ڕۆڵی كۆمپانیا نەوتییەكانی ڕووسیا لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە عێراقدا
ئامادەكردن: ئایندەناسی
پیشەسازیی نەوت لە ڕووسیا؛ یەکێکە لە گەورەترین پڕۆسەكانی بەرهەمهێنانی پەترۆڵ لە جیهاندا، بەو پێیەی ڕووسیا خاوەنی زۆرترین یەدەگی غازی سروشتی و گەورەترین لایەنی هەناردەکارە، هەمان كات خاوەندارێتیی دووەم گەورەترین یەدەگی خەڵووز دەكات، لە كاتێكدا هەشتەم گەورەترین یەدەگی نەوتی لە سەر ئاستی جیهان هەیە، هەر بۆیە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی پەترۆڵ و بووەتە سێیەم گەورەترین بەکارهێنەری وزە لە سەر ئاستی گشتیدا.
ڕووسیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2015دا، بە تێکڕای ڕۆژانە 10.83 ملیۆن بەرمیل (1,722,000 م3) نەوتی خاوی بەرهەم هێناوە، واتە لە 12%ی نەوتی جیهانی بەرهەم هێناوە، بەم پێیە پشکێکی كارای لە نێو پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی جیهانی هەبووە. ئەگەرچی پێشتر و لە مانگی حوزەیرانی 2006دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و کۆندێنساتی ڕووسیا گەیشتە بەرزترین ئاست کە 9.7 ملیۆن بەرمیل (1,540,000 م3)ە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2000دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە 3.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕی (510,000 م3/ڕۆژ). تێکڕای خواستی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٠٥دا؛ ٢.٦ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا (٤١٠ هەزار م٣/ڕۆژ). تاكوو ئەم قۆناغەش، ڕووسیا وڵاتێكی سەرەکی بوو لە گواستنەوەی نەوت لە کازاخستانەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
لە هەمان كاتدا، ڕووسیا خاوەنی گەورەترین یەدەگی بەرچاو و سەلمێنراوی غازی سروشتییە لە جیهاندا، كە بە پێی ئاماری ڕێكخراوی ”ئۆپیک” ڕێژەكانی بریتین لە: (سی ئای ئەی: ٤٧.٦ تریلیۆن مەتر سێجا، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا: 47.8 ترلیۆن مەتر سێجا، ئۆپیک: 48.7 ترلیۆن مەتر سێجا، بەڵام کۆمپانیای ”بی پی” تا ١ی تەممووزی ٢٠١٤ تەنها ٣١.٣ ترلیۆن مەتر سێجای بە ڕووسیا داوە، لەم ڕیزبەندییەدا ڕووسیا لە دوای ئێرانەوە لە پلەی دووەمدایە كە تێكڕا (٣٣.١ بۆ ٣٣.٨ ترلیۆن مەتر سێجا)ی بە پێی هەمان سەرچاوە وەدەست خستووە.
جگە لەوەی کە ڕووسیا گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی گازی سروشتیی لە جیهاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی خەمڵاندنەکانی ”لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجیی ئەمەریکا”، پێدەچێت گەورەترین یەدەگی غازی سروشتیی نەدۆزراو لە جیهاندا هەبێت كە تێکڕاكەی بە ئەگەری ٦.٧ ترلیۆن مەتر سێجا خەمڵێنراوە، جگە لەوە دەزگاكە مەزەندەی ئەوەی كردووە كە نەوتی نەدۆزراو و دەستلێنەدراوی ڕووسیا بگاتە 22 ملیار بەرمیل، بەم پێیە دەبێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە جیهاندا دوای عێراق.
لەم بارەدا پیشەسازیی نەوتی ڕووسیا پڕۆسەیەكی گەورەی بەرهەمهێنان و بەكاربردنە، تەواوی دەزگا و دامەزراوە پەترۆڵییەكانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وڵاتەكە پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورە هەیە، هەر بۆیە پڕۆسەی گەشەكردن و بەهێزبوونی ئابووریی وڵاتەكەیان بە گەشەسەندنی خواستی ناوخۆیی و جۆرەکانی سەرچاوەی وزە لە (نەوت، گاز، ئەتۆمی، خەڵووز، وزەی ئاو، کارەبا) بەستووەتەوە، لە نێو ئەو پڕۆسەیەشدا سەرجەم بۆرییە نەوتییە گەورەکان (جگە لە کۆنسۆرتیۆمی بۆرییەکانی کاسپیان) لە لایەن کۆمپانیای ”Transnef”ی سەر بە دەوڵەتەوە خاوەندارێتی دەكرێن، هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی گرنگترین و كاریگەرترین کۆمپانیاکانی نەوت و غازی ڕووسیا ئاڕاستە دەكرێن كە لە نێو ڕیزبەندییەكانی دامەزراوە پەترۆڵییەكانی وڵاتەكەدا پێک هاتوون لە: گازپرۆم(Gazprom) ناسراو بە قۆرخکاری غازی سروشتیی نێودەوڵەتی، گەورەترین کۆمپانیای گەڕان و بەرهەمهێنانی غازە لە جیهاندا، لوکۆیل (Lukoil)، ڕۆسنەفت ( (Rosneft(کۆمپانیای دەوڵەتی ڕووسی بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گاز)، سورگوتنێفتیگاس Surgutneftegas))، تاتنێفت (Tatneft)، نۆرسگاس Northgas))، ترانسنێفت (Transnef) (ئەم کۆمپانیایە سەر بە دەوڵەتە و قۆرخکاری لە سەر بۆرییەکانی ڕووسیا هەیە)، باشنەفت (Bashneft) (کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ڕووسی و یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتەكە)، ئیتێرا (Itera)، نۆڤاتێک (Novatek)، ڕوسنەفتیگاز Rusneftegaz)).
كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی ڕووسیا لە كاراترین ئەو دامەزراوە پەترۆڵییانەن كە لە ئاستێكی فراوان و كاریگەردا سەرقاڵی پڕۆسەكانی (پشكنین، دۆزینەوە، دەرهێنان، پاڵاوتە و بەرهەمهێنانن)، لەم ڕووەوە بوونەتە پێشەنگی ئەو مەزنەكۆمپانیایانەی كە بە شێوەیەكی چڕ لە نێو ڕووبەرێكی بەرفراوانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی مانۆڕ دەكەن، لەم نێوەندەدا عێراق بووتە كێڵگە و مەكۆی هەڵسووڕانی ئاشكرای بەرژەوەندییە جیۆئیكۆنۆمییەكانی كۆمپانیاكانی ڕووسیا، بە جۆرێک لە ڕاپۆرتێكی دامەزراوەی ”نرخەكانی پەترۆڵ بۆ نەوت و هەواڵەكانی وزەی جیهانی” تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ڕووسیا گەورەترین دۆزەرەوەی نەوتی عێراقی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوو کۆنترۆڵ كردووە، هەمان كات ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان پێیان وایە کە کێڵگەی نەوتی ”ئێریدو”ی عێراق لە نێوان (٧-١٠) ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی هەیە، زیاتر لەوە پێی وایە کێڵگەی ”ئێریدو” کە بەشێکە لە ناوچەی گەڕان و پەرەپێدانی بلۆکی ١٠ی عێراق، گەورەترین دۆزراوی بەرهەمی نەوتە لە عێراق لە ماوەی ٢٠ ساڵدا كە سەرجەمی لە ژێر چنگی ڕووسیادایە، شانبەشانی هاوپەیمانی سەرەکی و جیۆپۆلەتیکی خۆی کە چینە. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی مۆسکۆ و پەکین کە ڕۆژئاوا لە ڕێککەوتنەکانی وزە لە عێراق دوور بخاتەوە بۆ ئەوەی بەغدا لە ناوەندە نوێیەکەی ئێران و سعودیە نزیکتر بمێنێتەوە و نیشانەیەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان كات ماڵپەڕی ”OilPrice.com” ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆمپانیای ئینپێکس (Inpex)، كە کۆمپانیای گەورەی نەوتی ژاپۆنی هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمەریکایە، بۆ فرۆشتنی پشکەکانی لە سەددا ٤٠ی لە ناوچەی بلۆکی ١٠ کە دۆزینەوەی گەورەی ئێریدۆی تێدایە و ڕووسیا خاوەندارێتیی دەكات، ڕێگەكە ڕوون دەکاتەوە بۆ کۆمپانیای لوکۆیل کە کۆنترۆڵی بێڕكابەری تەواوی ئەو كێڵگە دەوڵەمەندە بكات.
لەم ڕووەوە ماڵپەڕی ”ئەلجەزیرە نێت” ئاماژە بەوە دەكات كە ڕووسیا ڕۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش وای کردووە یەکێک بێت لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا. ئەورووپا نزیکەی 25%ی پێویستی نەوتی و 40%ی پێویستیی غازی سروشتی لە ڕووسیا هاوردە دەکات. هەمان كات کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) لە ڕاگەیاندنێكی فەرمیدا ڕایگەیاندووە کە بەرزترین ڕێژەی هەناردەکردنی لە ماوەی (2020-2022) بەدەست هێناوە، تەنانەت بە ڕێژەی 3 ملیۆن و 314 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بە بەراورد بە ڕابردوو 112 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە، بەم پێیە کۆی گشتیی وەبەرهێنانەکانی ڕووسیا لە کەرتی وزە لە عێراقدا 13 ملیار دۆلار بووە. بە پێی چاوپێکەوتنێکی پێشووی ماکسیم ماکسیمۆڤ باڵوێزی ڕووسیا لە بەغدا، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا، وەک: زارۆبێژنەفت، ئەسترۆترانسکاز، تاتنەفت، سوێژنەگاز و ئاریێل نەفتگاس خزمەتگوزاری، هەنگاوی کاریگەر دەنێن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و چوونە ناو بازاڕی نەوت و غازی عێراقی.
ڕووسیا خاوەنی چەندین کۆمپانیای نەوتییە لە عێراق، لەوانەش کۆمپانیای گازپرۆم، هەروەها پڕۆژەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە کێڵگەی بەدرە لە پارێزگای واست هەیە. یەدەگی کێڵگەی بەدرە یەکسانە بە 3 ملیار بەرمیل نەوت، لە كاتێكدا کۆمپانیاکە پشکی 40%ی کێڵگەی نەوتی بەدرە کە لەگەڵ 3 کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی بوارەکە لە چوارچێوەی خولی دووەمی مۆڵەتدان و پشکی 30%ی کۆمپانیاکە کۆمپانیای کۆریی “KOGAS”، کۆمپانیای تورکیی “TBO (TBO)’s” ڕێژەكەی گەیشتە 10%، هەروەها کۆمپانیای لوکۆیل خاوەنی 75%ی پڕۆژەی ڕۆژئاوای ”قورنە دوو”ە، لەكاتێكدا کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق خاوەنی (25%)ە.
