• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 29, 2020

ڕۆڵی هەژاری لە هەڕەشەكان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران: پارێزگای کوردستان وەك نموونە

 بۆ بینینی بابه‌ته‌كه‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

نووسەران

سەید عەلی حەق شناس؛ قوتابیی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان, زانکۆی ئازادیی ئیسلامی، ئێران

سەید عەلی ڕەزا ئەزغەندی؛ مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەكان، زانکۆی ئازادیی ئیسلامی، ئێران

مەجید تەوەسولی روکن ئابادی؛ مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەکان، زانکۆی ئازادیی ئیسلامی، ئێران

وەرگێڕان: لوقمان سەیفور

 

  

پوختە

   ئەم توێژینەوەیە بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەوەیە کە بارودۆخی هەژاری و هەلومەرجی ژیان لە پارێزگای کوردستان، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە؟ ئەنجامی توێژینەوەکە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای کوردستان بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو زیادی کردووە و ناڕەزایەتیی گشتیی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتییە لە هەستکردن بە جیاكاریی نەتەوەیی(1)، شوناسخوازیی نەتەوەیی، کەمبوونەوەی بەشداریی سیاسی و زیادبوونی ناڕەزایەتییە گشتییەكان وەک ئەوەی کە لە مانگرتنی کاسبکاران لەم پارێزگایەدا بینرا؛ دەركەوتووە. لەم توێژینەوەیەدا میتۆدی وەسفی-شیكاری بە کەڵکوەرگرتن لە کتێبخانە، بەڵگەنامە و داتای ئاماری بەردەست، بەتایبەتی بەهاکان و تێڕوانینی ئێرانییەکان لەو دوو دەیەی ڕابردوودا؛ بەكار هاتووە.

کلیلەوشە: هەژاری، ئاسایشی نیشتمانی، مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی، كۆماری ئیسلامیی ئێران، کوردستان

بەرایی

   زۆربوونی فشارەکان و تەنگژە ئابوورییەکان، دەركەوتنی هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری و بەدوایدا زۆربوونی هەژاری لە کۆمەڵگادا، هەر سیستمێکی سیاسیی جێگیر لەناو خۆیدا ڕووبەڕووی گرفتی زۆر دەکات بەتایبەتی لە بواری ئاسایشدا. هەژاری و بابەتەكانی پەیوەست بەوەوە وەكوو: بێکاری، كەلێنی چینایەتی، گەندەڵی و جیاكاری، ئەو گۆڕدراوانەن (متغییر) کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی هەر وڵاتێك. بۆچوون و لێکۆڵینەوەگەلێکی ئەزموونیی زۆر لەسەر پەسەندکردنی ئەم پرسە بوونی هەیە، کە هۆکارگەلێکن بە ناوەرۆکی ئابوورییەوە، وەک: هەژاری، نایەکسانی، بێکاری، گەندەڵی و هەڵاوسانی ئابووری؛ پێدەچێت ببێتە هۆی شۆڕش و ناڕەزایەتیی گشتی و کۆمەڵایەتی و ببێتە هۆی “ضریب” ئاسایشی نیشتمانی و هەڕەشە لەسەر ڕژێمی سیاسیی وڵاتەکان دروست بكات. لەم دۆخەدا دوژمن دەتوانێت بە پیشاندانی حکومەتێک كە لەسەر سەرچاوە نەوتییەکان دانیشتووە، بەڵام توانای بنبڕكردنی هەژاریی نییە، ببێتە هۆی ئەوەی کە تێڕوانینی هاونیشتیمانیان سەبارەت بە شایستەیی حکومەت و تواناکانی گوماناوی بێت. هەروەها لاوزای و کێشە ئابوورییەکان پێدەچێ ببێتە هۆی لاوازیی ژێرخانی ناوخۆیی وڵات و لاوازکردنی ئاسایشی نیشتمانی. تەنها کۆمەڵگەیەکی وەبەرهێن و خاوەن گەشەی ئابووری و دوور لە هەژاری، دەتوانێت بۆ بەرگری لە خۆی و جێگیربوونی ئاسایش لە ڕووپەڕی کۆمەڵگە و نیشتمانیدا، وەک پێویست ئامادە بێت (شهبازی و همکاران، ١٢٧:١٣٩).

   پێویستییەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە؛ ناسین، پۆلێنکردن و بەدواداچوونی هۆکاری بەدیهێنەری هەڕەشەكانە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. بە واتایەكی تر: ئەگەر نەتوانین بگەینە تێڕوانینێکی ڕوون و گشتی لە بارودۆخی ئێستا و هۆکارەکانی هاتنەكایەوەی، داڕشتنی هەر جۆرە سیاسەت و بەرنامەیەک و جێبەجێکردنی بۆ باشترکردنی ئەم بارودۆخەی ئێستا نەک هەر ئەنجامی نابێت، بەڵکوو خودی ئەوە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان و دەگۆڕێن بۆ هەڕەشە ئەمنییەكان. ئەم بارودۆخەی ئێستا بە دیاردەگەلێک خۆی نیشانی ئێمە دەدات، کە “هەژاری” بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئاماژە پێ دراوە و بە بۆچوونی نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە، لە سەرەکیترین هۆکارەكانی سەرهەڵدانی هەڕەشە ئەمنییەكانە لە ناوخۆی وڵاتەوە. چەمکی هەژاری لەگەڵ دیاردەگەلێکدا وەک ناڕەزایەتیی گشتی کە هەندێ کات دەبێتە هۆی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا، یاخود بە شێوەیەکی فراوانتر لە هەستکردن بە نایەکسانی، شوناسخوازی نەتەوەیی، كەمبوونەوەی بەشداریی سیاسی و لە ڕوو زەینییەوە، لە بێگانەبوون بە بەهاكانی باڵادەست لە كۆمەڵگا؛ دەردەكەوێت. ئەم توێژینەوەیە بە ئامانجی بەدواداچوونی کاریگەریی هەژارییە لەسەر بێبەشبوونی ڕێژەیی و لێكدانەوەی کاریگەری و ئەنجامەکانیەتی لە پارێزگای کوردستان.

 

چوارچێوەی تیۆری: تیۆری بێبەشبوونی ڕێژەیی (محرومیت نسبی)

 لەم توێژینەوەیەدا بەدواداچوونێکی کورت و پوختمان کردووە بۆ دوو بابەتی ئاسایشی نیشتمانی، لەسەر بنەمای تیۆری دابەشبوونی ڕێژەیی.

 بێبەشبوونی ڕێژەیی كە بە مانای جیاوازییەكانی نێوان چاوەڕوانیی بەهاییەكان و توانا بەهاییەکان پێناسە دەكرێت، ئەوەندە گشتگیرە كە دەکرێت باوترین پێش مەرجەكانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت شۆڕش کە لە شیکردنەوە و شرۆڤە تیۆرییەكان بەكار هاتووە، لەخۆ بگرێت. “ئێدواردز” باوەڕی وایە کە هەموو شۆڕشەکان بە هۆی “سەرکوتکردنی داواكارییە بونیادییەكان” سەر هەڵدەدن و توندوتیژیی هەر شۆڕشێک بەپێی ڕێژەی هەمان سەرکوتکردنە کە لە حکومەتی پێشووتر ئەنجامی دەدرێت. هەستکردن بە سەرکوتکردن یاخود “هەستێكی دەستبەسەرداگیراو” کاتێک دێتە بوون کە “خەڵک بگەنە ئەو هەستەی کە خواست و بیروباوەڕە ڕێپێدراوەكانیان سەرکوت كراوە یا بە لاڕێدا چووە، یاخود ویست و داوا ڕەواكانیان بەربەستی بۆ دروست کراوە (Edwards, 1927:33-30).

