.

Send this to a friend