لە لایەكی ترەوە ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی ”OilPrice.com”، كە بەناوی سیمۆن واتكنز (Simon Watkins) بڵاو بووتەوە، ئاماژە بەوە دەكات کۆمپانیای لوکۆیل ٦٠%ی پشکەکانی لە تەواوی بلۆکی ١٠دا هەیە، هەمان كات کۆمپانیای نەوتی ”زیقار” کە سەر بە دەوڵەتە لە عێراقە و لە لایەن كۆمپانیای ”DQOC” بە فەرمی پەسەندی پەرەپێدانی یەدەگەکانی بلۆکی ١٠ی کردووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی بلۆکی ١٠، كە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، نزیکەی ١٢٠کم لە ڕۆژئاوای ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوت لە بەسڕە دوورە و تەنها لە باشووری کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکانی ناو شاری ناسڕیە و دەوروبەری. گرێبەستی بلۆکی ١٠ کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا بە کۆمپانیای لوکۆیل و ئینپێکس درابوو، ڕێژەیەکی تا ڕادەیەک بەرزی پاداشت بۆ هەر بەرمیلێک دەدات کە ٥.٩٩ دۆلاری ئەمەریکییە، ئەمانە لە كاتێكدا لە ساڵی 2021، دوای هەندێک تاقیکردنەوەی سەرەتایی، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند پێشبینی دەکات تا ساڵی 2027 لوتکەی بەرهەمهێنانی لانی کەم 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە كێڵگەی ئێریدۆوە بە سەرپەرشتیی ڕووسیا بەرهەم بهێنن، واتە لە نێو پڕۆسەی بەرهەمهێنانەكەدا لانی کەم 100,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر بەرهەم دێنن لە ژمارەكانی پێشوو، ئەمەش بەندە بەوەوە کە ئایا خەمڵاندنی یەدەگی نوێ ڕاستە یان نا، هەر چەندە بە لەبەرچاوگرتنی دواکەوتنی گەشەپێدان لە ساڵی (2021)ەوە، ئەو ڕێکەوتەی کە بەدەست دەهێنرێت تاكوو کۆتایی ساڵی 2029 خەمڵێنراوە.
لە چوارچێوەی كاریگەریی كۆمپانیا پەترۆڵییەكانی ڕووسیا لە عێراقدا، ”زانكۆی جۆپكینی حكومیی ڕووسیا بۆ نەوت و غاز” لە توێژینەوەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە ساڵی ٢٠٢١دا، بەر لە كشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا، ڕاپۆرتێكی دامەزراوەی ”واشنتن بلاس” باسی لەوە كردووە كە ڕووسیا و چین لە داڕشتنی پلانێكی درێژخایەندان لە عێراق، تەنانەت جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەو كاتەی ئەمەریكا (دانا سترۆل) وتوویەتی: “بۆ ئەمەریكا ڕوونە کە هەندێک وڵات لە نەوتی عێراقیان دەیانەوێت، بگرە پارێزگاریی لێ بکەن، کە ڕەنگە بتوانن زیاتر لە ئەمەریکاوە بەدەست بهێنن بە تاقیکردنەوە و هاوکاریی قووڵتر لەگەڵ یەكدا، بە تایبەت چینیی و ڕووسەکان”. ئەم بۆچوونە بەو واتایە بوو كە نەک تەنها عێراق، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە نێویاندا سعودیە و ئیمارات، لە نێو ئەو ئامانجە ڕووسییەدا بن.
ڕاپۆرتەكە بۆ عێراق جێبایەخ بوو، بە تایبەت لە دەستبەسەرداگرتنی کاریگەرییەكانی ڕووسیا لە پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی نیمچەسەربەخۆی کوردستانی پڕ لە کێشە لە باكووری عێراقدا، ئەویش پاش کۆنترۆڵی ڕووسیا بەسەر كێڵەگە نەوتییەكانی کوردستانی عێراقدا لە ڕێگەی پرۆکسی کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەتەوە، لە نموونەی ڕۆسنەفت. دوابەدوای ئەمەش، ڕووسیا دەستکاریی بلۆكەكانی ناوچەکەی کرد و تەنانەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕووبەڕووی حكومەتی ناوەندی لە بەغداد بووەوە، لەكاتێكدا هێشتا ڕووسیا پلانی ئەوەی هەیە كە كار بۆ هێنانەناوەوەی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی دەكات، هەر بۆیە لە ئێستادا ڕووسیا و چین هەنگاو دەنێرن بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستیی خۆیان بەسەر تەواوی عێراقدا.
پاڵنەرەكانی بەرزبوونەوەی تواناكانی بەرهەمهێنان لە عێراقدا بە پاڵپشتیی ڕووسیا
بە پێی ڕاپۆرتێكی سیمۆن واتكنز (Simon Watkins)، لە كتێبی ”نەزمی نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی”دا هێما بۆ ئەوە كراوە كە ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٧دا کەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانی عێراقی بە ”چوار” هۆکاری بنچینەیی کۆنترۆڵ کردووە، ئەوانیش:
یەکەم: هەرێمی كوردستانی عێراق یەدەگی بەرچاوی نەوت و غازی هەیە.
دووەم: كێشە و ئاریشە سیاسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كە لە دەرەوەی بەغداد بەڕێوە دەبرێت، ڕێگە بە ڕووسیا دەدات ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان هەردوو بەشەکەی وڵاتەکەدا بگێڕێت، ئەمەش کاریگەری لە سەر هەردوو لا بە ڕووسیا دەبەخشێت.
سێیەم: دواتر ئەم هەنگاوانە بەکار بهێنرێن بۆ درێژکردنەوەی دەستی ڕووسیا بەسەر باشووری عێراقیشدا کە یەدەگی نەوت و غازی زیاتری هەیە.