   چەمکی “تەنگژە” لە تیۆری پێتی (Petee)دا  هاوشێوەی بێبەشبوونی ڕێژەییە. خەڵک کاتێک هەست بە بارودۆخی تەنگژاوی دەکەن و بگەنە ئەو ئەنجامەی کە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان واتە ئازادی و ئاسایش (ئابووری، سیاسی، کولتووری و…) کەوتووەتە مەترسییەوە، ئەم سەرکوتکردنە بە ناپێویست و قبووڵنەکراو و لە ئەنجامدا بە ناڕەوای دەزانن. ناڕەزایەتی کاتێک دروست دەبێت کە زۆرینەی خەڵک زیاد لە سنووری توانای خۆیان هەست بە بارودۆخی تەنگژاوی بکەن (Petee, 1938:33). بەشێك لە تیۆریسەنەکانیش لە چەمکی “بەخۆداشكاوی” و “بێبەشبوون” بۆ شرۆڤەی هۆكارە پاڵنەرەکانی ناڕەزایەتی و توندوتیژی لە کومەڵگا بەكار دێنن. بۆ نموونە؛ لۆرنەر، جیاوازی لەنێوان خواستەکانی خەڵك و “ئەوەی هەیانە” بە هۆکاری خۆداشكاوی دەزانێت و دەرهاویشتە شۆڕشگێڕییەكەی دەخاتە ڕوو. “زیادبوونی بەخۆداشكاوی لەو ناوچانەی كە گەشەكردن كەمتر بێت لەوەی كە خەڵك داوای دەكەن، لەوانەیە بە نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان دەستکەوتەکان و خولیاکان خوێندنەوەی بۆ بكرێت. خولیاکان و ئاواتەكان پێشی دەستکەوتەکان دەدەن، تا ئەو ئاستەی کە زۆرینەی خەڵک تەنانەت ئەگەر پێشکەوتنێک بەرەو ئامانجەکەیان هەبێت؛ ناڕازین، لەبەر ئەوەی لەچاو ویست و خواستەکانیان کەمتریان دەست دەکەوێت.” “کرۆزیر”یش باوەڕی وایە کە هۆکاری سەرەکیی هەموو شۆڕشەکان، بەخۆداشكاوییە و بە مانای “بێتوانایی خەڵک لە ئەنجامی کارێک کە حەزێکی زۆریان هەیە ئەنجامی بدەن، بەڵام لە بارودۆخێکدان کە لە توانا و دەسەڵاتی ئەواندا نییە” پێناسە دەکرێت (لۆرنەر، ١٣٣٨).

هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی

   بە واتایەکی گشتی و لەسەر بنەمای تیۆری “دیتریش فیشەر”، دەکرێت بڵێین هەر جۆرە ڕووداو یاخود ڕەوتێک کە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر مانەوە و بوونی دامەزراوەیی کولتووری، بیروباوەڕ و پێناسەیی (و هەروەها مانەوەی ڕژێمی سیاسی، حکومەت یاخود دەوڵەت)، وەک مەترسی ئەژمار دەکرێت (کریمی ملە، ١٣٩٠: ٨٨). لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی تێڕوانینی كلاسیكی کە تەنیا جەختی لەسەر سەرچاوەی هەڕەشەی دەرەکی و  لایەنە سەربازییەکانی ئەم مەترسییە دەکردەوە، بەڵام لە بەرداشتی نەرمەهێزدا، پێداگریی لەسەر هۆکارە ئابوورییەکان، ژینگە، پەیوەندیی دەوڵەت و نەتەوە و هەروەها یەکپارچەسازی یاخود نەتەوەسازی دەكات (بۆزان، ١٣٨١: ٣٠٧-٤٠٤). چییەتیی هەڕەشە، بەتەواوەتی ناوەرۆكێكی کۆمەڵایەتییە و بەدڵنیاییەوە دەکرێت بڵێین دیاردەی هەڕەشه ناکرێت بەبێ بازنە بەیەكگرێدراوەكانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بێت. لەم ڕووەوە ناوەرۆكی هەڕەشەكانی دژ بە ئاسایش (هەڕەشەكان)، لە بنەڕەتدا لە پەیوەندییان بە پێكهاتەكانی تری سیستمی کۆمەڵایتییە كە پێناسە دەكرێن. هەروەها لە ناوەرۆکی هەڕەشەكانی سەر ئاسایش، مەترسی بوونی هەیە کە بە هۆی بوونی خۆیەوە سیستمێکی کۆمەڵایەتی دەخاتە جووڵەوە. بە شێوەیەکی کورت دەکرێت بڵێین سەرچاوەی ئاسایش لە قوتابخانەی کۆپنهاگن-دا، “کۆمەڵگا”یە (شریف، ١٣٨٣: ٣٦٣-٣٤٥). هەر ڕەوتێك کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر مۆدێلە نەریتییەكانی وەك زمان، کولتوور، کاری هاوبەش، شوناس، دابونەریتی مەزهەبی و نیشتمانی هەبێت، وەک هەڕەشە بۆ سەر کولتوور و شوناس ئەژمار دەکرێت. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی هەڕەشە ئەمنییەكان، تایبەتمەندیی دوژمنی یاخود ئینکاریی ئاگایانە و نائاگایانەیە لە زەین، کردار یاخود بارودۆخێکی تایبەتە.

هەڕەشەكانی سەر ئاسایش وەک ئەوەی “ڕابیرێت ماندل” باسی كردووە، دەشێت لە پێنج تەوەر بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە:

  – ئاسایشی سەربازی: پەیوەندیی بە کاریگەریی دوولایەنەی توانا سەربازییەكانی هێرشبردن و بەرگریی چەکداری دەوڵەتەکان و هەروەها لێکدانەوەی بۆ ئامانجەكانی یەكتر.

   – ئاسایشی سیاسی: چاودێرە لەسەر جێگیربوونی ڕێکخراوەیی دەوڵەتەکان، سیستمی حکومەتەکان و ئەو ئایدۆلۆژیانەیە کە ڕەوایەتییان پێ دەدات.

   – ئاسایشی کۆمەڵایەتی: پەیوەندیی هەیە بە توانای پارێزگاریکردن لە مۆدێلە نەریتییەكان، زمان، کولتوور، مەزهەب، شوناس و نەریتی نەتەوەیی بە هەلومەرجێکی شیاو لە گۆڕانكاری.

   – ئاسایشی ژینگەیی: چاودێرە لەسەر پاراستنی لە سنووری جیهانی وەک سیستمی پشتیوانیی گرنگ، کە هەموو ژیانی مرۆڤایەتی پشتی پێ بەستووە.

   – ئاسایشی ئابووری: واتە دەستکەوتنی سەرچاوەی دارایی و بازاڕی پێویست بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێژەیەکی شیاو لە تواناکانی بەرهەمهێنانی نیشتمانی و خۆشگوزەرانی (ماندێل، ١٣٧٧: ٧٧).

   ئەم پێنج تەوەرە جیاواز لە یەکتری کار ناکەن و هەر یەکێک لەوان، خاوەنی ناوەندێکی گرنگ لە هەناوی پرسی ئاسایشە و شێوازێکە بۆ ڕێکخستنی ئەولەویەتەكان و بە پەیوەندییە بەهێزەكانیان پێکەوە گرێ دراون. لە لایەکی ترەوە، ئەم تەوەرانە بەردەوام لەلایەن هۆکارگەلێکەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە كە لەم سەردەمەدا بە شێوازێکی بەرچاو و جۆراوجۆر و پەرەیان سەندووە.

هەژاری و ئاسایشی نیشتمانی

   وشەی هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی و هەژاری، پێناسەگەلێکی جۆراوجۆری هەیە. ئاسایش لە ڕووپەڕی نیشتمانی بە واتای مەترسی بۆ هەموو سەروەریی خاك، خۆشگوزەرانیی ئابووری و سەربەخۆیی سیاسیی وڵات دێت. ئەگەر ئەم سێ فاکتەرە گرنگە مەترسییان لەسەر بێت، بەو واتایە دێت ئاسایشی نیشتمانیی وڵات مەترسیی لەسەرە. نەبوونی خۆشگوزەرانیی ماددی و ئابووریی خەڵک کە زۆر جار دەرهاویشتەكانی لە گەندەڵیی ئابووری، بێکاری، هەژاری، جیاوازی، تاوانکاری و… دەردەكەوێت، كەلێنی نێوان نەتەوە و دەوڵەت زیاتر دەکات و هەر چەندە ئەم لێکترازنە زیاتر بێت، دوو فاكتەرەكەی تر واتە سەروەریی خاك و هەروەها سەربەخۆیی سیاسیی وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە. هەر چەندێك  لێکترازانی نێوان دەوڵەت و نەتەوە قووڵتر ببێتەوە، دوژمنی دەرەکی بە هۆی لاوازیی بەرگریی ناوخۆیی کە فاكتەری خەڵك لەوێدا ڕۆڵی بنەڕەتیی هەیە، لەوانەیە سەروەریی خاك بخاتە بەر مەترسی یاخود لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان کەڵک وەربگرێت و بە سوودوەرگرتن لە فرتوفێڵە سیاسییە جۆراوجۆرەكان و ورووژاندنی خەڵک، ئاسایشی ناوخۆیی بخاتە ژێر مەترسییەوە (فرجی راد. ١٣٨٢: ٣٠).

   ڕۆڵی ئابووری لە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەییدا، چارەنووسسازە و هۆكارەكەی بۆ کاریگەرییە بەربڵاوەكەی لەسەر بەها نیشتمانییەكانی تر دەگەڕێتەوە. گەشەنەکردنی بەردەوام  و بێبەشبوون لە خۆشگوزەرانیی ئابووری، هەستی نشتمانی لاواز دەکات و نائارامییە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە ئەنجامدا دەبێتە زیادبوونی چەند پارچەبوونی ناوخۆیی. وەها لاوازییەکی ناوخۆیی، دەکرێت ببێتە هۆی كرداری دوژمنکارانە لەلایەن دوژمنانەوە (آزرمون، ١٣٧٩: ٣٦٨). لەبەر ئەم هۆكارە، بابەتی هەژاری لە تەوەری ئاسایشی نیشتمانی و هەڕەشەكانی، گرنگییەکی زۆریان هەیە و بە شێوەیەکی گشتی جگە لە تیۆرییە مارکسییەكان، گرنگی بەم بابەت نادرێت. بە سەرنجدان لەسەر گرنگی و کاریگەریی هەژاریی ئابووری لە سەرهەڵدانی جۆرە جیاوازەکانی تری هەژاری و لێکەوتەکانی، دەەتوانرێت بەم شێوەیە پێناسەی هەژاری بکرێت: “هەژاری لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا یەکسانە بە بێتوانایی لە بەدیهێنانی پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان و نموونەكەی ئەو كەس و خێزانانەیە کە توانای پێویستیان نییە لە دابینکردنی لانی کەمی پێداویستییەكانی ژیانی خۆیان، وەک: خواردەمەنی، پۆشاک، تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوون. هەروەها بێبەشبوون لە پێداویستییە گرنگ و سەرەتاییەکانی ژیان، وەک: پەروەردە، هەلی کار، بەشداریکردنی کایە کۆمەڵایەتییەکان و… (سازمان مدیریت و برنامە ریزی، بە نقل از مدنی: ٤٠). لە نموونە بنەڕەتییەکانی لاوازیی ئابووریی هەر وڵاتێک، بوونی هەژاری و بێبەشبوونە کە دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی دروستکردن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی. هۆکاری زۆرێک لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان کە لە دەوروبەری ئێمەدا ڕوو دەدەن، هەژاری و بێکاری و بێبەشبوونە لە خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی. بێکاری و هەژاری لە کاتێکدا ئاسایشی کۆمەڵاتی دەخاتە ژێر مەترسییەوە کە لە خۆگریی زۆرێک لە چینی گەنجانی ئێمەیە، کە بە هۆی ئەوەوە کاری تێكدەرانەی کۆمەڵایەتی و خراپتر لەوەش تاوان ڕوو دەدات (شیبازی و همکاران، ١٣٩٠: ١٣٣).

   ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پرسی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، ژیانی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگریت، بە شێوەیەک کە دابینکردنی کۆمەڵایەتی وەک دیوێكی تر لە دابینکردنی ئاسایش؛ بەرنامەڕێژیی بۆ دەکرێت. مەبەست لە دابینکردنی کۆمەڵایەتی، بەدیهێنانی هەلومەرجگەلێکە کە پێویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی تاک دابین بکات. یەکێک لە دیاردە دەروونییە ناسراوەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش لە کۆمەڵگادا، بابەتی هەستکردن بە هەژاری و تێڕوانینی کۆمەڵگایە بۆ بابەتی هەژاری. بە بڕوای پسپۆڕانی ئاسایش، دیاردەی هەستکردن بە هەژاری دەکرێت زیاتر لە واقعیەتی هەژاری، هەڕەشە لە ئارامیی دەروونی بكات و ئەم تێڕوانینە خۆی لە خۆیدا دەتوانێت زەمینەكانی نائارامی دروست بکات (ربیعی، ١٣٨٩: ١٧٢). ئەم تێڕوانینانە لە هەلومەرجێکی تایبەتیی کۆمەڵایەتیدا، نائەمنیی تایبەت بەرهەم دەهێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ خۆدانەپاڵ ڕوەتێکی تێكدەری ئارامی. تیۆریسەنەکانی شۆڕش باوەڕیان وایە کە بۆ دروستبوونی شۆڕش لە سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا، بە پلەی یەکەم بوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی-ئابووری فاكتەری گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر هەستکردنی زەینی ئەندامانی کۆمەڵگایە بە نایەکسانی (رفیع پور، ١٣٧٩: ٦٦-٦٥).

 

بێبەشبوونی ڕێژەیی لە پارێزگای کوردستاندا

   لەم بەشەی وتارەکەدا، سەرەتا بەکورتی لەسەر بنەمای توێژینەوەکان و سەرژمێری و ڕێژەی هەژاری لە سێ دەیەی ڕابردوو و ئەو ئامار و سەرچاوانەی کە بوونیان هەیە؛ دەیخەینە بەرچاو، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکمان هەبێت سەبارەت بە بارودۆخی هەژاری لە وڵات و لەسەروو هەمووشیانەوە پارێزگای کوردستان. دواتر بە پۆلێنکردنی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات لەسەر بنەمای ڕۆڵی هەژاری لە دروستبوون یاخود زیادبوونی ئەو مەترسییانە، جەخت لەسەر ڕۆڵی هەژاری بۆ مەترسی دروستکردن لەسەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هێنانەباسی پارێزگای کوردستان دەكەین.

بارودۆخی هەژاری و بێبەشبوون لە پارێزگای کوردستاندا

   بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر بارودۆخی هەژاری لە پارێزگای کوردستاندا، سەرەڕای ئاماژەدان بە هەندێ لە ئامارەکان، دەکرێت سوود وەربگیرێت لەو توێژینەوانەی کە لەسەر ئەم بابەتە بڵاو کراونەتەوە و هەروەها لەم بازنەیەدا لەو چاوپێکەوتنانەی کە لەگەڵ نوێنەرەکانی پارێزگای کوردستاندا کراون سەبارەت بە بارودۆخی هەژاری لەم پارێزگایەدا؛ سوود وەرگیراوە.