چوارەم: نێوەندگیرییەكان ڕێگە بە ڕووسیا دەدات کە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بکات بۆ دەستپێکردنی بنیاتنانەوەی کاریگەرییەکانیان لە وڵاتەکەدا. ئەم خاڵە کۆتاییە دوای دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران (سپۆنسەری سەرەکیی ناوچەی عێراق) و سعودیە بە نێوەندگیریی چین، دەنگدانەوەی زیاتری بەدەست هێنا، بە تایبەتی سەرچاوەیەک کە لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئاسایشی وزەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، لەو کاتەدا بە ماڵپەڕی ”OilPrice.com”ی ڕاگەیاندووە، ئێران لە لایەن بەرپرسێکی پلە باڵای کرێملینەوە پێی گوتراوە کە: ”بە دوورخستنەوەی ڕۆژئاوا لە ڕێککەوتنەکانی وزە لە عێراق -و نزیکتر لە میحوەرە نوێیەکەی ئێران -سعودیە- کۆتاییهاتنی هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە لاپەڕەی یەکلاکەرەوە لە کۆتاییهێنان بە ڕۆژئاوا”.
هەر چەندە ڕاپۆرتەكەی ”زانكۆی جۆپكینی حكومیی ڕووسیا بۆ نەوت و غاز” پێی وایە لەگەڵ ئەوەی داهاتووی دابینکردنی نەوتی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی ناجێگیردایە، بەڵام ڕووسیا بە توندی دەچێتە دوا قۆناغەکانی پلانە جیۆئیكۆمۆنییەكانی لە عێراق. تاقیکردنەوەكانی ڕووسیا بۆ هەردوو لایەن ئەوەیە کە دواجار ڕووسیا کاریگەریی لە سەر زیادبوونی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکەی ڕۆژئاوای ”قورنە ٢ی عێراق” دەبێت. ئەم کێڵگەیە لەگەڵ کۆمپانیای سوپەرزەبەلاحی ڕومایلا كە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە خاوەندارێتی دەكرێت، دەبێتە پایەیەكی بەهێز لە هاوبەشییەكانی ڕووسیا بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نزیکەی ٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تاكوو ساڵی ٢٠٢٧، بە تایبەت كە تەواوی کێڵگەی نەوتی قورنەی ڕۆژئاوا؛ 65 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای بەندەری بەسڕە لە باشووری وڵاتەکەیەوە دوورە. کۆی گشتیی یەدەگی نەوتی وەرگیراو بە 43 ملیار بەرمیل مەزەندە کراوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان. ڕۆژئاوای قورنە ٢ یەدەگی نەوتی وەرگیراوی بە نزیکەی ١٣ ملیار بەرمیل خەمڵاندووە و وەک زۆربەی کێڵگە گەورەکانی عێراق، ئێران و سعودیە، سوودمەند دەبن لە کەمترین تێچوو لە سەر ئاستی جیهاندا کە تەنها ١-٢ دۆلاری ئەمەریکی بۆ هەر بەرمیل دەكات.
ڕاپۆرتێكی ماڵپەری ”ئەلجەزیرە نێت” پێی وایە پلانی پەرەپێدانی سەرەتایی بۆ کێڵگەی ڕۆژئاوای قورنە ٢ بریتی بووە لە بەرهەمهێنانی ١.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئەمە لە ساڵی ٢٠١٣دا هەموار کرایەوە بۆ پلانێکی سێ قۆناغی کە تێیدا لوتکەی بەرهەمهێنان ١.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت. قۆناغی یەکەم نزیکەی 120,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات بۆ بەرهەمهێنانی سەرەتای 30,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، قۆناغی دووەم 400,000 بەرمیل تری لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات لە گەشەسەندنی تەواوی پێکهاتەی گشتیی بەرهەمهێنان.
قۆناغبەندیی بەرهەمهێنانی پەترۆڵی عێراق لە لایەن ڕووسیاوە
ئاسایشی وزەی ڕووسی لە مانگی تشرینی دووەمی 2023دا ئاماژەی بەوە داوە لە نێو قۆناغبەندیی بەرهەمهێنانی پەترۆڵ لە عێراقدا، ڕووسیا ڕووبەڕووی چەند گیروگرفتێک بووەتەوە، چونكە بڕی بەرهەم و پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو (2019-2023) ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و كەمتر جووڵەی كردووە. سەرەتای کێشەکە ئەوە بوو کە نەوتی کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە عێراق، بە تایبەت لە لایەن كۆمپانیای لوکۆیل، ئاماژەیان بەوە دابوو ئاستی ئەو پاداشتەی کە بۆ هەر بەرمیلێکی تەواو وەریدەگرن زۆر نزمە. بۆ هەر بەرمیلێک کە وەرگیراوەتەوە، 1.15 دۆلاری ئەمەریکی دەدرا -کەمترین ڕێژەیە کە لەو کاتەدا بە هەر کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتی (IOC) لە عێراقدا دەدرا، ئەویش بەراورد بەو 5.50 دۆلاری ئەمەریکییەی کە دەدرا بە گازپرۆم نێفت بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بەدرا كە ڕێژەكەی گەلێک بچووکتر بوو. خراپترکردنی دۆخەکە بۆ لوکۆیل لەو کاتەدا ئەوە بوو کە پێشتر لانی کەم ٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکیی لە پەرەپێدانی قورنە ٢ی ڕۆژئاوا خەرج کردبوو و ئاڵۆزترکردنی ئەم گازندانەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە وەزارەتی نەوتی عێراق هێشتا نزیکەی ٦ ملیار دۆلاری ئەمەریکی وەک پاداشت قەرزاری بەرمیلە وەرگیراوەکانە.
جیا لەوە، ماڵپەڕی ”OilPrice.com”ی ڕایگەیاندووە كۆمپانیای لوکۆیل دڵنیا کراوەتەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە خێرایی ئەو ٦ ملیار دۆلارە ئەمەریکییە دەدات کە قەرزاری کۆمپانیاکە بووە، جگە لەوەش وەزارەتی نەوت ڕەزامەند بووە لە سەر درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستی کۆمپانیای لوکۆیل لە ٢٠ ساڵەوە بۆ ٢٥ ساڵ، بەمەش تێکڕای تێچووی ساڵانەی کۆمپانیا ڕووسییەکەی کەم کردەوە. هەروەها ڕێککەوتن کرا کە کۆمپانیای لوکۆیل لانی کەم یەک ملیار و نیو دۆلاری ئەمەریکی لە قورنە ٢ی ڕۆژئاوا وەبەرهێنان بکات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ئاستی ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، نزیکتر لە ئامانجی لوتکەی بەرهەمهێنانی ١.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ڕاپۆرتێكی ساڵانەی خەمڵاندن کە لە لایەن كۆمپانیای لۆكۆیل هاتووە، بەشێک لە مانۆڕەکانی ڕووسیا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە قورنە ٢ی ڕۆژئاوا بەئاكام نەگەیشتووە، زیاتر لەوە لوکۆیل ئەو کاتە دەیزانی کە توانای بەرهەمهێنانی لانی کەم ٦٣٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە، ئەگەرچی پێشتر کۆمپانیای نەوتی ڕووسی لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ٢٠١٧دا لە ماوەی درێژخایەندا ٦٥٠ هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێنابوو و تەنانەت دڵنیاییان دابووە حكومەتی عێراق کە بەرهەمهێنانی ٦٣٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە شێوەیەکی بەردەوام بەبێ هیچ کێشەیەک دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. بەڵام لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، وەزارەتی نەوتی عێراق بۆی دەرکەوت کە کۆمپانیای لوکۆیل دەستی بەسەر ئەواندا گرتووە. هەڕەشەی ڕاگرتنی هەموو پارەکانی بە هۆی لوکۆیل کرد تا دەستی کرد بە زیادکردنی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەردەوام تا ئاستی ٦٣٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە تاقیکردنەوەکانی بەرهەمهێنانی خۆی دەریانخستبوو کە بە تەواوی دەتوانرێت ئەم ئاستە لە گرێبەستێكی ماوە درێژ تاكوو 2035 بە ڕێژەیەكی بەرز بەدەست بهێنرێت. لە بەرامبەردا و دوای کشانەوەی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی باڵای کۆمپانیای لوکۆیل پێیان وا بوو کە کاتی گونجاوە هەوڵ بدرێتەوە وەزارەتی نەوت ناچار بکات ڕێز لە بەڵێنەکانی پێشووی خۆی بگرێت بۆ زیادکردنی قەرەبووی هەر بەرمیلێک لە کێڵگەی قورنە ٢ی ڕۆژئاوا. لوکۆیل ئاماژەی بەوەش کرد ئەو داهاتەی ساڵانە لە سەددا 18.5ی ئەو کێڵگەیە بەدەست ناهێنێت کە چاوەڕێی دەکرد، تەنها نزیکەی لە سەددا 10ی لە ڕاستیدا سەلمێنراوە، هەر بۆیە هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە وەزارەتی نەوت پێویستی بە باشترکردنی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و عێراق هەیە، ئەگەرنا كۆمپانیاكە لە پڕۆژەکە دەردەچێت. جێگای سەرسوڕمانە بۆ ڕووسەکان وەڵامی وەزارەتی نەوت ئەوە بوو کە بڵێت باشە ئەگەر لۆکۆیل بیەوێت بڕوات، بەڵام پێش ئەوەی ئەو کارە بکات قەرەبوو دەداتەوە لە بریی ئەو وەبەرهێنانە پێشوەختەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ بەڵێنی پێ دابوو و لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە بەڵێنی دابوو، وەک خۆی ئەو ئامانجە هەستیارانەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەدی نەهێنابوو کە لە سەری ڕێک کەوتبوو.
کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسیا و گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی ناسڕیە
سیمۆن واتكنز (Simon Watkins) لە ڕاپۆرتێكیدا بۆ ماڵپەڕی ”OilPrice.com”، ئاماژەی بەوە دا كە کۆمپانیای زەبەلاحی غازی ڕووسی گازپرۆم گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ناسڕیە لە ناوچەی ستراتیژی باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق کە نزیکە لە تێرمیناڵی سەرەکیی هەناردەکردنی فاو لە بەسڕە پێ بەخشراوە، لە نزیکەی هەمان کاتدا ڕاگەیەنرا کە کۆمپانیای ئەندازیاری و بیناسازیی نەوتی چین (CPECC) و پترۆچینا تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ پڕۆژەی غازی ”حەلفایا” تەواو دەکەن. کێڵگەی ”حەلفایا” ١٧٥ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کێڵگەی نەوتی ناسڕیە دوورە و لەگەڵ بەسڕە لە باشوورەوە سێگۆشەی کاریگەری نەوت و سەرچاوەكانی وزە پێک دەهێنن، کە چەندین گەشەپێدانی گەورەی نەوت و گاز لە ڕێگەی ڕووسیا و چینەوە لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئەمە وەک ناوەندێکی لۆجستییە بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی نەوت و غازی چین و ڕووسیا لە عێراق، كە بێگومان كاریگەریی لە سەر بنیاتنانی چەندین پڕۆژەی نانەوتیی پەیوەست بە ”ڕێککەوتنی چوارچێوەی عێراق-چین” دەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتێكی فەرمیی ”كۆمپانیای سۆمۆ”، کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکەی ناسڕیە بە 4.36 ملیار بەرمیل یەدەگ (تەنها لەو شوێنەی تاكوو 2024 كاری تێدا دەكرێت) مەزەندە دەکرێت، بەڵام لە دوای دۆزینەوەی چەند چیاوگێكی تر لە پارێزگای زیقار لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق لە ساڵی 1975، کارێکی کەم بۆ پەرەپێدانی نەوتەکە کراوە. بە شێوەیەکی تاقیکاری لە ساڵی ٢٠٠٩دا هاتە سەر کار و لە پلانی خێرای ساڵی (٢٠٠٩-٢٠١٠)ی عێراقدا هاتە ناوەوە کە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی بوو بۆ نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەر بۆیە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩دا ئەم پڕۆژەیە پێشكەشی کۆمپانیای ”ENI”، نیپۆن ئۆیل، شیڤرۆن و ڕێپسۆڵ كرا، كە تێیدا پێشنیاری پەرەپێدانی كردبوو لە سەر بنەمای گرێبەستی بیناسازی و ئەندازیاری (EPC) لەگەڵ کۆمپانیایەک کە پێک هاتووە لە نەوتی نیپۆن، ئینپێکس و کۆمپانیای ”JGC” کە بڕیارە گرێبەستەکە بباتەوە، چونكە ڕووسیا پشتیوانی دەكات، پاشان پلانی گەشەپێدان لە كێڵگەی ناسڕیە فراوانتر کرا وەک بەشێک لەو پڕۆژەیەی ناو نرا ”پڕۆژەی یەکگرتووی ناسڕیە (NIP) کە پاڵاوگەیەکی 300,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەخۆ دەگرێت. ئەمەش بەشێک بوو لە پلانی عێراق لەو کاتەدا بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتنی لە سەرانسەری باشوور بە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا (لەو کاتەدا) کۆتایی ساڵی 2015. گرێبەستەکان بە شێوەیەکی بەرایی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی نەوت (IOC) كار بۆ جێبەجێکردنی كرا، كە بە نزیکەی 50 ملیار دۆلاری ئەمەریکی وەبەرهێنان بۆ ئەم جۆرە پێشهاتانە لە کەربەلا، کەرکووک، میسان، موسڵ و ناسڕیە تەرخان کراوە. دیسانەوە ئەم پلانانە تووشی دواکەوتن و گۆڕانکاری بوون. دواتر گرێبەستێك بە مەبەستی گەشەپێدان گەشەپێدان کە لە مانگی شوباتی 2024 لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆم لە كێڵگەكانی ناسڕیە هاتە كایەوە، بەڵام پلانەکانی پێشووی پاڵاوگەکە لەخۆ ناگرێت، ئەمەش ڕێگە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی چینی بۆ وەرگرتنی پڕۆژەی پاڵاوگەکە وەک سەرچاوەیەکی باڵا کە لە نزیکەوە کار لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێرانیش دەکات.
پشتێنەی ڕووسی-چینی و هەوڵەكان بۆ جڵەوكردنی ڕۆڵی ئەمەریكا لە عێراق
پەکین لە مێژە گەشەسەندنی پارێزگای زیقار وەک کلیلی ستراتیژی و ناوەندێک بۆ گەشەسەندی ڕۆڵی خۆی لە عێراقدا دەبینێت، وەک چۆن لەگەڵ ئێرانی دراوسێدا کردوویەتی، ئەگەرچی لە دۆسیەی تاراندا ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی ”ڕێککەوتنی هەمەلایەنەی ئێران و چین بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە” بەدی هاتووە كە ئامانج لێی داڕشتنەوەی بازاڕی نوێی نەوتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە بێگومان ئەم ستراتیژە بێ پشتیوانیی ڕووسیا و عێراق ئاستەم دەبێت، هەر بۆیە چین هەمان جۆری ڕێکخستن بۆ عێراق بەکار دەهێنێت، وەک لە ”ڕێککەوتنی چوارچێوەی عێراق-چین”ی ساڵی 2021دا کە تا ڕادەیەک لە سەر بنەمایەكی هاوبەش و یەكسان داڕێژراوە، ئەمەش لە بەرامبەردا درێژکراوەی قەبارە و پانتایی ڕێککەوتنی ”نەوت بۆ ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان” بوو كە لە مانگی ئەیلوولی 2019 لە لایەن بەغداد و پەکین واژۆ کرا و ڕێگەی بە کۆمپانیا چینییەکان دا وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی ژێرخانی عێراق لە بەرامبەر نەوتدا بکەن.
ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن كە لە بنەڕەتدا چین بەنیازی ئەوە بوو ڕاستەوخۆ دەستی بگات بە دەستەبەرکردنی ئەو سامانانەی کە لە باشووری عێراق لە لایەن ڕووسیاوە كۆنترۆڵ كراوە، تا ئەندازەیەک درێژ بووەتەوە بۆ هەرێمی كوردستانیش، ئەم ستراتیژە لە ڕێگەی چەند هەنگاوێكەوە بەدی هاتووە، ئەوانیش:
یەکەم: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا کۆمپانیای ”ژێنهوا ئۆیل” كە لقێکی کۆمپانیای ”نۆرینکۆ”ی نوێنەری نەوتی دەوڵەتی چین، ڕێک کەوتن لە سەر دابینکردنی نەوتی پێشوەختە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە بڕی ٢ ملیار دۆلاری ئەمەریکی، جارێکی دیکە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە چالاکییەکانی چین لە بواری غازیشدا ببنە بەشێک لە پلانە بەرفراوانەکانیان و كار بۆ كەمكردنەوەی دەستی ڕۆژئاوا بكەن.