   لەسەر بنەمای یەکێک لەم توێژینەوانە کە بە ئامانجی بەراوردکردنی لانی کەم داهات (معاش) لە ناوچە شارنشینەكانی پارێزگای کوردستان ئەنجام دراوە، بە درێژایی ساڵەکانی ١٣٧٥-١٣٨٧(1996-2008)، ئەنجامەکان دەریدەخات کە لانی کەم داهات بۆ خێزانێکی دانیشتووی شارەکانی پارێزگای کوردستان لە ساڵی 1996 یەکسانە بە ٤٨٨٠٩٣٩ ڕیاڵ یان ٤٠٦٧٤٤/٩ ڕیاڵ لە مانگێکدا بووە، کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2008دا گەیشتووەتە ٣٩٥٥٥٠٩٥ ڕیاڵ، واتە نزیکەی ٣٢٩٦٢٨٥ ڕیاڵ لە مانگێکدا، بە شێوەیەک کە ڕێژەی ناوەندی گەشەکردنی ساڵانەی هێڵی هەژاری لە ناوچە شارنشینەکانی پارێزگاكەدا لە ساڵەکانی 1996-2008 یەکسان بووە بە ٤٢/١٩%. هەروەها لە ساڵەکانی 1996-2008، جگە لە ساڵی 2000، کە گرووپی نیشتەجێبوون(خانووبەرە)، سووتەمەنی و کارەبا زۆرترین پشکیان بەر کەوتووە، بەردەوام گرووپەکانی خۆراک زۆرترین پشک و لایەنی تەندروستی و دەرمان خاوەنی کەمترین پشکیان لە لانی کەمی داهاتدا بەر کەوتووە (جواهری و همکاران، ١٣٩١: ١٥٣). بارودۆخی هەژاری و نایەکسانی لە پارێزگای کوردستاندا بە درێژایی دەیەی ڕابردوو؛ گۆڕان و وەرچەرخانی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەپێی داتاكانی ناوەندی زانیاریی ئاماری ئێران دەریدەخات، پێنوێنی جێنی(Gini coefficient)، ناوچە شارنشینەکان لە ٣٦٨٤/. لە ساڵی 2005 بۆ 2995/0 لە ساڵی 2013 كەمی كردووە. ڕەوتێکی هاوشێوەی ئەم داتایە لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگاکەدا دەبینرێت، بە شێوەیەک کە پێنوێنی جێنیی ئاماژەپێدراو لە ٣٦٢٨/٠ بۆ ٢٧٨١/٠ كەمی كردووە(محمدی، ١٣٩٦: ١٣٢).

   پارێزگای کوردستان یەکێکە لە پارێزگا سنوورییەکان و بێبەشبووی وڵات، بە داهاتی تاکی ساڵانە 49% لە داهاتی تاكی ساڵانەی وڵات لە ساڵی 2011 و ڕێژەی دانیشتووانەكەی کە نزیکە لە یەك ملیۆن و نیو كەس كە 66%ی دانیشتووانەکەی لە ناوچە شارنشینەکان و 34%ی لە ناوچە گوندنشینەکان دادەنیشن. لێكدانەوەیەكی سەرەتایی بۆ داتاكانی داهات لە خەرجییەكانی بودجەی خێزان لە پارێزگای کوردستاندا، دەریدەخات کە كەلێن و نایەکسانی لەنێوان ناوچە شارنشین و گوندنشینەکان لە ساڵی 2008 بەرە بەرە ڕووی لە زیادبوون کردووە. خەرجییەكانی خێزانە شارنشینەکان لە ساڵی 2005دا، نزیکەی ٢١/١ ئەوەندەی خێزانە گوندنشینەکان بووە، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2013، بەنزیکی ٢٣/١ زیادی کردووە. لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت بینەری گۆڕانکارییەکی نەرێنی لە بڵاوبوونەوەی دانیشتووان بین كە خۆی لە كۆچكردن بۆ شارەكان و کەمبوونی ڕێژەی گوندنشینان دەبینێتەوە. بە سەرنجدان لەوەی کە ڕێژەی زێدەبەهای بەشی کشتوکاڵی لە تێكڕای كۆبەرهەمی ناوخۆیی پارێزگاكە دەگاتە 20%، ئەم بابەتە بووەتە هۆکاری زیاتربوونی كەنارنشینی (حاشیەنشینی) لە ناوچە شارنشینەکاندا و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادبوونی نایەکسانی لە پارێزگاکەدا. هەروەها چۆڵبوونی ناوچە گوندنشینەكان لە خەڵک، بەو پێیەی کە پارێزگای کوردستان لە پارێزگا سنوورییەکانی وڵاتە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی ئەمنی (محمدی، ١٣٩٦: ١٣٣).

وەک هەڵسەنگاندنی یەکێک لەو توێژینەوانەی كە بۆ دەرخستنی هێڵی هەژاری لە ناوچە شارنشینەکانی پارێزگای کوردستان ئەنجام دراوە، بە هەڵسەنگاندنی هێڵی هەژاریی خۆراک بە مەبەستی بەراوردی هێڵی هەژاریی ڕەهای خۆراک (خط فقر مطلق غذایی) و بە سوودوەرگرتن لە مۆدێلی ئەنستیتۆی خۆراكی گونجاو (بژێویی) سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بەهای ڕیاڵی سەبەتەی خۆراکی گونجاو كە بە درێژایی ساڵەکانی 2010-2013 ئەنجام دراوە (بهرامی، ١٣٩٧: ٣٠): هێڵی هەژاریی ڕەهای خۆراكی مانگانەی تاك بە هۆی بوونی هەڵاوسانی ساڵانە، ڕەوتێكی ڕوو لە بەرزبوونەوەی هەبووە و بە درێژایی ئەو ماوەیە، ساڵانە بە شێوەیەکی ناوەندی نزیکەی ٩/٦% گەشەی هەبووە، بە واتایەكی تر: خەرجیی دابینکردنی سەبەتەی ستاندەری خۆراك بەپێی پێوەری ئەنستیتۆی خۆراك بە مەبەستی دابینکردنی کالۆریی پێویست (٢٣٠٠ کیلۆ کالۆری) لە ساڵی 2013 بە بەراورد بە ساڵی 2010، نزیکەی ٣٢% زیادبوون پیشان دەدات.

لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکان، هێڵی ڕەهای هەژاریی گشتیی مانگانە لە ڕووبەری خێزاندا، لە ئاستی خێزانەكاندا لە ٣٥٤١١٥٠ ڕیاڵ بۆ ساڵی 2010  بۆ ٤١٨١٧٥٠ ڕیاڵ لە ساڵی 2013 زیادی كردووە كە دەكاتە ڕێژەی ١/١٨% گەشەسەندن (بهرامی، ١٣٩٧: ٣١). توێژینەوەیەک لەژێر ناوی “ڕاپۆرتی ئابووریی پارێزگای کوردستان” لەلایەن وەزارەتی کاروباری ئابووری و داراییەوە بڵاو کراوەتەوە، کە بە وردبوونەوە لە ساڵی ١٣٩٥ ڕاپۆرتێک لەسەر دابەشبوونی داهات لەناو خێزانە شارنشین و گوندنشینەکان خراوەتە ڕوو، وەک ئەوەی ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێ داوە: لە ساڵی 2015 و 2017 بە شێوەیەکی ناوەندی، هەر خێزانێکی شارنشین لە پارێزگای کوردستاندا بڕی ٢٠٣ و ٢١٠ ملیۆن ڕیاڵیان خەرج كردووە کە  ٩٣/٣% گەشەی هەبووە (وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی، ١٣٩٥: ١٢٥).

   بە ئاوڕدانەوەیەک لە پێوەرە ئابوورییەکانی پارێزگای کوردستان و بەراوردکردنی لەگەڵ ڕێژەی مامناوەندی وڵات و تەنانەت ناوچەکەش، دەرخەری  بارودۆخی ئابووریی داڕووخاوی ئەم پارێزگایەیە. لە کاتێکدا كە كوردستان 2%ی کۆی ڕێژەی دانیشتووانی وڵات پێک دێنێت، بەڵام کەمتر 1%ی تێكڕای كۆبەرهەمی ناوخۆیی لەبەر دەستدایە، ڕێژەی داهاتی تاکی کوردستانی لە ڕێژەی مامناوەندیی نیوەی داهاتی تاكی وڵات کەمترە، ئاماری بێکاریی پارێزگای کوردستان؛ (٣/١٣%)ە کە دەكاتە پێنجەمین پارێزگای (لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان) بێکار و یانزەهەمین لە ئاستی پارێزگاكانی ئێران و بێکاریی گەنجان ڕێژەی بەرزی  ٢٥%ی هەیە. هەروەها پێوەری گەشەی مرۆیی پارێزگای كوردستان لە ئاستی دواکەوتووترین پارێزگاکانی وڵاتە. سەبارەت بە گەشەسەندن لەنێوان شارەکانی پارێزگاكەدا، شاری مەریوان بە لە  ٥/٤٠% (دانیشتووی شار ٢/٤٦% و دانیشتووی گوند ٩/٢٧%) و شاری سنە بە ٢/٣١% (دانیشتووی شار ٦/٣٦% و دانیشتووی گوند ٧/١٥%) خراپترین دۆخیان لە ڕووی بێكاریی گەنجانەوە هەیە. ئەم پێوەرە بۆ گەنجانی خاوەن بڕوانامە و بڕوانامەی زانکۆ دەگاتە ٨/١٤%، کە ئامارێکی جێی نیگەرانییە. ئەم ئامار و ژمارانە دەرخەری بارودۆخی دژوار و قەیراناوی بێکارییە، تایبەت بە گەنجانی دانیشتووی دوو شاری سنە و مەریوان و پێویستە هەنگاوی بنەڕەتی و خێرا لەم بوارەدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لە زیانی کۆمەڵایەتیی وەك بەرزبوونی تەمەنی هاوسەرگیری، ماددە هۆشبەرەكان، مەیلی گەنجان بۆ چوونەپاڵ گرووپە جوداییخوازەكان و… ڕێگری بكرێت (فتاحی و همکاران، ١٣٩٥: ١٢-١٤).

ئەنجامی بێبەشبوونی ڕێژەیی لە پارێزگای کوردستان

بێبەشبوونی ڕێژەیی لە پارێزگای کوردستاندا، بەتایبەتی لە لایەنی ئابوورییەوە (نایەکسانیی داهات، بێکاری، داهاتی نزمی تاك و…) کاریگەریی کردەیی و زەینیی لەسەر هاونیشتمانیانی کوردستان بەجێ هێشتووە، کە لێرەدا گرنگترینیان دەخەینە بەر لێكۆڵینەوە:

هەستکردن بە نایەکسانیی نەتەوەیی

   یەکێک لە گرنگترین و سەرەکیترین ئالنگارییەكانی پەرەسەندنی بێبەشبوونی ڕێژەیی، پەیوەندی بە کێشە نەتەوەییەكانەوە بکەین. ئەم بابەتە بەتایبەتی بە هۆی کۆی سیاسەتە گشتییەكانەوەیە، کە ئاستی ناڕەزایەتییەکان فراوان دەكات و كەلێنی ئابووری-کۆمەڵایەتی قووڵتر دەكاتەوە. “جان برێدلی” بارودۆخی نەتەوەیی ئێران بەم شێوەیە پێناسە دەکات، ستراتیژی گەشەپێدانی ناوەند میحوەر (مركز محور) بووەتە هۆی لێکترازانی ئابووری-کۆمەڵایەتیی گەورە لەنێوان ناوەند و دەرەوەی ناوەند، لە شوێنێکدا کە دابەشکردنی نایەکسانیی دەسەڵات، سەرچاوەکانی ئابووری-کۆمەڵایەتی و پێگەی کولتووری کۆمەڵایەتی بوونی هەیە. لەگەڵ ئەم بەخۆداشكاوییەی کولتووری-کۆمەڵایەتی و ئابووری، نائارامی لەنێوان گرووپە گەورە نەتەوەییەكانی وڵاتیش لە زیادبووندایە (Bradley, 2016:181). ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی دوو هۆکاری گرنگدایە، لە لایەکەوە پشتیوانیی وڵاتانی ناوچەکە کە هاوئاڕاستەیی زمانی-مەزهەبیان نزیکە لەگەڵ نەتەوانەكانی ئێران و لە لایەکی تریشەوە سیاسەتە نەگونجاوەکانی ناوخۆ، هەردووکیان کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەوەی نەتەوەکانی ئێران هەست بە بێگانەبوون بكەن. كەلێنی نەتەوەیی نێوان ناوەند و دەوروبەر و پرسگەلی پەیوەندیدار بە بێبەشبوون، بەرە بەرە ڕێگەی بۆ شێوازە توندوتیژەكان لە پەیوەندییەکانی هەردوو لادا كردووەتە. لە ڕوانگەی تیۆری دابەشبوونی ڕێژەیی گێر، “جیاوازییە ناوچەییەکان لە گەشەسەندنی ئابووری لەنێوان نەتەوەکاندا، دەبێتە هۆی توندوتیژیی سیاسی لەلایەن ئەو ناوچانەی کە کەمتر گەشەیان کردووە”. گێر دەریدەخات کە “هەژارترین ناوچەکان، سەرکێشترین و ئاژاوەگێڕترین ناوچەکانن”. لە نموونەکانی ئەم بابەتە، دەکرێت لە توندوتیژییەکانی کوردستاندا بیبینین. سەرەڕای خواستە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان، تەنانەت ئەم نەتەوانە لە جێبەجێکردنی بۆنە مەزهەبییەكان بێبەشن و تەنانەت لە نموونەگەلێکی زۆردا مزگەوتی سوننەکان لە وڵاتدا ڕووخێنراون (Saleh, 2013:95).

   داتاكانی ئاماری فەرمییش، ئەم بارودۆخە لە پارێزگای کوردستاندا پشتڕاست دەکاتەوە، لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندنی بەهاکان و تێڕوانینی ئێرانییەکان لە ساڵی 2002، دەرخەری ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەهای نەتەوەکانی ئێران جگە لە پارێزگای كوردستان، بڕوایان وایە کە حکومەت بە شێوەیەکی یەکسان ڕێز لە بەهای هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی وڵات دەگرێت، بە شێوەیەکی ناوەندی نزیکەی لە سەددا ٧٠%ی هاوڕای ئەم بۆچوونەن، لەگەڵ ئەمەشدا لە پارێزگای کوردستان لەم ڕاپرسییەدا (زیاتر لە سەددا ٥٠%) بڕوایان بە نایەکسانیی ئابووری و جیاوازیی نەتەوەیی دەکرێت (وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی، دفتر طرحهای ملی، ١٣٨١ (ویرایش یەکەم)، ١١٩). نزیکە دە ساڵ دواتر، نەتەوەکانی تریش تێڕوانینیان نزیک بووەتەوە لە تێڕوانینی خەڵکی پارێزگای کوردستان و وا دێتە بەر چاو کە هەستکردن بە یەکسانی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەم شێوەیەك كە نزیکەی لە ٣٥% باوەڕیان وایە کە “حکومەت جیاوازی ناکات لەنێوان نەتەوە جیاوازەکاندا” و زیاتر لە ٦٥% باوەڕیان بە جیاوازیی نەتەوەیی هەیە (وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی، دفتر طرحهای ملی، ١٣٩٤: ١٧٣).