دووەم: فراوانکردنی بنیاتنانی پەکین لە پڕۆژەکانی نەوت و گاز لە سەرانسەری باشووری وڵاتەکەدا، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بوارەكانی (گەڕان، پەرەپێدان، پاراستن، ئاسایش و… هتد) لە لایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە.
سێیەم: وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی پێشووتر لەگەڵ ئێران -کە لە ڕێگەی بریکارە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانییەوە دەسەڵاتێکی گەورەی بەسەر عێراقدا هەیە، چین پێشتر دەستی کردبوو بە دروستکردنی پەیوەندییە لۆجستیکییە گەورەکان کە عێراقی بە پاڵپشتیی ئێران دەخزاندە بەرەی چینی-ڕووسی.
ئەم پەیوەندییە لۆجستییانە نەک هەر سوودیان بە چین گەیاند بە یارمەتیدانی بنیاتنانی کۆیەکی یەکگرتوو لە سەرانسەری سەرچاوە بەرفراوانەکانی نەوت و گاز لە ئێران و عێراق، بەڵکوو چەندین پێگەی پێ بەخشی بۆ ئامادەییەكی ئەمنیی بەردەوام لە سەرانسەری هەردوو وڵاتدا، چونكە کۆمپانیا نەوتییەکان بە پێی ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكان گەیشتبوونە ئەوەی جووڵەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی بە پێویست دەزانن بۆ پاراستنی سەروەت و سامانە بەنرخەکانیان لە سەر زەوی لە هەر وڵاتێکدا كە کاری تێدا بکەن، هەر بۆیە چین و ڕووسیا چەندین كارمەندیان بەو پاساوە لە سەرانسەری دامەزراوە سەرەکییەکانی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو كردووتەوە. ماڵپەڕی ”OilPrice.co” باس لەوە دەكات دوابەدوای ڕێککەوتنی نەوتی ژنهوا لە باشووری عێراق، بەغدا نزیکەی یەک ترلیۆن دینار (700 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی)ی ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ پڕۆژەکانی ژێرخانی شاری ئەلزوبەیر لە ناوەندی نەوتی بەسڕە لە باشووری عێراق. ڕاگەیاندنی ئەلزوبەیر لە دەوروبەری هەمان کاتدا بوو کە لە لایەن بەغداوە گرێبەستێکی گەورەی دیکەی بە کۆمپانیایەکی دیکەی چینی بەخشی بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی مەدەنی بۆ جێگرتنەوەی بنکەی سەربازی لە پارێزگای زیقار بە هاوكاریی ڕووسیا کە دەوڵەمەندە بە نەوت، لە كاتێكدا ناوچەی زیقار دوو لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت، یەکێکیان ناسڕیە و ئەوی دیکەیان ”غەرەف”ە، هەر بۆیە چینییەكان ڕایانگەیاند کە بەنیازن تا ساڵی ٢٠٢٤ فڕۆکەخانەیەک لەو ناوچەیە بكەنەوە، ئەوەش كارئاسانی دەكات بۆ دروستکردنی چەندین بینای گەورە كە ئەو ڕێگایانەی فڕۆکەخانەکە بە ناوەندی شارۆچکەی شارەکەوە دەبەستنەوە و بە جیا بە ناوچە نەوتییە سەرەکییەکانی دیکەی باشووری عێراقەوە گرێیان دەدات. لە گفتوگۆکانی دواتردا کە لە ”ڕێککەوتنی چوارچێوەی عێراق و چین”ی ساڵی ٢٠٢١دا بەشدار بوون، بە کۆی دەنگ لە لایەن هەردوو لایەنەوە بڕیار درا کە فڕۆکەخانەکە دواتر فراوانتر بکرێت و ببێتە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی و سەربازیی دوو بەکارهێنان.
ئەم ستراتیژە ڕاستەوخۆیەی چین کەوتە ژێر کاریگەریی ئەمەریکاوە، سەرەڕای ئەوەی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە پێشتر كاریگەریی چین و ڕووسیا لەو ئاستەدا نەبوون كە لە ساڵی 2024 بەدەستیان هێناوە، سەرەڕای ئەوەش زۆر بە ڕوونی بۆ چین دەركەوتووە کە دەستبەسەرداگرتنی کەرتی نەوتی باشووری عێراق بە هەمان شێوەی ڕووسیا لە باکووردا بە باشی لەگەڵ ئەمەریكادا ناچێتە سەر، بە تایبەت کە ئەم هەوڵانە بڕیار بوو لە لایەن بەرگریی چینەوە سەرکردایەتی بکرێن، کۆمپانیای نۆرینکۆی لق لە سەر نەوتی ژێنهوا ئۆیل بێننە عێراق، بۆ بەرگرتن لە مەترسییەكانی ئەمەریكاش، جگە لە بەكارهێنانی كارتی ڕووسیا و هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشتێنەیەكی هاوبەشی ڕووسی-چینی، جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ ”ڕێبازی کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیندستان”.