   فاكتەرێكی هاندەر بۆ گۆڕان لە بێبەشبوونی ڕێژەیی نەتەوەیی بۆ توندوتیژی، ئەوەیە کە نوخبەی نەتەوەکان هەوڵی كۆكردنەوەی گرووپەكان بە ئامانجی دروستكردنی هەستێکی گشتیی بەهێز و یەكگرتوو بدەن، ئەم بابەتە تا ئێستا لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندا ڕووی نەداوە، بەڵام مانگرتنی گشتی لە کوردستان و داخستنی بازاڕ لە شارە جیاوازەکان، ڕووداوێكی بێ نموونە بووە کە زیاتر لە ڕابردوو؛ گریمانەكانی ئەم توێژینەوە دەسەلمێنێت. پەیوەست بەم ڕووداوەوە، شارەکانی سنە، بانە، مەریوان و کامێران لە پارێزگای کوردستان؛ لەو شارانە بوون کە مانگرتنی گشتی تێیاندا ڕووی دا، لە ڕاستیدا دوژمنایەتی و ڕق، زیاتر لەلایەن نوخبەی نەتەوەییەوە بۆ سوودوەرگرتن لە توندوتیژی دژی ئەوانی تر کەڵکی لێ وەردەگیرێت. قادرزادە و محەمەدزادە پیشانمان دەدەن کە ڕێژەی چاولێکردن لە نوخبەی نەتەوەیی لە پارێزگای کوردستاندا یەکسانە بە لە (٥٣،٦٤%). ئەم ڕێژەیە کاتێک لەگەڵ ڕێژەی هاوپەیوەندیی نەتەوەیی لە پارێزگای ناوبراو (٣٤،٧٤%) و پەیوەندیی نێونەتەوەییەكان (٧٩،٥٨) و هەروەها میدیا نەتەوەییەکان (٨٥،٤٦) یەك دەگرن، دەبێتە مایەی نیگەرانی. بەم شێوەیە لە كاتێكدا كە ئەم پێوەرانە لەنێوان کوردە شیعەکاندا زۆر لە خوارترە، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە جۆری نەتەوەگەرایی لەنێوان کوردە سوننەکانی پارێزگاكەدا بەئاشكرا خەسڵەتێكی سیاسیی هەیە و یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی نەتەوەیی لە پارێزگای کورستاندا ئاشکرا دەکات. سەرباری ئەمەش، بە زیادبوونی چاولێکردنی نوخبە نەتەوەییەکان -کە لە ڕێگەی شرۆڤەی گوشارە بنەماییەكان و گۆڕینی بۆ بیر و باوەڕی گشتێنراو و گرێدانی نایەكسانییە كۆمەڵایەتییەكانی ئێستای كۆمەڵگا لەگەڵ زەمینە کولتوورییەکان، لە بەسیاسیکردنی بابەتی نەتەوەیی بەشدارن- شوناسخوازی نەتەوەیی توختر بووەتەوە. هەروەها بە زیاتربوونی پەیوەندی لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوان نەتەوەیی، تینی شوناسخوازی نەتەوەیی لەم پارێزگایە زیادی كردووە. پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی نێونەتەوەیی كاریگەریی هەیە، بە شێوەیەک کە زیاتربوونی پەیوەندی لەنێوان نەتەوەكان، دەرفەتێك بۆ بەراوردكاریی لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ئەندامەكانی دەڕەخسێت. لە ئەگەری هەبوونی كەلێن لە ڕێژەی خزمەتگوزاریی ناوچەکان، هەستکردن بە جیاكاری بە جۆرێک شوناسخوازی نەتەوەیی بەرجەستە دەبێت (قادر زادە و محمد زادە، ١٣٩٧: ٣٩-٣٤).

کەمبوونەوەی بەشداریی سیاسی

یەكێكی تر لە کاردانەوەکان بۆ بێبەشبوونی ڕێژەیی، دابەزینی ڕێژەی بەشداریکردنی سیاسییە. ئەم كەمبوونەوەی ژمارەی بەشداربووان لە هەڵبژاردەنەکان و ڕاگەیاندن یاخود جێبەجێكردنی هەنگاوی گشتگیر و ناباو لە شێوەی بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن -وەك بایکۆتکردنی هەڵبژاردن-، دەکرێت ئاماژەی نەرێنی بۆ ڕەوایی (مشروعیت) و دەستڕوێشتوویی دەسەڵات بێت (گروە مطالعاتی امنیت، 1387:  ١٩٨-١٩٧). ئەنجامی توێژینەوەی مەیدانی “لێكدانەوەی ڕەوتی بەشداریکردنی هاوشارییانی پارێزگای کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماردا (1997-2005)، کە لەنێوان ٣٣٢ کەس لە خوێندكاران و مامۆستای زانکۆی پارێزگای کوردستان ئەنجام درا، دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای کوردستاندا بە شێوەیەکی مانادار لە ناوچەکانی دیکەی وڵات مەودای وەرگرتووە و بە ڕێژەی ناوەندی ٢٨% کەمترە لە ڕێژەی بەشداریکردنی نیشتمانی. وەک ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا یەکێکە لە بازنەكانی پەیوەندی لەنێوان نەتەوە و حکومەتەكاندا، کە ڕاگەیاندنەکان، مافی هاوشارییان، گوڕانکارییە سیاسییەکان، گۆڕان و وەرچەرخانەكانی کوردستان و پرسە ئابوورییەکان؛ لە هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکاندا بووە (نصری و مرسلی، ١٣٩٨: ٩٣). وەرچەرخانە مێژووییەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ساڵەکانی كۆتایی دەیەی 80 و 90 و دامركاندنەوەی شەڕە سەربازییەكانی ناوچەكە و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چەند ساڵەی گەشەپێدان، خەڵکی کوردستان بەهیوای زیادبوونی ڕۆڵی خۆیان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا و زیادبوونی وەبەرهێنانی ئابووریی دەوڵەت بوون، بەڵام بە شکستهێنانی ئەم چاوەڕوانییانەوە و تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤ چوار ساڵ لە سەرۆکایەتیی هاشمی ڕەفسەنجانی، هاوشارییانی ئەم پارێزگایە نەگەیشتنە داواكارییەكانی خۆیان. هەر لەبەر ئەم هۆكارە لە خولی دووەمدا، کوردستان تاكە پارێزگایەک بوو کە دەنگی “نەخێر”یان بە هاشمی ڕەفسەنجانی دا و زۆرترین دەنگیان دا بە ڕکابەرەکەی؛ ئەحمەد تەوەكولی. پشکی کوردەکان بەتایبەتی پارێزگای کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی خردادی ساڵی 1997 بەرچاو بوو و نزیکەی ٨٥%ی ئەوانەی تەمەنیان هیی دەنگدان بوو، بەشدارییان کرد. سەرلەنوێ بێهوابوون لە بەدەستگەیشتنی خواستەکانیان؛ بووە هۆکاری ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی هەشتەمی سەرۆکایەتیی کۆمار، تەنیا (٤٥،٧٩%) دەنگدەران بەشداری بکەن. لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی ئێران، ڕێژەی بەشداریی گشتیی وڵات (٦٧،٣٥%) بووە، کە پشکی پارێزگای کوردستان گەیشتبووە لە سەددا (70،18%).  بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی خولی حەوتەمدا، پشکی کوردستان گەیشتە (32،6%). هەروەك دەیبینین كە کەمبوونەوەیەکی واتادار لەدوای بێهیوابوونی خەڵک لە گەیشتن بە خواستەكانیان لە پارێزگاكە ڕووی داوە. بەداواداچوونێكی خێرا بۆ ڕەوتی بەشداریکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری گەورەی جێبەجێکاری وڵات، دەرخەری هەڵکشانی ڕێژەی بەشداریكردنی خەڵكە لە هەڵبژاردنەکانی كە لە خولی حەوتەمینی سەرۆکایەتیی کۆماردا گەیشتووەتە لوتكە، بەڵام لەپاش چوار ساڵ، ئەم ڕێژەیە ڕوو بەرەو دابەزین چووە. ئەنجامە ئاماژەپێدراوەكان، سەلمێنەری ئەوە ڕاستییەیە کە دەوڵەتەكانی بەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی حەوتەم و هەشتەم؛ نەیانتوانیوە وەڵامێکی گونجاو بۆ خواستەكانی ئەم پارێزگایە هەبێت. بە سەرنجدان بە ئامارەكان، كەمبوونەوەی ڕێژەی (٢٥،٥%)ی بەشداریکردنی خەڵکی پارێزگاکە لە هەڵبژاردنەکانی خولی حەوتەم و هەشتەم ڕووی داوە، ئەم کەمبوونەوەیە بەردەوام بوو بە شێوەیەك كە لە هەڵبژاردنەکانی خولی حەوتەم تا نۆیەمی سەرۆكایەتیی كۆمار  گەیشتە نزیكەی (٦٧،٤١%) (غفاری و زرین کاویانی، ١٣٩٠: ١٠٥-٩٩).