کاریگەریی قەیرانی ئۆکراین و سزا ڕۆژئاواییەكانی سەر ڕووسیا
لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین زۆرینەی هاوکێشەكانی گۆڕی، لەوانە هاوکێشە ئابوورییەکان و ئەو كاریگەرییانەی پەیوەندییان بە نرخی نەوتەوە هەبوو کە گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەگەیشتبوونە ئەو بەربەستەی کە هەر بەرمیلێک 140 دۆلار بوو، لەم نێوەندەدا سەرنجەکان ڕوویان لە عێراق کرد و ئەگەری ئەوە هەبوو کە ڕۆژئاواییەکان ئەو سزایانەی بەسەر مۆسکۆدا سەپاندیان، کاریگەریی دەبێت لە سەر ئەو کۆمپانیا ڕووسییانەی کە لە بواری نەوت و وزەی عێراق کار دەکەن، بە تایبەتی کە زۆرێک لەو کۆمپانیایانە گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ بەغداد هەیە.
ئەو سزایانەی گازپرۆمیان کردووەتە ئامانج، لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە سەپێنراون، چونکە سپۆنسەری فەرمیی بۆریی غازی ”نۆرد ستریم دوو”ە کە بە هۆی سزاکانی ئەمەریکاوە کارکردنی وەستاوە و درێژییەکەی 1230 کیلۆمەترە، بە دەریای باڵتیکدا تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەمەش، کۆمپانیاکە لە ساڵی (٢٠١٩)ەوە (واتە ئەو ساڵەی کە سزا بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێنرا) لە عێراقدا بەبێ بەربەست کار دەکات.
هەروەها کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی كە گرێبەستی لە هەرێمی کوردستان هەیە و پشکی گەورەی لە نەوتدا هەیە، ئەگەرچی لە باشووری عێراقدا گرێبەستی نییە، بەڵام یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە ساڵی 2020دا سزای ئەمەریکای بەسەردا سەپێنرا و وەک چۆن سزاکان ئامانجیان… سەرۆکی کۆمپانیاکە دیدیۆ کاسیمیرۆ، كۆمپانیاكە تۆمەتبار کرد بە هاوکاریکردنی ڕژێمی ڤەنزوێلا، بەتایبەت لە بواری بە قاچاخیكردن لە فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ڤەنزوێلی (PDVSA).
ماڵپەڕی سزاکانی ”ئەلجەزیرە نێت” باس لەوە دەكات كە ئەمەریکا دوو کۆمپانیای ڕووسیی لەو سێ کۆمپانیایەی کە لە عێراق کار دەکەن خستووەتە بەر سزاكانی، بەڵام ئەمە کاریگەریی لە سەر کەرتی نەوت نەبووە لە ئەگەری ئەوەی کۆمپانیا ڕووسییەکان نەتوانن کارەکان لە عێراق تەواو بکەن و بکشێنەوە، لەم بارەدا حکومەتی عێراق بە دوو ئاڕاستەدا دەڕوات: یەکەمیان لە لایەن پسپۆڕی نەوتەوە دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی جێگەی هەوڵە نیشتمانییەکە بگرێتەوە، وەک ئەوەی لە کێڵگەی ”مەجنوون” ڕووی دا کاتێک كۆمپانیای ”شێڵ” کشایەوە، بەڵام ڕێبازی دووەم ئاسانتر بوو كە بریتییە لە هەڵبژاردنی کۆمپانیایەکی تر لە شوێنی خۆی.
سەبارەت بە کاردانەوەکانی سزاکانی ئەمەریکا لە سەر کۆمپانیاکانی ڕووسیا و نرخی نەوت، ڕاپۆرتەكە ڕایگەیاندووە عێراق زیانی پێ ناگات بە هۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر کۆمپانیا ڕووسییەکاندا لە ڕووی کارکردن لە ناوخۆی وڵاتدا، بەڵام ڕەنگە ئەو سزایانە بەشدار بن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت و بەم جۆرە کەرتی نەوتی عێراق سوودمەند دەبێت، چونکە داهاتی نەوت؛ 90%ی داهاتی گشتیی دەوڵەت پێک دەهێنێت.
سەرچاوەكان
1- Simon Watkins: Russia Takes Control of Iraq’s Biggest Oil Discovery for 20 Years, Nov 28, 2023, https://shorturl.at/6pnvA 2- The Real Reason Russia Is Ramping Up Oil Production In Iraq, OilPrice.com, Aug 15, 2023, https://shorturl.at/oYbiP 3- Simon Watkins: Russia’s Gazprom Awarded Iraq’s Huge Nasiriyah Oil Development, OilPrice.com, Feb 12, https://oilprice.com/Energy/Energy-General/Russias-Gazprom-Awarded-Iraqs-Huge-Nasiriyah-Oil-Development.html 4- ZeroHedge: Diesel Prices Set to Surge in 2024, OilPrice.com, Feb 09, 2024, https://oilprice.com/Energy/Gas-Prices/Diesel-Prices-Set-to-Surge-in-2024.html. 5- صلاح حسن بابان: شركات النفط الروسية في العراق.. ما مدى تأثير أزمة أوكرانيا وعقوبات الغرب على بغداد؟ الجزیرە نیت، 13 – 3- 2022، https://shorturl.at/6DoNK 6- هل تهدد العقوبات حضور الشركات الروسية في العراق؟، 8-4-2024، https://shorturl.at/Vlbtk 7- أحمد بدر: 7 شركات صينية تسيطر على تراخيص النفط والغاز في العراق (تحديث)، الطاقة، 13 آیار 2024، https://shorturl.at/xYvYx