   ئەنجام

   لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی دەریدەخات بە پێچەوانەی تێڕوانینە باوەکان کە ئەولەویەت دەدەنە هەڕەشە سەربازییەکان، لە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی پاش شەڕی سارد، سەرچاوەی ناوخۆیی هەڕەشەكان زیاتر بووەتە جێی سەرنج و مەترسییە سەربازییەکان و لە کۆتایی لیستی مەترسییەکاندا دێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. لەسەر بنەمای ئەو بابەتانەی بەدواداچوونی بۆ کراوە، پرسگەلی ئابووری و لەسەروو هەمووشیانەوە “هەژاری” و لەپاش ئەویش هەڵاوسانی بەرز، بێکاری و زیاتربوونی كەلێنی چینایەتی لە هەر کۆمەڵگایەدا، بارودۆخی سەرهەڵدان، دروستبوون و قووڵکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە دەکات و ئەم قەیرانانە دەبنە هۆی دروستکردنی هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی. لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوانەی کە لەبەر دەستدان و بەپێی ئەو ئامارانەی كە بەدواداچوونیان بۆ کراوە سەبارەت بە هەژاری لە ئێراندا، لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئاماری هەژاری لە ئێراندا بەرەو هەڵكشانە. لە پارێزگا سنوورییەکاندا کە ئامانجی توێژینەوەکەی ئێمە پارێزگای کوردستان بووە، ئاماری هەژاری بەراورد بە ناوچەکانی تری وڵات، لە بارودۆخێکی خراپتردایە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە، وەک ئەو پۆلێنکردنانەی کردمان سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی، هەڕەشەی کۆمەڵایەتی-کولتووری، ژینگەیی، ئابووری، سیاسی و سەربازی-زانیاری؛ مەترسیگەلێکن کە بە هۆی هەژارییەوە دەتوانرێت وەک مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەژمار بکرێت. لەم ڕووەوە گەشەسەندن و ئاسایش خاوەنی دوو لایەنن، لە لایەکەوە لە هەر شوێنێک ئاسایش هەبێت، گەشەپێدان بەردەوام دەبێت و دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی یەکێکە لە زەمینەی گونجاو بە گەشەکردنی نیشتمانی، لە لایەکی ترەوە لە هەر شوێنێک گەشەکردن هەبێت، ئاسایش بوونی هەیە. گەشپێدان و هەنگاونان بەو ئاڕاستەیە، دەبێتە  هۆی بە‌هێزبوونی بنەماکانی دەسەڵاتی نیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانی. کاتێک لە کۆمەڵگایەکدا ئاسایش بوونی نەبێت، هەلی وەربەرهێنان بوونی نابێت و کەمبوونەوەی هەلی وەبەرهێنانیش دەبێتەوە هۆی قووڵبوونەوەی دواكەوتوویی. بوونی نایەکسانیی جوگرافیایی و نیشتمانی و گەشەکردنی ناهاوسەنگیی بەشێک لە جوگرافیای وڵات، بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە یەکڕیزیی نیشتمانی و بووتە هۆی سەرهەڵدانی جموجۆڵە هەڵگراوەكان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە نەتەوەی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە. هەندێ لە کێشە کولتوورییەکان لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی و ئابووریی دواکەوتوو و کەڵکوەرگرتنی ناتەواو لە توانا بەردەستەكانی پارێزگای کوردستاندا، لە تەنگژەكانی بەردەم ئەم پارێزگایەیە. هەر چۆنێک بێت پرسە بنەڕەتی و سەرەکییەکان لە هەڕەشەئامێزبوونی ئەم پارێزگایە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بە سەرنجدان لە بابەتی هەژاری و ئەو ئامارانەی كە سەبارەت بەم پارێزگایە ئاماژەمان پێ داوە، دەرخەری ئەو خاڵەیە کە پارێزگای کوردستان خاوەنی زۆرترین ڕێژەی هەژاری و بێکارییە لە وڵاتدا. لە لایەکی ترەوە گەشەنەکردنی ئەم پارێزگایە بووەتە هۆی هەڕەشەگەلێکی وەک دیاردەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، شەڕەنگێزی، دروستبوون یاخود نفوزی گرووپە تیرۆریستەکان و هەندێ کاتیش گرژییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان. بەپێی ئەو ڕوونكردنەوانەی کە خستمانە ڕوو، ئەگەر گۆڕدراوی (متغییر) هەژاری بە ئاڕاستەی نەهێشتنی؛ بەرنامەدانان و سیاسەتڕێژیی بۆ بكرێت، بە چەند پێوەر و باشترکردنی  یاخود لانی کەم دابینکردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە، دەکرێت بڵێین کە ڕێژەی هەژاری کەمتر دەبێتەوە و ئاستی ئاسایشی نیشتمانی ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

پەراوێزەكان

  • توێژەران وشەی “قوم”یان بەرامبەر بە نەتەوە بەکار هێناوە، کە ئەمە وشەیەکی دەقیق نییە و کەمنرخاندنی پرسی نەتەوەکانە و بە مانای ئیتنیک و گرووپی داخراوی خێڵەکی دێت، بۆیە گۆڤاری ئایندەناسی بۆ وشەی “قوم”ی نووسەران، وشەی “نەتەوە”ی لە دەقەکەدا بەكار هێناوە.
  • پێنوێنی جینی(Gini coefficient) یه‌كێكه‌ له‌پێنوێنه‌ هه‌ره‌گرنگ و باوه‌كان كه به‌كار ده‌هێنرێت‌ بۆ پێوانه‌كردنی ئاستی نادادپه‌روه‌ری له‌دابه‌شكردنی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ساڵی 1912 له‌لایه‌ن
  • زانای ئامارناسیی ئیتالی (Corrado Gini) داهێنرا، پێنوێنێك ژماره‌ییه‌ له‌نێوان (0-1)دا گوزارشت له‌ ئاستی نادادوه‌ری له‌دابه‌شكردنی داهات ده‌كات.

سەرچاوەکان:

– آزر، ادوارد ای، و چونگ این مون،1379 ، امنیت ملی در

جهان سوم، ترجمه پژوهشكده مطالعات راهبردی، تهران،

انتشارات پژوهشكده مطالعات راهبردی.

–  ارجمند، محمد جعفر جوادی، سید محسن توكلیان، ناهید قمریان

نصر آبادی،1393 ، بررسی نقش هویت قومی بر امنیت پایدار:

مطالعه موردی منطقه كردستان ایران (قومیت كرد(، فصلنامه

تحقیقات سیاسی بین المللی، دانشگاه آزاد اسلامی واحد

شهرضا، ش21.

– اسلامی، سیف الله،1393 ، اندازه گیری شاخص رفاه اجتماعی طی

چهار دهه گذشته در مناطق شهری كشور، مجله اقتصادی، ش

5 و 6.

–  بختیاری، حسین، علی صالح نیا،1397 ، اولویت بندی تهدیدات

امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران با روش تحلیل سلسله مراتبی،

فصلنامه مطالعات راهبردی سیاست گذاری عمومی، دوره8، شمارەی 47.

– بهرامی، رحمت الله،1397 ، تحلیلی بر فقر شهری در شهرهای

استان كردستان، دو فصلنامه علمی پژوهشی پژوهشهای

بوم شناسی شهری، س9، ش1، پیاپی17.

–  پورخسروانی، انیس،1382 ، مجموعه مقالات همایش بین

المللی امنیت انسانی در غرب آسیا، دانشگاه بیرجند.

–  جواهری، بختیار، بهرام سحابی، عابدین قاسمی و محمد هادی

حاجیان،1391 ، برآورد حداقل معاش در مناطق شهری استان،

كردستان، فصلنامه علمیپژوهشی رفاه اجتماعی، س12،

ش45.

–  خسروی نژاد، علی اكبر،1391 ، برآورد فقر و شاخصهای فقر در،

 مناطق شهری و روستایی، فصلنامه مدلسازی اقتصادی، سال6،

ش2، پیاپی18.

–  ربیعی، علی،1389 ، شكاف درآمدی، دغدغه ی امنیتی كشورهای

در حال گذار، مطالعه موردی ایران، فصلنامه راهبرد، ش57.

–  رضایان قیه باشی، احد، علی اصغر پور عزت و محمدرضا حافظ

نیا،1396 ، آینده پژوهی تهدیدهای نظامی-امنیتی ناشی از تغییر

اقلیم در ایران، با استفاده از روش چرخ آینده، آینده پژوهی

دفاعی، س2، ش4.

–  رفعتی حمیدرضا، محمد حسین صنیعی،1396 ، برآورد تهدیدات

سیاسی با رویكرد كنترل و مهار نقش آن در ارتقای امنیت ملی،

فصلنامه امنیت ملی، س7، ش25.

–  شاطریان، محسن، امیر اشنویی و محمود گنجی پور،1393 ، تحلیل

راهبردی مناطق مرزی، مطالعه ی موردی:  شهرهای مرزی استان

كردستان، فصلنامه علمیپژوهشی مطالعات شهری، ش11.

–  شهبازی، نجفعلی، بهروز صادقی عمرو آبادی و سید علیرضا عزیز

موسوی،1390 ، بررسی عوامل اقتصادی موثر بر امنیت اجتماعی،

فصلنامه آفاق امنیت، سال 4، ش12.

–  صالحی امیری، رضا،1385 ، مدیریت منازعات قومی در ایران،

تهران:  مركز تحقیقات استراتژیك مجمع تشخیص مصلحت نظام.

-عبداللە، عبدالمطلب(1395)، «بررسی میزان توجه به مؤلفه­های هویت قومی و ملی بین دانشجویان كرد و آذری در دانشگاههای تهران»، فصلنامه پژوهشهای راهبردی سیاست، سال چهارم، شماره16 ، )شماره پیاپی (46، صفحات 39-65.

–  فرجی راد، عبدالرضا،1382 ، فقر اقتصادی امنیت ملی را آشفته

میكند، روند اقتصادی، ش5.

-قادرزاده, امید(1390)، «بررسی عوامل موثر بر ترجیحات هویتی در مناطق کردنشین»، مجلۀ علوم اجتماعی دانشکدۀ ادبیات و علوم انسانی دانشگاه فردوسی مشهد، صفحات 13-133.

–  كهنه پوشی، سید هادی، حمید جلیلیان،1392 ، تاثیر قاچاق كالا

بر اقتصاد روستاهای مرزی، مورد بخش خاو و میرآباد شهرستان

مریوان، فصلنامه جغرافیا و توسعه، ش32.

–  كهنه پوشی، حمید شایان،1392 ، بررسی تاثیرات اقتصادی قاچاق

كالا بر شهرهای مرزی مطالعه موردی، شهر مریوان، نشریه

تحقیقات کاربردی علوم جغرافیایی، س13، ش29.

–  كریمی مله، علی،1391 ، تاملی نظری در نسبت حكم رانی خوب

و امنیت ملی، فصلنامه مطالعات راهبردی، ش58.

–  كاویانی راد، مراد،1389 ، تحلیل فضایی مخاطرات محیطی و

بحرانهای بوم شناسی در ایران، فصلنامه مطالعات راهبردی،

سال سیزدهم، شمارەی دوم.

–  كلانتری، صمد، رسول ربانی و كامران صداقت،1384 ، ارتباط

فقر با قانون گریزی و شكلگیری آسیب اجتماعی، رفاه

اجتماعی، ش18.

 گر، تدرابرت،1388 ، چرا انسانها شورش میکنند؟، ترجمه

علی مرشدی زاد، چ3، پژوهشكده مطالعات راهبردی.

–  گمرك جمهوری اسلامی ایران،1391 ، دنیای فن آوری

اطلاعات و ارتباطات گمرک ایران.

 گزارش اقتصادی استان كردستان،1395 ، وزارت امور

اقتصادی و دارایی.

–  ماندل، رابرت،1387 ، چهرەی متغیر امنیت ملی، تهران،

پژوهشكده مطالعات راهبردی.

–  مولایی، محمد، زهره رحمی راد، اندازه گیری و مقایسەی حداقل.

–  معیشت خانوارهای شهری و روستایی ایران طی سالهای 1392-

1368 ، تحقیقات اقتصادی، دورەی53 ، ش1.

–  مسئودی، عباس، محمد میرزایی، بررسی عوامل موثر بر قاچاق

كالا در استانهای مرزی )مورد مطالعه: استان كردستان(، پژوهش

نامه مطالعات مرزی، سال دوم، ش1.

 –  نساج، حمید،1388 ، جهانی شدن و هویت اقوام ایرانی با تاكید بر

مولفه های زبان و آداب و رسوم، فصلنامه تخصصی پژوهش در

سیاست نظری، دوره ی جدید، ش5.

– Atwood, J. Brian, 2003, The Link Between

Poverty and Violent Conflict, New England

Journal of Public Policy: Vol. 19.

– Ashraf, M. A. 2004, True Islamic Teachings

Compared to Al-Qaeda’s Doctrine, The

Review of Religions, Vol. 99 NP.__

ھەر کەس و دەزگایەکی میدیایی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە، پێویستە ئاماژە بە گۆڤاری ئایندەناسی بدات

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە 2 تەمووزی 2020

Send this to a friend